• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 25, 2020

حەشدی شەعبی لە پاش جیابوونەوەی لیواكانی مەرجەعیەت

یاسین ته‌ها

چوار لیوای حەشدی شەعبی كە سەر بە “عەتەبە پیرۆزەكانی” شیعەن و بە “حەشدی مەرجەعیەت” بەناوبانگن، كۆتایی هەفتەی رابردوو بارگە و بنەیان لە دەستەی حەشدی شەعبی گواستەوە بۆ ماڵی تازەیان كە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە (سەرۆكایەتی وەزیران)، نەك هەر ئەوە بەڵكو لە رێگەی بەیاننامەیەكەوە دەرگای جیابوونەوەیان بۆ گروپەكانیتر بەكراوەیی هێشتەوە، بەمەش مشتومڕێكیتریان لە عێراق دروست كرد لەكاتێكدا كە دەسەڵاتدارەكانی سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی ئەم نەخۆشییەن.

ئەم چوار لیوایە كە خۆیان بە “حەشدی عەتەبە پیرۆزەكان” دەناسێنن ئەو جەنگاوەرانەن كە لەسەر فەتوای سیستانی لە حوزەیرانی 2014 چەكیان هەڵگرتووە، لەلایەن بریكار و نوێنەرەكانی مەرجەعیەتی نەجەفیشەوە سەروكاری دەكرێن و هەڵگری چەند ناوێكن؛ فیرقەكانی ئیمام عەلی و عەباسی جەنگاوەر، لیواكانی عەلی ئەكبەر و ئەنساری مەرجەعیەت، بە زمانی فرمانە كارگێڕییەكانیش هەڵگری چەند ژمارەیەكی سەربازین؛ 2، 11، 26، 44، مەبەست لەم پۆلێنەی دواییش شاردنەوەی ناو و ئینتمیای جیاجیای گروپەكانی حەشد بوو.

ئەم چوار لیوایە كە تەنها بەسیستانییەوە پابەندن لە دەمی شەڕی داعشدا لەگەڵ حەشدی وەلائی “ئێرانی/ خامنەیی” لەسەر دابەشكردنی بودجە و دەرامەتی دەستەی حەشد كەوتنە ناكۆكی و شەڕە لێدوان، پاشان عەبادی سەرۆك وەزیران هاتە سەرخەت و بەریەككەوتنەكەیان بەشێوەیەكی كاتی چارەسەر كرا. ناكۆكییەكان لە 2016 بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی ئەم لیوایانە بوو لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە كە ئەوكات هەرچەند بەفەرمی پۆستەكەی جێگری سەرۆكی حەشد بوو، بەڵام خۆی بڕیاردەری یەكەمی دارایی ئەم دامەزراوەیە بوو، لە 2018 جارێكیتر ئەم لیوایانە راگەیاندنی حەشدیان تۆمەتباركرد بە پەراوێزخستن و باس نەكردنی رۆڵیان لە چالاكییەكانی پاراستنی زیارەتكەران، بەمجۆرەش درزو كەلێنە گەورەكانی ناو هەویری باش نەشێلراوی حەشد دەركەوت وەك دەزگایەكی سەربازی جێگە مشتومڕ لە عێراقی پاش دەركەوتنی داعش (2014).

لە سەرەتای 2020 ئەبو هەمدی لەگەڵ قاسم سلێمانیدا لە فڕۆكەخانەی بەغدا كوژرا، لەوە بەدواش مەسەلەی جێگرتنەوە و پڕكردنەوەی پۆستەكەی هاتە پێشەوە بەتایبەت لە پەیكەری تازەدا پۆستەكە لەشێوەی سەرۆك ئەركانی حەشد ـ دایە. گروپە ئێرانییەكان لەناو خۆیاندا فەرماندەیەكی حیزبوڵڵایان بەناوی “ئەبو فدك محەمەداوی” بۆ ئەوپۆستە پاڵاوت كە جێگە متمانەی قاسمی سلێمانی بووە، حەشدی سەر بە مەرجەعیەتی نەجەفیش بێ ئاگایی خۆیان لەو هەنگاوە راگەیاند و رازیی نەبوون بچنە ژێر بار.

دوو رۆژ بەر لەئێستا ئەم لیوایانە بەیەكجاری دەستەی حەشدی شەعبی ـ یان بەجێهێشت و لەڕووی كارگێڕی و عەمەلیاتەوە چوونە سەر فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان، بەمەش ئەو مشتومڕەیان ئاڵۆزتر كرد كە پێنج ساڵە دەربارەی حەشدی شەعبی دێت و دەڕوات لەنێوان كۆمەڵێك بژاردە كە بریتین لە: ئێرانی بوون بەمەرجەعیەتی سوپای پاسداران لەچوارچێوەی “بەرگریكاری ئیسلامی” دا، پەیكەرێكی سەربازیی سەربەخۆ و هاوئاستی پۆلیس و سوپای عێراق، لەگەڵ بژاردەی كۆتایی كە ئەگەری تێكەڵ بوون و ئاوێتەبوونیانە بە هێزە چەكدارەكانی عێراق لەبەر كۆتاییهاتنی رۆڵی سەرەكییان كە شەڕی داعشە.

هەرچەندە لیواكانی مەرجەعیەت لە بەیانی جیابوونەوەدا باس لەوە دەكەن، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی و پێكهاتەكانی و بە “خۆشەویست” ناویان دەبەن، بەڵام ئاماژەكانی ئەم هەنگاوە ئەوە دەردەخەن ئەم ماڵ جیاییەی لیواكانی مەرجەعیەت، حەشدی شەعبی زیاتر رووت دەكاتەوە لە جوغزە عێراقییەكەی، جگە لەوەش وێنەی وەك هێزێكی پاشكۆی ئێران تۆختر دەكاتەوە، ئەمەش بەس بۆ ئەوەی بیكاتە ئامانجێكی ئاشكرا لە هەر پێكداپژانێكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا لەداهاتوو.

حەشدی مەرجەعیەت بەم هەنگاوەیان پاڵپشتیان لە مافی دەوڵەت كرد بۆ سەروكاریكردنی دیاردەی چەكداری لە وڵات كە لەئەدەبیاتی سیاسی عێراقدا پێی دەوترێت “حصر السلاح بید الدولة”، جگە لەوەش لانیكەم ئەم چوار لیوایە پارێزراو دەبن لە هەر چەشنە سزا و گەمارۆیەكی ئەمەریكی دژ بە حەشدی شەعبی وەك ئەوەی لەچەند مانگی رابردوودا دژی هەندێ لە پێكهاتەكانی وەك عەسایب دەرچووە و چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ هەڵكشانی کێرڤی ناكۆكییەكانی ئێران و ئەمەریكای تڕەمپ ـ دا زیاتر و توندتر ببن بەتایبەت لە سەروبەندی ململانێ و كێبەركێكانی كۆتایی ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆشكی سپی.

Send this to a friend