• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 22, 2020

ئەمریکا “ئاسمانە کراوەکان”ی بەجێھێشت

دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی خۆیدا، لە سێ ھاوپەیمانییەتی و رێککەوتنی گەورە کشاوەتەوە، کە دواترینیان رێککەوتنی “ئاسمانە کراوەکان” بووە. دوو لەو رێککەوتنانەش رووسیای تێدا بووە و یەکێکیشیان بەتایبەت لەنێوان ئەمریکا و رووسیادا واژۆکراوە.

رێککەوتنی ئاسمانە کراوەکان

ئەم رێککەوتنە تەمەنی ١٨ مانگە، لەنێوان ٣٤ وڵاتدا واژۆکراوە کە گەورەترینیان ئەمریکا و رووسیایە. زۆربەی ئەندامانی ناو ئەم رێککەوتنە ئەندامی رێکخراوی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)ن.

بەپێی رێککەوتنەکە ھەر ئەندامێک رێگەپێدراوە چالاکی کۆکردنەوەی زانیاریی دیاریکراو و سنوردار لەسەر ئاسمانی وڵاتێکی دیکەی ئەندام ئەنجامبدات، بەو مەرجەی پێش ماوەیەکی کەم لە چوونە ئاسمانەکەی، ئەو وڵاتە ئاگادار بکاتەوە.

رێککەوتنەکە رێگە بە فڕۆکەی ھەر ئەندامێک دەدات بە کۆکردنەوەی زانیاریی لە خاکی ئەو شوێنانەی لێی دەفڕێت (دوای ئاگادارکردنەوەی وڵاتەکە) بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری، وێنەگرتنی دامەزراوە و چالاکییە سەربازییەکان.

ئامانجی ئەم رێگەپێدانەش ئەوەیە، ئەگەر دوو وڵاتی رکابەر (بۆ نموونە ئەمریکا و رووسیا) تاکو زانیاریی زیاتر لەبارەی سوپای یەکترەوە بزانن، ئەگەری دروستبوونی ململانێی نێوانیان کەمتر دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم خاڵە رێگەخۆشکەرە تاکو خاڵە لاوازەکانی سوپای یەکتر بزانن، کە ئەمەش یەکێکە لە لایەنە لاواز و جێگە نێگەرانییەکانی رێککەوتنەکە.

بۆچی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە؟

رۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٠ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کشانەوەی وڵاتەکەی لە “رێککەوتنی ئاسمانە کراوەکان” راگەیاند.

ترەمپ دەربارەی ھۆکاری کشانەوەکە وتی، “مۆسکۆ پابەند نەبووە بە بەندەکانی رێککەوتنەکە کە شەفافییەتی سەربازی و دڵنیایی لەنێوان وڵاتە گەورەکاندا دروستدەکرد، بۆیە بەھۆی پابەندنەبوونی رووسیاوە، ئێمە لە رێککەوتنەکە دەکشێینەوە.”

جۆناسان ھۆفمان وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش (پنتاگۆن) لەبارەی بڕیارەکەیانەوە باسی لەوە کردووە، رووسیا بە ئاشکرا و بەردەوام بەندەکانی رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە، تەنانەت بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ بەندەکانی رێککەوتنەکەدا دەکرد کە ھەڕەشە بوو بۆ سەر ئەمریکا و ھاوکار و ھاوپەیمانە سەربازییەکانی واشنتۆن.

ھۆفمان باسی لەوەش کرد، رووسیا رەتیکردووەتەوە مۆڵەت بە فڕۆکە ئەمریکییەکان بدات بە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا بفڕن کە پنتاگۆن پێی وابووە و گومانی کردووە مۆسکۆ چەکی ئەتۆمی دوورمەودای تێدا بڵاوکردووەتەوە کە ھەڕەشەن بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا، لەنێویشیاندا شاری (کالینینگراد) لەسەر دەریای بەڵتیک لە نزیک جۆرجیا.

ساڵی رابردووش مۆسکۆ رێگەی بە چەند فڕۆکەیەک نەداوە چاودێری مانۆڕە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بکات، کە یەکێکە لە بەندەکانی رێککەوتنەکە.

سەرەڕای ئەم تۆمەتبارکردنانەی رووسیا لەلایەن ئەمریکاوە کە پابەند نەبووە بە بەندەکانی رێککەوتنەکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سێ ساڵ پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ رێگەی بە فڕۆکە رووسییەکان نەداوە بەسەر ناوچەی (بیدمینستەر) لە ویلایەتی نیوجێرسیدا بفڕن.

ھەڵوێستی روسیا

دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ رووسیا رایگەیاند، ئەم کشانەوەیەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە “لێدانە” لە ئاسایشی کیشوەری ئەورووپا.

ئالیکساندەر گرۆشکۆ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاش بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکای ھەڵسەنگاند و وتی، کشانەوەی ئەمریکا لەم رێککەوتنە تەنھا لێدان نییە لە بنەماکانی ئاسایشی ئەورووپا، بەڵکو لێدانە لە بەرژەوەندییە ئاسایشییە سەرەکییەکانی ھاوپەیمانەکانی خۆشیان.

ترەمپ؛ رووخێنەری پردەکانی مۆسکۆ و واشنتۆن

دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بوون بە سەرۆکەوە تاکو ئێستا چەند پردێکی پەیوەندی و ھاوپەیمانی گرنگ و دیاری لەگەڵ مۆسکۆ رووخاندووە.

پێش کشانەوەی لە “رێککەوتنی ئاسمانە کراوەکان”، دۆناڵد ترەمپ لە یەکێک لە رێککەوتنە مێژووییەکانی دیکەی ئەمریکا لەگەڵ رووسیا کشایەوە.

دوای ھاتنە سەر دەسەڵات، دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنی موشەکی ئەتۆمی مەودا ناوەند کشایەوە، کە ساڵی ١٩٨٨ لەنێوان مۆسکۆ و واشنتۆن واژۆکرابوو.

ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەمریکا بۆ رووسیاش چارەنووسساز دەبێت، چونکە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ لە خولی داھاتوو سەربکەوێت و بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ رێککەوتنەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن بکات، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕۆن.

Send this to a friend