• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 15, 2020

دەریای چین؛ ململانێی ئەمریکا و چین لەپێناو غازی سروشتی

ئاڵۆزییەکان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەنێوان واشنتۆن و پەکین کۆتاییان نەھاتووە، لە ئێستادا قەیرانێکی دیکە لەنێوانیاندا سەریھەڵداوە کە کێشەکانیانە لە دەریای باشوری چین لەسەر غازی سروشتی.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ماوەی چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین لەو ناوچەیەدا بەرەو زیادبوون دەڕوات، ئامانجی ھەردوولا پاراستن و زیادکردنی ھەژموونی خۆیانە لە دەریای باشوری چین و ھەردوولاش خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن.

ئەمریکا بەردەوامە لە ناردنی کەشتییە فڕۆکە ھەڵگرەکانی بۆ ناوچەکە و پێی وایە بانگەشەکانی چین بۆ مافەکانی لەو ناوچەیەدا پێچەوانەی ماف و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، سەرەتای مانگی یەموزیش دوو کەشتی فڕۆکە ھەڵگری رەوانەی دەریاکە کرد.

ئەمریکا دەڵێت، ئامانجیان لە ناردنی ئەم ھێزانە و ئامادەییان پاراستنی ئاشتی، سەقامگیریی و ئازادی بازرگانییە بۆ ھەمووان لە ناوچەکەدا بەپێی یاسا و مافە نێودەوڵەتییە بڕیار لەسەر دراوەکان.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتەکەی و کۆماری گەلی چین دەڵێت، بانگەشەکانی پەکین بۆ بوونی مافی وڵاتەکەی لە گەڕان بە دوای سەرچاوەکانی غازی سروشتیی لە دەریای باشوری چین و پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەوساندنەوە و ستەمکردن لە وڵاتانی دیکە بە تەواویی نایاساییە.

پۆمپیۆ ھۆشداری بە پەکین دا و ئاماژەی بەوەش کرد، جیھان رێگە بە چین نادات وەک ئەوەی دەریای خۆی بێت لە دەریای باشوری چین ھەژموونی خۆی بسەپێنێت.

چین بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە بە پێشێلکاریی و ھۆکاری دروستکردنی کێشە و ئاڵۆزیی دەزانێت و پێی وایە مێژوو پشتگیریی وڵاتەکەی دەکات نەک ئەمریکا.

چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکانی پۆمپیۆ، حکومەتی چین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە توندی وەڵامی وتەکانی وەزیری دەتەوەی ئەمریکای دایەوە.

حکومەتی چین لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لە “راستییە” مێژووییەکان دەکاتەوە و دەڵێت، “ئەمریکا کە خۆی لە راستییە مێژووییەکان لادەدات، پێویستە لە دروستکردنی ناسەقامگیریی لە دەریای باشوری چین دووربکەوێتەوە و دەستھەڵبگرێت.”

لە راگەیەدراوەکەی حکومەتی پەکیندا ھاتووە، “وڵاتەکەمان لەم ناوچەیەدا خاوەن مێژوویەکی درێژە لە ھەژموون، سەروەریی و ماف، دورگە و ناوچەکانی دەریاکەش ھەزاران ساڵە لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی ئێمەدایە.”

چین نایشارێتەوە کە خاوەنی زۆرینەی ناوچەکەیە و لە ٩٠٪‏ی سەرچاوەکانی غازی سروشتی دەریاکەش بە مافی خۆی دەزانێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم ناوچەیە خاڵی ناکۆکییە لەنێوان چین، ڤێتنام، مالیزیا و فلیپین و لە ئێستاشدا ئەمریکا دەیەوێت ھەژموونی خۆی بسەپێنێت، تایوان و برونایش کەتەنیشت ئەم وڵاتانەی دیکەدا باس لە مافەکانی خۆی دەکات لەم ناوچە دەوڵەمند بە غازە سروشتییەدا.

سەبارەت بە مافی وڵاتان و بەتایبەت چین کە ناوچەکەدا، دیوانی دادگای نێودەوڵەتی لە لاھای ساڵی ٢٠١٦، لە دژی بانگەشەکانی چین لەبارەی مافی وڵاتەکەی لەو ناوچەیە بڕیارێکی دەرکرد، پەکینیش بڕیارەکەی ئەم دادگایەی رەتکردەوە و رایگەیاند دان بەم بڕیارەدا نانێت.

ئەمریکاش لە زاری پۆمپیۆوە رایگەیاندووە کە ئەمریکا ھەر لە ٢٠١٦دا پشتیوانی لە بڕیارەکەی دادگا کردووە و بە گونجاوی زانیوە، بەتایبەت کە چین پێشێلی مافەکانی برونای و ئەندۆنیزیاشی کردووە.

دەریاکە زۆر دەوڵەمەندە، خاوەن بڕێکی زۆر ماسییە و رێژەیەکی زۆر پەترۆڵ و غازی سروشتیشی تێدایە، بۆیە ھیچ کام لە وڵاتان بە ئاسانیی دەستبەرداری نابن.

Send this to a friend