• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 1, 2023

جەهەپە لەنێوان “بەندەری ئارامی” کلیچدارئۆغڵو و هەوڵەکانی گۆڕانکاری ئیمام ئۆغڵو

وەرگێڕانی: حەمزە محەمەد ساڵح

بە ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە سەرۆکایەتیی کەمال کلچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتەکە و ڕاگەیەنراوی دوای کۆبوونەوەکە، دووبارە بابەتی گۆڕانکاری لەناو جەهەپە-دا ڕەهەندێکی نوێی وەرگرت.
کلچدارئۆغڵو دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند دەرگای گۆڕانکاری بەردەوام بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، هەروەها وتیشی “ئەوە ئەرکی کاپتنە کە کەشتییەکە بباتە بەندەری ئارام، با هەمووانیش بزانن کەشتیيەکە دەبەمە کەناری ئارامی”. ئەم وتانەی سەرۆکی جەهەپە سەرنجی هەمووانی بۆلای خۆی ڕاکێشا.
بەپێی وتەی بەرپرسانی جەهەپە نموونەکەی کلچدارئۆغڵو “کاپتن و بەندەری ئارام” ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤ی تورکیا خۆی سەرۆکایەتیی بەشداری پارتەکەیی و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی دەکات.
دووباره کۆبوونەوەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ لەگەڵ کلیچدارئۆغڵو ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە بۆ گۆڕانکارییەکی بێ گرفت پێشنیازی بەردەوامبوون لەگەڵ کەسی سێیەم بکات.
دوای ئەوەی سەرۆکی جەهەپە کلیچدارئۆغڵو وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار ماڵئاوایی لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا کرد، بەڵام دوێنێ بە بابەتێکی تەواو جیاوازەوە گەڕایەوە. کلچدارئۆغڵو بەرامبەر بەو داواکارییانەی لەناو پارتەکەیدا سەبارەت بە پرسی گۆڕانکاری بەرزبوویەوە وتی: “تاوەکو کۆتایی دەرگای گۆڕانکاریی بە کراوەیی دەهێڵمەوە”. بەڵام کە وتی “ئەوە ئەرکی کاپتنی کەشتییە کە کەشتییەکە بباتە بەندەری ئارامی، با هەمووانیش بزانن کەشتییەکە دەبەمە کەناری ئارامی” ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە مەرجی گۆرانکارییشی باس کردووە.

“کەشتییەکە تاوەکو هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەبات”
زۆرینەی بۆچوونەکانی ناو جەهەپە لەسەر ئەوەیە وتەکانی کلیچدارئۆغڵو ئەو پەیامەی لێدەخوێنرێتەوە تاوەکو هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی مانگی ئازاری ٢٠٢٤ لە سەرۆکایەتیی پارتەکەیدا دەمێنێتەوە.
بەرپرسانی جەهەپە ئەوەیان ڕوونکردەوە کلیچدارئۆغڵو دوای هەڵبژاردن بە هیچ شێوەیەک بیری لە دەست لەکارکێشانەوە لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی نەکردووەتەوە. هەروەها کاتێک کلیچدارئۆغڵو دەستەواژەی “کەشتییەکە بە سەلامەتی دەگەیەنمە بەندەری ئارامی” بەکارهێنا، ئاماژەی بە مانەوەی خۆی کردووە تاوەکو هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.
بەرپرسانی جەهەپە ئاماژە بەوە دەکەن ئەم ئامانجەی کلیچدارئۆغڵو پاش ماوەیەکی تر لە ڕێگەی ئەو ڕاگەیەنراوانەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە سەرۆکی جەهەپە ئەنجامی دەدات و لەگەڵ دەستپێکی پشووی پەرلەمانیشدا بە چڕی دەست بە ئامادەکاری پێویست دەکات بۆ کۆنفرانسی لق و ناوچەکانی جەهەپە لە پارێزگا و قەزا و ناحیەکاندا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستخراوە، لە کاتی دووبارە ڕێکخستنەوەی مەکتەبی سیاسی جەهەپە-دا، کلیچدارئۆغڵو لە ڕێگەی بەستنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتەکەی ڕاستەوخۆ بە خۆیەوە، دەیەوێت مۆدێلێکی نوێ لە ڕێکخستنی حیزبی بهێنێتە کایەوە. لەم ڕوانگەوە بۆ هەر ناوچەیەک بەڕێوەبەرێک دادەنرێت، کە بەرپرسی ڕێکخستنەکان بێت. زانیارییەکانی ناو هۆڵە داخراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرۆکی جەهەپە لە نێوان پەرلەمانتارە خانەنشینەکانی پارتەکەیی و بەرپرسی لق و ناوچەکاندا، هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە کە کامیان بکات بە بەرپرسی ڕێکخستنەکان.
لە هەمانکاتدا لێپرسراوی ڕێکخستنەکان بەرپرسیار دەبن لەوەی کە چالاکییە مەیدانییەکانیان ڕێکبخەن، لە پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا و ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن لە گەیشتن بەو چین و توێژانەی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا پەیامەکانیان پێنەگەیاندوون.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بابەتی درووستکردنی لیژنەیەک بۆ گۆڕانکارییەکی گشتی لە پەیڕەوی کاری جەهەپە-دا باسی هەیە.

