• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 25, 2023

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و نەخشەی نوێی پەرلەمان

نوسینی: فەرزین چاغداش، ئەحمەد قادر

هەڵبژاردنەکانی تورکیا کۆتایی هات. هەرچەندە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وەک کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە خولی دووەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمان بە یەک خول کۆتایی هات و ڕێژەی دەنگی پارت و هاوپەیمانیەکان و ژمارەی کورسییەکانیان یەکلایی بوویەوە.
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا، ١٥ پارتی سیاسی لە چوارچێوەی ٣ هاوپەیمانیدا ٦٠٠ کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا کاندیدی چەند پارتێکی سیاسی لەڕێگەی لیستی پارتەکانی دیکەوە بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە و چەند کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
هەریەک لە هاوپەیمانی کۆمار، هاوپەیمانی میللەت، هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادى, تەواوی ئەو ٦٠٠ کورسییەی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی ئاتا لەگەڵ هاوپەیمانی هێزە سۆسیالیستییەکان نەیانتوانیوە هیچ کورسییەکی پەرلەمان بەدەستبهێنن, ئەمە جگە لەوەی ١١ پارتی سیاسی دیکە بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و نەیانتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنن.

ڕێژەی بەشداریکردن
ڕێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە. بەگوێرەی ئەنجامە ڕاگەیەنراوەکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا, ڕێژەی٨٧.٤٠٪ی دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانیان کردووە(1), ئەم ڕێژەیەش ئاستێکی بەرزە و ناتوانرێت بەراوردی هیچ وڵاتێکی ئەوروپی یاخود خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.
ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران ٨٦.٢٤٪ بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا نەیانتوانی ژمارەی پێوانەیی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣٧ بشکێنن، بەرزترین ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە درێژایی مێژووی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣٧دا بوو, کاتێک ڕێژەی ٩٣.٣٨٪ی دەنگدەران بەشدارییان کرد(2).

ژمارەی کاندیدان
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا ٢٤ پارتی سیاسی لەچوارچێوەی ٥ هاوپەیمانیدا لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ ململانێیەکی توندیان بۆ بردنەوەی ٦٠٠ کورسی ئەنجامدا. دواجار دەنگدەران بڕیاریاندا کێ لە کوێی پەرلەماندا دابنیشێت.
١٨ پارتی سیاسی لە چوارچێوەی هەریەک لە هاوپەیمانی کۆمار، میللەت، ئاتا، ڕەنج و ئازادی، هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆسیالیستییەکان، لەگەڵ ١١ پارتی سیاسی دیکە و ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ, کێبڕکێی بردنەوەی ٦٠٠ کورسی پەرلەمانیان کردووە(3).

هاوپەیمانی کۆمار زۆرینەی پەرلەمانی بردەوە
هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتيی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان توانی ڕێژەی ٤٩.٥٪ کە بریتییە لە ٢٦ ملیۆن و ٩٣٤ هەزار و ٤٥٥ دەنگ ٣٢٢ کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەمجۆرە زۆرینەی پەرلەمانی بۆ هاوپەیمانيی کۆمار مسۆگەر بووە. بەجۆرێک ئەگەر هاوپەیمانيی میللەت و هاوپەیمانيی ڕەنج و ئازادیيش یەکبگرن, ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.
لەناو هاوپەیمانيی کۆماریشدا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بە بەدەستهینانی ڕێژەی ٣٥.٦٪ کە بریتییە لە ١٩ ملیۆن و ٣٨٧ هەزار و ٤١٢ دەنگ ٢٦٧ کورسی پەرلەمانی تورکیای بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ٤ پەرلەمانتاری ئاکەپە ئەندامی پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار)ن و لەچوارچێوەی لیستی ئاکەپەدا کاندیدی پەرلەمان بوون.
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە بەدەستهینانی ڕێژەی ١٠.١٪ کە بریتییە لە ٥ ملیۆن و ٤٨٤ هەزار و ٥١٤ دەنگ ٥٠ کورسی بەدەستهێناوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، سەرەڕای جیابوونەوەی باڵی مێرال ئاکشەنەر لە مەهەپە و دامەزراندنی پارتی باش لە ساڵی ٢٠١٧ و جیابوونەوەی سینان ئۆغان و ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی زەفەر بۆ کاندیدی سەرۆک کۆمار، بەڵام دەنگەکانی مەهەپە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو هێندە کەمی نەکردووە کە شایانی باسکردن بێت، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨یشدا مەهەپە لەڕێگەی بەدەستهێنانی ٥ ملیۆن و ٥٢٦ هەزار و ٦٣٨ دەنگ, توانی ١١.١٣٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت(4). بە درێژایی مێژووی هەڵبژاردنەکانیش لە تورکیا لەدوای ساڵی ٢٠١٥ەوە دەنگی مەهەپە لە ڕێژەی ١٢٪ تێنەپەڕیوە, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی ئەم پارتە لەڕووی بەدەستهێنانی دەنگ و کەمبوونەوەی ڕێژەکەیەوە پڕە لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە(5), بۆیە ئەم دۆخە تاڕادەیەک بە ئاسایی دادەنرێت. بۆیە بەدەستهینانی ڕێژەی ١٠.١٪ی دەنگەکان لەم هەڵبژاردنەدا گومانی زۆری خستووەتە سەر خاوێنی ئەو هەڵبژاردنە. لە بەرامبەردا ئەگەری ئەوە هەیە لە هەندێک لە ناوچەکاندا لایەنگرانی ئاکەپە دەنگیان بە کاندیدانی مەهەپە دابێت. لەبەرئەوەی لە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردندا بەهۆی کەمی دەنگی هەردوو پارتەکەوە ئاکەپە کاندیدی لەو ناوچەیە بۆ پەرلەمان بەربژێر نەکردووە و داوای لە ئەندام و لایەنگرانی کردووە دەنگ بە کاندیدی مەهەپە بدەن.
پارتی خۆشگوزەرانی نوێ (یەڕەپە) بە بەدەستهینانی ڕێژەی ٢.٨٪ کە بریتییە لە ١ ملیۆن و ٥٢٩ هەزار و ١١٩ دەنگ, ٥ کورسی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەدەستهێناوە. ئەم پارتە تاڕادەیەک نوێیە و لە پارتی سەعادەت جیابووەتەوە. پارتی یەکێتی مەزن (بەبەپە) سەرەڕای ئەوەی ١٪ , کە ٥٣٣ هەزار و ٤٠٩ دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام نەیتوانیوە ئەرکی خۆی بەجێبهێنێت.

