• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 25, 2020

تێڕوانینە جیاوازەکان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان

د. عابد خالد رسول

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 3ی ئه‌یلولی 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

لەدواى گۆڕانکارییەکانى عێراقەوە لە ساڵى ٢٠٠٣، کێشەى ناوچەى جێناکۆکەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیى عێراق؛ جێى بایەخى چەند دەقێکى دەستوورى دیاریکراو بوون، وەک مادەى (٥٨)ى دەستوورى کاتیى ساڵى ٢٠٠٤ کە ناسراوە بە “یاساى بەڕێوەبردنى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە” و مادەى (١٤٠)ى دەستوورى فیدراڵیى ساڵى ٢٠٠٥ کە ناسراوە بە “دەستوورى کۆمارى عێراق”، کە هەریەک لەم دەقانە چەندین ڕێکار و ئامرازیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئەو ناوچانە لەخۆ گرتووە، بەڵام لە هیچ دەقێک لەم دەقانەدا واتاى تەواو و سنوورى جوگرافیى ئەم ناوچانە دیاری نەکراوە، لە ئەنجامیشدا هیچ چەمکێکى یاسایى ورد و پڕاوپڕ بۆ زاراوەى “ناوچە جێناکۆکان” گەڵاڵە نەکراوە.

ئەم کەلێنەش بووەتە سەرچاوەى چەندین گرفتى یاسایى و پراکتیکى لەبەردەم پڕۆسەى چارەسەرکردنى کێشەکەدا، کە لە لایەک دەرگاى ڕاڤەکردنى جیاوازى بۆ ئەو دەزگا و دامەزراوانە خستووەتە سەرپشت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆڵیان لە جێبەجێکردنى ئەو دەقە دەستووریانەدا هەبووە، وەک “لێژنەى جێبەجێکردنى مادەى ١٤٠” و “دادگاى فیدراڵیى باڵا”، لە لایەکی تریش هەریەک لە لایەنە جیاکانى کێشەکە هەوڵی داوە لە بەرژەوەندیى خۆى؛ واتا و سنوورى ئەو ناوچانە ڕاڤە و دیاری بکات، هەر ئەم ڕاڤەیەشى کردووەتە بنەماى هەڵسوکەوت و کارکردنى لە چارەسەرکردنى کێشەکەدا، بەڵکوو هەندێک لایەن ئەم کەلێنەى قۆستووەتەوە بۆ دواخستن و پەکخستنى جێبەجێکردنى ئەو دەقە دەستووریانە.

ئاشکرایە کە ڕیشەى مێژوویى کێشەى “ناوچە جێناکۆکەکان” دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى دروستبوونى دەوڵەتى عێراق، بەتایبەتییش دواى لکاندنى ئەو ناوچانەى کە لەو کاتەدا بە “ویلایەتى موسڵ” ناسرابوون بە عێراقەوە لە ساڵى ١٩٢٥دا، بەڵام مێژووى یەکەمین بەکارهێنانى فەرمى بۆ دەستەواژەى “ناوچە جێناکۆکەکان”؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ٢٠٠٤، کاتێک لەو ساڵەدا لە بڕگەى “ج”ى مادەى (٥٨)ى “یاساى بەڕێوەبردنى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە” ئاماژە بۆ دەستەواژەى “الأراضي المتنازع عليها” کرا([1])، ئەمجا له بڕگەى “دووەم”ى مادەى (١٤٠)ى “دەستوورى کۆمارى عێراق ساڵى ٢٠٠٥”دا ئاماژە بۆ دەستەواژەى “المناطق… المتنازع عليها” کرا([2])، بۆیە لە زمانى عەرەبیدا لەنێوان هەردوو زاراوەى “الأراضي المتنازع عليها” و “المناطق المتنازع عليها”، زیاتر دووەمیان بەکار دەهێنرێت، لە زمانى ئینگلیزییشدا بۆ “Disputed Territories” و “Disputed Areas” وەرگێڕدراون، بەڵام لە زمانى کوردیدا لەپاڵ زاراوەى “ناوچە جێناکۆکان”؛ چەند دەستەواژیەکی تر بەکار دەهێنرێت وەک: “ناوچە کێشەلەسەرەکان” و “ناوچە دابڕێنراوەکان” و “ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم”، کە هەندێکیان گۆشەنیگاى سیاسى و حیزبی تایبەتیان لە پشتەوەیە، هەندێکیشیان تەنها وەرگێڕانن بۆ زاراوە عەرەبییەکە کە “المناطق المتنازع عليها”یە، ئەم توێژینەوەیەش زاراوەى “ناوچە جێناکۆکان” بەکار هێناوە، بەڵام جیاوازییەکان لەمەڕ ئەم چەمکە هەر تەنها ئەم ڕەهەندە زمانەوانییانە نییە، بۆیە لە ڕووى زانستییەوە بنچینەى ڕاڤەکردن بۆ چەمکى “ناوچە جێناکۆکەکان”؛ هەر تەنها مامەڵە لەگەڵکردنێکى زمانەوانى نییە، بەڵکوو شرۆڤەکردنى ڕیشە مێژووییە قووڵ و ڕەهەندى سیاسییە فراوانەکانیشیەتى.

ئامانج لەم توێژینەوەیە؛ خستنەڕووى تێڕوانینە یاسایى و سیاسی و مێژووییە جیاوازەکانە لەسەر چەمکى “ناوچە جێناکۆکەکان”، کە هاوکات بریتییە لە تێڕوانینى ئەو لایەن و دەزگا جیاوازانەى کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیدارن بە کێشەى ناوچە “جێناکۆکەکان” و دۆزینەوەى چارەسەر بۆى، بەتایبەت تێڕوانینى هەریەک لە “حکومەتى عێراقى” و “حکومەتى هەرێمى کوردستان” لەگەڵ “نەتەوە یەکگرتووەکان”، ئەمجا دواى خستنەڕووى ئەو تێڕوانینانە، توێژینەوەکە هەوڵی داوە بەپێى چەند پێوەرێک؛ پێشنیارى دیاریکردنێکى زانستیانە بۆ “چەمکى ناوچە جێناکۆکەکان” گەڵاڵە بکات، بەم شێوەیە:

یەکەم: تێڕوانینى حکومەتى فیدراڵیى عێراق بۆ چەمکى ناوچە جێناکۆکەکان

بەپێى بڕیارى کارگێڕیى “لێژنەى جێبەجێکردنى مادەى ١٤٠ى دەستوورى ٢٠٠٥”، ژمارە (١٥٩) لە (١١/١٢/٢٠١١) کە تایبەتە بە “مەرج و دیسپلین و ڕێنماییەکانى پەیوەست بەو کەسانەى حوکمەکانى مادەى ١٤٠ دەیانگرێتەوە”، ناوچەى جێناکۆکەکان “بریتییە لەو ناوچانەى کە دووچارى تاوان و کردەوە خراپەکانى ڕژێمى پێشوو بوون، کە بریتی بوون لە گۆڕینى دیمۆگرافى و گۆڕینى دۆخى دانیشتووان لە ڕێى ڕاگواستن و دەرکردن و کۆچپێکردنى زۆرەملێى دانیشتووان لە زێد و شوێنى نیشتەجێبوونیان و نیشتەجێکردن یان نیشتەجێنەکردنى کەسانی تر لە جێیان، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و زەوییان و بەموڵککردنى بە ناوى کەسانی ترەوە یان سڕینەوەى مافى مامەڵەپێوەکردنیان و بێبەشکردنیان لە مافى کارکردن لە ڕێى گۆڕینى ناسنامەى نەتەوەییان (تصحیح القومیة)، یان لە ڕێى گۆڕین و یاریپێکردنى سنوورى کارگێڕیى ئەو ناوچانە بە مەبەستى بەدیهێنانى چەند مەرامێکى سیاسی کە خواستى ڕژێمى پیشوو بوون([3])“.

ئەم پێناسەیەش کە زۆر بەرفراوانە، لە ناوەرۆکى مادەى (٥٨)ى “یاساى بەڕێوەبردنى دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە ساڵى ٢٠٠٤” هەڵێنجراوە، مەبەست لەم بەرفراوانیی پێناسەکردنەش ئەوەیە کە سنوورى ناوچە جێناکۆکەکان؛ پارێزگاى “بەغدا” و چەند ناوچەیەکی ترى ناوەڕاست و باشوورى عێراقیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەى ئەرکى زیاتر بکەوێتە ئەستۆى “لێژنەى جێبەجێکردنى مادەى ١٤٠”، بە شێوەیەک کە تواناى جێبەجێکردنى نەبێت، بەمەش پڕۆسەى “ئاساییکردنەوە” کە یەکەمین قۆناغە لە سێ قۆناغەکەى چارەسەرکردنى کێشەى ناوچە جێناکۆکەکان (ئاساییکردنە، سەرژمێر، ڕاپرسى)؛ کاتى زیاتر بخایەنێت، هاوکات خەرجیى زیاتر لەوەى پێویست بێت کە بۆى تەرخان کراوە، جگە لەمەش ژمارەى ئەو لایەن و بەرانەش زیاتر بکات کە لەگەڵ کورددا دەکەونە ناکۆکییەوە، هەموو ئەمەش لە پێناو شکستپێهێنانى پڕۆسەى چارەسەرکردنى کێشەکە بووە.

لەبەرامبەر ئەم پێناسە بەرفراوانەدا، “دادگاى فیدراڵیى باڵاى عێراق”، لە بڕیارى ژمارەى (١١٣)یدا کە لە (٢٩/١٠/٢٠١٧) دەریکردووە؛ پێناسەیەکى زۆر بەرتەسکى پێشنیار کردووە، پوختەى ناوەرۆکى نووسراوەکە لەم سێ خاڵەدا کورت دەبێتەوە([4]):

١. “ناوچە جێناکۆکەکان” کە لە بڕگەى “دووەم” لە مادەى (١٤٠)ى دەستوورى ٢٠٠٥ هاتووە، ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچانەى کە جێى ململانێى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیى عێراقین، جا لەبەر ئەوەى برگەى (أ) لە مادەى (٥٣)ى یاساى بەڕێوەبردنى دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە (دەستوورى کاتیى ٢٠٠٤)؛ دانى بە حکومەتى هەرێمدا ناوە وەک حکومەتى ڕەسمیى ئەو ناوچانەى کە لە (١٩/٣/٢٠٠٣) بەڕێوەی بردوون و دەکەونە پارێزگاکانى دهۆک و هەولێر و سلێمانى و دیالە و نەینەواوە([5])، بۆیە ناوچە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەیە کە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣دا بەڕێوە براون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانى و کەرکووک و دیالە و نەینەوا([6]).

٢. پێوەرى ئەوەش کە چ ناوچەیەک جێى ناکۆکییە یان نا؟ بڕگەى (ب) لە مادەى (٥٣)ى دەستوورى کاتیى (٢٠٠٤)ە، کە دەڵێت “سنوورى هەژدە پارێزگاکە لە قۆناغى گواستنەوەدا بەبێ گۆڕان دەمێنێتەوە”.

٣. ئەو لایەنەش کە دەسەڵاتى دیاریکردنى ناوچە جێناکۆکەکانى هەیە، حکومەتى فیدراڵیى عێراقە.

دیارە ئەم پێناسەیە نە لەگەڵ ڕۆحى دەستوور و دەقەکانى تەبایە، نە لەگەڵ نییەتى یاسادانەریش گونجاوە، نە لەگەڵ ئەو واقیعەش دێتەوە یەک کە لەدواى ڕووداوەکانى (٢٠٠٣)وە هاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو لەگەڵ لۆژیکیشدا ناکۆکە، چۆن دەکرێت دەستوور لە مادەیەکیدا (مادەى ١١٧) دان بە هەرێمى کوردستاندا بنێت([7])، کەچى دواتر لە مادیەکی تردا (مادەى ١٤٠) بە ناوچەى جێناکۆک لەقەڵەمى بدات!

هەر چەندە دادگاى فیدراڵیى باڵا دەرکى بەم هەڵەیەى لە دياريکردنى چەمکى “ناوچە جێناکۆکەکان”دا کرد و لە بڕیارێکی تردا کە بە ژمارەى (٤٣) لە (١١/٣/٢٠١٣) دەریکردووە، دەڵێت: “لە تێڕوانى ئێمەدا، زەوییە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەیە کە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣دا بەڕێوە نەبراون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانى و کەرکووک و دیالە و نەینەوا([8])“، بەڵام دواجار ئەم دادگایە لە پێشکەشکردنى پێناسەیەکى ورد بۆ چەمکى ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنى سنوورەکەى؛ سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو لەو بڕیارە نوێیەیدا دەسەڵاتى یەکلاییکردنەوەى هەموو ئەمانەى داوە بە لێژنەى جێبەجێکردنى مادەى (١٤٠)، دیارە ئەم لیژنەیەش، وەک پێشتر باسمان کرد، پێناسەیەکى هێندە فراوانى بۆ ئەو ناوچانە کردووە کە جێبەجێکردنى مادەکە تەواو ئەستەم دەکات.

دووەم: تێڕوانینى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چەمکى ناوچە جێناکۆکەکان

هەر چەندە هەرێمى کوردستان لە ڕوانگەى مافى مێژوویی خۆیەوە دەڕوانێتە ڕەوایەتیى مافى داواکردنى بۆ گەڕاندنەوەى ئەو ناوچانەى کە لەگەڵ حکومەتى عێراقدا لەسەرى ناکۆکە، بەڵام بەڵگەکانى بۆ دیاریکردنى سنوورى ئەم ناوچانە؛ زۆر توندوتۆڵ نین. لە ڕاستییشدا حکومەتى هەرێمى کوردستان لەم بوارەدا کەمتەرخەمیى گەورەى پێوە دیارە، هەر بۆیە دەبینین وێڕاى ئەوەى کە لە ساڵى (٢٠٠٦)ەوە چەند دامەزراوەیەکى حکومى بۆ کاروبارى ناوچە جێناکۆکەکان دروست کراوە، لەوانە: “وەزارەتى کاروبارى ناوچە دابڕێنراوەکان لە کوردستان”، کە دواتر بە یاساى ژمارە (٢)ى ساڵى (٢٠١٠) گۆڕاوە بە “دەستەی گشتی لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەو ناوچانەى ناکۆکییان لەسەرە” و سەرۆکەکەشى بە پلەى وەزیر دامەزراوە، بەڵام هێشتا هەوڵێکى جددیى ئەوتۆ لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەم وەزارەت و دامەزراوانەشەوە بۆ دیاریکردنى سنوورى جوگرافى و کارگێڕیى ناوچە “جێناکۆکەکان” نییە، تەنانەت ماڵپەرى ئەلکترۆنیى ئەم دەستەیەش کە ناسراوە بە “دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”، کە ماڵپەڕێکى زۆر لاوازە و زۆر درەنگ ئەپدەیت دەکرێتەوە، هیچ بەڵگەنامەیەک یان توێژینەوەیەک یان نەخشەیەک یان ئامارێک یان وتارێکى تایبەت بە ناساندن و ژمارەى دانیشتووان و سنوور و پێگەى جوگرافى و مێژووى ناوچە جێناکۆکەکان تیا نییە. لە کاتێکدا بەپێى یاساى ژمارە (٢)ى ساڵى (٢٠١٠)، کە پێشتر ئاماژەمان بۆی کرد، یەکێک لە ئەرکەکانى ئەو دەستەیە بریتییە لە “کۆکردنەوە و بەدۆکۆمێنتکردنى بەڵگە و ڕووداوى مێژووى پەیوەندیدار بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان([9])“.

بەڵکوو تا ئێستا لەلایەن هیچ دامەزراوەیەکى هەرێمى کوردستانەوە پێناسەیەکى فەرمیى ورد و ڕوون بۆ ناوچە جێناکۆکەکان نەکراوە، جگە لەو پێناسە گشتى و ئاڵۆزە نەبێت کە لە یاساى ژمارە (٢)ى ساڵى ٢٠١٠دا هاتووە و دەڵێت: “ناوچە ناکۆکى لەسەرەکان ئەو ناوچانەن کە لە کوردستان – عێراق بە پێچەوانەى واقعی مێژوویى و جوگرافى دابڕێنراون و ڕێکارەکانى بەعەرەبکردن و گۆڕینى ناسنامەى نەتەوەیى لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە دەیانگرێتەوە([10])“. بەڵام هەروەک وتمان، ئەم پێناسەیە زۆر گشتییە و بەدیاریکراوى ئەو ناوچانە دەستنیشان ناکات کە بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراون.

دەکرێت بۆ دیاریکردنى تێڕوانینى هەرێمى کوردستان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، پەنا بۆ سەرچاوەى ناڕاستەوخۆ ببەین، وەک پڕۆسەى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیى کوردستان لە (٢٥/٩/٢٠١٧)، کە جگە لەو ناوچانەى لەو کاتەدا لەژێر دەستى داعشدا بوون، تا ڕادەیەک لە زۆربەى ناوچانەکانى دەرەوەى هەرێم کە بە جێناکۆک ناسراون؛ ئەنجام درا، ئەو ناوچانەش ئەمانە بوون: لە نەینەوا (شەنگال، بەرتەلە، حەمدانیە، مەخموور، تەلگیف، وانە، ربیعە، عیازیە، بەعشیقە، قەوس، شیخان، زومار)، لە دیالە (خانەقین، جەلەولا، قەرەتەپە)، لە کەرکووک (کۆى کەرکووک، جگە لەو ناوچانەى کە لەو کاتەدا لەژێر دەستى داعشدا بوون)، لە سەڵاحەدین (جەبارە و دوزخورماتوو)([11]). ئەم ناوچانە بە درێژایى شریتێکى لێکنەپساو کە نزیکەى (١٠٠٠ کم) دەبێت، هەر لە شەنگالەوە تا مەندەلى، ڕاستەوخۆ لکاون بە باشوورى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانەوە و ژمارەى دانیشتووانی کورد تیایاندا زیاتر لە یەک ملیۆنە. بەکورتى: لە تێڕوانینى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، ناوچە جێناکۆکەکان (ئەو ناوچانەن کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ناوچەى کوردستانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم ناویان دەبات و لەدواى (٢٠٠٣)وە داواى گەڕاندنەوەیان دەکات بۆ سنوورى حوکمڕانیى خۆی و ئەم پێداگرییەى هەرێمییش لەسەر گەڕاندنەوەیان؛ سیفەتى جێناکۆکى پێ داون).

سێیەم: تێڕوانینى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چەمکى ناوچە جێناکۆکەکان

لە ڕوانگەى ئەو دەقەى لە مادەى (٥٨)دا هاتووە و ڕێگە بە سەرۆکایەتیى دەسەڵاتى جێبەجێکردنى فیدراڵیى عێراق داوە کە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات ناوبژیوانێكی نێودەوڵەتیی بێلایەن دەستنیشان بكات بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر كێشەى ناوچە جێناکۆکەکان و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە([12])، “ئەنجوومەنى ئاسایش”ى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵى ٢٠٠٧دا بە بڕیارێک دەسەڵاتى بەخشى بە “نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریى عێراق – UNAMI”، تا بۆ دانانى ڕێکارى پێویست لە پێناو یەکلاییکردنەوەى کێشەکە؛ ڕاسپاردە پێشکەش بە حکومەتى عێراقى بکات([13])، بۆ ئەمەش دواى وەرگرتنى ڕەزامەندیى هەردوو لایەنى کێشەکە (حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیى عێراق)، لە ماوەى ساڵانى (٢٠٠٨–٢٠٠٩)، “UNAMI” ڕاپۆرتێکى (٤٧٢) لاپەڕەیى لە دووتوێى دوو بەرگدا بە ناونیشانى لە “سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان – Disputed Internal Boundaries – الحدود الداخلية المتنازع عليها” پێشکەش کرد. بەپێى ناوەرۆکى ئەم ڕاپۆرتەش، “ناوچە جێناکۆکەکان” لە (١٤) قەزا و (٢) ناحیە پێک هاتووە، کە بەم شێوەیەى خوارەوە دابەش بوون([14]):

  • لە پارێزگاى نەینەوا: قەزاکانى (شەنگال، تەلەعفەر، تەلكێف، شێخان، عەقره، حەمدانيە و مەخموور) و ناحيەى (قەحتانيە)،
  • لە پارێزگاى کەرکووک: قەزاکانى (ناوندى کەرکووک، دوبز، حەویجە و داقووق)،
  • لە پارێزگاى سەڵاحەدين: قەزاى “دوزخورماتوو”،
  • لە پارێزگاى دیالە: قەزاکانى (کفرى و خانەقین) و ناحیەى “مەندەلى”.

هەر چەندە لە تێڕوانینى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، هەندێک لەم ناوچانە؛ “ناوچەى جێناکۆک نین” وەک هەردوو قەزاى (عەقرە و مەخموور)، هاوکات ئامادەش نەبوو ئەو ڕاسپاردانە قبووڵ بکات کە بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکە پێشکەش کراون، بەڵام دانانى ڕاپۆرتەکەى بەرز نرخاند، بەتایبەت لە هەوڵیدا بۆ دیارکردنى سنوورى جوگرافى و کارگێڕیى ناوچە جێناکۆکەکان پاڵپشت بە چەندین بەڵگەنامە و نەخشە و چاوپێکەوتن و سەردانى مەیدانى.

 

چوارەم: پێوەرەکانى گەڵاڵەکردنى تێڕوانینێکى زانستى بۆ چەمکى ناوچە جێناکۆکەکان

بەر لە هەموو شتێ، دەبێت ڕەچاوى ئەو ڕاستییە بکەین کە چەمکى “ناوچە جێناکۆکەکان” هەر تەنها چەمکێکى یاسایى و دەستوورى نییە، بەڵکوو چەمکێکى سیاسى و جوگرافی و دیموگرافی و مێژووییشە، بۆیە ناکرێت تەنها بە پێوەرى “یاسایى” یان “سیاسى” پێناسەى بکەین، بەڵکوو دەبێت کۆى پێوەرەکان یان زۆربەیان لەم پێناسەکردنەدا ڕەچاو بکەین. لەم ڕوانگەیەوە، بە بڕواى کوردەکانى عێراق، ناوچە کوردستانییەکانى عێراق ئەو ناوچانەن کە لە سەرەتاى دروستبوونی عێراقەوە لە ١٩٢١؛ زۆربەى دانیشتووانى کورد بوون، بەتایبەتییش بەر لە سەرژمێرییەکەى ساڵى ١٩٥٧، بەڵام لە سایەى سیاسەتى خراپى حکومەتە یەکلەدوایەکەکانى عێراق بەگشتى و ڕژێمى بەعسیش بەتایبەتى، بەشێکى زۆر لەم ناوچانە دووچارى گۆڕینى دیمۆگرافى بوون بە ڕاگواستن و دەرکردنى دانیشتووانە کوردەکانیان و بە تەعریبکردن و گۆڕینى ناسنامەیان و بە نیشتەجێکردنى کەسانی تر لە جێیان و بە دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و زەوییان و کردنى بە ناوى کەسانی ترەوە، هەروەها بە گۆڕینى سنوورى کارگێڕیى ئەو ناوچانە، بە مەبەستى کەمکردنەوەى چڕیى دانیشتووانى کورد تیایاندا. بە درێژایى ئەم ماوەیەش، بەتایبەت لە کاتى هاتنى بەعسییەکان بۆ سەر کورسیى حوکم لە عێراقدا، کوردەکان لەپاڵ ڕاگەیاندنى شۆڕشى چەکدارى دژى ئەم سیاسەتە خراپانە، چەندین جار لەگەڵ حکومەتى عێراقى چوونەتە ناو دانوستان، لە پێناو ڕاگرتنى ئەو سیاسەتانە و داننان بە کوردیبوونى ئەو ناوچانە و بەخشینى مافى بەڕێوەبردنیان بە کورد خۆى، بەڵام هەمیشە ئەم دانوستانانە شکستیان هێناوە و سیاسەتى ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینى دیمۆگرافى و کارگێڕى و ناسنامەى نەتەوەیى ئەو ناوچانە و دانیشتووانیان؛ بەردەوام بووە. لەدواى ڕاپەڕینى ١٩٩١، بەشێک لەم ناوچانە کەوتنەوە دەستى کورد، دواى دانوستانێکی ترى کورد لەگەڵ ڕژێمى بەعس و شکستهێنانى، “حکومەتى هەرێمى کوردستان” وەک دەسەڵاتێکى دیفاکتۆ بۆ بەڕێوەبردنى ئەو بەشە ڕزگارکراوانە دامەزرا، بەڵام بەشەکەی ترى کە زیاد لە نیوەى ناوچە کوردستانییەکانى عێراقە، لەژێر دەستى ڕژێمى بەعسدا مانەوە تا ١٩/٣/٢٠٠٣، لەدواى ئەم ڕێکەوتەشەوە، ئەو ناوچانە کە لەدواى ڕاپەڕینەوە لە دەستى بەعسدا مابوونەوە، بوونە جێى ململانێ و ناکۆکیى نێوان “حکومەتى هەرێمى کوردستان” و “حکومەتى عێراق”، لەبەر ئەوەى حکومەتى هەرێم لەپاڵ ئەوەى داواى گەڕاندنەوەى دۆخى ئەو ناوچانە دەکات بۆ بەر لە سەرژمێریى ١٩٥٧، کاتێک کورد تیایاندا زۆرینەى دانشتووانیان بووە، هاوکات داواى گەڕاندنەوەى ئەو ناوچانە بۆ ژێر سایەى بەڕێوەبردنى خۆى و لکاندنەوەیان بە هەرێمى کوردستانەوە دەکات، بەرامبەر بەم داواکارییەى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش، حکومەتى عێراق ئامادە نییە دەستبەردارى بەشێک لەو ناوچانە بێت، بەتایبەت کە هەندێکیان ناوچەى دەوڵەمەندن بە سەرچاوە سروشتییە ستراتیژییەکانى وەک نەوت و گاز، هەر لەبەر ئەمەش ئەم ناوچانە لە دەستوورى کاتیى ٢٠٠٤ و دەستوورى فیدراڵیى ٢٠٠٥ بە “ناوچە جێناکۆکەکان” ناوزەند کران، ئەم ناکۆکییەش تەوەرێکى سەرەکیى ئەو کێشانەیە کە تا ئیستا لەنێوان هەردوو لایەندا بەردەوامە. کەواتە بۆ پێناسەکردنى ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنى هەر ناوچەیەکیش لە عێراقدا کە “جێناکۆکە یان نا؟”، دەبێت بە لایەنى کەمەوە ڕەچاوى سێ پێوەر بکەین کە ڕەنگدانەوەى هەرسێ تێڕوانینەکەى “حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان”ە، ئەو سێ پێوەرەش بریتین لەمانە:

١. ناوچەکە بەر لە سەرژمێرییەکەى ١٩٥٧، زۆرینەى دانیشتووانی کورد بووبێت.

٢. ناوچەکە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە (بەتایبەت ڕژێمى بەعس) دووچارى شاڵاوەکانى ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینى دیمۆگرافى و کارگێڕى و ناسنامەى نەتەوەیى بووبێت.

٣. ناوچەکە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە داواى مافى بەڕێوەبردن و لکاندنەوەى بە هەرێمەوە لەسەر بێت.

بە ڕەچاوکردنى هەرسێ پێوەرەکەى سەرەوە، دەتوانین بڵێین: “ناوچە جێناکۆکەکان ئەو ناوچانەن کە بەر لە ١٩٥٧؛ زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون و لەلایەن حکومەتى عێراقەوە (بەتایبەت لە سەردەمى حوکمڕانیى ڕژێمى بەعسدا) دووچارى شاڵاوەکانى ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینى دیمۆگرافى و کارگێڕى و ناسنامەى نەتەوەیى بوون و لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە داواى مافى بەڕێوەبردن و لکاندنەوەیان بە هەرێمەوە لەسەر هەیە.” ئەگەرچى لە ڕووى کردارییەوە هەندێک لەم ناوچانە بۆ ماوەیەک (لە ساڵى ٢٠٠٣-ەوە تا ٢٠١٧) کەوتوونەتەوە دەست هەرێم، وەک کەرکووک و دوزخورماتوو و جەلەولا و هەندێک ناوچەی تر، بەڵام تا ئێستا دان بە گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر سایەى حکومەتى هەرێمى کوردستان نەنراوە. سنوورى جوگرافى و کارگێڕیى ئەم ناوچانەش، ئەو شریتە زەوییە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لکاوە بە باشوورى ئەو سنوورەى هەرێمى کوردستانەوە کە تا ڕێکەوتی (١٩/٣/٢٠١٧) لەلایەن حکومەتى ئەم هەرێمەوە بەڕێوە براوە، ئەم شریتە زەوییە لە شەنگالەوە کە هاوسنوورى سووریایە، دەست پێ دەکات و بەرەو “شێخان” لە ڕۆژهەڵاتەوە دەڕوات، ئەمجا لەوێوە بۆ باشوور دادەبەزێت و بە درێژایی کەنارى ڕۆژهەڵاتى ڕووبارى دیجلە کۆى چوار قەزاکەى “پارێزگاى کەرکووک” لەخۆى دەگرێت، تا دەگاتە ناحیەى “مەندەلى” لەسەر سنوورى ئێران. بۆیە ئەم شریتە زەوییە، بەپێى هاوسێیەتیى سنوورى جوگرافى، ئەم یەکە کارگێڕییانەى خوارەوە لەخۆى دەگرێت:

قەزاى شەنگال و تەلەعفەر و تەلكێف و شێخان و عەقره و حەمدانيە و ناحيەى قەحتانيە لە پارێزگاى نەینەوا، هەموو پارێزگاى کەرکووک بە هەر چوار قەزاکەیەوە، قەزاى ناوەندى کەرکووک و دوبز و حەویجە و داقوق، قەزاى دوزخورماتوو لە پارێزگاى سەڵاحە دين، لەگەڵ قەزاکانى کفرى و خانەقین و ناحیەى مەندەلى لە پارێزگاى دیالە.

ئەنجام

١. بۆ پێناسەکردنى چەمکى ناوچە جێناکۆکەکان بە شێوەیەکى زانستیى ورد و بۆ دیاریکردنى هەر ناوچەیەکیش لە عێراقدا کە “جێى ناکۆکییە یان نا؟”، دەبێت بە لایەنى کەم ئەم سێ پێوەرە ڕەچاو بکەین: ١. بەر لە سەرژمێرییەکەى ١٩٥٧، زۆرینەى دانیشتووانی کورد بووبێت. ٢. لەلایەن حکومەتى عێراقەوە (بەتایبەت ڕژێمى بەعس) دووچارى شاڵاوەکانى ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینى دیمۆگرافى و کارگێڕى و ناسنامەى نەتەوەیى بووبێت. ٣. لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە داواى مافى بەڕێوەبردن و لکاندنەوەى بە هەرێمەوە لەسەر بێت.

٢. کەواتە مەبەست لە چەمکى ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو ناوچانەن کە بەر لە ١٩٥٧ زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون و لەلایەن حکومەتى عێراقەوە (بەتایبەت لە سەردەمى حوکمڕانیى ڕژێمى بەعسدا) دووچارى شاڵاوەکانى ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینى دیمۆگرافى و کارگێڕى و ناسنامەى نەتەوەیى بوون و لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە داواى مافى بەڕێوەبردن و لکاندنەوەیان بە هەرێمەوە لەسەر هەیە.

٣. بەپێی ئەو سێ پێوەرە و پێناسەکەى سەرەوە، لە عێراقدا ئەم یەکە کارگێڕییانە بە ناوچەى جێناکۆک ئەژمار دەکرێن: قەزاى شەنگال و تەلەعفەر و تەلكێف و شێخان و عەقرە و حەمدانيە و ناحيەى قەحتانيە لە پارێزگاى نەینەوا، هەموو پارێزگاى کەرکووک بە هەر چوار قەزاکەیەوە، قەزاى ناوەندى کەرکووک و دوبز و حەویجە و داقوق، قەزاى دوزخورماتوو لە پارێزگاى سەڵاحەدين، لەگەڵ قەزاکانى کفرى و خانەقین و ناحیەى مەندەلى لە پارێزگاى دیالە.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە

________________________________________________________

سەرچاوەكان

[1])) بڕگەى (ج)ى مادەى (٥٨)ى یاساى قۆناغى گواستنەوەى ٢٠٠٤، دەڵێت: “تؤجّل التسوية النهائية للأراضي المتنازع عليها، ومن ضمنها كركوك، إلى حين استكمال الإجراءات أعلاه، وإجراء إحصاءٍ سكاني عادلٍ وشفّافٍ، وإلى حين المصادقة على الدستور الدائم، يجب أن تتمّ هذه التسوية بشكلٍ يتّفق مع مبادئ العدالة، آخذاً بنظر الاعتبار إرادة سكّان تلك الأراضي”.

[2])) بڕگەى “دووەم”ى مادەى (١٤٠)ی دەستوورى ٢٠٠٥ دەڵێت: “المسؤولية الملقاة على السلطة التنفيذية في الحكومة الانتقالية، والمنصوص عليها في المادة (٥٨) من قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية، تمتد وتستمر الى السلطة التنفيذية المنتخبة بموجب هذا الدستور، على أن تنجز کاملةً (التطبيع، الإحصاء، وتنتهي باستفتاء في کرکوك والمناطق الأخرى المتنازع عليها، لتحديد إرادة مواطنيها) في مدةٍ أقصاها الحادي والثلاثون من شهر کانون الأول سنة ألفين وسبعة”.

[3])) ورد فی الأمر الاداری الصادر من لجنة تنفیذ المادة ١٤٠ المرقم (١٥٩) فی (١١/١٢/٢٠١١) أن المناطق المتنازع عليها: “هي المناطق التي تعرضت لممارسات النظام السابق والمتمثلة بالتغير الديموغرافي وتغيير الوضع السكاني من خلال ترحيل ونفي وتهجير الافراد من اماكن سكناهم كهجرة قسرية وتوطين او عدم توطين افراد اخرين مكانهم ومصادرة الاملاك والاراضي والاستملاك واطفاء الحقوق التصرفية وحرمانهم من العمل من خلال تصحيح القومية او من خلال التلاعب بالحدود الادارية لتلك المناطق بغية تحقيق اهداف سياسية كان يبغيها النظام السابق”.

[4])) المحکمە الإتحادیە العلیا، القرار المرقم (١١٣/اتحادیة/٢٠١٧) فی (٢٩/١٠/٢٠١٧)، متوفر على الرابط الآتي:

https://www.iraqfsc.iq/krarat/2/2017/113_fed_2017.pdf

[5])) بڕگەى (أ) لە مادەى (٥٣)ى یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ساڵى ٢٠٠٤.

[6])) مادەى (١٤٣)ى دەستوورى کۆماریى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، دەڵێت: “یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە و پاشکۆکەی هەڵدەوەشێنەوە لەپاش پێکهێنانی حکومەتی نوێ، جگە لە بڕگەی (أ)ی مادەی (٥٣) و مادەی (٥٨).”

[7])) مادەى (١١٧)ى دەستورى کۆماریى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، لە بڕگەى “یەکەم”یدا دەڵێت: “ئەم دەستوورە لە ڕێکەوتی پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی”.

[8])) المحکمە الإتحادیە العلیا، القرار المرقم (٤٣/اتحادیة/٢٠١٨) فی (١١/٣/٢٠١٨)، متوفر على الرابط الآتي:

 https://www.iraqfsc.iq/krarat/2/2018/43_fed_2018.pdf

[9])) بڕگەى (٥) لە مادەى (٣)ى یاسای دەستەی گشتیی هەرێمى کوردستان بۆ ئەو ناوچانەى ناکۆکییان لەسەرە، ژمارە (٢)ی ساڵى ٢٠١٠.

[10])) بڕگەى (٥) لە مادەى (٢)ى یاسای ژمارە (٢)ى ساڵى ٢٠١٠.

[11])) شبكة أخبار العراق، تعرف على المناطق المشمولة بالاستفتاء من خارج الإقليم، متوفر على الرابط الآتي:

http://aliraqnews.com/تعرف-على-المناطق-المشمولة-بالاستفتاء/

[12])) بڕگەى (٢) لە مادەى (٥٨)ى یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ساڵى ٢٠٠٤.

[13])) قرار مجلس الأمن الدولی المرقم (١٧٧٠) فی ٢٠٠٧.

[14])) بعثە الأمم المتحدة لمساعدة العراق، الحدود الداخلیة المتنازعة علیها (تقریر)، الجزء الأول، ترجمة غیر رسمیة، ٢٠٠٩، ص ص ٢٣ – ٢٧٠.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ٣ ئەیلولی ٢٠٢٠

Send this to a friend