ترسی دابەشبوونی جەهەپە
هەرچەندە لەناو جەهەپە-دا خواستێکی فراوان بۆ گۆڕانکاری بوونی هەبێت، بەڵام لە ڕوانگەی کاتەکەیەوە دوو تێڕاوانین بەدیدەکرێت.
ئیمام ئۆغڵو-یش لەناو ئەو بەرەیەدایە کە دەنگی ناڕەزییان هەیە و بڕوایان وایە پێویستە کلیچدارئۆغڵو کۆنگرەى حیزب ئەنجام بدات، بۆ جارێکی دیکە خۆی کاندید نەکاتەوە و تەنها وەکو سەرۆکێکی فەخری لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.
بەرپرسانی ناوەندیی جەهەپە-یش لەو باوەڕەدان کە پێویستە کلیچدارئۆغڵو تاوەکو هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ترسیان لەوە هەیە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان شەڕی سەرۆکایەتیی لەناو پارتەکەدا ڕێگە بۆ دابەشبوون و لەتبوونی پارتەکە خۆش بکات، ئەمەش سەرەتا بە مانای لە دەستدانی پۆستی سەرۆکی شارەوانی شارە گەورەکان و بەدەستنەهێنانی ئامانجی خوازراو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دێت.
کلیچدارئۆغڵو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دەیەوێت ئیمام ئۆغڵو و سەرۆک شارەوانییە سەرکەوتووەکان بەبێ ئەوەی بچنە ناو ململانێی هەڵبژاردنی سەرۆکی پارتەکەیانەوە، پێویستە سەرنج بخەنە سەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لەبەرئەوە چاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێت پاشەکشە لەم هەڵوێستەی خۆی بکات.

بژاردەکانی بەردەم ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ چییە؟
دوای ئەوەی ئیمام ئۆغڵو بۆ جارێکی دیکە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٤ و ٢٨ی ئایار سەبارەت بە پرسی کاندیدبوون کۆبوونەوەی لەگەڵ کلیچدارئۆغڵو ئەنجامدا، ڕاستەوخۆ هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکی نەدا. بەڵام دوێنێ لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا وتی، کۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو گرووپەکانی ناو جەهەپە کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا دوای تەواوبوونی گفتوگۆکانی ناو پارتەکە ئەوەی دەیەوێت بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنێت.
لێرەدا ئەوەی جێگای سەرنجە، بەهۆی ئەوەی کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە پێش وادەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لەنێوان کورسی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستەنبوڵ و کورسی سەرۆکایەتیی جەهەپە-دا، تووشی چەقبەستوویی دەبێت و نازانێت کامیان هەڵبژێرێت، چونکە یاسا ڕێگە نادات کەسێک لە یەک کاتدا هەم سەرۆکی پارتێکی سیاسی بێت، هەم سەرۆکی شارەوانیی بێت.
لە دۆخی بەردەوامبوونی ئیمام ئۆغلو لە پۆستی سەرۆکی شارەوانغی ئیستەنبوڵ و دووبارە خۆکاندیدکردنەوەی بۆ هەمان پۆست، ئەگەری خێراترکردنی پرۆسەی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان و “سەپاندنی قەدەغەی کار و چالاکی سیاسی” کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەرییەوە دژی ئیمام ئۆغڵو کراوەتەوە، خێراتر و بەهێزتر بکات.

بژاردەی کەسی سێیەم لەنێوان دوو ئۆغڵو-دا
لایەنگرانی ئیمام ئۆغڵو لەو باوەڕەدان ئەگەر بێتوو جەهەپە بە سەرۆکایەتیی کلیچدارئۆغڵو بڕواتە ناو ململانێ و بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٤ەوە، ئەوا کێشەی گەورە بۆ پارتەکەیان دروست دەبێت بەتایبەت لەگەڵ ئەو پارتانەی کە بۆ ئەو هەڵبژاردنانە هاوپەیمانێتی لەگەڵ جەهەپەدا پێکدەهێنن، لەسەرووی هەمووشیانەوە پارتی باش.
پارتی باش لە ماوەی خۆ پاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بە تیشک خستنە سەر ” کاندیدی براوە” بەردەوام ناڕازی بوون لە خۆ کاندیدکردنی کلیچدارئۆغڵو، هەر بۆیە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان باسیان لە ڕاستی بۆچونەکەیان دەکرد، چونکە سەرۆکی پارتی باش وەک دووەم گەورەترین پارتی پێکهێنەری هاوپەیمانی میللەت، داوای دەکرد لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ببێتە کاندیدی سەرۆک کۆمار. هەر لەبەر ئەم هۆیە باس لەوە دەکرێت ئیمام ئۆغڵو پێشنیازی کەسی سێیەم بۆ کڵچدارئۆغڵۆ دەکات.

دەنگۆی ئەوەیش هەیە کە ئیمام ئۆغڵو بەو مەرجەی تاوەکو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە پۆستی ئێستای بەردەوام دەبێت، کە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵە. کلیچدارئۆغڵو-یش لە کۆنگرەدا بۆ پۆستی سەرۆکی جەهەپە کاندید نابێت، بەمجۆرە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو داوا دەکات جەهەپە لە ڕێگەی کەسی سێیەمەوە بە بەرزکردنەوەی دروشمی “گۆڕانکاری” بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکات.
باس لەوە دەکرێت لەم دۆخەدا ئیمام ئۆغڵو دووبارە نابێت بە کاندید بۆ سەرۆکی شارەوانی، دوای هەڵبژاردن دەبێت بە سەرۆکی جەهەپە، یان تەنها بۆ جارێک دەبێت بە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی، یاخود بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ لەنێوان کاندیدی سەرۆکی پارتەکەیی و کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا یەکێکیان هەڵدەبژێرێت. لە دۆخێکدا ئیمام ئۆغڵو خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات، ئەوا لەوانەیە داوا بکات “بە ئەمانەت پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە” بدرێت بە کەسێکی نزیک لەخۆی.
ئەگەر کلیچدارئۆغڵو پێشنیازی کەسی سێیەم ڕەد بکاتەوە، ئەوا پێشبینی دەکرێت ئیمام ئۆغڵو سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئەندام و لایەنگر و ڕێکخستنەکانی جەهەپە ببێت و لەگەڵ کلیچدارئۆغڵودا بچێتە پێشبڕکێی کاندید بوون بۆ سەرۆکایەتیی جەهەپە. ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ئەندامانەی کۆنگرەوە یەکلایی دەکرێتەوە کە لە کۆنفرانسی لق و ناوچەکانی جەهەپە-دا دەبنە ئەندامی کۆنگرەی پارتەکەیان.

ئۆزگور ئۆزێل چی دەکات؟
لە بابەتی کاندیدبوونی ئۆزگور ئۆزێل کە بە نوێنەری کلیچدارئۆغڵو لەناو فراکسیۆنی جەهەپە-دا ئەژمار دەکرێت، ئەو لێدوانەی کە گوتی: “لە بەرپرسیاریەتیی ڕاناکەم” لە نێو جەهەپە-دا بووەتە مایەی مشتومڕ.
ماوەیەکی زۆرە باس لەوە دەکرێت کە ئۆزگور ئۆزێل لەناو پارتەکەیدا یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەو حیزبە، بەڵام لەم ماوەیەدا و بۆ یەکەم جار ئاشکراکردنی نیەتی خۆیی بۆ ڕای گشتی، بە مانای ئەوە دێت ئەگەر گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکی گشتیدا هەبێت ئەوە منیش ئامادەم. لە کاتێکدا ئەگەر کلیچدارئۆغڵو دووبارە نەبێتەوە بە کاندید، ئەوا وەک ئاماژەیەک وایە بۆ چوونە ناو پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی پارتەکەیەوە.
ئۆزێل لە دەستپێکی دواین کۆبوونەوەی فراکسیۆنی جەهەپە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە فراکسیۆنەکەی بەرامبەر بە کلیچدارئۆغڵو وتی: “لە ڕابردوودا ئەوانەی لەیەک زویر بوون و دەستی هاوکارییان بۆ یەکتر درێژ نەدەکرد ئاشتت کردنەوە، دەستیانت گەیاند بەیەک. هەوڵە دیموکراسی و دادپەروەریەکانت بەردەوام دەبێت. بەردەوام وەک سەرکردەیەک چەمکەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیت بەرجەستە کردووە، وەکو سەرکردەیەک لە بەردەم هەمووماندا لە هەوڵەکانت بەردەوام دەبیت”. ئۆزێل لە ڕێگەی دەربڕینی ئەم وتانەوە کاتێک بانگهێشتی کڵچدارئۆغڵوی کرد بۆ وتاردان، جارێکی تر هەڵوێستی خۆیی بۆ پشتیوانی لە کلیچدارئۆغڵو دوپات کردەوە.

ئەگەر کۆنگرەی جەهەپە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجام بدرێت، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لەنێوان کورسی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستەنبوڵ و کورسی سەرۆکایەتیی جەهەپە-دا، تووشی چەقبەستوویی دەبێت و نازانێت کامیان هەڵبژێرێت، چونکە یاسا ڕێگە نادات کەسێک لە یەک کاتدا هەم سەرۆکی پارتێکی سیاسی بێت، هەم سەرۆکی شارەوانیی بێت.

لینکی بابەتەکە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت:
-https://www.bbc.com/turkce/articles/cn0kd45j7k6o?fbclid=IwAR3VrNiM0nHH8eFuempuN6UpGriwJkjoPn2RTA5shEt44Q-JUh6y8V–WKA

Send this to a friend