• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 18, 2023

مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد لە سەر ئاسایش و ئایندەی کار

 نووسەران

ئۆسۆندی ئەی ئۆسۆبا (Osonde A. Osoba)

ئەندازیار لە دامەزراوەی “RAND” و مامۆستا لە کۆلێژی “RAND – Pardee” بۆ خوێندنی باڵا، کارەکانی جەخت دەکەنەوە سەر بەکارھێنانی ئەلگۆریتم و زیرەکیی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لە سەر سیاسەتڕێژییەكان.

ویلیام ویلسەری چوارەم (William Welser IV)

زانا و بەڕێوەبەری باڵای بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری ئەندازیاری و زانستە کارپێکراوەکان لە دامەزراوەی “RAND”، کارەکانی لە سەر تەکنەلۆژیا دەرکەوتووەکان و سیاسەتەکانی زانست و تەکنەلۆژیا جەخت دەکاتەوە.

وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: بارام سوبحی

سەرچاوە: دامەزراوەی ڕاند بۆ ئاسایش و مەترسییە نێودەوڵەتییەکان (Center for Global Risk And Safety) ناسراو بە “RAND”

بەرایی

تێڕوانینێکی گشتی

ڕەنگە نەوەکانی داھاتوو ئاوڕێک لە سەردەمی ئێمە بدەنەوە و بە سەردەمی گۆڕانکارییە زۆرەکان وەسفی بکەن، تەنھا لە ماوەی چەند دەیەیەکدا لە کۆمەڵگەیەکەوە کە پشتی بە ئامێرەکان دەبەست؛ گۆڕاوین بۆ کۆمەڵگەیەک کە پشت بە زانیاری دەبەستێت. لەگەڵ بەردەوامبوونی پێگەیشتنی سەردەمی زانیاری، کۆمەڵگە ناچار بوو چێژ لە ئاشنابوونێکی نوێ و گەرموگوڕانە لە سیستمی ئەلگۆریتم لە سەر بنەمای دەیتا وەربگرێت. ئێمە لێرەدا بۆ ئاماژەدان بە ئامێر و ئامرازە یارمەتیدەرەکان لە دروستکردنی بڕیار، کە لە سەر بنەمای دەیتا (بە ھەموو شێوەکانی زیرەکیی دەستکردیشەوە١) پشت دەبەستێت بە فێربوونی بنەماکانی ئەلگۆریتم یان ئامێرەکان، زاراوەی ئامرازە دەستکردەکان (artificial agents) بەکار دەھێنین.

ئەو ئامرازانە لە ئامێرە زۆر سادەکانی وەکوو ڕۆبۆتی ڕۆمبا (Roomba) و بزوێنەرەکانی پێشکەشکردنی ڕاسپاردە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەست پێ دەکات، تا دەگات بە سیستمێکی زانیاریی زۆر پێشکەوتووی وەکوو واتسۆن (Watson) لە ئای بی ئێم (IBM). ئەم ئامرازانە بەردەوام دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە پڕۆسەی بڕیاردانی ئاساییمان، سەرھەڵدان و پەسەندکردنیان کۆمەڵێک پرسیاری پەیوەندیدار بە سیاسەتەوە دەورووژێنێت. کەواتە لەم سیستمە نوێیەدا چۆن دەتوانین بیرکردنەوەمان سەبارەت بە سیاسەتە پەیوەندیدارەکان گەڵاڵە بکەین؟ خاڵە لاوازەکانمان لەم بوارەدا دەکەونە کوێوە؟ بەکارھێنەران و کەسانی کاریگەر چۆن ھەڵە لۆژیکییەکان یان گریمانەکان دەستنیشان و چارەسەر دەکەن؟ چ کەرتێک زیاتر ئامادەیە تاوەکوو زیرەکیی دەستکرد کۆنترۆڵی بکات؟ کام ڕێباز بۆ ڕێکخستنەوەی زیاتر کارامە دەبێت؟

لە ڕاپۆرتی پێشووماندا (Osoba and Welser, 2017) جەختمان کردووەتە سەر لاوازی و لایەنگری سەبارەت بە ئامرازە دەستکردەکان لە سیستمی دادوەریی تاوانکاریدا، بەڵام ئەگەری ئەوە ھەیە کەرتەکانی دیکەش کاریگەرییان لە سەر دروست بێت. ئەم ڕوانگە شیکارییەمان تاووتوێی ئەنجامی ھەوڵێکی ڕێکخراو دەکات بۆ تێگەیشتن لە ھەر بوارێکی دیکە كە بە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئامرازە دەستکردەکان کاریگەر دەبێت. ئێمە بۆ داڕشتنی سیناریۆکان و شیکردنەوەی ئەو بوارانەی کە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت کاریگەریی گەورەیان لە سەر دروست بکات، سوودمان لە پسپۆڕانی جۆراوجۆر وەرگرت. لە بەشی “ڕێبازی توێژینەوە”کەدا باس لەو ئەنجامگیرییە دەکەین کە لە بنەڕەتدا دەکرێت بە پڕۆسەی “پێشبینیکردن” ناو ببرێت. لێرەدا گرنگی بە ھەموو سیناریۆ یان بوارە وەرگیراوەکان نادەین (ئیدی لە ڕووی ئەگەری روودانیان یان قەبارەی کاریگەرییان بێت)، بەڵکوو ئێمە لێرەدا لە کۆی ئەو کۆمەڵە بوارانەی کە تاووتوێ کراون، باسەکەمان لە سەر دوو بواری بەنرخ چڕ دەکەینەوە، ئەوانیش: ١. ئاسایش، ٢. ئایندەی کار. ئێمە بە بەشێک لە سەر بابەتەکانی سیاسەت و پێشنیارەکان بۆ چۆنێتیی نزیکبوونەوە لە پرس و نیگەرانییەکانی زیرەکیی دەستکرد کۆتایی پێ دەھێنین.

پێشەکی و پاشخان

گەشەکردنی سەردەمی زانیاری، پێویستیی گونجاندن و تا ڕادەیەک پەرەپێدانی یاساوڕێسا و سیاسەتەکانی ھێناوەتە ئاراوە، بەڵام زۆر جار شێواز و چڕیی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان وا دەکات کە سیاسەت و ڕێساویاساکان بە ئاستەم بتوانن لەگەڵیدا بگونجێن، ھەروەکوو چۆن لە قۆناغەکانی پێشوودا گۆڕانکاریی گەورە ڕوویان داوە، بەڵام دواخستنی پێشکەوتنی یاساوڕێساکان بووەتە ھۆی دروستبوونی بۆشایی گەورە لە سیاسەتەکاندا.

بە نموونە؛ کۆمەڵگەکانی ئێستا کە پڕن لە دەیتا، پێوەرە قبووڵکراوەکانی نھێنیی کەسی ھەڵدەسەنگێننەوە، بە ھۆی لەبەرچاوگرتنی گەشەسەندنی بەربڵاوی کۆکردنەوەی زانیاری و ئەلگۆریتمە ئامادە و بەھێزە کەم تێچووەکان، ئەوەش کارێکی پێویستە. لێرەوەیە کە پێویستیی دانوستان لە سەر پێوەرە یاساییەکان لە بارەی تایبەتمەندیی گونجاو یان قبووڵکراو دێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا نوێیەکان لەخۆ بگرێت کە بە خێرایی و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پێشکەوتندان. زۆر شت لێرەدا لە مەترسیدایە (Ohm, 2009; Davis and Osoba, 2016)، کە تیایدا باس لەوانە دەکەین: تایبەتمەندیی دەیتا تەندروستییەکان، دادپەروەری لە نێوان بەکارھێنەران و تەنانەت پڕۆسەی سەرژمێریی دەستوورییشدا.

ھەروەھا تێگەیشتنی یاسایی ئێمە لە داھێنان ھەڵدەسەنگێنرێتەوە، بە نموونە: بڕیاردانی کۆتایی لە سەر کەیسی “Alice Corp. Pty. LTD. v. CLS Bank International 2014″، کە لە لایەن دادگای باڵای ئەمەریکاوە دەرچووە، نیشانی دەدات چۆن یاساکە بەردەوامە لە خۆگونجاندن بۆ سنووردارکردنی بازنەی ئەو دا2015) ,McKinney). ئەم کەیسە ھەوڵی پێناسەکردنی ئەو داھێنانە بەرجەستانە دەدات کە دەتوانرێت وەکوو داهێنانی زانستی تۆمار بکرێن.

سیستمی داهێنانی زانستی لە ژینگەیەکدا سەر ھەڵدەدات کە داھێنانە بەنرخەکان تیایدا داھێنانی بەرجەستە بن. بەم شێوەیە سیستمی داهێنانی زانستی لە بەرژەوەندیی بەکارھێنانی کۆنکرێتیی ئەم جۆرە داھێنانە فیزیکییانە بوو. سەبارەت بە داھێنانەکانی سەردەمی زانیاری، وەکوو ئەلگۆریتمی پەیج ڕانک (Page Rank) لە گوگڵ (Google)، دەتوانرێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەک بیرۆکەی تا ڕادەیەک نامەعنەوی یان بیرۆکەی ئەبستراکت (ideas abstract) باس بکرێت، چونکە شێوەی بازرگانی، ئەلگۆریتم، یان ڕێکارەکان وەردەگرن. ئایا دەبێت تەنھا بابەتە بەرجەستە نوێکان بە داھێنان دابنێین؟ یاخود دەکرێت ئەلگۆریتم یان شێوازە داھێنراوە نابەرجەستەکانیش بە داھێنانی پارێزراو ھەژمار بکەین؟ لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا یاسای داهێنانی زانستی گۆڕانکاریی بەرچاوی بەسەردا ھاتووە، تاوەکوو بتوانێت جۆرە نوێیەکانی داھێنان لەخۆ بگرێت. بە ھۆی ئەوەی بە ڕوونی ھاندانەکان بۆ داھێنانی بازرگانی و مافی خاوەندارێتی دەبینین، پێدەچێت یاساکانیش بەردەوام بن لە خۆگونجاندن.

لەگەڵ دەرکەوتنی بەربڵاوی بەئەلکترۆنیکردن و زیرەکیی دەستکرد، دامەزراندن وەک بوارێکی دیکە دەردەکەوێت کە لە باریدایە تووشی ھەڵچوونێکی گەورە ببێت. مەترسیی ھاوبەشیش لێرەدا ئەوەیە کە لە بازاڕی کاردا بەئەلکترۆنیکردن و زیرەکیی دەستکرد جێگەی کرێکاران بگرنەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی بێکارییەکی کوشندە. شێوازە کۆنەکانی دەربڕینی ئەم ترسە لە ئۆتۆماتیکیزم دانانی بوو وەکوو نەیار، بەڵام سەبارەت بە زیرەکیی دەستکرد لە ئێستادا، جگە لە ئۆتۆماتیکیکردن ھیچی تر نییە، کە توانای فێربوون و گونجاندنی بۆ زیاد دەکرێت. بۆیە زیرەکیی دەستکرد نوێنەرایەتیی گشتاندنێکی سروشتیی ئۆتۆماتیکیکردن دەکات.

کەیسێكی وەکوو بلۆک باستەر (Blockbuster) گڕی بەر دایە ئەو مەترسییە بەکۆمەڵانەی لە بارەی بێکارییەوە ھەن، چونکە بەر لە نەمانی “Blockbuster”، زیاتر لە (٦٠) ھەزار کرێکار لەم کۆمپانیایەدا کاریان دەکرد. دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی (٢٠١٦)ەوە پێگەی نێتفلێکس (Netflix) دەستی کرد بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد (کە لە ڕێگەی فێربوونی زمانەوە ئەنجامی دەدا)، ئێستا ژێرخانی زانیارییەکانی تەنھا بۆ پێشکەشکردنی زانیارییەکان نییە، بەڵکوو بۆ بەرزکردنەوەی ئەو بەھایەیە کە بە ھۆی تەنھا نزیکەی (٣٥٠٠) کرێکارەوە پێشکەش بە بەکارھێنەرانی دەکات. ھەروەھا کۆمپانیا تەکنەلۆژییە زەبەلاحەکانی وەکوو گوگڵ (Google) و فەیسبوک (Facebook)، بەھایەکی گەورە لە تیمەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد لە ھێزی کارەکانیاندا وەردەگرن٢. لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد لە پشت بەشێکی گەورەی ئەو بەھایانەدایە کە بە بەکارھێنەری دەبەخشێت، ھەر چەندە لە ناو کۆمپانیا بازرگانییەکاندا کارمەندانی بواری زیرەکیی دەستکرد کەمتر (١٠%) ھێزی کاریان پێک دەھێنن. توێژینەوەی “Osborne and Frey, 2013 “، شیکارییەکی مشتومڕاوی لە سەر ئاستێکی فراوانتر پێشکەش دەکات، چونکە باس لەوە دەکات نزیکەی (٤٧%)ی کارمەندانی ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پیشەیەکدان کە بە ھۆی بەئەلکترۆنیکردنەوە لە ماوەی دەیەی داھاتوودا مەترسیی نەمانیان لە سەرە.

لەبەر ئەوەی زیرەکیی دەستکرد شوێنێکی ناوەندیتر دەگرێتەوە، ئیدی لە بوارە تایبەتەکان یان بازرگانی یان گشتییەکاندا بێت، بۆیە ڕوانگەی شیکاری لێرەدا بریتییە لە ھەوڵێک بۆ تیشک خستنە سەر ئاستەنگە گریمانەییە چاوەڕوانکراوەکان لە بواری سیاسەتدا، ھەر ئەوەش وا دەکات بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی باسەکەمان بە بەکارھێنانی توێژینەوەکانی پێشوو بە شێوەیەکی ورد لەم بابەتە نزیک ببینەوە. لە بەشی داھاتوودا باس لە میتۆدەکەمان بۆ ڕێکخستنی توێژینەوەکەمان دەکەین.

