• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 25, 2023

کشانەوەی دەمیرتاش لە سیاسەت چۆن کاریگەريی لەسەر کورد دەبێت؟

وەرگێرانی: یاد نورسی

ڕەخنەی سەلاحەدین دەمیرتاش لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و بڕیاری کشانەوەی لە چالاکی سیاسی، لە ئامەد نەبوو بە سوپڕایز و مایەی سەرسوڕمان نەبوو، بەڵکو شارەزایانی ناوچەکە و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە سیاسەتی کوردی لە کۆمەڵگای تورکی دابڕاوە.
سیاسەتی تورکیا کە ماوەیەک بەر لە ئێستا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بەخۆیەوە بینی، لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ڕووبەڕوو دەبێتەوە, کە زیاتر لە شەش ساڵە لە بەندینخانەی ئەدیرنە زیندانی کراوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە وتارێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی ئایار بڵاوکرایەوە، بە توندی ڕەخنەی لە هەدەپە گرت، دەمیرتاش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس ئیرفان ئاکتان ڕایگەیاند کە واز لە چالاکی سیاسی دەهێنێت. دەمیرتاش بە ئاماژەدان بەوەی “لەم قۆناغەدا” وازی لە چالاکی سیاسی هێناوە، بەڵام دەستی لە ئەندامێتی هەدەپە نەکێشاوەتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ماوەی پێنج ساڵە هیچ وەڵامێکی بۆ ئەو پەیامانەی بۆ هەدەپەی ناردووە وەرنەگرتووە و داواکارییەکەی بۆ ئەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار بێت لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا ڕەتکراوەتەوە.

ئایا بەڕاستی دەمیرتاش وازی لە سیاسەت هێنا؟
پەیامەکەی دەمیرتاش کە لە ئەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، وا لێکدەدرێتەوە بەتەواوی واز لە سیاسەت بهێنێت, بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەدا دەربڕینی دەمیرتاش “لەم قۆناغەدا” بە بەجێهێشتنی دەرگایەکی کراوە لێکدرایەوە. شارەزایانی سیاسیش لەسەر ئەو بۆچوونەن کە ئەمە کشانەوەیەکی کاتییە و کەسایەتییەکی وەک دەمیرتاش لە داهاتوودا بە تەواوی دەستبەرداری سیاسەتی کوردی نابێت.
سەبارەت بە هەبوونی کێشە لەنێوان دەمیرتاش و ئیدارەی هەدەپەدا، دکتۆر وەهاب کۆشکون مامۆستای زانکۆی دیجلە لە بەشی یاسا, پێیوایە هەر دوولا خۆیان لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە لەبەردەم خەڵکدا بەدوور دەگرن. کۆشکون باس لەوەدەکات دەمیرتاش لەگەڵ ئەوەی بۆ یەکەمجار دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ وتارێکی ڕەخنەیی توند ئاڕاستەى هەدەپە دەکات، بەڵام هیچ شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، پەیامە توندەکانی وەک سوپرایزێک سەیر نەکرا.
ئەو دەڵێت: “دەمیرتاش بەتەواوی دەستبەرداری سیاسەت نەبووە، ڕەنگە پێیوابووبێت دوای ئەوەی ئاک پارتی و ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئێستایدا ڕوونادات، هەستی بە پێویستی کەمێک زیاتر پاشەکشە کردن کرد”، واتە گەر گونجاو بێت بڵێین: “خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکات. ئەگەر لە داهاتوودا بارودۆخەکان بگۆڕدرێن، پێدەچێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکاتەوە و جارێکی دیکە ڕۆڵێکی چالاک لە سیاسەتدا بگێڕێتەوە.”

