• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 2, 2022

پرسی ئاو؛ کلیل لە بەغدا و کێشە لە هەرێم

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (11)ی كانونی دووەمی 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی کە ڕووبەڕووی زەوی بووەتەوە، هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە و بەشێک لە پسپۆڕانیش باس لە قەیرانی کەمئاوی و وشکەساڵیی قورس دەکەن. سەرەڕای گۆڕانە سروشتییەکان، پسپۆڕانی بواری ئاو باس لە ئیدارەدانی نەگونجاوی ئاو لەلایەن حکومەتی هەرێم دەکەن و دەڵێن حکومەتی هەرێم خاوەن سیاسەتێکی زانستی نییە بۆ ئیدارەدانی دەرامەتی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و کێشەکانی تایبەت بە ئاو. بەڕێوەبەری هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخانیش سەرەڕای ئاماژەکردن بە کێشە و گرفت و مەترسییەکان، دەڵێن سەرەڕای وشکەساڵی و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێرانەوە، توانیویانە بەپێی پێویست ئیدارەی دۆخەکە بدەن، ئاستی زیانەکان کەم بکەنەوە و پێداویستیی خوار بەنداوەکانیش پڕ بکەنەوە. بە شێوەیەکی گشتی قەیرانی ئاو لە هەرێم سێ هۆکاری سەرەکییان هەبووە: یەکەم: گلدانەوەی ئاوی ئەو سەرچاوانەی کە لە ئێران و تورکیاوە دەڕژێنە خاکی هەرێمی کوردستان، دووەم: خراپیی ئیدارەدانی ئاو و نەبوونی بەنداوی پێویست، سێیەمیش: کەمبوونەوەی بڕی دابارین و وشکەساڵی.

قەیرانی ئاو

سەرەڕای دەوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان بە ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، بەڵام بە هۆی وشکەساڵی، ئیدارەی نازانستییانەی دەرامەتە ئاوییەکان و گلدانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، ڕووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بووەتەوە کە بەشێک لە پسپۆڕان بە قەیران ناوی دەبەن. د. هەڵەت ڕەشید؛ پسپۆڕی جوگرافیای سروشتی، لە بارەی ئەوەی ئایا دەتوانین باس لە قەیرانی ئاو بکەین لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرکەوتەی تاک لە ئاستی جیھان بۆ ئاوی سازگار لەسەر زەوی؛ ١٢ ھەزار مەتر سێجایە بۆ بەکارھێنانە جیاوازەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ھەر وڵاتێک بەرکەوتەی تاک بۆ ئاو تیایدا لەنێوان ھەزار بۆ دوو ھەزار مەتر سێجا بوو، ئەوا بە جۆرێک لە جۆرەکان قەیرانی ئاوی ھەیە، ھەر وڵاتێکیش کە بەرکەوتەی تاک لە ھەزار مەتر سێجا کەمتر بوو، ئەوا وڵاتێکی ھەژارە لە بواری ئاو. ئێمە لە کوردستاندا لە پێنج لقەڕووباردا لەگەڵ چەم و لقەکان، دەتوانین بڵێین ساڵانە بە شێوەیەکی ناوەندی (٤١) ملیار مەتر سێجا داھاتی ئاومان ھەیە، واتە ئاوی ڕۆیشتوو، ئەگەر ژمارەی دانیشتووان بە پێنج ملیۆن کەس دابنێین، ئەوا بەرکەوتەی تاک نزیکەی ھەشت ھەزار مەتر سێجایە لە ساڵێكدا بۆ ھەموو جۆرە بەکارھێنانەکان. واتە بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرکەوتەی تاک لە ئاوی ڕۆیشتوو، ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەندین و قەیرانمان نییە، بەڵام ئەگەر ئێمە لەسەر بنەمای ئاوی وەبەرھێنراو ھەژماری بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین ئاوی وەبەرھێنراوی ئێمە بریتییە لە ئاوی بەنداوەکانی دوکان، دەربەندیخان و دھۆک، کە لە بەرزترین ئاستیاندا ساڵانە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە. ئەگەر بەرکەوتەی تاک لەم ڕێژەیە دەربھێنین، ھەر تاکێک دوو هەزار مەتر سێجا ئاوی بەر دەکەوێت، کەواتە بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە وڵاتێکین لە لێواری قەیرانداین. منیش پێم وایە پێویستە لە ئاوی وەبەرھێنراو بەرکەوتەی تاک دیاری بکەین، چونکە ئاوی ڕۆیشتوو ھەژمار ناکرێت، لەبەر ئەوەی ھەر ساڵێک باران کەم بوو، یان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە ئاوی ڕووبارەکان گل درانەوە و کۆنترۆڵ کران، ئەوا بەرکەوتەی تاک لە ئاوی ڕۆیشتوو سفر یان کەم دەبێتەوە، بۆیە پێویستە بەرکەوتەی تاک لە ئاوی وەبەرھێنراو دیاری بکەین، ھەر چەندە ئاوی وەبەرھێنراویش جێگیر نییە، بەڵام کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکات. ھۆکاری سەرەکیی قەیرانەکەمان کێشەی وەبەرھێنانە لە بواری ئاو، چارەسەری خێرا و کورتمەودا و درێژمەودای قەیرانی ئاویش دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەی ئاودێریی ڕێکوپێکە، بۆ ئەوەی چیتر ئاو بەفیڕۆ نەچێت.