بەرەی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستداوە
سەرەڕای بانگەشەی فراوان و بەردەوامی هاوپەیمانيی میللەت بۆ بردنەوەی زۆرینەی پەرلەمانی، بەڵام نەک تەنيا خۆی بەڵکو ئەگەر کورسییەکانی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی-يش بخرێتە سەری, ئەوا هێشتا ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی پێکبهێنن.
هاوپەیمانی میللەت بە بەشداری ٦ پارتی سیاسی وەک بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆن بەشداری هەڵبژاردنەکانی کرد. هەرچەندە لەو ٦ پارتە پێنجیان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیان کرد، بەڵام هەر نەیانتوانیوە زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەک دایک و ڕابەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن ٤ پارتی دیکەی لە باوەش گرت، بەڵام دەرەنجامە گشتییەکان لە بەرژەوەنديی چوار پارتە بچووکەکە و زیانی جەهەپە کۆتایی هات. هەر چەندە لە هەڵبژاردنەکەدا جەهەپە بە بەدەستهێنانی ١٣ ملیۆن و ٧٩١ هەزار و ٢٩٩ دەنگ, ڕێژەی ٢٥.٣٪ی دەنگەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە ١٦٩ کورسی, بەڵام لەم ڕێژەیە ٣٩ کورسی بۆ چوار پارتی دیکەیە کە کاندیدەکانیان لەناو لیستی جەهەپە بەربژێر کردووە.
پارتی ئایندە ١٠ کورسی، پارتی دەڤا ١٥ کورسی، پارتی سەعادەت ١٠ کورسی، پارتی دیموکرات ٣ کورسی، پارتی باش ١ کورسی و پارتی چەپی تورکیا ١ کورسی بەدەستهێناوە. ئەم ٣٩ پەرلەمانتارە لەڕێگەی لیستی جەهەپە-وە بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
بەمجۆرە جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیادا خاوەنی تەنيا ١٣٠ کورسی تەواوی خۆیەتی, لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ توانی ١٤٦ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.
هاوپەیمانی ڕەنج و ئازاديی سێیەم بوو، بەڵام “هەدەپە و یەسەپە ئامانجەکانیان بەدەستنەهێنا”
هاوپەیمانيی ڕەنج و ئازاديی ٦٥ کورسی بەدەستهێناوە. هەرچەندە هەدەپە و یەسەپە ٦١ کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە(6), بەڵام “ئەو ئەنجامانەی بەدەستیان هێناوە لە ئاستی ئامانجەکانیاندا نەبووە”. هەر چەندە دەنگدەرانی هەدەپە و یەسەپە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەرزکردنەوەی دەنگەکانی کەمال کلیچدارئۆغڵو گێڕاوە، بەڵام لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا میتحەت سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە و چیغدەم ئوچار هاووتەبێژی یەسەپە ڕایانگەیاند، “ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی کورسی پەرلەمانی بۆ پارتەکانیان بە سەرکەوتوو نابینن”. سانجار دانی بەوەدا ناوە، “ڕێژەیەکی دیاریکراو دەنگی لەدەستچوومان هەیە”(7). هەر چەندە لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە هەدەپە و یەسەپە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی بانگەشەیان دەستپێکرد، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان ئەو دوو پارتە تەنها ٦١ کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. پارتی کارکەرانی تورکیا (تیپ)یش بە بەدەستهێنانی ٤ کورسی ڕێژەی کورسییەکانی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیی بۆ ٦٥ کورسی بەرزکردووەتەوە.

