• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 24, 2024

د. ئەحمەد شافیعی: تۆڕە كۆمەڵايەتیيەكان شوێنى فەتوادان نییە

گفتوگۆی: ئیدریس سیوەیلی

لەم گفتوگۆیەدا د. ئەحمەد شافیعی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا باس لە گرنگی و پێگەی فەتوا دەكات، هەروەك باس لە مەرجەكانی موفتی و فەتوادان دەكات و سەرنجی خۆی لەمەڕ ئەو پشێوییەی لەمڕۆدا لە فەتواداندا هەیە، بە تایبەت لە تیڤی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەخاتەڕوو.

ئایینناسی: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆر باس لە فەتوا دەكرێت، دەمانەوێت بزانین فەتوا چییە؟ پێگەی لە ئایینی ئیسلامدا چییە؟

د. ئەحمەد شافیعی: وشەی (فەتوا) لە زمانی عەرەبیدا بە واتای (افتاء) دێت، کە چاوگی (مصدر) و وشەکەیە (الإفتاء مصدر أفتى)، کۆکەى بريتیيە لە (الفتاوى – الفتاوى، فتاو) بە مانای ڕوونکردنەوەی شتە نەزانراوەكان دێت. خوای گەورە دەفەرموێت : (وَيَسْتَفْتُولَكَ فِي النِّساءِ قُلِ الله يفتيكم فيهن) (النساء: ١٣٧) واتە: خوای گەورە ڕۆشنی دەكاتەوە بۆتان لەوەی ئێوە پرسیار دەربارەی حوکمەکەی دەکەن. (یفتیکم، أي: يبين لكم حكم ما سألتم).

وشەی فەتوا لە زاراوەسازی بە چەند شێوازێک پێناسە كراوە:

1- زانای گەورە (قەرافی) فەرموویەتی: فەتوا هەوڵدانە بە حوکمێک لە حوکمەکانی خوای گەورە، چ بۆ پابەندبوون بێت پێوەی، یاخود لە دروستی و ڕەوایی و ڕێگەپێدانی.

2- زانای گەورەی کورد ئیبن سەڵاح شارەزووری فەرموویەتی: فەتوادان واژۆکردنە لەباتی خوای گەورە.

3- ئیبن قەیم دەفەرموێت: فەتوا بریتییە لە هەوڵدان دەربارەی حوکمێکی شەرعی کە پرسیارکەر – المستفتی – و کەسانی تریش دەگرێتەوە.

4- ئیمامی جوینی فەرموویەتی لە پێناسەی فەتوا: فەتوا دەقی وەڵامی موفتییە.

5- ئیبنو حەمدانی حەرانی دەفەرموێت: ڕۆشنکردنەوەی حوکمە شەرعییەکانە لەگەڵ بەڵگەکانی بۆ کەسێک کە پرسیار دەکات.

فەتوا لە ئیسلامدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لە ڕیزی فەرزەکانی کیفایە هەژمار کراوە، واجبە و پێویستە لە ناو هەموو گەلێکی موسڵمانی ئایینپەروەر هەندێک هەوڵ بدەن و دروست ببن تا ئەو ئەرکە گەورەیە بە باشترین شێوە بگرنە ئەستۆ، کە هەموو مەرجەکانی فەتوادانیان تێدا بێت و حوکمە شەرعییەکان وەک پێویست بۆ موسڵمانان ڕۆشن بکەنەوە. خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَا كَانَ الْمُؤْمِنُونَ لِيَنفِرُوا كَافَّةً ۚ فَلَوْلَا نَفَرَ مِن كُلِّ فِرْقَةٍ مِّنْهُمْ طَائِفَةٌ لِّيَتَفَقَّهُوا فِي الدِّينِ وَلِيُنذِرُوا قَوْمَهُمْ إِذَا رَجَعُوا إِلَيْهِمْ لَعَلَّهُمْ يَحْذَرُونَ)(التوبة : 122). واتە: ڕەوا نییە هەرچی ئیمانداران هەیە بە جارێک بچن بۆ غەزا، یان هەر کارێکی تری پێویست، دەی بۆچی لە هەر هۆز و دەستەیەک کەسانێک نەچوون بۆ خوێندن تا شارەزا بن لە ئایین، تێبگەن و فێر ببن و گەلەکەشیان تێگەیەنن و فێریان بکەن کاتێک کە گەڕانەوە بۆ لایان، بۆ ئەوەی ئەوان هۆشیار ببنەوە و خۆیان بپارێزن لە گوناهـ و خوا لێی ڕازی بێ لە خۆیان نەڕەنجێنن. ئیمامی نەوەوی دەفەرموێت: فێرکردنی فێرخوازان و وەڵامدانەوەی پرسە شەرعییەکانی خەڵکی فەرزی کیفایەیە. هەروەها دەفەرموێت: لەبەر گەورەیی و گرنگی و پڕبایەخی و فەزڵی فەتوایە کە زانایان فەرموویانە: موفتی لەبری خوای گەورە واژۆ دەکات. هەر بۆیە فەتوا بەرپرسیارێتی دونیا و هەم لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی تێدایە.