دەنگدەرانی کورد پشتگیريی لە دەمیرتاش دەکەن
ڕەخنەکانی دەمیرتاش و بڕیاری کشانەوەی لە (ئامەد- ناوەنديی سیاسەتی کوردی) کاردانەوەی بەرفراوانی هەبوو. لەگەڵ دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەو شارەدا کە ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیۆنە و بەر لە هەڵبژاردن مەیدانێکی گەرمی سیاسی بوو، لە ئێستادا خەڵکی دووبارە لە قسەکردن بۆ کامێراکان دوودڵن.
هەرچەندە کەسانێک لە شەقامی کوردی لە ئامەد هەن ڕەخنەکانی دەمیرتاش بە نادادپەروەرانە دەزانن, بەڵام زۆرینە پشتگیريی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەکەن. لایەنگرانی دەمیرتاش پێیانوایە لە دوای دەستگیرکردنی ناوبراوەوە سیاسەتی کوردی بێ سەرکردە ماوەتەوە. هەروەها دەنگدەرانی هەدەپە لە ئامەد توڕەن, لەوەی هەدەپە (یەسەپە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣)دا هاوپەیمانی لەگەڵ تیپ(1) کردووە, ئەوان لایان وایە هاوپەیمانی لەگەڵ تیپ ١٥ کورسی کوردەکانی بەهەدەر داوە.

پەیوەنديی نێوان سیاسەتی کوردی و کۆمەڵگای تورکیا پچڕا
دەمێکە زانراوە کێشە لەنێوان سەلاحەدین دەمیرتاش و ئیدارەی هەدەپە-دا هەبووە, بەڵام سەرەڕای ململانێکان زۆرجار پەیامی پێکەوەبوون بڵاودەکرایەوە، مشتومڕ و ململانێیەکانیش بۆ خەڵکی نەدەخرایەڕوو. هەروەها مایەی تێڕامانە کە ڕەخنەکانی دەمیرتاش و ئەو مشتومڕانەی بۆ یەکەمین جار هاتنە پێشەوە, بڕیاری کشانەوە چۆن کاریگەريی لەسەر سیاسەتی کوردی دەبێت؟ بە گوتەی مەسعود عەزیز ئۆغڵو، بەرپرسی ناوەنديی توێژینەوە کۆمەڵایەتیيەکانی دیجلە, کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سیاسەتی کوردی دەکات, دەمیرتاش هەوڵی داوە سەرنج بۆ خاڵێکی جیاواز ڕابکێشێت:
لە ساڵی ٢٠١٥دا سیاسەتێکی کوردی لە مەیدانەکەدا کارابوو, کە لە ١٣٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەهۆیەوە بووبوو بە کاراکتەری یەکلاکەرەوەی ململانێ سیاسییەکانی تورکیا، واتە کورد لە سیاسەتی تورکیادا هێزێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو, بەڵام ئەمڕۆ کورد بە دوورکەوتنەوە لە ڕۆڵی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەی خۆی، وای لێهاتووە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی ئەمڕۆ پەیڕەو دەکرێت, تەنيا لە هەوڵی ئەوەدابێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، پەیوەنديی نێوان سیاسەتی کوردی و کۆمەڵگای تورکیا پچڕاوە. لە ڕاستیدا ئەوەی دەمیرتاش باسی دەکات، دۆزینەوەی شێوازی نوێ و شوێنکەوتنی نوێیە سەبارەت بەم حاڵەتە قەرەباڵغییە. ئاشکرایە ئەو شێوازەی پەیڕەو کراوە بەلای ئەوەوە ڕاست نییە و ئەو ڕەخنەی لێدەگرێت و گلەیی لە گۆڕانکارییەکەی ئەوان دەکات.

