• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 13, 2020

عێراق و سوریا؛ ئەگەری لەدایکبوونی داعشە نوێیەکان

لەگەڵ ئەوەی زەنگی کۆتاییپێھێنان بە داعش لێدرا بەڵام پێشھاتەکان ئەوە دەردەخەن؛ ئەم رێکخراوە ھەموو کات لە بەردەرگایە و گەورەترین ھەڕەشەیە بۆ سەر ھێزە ئەمنییەکان لە خاکی سوریا و عێراقیش.

پسپۆڕ و شیکەرەوە ئەمنیی و سیاسییەکان ئەگەری سەرھەڵدانی گروپی رادیکاڵی نوێ بە دوور نازانن و رادیکاڵیزم و توندڕەوی بە داعشەوە نابەستنەوە.

بە فەرمی کۆتایی داعش لە شام و میزۆپۆتامیا راگەیەندرا، بەڵام ئاماژەکانی ھەستان و جوڵەکردنی شانە نووستووەکانی داعش بە ئاشکرا دەرکەوتوون؛ ئەمەش چەند پرسیارێک بەدوای خۆیدا دەھێنێت، کە گرنگترینیان ئەوەیە؛ ئایا شانە نوستووەکانی داعش دەتوانن ھەستن و ھێزی خۆیان بسەلمێنن، ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی داعش لە ئێستاشدا بوونیان ھەیە؟ کاتی سەرھەڵدانی داعشە نوێیەکان ھاتووە؟

شیکەرەوانی ئەمنیی پێیان وایە ئێستا مەرج و دۆخەکانی بەرھەمھێنانی رادیکاڵێزمی چەکداریی لە ساڵی ٢٠١١ زیاتر و بەھێزتر ئامادەیە و ئەگەری سەرھەڵدانی گروپی چەکداریی نوێ دوور نییە.

دیار ساڵح مامۆستا لە زانکۆی ئەلمونتەسیری عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ (DW) پێی وایە، “جەمسەرگیریی سیاسیی لە ھۆکارە بەھێزەکانی بەرھەمھێنانەوە و مانەوەی گروپە رادیکاڵە چەکدارییەکانە، ئەم جەمسەرگیرییەش لەسەر بنەما ئەتنیکی، مەزھەبی و دینییەکانە، بۆیە دەبێت لە رابردوودا بە دوای رەگ و ریشەی رادیکاڵیزمدا بگەڕێین.”

ئەلا حەلەبیش دەربارەی کاریگەریی جەمسەرگیریی و ململانێکان لە سەرھەڵدانی رادیکاڵیزمدا دەڵێت، لە کاتی داگیرکردنی عێراقدا لە سوریا و وڵاتانی دیکەوە سەدان گەنج بۆ دژایەتیکردن و شەڕکردن دژی ئەمریکا روویان لە عێراق کرد.

حەلەبی و ساڵحیش باس لەو پڕۆسەی توندڕەوبوونەوەی ئەم گەنجانە دەکەن کە دواتر بوون بە خاوەن پێگەی باڵا لە گروپە چەکدارییەکانی عێراق و سوریادا.

لەگەڵ ئەوەی دۆخی سیاسی، ئابووری و کەلتوری وڵاتانی ناوچە زۆر دوور نین لە یەکەوە، بەڵام دۆخە ئەمنیی، سیاسیی و کەلتورییەکەی ئێستای عێراق زۆر لەبارە بۆ سەرھەڵدانەوەی توندڕەوی و گروپە توندڕەوەکان.

د. عەلی بەیاتی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، بۆ سەرھەڵدانی ھەڕەشەی توندڕەوی و نەبوونی توانای بەرپەرچدانەوەی، لاوازیی دەوڵەت ترسناکترین شتە، بۆیە عێراق پێویستی بە دەوڵەتێکە کە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ئابوریی و ئەمنیی دابین بکات و ژیانی خەڵک بپارێزێت، بەم جۆرەش زەمینەی سەرھەڵدانی توندڕەویی لاوازدەکرێت.

مامەڵەی دادگای عێراق لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون یەکێکە لە ھۆکارەکانی بەھێزبوونەوەی داعش، بەیاتی پێی وایە مامەڵەی ھاوشێوەی دادگای عێراق لەگەڵ چەکدارێکی داعش و دانیشتوویەکی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش کە ناچاربووە بێدەنگ بێت یان ھاوکاری رێکخراوەکە بکات، کارێکی دادپەروەرانە نییە. ئەم مامەڵەیە وێرانکاریی و نادڵنیایی لەو ناوچانەدا زیاتر دەکات.

ئەم دۆخە وا دەکات چاودێران پێیان وابێت وێرانکاریی، قەیرانی ئابووری، خراپی دۆخی ژیان، ھەژاریی، ناکۆکییە مەزھەبییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییە کەڵەکەبووەکان رێگەخۆشکەرن بۆ سەرھەڵدانی گروپی توندڕەوی نوێ لەم ناوچانەدا.

لەگەڵ ئەوەی لە چاو مانگەکانی پێشوودا چالاکی چەکدارانی داعش کەمبووەتەوە، بەڵام مەترسیی ئەم چەکدارانە بەردەوامن و دەکرێت لە ھەر ساتێکدا گورزی کوشندە لە ھێزە ئەمنییەکان بوەشێنن.

یەکێک لە بەڵێنەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش کۆتاییھێنانە بە ھەڕەشەی گروپە چەکدارەکان و لە ھەندێک ناچەشدا خۆی لە نزیکەوە سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنەکان دەکات، بەڵام بەشێک لە چاودێران ئەم ئۆپراسیۆنە ئاشکرا و پێشوەخت راگەیەندراوانە بە نمایش دادەنێن و بە دووری دەزانن بتوانرێت بەم جۆرە کۆتایی بە داعش بھێنرێت.

لەگەڵ ئارامبوونەوەی رێژەیی دۆخی سوریا، بەڵام دوور نییە داعش خۆی رێکبخاتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کۆرۆنا بکەن بە ھەلێک بۆ خۆبەھێزکردنەوە و خۆرێکخستنەوە.

داعش دەیەوێت بێتەوە مەیدان و لە بەردەرگایە، رژێمی سوریا و حکومەتی عێراقیش بە ھەموو ھێزی خۆیانەوە ئامادەن و باس لە گێڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەریی دەکەن، چەند مانگی داھاتوو تابلۆکە روونتر دەبێتەوە.

Send this to a friend