• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 18, 2023

حکومەتی ئەلیکترۆنی؛ تاقیکردنەوە سەختەکەی حکومەتی هەرێم

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد

بەرایی

مانگی تەممووزی 2019، پەرلەمانی کوردستان متمانەی بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا. یەکێک لەو خاڵە دیارانەی کابینەی نۆیەم گرنگیی بەرچاوی پێ دا و بەڵێنی دا کاری بۆ بکات، بەئەلکترۆنیکردنی حکومەت، دامەزراوە و کاروبارەکانی حکومەت بوو. پڕۆسەکە لە کابینەی هەشتەم ڕاگەیەنرا و کارەکانیشی لە وەزارەتی نێوخۆوە دەستیان پێ کرد. بە هۆی نەبوونی ئەزموون و ژێرخانی تەکنەلۆژیی بەهێز، بەئەلکترۆنیکردنی حکومەت پڕۆسەیەکی سەخت و دژوارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەرەڕای سەرجەم کەموکوڕییەکان، پڕۆسەکە بەردەوامیی هەیە و حکومەت سوورە لە سەر سەرخستنی. پسپۆڕ و شارەزایانی ئەم بوارە پێییان وایە ئەگەر ویستی جددی هەبێت و هەنگاوی پێویست بنرێن، دەتوانرێت پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتی هەرێم سەر بخرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، چەند هەنگاوێک دەخەنە ڕوو کە گرنگترینیان بریتییە لە دەرکردنی یاسای تایبەت لە پەرلەمان بۆ ئەم بوارە، بەرزکردنەوەی توانا ماددی، مرۆیی و تەکنۆلۆژییەکان و دڵنیایی دان بە هاوڵاتییان کە ئەم پڕۆسەیە بۆ خێراکردن و باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەیە کە لە ئایندەدا پێشکەشیان دەکرێت، نەک کۆنترۆڵکردن و دەستخستنە نێو ژیانی تایبەتیان.

حکومەتی ئەلیکترۆنی؛ بەرەو تاقیکردنەوە سەختەکە

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە دڵنیایی ئەوەی دا کە لە چوار ساڵی ئایندەدا پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی حکومەت بەئەنجام دەگەیەنێت و سەری دەخات. لە خاڵی دووەمی بەشی چاکسازیی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کار دەکرێت بۆ نەهێشتنی ڕۆتین، خێراکردنی ڕاپەراندنی ئیشوکاری هاوڵاتییان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەکاندا. بە کردەوە هەوڵ دەدرێت بۆ بەخزمەتگوزارکردنی دامەزراوە حکومییەکان لە ئاست هاوڵاتییاندا. لە پەیوەندی بەم بابەتەوە، هەر چی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان دەدرێت. لە خاڵی چواردەیەمی بەشی خزمەتگوزارییەکانی کارنامەکەشدا باس لەوە کراوە بەئەلکترۆنیکردنی کاروباری حکومەت (حکومەتی ئەلکترۆنی)، چ لە ئاست کاروباری ناوخۆی حکومەت و چ لە ئاست پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان بۆ هاوڵاتییان، لە ئەرکە لەپێشینەییەکانماندا دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگە لە ڕۆتین، بەهەدەردانی سامانی گشتی و کاتی هاوڵاتییان و دامەزراوەکان دەگیرێت و کواڵتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێنەوە.

کابینەی نۆیەم فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی کردووەتە کۆڵەکەی سەرەکی و بەرپرسی بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گواستنەوە لە قۆناغی کاغەزەوە بۆ بەئەلکترۆنیکردنی حکومەت و کاروبارەکانی. ڕۆژی 4ی ئەیلوولی 2022، مەسروور بارزانی؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی (DIT) حکومەتی کرد، بۆ یەکەم جار دەیتاسەنتەری ناوەندیی حکومەتی بە فەرمی کردەوە، کە بە پێی زانیارییەکانی حکومەت ناوەندێکی گرنگی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی حکومەت، هاوڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە، سیستمەکە سیستمێکی زانیارییە بە شێوەیەکی دیجیتاڵیی پێشکەوتوو و پارێزراو کار دەکات و یارمەتییەکی زۆری دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات تا بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی هاوڵاتییان بکەن.

هەر لە چوارچێوەی پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی حکومەت، لە مانگی ئازاری 2022دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات واژوو کرد لە بارەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتداری. بە پێی لێکتێگەیشتی هەردوو لا، ئیمارات هاوکاریی هەرێم دەکات لە پێشخستنی کاروبارەکانی حکومەت، برەودان بە توانا مرۆیی و دامودەزگاکانی حکومەت و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلکترۆنی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.

