د. زرار سدیق: شانازیكردن بە ڕەمزەكانی كورد ئامادەسازییە بۆ نەتەوەسازی
لەم گفتوگۆیەدا، د. زرار سدیق تۆفیق، پرۆفیسۆر و پسپۆڕی مێژوو لە زانكۆی دهۆك، باس لە بەشداری كورد لە شارستانییەتی ئیسلامی دەكات، ڕۆڵی كورد و جێپەنجەی كەسایەتییەكان لەو شارستانییەتەدا دەخاتەڕوو، داكۆكی لە شانازیكردن بە ڕەمزە مێژوویەكانی كورد دەكات و ئەمە بە بەشێك لە ئامادەسازی و خۆبەرهەفکردن بۆ نەتەوەسازیی لەقەڵەم دەدات، كە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە دەستەبژێری ڕۆشنبیری كورد كاریان لەسەر كردووە.
گفتوگۆی: ئیدریس سیوەیلی
ئایینناسی: مەبەست چییە لە زاراوهی شارستانییەت و شارستانییەتی ئیسلامی؟
د. زرار سدیق: شارستانی هەر وەکو ئەزانین لە کوردی لە شارەوه هاتووە، (حضارة) لە عەرەبی لە وشەی حەزرەوە هاتووە، حەزەره واتە پێچەوانەی بەداوە، هەتا لە ئینگلیزیش سڤیل واتە مەدەنی لە باژێڕەوە هاتووە.
شارستانییەت ئەزانین لە فەرهەنگەکان و لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرد زۆر پێناسه و مەودا و واتای هەیە، تەنیا بەکورتیەکەی ئەو دیاردە و ئەو ڕواڵەتانهی لە ڕووی زانستی، ئەدەبی، هونەری و بیناسازی میللەتێک، یا گەلێک پێشکەشی دەکات و دەبێتە ناسنامەی جیاکردنەوەی لە گەلانی دی.
ئەمە بە کورتی شارستانییەتە، ئینجا پێم خۆشە هەر کەسێک حەز بکات پتر پێزانینی هەبێت لەسەر شارستانییەت و چەمکی شارستانییەت و هۆکارەکانی دروستبوونی شارستانییەتێک و هۆکاری نەمان و لەناوچوونی، کتێبێک هەیە بە عەرەبی و کتێبێکی پوختە (حوسێن موئنیس – کتاب الحضارة) لەوێ زۆر باسی کردووە شارستانییەت چۆن بوو؟ مرۆڤ چۆن دەرکەوت؟ چۆن نیشتەجێ بوو؟ چۆن فێری چاندن بوو؟ خۆی لە سەرەتادا مرۆڤ فێری نێچیروانی بوو، ئەوه خۆی جۆرە شارستانییهتێکە دوایی فێری چاندن و دەستەمۆکردنی ئاژەڵ و باڵندە بوو، ئەمانە هەر دەچێتە شارستانی دوای شۆڕشی کشتوکاڵی، زۆر کتێب هەیە هەتا کتێبێکی تر هەبوو ناومان بیستووە کتێبی (ویل دیۆران – قصة الحضارة) باسی شارستانییهته دێرینەکان دەكات.
سەبارەت بە شارستانییەتی ئیسلامی، بۆ خۆمان دەزانین شارستانییەتی ئیسلامی واتە ئەو شارستانییهتهی لەگەڵ دەرکەوتنی ئیسلام پەیدا بوو، دەرکەوت لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی کۆچی، یان دەتوانین بڵێین لە نیوەی یەکەمی سەدەی حەوتەمی کۆچی، بەردەوام بوو تا کۆتایی سەردەمی عوسمانیی، ئەوەش هەندێ جیاوازی هەیە، کەی سەردەمی ئیسلامی تەواو دهبێ؟ ئایا هەموو شتێک لەو سەردەمە هەمووی دەکرێ بە سەردەمی شارستانییەتی ئیسلامی دابنێین؟ ئەمەش بیر و بۆچوونی زۆری لە سەرە، بەڵام ئەوەی ئێمە دەزانین شارستانی ئیسلامی ئەوەی وایە سەرچاوەکەی یەکەمی بڵێن قورئانی پیرۆز و سوننەتی نەبەوییە، ئەم شارستانییەتەش بێگومان یەکێک لە شارستانییەکانی جیهانییەکان یان دەتوانم بڵێم لە شارستانێتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، بێگومان شارستانییەتی ئیسلامی وەک هەر شارستانییهكی تر لە شارستانییهكهی پێش خۆی شتی وەرگرتووە، سوودی وەرگرتووە، بۆیه لە مێژووی شارستانییەت، هیچ شارستانییەتیەک نییە لە خۆیهوه سەر هەڵبدات و دابڕاو بێت لە شارستانییەکانی پێش خۆی، یان شارستانییەکانی هاودەمی خۆی و هاوسنووری خۆی، شارستانییەتی ئیسلامیش بێگومان سوودی بینەوە لە شارستانییەتی یۆنانی لە سەدی دوو کۆچی و سەرەتای سەدەی سێ کۆچی لە سەردەمی خەلیفە مهئموون، دەیان و سەدان کتێبی فەلسەفی و ئەدەبی و کتێبی هەتا نوژداری و پزیشکیش وەرگێڕدرا، هەروەها سوودی بینیوە لە شارستانییەتیەکانی ڕۆژهەڵات، هەتا لە دابونەریتەکانی عەرەبی پێشی ئیسلام، لەوانە وڵاتی یەمەن، بێگومان هەر شارستانییەتیەک بە شارستانییەتی ئیسلامیەوە شتی نوێی هەیە، داهێنانی نوێی هەیە، وەکو بڵێی تەواوکەرە، هەر شانستانییەک هەندێ شتی پێش خۆی دووبارە دەکاتهوه و شتی تری دەخاتە سەر، لەوانە هەندێ شتی تر لاببا، بۆیە دەکرێت هەر شارستانییەتییەک تەواوکەری شارستانییهکانی پێش خۆی بێت، لەوانە شارستانییەتی ئیسلامی لەم چوارچێوەیه و لەم پێناسەیە دەرناچێ.
شارستانییەتی ئیسلامی تایبەتمەندی خۆشی هەیە، یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە ئەم شارستانییەتە پێگیرە بە قورئانەوە، بە دەقی شەریعەوە، بۆیە دەبینین كە شارستانییەتی ئیسلامی بایەخ بە تەلارسازیی، بە وێنه نەدراوە، بایەخ بە موزیک کەم دراوە، چونکە لە قورئان ئەم شتانە سنودار کراوە، ئەمانە نابێ بکرێ، ئەمەش یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی کەوا دەتوانین بڵێین شارستانییەتی ئیسلامی سنوردار کردووە و لەم بوارانە پێش نەکەوتووە، ئێمە ئەگەر وێنه هەبوایه، نەخش و نیگار هەبوایە، هەندێ کۆشک هەبوایە، هەندێ وێنەی دەسەڵاتداران هەبوایە، هەندێ وێنەی جلوبەرگ هەبوایە، ئێستا بۆ مێژوو دەبووه سەرچاوەیەکی زۆر گرنگ، بەس خۆماندەزانین ئەم شتانە لە ئیسلام سنوردار بووە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمەدا شارسانییەتی ئیسلامی زۆر بایەخی بە شتی تر داوە، بۆ نموونه بە نوژداری، بە ئەدەب، شیعر، مێژوو، سیرەی نەبەوی و بەم شتانە زۆر داوە، ئێمە لە نیوەی دووەمی سەدەی چواری کۆچی – دەهەمی زایینی مێژوونووسێكمان ناوی ئیبنولنەدیمە، کتێبێکی داناوە (الفهرست)، هەر ناوەکەی دیارە بۆیە ناوی فێهرستە یانی پێڕستی ئەو کتێبانەی تا سەردەمی خۆی دانراوە، ئەوجا دەزانی شارستانییەتی ئیسلامی چەند دەوڵەمەنده، هیچ بوارێک نییە کتێبی لێ دانەنرابێت، ئێمە دەزانین لە دەستپێکی سەردەمی عەباسییەوە و لە ساڵی سەد و چل و سێی کۆچی کاغەز گەیشتە جیهانی ئیسلامی، بۆیە دەسپێکی ڕاستەقینهی تۆمارکردنی سیرهی نەبەوی و تۆمارکردنی شعر و ئەدەبیات و مەغازی و ئەمانە لەو کاتەوە دەستی پێکرد، لە سەد و چل و سێوە تا دووسەد و سی چل ساڵێک، ئەمجا دەزانی شارستانی ئیسلام چەند زەنگینە، چەند کتێب دانراوە، بە دەیان هەزار کتێب، لە سهردەمی ئیسلامی کتێب لە بابەت شتی وا دانراوە ئێستا کەس بە خەیاڵی نەهاتووە، وردەکاری ژیانی کۆمەڵایەتی، وردەکاری لایەنەکانی مێژوو زۆر شتی کۆمەڵایەتی کە ئێستا ئێمەش بە بیرمان نەهاتووه شتی وا بنووسین، یان شتی وا بیرمان بێ کتێبی لهسەر دابنێین ئەوەندە دەوڵەمەندە، جا ئەمەش من پێشتریش وتوومە یەکێ لە تایبەتمەندییە باشەکانی، یەکێک لە لایەنە پرشنگدارەکانی شارستانییەتی ئیسلامی ئەوەیه زۆر بایەخی بە نووسین داوه، هەرچەندە لایەنی كردەیی وێنەکێشان، لایەنی بیناسازی، نیگارکێشان بەو ئاستە نەبووە، چونكه ئیسلام ڕێگەی پێ نادا، مەسەلەن کۆشك و مەعابید و نەخشونیگاری وا بکەی لە ئیسلام هەرچەند لە سەردەمی سەلجوقی بەتایبەتی فەندی سەلجوقی هونەری سەلجوقی پەیدا بوو بۆ دروستکردنی مزگەوت و شێوەی پەنجەرە، میحراب، دەرگا و دەروازەکانی، ئەمەش فەندی هونەری بیناسازی ئیسلامیە، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەوە بایەخی زۆری بە لایەنی ڕۆحیداوە، بە لایەنی دەروونی، وەکو گوتم ئەو کتێبانەی وا ئێستا ماون و تا ئێستا لەبەردەستن بەڵگەی ئەوەنە کە شارستانییەتی ئیسلامی تا ڕادەیكی زۆر پێشکەوتوو بووە لە ڕووی نووسین و دانانەوە.
ئایینناسی: دەوترێت شارستانییهت لە نێوان وەرگرتن و بەخشنیدایە، لەو نێوانەدا كورد لە شارستانی ئیسلامی چی بەخشی و چی وەرگرت؟
د. زرار سدیق: ئهمە پرسیارێکی گرنگە وەک پێم خۆشە لەسەری ڕاوەستم و بابەتێکی زیندو و ناسکە. هەموو دەزانین ئەمە شتێکی بەڵگەنەویستە دوو نەتەوه یا دوو شارستانییەت یا دوو گەل ئەگەر هاودەمی یەک بن و بێگومان کارلێک دروست دەبێت، کار لهیهکدی دەکەن، پەیوەندی دروست دەبێت، تێکەڵی دەبێت، هەموو دەزانین لە سەردەمی خەلیفە عومەر موسڵمانەکان لە ڕێگای فەتحەوه گەیشتنە کوردستان و ئیتر ماوەی دووسەد ساڵ کورد بەرە بەرە بووە موسڵمان و کاریان لهیەکتری کردووە، بەڵام جێی داخە لهم ڕۆژگارهی ئێمە کەسانێک هەن ئیحتیمالە دیندار، بن بەڵام لێکۆڵەر نین، مەسائلی پرسی مێژوویی زۆر سەریان لێی دەرناچێت، دەڵێن سەربەرزیی کورد هەموو لە ئیسلامایە، هەندێکیان دەڵێن ئیسلام لە کورد دەربێنی کورد هیچی نامێنێتەوە، بە ڕای من ئەمە قسهیهكی زۆر نابەجێیە شتی وا نییە، بێگومان هەموو دەزانین ئیسلام هەندێ شتی بە کورد بەخشیوە، هەندێ شتیشی لە کورد وەرگرتووە، کورد ئەگەر پێشی ئیسلام هیچی نەبووایە ئەوا بە هۆی فتوحات و بە هۆی هەژموونی عهرەبەوە وەک میللەتانی دی لەناو دەچوو، ئێمە دەزانین لە عێراق نەبەتی هەبوون، ئارامی هەبوون، لە شام چەند میللەتی دی هەبوون، لە میسر و باکووری ئەفریقیا میللەتانی دی هەبوون، ئەم میللەتانە یان نەمان یان زۆر زۆر لاواز بوون، تەنیا کورد تا ئێستاش ماوە، ههرچەند هەژموونی عەرەبی لەسەر بوو، دوای هەژموونی تورک و غهزوی تورکی سەلجووقی و پاشان مەنگۆلەوە، بەڵگەی ئەوهیه کورد خاوەن مەرجەکانی مانەوە بووە، ڕەگی قووڵ بووە، پێگیری بە دابونەریتی خۆیهوه کردووە بۆیە ماوەتەوە، بەڵام کە ئیسلام هات بێگومان ئیسلام کاری تێکرد ئەو خەڵکەی بەرە بەرە بوونە موسوڵمان، بۆ نموونە بزاوتی بیناسازی دروست بوو لە کوردستان، بە شێوهیهکی ئیسلامی، دروستکردنی مزگەوت، لێرە پێویست ناکا بەڵگەی زۆر بێنم، چەند بەڵگەمان هەیە لە خورماڵ لە شوێنەکانی تر، ئیتر لە دەینهوهر لە سەرەتای ئیسلامهوه مزگەوت دروست کراوە، ئەمە لە ڕووی بیناسازییەوە، هەروا لە ڕووی هەندێ دابونەریتی دینی و هەندێ عیبادات و هەندێ ڕێوڕەسم و دابونەریت و پەروەردەی ئیسلامی كورد بووه موسڵمان بێگومان ئەم ڕێنمایی و ئەم یاسا و ئەم شەرعەی کە لە ئیسلام هێنایی ئەمە ئەکید کورد کاریگەر بووه و بە گوێرەی ئەو شتە نوێیانە، ئەو یاسا و ڕێسا نوێیانە ژیانی خۆی ڕێكخستووە، هیچ گومانی تیا نییە ئەمە.
بەڵام لە هەمان دەمدا کورد زۆر خزمەتی ئیسلامیشی کردوه، كورد شتی بەخشیوە بە ئیسلام، ئێمە زانایانی کوردمان هەیە چەند ئەم بەشدارییە سەرەتا نییە، لە سەدەی یهک و دوو و سێ و چواری کۆچی نییە، یا زۆر کەمە، پاشتر دەردهکەوێ، ئێمە زۆر زانای کوردمان هەیە خزمەتی ئیسلام و شەرع و فیقهی ئیسلامی و زبانی عەرەبییان کردووە، بۆ نموونە ئیبن حاجب ئەوە باشترین زانایه لە زمانی عەرەبی، (الکافی والشافی)، یان ئیبن سەلاحی شارەزووریمان هەیە، دەینهوەریمان هەیە، کتێبی لەسەر نەبات ههیه، خەڵكی دەینهوەرە، خەڵکانی دیمان هەیە، کورد زۆر خزمەتی ئیسلامی کردووە، وەکو بڵێی خانەی خۆی تهرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی زانستە دینیهکان، زانستە فیقهیەکان هەتا زانستەکانی زمانی عەرەبی.
باشە وا خۆمان دەزانین ئێمە کوردستان و گەلی کورد پێش ئیسلامیش خاوەن شارستانییەت بووە، خاوەن دابونەریت و هونەری مۆزیکی هەبووە، جلوبەرگی خۆی هەبووە، زمانی خۆی هەبووە، لە ناوچەکانی هەورامان یا چیایەکانی هەکاری، جۆرێکی بیناسازی کوردی هەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە، بە شێوەیەک دروست کراوە لەگەڵ کەشوهەوای ساردی کوردستان بگونجێت، دەتوانین بڵێن ئەمە هونەری بیناسازی کوردییە، پەیوەندی نە بە مەسیحییەت و نە بە ئیسلام و نه بە میللەتانی دیكەوە نییە، ئهمه شارستانییەکی خۆڕسکی کوردیه، لە لایەنیکی دیەوە بزانی کورد چەند دەوڵەمەندە بە مۆزیک، بە فولکلۆر، به ڕەگەزەکانی تری ئەدەبی ئەو دەمە، ئەدەبی میللی داستان، بەیت و بالۆره، هۆره، یەکێك لە داهێنانەکانی کوردە ئیتر نازانرێ ئهمە کەی بووە، پێش ئیسلام بوو یا پاشی ئیسلام بووه، سەرچاوە ئیسلامیەکان باس دەکەن زوڕنا یا دوودەگ جووزەلە، ئەمە داهێنانی کوردە، سەرچاوە عەرەبیەکان وا دەڵێن، دەڵێن کاتی خۆی شوانە کوردەکان ئەم ئامێرهیان داهێنا، ئەم مۆزیکهیان لێ دەدا، ئەم دوودەگ یا جووزەلە، یان زوڕناش شتێکی لەو بابەتە بوو، ئامێرێکی هەوایی بووە، بە فوکردن دەنگی لێوە دەرچووە، دەڵێت شوانە کوردەکان ئەم ئامێرهیان بەکارهێنا بۆ کۆکردنەوەی مەڕەکان، بۆ گازکردنی مەڕەکانیان، جا هەر لە شارستانییەتی کورد پێش ئیسلام کورد داهێنانی کردووە لە جلوبەرگ، لە حەدیسێکدا هاتووە کە لە سونەنی ئەبی داود هاتووە جلێک هەبووە بە ناوی (الکوردی)، جا هەندێ خەڵکی نەزان و نەشارەزا وا ئەزانن ئەم جلە جلی کوردی ئێستا بووه، ئەمە جلی کوردی ئیستا نەبووە، ئەمە جلێک بوو ناوی کوردی بووە، چۆن کە ئەم جلە کورد دروستی کردووە و بە ناوی کوردەوە ناسراوە و دیارە بێجگە لە کورد ئەم جلە بەرهەم هێنراوە و بازرگانی پێ کراوە و ڕەوانەکراو بۆ وڵاتانی دەوروبەر و گەیشتووەتە حیجاز و تا حەدیسەکە دەڵێت ئەو کوردییە پێغەمبەر داوای کردووە یان جلێکی بوو بەو ناوە، ئەوە پەیوەندی بە جلی کوردیی ئێستاوە نییە، جلەکەش وەکو پاڵتۆ بووە خراوەتە سەر، قەمسهڵە بووە، جلی دەرەوه پۆشاک بووە جلی ناوەوه نەبووە، ئیتر لە کوردستان جۆرە جلێکی تر هەبوو ناوی تاڵەشان بوو بە عەرەبی تەیلەسان، ئەوە زۆر بڵاو بوو لە دوورگەی عەرەبی، لە دەرەوەی كوردستان، لە کتێبە فیقهیهكان، لەو کتێبانەی باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن ئەم ئاڵوگۆڕیە چەند حەڵاڵە و چۆن سەردەری لەگەڵ ئەم چەشنە ئاڵوگۆڕە بکرێت، باس دەکرێت تەیلەسانی کوردی، یان باسی زۆر زانا و فەقیهو تابیعی و کەس زۆربەیان مەوالین لە سەدی یەکی کۆچی و دوو کۆچی باسی ئەمانە دەکەن دهڵێن تەیلەسانێکی کوردی لە شان بوو، ئەمەش یەکێکە لەو شتانەی بەناوی کوردهوه تۆمار کراوە، شتی دی هەیە من لە کتێبەکەم کۆمەڵگای کوردەواری باسم کردووە، قەدیفەی کوردی هەیە، عەبای کوردی هەیە، زۆر جلوبەرگ هەبووە کە بە ناوی کوردەوە ناسراوه و بڵاوبوهتهوه بە جیهانی ئیسلامی.
ئایینناسی: دیوێکی تری شارستانییەت بابەتە هزری و بەهاییەکانە، کەسایەتییە کوردییە دیارەکان له شارستانییهتی ئیسلامیدا پێگه و جێدەستیان چۆن بووە؟
د. زرار سیدق: بەشداری و پشکداری کورد لە بابەتە هزرییە ئیسلامیەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست لە شارستانییەتی ئیسلامی چەند قۆناغێکە، قۆناغی یەکەم: سێ سەد تا سێ سەد و پەنجا ساڵی یەکەم، لەم سەردەمە بەشداری کورد زۆر سنووردارە زۆر کەمە. ئەگەر بڕوانین لەناو دەیان و سەدان موفەسیر، خاوەنی ئیسحاحەکان و خاوەنی سەنەدەكان، هەروەها لەو كتێبانهی كهوا شرۆڤهی قورئانیان کردووە، یان زاناکانی موعتەزیلە، زاناکانی گرووپەکانی دی ئیسلامیەكان دەبین لەناو ئەمانە تاک و تەرا کورد هەیە، زۆر دەگمەن کورد ههیه، ئەو کوردانەش هەبن ڕۆڵیان لاوەکییە و ئەوەندە نهناسراون و نازانین کێن، ئەمە بە ڕای من هۆکەی بە پلەیەک ئەوەیە کە لەم دەمە کوردیش تا بوو بە موسوڵمان ئێمە وتمان لە دووسەد ساڵی یەکەم تا سەد و پەنجا ساڵ ئەم قۆناغە قۆناغی بوونی پلەبەندی کوردە بە موسوڵمان پاشان کورد بوونە موسوڵمان بەڵام هیشتا هەر نەیاری خیلافەی عەباسین، دەیان بزاڤ هەن، نابینی کوردێك مەسەلەن چووبیتە بەغدا زۆر کەم بەشداری کردبێت، تاکو تەرایەک هەن، ئەمانە مەوالی بوون چوونەتە کوفه، چوونەتە بەسره، چوونەتە بەغدا، چوونەتە شارەکانی تر، ناویان هاتووه وەکو موحەدیس، یەکێک لەوانە بەناوبانگترینیان مەهدی کوڕی مەیموونە، موحەددیسێکی زۆر بەناوبانگە، ناسراوە، جێی باوەڕە، جێی متمانەیە، یەکێ بووە لەو کەسانەی کەوا ئیمام ئەحمهدی کوڕی حەنبەل گوێی لێ ڕاگرتووە، پەسنی کردووە و دەڵێت یەکێک لە مامۆستا خۆشەویستەکانم، ئەمە لە کوردستان نەبووە، لە کوفە و لە بەسڕه و هەتا هەندێکیان لە واست بوون، واست، کوتی ئێستا نزیکە لە کوردستانەوە، بۆیە لەم قۆناغە ڕۆڵ و ئامادەبی کورد لە بزافی هزری و بزافی تەنانەت ئەدەبی و بزافی ڕۆشنبیری و بایەخدان بە زانستەکانی قورئان و حەدیس و زانستە ئیسلامیەکانی دی، زۆر سنورداره و کەمە.
قۆناغی دووەم دەتوانم بڵێم له قۆناغی میرنشینە کوردییەکانەوەیه، لە ناوەڕاستی سەدهی چواری کۆچی – دەهەمی زانییەوە تا دەرکەوتنی دەوڵەتی ئەیووبی و لەناوچوونی میرنشینەکان بە دەستی سەلاجیقەكان و دواتر بەرپابوونی جەنگی سەلیبی و دەرکەوتنی بنەماڵەی ئەیوبی، لەم سەردەمەدا کورد بە تەواوەتی بووە موسوڵمان، میرە کوردەکان ناوی ئیسلامی هەڵدهگرن، پەیوەندیان خۆشە لەگەڵ خیلافەی عەباسی، به برا گەورە و ڕێبەر و ڕەمزی خۆیان دەزانن، خەلیفهی عەباسیش نازناویان دەداتێ، نەسر دەوله، ناسر دەوله، عیسمەت دەولە، سەمسامت دەولە، عیسامهت دهولە، ئەم ناوانە زۆرە، بە بۆیهیەکان و دواتریش بە میرە کوردەکان دراوە، لەم سەردەمە بهرە بەرە ڕۆڵی کوردیش دەرەکەوێت، بەتایبەت لە زانستە ئایینییەکان، هێشتا کورد لەم سەردەم هەر لە زانستە هزری و فەلسەفی و عەقلیەکان، بە عەرەبی (العلوم العقلیة) کەمە، زیاتر زانستە ئایینییەکان (العلوم النقلیة) لە زانستەکانی گێڕانەوە و هەڵسەنگاندنی فەرموودەکان، لێكدانەوەی قورئان، ئەو زانستانەی پەیوەندی بە عەقیدە و بە ئوسوول و بە فیقهو ئەوانەوە هەیە، ئەم میرنشینانە پایتەختیان ههبوو، له پایتهختهكانیش (دار الامارة) دەبێت و دەبێت مزگەوت هەبێت، لەم مزگەوتانە مەلا هەبوو، خەتیب هەبوو، قازی هەبوو، موئەزین هەبوو، خەڵک بەرەبەرە لەو مزگەوتانە نوێژی دەکرد، لە مزگەوتەکان حوجرە هەبوو، زمانی عەرەبی دەخوێندرا، بەشێک لە ڕۆڵەی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کورد فێری خوێندەواری بوون، هەندێکیان دەرەچوون لە کوردستان، زانایەکی شارەزوویمان هەیە گهیشتۆتە ئەندەلووس، لەوێ کەوتە کەمینی قەراسینەکانهوه و کوژرا، ئیتر دەرچوون لە بەغدا، شارەزووری زۆرن، دەینهوەری، القرمسینی، قرمسینی واتە کرماشانی، هەتا ئەشنەهیی، عەبدولعەزیزی شنۆیی هەیە، الفرائید الاشنویە، ئەوە خەڵکی شنۆیە، من چوومە ئێران سەردانی گۆڕ و مەزارەکەیم کرد و باخچەکەی لە شاری شنۆ زۆرن، ئیتر ئامەدی هەیە، هەتا هەندێک باژێڕی تر هەیە، مەسەلەن جەزەری هەر زۆرن، بەرە بەرە ئەمانە دەردەکەون و دەبنە دەستەی دووەم، ئەمانە من باوەڕناکەم هیچیان پله یەک بن، زۆر ناسراو بن، بەڵام تا ڕادەیەک ناسراون، کتێبیان هەیە، هەندێکیان خاوەن هەڵوێستی خۆیانن، لێکدانەوەیان هەیه بۆ زانستەکان، بۆ هەندێ پرسی شەرع، بۆ لێکدانەوەی هەندێک ئایات، بۆ لێکدانەوە و سەر ڕاستکردنی هەندێک فەرموودهی پێغەمبەر، ئەگەر مێژووی هەولێر بخوێنی (تاریخ اربل ابن المستوفی) بزانە چەند کەس هەن لەو بابەتە کە لە سەدەی پێنجەوە دەرکەوتوون، کتێبیان نووسیوە و کۆبوونەتەوە، گفتوگۆی زانستی و ئەدەبییان کردووە، هەڵوێستیان دەربڕیوە، حەدیسیان گێڕاوەتەوە.
قۆناغی سێیەمیش دەتوانین بڵێین سەردەمی ئەیوبییە، کە نزیکەی سەدەیەک فەرمانڕهوایی میسر و پاشانیش شامیان کرد، ئەمانە کوردن ماوەی سەدەیەک ڕێبەرایەتی بەشێكی زۆر و پانتایەکی گەورەی جیهانی ئیسلامیان کردووە، ئاڵای شەڕی جیهادیان هەڵکرد دژی خاچهەڵگرەکان بۆیە وێڕای چینی چەکدار و سەرۆک هۆزەکان و لایهنی لەشکریی، دەیان زانا و فەقیهی کورد بەشدار بوون، چوونە ئەوێ، لە سایەی دەوڵەتی ئەیوبی خۆیان پێشخست، بوونە زانا، بوونە ناودار، بوونە خاوهن قوتابخانە، دەسەڵاتدارانی ئەیوبی و میرە کوردە دەستڕۆیشتووەکان دەیان مزگەوت و قوتابخانەیان لە شارەکانی شام و میسر دروست کرد کە زۆرتریان لەسەر مەزهەبی شافیعییە، لێرە ڕۆڵی شارستانییهتی کورد پتر پێشکەوت، ئیبن حاجب وەکو پێشتریش باسم کرد ئەو (کافیە و شافیه) یەکێکە لە کتێبە ههرە گرنگەکانی نەحو سەرفی عەرەبی، نزیکەی دوو سەد شەرح و تەکمیلە و زەیل و لێکدانەوە و وەرگێڕانەوە و كورتکردنەوەی هەیە ئەوەندە بەناوبانگە. کتێبی کافی هەتا مێژوونووسێکی میسریمان ههیە ناوی (کافی جییە)، کافیهچی ئەوەندە ئەو کتێبی کافیهی بەدەستەوە بوو ناوی بۆتە کافی چی، جا ئەگەر سەیر بکەی بزانە ئهو کتێبە چەند دەنگدانەوەی هەیە، چەند بایەخی پێدراوە، لێك دراوەتەوە، کورت کراوەتەوە، تەکمیلە کراوە، هەتا وەرگێڕدراوە. یەکێکی دی لەوانە ئیبن سەلاحی شارەزووری، خاوەنی موقەددیمە، موقەددیمهی ئیبن سەلاح لە زانستی فەرموودە کە چەند بایەخی پێدراوە، فەتاواکانی ئیبن سەلاح، ئیبن خەلەکانمان هەیە، قازی بووە، خاوەن کتێب و (وفیات الاعیان)، قازی سەدرەدینی عەبدولمەلیک کوڕی دەربازی مارانیمان هەیە، قزی قوزات بوو، زیائهدین عوسمانی برای، دەیان و سەدان زانا و مامۆستا و تەنانهت مێژوونووس و ئەدیب و شاعیری کورد لە میسر و شام هەبوون و وڵاتانی دیش و پێشکەوتن، لە لایەکی دییەوە هەر لەو سەردەمە بهتایبەت ماوەیەک حیجاز کەوتە دەست ئەیوبییهکان، زۆر زانای کوردمان هەیە لە مەکە و مەدینە، لە حیجاز ئەمانە حەجیان کردووە و لهوێوە ماونەتەوە بە عەرهبی پێ دەڵێن مجاوەرە، مجاوەرە ئەوەیە حەج بکەیت پاشان لە مەکە بمێنیتەوە پێی ئەڵێن مجاوەره، زۆر لەوێ ناویان دێت، ڕۆڵیان گێڕاوە، هەروەها لەو سەردەمە کورد لە بزاوتی سۆفیگهریش زۆر پێشکەوت، دەیان کەڵە سۆفیمان هەیە، تا ڕێبازێکی سۆفیگەریمان هەیە دەتوانم بڵێم لە سەدەی شەش دەرکەوت، ههر ئەو ڕێبازە تەواو ڕێبازێکی کوردیە، ڕێبەرەکەی ئەبوبەکری هاوارییە، دوای ئەوە ئەبو محەممەدی شەنبەکی، ئەمجا ئەبو فایح لوانی، ئەم تەریقەیە تا عەبدولقادری گەیلانی بۆ خۆی درێژەپێدەر و دەرچووی ئەو قوتابخانەیه و پاشتر درێژی پێداوە، جا بۆیە لەو سەردەمە کورد ڕۆڵ و پشکداری زۆرترە و بەرچاوتریشە چونکە لە سەرچاوەکانی تریش زیاتر باس کراون، لە سەردەمی ئەیوبی بزاڤێکی مێژوونووسی دەرکەوت، زۆر کتێبی مێژوویی دانران، لە سەردەمی ئەیوبی کتێبی (طبقات) دانرا، زیاتر بایەخی پێ درا، بە زانایان بە قازییەکان بە فەرموودەناسان، (طبقات شافعی) لە پاش سەردەمی ئەیوبی ئەم کتێبانەی لەسەر تەبەقات دانران، تەبەقات مەبەستی ئەوەیە توێژی خوێنەران، توێژی موفەسیرین، توێژی قوڕاء، ئەم کتێبانە زۆر دەرکەوتن، ههروهها کتێبی (تاریخ دمشق) و (تاریخ حلب) و مێژووی قاهیرە دەرکەوتن، دەتوانم بڵێم سەدان کورد هەن شارەزان لە زانستە جۆربەجۆرەکانی ئیسلامی.
لە دوای سەردەمی ئەیوبیەوە، زانست پاشەکشی کرد، لە سەردەمی مەنگۆل و جەلائیری و تورکمانی قەرەقۆینلۆ ئاقۆیلی و لەم سەردەمە ڕۆڵی شارستانییەکی کورد دەکشێتەوە نەک ئیسلامی هەر بە گشتی بزافی زانستی و ڕۆشنبیری و هەتا ئەدەبی لەو وڵاتانەی کەوتە ژێر دەستی ئەم دەوڵەتە پاشەکشهی کرد، هەتا پێی ئەڵێن بە عەرەبی (العصور المظلمة) سەردەمە تاریکەکان، ڕاستە ئەدەبی فارسی پێشکەوت، کەڵە شاعیرانی فارس دەرکەوتن، بەڵام مەبەستم ئێمە بێینە کوردستان و عێراق، زانست پاشەکشهی کرد، لە میسریش پێشکەوتن هەبوو بێگومان، میسر نەکەوتە ژێر چنگی مهغۆلەکان، قاهیرە بووە مەڵبەندێكی زانستی بەناوبانگ، لەسەر ئاستی هەموو جیهانی ئیسلامی، بەڵام پاش سەردەمی عوسمانی جارێکی تر بزاوتی ڕۆشنبیری و خوێندەواری لە کوردستان پێش دەکەوێت، دەتوانم بڵێم له سەردەمی عوسمانی زۆر زۆر پێشکەوت، چونکە بێجگە لە شارەکان قوتابخانە چووە دێکان و شارۆچکەکانیش، دەیان زانامان هەیە بۆ نموونه ئەبوبەکری موسەنیف بەناوبانگە، ههرچەند ئەو زیاتر لە ئێران بووە لە گوندی چۆڕی مەریوان، یا ئیبراهیمی کوڕی حەسەنی گۆرانی شەهرەزووری ئەوه لە مەدینە ژیاوە، نزیكهی سەد نامیلکەی هەبووە، ئەو زۆر بەناوبانگە، دەیانی دیكهمان هەیە، لە کتێبەکانی سەردەمی عوسمانی ناوی هاتووه، لە کتێبی (کشف الظنون)ی حاجی خەلیفە، لە عوسمانلی موئەلەفلەری ناوی هاتووە، لە کتێبی بابا مەردۆخ ڕوحانی، مەشاهیری کورد، هەتا لە کتێبی ناودارانی کورد، مەشاهیری کوردی محەممەد ئەمین زەکی، لە قاموسی ئەعلامی زەركەلی، لە موجمەل موئەلفینی عومەر ڕەزا فەحالە، لە دەیان کتێبی دی، ناوی چەندین زانا و ڕۆشنبیر و خوێندەوار و مامۆستا و ئەم جۆرانە هاتووه.
ئایینناسی: زۆرجار كەسایەتییە مێژووییە كوردییەكانی ناو دونیای ئیسلام بە كەمتەرخەم و تەنانەت هەندێك تۆمەتی ناڕەواش دەدرێتە پاڵیان، دوور لە خوێندنەوەی ئایدۆلۆجی، سەرنجی بەرێزتان وەك مێژوونووسێك لەوبارەوە چییە؟
د. زرار سیدق: بەڵێ ئەو دیاردەیە هەیە کە چەند کەسایەتی مێژوویە کوردەکانی ناو دنیای ئیسلام کەمتەرخەم و تەنانەت هەندێ تۆمەتی ناڕەوا دەدەرێته پاڵیان، بێگومان ئەو کەسانەی ئەم شتە دەکەن هیچ ئاگایان لە میتۆدو لە مێژوو و لە ڕێڕەوی گۆڕانکاری مێژووی کورد و کوردستان و ناوچەکە نییە، ئەمانە کهسی ئایدۆلۆژین، بە مەبەستی جیاواز، بیروباوەڕیان لەسەر ئایدیۆلۆژیایەکە هەر کەسێ وەکو ئەوان نەبێ تەخوینی دەکەن، دەیشکێنن، کەمی دەکەنەوە، لەم ڕۆژانە زۆر کەسی ناشارەزا و بێ ئاگا و بهس بۆ ئهوهی خەڵک لێی بڕوانێت و ببێتە ترێند دهیان قسەی ناشرینیان بە سەلاحەدینی ئەیوبی و بە شەرەفخانی بەدلیسی و به هێماکانی کورد دا، ئەمانە شایانی ئەوە نین وهڵام بدرێنەوە، ئەمانە کەسانی ئایدۆلۆژین، کورد خزمەتی کردووە، زانایەک ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە، بهڵام لە سەردەمێک هەستی نەتەوایەتی نەبووە مەلایەکی کورد چۆن دەتوانێ کوردایەتی بکات، هەتا کۆتایی سەردەمی عوسمانی محەمەد ئەمین زەکی دەڵێت: نەمان ئەزانی ئێمە کوردین، دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ ئەو خەوش و ئەو ڕەخنە و ئەو دواکەوتەی لێ دەنرێ هەرگیز دەوڵەتێکی نەتەوەی نەبووە، دەیان کورد له سەردەمی عوسمانی پۆستی گهورەیان وەرگرتووە، هەموو دەزانین ئەم شتانە ئەمە خۆ لەبەر ئەوە نەبووە ئەمە لەبەر ئەمە و کوردن یا کورد نین ئەمە لەبەرئەوە کەسانی بهتوانان موسوڵمانن، با ئەو پۆستەیان بدرێتێ، مەلایەکی کورد به فارسی نووسیویەتی یا بە عەرەبیی، ئەمە ئەوە نەبوه کەسێک بێ خیانەت بکا لە کورد، یان ڕقی لە کورد بێ، زمانی خوێندەواری وابووە، ئەو کاتە خەڵکی چینی دەسەڵاتدار لە کۆشك و لە کۆشکی ئاغاکان فارسی باو بووە، له ناو تورکیش وابووه، خۆ دەوڵەتی عوسمانی پێشتریش دەوڵەتی سەلجووقی دواتر دەوڵەتی ئەتابهگی هەتا دەگاتە جەلائیری ئەمجا عوسمانی، ئەمانە سەدان ساڵ دەسەڵاتدار بوون، خاوەن فەرمانڕەوایی بوون، هەموو شتێکیان بە دەست بوو، زمانی فارسیان بەکاردههێنا، بڕۆ لە هەموو سەردەمی سەلجوقی و ئەتابەگی کە تورکن کتێبێك بە تورکی نابینی، هەمووی زیاتر بە فارسییە، ئەمجا بۆیە کوردێک کە بە کوردی نەینووسیوە ئهوه کە خوێندەوار کەم بووە لە لادێکان، ڕێژەکە وانەبووە، بە زمانی کوردی بڵێن بە کوردی بنووسێ، کەم کەس دەیخوێنێتەوە، خۆمان دەزانین تا سەد ساڵ پێش ئێستا ڕێژهی خوێندهواری لەناو دەوڵەتی عوسمانی بە گشتی و لەناو کورد و بڵێن عارەب و ئەمانە ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەم بوو، جا ئەو کەسانەی وا دەڵێن ئەمانە ئاگایان لە دنیا نییە و دنیای مێژوونووسی و زانست و ڕێبازی لێکۆڵینەوە و ڕەچاوکردنی ئەو قۆناغە مێژوویە و لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لە ژیان و سەربوردوو بەسەرهاتی کەسێک بە پێی ڕۆژگار و سەردەمەکەی خۆی، نەک تۆ بە کەیفی خۆت پاڵت داوەتەوە هێرش بکەیتە سەر هەموو، ئەو تاوانبار بکەی و ئەو بهکەم بزانی و هێرش بکەیتە سەر ئەوانە، ئەو شتانە لە لای مێژوونووسان و ئەکادیمان و کەسانی زانا هیچ بەهایەکی نییە و بە توندی ڕەدەکرێتەوە.
گیانە وەڵای شکاندن و لێدان لەو کەسایەتییانە تەنیا کوردی نەزان و نەیارانی کورد سوودی لێ دهبینن، تۆ بڕوانە میللەتان کەسێکیان هەیە خوێنڕێژ بووە، داگیرکەر بووە، شانازی پێوە دهکەن، پەیکەریان بۆ کردووە، زیارەتی دهكهن، بۆ نموونە بڕوانە ئەوە پەیکەری جەنگیزخان ئەو داگیرکەرە و ئەو خوێنڕێژەی مەنگۆل، چی لە جیهانی ئیسلامی کرد و چەند کەسی کوشت، ئێستا لە مەنگۆلیای داخلی کە دەکەوێتە کۆماری چینەوە لە باکووری چینە، پەیکەریان بۆ کردووە، بە هەزاران خەڵک زیارەتی دەکات وەکو هێمایەکی گەلی مەغۆل، هەر لەم ڕۆژگارە سەدان عەرەب هەن، عەرەبی سوننی، سەدام وەکو نیمچە خواوەندێک سەیردەکەن، وەك وەلییەک سەیری دەکەن، هەموو میللەتان وایە، ئەم کوردەی ئێمەش پیاوێکی بەڕێز و دڵسۆز و خەمخۆر و خاکی و دادپەروەری وەکی سەلاحەدین چی پێ دەکهن، ئەمە خوێنڕێژە و ئەمە جاشە و ئەمە بەکرێگرتهیه، ئەم شتانە زۆر زۆر، بە داخەوە ئەمە هیچ ناچێتە خزمەتی گەلی کوردەوە و هیچ چارەسەرێک نییە و هیچ دەرمانێک نییە بۆ کێشەی کورد و بزافی ڕزگاریخوازی کوردی و مێژووی سەروەریمان، بەڵکو ئهمە تانەدانە، گومانکردن و تەخوینکردنی باوو باپیرانمانه، سەلاحەدینێك کە دوژمنان پێش دۆستان چەند ستایشی دەکەن، چەند پەسندی دەکەن، بڕۆ ئەو کتێبانە بخوێنە، مەسەلەن (النوادر السلطانیه والمحاسن الیوسفیە)، تا کتێبی (موفڕەجل کوروبی ئیبن واصڵ) کتێبی (ڕەوزەتەین) و دەیان کتێبی دی، چۆن باسی لێبووردەیی و مەردی و ئازایی و بهخشندەیی ئەو پیاوە ئهكهن.
ئەم کەسانە بە داخەوە ئەم شتانە دهکەن و ئیتر لە سۆشیال میدیاوە بڵاودەکرێتەوە، ئەم خەڵکەی ئێمە هەمووی بەتاڵه، زۆر کەس هەیە خۆی سەرکەوتوو نییە، لە ژیانا فاشل بووە، ڕق هەڵەڕێژێ، بە دار و بەرد جوێن دەدا، باسی کەسێک بکەی بەس حەزی بە شکاندنەوەیە بە داخەوە لەوەش ناخۆشتر لە سۆشیال میدیاکان، لەم پەیجەکان و تەلەفزیۆنەکان زیاتر دەچن چاوپێکهوتن لەگەڵ ئەوانە دەکەن، ئەو جنێوفرۆشانە دەیان ڤیدیۆیان بڵاوبوهتهوه، دەیان چاوپێکەوتیان لەگەڵ کراوە، من لە پیشانگەی هەولێر پێشماوەیەک چوومە هەولێر، ئەمەی وا ئەم کێشەی وا لەسەر یوسف زێدان، هات و دێت و نایەت و ئەو هەموو خەڵکە قسەی کردووە، ئەو هەموو جوێنە ناشرینەیاندا من لەگەڵ یەک دوو تەلەفزیۆن وتم هەر ڕوونکردنەوە بدەم نەیان کرد، من خۆ لەو کەسانە نیم یەخەی خەڵک بگرم بۆ قسەکردن، بەڵام ئەوە زۆر پێم ناخۆش بوو، حەزمهکرد قسەیەك بکەم بۆ تەلەفزیۆن، داوای لێبوردنیان کرد، بەڵام یەکێک جوێن بدا بۆ ئەوەی بێتە ترێند، بۆ ئەوەی خەڵک لایک بکا و خەڵک گوێ ڕابگرێ و ئەمەش وەکو بزنس هەموو دەزانین، بۆ ئەوەی سوودمەند بن، بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بیبینێ و سەیری بکات و پارەی زیاتریان دەست بکەوێ، ئیتر ئەم شتانە دەکهن، ئینجا ئەم شتانە زۆر دیاردەیەکی ناشرینە، من دواتر سمینارێکم کرد هەندێکم وەڵام دایەوە و پێم خۆشە ئێوەش ئەم پرسیارهتان کردووە، دەستان خۆش بێ، لێرەش هیوادارم بڵاوی بکەنەوە و خەڵك بیخوێنێتەوە، ئەم شتانە دوورە لە زانستییەوە و بێ بەڵگەن، ئینحا شتێکی تر، ئەم کەسانە فڕیان بە مێژووهوه نییە، نازانن، ئهگهر لێیان بپرسی سەلاحەدین له چ سەردەمیكی ژیاوە؟ نازانێ، پێیان بڵێ سەلاحەددین کێیە، کەی حوکمی کردووە؟ نازانن، یا بڵێ بێزەحمەت ناوی سێ چوار سەرچاوەمان بۆ باسکە، بۆ بنووسە، کە باسی سەردەمی سەلاحەدینیان کردوە نازانن، ئەمانە تەنیا کەوتونهته دوای هەڵا، تەنیا جوێن فرۆشە، بەردەوام لەو کۆمەڵگایە ئەوانەی ڕەخنە ئهگرن هەموو بۆ ئەوەیە، خۆ هیچ شت لە بابەتەکە نازانن.
ئایینناسی: چی بکرێت بۆ تەوزیفکردنی ڕەمزە مێژووییەکانی کورد بۆ خزمەتکردن بە دۆزەكەی؟
د. زار سدیق: ئێمە هەموومان شانازی بە ڕەمزەکانهوه دەکەین، بە سەلاحهدینی ئەیوبیهوه دەکەین، بە بە مەولانا خالیدی نەقشبهندی، بە نالی شارەزووری، بە فەقێ تەیران و ئەحمەدی خانی و ئەم شاعیرانەمان، ئەمانە زمانی کوردیان پاراستووە، دەبیت یادیان بکەینەوە، جێگای دەستخۆشییە لەم ساڵانە زۆر یادی ئەمانە دهکرێتەوە، ئەوە پار بوو یادی مهولانا خالید کرایەوە لە سلێمانی، ئەمساڵ لە هەریر یادی فەقێ تەیران کراوە، ئێمە دەبێت ئەو كەسایەتییانە بێنینەوە بیری خۆمان، کۆڕیان لەسەر بگێڕین، شتیان لەسەر بنووسین، پەیکەریان بۆ بکەین، جا ئەمانە هێمای ئێمهن، شانازی ئێمهن، بەردەوام یەکێک لە مەرجی ئەوەی تۆ نەتەوەیەکی بەهێز بی دەبێت شارستانییهتێکی بەهێز بێ، دەبێ مێژوویەکی بەهێزت هەبێت، ئەمجا بۆیە دەبینین لە سەرەتای سەدەی بیست و پاش هەڵوهشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، ڕۆشنبیرانی کورد زۆر تەوزیفی مێژووی کوردیان کرد چونکە زانییان پاشخانێکی باشیان ههیه، مێژوویان ههیه، کەریم خانی زەندیان هەیە، مەولانا خالیدیان هەیە، سەلاحەدینی ئەیوبیان هەیە، ئەمانەیان تەوزیف کرد، نەورۆزیان هەیە، مهم و زینیان هەیە، ئهگهر بڕوانی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی سەردەمی شێخ مەحمود یا ئەوانەی ئەستەنبول بۆ نموونە گۆڤاری ژین و ڕۆژی کورد و رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە، ئەمانە زۆر زۆر باسی کورد دەکەن، ڕەمزەکانی کوردی دێننهوه بیر، یادی نەورۆز دەکەنەوە، مەم و زین چاپ دهکەن، لە گۆڤارەکان مەسەلەن لە (ڕۆژی کورد) یەکەم ژمارە وێنەیەکی سوڵتان سەلاحەدینی پێوەیە، ئەمە هەمووی ئەوەیە هەمووی ئەو مێژوو تەوزیف کراوە بۆ بزافی ڕزگاریخوازی کوردی، ئێمەش دەبێ ئەمانە وەکوو حەقیقەت لێیان بڕوانین و شانازیان پێوه بکەین و ئەمانە ئامادەسازین و خۆبەرهەفکردنە بۆ نەتەوەسازیی، ئەمە ڕەگە، ئەمە بناغەیە بۆ شانازیكردن بۆ كورد.