ڕێبازی توێژینەوە: ڕێبازێکی فرەپسپۆڕی بۆ توێژینەوە لە زیرەکیی دەستکرد

وا دیارە گفتوگۆکەمان تا ئێستا ئاماژە بێت بۆ سەرھەڵدانی ناسەقامگیرییەکی نزیک کە بە ھۆی زیرەکیی دەستکردەوە دروست دەبێت. گفتوگۆ جەماوەرییەکان لە بارەی زیرەکیی دەستکرد و ئەلگۆریتمەکان، تۆنێکی ھاوشێوەی لەگەڵ بەشدارییەکەی ئێمەدا ھەیە. بۆیە لە ڕێگەی بیرکردنەوەیەکی شیکاری و فرەپسپۆڕی لە بارەی مەترسییەکان و ئایندەی زیرەکیی دەستکردەوە، پێشنیارمان کرد ھەوڵ بدەین ئەو بانگەشە پڕوپاگەندەیەی دەوروبەری باسەکە تێپەڕێنین. ھەر بۆیە تیمێکمان لە توێژەرانی دامەزراوەی ڕاند (RAND)، ئەوانەی ئەزموونی پیشەیی پەیوەندیدار و پسپۆڕیی ئەکادیمیی جۆراوجۆریان ھەیە، بۆ گفتوگۆکردن لە سەر زیرەکیی دەستکرد ھەڵبژارد.

ئێمە تیمێکی کارمان پێک ھێنا کە لە ڕووی رەگەز و نەتەوە و ڕەچەڵەكەوە ھەمەچەشن بوون، لە ھەمان کاتدا مکوڕ بووین لە سەر ئەوەی کە لە سوودوەرگرتن لە زانیاریی قووڵی تەکنیکیی ئەندامانی تیمەکە لە بارەی زانیاریی دەستکردەوە زیادەڕۆیی نەکەین. ئەندامانی تیمەکە پێک ھاتبوون لە شارەزایانی: ئابووری، دەروونزانی، زانستی سیاسی، ئەندازیاری، ماتماتیک، زانستی دەمارەکان، مرۆڤناسی و پلاندانان. ھیوامان وا بوو لە ڕێگەی پێکھێنانی ئەم گرووپەوە، بۆ ھەڵھێنجانی دیدگایەک لە بارەی بابەت و کەرەستەکانی پەیوەست بە زیرەکیی دەستکردەوە، ھانی توێژەران بدەین کە پێشینەی ڕاھێنانی فراوان و ھەمەچەشنیان ھەیە؛ گفتوگۆیەکی ناوازە لە بارەی زیرەکیی دەستکردەوە بکەین.

یەکەم چالاکیی گرووپەکەمان بەشداریکردن بوو لە کۆبوونەوەیەکی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵی ڕێکخراودا، کە تیایدا کات بۆ بیرکردنەوەی تاکەکەسی، گفتوگۆ لە گرووپی بچووک، مشتومڕی لەگەڵ تەواوی گرووپەکەدا لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی بەدەستھێنانی، یەکەم: پێناسەیەکی کرداری بۆ زیرەکیی دەستکرد، پاشان تیشک خستنە سەر ئەو بوارانەی کە بەکارھێنانی زیرەکیی دەستکرد زۆرترین گرفتیان بۆ دروست دەکات. لێرەوە لە ڕێگەی کۆکردنەوەیەکی خێرای وەڵامی ئەم پرسیارەوە: بە کەمتر لە پێنج وشە زیرەکی پێناسە بکە، پێناسەیەکی کرداری ئامادە کرا. پاشان گرووپەکە بۆ ئەوەی پێناسەیەکی کرداری بۆ زیرەکیی دەستکرد بخەنە ڕوو، زیاتر کاریان لە سەر کۆکردنەوەی ئەم چەمکانە کرد، لە کۆتاییدا پێناسەکە بریتی بوو لە: زیرەکیی دەستکرد سیستمێکی فێربوونی سەربەخۆی نابایۆلۆژییە.

دواتر داوامان لە ھاوکاران کرد کە بیروڕای خۆیان لە سەر ھەردوو بەکارھێنانی کورتخایەن و ئایندەیی زیرەکی دەستکرد بخەنە ڕوو، کە کاریگەریی لە سەر تاک و کۆمەڵگە دەبێت. تیمی ھاوکاران بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەیان بە بوارەکانی: بڕیاردان، ئاسایش و تەنانەت “باڵاتربوون” کرد، بەو پێیەی ئەم بوارانە ئامادەن بۆ بەکارھێنان و لەخۆگرتنی داھێنانە ئایندەییەکانی زیرەکیی دەستکرد. دوای تاووتوێکردنی دەرفەت و مەترسییەکانی پەیوەست بەم بوارانەوە، گرووپەکە کۆمەڵێک تەوەری دیکەیان پێشنیار کرد کە لە گفتوگۆی پێشوودا باس نەکرابوون، بەڵام بە ھەمان ئەندازە پەیوەندییان بە زیرەکیی دەستکردەوە ھەبوو. ئەو تەوەرانەش لە ژێر چوارگۆشەی “ئەو بوارانەی کە ھێشتا پێویستیان بە دۆزینەوەیە” ڕیزبەندی کران، چەندین بواری ھەستیاریش لەخۆ دەگرن، وەکوو: حکومڕانی، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ڕاگەیاندن.

دوای ئەو چالاکییە سەرەتاییانە، ھانی تیمەکەمان دا بۆ گفتوگۆیەکی قووڵتر لە ڕێگەی چالاکیی پێشبینیکردنی ئایندەوە٤، گرووپە گەورەکە بۆ چوار کۆمەڵەی لاوەکی دابەش کران. لە کاتێکدا دیدگاکانی ئەم بەشەی چالاکییەکە و ئەنجامەکانی جیاواز بوون، بە ھۆی ئەو داھاتووە وێناکراوەی کە ھەر گرووپێکی لاوەکی ھەڵیدەبژارد، لیستێک لە بواری پراکتیزەکردنی ھاوبەش دەرکەوتن کە تیمەکان باسیان کردبوو. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم یەکدەنگییەی نێوان گرووپەکان، ئێمە پێمان وایە پێش ئەوەی ئەم بوارە ھاوبەشانە وەک بەکارھێنانی زیرەکیی دەستکرد لەبەرچاو بگرین، پێویست بە دوو جار بیرکردنەوە ناکات، بوارەکانیش بریتین لە:

  • ئاسایش (ناوخۆیی و دەرەکی)
  • دامەزراندن (ئایندەی کار)
  • بڕیاردان
  • تەندروستی

دوای تەواوکردنی ئەو چالاکییە لەگەڵ تیمی ھاوکاران، بڕیارمان دا لە توێژینەوەکانی پێشووەوە زیاتر ڕۆبچینە ناو ڕەھەندەکانی ھەردوو بابەتی یەکەمەوە، بە ئامانجی دەستکەوتنی وێنەیەکی ڕوونتر سەبارەت بەو مەترسییانەی کە لە بەکارھێنانی ئەلگۆریتم و زیرەکیی دەستکرد (یان ھەردووکیان پێکەوە وەکوو ئامرازە دەستکردەکان) لەو دوو بوارەدا ھەن. ئەو دوو بابەتەمان ھەڵبژارد، چونکە پێمان وایە مەترسیی زیاتر بۆ سەر حکومەتەکان و گەلان بەدوای خۆیاندا دەھێنن.

بۆ تاووتوێکردنی سوودەکان و مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتان، تیمێکی بچووکمان لە ھاوکاران پێک ھێنا کە لە زانستە سیاسییەکان و شیکاریی بەرگریدا خاوەنی شارەزاییەکی قووڵن. ئەو گرووپەش تیشکیان خستە سەر چەند بوارێکی سەرەکیی دیکە کە پراکتیزەکردنی زیرەکیی دەستکرد تیایاندا ڕێساکانی گەمەکە دەگۆڕن، ئەو بوارانەش: یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، نێوەندگیری لە ناکۆکییەکان و چاودێریکردنی پێشکەوتنەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی بوون. بەڵام ئێمە لەم توێژینەوەیەدا بەدوای ئەو باسانەدا ناچین.

ئاسایش

دەکرێت گفتوگۆکەمان لە بارەی ئاسایشەوە بکەین بە دوو بەشەوە، ئەوانیش: ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی ناوخۆییە. چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی (national security) بەکار دەھێنین، بەو پێودانگەی چەمکێکی باوە بۆ تاووتوێکردنی ئەو مەترسییانەی کە لایەنە دەرەکییە حکومییەکان و ناحکومیەکان بە سەر وڵاتاندا دەیسەپێنن. چەمکی ئاسایشی ناوخۆیی (domestic security) بەکار دەھێنن، بەو پێیەی چەمکێکی گشتییە بۆ ئاماژەدان بەو مەترسییانەی کە لە سەر سەقامگیری لە ناوخۆی دەوڵەتێکی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرن.

ئاسایشی نەتەوەیی

گفتوگۆی یەکەممان لە بارەی مەترسییەکانی پەیوەست بە زیرەکیی دەستکرد لە بواری ئاسایشی نەتەوەیدا چەندین تەوەری نوێی ھێنایە بەر باس، بۆ نموونە: ئایا بڕیاردانی تەواو ئۆتۆماتیکی لە بواری ئاسایشی نەتەوەییدا دەتوانێت ببێتە ھۆی مردن و ھەڵەگەلێک کە تێچووی زۆرە؟ چونکە زۆرێک لە چیرۆکەکان لە بارەی جەنگی سارد (چیرۆکەفیلمەکان)، باس لەو وڵاتانە دەکەن کە بە ھۆی گرفتێک لە سیستمی بەرگریی ئەتۆمیی ئۆتۆماتیکیی خۆیانەوە گەیشتوونەتە کەناری جەنگی ئەتۆمی. بەم دواییانە ڕاپۆرتێک لە پێگەی دیڤێنس وەن DefenseOne) (Lohn, Parasiliti, and Welser, 2016)) بڵاو کرایەوە کە لە لایەن دوو توێژەری دامەرزاوەی ڕاند نووسراوە، باس لە پرسێکی ئاڵۆز دەکات، ئەویش چەکی زیرەکیی دەستکردە کە بەبێ دەستوەردانی مرۆیی کار دەکات.

بۆ ئەو خاڵە لاوازانەی کە بە ھۆی زیرەکیی دەستکردەوە دروست دەبن، ئاسایشی ئەلکترۆنی بە شێوەیەکی تایبەت وەکوو بوارێکی بەپیت دیاری کرا. یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ئامێرە دەستکردەکان (ئیدی زانیاری یان ئەلکترۆنیی و فیزیکی بن)، دەستکاریکردنی چالاکانەی زانیارییەکانە، بۆیە ئامرازە دەستکردەکان بە تایبەتی بۆ شەڕی زانیاری و بەرنامەکانی ئاسایشی ئەلکترۆنی دەگونجێن. دەتوانێت بەرنامە زیانبەخشەکانی وەکوو میرای (Mirai)5 بەرەوپێش ببات کە کەرەستەکانی (lot) ئینتەرنێت بەئامانج دەگرێت Newman, 2017)) و لە ڕێگەی زیرەکییەوە توانای ستراتیژیی ئەم بەرنامانە زۆر باشتر دەکات. بەرنامەی ستاکسنت (Stuxnet)٦ باشترین بەڵگەیە سەبارەت بەوەی کە بەرنامە زیانبەخشەکان لە ئامانجی ستراتیژیی خۆیاندا چەندە دەتوانن یەکلاکەرەوە و پێشکەوتوو و ورد بن. لەو ھۆکارانەی کە زیرەکیی بەکارھێنەر لە بەرنامە زیانبەخشەکاندا سنووردار دەکات، پێویستی بە بچووک ھێشتنەوەی باری سوودبەخشیی بەرنامە زیانبەخشەکانە تاوەکوو ڕێگر بێت لە دۆزینەوەی. بە نموونە؛ بەرنامەھەڵگری زیرەکی ستاکسنێت (Stuxnet)6 لە گەورەترین بەرنامە زیانەخشەکانە (Zetter, 2010)، بەڵام ئەگەری ئەوە ھەیە کە پێشکەوتنەکانی داھاتوو لە بواری زیرەکیی دەستکردی کۆکەرەوە یان دابەشکراو لە ڕێگەی تۆڕی ڕۆبۆتەکانەوە یان ئەوەی کە بە “بۆت نێت” (botnet) ناسراوە، بەرنامەھەڵگری زیانبەخشی بچووکی لەخۆ گرتبێت، بەڵام کاریگەرییەکی وێرانکەری ھەبێت.

ھەروەھا نیگەرانییەکی دیکەی ئاشنا و گرنگمان دەستنیشان کرد، ئەویش بوونی لاوازییە لە سروشتی دەیتابەیس (data diet vulnerability) لە بەشێکی زۆری سیستمی فێربوونی سەربەخۆی ئێستادا (Osoba and Welser, 2010)، چونکە بە زۆری سیستمی زیرەکیی دەستکرد ھەمان کواڵتیی ئەو دەیتایانەی ھەیە کە لە سەری راھێنراون، بۆیە ھەر لایەنگرییەک یان ناڕاستییەک کە لە دەیتای ڕاھێنانەکانیدا بدۆزرێتەوە دەردەکەوێت (2016 ,Selbst and Barocas). بەکارھێنانی زیرەکیی دەستکرد لە بواری چاودێری یان ئاسایشی ئەلکترۆنی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، لە سەر بنەمای لاوازییەکان لە دەیتابەیسدا، شوێنێکی نوێ بۆ ھێرشی ئەلکترۆنی دەکاتەوە. ڕەنگە نەیاران فێر ببن چۆن بە شێوەیەکی سیستماتیک بە زانیاریی ھەڵە سیستمی چاودێریی زیرەکیی دەستکرد بەلاڕێدا بدەن، بە کورتی بە شێوەیەکی نھێنی و بەبێ ئاگاداری بەکرێگیراوێکی ئۆتۆماتیکیی دووسەرە دروست دەکەن.

لە ئێستاوە کاری نوێ دەرکەوتووە کە دەریدەخات ئەگەری ئەنجامدانی ھێرشی ژەھراوی ھەیە، کە لە سەر بنەمای ڕاھێنان لە دژی سیستمی دیاریکردنی بەرنامە زیانبەخشەکان بە ھۆی فێربوونی ئامێرەوە ئەنجام دەدرێن (Biggio et al., 2012; Biggio et al., 2014; Huang et al., 2017). لە سەر بنەمای زیرەکیی دەستکرد لە مایکرۆسۆفتەوە (Microsoft)، گەندەڵیی خزمەتگوزاریی چاتی زیرەکی چات بووت (chat-bot) دابین دەکات (2016 ,Lee). بەڵگەی گەورە لە سەر ئەم جۆرە ھێرشە بۆ سەر سیستمی زیرەکیی دەستکردی بازرگانی ھەیە، ئەمەش دەتوانێت دەرفەتێک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ھەواڵگری بڕەخسێنێت.

