• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 22, 2022

جەنگی ئوكراینا لە تەرازووی پەیوەندییەكانی ئێران و روسیادا

بارام مەجیدخان

سەروتار

جەنگی ئوكراینا لە تەرازووی پەیوەندییەكانی ئێران و روسیادا

بارام مەجیدخان

پەیوەندی ئێران و ڕووسیا لە مێژوودا تاریکترین و ڕەشترین پەیوەندیی نێوان دوو دراوسێ بووە. بە تایبەت کە شەڕو پێکدادانی زۆر لە نێوان ئێران و ڕووس لە مێژوودا ڕوویانداوە. لە ساڵی ١٦٥١ و لە سەردەمی حوکمڕانی سەفەویی لە ئێران تا ساڵی ١٨٢٦ پێنج شەڕی مێژوویی لە نێوان ئەم دوو دراوسێیەدا ڕوویانداوە. ئەمە سەرەڕای شەڕی جیهانیی دووەم لە ڕووسیا بە هاوکاری چەند هێزێکی هاوپەیمان، توانیان ئێران داگیربکەن و ڕەزا شاه بە دەستگیرکراوی بۆ ئەفریقای باکوور بگوازنەوە. ئاکامی ئەم شەڕانە لەدەستدانی بەشی قەوقازی ئێران بوو، کە ڕووسیا خستیەسەر نەخشەی وڵاتەکەی خۆی. ئەم شەڕانەی ئێران و ڕووس بە بەردەوامیی هۆکاری ئایدۆلۆجی بۆ داتاشراوە، کە ڕوایەتیی ئایینی و مەزهەبیی بەو شەڕانە بدرێت لە پێناو شەرعیەت بەخشین بەو جەنگانە و بەدەستهێنانی سەرمایەی مرۆیی بە درێژە دان بە بەرگرییکردن لە وڵات. ڕووس لە زەینی خەڵکی ئێراندا بە وڵاتی دوژمن و کافر ناوزەد کراوە. دەستێوەردانەکانی ڕووسیا لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و هەناردەکردنی بیری مارکسیستی بۆ ئێران و دامەزراندنی پارتی سیاسیی و چاندنی بیری چەپ لە ئێران، بە توندی کاردانەوەی حوکمڕانی ئێرانیی و پێگەی ئایینی لێکەوتەوە. هەربۆیە یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دروشمی ( نەشەرقی) بوو. بەو واتایەی کە ناچینە ژێر باری هەژموون و دەسەڵاتی ڕووسیاوە. لە ژێر هەلومەرجی نێودەوڵەتی و دۆخی شەڕی ئێران-عێراق هەر لە سەرتای شۆڕش ئەم دروشمە کەمڕەنگ بوو. ئێران ناچار بە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا بوو. هاوکات ڕووسیا  پشتی نەکردە حکومەتی سەدام حسێن لە عێراق. گەرمبوونی شەڕی ئێران-عێراق زۆرترین سودی بە ڕووسیا گەیاند.

سەفەری ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ مۆسکۆ لە سەرەتای ئەمساڵ دەنگۆی پێشنووسی ڕێککەوتننامەیەکی ٢٠ ساڵە لەگەڵ ڕووسیا ئامادەکراوە کە لە پاش ڕێککەوتننامەی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران-چین هاتووەتە ئاراوە ( کە ناڕەزایی زۆریی شەقامی ئێرانی لێکەوتەوە). خەڵکانی ڕووناکبیر و سیاسەتمەدارانی پەراوێزخراوی باڵی ڕیفۆرمخوازی ئێران بە گومانەوە لەم پەیوەندییانەی ئێران و ڕووسیا دەڕوانن. بە گشتی سیاسەتی ڕووسیا بەرامبەر بە ئێران لە ژێر تەمومژی ئەم فاکتانەی خوارەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.

  • ڕووسیا هیچ کات ئێرانی وەک هاوبەش و هاوپەیمانێکی ستراتیژیی خۆی سەیر نەکردوە، هەروەک ئەم ڕاستییە بۆ چینییەکانش ڕاستە.
  • ڕووسیا دۆسییەی ئێرانیان وەک کارتێکی فشار بۆ سەر ئەمریکا بەکارهێناوە.
  • ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەمیشە لە مەلەفی ئەتۆمیی ئێران وەک هاوپەیمان هەڵسوکەوتی نەکردوە و لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا زۆرترین بڕیار لە دژی ئێران دەرچووە و هەندێکیان بە پێشنیاری ڕووسیا بووە.
  • ڕووسیا ڕەزامەند نییە کە سایکلی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران پەرەی پێبدرێت. لە وتووێژەکانی ئێران و وڵاتانی ٥+١ وەک محەممەد جەواد زەریف لە تۆمارە دەنگیەکەی ئاماژەی پێدا؛ ڕووسیا خواستی جدییان نەبوو کە ئێران لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەوێت.
  • ڕووسیا ئێرانێکیان دەوێت کە لەڕووی سەربازییەوە لاواز و پشت بەستوو بە خۆیان بێت. چەکی ڕووسیا لە ئێران گرانبەها و هێشتنەوە و چاککردنیان خەرجی زۆر دەخاتەسەر شانی ئێران. لە کاتێکدا ڕووسیا چەکی دژە موشەکی S400 ی بە تورکیا بەخشیوە، تا ئێستا ئەو چەکەی بە ئێران نەداوە.
  • ڕووسیا لە کێشەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان داوای لە ئێران نەکرد کە بەشداربێت لە سیاسەتی ناوچەیی قەوقاز لە کاتێکدا بەشداری بە تورکیا کرد.
  • ڕووسیا پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. لە کاتێدا ئیسرائیلییەکان لە سوریا و بە ئاشکرا بنکەکانی ئێرانیان بۆردومان دەکرد، دژەموشەکەکانی S400 ڕووسی هیچ پەرچەکردارێکیان نەبوو.

ئێران و شەڕی ئۆکرانیا

ئەم شەڕە بۆ ئێران هەم دەرفەتە و هەم مەترسی، بۆیە ئێران هەڵوێستێکی واقیعی و لە ڕاستەڕێی بەرژەوەندیی خۆیان گرتوەتەبەر. جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەرەنجامی قەیرانێکی ئاڵوز و وردە، بۆیە سیاسەتی دەرەوەی ئێران مامەڵەیەکی ورد لەگەڵ بابەتەکە دەکات. لە لایەک ئێران دژی جەنگە و پێیوایە ڕێکاری دیپلۆماسی تەنها چارەسەرە و لە لایەکی ترەوە ئەم جەنگە بە فراوانخوازی ناتۆ و ئەمریکا دەزانێت. ئەم هەڵوێستەی ئێران دوو خویێدنەوەی قووڵی بۆ دەکرێت.

یەکەمیان: لە دۆسییەی دانوستانەکانی ئەتۆمیی ئێران لایەنەکانی بەشدار هەمان ئەو لایەنانەن کە لە شەڕی ئۆکراین ڕووبەڕووی یەکدی وەستاون، بۆیە ئێران نایەوێت لە ڕێگەی هەڵوێستی نا لۆجیکی بەرژەوەندییەکانی خۆی بخاتە مەترسیەوە و دانوستانەکانی گۆشەگیر بکات و ڕۆڵی ئێران لاواز ببێت.

دووەم: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز لە جیهان دەتوانرێت وەک دەرفەتێک بیت بۆ ئێران کە فشارە ئابوورییەکانی لەسەر خۆی کەمبکاتەوە. پێویستیی ئەوروپا بە وزە، ئێران لەو خەونەی نزیک دەکاتەوە کە غازی ئێران بۆ ئەوروپا بگوازرێتەوە. لە کاتێدا هەمیشە ڕووسیا بەربەستیان بۆ ئەم خەونەی ئێران دروست دەکات لە پێناو ئەوەی غازی ئێران نەبێتە جێگرەوەی غازی ڕووسیا. ئەمەش لە دانوستانەکانی ئێران وڵاتانی ٥+١ هەڵوێستی ئێران بەهێز دەکات.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٣) نیسانی ٢٠٢٢ .

Send this to a friend