• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 20, 2018

گرنگى عەفرین بۆ کورد و تورکیا لە ڕووى سەربازیى و سیاسیەوە

نوسینی: د.ئومێد رفیق

لەکاتێکدا هێزەکانى سوریاى دیموکرات و لە ناویاندا یەکینەکانى پاراستنى گەل، زۆرترین پانتایى سیاسى و سەربازییان لە رۆژهەڵاتى فورات لە ژێر دەستە، کەچى تەرکیزى تورکیا لەسەر عەفرینە. پرسیاری گرنگ ئەوەیە کر ئایا گرنگیى سەربازى و ئەمنى عەفرین بۆ تورکیا چیە؟

بەرژەوەندییەکانى تورکیا لە پەلەماردانى عەفرین

دەست تێوەردانەکانى تورکیا بۆ ناوخاکى سوریا یەکەم جار نیە. لە ئێستادا سوریا خاوەنى بڕیارى خۆى نیە و سەروەرى نیە بەسەر خاکى سوریادا، بۆیە خاکى سوریا بوە بە کارتى گۆڕینەوەى بەرژەوەندییەکانى( ڕوسیا، ئەمریکا، تورکیا ، ئێران) وڵاتانى عەرەبى ڕۆڵیان نیەو ، دەنگى کاریگەریش نین، لەسەر هیچ دۆسیەیەکى. ئەگەر لەڕوانگەى تورکیاوە سەیرى عەفرین و پرۆسەى سەربازى تورکیا بکرێت ، ئەوا تورکیا ئەم بیانوانە دەهێنێتەوە:

١ـ عەفرین ناوچەیەکى کراوەیە بەسەر دەریادا و بوارى جوڵەى سیاسى و سەربازى و پێگەى هەرێمى کوردى زۆر زیاتر دەکات و پاڵپشتى گەورە دەبێت لە ئایندەدا بۆ دروست کردنى کیانى کوردستان.

٢ـ  عەفرین دەبێتە سەنتەرى بەیەکەوە بەستنەوەى کانتۆنەکانى تر ئەوەش لەڕێگەى بەیەکەوە بەستنەوەى بە ئاراستەى تەل رەفعەت بەرەو عەرێمە و منبج و ئەمەش کانتۆنە کوردیەکان لە لاى باشوروە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەیانگەیەنێت بە دەریاى سپى ناوەڕاست. بە تایبەتى کە بەرەو لاى رۆژئاوا بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ عەفرین دەچێتەوە سەر دەریاى سپى ناوەڕاست.

٣ـ روبەڕوبونەوەى پرۆژەى ئەمریکى لەسوریا: تورکیا لە پرۆسەى  قەڵغانى فوراتدا بەشێک لە ئامانجەکانی بەدەست هێنا، ئەوەش لەڕێگەى چونە ناو ئەعزاز و جەرابلوس، بەڵام لەبەر بونى ڕێگەى باشور (واتە مانەوەى منبج و تەل رەفعەت) تورکیا دەیەوێت بەکجارى ئامانجەکەى تەواو بکات لە خەونى یەکگرتنى کانتۆنەکان گەیشتن بەسەر دەریا. چونکە عەفرین بە پێچەوانەى ناوچەکانى ترى رۆژئاواوە هێزو سەربازو راوێژکارى ئەمریکى بونى نیە، ئەمەش پرۆسەکەى بۆ تورکیا ئاسانکردوە، بۆیە تەنها پێویستى بە ڕێگە پێدانى ڕوسیاو ئێران هەیە. ئەم دوو دەوڵەتەش هەردوو کیان دژ بە پرۆژەکانى ئەمریکان لەسوریا. کەواتە پرۆسەکە لەهەردوو لاوە تۆڵەکردنەوەیەکى باشە بۆ تورکیا کە بتوانێت لەم ڕێگەیەوە لە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بدات، بە تایبەت دواى ئەوەى ئەمریکا پرۆژەى دروستکردنى هێزێکى تازەى هەیە بۆ پاراستنى سنورەکان و تورکیاش دروستکردنى ئەم هێزە بە مەترسیەکى گەورە دەبینێت. بۆیە لەرووى ستراتیژییەوە هەڵبژاردنى ئەم کاتە راستەوخۆ لێدان و لە ناوبردنى ئەو پرۆژەیەیە.

٤ـ تورکیا لە ڕێگەى ئەم پرۆسەیەوە ناوچەیەکى فراوانتر لە رۆژئاواى فوڕات دەکات بە ناوچەى ئارام ، ئەمەش زەمینەیەکى دووسەرە بۆ تورکیا دەڕەخسێنێت، یەکێکیان ئەوەیە تورکیا دەتوانێت لەم ڕێگەیەوە مەترسى جوڵەى سەربازى و ئەمنى بەتەواوى کۆنترۆڵ بکات ڕێگر بێت لە دروستکردنی ‘قەندیل’ێکی تر. لە لایەکى ترەوە دەتوانێت بەشێکى زۆر لە ئاوارەکانى تورکیا بگەڕێنێتەوە، بەمەش ئامانجێکى ئابورى بەدەست دەهێنیت.

٥ـ تورکیا لە ئێستا لە ناوخۆدا گرفتارە بەدەست دەیاها کێشەى سیاسى و و ئابورییەوە ، بۆیە لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت کێشە ناوخۆیەکانى بباتە دەرەوە.

٦ـ توندوتۆڵکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ڕوسیا ، بۆ رازیکردن و پێدانى ئاماژەى رازیبونى ڕوسیا بۆ پرۆسەى سەربازى عەفرین ، لەرۆژانى ١٨، ١٩ـ ١ـ ٢٠١٨ هەریەک لەسەرۆک ئەرکانى سوپاى تورکیا و سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا سەردانى ڕوسیایان کردوە ، هەرچەندە دەنگۆى ئەوە هەبوە تەنانەت ڕوسیا راوێژکارەکانى لە رۆژى هەینى ١٩ـ ١ ٢٠١٨ لە عەفرین کشاندۆتەوە ، بەڵام لە ‘نییۆرک’ەوە وەزیرى دەرەوە سێرکى لافرۆف، ئەو هەواڵەى ڕەتکردەوە ، تەنانەت باسى ئەوەى کرد کە ڕوسیا لەگەڵ ئاڵۆزیدا نیە و دەیەوێت لەڕێگەى دبلۆماسیەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. بەڵام ئەمە مانایى ئەوە نیە کە تورکیا دەستبەردارى  ئەم پرۆسەیە دەبێت ، چونکە ڕوسیا بەرژەوەندى زۆرترى هەیە، لەوانە:

ـ گەمارۆدانى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا .

ـ   هاوبۆچونى ڕوسیاو تورکیا کە هەردوکیان دژ  بە دابەشبونى خاکى سوریان.

ـ بەردەوام بون لەسەر  زیادکردنى هێزى نزیک لە بەرژەوەندییەکانى تورکیا و ڕوسیا ، لە نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنە عەرەبى و کوردییەکان. ئەو هێزانەى هەمو ئاماژەو فەرمانێک لە تورکیا و ڕوسیاوە وەربگرن.

ـ تورکیا دەتوانێت لەم کاتەدا لانى کەم لەگەڵ ئێرانیش تەبا بێت ، چونکە بەرژەوەندى هەردووکیان ئەوەیە کە کورد کیانێکى بەهێزى نەبێت، بۆیە تورکیا لە ئێستادا کار بە سیستەمى هاوسەنگى دەکات.

بەربەستەکانى بەردەم پرۆسەى سەربازى عەفرین( شمشێرى فورات)

هەرچەندە تورکیا بە هەموو هێزییەوە دەستى کردوە بەم پرۆسەیە (هەواڵگرى، ئامادەکارى ، جوڵاندنى هێز ، جێگیرکردنى هێز، ڕێکخستنى هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا کە ناسراون سوپاى ئازاد) ، یەکەم هەنگاوى پرۆسەکەش بە موشەک بارانکردنى پێگەکانى یەکێنەکانى پارستنى گەل دەستى پێکرد تاوەکو زەمینەى پێشڕەوى سەربازى خۆش بکات. بەڵام ئەم پرۆسەیە پرۆسەى قەڵغانى فوڕات نیە ، تورکیا ئەمە باش دەزانێت، چونکە بەربەست و ئاستەنگەکانى زۆرن، کە ڕەنگە ئەمانەى باس دەکرێن، لە گرنگترینیان بن:

١ـ تورکیا شەڕ لەگەڵ گروپێکى بێزراو لە ڕووى نێودەوڵەتى ناکات وەکو ئەوى لە پرۆسەى قەڵغانى فوڕات کردى و، بیانوى هەبو، بێدەنگى لێکرا، بەڵکو تورکیا شەڕ لەگەڵ گروپێک دەکات کە براوەى یەکەمى شەڕى داعشە لە سوریا و ڕزگارکەرى ڕەقەیە.

٢ـ  ئەمریکا تا ئێستا دژ بە جوڵاندنى هێزو دەست تێوەردانى تورکیایە، بەفەرمى ئەم پەیامەى بە تورکیا گەیاندوە ، کە ئەمریکا لەگەڵ دەست تێوەردانى تورکیا نیە و ، ئەم پرۆسەیە دەبێتە فاکتەرى ئاڵۆزى بۆ ناوچەکە بە تایبەتى دواى ئەوەى داعش لە سوریا بەرەو لە ناوچونى تەواوەتى دەچێت.

٣ـ فشارەکانى ئەوروپا لەسەر تورکیا زیاد دەبێت ، لەلایەک لە ئەوروپا هێزەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەل، نمونەى حوکمڕانى رۆژئاوا نمونەیەکى باشە بۆ دواى ئارامبونەوەی سوریا، لەلایەکى ترەوە ئەوروپا لەو ململانێ مێژوییە تێدەگات کە لەنێوان کورد و تورکیادا هەیە، بۆیە ئەم دەستدرێژییە سەربازییە بۆ عەفرێن کە زۆرینەى کوردە، واتە  تۆخکردنەوەى ململانێکان و کردنەوەى دەرگاى توندو تیژى بەردەوام.

٤ـ تورکیا بیانوەکانى بۆ دەستێوەردان و چونە ناو خاکى عەفرین تەنها لە ڕوانگەى خۆیەوە شەرعیەتى هەیە، ئەگەرنا هیچ پاڵپشتیەکى لە ناوخاکى عەفرین نیە، تەنانەت سوریا هەڕەشەى بەردانەوەى فڕۆکەکانى دەکات، بە پێچەوانەى شارەکانى دەوروبەرى عەفرین کە هەندێک جار وەکو بەرپرسیارێتى پاراستنیان کەزۆرینەیان عەرەبن، ئەگەر بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم مافەى بەکارهێنابێت و قبوڵکراو بێت، بەڵام لە عەفرین کە زۆرینەى زۆرى کوردەو ، بونى تورکیا بە توندى ڕەتدەکەنەوە، ئەم مافەى نییە و، هێزەکانى سوریاى دیموکرات و یەکینەکانى پاراستنى گەل بەوپەڕى هێزییانەوە بەرپەرچى تورکیا دەدەنەوە. چونکە بە هێزى داگیرکەرى دەزانن و لە روى یاساییەوە ئەم مافەیان هەیە .

٥ـ پشت بەستن بە هێزەکانى سوپاى ئازاد بۆ تورکیا، کە چاوەڕواندەکرێت لە ڕوى سەربازییەوە ، پرۆسەکە وا دەست پێبکات، کە تورکیا تەنها لە سەرەتادا بە هێزى پاڵپشتى و چەکى قورس بەشدار بێت، لە ناوبردنى خەونى تورکەکانە ، چونکە ئەو هێزانە تواناى سەربازییان بەبەراورد بە هێزەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەل زۆر لاوازەو، لە واقیعیشدا پاڵپشتى جەماوەرییان نییە.بۆیە تەحەدایەکى گەورەیە بۆ تورکیاو بە ئاسانى لە زیانەکانى ئەو ئاشوبە دەرناچێت.

ئەوەى دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بۆ کوردانى عەفرین و رۆژئاوا جگە لەوەى لەبەردەم ئەم تەحەدایە خۆگرى و بیرکردنەوە لە بەرگرى ڕێگەیەکى تر نییە ، کارکردنە لەسەر شەقامى ئەوروپا و فشارە نێودەوڵەتیەکان بۆ بە شەرعى ناساندنى ئەم پرۆسە سەربازییە سەپێنراوەدا بەسەر شارێک و ناوچەیەک کە ڕوبەڕوى گروپێکى وەکو داعش بویەوە . بۆ کورد عەفرین جگە لەزەوى و جوگرافیا ، موقەدەسترین پێگەى ستراتیجى و سیاسیە کە دەتوانێت خاڵى بەیەکەوە گرێدانى هەمو پارچەکان بێت، لەم ڕووەوە تورکیا توانیویەتى بێدەنگى ئێران و ڕوسیا بە دەست بهێنیت.

Send this to a friend