• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 30, 2022

ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (تێڕوانینێک لە ناوەوە، ڕابردوویەکی شکست خواردوو، ئاڕاستەیەک ڕووەو ئاشتی)

نووسینی : بارام مەجیدخان

سەید حسێن موسەویان (١٩٥٧- کاشان)، ناوێکی دیاری ناوەندی سیاسیی و ئەکادیمییە لە ئێران و دەرەوەی ئێران، ئەندامی دەستەی وتووێژکاری دۆسییەی ئەتۆمی ئێران و باڵیۆز و بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران. کاتێک سەرنجی ناوەندەکانی بەلای خۆێدا جێگیر کرد، لە ساڵی (٢٠٠٧) بە تۆمەتی سیخۆڕیکردن لە تاران دەستگیرکرا. پاشان ئێرانی جێهێشت و لە ئەمریکا و لە زانکۆی پرینستۆنی ویلایەتی نیوجێرسی وەک مامۆستا و لێکۆڵیار دەستبەکار بوو. کتێبەکانی بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکاتەوە. گرنگترین بڵاوکراوەکانی کە لە ئێران بە زمانی فارسی وەرگێڕدراون، “دۆسییەی ئەتۆمی ئێران” و “ئێران و ئەمریکایە.

موسەویان لەم کتێبە بەنرخەدا باس لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا و مێژووی ئەم پەیوەندییانە دەکات. کە بە دیدێکی ڕەخنەگرانە سیاسەتەکانی ئەمریکا شرۆڤە دەکات و بابەتی هاوسەنگی لە تێڕوانینی ستراتیژی ئێران، پەیوەست بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و پرسی بەرژەوەندی نیشتمانیی بۆ ئێران دەخاتەڕو.

پێشەکی ئەم کتێبە لە لایەن تۆماس پیکرینگ [1] نووسراوە. ناوبراو پێیوایە کە کرۆکی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دۆسییەی ئەتۆمییە. بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسییەیە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دەڕۆنە قۆناغێکی نوێوە.

ئەم نووسینە و نووسینەکانی تری موسەویان لە ئەمریکا و وڵاتانی جیهان پێشوازی زۆری لێکرا. ئەمەش لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی؛ یەکەم موسەویان بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەنووسێت، ئەم شێوازە لە نووسین زۆر نزیکە لە نووسینەکانی لێکۆڵەرەوانی جیهانیی و بە شێوەیەکی زۆر ڕەوان تێڕوانینەکانی خۆی دەخاتەڕوو. هۆکاری دووەم ئەوەیە کە موسەویان بە شێوەیەکی زیرەکانە پێداگری لە هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی بۆچوونەکانی ڕەوتە نەرم و ئاشتیخوازەکەی باڵی میانڕەوی ئێران دەکات.

موسەویان لەم کتێبەدا بە وردی لە مێژووی پەیوەندیەکانی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدوو تۆێی هەشت چاپتەردا دەکۆڵێتەوە. سەرەتای زێڕینی ئەم پەیوەندییانە دەگێڕێتەوە بۆ ساڵانی (١٩٥٣-١٨٥٦)، دەسپێکی نزیکبونەوەی ئەمریکا لە ئێران بۆ سەردەمی قاجار و شۆڕشی مەشروتەی ئێران دەگەڕێتەوە. ئێران بۆ دەربازبوون لە فشاری ڕووس و ئینگلیزەکان، بە چاوی ڕزگارکەر لە ئەمریکای دەڕوانی. لە بەرامبەردا ئەمریکا ڕۆڵی چاودێری هەبوو لە ڕووداوەکانی ئێران و ئەوکات بە هێچ شێوازێک دەستوەردانی لە کاورباری ئێراندا نەدەکرد. لە ساڵی ١٩٥٣ پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا شێوازی فەرمیان وەرگرت. لەم قۆناغەدا هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ تێکچوونی پەیوەندیی ئێران و ئەمریکا. بەڵام کودەتای دژی حکومەتی دکتۆر موسەدیق ( کە لە ئێران بە کودەتای ٢٨ی مورداد ناوزەد دەکرێت) بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و جارێکی تر دانانەوەی موحەمەدڕەزا شا قۆناغێکی نوێی پەیوەندییان دەستیپێکرد. دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران و پەیوەندیی ئاغا و ڕەعیەتی (وەک نووسەر دەڵێت)، لە کۆتاییدا بە شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ کۆتاییان پێهات.

شۆڕشی ئێران یەکەم بزماری لە تابووتی ئەم پەیوەندییانە دا، کاتێک باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئێران لە لایەن هەوادارانی شۆڕش داگیرکرا. باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناو دڵی شاری تاران لە سەر پارچەزەویەک بە ڕووبەری ١٠٨ دۆنم لە ساڵی ١٩٥١ بونیات نرابوو. یەکەم باڵیۆزی ئەمریکا لە ئێران (هەندرسۆن)  Ioy W. Henrerson بوو. بەڵام داگیرکردنی ئەو باڵیۆزخانەیە سەرەتای ئاڵۆزییەکی قووڵ و پڕ کێشمەکێش بوو لە نێوان ئێران و ئەمریکادا. تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، ئەم پەیوەندییانە لەپاش شۆڕشی ئێران بە ناجێگیری و تا ڕادەی دوژمنایەتیی ماونەتەوە. شەڕی ئێران-عێراق جارێکیتر ئەم برینە قووڵەی کولاندەوە کاتێک ئێرانییەکان بینییان کە چۆن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیری عێراق دەکەن.

 لە کەسایەتییە دیارەکانی شۆڕشی ئێران کە کاریگەرییان بەسەر پەیوەندیی ئێران و ئەمریکاوە هەبوو، جگە لە ڕابەری شۆڕش ئایەتوڵڵا خومەینی کە دروشمی ” نە ڕۆژئاوا نە ڕۆژهەڵات”ی بەرزکردبوویەوە، دەکرێت ئاماژە بە دوو کەسایەتیی گرنگ بدەین:

ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی کە سیاسەتمەدارێکی پراگماتیست بوو. هەموو دەرفەتێکی دەقۆستەوە بۆ باشکردنی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان. هەر ئەم کەسایەتییە بوو کە توانی متمانەی ڕابەری شۆرش بەدەستبهێنێت و شەڕی ئێران-عێراق بووەستێنێت. پاشان وەک سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆکی پەڕلەمانی ئێران ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبوو. بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام مانەوە بۆ بیناکردنەوەی ئەو پردە ڕووخاوەی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان.

کەسایەتی دووەم ئایەتوڵڵا خامنەییە کە وەک سەرۆک کۆمار و پاشان وەک ڕابەری شۆڕش، بووە جێگەی سەرنجی شۆڕشگێرەکانی شۆڕشی ئێران. ئەم بە پێچەوانەی ڕەفسەنجانی متمانەی بە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لاوازبوو. هەرچەند ئەو سەرۆک کۆمارانەی کە لە سەردەمی ڕابەرایەتی ئەودا دەسەڵاتیان گرتەدەست مەودایەکی دیاریکراوی بۆ دەکردنەوە کە ئەزمونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەنەوە، بەڵام هەموو هەوڵەکانی ئێران و ئەمریکا بێ ئەنجام مانەوە. ئەم دوو ڕێبازە سیاسییە لە سەردەی حکومەتەکانی خاتەمی و ئەحمەدی نەژاد و ڕۆحانی و ڕەئیسیی لەسەر ڕێچکەی هەردوو سەرکردەکە کاریان کردووە، بە تایبەت ڕیفۆرمخوازەکان لە ژێر عاباکەی هاشمی ڕەفسەنجانی هاتبوونە دەرەوە لە ماوەی ١٦ ساڵ لە حوکمداری ئێران شکستیان خوارد و بە ئامانج نەگەیشتن.

 ئەم کتێبە بە نرخە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ لە مێژووی ئەم پەیوەندییانە دەدوێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ئەکادیمی چاوی لێبکرێت و، لێکۆڵیاران و ئەوانەی خولیای ئێرانناسیان هەیە سودی زۆری لێدەبینن.

[1] Thomas Pickering  باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە وڵاتانی وەک ڕووسیا و هیندستان و نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بووە. هەروەها جیگری سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەوکان بووە.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٣) نیسانی ٢٠٢٢ .

Send this to a friend