• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 29, 2020

پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لە چوارچێوەی خاڵی سنووریی ئۆڤاکۆی

لە ژمارە 2ی تەمووزی2020ی گۆڤاری ئایندەناسی دا بڵاوکراوەتەوە

نووسین: فاتیح موسلو

وەرگێڕان: هێمن محەمەد قادر

بەرایی

 

(تێبینی: لەبەر درێژی توێژینەوەکە و ناپێویستی و پەیوەستنەبوونی بە دۆسێی ئەم ژمارەیەی ئایندەناسییەوە، هەندێ بەشی ئەم توێژینەوە وەرنەگێڕدراوە )

 

پوختە

لەم توێژینەوەیەدا کاریگەریی کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی(OVAKÖY) لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هەرێمی تورکیا؛ بەوردی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە. پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەیەکی نوێ نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەم ماوانەی دواییدا دووبارە هاتۆتەوە بەر باس و بووە بە پرسێکی هەنووکەیی. زۆرێک لە بەرپرسان لە کاتی باسکردنی ئەم خاڵە سنوورییەدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێویستە بە زووترین کات دەست بە کارکردن لەم پڕۆژەیەدا بکرێت. لە دۆخی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، لە زۆر ڕووەوە کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغداد دادەنێت.

لە ڕووی ئابوورییەوە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەسەندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراق، لە ڕێگەی پێکەوەبەستنی هەردوو وڵات لە ڕێگای هێڵێکی ڕاستەوخۆوە. بونیادنانی خاڵێکی سنووری نوێ کە ببێتە جێگرەوەی خاڵی سنووریی «خابور»، هەر بەتەنیا نابێتە هۆی کەمکردنەوەی کرێی گواستنەوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی دوو لایەنە و زیادبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ناوچەکە.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، بێگومان ڕەنگدانەوەی سیاسییشی دەبێت. ئەم دۆخە نوێیە لەپاڵ کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، لە هەمان کاتدا چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان(١) لە لایەک و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش لە لایەکی دیکەوە هەبێت. بونیادنانی هێڵێکی بازرگانیی نوێ و پاراستنی ئاسایشی ئەم هێڵە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە کە لە ئۆڤا کۆییەوە تا بەغداد درێژ دەبێتەوە، لەپاڵ زیادبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، ڕێگا بۆ چالاکبوونی زیاتری تورکیاش لە ناوچەکە خۆش دەکات.

چالاکبوونی زیاتری تورکیا لە ناوچەکە و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، ڕێگە بۆ پێداچوونەوە و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا خۆش دەکات. گەر بێتوو لە ڕوانگەی هاوسەنگیی سیاسییەوە لە نێوخۆی عێراقدا بنۆڕینە ئەم دۆخە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەنکەرە و بەغداد، پێگەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەهێزتر دەکات. بەم جۆرە لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، جێگیری و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، دەبێتە هۆی دانانی خاڵی دەستپێکێکی نوێ لە بەگژداچوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (K.K.P) لە ناوچەی شەنگال، کە ماوەیەکی درێژە گفتوگۆی لە بارەی ئەنجامدانی چالاکی لەو ناوچەیە دەکرێت.

بەرایی

ئۆڤا کۆی لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە نزیک خاڵی سنووریی خابور لە ناوچەی بەیەکگەیشتنی سنووری نێوان دەوڵەتانی تورکیا، عێراق و سووریا. ئەم ناوچەیە لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە بە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگ دادەنرێت. لە بەری ئەم بەرەوەی ناوچەی ئۆڤا کۆی، ناوچەی «فیشخابور» دێت کە دەکەوێتە نێو سنووری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. ماوەیەکی درێژە تورکیا پرسی کردنەوەی خاڵێکی سنووریی نوێی لە ڕێگای دەروازەی ئۆڤا کۆییەوە لەگەڵ عێراقدا هێناوەتە بەر باس و بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجەش، لە پەیوەندیی بەردەومدایە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا(1).

جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، دەرفەتی کرانەوەی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق لە ڕێگای هێڵێکی ڕاستەوخۆوە دەڕەخسێنێت. بەگوێرەی لێکدانەوەکان، ئەم ڕێگا بازرگانییە بە ناوچەکانی ئۆڤا کۆی، فیشخابور، تەلەعفەر، موسڵ و بەغدادا تێدەپەڕێت و تاوەکوو بەسڕە لە باشووری عێراق درێژ دەبێتەوە. ئەم کارەش دەبێتە هۆی ئازادکردنی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە خاڵی سنووریی خابور کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، لە هەمان کاتدا دەرفەت بۆ هەردوو وڵات دەڕەخسێنێت تاکوو بە شێوازێکی باشتر مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن.

لە ڕووی سیاسییشەوە، پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ئەم پڕۆژەیە کۆمەڵێک دەرهاویشتەی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێتە كایەوە. ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتادا دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، تاکوو پێگەی خۆی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات. ئەم بابەتە لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە گرنگیی زیاتری بەدەست هێناوە، بەتایبەتی دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، بە مەبەستی سەربەخۆیی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە 25/9/2017. زیاد لەوەش دابینکردنی ئاسایش بە درێژایی ئەم هێڵە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، دەبێتە هۆی فراوانکردنی ڕووبەری دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی و بەهێزکردنی پێگەکەی لە ڕووی سیاسییەوە لە نێوخۆی عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەسەر حکومەتی بەغدا كە ئاسایشی ناوچەکانی موسڵ و تەلەعفەر بپارێزێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە شانە نووستووەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و گرووپە جیاوازەکانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆ گرتووە، بە پێچەوانەی ئەمەوە تەنانەت بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەش، کێشەی ئەمنی لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت. گەر لە ڕوانگەی تورکیاوە بنۆڕینە ئەم بابەتە، ئەوا بونیادنانی هێڵێکی نوێی بازرگانی کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە پارێزگاریی لێ بکرێت، بە هۆی سەقامگیریی زیاتری سنوورەکانی باشووری تورکیا، دەرگا بۆ کۆمەڵێک پەرەسەندنی نوێ دەکاتەوە.

 پاش ئەوەی ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، تورکیاش دەتوانێت کۆمەڵێک هەنگاوی نوێ بنێت بۆ بەگژداچوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ تێکشکاندنی ئەم ڕێكخراوە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ناوچەکە کە لەلایەن ئەم پارتەوە دەقۆزرێتەوە. کۆنترۆڵکردنی ناوچەی شەنگال کە بە خاڵی سەرەکیی پێکەوەبەستنەوەی قەندیل و باکووری سووریا دادەنرێت، لە پلانی ماوەدرێژی تورکیادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، چانسێکە کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت دەستبەرداری  بێت.