لە دوایین هەنگاویشدا، کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین سیستمی دیجیتاڵیی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکانی ڕاگەیاند. بە پێی ڕاگەیەنراوی حکومەت، ئەم سیستمە ڕێگەچارەیەکی تازەگەرانەیە بۆ ڕێکخستنی هاتنەژوور و چوونەدەری گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان. سیستمەکە پێک هاتووە لە چەندین سیستم و ئامرازی دیکە کە بەیەکەوە بەستراونەتەوە بۆ بەناوەندکردن و ئاسانکردنی پڕۆسەکە، هەروەها بەردەستکردنی ڕێگەچارەیەکی کرداری بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەشتیاران لە هەموو جیهان. سیستمەکە بە تەواوی لە لایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیارییەوە دروست کراوە، بە جۆرێک کە وا کۆمەڵێک تایبەتمەندیی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت کە بەیەکەوە کار دەکەن و یەکتر تەواو دەکەن. سیستمی کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکان کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پێک هاتووە لە ١٦ سیستمی پێکەوەبەستراو، پێنج لەم سیستمانە ڕووکاریان هەیە و لە لایەن چەند ستاف و بەکارهێنەری جیاوازەوە بەکار دەهێنرێن و ١١ سیستمیش هیچ ڕووکارێکیان بۆ بەکارهێنەر نییە و وەک پاڵپشت بۆ ئەو سیستمانەی دیکە کار دەکەن. له‌ پۆرتاڵی فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڤیزەی ئەلکترۆنی، بەڕێوەبردنی پڕۆسەی داواکاریی ڤیزە بە تەواوی لە ژینگەیەکی ئۆنلاینی مۆدێرندا ئەنجام ده‌درێت، لەوانەش پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزە و بەڵگەنامەی پشتگیری. هەروەها پارەدان بەدیجیتاڵی کراوە و بڕیاردان لە سەر داواکارییەکەش بە هەمان شێوە بە ئۆنلاین ڕادەگەینرێت. ڤیزەی ئەلکترۆنی دەبێتە هۆی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و بازرگانی، سیستماتیککردنی پۆلێنی ڤیزە، کەمکردنەوەی تێچووی کارگێڕی، زیادکردنی شەفافیەت و دروستکردنی دەیتابەیسێک بۆ حکومەتی هەرێم. پڕۆسەی بایۆمەترییش کە لە لایەن قوباد تاڵەبانی؛ جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و کۆڵەکەی سەرەکیی بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتە، چەند ساڵێکە دەستی پێ کردووە و بەشێکی زۆری کارەکانیشی تەواو بوون کە دەستی حکومەتی بۆ بەئەلکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی و دیاریکردنی ناسنامەی وردی فەرمانبەرانی کردەوە، کە یەکێک لە ئامانجەکانی دیاریکردنی فەرمانبەری ڕاستەقینە و پاککردنەوەی دامەزراوەکان بوون لە فەرمانبەری ناڕاست و وەهمی. وەک لە پۆرتاڵی خزمەتدا هاتووە، بایۆمەتری تۆمارکردنی هەموو مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە تۆماری بایۆمەتری، دەیتای دروست و بناغەیەکی پتەو بەردەستی حکومەت دەکات بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنەوەی خەرجیی گشتی، باشتر بەڕێوەبردنی دامودەزگاکان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە مووچە بە شێوەیەکی ئاسانتر.

 

زیرەککردنی حکومەت

پڕۆسەی زیرەککردنی حکومەت و بەئەلکترۆنیکردنی لە کابینەی نۆیەمدا، پێ دەنێتە ساڵی چوارەم. سەرەڕای سەختی و گرفتە گەورەکانی بەردەم پڕۆسەکە کە دیارترینیان قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بەڵام هێشتا کابینەی نۆیەم سوورە لە سەر ئەوەی پڕۆسەکە سەر بخات.

د. بەختیار ئەمین؛ مامۆستا و توێژەر لە بواری تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە زانکۆی هەردسفێڵد لە بەریتانیا، لە بارەی ئەو پڕۆسەیەی لە کابینەی نۆیەمدا دەستی پێ کراوە بۆ بەئەلکترۆنیکردنی حکومەت، ئایا بەشێکە لە پڕۆسەی زیرەککردنی حکومەت یان پڕۆسەیەکی سەربەخۆ و جیاوازە؟ دەڵێت: دەکرێت بوترێت ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی ئەم کابینەیەدا ئەنجامی داوە؛ زیاتر ڕێکخستنی کاروباری چەند فەرمانگەیەکە (نەک بەئەلکترۆنیکردنی پڕۆسەکان)، چونکە سیستمەکان وەها دیزان نەکراون کە چیتر  پێویست بەوە نەکات هاوڵاتی سەردانی هیچ فەرمانگەیەک بکات بۆ جێبەجێکردنی کارەکەی، یان هەوڵ نەدراوە خێراتر خزمەتگوزارییەکان بگەن بە هاوڵاتییان. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش، دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ چەند مۆدێلێکی زانستی کە زۆربەی وڵاتانی جیهان و ئەوانەش کە ناویشیان لە “UN e-Government Development Index” هاتووە؛ پشتیان پێ بەستووە. هەڵەیەکی دیکە ئەوەیە کە زۆربەی سیستمەکان جیاواز کار دەکەن و یەکگرتوو نین (Integrated systems)، واتە سیستمەکان پێکەوە توانای کردارێکی ئەلکترۆنیی سەرکەوتوویان نییە و توانای ئاڵوگۆڕی دەیتا و زانیارییان نییە، تەنانەت وەزارەتەکانیش بە یەک سیستمی ئەلکترۆنیی یەکگرتوو کار ناکەن. بۆ نموونە: سیستمی فەرمانگەیەکی سنووری پارێزگای هەولێر بە شێوەیەک کار دەکات و لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی دیکە (هەریەکەیان کۆمپانیایەکی جیاواز دروستی کردوون یان بەڕێوەی دەبات). دەرئەنجام کارکردن بەم شێوازە سیستمانە جگە لە بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر، سوودێکی وەهایان نابێت نە بۆ هاوڵاتییان و نە بۆ حکومەتیش.

کاروان مستەفا کەریم؛ خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە ئەندازیاریی کۆمپیوتەر، پڕۆسەی حکومەتی ئەلکترۆنی دەبەستێتەوە بە بڕیاردان و پەرەپێدانی سیاسی و دەڵێت: دەبێت پڕۆسەی جێبەجێکردنی سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەم وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەوپێشبردنی توانا هەواڵگرییەکانی و هەم وەک پڕۆسەیەکی سەربەخۆ بە ئامانجی مۆدێرنکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەت سەیر بکرێت. جێبەجێکردنی حکومەتی ئەلکترۆنی دەتوانێت توانای حکومەتی هەرێم بۆ کۆکردنەوە، شیکردنەوە و هاوبەشکردنی دەیتاکان لە سەرانسەری دامودەزگاکانی حکومەتدا بەرز بکاتەوە، بەمەش توانا هەواڵگرییەکانی باشتر دەکات. بۆ نموونە: سیستمی ئەلکترۆنی دەتوانێت ئاسانکاری بۆ بەدواداچوونی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بکات و یارمەتیدەر بێت لە دیاریکردنی شێوازەکانی داواکاری و بەکارهێنان، کە دەتوانێت بڕیاردان و پەرەپێدانی سیاسەت ئاگادار بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە پڕۆسەی جێبەجێکردنی حکومەتی ئەلکترۆنی بە پلەی یەکەم ئامانجی ڕێکخستنی کارەکانی حکومەت، باشترکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، بەرزکردنەوەی شەفافیەت و لێپرسینەوەیە. ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە وەرگرتنی تەکنەلۆژیای نوێ و دووبارە ئەندازیاریی پڕۆسەکانی ئێستا بۆ باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان و بازرگانان، هەروەها باشترکردنی کارایی و کاریگەریی کارەکانی حکومەت. بۆیە لە کاتێکدا ڕەنگە هەندێک بەریەککەوتن لە نێوان ئامانجەکانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی حکومەتی ئەلکترۆنی و توانا هەواڵگرییە فراوانەکانیدا هەبێت، بەڵام دەتوانرێت پڕۆسەکە وەک هەوڵێکی سەربەخۆ و جیاواز سەیر بکرێت کە ئامانجی مۆدێرنکردنی کارەکانی حکومەت و باشترکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە.

 

ڕێگرییەکانی بەردەم حکومەتی ئەلکترۆنی

کابینەی هەشتەم و نۆیەم لە سەرخستنی پڕۆسەی حکومەتی ئەلکترۆنی ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر کەموکورتی، ڕێگری و ئاڵنگاریی سەخت بوونەتەوە، بەشێک لە ڕێگرییەکان تێپەڕێنراون و بەشێکی دیکەیان هێشتا بەردەوامن و کێشە بۆ پڕۆسەکە دروست دەکەن.

کاروان مستەفا بە چەند خاڵێک و بە شێوەیەکی ورد کەموکورتی، ڕێگری و ئاڵنگارییەکان لە پێشتر و ئایندەدا دەخاتە ڕوو. هەریەک لەم ئەگەرانە بە کراوەیی دەمێننەوە کە لەوانەیە لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی سەر هەڵبدەن.

بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری: بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری لە کاتی جێبەجێکردنی هەر سیستمێکی نوێدا، لەوانەش سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی، ئاڵنگارییەکی باو و ئاساییە. ڕەنگە فەرمانبەرانی حکومەت و هاوڵاتییان دوودڵ بن لە وەرگرتنی تەکنەلۆژیای نوێ ئەگەر ڕاهاتبن لە سەر سیستمی باوی کاغەز، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرەنگاربوونەوە و هێواش وەرگرتنی سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی، کە دەکرێت سوودە ئەگەرییەکان سنووردار بکات.

دابەشبوونی دیجیتاڵی: سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و ئامێرە دیجیتاڵییەکان هەیە، ئەمەش دەتوانێت دابەشبوونی دیجیتاڵی لە نێوان ئەو کەسانەدا دروست بکات کە دەستیان بە تەکنەلۆژیا گەیشتووە و ئەوانەی دەستیان بە تەکنەلۆژیا نەگەیشتووە، ئەمەش ئەگەر هەیە ببێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن و نەتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی حکومەت بگات. حکومەتی هەرێم پێویستە دڵنیا بێت لەوەی کە سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی بۆ هەموو هاوڵاتییان دەستڕاگەیشتن بێت، بەبێ گوێدانە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی یان شوێنی جوگرافی.

مەترسییەکانی ئاسایشی ئەلکترۆنی: سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی دەکرێت بەرەوڕووی هێرشی ئەلکترۆنی و پێشێلکردنی دەیتاکان ببێتەوە، کە دەتوانێت سازش لە سەر زانیارییە هەستیارەکان بکات و متمانەی گشتی لەناو ببات. گرنگە دڵنیا بین لەوەی کە ڕێوشوێنی بەهێزی ئاسایشی ئەلکترۆنی لە شوێنی خۆیدایە بۆ پاراستن لەم مەترسییانە. حکومەتەکان پێویستیان بە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا و پڕۆسەکانی ئاسایشی ئەلکترۆنی هەیە بۆ پاراستنی سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنیی خۆیان لە هەڕەشە ئەلکترۆنییەکان.

نەبوونی کارکردنی پێکەوەیی سیستماتیک: سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی ڕەنگە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە لایەن دەزگا جیاوازەکانی حکومەتەوە پەرەی پێ بدرێت، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کەمیی کارکردنی هاوبەش و پێکەوەبەستراو لە نێوان سیستمەکاندا، ئەمەش دەکرێت سایلۆی دەیتا، دووبارەبوونەوەی هەوڵەکان و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دەزگاکاندا دروست بکات. حکومەتەکان پێویستە دڵنیا بن لەوەی کە سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی کار دەکات و دەتوانن بە شێوەیەکی بێ کێشە لە نێوان دەزگاکاندا زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەن، بۆ ئەوەی هەوڵەکان دووبارە نەبنەوە و کارایی باشتر بکەن.

نیگەرانییەکانی پاراستنی نهێنی: سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی بڕێکی زۆر زانیاریی کەسی کۆ دەکاتەوە و هەڵیدەگرێت، ئەمەش دەکرێت نیگەرانیی پاراستنی نهێنی لای هاوڵاتییان دروست بکات. گرنگە دڵنیا بین لەوەی کە ڕێوشوێنی گونجاوی پاراستنی زانیارییەکان لە شوێنی خۆیانن بۆ پاراستنی مافی نهێنیی هاوڵاتییان. حکومەتی هەرێم پێویستی بە پەرەپێدانی سیاسەت و ڕێسایەک هەیە کە زانیاریی کەسیی هاووڵاتیان بپارێزێت و پڕۆسەی شەفاف بۆ کۆکردنەوە، هەڵگرتن و بەکارهێنانی زانیارییەکان دابنێت.

ئاڵنگاریی تەکنیکی: سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی ئاڵۆزە و پێویستی بە شارەزایی تەکنیکیی پێشکەوتوو هەیە بۆ پەرەپێدان، بڵاوکردنەوە و پاراستن، ئەمەش دەکرێت ببێتە ئاڵنگارییەک بۆ ئەو حکومەتانەی کە ڕەنگە شارەزایی تەکنیکی یان سەرچاوەی پێویستیان نەبێت. بۆیە حکومەتی هەرێم پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە لە ڕاهێنان و پەرەپێدانی شارەزایی تەکنیکی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی بە شێوەیەکی کاریگەر پەرەی پێ دەدرێت و پارێزگاریی لێ دەکرێت.

تێچوون: جێبەجێکردنی سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی دەکرێت تێچووی زۆری هەبێت، پێویستی بە وەبەرهێنانی بەرچاو لە ژێرخان، نەرمەکاڵا و ڕاهێنان هەیە. لەوانەیە حکومەتەکان پێویستیان بە هاوسەنگییەکی وردی تێچوون و سوودەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیستمانە هەبێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە کاریگەرییان لە سەر تێچوون هەیە. پێویستە سەرچاوەی ئەگەری پارەدان دەستنیشان بکەن، لەوانەش هاوبەشیی گشتی و تایبەت، بۆ پشتگیریکردن لە پەرەپێدان و پاراستنی سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی.

لێرەوە دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە لە کاتێکدا سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی دەتوانێت سوودی زۆر بهێنێتە ئاراوە، گرنگە ئاگاداری ئەو ئاڵنگاری و کەموکوڕییە ئەگەرییانە بین کە دەکرێت سەر هەڵبدەن و ستراتیژییەکان بۆ چارەسەرکردنیان دابڕێژرێت. حکومەتی هەرێم پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە لە پەرەپێدانی سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی کە پارێزراو بێت، دەستڕاگەیشتن، کارپێکراوی یەکتر و کاریگەر بێت لە ڕووی تێچوونەوە، لە هەمان کاتدا چارەسەری نیگەرانییەکانی پاراستنی نهێنیی هاوڵاتییان، پێشخستنی وەرگرتن و بەکارهێنانی ئەم سیستمانە بکات.

د. بەختیار ئەمین هۆکاری سیاسی بە ڕێگری هەرە دیار و ئاشکرا دادەنێت و ئاماژە بەوە دەکات هۆکاری سیاسی ڕێگرییەکی ئاشکرایە کە ببینە خاوەن سیستمێکی یەکگرتووی ئەلکترۆنیی سەرکەوتوو. دەکرێت بڵێین ڕێگرییەکی دیکەی بەردەم حکومەتی ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان؛ نەبوونی تۆمار و دەیتای دیجیتاڵی یان ئەلکترۆنیی هاوڵاتییانە، تاوەکوو سودیان لێ وەربگیرێت لە فەرمانگەکاندا لەگەڵ نەبوونی یاسایەکی تایبەت بەم بوارە. ئێمە لە (٢٠٠٣)ەوە  یاسایەک یان ئەلف و بێیەکی نووسراومان نییە دەربارەی حکومەتی ئەلکترۆنی، بەکارهێنان یان ئاڵوگۆڕی دەیتا و مافی بەدەستهێنانی دەیتاکان.

هەلەکان بۆ بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتی هەرێم

بە پێی بۆچوون و هەڵسەنگاندنی شارەزایانی ئەم بوارە، هاوکات لەگەڵ ڕێگری و ئاڵنگارییەکاندا، هەلی گەورە و زۆر لە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەن تاکوو بەکاریان بهێنێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتەکەی، چونکە لە ئێستادا توانا مرۆیی و تەکنۆلۆژییەکان لە هەر کاتێک زیاتر بەردەست و بەهێزترن و دەکرێت بۆ سەرختنی پڕۆسەکە سوودیان لێ وەربگیرێت.

د. بەختیار ئەمین پێی وایە ئەگەر ویستی جێبەجێکردن هەبێت، دەرفەت زۆرن کە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی حکومەتی ئەلکترۆنیی سەرکەوتوو، چونکە لەم سەدەیەدا هەم پڕۆگرامە تەکنۆلۆژییەکان بەردەستن و هەمیش توانای ماددیی و مرۆییمان زیاترە بەراورد بە ٢٠ ساڵی ڕابردوو. ئێستا زۆر وڵاتی جیهان کار بە حکومەتی ئەلکترۆنیی پێشکەوتوو (Advanced e-Government) دەکەن کە خۆی دەبینێتەوە لە پڕۆسەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای بلۆک، بۆ زیاتر پێشخستی کاروباری هاوڵاتی لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەت، فڕۆکەخانەکان، شاری زیرەک و بانکەکاندا.

کاروان مستەفا بۆ خستنەڕووی هەلەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە چەند خاڵێک چەند دەرفەتێکی ئەگەری دەخاتە ڕوو بۆ بەرزکردنەوەی توانا هەواڵگرییەکانی حکومەت و مۆدێرنکردنی کارەکانی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سیستمی حکومەتی ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان. دەرفە ئەگەرییەکانیش بریتین لە:

باشترکردنی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری: سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی دەیتا لە سەرانسەری دامەزراوە حکومییەکاندا، ئەمەش بڕیاردان و پەرەپێدانی سیاسەتەکەی کاریگەرتر دەکات.

زیادکردنی کارایی و کاریگەری: سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت دەتوانێت کارەکانی حکومەت ڕێک بخات، بیرۆکراسی و کاغەز کەم بکاتەوە، خێرایی و کواڵتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتییان و بازرگانەکانیش باشتر بکات.

بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت و لێپرسینەوە: سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت دەتوانێت شەفافیەت و لێپرسینەوە لە کارەکانی حکومەتدا باشتر بکات، ئەمەش وا دەکات هاوڵاتییان بتوانن دەستیان بە زانیاری لە سەر خزمەتگوزاری و خەرجییەکانی حکومەت بگات و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەت بکەن.

زیادبوونی بەشداریی هاوڵاتییان: سیستمی ئەلکترۆنی دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە بڕیاردانی حکومەت و پەرەپێدانی سیاسەت، ئەمەش وا دەکات هاوڵاتییان بتوانن فیدباک و زانیاری لە سەر خزمەتگوزاری و سیاسەتەکانی حکومەت بدەن.

باشترکردنی چۆنێتیی خزمەتگوزاری: سیستمی ئەلکترۆنی دەتوانێت چۆنێتیی خزمەتگوزارییە حکومییەکان باشتر بکات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی خێراتر، گونجاوتر و دەستڕاگەیشتن بە هاوڵاتییان و بازرگانەکان.

پاشەکەوتکردنی تێچوون: سیستمی ئەلکترۆنی دەتوانێت تێچووی کارەکانی حکومەت کەم بکاتەوە بە نەهێشتنی پڕۆسەکانی کاغەز، کەمکردنەوەی پێویستیی ژێرخانی فیزیکی و باشترکردنی کارایی و بەرهەمهێنان.

زیادکردنی توانای کێبڕکێ: سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت دەتوانێت توانای کێبڕکێی هەرێمی کوردستان زیاد بکات بە باشترکردنی ئاسانکاریی کاروبار و ڕاکێشانی وەبەرهێنان.

باشترکردنی وەڵامدانەوەی کارەسات: سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت دەتوانێت وەڵامدانەوەی کارەسات باشتر بکات، بە ئاسانکاری بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییەکان لە کاتی حاڵەتە فریاگوزارییەکان، چالاککردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی کاریگەرتر لە نێوان دەزگاکانی حکومەت و وەڵامدەرەوەی یەکەم.

باشترکردنی چاودێریی تەندروستی: سیستمی ئەلیکترۆنیی حکومی دەتوانێت پێشکەشکردنی چاودێریی تەندروستی باشتر بکات بە ئاسانکاری بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییە تەندروستییەکان، چالاککردنی چاودێری و وەڵامدانەوەی نەخۆش، باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستی.

باشترکردنی پەروەردە: سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە باشتر بکات بە ئاسانکاری بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان، باشترکردنی پەیوەندیی نێوان قوتابخانەکان، مامۆستایان و خوێندکاران، چالاککردنی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی کاریگەرتر بۆ دەرئەنجامەکانی پەروەردە.

توانا ماددی و مرۆییەکان؛ ڕۆحی حکومەتی ئەلکترۆنی

لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی جیهان هەوڵ دەدەن بەرەو شاری زیرەک، حکومەتی ئەلکترۆنی و زیرەککردنی دامەزراوەکانیان هەنگاو بنێن، ڕۆحی ئەم پڕۆسەیەش توانا ماددی و مرۆییەکانن، وڵاتێک چەند ویستی هەبێت بچێتە نێو ئەم پڕۆسەیەوە، بەبێ پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی توانا ماددی و مرۆییەکانی ناتوانێت سەر بکەوێت. هەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣، بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا کرایەوە و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا گۆڕانکاریی دیار لە توانا ماددی و مرۆییەکانیدا بەدی کرا. لە ئێستادا کە چەند ساڵێک بەسەر هەوڵەکانی هەرێمدا تێدەپەڕێت بۆ بەئەلکترۆنیکردنی حکومەت و دامودەزگاکانی، توانا ماددی و مرۆییەکانی تا چەند هاوکاریی دەکەن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە؟

کاروان مستەفا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە؛ باس لە گرنگیی توانا ماددی، مرۆیی و تەکنۆلۆژییەکان دەکات و پێی وایە ئەم سێ تواناییە لە ئێستادا دەتوانن یارمەتیی هەرێم بدەن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە و دەڵێت: توانا ماددی، مرۆیی و تەکنەلۆژییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە سەرکەوتنی پڕۆسەی هەنگاونان بەرەو حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک. لێرەدا تێڕوانینێکی گشتی دەخەینە ڕوو، کە چۆن هەر یەکێک لەم هۆکارانە دەتوانن کاریگەرییان لە سەر پڕۆسەکە هەبێت.

توانا ماددییەکان: توانا ماددییەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش: ژێرخانی فیزیکی، سەرچاوە داراییەکان و دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیا، گرنگ دەبن بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک. بەردەستبوونی کارەبا، پەیوەندیی ئینتەرنێتی متمانەپێکراو، دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵا، بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەلکترۆنی حکومی مەرجێکی بنەڕەتی دەبن.

توانا مرۆییەکان: توانا مرۆییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەوانەش لێهاتوویی و شارەزایی بەرپرسان و فەرمانبەرانی حکومەت، بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک؛ گرنگ و پێویست دەبێت. ڕاهێنان و پشتگیرییەکی گونجاو پێویست دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەرپرسان و کارمەندان بە کارامەیی تەکنیکی و خوێندەواریی دیجیتاڵی کە پێویستن بۆ بەکارهێنانی کاریگەرانەی سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت، تەیار دەکرێن.

توانا تەکنەلۆژییەکان: توانا تەکنۆلۆژییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەوانەش بەردەستبوونی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، وەکوو کۆمپیوتەری هەور، شیکاریی دەیتا و زیرەکیی دەستکرد، دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و کاریگەریی سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت. ئەم تەکنەلۆژیایانە دەتوانن شیکاریی دەیتا و بڕیاردان ئاسان بکەن، ئەمەش ڕێگە بە پەرەپێدانی سیاسەتی ئاگادارتر و کاریگەرتر دەدات.

دەتوانین بڵێین بە گشتی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ماددی و مرۆیی و تەکنەلۆژییەکانیدا هەندێک پێشکەوتنی بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا بوارێکی بەرچاو بۆ پێشکەوتن ماوە. پەرەپێدانی ژێرخان و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا و ڕاهێناندا گرنگ دەبێت بۆ بنیاتنانی توانا پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک بە شێوەیەکی کاریگەر. سەرەڕای ئەوەش، ڕەنگە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە دەرەکییەکان هەبێت، یان داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی بکات بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی تەکنیکی و سەرچاوەی پێویست.

د. بەختیار ئەمین پێی وایە توانا تەکنەلۆژی و ماددییەکان لە ئێستا و چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر بوون، بەڵام هێشتا توانا مرۆییەکان بە سنووردار ناو دەبات و دەڵێت: نە لە ئێستا و ڕابردووشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی ماددی یان تەکنۆلۆژیی نەبووە، بگرە بەردەوام فەند (هاوکاریی ماددی) دەکرێت لە لایەن وڵاتانەوە بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی ئەلکترۆنی. بۆیە بە بڕوای ئەو لە ئێستادا توانا ماددی یان تەکنەلۆژییەکان بۆ کڕینی ئامێر و سۆفتوێر… هتد، ڕێگر نین لە جێبەجێکردنی سیستمی ئەلکترۆنیی هیچ وەزارەتێک، بەڵام توانا مرۆییەکان سنووردارن، شارەزا و پسپۆڕی وردمان کەمە لە دیزان و دروستکردنی سیستمێکی سەرکەوتوو بۆ وەزارەتێکی هاوشێوەی دارایی… هتد، هەروەها ئاستی بەکارهێنانی پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر لە لایەن فەرمانبەرانەوە سنووردارە.

سیناریۆ و هەنگاوە ئایندەییەکان

کابینەی هەشتەم لە چوارەم ساڵی تەمەنیدا و لە ڕێگەی دامەزراوە تایبەتمەندەکانیەوە سوورە لە سەر سەرخستنی پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردن. شارەزایانی بواری ئایتی و تەکنۆلۆژی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی زیرەککردن و بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند هەنگاوێک دەخەنە ڕوو کە پێویستە لە ئایندەدا بنرێن.

د، بەختیار ئەمین بۆ سەرخستنی پڕۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتی هەرێم سێ هەنگاوی ئایندەیی باس دەکات کە پێویستە بە گرنگییەوە کاریان لە سەر بکرێت و بنرێن:

یەکەم: پێویستە نەخشەڕێگایەکی زانستیی سەرکەوتوو ئامادە بکرێت و کار بەم نەخشەڕێگایە بکرێت. گرنگە لەم نەخشەڕێگایەدا ئامانجەکان بە ڕوونی دەستنیشان کرابن، تاکوو هەنگاوبەهەنگاو جێبەجێ بکرێن.

دووەم: ماوەیەکی کورت دەستنیشان بکرێت بۆ دروستکردنی سیستمێکی ئەلکترۆنی بۆ بەدیجیتاڵکردنی تۆماری سەرجەم هاوڵاتییانی کوردستان (دروستکردنی ئایدیی تایبەت بۆ هەر هاونیشتیمانییەک)، تەنانەت سیستمەکە توانای تۆمارکردنی لەدایکبووی نوێ و کۆچکردووشی هەبێت.

سێیەم: یاسایەک دەربکرێت دەربارەی حکومەتی ئەلکترۆنی، بەکارهێنانی تۆماری دیجیتاڵیی هاوڵاتی و ئاڵوگۆڕی دەیتاکان، سزای خراپ بەکارهێنانی تۆمار و دەیتاکان، یان خراپ بەکارهێنانی سیستمەکە لە لایەن هاوڵاتی و فەرمانبەر و… هتد.

کاروان مستەفا جەخت دەکاتەوە لەوەی بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەنگاونان بەرەو حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت، پێویستە چەند هەنگاوێکی ئایندەیی بگیرێنە بەر کە بریتین لە:

پەرەپێدانی ستراتیژییەکی گشتگیر: پێویستە ستراتیژییەکی گشتگیر دابڕێژرێت کە ئامانج و هێڵی کاتی بۆ پڕۆسەی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک بخاتە ڕوو. ئەم ستراتیژە پێویستە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئامانجە بەرفراوانەکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و ڕەچاوی زەمینەی ناوازەیی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێم بکرێت.

بەهێزکردنی توانای دامەزراوەیی: پێویستە توانای دامەزراوە حکومییەکان بەهێز بکرێت، بۆ ئەوەی سیستمی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکات، ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی دامەزراندنی کارمەندانی لێهاتوو، بەرنامەکانی ڕاهێنان و بنیاتنانی توانا، پەرەپێدانی ڕێکار و ڕێنماییە ستانداردەکانی کارکردن بۆ سیستمی ئەلکترۆنیی حکومەت ئەنجام بدرێت.

بنیاتنانی ژێرخانی پێویست: ژێرخانی پێویست، وەک: پەیوەندیی ئینتەرنێتیی متمانەپێکراو، تەکنەلۆژیای ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵا، پێویستە بۆ پشتگیریکردن لە جێبەجێکردنی سیستمی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک بنیات بنرێت. ئەم ژێرخانە پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی ئاسایش و پاراستنی نهێنی دیزاین بکرێت و قەبارەکەی گەورە بێت، بۆ ئەوەی گەشەسەندنی داهاتوو لەخۆ بگرێت.

پەرەپێدانی هاوبەشی و هاوکاری: هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە دەرەکییەکان، حکومەتەکانی دیکە، کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بنیاتنانی توانا و سەرچاوەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سیستمی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک بە شێوەیەکی کاریگەر.

دڵنیابوون لە بەشداری و فیدباکەکانی هاوڵاتییان: پێویستە بەشداری و فیدباکەکانی هاوڵاتییان بخرێنە ناو پڕۆسەی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەکەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پێداویستی و دیدگای هاوڵاتییان لەبەرچاو دەگیرێت، ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی میکانیزمی فیدباکەکانی هاوڵاتییان، دامەزراندنی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی هاوڵاتییان، بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی دیکە بۆ بەشداریکردنی هاوڵاتییان ئەنجام بدرێت.

چاودێری و هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکان: پێشکەوتنەکان بەرەو حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک، پێویستە بە بەردەوامی چاودێری و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی بوارەکانی باشترکردن و دڵنیابوون لەوەی کە پڕۆسەکە لە سەر ڕێڕەوێکی دروستە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئامانجەکانی.

بە گشتی، سەرکەوتنی پڕۆسەی حوکمڕانیی ئەلکترۆنی و زیرەک لە هەرێمی کوردستان بەندە بە جێبەجێکردنی کاریگەریی ئەم خاڵانە و هەنگاوی دیکە، ئەوەش بە: بنیاتنانی توانای دامەزراوەیی، پەرەپێدانی ژێرخانی پێویست، پەرەپێدانی هاوبەشی، دڵنیابوون لە بەشداریی هاوڵاتییان و چاودێریکردنی پێشکەوتن. هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەرەو حکومەتێکی کارا، شەفافتر و وەڵامدەرەوە هەنگاو بنێت کە باشتر خزمەت بە پێداویستییەکانی هاوڵاتییانی بکات.

پڕۆفایلی بەشدارانی ڕاپۆرتی ئایندەیی

د. بەختیار ئەمین- مامۆستای زانکۆ

 توێژەر لە بواری تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە زانکۆی هەدزفیڵد لە بەریتانیا

بڕوانامەكانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی هەدزفیڵد بەدەست هێناوە.

ساڵی (٢٠١٧-٢٠١٨)، پۆستدکتۆرای لە زانکۆی ئاستن بەدەست هێناوە.

ساڵانی نێوان (٢٠١٨-٢٠٢١)، مامۆستا بووە لە زانکۆی لیڤەرپوڵ.

کاروان مستەفا کریم

ساڵی ١٩٨٣ لە هەڵەبجە لەدایک بووە.

خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لە هەمان شار تەواو کردووە.

ساڵی ٢٠٠٧، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بوارەکانی کۆمپیوتەر و ماتماتیک لە زانکۆی سلێمانی بەدەست هێناوە.

ساڵی ٢٠١١، بڕوانامەی ماستەری لە بەشی ئەندازیاریی کۆمپیوتەری پێشکەوتوو لە زانکۆی هەدزفیڵد لە وڵاتی بەریتانیا بەدەست هێناوە.

 لە ئێستادا مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی و بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیای دایمۆندە بۆ ئاسایشی ئەلکترۆنی.

Send this to a friend