لاوازییەکی دیکەی سەرنجڕاکێشی ئاسایش (یان تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێش) لە جیھانی زیرەکیی دەستکرددا، بریتییە لە بەکارھێنانی تەکنیکەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ چوونە ناو تۆڕەکانەوە لە لایەن لایەنێکی دەرەکییەوە. ئاژانسی ھەواڵگریی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات کە بڕوایان وایە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠١٦دا، دووچاری ھێرشێکی ئەلکترۆنیی دەرەکیی توند بوونەتەوە (Paletta, 2016). ئەو ھێرشانەش بریتی بوون لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە تایبەتە دزەپێکراوەکان لە شێوەی بڵاوکراوەی گشتیی ھەڵبژێردراودا، لە ھەوڵێکدا بۆ کاریگەریدانان لە سەر بۆچوونی دەنگدەران. لە کاتێکدا ئەگەر زانیاریی گونجاو لەبەردەستدا ھەبێت، دەتوانرێت ئەو جۆرە ھێرشانە ئاشکرا بکرێن و بناسرێنەوە. ئامێرە دەستکردە زۆر پێشکەوتووەکان دەتوانن کارایی ھەر لایەنێک زیاد بکەن ئەگەر بیانەوێت، یاخود توانای دۆزینەوە لەم پڕۆسەیەدا کەم بکەنەوە.

بۆ دیاریکردنی خاڵی لاوازی دیکەی پەیوەندیدار، بە نموونە دەکرێت زیاتر و زیاتر بیر لە کاریگەریی ڕەنگڕێژکردنی ئامانجداری خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت بکرێتەوە. دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارھێنانەکانی ئینتەرنێت دەستنیشان بکرێت کە دەبنە ھۆی دروستبوونی بڵقی فلتەری دیاریکراو (filter bubbles)، ئەمەش دەتوانێت ببێتە ھۆی جیاکردنەوەیەکی توندی گوتاری سیاسی لە نێوان گرووپەکاندا. ئەم پارچەپارچەبوونە زیادەڕۆییە دەرفەت بۆ بەکارھێنەرانی زانیاری دەڕەخسێنێت، تاوەکوو پەیامی سیاسیی زۆر ئامانجدار بگەیەنن. ئەم توانایە لە بەئامانجگرتن، دەتوانێت ببێتە ھۆی کەمکردنەوەی جەختکردنەوە لە ڕاستی و دروستیی پەیامە نێردراو و ڕۆژنامەوانییەکان. ئامادەیی ئێمە بۆ لایەنگریی پشتڕاستکردنەوە، وامان لێ دەکات زیاتر بڕوا بەو پەیامانە بکەین کە بیروباوەڕەکانی پێشترمان پشتڕاست دەکەنەوە ھەر چەندە ھەڵەش بن. تۆفیقچی (Tufekci) لە (a2016) دەڵێت: ئەم زۆر پارچەپارچەبوونەی دانیشتووان، لایەنداریی بیرکردنەوەمان و سروشتی داخراوی پلاتفۆرمەکانی تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە تۆڕی ئینتەرنێت، دروستبوونی ژووری دەنگدانەوەی لێ دەکەوێتەوە کە زانیارییە ھەڵەکان گەورەتر دەکەنەوە (Tufekci, 2016b).

چاودێران و توێژەرانی ئەکادیمی ڕایانگەیاند ھەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمەریکا لە ھەڵبژاردنی (٢٠١٦)دا سوودیان لە توانای ناسینەوەی جەماوەری بەئامانجگیراو بۆ ھەواڵ و پەیامەکانیان (کە ھەندێک جار ساختەش بوون) وەرگرتووە یاخود بەکاریان ھێناوە (Allcott and Gentzkow, 2016,2017  Love and Cooke). لە ئێستاوە دەبێت ھەڵبژاردن و ڕاپرسییەکانی داھاتوو بەرەنگاری ئەم جۆرە ھەڵمەتە کاریگەرانە ببنەوە (2016,Byrne). ھەر چەندە ھیچ ئاماژەیەک نییە کە ئامرازە دەستکردەکان بۆ قۆستنەوەی ئەو لاوازییە بەکار ھێنرابن، بەڵام ئەلگۆریتمەکانی کۆکردنەوەی ھەواڵ و ڕێکخستنیان بەشێکن لەوەی کە ئەو لاوازییە دەکەنە مومکین (2016, Dewey). ڕەنگە ئامرازە دەستکردەکانی داھاتوو بە جۆرێک ڕەنگڕێژ بکرێن کە پەرە بە خووی بەکارھێنانی دەیتاکانمان بدەن، بۆ ئەوەی سوودی ستراتیژیی زیاتر لەم لاوازییە وەربگرن، یان بە پێچەوانەوە، تاوەکوو لە ڕێگەی شەپۆلێکی ئامانجدار و سیستماتیکیی ژاوەژاو یان زانیاریی ساختەوە پووچەڵ دەکرێنەوە (بەشێک لەو بابەتانە لەم ماوەیەی دواییدا بە “ساختەھەواڵ” ناو دەبرێن).

یاخود لە بریی ئەوە، ڕەنگە ئامرازە دەستکردەکان ڕوانگەیەکی گشتگیریان بۆ تۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ھەبێت (تا دێت ئەم زانیارییانە کۆکردنەوەیان ئاسانتر دەبێت)، ئەگەر ھاتوو دەرفەتەکانی کاریگەریدانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ بەدەستھێنانی ئامانجێکی سیاسی دیاری بکرێن. لەوانەیە ئامرازەکە بتوانێت دەستوەردان لە تۆڕەکاندا بکات، بۆ ئەوەی گرووپە دابڕاوەکان پێکەوە ببەستێتەوە. بەڵام ئەوانەی ھاوبیرن، بە زیادبوونی قەبارە و فرەچەشنیی جوگرافییان دەتوانن کار بکەن بۆ ئەوەی ھەندێک ئەنجامی سیاسی بەدەست بھێنن. ئەم جۆرە چالاکییانە دەتوانێت وەشانێکی فراوانتر و ستراتیژیتر لە ئامانجگرتنی پێشکەوتووی ئێستای پەیامە سیاسییەکان لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە پێک بھێنێت، وەک بەکارھێنانی پلاتفۆرمەکانی ڕیکلامکردن لە فەیسبوک (Facebook). لەم دواییانەدا گفتوگۆکان لە بارەی سەرھەڵدانی پڕۆسەکانی زانیاری دەستیان کردووە بە تیشک خستنە سەر چالاکییەکانی دیکە، کە دەتوانرێت بۆ چالاککردنی ھەڵمەتەکانی کاریگەریی ئامانجدار بەئەلکترۆنی بکرێن (2017 ,Waltzman).

ئاسایشی ناوخۆیی

باسی دووەممان کە لە بارەی بەکارھێنانی ئامرازە دەستکردەکانە لە ئاسایشی ناوخۆدا، تیشکی خستە سەر گرنگترین مەترسییەکانی پەیوەست بە زیرەکیی دەستکردەوە. نموونەیەکی قووڵی ئەم مەترسییانە، بەکارھێنانی کەرەستە دەستکردەکانە لە لایەن حکومەتەکانەوە بۆ چاودێریکردنی ھاوڵاتییان. یەکێک لەو نموونانەی باس لەم بابەتە دەکات، نوێترین فیلمەکانی ئۆلیڤەر ستۆنە (Oliver Stone) بە ناونیشانی سنۆدن (Snowden). کردەوەکانی چاودێریکردنی حکومەت لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگدانەوەی نیازی حکومەتە بۆ کارکردن، بەڵام ڕەنگە مەبەستەکە وەکوو کارە ڕاستەقینەکە ھەمان قورسایی ئەخلاقی یان یاسایی ھەڵنەگرێت. لە کاتێکدا حکومەتێکی سەرکوتکەر ھەبێت، دەکرێت زەحمەت بێت کە کەسانی دیکە بەم جیاوازییە قەناعەت پێ بکەین.

ھەڵسەنگاندنەکان کە کەمتر متمانەیان بە چاودێریی حکومەتی ئەمەریکا ھەیە (Alexander, 2012)، دەڵێن بە درێژایی مێژوو چاودێریکردن لە ئەمەریکا ئامرازێکی بێلایەن نەبووە. چاودێریی نادادپەروەرانە، ھەر چەندە لە ڕووی یاساییەوە ڕەوا بێت، ئەوا دەکرێت ببێتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی نایەکسانی. بە پەرەپێدانی زیاتری ئامرازە دەستکردەکان، ھەموو حکومەتە زیرەکەکان –سەرکوتکەر و باشەکان وەکوو یەک- دەتوانن چاودێریکردن پراکتیزە بکەن، لە بەرزترین ئاستیشدا بیرۆکەکانی ڕۆمانەکەی جۆرج ئۆروێڵ (George Orwell) بە ناونیشانی “١٩٨٤” وەبیر دەھێنێتەوە.

بەکارھێنانی ئامرازە دەستکردەکان لە بواری ئاسایشی ناوخۆییدا لە ئێستاوە بووەتە شتێکی باو، ھەر بۆیە چیتر تەنھا پێشبینیکردن نییە. زانایانی یاسایی (2007 ,Citron) بەشێکی زۆریان لە بارەی بەکارھێنانی سیستمی ئەلگۆریتم یان دەیتاکان بۆ چاودێریکردن یان یاسای کارگێڕی (بۆ نموونە لە بواری بەڕێوەبردنی یارمەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی) نووسیوە.

ڕاپۆرتەکانی پێشووی دامەزراوەی ڕاند (Perry et al, 2013) باس لە بەکارھێنانی ئەلگۆریتمەکانی پێشبینیکردن بۆ پۆلیس دەکات، ھەروەھا باس لە سنوورەکانی لە جێبەجێکردنی یاسای مەدەنیی ئەمەریکادا دەکات. ڕاپۆرێکی ڕێکخراوی پرۆ پەبلیکا (Pro Publica) کە بەم دواییانە دەرچووە (Larson,, Angwin, 2016, Kirchner and, Mattu) لە بارەی لایەنگریی ئامێرەکانە، تیایدا باس لە بەکارھێنانی ئەلگۆریتمەکان لە پڕۆسەکانی دادوەریی تاوانکاریدا دەکات. ڕاپۆرتەکە باس لە بەکارھێنانی ئەلگۆریتمی کۆمپاس (COMPAS) دەکات، بۆ خەمڵاندنی دووبارەکردنەوەی تاوان لە دانیشتنەکانی گوێگرتن لە ئازادکردنی مەرجدار لە سیستمی دادوەریی تاوانکاریدا. لە ئەنجامدا دەردەکەوێت کە سیستمی کۆمپاس (COMPAS) بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەنجامی لایەنگرانە دەبەخشێت. ئەم لایەنگرییە بە تێکەڵکردن لەگەڵ بەکارھێنانی چەواشەکارانەی سیستمەکە لە ڕێکارەکانی کەفالەت و سزاداندا، لە دەرئەنجامەکانی سزادانی تاوانکاریدا بووەتە ھۆی جیاوازییەکی بەرچاو لەو دادگایانەی ئەم تەکنەلۆژیایە بەکار دەھێنن.

پەرەسەندنی بەکارھێنانی ئامرازە دەستکردەکان لە جێبەجێکردنی یاسادا، بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی نیگەرانی لە بارەی مافە بنەڕەتییەکانی ھاوڵاتییانەوە. زۆرترینی نیگەرانییەکان بە ھۆی زیادبوونی تواناکانی گەڕان و دەستبەسەرداگرتنە کە لەبەر دەستی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسادایە، چونکە نەھێشتنی تایبەتمەندیی کەسی لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت. دەرکەوتەیەکی دیکەی مەترسیداری ئەم دیاردەیە بەکارھێنانی کامێراکانی ھاتوچۆیە، ھەر چەندە ڕەنگە ئەم ئامێرانە نزمترین ئاستی زیرەکییان ھەبێت، بەڵام نیگەرانییەکانی پێشووی لە بارەی پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکان ژیاندووەتەوە کە لە ھەمواری شەشەمی دەستووری ئەمەریکیدا ھاتووە لە بارەی بەکارھێنانی ئەو بەڵگانەی کە لە لایەن ئامرازە خۆکارە نامرۆییەکانەوە بەرھەم دەھێنرێن، بەڵام لەو کاتەوە ئەم نیگەرانییانە لە ھەندێک لە دەسەڵاتەکانی دادوەریدا ڕەت کراوەتەوە (بۆ نموونە لە ناو ویلایەتی کالیفۆڕنیادا لە کەیسی “Goldsmith. v People. ٢٠١٤” ڕووی دا، ئەمەش وای کرد کالیفۆڕنیا یەکەم شوێن بێت کە جەخت لەوە بکاتەوە کە بەڵگەکانی وەرگیراو لە کامێرای ھاتوچۆ، کاتێک بە ئیفادەی بەرپرسێک پشتگیری دەکرێت، تەنھا وەکوو قسەی بیستراو هەژمار دەکرێت). دەرکەوتەیەکی دیکەی ئەم دواییانە، بەکارھێنانی ڕۆبۆتەکانە لە دەستگیرکردنی کەسانی یاساشکێندا. لەم دواییانەدا ڕووداوێکی تەقەکردن لە کۆمەڵە کەسێک لە ئەمەریکا، بە کوشتنی تەقەکەرەکە لە ڕێگەی بەکارھێنانی بۆمبێکەوە لە لایەن ڕۆبۆتێکەوە کۆتایی ھات (Murphy, 2016). ھەندێک لە چاودێران نیگەرانیی خۆیان لەم پێشھاتانە دەربڕی، چونکە کاریگەریی لە سەر جێبەجێکردنی یاسا و بەڵگە پەیوەندیدارەکان بە سەلماندنی بێتاوانییەوە ھەیە.

ئەو پرسیارەی کە بە شێوەیەکی سروشتی لەم قۆناغەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە: تا چەند گرژیی نێوان مافە یاساییەکانی ھاوڵاتییان و زیرەکیی دەستکرد گرنگە؟ بە سەرنجدان لەوەی کە بەشەکانی پۆلیس و پسپۆڕان لە جێبەجێکردنی یاسادا ھەموو ھەوڵێکیان داوە بۆ دروستکردن و بەدەستھێنانی متمانەی کۆمەڵگاکانیان، ئایا ئەگەری ئەوە ھەیە کە ھەڵەی پێشبینینەکراوی ئۆتۆماتیکیکردن بەبێ ئەوەی پێویست بکات ئەم ھەوڵانە تێک بدات؟ ئێمە دەبێت گفتوگۆ لە سەر ئەم پرسانە بکەین، لە کاتێکدا یاساکە لەگەڵ توانا نوێیەکانماندا دەگونجێنین.