سەلاحەدین دەمیرتاش کێیە؟
سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 1973 لە ناحیەی پالوی ئیلازیغ لەدایکبووە، پێش کاری سیاسی وەک پارێزەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئامەد کاری کردووە. دەمیرتاش دوای ئەزموونی کۆمەڵگەی مەدەنی بە فەرمی بەشداری سیاسەتی کوردی دەکات، بووە هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە). دەمیرتاش لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دەستگیرکرا و تا ١١ی شوباتی ٢٠١٨ هاوسەرۆکی هەدەپە بووە.
دەمیرتاش بۆ ماوەی سێ خول ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بووە، تا ئێستاش لە زیندانی داخراوی ئەدرنە جۆری ئێف دەستگیرکراوە. سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتيی کۆماری تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ کاندید بوو، ڕۆڵێکی کارایشی لە بڕیار و دۆخە یەکلاکەرەوەکاندا بینیوە. سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دادگای دەستووری تورکیا و داداگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە بڕیار لەسەر پێشێلکاری مافەکانی دەمیرتاش دراوە، بەڵام تا ئێستاش لەسەر دۆسیەی کۆبانی و چەندین دۆسیەی تر لێکۆڵینەوە لە دەمیرتاش بەردەوامە.
سەرهەڵدانی کێشەى سەرکردایەتیکردنی هەدەپە لەدوای دەمیرتاشەوە
دەمیرتاش بە کێشانی وێنەیەکی جیاواز بەدرێژایی ژیانی سیاسی خۆی، بوو بە ناوێک لە سیاسەتی کوردیيدا, کە دەنگدەرانی تورکیا لەسەری کۆک بوون. دەمیرتاش کە ساڵانێکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥ەوە قسەکانی “ئێمە ناتکەینەوە بە سەرۆک” بۆ ئەردۆگان پاتدەکاتەوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لەسەر دەنگدەرانی کورد بینی. بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە داوای کردبوو دەنگدەرانی کورد بێلایەن بمێننەوە. لە بەرامبەردا دەمیرتاش و ئیدارەی هەدەپە ڕایانگەیاند پێویستە پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت و جەهەپە بکرێت، بۆیە زۆرینەی دەنگدەرانی کورد دەنگیان بە ئیمام ئۆغڵو داوە.

دکتۆر وەهاپ کۆشکون پێیوایە جیاوازییەکی جددی لەنێوان دەمیرتاش و سەرکردەکانی هەدەپە-دا هەیە. کۆشکون ئاماژەی بەوە داوە کە دەمیرتاش بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی دیکەوە وەک سەرکردەیەکی سیاسی ڕەفتار دەکات و دەڵێت: “دمیرتاش کاریزمایەکە لە کۆمەڵگەوە پشتیوانی زۆری لێدەکرێت، دوای زیندانیکردنی کێشەی سەرکردایەتیی لەناو هەدەپە-دا دەرکەوت، لەدوای کشانەوەکەی و ڕاگەیاندنی ئەوەی کە هیچ دەستێوەردانێکی لە سیاسەتی هەدەپە نابێت، کێشەی سەرکردایەتیی لەناو هەدەپە-دا بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە قووڵی دەردەکەوێت”.
“مشتومڕ لەناو هەدەپە-دا دەستپێدەکات”
ڕەخنەکانی دەمیرتاش و بڕیاری کشانەوەی لە لایەن شارەزایانی سیاسی ناوچەکەشەوە وەک بانگەوازێک بۆ بەخۆداچوونەوەی هەدەپە و کشانەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسن لە شکستی هەڵبژاردنەکان لە سیاسەت دەخوێنرێتەوە، بەڵام هێشتا نازانرێت لەلایەن هەدەپەوە چۆن وەڵامی ئەم بانگەوازە دەدرێتەوە کە بڕیاری نوێکردنەوەی خۆی داوە.
لە بەرامبەردا دکتۆر وەهاپ کۆشکون پێیوایە، پێویستی هەدەپە بۆ نوێبوونەوە زۆر ڕوون بووەتەوە، دوای هەڵبژاردن گفتوگۆیەکی جددی بەم ئاڕاستەیە لە حزبەکەدا دەستپێدەکات, کۆشکون پێیوایە: “هەدەپە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هیچ سیاسەتێکی بەرهەم نەهێناوە، ئەوەش بە جددی دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، کە هاوپەیمانی بەردەوامی هەدەپە لەگەڵ چەپی تورکیا چی بۆ بەدەستهێناوە و چی لەدەست بردووە؟”
بۆیە کشانەوەی دەمیرتاش و نووسینی ئەو هەموو ڕەخنانە بە زمانێکی ڕوون و زۆر توند لە کاتی کشانەوەیدا، دەبێتە هۆی ئەم گۆڕانکاریانە لەناو هەدەپەدا.

