• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 30, 2022

پەیوەندییە وزەییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستانی عێراق

نووسین: د. زولفو داغدەڤیرەن

سەرچاوە: جۆرناڵی ئابووری و توێژینەوە

Dağdeviren, Zülfü. (2021). Türkiye ile Irak Kürt Bölgesel Yönetimi Arasında Enerji İlişkileri, Journal of Economics and Research, Vol 2 (Issue 2).

وەرگێڕانی لە تورکییەوە: ڕەنجە عەبدوڵا

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

پوختە

لەم توێژینەوەیەدا پەیوەندییە مێژووییەکانی وزەى نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق[1] و تورکیا لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ لە چوارچێوەى تیۆرییەکانی هاووابەستەیی (Interdependence) و هەماهەنگیی ناوچەیی شی کراوەتەوە. جیاواز لە توێژینەوەکانی دیکە، لێرەدا تەنها جەخت لە پەیوەندییەکانی وزە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیادا کراوەتەوە. ئەنجامە بەدەستهاتووەکان ئەمانەن: حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا و بە گوێرەى دەستوورى عێراقی بووە خاوەنی ستاتۆیەکی فیدراڵی. دەوڵەمەندیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان سەرنجی دەوڵەتانی دیکەى کەمەندکێش کرد. لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە بە هۆى پەیڕەویکردنی سیاسەتی ئاساییکردنەوە و نەرمکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان لایەنی تورکی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا پەیوەندییە ئابوورییەکان چڕبوونەوەى بەخۆوە بینی. بەتایبەتی کاتێک بابەتی وزە وەک پێوەر و نیشانەیەکی نوێ هاتە ناوەندەکەوە و ئەمەش بووە بزوێنەرى پەیوەندییەکانی وزە لەنێوان تورکیاى هاوردەکار و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق. پەیوەندیی وزە لەسەر بنەماى هەماهەنگی و دووبارە بونیادنانەوەى پەیوەندییەکان، وەک خاڵی بەرژەوەندی و سوودی هەردوو لایەنەکە هەڵسەنگێنراوە.

دەروازە

پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆى ڕێژەیی لەنێوان بەکارهێنانی وزە و گەشەى ئابووریی بەردەوامدا هەیە. وڵاتی تورکیا هاوشانی ئەو گەشەکردنە خێرایەى هەیەتی، یەکێکە لەو وڵاتانەى لە دونیادا بە شێوەیەکی خێرا بەکارهێنانی وزە تێیدا بەرز دەبێتەوە. بەڵام تورکیا لە ڕوانگەى سەرچاوەکانی وزەوە لەو وڵاتانە نییە کە پێداویستییەکانی خۆى پڕ بکاتەوە، بە هۆى زیادبوونی خواست لەسەر وزە بە تێپەڕبوونی کات زیاتر وابەستە و شوێنکەوتەى دەرەوە دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق (IKBY[2]) لەم دواییانەدا لەگەڵ دۆزینەوەى یەدەگی نەوت و گازی سروشتی، سەرنجى وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بۆ لاى خۆى ڕاکێشا. سیاسەتی وزەی سەرەکیی تورکیا: بەئامانجی دەستەبەرکردنی وزە، پەنا دەباتە بەر زیادکردنی ژمارەى ئەو وڵاتانەى وزە دابین دەکەن، ئەمە دەبێتە هۆى دەستکەوتنی سەرچاوەى جێگرەوە (ئەلتەرناتیڤ) بە نرخێکی گونجاو، بە شێوەیەکی بەردەوام و بەبێ بچڕان و لە هەمان کاتدا سەقامگیرى و دڵنیایی تێدا دەبێت. ئامانجێکی دیکەى بنەڕەتیی تورکیا ئەوەیە ببێتە ناوەندی وزە. سیاسەتی وزەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق: دروستکردنی بونیادێکی ئابووریی بەهێز بەرامبەر حکومەتی ناوەندیی عێراق لە پێناو زیادکردنی داهاتەکەیدا، چونکە بەم هۆیەوە دەستی لە ململانێ سیاسییەکانیشدا بەهێز دەکات. پەیوەندیی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا شکڵی گرتووە.

بونیادنان لە ئێستاوە، باشترین ڕێگەى پێشبینیکردنی ئایندەیە. هەر بۆیە ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە لە ڕێگەى شیکردنەوەى پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، چارەسەرێکی خاکەڕایانە بۆ یەکێک لە بنەڕەتیترین بابەتەکانی ڕۆژەڤمان بخاتە ڕوو، ئەمەش سەرەداومان دەربارەى ئێستا و ئایندە پێ دەدات، لە هەمان کاتدا دیدگایەکی ڕەسەن بۆ ئەوانەى کە ئەم بابەتە بەلایانەوە سەرنجڕاکێشە دەخاتە ڕوو، لەگەڵ سەربارکردنێکی تیۆریى گرنگ بۆ ئەو توێژینەوانەى لەم بوارەدا ئەنجام دەدرێن.

کێشەکانی توێژینەوەکە ئەمانەن: پڕۆفایلی وزەى تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق چییە؟ ئەو فاکتەرانە کامانەن کە پەیوەندیی هاووابەستەیی نێوان تورکیا و خۆبەڕێوەبەریى کوردی عێراق پێک دەهێنن؟ ئایا ئامانجەکانى تورکیا بۆ بوون بە ناوەندێکی وزە و ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ گەیاندنی وزە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، بووەتە هۆى دەستەبەرکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا؟ ئایا هیچ بەربەستێکی یاسایی لە ناوخۆى عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لەمەڕ پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە؟

لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ئەرشیف و توێژینەوەکاندا لە بارەى پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووى سیاسی، ئابورى و کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵێک توێژینەوەى ئەنجام دراون. بە هۆى ئەوەى وزە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی یەکێکە لەو بابەتە ڕۆژەڤیانەى گەنگەشەى لەسەرە، ئەم توێژینەوەیە جیاواز لە توێژینەوەکانی دیکە، تەنها لە پەیوەندیدا بە وزەوە کنەى بابەتەکە دەکات و لەمەشدا زانیارى و سەرچاوە ڕەسەنەکانی بەکار بردووە.

وزە بە هۆى پۆتانشیەڵی زیادکردنی هەماهەنگیی هەرێمی، کۆمەڵێک فاکتەر لەخۆ دەگرێت کە دەبێتە هۆى زیادکردنی هاووابەستەیی لەنێوان کارەکتەرەکاندا. بەم هۆیەوە لێرەدا شیکردنەوە بۆ گریمانە سەرەکییەکانی هەماهەنگی و هاووابەستەیی لە ڕوانگە تیۆرییەکەوە کراوە، لە ئەنجامدا پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەیەکی تیۆریدا لە لایەنی هاووابەستەیی و هەماهەنگیی هەرێمییەوە شی کراوەتەوە.

گریمانە سەرەکییەکانی تیۆرى هەماهەنگیی هەرێمی: هێزە هەرێمییەکان لە تەواوى ناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا لە پێناو زیادکردنی خێرایی گەشەکردندا، مۆدێلی جۆراوجۆى هەماهەنگی پەیڕەو دەکەن. جیاوازیی نێوان ڕژێمەکانی بەڕێوەبردنی کارەکتەر و وڵاتەکان نەبووەتە بەربەست لەبەردەم ئەم هەماهەنگییەدا. لایەنە جیاوازەکان لە چوارچێوەى هەماهەنگیدا، ستراتیژى هاوبەش لە بوارى ڕێککەوتنی بازرگانی و وزە لە تەواوى کایەکانی دیکەدا پەرە پێ دەدەن (Keohane, 2002: 27-29). ڕێبەرانی سەرەکیی ئەم تیۆرییە کەسانی وەک: (ئێرنست هاس، فلیپ شمێتەر، لیۆن لیۆنبێرگ، جۆسێف س. نای، ڕۆبێرت ئۆ. کیەهن، لۆرێنس شایمێن و ئامێتای ئێتزیۆنی)ن. چەمکی هەماهەنگی لە بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بریتییە لە پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکان بە شێوەیەک گونجان لە نێوانیاندا هەیە و لەسەر برەودان بە سیاسەتی هاوبەش لە نێوانیاندا کار دەکەن. ئامانجی هەماهەنگی خۆى لە بەرژەوەندی لایەنەکان، بونیادنانی ئاشتییەکی پارێزگاریلێکراو و ئابوورییەکی بەهێزدا دەبینێتەوە. بنەڕەتی هەماهەنگیی هەرێمی ئەمەیە: کاتێک بە هۆى ئەو سوود و قازانجەى کە لایەنەکان لە ئەنجامی هەماهەنگی لە بوارێکدا بەدەستی دەهێنن، دەبێتە پاڵنەرێک و چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکرێت هەمان ئەزموون لە بوارەکانی دیکەشدا ڕەنگ بداتەوە (Haas, 1964: 30-39). لایەنەکان بە هۆى ئەو سوودەى لە ئەنجامی هەماهەنگیی یەکتردا بەدەستی دەهێنن، کار لەسەر زیاتر ڕەنگدانەوەى ئەو هەماهەنگییە لە بوارەکانی دیکەدا دەکەن. لە کۆتایی پڕۆسەکەدا ئەو دیدگایە خۆى نمایش دەکات لەگەڵ ئەوەى بەرژەوەندییەکان نەتەوەیین، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندییەکی هەرێمییە. هەماهەنگیی هەرێمی لەمڕۆدا چالاکیی زیاد بووە، چونکە سیاسەتگەلێک دەرکەوتوون لەسەر بنەماى نۆرمە هاوبەش و لێکچووەکان پەیڕەویی لێ دەکرێت و لە ئەنجامی ئەمەشدا دیاردەى هاووابەستی لەنێوان لایەنەکاندا دروست بووە.

گریمانە سەرەکییەکانی تیۆرى هاووابەستەیی “ڕۆبێرت ئۆ. کەیهن و جۆزێف س. ناى” لە کتێبەکەیاندا بە ناونیشانی هێز و هاووابەستەیی (Power and Interdependence) لە ساڵی ١٩٧٧دا، هێڵی چوارچێوە تیۆرییەکانی تیۆرى هاووابەستەییان کێشاوە، لە ساڵانی نەوەکاندا و لەگەڵ پڕۆسەى بەجیهانگیربووندا تیۆرەکە بەهێزیى زیاترى بەخۆیەوە بینی. تیۆرى هاووابەستەیی، بە پێچەوانەى سەپاندنی فکرەى زاڵی یەکێک لە لایەنەکان بەسەر ئەوى دیکەدا و سیاسەتی پەراوێزخستنی ئەوى دی و یەکئاڕاستەیی لە وابەستەیی پەیوەندییەکاندا، لە پێناسەکەیدا جەخت لەسەر کارلێکی بەرامبەرى لە پەیوەندییە ئابوورى، کۆمەڵایەتی، سیاسی و وزەییەکانی نێوان لایەنەکان دەکاتەوە (Dalar, 2015: 50). لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و دەرکەوتنی بەجیهانگیربووندا، ئەو چالاکییانەى سیاسەتی دەرەوەى هەر دەوڵەتێک دیاری دەکات و پێداویستییەکانیان دەستنیشان دەکات؛ زیادی کردووە. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەى کارەکتەرەکانی سیستمی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە لەگەڵ گۆڕانی ئەم بزاوتەدا سیاسەتی دەرەوەى خۆیان دابڕێژنەوە. لەم پڕۆسەیەشدا هەماهەنگی و هاووابەستەیی پاڵپشتیی یەکتریان کردووە (Keohane ve Nye, 2001: 20-21). تیۆرى هاووابەستەیی سەرەڕاى ئەوەى بەزۆرى لە ڕوونکردنەوەى پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتاندا بەکار براوە، بەڵام زۆربەى تیۆریستەکان (بە ناى و کەیهنەوە) جەخت لەسەر بەشداریى هێزە نادەوڵەتییەکان لە سیستمە نێودەڵەتییەکەدا بە هۆى بەجیهانیبوونەوە دەکەنەوە. بەم هۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم توێژینەوەیەدا وەک کارەکتەرێکی نادەوڵەتی پەسەند کراوە. بە گوێرەى ئەو شیکردنەوانەى لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا لە بارەى بەرەوپێشچوونی هەلومەرجەکانی هاووابەستەیی لە پەیوەندیدا بە بەجیهانیبوونەوە ئەنجام دراوە، بڵاوبوونەوەى زیاتر و بەردەوامی لێ دەخوێنرێتەوە، چونکە ئەو ئاڕاستانەى کە پێشبینی دەکرێ لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕان تێیاندا ڕوو نەدات، پاڵپشتیی ئەم پێشبینییە دەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا کنەى ڕێژەى بەرهەمهێنان و بەکاربردنی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە، هەروەها گرنگیی ئەم بابەتە لە ڕوانگەى جیۆپۆلەتیکی وزە و پەیوەندییەکانی وزە لەسەر سیاسەتی دەرەکی شی کراوەتەوە. بەڵام بەرەوپێشچوونی ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ ئەوەى پەیوەندیی بە بڕیارەکانی هەردوو لایەنەکەوە هەیە، لە هەمان کاتدا بەندە لەسەر ئەو بەربەستانەى کە دێنە بەردەم پڕۆسەکە. لەم چوارچێوەیەدا، لە دیارترین ئەو بەربەست و گرفتانەى لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا خۆی دەبینێتەوە، کێشە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بۆیە لە ڕوانگەى یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیشەوە شیکردنەوە بۆ ئەم بابەتە کراوە.

ئەو ئەنجامانەى کە توێژینەوەکە پێی گەیشتووە، ئەمانەن: حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا بە گوێرەى دەستوور بووە خاوەن ستاتۆیەکی فیدراڵی. دەوڵەمەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە سەرچاوە سروشتییەکان، سەرنجی دەوڵەتانی ناوچەکەی بەرەو خۆى کەمەندکێش کرد. بەم هۆیەوە بابەتی وزە بووەتە بزوێنەرى سەرەکیی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق. تورکیا سوودی لە هەڵکەوتەى جوگرافیی خۆى وەرگرتووە بۆ گواستنەوەی ئەو نەوت و غازە سروشتییەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیەتی بۆ بازاڕە جیهانییەکان، چونکە هەرێم دەستی بە گواستنەوەى دەریایی دیکە ڕاناگات. پەیوەندیی وزە لەسەر بنەماى هەماهەنگی و دووبارە بونیادنانەوەى پەیوەندییەکان، وەک خاڵی بەرژەوەندی و سوودی هەردوو لایەنەکە هەڵسەنگێنراوە.

١. پڕۆفایلی وزەى تورکیا

تورکیا بەو ڕێژە گەشەکردنە خێرایەى لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٢-٢٠١٧) بەدەستی هێنا، بووە سیازدەیەمین وڵاتی خاوەن ئابووریى گەورە لەسەر ئاستی دونیا. بە گوێرەى داتاى “OECD[3]“، تورکیا لە ڕوانگەى پێویستی بە وزەوە لە ڕیزبەندییەکەدا لە پلەى یەکەمدا دێت (Dış İşleri Bakanlığı, 2018: 1). بۆ ئەوەى ئابوورى لە گەشەکردن بەردەوام بێت، دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام و بەبێ پچڕان وزەى پێویست بۆ ئەو سێکتەرانە دابین بکرێت کە گەشەکردنی ئابوورى دەستەبەر دەکەن. تورکیا بە هۆى ئەو گەشەکردنانەى کە لە ڕووى ئابوورییەوە بەدەستی هێناوە، بەکاربردنی وزەى زیاتر کردووە. بە گوێرەى زانیارییەکان، لە ساڵی ٢٠١٨دا لە تورکیادا (٢٥%)ى نەوت لە بوارى پیشەسازی، (٢٤%)ى لە بوارى بەرهەمهێنانی کارەبا، (٢٠%) لە گواستنەوە و گەیاندن، (١٥%)ى لە خانوو و نشینگەکان، (٨%) لە بوارى بازرگانی و سێکتەرەکانی خزمەتگوزاریدا بووە (TPAO, 2020: 30-31).

١,١. دۆخی نەوت

یەدەگی نەوتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا بە ٣٦٦ ملیۆن بەرمیل خەمڵێنراوە. ئەم یەدەگە، بە بەراورد بە ڕێژەى بەکارهێنانی ساڵانە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەى ١٨ ساڵدا بەکۆتا بێت. کۆنیی کەرەستە و تەکنەلۆژیاى بەرهەمهێنانی نەوت لە تورکیادا، کاریگەریى لەسەر خێرایی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە. بە هۆى بەتەمەنیی کێڵگە نەوتییەکانەوە لە تورکیا، بە تێپەڕبوونی کات بەرهەمیان ڕووى لە دابەزین دەکات. لە ساڵی ٢٠١٩دا لە تورکیا بەنزیکەیی ٢٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەر هەمهێنراوە، لە بەرامبەردا نزیکەى ٢٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەکار براوە. لە ساڵی ٢٠١٩دا، بەرهەمهێنان و بەکاربردنی نەوتی خاوى ناوخۆیی ڕێژەى (٨.٨%)ی پێک هێناوە. بە دەربڕینێکی تر: ڕێژەى هاوردەى نەوت لە ساڵی ٢٠١٩دا بریتی بووە لە (٩١.٢%). تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بەم ڕێژانە هاوردەکارى نەوت بووە لەم وڵاتانەوە: ڕووسیا (٣٥.٤%)، عێراق (٢١.٣%)، کازاخستان (٧.١%)، هیندستان (٦.٩%)، ئێران (٤.٧%)، سعودیە (٤.٤%)، نێجیریا (٤.١%)، ئیسرائیل (٣.٤%)، لیبیا (٢.٥%)، بولگاریا (٢.١%)، یۆنان (١.٧%)، تورکمانستان (١.١%).

١.٢. دۆخی غازی سروشتی

بە گوێرەى ئەو دیاریکردنەى بۆ ڕێژەى غازى سروشتی لە ساڵی ٢٠١٨ لە تورکیادا ئەنجام دراوە، ڕێژەى یەدەگی غازەکە ٣.٨ ملیار مەتر سێجایە. کاتێک ئەم ڕێژەیە بەراورد بە بەکارهێنانی ڕێژەى ساڵانەی ناوخۆ دەکرێت، پێشبینی دەکرێ لە ماوەى ٩ ساڵدا بەکۆتا بێت. ساڵی ٢٠١٩ لە تورکیا بڕى ٤٨٣ ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی بەرهەم هێنراوە. لە بەرامبەردا لە ساڵی ٢٠١٩دا بڕى ٤٥.٧ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی بەکار براوە. تورکیا لە بابەتی دابینکردنی غازی سروشتیدا بە ڕێژەى (٩٨.٩%) پشتی بە هاوردەکردن بەستووە. تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا بەم ڕێژانە هاوردەکارى غازی سروشتی بووە لەم وڵاتانەوە: ڕووسیا (٣٣.٦%)، ئازەربایجان (٢١.٢%)، ئێران (١٧.١%)، جەزائیر (١٢.٦%)، قەتەر (٥.٤%)، نێجیریا (٥.٤%)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (٢.٧%) (TPAO, 2020: 35). تورکیا لە پێشتردا و لە مانگەکانی زستاندا ئەو غازەى کە لە ڕووسیا و ئێرانەوە بۆى دەهات؛ دووچارى پچڕان لە تەوژمی غازەکەدا دەبووەوە، بۆیە ئەمە تورکیاى دووچارى قەیران دەکرد. لەبەر ئەوەى تورکیا بۆ دابینکردنی غازی سروشتی پشت بە دەرەوە دەبەستێت و لە هەمان کاتدا گەنجینەى پێویستی بۆ گلدانەوەى غازەکە نەبوو، بۆیە دووچارى کێشەى جددی بووەوە. هەر بەم هۆیەوە پڕۆژەى زیاترى نوێی گەنجینە و زەخیرەکردن خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە (Enerji Bakanlığı, 2018: 2).

٢. پڕۆفایلی وزەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق

هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە بە هۆى ئەو گرێبەستانەى لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامی دا، بەشێوەیەکی خێرا دەستی بە چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین کرد و لە کۆى ١٠ بیرەنەوت، (٨)یان ئەنجامێکی ئەرێنیی هەبوو.

١,٢. یەدەگی نەوت

لە ساڵی ٢٠٠٩دا کۆمپانیایەک بە ناوى گۆڵف کیستۆن، لە کێڵگەکانی شێخان لەنزیک سنوورەکانی تورکیا، لە ئەنجامی گەڕانەکانی لە ناوچەکەدا، ناوچەیەکی بەرفراوانی نەوتی دۆزییەوە کە بە گوێرەى پێشبینییەکان بڕى خەمڵێنراو لەنێوان ١٢ بۆ ١٥ ملیار بەرمیل نەوتدایە (Chazan, 2012: 1-2). پێشبینی دەکرێ بڕى ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق دۆزرابێتەوە (Ticaret Bakanlığı, 2020: 3). بە گوێرەى ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ ئەو نەوتەى کە لە ناوچەى شێخان دۆزراوەتەوە، وا پێشبینی دەکرێت بڕى یەدەگی نەوت (٦٠-٦٥) ملیار بەرمیل نەوت ببێت (Balcı, 2014: 12). بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردی بەم شێوەیە دابەش بووە: (٣٦%) لە کێڵگەکانی تەقتەقە، (٣١%) لە کێڵگەکانی خورمەڵەیە، (٢٩%) لە کێڵەگەکانی تاوکیە، (٤%) دەکەوێتە کێڵگە نەوتییەکانی خۆرمۆر و چەمچەماڵەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم ماوانەى کۆتاییدا بەئامانجی دۆزینەوەى کێڵگەی نەوتی زیاتر، لە چەند ناوچەیەکی دیکە دەستی بە گەڕان و پشکنین کردووە (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 13). لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە ناوچە جیاوازەکاندا ڕۆژانە بڕى ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، لەبەر ئەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پلانیدایە ببێتە خاوەن قسە لە بازاڕى وزەدا، ئامانجی ئەوەیە لە داهاتوودا بڕى بەرهەمهێنانی ڕۆژانەى نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە (Dalar, 2015: 60). لەمڕۆدا نرخی ئەو بڕە یەدەگەى نەوت لە دەوروبەرى ٣ ترلیۆن دۆلاردایە. ئەم داهاتە کە تاوەکوو ساڵی ٢٠٠٣ بۆ تاکەکەس بڕەکەى لەنێوان (٣٠٠-٤٠٠) دۆلاردا بوو، لە ئێستادا بڕەکە بەرز بووەتەوە بۆ (٥-٦) هەزار دۆلار.

 

٢.٢. یەدەگی غازی سروشتی

هەرێمی کوردستانی عێراق وەک چۆن لە نەوتدا دەوڵەمەندە، ئاوەهاش یەکێکە لەو ناوچانەى کە بە یەدەگی غازى سروشتی دەوڵەمەندە. غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە بڕى ٥.٦٧ ترلیۆن مەتر سێجا خەمڵێنراوە. لە کێڵگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا غازی سروشتی دۆزراوەتەوە. لە هەمان کاتدا لە کێڵگە نوێیەکانیشدا گەڕان بۆ یەدەگی غازی سروشتی بەردەوامە (KRG Ministry of Natural Resources, 2021: 1). کۆمپانیاى هێریتیچ ئۆیلی ئینگلیزی کە لە بوارى گەڕانی نەوتدا کار دەکات، لە کێڵگەکانی میرانی خۆرئاوا (٨،٦-١،٩) ترلۆن مەتر چوارگۆشە غازی سروشتیی دۆزیوەتەوە. کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە نرخی ئەم سامانە سروشتییە بە نزیکەى ١ ترلیۆن دۆلار دەبێت. ئەو بۆرییە غازەى میرانی خۆرئاوا پلانی بۆ دادەنرێت لە تورکیاوە بەرەو ئەورووپا بگوازرێتەوە، هەروەها کۆمپانیاکە ئاماژەى بەوە داوە ئەم بڕە بەنزیکەیی پێداویستیی غازی سروشتیی ١٩٠ ساڵی تورکیا پڕ دەکاتەوە. بەشێکی گەورەى ئەو غازە سروشتییەى کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە، ساڵانە تێکڕا ١١ ملیار مەتر چوارگۆشەی غازە سروشتییەکەى بە هۆى نەبوونی ژێرخانی پێویستەوە بیرەکانیان بەسەردا دەڕووخێت و پڕ دەبنەوە. بڕى (%٦٠)ی ئەو غازە سروشتییەى بەرهەم دەهێنرێت، بە هۆى ئەم حاڵەتەوە لەناو دەچێت و زیانی ئابووریى گەورەى دەبێت. بەم هۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەوڵی بەگەڕخستنی پڕۆژەى نوێ لەگەڵ تورکیادا دەدات، بەئامانجی بونیادنانی ژێرخان بۆ غازە سروشتییەکەى (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 14). پسپۆڕانی بوارەکە هەموویان لەوەدا کۆکن بە هۆى ئەوەى لە ساڵانی (١٩٨٠)ەوە بەرهەمهێنان لەم کێڵگانەدا نەبووە، غازی سروشتی و نەوتی خاو زۆر زیاترە لەو بڕە یەدەگەى کە خەمڵێنراوە، بەم هۆیەوە پێگەى هەرێمی کوردستانی عێراق لە داهاتوودا و بە پێی تێپەڕبوونی کات لە تەواوى دونیادا لە ڕووى وزەوە دەکرێت بەرزبوونەوەیەکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت (Ayhan, 2009: 2).

 

٣,٢. تێچووى بەرهەمهێنانی نەوت

تێچووى دەرهێنانی نەوت هێندەى خودی سامانی نەوتەکە لە وڵاتێکدا گرنگە. کاتێک دەڕوانینە سامانی خاکەکانی ئەم ناوچەیە، بە شێوەیەکی چڕ یەدەگی نەوت لە قووڵایی زەویدا نین، ئەمەش دەبێتە هۆى دابەزینی نرخی تێچوونی دەرهێنانی نەوتەکە (İzzeti, 2006: 24). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەچاو زۆربەى وڵاتانی بەرهەمهێنەرى نەوت، بە تێچوویەکی کەمتر نەوت بەرهەم دەهێنێت. یەدەگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکی زۆریان دوورییان لەسەر ڕووی زەوییەوە لە قووڵیی ٥٠٠ مەتردایە. هەر لەبەر ئەم هۆیە، تێچوونی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت لەنێوان (٢،١-٥) دۆلاردا لە گۆڕاندایە. بڕى ئەم تێچوونە لە زۆربەى شوێنەکانی دونیادا لەنێوان (١٥-٢٠) دۆلاردایە. بۆ نموونە: بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە وڵاتی کەنەدا تێچووەکەى لە ٢٥ بۆ ٣٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە. وەک چۆن دەکرێ تێچووى دەرهێنانی نەوت کەم بێت، ئاوەهاش دەکرێ تێچووی ناردنەدەرەوەکەشی هەر کەم بێت. وەک ئەوەى لە ڕووسیا هەیە کە پێویستی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ئامێرى قورس نییە، بە شێوەیەکی زۆر ئاسان نەوتەکە بۆ بەندەرەکان دەگوازێتەوە و لێرەدا تا بڵێی لە ڕێگەیەکی کورتەوە دەیگەیەنێتە بازاڕە جیهانییەکان (International Energy Agency, 2012: 54-55). ئابووریى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر هەناردەى نەوت دامەزراوە. بۆ نموونە؛ لەگەڵ بەهارى عەرەبیدا نرخی نەوت دابەزی، ئەمەش کاریگەریى لەسەر بەرتەسکبوونەوەى ئابووریى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبوو. لەگەڵ کەمبوونەوەى مەترسییەکان لە ناوچەکەدا، ئەم فشارى بەرتەسکبوونەوەیە بەرەو کەمبوونەوە چوو.

 

٣. پەیوەندییەکانی وزەى تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق

لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە، کۆمەڵێک گۆڕاوى نوێ دەرکەوتن کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبوو. ئەم گۆڕاوانە لە هەردوو لایەکەوە پەیوەندییەکانی ڕابردووى گۆڕى و دەروازەیەکی نوێی کردەوە.  هۆکارى سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییانەش گۆڕانی ستاتۆى کوردەکان و پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی وزەیە، بەتایبەتی کاتێک بابەتی وزە وەک پێوەر و نیشانەیەکی نوێ هاتە نێوەندەکەوە و ئەمەش بووە ڕەگەزێکی گرنگی ئاڕاستەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق (Balcı, 2014: 7).

تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ڕووى ماددەی خاو، ئابوورى و سەربازییەوە؛ خاوەنی هێزى جیاواز لە یەکترن. بە ڕاى کەیهن و ناى، ئەو لایەنانەى لە نێوانیاندا پەیوەندیی هاووابەستەیی هەیە، مەرج نییە کە خاوەنی هەمان هێزى سەربازی و ئابووریی لێکچوو بن. کاتێک دوو لایەن لە ڕووى توانا و چۆنێتییەوە لە یەکەوە نزیک بن، ئەوا هاووابەستەیی هاوسەنگ لە پەیوەندییەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام کاتێک دوو لایەن لە ڕووى توانا و چۆنێتییەوە جیاواز بن، ئەوا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە پەیوەندییەکی هاووابەستەیی ئاڵۆز لە پەیوەندییەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە. ئەو کارەکتەرانەى لە ڕووى ئابوورى و سەربازییەوە زۆر بەهێزن، ڕێی تێدەچێت لە ڕووى سامان و سەرچاوەکانەوە وابەستەى کارەکتەرە لاوازەکان بن. گەر لەم ڕوانگەیەوە بیرى لێ بکرێتەوە، لە دونیادا دەوڵەتێک نییە “خۆى بۆ خۆى بەس بێت[4]“. ئەمەش جەوهەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە (Dalar, 2015: 48-66). بەم مانایە، ئەم پەیوەندییە لەلای لایەنێکەوە لەسەر هێزى دانوستان و لەلاى لایەنەکەى دیکەشەوە بە گوێرەى ئاستی هەستیارییەکەى شکڵ دەگرێت. لەبەر ئەوەى تواناى ئابووریى لایەنەکان جیاوازە، ئەوا ڕێی تێدەچێت کە هەستیارییان بەرامبەر گۆڕاوە دەرەکییەکان جیاوازیی هەبێت (Keohane ve Nye, 2001: 10-11). هەندێک جار بە هۆى پەیوەندیی هاووابەستەییەوە لایەنە لاوازەکە دەتوانێت ڕەفتارى سیاسەتی دەرەکیى لایەنە گەورەکە بگۆڕێت. بۆ ئەمەش دەکرێ نموونەى تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پیشان بدرێت، لەبەر ئەوەى تورکیا پێویستی بە نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە.

لە پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا لەگەڵ هەرێمی خۆبەڕێوەبەرى عێراقدا، هیوا و چاوەڕوانیی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە هاوتەریب لەگەڵ گەشەکردنی ئابوورییەکەیدا پێویستییەکانی بە نەوت زیاد دەبێت، بۆیە دەیەوێت بە نرخێکی گونجاو نەوتی دەست بکەوێت و فرەچەشنیی سەرچاوەکانی زیاد بکات، هەروەها لە ڕێگەى تێپەڕینی هێڵی بۆرییەوە بە خاکەکەیدا ببێتە ناوەندی گوێزەرەوەى نەوت. هیوا و چاوەڕوانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا ئەوەیە لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیی عێراقدا بەهێز بێت، دەیەوێت بونیادە ئابوورییەکەى لە کاتی قەیرانەکاندا کەمترین زیانی بەر بکەوێت و شکستە نەبێت، دووچارى کەمترین زیان ببێتەوە، بۆیە لەم ڕێگەیەوە هەوڵی زیادکردنی داهاتەکەى دەدات و دەیەوێت لە سایەى ئەمەوە دەستی لە هاوکێشە و ململانێ سیاسییەکاندا بەهێز بێت. خواستی زیادکردنی پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا شێوەى گرتووە (Balcı, 2014: 8). جگە لەوەش، گەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بتوانێت سەرچاوەکانی وزەى خۆی بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، داهاتێکی سەقامگیر و ڕێکوپێکی دەست دەکەوێت، دواتریش دەکرێت ببێتە کارەکتەرێک کە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش نەتوانرێت فەرامۆش بکرێت (Anaid, 2014: 49).

کۆمەڵێک ڕەگەزی زۆر هەن کاریگەرییان لەسەر دڵنیایی وزە هەیە. ئەم ڕەگەزانە لە چوارچێوەی دڵنیایی وزەدا، کاریگەریى لەسەر سیاسەتی دەرەکی دەبێت. لە پەیوەندیدا بەمەوە، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا فشاری لە وڵاتانی کڕیارى نەوتی ئێران کرد بۆ ئەوەى هاوردەی نەوتەکەى نەکەن، تورکیا بۆ ئەوەى لە دابینکردنی وزەدا فشارى لەسەر دروست نەبێت، هەوڵێکی چڕی دا و وزەیەکی زۆرى سەرف کرد بۆ ئەوەى پێداویستییەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دابین بکات. جگە لەوەش، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ خستنەخوارەوەى فڕۆکە ڕووسییەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا پچڕا، دەرکەوت لە حاڵەتی پچڕانی غازە سروشتییەکەى ڕووسیادا بەدیلێکی ئەوتۆى لەبەردەست نەبوو. ڕووسیا بە هۆى ئەوەى کە خاوەنی سامان و سەرچاوە سروشتییەکانە، کاتێک تووشی کێشە دەبێت وەک چەکێکی کاریگەر لە چەندین قەیراندا بەکارى دێنێت. هەر بەم هۆیەوە لە حاڵەتی پچڕان لە سەرچاوەکانی وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کاریگەرییەکى گەورە و چارەنووسسازی لەسەر تورکیا دەبێـت (Aydoğan, 2016: 38-41).

 

١,٣. کێشەى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا

خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە ڕێکەوتی ١ی حوزەیرانی (٢٠٠٩)ەوە بوو، کاتێک بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا ڕێک کەوتن بۆ ناردنەدەرەوەى نەوتەکەى لە ڕێگەى کۆمپانیا سۆمۆى دەوڵەتی عێراقەوە بە ڕێگەى بۆریى کەرکووک-جەیهان، لێرەوە ناردنی نەوتەکەیان بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەست پێ کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەتی هەوڵی هاندانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و تورکیای دا تاوەکوو گرێبەستی نەوتی لەگەڵدا بکەن. مەسعوود بارزانی لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ئیدارەى ئۆبامادا پێشنیارى دروستکردنی هەماهەنگییەکی تایبەتی کرد و لەم چوارچێوەیەدا داواى پارێزگاریکردنی ستاتۆی هەرێمی کوردستان و پاراستنی لەلایەن ئەمەریکاوە کرد، لە هەمان کاتدا پاڵپشتیی بۆ دروستکردنی هێڵی بۆرى لە تورکیا خواست. بەڵام ئیدارەى ئەمەریکی لەم بابەتەدا پێشنیارى کارکردنی لەگەڵ بەغدادا بۆ کردن و وەڵامێکی نەرێنیی دانەوە. سەرەڕاى ئەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەو دیدگایەى کە پێی وایە “کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکییەکان یەکسانە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا” کاری کرد، لەم ڕێگەیەوە بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە ئەمەریکییەکان هەوڵى بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای دا. بەم هۆیەوە بەئامانجی بەهێزبوون لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جێناکۆکەکان دەستی بە کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکاندا کرد و لەمەشدا لەپێشینەیى بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دا (International Crisis Group, 2012: 4).

دۆزینەوەى یەدەگە زەبەلاحەکانی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هاندەر و ئاڕاستەکەرى کۆمپانیا گەورەکان بوو بۆ ئەنجامدانی گرێبەست (Balcı, 2014: 11). یەکەمین گرێبەست لە ساڵی ٢٠١١دا کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبێلی ئەمەریکی ئەنجامی دا. لەدواى ئیکسۆن مۆبێلەوە، شیڤۆنی ئەمەریکی، تۆتاڵی فەڕەنسی و گازپڕۆمی ڕووسی گرێبەستیان ئەنجام دا. لەمڕۆدا چوار کۆمپانیاى گەورەى نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدان. هەروەها لە ئێستادا کۆمپانیاکانی وەک بریتیش پێترۆڵمی بەریتانی، لۆک ئۆیلی ڕووسی، کۆمپانیاکانی بوارى وزەى چینی لە چاوپێکەوتندان بە مەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست (Wildenburg, 2012: 51). هاتنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بوارى وزە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک خاڵی تێکەڵبوون و چوونەناوەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ نێو سیستمی ئابووریى نێودەوڵەتی لێک درایەوە. مەسعوود بارزانی بەهاى ئەنجامدانی ئەو گرێبەستەى لەگەڵ کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبێلدا ئەنجامی دابوو، چوواندوویەتی بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ دە بەتالیۆنی سەربازی ئەمەریکی، بۆیە ئەم گرێبەستانەى لە دەرەوەى ڕێککەوتننامە ئابوورییەکەى وەک کردەیەکی سیاسیی گرنگ هەڵسەنگاندووە (Danilovich ve Owtram, 2014: 123). هۆکارى سەرەکیی وەبەرهێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بوارى وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەوە بوو چالاکیی پشکنین و گەڕان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە هەرێمەکەدا ئەنجام درابوو، ئەمە لە کاتێکدا زۆربەى شوێنی یەدەگی نەوت و غازی سروشتیی عێراق دیاری کراوە. کۆمپانیاکان سەرەڕاى ناڕوونی و نادیارى لە یاساکاندا، وەکوو هێزە سیاسییەکان چارەسەرى ساتەوەختییان بەرهەم هێناوە. هەر چی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە، پێی وا بوو ئەو دەوڵەتانەى کە کۆمپانیاکانیان لەوێ کار دەکەن، لە پێناو قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبەرامبەرى حکومەتی ناوەندیی عێراقدا دەکەن (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 27).

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پشتبەستن بە یاساکانی خۆى لە بوارى نەوت و غازی سروشتیدا، کۆمپانیاى بەبازاڕکردنی نەوتی کوردستان (KOMO)ی دامەزراند، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا گرێبەستی ئەنجام دا (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 18). حکومەتی ناوەندی جەختی لەوە کردەوە ئەم یاسایانە تاک لایەنە دەرکراون و هیچ چاوپێکەوتن و ڕاوێژێک بە ناوەند نەکراوە. لە مادەى ١١٠ى دەستووردا هاتووە: “دەسەڵاتی فیدراڵی ئابوورى دەرەکی و سیاسەتی بازرگانی دیاری دەکات، سیاسەتی دارایی و سیستمی گومرگ دیارى دەکات، سیاسەتی بازرگانی لەسەر سنوورى هەرێمەکان ڕێک دەخات”، هەروەها لە بڕگەى دووەمی مادەى ١١٢دا هاتووە: “حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکەوە سیاسەتی وزە دیاری دەکەن”، ئەمەشیان وەک پێشێلی دەستوورى ناساندووە (Bell ve Saunders, 2006: 3). لەبەر ئەوەى ئەو گرێبەستانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پەسەند نەکراون، ئەوا لە ڕووى یاساییەوە بە قبووڵکراو هەژمار ناکرێن، لەم دۆخەدا ئەو کۆمپانیایانەى لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا کار دەکەن دووچارى سزایان دەکاتەوە، هەر بە هۆى ئەم ئامانجەوە بوو کە بە نووسراوى فەرمی کۆمپانیاکانیان ئاگادار کردەوە (Khalil, 2009: 7-8).

هەر چی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە، داکۆکیی لە یاساکانی نەوت و غازی سروشتیی خۆى کردەوە و پێیان وایە هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ئەم یاسایانەدا نییە. بەم شێوەیە ئەوەیان خستە ڕوو ئەگەر یاسایەکی پێچەوانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەربچێت، ئەوا لە ڕووى یاساییەوە کاریگەریى لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراق نابێت (Holland, 2012: 29). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەم لێکدانەوەى خۆى هەوڵی دا ئەو گرێبەستانەى تا ئەو ڕۆژە ئەنجامی دابوون؛ گەرەنتییان بکات و هەروەها ئەو فاکتەرانەى دەبنە جێگەى مەترسیی کار و چالاکیی کۆمپانیاکان لە ناوچەکەدا، لە ڕووى یاساییەوە نەیهێڵێت. پسپۆڕان پێیان وایە مادەى ١١٠ى دەستوور لە پەیوەندیدایە بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە. بۆ نموونەى بڕگەى یەکی مادەى ١١٠، بڕیار و حوکمەکانی تایبەتە بە لایەنی ئابوورى، سیاسەتی بازرگانی، سیاسەتی دەرەکی و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە پەیوەندیدا بە دەوڵەتانی دیکەوە، هەروەها ئەو حوکمانە لەخۆ دەگرێت کە پەیوەندییان بە ئەنجامدانی ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە. لەبەر ئەمە ئەو مادەیەى کە باس کرا، ناوەرۆکی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی دەوڵەتەکە لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەدا لەخۆ دەگرێت. لە ناوەرۆکی مادەکەدا کە بە دەسەڵاتی دەرەکی ئاماژەى بۆ کراوە، ئاڕاستەى دەسەڵاتی دەوڵەتان کراوە وەک لەوەى ئاڕاستەى کۆمپانیاکان کرابێت. بەم هۆیەوە داکۆکییان لەوە کردووە ئەم مادەیە لە ناوەرۆکەکەیدا ڕێگە بە ئەنجامدانی گرێبەستە تەکنیکییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا دەدات (Zedalis, 2009: 255). جگە لەوە، لە مادەکانی ١١٥ و ١٢١ی دەستووردا هاتووە کە ئیدارەى هەرێم دەسەڵاتی هەیە بۆ پیادەکردن و خستنەبوارى جێبەجێکردنی ئەو یاسا و بڕیارە کارگێڕییانەى کە ناچنە نێو سنوورى دەسەڵاتی کارگێڕیى ناوەندییەوە. ئەگەر بێتوو جیاوازیى لێکتێگەشتن لەم بابەتانەدا دروست ببێت، ئەوا لەپێشینەیی بەو ڕێکخستنانە دەدرێت کە ئیدارەى هەرێم دەریکردووە. بۆیە دەتوانین بڵێین بە گوێرەى ڕێکخستنە یاسایی و کارگێڕییەکانی پشتئەستوور بە دەستوورى فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دەستوورەوە دەسەڵاتی بۆ بەڕێوەبردن و کاروبارەکانی پەیوەست بە سەرچاوەکانی نەوت و غازی سروشتییەوە پێ دراوە. هەر بۆیە دەتوانرێت ئەو دەرئەنجامە بخرێتە ڕوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بوارى نەوت و غازی سروشتیدا خاوەنی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستوورییە (Zedalis, 2009: 53). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەوڵەتەکاندا گرێبەستی ئەنجام دا، ئەمەش لە پێناو بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەو دەوڵەتانە لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا، بۆ ئەوەى نەچێتە ژێر بارى قبووڵکردنی خواستەکانی ناوەندەوە. لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە دروستکردنی پەیوەندییەکى باش لەگەڵ تورکیادا، خواستی بەهێزکردنی خۆى هەبوو لەبەرامبەر دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراقدا (Dalar, 2015: 62). بڕیارى کۆمپانیا گەورە و ناسراوەکانی دونیا بۆ سەرمایەگوزارى و ئەنجامدانی گرێبەست و بەبازاڕکردنی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، فاکتەرێکی گرنگ و کاریگەر بوو لەسەر تورکیا بۆ گۆڕینی سیاسەتی وزەى وڵاتەکەى (Varol, 2013: 12). دواى ئەم بەرەوپێشچوونانە، کۆمپانیا تورکییە حوکمی و تایبەتییەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی نەوت گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دا. کۆمپانیایەکی وەک تپاو[5] کە لە ناوچەى بەسڕە کارى بەرهەمهێنانی دەکرد، کاتێک حکومەتەکەى مالیکی گرێبەستەکەى لەگەڵ هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گرێبەستی ئەنجام دا. کۆمپانیاى گەنەل ئینێرجی وەک یەکێک لە گرووپی کۆمپانیاکانی چوکرۆڤا هۆڵدین، لە شەش کێڵگە دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کرد. خاڵی وەرچەرخان لە پڕۆسەى دروستکردنی پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئیمزاکردنی یاداشتنامەى لێکگەیشتنی نێوان هەردوو لایەنەکە بوو. لە دەرئەنجامی ئەمەشدا، بازرگانە تورکەکان لەپێش هەمووانەوە بەتایبەت ئەوانەى بوارى وزە لە زۆر بواردا دەستیان بە سەرمایەگوزارى کرد (Çağaptay ve Evans, 2012: 3-8). مەسعوود بارزانی لە ساڵی ٢٠١١دا جەختی لەوە کردەوە گرێبەستەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گرێبەستێکی تەواوکاریى ئابوورییە. دواى ساڵی ٢٠١١، کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبەرامبەر پێکهاتەکانی دیکەى عێراقدا هەستی بە تەنهایی کرد، زیاتر لە تورکیا نزیک بوویەوە. لەدواى ئەمەوە، هەردوو لایەنەکە بەتایبەت لە ڕووی وزەوە دەستیان بە هەماهەنگی کرد. مشتومڕێکی گەرم لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هاتە ئاراوە کە ئاخۆ دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەستەکان لەلاى کێیە، هەروەها حاڵەتەکانی وەک نەدانی بڕی ١.٥ ملیار دۆلارى حەقی کارى کۆمپانیاکان دەرکەوت. لەسەر ئەمە، لە ٢ى نیسانی ٢٠١٢دا حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ناردنەدەرەوەى نەوتی ڕاگرت.

لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە، وزە کۆمەکی هەردوو لایەنەکەى کرد تاوەکوو هەماهەنگیی نێوانیان زیاد بکەن. دەستپێکردنى چاوپێکەوتنەکان لەم بوارانەدا، بووە هۆى ئەوەی کە لە بوارە جیاوازەکانی دیکەشدا هەماهەنگی و کارى پێکەوەیی ئەنجام بدرێت، ئەمەش کۆمەکی زیادبوونی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەردوو لایەنەکەى کرد. لە ٢٠ی مایسی ٢٠١٢، سەرەڕاى ڕازینەبوونی حکومەتی ناوەندی، گرێبەستێکی بەرفراوان لە بوارى وزە لەنێوان وەزیرى وزەى تورکیا و وەزیرى سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئیمزا کرا. بە هۆى ئەم ڕێککەوتنەوە، گەشتنە بڕیارى ناردنی نەوت و غازی سروشتیی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەى تورکیاوە (Çandar, 2012: 1). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە هۆى ئەو کێشانەى لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا دووچارى بوویەوە، ناردنی نەوتەکە بە هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهان لە ڕێگەى سۆمۆوە ڕاگرت. لە ٢٦ى تەممووزى ٢٠١٢، سەرەڕاى ناڕەزاییەکانی حکومەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستی بە گواستنەوەى نەوتەکەى لە ڕێگەى تەنکەرەوە کرد. بە گوێرەى بانگەشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەبووایە حکومەتی ناوەندی (١٧%)ى نەوتی پاڵفتەکراو بداتە هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەمانیش نەوتی خاویان بە تورکیا فرۆشت و لە بەرامبەردا نەوتی پاڵفتەکراویان وەردەگرتەوە (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 25). لە ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) بە هۆى دابەزینی نەوت بۆ ئاستێکی زۆر نزم و بەرزبوونەوەى تێچووى گواستنەوەى نەوتەکە، کاریگەریى نەرێنیی کردە سەر بەردەوامیی گواستنەوەى نەوتەکە لە ڕێگەى وشکانییەوە. جگە لەوەش، لە مانگی یەکی (٢٠١٤)ەوە لە ڕێگەى هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە فرۆشتنی نەوت دەستی پێ کرد، لە ساڵی ٢٠١٦دا گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەى تورکیاوە بەکۆتا هات (Zhdannikov, 2016: 2).

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوەى سامانە سروشتییەکانی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە نرخێکی باش بە وڵاتانی کڕیارى نەوتەکەى بفرۆشێت و لە هەمان کاتدا بتوانێت کاری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی لێ بکات و خۆی پڕۆسەى پاڵفتەکردنی ئەنجام بدات، پێویستی بە سەرمایەگوزارى لەو پێداویستییانەدا هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێت لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا بەرەو پێشەوە ببات کە هێڵى بۆریى نەوتەکەى پێدا تێپەڕ دەبێت، چونکە ئەمانە تۆڕێکی گرنگی لۆجستیی سەرچاوەکانی وزەن. بە دەربڕینێکی تر: کاتێک باسەکە دێتە سەر سامانی وزە، ئیتر پەیوەندیی هاووابەستەیی دێتە کایەوە (Hinnebusch, 2003: 35).

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پلانی هەبوو لە ڕێگەى بۆتاش (BOTAŞ)[6]ەوە ئەو هێڵە بۆرییەى کە لە کێڵگەکانی تاوکی و تەقتەقەوە دەست پێ دەکات، ببەستێتەوە بە هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە لە فیشخابوور، کە دەکەوێتە بەرامبەر ناوچەى سلۆپی لە تورکیا. ئەو هێڵی بۆرییە بەتەواوى لەو ناوچانەدایە کە لەژێر قەڵەمڕەوى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان. درێژیى هێڵى بۆرییەکە (٢٥٠کم)ە، ڕۆژانە لە توانایدا هەیە بڕى …,..٤ بەرمیل نەوت بگوازێتەوە. مەوداى دووریى نێوان فیشخابور و سلۆپی، تەنها ٣٠ کیلۆمەترە (İşeri, 2014: 10-13).

لەبەر ئەوەى هێڵی بۆریى نەوتی کەرکووک-جەیهان بەتەواوى لەژێر کۆنترۆڵی عەرەبەکاندایە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق چەندین ساڵ پڕۆژەگەلى نوێی خستە ئاراوە بۆ دامەزراندنی هێڵی بۆریى نەوتی نوێ. لە بابەتی بونیادنانی هێڵێکی بۆریى نوێ کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدانی گرژیى زیاتر لەنێوان حکومەتی مەرکەزیی عێراق و تورکیادا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەى ڕوونکردنەوەیەکەوە پەیامێکی ئاگادارکردنەوەى ئاڕاستەى تورکیا کرد، کە نابێت بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی ناوەندیی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕێک بکەون. کاتێک کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی بوارى نەوتیش گرێبەستەکانیان ئەنجام دا، دەرکەوت ئەو ئاگادارکردنەوەیە ئەنجامێکی جددیى نابێت.

زۆربەى تیۆریستەکان (بە ناى و کەیهن)یشەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هاووابەستەیی بەگشتی لەنێوان دەوڵەتەکاندایە، بەڵام پێیان وایە پڕۆسەى بەجیهانگیربوون ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەى کارەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش بێنە ناو سیستمە جیهانییەکەوە. بەم هۆیەوە، کارەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەک حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کە سەر بە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقە، کەوتە ناوانەوە. لەم چوارچێوەیەدا کاتێک لە پەرلەمانی تورکیا لە ڕێکەوتی ١٨ى شوباتی ٢٠١٣دا لەم بارەیەوە پرسیارێک ئاڕاستەى وەزیرى وزە کرا، بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: وەک ئەوەى پێشبینی کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەن یەدەگێکی زۆرى وزەیە، بۆ کارکردن لەم سەرچاوانەدا کارەکتەرە دیارەکانی بوارى وزە دەستیان بە جووڵە کردووە، لە ٢٠ وڵاتی جیاوازەوە چەندین کۆمپانیاى گەورە دەستیان بە کارکردن لەم ناوچەیە کردووە و چالاکیی خۆیان ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا کۆمپانیا گەورەکانی دونیا گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە دەدەن، چیتر پێویست ناکات تورکیا خۆى لەمە بەدوور بگرێت. بەم هۆیەوە بە گوێرەى یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی وزەش، هیچ بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا نییە. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنانەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دامەزراوە تایبەتی و گشتییەکان بە سروشتی خۆیان لە چوارچێوەى ڕێککەوتنی بازرگانیدان، ئەم ڕێککەوتننامانە شوێنکەوتەى حوکمەکانی یاسای تایبەتە و لە چوارچێوەى پەیمانبەستن و ڕێککەوتنی هەمیشەییدا پۆلێن ناکرێن. جگە لەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووى ئیدارییەوە سەر بە عێراقە و بە گوێرەى ئەو سنوور و هێڵانەى کە لە چوارچێوەى دەستووردا کێشراون، خاوەنی کیان و دەسەڵاتێکی فیدراڵییە. هەروەها ئاماژەى بەوە دا ئەم ڕێککەوتنەى وەزارەتەکەى ئەنجامی داوە، وەک تەواوى ئەو پەیوەندییانەیە کە دەوڵەتە باڵادەستەکانی دیکە لە چوارچێوەى یاسا و دەستوورى عێراقدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەنجامیان داوە (Yıldız, 2013: 1).

لە یاساى نێودەوڵەتیدا ڕێگە دراوە کە پەیماننامە لەنێوان دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بنەماى ئیرادەی خۆیان ئەنجام بدەن. ئەو گرێبەستانەى لەنێوان دامەزراوە تایبەتی و گشتییەکانی دەوڵەتێکدا ئەنجام دەدرێت، لە چوارچێوەى پەیماننامەدا پۆلێن ناکرێن. تەنانەت ئەگەر لەنێوان دوو دەوڵەتی خاوەن هەژموون و سەروەریدا ئەنجام بدرێن، دیسانەوە ئەم گرێبەستانە وەک پەیماننامە هەژمار ناکرێن (Dalar, 2015: 65-66).

ڕەوانەکردنی نەوتەکەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێگەى تەنکەرەوە؛ خاو و تێچوویەکی زۆرى هەبوو، لە بەرامبەریشدا پڕۆسەى بەرهەمهێنانی نەوتەکە خێرا بوو، ئەمەش لە ئەنجامدا بیرۆکەى هەڵکەندنی هێڵی بۆریى لەنێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەهێز کرد. لە ڕێکەوتی ٢٥ى ئادارى ٢٠١٣دا، ڕێککەوتنێکی دیکە لە پەیوەندیدا بە وزەوە لەنێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئیمزا کرا (Aydoğan, 2016: 38-41). سەرەڕاى دژایەتییەکانی ئەمەریکا و بەغدا، کەچی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق مکوڕ بوون لەسەر هەڵوێستەکەیان و لە ڕێکەوتی ١٥ى تشرینی دووەمی ٢٠١٣دا ئەو هێڵی بۆریی نەوتەى دروستیان کرد و بڕى تێچوونەکەى ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، تەواو کرا. لە پڕۆسەى دروستکردنەکەدا سەرەتا هێڵی بۆریى تەقتەق-خورمەڵە و دواتریش لە قۆناغی دووەمدا هێڵی بۆریى خورمەڵە-فیشخاپور تەواو کرا. لە یەکەم ڕۆژى ساڵی ٢٠١٤دا نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێگەى ئەم هێڵەوە ڕەوانەى تورکیا کرا (Genel Energy, 2016: 1). حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پێکەوە لەگەڵ تورکیادا یەکەمین هێڵی بۆریى نەوتی خۆی بونیاد نا، ئەمەش بۆ ئەوەى کۆتایی بە وابەستەبوونی بە حکومەتی ناوەندییەوە بهێنێت، چونکە پێشتر لە ڕێگەى هێڵی کەرکووک-جەیهانەوە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیدایە؛ نەوتەکەى ڕەوانە دەکرد. جگە لەوەش، لە کاتێکدا هەریەک لە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گەشتنە ئامانجەکەیان کە ناردنەدەرەوەى یەک میلیۆن بەرمیل نەوتە بەجیاجیا لە هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە، ئیتر پێویستیان بە هێڵی بۆریى نوێ بوو، چونکە تواناى لەخۆگرتن و گواستنەوەى نەوت لە ئێستادا لەم هێڵەوە ١.٦٥ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەیە کە ئەمەش بەس نییە.

بڕی نەوتە هاتووەکە گەیشتە ٢.٥ ملیۆن و لە گەنجینەکانی جەیهاندا هەڵگیران، چونکە چاوەڕوانی ئەنجامی یاداشت و دانوستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی ناوەندی دەکرا و لەم ماوەیەدا ناردنەدەرەوەی بۆ بازاڕە جیهانییەکان وەستێنرا. ئەنجامی دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبوو و لە مایسی ٢٠١٤دا گەنجینەکانی جەیهان پڕ بوون. بەڵام سەرەڕاى ئەوەى کە هێشتا مشتومڕەکان هەر بەردەوام بوون، دەست کرایەوە بە ناردنی نەوتەکە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. بەم شێوەیە بە هۆى ئەو کێشەیەى لە واقیعدا بوونی هەبوو، قەیرانەکە تا دەهات قووڵتر دەبوویەوە. نەوتەکە بۆ وڵاتەکانی دیکە نێردرا، بەڵام تورکیا ئەم نەوتەى نەکڕى بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر پڕۆسەى ئیمزاکردنی گرێبەستەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە زیان نەشکێتەوە. نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە کە گرێبەستێکی پەنجا ساڵەیان لەگەڵ تورکیادا ئەنجام داوە و دەکرێ ئەم ماوەیە درێژتریش بکرێتەوە، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجیان وەرگرتنی بەشەبودجەى خۆیانە بە ڕێژەى (١٧%) کە وەک مافی یاسایی خۆیان دەیبینن، لە هەمان کاتدا پێی وا بوو کە تەواوى پڕۆسەکە زۆر بە ڕوون و ئاشکرایی بەرەوپێشەوە دەچێت، ئەو کێشەیەى کە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا تووشی بوون بە هۆى نەبوونی کۆنترۆڵی بابەتەکەیە لە دەستی خودی بەغدادا. ئاماژەى بەوە دا لە چوارچێوەى دەستوورى عێراقدا لە حوزەیرانی ساڵی (٢٠١٤)ەوە بایی ٩ ملیار دۆلاریان نەوت فرۆشتووە (Dalar, 2015: 62).

دواى ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ تورکیا لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا بە مەبەستی بازرگانیی نێودەوڵەتیی نەوت لە ڕێگەى هێڵی بۆریى جەیهانەوە، دیسانەوە چاوپێکەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی ناوەندی دەستی پێ کردەوە. ساڵی ٢٠١٤ ساڵێکی گرنگ بوو کە تێیدا لایەنەکان هەنگاوێکی گرنگیان لە پێناو بەرژەوەندی و ئاشتیدا هاویشت. نزیکبوونەوەى نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی ناوەندی و سەرهەڵدانی ڕێکخراوى تیرۆرستیی داعش و گرتنی هەندێک لە ناوچەکانی ژێردەستیان و کردنەوەى بەرەى جەنگ بەرامبەر هەردوو لایەنەکە، کاریگەرییەکی زۆر گرنگی هەبوو. دواى ئەوەى لە ٦ى حوزەیرانی ٢٠١٤ ڕێکخراوى تیرۆرستیی داعش کە پێشتر چالاکییەکانی خۆى لە سووریا ئەنجام دەدا؛ پەلامارى عێراقی دا، موسڵ و بەشێکی دیار و بەرچاوى ناوچە جێناکۆکەکان کەوتنە ژێر دەستیەوە، دیسانەوە دۆخێکی نوێی خوڵقاند. بە هۆى پێشڕەوییەکانی داعشەوە، سوپاى عێراق لە زۆربەى شارەکان کشانەوە. کەرکووک لەلایەن سوپاى عێراقەوە چۆڵ کرا، لەبریى ئەمان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ١٢ی حوزەیراندا لە ڕێگەى پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانیانەوە کۆنترۆڵی کەرکووکیان گرتە دەست. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەکۆنتڕۆڵکردنی کەرکووک و بەشێکی زۆرى ناوچە جێناکۆکەکان، کێڵگە نەوتییەکانی ئەو ناوچانەشیان کەوتە ژێر دەست.

لە ڕوانگەى دەسەڵاتی هەرێمییەوە، لەبەر ئەوەى ئەو ناوچانە کەوتبوونە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئەوانەوە، دەبێت ئەوانیش سوود لە سەرچاوەکانی نەوت و غازی سروشتیی ناوچەکە لە ڕووى ئابوورییەوە وەربگرن، لە کاتێکدا دەسەڵاتی فیدراڵی دەیویست تەواوى سەرچاوەکانی وزە بەناوەندی بکات و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و وەک ئامرازێک بەکاری بهێنێت بۆ سەپاندنی تەواوى هێزى خۆى بەسەر تەواوى وڵاتەکەدا (Zedalis, 2009: 262). لەم ماوەیەدا حکومەتی ناوەندی بابەتی بودجەى هەرێمی وەک کارتێکی فشار بەکار دەهێنا، هەر چی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیشە بابەتی فرۆشتنى نەوتی بە شێوەى سەربەخۆ وەک کارتی فشار بەکار دەهێنا.

لەبەر ئەم هۆیە ململانێ لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا هەیە بۆ سەپاندنی هێز و هەژموونی خۆیان بەسەر سەرچاوە سروشتییەکاندا. لە کاتی دانوستان و چاوپێکەوتنەکانی هەردوو لایەنەکەدا، پتر لەوەى هەوڵی لێکنزیکبوونەوە و ڕێککەوتن بە مەبەستی چارەسەرکردن هەبێت، هەر لایەنێک هەوڵی سەپاندنی ئامانج و دیگاکانی خۆى بەسەر ئەوى دیکەدا داوە. بەم هۆیەوە ڕێگرى لەبەردەم بەیاساییبوونی ئەو بابەتانەدا هاتە ئاراوە و جیاوازییەکانیش قووڵتر بوونەوە. لە ماوەى ئەم قۆناغەدا هەندێ کاریگەریى دەرەکی لەسەر بابەتەکە دروست بوون کە فشارى لێکتێگەشتنیان دروست دەکرد، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنانەش کاتی بوو و بۆ ماوەیەکی زۆر بڕی نەدەکرد. تەنانەت لەو بابەتانەشدا کە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە بارەیەوە هەبوو، دیسانەوە لایەنەکان هەوڵی تۆمەتبارکردنی یەکتریان دەدا (Deek ve Burton, 2007: 55).

بە گوێرەى پڕۆتۆکۆلی ئەو یاداشتی لێکتێگەشتنەى لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەسەڵاتی ناوەندیدا لە بوارى وزەدا هاتە ئاراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ناوى دەسەڵاتی ناوەندییەوە ڕۆژانە بڕى ٢٥٠٠٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕێگەى هێڵى بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە دەنێرێتە دەرەوە، لە هەمان کاتدا لەسەر ئەوەش ڕێک کەوتن هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى تورکیاوە بڕى ٣٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوتی دیکە بنێرێتە دەرەوە. تورکیا، لەبریى دەستوەردان لە مشتومڕە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەسەڵاتی فیدراڵی ، چاوەڕێی ئەوە بوو کێشەکە لەنێوان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە. بڕیارى دادگاى باڵاى دەسەڵاتی ناوەندی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەم دەستی هەرێمی کوردستانی عێراقی لە هاوکێشەکەدا بەهێز کرد، هەم ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەى تورکیا بە ئاسوودەییەکی زیاترەوە بازرگانیی لەگەڵدا بکات (Dalar, 2015: 66). ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٤ى نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بابەتی ناردنەدەرەوەى نەوتدا، لە ڕەواندنەوەى کێشەکانی نێوانیاندا قۆناغێکی گرنگی بڕى. پێویستیی تورکیا بە نەوت و پێویستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە داهاتی نەوتەکە، چونکە سیستمە ئابوورییەکەى پشتی بە نەوت بەستووە، هۆکارى هاتنەئاراى هەماهەنگیی ئابووریى نێوانیان بوو. سەرەڕاى ئەمەش، بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لە دیدگایەکی ئەمنیی نەریتیدا دەبینرا، بۆیە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوانیان ڕووى لە دابەزین کرد (Dalar, 2016: 160).

٢,٣. گەیاندنی وزە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەبێ ئەوەى چاوەڕێی چارەسەرى ئەو ناکۆکییانەى کە لە سەرەوە باس کرا بکات، لە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ تورکیادا دەستیان بە ڕاکێشانی هێڵی بۆریى نەوت کرد، لە ساڵی ٢٠١٤ ناردنەدەرەوەى نەوت لەم هێڵەوە و لە ڕێگەى تورکیاوە دەستی پێ کرد. بەم شێوەیە دۆخەکە تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو. حکومەتی ناوەندیی عێراق بردنەدەرەوەى ئەم نەوتەى وەک کارێکی قاچاغچییانە لێک دەدایەوە (Zedalis, 2009: 300-303). حکومەتی ناوەندیی عێراق دەیویست ئەو نەوتەى کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دۆزراوەتەوە، تەنها لە ڕێگەى سۆمۆوە بفرۆشرێت. بەو هۆیەوە گرژى و لێکتێنەگەشتن لەنێوان لایەنەکاندا ڕووی دا. پێشتر مشتومڕێکی وەها لەئارادا بوو کە ئاخۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نەوت لە دەسەڵاتی کێدایە، بەڵام لە مایسی (٢٠١٤)ەوە مشتومڕێکی توندی دیکە هاتە ئاراوە کە ئاخۆ دەسەڵاتی ناردنەدەرەوەى نەوت لە توانای کێدایە، بەم شێوەیە گرفتەکە هەنگاوێک زیاتر ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینی. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دیوە یاساییەکانی ئەم بابەتەى لەگەڵ پسپۆڕى بوارى یاسای نێودەوڵەتی جەیمس ر. کرافۆرد پڕۆفیسۆر لە زانکۆى کامبریج کنە کرد و دیدگایەکی یاسایی سەربەخۆى بەدەست هێنا. بە تێڕوانینی کرافۆرد، ئەو گرێبەستانەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامی داوە؛ هەمووی یاساییە و لەگەڵ دەستووردا یەک دەگرێتەوە (Kurdistan Regional Government, 2014: 1-2).