بەردەوامبوونی کارلێکی داھاتووی نێوان مافە یاساییەکان و یارمەتییە دەستکردەکان، بوارێکی دیکەی ورووژاندنی نیگەرانی دورست دەکات. ئا لێرەوە زانایانی یاسایی دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی دیکەی پەیوەست بە کەسایەتیی یاسایی ئامرازە دەستکردەکانەوە (2017, LoPucki; Bayern,2015). بایرن (Bayern) باسی ئەوە دەکات ئامرازە دەستکردەکان چۆن دەتوانن کەسایەتیی یاسایی بەدەست بھێنن؟ کێبڕکێی نێوان پەیڕەوی ناوخۆی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، ئاسانکاریی کردووە بۆ بەدەستھێنان و پاراستنی کەسایەتیی یاسایی ئامرازە دەستکردەکان بە ئاسانی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی کۆمپانیاکانەوە.

لۆپۆکی (LoPucki) باس لەوە دەکات کە چۆن ئەم جۆرە لایەنە یاساییەی ئەلگۆریتمەکان لە چالاکییە تاوانکاری، تیرۆریستی، یان چالاکییە دژەمرۆییەکانی دیکە بە بەراورد بە لایەنە کۆنترۆڵکراوەکانی مرۆڤ؛ سوودێکی بەراوردکارانەیان ھەیە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتەکانی دادوەری و ئاسانکاریی گواستنەوەی پڕۆگرامەکان لە سنوورەکانەوە، ئەمەش ڕەنگە بوارێکی نوێی یاسایی بھێنێتە کایەوە.

داھاتووی کار

وا دیارە زۆر جار لە کاتی باسکردنی زیرەکیی دەستکرددا بابەتگەلێکی پەیوەست بە داھاتووی کارەوە سەر ھەڵدەدەن. مەبەستمان لە “داھاتووی کار”، کاریگەریی زیرەکیی دەستکردە لە سەر خواست و داواکاری بۆ کاری مرۆڤ. خەمی سەرەکی لەم بوارەدا ئەوەیە کە تا چەند پێشکەوتنەکانی ئامرازە دەستکردەکانی زیرەکیی دەستکرد دەتوانن ئەرکەکان بە تێچوویەکی کەم ئەنجام بدەن، بەم شێوەیە جێگای ئەو کرێکارە مرۆییە دەگرێتەوە کە داھاتەکەیان لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەوە بەدەست دەھێنن.

لە باسێکی پێشوودا، مۆراڤیک (Moravec, 2009) لە بارەی ئەم بابەتەوە نیگەرانیی بە شێوەیەکی قووڵ (ھەر چەندە ڕەنگە نادروستیش بێت) پیشان دا. ئەرکەکان بھێنە بەرچاوت، وەکوو ئەوەی لە کێڵگەیەکی دەشت و گرد و شاخاویدا کەوتوون، کە سەختیی مەعریفیی ئەرکەکە (کاتێک بە شێوەیەکی بابەتیانە دەپێورێت)، بەو شێوەیە ڕەنگ دەداتەوە کە لە دیمەنە سروشتییەکەدا چەندێک لە ئاستی ڕووی زەوی بەرزترە. لە لوتکەی شاخەکەدا، ئەرکی وەک کارلێکی کۆمەڵایەتی، ھەماھەنگیی دەست و چاو، جووڵە و ئەوانی تر دەبینینەوە. لە گردە جۆراوجۆرەکاندا ئەرکەکانی وەک یاریی شەترەنج یان یاریی گۆ (GO)، ناسینەوەی وێنە و ئەوانی تر دەبینینەوە.

سەبارەت بە پێشکەوتنی زیرەکیی دەستکرد، لەم دیمەنەدا وەکوو لافاوێک وایە کە بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیشدا، سیستمی زیرەکیی دەستکرد لە ئەنجامدانی زۆرێک لە ئەرکەکاندا گەشە دەکات و کارامە دەبێت، ئیدی لە چاڵاییەکی نزمدا بێت یان لە سەر لوتکەی گردەکان بێت، بۆیە تەنھا ئەو ئەرکانەمان بۆ دەمێنێتەوە کە لە سەر لوتکەی چیاکانن. دیارترین پرسیار کە لە بارەی داھاتووی کارەوە سەر ھەڵدەدات، ئەوەیە: ئایا بە دیاریکراوی ئەرکی لوتکەی چیاکان چییە؟

لێکۆڵینەوە لە زیرەکیی دەستکرد و داھاتووی کار، پەیوەستە بە مێژوویەکی دوورودرێژی لێکۆڵینەوە لە سەر کاریگەرییەکانی ئۆتۆماتیکیكردن لە سەر بازاڕی کار (وەکوو: Armer, 1966 ، Karoly and Panis, 2004، Autor, 2015، Acemoglu and Restre, 2017, ). پێشتر نیگەرانییەکانی ئۆتۆماتیکیکردن لە سەر سیستمی ڕۆبۆتەکان بوو، کە توانای گونجاندنیان سنووردار بوو یان زیرەکیی سەربەخۆیان ھەبوو (وەکوو ڕۆبۆتی پیشەسازی و ئامێری پارە بژاردن) کە بە زۆری بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە بەکار دەھێنرێن کە پێویستیان بە لێھاتوویی تا ڕادەیەک کەمترە ( Autor, 2015، Acemoglu and Restrepo, 2017). ئەم سیستمانە لە سەر بنەمای ڕێنماییە ڕوون و بەرنامەبۆداڕێژراوەکان کار دەکەن، بەڵام سیستمی نوێی زیرەکیی دەستکرد پێویستی بە ڕێنمایی ڕوونی لەو شێوەیە نییە، بەڵکوو دەتوانێت کار بکات لە سەر ئەو تێگەیشتنانەی کە لە دەیتا یان پسپۆڕانەوە بەدەست ھاتوون٧. ھەروەھا ئامرازە دەستکردەکان لەو ئەرکانەی کە ھەمیشە بۆ ئەنجامدانیان لە بازاڕی کاردا پشتمان بە مرۆڤ بەستووە، زیاتر و زیاتر توانای ئەنجامدانی پشکێکی گەشەسەندوویان ھەیە، ئەمەش دەستنیشانکردنی پزیشکی/تیشکی، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، نووسینی ھەندێک جۆری ڕاپۆرتەھەواڵ و ئەرکەکانی دیکەش دەگرێتەوە. لێرەدا بەشێکی گەورەی لێکۆڵینەوەکان لە سەر ئۆتۆماتیکیکردن ھێشتا کاری پێ دەکرێت. پاشان ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە ئەوەیە: ئایا چۆن توانا نوێیەکانی ئۆتۆماتیکیکردن لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە وێنەی کار دەگۆڕن؟

بازاڕی کار کاتێک کارا بێت، لانی کەم خزمەت بە دوو مەبەست دەکات: دابینکردنی ھێزی کار بۆ ئەنجامدانی کاری بەرھەمدار و بەرھەمھێنەر، ھەروەھا دابینکردنی سەرچاوەیەکی داھات بۆ کرێکاران لە ڕێگەی ئەو کرێیەی کە بەدەستی دەھێنن. پرسی داھاتووی کار و جۆرەکانی (و گەورەیی)، ئەو کاریگەرییانە لەبەرچاو دەگرێت کە پەرەپێدانی ئامرازە دەستکردە پێشکەوتووەکان لە سەر کارکردنی کارامەیی بازاڕی کار، بە تایبەتی لە سەر توانای کرێکاران بۆ بەدەستھێنانی کرێی شایستە ھەیەتی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی کە دامەزراندن لە کۆمەڵگاکاندا ئەنجامی دەدات، پرسێکی توێژینەوەییە کە بە سیاسەت و سۆزداری بارگاوییە. ھەروەھا بووژانەوەی نادڵنیایی ئابووریی جیھانی لە دوای داڕمانی ساڵی (٢٠٠٨)ەوە نیگەرانییەکانی دامەزراندنی زیاتر کردووە، بە تایبەتی کاتێک سەیری لایەنەکانی بووژانەوەکە دەکەین کە بووەتە ھۆی پۆلێنکردنی وەک بووژانەوەی بێکاری (Jobless recovery) -واتە بووژانەوەیەک کە گەشەی ئابووریی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی ئاستی دامەزراندن وەکوو خۆی ماوەتەوە یان پاشەکشەی کردووە. ئەم ڕەوتە ھاوکاتە لەگەڵ ڕەوتێکی دیکە کە لەم دواییانەدا زاڵ بووە، کە دابەزینی بەردەوامی پشکی کار لە داھاتی نیشتیمانیدا نیشان دەدات، بە بەراورد بە پشکی داھاتی نیشتمانی کە دەچێتە پشکی سەرمایەوە (Karabarbounis and Neiman. 2014، Baker، a., al et Autor, 2017). بۆیە کار (بە بەراورد لەگەڵ سەرمایە) پشکێکی کەمتر لە داھاتی گەشەی ئابووری و زیادبوونی بەرھەمھێنانی نیشتمانی وەردەگرێت.

ھەموو ئەوانە بوونەتە ھۆی ھێنانەئارای بازاڕێکی کار، کە لە دابینکردنی دارایی ئاستی ژیانی کرێکاران بەردەوام بەرەو لاوازبوون دەچێت، تەنانەت لە کاتێکدا سیستمی ئۆتۆماتیکی (لەوانەش سیستمی زیرەکیی دەستکرد) پشکێکی گەشەسەندوو لە کۆی کارە بەرھەمدارەکان وەربگرێت. ھەندێک لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری تەکنیکی، ئابووریناس و شرۆڤەکاران (Reeves; Murray, 2016, 2016; The Economist, 2016) وەڵامی ئەم نیگەرانییانەیان داوەتەوە و داوای جیاکردنەوەی کرێ/ستاندارەکانی ژیان لە دامەزراندن دەکەن، بە پەرەپێدانی پلانی دابەشکردنی داھاتی بنەڕەتی گشتگیر (UBI)، یان پلاندانان بۆ زامنکردنی داھات، بەڵام ئەم پلانانە تێچوون و ھاندان و کێشەی کارگێڕی لەگەڵ خۆیاندا دەھێنن. ھەندێک لە حکومەتەکان پێشتر تاقیکردنەوە بچووکەکانیان دەست پێ کردووە یان پلانیان بۆ داناوە (بۆ نموونە شاری ماریکا لە بەڕازیل و ویلایەتی ئالاسکا لە ئەمەریکا)، بەڵام ھێشتا ھیچ بڕیارێک لە سەر ئەگەری دابەشکردنی داھاتی بنەڕەتیی گشتگیر (UBI) بە قەبارەیەکی گەورەتر لە درێژخایەندا نەدراوە.

ئاڕاستە نزیکەکان بۆ مامناوەندەکان

ڕەوتی نزیک بۆ مامناوەند لە جیھانی نوێی ئێمەدا کە بە زیرەکیی دەستکرد بەڕێوە دەچێت، نیشانی دەدات کە ئامرازە دەستکردەکان لێکەوتەی وێرانکارانە لە سەر شێوازە نەریتییەکانی کارکردن بەجێ دەھێڵێت (The Economist, 2014)، بەڵام ئەو لێکەوتانە لە ھەموو بارودۆخەکاندا نەرێنی نین، چونکە لە ئەنجامدا ھەلی کاری نوێی لێ دەکەوێتەوە. ئێرانی (Irani, 2015) سەبارەت بە وردەکار (microwork)ی نووسیوە و ئاماژە بە کار یان پیشە کورتمەوداکان بۆ مرۆڤ دەکات، بە نموونە وەڵامدانەوەی ڕاپرسییەکان و شۆفێری و خاوێنکردنەوە و کاری دیکە. لە ڕابردوودا بەڵێننامەی بەکۆمەڵی گرێبەستەکانی دامەزراندن یان ڕێکخستیان بە شێوەیەکی نەرمونیان، بۆ ئەو جۆرە کارانە زۆر گران بوو. پاشان پلاتفۆرمی دەرەکیی زیرەکیی دەستکردی وەکوو تاسک رابیت (Task Rabbit) و ئوبەر (Uber) و لایفت (lyft) و میکانیکاڵ تورک (Mechanical Turk) لە ئەمازۆن (Amazon) ھاتنە ئاراوە، بۆیە ئەو تێچوونانە زۆر کەم بوونەتەوە، لە ئەنجامدا خزمەتگوزارییە ھاوتەریبەکانی بازرگانیی بچووک گەشەیان کردووە، بەڵام ھەندێک نیگەرانی ماوەتەوە کە تایبەتە بە دۆخی جێبەجێکارانی بازرگانیی بچووک و ئەو سوودانەی کە لە بازاڕەکانی کاردا بۆیان کۆ دەبێتەوە (Cherry, 2015).

ھەروەھا ھەندێک لە ئابووریناسان (Siu and Jaimovich,2012.  Autor, 2015) لە سەر ئەو جیاوازییانەیان نووسیوە کە لە بارەی لەدەستدانی ھەلی کارەوە بە ھۆی بەئەلیکترۆنیکردنەوە لە دەیتا ئابوورییەکانی ئەم دواییەدا بینراون. ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە کارە ڕۆتینی و لێھاتووییە مامناوەندەکان (بۆ نموونە: بەرھەمھێنان، دروستکردن، دامەزراندن) ھەمیشە ئەگەری زیاتریان ھەبووە کە لە خاوبوونەوەی ئابووریدا زیانێکی زیاتریان بەر بکەوێت یان زیاتر تووشی خاوبوونەوەی ئابووری ببن، لەچاو کەسانی کەم لێھاتوو (وەکوو ژینگەپارێزان) و کارە لێھاتوو بەرزەکانی (وەکوو ئەندازیاریی پڕۆگرامسازی). ئەوان ئەم کاریگەرییە بە “سووڕانەوەی کارەکان” ناو دەبەن (job polarization).

لە کاریگەرییە کورتخایەنەکانی دیکە کە بە ھۆی ئامرازە دەستکردەکانەوە لە بازاڕی کاردا دروست دەبن، باس لە کاریگەرییەکانی لەدەستدانی کارامەیی (deskilling effect) دەکەین، چونکە ئۆتۆماتیکیکردن دەبێتە ھۆی لەدەستدانی توانا یان لێھاتووییە تایبەتمەندەکانی مرۆڤ، بەو پێیەی ئۆتۆماتیکیکردن خواست لە سەر ئەو کەسانە کەم دەکاتەوە کە خاوەنی ئەو کارامەییانەن. بۆیە کرێکاران لە فێربوونی ئەو جۆرە کارامەییانە دوور دەکەونەوە کە بەر لە ئۆتۆماتیکیکردنیان ڕاھێنانیان لە سەر کردووە. بەڵام لە ڕووی لەدەستدانی کارامەییەکانەوە، لە دەستپێکی دابەشکردنی کاردا کاریگەرییەکی ھاوشێوەی ھەبوو، بۆیە گرنگیی ئەم کاریگەرییە تا ئێستا نادیارە. ھەر چی کاریگەرییە ئەرێنییە ئەگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی زیرەکیی دەستکردە؛ باشتربوونی ھۆیەکانی گواستنەوە لەخۆ دەگرێت، بە ھۆی ئۆتۆمبێلە خودڕەوە زۆر سەلامەتەکانەوە (Anderson et al, 2016).

یەکێک لەو نیگەرانییانەی کە لەگەڵ گەشەکردنی سیستمی زیرەکیی دەستکرد دێتە کایەوە، بریتییە لەوەی ئەو وەبەرھێنانەی کە بۆ پەرەپێدانی ئەم زیرەکییە پێویستە؛ تەنھا بۆ چەند کەسێکی کەم لەبەردەستدایە، لەوانە بۆ کۆمپانیا تەکنەلۆژییە زۆر بەرزەکان، ھەروەھا ئەو کۆمپانیایانەی خاوەنی دەیتابەیسی گەورە و کرێکاری تەکنیکیی زۆر لێھاتوون. ئەمەش بەو مانایەیە کە داھات و دەستکەوتی بەرھەمھێنان لە ئۆتۆماتیکیکردن بە ھۆی زیرەکیی دەستکردەوە دەڕژێتە گیرفانی گرووپێکی زۆر تەسک لە “کۆمپانیا سەرووئاساییەکان”ەوە (b., al et A Autor, 2017). لە ھەمان کاتدا ئەگەر ئۆتۆماتیکیکردنی ھەلی کارەکان بەردەوام بێت، ئەوا ئەو بەشەی کار کە داھاتی بنەڕەتی بەرھەم دەھێنێت کەم دەبێتەوە، ئەمەش نایەکسانیی داھات زیاتر دەکات، ئیدی لە سەر ئاستی نیشتمانی یان جیھانی بێت.

فرایی (Frey) و ئۆزبۆرن (Osborne, 2013) ھەوڵ دەدەن وەڵامی ئەو پرسە بدەنەوە کام کارانە لەبەردەم ئەگەری بەئۆتۆماتیکیکردندان. لێکۆڵینەوەکەیان گریمانەی کۆمەڵێک ھۆکاری لۆژیکی دەکات کە توانای کارێک بۆ بەئۆتۆماتیکیکردن دیاری دەکەن، لەوانە: ئایا کارەکە پێویستی بە زیرەکیی داھێنەرانە، زیرەکیی کۆمەڵایەتی، تێگەیشتنێکی باش و دەستکاریکردن ھەیە؟ پاشان پیشەکانیان لە ئەمەریکا بە پێی ئەم سێ پێوەرە پۆلێن کردووە. ئەو ڕێبازەشیان بەکار ھێناوە بۆ خەمڵاندنی ئەوەی (٤٧%) کرێکارانی ئەمەریکی ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر دەبنەوە کە بە ھۆی ئۆتۆماتیکیکردنەوە کارەکانیان لەدەست بدەن. بەڵام ڕێکخراوی ھاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان (OECD) توێژینەوەیەکی ئەنجام داوە (Arntz, Gregory, and Zierahn, 2016) دژایەتیی خەمڵاندنی ڕێژەی (٤٧%) دەکات. ئارێنتز و ئەوانی تر (al et Arntz) دەڵێن: ئەو ئەرکانەی لە ناو کارەکاندا ئەنجام دەدرێن، دەکەونە ژێر ئۆتۆماتیکیکردنەوە. سەبارەت بە خودی کارەکان، تەنھا دەگۆڕدرێن بۆ ئەوەی لە ھەمان کاتدا ئەرکی ئۆتۆماتیکی و مرۆیی لەخۆ بگرن. ئەم ڕێبازە لە سەر بنەمای ئەرک بۆ پیشەکان، نوێنەرایەتیی شیکارییەکی چڕ و ڕەنگە وردتریش بۆ پێشکەوتنی پیشەکان بکات، ھەروەھا باسێکی وردتر لە کارلێکەکانی نێوان ئەرک و لێھاتووییەکان لە ناو پیشەکاندا دەکات (Autor, 2013).

ڕێکخراوی ھاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان بە گوێرەی شیکاری لە سەر ئەرکەکان، وای دەبینێت تەنھا (٩%)ی پیشەکان لە (٢١) دەوڵەتەکەی ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا دووچاری مەترسیی بەئۆتۆماتیکیکردنی تەواوەتی دەبنەوە. لە چەندین حاڵەتیشدا، کاتێک ئەرکێکی دیاریکراو بەئۆتۆماتیکی دەکرێت، ئەرکی دیکە بۆ ڕۆڵی کرێکارەکە زیاد دەبێت، بەوەش بەھای تێکڕای پیشەکە بەھێزتر دەبێت. ڕاپۆرتێکی دیکە کە لە لایەن نووسینگەی کاری نێودەوڵەتی (ILO) بڵاو کراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە شیکارییەکان لە بارەی توانای بەئۆتۆماتیکیکردن تەنھا لە سەر ئاستی کەرتی ئابووری گونجاوە (Chang, Rynhart, and Huynh, 2016).

چوارچێوەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە لاوازیی پیشەکان بەرانبەر بەئۆتۆماتیکیکردن

بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی درێژخایەن، لەم بوارەی توێژینەوەکەدا گرنگە ئاماژە بە ھەندێک ڕەوتی دیکە بکەین. پێشینەی پێشبینییەکانمان سەبارەت بەو کارانەی کە کەوتوونەتە ژێر  ئۆتۆماتیکیکردنەوە، ھەمیشە زۆر خراپ بووە. ھەریەکە لە برینجۆلفسۆن (Brynjolfsson) و مەکافی (McAfee) باس لە نموونەی توندی دووبارەبوونەوەی شکست لەم بوارەی پێشبینییەکاندا دەکەن. بۆ نموونە؛ باس لەوە دەکرێت کە شاژن ئەلیزابێس (Elizabeth Queen) لە سەدەی شانزەیەمدا لە ترسی کارەکانی گەلەکەی، ڕەتی کردووەتەوە داهێنانی زانستی بە ئامێرێک ببەخشێت، بەڵام ئەوە ئینگلتەرا بوو کە پێشوازیی لە شۆڕشی پیشەسازی کرد و دەستی پێ کرد، تەنانەت لەو ماوەیەدا بۆ دابینکردنی داواکاریی زۆرتر لە سەر کار، پەنای بردە بەر کارکردنی منداڵان. لە دەوروبەری ساڵی ٢٠٠٤، لێڤی (Levy) و مۆرنان (Murnane) داکۆکییان لەوە کرد کە بیرۆکەی ئۆتۆمبێلی خودڕەو ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت (Levy and Murnane, 2004)، بەڵام پێشھاتەکانی ئەم دواییە لە ئوبەر (Uber) و گوگڵ (Google) و تێسلا (Tesla) و “کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل”، ڕوونیان کردەوە ئەو چاوەڕوانییانە زۆر لە واقیعەوە دوورن.

لە بەرانبەردا دەکرێت ئەم پێشبینییە شکستخواردووانە لەگەڵ کارەکەی پاوڵ ئارمەر (Paul Armer) بەراورد بکرێن، کە لە کۆتایی شەستەکاندا لە دامەزاوەی ڕاند ڕاپۆرتێکی ئامادە کردبوو (Armer. 1966) بۆ لیژنەی نیشتمانیی ئەمەریکی بۆ تەکنەلۆژیا و بەئۆتۆماتیکیکردن و پێشکەوتنی ئابووری (National Commission on Technology Progress Economic and, A). شیکارییەکی پێشبینیکراوی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کۆمەڵگەیەکی زانیاری کردبوو. ئەو پێشبینیی ئەو تەڵەزگەیەی کردبوو کە ئێستا دەیبینین، وەکوو گفتوگۆی سەرلەنوێ لە بارەی تایبەتمەندییەکان، بەھای زانیاری، کاریگەریی تەکنەلۆژیای زانیاری لە سەر خێرایی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سیناریۆکانی دیکە. بەڵام پێشبینییەکانی سەبارەت بە دامەزراندن، زۆر گشتگیر بوون. بە نموونە؛ پێشبینیی پێویستیی بەسەربردنی کاتێکی زیاتری کردبوو بۆ پەروەردە و پێویستیی مەشقکردنی بەردەوامی ھێزی کار، تاوەکوو لەگەڵ خێرایی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا بگونجێت. پێدەچێت باسەکانی لە بارەی “بەکارھێنانی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن، بۆ نموونە لە بواری بانکی و پەروەردە و فرۆشتندا” وردتر بن و ڕاستییەکانی بسەلمێنرێت.

خاڵێکی دیکە کە شایانی ڕەچاوکردنە، ئەوەیە کە ئێمە ھەمیشە کاری گەورەمان نەکردووە بۆ پێشبینکردنی ئەو ئەرکانەی کە بۆ فێربوونی ئامرازە دەستکردەکان قورسن. پارادۆکسی مۆراڤیک (Rotenberg, 2013) (Moravec, 1998) ئەو کەمتەرخەمییە ڕوون دەکاتەوە: کاتێک کارەکان پێویستیان بە تەرکیزێکی گەورەی مرۆیی ھەبێت، ئێمە بڕیاری بەسەردا دەدەین کە لە ڕووی ژمێرەییەوە سەختە (بە نموونە: سەلماندنی تیۆرییەکان، یان یاریی شەترەنج، یاخود یاریی گۆ (go)). بەڵام ئێمە کارە ژمێرەییە سەختەکان بە کەم دەزانین، کە پێمان وایە پێویستیان بە ھەوڵی کەمتری مرۆڤ ھەیە (وەکوو: تێگەیشتن، داھێنان، کارلێکی کۆمەڵایەتی، ھەماھەنگیی نێوان دەست و چاو). بە واتایەکی تر: لاوازیمان لە خەمڵاندنی بابەتییانەی کێشە مەعریفییەکان و چارەسەرکردنیان، ئەم لایەنگرییەمان لە بڕیارداندا، وا دەکات پێشبینیکردنمان بۆ پێشکەوتنی کارەکان دووچاری ھەڵە ببێتەوە.

نیگەرانییە دووبارەکان سەبارەت بە داھاتووی کارەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە توێژەران بۆ بڕیاردان لە سەر ئامادەیی پیشە و ئەرکەکان بۆ ئۆتۆماتیکیکردن –بە تایبەتی بۆ ئۆتۆماتیکیکردن لە لایەن ئامرازە دەستکردەکانەوە، ھێشتا چوارچێوەیەکی باشیان نەدۆزیوەتەوە. توێژەران لە زیرەکیی دەستکرد و ئابووریناسان دەستیان کردووە بە دیاریکردنی سنووری ئەوپەڕی ئۆتۆماتیکیکردن بە زیرەکیی دەستکرد (Ng, 2016) (Autor, 2015). بە کورتی: زیرەکیی دەستکرد لە ئەرکە باش پێناسەکراوەکان، دووبارەبووەکان، یان ڕۆتینییەکاندا سەر کەوتووە کە ئەدای کارکردنیان ئاسانە بۆ بڕیاردان بەسەریاندا، بەڵام ئەم سنوورانە ھێشتا نەخەمڵیون و کەوتوونەتە ژێر لێکۆڵینەوەی نوێوە. پێناسەی پێشوەختەی مینسکی (Minsky) بۆ زیرەکیی دەستکرد (Minsky, 1961)، پلاندانانی وەکوو یەکێک لە گرنگترین بوارە لاوەکییەکانی زیرەکیی دەستکرد دەستنیشان کردووە. ئەو سەختییەی ئێستا کە سیستمی زیرەکیی دەستکرد لە ژینگە پشێوەکاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ڕەنگدانەوەی ھەندێک دواکەوتنە لە ئەنجامی گەشەکردنی زیرەکیی دەستکرد لە بواری پلاندانانی ئۆتۆماتیکیی لاوەکیدا (Geist, 2017).

بە گشتی، پیشە ئۆتۆماتیکییەکان پێک دێن لە ئەرکە ئۆتۆماتیکییەکان کە بە شێوەیەکی سادە و سنوورداری باش کارلێک دەکەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئامرازە دەستکردەکان لە ئێستادا سنووردار کراون بۆ کێشە باش پێناسەکراوەکان، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە چوارچێوەیەک پێشنیار دەکەین کە لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی دامەزراوەی ڕاند بێت سەبارەت بە بەڕێوەبردنی حاڵەتە لەناکاوەکان لە شوێنی کاردا (Fox and Baiocchi, 2013). چوارچێوەکەی ئێمە ئاماژە بە دوو ھۆکار دەکات کە ئامادەیی پیشەکان بۆ ئۆتۆماتیکیكردن دیاری دەکەن، ئەوانیش:

١. بڕی ئەو ناسەقامگیرییەی کە کرێکار دەبێت بە بەردەوامی لە پیشەکەیدا ڕووبەڕووی ببێتەوە، ئەمەش بە گشتی ئاماژەیە بۆ ژمارەی ئەو ئەرکانە یان ئەو سیناریۆیانەی کە کرێکار دەبێت فێری بەڕێوەبردنی تاکەکەسی و ژمارەی ئەو جارانە بێت کە پێویستە لە نێوان سیناریۆکاندا بگۆڕدرێت. ھەروەھا ئاڵۆزیی سیناریۆکان و جۆراوجۆریی کارامەیی پێویست بۆ بەڕێوەبردنیان ڕۆڵ دەگێڕێت. ئاگرکوژێنەوە، ھێزی بژاردەی دەریاوانی ئەمەریکی، سیاسەت و نەشتەرگەری، لە پشێوترین بوارە پیشەییەکانن.

٢. کاتی وەڵامدانەوەی ئاسایی کە پێویستە بۆ کرێکار، بۆ ئەوەی ئەرکەکان بە شێوەیەکی کارا لە پیشەکەیدا ئەنجام بدات.

وێنەی دووەم ئەو چوارچێوەیەمان نیشان دەدات کە ڕێگەمان پێ دەدات جیاوازی لە نێوان ئامادەیی جۆرە جیاوازەکانی پیشە بۆ ئۆتۆماتیکیکردن بکەین، ھەروەھا بە پێداچوونەوەیەک دادەنرێت بەو چوارچێوەیەدا کە پیشە ڕۆتینی و مەعریفییەکانی بەراورد کردبوو، کە لە سەرچاوەی “Siu and Jaimovich. 2014” بەکار ھاتووە، پاڵپشت بەو کارەی ھەریەکە لە ئۆتەر و (Autor) ئاسیمۆگلۆ (Acemoglu) و ئەوانی تر بەئەنجامیان گەیاندووە. ھەروەھا چوارچێوەکە ڕەنگدانەوەی قسەکانی ئۆتەرە (Autor, 2015) سەبارەت بەو ھۆکارانەی کە پێویستن بۆ ئاسانکاریی ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکەکان بە زیرەکیی دەستکرد، یان بە فێربوونی ئامێرەکان. ئێمە بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکەین کە پیشەکان لە ژینگە کەم شلۆقەکاندا زیاتر ئامادەن بۆ ئۆتۆماتیکیکردن بە زیرەکیی دەستکرد، لەگەڵ ئەو پیشانەی کە پێویستیان بە کاتی وەڵامدانەوەی درێژترە زیاتر ئامادەن بۆ بەئۆتۆماتیکیکردن. کارە زۆر تێکەڵاوەکانیش بۆ بەئۆتۆماتیکیکردن قورسترینن. ئەو پیشانەی کە کاتی وەڵامدانەوەیان درێژترە، زیاتر ئامادەن بۆ ئۆتۆماتیکیکردن بە بەراورد بەو پیشانەی کە کاتی وەڵامدانەوەیان کورتترە.

شڵەژاوی یان بڕی گۆڕینی ئەرکە پێویستەکان، کاریگەریی کاتە ئاساییەکانی وەڵامدانەوە لە سەر لاوازی بەرانبەر بەئۆتۆماتیکیکردن جێگیر دەکات. ئەم کرداری ھاوسەنگکردنە دەکرێت ئاڵۆز بێت، چونکە کاتی وەڵامدانەوەی درێژ و ئاستی نزم لە شلۆق بە مانای ماوەیەکی درێژترە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە تاکەکەسییەکان لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی ئەرکەکاندا گۆڕانکارییەکی سنووردارە. سەبارەت بە کێشەی پلاندانانی ئۆتۆماتیکی لەم سیستمەدا (دیاریکردنی ئۆتۆماتیکی؛ چۆن و کەی گۆڕینی نێوان ئەرکەکان ئەنجام دەدات)، چارەسەرکردنی تا ڕادەیەک ئاسانترە. بۆیە ئەو پیشانەی دەکەونە ناو ئەم سیستمانەوە، ئەگەری زۆرە زیاتر بەرەوڕووی ئۆتۆماتیکی ببنەوە. لە لایەکی دیکەوە، پلاندانانی ئۆتۆماتیکی لە سیستمێکدا کە بە شلۆقیی زۆر و کاتی وەڵامدانەوەی کورت دەناسرێتەوە، کێشەیەکی زۆر قورسترە. شلۆقیی بەرز بەو مانایەیە کە ئەرکی جیاوازتر ھەیە بۆ ئەوەی سیستمێکی زیرەکیی دەستکرد بۆ ئەنجامدانی دیزاین بکرێت. سیستمەکە دەبێت بتوانێت وەڵامی ڕێکوپێکی ھەڕەمەکیی ئەو ئەرکانە بداتەوە کە ئەنجام دەدرێن -ڕەنگڕێژکردنی زیرەکیی دەستکرد کە لە سیستمێکی لەو جۆرەدا بە شێوەیەکی قبووڵکراو ئەنجام بدرێت، بەڕێوەبردنی زۆر ئاڵۆز لەگەڵ چوارچێوەی کاتی زۆر کورت و پلاندانان لەخۆ دەگرێت.

سیستمێک کە بە شلۆقیی کەم و کاتی وەڵامدانەوەی کورت دەناسرێتەوە، ھەمیشە بە چالاکییە ئۆتۆماتیکییەکان دەوڵەمەند بووە (بە نموونە: ڕێکخستنی ھێڵەکانی کۆکردنەوە). لەم سیستمەدا کاتە کورتەکانی وەڵامدانەوەی پێویست دەتوانێت بۆ کارمەندی مرۆیی تاقەتپڕووکێنتر بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دەبێت کۆمەڵە ئەرکێکی بچووکتر ئەنجام بدرێن، ئاڵنگارییەکانی دیزاین و پلاندانان ئاڵۆزییەکی زۆر کەمتریان ھەیە. ئەو ئاڵنگارییانە دەکرێت بە شێوەیەکی گونجاو لە ڕێگەی پلاندانانی وردی کارگەکان و دیزاینی ڕۆبۆتیی پڕۆگرامکراو بە شێوەیەکی جێگیر چارەسەر بکرێن. شێوە بنەڕەتییەکانی ئۆتۆماتیکی، مەرج نییە مەبەستمان تەنھا ئۆتۆماتیکیی زیرەکیی دەستکرد بێت، لەگەڵ پێگەیشتنی کارگە مۆدێرنەکان، ئەم سیستمەیان بە ڕادەیەکی پێویست وەرگرتووە (بۆ نموونە: پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە کۆتاییەکانی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو تا ئەمڕۆ).

شلۆقیی بەرز و کاتی وەڵامدانەوەی درێژ لە جیھانی ئۆتۆماتیکیدا، نوێنەرایەتیی پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش دەکات. ئەم سیستمە ھێشتا چەندین ئەرکی ھەیە کە پێویستی بە فێربوونە، ئەمەش لە پلاندانانی ئۆتۆماتیکیدا کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی زەمەنیی درێژتردا. زۆرێک لەم کارانە پێویستیان بەوەیە کە تواناکانی بۆ بەڕێوەبردنی نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و کولتووری (زۆر جار نەوتراو) وردتر بکاتەوە. ھێشتا ڕوون نییە کە ئایا سیستمێکی زیرەکیی دەستکردی زیرەکتر دەتوانێت بڕیارێکی وردی یەکگرتوو بدات، کە پێویستە بۆ ئەوەی تەنانەت لە غیابی فشارەکانی کاتیشدا سەرکەوتوو بێت. لە کاتێکدا ئەم چوارچێوەیە پێویستە ڕێنمایی بەسوود بۆ دیزاینەران و گەشەپێدەرانی ئامرازە دەستکردەکان دابین بکات، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لە ھەوڵەکانی بەئۆتۆماتیکیكردن ھێشتا مەرج نییە تەواوی پیشە ئۆتۆماتیکییەکان بکاتە ئامانج.

تا ئێستا زۆربەی ھەوڵەکانی ئۆتۆماتیکیکردن لە ژینگەیەکی ھاوشێوەی کارگەدا ئەنجام دراون (پێدەچێت لەبەر ھۆکاری سەلامەتی بێت). لەوانەیە ئەم جیاوازییە ئاماژە بەوە بکات کە ئۆتۆماتیکیکردن بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەریی لە سەر ئەو پیشانە ھەبووە کە پێویستیان بە پلەیەکی کەمتری خوێندنی فەرمی ھەیە، وەکوو کرێکارانی کارگە، وەک لەوەی کاریگەریی لە سەر ئەوانەی لە پیشەی بەڕێوەبردن وەک ژمێریاردا ھەبووە. دەتوانین بڵێین کە ئەمەش بە ھۆی کەمبوونەوەی پێداویستییە مەعریفییەکان و لایەنە میکانیکییە باڵاکانی ئەم بوارەوەیە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەگەری گرتنەبەری ڕێبازێکی ڕاست و دروستتر بەرەو دیزاینی ڕۆبۆتەکان. بەڵام پێشکەوتنەکان لە زیرەکیی دەستکرددا، ڕێڕەوی توانا مەعریفییەکان بەرز دەکاتەوە کە ئۆتۆماتیکیکردن دەتوانێت لە زیرەکیی دەستکرددا سەرکەوتوو بێت (ھەڵکشانی لافاوی مەجازی کە مۆراڤیک ئاماژەی بۆ کردووە). ئێمە پێمان وایە ئەم چوارچێوەیە بۆ بەدەستھێنانی ئۆتۆماتیکیکردن بە زیرەکیی دەستکرد، دەتوانێت لە دیاریکردنی دەرفەتە کردارییەکانی داھاتوودا یارمەتیدەر بێت.

تەوەرە گشتییە دەستنیشانکراوەکان و پێشنیارەکان

گفتوگۆ و ڕاپرسییەکانمان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی زیرەکیی دەستکرد لە سەر ئاسایش و دامەزراندن، تیشکیان خستە سەر ھەندێک لە مەترسی و تەوەرە فراوانەکان. لێرەدا ھەوڵ دەدەین ئەو خاڵانە بخەینە ڕوو، لە کاتێکدا ڕەنگە مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد لەگەڵ سەرھەڵدانیان چارەسەر بکرێن، بەڵام رێبازێکی گشتگیرتر سوودی زیاتر پێشکەش دەکات.

ئێمە توانیمان بابەتگەلێکی گشتی دەستنیشان بکەین کە دەستیان خستە سەر باسەکانمان، تەوەری یەکەم سەرنج دەخاتە سەر جیاوازییەکی گەورە لە چوارچێوەی سەرنجدان لە نێوان مرۆڤ و زیرەکیی دەستکرد لە کاتی پڕۆسێسکردنی زانیاریدا. لە ھۆکارەکانی بوونی دیاردەی “بڵقی فلتەر” (filter bubble) ئەوەیە کە ئیمە ھەوڵ دەدەین خۆمان لە باری زۆری زانیاری بەدوور بگرین. بۆ نموونە؛ لە بڕیارداندا، ئێمە ئەرکەکانی پڕۆسێسکردنی زانیاری بە لاوەکی وەردەگرین، تاوەکوو بتوانین سەرنجمان لە سەر بڕیارە سەرەکییەکان بێت. لە ئێستادا مێشکی مرۆڤەکان نەرمییەکی سنوورداری ھەیە، ئەمەش بەشدارە لە سنوورداربوونی ماوەی سەرنجدانمان، بەڵام چوارچێوەی سەرنجی ئامرازە دەستکردەکان دەتوانن نەرمتر بن، زۆر جار مەودای بەردەست لەگەڵ داھێنانی نوێ لە تەکنەلۆژیای زانیاریدا باشتر دەبێت٨.

دەیتای گەورە (Big Data) (کە ئێستا سیستمی دەیتاکانی “ئینتەرنێتی شتەکان” (IOT) لەخۆ دەگرێت) کار دەکات بۆ فراوانکردنی ئەو سنوورانەی کە ئامرازە دەستکردەکان دەتوانن گرنگیی پێ بدەن. ڕەنگە ھەندێک لە بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد چوارچێوەی سەرنجی سنووردار بەکار بھێنن، بەڵام دۆخی تەکنەلۆژیا ڕێگە بە فراوانبوونی بەرفراوانی ئەو چوارچێوانە دەدات، بەراورد بەو شتانەی کە مرۆڤ دەتوانێت لێیان تێبگات. ئەم جیاوازییە لە ماوەی سەرنجدان، ڕەنگە لە ھەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی زیرەکیی دەستکرددا لە پشت زۆرێک لە خاڵە لاوازەکانمانەوە بێت.

تەوەری دووەم کە سەرنجی ھەندێک لەم گفتوگۆیانەی خرایە سەر، بریتییە لە جۆرێک لە کەمبوونەوەی نەرمونیانیی نواندن (dimished resilience)، بە ھۆی سنوورداریی زانیارییەکانمانەوە دەربارەی چۆنێتی کاریگەرییەکانی ئۆتۆماتیکیکردن لە ژیانماندا. لێرەدا مەبەستمان لە ئەگەری کەمبوونەوەی نەرمیی سیستمەکە یان زیادکردنی ناسکیی سیستمەکەیە، بە پشتبەستنی زیاتر بە ئامرازە دەستکردەکان. داڕووخانی بۆرسە لە ساڵی ٢٠١٠ (Flash Crash, 2010) بە نموونەیەک دادەنرێت لە سەر دەرکەوتنی فۆرمێکی نوێی ناسکیی سیستمەکە کە لە دەرئەنجامی بەکارھێنانی ئامرازە دەستکردەکاندا ڕوو دەدات (Nuti et al, 2011). زۆر جار کەمبوونەوەی ئەم خۆڕاگرییە لە شێوەی ڕوانگەیەکی زۆر متمانەبەخۆبووندایە بۆ ئامرازە دەستکردەکان، یان ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی ناتەواوە بۆیان. لە مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەو ئامرازە دەستکردە سەرەتاییانەی کە ئێستا بەکاریان دەھێنن، ئەم متمانە ناڕەوایە دەستی پێ کردووە، ئەمەش یەکێکە لە سیماکانی دەرکەوتنی مەیلی مرۆڤ بەرەو ئۆتۆماتیکیکردن (Osoba ans Welser. Automation bias). باسی پێشوومان کە سەبارەت بە لایەنگری بوو بۆ ئۆتۆماتیکیکردن (Osoba and Welser, 2017)، تیشکی خستە سەر مەیلی باش بەڵگەدارکراویی مرۆڤەکان بۆ تەرخانکردنی متمانەی زیاتر بەو ئەنجام و بڕیارانەی کە لە لایەن ئامرازە دەستکردەکانەوە دەدرێن، بەبێ ئەوەی مەترسییەکانی لایەنگری و ھەڵە سروشتییەکانی ئەم ئامرازانە لەبەرچاو بگرن.

باسکردنی پاریسەر (Pariser) لە بارەی بڵقی فلتەر (filter bubble) و ئاشکراکردنەکانی دیکەی ئەم دواییە سەبارەت بە ئەلگۆریتمەکانی پڕۆسێسی ھەواڵەکانی فەیسبوک، ئەوە دەردەخەن کە چەندە ئاسانە ڕۆڵی ئەلگۆریتمەکان لە ژیانی ڕۆژانەماندا بشارینەوە. گومانی تێدا نییە کە ئەم ڕۆڵە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گەشە دەکات، ئەوەش دەتوانێت کاریگەریی سیستماتیکیی گەورەی ھەبێت (وەکوو دیاردەی بڵقی فلتەر (filter bubble) و زۆر ناوەندگەرایی گوتار لە ڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە (hyperpolarization of online discourse)). ھەروەھا لایەنگریی ئۆتۆماتیکی کاریگەریی گرنگی ھەیە بۆ لێپرسینەوە لە بڕیارداندا (بە نموونە: وەکوو بابەتی تێھەڵچوونەوە لە سیستمی دادپەروەریی تاوانکاریدا).