ئەم توێژینەوەیە لە سێ بەش پێک هاتووە: لە بەشی یەکەمدا تیشک خراوەتە سەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، ئەو هۆکارانە خراونەتە ڕوو کە کار دەکەنە سەر پەیوەندیی دوو لایەنەی نێوان هەردوو وڵات. لە بەشی دووەمدا کاریگەرییەکانی کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و ڕۆڵی ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی ئابووری و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە بەشی سێیەم و کۆتاییشدا تیشک خراوەتە سەر کاریگەریی ناوچەی شەنگال و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕوانگەی ئاسایشی تورکیاوە.

پەیوەندیی بازرگانیی دوو لایەنەی  تورکیا و عێراق

لە ڕووی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانییەوە، عێراق بە یەکێک لە گرنگترین ئەو وڵاتانە ئەژمار دەکرێت کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ تورکیادا هەیە و جێگەی گرنگیپێدانی ئەو وڵاتەیە. بە ڕوانین لە قەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەم ساڵانەی دواییدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم پەیوەندییانە گەشەسەندنی دیاری بەخۆیەوە بینیوە. لە کاتێکدا قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای تورکی بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، تەنیا نزیکەی ٧٥,٢ ملیار دۆلار بووە، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٧ قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای تورکی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بۆ نزیکەی ١,٩ ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە(2). وەک دەبینین لە ماوەیەکی کەمدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بە هۆی پلانی گونجاو و پەیڕەویکردنی سیاسەتی دۆستانەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و چاوەڕوانی گەشەسەندنی زیاتریشی لێ دەکرێت(3). بەتایبەتی پاش پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، بەردەوامیی کردەوە توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو تاکوو ساڵی ٢٠١٠، زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە گەیاندووە. هەوڵدان بۆ دووبارە بونیادنانەوە و سڕینەوەی شوێنەواری ئەو کاولکارییانە لە ڕوانگەی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە، دەرفەتێکی گونجاوە بۆ زیاتر پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئەو پەیوەندییانە.  گەر بێتوو هەنگاوی پێویست لەم بارەوە بنرێت، ئەوا بێگومان بە سوودی هەردوو وڵات کۆتایی دێت.

لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک ڕووداو کاریگەرییان هەبووە لەسەر چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، لەوانە: سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکە، هۆکار بوو بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات. دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و فراوانبوون و درێژبوونەوەی نفوزی دەسەڵاتی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە تاوەکوو بەغدا، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ نەمانی ئاسایشی ڕێگا وشکانییەکان و وەستانی  جموجووڵ و چالاکیی ئابووری و بازرگانی.

 بەر لە سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کۆمپانیا تورکییەکان لە ڕێگەی هێڵی زاخۆ، موسڵ، تکریت، بەغداد و بەسڕەوە، کاڵا و کەلوپەلەکانیان دەگواستەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر خاکی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی سەر بەم ڕێکخراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە، ڕێگای زاخۆ-موسڵ–تکریت–بەغداد-بەسڕە چیتر پارێزراو نەبوو بۆ ئەنجامدانی کار و جووڵەی بازرگانی. بۆیە کۆمپانیا تورکییەکان ناچار بوون کە چالاکییە بازرگانییەکانیان لە ڕێگەی هێڵی زاخۆ، دهۆک، هەولێر، کەرکووک، بەغدا و بەسڕەوە بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجام بدەن. واتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوون، چیتر بۆ ئەنجامدانی چالاکیی بازرگانی بەکار نەدەهێنرا.

بە درێژایی ئەم ماوەیە، چالاکییە بازرگانییەکانی تورکیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ڕێگای خاڵی سنووریی خابورەوە بەردەوام بووە و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە تێیدا کە جێگەی باس بێت. لە قۆناغی یەکەمدا چالاکییە بازرگانییەکان لە ڕێگەی هێڵی زاخۆ و دهۆک و هەولێرەوە ئەنجام دەدرا، لە قۆناغی دواتردا تورکیا چالاکییە بازرگانییەکانی لەم هێڵەوە بەرەو سلێمانی و خانەقین و لەوێشەوە بەرەو ناوچەکانی بەغداد و بەسڕە درێژ کردۆتەوە.

 لەگەڵ ئەوەشدا ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و جیاوازیی بڕی گومرگ بۆ هەر جۆرە کاڵایەکی دیاریکراو، بۆتە هۆکاری زیادبوونی کرێ و درێژبوونەوەی ماوەی گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵا هەناردەکراوەکان، بە جۆرێک ئەو کۆمپانیا تورکییانەی کە لە عێراق کار دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ململانێ سیاسییەکانی نێوخۆی عێراق بۆتە هۆی زیادبوونی خەرجییەکانیان. ئەم کۆمپانیایانە ناڕەزایەتییان نیشان داوە لەبەرامبەر وەستاندنی بارهەڵگرەکانیان بە درێژایی ڕێگاکان و چاوەڕوانیکردنیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە خاڵە گومرگییەکان.

کۆمپانیا تورکییەکان، چ لە ئەنجامی ململانێ سیاسییەکانی نێوخۆی عێراقەوە بێت یاخود بەسنەبوونی خاڵی سنووریی خابور بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، هەوڵیان داوە بۆ گرتنەبەری ڕێگای نوێ وەک شوێنگرەوەیەک بۆ خاڵی سنووریی خابور، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە ڕێگەی تێپەڕین بەو خاڵە سنوورییانەی کە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراوە. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە کۆمپانیا تورکییەکان لە ڕێگای بەکارهێنانی خاڵی سنووریی «جوربولاک» كە لە ناوچەی «ئاگری»ەوە دەچنە خاکی ئێران و دواتر لە ڕێگای خاڵی سنووریی «مێهران» لە خاکی ئێران، شمەک و کاڵاکانیان دەگوازنەوە بۆ عێراق. لە کاتێکدا ئەم هێڵە کە وەک جێگرەوەیەک بۆ خاڵی سنووریی خابور تەماشا دەکرێت، لە ڕووی درێژیی ماوەی ڕێگا و زۆریی خەرجیی گواستنەوەوە؛ کەمتر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانی.

یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی کۆمپانیاکانی هەناردەکردن دەبێتەوە، بریتییە لە گرفتی دڵنیایی جۆری و پشکنینی کوالێتی بۆ جۆری کاڵاکان و پێدانی بەڵگەنامەی ڕێگەپێدان بە مەبستی هاتنەناوەوە، ئەم کردارە بە «پشکنینی کوالێتیی کاڵا بەر لە گواستنەوە» ناسراوە. هەر چەندە تێکڕای شمەک و کاڵاکان لەلایەن پەیمانگای ستانداردی تورکییەوە بۆ کوالێتیی كۆنترۆڵ؛ بەڵگەنامەی ڕێگەپێدانیان هەیە، بەڵام ئەم بەڵگەنامانە لەلایەن هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندکراو نییە و گرفتی بۆ دروست دەکرێت. سەرباری ئەمە، هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ سیستمی جیاواز بۆ پشکنینی کوالێتیی کاڵاکان بەکار دێنن و پەیڕەوی لە سیستمێکی یەکگرتووی دڵنیایی جۆری ناکەن(4).

دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی «Bureau Veritas» و «TÜV Rheinland»، بۆ کوالێتیی کاڵا کار دەکات(5). هەر چی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە (1/7/2017)ەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ کۆمپانیای «Intertek Test»دا گرێبەستی کردووە و پشت بە بەڵگەنامەی ڕێگەپێدانی ئەم کۆمپانیایە دەبەستێت بۆ هاتنەناوەی شمەک و کاڵا(6). کۆمپانیا تورکییەکان بەگوێرەی بڕی بەهای کاڵای گواستراوە، ناچارن بڕێکی دیاریکراو لە باج بدەن بەم کۆمپانیایانە لەبەرامبەر پشکنینی شمەک و کاڵاکانیان. بۆ نموونە؛ ئەگەر بێتوو بەهای کاڵای گواستراوە لەنێوان ١٠ بۆ ٦٠ هەزار دۆلار بێت، ئەوا پێویستە بڕی ٧٥٠ دۆلار بە کۆمپانیای «Intertek Test» بدرێت. بەڵام ئەگەر بێتوو بەهای کەلوپەل و کاڵاکان لەسەروو ١٠٠ هەزار دۆلارەوە بێت، ئەوا بڕی باجی دیاریکراو بۆ ١١٠٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە.

تورکیا بۆ ڕێگریکردن لەم دۆخە، دەتوانێت لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا ڕێک بکەوێت و بڕی تێچوو لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی کەم بکاتەوە. بۆ نموونە؛ تورکیا بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی پەیمانگای ستانداردی تورکی بۆ کوالێتیی کاڵا لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقییەوە، دەتوانێت هاوکاریی عێراق بکات لە دامەزراندنی پەیمانگایەکی هاوشێوە لە ڕێگەی دابینکردنی پێدانی مەشقی پێویست و بونیادنانی ژێرخانی دامەزراوەکە. سەرباری هەموو ئەمانە، پێویستە تورکیا لە بازرگانیکردنی لەگەڵ عێراقدا خۆی لەو باجانە ڕزگار بکات کە لەلایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانەوە سەپێنراوە. کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی وەک هێڵێکی بازرگانیی نوێ لەنێوان تورکیا و عێراقدا، خزمەتێکی باش بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەکات. واتە پێویستمان بە گرتنەبەری هەنگاوێکە، کە ئەنجامگیریی سیاسیی نوێ بەرهەم بێنێت و پێگە و دەسەڵاتی سیاسیی هەولێر لاواز بکات.

یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراقدا هەیە، بریتییە لە ناجێگیری و بەرز و نزمیی نرخی نەوت. لە ٨٥٪ی بودجەی بنەڕەتیی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق، پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. بەرز و نزمیی بەردەوامی نرخی نەوت، وای کردووە بودجەی دەوڵەتی عێراق ناجێگیر بێت(7). بڕی بودجەی تەرخانکراوی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨، بریتی بووە لە ٨٥ ملیار دۆلار، كە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلاری لە ڕێگای داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە هاتووەتە خەزێنەی دەوڵەت(8). لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧، بە هۆی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان و تەقاندنەوەی هەندێک لە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە، زیانێکی گەورەی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. بە جۆرێک لە ماوەی نێوان ئەم ساڵانەدا، عێراقی لە ملیارەها دۆلاری داهاتی نەوت بێبەش کردووە.

پاش جێبەجێکردنی بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، دەوڵەتی عێراق لە مانگی ١١ی ساڵی (٢٠١٨)ەوە توانیویەتی داهاتی زیاتر دەست بخات لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکەوە بۆ بەندەری «جەیهان»ی تورکی لە ڕێگای هێڵی هەناردەی بۆریی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. سەرباری هەموو ئەو زیانانەی کە لە پێشووتردا بەر داهاتی نەوتی عێراق کەوتووە، ئەم دۆخە نوێیە گرنگییەکی زۆری هەبووە لە گەشەسەندنی ئابووریی عێراقدا. تەنها لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٨، دەوڵەتی عێراق لەبەرامبەر ناردنی ٢٦٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەندەری جەیهان، بڕی ١٦ ملیۆن دۆلار داهاتی دەست کەوتووە، لە هەمان ماوەدا عێراق بڕی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بەسڕەوە هەناردە کردووە و توانیویەتی نزیکەی ٦ ملیار دۆلار بەدەست بێنێت(٩). ئەگەر بێتوو بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکووک بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرز ببێتەوە، وەک پلانی بۆ دادەنرێت، ئەوا لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەجێ دەهێڵێت.

یەکێکی دیکە لەو پەرەسەندنانەی کە هۆکار بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هێز و خراپیی دۆخی ئابووری لە عێراق، بریتییە لەو گشتپرسییەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی سەربەخۆیی لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ئەنجام درا، كە ئەمەش بە سوودبینین بوو لەو بۆشاییە سیاسی و کارگێڕییەی کە لە ئەنجامی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دەسەڵاتی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە ناوچەکە دروست ببوو. هاوتا لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گەڕانەوە بۆ مادەی ١٤٠ لە دەستووری فیدراڵیی عێراق، شاری کەرکووکی خستە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە، بەو پێیەی کەرکووک بەشێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان(10). بەم شێوەیە داهاتی نەوتی دەرهێنراوی کەرکووک لەبریی دەوڵەتی ناوەندی؛ کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی هەولێرەوە، بەڵام پاش ئەوەی هێزەکانی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ توانییان ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەنەوە کە لەژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوو، کەرکووکیان گەڕاندەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق.

ئەم ڕووداوانە سەرباری ئەوەی بوون بە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی مەسعوود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق گەیاندە خاڵی بنبەست. پاش هاتنەئارای ئەم دۆخە نوێیە، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ڕادەست بکات، بەڵام ئەم داوایەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەت کرایەوە. زیاد لەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەڕمی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە هەر جۆرە دەستتێوەردانێک ڕەت دەکاتەوە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆنۆمییەکەی(11).

لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئاڵۆزیی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، کاریگەریی خراپی هەبووە بۆ سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق.  بۆ نموونە؛ لە ئەنجامی ئەو لێکتێنەگەشتنانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، لە ئێستادا لەنێو خودی عێراقدا زیاد لە باجێکی گومرگی وەردەگیرێت. دەسەڵاتی كارگێڕیی بەغداد بە دانانی خاڵی گومرگیی زیادە لەسەر ڕێگای هەولێر-کەرکووک و سلێمانی-کەرکووک، جگە لەو باجەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراوە، دووبارە باج لەو شمەک و کاڵایانە وەردەگرێتەوە کە لە دەروازە سنوورییەکان هەرێمەوە هاوردەی عێراق دەکرێت. ئەنجامی ئەم جۆرە مامەڵەیە، سەپاندن و وەرگرتنی باجی گومرگییە لە دوو جێگەی جیاواز لە نێوخۆی یەک وڵاتدا، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت بۆ سەر زۆرێک لەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری هەناردەکردندا کار دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی کاربەدەستانی هەردوو لا لە چەندین بۆنەدا بەڵێنی ئەوەیان داوە کە خاڵە گومرگییەکان کەم بکەنەوە بۆ یەک خاڵ و کار بۆ پەیڕەوکردنی شێوازێکی گومرگیی هاوبەش بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نەتوانراوە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت(12). سەرباری هەبوونی خاڵە گومرگییەکان، کۆمپانیاکانی هەناردەکردن کە لە ناوچەکەدا کار دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە لە کاتی گواستنەوەی بەرهەمەکانیان، ڕووبەڕووی کردەوەی توندوتیژ دەبنەوە، ئەمەش لە ڕووی دەروونی و ئابوورییەوە دەبێتە هۆی دروستکردنی گرفت بۆیان. تەنانەت لە هەندێک لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، شۆفێرە تورکەکان لەلایەن هەندێ گرووپی چەکدارەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و بەزۆر سەرانەیان لێ وەر دەگیرێت. سەرباری سەرجەم هەوڵەکانی کەناڵە فەڕمییەكانی تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتانە، بەڵام تا ئێستا سەرجەم هەوڵەکان بێسوود بوون و بەردەوامیی ئەم دۆخەش؛ زیان بە بازرگانیی تورکیا لەگەڵ عێراق دەگەیەنێت.

لە ئێستادا پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کەوتۆتە ژێر کاریگەریی چەندین هۆکار، لەوانە: کێشەی ئەمنی و ناسەقامگیریی ناوچەکە، قەیران و ململانێ سیاسییەکانی نێوخۆی عێراق، کە بە شێوەیەکی دیار کاری کردووەتە سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان. تورکیا بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لەم کاریگەرییانە، پێویستە بەدوای دەروازەیەکی نوێدا بگەڕێت. لەم ڕووەوە پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی زۆر بەسوود دەبێت، ئەم پڕۆژە یارمەتیی تورکیا دەدات تا بە شێوەیەکی ئاسانتر دەستی بگات بە نێوخۆی عێراق. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، پێویستە پاش ئەوەی حکومەتی تورکیا ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکات کە دەکەوێتە سەرشانی، دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش بە ئەرکی خۆی هەستێت و هەنگاوی هاوشێوە بنێت بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە. بە مانایەکی تر: بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە.

بەگوێرەی ئەو پێشنیارەی کە تورکیا بۆ حکومەتی عێراقی کردووە، ئەم خاڵە سنوورییە لە ئۆڤا کۆییەوە دەست پێ دەکات و پاش تێپەڕین بە ناوچەکانی تەلەعفەر و موسڵ تاوەكوو بەغداد و بەسڕە درێژ دەبێتەوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت هەردوو لا لە ڕێگەی هێڵێکی ڕاستەخۆوە پێکەوە ببەسترێنەوە، بەبێ ئەوەی پشت بە هەرێمی کوردستان ببەسترێت. لەبەرامبەر ئەمەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق لە ڕێگای خاڵی سنووریی خابورەوە بەردەوام بێت و لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بمێنێتەوە.

بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی کە پێی وایە دەروازەی سنووریی خابور بەس نییە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراقدا، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێویست بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی دیکە ناکات و دەتوانرێت لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی خابورەوە بەردەوامی بە چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدرێت. بەڵام ئەگەر بێتوو لە ڕوانگەی تورکیاوە سەیری دۆخەکە بکەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە چالاکیی بازرگانیی ساڵانە بە بەهای ملیارەها دۆلار لەنێوان دوو وڵاتدا بەتەنیا لە ڕێگای یەک دەروازەی سنوورییەوە، کارێکی پڕ گرفتە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە ناکات.

سەرباری ئەمە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هێزە چەکدارەکانی تورکیا و سوپای عێراق، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش. لە ڕێگەی گرتنەبەری ئەم هەنگاوە هاوبەشانەوە، لەپاڵ زیادکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە كە لە ڕێگەی فشار خستنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەتوانرێت هەوڵەکانی دەسەڵاتی کوردی بۆ سەربەخۆیی بوەستێنرێت. وەک ئەوەی زۆرێک لە سەرکردە سیاسیەکانی بەغداش ئاماژەی بۆ دەکەن، گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژموون و نفوزی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەر چەندە لەپاش گشتپرسیی هەرێمی كوردستان، «مەسعوود بارزانی» لە ڕێگەی سەردانیکردنی بۆ بەغدا؛ هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادی دابێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغداد پێیان وایە پێویستە سوور بن لەسەر هەڵوێستە توندەکانیان بەرامبەر بارزانی(13).

بە کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، جگە لە تورکمانەکانی ناوچەی موسڵ و تەلەعفەر، تورکمانەکانی کەرکووکیش دەتوانن سوودمەندبن لە جووڵە و چالاکییە بازرگانییەکانی ناوچەکە. ئەو هەنگاوانەی کە تورکیا دەیگرێتە بەر بە مەبەستی پاراستنی ئەم هێڵە، لە ماوەیەکی درێژدا دەبێتە هۆی زیادبوونی دەسەڵات و نفوزی تورکیا لە ناوچەکە. لە کاتی هاتنەئارای پڕۆسەی دووبارە ئاوادانکردنەوە و بونیادنانەوەی ئەو ناوچە سوننەیانەی کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە زیانیان بەر کەوتووە، دووبارە کاریگەریی تورکیا لەسەر دانیشتووانی سوننیی ناوچەکە دەردەکەوێتەوە. بێگومان ئەم دۆخە کاریگەریی دیاری دەبێت لە ڕێگریکردن لە بەردەوامیی هەژموونی دەسەڵات و فراوانخوازیی شیعە لە ناوچەکە.