هەدەپە و ئاکەپە قەڵاکانیان لە باکووری کوردستان پاراست
ململانێیەکی سەخت لەنێوان ئاکەپە و هەدەپە لە باکووری کوردستان هەبوو. هەردوولایان هەوڵیان دەدا قەڵای ئەویدی بڕوخێنێت. لە کاتێکدا ئاکەپە تەنيا ئورفا شک دەبات وەک تاکە قەڵای خۆی لە باکووری کوردستان بەرامبەر هەدەپە سەرکەوتن یاخود هاوسەنگی پێبپارێزێت، هەدەپە-یش ئامەد بە قەڵای خۆی دەزانێت و ڕێژەی کورسییەکانی لەو شارەوە بەرز دەکاتەوە یاخود دەپارێزێت.
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە کۆی ١٤ کورسی ئورفا توانی ٧ کورسی بەدەستبهێنێت. واتە نیوەی پەرلەمانتارانی ئەو شارە لە فراکسیۆنی ئاکەپە دەبن. بەمپێیە ئاکەپە جارێکی دیکە توانی قەڵای هەڵبژاردنەکانی لە باکووری کوردستان بە سەلامەتی بهێڵێتەوە(8). هەڵبەت بۆ ئەم کارەی ئاکەپە بەکیر بۆزداغ-ی وەزیری دادی حکومەتەکەی ئەردۆگانی وەک سەرۆکی لیستەکەیان لە ئورفا کاندید کردبوو، ئەمەش هێمایە بۆ ترسانی ئاکەپە لە دەنگەکانی لەو قەڵایە و هەروەها بایەخپێدانی قەڵاکەی(9).
لە بەرمبەردا هەدەپە ٨ کورسی لە کۆی ١٢ کورسی ئامەد بەدەستهێناوە(10), هەرچەندە هەدەپە لە شارەکانی هەکاری، وان، ماردین و شرناخ-یش سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، بەڵام هیچیان لە ئاست سەرکەوتنەکەی ئامەد-دا نین. بۆیە لە ئاستی قەڵادا ئاکەپە و هەدەپە توانیان بەرگری لە قەڵاکانیان بکەن و لە مەترسی ڕووخان دووری بخەنەوە.

سەرکەوتنی هوداپار هەمووانی شۆک کردووە
کاندیدانی پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا. هەر چوار کاندیدەکەی هوداپار لە چوار شاری باکووری کوردستان و تورکیا سەرکەوتنێکی بێوێنەیان تۆمار کردووە. لەم هەڵبژاردنەدا هوداپار تەنيا پارتە سەرجەم کاندیدەکانی هەرچەندە کەمیش بووبن بۆ پەرلەمانی تورکیا سەرکەوتنیان بەدەستهێنابێت(11), لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین نکوڵی لەو ڕاستییە بکەین دواجار کاندیدانی هوداپار بەهۆی دەنگدەرانی ئاکەپە-وە سەرکەوتنیان بەدەستهیناوە.
سەرکەوتنی هەر چوار کاندیدەکەی هوداپار لە باکووری کوردستان و تورکیا هێمایە بۆ دروستی ڕێککەوتنەکەی ئاکەپە لەگەڵ هوداپار. لە هەمانکاتدا سەرکەوتنی ئەو چوار کاندیدەی هوداپار و ژمارەیەکی بەرچاو لە کاندیدەکانی ئاکەپە لە باکووری کوردستان, نەخشەی کاری هاوبەشی ئەو دوو پارتە هەم لە پەرلەمان و هەم لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ئایندەدا دەکێشێت. ئەمە جگە لەوەی کاری جددی و لێبڕاوانەی ئەندام و لایەنگرانی هوداپار لە باکووری کوردستان بۆ ئاکەپە مایەی سەرنج بووە. بەجۆرێک ئەندامانی ئاکەپە تاڕادەیەک پاڵیان لێدابوویەوە و بەتایبەت لە ڕۆژی هەڵبژاردندا سندوقەکان لە باکووری کوردستان لەلایەن هوداپارەوە سەرپەرشتی و چاودێريی کراون.

جیابوونەوەکان و دروستبوونی فراکسیۆنی نوێ
دوای یەکلابوونەوەی ئەنجامەکان بەتەواوی و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، وەک هەر خولێکی دیکەی پەرلەمانی جیابوونەوە و دروستکردنی فراکسیۆنی نوێ سەریهەڵداوە.
لە دەستپێکی کارەکانی پەرلەمانەوە پێناچێت جیابوونەوەکان بەهۆی کێشە و ململانێی ناوخۆییەوە بێت. ئەمە جگە لەوەی ئەم پرۆسەیە بریتی نییە لە جیابوونەوەی پەرلەمانتارانی یەک حیزب یاخود یەک فراکسیۆن بۆ دوان و زیاتر، بەڵکو بریتییە لە جیابوونەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لەسەر لیستی پارتێکی دیاریکراو بۆ پەرلەمان سەرکەوتوون, ئێستا لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و ئازادانەدا لەو حیزب یاخود فراکسیۆنە جیادەبنەوە و بەناوی حیزبەکانی خۆیانەوە لە کاری پەرلەمانتاری بەردەوام دەبن.
وەک چاوەڕوان دەکرا سەرەتای جیابوونەوەکان بریتی بوو لە جیابوونەوەی ١٥ پەرلەمانتاری پارتی دەڤا، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی ئایندە، ٣ پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات و 1 پەرلەمانتاری پارتی چەپی تورکیا(12), ئەم ٣٩ پەرلەمانتارە لە هەمانکاتدا بەشێک بوون لە پێکهاتەی هاوپەیمانی میللەت، بەڵام بەمجۆرە دۆخەکە بەردەوام بێت کە وا پێشبینیکراوە، ئەوا هاوپەیمانی یاخود فراکسیۆنێک بەناوی هاوپەیمانی میللەت بوونی نامێنێت.