یەکێک لە ڕێبازەکانی کاردانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە کاریگەرییانە، بریتییە لە بڵاوکردنەوەی زیاتری چینەکانی ئامرازە دەستکردەکان، بۆ ڕاستکردنەوەی بۆشایی یان کەموکوڕییەکانی ئامرازە ھەبووەکان. بەڵام ڕاستکردنەوەی ئەنجامی خراپی زیرەکیی دەستکرد بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی یان بەستنەوەی چەندین بەرنامەی زیرەکیی دەستکرد بە یەکترەوە، دەبێتە کارێکی زەحمەت. زۆر جاریش ھەردوو رێگاکە قورسترن لە دیزاینکردنی ئامرازێک بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامە خراپەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی. زۆرێک لە سیستمە ئۆتۆماتیکییەکان ناتوانن بزانن کەی لە حاڵەتی ھەڵەدان، بە تایبەتی کاتێک پەیوەندیی بە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھەبێت. بە شێوەیەکی گشتی ڕێکخەرێکی کاریگەریی زیرەکیی دەستکرد لەوانەیە پێویستی بە ھەمان پلەی ئاڵۆزی سیستمەکە ھەبێت. لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم جۆرە سیستمە ڕێکخراوانەش پێویستیان بە ڕێکخستن دەبێت.

کەمترین وەڵامێکی سروشتیتر بریتییە لە سەپاندنی شەفافیەتێکی ھاوشێوەی ئاشکراکردن. لێرەدا گرنگی بە تیشک خستنە سەر ئەو بوارانە دەدرێت کە ئامرازە دەستکردەکان تیایدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکەن، یان نێوەندگیریی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەکەن.

ئەم جەختکردنەوەیە ڕەنگە یارمەتیی توێژەران بدات بۆ دیاریکردنی ئەو ڕەفتارەی سیستم کە دەبێت بە وردی بپشکنرێت، یان لانی کەم ھەڵوێستی ڕەخنەگرانەتر بەرامبەر بە ئامرازە دەستکردەکان بەھێزتر بکەن. لەو سیناریۆیەدا کە وەڵامدانەوەکەی زۆر کەمە، سەختیی ئۆتۆماتیکیکردنی ڕێکخستنی زیرەکیی دەستکرد ئارگومێنتێکی لاواز دەخاتە ڕوو کە لە بەرژەوەندیی ئاگادارکردنەوەی مرۆڤەکانە لە ڕێکخستنی سیستمی ئۆتۆماتیکیدا، بە تایبەتی لە حاڵەتی سیستم یان سیستمی گرنگتر کە پێویستیان بە پارێزبەندییەکی بەرز ھەیە.

ئێمە ھەوڵمان داوە ئەم تەوەرانە بە شێوەیەکی فەرمیتر ڕەنگڕێژ بکەین، پێشنیارەکانیش بۆ چارەسەرکردنیان بخەینە ڕوو، بەڵام مەبەست لەمەی دووەمیان گشتگیرترە.

تەوەری یەکەم: ئامرازە دەستکردەکان سەرنجەکان چەند ھێندە دەکەن

لە کاتی پڕۆسێسکردنی زانیارییەکاندا، ئەو دۆخە جیاوازییەکی سەرەکی لە چوارچێوەی سەرنجدان لە نێوان مرۆڤ و زیرەکیی دەستکرددا دەردەخات. ئێمە لە پێشەوە ئاماژەمان بە بڵقی فلتەر (filter bubble) کرد وەک نموونەیەک لە کاریگەرییەکانی ماوەی سەرنجدانمان. چوارچێوەی سەرنجی فراوانکراوی ئامرازە دەستکردەکان (کە بۆ نموونە بە ھۆی دەیتا گەورەکان و ڕەوتی “ئینتەرنێتی شتەکان”ەوە چالاک دەکرێن) دەتوانن نەرمتر بن، زۆر جار لەگەڵ داھێنانە نوێیەکان لە تەکنەلۆژیای زانیاریدا مەودای کارکردنیان باشتر دەبێت. ڕەنگە ئەم جیاوازییە لە ماوەی سەرنجدان لە ھەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد، لە پشت زۆرێک لە خاڵە لاوازەکانی ئێمەوە بێت.

وەڵامی پێشنیارکراو: پێشبینیی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە بکە کە لەوانەیە لە ئەنجامی دۆزینەوەی ئاڵووێرکردنی زانیارییەکانەوە دەربچن. حکومەتەکان پێویستیان بە شارەزایی و تێگەیشتن لە زیرەکیی دەستکرد ھەیە. لە دۆزینەوە و چارەسەرکردنی ئەو لاوازییە نوێیانەی کە زیرەکیی دەستکرد لە بوارە ھەستیار و مەترسیدارەکانی وەکوو ئاسایشدا دروستی دەکات، پێویستە بڕیاردەران تا دەتوانن چالاک بن. بە ھەمان شێوە گرنگە ھەوڵ بدرێت ئەو شتە ئەرێنییە نوێیانە دەستنیشان بکرێن کە زیرەکیی دەستکرد پێشکەشی دەکات، ئەمەش پێویستی بە داھێنان و کارلێک ھەیە لە نێوان حکومەت و ئەو کەرتانەی کە زیرەکیی دەستکرد جیا دەکەنەوە.

تەوەری دووەم: پشتبەستن بە ئامێرە دەستکردەکان مەترسیی کەمبوونەوەی نەرمینواندن زیاتر دەکات

دووەم بابەت تیشکی خستە سەر جۆرێک لە کەمبوونەوەی نەرمینواندن (demised resilience)، کە بەھۆی زانیاریی سنووردارەوە دروست دەبێت، سەبارەت بەوەی کە چۆن ئۆتۆماتیکیکردن کاریگەریی لە سەر ژیانمان ھەیە. ئەم کەمبوونەوەی نەرمینواندنە لە شێوەی کاریگەریی “لەدەستدانی کارامەیی” (deskilling effect) لە چوارچێوەی دامەزراندندا دەردەکەوێت.، لەدەستدانی کارامەییە گرنگەکان (وەک ئاگرکردنەوە، بۆ نموونە) ئاسان دەکات کاتێک بەئۆتۆماتیکی دەکرێت. ھەروەھا دەکرێت ئەم کەمبوونەوەی نەرمینواندنە شێوەی ڕوانگەیەکی زۆر متمانەبەخۆبوون یان ڕەخنەگرانەیەکی ناتەواو لە ئامرازە دەستکردەکان وەربگرێت. ئەم متمانە ناڕەوایە لە مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەو ئامرازە دەستکردە سەرەتاییانەی کە ئێستا بەکاریان دەھێنین دەستیان بە دەرکەوتن کردووە، ئەوەش باشترین بەڵگەیە لە سەر مەیلی مرۆڤ بەرەو لایەنگریکردنی بەئۆتۆماتیکیکردن. لە سەدەی بیست و یەکدا گۆڕانی ھەموو لایەنەکانی ژیانمان بەرەو زیرەکیی دەستکرد بەردەوام دەبێت، ئەو دۆخەش کاریگەرییەکی ڕێکخراوی گەورەی دەبێت.

وەڵامی پێشنیارکراو: پەرەپێدانی ڕێکارە سیستماتیکییەکان بۆ ژماردنی وابەستەیی بە ئامرازە دەستکردەکان، ڕەچاوکردنی ڕێکارە گونجاوەکانی پاراستنیان لە شکست بە مەرجێک کە کەمتر ئۆتۆماتیکی بن. ڕەنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بە ھۆی خودی زیرەکیی دەستکردەوە دروست دەبن، نەتوانرێت پشت بە ئۆتۆماتیکی و زیرەکیی دەستکردی زیاتر ببەسترێت، لەوانەیە کێشەی نەرمینواندن زیاتر بکات.

بۆ وردبینیی مرۆیی لە سیستمی ئۆتۆماتیکی (زیرەکیی دەستکردی زانیاری و سیستمی فیزیکیی ئەلکترۆنی)، وەک ھەنگاوی یەکەم دەتوانین جەخت لە سەر پێویستیی پەرەپێدانی ڕێبازێکی زیرەکتر بکەینەوە، ئەمەش ھاندانی شەفافیەتێکی ھاوشێوەی ئاشکراکردن و فەرمیکردنی پراکتیکەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ھەڵسوکەوتی سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد لەخۆ دەگرێت. ھەروەھا باشترە ھانی مرۆڤەکان بدرێت تاوەکوو ئاگادار بکرێنەوە بۆ ڕێکخستنی ھەندێک لە بەرنامەکانی ئامێری دەستکرد کە پێویستیان بە پاراستنی بەرز یان لێپرسینەوەیەکی بەرزتر ھەیە. پێویستە ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ قووڵبوونەوە لەو بەرنامانەی زیرەکیی دەستکرد، کە لە ئەگەری شکستدا بە سەلامەتی دەمێننەوە.

تەوەری سێیەم: زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ئاژاوەی خێرای ئابووری و کۆمەڵایەتی دروست بکات

گومانی تێدا نییە کە لە ڕابردوودا کاریگەریی زیرەکیی دەستکرد شاردراوەتەوە، ئەو شاردنەوەیەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت “وەرزی زستانی زیرەکیی دەستکرد” (AL winters). ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان (بازرگانەکان، حکومەتەکان و خەڵک) متمانەیان بە بەڵێنی زیرەکیی دەستکرد نەماوە، بەڵام ئەم شەپۆلە ڕیکلامەی ئێستا بۆ زیرەکیی دەستکرد بەرھەمدارتر بووە. وەبەرھێنانە بازرگانییەکانی “وەکوو کۆمپانیای گوگڵ و ئەمازۆن و ئوبەر” لە تەکنەلۆژیا پێگەیشتووەکاندا (وەکوو: فێربوونی قووڵ (deep learning) و سیستمی ڕاسپاردن (recommendation system) و کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆماتیکی (unmanned control) و زۆری تر، دەستکەوتی گەورەی کاریگەری ھەبووە، لەوانەش: ئۆتۆمبێلی خودڕەو و پڕۆسێسکردنی زمانی سروشتی و وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکی و…تاد). خێرایی و قەبارەی کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی زیرەکیی دەستکرد، دەگونجێت بەرچاو و تەنانەت بێوێنەش بێت.

لەگەڵ زیادبوونی کارمەندان لە بواری ئابووریی کاری ئازاد (gig economy)، کە پلاتفۆڕمەکانی زیرەکیی دەستکرد بەھێزتری دەکات، لە ئێستاوە کاریگەرییە گەورەکانی دامەزراندنی کارمەند و ڕێکخستنیان دەستیان بە دەرکەوتن کردووە. وەڵامدانەوەی ناتەواو بۆ کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی زیرەکیی دەستکرد، دەتوانێت بەشێکی زۆری دانیشتووان بێبەش بکات (بۆ نموونە؛ لە ڕێگەی ئەو کارانەی کە جێگەی دەگرێتەوە)، ھەروەھا مەترسیی لە سەر سەقامگیریی نیشتمانی دروست بکات، بۆیە پێویستە بۆ باشترکردنی ھەڵسەنگاندنەکان و پێشبینیکردنی ئەو کاریگەرییانە کاری زیاتر بکرێت. بە شێوەیەکی زۆر گشتگیر، داڕشتنی ھێڵکاریی ڕێکخراوەیی بەھێز بەسوودە، بە جۆرێک لەگەڵ خێرایی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکاندا بگونجێت.

وەڵامی پێشنیارکراو: داننان بەوەی کە ئەوەی ڕوو دەدات سیستمێکی ئابووری-کۆمەڵایەتیی نوێیە، پێویستە بڕیاردەران لەم ڕوانگەیەوە ھەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ مەترسییەکانی سیاسەت ڕێک بخەن، بۆ ھەڵسەنگاندنی بژاردەکانی دەستێوەردانی ناستاندارد (بۆ نموونە: پلانەکانی تری تۆڕی سەلامەتی وەک داھاتی بنەڕەتی) کرانەوەی زیاتری پێویستە. بەشێک لەوەی نیگەرانییەکان زیاتر دەکات ئەوەیە کە داڕێژەرانی سیاسەت تەنھا لە بەرانبەر گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا کە لە لایەن ئەکتەرە بازرگانییەکانەوە ھێنراونەتە ئاراوە، دەجووڵێن و کاردانەوەیان دەبێت. بۆیە بە ئەندازەی خێرایی کاریگەرییەکان، ڕەنگە ھەڵوێست و کاردانەوەکان تێچووی زیاتری پێویست بێت.

تەوەری چوارەم: کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکیی زیرەکیی دەستکرد

ئەمەریکا لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە سوودێکی بەرچاوی لە داھێنان و ھێزی ئابووری بەدەست ھێناوە. سەبارەت بە ھۆکارەکانی ئەم دۆخە و ئەگەری بەردەوامبوونی، لەم توێژینەوەیەدا بە لاوەکی دادەنرێت. ئەو خاڵەی کە پێویستە سەرنجی لە سەر بدرێت ئەوەیە کە زۆرینەی داھێنانەکانی زیرەکیی دەستکرد لە ئەمەریکا ڕوویان داوە، ئەو سوودانەشی لەم داھێنانانەدا دەکەونەوە سەرەتا بۆ ئەمەریکا بووە.

ئەو داھێنانانە بە خێرایی بڵاو دەبنەوە، بە تایبەتی لەگەڵ فشارە ئەکادیمی و بازرگانییە بەھێزەکاندا تاوەکوو “زیرەکیی دەستکرد وا لێ بکەن ھەمووان دەستیان پێ بگات”. بەڵام زیادبوونی داھێنەران و شارەزایانی زیرەکیی دەستکرد لە وڵاتانی دیکەدا (وەکوو: کۆمپانیاکانی بایدو (Baidu)، عەلی بابا (Alibaba) و دیدی (Didi)ی چینی) ڕەنگە ئاماژەیەکی بەھێز بێت بۆ ئەوەی کە ئەمەریکا تایبەتمەندیی بزوێنەری یەکەمی لە بواری زیرەکیی دەستکرددا لەدەست داوە.

دەستبەرداربوونی ئەمەریکا لە بواری باڵادەستی لە کۆمپیوتەری کارایی بەرزدا، ڕەنگە گۆڕەپانی یارییەکە زیاتر ئاڵۆزتر بکات، چونکە ئەو سەروەت و دەستکەوتانە پەرەیان سەندووە و لە ئاستی جیھانیدا بەردەستن، چیتر ناتوانرێت وا گریمانە بکرێت کە یاریزانە بیانییەکان ھەمان شارەزایی و سەرچاوەی ھاوشێوەی زیرەکیی دەستکردیان لەبەردەستدا نییە.

وەڵامی پێشنیارکراو: پێویستە دەستبەرداری گریمانەی باڵادەستیی ھەمیشەیی ئەمەریکا لە تەکنەلۆژیا و شارەزایی زیرەکیی دەستکرددا بین، بەو پێیەی ئێستا کێبڕکێیەکی چڕوپڕی جیھانی ھەیە. ڕەنگە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کێبڕکێکە چڕتر بێتەوە، بە ھۆی کواڵتیی خوێندنی بیرکاری و زانستەکان لە ئەمەریکا (وەک لە ڕاپرسییە پەروەردەییە سنووربڕەکاندا بە پلەی “ناوەند” یان کەمتر لە “ناوەند” ھاتووە، بە نموونە لە پڕۆگرامی ھەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی خوێندکاران (PISA) کە لە لایەن ڕێکخراوی ھاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) ئەنجام دراوە (ڕێکەوتەکەی دیاری نەکراوە)).

بڕیاردەران دەتوانن ھەڵوێستی “پێشبڕکێ بەرەو مانگ” (race to the moon) بگرنە بەر، بە مەبەستی پەیڕەوکردنی ستراتیژیەتێک کە بۆ وەبەرھێنان لە توێژینەوە و ژێرخانی زیرەکیی دەستکرددا بەھێز بێت. حەوزی بەھرەمەندەکانی زیرەکیی دەستکرد بوارێکی کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی بەھێزە و ھەر واش دەمێنێتەوە.

دیارترین چارەسەر باشترکردنی دەرئەنجامە پەروەردەییەکانە بۆ زانست و تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری و بیرکاری (STEM)، لە قۆناغەکانی خوێندن لە باخچەی منداڵانەوە تا قۆناغی ناوەندی. ڕاستە ئەمە ئەرکێکی ئاڵۆزە و تەنھا ئەنجامێکی درێژخایەنی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەھرە لە زیرەکیی دەستکرددا بەشدارن، وا دەکەن ئەم ئەرکە ھێندەی تر بەپەلەتر بێت. ڕاکێشان و دەستەبەرکردنی ئەم بەھرانە گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی ھەیە. وڵاتانی ئارەزوومەند دەبێ دان بەوەدا بنێن کە ئەم کۆمەڵە بەھرانە بە سروشتی خۆیان جیھانین، ھەر بۆیە پێویستە بۆ ئەم کۆمەڵە بەھرانە سیاسەتەکانی تایبەت بە کۆچ لە پێشینەی کارەکاندا بێت.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکان سیاسەتەکاتی تایبەت بە کۆچبەری لەبەر سێ ھۆکار بە ئامرازێکی سەرەکی دادەنرێت:

١. بوونی ڕێژەیەکی بەرزی نائاسایی لە شارەزایانی زیرەکیی دەستکرد کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نیشتەجێن و بە ڕەچەڵەک بیانین یان لە نەوەی یەکەمی کۆچبەرانن (first – generation immigrants).

٢. پڕۆگرامەکانی خوێندنی باڵا، کە بۆ گەشەپێدانی شارەزاییە دەستکردەکان ساڵانێکی زۆرە پشت بە کۆچی قوتابییان دەبەستێت. سیستمی پەروەردە ھەر لە باخچەی منداڵانەوە تاوەکوو قۆناغی ناوەندی، لەم دواییانەدا بەشی پێویست لەو دەرچووانەی بەرھەم نەھێناوە کە گرنگی بە زانست و تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری و بیرکاری (STEM) دەدەن.

٣. ڕەنگە کێبڕکێی جیھانی بۆ کۆکردنەوەی پسپۆڕان ھاوکێشەیەکی سفری بێت. ڕەنگە چەسپاندن و پاراستنی باڵادەستیی ئەمەریکا لە بواری تەکنەلۆژیادا ئاسانتر بێت، ئەگەر ھاتوو پسپۆڕان و شارەزایانی داھاتوو لە وڵاتانی دیکەی ڕکابەرەوە کۆچ بکەن.

ئەنجام

ئەم دیدگا شیکارییە لە کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی زیرەکیی دەستکرد لە دوو بواری سەرەکیی سیاسەتدا دەکۆڵێتەوە: ئاسایش و دامەزراندن. ئێمە لێرەدا تیشکمان خستووەتە سەر ئەو لاوازی و نایەکسانییانەی کە ڕەنگە بەکارھێنانی زیرەکیی دەستکرد بە سەر ئەم دوو بوارەی کۆمەڵگادا بیسەپێنێت.

تیمێک لە ھاوکارانی دامەزراوەی ڕاند کە شارەزایی و ئەزموونی جۆراوجۆریان ھەیە، ئەم دوو بوارەیان لە نێو ئەوانی تردا وەک شایەنی سەرنجی ورد لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا دەستنیشان کردووە. بوارەکانی تریش باس کراون (بەڵام لەم توێژینەوەیەدا نەخراونەتە ڕوو)، ئێمە باسمان لە: تەندروستی، بڕیاردانی “فراوان”، چارەسەرکردنی ناکۆکی/نێوەندگیری، ناکۆکی و ئاسایشی ئەلکترۆنی کرد. سروشتی نێوان زانستەکانی ئەو کێشانەی کە ئێمە دەستنیشانمان کردوون، پێویستی بە بەردەوامبوونی بەشداریکردنی توێژەران و شیکەرەوانە، بە کۆمەڵێک شارەزایی و ئەزموونی جۆراوجۆرەوە، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی بڕیاردەرانی سیاسەت بە شێوەیەکی فراوانتر، سەبارەت بە ھەڵوێست و کردارەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئامرازە دەستکردەکان و زیرەکیی دەستکرددا.

لە ھەوڵەکانماندا بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی ئێستا و ئەگەری داھاتووی زیرەکیی دەستکرد لە سەر ئاسایش و داھاتووی کار، توانیومانە کاریگەرییەکانی زیرەکیی دەستکرد لە سەر ئەم تەوەرە گشتگیرانەی خوارەوە دەستنیشان بکەین.

١. لە ڕاستیدا ئامێرە دەستکردەکان چەند ھێندەکەری سەرنجن، کە توانای بەرھەمھێنانی کاریگەریی سیستمی چاوەڕواننەکراو و مەترسیداریان ھەیە.

٢. زۆر پشتبەستن بە ئامێری دەستکرد، مەترسیی کەمبوونەوەی نەرمینواندن زیاتر دەکات.

٣. زیرەکیی دەستکرد توانای ئەوەی ھەیە ببێتە ھۆی ئاژاوەی خێرای ئابووری و کۆمەڵایەتیی بێوێنە.

٤. پەسەندکردنی کۆچ و دامەزراندنی بەھرەمەندان لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد لە سەرانسەری جیھاندا، نیگەرانییەکی گرنگی جیۆپۆلەتیکییە.

ئێمە ئەم تەوەرانەمان بەکار ھێناوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە ھێنانەپێشەوەی پێشنیاری کۆنکرێتی، تاوەکوو توێژەران و داڕێژەرانی سیاسەت بتوانن باشتر وەڵامی کاریگەرییەکانی سیاسەتی زیرەکیی دەستکرد بدەنەوە.

پەراوێزەكان

١. لە ڕووی یاساییەوە بۆ پێناسەکردنی زیرەکیی دەستکرد ھەوڵی زۆر دراوە. مەکارسی (McCarthy, 2007) زیرەکیی دەستکرد وەک بەشێکی حیساباتی توانای گەیشتن بە ئامانجەکان لە جیھاندا پێناسە دەکات. مینسکی (Minsky, 1961) ئەو ئەرکانەی خستە ڕوو کە بۆ بەدەستھێنانی فۆڕمەکانی زیرەکیی دەستکرد پێویستن: گەڕان، ناسینەوەی ڕێبازەکان، فێربوون و پلاندانان، دەرھێنان (یان گشتاندن لە نموونە چاودێریکراوەکانەوە). لێرەوە ھەر سیستمێک یان پڕۆسەیەکی دەستکرد کە ھەر یەکێک لەو ئەرکانە ئەنجام بدات (بە پێناسە فراوانەکەی) بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لە جیھاندا، ئێمە بۆ مەبەستی باسەکەمان لێرەدا وەک زیرەکیی دەستکرد وەسفی دەکەین.

٢. بەھای ئەو ڕادەیەی کە زیرەکیی دەستکرد یان فێربوونی ئامێرەکان کە پڕۆسەی بازرگانیی گرتووەتەوە، بەراورد بە قەبارەی بەشەکانی توێژینەوەی زیرەکیی دەستکرد. قەبارەی ڕێژەیی بەشە گشتییەکانیان بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی ھێزی کاری توێژینەوەی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت بیرۆکەیەکی ورد پێشکەش بکات، چونکە بەشی توێژینەوە و پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکردی ئەم کۆمپانیایانە کەمتر لە دەیەکی ھێزی کاریان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا پێک ھێناوە.

٣. ئێمە وا دادەنێین کە بەشداربووان مەبەستیان لە تێپەڕاندن (transcendence)، توانای تێپەڕاندنی کۆتوبەندە مرۆییە ماددییەکانە، بە گواستنەوەی مێشک بۆ جیھانی ئامێر. ئێمە ھانی پانێڵستەکانمان دا کە بیرێکی کراوەیان ھەبێت، بەڵام بڕیارمان دا بۆ مەبەستی توێژینەوەی خۆمان ئەو ڕێبازی توێژینەوەیە نەگرینە بەر.

٤. پێشبینیکردنی داھاتوو (future casting) لەم چوارچێوەیەدا باس لە جۆرێک لە چالاکی دەکات کە بۆ داڕشتنی سیناریۆکان داڕێژراوە، ئێمە بۆ بیرکردنەوە لە دۆخە جیاوازەکانی داھاتووی جیھان بەکاری دەھێنین. ئێمە گرووپەکەمان بە سەر چوار گرووپی بچووکتردا دابەش کرد، داوامان لە ھەریەکەیان کرد کە سەرنجیان لە سەر یەک چوارگۆشە بێت لە ڕیزبەندیی چوار چوارگۆشەدا کە ھەریەکەیان دۆخێکی جیاوازی داھاتووی جیھانیان خستە ڕوو. ئێمە ئەندامانی ھەر گرووپێکی لاوەکیمان ھان دا بیر لەو ڕۆڵە بکەنەوە کە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت لە دۆخی داھاتوودا بیگێڕێت، ھەروەھا بەڵێندەرترین بوارەکانی بەکارھێنان و ئەوانەی زۆرترین مەترسی یان لایەنی نەرێنییان ھەیە بخەنە ڕوو.

٥. بەرنامەی میرای (Mirai) سوود لە نائەمنیی ڕێژەیی لە ئامێرە تا ڕادەیەک نوێیەکانی “IOT” وەردەگرێت. گرووپە گەورەکانی ئەم ئامێرە دابەشکراوانە کە لە سەر بنەمای تۆڕن ڕێک دەخات، لە چوارچێوەی تۆڕی ڕۆبۆتەکان یان بۆت نێت (botnet)دا دابەشیان دەکات، بۆ جێبەجێکردنی ھێرشەکانی ڕەتکردنەوەی خزمەتگوزارییە دابەشکراوە زۆروزەوەندەکان (distributed denial of service) بە قەبارەیەکی بێوێنە. لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا، بۆت نێت میرای (Mirai botnet) بەرپرس بوو لە پچڕانێکی بەرفراوان لە تۆڕی ئینتەرنێت، کە بووە ھۆی تێکدانێکی بەرفراوانی کاری کۆمپانیاکانی وەکوو تویتەر (Twitter) و جیت ھاب (Git Hub) و نێتفلێکس (Netflix).

٦. ستاکسنێت (Stuxnet) بەرنامەیەکی زیانبەخشە تووشی سیستمی سکادا (SCADA) دەبێت، کە زۆر جار وەک ئامرازی کۆنترۆڵکردن لە سیستمی پیشەسازیدا بەکار دەھێنرێت. دەوترێت ستاکسنێت (Stuxnet) لە پشت لەناوبردنی سەنتریڤیوژەکانی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران بووە.

٧. ئەم جۆرە دەستکردە نەرمونیانانە پارادۆکسی پۆڵایین بە دەوری خۆیاندا دەھێنن کە ئەزموونەکانی مرۆڤ لەخۆ دەگرن (Author, 2015)، زیاتر لەوەی کە دەتوانین بیڵێین یان فێر بین. سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد لە فێربوونی ئەزموونە خوازراوەکان باشتر و باشتر دەبن، بە مەرجێک نموونە (دەیتا) بۆ فێربوون ھەبێت -تەنانەت ئەگەر نەتوانین بە ڕوونی ئەو ئەزموونە خوازراوانە بخەینە ڕوو.

٨. دیارترین ھۆکاری سەرەکیی بێزارکەر لەگەڵ زیادبوونی نەرمینواندن و سەرنجدان بە چوارچێوەی زیرەکیی دەستکرد (attention -frame)، ناکارایی ژمێریارییە. ئەگەر ئەرکێک لە ڕووی بیرکارییەوە نەتوانرێت ئەنجام بدرێت و بە وردی دیزاین نەکرێت، ئەوا دەکرێت فراوانتر بکرێت تاوەکوو جێگەی سەرنجێکی گەورەتر بێت. پێداچوونەوەکارێک تیشکی خستە سەر چالاکییە توێژینەوەییەکانی ئەم دواییە لە بارەی میکانیزمە کارامەکانی سەرنجدان لە سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد.

٩. گۆڵدن (Goldin) و کاتز (Katz, 2009) دەڵێن لاوازییەکانی سیستمی پەروەردەی ئەمەریکا وا دەکات ڕیزپەڕی ئابووریی ئەمەریکی کارێکی نەگونجاو بێت.

سەرچاوەكان

بە هۆی درێژیی بابەتەكە، سەرچاوەكان دانەنراوە. بۆ بینینی لیستی سەرچاوەكان، سەردانی ماڵپەڕی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی بكەن.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی شانزەیەم (16) ئازاری، 2023، ساڵی سێیەم

Send this to a friend