بەنداوەکان

نەبوونی بەنداوی پێویست لە هەرێمی کوردستان، لە کێشە گەورە و ستراتیژییەکانی هەرێمە کە بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت بەتەواوی ئیدارەی ساڵە وشکەکان بدرێت و بەپێی پێویست ئاوی وەرزە باراناوییەکان کۆ بکرێتەوە بۆ وەرزە وشکەکان. ڕۆژی سێشەممه، ٢١/١٢/٢٠٢١،  بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی لیژنەی هاوبەشی وەزارەت و وەزارەتی پلاندانان و ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین هەنگاوەکانی هەڵسەنگاندنی پرۆپۆزەڵی پێشکەشکراوی کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان و دروستکردنی پڕۆژەکانی ئاودێری و بەنداوەکان، بەتایبەتی دەربارەی دروستکردنی (9) بەنداوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان که‌ پێک هاتوون لە (مەنداوە، خێوەتە، باکرمان سارتک، دەلگە، دێرەلووک، تەقتەق، بەردەسوور، باصێ)، بەپێی سیستمی پەسندکراوی (PPP) وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، بەڵام تا ئێستا یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان، نەبوونی بەنداوی پێویست و کارنەکردنی چڕە لەم بوارەدا. کۆچەر جەمال تۆفیق؛ بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان، دەڵێت لە ھەرێمی کوردستان دوو بەنداوی گەورەمان ھەیە، ئەوانیش دوکان و دەربەندیخانن، بەنداوی دوکان توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی ھەیە و بەنداوی دەربەندیخانیش لە توانایدایە نزیکەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو کۆ بکاتەوە، واتە بە ھەردووکیانەوە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاو کۆ دەکەنەوە. بەنداوی دھۆکیش سێیەم بەنداوی گەورەیە. چەند بەنداوێکی بچووکیش تەواو کراون و بەشێک لە بەنداوەکانیش کاریان تێدا دەکرێت، چەند بەنداوێکیش بڕیارە لە داھاتوودا کاریان لەسەر بکرێت کە بە دروستکردنیان؛ دەتوانرێت ڕێژەیەکی پێویست و تەواو ئاو گل بدەینەوە و کێشەی کەمئاوی لە ھەرێم و عێراقیش کەم بکەینەوە. ڕەحمان خانی؛ بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش دەڵێت لە ئێستادا پلانی بەنداوی دیکەش هەیە کە بڕیارە بەپێی گرنگی و ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخان دەکرێت؛ دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت و تا ئێستا نزیکەی (11) بەنداوی بچووک لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دروست کراون کە بۆ ئەم ناوچانە گرنگیی خۆیان هەیە، هەروەک پلانیش هەیە کەرتی گشتی و تایبەت پێکەوە و بەهاوبەشی چەند بەنداوێک دروست بکەن. د. هەڵەت ڕەشید پێی وایە بوونی ژمارەیەکی زۆری بەنداو مەرج نییە، لە ئێستادا لە کوردستان پێویستمان بە دوو جۆر بەنداوە، خاڵی یەکەم: چەند بەنداوێکمان پێویستە بە ھۆی ئەو سیاسەتەی ئێران لەسەر سیروان و زێی بچووک جێبەجێی دەکات، ئێمە چەند بەنداوێکمان پێویستە لە ناوچەکانی سەرووی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، بۆ ئەوەی لە ساڵانی پڕبارانی ئاو لەم دوو بەنداوەدا گل بدەینەوە، بۆ ئەوەی فشار نەکەوێتە سەر بەنداوەکان. بەم جۆرە بۆ نموونە ھەم ناوچەکانی سەرووی زێی بچووک ئاودێری دەکەن، ھەم ئاوەکەش دەڕژێتەوە بەنداوی دوکان، واتە پێویستمان بە بەنداوی پاڵپشتە بۆ بەنداوی دوکان، چونکە لە ساڵە پڕبارانەکان ئاوەکە بەفیڕۆ دەڕوات، چونکە لە کاتی پڕبوونیدا ناچارن بەنداوەکە بکەنەوە، تاکوو سەرڕێژ نەکات و زیان بە بەنداوەکە نەگات و لافاو دروست نەبێت. خاڵی دووەم: بەشێکی زۆری ھەرێمی کوردستان خاڵییە لە ئاوی سەرزەوی و لقەڕووبار و چەمەکان، بەتایبەت ناوچەی باشووری چەمچەماڵ، ھەولێر و بەشێکی زۆری گەرمیان، واتە لەم جۆرە ناوچانە ھەموو جۆرە بەنداوێک پێویستە، بۆ ئەوەی ئاوی ژێرزەوی کۆ بکاتەوە و ئاوی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیش دابین بکات، بەتایبەت کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاوێکی زۆری ژێرزەوی دەرھێنراوە.

بەڕێوەبردنی ئاو

یەکێک لەو ڕەخنانەی پسپۆڕان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکەن، ئەوەیە کە حکومەت نەیتوانیوە بەباشی ئەو ئاوە بەڕێوە ببات کە لەبەر دەستیدایە. د. هەڵەت ڕەشید لەم بارەیەوە دەڵێت نەتوانراوە بەباشی ئاو بەڕێوە ببرێت لە ھەرێمی کوردستان، ھەرێمی کوردستان لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ھیچ پڕۆژەیەکی ئاودێریی دروستی نەبووە بۆ بەڕێوەبردنی ئاوی لقەڕووبارەکان، بۆیەش دەڵێم لقەڕووبار، چونکە بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ڕووبارمان نییە، بەڵام پێنج لقی سەرەکیمان ھەیە کە ئیدارەی وڵاتێکی گەورەیان پێ دەکرێت، بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە ئیدارەی بدەین لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سروشتیمان زۆر گونجاو بووە بۆ ئیدارەدانی ئاو، بەتایبەت دروستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاو لە ناوچە شێدارەکانەوە بۆ ناوچە وشکەکان، چونکە ناوچەکانی باکووری ھەرێم ناوچەی بەرزن و بەئاسانی دەتوانرێت پڕۆژەی ئاودێریی تێدا دروست بکرێت بۆ کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە، بەڵام نەتوانراوە ئەم ئیدارەیە بکرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین کێشەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ڕەھەندی سروشتیی نییە، بەڵکوو نەبوونی بەڕێوەبردنێکی زانستیی ئاوە، لە کاتێکدا دەمانتوانی بەم ئاوە کەرتی کشتوکاڵ بە جۆرێک ببووژێنینەوە کوردستان بکەین بە ناوەندێک بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت وڵاتانی کەنداو.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە باسکردن لە ساڵە وشکەکان و دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ خەڵک و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، باس لەوە دەکات سەرەڕای وشکەساڵیی قورس، بەڵام توانیویانە ئیدارەی دۆخەکە بدەن و دەڵێت ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک ڕووبەڕووی وشکەساڵی بووینەتەوە وەک ساڵەکانی (1999، 2000، 2001، 2008 و 2009)، بەڵام ئێمە توانیومانە بەباشی ئیدارەی ئاوی بەنداوەکان بکەین بۆ ئەوەی لانی کەم پێویستییەکانی خەڵک دابین بکەین. ئەمساڵیش کە یەکێک بوو لە ساڵە هەرە وشەکەکان و ئاوێکی زۆر کەم هاتە بەنداوەکانمان، بەڵام ئێمە توانیمان ئیدارەیەکی باشی ئاوی بەنداوەکانمان بکەین و تا ئێستاش بەنداوەکانمان ئاوی تێدایە و ئەو شوێنانەشی کەوتوونەتە خوارووی بەنداوەکانەوە؛ نەمانهێشتووە بێئاوی بکێشن و لانی کەم ئاوی خواردنەوە و ئاوی پێویستیان بۆ دابین کراوە، تەنها ئەو شوێنانە تووشی کێشەی کەمئاوی بوون کە بەنداویان لێوە نزیک نەبووە و دوورەدەست بوون و لە زێکانەوە دوور بوون و جووتیارەکان تووشی زیان بوون.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوکانیش لە بارەی ئیدارەدانی بەنداوەکان و ئەو ئاوەی لەبەر دەستیاندایە، باس لەوە دەکات ساڵانە لە یەکی دەوە ساڵی ئاوی دەست پێ دەکات و تا کۆتایی مانگی نۆی ساڵی داھاتوو بەردەوام دەبێت. لە مانگەکانی دوو، سێ، چوار و پێنج و ھەندێک جاریش تا ناوەڕاستی مانگی شەشیش دەڕوات، کە لەم مانگانەدا ئاو کۆ دەکەینەوە و دواتر بەرنامەی بۆ دادەنێین و لە مانگەکانی دواتردا بەری دەدەینەوە، واتە ھەموو ساڵێک بەپێی ئەو بڕە ئاوەی دێتە ناو دەریاچەکەوە؛ بەری دەدەینەوە و پلانیشی بۆ دادەنێین کە لە مانگەکانی داھاتوودا چۆن سەرفی بکەین. ئێمە لە ڕابردوودا بەم جۆرە کارمان دەکرد. ساڵی پار ئیدارەیەکی باشتری ئاومان دا و ڕێژەیەکی زۆر کەمی ئەو ئاوەمان بەر دایەوە کە گلمان دابووەوە و تێبینیی ئەوەشمان کرد کە ڕێژەیەک بھێڵینەوە بۆ ئەمساڵ (٢٠٢٢) کە وا ئێستا تێیداین، نەوەک وشکەساڵ بێت، چونکە بەداخەوە لەدوای ساڵی (١٩٩٩)وە وشکەساڵەكان زۆر دووبارە بوونەتەوە. ساڵی ١٩٥٩ کە بەنداوەکە تەواو بووە، تا ساڵی ١٩٩٩ تەنھا یەک ساڵی وشکەساڵ ھەبووە کە لەناوەڕاستی ھەشتاکاندا بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٩ تا ساڵی ٢٠٢١، شەش ساڵی وشکەساڵ ھەبووە، واتە لە ئێستادا بەردەوام مەترسیی ئەوە ھەیە وشکەساڵەکان دووبارە ببنەوە، لەبەر ئەوە بەردانەوەکەمان بەپێی ئەو ئاوەیە کە لەبەر دەستماندایە، واتە ئەگەر ئاوی زۆرمان بۆ بێت؛ ناتوانین ماوەیەکی زۆر بیھێڵینەوە لە دەریاچەکەدا و ئەو کاتە بە ڕێژەیەکی پێویست بەری دەدەینەوە و لە کاتی ئاساییشدا بە ڕێژەیەکی ئاسایی بەری دەدەینەوە، بەڵام لە وشکەساڵیدا ڕێژەیەکی کەمتر بەری دەدەینەوە. لە ھەموو حاڵەتەکاندا ئەرکی ئێمە دابینکردن و بەردانەوەی ئاوی پێوستە بۆ خوارووی بەنداوەکانمان کە ئاوی خواردنەوەی نزیکەی سێ ملیۆن کەس لەسەر ئاوی بەنداوەکەیە، بۆیە ئاوی خواردنەوە لە ئامانجی سەرەکیمانە، پاشان پێداویستییە ژینگەییەکان و دواتریش کشتوکاڵ و پیشەسازی، بەڵام لە وشکەساڵەكاندا ناتوانرێت بەپێی پێویست ئاوی کشتوکاڵ دابین بکرێت، بۆیە لەو ساڵانەدا ڕێژەی کشتوکاڵ بەپێی ڕێژەی ئاوی بەنداوەکانمان دەکرێت، بۆ نموونە لە ساڵە وشکەکاندا نابێت ئەو بەرھەمانە بچێنرێت کە پێویستیان بە ئاوی زۆرە. ساڵی پاریش بەو پێیە ئیدارەی دۆخەکەمان دا و لە ٢٧ی (٣)، بەرزترین ئاستی ئاوی ساڵمان ھەبوو، کە زانیمان ئاستەکە لەوە زیاتر بەرز نابێتەوە، بەپێی ئەو ڕێژەیە و بەرنامە دەستمان بە گلدانەوەی ئاوەکە کرد لە مانگەکانی چوار و پێنج و شەش و حەوت و دواتر، تێبینیی ئەوەشمان کرد کە بڕێک بۆ ئەمساڵ بھێڵینەوە نەوەک ئەمساڵیش وشکەساڵی بێت، بەڵام ھەفتەی پێشوو (نیوەی دووەمی مانگی ١٢) بڕێکی باش لە باران باری، کە ١٨ سەنتیمەتر لە ئاوی دەریاچەکەی بەرز کردەوە، ھەر چەندە ئەم بڕە کاریگەرییەکی کەمی ھەبووە و دوای چەند ڕۆژێک ئاستی ئاوی دەریاچەکە بەنزیکەیی گەڕایەوە ئاستی پێشووی پێش بارانەکە. لە حاڵەتی ئاساییشدا ئاستی ئاوەکە لەم کاتەدا بەرز نابێتەوە، بەڵکوو لەدوای مانگی دوو کە زەوی تێر دەبێت و پێویستی بە ئاو نابێت، ئاوەکە دەبێت بە لافاو و دێتە ناو دەریاچەکە.

کێشە و هەڵەکان

بەڕێوەبەرانی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان باس لەو کێشە و گرفتانە دەکەن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە کە بەشێکیان هونەرین و بەشێکیان ئیدارین و هەندێکیشیان سروشتین. بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان دەڵێت، کەمیی بارانبارین یەکێکە لە کێشەکانی ئێمە، کە وا دەکات ڕێژەی ئاوی پێویست نەیەتە ناو دەریاچەکەوە کە لە ڕابردوودا ھۆکاری سەرەکی بووە، بەڵام ئێستا کاریگەریی بەنداوەکانی ئێران کە لەسەر ڕووباری زێی بچووک دروستی کردووە، کاریگەریی گەورەیان دەبێت، ئێستا کاریگەرییەکە زۆر ڕوون نییە بۆ ئێمە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە ڕێژەیەک کاریگەرییان دەبێت، چونکە ئێمە ناوچەی دابارینەکەمان نیوەی لە کوردستانی باشوورە و نیوەی لە کوردستانی ڕۆژھەڵاتە، ئەگەر نیوەی کوردستانی ڕۆژھەڵات بەکار بھێنرێت و ڕێگە نەدرێت بێتە ئەمدیو، ئەو کاتە ناوچەی دابارینەکەمان زۆر کەم دەبێتەوە، بەم جۆرەش ھەردوو ھۆکارەکە پێکەوە کاریگەرییەکی زیاتریان دەبێت لەسەرمان. لە ڕووی ھونەرییشەوە کێشەی گەورەمان نییە لە بەنداوەکەدا کە مایەی باسکردن بێت، ھەر کێشەیەک لە توانای خۆماندا بێت؛ چارەسەری دەکەین، ئەوەشی لە توانای ئێمە گەورەتر بێت؛ بەرزی دەکەینەوە بۆ سەرووی خۆمان. بە ھۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، پێویستە بەڕێوەبردنمان جیاوازتر بێت لە جاران، بەتایبەت کە ئاو بووە بە کارت و بەکار دەھێنرێت و وڵاتانی دراوسێ ڕێگە نادەن ئاوی پێویست بگاتە ئێمە. ئەو کشتوکاڵ و پیشەسازییەی لای ئێمە ھەن؛ پێویستی بە ئاوە و زیادبوونی دانیشتووانیش وای کردووە پێویستییەکی زیاترمان بە ئاو ھەبێت. واتە ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک کێشەداین کە بریتین لە کەمبوونەوەی بارانبارین، گۆڕانکاریی کەشوھەوا، دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو، زیادبوونی دانیشتووان، زۆربوونی کشتوکاڵ و پیشەسازی، ھەموو ئەمانە وا دەکەن ئاو پێویستتر بێت. بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش لە بارەی کێشەکانیانەوە باس لەوە دەکات دیارترین ئەو کێشانەی بۆ بەنداوەکان دروست دەبێت لە هەرێمی کوردستان، نەبوونی بودجە و هەماهەنگییە لەنێوان حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دروستکردنی بەنداو، کە لە ڕاستییشدا دەبێت حکومەتی ناوەند بودجەیان بۆ دابین بکات، بەتایبەت دروستکردنی بەنداوە گەورەکان و بەشدار بێت لە دروستکردنیان کە تا ئێستا بەغداد ئەمەی نەکردووە. بۆ بەنداوەکانی هەرێمیش، حکومەتی عێراق دەستی هاوکاری و ئامادەیی بۆ درێژ نەکردووین. ڕاستە ئەم بەنداوانە لە هەرێمی کوردستانن و وەک ئیدارە سەر بە هەرێمن، بەڵام بەشی زۆری بەرهەمی ئاوەکەیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراقە کە لەژێر دەستی حکومەتی بەغداددان.

هەڵەت ڕەشید بە ڕەخنەگرتن لە حکومەتی هەرێم، باس لەو کێشە و هەڵانە دەکات کە بەشی زۆریان پەیوەندیی بە نەبوونی سیاسەتێکی ڕوونەوە هەیە بۆ ئاو و دەڵێت ھەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ڕوونی نییە بۆ ئیدارەدانی ئاو. ھەر چەندە کات درەنگە، بەڵام دەتوانین فریا بکەوین. ئێمە لە ئێستادا قۆناغی وشکیمان تێپەڕاندووە، ڕەنگە تا ماوەیەکی تریش قۆناغی وشکی نەیەتەوە ناوچەکەمان، بۆیە پێویستە ئیدارەدانێکی زانستی پەیڕەو بکەین، یەکەم قۆناغیش دروستکردنی بەنداوە کە زۆر زۆر گرنگە، بەنداوی گەورە لەو ناوچانەی دەکەونە سەر زێیەکان، یان ئەو ناوچانەی کە سەرچاوەی ئاوەکە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە کۆنترۆڵ ناکرێت، ئەم مەرجەش لە زێی گەورە و بێخمەدا ھەیە، ئاوی بێخمە پێچەوانەی ھەردوو زێی سیروان و بچووکە، کە ٦٥٪‏ بۆ (٧٠٪)‏یان لە ئێرانەوە ھەڵدەقوڵێت و (٣٠٪)‏یان لە ھەرێمی کوردستاندان، بەڵام زێی گەورە (٨٥٪‏)ی لە کوردستاندایە و تەنھا (١٥٪‏)ی لە تورکیایە و ڕەنگە تورکیاش گرنگ نەبێت لەلای کۆنترۆڵی بکات، چونکە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی و ڕەنگە کۆنترۆڵکردنی بۆ تورکیا قورس بێت یان سوودێکی ئەوتۆی نەبێت. بۆیە یەکێک لە ھەڵەکانی حکومەتی ھەرێم دروستنەکردنی بەنداوە. دووەم: نەپاراستنی ئەو بەنداوانەیە کە ھەیەتی، بەوەی نەیتوانیوە بیانپارێزێت لە پیسبوون، چونکە تا ئێستا ئاوەڕۆی شار و شارۆچەکان ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە بەنداوی دوکان و دەربەندیخان دەبن کە دەبێتە ھۆی پیسبوونی بەنداوەکان. سێیەم: ھەڵە سەوزنەکردنی دەوروبەری بەنداوەکانە، بۆ ئەمەش دەتوانێت پەرە بە کشتوکاڵ بدات و باخداری زیاد بکات، چونکە بە سەوزکردن ڕێژەی شێ زیاد دەکات، شێش زیادی کرد؛ بەھەڵمبوون کەم دەکات. یەکێک لە گرفتە گەورەکانی بەفیڕۆچوونی دەرامەتی ئاو لە ھەرێمی کوردستان بەھەڵمبوونە، کە دەبێتە ھۆی بەفیڕۆچوونی بەشێک لە دەرامەتی ئاو. چوارەم: ھەڵەی حکومەتی ھەرێم؛ دروستنەکردنی پڕۆژەی ئاودێریی زانستیانەیە و پڕۆژەی ئاودێریی کشتوکاڵیی تەندروستە بۆ جووتیار، چونکە شێوازە کلاسیکییەکە کە لە ھەرێم ھەیە؛ ڕێژەیەکی زۆر لە ئاو بەفێڕۆ دەدات، ئەو ئاوەشی دێتەوە ناو چەم و ڕووبارەکان ئاوێکی پیسە، چونکە پەیینی کیمیایی تێدا بەکار ھێنراوە و دەبنە ھۆی پیسکردنی بەنداوەکان. ھەڵەی پێنجەمی حکومەتی ھەرێم لە ئیدارەدانی ئاودا، دابەشنەکردنی ئاوی ماڵانە بە شێوازێکی تەندروست، چونکە پێویستە ئاوی ماڵان وەک کارەبا بێت، لە کاتی بەکارھێنانیدا لەسەری ھەژمار بکرێت، بەڵام ئەوەی ھەیە شێوازە کلاسیکییەکەیە کە بۆ چەند کاتژمێرێک ئاو بۆ ماڵان بەر دەدرێتەوە، ھاوڵاتییش ناچارە ئەم کاتە ئاوەکەی ھەڵبگرێت کە دواتریش ڕەنگە بەکەڵکی بەکارھێنان نەیەت، بەم جۆرەش ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ دەچێت.

