• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 27, 2020

کۆرۆنا کۆمپانیا فڕۆکەوانییە زەبەلاحەکان مایەپووچ دەکات

سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و بڵاوبوونەوەی بە بەشێکی زۆری جیھاندا، زیانێکی ئابووریی و دارایی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا، تا ئێستاش دەیان کۆمپانیا مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە و سەدان کۆمپانیاش بۆ مانەوە و رزگاربوونیان لە مایەپووچ بوونیان، داوای ھاوکاری لە حکومەتەکان دەکەن.

بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی (CAPA) بۆ راوێژکاری فڕۆکەوانی، ئەگەر حکومەتەکان ھاوکاریان نەبن و پاڵپشتیی داراییان پێشکەش نەکەن، ئەوا دوور نییە لەم چەند رۆژەدا زۆربەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی مایەپووچ ببن یان لە مایەپووچبوون نزیک ببنەوە.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەوەی رێگە لە روودانی کارەسات بگیرێت، دەبێت ھاوکاری لەنێوان پیشەسازی فڕۆکەوانی و حکومەتەکاندا دروستبکرێت.

ئاستی ئەم ترسە کاتێک بەرزبووەوە کە گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانی بازرگانی ئەورووپا (راین ئیر)، رایگەیاند زۆربەی گەشتەکانی بۆ ماوەیەک رادەگرێت.

ھەر سێ گەورە ھاوپەیمانی فڕۆکەوانی جیھان (One World, SkyTeam, Star Alliance) کە نوێنەرایەتیی ٥٨ گەورە کۆمپانیای فڕۆکەوانی دەکەن لە جیھاندا، داوایان لە حکومەتەکان کردووە ھەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم ئەگەر و ئامرازە بەردەستەکان بکەن بۆ پاڵپشتی کەرتی پیشەسازی.

ئۆسکار مونۆز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (United Airlines) لە نامەیەکیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینە ئاماژە بەو قەیرانە گەورەیە دەکات، کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رووبەڕووی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بووەتەوە و بە “زۆر خراپتر” لە ١١ی سێپتەمبەر ناوی دەبات.

کۆمپانیاگەورەکانی ئەوروپاش داوای پاڵپشتیی دارایی بەپەلەیان لە حکومەتەکان کردووە، تاکو لە مایەپووچبوون پارێزراوبن.

(لوفتھانزا) کە خاوەندارییەتی کۆمپانیا نیشتمانییەکان لە ئەڵمانیا، سویسرا، نەمسا و بەلجیکا دەکات، رایگەیاند لە گفتوگۆی جددیدان لەگەڵ حکومەتەکان بۆ پاڵپشتی دارایی لەکاتی پێویستدا.

بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی زۆربەی گەشتەکانیان راگرتووە و داوایان لە فەرمانبەرەکانیان کردووە پشووی بێمووچە وەربگرن و کەمکردنەوەی موچەش بەرپرسە باڵاکانی ھێڵی فڕۆکەوانی گرتووەتەوە، ئەم دۆخەش بە خراپترین بار لە مێژووی فڕۆکەوانیدا دادەنرێت.

Send this to a friend