“کێشەی ژێرخان لە هەدەپە-دا هەیە”
یەکێک لەو خاڵانەی کە لە لێدوانەکانی دەمیرتاشدا باسی لێوەکراوە، ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ناوبراوە لەلایەن ئیدارەی هەدەپە-وە بۆ کاندیدبوونی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا. ئیبرۆ گونای، وتەبێژی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کاندیدبوونی دەمیرتاش بەهۆی دۆخی ناوبراوەوە لەڕووی یاساییەوە کێشەی هەیە، بۆیە هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە، هەروەها پێشنیاز بۆ کاندیدێکی ژنیش هەبووە. باشە ئەگەر سەڵاحەدین دەمیرتاش لە خولی یەکەمدا کاندید بووایە، ئایا بەڕاستی دەکرا ئەنجامێکی جیاواز بۆ ئۆپۆزسیۆن بەدەستبهێنرێت؟

وەهاپ کۆشکون پێیوایە سیاسەتی هەدەپە بۆ بەربژێرنەکردنی کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار هەڵە بووە و دەڵێت: “دەمیرتاش لەم کارەدا بەرپرسیارێتیی هەیە”. کۆشکون ئاماژەی بە کێشە پێکهاتەییەکانی هەدەپە کرد و وتی: “بێگومان کاندیدبوونی دەمیرتاش دەیتوانی پاڵنەری جەماوەرەکە زیاتر بکات”. کۆشکۆن دەڵێت: “کێشەیەکی ڕوونی دیموکراسی ناوخۆیی حزبی لە هەدەپەدا هەیە، کێشەکە لەکێشەى کەسییەوە دەرچووە, وەک دەمیرتاش ئاماژەى پێداوە و بەم شێوەیە درێژە بە هەڵسەنگاندنەکەی دەدات؛ سیاسەتی هاوپەیمانی و بەربژێرکردنی کاندیدەکان و بێباکی ناوەند بەرامبەر بە هەستیاریی خەڵکی خۆجێی، هەموویان کێشەی جیاوازن، بۆیە ئەگەر ڕێژەی دەنگی هەدەپە لە ١٣٪وە بۆ ٨٪ دابەزی، ئەمە دۆخێک نییە تەنها بەوە ڕوونی بکەینەوە دەمیرتاش کاندید بێت یان نا، لێرەدا کێشەکە زۆر قووڵترە، زۆر پێکهاتەیی ترە، کێشەیەک هەیە، هەدەپە ناسنامەی خۆی وەک پارتێکی گەشەسەندوو و ئومێدبەخشتر لەدەستداوە، بووەتە پارتێکی بچووکبووەوە، ئەوەش مەترسییەکی زۆر جدییە”.

لینکی بابەتەکە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت:
https://www.dw.com/tr/selahattin-demirta%C5%9F%C4%B1n-%C3%A7ekilmesi-k%C3%BCrt-siyasetini-nas%C4%B1l-etkiler/a-65797454?fbclid=IwAR1WKRsMM9GRthFejA4cZGbfaAsB4osQ48Bi0i9cFIUJCbmom9eExbM7kMw
(1) پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) Türkiye İşçi Partisi (TİP) پارتێکی سیاسییە لە تورکیا. ئەم پارتە لە جیابوونەوە لە پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (TKP) دامەزرا. لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیيدا دەنگی بە کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی میللەت داوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان جیا لە پارتەکانی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کرد و تەنها ٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

Send this to a friend