کاریگەریی پڕۆژەی ئۆڤا کۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق

کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، لە زۆر ڕووەوە کاریگەریی دەبێت بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق. گەر لە ڕووی ئابوورییەوە لەم پڕۆژەیە بڕوانین، ئەوا بێگومان دەبێتە هۆی پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت دوای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا ئەم پەیوەندییانە نزیکبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕوانگەی تورکیاوە، عێراق بە یەکێک لە گرنگترین دەوڵەتە هاوردەکارەکانی ناوچەکە دادەنرێت. لە ڕوانگەی عێراقەوە، تورکیا لەپاڵ هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چین و هیندستان بە یەکێک لە گرنگترین دەوڵەتە بازرگانییەکانی جیهان دەژمێردرێت(14). سەرباری هەبوونی ئەم دەرفەتە باشە لە بواری کار و بازرگانیدا، بەڵام نەبوونی چەند دەروازەیەکی سنووری بۆ گەیاندنی بەرهەمەکان بە عێراق، بە مەبەستی دابەشکردن و ساغکردنەوەیان، گرفتی لەبەردەم کار و جووڵەی بازرگانیدا دروست کردووە.

گواستنەوەی شمەک و کاڵاکان بۆ عێراق، لە ڕێگەی وشکانییەوە ئەنجام دەدرێت. بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە بە هۆی بارودۆخی ئەمنیی عێراق، وەرگرتنی باجی گومرگی لەلایەن هەریەک لە هەولێر و بەغدادەوە، گەڕانەوەی بارهەڵگرەکان لە عێراقەوە بەبەتاڵی؛ دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە. لەبەر ئەوە کردنەوەی ڕێگایەک کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تورکیا و عێراق پێکەوە ببەستێتەوە، کارێکی زۆر گرنگە. کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی کە لەم ساڵانەی دواییدا زۆر باسی لێوە دەکرێت، لەم ڕووەوە  کارێکی گرنگە. تورکیا لە ڕێگەی هێڵێکی ڕاستەوخۆوە کە بە ناوچەکانی ئۆڤا کۆی، تەلەعفەر و موسڵدا تێدەپەڕێت، دەرفەتی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەغدادا بۆ دەڕەخسێت. هەر چی عێراقیشە، بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، سەرباری ئەوەی لە ڕێگەی هێڵێکی ڕاستەخۆوە دەرفەتی پەیوەندیکردنی لەگەڵ تورکیادا بۆ دەڕەخسێت، لە هەمان کاتدا بە هۆی کەمبوونەوەی بڕی تێچووەوە، نرخی ئەو شمەک و کاڵایانەی کە لە تورکیاوە دێت، دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە کە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی ئابووری بۆ هەردوو وڵات، پێویستی بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک مەرج هەیە. وەک دەزانرێت ئۆڤا کۆی دەکەوێتە ناوچەی «شرناخ»ەوە، ئەم ناوچەیە بە هۆی نزیکیی لە سنووری عێراقەوە، خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژییە و دەکرێت ببێتە شوێنگرەوەیەک بۆ خاڵی سنووریی خابور. بەڵام بەری ئەوبەری ئەم خاڵە سنوورییە کە ناوچەی فیشخابورە، لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی کرداری بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە سەرەتا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق فیشخابور بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و وەک هەنگاوی دواتر پێویستە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و عێراق سوور بن لەسەر وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەش بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانەی کە بەم هۆیەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دێتە ئاراوە.

وەرگرتنی هەڵوێستێکی لەم چەشنە، ڕەنگە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق کارێکی قورس بێت، بە هۆی ئەو فشارانەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دەکرێتە سەری، لەبەر ئەوەی فیشخابور بە یەکێک لەو دەروازە سەرەکییانە دادەنرێت کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بەکار دەهێنرێت بە مەبەستی ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ هێزەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (PYD)(15). لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە لە سەرەتادا چاوەڕوانیی ئەوە نەکرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵوێستێکی ئەرێنیی هەبێت بەرامبەر کردنەوەی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، چونکه لە ئەنجامدا هەرێمی كوردستان لە چەندین ڕووی جیاوازەوە گرنگیی زۆری هەیە بۆ ئەمەریکا. لە دۆخی کردنەوەی هێڵی بازرگانیی «ئۆڤا کۆی»ی موسڵ، کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی ئەم هێڵەی پێدا تێدەپەڕێت لەلایەن تورکیا و عێراقەوە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاتوچۆی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە.

ناوچەکانی موسڵ و تەلەعفەر کە دەکەونە باکووری ڕۆژئاوای عێراقەوە، لە دیارترین ئەو ناوچانەن کە کاریگەریی شاڵاو و پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەسەر بووە. بەتایبەتی شاری موسڵ زۆری نەمابوو بەتەواوی وێران بێت، بە هۆی ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا بۆ سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش. لە ڕووی ئابوورییەوە ناوچەکە زیانێکی گەورەی بەر کەوتووە و بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ئیدارەی موسڵ، دووبارە بونیادنانەوەی شارەکە پێویستی بە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار هەیە(16)، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی تێکڕای عێراقیش، پێویستی بە ٨٨ ملیار دۆلارە .(17) بۆ ئەوەی دووبارە ئەم ناوچانە بخرێنەوە سەر نەخشەی بازرگانی، پێویستە بەبێ لەدەستدانی کات؛ وەبەرهێنان لە چەندین بواری جیاوازدا ئەنجام بدرێت، وەک بونیادنانەوەی ژێرخانی ناوچەکە، کردنەوە و پاراستنی ئاسایشی هێڵەکانی گواستنەوەی وشکانی و دابینکردنی جێگەی حەوانەوە. پڕکردنەوە و جێبەجێکردنی ئەم پێداویستییانە، دەبێتە هۆی دووبارە بونیادنانەوەی ئابووریی ناوچەکە و سەرلەنوێ بووژانەوەی. واتە تورکیا دەتوانێت لە پڕۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی موسڵدا، بەرپرسیارێتیی گرنگ لەئەستۆ بگرێت. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کردنەوەی هێڵێکی نوێی بازرگانی بۆ عێراق لە ڕێگەی «ئۆڤا کۆی»یەوە، یەکەمین هەنگاوی ئەم دووبارە بونیادنانەوەیە.

لەپاڵ تێچووی ماددیی ئەم پڕۆژەیەدا، پێویستە گۆڕانی دیمۆگرافیای ناوچەکە بەهەند وەربگیرێت. ناوچەی موسڵ وەک دووەم گەورەترین شاری عێراق، بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە سوننەنشینەکان دادەنرێت. بەر لە سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان؛ ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی نەینەوا نزیکەی ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بووە، لە کۆی ئەم ژمارەیە، نزیکەی ٦٥٪ی دانیشتووانی ناوچەکە لە عەرەبە سوننەنشینەکان پێک دێت. شاری موسڵ وەک ناوەندی ناوچەی نەینەوا و لە کۆی ئەو ژمارەی ئاماژەمان بۆ کرد، بە نزیکەی ٢ ملیۆن خێزان دادەنرێت(18). چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعش، هاوتا لەگەڵ جێگیرکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە، بۆتە هۆی هێنانەئارای گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی دانیشتووانی ناوچەکە. ئەو تورکمانە شیعییانەی کە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بەرەو ناوچەکانی بەسڕە و نەجەف کۆچیان کردبوو، پاش تێکشکانی داعش و دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، دووبارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. لەبەرامبەر ئەمەدا، باس لە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی سوننەنشین دەکرێت(19).

لەگەڵ تەشەنەکردنی مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە موسڵ و دەوروبەری، بەشێک لە هاوڵاتیانی سوننە مەزهەبی ناوچەکە ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا. پاش شکستی ڕێکخراوەکەش، بەشێکی کەم لەم هاوڵاتییانە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. لە کاتێکدا بە تێڕوانین لە پێکهاتەی مێژوویی و کولتووریی شاری موسڵ، لەپاڵ پێکهاتەی دیمۆگرافیی شارەکەدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە تورکیا دەتوانێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆرەوە، ڕووبەری نفوزی خۆی لە ناوچەکە فراوان بکات و گەشەی زیاتری پێ بدات. ئەو پڕۆژانەی کە بڕیارە بە هاوکاری و پشتیوانیی تورکیا لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێت لەپاڵ بووژانەوەی ئابووریدا، دەرفەت بۆ گەشەپێدانی لایەنی کۆمەڵایەتییش دەڕەخسێنێت. بۆیە پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیەکی گشتگیری وەک ئۆڤا کۆی؛ گۆڕانكاریی سیاسیی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێتە کایەوە.

سەرباری ئەوەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەم قۆناغەدا نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلاری خەرج کردووە(28)، لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی کۆنترۆڵنەکردنی تەواوی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانە بسەپێنێت. حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر لەگەڵ گرووپە تورکمانییە شیعەکاندا لە پەیوەندیدایە و لە ناوچەی شەنگالیش بەهاوبەشی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان کار دەکات(29). لەگەڵ کردنەوەی ئەم دەروازە سنوورییەدا، پێویستە دەوڵەتی ناوەندی دەسەڵاتی خۆی لەم ناوچانە بسەپێنێت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەم کارەش دوو ئەنجامی لێ دەکەێتەوە:

یەکەم:  دەوڵەتی ناوەندی دەتوانێت دووبارە دەسەڵاتی خۆی  لەو ناوچانانە بسەپێنێت کە بۆشایی دەسەڵاتیان تێدا دروست بووە.

 دووەم: دەوڵەتی ناوەندی دەتوانێت گرووپە جیاوازەکانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم دوو خاڵەی سەرەوەدا، وەک تورکیاش ئارەزووی جێبەجێکردنیان دەکات، پێویستە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی هێڵی فیشخابور-تەلەعفەر-موسڵ هەستێت. پاش جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە، تورکیاش ئامادە دەبێت بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و دابینکردنی هاوکاری بۆ سەرجەم ئەو بوارانەی کە پێویستە بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنی پڕۆژەکە، هەر لە دانانی پلانەوە تاکوو ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین جێبەجێکردن و سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە، بەستراوە بە شێوازی کارکردن و بەدەمەوەهاتنی دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە. دەوڵەتی ناوەندی بە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، دەتوانێت پێگەی سیاسیی خۆی بەهێزتر بکات.

بێگومان کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی نوێ وەک شوێنگرەوەیەک بۆ خاڵی سنووریی خابور، دەبێتە هۆی دروستکردنی فشاری سیاسی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت ئەو هێزە سیاسی و ئابوورییەی کە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراقەوە بەدەستی دێنێت، لەدەست بدات. بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆیان دەڕەخسێت، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بابەتی کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی؛ هێڵی سوورە بۆ ئەوان.

وەک ئاشکرایە پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی هەر بەتەنیا نابێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە هەمان کاتدا هێزی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات. بێگومان ئەم دۆخەش لە سوود و بەرژەوەندیی تورکیا دەبێت، چونکە بەهێزبوونی پێگەی سیاسیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق وا دەکات تورکیا بتوانێت بە متمانەی زیاترەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. سەرباری هەموو ئەمانەش، بەهێزبوونی پێگەی دەوڵەتی ناوەندی زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری عێراق. ئەگەر بێتوو حکومەتی بەغداد بتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەی شەنگال لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی بکات و ئاسایش لەم ناوچەیە بەرقەرار بکات، دەتوانرێت هەنگاوی گرنگ بنرێت لەلایەن تورکیاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان.

وەک دەزانرێت پارتی کرێکارانی کوردستان بە بیانووی پاراستنی «ئێزیدییەکان» لە داعش، لەو ناوچانە جێگیر بووە. دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازی و بڵاوبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە، بەدەستهێنانی هاوکاری و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی؛ وای کردووە ئەم ڕێکخراوە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هەریەکە لە تورکیا و عێراق. سەرباری سەرجەم بانگەشەکانی تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێکخراوە لە لایەکەوە بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی، لە لایەکی دیکەوە لە ڕێگەی چەکدارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکەوە، لە هەوڵی سڕینەوەی سەرجەم ئەو لایەنانەدایە کە وەک مەترسی بۆ سەر خۆی دەیانبینێت(30). لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی سیاسیی هەولێر تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێکی کرداری دژ بەم ڕێکخراوە بنێت، لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم و پارتە کوردییەکانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە تورکیا دراوسێیەکی گرنگە بۆ ئەوان و لە هەستیاری و کاردانەوەکانی لە ڕووی ئەمنییەوە تێدەگەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەنگاوی پێویست نانێن و پێیان وایە کە پێویستە ئەم کێشەیە بە شێوازی ئاشتی چارەسەر بکرێت.

داخستنی سەرجەم ئۆفیسەکانی ڕێکخراوی پارتی تەڤگەری ئازادیی کوردستانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوەندی شاری سلێمانی و دەوروبەری(31)، گەرچی وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان پیشان درا، بەڵام بێگومان هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت کە جێگەی باس بێت،  لەبەر ئەوەی داخستنی ئۆفیسەکانی ئەم ڕێکخراوە بە مانای وەستانی چالاکییەکانی نایەت، هەر چەندە بە مانای ئەوە دێت کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێ نەدراوە(32).

لە ڕاستیدا ئەو دیمەنەی کە لە هەولێرەوە دەبینرێت ئەوەیە کە ئیدارەی بارزانی، نە نیازێکی ڕاستەقینەی هەیە و نە هێز لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا. لە شاری سلێمانی کە بە دووەم گرنگترین شاری هەرێم دادەنرێت لەدوای هەولێر، پارتی کرێکارانی کوردستان ئازادانە چالاکییەکانی خۆی لەم شارە ئەنجام دەدات. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ناوچەکەدا کار دەکەن، تەنانەت باس لەوە دەکەن کە لەنێو شارەکەدا لەلایەن  پارتی کرێکارانی کوردستانەوە باج (ئابوونە) کۆ دەکرێتەوە. لەژێر ڕۆشنایی هەموو ئەمانەدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بارزانی لە مەسەلەی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە وەک هاوبەشێکی باش دەرناکەوێت و کەوتۆتە ئەو هەڵەیەی کە پێی وایە تورکیا پێویستی بە ئەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا تا ئێستا ناچار بووە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عێراقدا لە ڕێگای بارزانییەوە ئەنجام بدات. کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەنکەرە و بەغدا زیاتر لێک نزیک ببنەوە و ببنە هاوبەشێکی ڕاستەقینە و بەهێز، بەتایبەتی لە سایەی ئەو هەنگاوانەی کە بەهاوبەشی بۆ هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان دەیگرنە بەر، بۆ ئەم مەبەستە تورکیا دەتوانێت سوود لە بەهێزبوونی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق وەربگرێت. ئەو هەنگاوانەی کە لە داهاتوودا لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەیگرێتە بەر، گرنگییەکی لەئەندازەبەدەریان هەیە بۆ تورکیا. بەم واتایە، پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراقەوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان و ناوچەی شەنگال

ماوەی چەند ساڵێکە جموجووڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال بە جۆرێک زیادی کردووە، کە دەتوانرێت بەئاشکرا هەستی پێ بکرێت(٣٣). بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی کە لە ناوچەکەوە دێن، تەنانەت دوای تێکشکاندنی داعش لە ڕووی سەربازییەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوامە لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی زیاتر لە ناوچەکە.  پێویستە لێرەدا ئاماژە بۆ دوو هۆکار بکەین کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دروستکردنی ئەم دۆخە، ئەوانیش:

یەکەم: دەستبەسەرداگرتنی شاری موسڵ کە بە دووەم گەورەترین شاری عێراق دادەنرێت، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لەلەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بەبێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک.

دووەم: بەرگرینەکردن و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەبەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگال.

لە ئەنجامی ئەم دوو هۆکارە، ناوچەی شەنگال زۆر بەخێرایی لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی داعشەوە کۆنترۆڵ کرا. بە هۆی کردەوەكانی ئەم ڕێکخراوە، دانیشتووانی ناوچەی شەنگال ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە بوونەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بە دەستی تیرۆریستانی داعش کوژران، هەزاران هاوڵاتییش ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی دیکە(34). پاش هێرش و پەلامارەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەی شەنگال، هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە بیانووی پاراستنی ئێزیدییەکانەوە، لە سووریا و قەندیلەوە ڕوویان کردە ناوچەکە و بە سوودبینین لە بۆشایی دەسەڵات کە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچەی شەنگال دروست بووبوو، توانییان زۆر بەخێرایی دەست بکەن بە خۆجێگیرکردن و بڵاوبوونەوە لە ناوچەکە.

 یەکەمین کاری پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە، بریتی بوو لە دامەزراندنی «یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال» (YBŞ) نزیک لە خۆی، لە ڕێگەی چەکدارکردنی ئێزیدییەکانی ناوچەکەوە (35). لە درێژەی کارەکانیدا، ئەم ڕێکخراوە لە ڕێگەی دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازییەوە؛ خۆجێگیرکردن و بڵابوونەوەی لە ناوچەکە خێراتر کردووە(36) ، بە جۆرێک کە لە ئێستادا دوای قەندیل، ناوچەی شەنگال بە گرنگترین ناوچەی نفوزی پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنرێت. لە هەمان کاتدا بە سوودبینین لەو بارودۆخە نێودەوڵەتییەی کە لەئارادایە، ئەم ڕێکخراوە بە ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشەوە توانیویەتی هاوکاریی سەربازی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەربگرێت(37). ئەم دۆخە لە ڕووی سیاسییەوە بۆتە هۆی بەهێزبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و لقە درێژکراوەکانی سەر بەم پارتە لە ناوچەکە. زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە شاری هەولێر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دراوە، ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەپاڵ هێزە چەکدارەکانیدا، لە ڕووی سیاسییشەوە دەستی کردووە بە فراوانکردنی ڕووبەری دەسەڵاتی خۆی. ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی بەرپرسانی ئیداریی شەنگال بۆ ناوچەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، دەتوانرێت وەک نموونەیەکی زیندوو  پیشان بدرێت(38).

هەر چەندە لەم ماوانەی دواییدا، بە هۆی فشارەکانی تورکیا، باس لە کشانەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکرێت لە ناوچەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ئەم ڕێکخراوە بوونی هەیە لە ناوچەکە(39). لە یەکێک لە ناوەندەکانی توێژینەوە کە سەنتەرەکەی دەکەوێتە شاری بەغدا، توێژەرێک وای دەبینێت کە بەردەوامیی جموجووڵەکانی ئەم ڕێکخراوە، بەزاندنی سەروەریی خاکی عێراقە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. بە هەمان شێوە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ناوچەکە دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرباری کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و تێکشکاندنی لە ڕووی سەربازییەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوامە لەسەر بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکە. ئەم ڕۆژنامەنووسانە بە پێویستی دەزانن کە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە.

زۆرێک لەو سەرچاوانەی کە باس لە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن لە ناوچەکە، لە لێدوانەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبیدا لە پەیوەندیدان و بەهاوبەشی کار دەکەن(40)، تەنانەت زانیاری هەیە کە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە مووچەیان پێ دەدرێت.  زۆرێک لە بەرپرسان و ڕۆژنامەنووسانی بەغدا لە کاتی وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە پەیوەندیی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن، ئەو ڕاستییە دووپات دەکەنەوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە چەندین گرووپی چەکداریی جیاواز پێک هاتوون و پێویستە دەوڵەتی ناوەندی تەواوی ئەم گرووپە جیاوازانە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. هەروەها سەرباری ئاماژەکردن بە سەختیی جوگرافیای ناوچەکە، باس لە ڕکابەری و ململانێی نێوان هەریەکە لە ئێران و ئەمەریکا دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە.

 بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێران لە هەوڵی کردنەوەی ڕێڕەوێکی شیعەدایە (هیلالی شیعی)، بە مەبەستی پێکەوەگرێدانی شیعەکانی ناوچەکە و دەستگەیشتن بە خاکی سووریا و لوبنان. زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پاش تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری ناوچە سوننەنشینەکان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، پڕۆسەی بەشیعەکردنی ناوچەکە خێراییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە(41). لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی بەکارهێنانی ناوچەکە لەلایەن ئەمەریکا وەک دەروازەیەک بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی سەربازی بە پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD)، هەستیارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، پرسی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەی لە لایەن تەنیا هێزێکەوە کردووە بە کارێکی ئێجگار دژوار.

 مەسەلەی شەنگال لە ڕوانگەی تورکیاوە، بە یەکێک لە هەستیارترین بابەتەکان دادەنرێت لە ماوەی داهاتوودا. جێگیربوون و بەردەوامیی کار و چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە، هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و ناوچەکە دروست دەکات.

 لە ڕوانگەی داهاتووی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراقدا، پێویستە هەنگاوی بەپەلە و جددی بنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال. بە گەڕانەوەمان بۆ دوایین ڕوونکردنەوە، هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە کارێکی قورس نییە. بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی باڵای هەرێم، بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال؛ «کارێکە جێگەی قبووڵکردن نییە». بەرپرسان ئەماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە بە مەبەستی دووبارە گەڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەکە، پێویستە ڕێگە بە گەڕانەوەی هاوڵاتیان و بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکە بدرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش، بانگهێشتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەکەن (42).

پاكکردنەوەی ناوچەکە لە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، پەیوەستە بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە بۆ ئەم مەبەستە دەگیرێنە بەر. هەڵوێستی بەرپرسانی بەغداد لەم بارەیەوە، نزیکە لە وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمەوە. لەژێر کاریگەریی ئەم هەلومەرجەدا، پێویستە تورکیا بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا. لەم ڕووەوە پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی دەتوانرێت وەک کلیلی کردنەوەی دەرگای بەردەوامیی پەیوەندی و دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات سەیر بکرێت. گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە ڕووی سیاسییشەوە دەرفەتی گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش دەڕەخسێنێت. کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، ئەگەری کردنەوەی ڕێڕەوێکی پارێزراو کە لە سنووری باشووری تورکیا تا بەغداد درێژ دەبێـــــتەوە، زیاتر دەکات.

لە هەمان کاتدا تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەتوانن لە ڕێگەی بونیادنان و کردنەوەی ئەم ڕێگا بازرگانییەوە، ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەش بەرقەرار بکەن. ئەم هەنگاوە وەک چۆن توانای تورکیا لە ئەنجامدانی چالاکی بۆ بەگژداچوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە زیاد دەکات، لە هەمان کاتدا دەرفەتی فراوانکردنی نفوز و دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکە بۆ دەڕەخسێنێت.

ئەنجام

لەم توێژینەوەیەدا سەرباری هەڵسەنگاندن و خستنەڕووی کاریگەریی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، شیکردنەوە بۆ کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەی تورکیا ئەنجام دراوە. یەکێک لەو ئەنجامانەی کە لە ڕێگەی ئەم توێژینەوەیەوە بەدەستمان هێناوە، بریتییە لە فراوانبوون و گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق لە ڕێگەی هێڵێکی ڕاستەوخۆوە. کۆمپانیا تورکییەکان لە سایەی ئەم هێڵەوە کە بە ئۆڤا کۆی دەست پێ دەکات و لە ڕێگەی تەلەعفەر-موسڵەوە تا بەغداد و بەسڕە درێژ دەبێتەوە، دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ دەستیان بگات بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەم شێوە دەتوانین ڕزگارمان ببێت لە سەرجەم ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە کاتی ئەنجامدانی کاری بازرگانی لە ڕێگەی خاڵی سنووریی خابورەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

بە تێڕوانین لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچەی موسڵ و تەلەعفەر، لە دۆخی دووبارەکردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ و دامەزراندنی هێڵێکی بازرگانیی پارێزراودا، چالاکی و جموجووڵەکانی تورکیاش لە ناوچەکە زیاد دەکات، بەمەش دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەنجامدانی چالاکیی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی زیاتری نفوزی شیعە لە ناوچەکە.

کردنەوەی ئەم دەروازە سنوورییە، بێگومان كاریگەریی سیاسییش بەدوای خۆیدا دێنێت. بۆ نموونە؛ دەرفەت بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەڕەخسێت تاکوو ئەم دەروازە نوێیە وەک کارتێکی فشار دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت. لە ڕوانگەی تورکیاشەوە، سەرباری گەشەسەندن و فراوانبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت لەسەر کۆمەڵێک بنەمای نوێ کە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بێت، دووبارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێک بخاتەوە. بەم شێوەیە تورکیا لە ڕووی ئابووری، سیاسی و ئاسایشەوە؛ دەتوانێت کۆمەڵێک سەرکەوتنی نوێ بەدەست بهێنێت.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی کرداری، پێویستە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق ئەم ناوچەیە کە دەکەوێتە نێو سنووری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە؛ کۆنترۆڵ بکات و ئاسایش و سەقامگیری دابین بکات، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئامادە بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتانەی کە ڕەنگە لەنێوان خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەر هەڵبدات. کۆنترۆڵکردن و دابینکردنی ئاسایش بە درێژایی ئەم هێڵە، لە ڕووی سیاسییەوە پێگەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش بەهێزتر دەکات.

لەگەڵ ئەوەی گفتوگۆکان سەبارەت پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی نوێ نییە، بەڵام تورکیا لەم ماوانەی دواییدا لە دانیشتنەکانیدا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، دووبارە ئەم بابەتەی هێناوەتەوە بەر باس و لە ئێستادا بووە بە پرسێکی هەنووکەیی. بەتایبەتی پاش ئەنجامدانی گشتپرسی لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بابەتی کردنەوەی خاڵێکی سنووریی نوێ خێرایی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. بە هاوکاری و پشتیوانیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و وەزارەتەکانی دیکە، لە دانیشتنەکاندا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە، خۆشبەختانە هەڵوێستی ئەرێنی وەرگیراوە.

 لەگەڵ ئەمەشدا بۆ ئەوەی ناوچەکە بە شێوەیەکی کرداری ببێتە ڕێگایەکی بازرگانی و چالاکیی تێدا ئەنجام بدرێت، پێویستە هەردوو وڵات بە زووترین کات دەست بکەن بە ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیەدا. گەرچی لە ئێستادا هەر لە تواناکانی ژێرخانی ئەم دەروازە سنوورییەوە تاکوو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەم ڕێگا بازرگانییە و زۆر بابەتی تر، هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆکان لە چاوەڕوانیدان.

داگرتنی بابه‌ت به‌ PDF

پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لە چوارچێوەی خاڵی سنووریی ئۆڤاکۆی

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە 2 تەمووزی 2020

Send this to a friend