لەلایەکی دیکەوە ٤ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) جیابوونەوە, دوانیان کە بریتین لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپە، فراکسیۆنی (هەدەپە)یان لە پەرلەمانی تورکیا دروستکردووە، دوو پەرلەمانتارەکەی دیکەیش فراکسۆنی ڕەنج-یان پێکهێناوە کە ناوی حیزبەکەیانە(13).
ئەم جیابوونەوەیە لە ناوی هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی-یەوە ڕوویداوە، بەڵام پێناچێت کاریگەريی لەسەر یەکگرتوویی ئەو هاوپەیمانێتییە هەبێت.
لەناو هاوپەیمانی کۆماریشەوە تەنيا ٤ پەرلەمانتاری هوداپار لە فراکسیۆنی ئاکەپە جیابوونەتەوە و فراکسیۆنێکی نوێیان بەناوی حیزبەکەیانەوە پێکهێناوە(14).
هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی لەو حیزب و فراکسۆنانە جیابوونەتەوە کە پێشتر لەگەڵیاندا بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە، ئێستا هەریەکەیەیان بە ناوی پارتی خۆیانەوە لە سایتی پەرلەماندا ناوەکانیان تۆمارکراوە(15).
ئەوەی تێبینی دەکرێت جیابوونەوەی زۆر لە فراکسیۆنی جەهەپە-دا ڕوویداوە، وەک دەردەکەوێت ٣٩ پەرلەمانتار لەو فراکسیۆنە جیابوونەتەوە و بەسەر چوار فراکسیۆندا دابەشبوون و یەکێکیشیان گەڕاوەتەوە ناو پارتەکەی خۆی.

خشتەی ژمارە (١) دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر فراکسیۆن و پارتە سیاسییەکاندا, دوای جیابوونەوەی پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە سەرەکییەکانیان دەخاتەڕوو(16).

هێشتا ژنان ڕێژەی ٢٠٪یان تێنەپەڕاندووە
سەرەڕای بانگەشەی گەرم و فراوانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی و بەتایبەت هەڵبژدنەکاندا، بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت هێشتا ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان نەگەیشتووەتە ٢٠٪ی پەرلەمان. بەرپرسیارێتی و کەم و کورتی گەورەیش لەم بوارەدا کەوتووتە سەرشانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکی.
دوای نوێکردنەوەی زانیارییەکانی پەرلەمانی تورکیا دەربارەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان و دابەشبوونی پەرلەمانتاران لەسەر بنەمای ڕەگەز، دەرکەوت لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار تەنيا ١١٩یان ژنن، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی ١٩.٨٣٪ی کۆی پەرلەمانی تورکیا.
لەبەرئەوەی سیستەمی کۆتا(17) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەیڕەوی لێناکرێت و زۆرێک لە پارتەکانی ئەو وڵاتەیش لەناو خۆیاندا ئەو سیستەمە جێبەجێناکەن، بۆیە ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسی و بەتایبەت لە پەرلەمان و پۆستە باڵاکانی وڵاتدا کەمە. ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی بەسەر کابینەی نوێی حکومەتیشەوە هەبووە، بەجۆرێک لە کۆی ١٧ وەزیر تەنها یەکێکیان ژنە(18).
لەگەڵ ئەمانەشدا تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢ ڕێژەی بەشداری ژنان لە پەرلەماندا ٤٪ی تێنەپەڕاندووە، بەڵام لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاکەپە ڕێژەی بەشداری ژنان وەک ئەندامی پەرلەمان بەرزتر بووەتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا ئەو ڕێژەیە گەیشتە ١٧٪، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەکە تەواو نزیک بووتەوە لە پێنج یەکی پەرلەمانی تورکی(19).
ئەوەی مایەی سەرنجە ڕێژەی بەرزی ژمارەی پەرلەمانتاران لەناو لیستی پارتە کوردی و چەپەکاندایە، بەجۆرێک لە لیستی هەدەپە-دا ڕێژەی بەشداری ژنان ٥٠٪ و لەناو یەسەپە-دا ڕێژەکە ٤٧.٣٧٪ دەبێت، هەروەها بەشداری ژنان لە فراکسیۆنی ڕەنج-دا دیسان ٥٠٪یە و لە فراکسیۆنی پارتی کەرکەرانی تورکیا-شدا ٢٥٪ دەبێت, بەڵام پارتی چەپی دیموکرات لەبەرئەوەی تەنيا یەک پەرلەمانتاری پیاوی هەیە, بۆیە ڕێژەی بەشداری ژنان تێیدا سفرە.
لەگەڵ ئەمانەشدا ڕێژەی بەشداری ژنان لە فراکسیۆنی جەهەپە-دا, کە یەکێکە لە پارتە چەپڕەوەکان و بە دایکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دادەنرێت, تەنيا ١٨.٤٦٪، ئەم ڕێژەیەش لە ڕێژەی بەشداری ژنان لە فراکسیۆنەکانی ئاکەپە، دەڤا و ئایندە کەمترە, کە سیاسەتیان لەسەر هێڵی پارێزکار/ ڕاستڕەو/ ئیسلامییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سایتی پەرلەمانی تورکیا ڕێژەی بەشداری ژنان لە فراکسۆنی ئاکەپە-ی دەسەڵاتدار ١٩.١٪ بووە، ئەمەش بە نزیکەیی هەمان ڕێژەی بەشداری ژنانە لە کۆی گشتی پەرلەماندا. هەروەها بەشداری ژنان لە فراکسیۆنی ئایندە-دا ٢٠٪ و لە فراکسیۆنی دەڤا-دا ٢٦.٦٧٪ دەبێت.
خاڵێکی دیکە لە پرسی بەشداری ژناندا, نزیکی ڕێژەی بەشداری ئەم ڕەگەزەیە لە دوو فراکسیۆنی نەژادپەرستی تورکیدا, واتە بەشداری ژنان لە فراکسیۆنی مەهەپە-دا ٨٪, کە لە بەرەی دەسەڵاتدایە، هەروەها بەشداری ژنان لە فراکسۆنی پارتی باش-دا ١١.٣٦٪ دەبێت, کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنە، لێرەدا نزیکی ڕێژەی بەشداری ژنان لە هەردوو پارتە نەژادپەرستە تورکییەکەدا ئاراستەی گشتی و تێڕوانینی ڕەوتی نەتەوەپەرستی تورکی بۆ بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی و پەرلەمانیدا دەردەخات.
فراکسیۆنی ئاکەپە زۆرترین پەرلەمانتاری ژنی هەیە, کە ژمارەیان ٥٠ پەرلەمانتارە، بەڵام ئەو ٥٠ ژنە تەنيا ڕێژەی ١٩.١٪ی فراکسیۆنەکەیان پێکدەهێنن.
جگە لەمانەش ژنان لە هەریەک لە فراکسیۆنەکانی هوداپار، پارتی خۆشگوزەرانی نوێ، پارتی سەعادەت و پارتی دیموکرات بوونیان نییە. ئەم چوار پارتە ٢٢ کورسی پەرلەمانییان هەیە. جگە لە پارتی دیموکرات ئەو سێ پارتەی دیکە تاڕادەیەکی زۆر بەرامبەر پرسەکانی ژنان توندن.
دابەشبوونی ژنان بەسەر سێ هاوپەیمانێتییەکەی ناو پەرلەماندا بەجۆرێکە پشکی شێر بەر هاوپەیمانی ڕەنج و ئازاديی دەکەوێت. بەجۆرێک لەکۆی ٦٥ پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتییەکە ٣٠ پەرلەمانتار ژنە, کە دەکاتە ڕێژەی ٤٦.١٥٪ی هاوپەیمانێتییەکە، ئەم ڕێژەیە نزیکە لە نیوە, واتە وەک سیستەمی هاو (سەرۆکی) کە پارتەکانی نێو هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی، بەتایبەت هەدەپە و یەسەپە پەیڕەوی لێدەکەن. لە بەرامبەردا لە کۆی ٣٢٢ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی کۆمار تەنيا ٥٤ پەرلەمانتار ژنن, کە دەکاتە ڕێژەی ١٦.٧٧٪ی هاوپەیمانێتییەکە. هەروەها لەکۆی ٢١٣ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی میللەت تەنيا ٣٥ پەرلەمانتاری ژنی تێدایە, کە دەکاتە ١٦.٤٣٪ی هاوپەیمانێتییەکە, واتە بەگشتی ڕێژەی بەشداری ژنان وەک پەرلەمانتار لە هەردوو هاوپەیمانی کۆمار و میللەت وەک یەک وان.
ئەگەر بێتوو لەسەر بنەمای دابەشبوونی بەرەی ڕاستڕەو/ پارێزگار/ ئیسلامی و بەرەی چەپڕەو/ سێکیولار بەراوردی ڕێژەی بەشداری ژنان بکەین، دەبینین ژمارەی پەرلەمانتارانی ژن لەو فراکسیۆنانەی کە لە بەرەی ڕاستڕەون ٦٥ پەرلەمانتارە, کە دەکاتە ڕێژەی ١٦.٢٠٪ی ڕێژەی بەرەی ڕاستڕەو لە پەرلەمان. لە کاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی پەرەمانتارانی ئەم بەرەیە ٤٠١ کەسە. لە بەرامبەردا بەرەی چەپی تورکی لە پەرلەماندا ١٩٩ پەرلەمانتاری هەیە، لەم ژمارەیەش ٥٤ پەرلەمانتاری ژنن، ئەمەش ڕێژەی ٢٧.١٣٪ی فراکسیۆنەکە دەکات, بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەکۆی ئەو ٥٤ پەرلەمانتارە ژنەی بەرەی چەپ, ٢٨ پەرلەمانتار, واتە لە نیوە زیاتری سەر بە فراکسیۆنی یەسەپە و هەدەپە-ن.
بەکۆی گشتی ڕێژەی بەشداری ژنان لە پەرلەمانی تورکیادا ناگاتە یەک لەسەر چوار و ڕێژەی کۆتايی تێنەپەڕاندووە, کە ٢٠٪ بۆ ٣٠٪ دیاریکراوە. هەرچەندە بەشداری ژنان لەم خولەی پەرلەماندا بەراورد بە خولەکانی پێشوو زۆرترین ڕێژەی تۆمارکردووە، بەڵام هێشتا ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان ڕێژەکە بە کەم دەزانن و پێیان وایە ئەو بارودۆخە هۆکارێکە بۆ ئەوەی ستەمی سەر ژنان لەڕێگەی پرۆژە یاساکانی پەرلەمانەوە, کە ڕێژەی پێویستی نوێنەرانی ژنی تێدا نییە بەردەوام بێت (20).
هۆکاری سەرەکی بەشداری کەمی ژنان لە پەرلەمانی تورکیادا, بۆ ئاراستەی گشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گوتاری زاڵ لە میدیای تورکیدا دەگەڕێتەوە, کە هێشتا بەرەی ڕاستڕەو/ پارێزکار/ ئیسلامی هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە باڵادەستە.

خشتەی ژمارە (٢) دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان بەسەر هەردوو ڕەگەزدا ڕووندەکاتەوە(21).

ئەمجارە-یش بەرەی ڕاستڕەو زۆرینەی ڕەهای بردەوە
بە درێژایی مێژووی هەڵبژاردنەکان لە تورکیادا زۆربەی جار بەرەی ڕاستڕەو/ پارێزگار/ ئیسلامی سەرکەوتنی بەسەر بەرەی چەپڕەو/ سێکیولار-دا بەدەستهێناوە، بەجۆرێک هەندێک جار بەرەی ڕاستڕەو زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانی بردووەتەوە(22).
لەم هەڵبژاردنەشدا هەرچەندە لە کاتی بانگەشە و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا, بەهۆی هاوپەیمانی چەند پارتێکی ڕاستڕەو لەگەڵ بەرەی چەپڕەودا ڕێژەی کورسی بەدەستهێنراوی بەرەی چەپڕەو نزیک بوویەوە لە نیوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان. ئەوەی کە هەریەک لە پارتەکانی دەڤا، سەعادەت، ئایندە، پارتی دیموکرات و پارتی باش-ی لەگەڵ جەهەپە-دا کۆکردووەتەوە, دژایەتی ئەردۆگان و هەوڵی دوورستنەوەی ناوبراو بوو لە کۆشکی سەرۆکایەتيی کۆمار, بەڵام کاتێک ئەم هەوڵە شکستی هێنا ئیدی هاوپەیمانی میللەت-یش دابەشبووە و پارتە ڕاستڕەوەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە لە بابەتە ئایدۆلۆژییەکاندا مەحاڵە پشتیوانی لە جەهەپە بکەن.
لەبەرئەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لە فراکسیۆنی جەهەپە جیابوونەتەوە، نە تێڕوانینی خۆیان و نە تێڕوانینی حیزبەکەیان, جگە لە دژایەتیکردنی ئەردۆگان و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی لە دەسەڵات خاڵێکی هاوبەشی ستراتیجی ئەوتۆیان بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ جەهەپە-دا نییە، بۆیە پێشبینی دەکرێت نەک پشتیوانی فراکسیۆنی جەهەپە نەکەن, بەڵکو لە زۆرێک لەو پرۆژەیاسایانەی کە پەیوەستە بە ململانێی ئیسلامی/ڕاستڕەو لەگەڵ سێکیولار/چەپڕەو پشتیوانی فراکسیۆنی ئاکەپە/ هاوپەیمانی کۆمار و بەرەی دەسەڵات بکەن.
واتە لەو پرۆژە یاسا یاخود بڕیارانەی کە ڕەهەندی ئایدۆلۆژی و ململانێی چەپڕە و ڕاستڕەویان هەیە, جەهەپە، پارتی دیموکرات، هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی و پارتی چەپی دیموکرات تەنيا بە ١٩٩ پەرلەمانتار دەتوانن پشتیوانی لە بیری سیکیۆلاریزم و چەپڕەوی بکەن، ئەمەش کەمترە لە ڕێژەی یەک لەسەر سێی پەرلەمان.

بەڵام لەو پرۆژە یاسایەنەی پەیوەست بە بابەتی خزمەتگوزاری و سیستەمی کارگێڕيی دەوڵەتەوە, ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت تا ڕادەیەکی باش لە پەرلەمان ڕۆڵ بگێڕێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ٢٧٨ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی میللەت و هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادى, دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر لەسەر ڕەوتی داڕشتنی یاسا و بڕیارەکانی پەرلەماندا بگێڕن.
ئیدی لێرەوە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لە بابەتەکانی پەیوەست بە سیستەمی کارگێڕی و خزمەتگوزاری دێتە کایەوە، بەڵام لە بابەتە ئايدۆلۆژییەکاندا ئۆپۆزسیۆن لاواز دەبێت.

خشتەی ژمارە (٣) دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر هەردوو بەرەی ڕاستڕەو/ ئیسلامی لەگەڵ بەرەی چەپڕەو/ سیکیۆلار دەخاتەڕوو.

سەرکەوتووان و شکستخواردووانی پەرلەمان
ئەوەی ڕوونە ئاکەپە و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتنیان لە پەرلەمان و سەرۆکایەتيی کۆماری تورکیا بەدەستهێناوە و دەتوانن زۆرێک لە پرۆژە یاسا و بڕیارە ستراتیژییەکان تەنيا بە دەنگی ئەو ٣٢٣ ئەندام پەرلەمانەی خۆیان تێپەڕێنن. لە بەرامبەردا هەردوو هاوپەیمانی میللەت لەگەڵ هاوپەیەمانی ڕەنج و ئازاديی شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە بە هەردووکیشیان بێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنن. ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی میللەت لەچوارچێوەی لیستی جەهەپە-دا بە فیکری ئیسلامی/ڕاستڕەویەوە گەیشتوونەتە پەرلەمان، ئەگەری ئەوە هەیە بڕیار و پرۆژە یاساکانی پەیوەست بە بابەتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان و پرسی ئازاديی ڕادەربڕین, پێکهاتەی خێزان لەلایەن هاوپەیمانی کۆمارەوە و بە پشتیوانی ئەو پەرلەمانتارە ئیسلامییانەی ناو جەهەپە و هاوپەیمانی میللەت, بە ئاسانی تێپەڕێنرێت.
لەسەر ئاستی پارتە سیاسییەکانیشدا هەریەک لە ئاکەپە، جەهەپە، هەدەپە، یەسەپە، تیپ، پارتی باش، مەملەکەت، زەفەر، عەدالەت، لەو پارتانەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆیان بە زیان کۆتایی هاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنی هاوپەیمانی کۆمار و بردنەوەی زۆرینەی پەرلەمانی شکستەکەی ئاکەپە-ی شاردووەتەوە.
لە بەرامبەردا هەریەک لە پارتەکانی مەهەپە، پارتی خۆشگوزەرانی نوێ، هوداپار، دەڤا، سەعادەت، ئایندە، پارتی دیموکرات لەو پارتانەن کە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. مەهەپە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ ژمارەی پەرلەمانتارانی زیادیکردووە. پارتی خۆشگوزەرانی نوێ سەرەڕای ئەوەی تازە لە پارتی سەعادەت جیابووەتەوە و یەکەمجاریەتی بەشداری هەڵبژاردن بکات، بەبێ هاوبەشی لەگەڵ لیستی پەرلەمانتارانی ئاکەپە-یش توانیویەتی ٥ کورسی پەرلەمان بباتەوە. ئەمەش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ فاتیح ئەربەکانی سەرۆکی ئەو پارتە ئەژمار دەکرێت. سەرکەوتنی هەر ٤ کاندیدەکەی هوداپار لەچوارچێوەی لیستی کاندیدانی ئاکەپە-دا بە سەرکەوتنێکی بێوێنە و مێژوویی وێنا دەکرێت. هەریەکە لە پارتەکانی سەعادەت، دەڤا، ئایندە، پارتی دیموکرات کاندیدانی خۆیان لەچوارچێوەی لیستی جەهەپە-دا بەربژێر کرد، بۆیە چونە پەرلەمانی ١٠ کاندیدی سەعادەت، ١٠ کاندیدی ئایندە، ١٥ کاندیدی دەڤا و ٣ کاندیدی پارتی دیموکرات بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو پارتانە ئەژمار دەکرێت.

کۆتایی
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژاردنی هاوپەیمانێتییەکان بوو، دواجار پەرلەمان بەسەر هەردوو بەرەی ڕاستڕەو/ هاوپەیمانی کۆمار لەگەڵ بەرەی چەپڕەو/ هاوپەیمانی میللەت دابەشبووە و هاوشان لەگەڵ هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی.
بەو پێیەی هاوپەیمانی کۆمار بە سەرکردایەتيی ئاکەپە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدایە و پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیایش هەر لە دەستی خۆیدایە، پێشبینی دەکرێت زۆرێک لە پرۆژە یاسا و بڕیارەکانی هاوپەیمانی کۆمار و سەرۆک کۆمار بە ئاسانی تێپەڕێنرێت، لە بەرامبەردا پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا ئاڵنگاريی سەختى بخرێتە بەردەم.
هەرچەندە هەریەک لە هاوپەیمانی میللەت و هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی, لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بەجیا وتە و بۆچوونیان هەبێت، بەڵام بەهۆی نزیکی ئایدۆلۆژیا و بۆچوونیان لەڕووی چەپبوون و ئۆپۆزسیۆنبوونەوە, دەکرێت لە باردۆخە هەستیارەکاندا وەک یەک هاوپەیمانی یاخود فراکسیۆن مامەڵە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی کورسییەکانی هەردوو هاوپەیمانێتییەکە بریتییە لە ٢٧٨ کورسی، بەمجۆرە هێشتا ناتوانن ململانێی هاوپەیمانی کۆمار بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا جیابوونەوەی ٣٩ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جەهەپە و دروستکردنی فراکسیۆن بەناوی پارتەکانی خۆیانەوە، قەبارەی جەهەپە-ی لە پەرلەماندا کەمتر کردووەتەوە، بەجۆرێک بووتە هۆی دابەشبوونی هاوپەیمانی کۆمار و کەمبوونەوەی هێزی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی تورکیادا. هەروەها نزیکی پەرلەمانتارانی پارتەکانی دەڤا، سەعادەت و ئایندە لە بەرەی ڕاستڕەو ئومێدی بە پشتیوانانی بیری پارێزگار/ ئیسلامی بەخشیوە, کە پەرلەمانتارانی ئەو سێ پارتە بە ٣٥ پەرلەمانتارەوە دەتوانن بە ئاسانی فراکسیۆنێکی نوێ و جیاواز لە فراکسیۆنی جەهەپە یان هاوپەیمانی میللەت دروست بکەن، لە هەمانکاتدا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەى بەرەی ڕاستڕەو لە پەرلەمانی تورکیادا دەکات بە زۆرینەی ڕەها، بەمجۆرە بە ئاسانی دەتوانن سەرجەم پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکان بەدڵی خۆیان تێپەڕێنن.
لەلایەکی دیکەوە نزیکی پارتی خۆشگوزەرانی نوێ و هوداپار لەڕووی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و توندییەوە لە یەک، لە هەمانکاتدا لە هەندێک بابەت و بارودۆخکدا پێویستی ئاکەپە بە بوونی فراکسیۆنێکی بەدەر لە فراکسیۆنەکەی خۆی, دەکرێت پاڵ بە ئاکەپەوە بنێت لەڕێگەی پێدانی چەند پەرلەمانتارێک بە هوداپار و پارتی خۆشگوزەرانی نوێ, فراکسیۆنێکی نوێ لە پەرلەمان دروست بکەن، بەڵام دواجار ئەو فراکسیۆنە لە خزمەتی ئاکەپە و هاوپەیمانی کۆماردا دەبێت.
کەواتە ئاکەپە و هاوپەیمانی کۆمار لەڕێگەی بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و لە هەمانکاتدا کورسی سەرۆک کۆمار، دەتوانێت زۆرێک لە پرۆژە یاسا و بڕیارەکان بەوجۆرەی خۆی دەیەوێت و لە بەرژەوەندیدایە لە پەرلەمان تێیپەڕێنێت و ئۆپۆزسیۆنێکی پەرتەوازە لە چوارچێوەی دوو هاوپەیمانێتیدا ئەگەر یەکیش بگرن، نەتوانن بەر لە مۆنۆپۆلی پەرلەمان لەلایەن ئاکەپە و مەهەپە-وە بگرن.