حکومەتی ناوەند بە هۆى ئەو بەریەککەوتنانەى لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە بارەى دەسەڵاتەکانەوە بۆی دروست بووبوو، بە پاڵپشتیی مادەی ٩٣ى دەستوور بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە دادگاى باڵاى عێراق بە تۆمەتی پێشێلی یاسا سکاڵاى تۆمار کرد. دادگاى باڵا لە ٢٣ى حوزەیرانی ٢٠١٤، بە کۆى دەنگ بڕیارى ڕێگریکردن لە ناردنەدەرەوەى نەوت و سەپاندنی سزاى بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕەت کردەوە. دادگا ئاماژەى بەوە دا مادەى ١١٠ی دەستوورى عێراق کە سنوورى دەسەڵاتەکان دیاری دەکات و پشت بە یاساکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣ دەبەستێت، بەهەڵە لێکدانەوەى بۆ کراوە. لە پەیوەندیدا بە دەستوورەوە، دادگا بڕیاری دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەسەڵاتی ناردنەدەرەوەى نەوتی هەیە و ناردنەدەرەوەى نەوتەکەش پێشێلکاریى دەستوورى نییە. بۆیە ئەمە بڕیارى کۆتاییە و لە چوارچێوەى دەستووردایە و دەبێت پەیڕەویى لێ بکرێت. هەموو ئەو گرێکوێرانەى کە بە هۆى ناردنەدەرەوەى سەرچاوەکانی وزە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دروست بووبوو، کرانەوە. ئەگەرچی دادگاى باڵاى عێراق لە ڕووى یاسای ناوخۆییەوە بڕیارەکانی دا و تانەگرتنیشی ڕەت کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق شەرعیەتی بۆ خۆى بەدەست هێنا و مەترسیی سزادان لەسەرى هەڵگیرا، بەڵام هێشتا هەر مشتومڕە یاساییەکان کۆتاییان پێ نەهات. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق داواى پابەندبوونی لە حکومەتی ناوەندی عێراقی بەرامبەر ئەم بڕیارە کرد، داواى لێ کرد ئەو کۆمپانیانەى بە هۆى ئەنجامدانی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا خرابوونە لیستی ڕەشەوە؛ دەریهێنێت و لەو بڕیارە پەشیمان ببێتەوە (Kurdistan Regional Government, 2014: 7).

ئەم بڕیارە لە هەمان کاتدا لە ڕوانگەى تورکیاوە دەرئەنجامێکی زۆر گرنگی هەبوو، چونکە نەوتەکە لە ڕێگەى تورکیاوە دەگەیشتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. ئەم بڕیارە ڕەوایەتیی ڕێگەپێدانی لە خۆیدا هەڵگرتبوو، لە هەمان کاتدا ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەى لەنێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە بوارەکانی دیکەشدا ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت. وەزیرى ئابووریى عێراق ئەوەى ڕوون کردەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا سەبارەت بەو نەوتەى لە ناوچەکە دەردەهێنرێت، ڕێک کەوتوون تاوەکوو لە ڕێگەى هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهانەوە بنێردرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان (Dalar, 2015: 64).

نەوتە دۆزراوەکەى هەرێمی کوردستانی عێراق هەر لە سەرەتاى بەرهەمهێنانیەوە تاوەکوو پڕۆسەى ناردنەدەرەوەى، هۆکارى سەرهەڵدانی چەندین گرژى و ناکۆکی بوو لەنێوان دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمدا. بنەماى یاسایی ئەم ناکۆکییانە پاڵپشتە بە دەستوورى عێراقی کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا پەسەند کراوە. لەبەر ئەوەى دەستووری عێراق حوکمەکانی ڕوون نەکردووەتەوە، هەردوو لایەنەکە بە ئاڕاستەى بەرژەوەندییەکانی خۆیان لێکدانەوەیان بۆ مادە دەستوورییەکان دەکرد و دواتر هەر لەسەر ئەم لێکدانەوانەى خۆشیان پەیڕەویى ڕێوشوێنەکانیان دەکرد، بۆیە لێرەوە وزە و سیاسەت خاڵی دەستپێکی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە بوون (Moradi ve Saie, 2013: 593). لەم قۆناغەدا و لە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکاندا تێڕوانینێکی وەها بەربڵاو بوو کە لە ڕووى یاساییەوە هەق و مافی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە کە ئیدارەى سەرچاوەکانی وزەى بدات. هۆکارى سەرەکیی جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە، ڕێکنەخستنی دەسەڵاتەکانە بەوردی لە بابەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وزە لە دەستوورى حکومەتی فیدراڵیدا، لە لایەکی دیکەوە نەبوونی هەستی دڵنیایی و متمانەیە بە یەکتر بە هۆى ئەو ململانێیانەى لە پڕۆسە مێژووییەکەدا ڕووی داوە (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 19).

بابەتێکی دیکە کە هێندەى بەرهەمهێنانی سەرچاوەکانی وەک نەوت و غازى سروشتی گرنگە، کێشەى گواستنەوەی سەرچاوەکانە لە ئاسایش و دڵنیاییدا. هێڵەکانی بۆرى ڕۆڵێکی گرنگ لە گواستنەوەی نەوتی خاو و غازی سروشتیدا دەگێڕن. لەبەر ئەوەى هێڵەکانی بۆرى بە زیاتر لە وڵاتێکدا تێپەڕ دەبن، نرخی تێچووی دارایی و گواستنەوەى تێپەڕبوونەکە بەرزتر دەکەنەوە. لەبەر ئەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەندەرى ئاوى نییە، ئەمەش دەبێتە بابەتێکی گرنگ کە ئاخۆ لە کوێوە نەوتە بەرهەمهێنراوەکەیان بنێرنە سەر دەریا. گەر لە ڕووى جوگرافییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بابەتە بکرێت، ئەوا دەتوانرێت نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێگەى وڵاتانی عێراق، ئێران، سووریا، ئیسرایل و تورکیاوە بنێردرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

ئەگەر لە ڕوانگەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هەڵبژاردنانە بکەین: دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراق پێی وایە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا نییە و هەروەها لە سنوورى دەسەڵاتەکانیدا نییە نەوت بنێرێتە دەرەوە، لەبەر ئەوەى کە لە بنەڕەتدا ڕەزامەند نییە لەسەر پڕۆسەکە، کەواتە ڕێگە نادات لە ڕێگەى هێڵەکانی بۆریی خۆیەوە، ئێمە (حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق) نەوتەکە بنێرینە دەرەوە. بەم هۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەندەرى بەسڕە بۆ ناردنەدەرەوەى نەوتەکەى هەڵنابژێرێت. ناردنەدەرەوەى نەوتەکە لە ڕێگەى ئێرانەوە، بەتایبەت لە گەرووى هورمزەوە بەدیلێکی سەرنجڕاکێش نییە، چونکە ئێران بە هۆى کێشە ئەتۆمییەکەیەوە ساڵانێکی دوورودرێژە لەژێر گەمارۆى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدایە. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ ئەوەى دووچارى هەمان تەنهایی ئێران نەبێتەوە، کەواتە ئێران بۆ ناردنەدەرەوەى نەوتەکەى هەڵنابژێرێت.

هێڵی بۆریى نەوتی کەرکووک-بانیاس کە لە سووریاوە تاوەکوو دەریاى سپی درێژ دەبێتەوە، ڕۆژانە تواناى گواستنەوەی ٧٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوتی هەیە. بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بە هۆى پڕۆسەى ئازادیى عێراقەوە ئەم هێڵە نەوتییە زیانی بەر کەوت و دووچارى پەککەوتن بوویەوە. بە هۆى سەرهەڵدانی شەڕى ناوخۆى سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیە بە هۆى ناسەقامگیرییەوە بووە ئەگەرێکی دوور. بەڵام گەر بێتوو پەیەدە لە باکوورى سووریا یاخود لە خاکی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و سووریادا ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی دابمەزرێنێت، لە هەمان کاتدا گەر ئەمەریکاى پاڵپشتیکارى هێزەکانی سووریاى دیموکرات و پەیەدە فشار لە  حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بکات، لێرەدا هێڵێکی بۆریى نەوتی نوێ لێدەدرێت ئیتر لە ڕێگەى دەریاى سپی یاخود ئیسرائیلەوە بێت دەگەیەنرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پاڵپشتیی ئەمەریکاى لە بابەتی ناوچە جێناکۆکەکان و سەربەخۆیدا لێ بدیبایە، دەکرا ئەو داواکارییەى بەم ئاڕاستەدایە قبووڵ بکرێت.

ئیسرائیل لە ڕێگەى گەیاندنی سامانی وزەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بە تێپەڕین بەناو خاکەکەیدا و ناردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، ئامانجیەتی ببێتە ناوەندەوزە. بەم هۆیەوە ئیسرائیل پڕۆژەى چاککردنەوەى هێڵی پەککەوتووى بۆریى نەوتی کەرکووک-هەیفای پێشکەش کردووە، دەیەوێت لە ڕێگەى سووریا یاخود ئەردەنەوە نەوتی کەرکووک بگەیەنرێتە ئیسرائیل و لەوێشەوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوەى کاردانەوە و سەرنجی دونیاى عەرەبی بۆ خۆى ڕانەکێشێت، ئەم هێڵە بۆرییە نەوتییە هەڵنابژێرێت. درێژیى هێڵی ئەم ڕاڕەوە ١١٠٠کیلۆمەترە. ئەم ڕێڕەوە وەک ئەوەى تورکیا شاخاوى نییە، تەختە و بۆ هێڵی بۆرى زۆر گونجاوە. لەسەر ڕێڕەوەکە دوو پاڵاوگەى تێ دەکەوێت، یەکێکیان لە ئوردن و ئەو دیکەیان دەکەوێتە هەیفاوە. ئەم تایبەتمەندییانە ئەگەرى کارکردن لەسەر هێڵەکە زیاتر دەکات، بەم هۆیەوە هێڵی بۆریى نەوتی کەرکووک-هەیفا لە دۆخێکدا ئاسانتر بەدی دەهێنرێت. گەر ئەمە بهێنرێتە سەر ئەرزى واقع، ئەوا هێڵی بۆریى کەرکووک-جەیهان گرنگییەکەى وەک خۆى نامێنێتەوە. ئەگەر هێڵی کەرکووک-جەیهان لە کارکردنیدا بەردەوام بێت، ئەوا هێڵی کەرکووک-هەیفا وەک جێگرەوەیەک بۆ هەمیشە وەک ئەگەرێکی کراوە دەبینرێت.

هەرچی تورکیایە، لەبەر ئەوەى لە ڕووى جوگرافییەوە خاوەن ئەو تایبەتمەندییەیە کە بتوانێت نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق بگەیەنێتە سەر دەریاى سپی، لە هەمان کاتدا ئەوەش خاڵێکی ئەرێنیی مەزنە بۆ تورکیا کە بازاڕى وزەی دراوسێی ئەورووپایە. تورکیا دەتوانێت ئەو نەوتە بە تێچوویەکی کەم بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ماناى بەرزبوونەوەى ڕێژەى قازانجەکەیەتی. تواناى تەکنەلۆژیی تورکیا بەراورد بە وڵاتە دراوسێکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئاستێکی بەرزتردایە، ئەمەش وای کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ تورکیا بە گونجاوتر ببینێت (Ayhan, Barzani ve Demir, 2013: 17). لە ڕووى سیاسییشەوە تورکیا کاندیدە بۆ بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، ئەندامی ناتۆیە و لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەمەریکادا پەیوەندییەکانی لە ئاستێکی باشدان، هەموو ئەمانەش وای کردووە تورکیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرنجڕاکێش بێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ڕووى مێژوویی، ئایینی و کولتوورییەوە، تورکیا لە خۆی و خەڵکەکەیەوە بە نزیکتر دەبینێت. جگە لەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە زۆر ڕووەوە ئەو ئامانجەى هەیە کە زیاتر تێکەڵ بە تورکیا و دونیاى ڕۆژئاوا ببێت (Dalar, 2015: 62). لە ساڵی ٢٠١٢دا نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق تەواوکەرى باڵایی یەکترن و لە زۆر لایەنەوە پێویستیان بە پاڵپشتیی تورکیا هەیە، چونکە تورکیا نزیکترین شوێنە بۆ سەر دەریا، پەیوەندیی وزەیان لەگەڵ تورکیادا خۆى لە هەماهەنگییەکی بەرامبەریدا دەبینێتەوە (Çandar, 2012: 1). کەموکورتییەکانی تورکیا لە ڕووى وزەوە و سنوورداریى جوگرافیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم نزیکبوونەوەیەى بەرەو هەماهەنگیی بەرامبەرى وەرچەرخاند.

 

٣,٣. ئامانجی تورکیا بۆ بوون بە ناوەندی وزە

یەکێکی دیکە لەو بابەتە گرنگانەى کە هێزە هەرێمی و ناهەرێمییەکانیش هەوڵ دەدەن لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بهێنن، ئامانجی بوون بە ناوەندی وزەیە. ئەم ئامانجە یەکێکە لە گرنگترین ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی دیاریکردنی سیاسەتی وزە. بە هۆکارى دابەشبوونی سامانی وزە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ لە سەرانسەرى جیهاندا، هەندێک لە وڵاتان بە گوێرەى هەڵکەوتەى جوگرافیی ناوچەکەیان بوونەتە ڕێڕەوەى ڕاکێشانی هێڵی بۆریى نەوت، ئەم وڵاتانە خاڵی کلیلی و بەستەرەوەى نێوان وڵاتانی بەهەمهێنەر و بەکارهێنەرى تەوژمی سەرچاوەکانی وزەن، ئەمانە وەک پردی پەیوەندین و بە هۆى ئەم تایبەتمەندییەیانەوە وەک وڵاتی گوێزەرەوە (ترانزێت) ناو نراون و لە ڕووى گرنگییەوە لە پلەى یەکەمیدان. تورکیا وەک یەکێک لەم وڵاتانە، ئامانجیەتی وەک یاری دروستکەرێکی گرنگ لە ناوچەکەدا ڕۆڵی هەبێت (Kantörün, 2010: 88).

لە سایەى جێکەوتەى جیۆستراتیژى و هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، تورکیا وەک یەکێک لە کارەکتەرە گرنگەکانی ناوچەکە ڕۆڵ دەگێڕێت. لەمڕۆماندا لەو ڕێڕەوانەى کە بیرى لێ دەکرێتەوە وەک ڕێڕەوى نەوت بەکار بهێنرێت، ئەم لە سەنتەرەکەیدا شوێنپێی خۆى قایم کردووە. تورکیا پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی هەیە، چونکە لە لایەکەوە لە ڕووى جوگرافییەوە نزیکە لە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە سامانی وزە و لە لایەکی دیکەشەوە کەوتووەتە نێوان ئەم ناوچەیە و وڵاتانی بەکارهێنەرى پیشەسازیى خۆرئاوا، لە هەمان کاتدا لەچاو وڵاتەکانی دیکەى ناوچەکەدا لە ڕووى ئاسایش، سەقامگیرى و بەردەوامی لە گواستنەوەى سەرچاوەکانی وزە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان وەک ناوەندێکی گرنگی بازرگانی خۆى نمایش دەکات. لەمڕۆدا داتا و زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەلایەن دەوڵەتانەوە وەک سەرچاوەیەکی تۆکمەى خەمڵاندن و دووربینی پەسەند دەکرێت. بە گوێرەى ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، تورکیا بە هۆى هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە لە بابەتی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەدا خاوەن دەرفەتێکی گەورەیە. بۆیە پێویستە وڵاتەکە هەماهەنگی لەسەر ئاستی هەرێمی بەرەوپێش ببات. بەشداریى تورکیا لە ئاسایشی وزەی ئەورووپادا، بابەتێکی گرنگ و ژیانییە (International Energy Agency, 2016: 1-2).

یەکێتیی ئەورووپا لە دونیادا دووەم گەورەترین هاوردەکارى وزەیە. ڕێژەى وابەستەبوونی بە دەرەوە لە بوارى وزەدا لە (٥٠%)یە. وا پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٣٠دا بۆ ئاستی (٧٠%) بەرزتر ببێتەوە. لە ڕوانگەى یەکێتیی ئەورووپاوە، ئەو وڵاتانەى کە وزەیان پێدا تێپەڕ دەبێـت هێندەى وڵاتانی دابینکەرى وزە گرنگن. بە هۆى قەیرانەکانی (٢٠٠٦-٢٠٠٨)ى ئۆکرانیا، گرنگیی وڵاتانی گوێزەرەوەى وزە بەدەر کەوت. ناردنی وزە لە تورکیاوە، وابەستەیی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە ڕووسیاوە کەم دەکاتەوە و وەهاى لێ دەخوێنرێتەوە خاڵێکی یەکلاکەرەوەى گرنگ بێت لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا (Özpek, 2013: 358).

هەر ئەم گرنگییە بایەخی تورکیاى لە بوارى وزەدا زیاد کردووە و کۆمەکێکی ئەرێنییش بە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دەکات. ئەو بابەتانەى ئەرکە لەسەر تورکیا لە پڕۆسەى ئەندامێتیی یەکێتیی ئەورووپادا ئەنجامیان بدات، لەژێر ٣٣ ناونیشاندا کۆ کراونەتەوە (Pamir, 2005: 74-81). لەم ٣٣ ناونیشانەدا یەکێکیان “سەردێڕى وزە”ەیە. لە حاڵەتێکدا گەر تورکیا بتوانێت ببێت بە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، دەبێت پەیڕەوى لە سیاسەتی وزەى یەکێتیی ئەورووپا و هەموو ئەو یاساوڕێسایانەى دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە بکات (Ergün, 2007: 1-5). بەم هۆیەوە دەکرێ لە داهاتوودا وزە ببێتە دیاریکەرى بنەما سەرەکییەکانی پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا.

تورکیا دەیەوێت بڕى وزەى هێنراو بۆ بەندەرى جیهان دوو هێندە بەرز بکاتەوە و لێرەدا دامەزراوەیەکی گەورەى وزە و پاڵاوگە لەگەڵ تێرمیناڵێکی گەورەى ناردنەدەرەوەى وزە دروست بکات و بۆرسەى وزەش بکاتەوە (Yıldız, 2013: 65). ئەو سەرچاوە و سامانە سروشتییەى لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە و لە ڕێگەى تورکیاوە دەنێردرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی دونیا، تورکیا لە ئامانجەکەى بۆ بوونە ناوەندێکی وزە نزیک دەکاتەوە. بە ئاڕاستەى بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەدا، هێڵێکی بۆرى کە نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەرەو تورکیا دەگوازێتەوە؛ ڕاکێشرا، ئەو نەوتەش کە لەم هێڵی بۆرییەوە دێت، دەگەیەنرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی دونیا. هەرێمی خۆبەڕێوەبەریى کوردی عێراق لە پلانیدایە لە داهاتوودا ڕێژەى هەناردەى نەوتی خاو بۆ ٢ ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە. گەیاندنی ئەم نەوتەش لە ڕێگەى تورکیاوە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەکبەخش و هاوکار دەبێت لە هێشتنەوەى هەژموون و باڵایی جیۆستراتیژیى تورکیا لە بوارى وزەدا. تێکڕا نرخی گواستنەوە و ترانزێتی یەک بەرمیل نەوت بە دۆلارێک دیاری دەکرێت، ئەمەش ماناى وایە تورکیا تەنها بە هۆى ئەم گواستنەوەیەوە ڕۆژانە بڕى یەک ملیۆن دۆلارى دەست دەکەوێت، ئەمە لە حاڵەتێکدا گەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک ئەو ئامانجەى کە دیاریی کردووە ساڵانە بڕى یەک میلۆن بەرمیل نەوتی خاو بنێرێتە دەرەوە (Yıldız, 2013: 65).

سیاسەتی تورکیا بۆ بوونە ناوەندێکی وزە لە ناوچەکەدا، تورکیا ئاڕاستە دەکات تاوەکوو هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بکات. بازرگانیی نەوت تەنها بریتی نییە لە فرۆشتنی نەوتی خاو، بەشێکی گەورەى بازرگانییەکە لەسەر گواستنەوە، پاڵاوتن و گەیاندنی بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان وەستاوە. داهاتی گەورەتر لە پڕۆسەى بەرهەمهێنانەکە لەم قۆناغانەدا بەدەست دەهێنرێت. هەر بەم هۆیەوەیە بەشێکی زۆرى پارەى نەوت کە لە بازاڕدایە، بە هۆى خزمەتگوزارییەکانەوە زیاتر کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیاکانەوە (Ayhan, 2009: 2). ماوەى نێوان ئەو کێڵگەیەى کە نەوتەکەى لێ بەرهەم دەهێنرێت و ئەو بەندەرانەى کە بە کەشتی نەوتەکەى لێ بار دەکرێت، تێچوونەکە بە هەمان ڕێژە زیاتر دەکات. گەر تورکیا بتوانێت هەڵسەنگاندێکی تەندروست بۆ لایەنە ئەرێنییەکانی جێکەوتە جوگرافییەکەی و پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بکات و برەویان پێ بدات، ئەوا دەبێتە وڵاتێکی خاوەن ئاڕاستەکەرى گەمە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا.

ئەنجام و هەڵسەنگاندن

ئەو وڵاتانەى دەتوانن سەرچاوەکانی وزە بە تێچوویەکی کەمتر و فرەچەشنی لە دابینکردنی سەرچاوەکاندا بەدی بهێنن، لەچاو وڵاتانی دیکەدا لە حاڵەتی قازانجدان. ئەو وڵاتانەى لە ڕووى وزەوە وابەستەى دەرەوەن، وەک چۆن لە بوارى سیاسەتی دەرەوەدا چالاک نین، بە هەمان شێوە لە کاتی قەیرانە ناوخۆیی و جیهانییەکانی وزەدا زۆر بەخراپی کاریگەریی قەیرانەکە لەسەریان دەردەکەوێت. بۆیە وزە وەک چۆن لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، بە هەمان شێوە یەکێکە لە دیاردە کاریگەرەکان کە ئاڕاستەى پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە، هەندێ گۆڕاوى نوێ دەرکەوتن کاریگەرییان لەسەر چۆنێتیی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبوو. ئەم گۆڕاوانە لە هەردوو لاوە  گۆڕانکاریى بەسەر پەیوەندییەکاندا هێنا و ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەمیاندا واڵا کرد. هۆکارى سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییەش، گۆڕانی ستاتۆى کوردان و برەوسەندنی پەیوەندییەکانی وزە بوو، بەتایبەتی کاتێک بابەتی وزە وەک پێوەر و نیشانەیەکی نوێ هاتە ناوەندەکەوە و ئەمەش بووە بزوێنەرى پەیوەندیی وزە لەنێوان تورکیاى هاوردەکارى وزە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق. لەبەر ئەوەى وزە پۆتانشیەڵی زیادکردنی هەماهەنگیی هەیە، هەڵگرى کۆمەڵێک فاکتەرە کە لە توانایدایە لایەنەکان ڕازى بە هەماهەنگیی یەکتر بکات. بە هۆى ئەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەنی نەوت و غازی سروشتییە، تورکیاش خاوەنی توانایەکی تەکنەلۆژییە، بۆیە پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەماى هەماهەنگی، هاووابەستەیی و “براوە و براوە” بەڕێ دەکرێت.

لە پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا، هیوا و چاوەڕوانیی سەرەکیی تورکیا ئەوەیە هاوتەریب لەگەڵ گەشەکردنی ئابوورییەکەیدا؛ پێویستییەکانی بە نەوت زیاد دەبێت، بۆیە دەیەوێت بە نرخێکی گونجاو نەوتی دەست بکەوێت و فرەچەشنی لە سەرچاوەکانی زیاد بکات، هەروەها لە ڕێگەى تێپەڕینی هێڵی بۆرییەوە بە خاکەکەیدا ببێتە ناوەندی گوێزەرەوەى نەوت. هیوا و چاوەڕوانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا ئەوەیە لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندی عێراقدا بەهێز ببێت، دەیەوێت بونیادە ئابوورییەکەى لە کاتی قەیرانەکاندا کەمترین زیانی بەر بکەوێت و شکستە نەبێت و دووچارى کەمترین زیان ببێتەوە، بۆیە لەم ڕێگەیەوە هەوڵی زیادکردنی داهاتەکەى دەدات و دەیەوێت لە سایەى ئەمەوە دەستی لە هاوکێشە و ململانێ سیاسییەکاندا بەهێز بێت. خواستی زیادکردنی پەیوەندییەکانی وزەى نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا شێوەى گرتووە (Balcı, 2014: 8). جگە لەوەش، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بتوانێت سەرچاوەکانی وزەى خۆی بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان؛ داهاتێکی سەقامگیر و ڕێکوپێکی دەست دەکەوێت، دواتریش دەکرێت ببێتە کارەکتەرێک کە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش نەتوانرێت فەرامۆش بکرێت (Anaid, 2014: 49).

چالاکیی ھێڵی بۆریى نەوت لە گواستنەوەى وزەدا بۆ بازاڕە جیهانییەکان، لێهاتوویی و کارامەیی لۆجستی، نزیک لە بازاڕ و گواستنەوە لە چوارچێوەى تایبەتمەندییەکانی بازاڕدا، سەقامگیرى و ئاسایشی ناردنەدەرەوەى نەوت؛ لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندییانە بوون کە هانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقی دا بەراورد بە وڵاتانی دیکەى دراوسێ ڕوو لە تورکیا بکات. لە ڕووى سیاسییشەوە تورکیا کاندیدە بۆ بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، ئەندامی ناتۆیە و لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەمەریکادا پەیوەندییەکانی لە ئاستێکی باشدان، هەموو ئەمانەش وای کردووە تورکیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرنجڕاکێش بێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووى مێژوویی، ئایینی و کولتوورییەوە؛ تورکیا لە خۆی و خەڵکەکەیەوە بە نزیکتر دەبینێت، جگە لەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە زۆر ڕووەوە ئەو ئامانجەى هەیە زیاتر تێکەڵ بە تورکیا و دونیاى ڕۆژئاوا ببێت.

تورکیا، لەبریى دەستوەردان لە مشتومڕە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و دەسەڵاتی فیدراڵی، چاوەڕێی ئەوە بوو کێشەکە لەنێوان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە. بڕیارى دادگاى باڵاى دەسەڵاتی ناوەندی لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەم دەستی هەرێمی کوردستانی عێراقی لە هاوکێشەکەدا بەهێز کرد، هەمیش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەى تورکیا بە ئاسوودەیەکی زیاترەوە بازرگانیی لەگەڵدا بکات. جگە لەوەش گەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بتوانێت سەرچاوەکانی وزەى خۆی بگەیەنێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، داهاتێکی سەقامگیر و ڕێکوپێکی دەست دەکەوێت، دواتریش دەکرێت ببێتە کارەکتەرێک کە لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش نەتوانرێت فەرامۆش بکرێت. وزەى هێڵەکانی بۆریى نەوت دیاردەى هەماهەنگی و هاووابەستەیی لەنێوان لایەنەکاندا هێنایە کایەوە.

هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە گۆڕانی بەسەردا هات، پەیوەندییەکان لەسەر بنەماى ئەمنی وازی لێ هێنرا و چوونە قۆناغێکەوە ئیتر بایەخ بە پێشخستنی هەماهەنگی دەدرا. هەماهەنگیی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بوارى وزەدا، کۆمەکی زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەنەکەى کرد. کۆبوونەوەى تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم چوارچێوەیەدا جۆرێک لە پەیوەندیی لەنێوان خۆیاندا برەو پێ دا کە هەردوو لایەنەکە تێیدا براوە بن. وەها دەردەکەوت لایەنەکان لە بابەتی پارڤەکردنی مەترسییەکاندا مکوڕ بن، ئەمەش لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەى لە بەردەمیاندا بوو، چونکە سەرەڕاى فشارەکان؛ لەم پەیوەندییە پەشیمان نەبوونەوە و بەرەوپێشتریشیان برد. سەردانکردنی یەکترى هەردوو لا لەسەر ئاستی باڵا زیاتریش بەهێزى دەکات.

بەشێکی گەورەى داهاتی بازرگانیی نەوت لە ڕێگەى گواستنەوەى نەوتە خاوەکە، پاڵاوتنی و ناردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بەدەست دەهێنرێت. بەشێکی زۆرى ئەم داهاتە بە هۆى پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوانەوە. تورکیا هەماهەنگییەکی فرەلایەن لەگەڵ کارەکتەرەکاندا دەکات، بۆیە وزە وەک ئامرازێکی ململانێ بەکار ناهێنێت، بەڵکوو وەکوو ئامرازێک بۆ ئاشتی و نموونەیەکی ئایدیاڵیی داهاتوویەکی خۆشگوزەران بۆ مرۆڤی ناوچەکە بەکاری دەهێنێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەیەوێت لە داهاتوودا لەبەرامبەر ئەو ڕێژە لە سامانی وزە کە دەینێرێتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان؛ داهاتێکی جێگیر و ڕێکوپێکی دەست بکەوێت، ئەمەش وای لێ دەکات بە هۆى پەیوەندییەکانی وزەوە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک کارەکتەرێکی ئاماژەبۆکراو هەژمار بکرێت. هێڵەکانی وزەى تێپەڕیو بە تورکیادا دەبێـت وەک ئامرازێک بۆ ئاشتی و سەقامگیرى ببینرێت. تا چەندە هێڵەکانی بۆرى بە تورکیادا تێپەڕ ببن، ئەوەندەش پردى بەهێزى ئاشتی بونیاد دەنرێت.

سەرچاوەکان

  1. Anaid, A. (2014). Turkish Economic Expansion and its Regional Implications. The Review Kurdistan Region of Iraq Kurdistan, 1(5), 41-53.
  2. Arı, T. (2013). Uluslararası İlişkiler Teorileri Çatışma, Hegemonya, İş Birliği. İstanbul: MKM Yayıncılık.
  3. Aydoğan, B. (2016). Türkiye-IKBY İlişkilerinde Yeni Dönem mi? Ortadoğu Analiz, 8(72), 38-41.
  4. Ayhan, V. (2009). Ortadoğu ve Petrol: İmparatorluk Yolu. Bursa: Dora Yayıncılık.
  5. Ayhan, V., Barzani, A. ve Demir, H. (2013). Enerji Siyaseti, Türkiye Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi, Boru Hatları, Petrol Satışı ve Bağdat’ın Pozisyonu. IMPR, Kasım 2013, 1-31.
  6. Balcı, A. (2014). Enerji’sine Kavuşan Komşuluk Türkiye-Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri. SETA Analiz, 97(1), 7-26.
  7. Bell, J. C. & Saunders, C. (2006, July 7). Iraq Oil Policy-Constitutional Issues Regarding Federal Government and Regional Authority. http://www.iraqoilforum.com/inc/uploads/2011/11/Joseph-Bell-Oil-Policy-Issues-Constitution.pdf (Erişim Tarihi: 15.06.2020).
  8. Chazan, G. (2012, December 10). An Ocean of Reserves Waiting to be Tapped. Financial Times. https://www.ft.com/content/d93421e8-3ef7-11e2-9214-00144feabdc0 (Erişim Tarihi: 22.08.2020).
  9. Çağaptay, S. & Evans, T. (2012, January 24). Turkey’s Changing Relations with Iraq: Kurdistan Up, Baghdad Down, https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/turkeys-changing-relations-iraq-kurdistan-baghdad-down (Erişim Tarihi: 18.06.2020).
  10. Çandar, C. (2012, 26 Mayıs). İşin İçine Kürdistan Petrolü Girerse. Hürriyet. https://www.hurriyet.com.tr/isin-icine-kurdistan-petrolu-girerse-20630287 (Erişim Tarihi: 17.04.2020).
  11. Dalar, M. (2015). Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri: Karşılıklı Bağımlılık Teorisi Bağlamında Petrol İlişkisine Dayalı Bir Analiz. Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, 34(1), 47-70.
  12. Dalar, M. (2016). Tarihsel, Siyasal ve Hukuksal Perspektifiyle Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi. Bursa: Aktüel Yayınları.
  13. Danilovich, A. & Owtram, F. (2014). The Federalization of Natural Resources. In A. Danilovich (Ed.), Iraqi Federalism and the Kurds (pp. 113-141). New York, ABD: Ashgate Publishing Ltd.
  14. Deek, A. & Burton, M. D. (2007). Iraq’s Constitution: A Drafting History. Cornell International Law Journal, 40(1), 2-84.
  15. Dış İşleri Bakanlığı (2018, 10 Aralık). Petrol Fiyatlarının Ekonomilere Etkisi. http://www.mfa.gov.tr/petrol-fiyatlarinin-ekonomilere-etkisi.tr.mfa (Erişim Tarihi: 13.08.2020).
  16. Enerji Bakanlığı (2018). Türkiye’de Doğalgaz Depoları. https://www.enerji.gov.tr/tr-TR/Sayfalar/Dogal-Gaz (Erişim Tarihi: 19.04.2020).
  17. Ergün, Ç. E. (2007). Avrupa Birliği Enerji Hukuku. Ankara: Çakmak Yayınevi.
  18. Genel Energy (2016, September 20). Kri Oil Production. Retrieved from: http://www.genelenergy.com/operations/kri-oil-production (Erişim Tarihi: 25.08.2020).
  19. Haas, Ernst B. (1964). Beyond The Nation-state: Functionalism And International Organization. 1st edition. California: Stanford Universitiy Press.
  20. Hinnebusch, R. A. (2003). The International Politics of The Middle East. New York, ABD: Manchester University Press.
  21. International Crisis Group (2012, April 19). Iraq and the Kurds: The High-Stakes Hydrocarbons Gambit, Crisis Group, Middle East Report No120. https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/gulf-and-arabian-peninsula/iraq/iraq-and-kurds-high-stakes-hydrocarbons-gambit (Erişim Tarihi: 23.06.2020).
  22. International Energy Agency (2016, September 30). Energy Policies of IEA Countries: Turkey 2016 Review. https://www.iea.org/reports/turkey-2012 (Erişim Tarihi: 22.07.2020).
  23. International Energy Agency (2012, October 20). Iraq Energy Outlook, Paris. https://www.iea.org/reports/iraq-energy-outlook-2012 (Erişim Tarihi: 18.07.2020).
  24. İşeri, E. (2014). Barış Boru Hattı Vizyonu. Ortadoğu Analiz Dergisi, 6(61), 10-13.
  25. İzzeti, İ. (2006). Soğuk Savaş Döneminde Irak, (Çev. H. Uygur). İstanbul: Küre Yayınları.
  26. Kantörün, U. (2010). Bölgesel Enerji Politikaları ve Türkiye. Bilge Strateji, 2(3), 87-114.
  27. Keohane, R. O. & Nye, J. S. (2001). Power and Interdependence. New York, ABD: Addison Wesley Longman.
  28. Keohane, Robert O. (2002). Power and Governance in A Partially Globalized World. New York: Routledge.
  29. Khalil, L. (2009, June 20). Stability in Iraqi Kurdistan: Reality or Mirage? https://www.brookings.edu/inc/uploads/2016/06/06_kurdistan_khalil.pdf (Erişim Tarihi: 25.01.2021).
  30. KRG Ministry of Natural Resources (2021, January 27). Vision, Erbil. http://mnr.krg.org/index.php/en/gas/vision-gas (Erişim Tarihi: 28.01.2021).
  31. Kurdistan Regional Government (2014, June 20). KRG statement on oil exports. http://mnr.krg.org/index.php/en/index.%20Php/en/pressreleases/379-krg-statement-on-oil-exports (Erişim Tarihi: 14.09.2020).
  32. Moradi, J. & Saie, A. A. (2013). Energy Strategy of A Study of Obstacles on the Way of Federalism in Iraq. Journal of American Science, 8(9), 589-597.
  33. Özpek, B. B. (2013). Securing Energy or Energising Security: The Impact of Russia’s Energy Policy on Turkey’s Accession to the European Union. Journal of International Relations and Development, 16(1), 358-379.
  34. Pamir, N. (2005). Avrupa Birliği’nin Enerji Sorunsalı ve Türkiye. Stratejik Analiz, 5(11), 74-81.
  35. Pazarcı, H. (2007). Uluslararası Hukuk. Ankara: Turhan Kitabevi.
  36. Ticaret Bakanlığı (2021). Irak Ülke Profili. https://ticaret.gov.tr/data/5efddfdd13b876a83c6f2fba/Irak%20%C3%9Clke%20Profili.pdf (Erişim Tarihi: 18.01.2021).
  37. Türkiye Petrolleri Anonim Ortaklığı (2019, 15 Kasım). 2019 Yılı Ham Petrol ve Doğal Gaz Sektör Raporu. http://www.tpao.gov.tr/file/2005/2019-tpao-sektor-raporu-3185ed3b4af5442c.pdf (Erişim Tarihi: 23.08.2020).
  38. Varol, T. S. (2013). Ankara’nın Kuzey Irak Politikasında Genel Enerji ve Siyah Kalem. Yüzyıl Dergisi, 55(1), 5-13.
  39. Wildenburg, W. (2012). Breaking From Baghdad: Kurdish Autonomy vs. Maliki’s Manipulation. World Affairs, 175(4), 47-53.
  40. Yıldız, T. (2013). Enerji ve Tabii Kaynaklar Bakanlığı TBMM Genel Kurul Konuşması. Ankara: TBMM Yayınları.
  41. Zedalis, R. J. (2009). The Legal Dimensions of Oil and Gas in Iraq. Cambridge, UK: Cambridge University Press.
  42. Zhdannikov, D. (2016, November 18). Exclusive: Glencore seeks $550 million to raise stakes in Kurdish oil Game. https://www.reuters.com/article/us-glencore-oil-kurdistan-exclusiveidUSKBN13D1O7 (Erişim Tarihi: 21.09.2020).

[1]  توێژەر لە تەواوى نووسینەکەیدا وەک لە پەراوێزى دووەمدا ڕوونی کردووەتەوە، بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستەواژەى هەرێمی خۆبەڕێوەبەریى کوردیی عێراقی بەکار هێناوە، لە هەمان کاتدا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، هەرێمی کوردیی عێراقی بەکار بردووە. لەبەر ئەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق لە یاسای نێودەوڵەتی و لە دەستوورى عێراقدا وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناوى هاتووە، لەم وەرگێڕانەدا ئەوەى دووەمیان هەڵبژێردراوە. (وەرگێڕ)

[2]  لەژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی، کێشەى ناسنامە لەلایەن دەسەڵاتی عێراقی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٣٠ى حوزەیرانی ٢٠٠٣دا، عێراقی وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرى ناساند. لە ڕێکەوتی ١٥ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٠٥دا، لە مادەى (١١٧)ەمیندا هەرێمەکە وەک “هەرێمی کوردستان” ناسێنرا. لە وێبسایتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەى تورکیادا (http://www.mfa.gov.tr/sayin-bakanimizin-erbil-i-ziyareti-10-06-2019.en.mfa)   ناوى هەرێمەکە بە “هەرێمی کوردیی عێراق”  (IKB)   و ئیدارەکەشی بە هەرێمی بەڕێوەبەریى کوردیی عێراق (IKBY)   هێنراوە، لەم توێژینەوەیەدا ناوهێنانەکەى وەزارەتی دەرەوەى تورکیا بۆ ناوچەکە هەڵبژێردراوە.

[3] Organization for Economic Co-operation and Development (ڕێکخراوى هاریکارى بۆ ئابورى و گەشەپێدان)

[4]  واتە لە دونیادا وڵاتێک نییە لە ڕووى دابینکردنی تەواوى سەرچاوە سروشتی و تەکنەلۆژییەکانەوە بەتەنها پشت بە خۆى ببەستێت، بۆیە پێویستی بە دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا.

[5]  (TPAO, Türkiye Petrolleri Anonim Ortaklığı)  کۆمپانیاى هاوبەشی نەوتی تورکی

[6] (Boru Hatları ile Petrol Taşıma Anonim Şirketi)، کۆمپانیاى گواستنەوەى نەوت و هێڵی بۆرى

ژمارە دوانزه‌ی (١٢)ی ئازاری ٢٠٢٢ی گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend