• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 31, 2022

ھێزی جیۆئیکۆنۆمی، ڕێگای ئاوریشمی نوێ: وەبەرھێنان لە پشتێنە و ڕێگا و سووڕانەوە لە هاوكێشەی ھێزە جیھانییەکان

نووسین: د. ئارەش ڕەئیسی نەژاد – بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی تاران

سەرچاوە: وەرزنامەی سیاسەتی دەرەكی، ساڵی 35، ژمارەی 1، بەهاری 1400

وەرگێڕان: موجاهید وەهاب

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

پوختە

گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، ئەو ڕێگایەی بە “پشتێنەیەک، ڕێگایەک” و “نوێگەریی پشتێنە و ڕێگا” ناو دەبرێت، بە ڕواڵەت بەشێکی فراوان لە پڕۆژەکانی وزە و گواستنەوە و پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێگاکانی ترانزێت، بۆرییەکانی نەوت و غاز، بەندەرەکان، فڕۆکەخانەکان، ڕێگای شەشمەندەفەر بە سەرمایەی چینی بە بەھای یەک ترلیۆن دۆلار لەخۆ دەگرێت. ھەر چەند گرنگیی ئەم گەورەپڕۆژەیە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت، بەڵام جگە لە چەند توێژینەوەیەکی کەم بە زمانی فارسی (یان ھیچ توێژینەوەیەک بە زمانی کوردی) لە بارەی چۆنیەتی، فراوانی و وەبەرھێنان بە درێژایی پشتێنە و ڕێگا نابینرێت. بۆیە ئەم توێژینەوەیە لەسەر شێوەکانی وەبەرھێنان لەم گەورەپڕۆژەیە دەوەستێت. “وەبەرھێنان بە درێژایی پشتێنە و ڕێگا، چۆن و بە چ شێوازێک دەبێتە ھۆی زیادبوونی ھێزی جیۆئیکۆنۆمیی چین؟” ئەمە پرسیاری بنەڕەتیی توێژینەوەی بەردەستە کە خوێندنەوەیەکی لێکۆڵینەوەیی لە میکانیزمی وەبەرھێنان لە گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ و سەپاندنی ھێزی جیۆئیکۆنۆمیی ئەم وڵاتە ڕوون دەکاتەوە. لەگەڵ ھەبوونی کێبەرکێی جیۆپۆلەتیکیی چین لەگەڵ ئەمەریکا، ئەم نووسینە چاوپۆشیی لە ئەم فاکتەرە کردووە و لە بەرانبەردا بە ھێنانی وردەکارییەکانی ئەم وەبەرھێنانە؛ لایەنەکانی جیۆئیکۆنۆمیی ئەم گەورەپڕۆژەیە باس دەکات. ھەروەھا کێشە ناوخۆییەکانی بەردەمی وەکوو دیپلۆماسیی تەڵەی قەرز (Debt-trap diplomacy) گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. توێژینەوەکە نیشان دەدات کە چۆنێتیی وەبەرھێنان لەم گەورەستراتیژە چۆن کاریگەری لەسەر ھاوسەنگیی جیھان دەکات. لە کۆتاییشدا توێژینەوەکە پێمان دەڵێت کە چۆن ھێزی جیۆئیکۆنۆمیی ڕێگای ئاوریشمی نوێ توانای وەرگێڕانی بۆ ھێزی جیۆپۆلەتیک ھەبووە و ڕەھەندی جیۆستراتیجیەکەی ئاشکرا دەکات.

 

پێشەکی

لە سێپتەمبەری ٢٠١٣، شی جین پینگ؛ سەرۆککۆماری چین، بۆ یەکەمین جار لە سەردانێکی بۆ کازاخستان، لە زانکۆی نەزەربایێڤ باسی لە گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ لەژێر ناوی “پشتێنەی ئابووریی ڕێگای ئاوریشم(١)” کرد(٢). شی لە وتەکانیدا وتی: “لە ناوچەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، بازاڕی خۆماڵیی ناوچەکە دانیشتووانەکەی سێ ملیار کەس دەبێت و لە ڕووی پانتایی و پتانسیلەوە وێنەی نەبووە(٣).” دواتر لە ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣، لە سەردانەکەی بۆ ئیندۆنیسیا پڕۆژەی “ڕێگای ئاوریشمی دەریایی سەدەی بیست و یەک(٤)” وەکوو تەواوکاریی ڕێگای وشکانی پێشنیار کرا. لە ساڵی ٢٠١٤، ھەردوو ڕێگای باسکراو لە ڕێگاکانی وشکانی و ئاوی لێک دران و لە کۆدا بە ستراتیژی پشتێنەیەک-جادەیەک ناو نرا. شی جین پینک بە جەختکردنەوە لە دروستکردنی تۆڕێکی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ دراوسێکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوولایەنە و چەندلایەنە بە مەبەستی گەیشتنی ھەمووان بە پێشکەوتن، وتی: “ئێمە ھیوادارین وڵاتانی دراوسێ مەیلیان بۆ پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ چین ھەبێت و ھەروەھا ھیوادارین چین بتوانێت پەیوەندیی بەھێز لەگەڵ دراوسێکانی ببەستێت(٥).” دوو ساڵ دواتر، لە ٢٠١٥ بەڵگەی نەتەوەیی بە ناونیشانی “بەرچاوڕوونی و ھەنگاوەکان بۆ دروستکردنی پشتێنەی ئابووریی ڕێگای ئاوریشم و ڕێگای ئاوریشمی دەریایی سەدەی بیست و یەک” لەلایەن ئەنجوومەنی حکومیی چین بڵاو کرایەوە. لە ١٦ی مەیی ٢٠١٧، لە مەراسیمێک کە سەرۆکی نزیکەی سی وڵات لە چین بەشدار بوون، ڕێگای ئاوریشمی نوێ کرایەوە تا ڕێگا بۆ دەسەڵاتخوازی(پاوانخوازی)ی ئابووریی زیاتری ئەم ھێزە ئاسیاییە زیاتر خۆش بکات. بە وتەی حکومەتی چین، ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی زیادبوونی ھاوکاری  و بەشداریی ھەموو ئەندامەکان لە بواری ئابووری و بازرگانیی ئازاددا، بۆ بەرەوپێشبردنی خێراتری ئابووریی ھەموو ئەندامەکان لەسەر بنەمای مۆدیلی ھاوکاری “بردەوە-بردنەوە”یە(٦). لە ڕێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی ئەپریڵی ٢٠١٩، حکومەتی چین میوانداریی دووەمین کۆبوونەوەی سەرۆکەکان لە پەکین لەژێر ناونیشانی “کۆبوونەوەی ھاوبەشی سەرۆکەکان” کرد. بەڵام کۆبوونەوەی دووەم لەلایەن زۆربەی ڕاگەیاندنە ڕۆژئاواییەکانەوە گرنگیی پێ نەدرا و ئەمەریکا و ھیندستان لە ناردنی نوێنەری باڵا پارێزیان کرد.

ڕێگای ئاوریشمی نوێ کە بە زمانی چینی دەبێتە “ئی دای ئی لو(٧)“، بەخێرایی بووە دەستەواژەیەکی  ستراتیژی تا جێگایەک کە بووەتە پڕ بەکارھێنەرترین دەستەواژە (بووەتە دەستەواژەیەک کە زۆرترین جار بەکار ھاتووە) لە ڕۆژنامەی فەرمیی حکومیی “ڕۆژانەی خەڵک”(٨). دووبارە ھەستانەوەی ئەم ڕێگایە، ٦٥%ی دانیشتووانی جیھان، ٤٠% بەرھەمی جیھانی و ٧١ وڵات دادەپۆشێت(٩). لەوە گرنگرتر ئەم گەورەپڕۆژەیە دەتوانێت ھەژموونی ئەم وڵاتە لە ھاوسەنگیی جیھانی داھاتوو بسەپێنێت و بە کۆنترۆڵکردنی ڕێگا بازرگانییە وشکانی و ئاوییەکانی ئۆراسیا، پەکین بکاتە ھێزی جیھانیی نوێ لە ئابووریی جیھانی داھاتوو، لەگەڵ پێشھاتی گرنگ لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئاسایش و ھەروەھا کولتووری-ئایدۆلۆژیا. بەکورتی: ڕێگای ئاوریشمی نوێ گرنگترین ھۆکار دەبێت بۆ سەپاندنی ھێزی چین لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بۆ ساڵان و دەیەکانی داھاتوو. پشتیوان و ئامرازی سەرەکیی ئەم سەپاندنی ھێزەش، ھێزی ئابووری و توانای وەبەرھێنان لە ژێرخانی وڵاتانی پێشکەوتووخواز یان داکەوتووە. لەم ڕووەشەوە توێژینەوەی بەردەست تیشک دەخاتە سەر ئەو ئامرازە لە دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. لەگەڵ ھەبوونی گرنگیی زۆری لایەنی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکیی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، ئەم توێژینەوەیە تەنیا جەخت لەسەر لایەنی جیۆئیکۆنۆمیی پڕۆژەکە و لایەنەکانی تر لە توێژینەوەکانی داھاتوودا بەردەوامیی پێ دەدەین.

جیۆئیکۆنۆمی

بەکۆتاھاتنی جەنگی سارد، خوێندنەوەی نوێ لە جیۆپۆلەتیک، ڕکابەری جیھانی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ھاتە کایەوە. بە پێچەوانەی ئەوانەی کە جەختیان لەسەر بەردەوامیی ماھیەتی سیاسەت و کێبەرکێی نێودەوڵەتی دەکردەوە، گرووپێکی تر جەختیان لەسەر گۆڕانی ئەم ماھیەتە بوو.لەم نێوەندەدا دەستەواژەی جیۆئیکۆنۆمی لەو دەستەواژە کاریگەرانە بوو کە ئاماژەی بۆ گۆڕانکاری لە ماھیەتی سیاسەت و کێبەرکێی نێودەوڵەتی لە سەردەمی پاش جەنگی سارد دەکرد. بێگومان ئیدوارد لوتواک یەکێک لە یەکەمین و گرنگترینی ئەو کەسانە بوو کە ئەم دەستەواژەی ڕوون کردەوە(١٠). لوتوارک لە نووسینەکەی لە ساڵی ١٩٩٠، “لە جیۆپۆلەتیک تا جیۆئیکۆنۆمی”، دەستەواژەی “جیۆئیکۆنۆمی”ی ھێنایە کایەوە و ئاشکرای کرد کە “جیۆئیکۆنۆمی باشترین دەستەواژەیە کە دەتوانم بیری لێ بکەمەوە تا تێکەڵەی لۆژیکی کێبەرکێی سیاسی لەگەڵ شێوازەکانی بازرگانی وەسف بکات، یان ھەر بەو شێوەیەی کلاوزویتس نووسیبووی، لۆژیکی جەنگ بە ڕێزمانی بازرگانی(١١)“. لوتواک بەڵگە دەھێنێتەوە کە ھەمان ئەو لۆژیکەی زەمینەی پێکدادانی سەربازی دروست دەکات، بە بازرگانیی نێودەوڵەتییشەوە پەیوەستە و لەم ڕووەوە لەسەر ئەوەی کە داھاتووی جیۆپۆلەتیک لە بواری ئابووری فراوان دەبێت؛ جەخت دەکاتەوە. ئەو ئاماژە دەکات کە ١. وڵاتان سەودای کۆکردنەوەی داراییان تا ئەو ئاستەیە کە کۆدە داراییەکان دیارییان کردووە و مۆڵەت نادەن کە وڵاتانی تر لە چالاکییە بازرگانییەکان لە سنووری ئەودا باج وەربگرن. ٢. وڵاتان بەگشتی چالاکییە ئابورییەکانیان بە جۆرێک دەخەن کە ئەنجامەکان لەناو سنوورەکانی خۆیان بۆ بەرزترین ڕێژە بەرز بکەنەوە، ھەر چەند ئەم ئەنجامە لای وڵاتانی تر پەسەند نەبێت، تا ئەوەی کە مەیلیان بۆ ئامانجێکی سەرونەتەوەیی بێت. کەواتە لۆژیکی ڕێکخستنی دەوڵەت تا ئاستێک لەگەڵ لۆژیکی بەریەککەوتن ھاوشانیی ھەیە. ٣. وڵاتان و بلۆک یان کۆمەڵەی وڵاتان ھەوڵ دەدەن تا پێدان و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دانیشتووانیان سنووردار بکەن. بەدەر لەوەش، وڵاتان پڕۆژە ژێرخانەکانیان، جیا لە چۆنیەتیی کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی تر، بۆ باشترکردنی پەسەندیی ناوخۆیی دادەڕێژن. ٤. وڵاتان یان بلۆکی وڵاتان داھێنانی تەکنەلۆژی یان بۆ زیادکردنی سوودمەندی لە سنووری خۆیان و نەک لەبەر خودی داھێنانەکە، گرنگی پێ دەدەن(١٢). بە وتەی لوتواک، ڕۆڵی چەکی ھێرشی لە جیۆئیکۆنۆمی لە جەنگ  گرنگیی زیاتری ھەیە و لێکۆڵینەوە و پێشکەوتن بە پشتیوانیی حکومەت گرنگترینی ئەم چەکانەیە. “هەروەك چۆن لە شەڕدا، ئەوە تۆپخانەیە کە قەڵەمڕەوێك بە ئاگر دەگرێت (فتح)، کە ھێزی پیادە دواتر دەتوانێت داگیری بکات، لێرەدا ئامانج ئەوەیە کە پیشەسازیی داھاتوو بە دەستکەوتنی باشترین تەکنەلۆجیا بەدست بهێنرێت”(١٣). جیا لە لوتواک، ئەوە ھێنری فارل، ئابراھام ئێل نیومان بوون کە بە جەختکردنەوە لە دەستەواژەی “پابەندبوونی چەکداری بەرانبەر” ئاماژەیان بۆ تێکەڵبوونی ھێز و تۆڕەکانی ئابوریی نێودەوڵەتی دەکرد(١٤). فارل و نیۆمان ڕاستەوخۆ ناچنە سەر جیۆئیکۆنۆمی، لەگەڵ ئەوەشدا نووسینەکەیان لەسەر ھۆکارە سەرەکییەکانی سەپاندنی ھێز لە چوارچێوەی جیۆئیکۆنۆمی دەڕوات. بە شێوەیەکی تایبەت ئێمە نیشانی دەدەین کە چۆن تۆپۆگرافیای تۆڕە ئابوورییەکانی پابەندی بەرانبەر لەگەڵ دامەزراوە و باوە ناوخۆییەکان یەک دەگرن تا شکۆی سەپێنراو بەدی بھێنن. لەم نێوەندەدا تۆڕەکانی وەکوو پەیوەندییە داراییەکان، زنجیرەی دابینکردن و ئینتەرنێت کە لەلایەن لێکۆڵەرەوەانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تا ئاستێکی زۆر وەلا خراوە، لە دڵی تێگەیشتنێکی نوێی قەناعەتپێکەر لە عەولەمە و ھێزی باوەڕپێکراو، دادەنێت(١٥).

لە لایەکی ترەوە کاریگەریی سیاسەتە داراییەکان وەکوو ئامرازێک بۆ ئابووریی جيهان، تا ئاستێکی زۆر پەیوەستە بە ڕۆڵی دراوی وڵاتێک لە سیستمی دراوی نێودەوڵەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا نابێت جیۆئیکۆنۆمی لە خاڵی بەرانبەر جیۆپۆلەتیک ببینرێت، بەڵکوو ئەم دوو دەستەواژەیە ئاوێتەی یەک بوون. ڕیچارد نیکسۆن سەرۆککۆماری پێشووی ئەمەریکا بە شێوەیەکی دروست لە واتای ئەم دەستەواژەیە تێگەیشتبوو و دەیوت ھەندێک کەس پێیان وایە کە بە کۆتاھاتنی جەنگی سارد، گرنگیی ھێزی ئابووری و جیۆئیکۆنۆمی کەوتووەتە پێش ھێزی سەربازی و جیۆپۆلەتیکیی کلاسیک. ئەوان ئەڵێن ئەمەریکا دەبێت شمشێرەکانی خۆی نەک بە گاسن، بەڵکوو بە مایکرۆچیپەکان لەناو ببات(١٦). لەم ڕوانگەوە جیۆئیکۆنۆمی ئاماژە بۆ “بەکارھێنانی ئامرازە ئابوورییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە جیۆپۆلەتیکەکان” دەکات (١٧). ھەروەھا ڕۆبێرت دی بلاکویڵ و جەنیفەر ھەریس جیۆئیکۆنۆمی یان بە بەکارھێنانی ئامرازە ئابوورییەکان بۆ بەرەوپێشچوون و پاراستنی بەرژەوندییە نەتەوەییەکان و بەدیھێنانی ئەنجامی سوودبەخشی جیۆپۆلەتیک و کاریگەریی ھەنگاوە ئابوورییەکانی وڵاتانی تر بەسەر ئامانجەکانی جیۆپۆلەتیکی وڵاتێکی تر پێناسە کردووە(١٨). لە ڕاستیدا ھێزی ئابووری و ئامرازەکانی جیۆئیکۆنۆمی بە بەشداری لە ئابوورییەکی بەھێز، داڕشتنی سیاسەتی ئابووریی نێودەوڵەتیی کاریگەر و بەکارھێنانی ئامرازە ئابوورییەکان لە گەیشتن بە ئامانجە جیۆپۆلەتیکییەکان، ئاسایشی نەتەوەیی وڵات بەھێز دەکات. بەکورتی: جیۆئیکۆنۆمی لێکدانەوەی چۆنیەتیی ھاوکاری و تێکگیرانی جیۆپۆلەتیک و ئابووری لە پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەکانە.

لەم ڕووەوە سەرنجڕاکێشیی وەبەرھێنان و مەجالی سەپاندنی ھێزی نەرم کە چین لە پڕۆژەی پشتێنە و ڕێگا ئەنجامی داوە، وەکوو ھۆکاری دیاریکردنی ھێزی جیۆئیکۆنۆمی لەبەرچاو دەگیرێت. لە ڕاستیدا ڕێگای ئاوریشمی نوێ گرنگرترین نموونە و سیمبولی ھێزی جیۆئیکۆنۆمی لە جیھانی ئایندەیە. ھەر چەند ئامانج و ئاقارەکانی بەڕێخستنی ڕێگای ئاوریشمی نوێ ڕەگی جیۆپۆلەتیکی ھەیە، بەڵام ڕێکار و کارەکانی ئەم گەورەپڕۆژەیە لە سنووری جیۆئیکۆنۆمی دەبێت. بەم شێوەیە ڕکابەریی چین و ئەمەریکا لە ئاستی ڕکابەریی جیۆئیکۆنۆمی دەبێت، ھەر چەند لە ناخدا ڕکابەرییەکی جیۆپۆلەتیک دەبێت.

میتۆدی توێژینەوە

توێژینەوەی بەردەست لەسەر شێوازی وەسفی-شیکاری لە ناساندنی ڕێگای ئاوریشمی نوێیە. ئەم توێژینەوەیە بۆ نیشاندانی دەرچەکانی ڕێگای ئاوریشمی نوێ و کاریگەرییان لەسەر ئاسیای ناوەڕاست، لە سەرچاوە و داتاکانی کتێبخانە و بەڵگەنامەکان سوود وەردەگرێت. سەرچاوەی سەرەکی لەم ڕێڕەوەدا سەرچاوە نووسراوەکان، بەڵگە و ڕاپۆرتە ڕێکارییەکانە. لەم ڕووەوە توێژینەوەی بەردەست بە سوودوەرگرتن لە خوێندنە کتێبخانەییەکان و کۆکردنەوەی زانیارییە بڵاوبووە ئینتەرنێتییەکان ھەوڵ بۆ ڕۆشنکردنەوە و شیکردنەوەی بابەتەکە دەدات.

بەڵگەنامەی (سند) “دەرچە و ھەنگاوەکان”: پشتێنە و ڕێگا

بۆ گەیشتنە ئەنجامی بیرۆکەیەکی وەھا گەورە، ڕێبەرانی پەکین بەخێرایی “گرووپی ڕێبەری بەرەوپێشبردنی جێبەجێکردنی داھێنانی پشتێنە و ڕێگا(٣٢)“یان لەژێر چاودێریی کۆمیسۆنی پێشکەوتن و چاکسازییە نەتەوەییەکان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ دامەزراند(٣٣). ئەم گرووپە ڕاپۆرتەکانی خۆیان بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ دەدەن بە ئەنجوومەنی دەوڵەتی کۆماری چین کە گرنگیی ئەم گرووپە لە سیاسەتی دەرەوە و تەنانەت سیاسەتی ناوخۆی پەکین نیشان دەدات. ئەرکی ئەم گرووپە ڕێبەریکردن و ھاوکاری بۆ دامەزراندنی داھێنانی پشتێنە و ڕێگایە. ھان جینگ یاریدەدەری جێبەجێکاری سەرۆکوەزیران؛ سەرۆکی ئەم گرووپە و ھووچون ھوا یاریدەدەری سەرۆکوەزیران؛ یاریدەدەری سەرۆکی ئەم گرووپەیە. جانگ گاولی یاریدەدەری تری سەرۆکوەزیران و ئەندامی کۆمیتەی پولیتبورو لەگەڵ وانگ ھانینگ و وانگ یانگ و یانگ جین و یانگ جەی چی، ھەموو ئەندامانی ئەم گرووپە گرنگەن(٣٤).

دامەزراوەیەکی تر کە لە جێبەجێکردنی ئەم گەورەپڕۆژەیە بەشدارە، بریتییە لە ئاژانسی حکومیی ھاوکاریی پێشکەوتنی نێودەوڵەتیی چین(٣٥). ئەم  ئاژانسە لە ١٨ی ئەپریڵی ٢٠١٨ دامەزرا و بەرپرسی ڕێکار و سیاسەتە ستراتیجییەکان لە بارەی ھاوکارییە دەرەکییەکانە. ئاژانسی ھاوکاریی پێشکەوتنی نێودەوڵەتی، لەژێر چاودێری ئەنجوومەنی حکومی دەبێت و ھاوکاری “ستراتیجی جیھانی وڵات و باشتر بەرێوە بردنی کارەکانی پرۆژەی پشتێنە و ڕێگا دەکات(٣٦). ئاژانسە حکومییە جیاوازەکانی چین لە داڕشتن و جێبەجێکردنی کاری پشتێنە و ڕێگا، ڕۆڵیان دەبێت بۆ نمونە کۆميسیۆنی پێشکەوتنی نەتەوەیی و چاکسازی، وەزارەتی بازرگانی، وەزارەتی کاروباری دەرەوە و وەزارەتی رۆشنبیری. ھەروەھا بۆ تەواوکاری و دەستپێکردنی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، تەقریبەن ھەموو پارێزگاکانی چین وەکوو ھیبی و ھینان بەرنامەکانی جێبەجێکردنی کاری پشتێنە و ڕێگای تایبەت بە خۆیان داڕشتووە. لە ڕاستیدا ھەستانی ڕێگای ئاوریشمی نوێ بۆ پەیوەستکردنی ئاسیا، ئەورووپا و ئەفەریقا پێویستی بە ھەماھەنگیی سیاسەتی وڵاتانی سەر ڕێگاکە لە سێ بواری سیاسی، ئابووری و فەرھەنگییە. ئەم ھەماھەنگییانە دەبێت لە کاتی جێبەجێکردندا ببێتە ھۆی فراوانکردنی ھاوکارییەکان. ئەم ھەماھەنگی و ھاوکارییانە گەرەنتیی ھەستان و بەردەوامیی ئەم گەورەپڕۆژەیە دەبن. لەبەر ئەم ھۆکارە، زۆربەی بەڵگە و دانیشتنەکان لەسەر ڕێگای ئاوریشم، لەسەر بنەمای دروستکردنی ڕێکارەکان بۆ ھەماھەنگی و ھاوفیکریی نێوان وڵاتان و بەرجەستەکردنی بەرژەوەندیی ھاوبەش و پتەوکردنی متمانەی نێوان وڵاتەکانە.

لە گرنگترینی ئەو بەڵگانەی باس کران، بەڵگەیەکە کە لەلایەن ئەنجوومەنی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی چین بە ڕابەرایەتیی شی پەسەند کراوە. لە ڕاستیدا کرۆکی ئەم گەورەپڕۆژەیە دەبێت لە بەڵگەی “بەرچاوڕوونی و ھەنگاوەکان بۆ به ھاوبەشی دروستکردنی پشتێنەی ئابووریی ڕێگای ئاوریشم و ڕێگای ئاوریشمی دەریایی سەدەی بیست و یەک(٣٧)” ببینرێت کە لەلایەن کۆمسیۆنی پێشکەوتن و چاکسازیی نەتەوەیی(٣٨)، وەزارەتی کاروباری دەرەوە(٣٩)، وەزارەتی بازرگانیی چین(٤٠)، بە چاودێریی ئەنجوومەنی حکومیی چین(٤١) لە ١ی فێبریوەریی ٢٠١٥ بڵاو کرایەوە(٤٢). بەم شێوەیە ئامانجی سەرەکیی ئەم گەورەپڕۆژەیە، “پێشکەوتنی پەیوەندیی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەورووپا و ئەفەریقا و دەریاکانی دەوروبەریان، دروستکردن و بەھێزکردنی بەشداریی وڵاتانی سەر ڕێی پڕۆژەکە، بەگەڕخستنی تۆڕەکانی پەیوەندیی فرەڕەھەندی، چەند روو و تێکەڵ و گەیشتن بە جۆرە جیاوازەکانی پێشکەوتنی سەربەخۆ، ھاوسەنگ و بەردەوام لەم وڵاتانە”یە(٣٨). لەسەر بنەمای وتەکانی شی، بنەما سەرەکییەکانی ئەم بەڵگەیە لە پێنج پێشنیاری بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی ھاوبەش لەلایەن وڵاتانی سەر ڕێگای ئەم پشتێنە دابین کرا. ئەم پێنج پێشنیارە ئەم بابەتانە لەخۆ دەگرێت(٣٩):

١. ھەماھەنگیی سیاسەتەکان(٤٠): بەرزکردنەوەی ئاستی ھەماھەنگیی نێودەوڵەتی، سیاسەتەکانی ئاڵوگۆڕی فراوانی چەند ئاستی نێودەوڵەتی و ڕێکارەکانی پەیوەندی.

٢. لێکدانی ئامرازەکان(٤١): باشترکردنی لێکدانی بەرنامەکانی دروستکردنی ژێرخان و سیستمە ستاندەرە ھونەرییەکان.

٣. بازرگانیی بێبەربەست(٤٢): کەمکردنەوەی بەربەستەکانی وەبەرھێنان و بارزگانی، بەرزکردنەوەی لێکدانی ئابووریی ناوچەیی.

٤. لێکدانی دارایی(٤٣):  ھەماھەنگی و ھاوکاری لە سیاسەتە دراوییەکان، دروستکردنی دامەزراوە داراییەکان.

٥. پەیوەستکردنی خەڵک بە خەڵکەوە(٤٤): ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆی کولتووری و زانکۆیی، ھاوکاریی ڕاگەیاندن.

بەم شێوەیە بەڵگەی باسکراو جەخت لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و دانوستانی نێوان وڵاتانی سەر ڕێگا لە بواری داڕشتنی سیاسەتەکان لە پێناو ھاوکاریی ھاوبەشی ئابووری، بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ئاڵوگۆڕ بۆ بنیاتنانی ڕێڕەوێکی گەورە لە زەریای ئارام تا دەریای بالتیک و لە ئاسیای ناوەڕاست تا زەریای ھیندی و بنیاتنانی تۆڕێکی ترانزێت لەنێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و باشووری ئاسیا، ئاسانکاریی بازرگانی لەنێوان وڵاتانی سەرەڕێ بە سەرنجدان لەسەر لابردنی بەربەستە بازرگانییەکان و کەمکردنەوەی تێچوونەکانی بازرگانی و وەبەرھێنان، بەھێزکردنی ھاوکارییە داراییەکان بە تیشک خستنە سەر نەگۆڕیی دراو بۆ کەمکردنەوەی تێچوونی ئاڵوگۆڕ و کەمکردنەوەی ریسکی دارایی و زیادکردنی کێبەرکێی ئابووری و لە کۆتاییشدا بەھێزکردنی پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ خەڵک لە وڵاتانی سەر ڕێی پشتێنە دەکاتەوە(٤٥).

ئەم بەڵگەیە بە پشتبەستن بە ڕۆڵی مێژوویی ڕێگای ئاوریشم لە دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان کولتوورە دێرینەکان و ھەروەھا زیادکردنی مامەڵە لەنێوان شارستانیەتەکان دەست پێ دەکات و جەخت لەسەر پێویستیی دروستکردنەوەی دەکات. ھەروەھا بەڵگەکە لەسەر گرنگیی پەیوەندیی سێ کیشوەری ئاسیا، ئەورووپا و ئەفریقا (دوورگەی جیھانی لە دیدی ھالفۆرد مەکیندەر)(٤٦) دەوەستێت و بە نیشاندانی کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری جیھانی، پێویستیی دەستپێکردنی ئەم گەورەپڕۆژەیە  نیشان دەدات. لێرەدا بە ئاماژە  بە ناھاوسەنگیی پێشکەوتنی جیھانی و سستبوونی زیندووکردنەوەی ئابووریی جیھانی کراوە. بەڵگەکە ھەروەھا چوارچێوە و ڕێکارەکانی ھاوکاری و گرنگتر لەوەش، ڕۆڵی ناوچە جوگرافییەکانی چین لە بەگەڕخستن و بەرەوپێشبردنی ئەم گەورەپڕۆژەیە نیشان دەدات. لە چەند شوێنێکی بەڵگەنامەکەدا پێنج بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتیانە، “ڕێزگرتنی بەرانبەر بە دەسەڵات و یەکپارچەیی نیشتمانی یەکتر”، “ڕێگری لە دەستدرێژی بەرانبەر یەکتر”، “ڕێگری لە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر”، “یەکسانی”، “بەرژەوەندیی بەرانبەر و پێکەوەژیانی ئاشتییانە” باس دەکرێت.

لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی بەرچاوڕوونی و ھەنگاوەکان، ڕێگای ئاوریشمی نوێ دوو ڕێڕەوی بازرگانی پشتێنەی ئابووریی ڕێگای ئاوریشم(٤٧) و ڕێگای ئاوریشمی دەریایی(٤٨) لەخۆ دەگرێت. ڕێڕەوی زەمینی یا ھەمان پشتێنەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، ھەوڵ بۆ پەیوەستکردنی ئەورووپای پێشکەوتوو لەگەڵ ئاسیای پێشکەوتووخواز دەدات. پشتێنەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ چەندین ڕێڕەو لەخۆ دەگرێت کە تاکوو ئێستا شەش دانەیان لە قۆناغی نەخشەسازی یان بنیاتنانن: ١. ڕێرەوی ئابووریی چین-مەغۆلستان-ڕووسیا(٤٩)، ٢. ڕێڕەوی ئابووریی پردی زەمینیی ئۆراسیای نوێ(٥٠)، ٣. ڕێڕەوی ئابووری چین-ئاسیای ناوەڕاست-ئاسیای ڕۆژئاوا(٥١)، ٤. ڕێڕەوی ئابووریی چین-پاکستان(٥٢)، ٥. ڕێڕەوی ئابووریی نیوەدوورگەی ھیند و چین(٥٣)، ٦. ڕێڕەوی ئابووریی بەنگلادیش-چین-ھیند-میانمار(٥٤). ڕێگای دەریایی ئەم پشتێنەش کەناراوەکانی چین لە ڕێی دەریای چینی باشوور و زەریای ھیندی لەگەڵ باکووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، ئەندەنوسیا، ھیند، نیوەدوورگەی سعودیە، سۆماڵ، میسڕ و ئەورووپا پەیوەست دەکات. ئەم ڕێگا دەریاییە ھەوڵێکە بۆ نوێگەری، بەرزکردنەوەی ئاستی ژێرخان و ئامرازەکانی بەندەرەکان و ڕێگا لۆجیستیکییەکان لە چینەوە بۆ باکووری ڕۆژھەڵات و باکووری ئاسیا، ڕۆژھەڵاتی نێوین و ڕۆژھەڵاتی ئەفەریقا.

ڕێگای ئاوریشمی دەریایی بەشێکی قەرەباڵغ و زۆر بەکاربەری جیھان دەبێت، ناوچەیەک کە شوێنی ژیانی ٤٢%ی دانیشتووانی جیھان و ٢٥%-ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆییە (Gross Domestic Product GDP)، جگە لە چین(٥٥).

پڕۆژەکان و کەناڵەکانی وەبەرھێنان

پڕۆژەی “پشتێنە-ڕێگا”، پڕۆژەیەکی سنووربڕە و ھەموو وڵاتان توانای بەشدارییان تێدا ھەیە و تا ساڵی ٢٠٢٠، ١٣٨ وڵات لە ئاستی نێودەوڵەتی بوونەتە ئەندامی ئەم پڕۆژەیە کە ٦٩ وڵاتیان بەدیاریکراوی لەسەر ڕێی ڕێڕەوە زەمینی و دەریاییەکانن کە بۆ ئەم پڕۆژەیە دانراون. لەسەر بنەمای ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەم وڵاتە ١٩٨ ڕێککەوتننامەی ھاوکاریی لەگەڵ ١٦٧ وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە سنووری پڕۆژەی “پشتێنە-ڕێگا” واژۆ کردووە(٥٦). لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو، ڕێگای ئاوریشمی نوێ بە پێکھاتەی تۆڕێکی ئاڵۆز و جیھانی لە ڕێڕەوە زەریایی و زەمینییەکان لەگەڵ چین وەکوو سەنتەر گەشەی کردووە. بە پێی کۆتا ئامار، ھەموو قەبارەی بازرگانی لەنێوان چین و وڵاتانی سەر ڕێی ئاوریشمی نوێ لە سەردەمی (٢٠١٨-٢٠١٣) زیاتر لە شەش ترلیۆن دۆلار بووە کە لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٢٤٤ ھەزار ھەلی کار بۆ ئەم ناوچە فراوانە دروست بووە. ھاوردە و ھەناردەی چین لە وڵاتانی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە سێ سەد ملیار دۆلار بووە کە ٧.٨% زیاتر بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو و ٢٨.٦% لە کۆی بازرگانیی دەرەکیی ئەم وڵاتە لەم ماوەیەدا بووە(٥٧).

ناکرێت بڕیاردانی ڕێک و دروست لە بارەی پانتایی گشتیی ئەم پڕۆژەیە بدرێت، چونکە وڵاتی چین ھیچ کات پێڕستێکی تەواوی لە ھەموو پڕۆژە جێبەجێکراو یان پلانبۆدانراوەکان بڵاو نەکردووەتەوە. بەڵام خەمڵاندنەکانى تایبەت بە گەورەیی ئەم پڕۆژەیە، باس لە پانتاییەکی فراوان لە یەک تا ھەشت ترلیۆن دۆلار دەکەن(٥٨). تۆڕی ڕێگای ئاوریشمی نوێ تۆڕەکانی وەبەرھێنان لەخۆ دەگرێت. گفتوگۆ جیاوازەکان جەخت لەسەر بەڕێخستن و ھاندان بۆ مۆدێلە پێشکەوتووەکانی کەسابەت و خێرایی بەخشین بە ڕێکاری ئاسانکاریی وەبەرھێنان و فراوانکردنی وەبەرھێنانی ھاوبەش و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم وەبەرھێنان دەکەنەوە. لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩، نزیکەی سێ ھەزار پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ لە بوارەکانی دروستکردنی ڕێگا، وزە، پەیوەندییەکان و ژێرخانەکان بە بەھای نزیکەی چوار ترلیۆن دۆلار دەستی پێ کردووە. لە ڕاستیدا چین لەم پڕۆژەیەدا زیاتر لە حەوت ھێندەی خەرجیی ئەمەریکا بۆ بنیاتنانەوەی ئەورووپا لەسەر پڕۆژەی مارشاڵ خەرج دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا بەشی ئەم بوارانە یەکسان نییە. پڕۆژەکانی گواستنەوە ھەم زۆرترین و ھەم بەبەھاترین بەشی پڕۆژەکانی ڕێگای ئاوریشمی نوێ لەخۆ دەگرێت. ئەم ناھاوسانییە گرنگیی پەیوەندییە زەمینییەکان و ڕێڕەوە ترانزێتەکان بۆ وڵاتی چین و وڵاتانی سەر ڕێی ئاوریشمی نوێ دەردەخات.

بابەتە ئابوورییەکان لە سەنتەری ھەستانەوەی ئەم ڕێکخستنەوە جیھانییە نوێیەن. ئەم بابەتانە عەولەمەی ئابووری، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای زانیاری، پشتیوانی لە بازرگانیی ئازاد لە جیھان و ھاوکاری ناوچەیی، ڕێڕەوی ئازادی گۆڕینەوە ئابوورییەکان، یەکپارچەیی بازاڕەکان، ھەماھەنگیی سیاسەتە ئابوورییەکان، قووڵبوونەوەی ھاوکارییە ناوچەییەکان و داڕشتنی چوارچێوەیەکی ئابووریی ناوچەیی نوێ دەگرێتەوە(٥٩). لە ساڵی ٢٠١٣، واتە کاتی دەستپێکی گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، ١٢٦ وڵات و ٥٦ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری ئاسیا، ڕۆژھەڵاتی ناوین، ئەورووپا، ئەفەریقا و ئەمەریکای باکوور ڕێکەوتننامەی ھاوکارییان لەگەڵ چین بۆ بەشداری لەم بوارەدا واژۆ کردووە. ڕاپۆرتێکی گشتگیر لە ئەنجوومەنی جیھانیی حەقدەست(٦٠)، دەیخەمڵێنێت کە ئاسیا (بەبێ چین) پێویستی بە نۆ سەد ملیار دۆلاری ساڵانە بۆ ژێرخانەکانی لە دەیەی داھاتوو دەبێت(٦١). قەبارەی بازرگانیی نێوان چین و وڵاتە بەشداربووەکان زیاتر لە شەش ترلیۆن دۆلار دەبێت و بۆ بەردەوامیی گەشەی ئابووری، تا ساڵی  ٢٠٣٠ پێویستی بە وەبەرھێنانی ٢٦ ترلیۆن دۆلاری زیادەیە. لەم ڕووەوە بوونی بودجەیەکی شایستە بۆ گەرەنتیی سەرکەوتنی بەردەوامی ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە.

کۆمپانیای ڕاوێژکاری بەیکەر مەکینزی(٦٢) بەراوردی کردووە کە لە ماوەی پێنج ساڵی داھاتوو، قەبارەی پڕۆژەکانی ڕێگای ئاوریشمی نوێی پەیوەست بە چین، زیاتر لە ٣٥٠ ملیار دۆلار دەبێت(٦٣). گرنگتر لەوەش، تا ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە دوو ھەزار پڕۆژە لە کۆی پڕۆژەکانی گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردن و تەنیا ٦٦٦ پڕۆژە لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩ تەواو بوون.

حکومەتی چین بۆ سەرکەوتنی جێبەجێکاری ئەم پڕۆژە گەورەیە، سەرچاوە داراییەکان پڕۆژەی جیاواز و ڕێکاری جێبەجێکاریی جیاوازی گرتووەتە بەر. لە نموونەی ئەو سەرچاوە داراییانەی کە حکومەتی چین بۆ ئەم پڕۆژەیە گەرەنتیی کردووە، بریتین لە چل ملیار دۆلار بۆ پشتێنەی ئابووریی ڕێگای ئاوریشم، ٢٥ ملیار بۆ ڕێگای ئاوریشمی دەریایی، پەنجا ملیۆن دۆلار بۆ بانکی پێشکەوتن و ژێرخانی ئاسیایی و چل ملیۆن دۆلار بۆ سندووقی ڕێگای ئاوریشم(٦٤). چین بۆ بەرزکردنەوەی پێشکەوتنی جیھان و سەرنجڕاکێشیی شێوازی پێشکەوتنی چینی، جەخت لەسەر تایبەتمەندییەکانی ھەماھەنگیی زانستی، بەردەوامی و… دەکاتەوە کە شێوازی پێشکەوتنی چینی لەژێر ناوی “کۆبوونەوەی پەکین” لەبەرانبەر شێوازی کۆبوونەوەی واشنتۆن ناو دەبەن. ھەروەھا پەکین سوورە لەسەر “دیپلۆماسیی ئابووری”(٦٥) کە ڕێکارە سەرەکییەکەی ئاسانکاریی پەیوەندییە ئەرێنییەکان و کەمکردنەوەی بەریەککەوتنی نێوان چین و وڵاتانی پێشکەوتووخواز لە ناوچە دووردەستەکانە. ڕێکارێکی تری، کەمکردنەوەی دژایەتی بەرانبەر بوونی ئابووریی ڕووەوزیادی چین لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووە.

ئەم وڵاتە بە مەبەستی دابینکردنی دارایی ئەم پڕۆژەیە، کەناڵی دارایی جیاوازی ھێناوەتە کایەوە. ئەم کەناڵانە توانای جۆراوجۆرکردنی گەنجینەی دراوی دەرەکی دەبەخشێتە چین(٦٦). بەشێک لە سەرچاوە داراییەکانی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا لە ڕێی کۆمپانیا چینییەکانەوە دابین دەکرێت. بە پێی لێدوانەکانی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی چینی، پەنجا کۆمپانیای حکومیی(٦٧) چینی لە سێ ساڵی ڕابردوو لە ١٧٠٠ پڕۆژە لە وڵاتانی دەوروبەری پشتێنە و جادە وەبەرھێنان یان بەشدارییان کردووە.

ئەکتەرە سەرەکییەکان بریتین لە(٦٨) بنیاتنانی پەیوەندییەکانی چین(٦٩)، ئەندازیاریی بنیاتنانی حکومیی چین(٧٠)، وزەی چین(٧١)، کۆمپانیای بنیاتنانی ڕێگای شەمەندەفەری چاینا ساینوماچ(٧٢)، گرووپی ڕێگای شەمەندەفەری چین(٧٣)، کۆمپانیای نەتەوەیی نەوتی چین(٧٤) و تۆڕی حکومی(٧٥). ئەم ھەمووە نیشاندەری ئەوەیە کە ڕێبەرانی پەکین بۆ بەڕێخستن و بەرەوپێشبردنی ئەم پڕۆژە گەورە، وەبەرھێنانی فراوانیان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا نزیکەی نیوەی سەرچاوە داراییەکانی ئەم پڕۆژانە لەلایەن وەبەرھێنەرانی کەرتی تایبەت، وڵاتانی تری ئەندام و ھەروەھا بانکە نێودەوڵەتییەکان دابین کراوە.

بە شێوەیەکی گشتی بودجەی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا لەلایەن چوار کەناڵی جیاوازەوە دابین دەکرێت: بانکە سیاسییەکان(٧٦)، بانکە حکومییەکان، سندووقی سامانی نەتەوەیی(٧٧) کە جۆرێکە لە سندووقی وەبەرھێنانی حکومی و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە ھەر کام لەم کەناڵانە دامەزراوەی جیاواز لەخۆ دەگرن(٧٨). دامەزراوەکانی ژێر کۆمەڵەی بانکە سیاسییەکان بە ئامانجی جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەت دامەزراون و بە دامەزراوە حکومییەکان، پێشینە دەدەن. بە درێژایی بەڕێوەچوونی یەکەم کۆڕبەندی پشتێنە-ڕێگا لە ساڵی ٢٠١٧، حکومەتی چین بەڵێنی پێدانی ٥٥ ملیار دۆلار پێشینەی لەلایەن دوو بانکی حکومیی خۆیەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا دا. لەم نێوەندەدا دەتوانین ئاماژە بە ھەردوو “بانکی پێشکەوتنی چین”(٧٩) و “بانکی ھەناردە و ھاوردەی چین”(٨٠) بدەین. بانکی پێشکەوتنی چین بە شێوەیەکی تایبەتمەند سەرچاوەی دارایی پڕۆژە ژێرخانەکان، وزە و گواستنەوە دابین دەکات و زیاتر وەکوو بزێنەری جووڵاندنی سیاسەتەکانی پێشکەوتنی چین ناسراوە، ھەر بەم ھۆکارە بەشی ئەم بانکە لە دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا وەکوو کۆتا داھێنانی ئەم وڵاتە لە پێشکەوتنی ئابووری؛ بەرەو زیادبوون دەڕوات و ھەروەھا ئەم بانکە زیاتر لە یەک لە سەر چواری بەڵگەنامەى یوان ی ئەم وڵاتەی بە خۆیەوە تایبەت کردووە. ئەم بانکە تا ساڵی  ٢٠١٨، بودجەیەک بە بەھای ١١٠ ملیار دۆلاری بۆ وەبەرھێنان لە پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا دیاری کردووە.

بانکی ھەناردە و ھاوردەی چین: ئەم بانکە کە بە “ئیگزیم” ناسراوە، لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەتی چین لە بواری پیشەسازی، بازرگانیی دەرەکی، دبلۆماسی و وەبەرھێنان و ھاوکاریی ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان تایبەتمەند کراوە، لەبەر ئەوە بانکی ناوبراو وەکوو بانکی پێشکەوتنی چین ڕۆڵێکی گرنگ لە دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا دەگێڕێت(٨١).

چین چەندین بانکی حکومیی ھەیە، بەڵام چوار بانکیان وەکوو دابینکەری سەرەکیی سەرچاوە داراییەکانی داھێنانی پشتێنە-ڕێگان، لەبەر ئەوەی کۆمپانیا حکومییەکانی چین بەشێکی گەورە لە بودجەی ئەم پڕۆژانە دابین دەکەن. ئەم چوار بانکە بریتین لە: بانکی پیشەسازی و بازرگانیی چین(٨٢)، بانکی ئاوەدانکردنەوەی چین(٨٣)، بانکی کشتوکاڵیی چین(٨٤) و بانکی ناوەندیی چین(٨٥). لەسەر بنەمای زانیارییە بڵاوبووەکان، بانکی ناوەندیی چین نزیکەی ١٥٩ ملیار دۆلاری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا پێشبینی کردووە کە بە قەبارەی ٦٧.٤ ملیار دۆلار لەم بودجەیەی تا ساڵی ٢٠١٧، لە ٢٠١٢ پڕۆژەی داھێنانی پشتێنە-ڕێگا وەبەرھێنانى کردووە. بانکی ئاوەدانکردنەوەی چین وەکوو شەشەمین بانکی گەورەی جیھان تا ساڵی ٢٠١٧ بە قەبارەی نزیکەی ١٠ ملیار دۆلاری لە پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا وەبەرھێنان کردووە. بانکی کشتوکاڵیی چین بە سێیەمین بانکی حکومیی دابینکەری سەرچاوە داراییەکانی پشتێنە-ڕێگا دادەنرێت کە ٣.٢ ملیار دۆلاری تا ساڵی ٢٠١٦ لەو پڕۆژەیەدا وەبەرھێنان کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨، ئەم بانکە قەبارەی پێشینەکانی تا ٦٣ ملیار دۆلار زیاد کردووە. ھەروەھا بانکی ناوەندیی چین یەکێکی تر لە دابینکەرانی سەرچاوە دارایی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگایە و ١٠٠ ملیار دۆلار پێشینەی تا ساڵی ٢٠١٧ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئەم داھێنانە تەرخان کردووە(٨٦).

سندووقی سەرمایەی نەتەوەیی کە وەکوو سندووقی وەبەرھێنانی حکومییش ناسراوە، سندووقەکانی وەبەرھێنانی تایبەت بە حکومەتن، بەڵام بە پێچەوانەی بانکە حکومییەکان زیاتر لە سەرمایە داراییەکانی وەکوو بەڵگەنامە، کانزا گرانبەھاکان، موڵک و ماڵ و ھەروەھا پشکەکان وەبەرھێنان دەکات. یەکەمین سندووق؛ “کۆمپانیای پشکی وەبەرھێنانی چین(٨٧)“ە کە بەشێکی گەورە لە گەنجینەی دراوی چین بەڕێوە دەبات و نزیکەی یەک لەسەر سێی بودجەی ٨١٤ ملیار دۆلاری ئەم کۆمپانیایە، تایبەتە بە وەبەرھێنان لە بوارەکانی کەرتی تایبەت. ھەروەھا ئەولەویەتی ئەم کۆمپانیایە، وەبەرھێنان لە وڵاتە پێشکەوتووخوازەکانە و لە ساڵی (٢٠١٣)ەوە بەشێک لە بودجەی وەبەرھێنان لە پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا لە وڵاتە پێشکەوتووخوازەکان دابین دەکات. سندووقێکی تر، “کۆمپانیای بیمەی ژیانی چین(٨٨)“ە. حکومەتی چین لەم ساڵانەی دواییدا مۆڵەتی بەم کۆمپانیایە داوە تا لە بواری موڵک و ماڵی دەرەکی وەبەرھێنان بکات. بەم شێوەیە نزیکەی ١٥% لە سەرمایەی ١١.٦ ملیار دۆلاری ئەم کۆمپانیایە بۆ وەبەرھێنان لە پڕۆژەکانی تایبەت بە عەقاراتی پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا تەرخان کراوە. سێەمین سندووق، “سندووقی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی نەتەوەیی چین(٨٩)“ە. تا ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٥.٩٤% لە سەرچاوە داراییەکانی ئەم سندووقە لە بەشی دەرەکی وەبەرھێنانی پێ کراوە و پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگاش وەکوو بەشێک لە ستراتیژی ئەم سندووقە لە بەشی دەرەکی، داراییان دابین کراوە. کۆتا سندووق؛ “سندووقی ڕێگای ئاوریشم”ە کە بە سەرمایەی ٤٠ ملیار دۆلار بە شێوەی دیاریکراو و بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی ڕێی وشکانیی پشتێنە-ڕێگا لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و لەلایەن بۆرسەی ئاڵتوونی شەنگەھای بەڕێوە دەچێت. حکومەتی چین و بانکە چینییەکان خاوەن پشکی سەرەکیی ئەم سندووقەن(٩٠). ئەم سندووقە بە ئامانجی دابەشکردنی قازانج لەنێوان ھەموو وڵاتانی ئەندام لەم پڕۆژەیە و بەرزکردنەوەی گەنجینەی ئاڵتوون لە وڵاتانی کەمتر پێشکەوتووی ئەندامی ئەم پڕۆژەیە، لە بەشەکانی کانەکان، دەرھێنانی کانزا گرانبەھاکان و ھەروەھا پێشکەوتنی ژێرخانەکانی دەرھێنان؛ وەبەرھێنان دەکەن(٩١).

زۆرێک لە دامەزراوە وەبەرھێنە نێودەوڵەتییەکان، تا ئێستا بودجەی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگایان دابین کردووە کە زۆربەی ئەم دامەزراوانە بەتەنیا تەرکیزیان لەسەر دابینکردنی دارایی ڕێگای ئاوریشم نەبووە و پشتیوانی لە پڕۆژە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان دەکەن. یەکەمین دامەزراوە، “گرووپی بانکی نێودەوڵەتی”یە. بانکی جیھانی بە ئەندامێتیی ١٨٩ وڵات وەکوو دامەزراوەیەکی دارایی نێودەوڵەتی ناسراوە، تا ساڵی ٢٠١٨ ھاوکاریی زۆری لە دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا وەکوو پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی کردووە. بە پێی ئامارەکان، ئەم بانکە تا ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٨٠ ملیار دۆلار لە بواری پڕۆژە ژێرخانەکانی پشتێنە-ڕێگا وەبەرھێنانی کردووە. ئەم بانکە ھەروەھا لەگەڵ بانکی “وەبەرھێنانی ژێرخانی ئاسیایی” لە پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا ھاوکاریی کردووە. “بانکی پێشکەوتنی ژێرخانی ئاسیا(٩٢)” وەکوو پشتیوانێکی تری پڕۆژەکانی ڕێگای ئاوریشمی نوێ دادەنرێت کە لە ساڵی ٢٠١٥ بە سەرمایەیەکی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار دامەزراوە. ئەم بانکە بە ٥٧ ئەندام دەستی بە کارەکانی کرد و تا ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ١٠٠ وڵات بوون بە ئەندامی ئەم بانکە. بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم بانکە لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن وڵاتی چین داڕێژرا و لە ساڵی ٢٠١٤ لە یەکەم ھەنگاو ئەم دامەزراوەیە لەگەڵ ناوەندی نێودەوڵەتیی بۆرسەی پشک ڕێککەوتننامەیەکی واژۆ کرد و دوای ئەوە بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی، ئەفەریقی و ئاسیا ڕێککەوتننامەیەکیان لەگەڵ ئەم بانکە واژۆ کرد. بە پێی ڕاپۆرتی بانکی وەبەرھێنانی ژێرخانی ئاسیا، ئاسیا پێویستی بە ٢٦ ترلیۆن دۆلار وەبەرھێنانە لە ژێرخانیدا(٩٣). ئەم بانکە بە ئەندامێتیی ٦٧ خاوەن پشکی نەتەوەیی و بە پێشڕەویی حکومەتی چین، جەخت لەسەر وەبەرھێنان لە وڵاتانی پێشکەوتووخواز دەکاتەوە و بەم ھۆکارەوە لە دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا  لە وڵاتانی ئاسیا بەشداریی کردووە. سەرەکیترین خاوەن پشکەکانی ئەم بانکە، چین، ھیند و ڕووسیان. ئێرانیش یەکێکە لە ئەندامانی ئەم بانکە. بانکی ناوبراو تا ساڵی ٢٠١٩ لە ١٨ وڵاتی ئەندام، ٤٥ پڕۆژەی بە بەھای ٨.٥ ملیار دۆلار پەسەند کردووە. ئەم پڕۆژانە بریتین لە: ٢١٠ ملیۆن دۆلار وزەی خۆر لە میسڕ، پڕۆژەی ٣٢٩ ملیۆن دۆلاری دروستکردنی ڕێگا لە ھیند، پڕۆژەی ١٦٥ ملیۆن دۆلاری بنکەی بەرھەمھێنانی وزە لە ھەوا لە بەنگلادیش و… ھتد(٩٤). بانکی پێشکەوتنی نوێ(٩٥) کە پێشتر بە ناوی بانکی بریکس دەناسرا، لەلایەن وڵاتانی بەڕازیل، چین، ھیند، ڕووسیا و ئەفەریقای باشوور بە ئامانجی وەبەرھێنان لە وڵاتانی ئەندام لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزرا. لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم بانکە ھەندێ وەبەرھێنانی لە پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا جێبەجێ کردووە، ھەر چەندە بڕی دیاریکراوی ئەم وەبەرھێنانە نادیارە(٩٦). لەنێوان ئەم ھەموو کەناڵە داراییە، دوو دامەزرازوەی بانکی وەبەرھێنانی ژێرخانی ئاسیایی(٩٧) و سندووقی ڕێگای ئاوریشم(٩٨) وەکوو گرنگترین ئامرازەکانی دابینکەری دارایی پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا ناسراون.

بارودۆخی پڕۆژەکانی ڕێگای ئاوریشمی نوێ

لە مەودای نێوان ساڵەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩، نزیکەی سێ ھەزار پڕۆژە لە چوارچێوەی داھێنانی پشتێنە-ڕێگا لە بوارە جیاوازەکانی دروستکردنی ڕێگا، وزە، پەیوەندییەکان و ژێرخانەکان بە بەھای نزیکەی چوار ترلیۆن دۆلار دەستی پێ کردووە، بەڵام بەشی ھەموو بوارەکان یەکسان نییە. بەتەنیشت گواستنەوەوە، ڕێگای ئاوریشمی نوێ؛ تۆڕی بەرفراوانی وزە کە بریتین لە بۆرییەکانی نەوت و غاز لەخۆ دەگرێت. لە لایەکی ترەوە گەرەنتیی پاراستنی ئەم تۆڕانە پێویستی بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی نێوان ھێزی سیاسی و سەربازیی پاراستنی وڵاتانی ڕێی ئاوریشمی نوێ دەبێت. بەم ھۆکارە، زۆرترین وەبەرھێنان لەم بوارەدا دەبێت(٩٩).

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانیی چین لە ساڵی ٢٠١٨، کۆی گشتیی بازرگانیی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەندامانی پشتێنە-ڕێگا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لە پێنج ترلیۆن دۆلار تێپەڕی کردووە و گەشەی ساڵانەی ئابووریی ئەندامانی ئەم پڕۆژەیە ١.١% بووە. لەم ماوەیەدا وەبەرھێنانی ڕاستەوخۆی چین لە وڵاتانی ئەندامی ئەم پڕۆژەیە، ساڵانە ٧.٢% گەشەی بەخۆوە بینیوە. ھەروەھا تا ساڵی ٢٠١٨، ھەشت ناوچەی ھاوکاریی ئابووری و بازرگانی لە دەرەوەی چین بە قەبارەی وەبەرھێنانی نزیکەی ٢٨.٩ ملیار دۆلار لە وڵاتانی ئەندامی پشتێنە-ڕێگا دروست کراوە(١٠٠). ھەروەھا بە پێی ئامارەکان زیاتر لە دوو ھەزار پڕۆژە لە کۆی پڕۆژەکانی ئەم گەورەپڕۆژەیە تا ساڵی ٢٠١٩ لە بوارە جیاوازەکانی پشتێنە-ڕێگا بەردەوامن و تەنیا ٦٦٦ پڕۆژە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩ تەواو بوون. ٢٩ پڕۆژە لەنێوان ٢٩٦٥، لە کاتی خۆیان دوا کەوتوون. ٤٣ پڕۆژە وەستێنراون و تەنیا شەش پڕۆژە بە شێوەی تەواو ھەڵوەشێنراونەتەوە. بە شێوەی گشتی لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩، پشتێنە-ڕێگا وەکوو گرنگترین پڕۆژە لە ئابووریی سیاسیی جیھانی ناسراوە. ھەشتا ناوچەی تایبەتی ئابووری و پارکە پیشەسازییە پێشکەوتووەکان، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە یان دروست کراون یان لە دروستبووندان و ھەزاران ھەلی کار لە وڵاتانی میوان دروست بووە. ھەروەھا ئەم پڕۆژەیە بە ھۆی جەختکردنەوە لەسەر پێشکەوتنی ژێرخانی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی جیھانيی ئێستا و خستنەڕووی ڕێڕەوە جێگر و نوێیەکان، کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووریی جیھانیش دەبێت. لە کاریگەرییەکانی تری ئەم پڕۆژەیە، دەتوانین ئاماژە بۆ دروستکردنی ١٢٠٠ ڕێڕەوی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی نوێ و واژۆکردنی ١٨ ڕێککەوتنی لە بوارەکانی ئاسانکاری لە بواری گواستنەوەی ئابووریی وڵاتانی ئەندام بکەین.

ڕێکارەکانی وەبەرھێنان لە پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا

بازرگانیی چین لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا، گەشەیەکی چەند ملیاریی ھەبووە و کۆی گشتیی لە ساڵی ٢٠١٩  گەیشتووەتە ١.٣٤ ترلیۆن دۆلار و قەبارەی گشتیی بازرگانیی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٤.٦ ترلیۆن دۆلار بووە(١٠١). زۆرترین قەبارەی وەبەرھێنانی چین لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، لە ساڵەکانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. بەڵام ئەم ڕێژەی وەبەرھێنانە لە ساڵی ٢٠١٨ بە دروستکردنی ھەندێک شک و گومان لە بارەی سوودەکانی وەبەرھێنانی دەرەکیی چین، نزمبوونەوەی بەخۆوە بینی و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش لە ساڵی ٢٠٢٠ بەردەوامیی بەم نزمبوونەوەیە بەخشی(١٠٢). ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩ نزیکەی ٤٢٥ ملیار دۆلار خەرجیی بنیاتنانی لە درەوەی سنوورەکانی ھەبووە کە لەم بڕە، ٦٧ ملیار دۆلاری تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩ بووە. قەبارەی وەبەرھێنانی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی سنووری خۆی، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ کەمتر لە شەش ملیار دۆلار بووە.

وەبەرھێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکیی چین و ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە بواری بنیاتنان، دوو شێوەی سەرەکیی وەبەرھێنانی چین لە وڵاتانی ئەندامی پشتێنە-ڕێگایە. بەھای گشتیی وەبەرھێنان و ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە بنیاتنانی چین لە وڵاتانی پشتێنە-ڕێگا، لە مەودای ساڵەکانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ دەگاتە ٥٧٣ ملیار دۆلار. وەبەرھێنانەکانی تایبەت بە بەشی وزە؛ ٣٧.٦% و وەبەرھێنانەکانی تایبەت بە بەشی گواستنەوە؛ نزیکەی ٣٠% لە کۆی قەبارەی وەبەرھێنانەکانیان گرتووە(١٠٣). ھەروەھا ٥٩%ی پڕۆژەکانی ئەم گەورەپڕۆژەیە لە سێپتەمبەری ٢٠٢٠ەوە تایبەت بە دامەزراوە حکومییەکانە. کەرتی تایبەتيش ٢٦%ی بەخۆوە تەرخان کردووە. ماوەی پڕۆژەکانی تریش وەکوو پیشەی گشتی و تایبەت پێناسە دەکرێن(١٠٤).

پەکین ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە نزیکەی ٢٠% لە پڕۆژەکانی پشتێنە-ڕێگا، کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییی کۆڤید ١٩. چین ھەروەھا ھەندێک لە بەرنامەکانی دوای ھەوڵەکانی چەند وڵات بۆ وردبینی، ڕەفز یان کەمکردنەوەی پابەندییەکان، بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکان لە بارەی خەرجییەکان، داڕمانی حکومی و گەندەڵی، کەم کردووەتەوە(١٠٥). بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زۆربەی بەشەکان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ کەمبوونەوەی وەبەرھێنانیان بەخۆوە بینیوە. زۆرترین کەمبوونەوەش تایبەت بووە بە بەشی وزە کە لە ١٩.٧ ملیار دۆلار لە نیوەی یەکەمی ٢٠١٩ بۆ  ٨.٨ ملیار دۆلار لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٠ دابەزیوە. لە ئەنجامدا ئەوە ئابووریی چینە کە دیاریی دەکات پڕۆژەکانی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، تا چ کات و بە چ شێوەیەک بەردەوام دەبن. گەنجینە دەرەکییەکانی چین لە زەمەنی بەڕێخستی پشتێنە-ڕێگا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ڕووبەڕووی زۆربوونی خەرجییەکان و کەمبوونەوەی داھات لە ناوخۆ بووەتەوە. تەنانەت پێش بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا، ھەندێک ئاماژەی تایبەت بەم بارودۆخە دەبینرا.

نەبوونی شەفافیەت و تەڵەی قەرز

بێگومان گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ پێشھاتی گەورە و قووڵی بۆ ئابووریی جیھان و بەرزکردنەوەی مامەڵەی نێودەوڵەتی ھەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گەورەپڕۆژەیە لایەنی نەرێنیی جێ مشتومڕی ھەیە لە بوارەکانی ئابووری، بە ھۆکاری دابینکردنی بودجەی دامەزراوە پیسکەرەکان (کارگەکانی تایبەت بە کانەخەڵووزەکان) و کەمکردنەوە ناشەفافەکان کە لە سوودی کۆمپانیا چینییەکانە و گواستنەوەی ناچاری دانیشتووان بۆ دروستکردنی ژێرخانە نوێیەکان. نەبوونی شەفافیەت لە ناوەرۆکی ڕێککەوتننامەکان، ھەندێک ڕاپۆرتی گەندەڵی لە بەشی دارایی و لیستی پڕۆژەکان بەگشتی، ناڕوونی و گومانەکان لەسەر بەرەوپێشبردنی ئەم پڕۆژەیە چەندقات دەکەنەوە. لە ڕاستیدا بنیاتنانی پڕۆژە گەورە ژێرخانییەکان ھاوتەریبە لەگەڵ ناشەفافی و بەرپرسیارێتیی کەم. جیا لەوەش، بانکی پێشکەوتنی چین و بانکی ھەناردە و ھاوردەی چین زیاد لە دوو ھێندەی دارایی بانکە گەورەکانی پێشکەوتنی چەند لایەنەی کە پشتیوانیی ڕۆژئاوایان ھەیە، گەشەیان کردووە و زیاتر پێشینە بە وڵاتە پێشکەوتووخوازەکان دەدەن(١٠٦). زۆرترینی ئەو پڕۆژانەی پێشینەیان وەرگرتووە، دوای ھەڵبژاردنی بەڵێندەرەکان بڵاو دەکرێنەوە و مەرجەکانی پێدانی پێشینە زۆر بەکەمی بڵاو دەکرێتەوە. بە پێچەوانەی ڕۆژئاواییەکان کە مەرجی قورسیان (وەکوو سەروەریی یاسا، دادگای بێلایەن و شەفافیەت) بۆ داواکارانی پێشینە بڵاو دەکەنەوە، پەکین بێ سەپاندنی قورسایی لەگەڵ ھاوبەشەکانی بەو شێوەیە کە ھەن کار دەکەن. لە ئەنجامدا پەکین بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان، بە ئازادییەکی زیاتر لە ھەر لایەک کە بیەوێت؛ وەبەرھێنان دەکات. بە شێوازێکی تر، ھەلی زیاتر و بەربەستی کەمتر، لەگەڵ باڵادەستبوون ھاوتەریبە، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک ئاسیای ناوەڕاست کە ڕکابەرییەکان لەسەر ساغکردنەوەی کاڵا چینییەکان توندتر بوون. بەڵام پەکین دەیەوێت دڵنیا بێتەوە کە کۆمپانیا و کرێکارە چینییەکان لە سوودەکانی ئەم وەبەرھێنانە بەشدار بن.

دواتر، کۆمپانیا چینییەکان لە وێستگەکانی سیاسەتدانان ڕۆڵێکی کاریگەرتریان ھەیە بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی حکومەتی چین. ھەر چەند کە حکومەتی چین و خودی شی جین پینگ بوون کە پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێیان داڕشت، بەڵام ئەوە کۆمپانیا چینییەکانن کە ئەم مێگاپڕۆژەیە بەڕێوە دەبەن.

ئەوان خاوەنی پەیوەندیی لۆکاڵیی قووڵتر، پسپۆڕی تەکنیکیی زیاتر و ستافی زیاترن لە وڵاتانی وەرگردا. ئەوان تەنانەت لەو کاتانەدا کە باڵوێزخانەی چین فەرمانیان پێ دەکات کە کارێک نەکەن، پێشنیاری خۆیان دەدەن و خواستەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن(١٠٧). لە ڕاستیدا ئەوان بەزیرەکییەوە لە درزەکانی نێوان وەزارەتخانەکانی چین وەبەرھێنان دەکەن. وەزارەتی بازرگانی، وەزارەتی کاروباری دەرەوە و وەزارەتی دارایی چین، ھەر کامەیان بەرپرسیارێتییەکی لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە لە ئەستۆدایە. ھەروەھا بۆ باشترکردنی ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتخانەکان و ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکانی چین و کۆمپانیاکان، چەند گرووپێک دامەزراوە(١٠٨). ھەروەھا ئاژانسی ھاوکاریی نێودەوڵەتیی پێشکەوتنی چین(CIDCA)  لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزراوە. لەگەڵ ئەوەدا ھێشتا نەبوونی ھەماھەنگی بەدی دەکرێت.

بەڵام گرنگتر لەمانە، نەبوونی شەفافیەتە لە میکانیزمی چۆنیەتیی گێڕانەوەی قەرزە قورسەکانی وڵاتانی سەر ڕێگای ھاوریشی نوێیە بۆ چین و ئەم بابەتەش بووەتە پێشەکییەک بۆ دروستبوونی دپلۆماسیی “تەڵەی قەرز”(١٠٩). لە ڕاستیدا قورسترین تۆمەت ئەوەیە کە وڵاتانی سەر ڕێگای ئاوریشمی نوێی تووشی قەرز کردووە و بەم شێوەیە ئەوان گرێ دەدات بە خاوەن قەرزە چینییەکانەوە. لەگەڵ نەبوونی شەفافیەت لە ناوەرۆکی ڕێککەوتننامەکان، ھەندێک ڕاپۆرت لەسەر گەندەڵی لە بەشەکانی دارایی، لیستی پڕۆژەکان، شێوازی گەڕاندنەوەی قەرزەکان و گرنگتر لە ھەمووان قەرزە قورسەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەم پڕۆژەیە لە چین کە بە دپلۆماسیی تەڵەی قەرز ناسراوە، دەکرێت نموونەی ئەو ڕەخنانە بن کە لەم پڕۆژەیە و لە ئامانجە شاراوەکانی چین دەگیرێن. ئەم دپلۆماسییە ئاماژە بۆ بارودۆخێک دەکات کە تیایدا وڵاتە پێشکەوتووخوازەکان و پێشینە وەرگرەکان لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکوو چین، توانای گەڕاندنەوەی قەرزە درێژمەوداکانیان نییە و لە بەرانبەردا ناچارن بەشێک لە وڵاتەکەیان بەکرێ بدەن بە خاوەن قەرز، ئەنجامەکەشی نەمان یان لانی کەم عەیبدارکردنی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەیە. بۆ نموونە وڵاتانی وەکوو ماڵدیڤ، پاکستان و مالیزیا دوای کێشەکانی حکومەتی سریلانکا کە توانای پێدانەوەی ئەو قەرزانەی نەبوو کە بەرھەمی ئەو پێشینانە بوو کە وڵاتی چین لە چوارچێوەی پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا پێی دابوو، لە ئەنجامدا بە پێدانی یەکێک لە بەندەرەکانی خۆی بە وڵاتی چین، چالاکییەکانی خۆی لەم پڕۆژەیەدا سنووردار کرد. نموونەی ئەم دپلۆمیاسییە، دەتوانین ئاماژە بە سریلانکا، بەندەری ھانبانتوتا(١١٠) بکەین کە بەرپرسانی کۆلۆمبۆ ناچار کران ئەم بەندەرە تەسلیمی کۆمپانیای حکومیی چینی چاینامێرچانتس(١١١) بە پێی گرێبەستێکی کرێی ٩٩ ساڵە بکەن(١١٢).

دپلۆماسیی قەرز دەکرێت بە گرنگترین ڕەخنەی سەر گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ ئەژمار بکرێت. لە بەرانبەردا وڵاتی چین بە درێژایی دووەمین کۆڕبەندی پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا کە لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوە چوو، ئاماژەی بە پلانی جیاواز لە بارەی گەڕاندنەوەی قەرزەکان کرد کە ھاوشێوەی بەرنامەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیھانییە، بە ئامانجی  زیادکردنی شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ژێرخانی سەوز لە پێناو پاراستنی ژینگە و ھەروەھا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە(١١٣). دیارە کە ڕێژەی سەرکەوتنی چین لە بەڕێوەبردنی قەیران و بەجێگەیاندنی بەڵێنەکان، بە تێپەڕبوونی کات دیاری دەکرێت.

ئەنجام

لە لایەکەوە وا دیارە کە ڕێگای ئاوریشمی نوێ تەنیا چەند پڕۆژەیەکی گواستنەوە، وزە و پەیوەندییەکانە کە خەونی پەکین بۆ خستنەسەرپێی سیستمی نوێی ئابووری بەدی دەھێنێت. پەکین بەشوێن پاراستنی ئاسایشی وزەیە لە ڕێی باڵادەستبوونی بەسەر بەشێک لە ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە و دۆزینەوەی ڕێڕەوی نوێی گواستنەوەی وزە و بەشداریکردنی لە ناوچە نەوتییەکانە. لەم دەرچەیەوە ڕێڕەوی ڕێگای ئاوریشمیی نوێ ھەوڵێکی ڕێبەرانەی چینە بۆ ڕێگریکردن لە داخستنی ڕێرەوەکانی گواستنەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانەکانیەتی لە ئەگەری ڕوودانی گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. لە لایەکی ترەوە بە وەبەرھێنان لە ژێرخانی وڵاتانی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، چین ھەوڵی قووڵکردنەوەی بازرگانی دەدات لەگەڵیان، بە ئامانجی پاراستنی گەشەی ئابووریی خۆی. بە شێوازێکی تر: ئەگەر یەکەمین ئامانج دابینکردنی خواستی وزەی چین کە ڕۆژبەڕۆژ گەشە دەکات، لەنێوان نائارامییەکان بێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوین، دووەمیان بۆ دۆزینەوەی شوێنی ھەناردەی زیادە بۆ کاڵا چینییەکان دەگەڕێتەوە بە شێوەیەک کە پەکین بە بەکارھێنانی سەرمایەی وەستاو، سەودای دۆزینەوەی بازاڕی نوێی لە سەردایە. کۆمپانیا چینییەکان، بەتایبەت ئەوانەیان بەشداری پڕۆژە ژێرخانییەکانن، گرفتی بەرھەمھێنانی زیاد لە پێویستیان ھەیە. لەم ڕووەوە ڕێگای ئاوریشمی نوێ مەجالێکە بۆ ساغکردنەوەی زیادەی بەرھەم و چارەسەری کێشەی گونجانی زۆریی پیشەسازیی کۆنکرێت و ئاسن و بیناسازییە لە ڕێگەی فراوانکردنی پڕۆژەکانی بنیاتنان لەسەر ڕێگای ئاوریشمی نوێ. ھەروەھا چین ئەم پڕۆژەیەی بە ئامانجی نوێکردنەوەی ناوچە کەمتر گەشەسەندووەکانی ڕۆژئاوای خۆی بەتایبەت سین کیانگ و دابینکردنی گەشەی یەکسان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە جوداخواز و ئاژاوەگێڕەکانی ئەو ناوچەیە.

پێشکەوتنی یەکسانی ھەموو ناوچەکانی وڵات و چارەسەری پێشنەکەوتن، دەبێتە ھۆی ئارامی و ئاسایش لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوا و ھەروەھا سەرکەوتن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاژاوەگێڕی. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئەم فراوانبوونی بازرگانی و گواستنەوە لە ڕێی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، ئامرازێکی سادە دەبێت بۆ کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی بەرھەمھێنانی زیاد لە پێویست لە ناوەوەی چین. بێگومان بە ڕێگای ئاوریشمی نوێ، سیستمی ئابووریی جیھان سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە و وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەخاتە سەر ھێڵی ئابووریی خۆیەوە. بە شێوازێکی تر: پەکین سەودای قووڵبوونەوەی پێشکەوتنی پڕۆژەی عەولەمەی بە شێوازی چینی لە سەردایە، چونکە ڕێبەرانی چین باش دەزانن کە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دووبارە داڕشتنەوەی ئابووریی جیھانی و قبووڵکردنی پەکین وەکوو سەنتەری نوێی سەرمایەداری و عەولەمە لە ڕێی جیۆئیکۆنۆمییە. ڕێگای ئاوریشمی نوێ مێگا پڕۆژەیەکە زۆر گەورەتر لە چەند وەبەرھێنانێکی ژێرخانی و لە بەرانبەردا ئامرازێکی جیۆئیکۆنۆمی بۆ دروستکردنی سیستمی نوێی جیھانی لەسەر مۆدێلی حکومی و دامەزراوە داراییە چینییەکانە. وا دێتە پێش چاو کە بە بەڕێخستنی ئەم گەورەپڕۆژەیە، ھەموو ڕێگا ئابوورییەکان بۆ پەکین دەگەڕێنەوە.

بەم حاڵەوە، ئەم تێڕوانینە ھەڵە دەبێت کە پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا تەنیا پڕۆژەیەکی ئابوورییە (بەو شێوەیەی کە بەرپرسانی چین جەختی لەسەر دەکەنەوە)، لە بەرانبەردا ڕێگای ئاوریشم پڕۆژەیەکی جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیژە بۆ خستنی ھێزی ئەمەریکا و جێگرتنەوەی لەلایەن چین. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ھێزی جیۆئیکۆنۆمی توانای وەرگێڕانی ھەیە بۆ ھێزی جیۆپۆلەتیک. لە لایەکەوە چالاکییە ئابوورییەکانی چین بە مەبەستی دابەزاندنی ھەژموونی دۆلاری ئەمەریکا و جێگرتنەوەی لەلایەن یوانی چین وەکوو باشترین دراوی جیھانییە. ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە دەبێـتە ھۆی کەمکردنەوەی دەستڕۆیشتوویی ئەمەریکا و دژایەتیکردنی جیھانی یەک جەمسەری و دروستکردنی سیستمێکی نویێ جیھانی بە ڕێبەرایەتیی چین. بە دیوێکی تر: ھەوڵدان بۆ سەنتەربوونی جیھانی ئابووری، پێشھاتی قووڵی جیۆپۆلەتیکیی بەدوادا دێت. لەم دەرچەیەوە ڕێگای ئاوریشمی نوێ تەنیا پێرستێک لە پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری-بازرگانی نییە، بەڵکوو مێگا پڕۆژەی پەکین بۆ زاڵبوون بەسەر ئۆراسیا و زەریای ھیندییە. لەم نێوەندەدا پەکین تا ئاستێکی زۆر خۆی گرتووە، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا نە سەرچاوە و نە ئیرادەیەکی سیاسی بۆ زاڵبوون بەسەر ئۆراسیا و زەریا ھیندیدا نییە. لەم ڕووەوە بەرپرسانی چینی چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە کە ڕێکاری “بەرەو ڕۆژئاوا” و گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ ئەگەری پێکەوەیی بردنەوە-بردنەوە لەگەڵ  یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیایی ڕووسیا و “پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ”ی ئەمەریکا فەراھەم دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا چین سەرەنجام لەژێر فشاری ھەمەلایەنە و کێبەرکێی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەمەریکا کە ڕۆژبەڕۆژ لە گەشەدایە، ناچار دەبێت سەیرێکی جیھان و ئەمەریکا بکات، ھەر بەو شێوەیەی کە ئەمەریکا سەیری چین دەکات، لە دەرچەی جیۆپۆلەتیکەوە. بەم شێوەیە ڕێگای ئاوریشمی نوێ نمایشی ھێزی چین لە دەرەوەی سنوور و خواستەکانی ئەم وڵاتە بۆ بوون بە زلھێزە لە ڕێگەی گەیشتن بە ھەژموونی مێژوویی چین لە ئۆراسیا و زەریای ھیندی. پێشھاتەکانی زاڵبوون بەسەر ئۆراسیا، زاڵبوون بەسەر دوورگەی جیھانی و زەریاکانی دەوروبەر لە  ئەنجامی بەڕێخستنی گەورەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ و ھەستانەوەی سیستمی جیھانیی نوێ بە ڕێبەرایەتیی پەکین دەبێت. بەکورتی: ھەوڵەکانی پەکین بۆ بەڕێخستن و بەرەوپێشبردنی ڕێگای ئاوریشمی نوێ لە ڕواڵەتدا بە کێبەرکێی پەکین-واشنتۆن لە بواری ئابووری ئەژمار دەکرێت. بەڵام ئەگەر قووڵتر بڕوانین، ڕێگای ئاوریشمی نوێ شەڕی جیۆپۆلەتیکیی نێوان چین و ئەمەریکا بۆ زاڵبوون بەسەر جیھانی سەدەی بیست و یەکە. بە شێوەیەکی تر: پڕۆژەی پشتێنە-ڕێگا ھەوڵێکە لەلایەن پەکینەوە بۆ پێکەوەژیانی ئاسیا و ئەورووپا لە سیستمی جیھانیی نوێی دڵخوازی چین کە تیایدا چین لە سەرەوەی ئەو سیستمە بێت. لە ئەنجامدا چین بە ھەوڵێکی نۆرمانەی بۆ گۆڕینی باشتری جیھان، بە ئەگەر و خواست و نۆرمە خودییەکانی خۆی دەبینێت. خاڵی کۆتایی ئەم ھەنگاوە، ھەستانەوەی کۆمەڵگا بە چارەنووسێکی ھاوبەش دەبێت.

[1]  بە هۆی درێژی و ناپێویستیی بەشێك لە ناوەرۆك، چەند تەوەرێكی توێژینەوەكە وەرگێڕانی بۆ نەكراوە. بۆ خوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەكە و هەروەها لیستی سەرچاوەكان، دەتوانن سەردانەی ماڵپەڕی “سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی” بكەن.

ژمارە دوانزه‌ی (١٢)ی ئازاری ٢٠٢٢ی گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend