• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 19, 2020

داعش لە سێ مانگدا ١٩ کەسی لە ناوچە دابڕێندراوەکان رفاندووە

داعش لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، ١٩ کەسی لە ھاوڵاتی مەدەنی و ھێزە ئەمنییەکان رفاندووە.

ماوەی سێ مانگە چەکدارانی داعش ھێرشەکانیان لە ناوچە دابڕێندراوەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم) زیادکردووە، لەو ماوەیەدا نزیکەی ٤٨ ھێرشی چەکدارییان ئەنجامداوە و ١٩ ھاوڵاتی مەدەنی و کەسانی سەر بە ھێزە ئەمنییەکانیشیان رفاندووە.

لە ئەنجامی ھێرشەکانی داعش لە سێ مانگی رابردوودا، دەیان کەس کوژراون و نزیکەی ٨٧ کەسیش برینداربوو.

چەکدارانی رێکخراوی داعش سودیان لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەیە.

بەرپرسانی پێشمەرگەی ھەرێم و ھێزە عێراقییەکانیش چەند جارێک باسیان لە دەرئەنجامی ترسناکی ئەو بۆشاییە ئەمنییە کردووە و جەختیان کردووەتەوە، کە چەکدارانی داعش دەتوانن سود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەربگرن و ھێرشەکانیان فراوان بکەن.

ھەر وەک ھەفتەی رابردوو جەعفەر سێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە رایگەیاند، داعش زۆر بەهێز بووە و سوودی وەرگرتووە لەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە ناوچەکە دروست بوون لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق. داعش لەو ناوچانەوە هێرش دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراقدان، چونکە لەوێ بۆشاییەکی ئەمنی گەورە هەیە.

دوای ھێرشەکەی داعشیش لە سەرەتای ئەم مانگە لە کوڵەجۆ بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی ھەرێم ھێزە عێراقییەکانی لەم ھێرشانە بە بەرپرسیار زانی و وتی، هیچ ھاریکارییەک لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق نییە و هەرێمی زۆر هەوڵیداوە، بەڵام عێراقییەکان نەهاتوونەتە پێشەوە.

Send this to a friend