ئایینناسی: ئایا فەتوا پێویستییەکی مرۆییە؟ یان دۆخی سیاسی و پاساوی تر وای کردووە ببێتە بەشێک لە ئایین؟

د. ئەحمەد شافیعی: فەتوا پێویستییەکی شەرعی و مرۆییە، هەر کۆمەڵگەیەک خاڵی بوو لە کەسانی پسپۆڕ لە بواری شەرعی و فەتوا و ڕوونکردنەوەی چەمکە ئایینییەکان، ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکی نائارام و ناتەندروست دەردەچێت. هەمیشە پڕ دەبێت لە کێشە و دووبەرەکی و ناڕێکی و فەوزا لە پرسە شەرعییەکاندا. دەرەنجام خەڵکی سەری لێ دەشێوێت و دەکەوێتە گومان و نازانێت بە گوێی کامیان بکات و کێیان ڕاست دەکات. کەوابوو فەتوادان لەو ئەرکە گشتییانەیە کە ئوممەتی ئیسلامی پێویستی پێیەتی بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکە ئایینی و کێشەکانی ناو کۆمەڵگا.

گەر بە وردی تێبینی بکەین دەبینین خوای گەورە وەڵامدانەوە و نیسبەتدانی فەتوای داوەتە پاڵ خۆی لەباتی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) فەتوا دەدات و وەڵام دەداتەوە، کە ئەمەش ئەوپەڕی گەورەیی و ڕێز و شکۆی ئەوانەیە کە فەتوا دەدەن بۆ خەڵکی، وەڵامی داوا و پرسیارەکانی خەڵکی دەدەنەوە و ئاشنایان دەکەن بە شەریعەت و یاسای خوای گەورە، وەک دەفەرموێت: (يَسْتَفْتُونَكَ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِي الْكَلَالَةِ)(النساء: 176) واتە: ئەی محەممەد (صلی اللە علیە وسلم) داوای فەتوات لێ دەکەن دەربارەی (کلالة)، کە بریتییە لە کەسێک باوک و نەوەی نەبێت، تۆش بڵێ: خوا وەڵامتان دەداتەوە لەو بارەیەوە.

یەکەم کەسیش هەستا بەم ئەرکە گەورە پێشەوای مرۆڤایەتی و دادپەروەری حەزرەتی (محەممەد) (صلی اللە علیە وسلم) بوو، کە تەنیا ئەو بۆ یەکەم جار بە وەحی خودایی فەتوای دا بۆ خەڵکی و ژیان و ڕێی خەڵکی ڕۆشن کردەوە. ئەم ئەمانەتە ئیمانییە لەویشەوە گوێزرایەوە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، دەست بەدەست و چین بە چین هەر لە هاوەڵەکانەوە تا شوێنکەوتوان و دواتر زانایانی پێشەنگ و پێشەوا. بۆیە هیچ دۆخێکی سیاسی پاڵنەر نەبووە بۆ دروستبوونی فەتوا، بەڵکو پێویستیی ئایینی و مرۆییە و بەس.

ئەوەی لە ژیانی زانایاندا زۆر کاریگەرە و دونیا و دواڕۆژی خۆی و خەڵکی پێوە گرێ داوە بریتییە لە بابەتی (فەتوادان) و بڕیاردان لەسەر داوا و پرسەکانی خەڵکی. دەتوانین بڵێین: مەترسیدارترین کار لە ژیانی زانایاندا بابەتی فەتوا و ئاڕاستەکردنی خەڵکییە بۆ حەڵاڵ و حەرام و دروست و نادروست، ڕێگەپێدان و ڕێگەپێنەدان. هەر بۆیە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمویەتی: (أجرؤکم علی الفتیا أجرؤکم علی النار).

ئایینناسی: کێ مافی فەتوادانی هەیە لە ئیسلامدا؟ مەرجی موفتی چییە تا فەتوای لێوەرگیرێت؟

د. ئەحمەد شافیعی: هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، ئەوەی فەتوا دەدات واتە لە شوێنی خوای گەورە بڕیار دەدات و واژۆ دەکات، بۆیە ئەو کەسەی وەڵامی پرسە شەرعییەکانی خەڵکی دەداتەوە و فەتوا دەدات، گەر لە ڕووی شارەزایی تەواو و زانستییەوە نەبێت بە یاسا شەرعییەکان ئەوە تاوانی ئەنجام داوە و گوناهی کردووە و حەرام و قەدەغەیە. وەکو چۆن پێشەوامان (صلی اللە علیە وسلم) فەرموویەتی (أجرأکم علی الفتیا أجرأکم علی النار). کەوابوو ئەو کەسەی دەیەوێت ئەو ئەرکە گەورەیە بگرێتە ئەستۆ و بێتە مەیدانی فەتوا، دەبێت مەرجی فەتوادانی تێدا بێت.

وەکو پێشەوا محەممەدی کوڕی سیرین فەرموویەتی: ئەم زانستەی ئیسلام، ئایینی ئیسلامە، کەواتە تەماشا بکەن ئایینی خۆتان لە کێ وەردەگرن؟ ئیبن مونکەدیر فەرمویەتی: زانای ئایینی لەنێوان خوای گەورە و لەنێوان بەندەکانی خوای گەورەدایە، کەوابوو دەبێت چاک بیر بکاتەوە و تەماشا بکات، چۆن دەچێتە نێوان خوا و بەندەکانی خوا، واتە دەبێت لە فەتوادان بترسێت .

زانایانی (ئوسووڵ فیقهـ) چەندین مەرج و سیفەتی گرنگیان داناوە بۆ ئەو کەسانەی فەتوا دەدەن، تا فەتواکەیان وەربگیرێت، لەوانە:

1- موسڵمان بێت.

2- خاوەنی تەکلیفی شەرعی بێت، واتە: باڵغ و عاقڵ بێت.

3- دادپەروەر بێت، واتە: پارێزراو بێت لەو شتانەی مرۆڤی باوەڕداری پێ فاسق دەبێت.

4- ئەمانەتپارێز بێت و جێگەی متمانەی خەڵک بێت و کەسایەتییەکی گەورە و بەهێزی هەبێت .

5- وریا بێت فێڵی لێ نەکەن .

6- بیرکردنەوەی پەسەند و دروست بێت.

7- تێگەیشتوو و شارەزا بێت بە دەقەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) و ڕاو بۆچوونی زانایانی فیقهی ئیسلامی .

8- توانای لێکدانەوەی دەقە شەرعییەکانی بە باشی ببێت.

9- ڕەفتار و هەڵسوکەوت و کردەوەکانی دروست بن و جێگەی گومان نەبن.

10- شارەزاییەکی باشی هەبێت بە زمانی عەرەبی، چونکە قورئانی پیرۆز و فەرموودە شیرینەکانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) هەمووی بە زمانی عەرەبییە.

11- شارەزایی بە زانستی (ئوسووڵ فیقهـ)، بەتایبەتی دەلیلە ئەسڵییەکانی ئەحکام، هەروەها ناسیخ و مەنسوخ، موتڵەق و موقەیەد، گشتی و تایبەتی.. هتد.

12- ئاگاداربوون لەو شتانەی جێگەی خیلاف و ڕاجیایی زانایانی فیقهی ئیسلامییە (الثوابت والمتغیرات). وەک گەورە زانا (یەحیای کوڕی سەلام) دەفەرموێت: هیچ حیسابێک بۆ فەتوایەک ناکرێت کە خاوەنەکەی شارەزا و ئاگاداری جیاوازی و ڕاجیاوازەکانی نەبێت، دروست نییە بە هیچ فەتوایەک بوترێت ئەوە لای باشترە تا ئاگاداری بەڵگە و دەلیلەکانی نەبیت.

13- موفتی پێویستە شارەزا بێت بە تەواوی بە فیقهی واقیع و ڕۆژگاری خۆی و فیقهی مەئالات. واتە دەبێت ڕەچاوی کات و شوێن و حاڵی پرسیارکەر بکرێت، چونکە فەتوا گۆڕانکاری دێت بەسەریدا بە گۆڕینی شوێن و کاتی فەتوا، هەروەها دابونەریتی هەر نەتەوە و گەلێک کاریگەری لەسەر جۆری فەتوا دروست دەکات، بە مەرجێک پێچەوانەی هیچ دەقێکی شەرعی دروست نەبێت. ئەمانە پێیان دەوترێت مەرجە سەرەتایی و پێویستییەکان بۆ موفتی. پێویستە ئەم مەرجانە هەموویان لە کەسی (موفتی)دا بەرجەستە ببن و تێیدا ڕەنگ بدەنەوە.

هەرکەس فەتوا بدات و بیەوێت بێتە ئەو مەیدانە گەورەیە و ئەو مەرج و تایبەتمەندییانەی تێدا نەبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە قسەکانی وەرناگیرێت و هیچ ئیعتیبارێکیان نابێت .

ئایینناسی: جار جارێک دەبینین هەڵوێستێکی سیاسی پاڵپشت دەکرێت بە فەتوایەکی ئایینی، دەکرێت پرسیار بکرێت ئایا شتێک هەیە بە ناوی فەتوای سیاسی؟ مێژووی فەتوای سیاسی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

د. ئەحمەد شافیعی: فەتوا زەرورەتێکی ئایینی و پێویستییەکی مرۆیی هەموو تاکێکی موسڵمانە، ڕۆژانەش شتە نوێیەکان ئەوەندە زۆرن و دێنە پێش بەردەوام پێویستیان بە پرسی شەرعی و دروست و نادروست هەیە. تا بزانرێت کامە ڕێگەپێدراوە و کامەش ڕێگەپێدراو نییە. بۆ وەڵامی ئەمەش پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان فەتوای سیاسی و فەتوای بە سیاسیی کراو (الفتوی السیاسیة و الفتوی المسیسة)، دەبێت فەتوای شەرعی دوور بێت لە هەموو ئەو ئاڕاستانە کە بیەوێت فەتواکە لە ڕێڕەوی دروستی خۆی بگۆڕێت و بە لاڕێیدا ببات .

فەتوای سیاسیی بریتییە لە هەموو ئەو شتانەی کە موفتی و موجتەهیدی ئەو سەردەمە گەڵاڵەی دەکات و پێی دەگات، لەو مەسەلانەی کە پەیوەندییان بە حوکمداری و بابەتە گشتی و شتە نوێیەکانی سەردەم هەیە، لە کاروباری حوکمڕانی و ڕێکخستنی کاروباری وڵات و شارەزاکردنی کۆمەڵگە لە حوکم و ڕای شەرعی لەمەڕ ئەو بابەتانە. ئەمەش کاتی خۆی پێی وتراوە سیاسەتی شەرعی.

ئیبن قەیم فەرموویەتی: موفتی و حاکم ناتوانن فەتوا بدەن و حوکم بکەن بە ڕاستی و دروستی تا بەتەواوی شارەزا نەبن لە دوو جۆر تێگەیشتن:

یەکەم: فیقهی واقیع و سەردەم.

دووەم: چی پێویستە و چی داوای ئەو کات و ئەو وەختەیە.

موفتی ڕاست و تەواو دەبێت لە ڕێگەی ئەم دوو جۆرە لە تێگەیشتن بگاتە ناسینی حوکم و بڕیاری ئیسلام لەو بارەوە.

بەڵام فەتوای بە سیاسیکراو (الفتاوی المسیسة) بریتییە لەوەی ئەو فەتوایە ڕێکدەخرێت لە بەرژەوەندی دەسەڵاتێک، یان گرووپ و تاقمێک کە ئاڕاستەی خۆی ناپێکێت و زۆر جار ملی دەقەکان دەشکێنرێتەوە و تەئویلیان دەکەن بە ویست و ئارەزووی ئەم دەسەڵات و گرووپ و تاقمە، ئەوانەش هەمیشە موفتی تایبەتی خۆیان هەیە کە پێیان وتراوە (مفتی السلاطین، أو علماء السلاطین). بەڵام زانای گەورە و خوداناس و موفتی ڕاستەقینە هەرگیز ڕێگە بە خۆی نادات یاری بە دەقە شەرعییەکان بکرێت و بە ویست و ئارەزووی کاربەدەستان و ستەمکاران ئاڕاستە و ڕێنوێنی بکرێن. هەر بۆیە زانایان زەوابیت (ضوابط) و یاسا و ڕێسایان داناوە بۆ فەتوا، بەتایبەتیش فەتوای سیاسی. کەوابوو هەر فەتوایەک لەو چوارچێوە و بازنەیە چووە دەرەوە ئیعتیباری پێ ناکرێت و لە ڕیزبەندی فەتوا شەرعییەکان هەژمار ناکرێت.

دوای تەواوبوونی خولەفای ڕاشدین، ئەو خەلیفە و دەسەڵاتدارانەی هاتوون ویستوویانە بۆ شەرعیەتدان بە کارەکانیان و مانەوەی دەسەڵاتیان، بەشێک لە فەتوا و زانایان بە کار بهێنن بۆ بەرژەوەندی مانەوەی دەسەڵاتیان، هەر بۆیە مێژوو تۆماری کردووە کە دەیان گەورەزانای وەک ئیمام ئەبو حەنیفە و ئیمامی مالیک و ئیمامی شافیعی و ئیمامی ئەحمەد و …. تاد، چەند ئەزیەت و ئازار و ناڕەحەتی و بەندی و دوورخستنەوە لە زێد و خاک و خەڵکی خۆیان چێشتووە، لەپێناو پاراستنی حەق و دادپەروەری و ڕاستی و لانەدان، بۆ چرکەساتێکیش فەتواکانیان بەکارنەهێناوە بۆ خزمەتی مانەوەی هیچ دەسەڵاتێک.

بۆ نموونە ئیمامی سەرخەسی، کە یەکێکە لە گەورە زانایانی ڕێڕەوی مەزهەبی پێشەوا ئەبو حەنیفە، لە بەرامبەر فەتوایەکدا کە پێچەوانەی مەیل و ویستی خەلیفە بوو، پانزە ساڵی بەردەوام خرایە بەندیخانە، بەڵام ئەو هەر لەسەر فەتواکەی بەردەوام بوو، تەنازولی نەکرد بە هیچ شێوەیەک. لە ناو بەندیخانە گەورەترین کتێبی لە مەزهەبی پێشەوا ئەبو حەنیفەدا نووسی بەناوی (المبسوط)، کە پانزە بەرگە، یەکێکە لە دیارترین کتێبەکانی فیقهی ئیمام ئەبوحنیفە.

پێشتر لە مەرجەکانی موفتی ئاماژەمان پێدا، یەکێک لە مەرجی فەتوادان دەبێت موفتی شارەزا بێت بە فیقهی واقیع و ڕۆژگاری خۆی، مەبەست بە فیقهی واقیعیش ئەوەیە موفتی بەتەواوی ئاگادار بێت بەو واقیع و ژینگەیەی کە تێیدا دەژی، بە واقیعی شارەکەی، واقیعی گەلەکەی، واقیعی کۆمەڵگەکەی، واقیعی ئەو تاکە، ئەو گۆڕانکارییانەی ڕوویان داوە لە کات و شوێن و کاریگەرییان لەسەر دابەزاندنی دەقەکان. هەر یەکێک لەمانە کاریگەریی لەسەر جۆری فەتواکە جێدەهێڵێت و دروست دەکات.

بە درێژایی مێژوو هەر موفتییەک دوور لە واقیعی ڕۆژگار و سەردەمی خۆی فەتوای دابێت، فەتواکانی کاریگەرییان نەبووە، زۆر ئیعتیباریان پێ نەکراوە، دەبێت موفتی هەمیشە هەوڵ بدات هاوسەنگی دروست بکات لەنێوان فەتوا و واقیعی کۆمەڵگەکەی، بە مەرجی پێچەوانەی دەقێکی شەرعی نەبێت لە قورئان و سوننەی سەحیحە.

ئایینناسی: دەوترێت بە پێی کات و شوێن فەتوا دەگۆڕێت، بەڵام کەم نین ئەوانەی لە دووتوێی کتێبە فیقهییەکانی سەردەمانی زوو فەتوا بۆ پێشهاتەکانی سەردەم دەدۆزنەوە، زۆر جاریش ئەمە دەمارگیری و توندڕەوی بەرهەم هێناوە، ڕای تۆ لەو بارەوە چییە؟

د. ئەحمەد شافیعی: بەڵێ فەتوا گۆڕانکاری دێت بەسەریدا، بە گۆڕینی شوێن و کات و ژینگە و خەڵک و کەسەکان لەو دەقانەی کە (ظنی الدلالة)ن. وەک وتراوە: (الفتوی تتغیر بتغیر الزمان، والمکان، والشخص، والبیئة). بۆ نموونە ئیمامی شافیعی کاتێک عێراق بەجێ دەهێڵێت بەرەو میسر تەشریف دەبات، زۆربەی ئەو فەتوایانەی لە عێراق دابوونی لێیان پەشیمان دەبێتەوە، جارێکی تر بە ئیجتیهادی تازە و فەتوای نوێوە دەست پێ دەکاتەوە. هەر بۆیە فەتوای کۆن و نوێ (قدیم – جدید)ی هەیە، فەرموودەی کۆن (القدیم) ئەو فەرموودەیە کە ئیمامی (شافیعی) لە (عێراق) پێش چوونە میسر فەرموویەتی، ئیمام ئەحمەد کوڕی حەنبەل و (الزعفرانی) و (الکرابیسی) و (أبو ثور) گێڕاویانەتەوە، بەڵام ئیمامی شافیعی لە فەرموودەی کۆن (القدیم) پەشیمان بووەتەوە.

فەرموودەی نوێ (الجدید) ئەو فەرموودەیە کە ئیمامی شافیعی لە دوای چوونی بۆ میسر فەرموویەتی، ئیمامی (البویطی) و (المزنی) و (الربیع المرادی) و (حرملة) و چەند زانایەکی تر گێڕاویانەتەوە. ئیمامی نەوەوی لە دەفەرمووێت: لە هەر مەسەلەیەکدا دوو فەرموودەی کۆن و نوێی ئیمامی شافیعی هەبن، ئەوە نوێیەکە ڕاستە ڕەفتاری پێ دەکرێت، چونکە لە فەرموودەکەی کۆن پەشیمان بووەتەوە. چونکە ژینگەی میسر جیاوازە لەگەڵ عێراق، خەڵکەکەشی جیاوازە، شێوازی بیرکردنەوەی ژیانیان جیاوازە.

ڕوونە کە ئەو موجتەهیدە گەورانە ئیجتیهادیان کردووە بۆ پێشهاتەکانی سەردەم. بەڵام جاری وا هەبووە توندوتیژی، یان دەمارگیری لێ دەکەوێتەوە. ڕاستە موفتیش وەک هەموو ئەو خەڵکە مرۆڤە، دەگونجێت هەڵەش بکات، یان لەو بابەت و مەسەلەدا وەک پێویست نەیپێکا بێت. جاری واش بووە دەمارگیری لەلایەن شوێنکەوتوانی مەزهەبێکەوە کێشەی ناوەتەوە و سەری کێشاوە بۆ ڕق و کینە و پاشان توندوتیژی. ئەمەش لە ئەنجامی کەمی ڕۆشنبیری خەڵکە بەرامبەر تێگەیشتنیان لەسەر مەزهەبەکانیان.

بە درێژایی مێژووی پەیدابوونی مەزهەبەکانی فیقهی ئیسلامی هەندێک جار ئەم جۆرە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتانە هاتووەتە ئاراوە. بۆیە پێویست بە ڕۆشنبیرییەکی باش و بەردەوام هەیە، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ فیقهی ئیسلامی بکەن، چۆن بڕواننە تەقلید و ئیجتیهاد و موجتەهیدە گەورەکان، ئەرێنی و نەرێنی تەقلید چییە، سەر مەزهەبەکان خۆیان چۆن دەڕواننە ئەم ئیشە گەورەیە. ڕوون و ئاشکرایە هەموو کەس ناتوانێت لە دەقەکانی قورئان و فەرموودە تێبگات. دەبێت بەردەوام کەسانێک هەبن لە هەموو کات و شوێنێک چەمکە ئایینییەکان بە شێوەیەکی جوان و تەندروست ڕۆشن بکەنەوە بۆ خەڵکی. بەتایبەتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ و چەندەها شتی نوێ و مامەڵەی تازە پەیدا دەبن، بەتایبەتی لەم چەرخی تەکنۆلۆژیا و زانست و عەولەمەیەدا کە جیهان وەک گوندێکی بچووکی لێ هاتووە. هەموو ئەو شتانە پێویستییان بە وەڵامی تازە و نوێ هەیە، بۆ ئەمەش بەردەوام پێویستمان بە نوێگەری هەیە لە فیقهی ئیسلامیدا .

دەبێت لە هەموو کات و شوێن و جێگەیەکدا ئەوەندە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و تایبەتمەند هەبن لە بواری شەریعەتدا، بە تایبەتتر لە بواری فیقهی ئیسلامی و فەتوا تا وەڵامگۆی هەموو ئەو پرسە شەرعی و پێشهاتە نوێیانە بن، تا خەڵکی سەری لێ نەشێوێت و بزانێت کامە حەڵاڵ و ڕێگەپێدراوە، کامەش حەرام و قەدەغەیە و ڕێگەپێنەدراوە. هەر بۆیە وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد فەتوا پێویستییەکی ئایینی مرۆییە، پێویستە وەک فەرزی کیفایە لە هەموو چەرخ و ڕۆژ و شوێنێک کەسانێک هەبن چەمکە شەرعییەکان بۆ خەڵکی ڕاڤە بکەن و وەڵامی پرسە شەرعییەکان بدەنەوە.

ئایینناسی: ئەوەی لەمڕۆدا تێبینی دەکرێت فەتوای ئینتەرنێت، کە پێی دەوترێت فەتوای هاوردە، یان لە ڕادیۆ و تیڤییەکانەوە زانایانی ئایینی و بانگخوازەکان ڕاستەوخۆ فەتوا دەدەن لە بوارە جیاوازەکان، ئەمە حاڵەتێکی تەندروستە، یان مەترسیدار؟

د. ئەحمەد شافیعی: ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و جێگەی هەڵوێستەکردن و تێڕامان و لەسەروەستانە، چونکە مەترسیدارترین کار لە ژیانی زانایانی ئایینییدا بابەتی فەتوا و ئاڕاستەکردنی خەڵکییە بۆ حەڵاڵ و حەرام، دروست و نادروست، ڕێگەپێدراو و ڕێگەپێنەدراو. ئەم بابەتە بەرپرسیارێتی دونیایی هەیە و هەم بەرپرسیارێتی دواڕۆژ بە بەهەشت و دۆزەخەوە، بە چاک و خراپەوە، ئەمانە هەمووی لەژێر ڕەحمەتی فەتوای زانایانە.

گرنگ ئەوەیە بە چ شێوەیەک ئاڕاستە و ڕێنوێنییان دەکات کە خزمەت بە ئایین و خەڵک و خاک و نیشتمان و ئاسوودەیی و ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە بکات، تا کۆمەڵگەیەکی یەکڕیز و تەبا و خۆشەویست و دوور لە کێشە و ناکۆکی و دووبەرەکی بێت، هەمیشە فەتوای زانایان بە درێژایی مێژوو کاریگەریی ڕاستەوخۆ، یا ناڕاستەوخۆی بووە لەسەر بیر و کار و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵ.

ئەو کەسەی دەیەوێت لە گۆڕەپانی فەتوا ئەسپی خۆی تاو بدات، دەبێت زۆر هەستیار و وریا و ژیر و بیرتیژ بێت لە بڕیاردان و دیاریکردنی چاک و خراپ، حەڵاڵ و حەرام، وریای هەموو ئەو پێشهاتانە بێت کە لە دونیا و دواڕۆژدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بە هۆی فەتوا دانییەوە.

لەبەر گەورەیی و مەترسیداری فەتوایە پێغەمبەری خۆشەویست (صلی اللە علیە وسلم) فەرموویەتی: (أجرؤکُمْ علی الفتیا أَجروکُمْ علی النار) واتە: ئەوانەی بوێری فەتوادان دەکەن بەبێ زانست و زانیاری ئەوە بوێری چوون بۆ ناو ئاگریان کردووە. پێشەوا ئیمام مالیک دەیفەرموو: هەرکەس دەیەوێت وەڵامی هەر پرسیارێک بداتەوە، پێش وەڵامەکەی با نەفسی خۆی بەراورد بکات لەنێوان بەهەشت و دۆزەخ، پاشان چۆنێتی ڕزگاربوونی لێی، ئەو کات وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە. سوفیانی سەوری فەرموویەتی: ئەوانەی زۆر سووربوون لەسەر فەتوادان، ئەوانەن کە زانست و زانیارییان زۆر کەم پێیە. پێشەوا مالیک جارێک نزیکەی پەنجا پرسیاریان لێ کرد، لە زۆربەیاندا فەرمووی: (لا أدری) نازانم.

ئەمەی ئێستا هەیە، ئەم هەموو فەتوادانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتی و تیڤی و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، بەڕاستی فەوزایە لە فەتوا، بووەتە مایەی دڵەڕاوکێ و سەرلێشێوانی خەڵکی نەخوێندەوار.

یەکێک دەڵێت فڵانە شت دروستە، یەکێک دەڵێت حەرامە و قەدەغەیە، یەکێک دەڵێت فڵانە کردەوە سوننەتە، ئەوی تر دەڵێت بیدعە و گومڕاییە، خەڵکە گشتییەکە نازانێت بە گوێی کامیان بکات. کامیان ڕاستە، کامیان دروستە، بەتایبەتی لە مزگەوتەکاندا جاری وا هەیە کێشە و دەنگە دەنگ دروست دەبێت. هەندێک جار سەردەکێشێت بۆ توندوتیژی و وشەی ناشیرین و نەخوازراو و پەلاماردان، ڕۆحی عیبادەت و مەعنەویەت دەکوژێت. بەڕاستی ئەوانە هیچیان فەتوا نین، زۆربەی کەسەکانیش شیاوی فەتوادان نین، زیانیان زیاترە تا قازانج و سوودیان.

جاری وا هەیە هەر لە یەک تەلەڤزیۆن، یان یەک ڕادیۆ دوو فەتوای دژ بە یەک دەدرێت، ئەمڕۆ ئەم مامۆستا هاتووە وتویەتی دروستە، بەیانی کەسێکی تر دەهێنێت و دەڵێت دروست نییە و حەرامە و قەدەغەیە. بۆیە داواکارم لە وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان و هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی لایەنە ئیسلامییەکان، زانایانی ئایینی بەگشتی ڕێگە بگرن لەم جۆرە فەوزایە لە فەتوا و پرسە شەرعییەکان. ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنی فەتوا و پەخشکردنەوەی فەتوا نییە. دەبێت فەتوا بگێڕینەوە بۆ ئەهلی تایبەتی خۆی. فەتوادان کار و ئەرکێکی قورس و گرانە کە دەبێت هەموو ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت لە دونیا و دواڕۆژدا کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. کێشە ئەوەیە دەیان پرسیاری لێ دەکرێت پێی نەنگە بڵێ: نایزانم، یا پسپۆڕی من نییە، یا بچۆرە لیژنەی فەتوا .

ئایینناسی: ئایا ئەرکی موسڵمانە پابەند بێت بە فەتوای زانایانەوە لە کاتێکدا هەندێک جار فەتوای دژ بە یەک دەبینرێت؟ لە دۆخی وادا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو فەتوا دژیەکانەدا بکرێت؟

د. ئەحمەد شافیعی: ڕوون و ئاشکرایە جیاوازی هەیە لەنێوان (فەتوا و قضاء)، هەمیشە بڕیاری دادوەر (قاضی – حاکم) مولزیمە، واتە: پابەند بوون پێوەی پێویستە، بەڵام فەتوا مولزیم نییە، واتە: ئازادە دەتوانێت پابەند بێت پێوەی، دەشتوانێت پابەند نەبێت. لە هەر مەسەلە و بابەتێکدا جیاوازی لە ڕا و بۆچوونی زانایان هەبوو، فەتوا ناتوانێت کێشەکە نەهێڵێت و بنبڕی بکات، بەڵام بڕیاری دادوەر و قازی بنبڕی کێشەکان دەکات. زانایان فەرموویانە: فەتوا تەبلیغ و پێ ڕاگەیاندن و ڕۆشنکردنەوەیە، بەڵام قەزا بڕیار و پابەندبوونە پێوەی.

هەر بۆیە لە مەسەلەی فەتوادا پێویست نییە موفتی لەلایەن (دەسەڵات – حکومەت)ەوە دانرابێت و دیاری کرابێت، بەڵام (قازی و حاکم) بڕیاریان دانامەزرێت و جێبەجێ نابێت تا لەلایەن حکومەتەوە بەشێوەی ڕەسمی و بڕیار دانەنرێت. لەم سۆنگەیەوە ڕێدەکەویت هەندێک جار فەتوای دژ بە یەک هەبێت، ئەمەش سروشتییە.

پێشەوایان، ئیمام مالیک و ئیمامی شافیعی و ئیمام ئەحمەد لە یەک زەمەندا بوون، ئیمامی شافیعی شاگردی ئیمام مالیک بووە، ئیمامی ئەحمەدیش شاگردی ئیمامی شافیعی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەیان فەتوا و بابەتی جیا جیادا، بۆچوونیان زۆر جیاواز بووە، بەڵام ئەوەی گرنگ بووە لەو دۆخەدا ئەمەیە:

1- هەرگیز ڕاجیاییان سەری نەکێشاوە بۆ دژایەتی و ڕق و کینە و لێ خوێندن و تەکفیر و تەفسیق و نیسبەتدانی یەکتر بە بیدعەچی، بەردەوام یەکتریان خۆشویستووە و دوعایان بۆ یەکتر کردووە و ڕێزیان لە بۆچوونەکانی یەکتر گرتووە.

ئیمام شافیعی لە شیعرێکدا دەربارەی پێشەوا ئیمام ئەبو حەنیفە فەرموویەتی :

لقَدْ زان البلاد ومن علیها – إمام المسلمین أبو حنیفة

بامام وآثار وفِقْە – کَآێاتِ الزبور علی الصحیفة

فما بالمشرفین لە نَظِیرُ – ولا بالمفربین ولا بکوفة

فَرَحْمَةُ رَبَّنَا أَبَدًا علیْە – مَدی الأێَّامِ ما قرئت صحیفة

واتە:

خاک و وڵات، سەنگ و جوانی و قورسایی هەیە کە ئەبو حەنیفەی تێدایە بە هۆی بەرهەم و فەتوا و زانستە گەورەکەیەوە، کە وەکو بەڵگە و بابەتەکانی (زەبور) لەسەر لاپەڕەکان پەخشان و درەخشانن.

هاوتای ئەو زانایە نییە، نە لە هەر دوو لای ڕۆژهەڵات و نە لە هەردوو لای ڕۆژئاوای جیهاندا، بگرە لە شاری کوفەی عێراقیش، کە لەو سەردەمەدا مەڵبەند و پێگەی گەورە زانایان بووە. دەی خوایەگیان سۆز و بەزەیی و میهری خۆت بڕێژە بە سەر گیانی بەرزی ئەو زانا پایەدار و خواپەرستەدا کە بە درێژایی ڕۆژگار نووسین و لاپەڕەکانی دەخوێنرێن.

سەیرکە بەم شێوە بەڕێز و گەورەیی و خۆشەویستی باسی پێشەوا ئەبو حەنیفە دەکات، هەروەها پێشەوا ئەحمەدی کوڕی حەنبەل دەفەرموێت: هەرکەس پەنجەکانی دەستی خامە و پێنووس و تێنووس بگرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان قەرزار و منەتباری شافیعییە. لە شوێنێکی تردا دەفەرموێت: شەش کەس بەردەوام لە کاتی نوێژی بەیانیدا نزا و دوعای خێریان بۆ دەکەم، یەکیان شافیعییە.

پرسیاریان لە پێشەوا شافیعی کرد لەگەڵ ئیمام ئەحمەد سەردانی یەکتر دەکەن؟ فەرمووی: گەر من سەردان و زیارەتی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل بکەم ئەوە بەهۆی گەورەیی ئەوەوەیە، ئەویش سەردانی من بکات گەورەیی و ڕێزی خۆیەتی. لە هەردوو بارەکەدا گەورەیی و ڕێز هەر لەوەوەیە.

ئەو گەورە پێشەوایانە لە چ جیهانێکی ڕۆحی و مەعنەوی و عیرفان و خۆشەویستی و برایەتی و دڵسۆزیدا بوون.

2- پێشەوایانی ئیسلام کاتێک کە فەتوایان داوە ئامانجیان ڕەزامەندی خوای گەورە و ڕۆشنکردنەوەی پەیامەکەی و ئاڕاستەکردنی موسڵمانان بووە بە شێوازێکی تەندروست. هەرگیز بانگەشەیان بۆ لای بۆچوونەکانی خۆیان نەکردووە و دەمارگیرییان نەبووە. هەمیشە خەمی گەورەی خەڵکیان هەڵگرتبوو، هەر بۆیە بوونە ڕابەر و پێشەنگ و پێشەوا، ئارەزووی هیچ پلە و پۆستی دونیایی و حاڵ و سامانیان نەبووە.

3- دەمارگیریی مەزهەبی، نەخۆشییەکی کوشندەیە، هەر خۆت و بۆچوونەکانی خۆت بە ڕاست بزانی و خەڵکانی تر بە هەڵە و لادەر و سەرلێشێواو. ئەم بۆچوونە هەمیشە دوور بووە لە پەیامی ئیسلام و بۆچوونی پێشەوایانی هەر چوار مەزهەبەکە. حەسەن کوڕی عەبدولعەزیز جەرەوی کە شێخ و مامۆستای پێشەوا بوخاری بووە دەفەرموێت: شافیعی دەفەرموێت: لەگەڵ هەر کەس مونازەرەم کردبێت حەزم نەکردووە ئەو کەسە بکەوێتە هەڵەوە، حەزم کردووە هەمیشە خەڵکانی تر خۆیان زانا بن و زانست نەدرێتە پاڵ من و من بە خاوێنی نەزانرێم .

Send this to a friend