سەرچاوەكان
(1) -https://www.yenisafak.com/secim-katilim-orani-2023-toplam-secmen-sayisi-orani-gecerli-ve-gecersiz-oy-sayisi-kac-h-4531048
(2) -https://www.verikaynagi.com/grafik/turkiyede-genel-secimlere-katilim-oranlari/
(3) -https://www.gazeteduvar.com.tr/secim/14-mayis-2023-genel-secim-sonuclari
(4) -https://www.sozcu.com.tr/secim2018/sonuclari/mhp/
(5) -https://tr.wikipedia.org/wiki/T%C3%BCrkiye%27de_se%C3%A7imler
(6) -https://secim.aa.com.tr/
(7) -https://www.birgun.net/haber/hdp-ve-yesil-sol-partiden-secim-sonuclarina-iliskin-aciklama-437312?utm_source=webpush
(8) -https://www.sozcu.com.tr/2023/gundem/yeni-milletvekilleri-belli-oldu-iste-600-isim-7684689/
(9) -https://www.ysk.gov.tr/doc/karar/dosya/1542793/2023-643.pdf
(10) -https://www.sozcu.com.tr/2023/gundem/yeni-milletvekilleri-belli-oldu-iste-600-isim-7684689/
(11) -https://ilkha.com/siyaset/huda-parin-her-4-adayi-da-meclise-giriyor-329212
(12) -https://www.mepanews.com/deva-gelecek-ve-saadetten-tbmmde-ortak-grup-karari-60784h.htm
(13)- https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/hdp-ve-yspde-kurultay-sureci-2090742?utm_medium=ilgili%20Haberler&utm_source=Haber%20Detay&utm_campaign=ilgili%20Haberler
(14) -https://www.yeniakit.com.tr/haber/huda-parin-4-millet-vekili-kendi-partilerine-gecis-icin-1764958.html
(15) -https://www.tbmm.gov.tr/sandalyedagilimi
(16) -https://www.tbmm.gov.tr/sandalyedagilimi
(17) – سیستەمێکی تایبەتە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کەمینەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦١ لە سەردەمی فەرمانڕەوایی جۆن کەنەدی لە ئەمریکا بۆ بەشداری ڕەشپێستەکان لە هەڵبژاردنەکان و نوێنەرایەتییان لە کۆنگرێس پەیڕەوکرا، دواتر ژنان داوایانکرد ئەو سیستەمە بۆ بەشداری ئەوانیش جێبەجێبکرێت، لە ساڵی ١٩٩٥ لە کۆنگرەی چوارەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەکینی پایتەختی چین بە فەرمی بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی سێستەمی کۆتا بۆ بەشداری ژنان لە کایە جیاوازەکانی ژیان و بەتایبەت لە سیستەمی سیاسی و فەرمانرەوایی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان، ئەمەش زیاتر لەڕێگەی جیاکردنەوەی ڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ بەشداری و نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە هەڵبژاردنەکان, بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا جێبەجێدەکرێت، ئەو ڕێژەیەی بۆ بەشداری ژنان لە پەرلەمان و کایە جیاوازەکاندا دیاریکراوە, بەپێی وڵات و پارتە سیاسییەکان دەگۆڕێت و بەگشتی لەنێوان ٢٠٪ بۆ ٣٠٪دایە.
(18) -https://www.bbc.com/turkce/articles/ck7dr8x17p2o
(19) -https://www.youtube.com/watch?v=ylvI6RTbWI0
(20) -bbc.com/turkce/articles/cn0e1je0zm6o
(21) -https://www.tbmm.gov.tr/sandalyedagilimi
(22) -https://tack.krd/details.aspx?id=1880

 

Send this to a friend