ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان (Bozkurt )
ئامادەکردنى: تورکیاناسی
مێژووى ئەفسانەیی ناوى ڕێکخراوەکە
بیرۆكەی دامەزراندنی ڕێكخراوی گورگە بۆرەکان، لە چیرۆكێكی ئەفسانەیی كۆنەوە سەرچاوەیگرتووە، کە دەڵێت: كاتێك هۆزە توركەكان لە ناوەڕاستی ئاسیا هێرشیانكرایەسەر، جگە لە منداڵێك نەبێت، كە بۆ دارستان هەڵهات، هەموویان لەناوچوون، لەوێ گورگێك منداڵەکە بە برینداری بەخێودەکات هەتا گەورەدەبێتو دەتوانێت پارێزگاری لە ڕەگەزی تورك بكات، وەك ئەفسانەكە دەڵێت: گورگەكە مێیینە بووە، (١٢) منداڵی لەو كوڕە بووە، نیوەیان مرۆڤو نیوەکەى تر گورگ بوون، ئەوەش وایكرد ڕەگەزی تورك بپارێزرێت، بۆیە ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە بۆ سەلماندنی نەتەوەپەرستیو توندڕەوییان، دەبێت وەك گورگە ئەفسانەییەكە بن بۆ پاراستنی ڕەگەزی خۆیان، ناونانی ڕێكخراوەكەش لەوەوە سەرچاوەیگرتووە.
ناسنامەی گورگە بۆرەکان
یەکێکە لە ڕێکخراوە توندڕەوە ڕاستڕەوەکانی تورکیا لە ژێر سایەی دەزگای هەواڵگریی میتدا کاردەکات، زۆرینەی ئەندامەکانیان لە ئەندامەکانی پێشووی میتو سوپای تورکیان، دیارە خەڵکی دیکەشیان لەگەڵدایە. ئەم ڕێکخراوە وەک باڵی نهێنیی مەهەپە کاریکردووە، لە سەرەتادا بە ناوی بزاڤی لاوانی نموونەییەوە کاریکردووەو دواتر بووەتە تیمەکانی مەرگو لە دواجاریشدا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ گورگە بۆرەکان. ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوە بە تەنها لە ڕەگەزی تورک پێکدێتو زۆرینەیان خەڵکی لادێکاننو لە ئەستەنبوڵو ئەنقەرە دانیشتوون.
ئەم ڕێکخراوە لە ناو تورکیا، قوبرس، چین، سوریا، ئەوروپای ڕۆژهەڵاتو یەکێتیی ئەوروپا، بە تایبەتی لە هۆڵەنداو ئەڵمانیا، هەیە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت هەندێک گرووپو ڕێکخراو لە عێراقو هەرێمی کوردستاندا لەلایەن ئەم ڕێکخراوەوە پشتیوانیدەکرێن، بە تایبەتی لە هەولێرو کەرکووکو تەلەعفەر. ڕەنگو شێوەى لۆگۆو ئاڵای ئەو گرووپانەیش زۆر نزیکە لە لۆگۆی ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانەوە.
بەرپرسو ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە پێیانوایە کوردو عەرەب خیانەتیان لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی کردووەو هۆکار بوون بۆ ڕوخانی ئەو دەوڵەتە، هەر لەبەر ئەمەیە دژایەتیی ئەم دوو نەتەوەیە ڕەنگیداوەتەوە لە ئامانجو چالاکییەکانی گورگە بۆرەکاندا.
هاوپەیمانیەتیی ئاکپارتی لەگەڵ مەهەپەدا هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ هەڵکشانی تەوژمی نەتەوەپەرستی لە تورکیاو کاردانەوەی لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئاکپارتیو حکومەتیش هەبووە، ئەمەش لە ڕێگەی بەخشینەوەی کۆمەڵێک تۆمەتەوە بە سەر نەتەوەو خاوەن ئایینزا جیاوازەکانی ناوچەکەدا، لەوانه: کورد، یۆنان، ئەرمەنو عەرەبو مەسیحیو جولەکە. گورگە بۆرەکانیش ڕۆڵی گرنگیان لەم بوارەدا بینیوە.
دامەزراندن
ئالپ ئەرسەلان (Alp Arslan)، کە ئەفسەرێکى سوپاى تورکیا بووە، لە (١٩٤٨)دا پەیوەندیی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمریكادا دروستكردووە، ئەو كاتە سوپایەكی نهێنیی دژ بە کۆمۆنیزمی لە توركیا دامەزراند، لە نێوان (١٩٥٥-١٩٥٨) چووە ئەمریكاو دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ توركیاو بەشداریی لە كودەتاکەى ساڵی (١٩٦٠)ی دژ بە عەدنان مەندریسی سەرۆكوەزیراندا كرد، بەڵام بە هۆی توندڕەویو نەتەوەپەرستییەوە دوورخرایەوە بۆ هیندستان، لە ساڵی (١٩٦٥) پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) (Milliyetçi Hareket Partisi) (MHP)ی دامەزراند، كە باڵێكی سەربازیی بە ناوی ڕێكخراوی گەنجانەوە هەبوو و ناویاننا گورگە بۆرەکان. بە پێی ڕاپۆرتێكی سەنتەری “گڵۆباڵ سكیوریتی”ی سەربازی، کە لە (٢٠١٦)دا بڵاوکراوەتەوە، دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا لە کاتی جەنگی سارددا دزەیكردبووە ناو ڕێكخراوەكەو ئەوانی وەك ئامرازێك لە دژی یەكێتیی سۆڤیەت بەكارهێناوە. ئالپ ئەرسەلان دوای بەشداریکردنى لە کودەتا سەربازییەكەی ساڵی (١٩٦٠)، کە لەو کاتەدا پلە سەربازییەکەی عەقید بوو، ڕێکخراوى ئولکو ئۆجاکلاری (Ülkü Ocakları)ی دروستکرد، ئەم ڕێکخراوە لە بنەڕەتدا وەک بزوتنەوەیەکی فەرهەنگیو پەروەردەیی دەستی بە چالاکی کردووە، پێش ئەوەی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ببێتە باڵی نیمچەسەربازیی مەهەپە. بە درێژایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان لەگەڵ گرووپە چەپەکاندا لە ململانێیەکی سەختدا بووە. لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا زۆرێک لە ئەندامانی ئەو گرووپەیان لە دوای کودەتای سەربازییەکەی (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٢) زیندانیکردو ڕێکخراوەکەشیان قەدەغەکرد، بەڵام لە ساڵی (١٩٩٣)دا حکومەتی تورکیا ئەو ڕێکخراوەى بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتە چەپەکان دامەزراندەوە.
دروشمی ڕێکخراوەکە
دروشمی ڕێکخراوەکە بریتییە لە “با دکتۆرەکەت؛ تورکیاو دەرمانەکەت؛ ئیسلام بێت”، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لە سەر هەوڵی گرووپەکە بۆ تێکەڵکردنی ناسنامەی تورک لەگەڵ ئیسلامدا.
سیمبولی ڕێکخراوەکە
بەناوبانگترین سیمبولى ڕێکخراوەکە ئاماژەی دەستیی “بۆزکورت”ە. لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە لەگەڵ زۆرێک لە تورکەکاندا سڵاوی دەست بۆ ناسینەوەی هەستی ناسیۆنالیستی بەکاردەهێنن، واتە دەستی ڕاستیان بەرزدەکەنەوەو لەگەڵ نوقاندنی سێ پەنجەدا تەنها پەنجەی شایەتمانو پەنجەتوتە دەکەنەوە، بەم جۆرە نیشانەی گورگە بۆرەکان دەردەخەن.
ئایدۆلۆژیای گورگە بۆرەکان
لە سەردەمی جەنگی سارددا زۆرێک لە ناسیۆنالیستە تورکەکان ڕوسیایان وەک گەورەترین دوژمنی تورکیا دەناساند. ناسیۆنالیستە تورکەکان وەک گورگە بۆرەکان ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکەنەوە کە ئەو کۆمەڵکوژییەی تورکە عوسمانییەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا دژی ئەرمەنییەکان کردیان، جینۆساید بووبێت. جگە لەوەش، گورگە بۆرەکان بیرۆکەی تورکیزمی پاک بەرزدەنرخێننو ئایدۆلۆژیای تورانیزم وەک بەڵگەی باڵادەستیی تورک دەناسێنن.
یەکێکی دیکە لە خەسڵەتەکانى گورگە بۆرەکان؛ پاراستنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سوننەیە لە تورکیا، سەرەڕای ئەوەش، مەیلیان بە لاى عەلمانیەتدا هەیە، ئێستا ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی سەرەکی خوێندکارانی زانکۆ لەخۆدەگرێت.
بنەمای دامەزراندن
ڕاستە ئەم ڕێکخراوە ڕێکخراوێکی نەژادپەرستن، بەڵام دوای هاتنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (Adalet ve Kalkınma Partisi) (AK Parti)بۆ سەر دەسەڵات لە تورکیا، ئەم ڕێکخراوە مۆرکێکی ئیسلامیی وەرگرت، چونکە نەژادپەرستی لەم ڕێکخراوەدا گەیشتبووە بنبەست، بۆیە پێویستیان بەوە هەبوو ئیسلام بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی بەکاربهێنن.
ئەم ڕێکخراوە لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەوروپا دوای بڕیاری فەڕەنسا دێت، کە گورگە بۆرەکانی بە تیرۆریست ناساند. وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی ئەوەی ئەم ڕێکخراوە هانی جیاکاریو دژایەتیو فاشیزم دەداتو لە چەندین کاری توندوتیژییەوە تێوەگلاوە، بۆیە دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
گورگە بۆرەکان لەو ناوچانە هەیە كە هێزەكانی توركیای لێیە، لەوانە لە باكووری سوریا بە پاساوی پاراستنی كەمینەی توركمان، هەروەها لە لیبیا ئەوان لە پاڵ حكومەتی فایز سەراج بە پاساوی پاراستنی كەسانێكی بە ڕەگەز تورك لە شاری مسڕاتە هەن.
ئەم ڕێکخراوە زیادەڕۆیی لە ناسیۆنالیزمی تورکدا دەکەنو لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لە بەها باڵاکانی ئیسلام دەکەنەوە، هەروەها دژایەتیی چەپڕەوەکان نا_تورکەکان دەکەن، لەوانەش: کوردو ئەرمەن، هەرچەندە هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکیاش بن. هەروەها پشتیوانیو بەشداریی ململانێکانی تورکیا لەگەڵ ئەڵمانیادا دەکەن. ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان لە ئەڵمانیا گەیشتووە بە (١٨) هەزار کەسو بوون بە بەهێزترین ڕێکخراوی توندڕەو لە ئەڵمانیا دادەنرێن.
توندوتیژی
هەندێك سەرچاوه ئاماژە بەوە دەكەن كە گورگە بۆرەکان بەرپرسیار بوون لە زۆرێک لەو کردەوە توندوتیژییانەى کە دەرهەق بە پارتە سیاسییە چەپەکانو کەمە نەتەوەییەکان کراوە، به نموونە:
1.جینۆسایدی ماراش لە ساڵی (١٩٧٨)
لە نێوان (١٩) بۆ (٢٦)ی کانوونی یەکەم کۆمەڵێک چەکدار بە زنجیرە لە شاری ماراشو گوندەکانی دەوروبەری کۆمەڵێک کەسیان کوشت، بە پێی زانیارییەکان ئەندامانی گورگە بۆرەکان لە پشت ئەو كردەوانەوه بوون.
2.هەوڵی تیرۆرکردنی پاپا یوحەننا پاوڵی دووەم
لە ماسی (١٩٨١)، محەمەد عەلی ئاغا؛ ئەندامی گورگە بۆرەکان، هەوڵیدا پاپا یوحەننا پاوڵی دووەم تیرۆربکات. ناوبراو دوو جار لە نزیکەوە تەقەی لە جۆن پاوڵ کرد، لە کاتێکدا پاپا لە ئۆتۆمبێلێکی کراوەدا بە ناو شاری ڤاتیکاندا دەڕۆیشت. پاپا یوحەننا پاوڵی دووەم لە هێرشەکە ڕزگاریبوو، بەڵام باری تەندروستیی ناجێگیربوو. ە هۆی ئەو ڕوداوەوە دادگا بڕیاری زیندانیی هەتا هەتایی بە سەر محەمەد عەلی ئاغادا سەپاند. دوای ڕوداوەکە لە ساڵی (١٩٨٣)، پاپا یوحەننا پاوڵی دووەم لە زیندانەکەیدا سەردانی محەمەد عەلی ئاغاى کرد. هەتا ئێستا ڕوون نییە بۆچی ناوبراو هەوڵی کوشتنی پاپا یوحەنناى داوە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکى ئیتاڵییەکان لە ساڵی (٢٠٠٦) دەریدەخات کە دەزگا نهێنییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتى پێشوو و بولگاریا لە پشت هێرشەکەوە بوون.
کەسایەتییە دیارەکانى گورگە بۆرەکان
1.ئالپ ئەرسەلان: دامەزرێنەری ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانەو لە (٨)ی شوباتی (١٩٦٩) هەتا (٥)ی نیسانی (١٩٩٧) سەرۆکی مەهەپە بووە، پێشتر ئەندامی سوپای تورکیا بووەو بە تۆمەتی چالاکیی ڕەگەزپەرستانە لەلایەن دادگای سەربازییەوە دادگاییکراوە.
2.سینان ئاتێش: سەرۆکی ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان بووەو هەروەها پەیوەندیی باشی بە مەهەپەوە هەبووە. ئاتێش لە مانگی نیسانی (٢٠٢٠)دا دەستی لە پۆستی سەرۆکی دەستەی کارگێڕی کێشایەوەو لە زانکۆی هاجەتەپە لە ئەنقەرە دەستی بە کاری ئەکادیمی کردووە. هەرچەندە پێشبینیدەکرا ببێتە سەرۆکی مەهەپە، بەڵام لە (٣٠)ی کانوونی یەکەمی (٢٠٢٢)، لە کاتى دەرچوونى لە نوسینگەکەی تەقەیلێدەکرێتو گیانلەدەستدەدات. هەتا ئێستا دیار نییە کێ لە پشت کوشتنەکەیەوەیە، بەڵام ئەندامێکی پلەباڵای ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان لەگەڵ (١٢) کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی ئاتێش دەستگیرکراون، کە یەکێکیان ئەندامی مەهەپەیە.
هەڵوێستى نێودەوڵەتی بەرانبەر بە گورگە بۆرەکان
1.فەڕەنسا: فەڕەنسا لە تشرینی دووەمی (٢٠٢٠) چالاکیی گورگە بۆرەکانى قەدەغەکرد، دوای تۆمەتبارکردنى بە کردەوەى توندوتیژانە لە دژی ئەرمەنەکان لە فەڕەنسا. قەدەغەکردنی چالاکیی ڕێکخراوەکە بەو مانایەی کە هەر کۆبوونەوەیەکی ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە فەڕەنسا قەدەغەیە.
2.ئەڵمانیا: سێ پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئەڵمانیا ڕایانگەیاندووە کە ئەندامانى ڕێکخراوەکە چەندین جار پەیامی ڕقو کینەیان بڵاوکردووەتەوەو هەڕەشە لە خەڵک دەکەنو بەشداریی چالاکیی توندوتیژی دەکەن، بەڵام بەو پێیەى کە تورکەکان گەورەترین کەمینەی نەتەوەیی لە ئەڵمانیا پێکدەهێنن، زۆر قورس دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا کە گورگە بۆرەکان قەدەغەبکەن.
3.یەكێتیی ئەوروپا: پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە گورگە بۆرەکان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن. جگە لەوەش، بڕیارنامەیەکی پەرلەمانی لە ساڵی (٢٠٢١)دا ئەو ڕێکخراوەى بە گرووپێکی ڕەگەزپەرستی ڕاستڕەو وێناکردووەو هۆشدارییشیداوە لەوەی کە ئەو گرووپە کاریگەریی لە سەر ئەوروپا زیاتردەبێت. یەکێتیی ئەوروپا ئەو ڕێکخراوەى تۆمەتبارکردووە بەوەی هەڕەشەن لە سەر کورد، ئەرمەنى، یۆنانیو هەر نەتەوەیەک کە بە دوژمنى بزانن.
4.ویلاتە یەکگرتووەکان: لە ئەیلوولی (٢٠٢١)، دینا تیتۆس؛ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، هەموارکردنەوەیەکی یاسای بەرگریی نیشتیمانیی پێشکەشکردو داوایکرد گورگە بۆرەکان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی دەستنیشانبکرێن. هەرچەندە کۆنگرێس هەموارکردنەکەی پەسەندنەکردووە، بەڵام ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا دەتوانێت هەنگاوبنێت بۆ ناساندنی ئەو ڕێکخراوە وەک گرووپێکی تیرۆریستى.
5.ڕوسیا: ناوەندى لێکۆڵینەوەکانى سەر بە کرێملینو ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتیی ڕوسیا، گورگە بۆرەکانى وەک ڕێکخراوێکى توندڕەو پۆلێنکردووە. هەروەها ئەنجومەنەکە ئاماژەى بەوە داوە کە ئەو ڕێکخراوە دەستیان لە کردەوەی تیرۆریستیدا هەبووە.
ئایدۆلۆژیای گورگە بۆرەکان
ئایدیۆلۆژیاو ڕەگەزپەرستیی گورگە بۆرەکان پشتی بە کۆمەڵێک گوتارو پایەی جیاواز بەستووە، کە بریتین لە:
1.نەتەوەپەرستیو ئایدیالیزم (Ülkücülük ve Millyetçilik): خاڵی سەرەتای ئایدیۆلۆژیەتی سیاسیی ڕاسترەوی توندڕەوی تورکی بریتییە لە نەتەوەپارێزی، کە نەتەوەپەرستیو ڕەگەزپەرستییە دژی هەموو ئەو نەتەوانەی بە ڕەگەز تورک نین.
2.نەژادپەرستی: هەرچەند وەک تاکتیک هەندێک جار نەژادپەرستی ڕەتدەکەنەوە، بەڵام نەژادپەرستی بنەمای سەرەکیی ئایدیۆلۆژیای مەهەپەیە. نهال ئاتسیز؛ ڕابەری گورگە بۆرەکان، نزیکەی (٦٠) ساڵە هەژموونی تورکیی بەم شێوەیە داڕشتووە: تورک متمانەی بە مەزنیی نەژادی خۆی هەیە، مێژووی ناسیۆنالیزمی لە لا بەنرخە، ئامادەیە قوربانی لە پێناوی تورکدا بدات، بە تایبەتی دژی مۆسکۆ (یەکێتیی سۆڤیەتو شیوعیەت لەو سەردەمەدا). نەژادپەرستیی مەهەپەو گورگە بۆرەکان دژایەتیی خۆیان بۆ کورد دەربڕیوەو دەڵێن: ئەگەر کوردەکان بەردەوامبن لە قسەکردن بەو زمانە سەرەتاییە، لەلایەن تورکەوە لەناودەبرێن، بە هەمان ڕێگا کە جۆرجییەکانو ئەرمەنەکانو یۆنانییەکانمان لە ڕیشەوە لە سەر “خاکی تورک” هەڵکەند.
3.باوەڕی نۆ تیشک(9 Işık) : لە ناخی سیاسەتی مەهەپەدا شتێک هەیە کە پێیدەڵێن “نۆ تیشک”ەکەی ئالپ ئەرسەلان، کە نەتەوەپەرستیو ئیسلامیزمی ئاوێتەی یەک کردووە. ئەم نۆ پایەیەی ئایدیۆلۆژیای مەهەپە بریتین لە: نەتەوەپەرستی، باڵایی، نەژاد، هەستکردن بە شەرەف، زانست، یەکێتی، ئازادبوون، سەربەستیو سەربەخۆیی.
4.پرەنسیپی سەرکردە(Başbuğ) : نموونەى بەپیرۆزڕاگرتنی دامەزرێنەری گورگە بۆرەکان؛ ئالپ ئەرسەلان، وەک ڕابەر پاش ماوەیەک لە مردنو هەڵواسینی وێنەکەی لە هەموو پێگەیەکی گورگە بۆرەکانو دەرخستنی وێنەکەی لە ڕوداوە گەورەکانو دانانی مێژووی ژیانی لە هەموو شوێنو پێگەیەکی ڕێکخراوەکەو گوێڕایەڵیی بنەماکانی وەک فەرمانێک لەلایەن گورگە بۆرەکانەوە.
5.نەتەوەی ئیسلامیو پێکهاتەی تورکی ئیسلام: بە درێژایی مێژووی مەهەپە، ئیسلامیان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە شێوەی جیاواز دەرخستووە، هەرچەندە نەژادپەرستیی تورکی کرۆکی ئایدیۆلۆژیای مەهەپە پێکدەهێنێت، بەڵام گرنگی بە ئیسلام دەدەن. ئاماژەدان بە ئیسلام خزمەتی بە بزوتنەوەکە گەیاندووە، بە تایبەتی لە میانەی گوتاری کۆمەڵایەتیدا بۆ جەختکردنەسەر دژایەتیی عەلمانیەتو لیبڕاڵیەتو فرەیی، هەروەها دژ بە مافی کەمینەو یەکسانی بەکاریدەهێنن.