ئێران و تورکیا

ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات چەند پڕۆژە و بەنداوێکی دروست کردووە کە کێشەی گەورەیان بۆ سووریا و عێراقیش دروست کردووە، بەڵام ئەوەی کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قورسی بۆ سەر دەرامەتی ئاو لە هەرێمی کوردستان هەبووە، پڕۆژەکانی ئێران بووە لەسەر ئەو ڕووبار و لقەڕووبارانەی کە دەڕژێنە هەرێمی کوردستانەوە، بەتایبەتییش زێی بچووک و سیروان. لەو بارەیەوە دکتۆر هەڵەت ڕەشید دەڵێت، پڕۆژەکانی تورکیا کە بە گاپ ناسراون و لەسەر دیجلە و فوڕات دروستیان دەکات، دەتوانین بڵێین کاریگەریی لەسەر ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم نییە، چونکە ئەم پڕۆژانە لەسەر دیجلە و فوڕاتن کە بە ھەرێمی کوردستاندا تێناپەڕن، ئەوەی کاریگەریی گەورەیان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە پڕۆژەکانی ئێرانە، بەتایبەت کە پڕۆژەکانی ئێران بە شێوازێکن کە ھەردوو زێی بچووک و سیروان وشک بکات. لەدوای دروستکردنی پڕۆژەکانی ئێران لەسەر ھەردوو زێیەکە، بەردانەوەی ئاو لێیانەوە بۆ ھەرێم سروشتی نییە، بەڵکوو ئاوێکی دەستکردە، چونکە ئێران ئاوی زۆر بوو؛ بەری دەداتەوە و کەم بوو؛ دەیگرێتەوە تا ئاستی سفربوونی، وەک ئەوەی ھاوین لە سیروان ڕووی دا و زێی بچووکیش تا سفر نزیک بووەوە. بۆ ئەوەی ئێمە لەم مەترسییە ڕزگارمان ببێت، دەبێت بەنداوی دیکە دروست بکەین، بەتایبەت بەنداوی شوێنگرەوە بۆ دوکان و دەربەندیخان، بۆ ئەوەی ئەم دوو بەنداوە هەرەس نەھێنن، چونکە پڕۆژەی ئاودێریی چەند ناوچەیەک لەسەر ئەم دوو زێیەیە، بەتایبەت زێی بچووک کە سلێمانی و بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی پشت بەم زێیە و بەنداوەکەی دەبەستن، تەنانەت کەرکووک و پڕۆژەی ئاوی نەوتی شارەکەش لەسەر ئەم بەنداوەیە. بۆیە ئەگەر بەنداوی دیکە و پاڵپشت دروست نەکرێت و ھەنگاوی خێرا نەنرێت، ئەوا ئەم دوو بەنداوە لەژێر مەترسیدان و لەبەرڕۆیشتنی ئاویش لەم دوو زێیە ئیتر سرشتی نین. پێویستیشە ھەرێم لەسەر زێی گەورە پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدات، بەتایبەت بەنداوی بێخمە، بە دروستکردنی ئەم بەنداوە؛ دەتوانین ئاو بۆ سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش بگوازینەوە، چونکە بەنداوی بێخمە دوو ھێندەی دوکان و دەربەندیخان ئاو دەگرێت لە بەرزترین ئاستدا، دەتوانین بڵێین ئەمەش چارەسەری کێشەی ئاو دەکات بۆ ئایندەیەکی دوور.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان کە بەنداوەکەیان لەسەر ڕووباری سیروانە و ساڵی پار تا ئاستی سفربوونەوە لەلایەن گیرانەوە گیرایەوە، دەڵێت سەرچاوەی سەرەکیی بەنداوی دەربەندیخان و ڕووباری سیروان؛ (70٪)ی لە دیوی ئێرانەوەیە و ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە گلدانەوەی سەرچاوەکان و دروستکردنی تونێلەکان بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکان، ئەوا کێشەی گەورە بۆ داهاتی ئاوی بەنداوەکان دروست دەبێت بەتایبەت بەنداوی دەربەندیخان، بەتایبەت لە ساڵە وشکەکان کە ئەوان وەک خۆیان دەڵێن کێشەی کەمئاوییان هەیە و ڕێڕەوی ئاوەکانیان دەگۆڕن، بۆیە پێویستە ئەم کێشانە زوو چارەسەر بکرێن.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوکانیش باس لە مەترسیی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە دەکات و دەڵێت، ئاوی زێی بچووک لە کوردستانی ڕۆژھەڵاتەوە دێت، ئێرانیش بە ھۆی وشکەساڵی و گۆڕانکاریی کەشوھەواوە بیریان لە چارەسەری کەمئاوی کردووەتەوە، بۆ نموونە لەسەر زێی بچووک چەند بەنداوێکیان دروست کردووە. لە کاتێکدا دەبێت لە کاتی دروستکردنی بەنداودا خوارووی ئەم بەنداوانە لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام بەداخەوە وڵاتانی دراوسێ بەم جۆرە مامەڵە ناکەن، بۆ نموونە ئێران لە وەرزی ھاویندا ئاوی زێی بچووک بەتەواوی دەگرێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی گلدانەوەی لە بەنداوەکانی سەر زێی بچووک لە دیوی خۆی، وەک بەنداوەکانی سێڵوە لە پیرانشار، بەنداوی کانی سیب لەخوار پیرانشار و بەنداوی کۆڵسەی سەردەشت کە ٣٠ کیلۆمەتر لەسەر سنوور دوورە. گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە ھاویندا لەلایەن ئێرانەوە، کێشەی ئاو لە قەڵادزە و گوندەکانی دەوروبەری دروست دەکات.

ئاو لە هەرێم و دەسەڵات لە بەغداد

گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، عێراقی ڕووبەڕووی قەیرانی بێئاوی کردووتەوە و ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات و ڕووبارەکانی دیکەی بۆ کەمترین ئاست دابەزاندووە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق دەڵێت بەردەوام لە گفتوگۆدان لەگەڵ هەردوو وڵات و چەند ڕێککەوتنیکیشیان لەو بوارەدا واژۆ کردووە، بەڵام تا ئێستا تورکیا و ئێران پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانیانەوە و لە پڕۆژەکانیان لەسەر ڕووبارەکان بەردەوامن کە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە. گرتنەوەی سەرچاوەکان زیانی گەورەیان لە هەرێم داوە، بەڵام هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەی نییە لەم بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکات. دکتۆر هەڵەت ڕەشید لە بارەی ئەم کێشەیەوە دەڵێت، ئیدارەدانی ئاو ئیدارەدانێکی سیادییە و پەیوەستە بە حکومەتی ناوەندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی ھەرێم دەتوانێت سیاسەتی ئیدارەدانی خۆی پەیڕەو بکات و سوود لەو بودجەیە وەربگرێت کە حکومەتی ناوەندی بۆی دابین دەکات. ڕاستە حکومەتی ھەرێم ناتوانێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ بکات، بەڵام دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بکات تاکوو لەگەڵ تاران قسە بکەن. یاسای نێودەوڵەتییش ھەیە کە ڕێگا نادات وڵاتان بەتەنھا ئاوە ھەرێمییەکان بەکار بھێنن، کە لەنێوان دوو وڵات یان زیاتردا ھاوبەشن و پڕۆژەیەک دروست بکات کە زیان بە وڵاتێکی دیکە بگەیەنێت. ئەوەی ئێستا ئێران دەیکات، زیانگەیاندنە بە وڵاتی دووەم کە دەتوانرێت لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کاری لەسەر بکەن.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوکانیش دەڵێت، ئەوەی ئێران دەیکات پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە. لەبەر ئەوەشی ئاوەکان لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدایە، دەبێت بەغداد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ بکات و کێشەکان چارەسەر بکەن کە بەدڵنیاییەوە دەبێت نوێنەری حکومەتی ھەرێمیش لەو گفتوگۆیانەدا بەشدار بێت، بەڵام کێشەی کەمئاوی لە وڵاتانی دراوسێ، وای کردووە کەمتر گوێ لە داواکارییەکانمان دەگرن، بۆ نموونە چەندین جار ویستراوە سەردانی ئێران بکرێت و گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام ھیچ وەڵامدانەوەیەکیان نەبووە. بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش بەم جۆرە باس لەم کێشەیە دەکات، کێشەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە پەیوەستە بە حکومەتی ناوەندییەوە و بەپێی مادەی 110ی دەستوور، دەسەڵاتی ڕەهای حکومەتی ناوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ لەو بارەیەوە بکات، ئەگەرچی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە چەند جارێک لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تا ئێستا نە لایەنی عێراقی و نە لایەنی هەرێم نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئێرانی، چونکە ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە هەموو گفتوگۆکان لەسەر ئاوە سنوورییەکان و ڕووبارە هاوبەشەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی جەزائیر بێت کە لەلایەن عێراقەوە ئەو ڕێککەوتننامەیە هەڵوەشێنراوەتەوە، بۆیە کێشەکە تا ئێستا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە و هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا نەکراوە تا ئاوی پێویست لە ڕووبارەکانی سیروان، زێی بچووک، کەرخە و کارون بەر بداتەوە.

بەراورد

لەگەڵ ئەوەی لە نیوەی دووەمی مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢١) بارانێکی زۆر باری و لە هەندێک ناوچەش لافاو دروست بوو، بەڵام بەپێی قسەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم دەڵێن کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە. بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت، لە ئێستادا (29/12/2021) ئاوی بەنداوی دەربەندیخان حەوت مەتر و 35 سەنتیمەتر لە ساڵی پار کەمترە، هەروەها نزیکەی 260 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی کەمترە لە ساڵی ڕابردوو. ئەو بارانەشی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باریوە، تەنها نزیکەی 40 سەنتیمەتر ئاستی ئاوی لە بەنداوی دەربەندیخان بەرز کردووەتەوە و کاریگەرییەکی ئەوتۆ نەبووە، چونکە ئێمە لە ئێستادا تەنها پشت بە داهاتی ناوخۆ دەبەستین، لەبەر ئەوەی لە دیوی ئێرانەوە هیچ بڕە ئاوێک بە ئاراستەی بەنداوی دەربەندیخان بەر نەدراوەتەوە. بەڕێوەبەری بەنداوی دوکانیش دەڵێت، بارانەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە. بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، لە ئێستادا ئاوی دەریاچەکەمان نزیکەی شەش مەتر کەمترە و بارانی ئەمساڵیش کاریگەریی ئەوتۆی نەبووە بۆ زیادبوونی ئاستی ئاوەکەی، بەڵام ھەر باشە کە ١٣٤ ملم باریوە و ڕێژەیەکی باشە.

سیناریۆ و چارەسەر

لە ئێستادا حکومەتی هەرێم باس لەوە دەکات بەردەوام لە هەوڵدان تاکوو کار بکەن ئایندەی ئاو لە هەرێم مسۆگەر بکەن و ڕێگە لەو سیناریۆ مەترسیدارانە بگرن کە ئەگەر هەیە ڕووبەڕووی دەرامەتی ئاو ببێتەوە. هەڵەت ڕەشید سەرەڕای خستنەڕووی سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان و ئەگەرەکان، چارەسەریش پێشنیار دەکات و دەڵێت سەرباری ئەوەی وشکەساڵی ھەیە، ئێرانیش بەردەوامە لەسەر دروستکردنی پڕۆژە، بەدڵنیاییەوە لە ئایندەدا ھەرێمی کوردستان تووشی مەترسیی گەورە دەبێتەوە لە بواری دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان، کارگە پیشەسازییەکان و کەرتی کشتوکاڵ، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو مەترسییانە لەبەرچاو بگرێت لەسەر ئایندەی ئاو ھەیە. دانیشتووان بەردەوام لە زیادبووندایە و ئاستی ئاویش جێگیرە، تەنانەت وشکەساڵییش نەبێت و وڵاتانی دراوسێش پڕۆژەکانیان دروست نەکەن، بەرکەوتەی تاک لە ئاو ھەر کەم دەکات، ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات و ئاستی ئاویش جێگیر و دیاریکراوە و ڕێژەی ھەڵگیراو دیاریکراوە، ئەمەش سیناریۆیەکی بەرچاوە کە ڕووبەڕووی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە. خاڵێکی دیکە، وشککردنی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخانە کە چەندین شار و شارۆچکە ڕووبەڕووی گرفتی بێئاوی دەبنەوە و چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵییش کە لەسەر ئەم بەنداوانە دروست کراون، بەتایبەت حەوزەکانی ماسی ھەرەس دەھێنن، ئەمەش وەھا دەکات ھەم دانشتووان ڕووبەڕووی بێئاوی ببنەوە، ھەم بەشێک لە خەڵک داھاتەکانیان لەدەست بدەن. سیناریۆیەکی دیکە، زیادبوونی وشکەساڵییە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٠ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست کە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لێی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە یەک پلە، ئەگەری وشکەساڵی حەوت پلە زیاتر دەبێت. کەواتە یەکێک لە مەترسییەکانی ئایندەمان، دروستبوونی وشکەساڵییە، وشکەساڵییش ھۆکارە بۆ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕۆیشتوو لە لقەڕووبارەکان، ئەمەش گرفت دروست دەکات، بەتایبەت کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان، تەنھا بەرکەوتەی تاک کەم ناکات، بەڵکوو ئاستی پیسبوونیش زیاد دەکات. واتە یەکێکی دیکە لەو مەترسییانەی لەسەر دەرامەتی ئاو ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، پیسبوونی یەکجارەکیی ئاوە کە ئیتر بەکەڵکی بەکارھێنان نەیەن. چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ھەن؛ ئاسانن، لەوانەش دروستکردنی بەنداوی بێخمە و چەند بەنداوێکی شوێنگرەوە، بەم جۆرەش مەترسییەکانی سەر ئایندەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان دوور دەخەینەوە. تەنھا بە دروستکردنی بەنداوی بێخمە، بەرکەوتەی تاک بۆ ئاو بۆ دوو ھێندەی ئێستا زیاد بکەین کە ئێستا دوو ھەزارە و بەم ھەنگاوە دەتوانین بەرکەوتەی تاک تا چوار بۆ پێنج ھەزار مەتر سێجا بەرز بکەینەوە.

پڕۆفایل

کۆچەر جەمال تۆفیق

ساڵی ١٩٧٢ لە شارۆچکەی دوکان لەدایک بووە.

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە دوکان تەواو کردووە.

خوێندنی ئامادەیی لە سلێمانی تەواو کردووە.

ساڵی ١٩٩٥، بەشی ئەندازیاریی شارستانیی لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواو کردووە.

لە ساڵی (١٩٩٦)ەوە لە بەنداوی دوکان وەک ئەندازیار کاری کردووە.

ساڵی ٢٠١٤، بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی “ساوزرن کوینزلاند” لە ئوسترالیا بەدەست ھێناوە لە بواری بەنداودا.

لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢١)ەوە وەک بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان دەستبەکار بووە.

……………

ڕەحمان خانی

ناوی تەواوی: عەبدولڕەحمان عەلی حسێن خانی

لە ساڵی ١٩٦٨ لە کفری لەدایک بووە.

 خوێندنی ناوەندی و دواناوەندیی لە کەلار تەواو کردووە.

لە ۱۹۹۰دا بەکالۆریۆسی لە جیۆلۆجی لە زانکۆی موسڵ بەدەست هێناوە.

لە کۆتایی هەشتاکانەوە نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

وەکوو فەرمانبەر و بەڕێوەبەر زیاتر لە ۲۰ ساڵە لە بواری بەنداو و ئاودا کار دەکات.

ئێستا بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانە.

……………

هەڵەت ڕەشید عەبدوڵا

لە ساڵی ١٩٨٢ لە چەمچەماڵ لەدایک بووە.

ساڵی ٢٠٠٤، بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە.

ساڵی ٢٠٠٧، ماستەری لە زانکۆی موسڵ بەدەست هێناوە.

ساڵی ٢٠١٣، دکتۆرای لە بواری جوگرافیای سروشتی لە زانکۆی موسڵ بەدەست هێناوە.

ژمارە یانزە (١١)ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ی گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend