• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 17, 2023

گفتوگۆی ئایینناسی لەبارەی ڕەوتەكانی سەلەفییەت لە كوردستان

گفتوگۆی: ئایینناسی

د. ئیبراهیم مەلازادە، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە كۆمەڵناسی و پسپۆڕ لە بواری گرووپە توندڕەوەكان، لەم گفتوگۆیەدا باس لە سەلەفیەت لە كوردستان دەكات، ئەو پێی وایە سەلەفیزم مەترسییە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان، نەک هەر لەسەر غەیرە موسوڵمان، بەڵکو لەسەر خودی ئەو موسوڵمانانەش کە پێچەوانەی سەلەفیزم ڕەفتار دەکەن. هەروەك پێشیوایە وێناکردنی ململانێ لە نێوان ئایینی و عەلمانی هەڵەیەکی کوشندەیە، نابێت ئەو ململانێیە بخرێتە نێوان ئاییندار و عەلمانییەت.

ئایینناسی: زیاتر لە گرووپێك بانگەشەی سەلەفیەت دەكات و ئەو ناسنامەیەی هەڵگرتووە، دەكرێت چ پۆلێنبەندییەك بۆ سەلەفیەت لە هەرێمی كوردستان بكرێت؟
د. ئیبراهیم مەلا زادە: سەلەفیەت مانای شوێنکەوتن و گەڕانەوە بۆ شوێنەوار و ئاکار و ڕەفتارەکانی عەرەبە لە سەردەمی هاتنی ئیسلام و بەدواوە. دوورگەیەک لە زۆر بواردا سەرەتایی بووە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە هەمان سەردەمی شام و قاهیرە و مێیدان. لەو سەردمەدا دوورگەی عەرەبی لە ژێر کاریگەری عەقڵی خێڵەکی و پەلاماردانی یەکتر و لۆژیکی هێزدا بووە، ئەوە چش لەو کولتوورە کۆمەڵایەتییە سنووردارەی کە لەو سەردەمەدا باو بووە، بە ئاماژەکردن بە هەندێک خەسڵەتی ئەرێنی، لەوانەش فرەیی کولتووریی، کە دوای هاتنی ئیسلام هەرگیز وەکو خۆی لێ نەهاتەوە.
بە مانایەکی دیکە، سەلەفیەت قوتابخانەیەکی فیکری ڕووت نییە، بە قەد ئەوەی کە دەیەوێت وەکو تائیفەیەک دەرکەوێت. ئەو تائیفەیەش دوو ڕەهەندی هەیە، ئەوانیش ئیتنی و ئایینین. ڕەهەندە ئیتنییەکە لە سەردەمێکی بەسەرچوودا چڕ دەبێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ململانێی قوڕەیش و عەرەبە موسوڵمانەکان، بەر لە 1400 ساڵ، سەردەمی کۆیلایەتی.
لێرەدا مەبەست لە ڕەهەندی ئیتنی، ڕەچەڵەکسازی نییە بە مانا بایۆلۆژییەکەی، بەڵکو ڕەچەڵەکسازییە بە مانا کولتوورییەکەی. هەوڵدانە بۆ درێژەدان بە سەردەمێك کە گۆڕانکاری گەورە لە بیرکردنەوەی مرۆڤ، لە سیستمی کۆمەڵایەتی، لە جۆری ململانێکان و ئامڕازەکانی، لە شێوازی ژیان و جلوبەرگ و خواردن و پەیوەندییە مرۆییەکاندا دروست بووە. بەڵام سەلەفیەت گەڕاندنەوەی هەموو ئەو خەسڵەتە تەقلیدی و سەرەتایی و ئاکار و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییانەیە کە گرووپێک وەکو ئایین وەریاندەگرێت و وەچە دوای وەچە دەیگوازنەوە و شانازی پێوە دەکەن.
کەواتە سەلەفیزم بەر لەوەی گرووپێکی دیاریکراو بێت، فیکر و باوەڕ و ئاکارێکە، بڵاوبووەتەوە و دەکرێت لەناو هەموو گرووپە ئایینییەکاندا، تەنانەت لەناو سۆفییەکانیشدا، بە شێوەیەکی ڕێژەیی ئەو ڕەفتار و ئاکارە بدۆزینەوە. بە شێوەیەکی ڕێژەیی لەناو ئیسلامییەکاندا هێندە زاڵ و باوە، هەندێك جار مەحاڵە کەسێک لەژێر ناوی سەلەفی لەگەڵ کەسێکی ئیخوانی و جیهادیدا جیا بکرێنەوە. لەناو هەموو گرووپە ئیسلامییەکاندا باڵێکی سەلەفی، یا نیمچە سەلەفی ئامادەگی هەیە، لەناو هەموو کەسایەتییەکی ئیسلامیستیشدا ئاڕاستەیەک، یا سروشتێکی سەلەفییانە هەیە، وەکو ئەوەی ڕێبەری ڕۆحی بزووتنەوەی ئیخوان، حەسەن بەننا دەڵێت “ئێمە، بانگەوازێکی سەلەفین”، لە ڕاستیشدا بەقەد ئەوەی کە هەر بە قسەی خۆی، ڕێبازێکی سوننین، ڕاستییەکی سۆفییانە و دەستەیەکی سیاسین، بە هەمان ئاستیش گرووپێکی سەلەفین، بە چاوپۆشین لە هەموو ئەو خەسڵەتانەی کە لە گرووپە سەلەفییەکان جیایان دەکەنەوە. بۆیە جیاکردنەوەی ئیسلامییەکان لە سەلەفیزم، تەنها لەڕووی فۆڕم و شێوازی کارکردنە، ئەگینا لە ئامانج و مەبەستدا هەموویان بە سوننە و شیعەشەوە، لە دووڕیانێکدا یەک دەگرنەوە و یەک ئامانجیان هەیە، تەنانەت ئەگەر یەکتریش کافر بکەن و یەکتر بە زیندیق و هەڵگەڕاوە و بیدعەچیش ببینن.
سەلەفیزم لە جۆری ئەو فۆڕمەی کە ناویان لە خۆیان ناوە سەلەفی، یا سەلەفیی دەعەوی، بە گشتی دابەش دەبنە سەر چەند جۆرێک کە لە ئاکار و ڕەفتاردا کۆدەبنەوە، بەڵام لە فۆڕم و پابەندبوونییاندا جیاوازن و دابەش دەبنە سەر چوار کەتیگۆری سەرەکی، لەوانەش سەلەفیەتی زانستی، “بەمانای زانستە ئیسلامییەکان” (1920)، سەلەفيەتی جیهادی (1979)، سەلەفيەتی سروری “السلفية السرورية” (1979) و سەلەفیەتی جامی “السلفية الجامية” (1990). هەروەها چەند وردە کەتیگۆری دیکەش هەن، بەڵام هەموویان دەچنە ژێر ئەو چوار کەتیگۆرییە سەرەکییەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردوون. لەو وردە کەتیگۆرییانەش سەلەفیەتی ئەلبانی بە ڕێبەرێتی ناسرەدین ئەلبانی، کە لە ئوردن دەژیا، بۆیە بە سەلەفیەتی ئوردنیش ناوی دەبەن. سەلەفیەتی مەدخەلی، یا مەدخەلییەکان، بە ڕێبەرێتی ڕەبیع مەدخەلی، بە “حزبی بریندارکەر”یش ناویان دەبەن، چونکە لە ڕەخنەگرتندا تانە لە کەسەکان دەدەن، هەروەها پێیان دەڵێن زێدەڕۆ لە گوێڕایەڵی، بەوەی کە “لە گوێڕایەڵی و وابەستەبوون بە دەسەڵات زێدەڕۆیی دەکەن”. سەلەفیەتی بازیی بە ڕێبەرێتی عەبدولعەزیز بن باز. سەلەفیەتی عوسێمی بە ڕێبەرێتی بن عثيمين. سەلەفیەتی کوێتی بە ڕێبەرێتی عەبدولڕەحمان عەبدولخالق. سەلەفیەتی نەجدی و سەلەفیەتی ئەمەریکی “وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوانەی کە پشتیوانی لە ئاڕاستەی ئەمەریکی دەکەن، بە تایبەتیش دەسەڵاتی سعودیی. دواهەمینیشیان سەلەفیەتی وەهابییە بە ڕێبەرێتی محەممەد بن عەبدولوەهاب.
ئەوانەی کوردستانیش لە چوارچێوەی سەلەفیەتی دەعەوی، زیاتر بە سەلەفیەتی مەدخەلی ناسراون و وابەستەن بە کەسایەتی ڕەبیع مەدخەڵی و هەندێك کەسایەتی دیکەوە، لە چوارچێوەی یەکێک لەو ناوانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردن، لەپاڵ ئەوانەش، سەلەفیەتی حەرەکی و سەلەفیەتی جیهادی. کەواتە بە گشتی دابەش دەبنە سەر سێ کەتیگۆری.
کەتیگۆری یەکەم: سەلەفیەتی جیهادی (تەکفیری)، بە هەموو گرووپە جیاوازەکانییەوە، کە لە هەر وڵاتێك بە ناوێك و بە شێوازێك پەرە بە کار و چالاکییەکانییان دەدەن. لە کوردستان بە چەند ناوێکەوە دەرکەوتوون. “کۆمەڵەی جیهاد” بە ڕێبەرێتی مەلا ئەمین پیرداوود، دەکرێت بە یەکەمین گرووپی سەلەفیەتی جیهادی لە هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێن، دواهەمینیشیان ئەنسارولئیسلام بوون.
کەتیگۆری دووەم: ئەمەش کە بە سەلەفیەتی دەعەوی ناویان دەبەن، دەکرێت وەسفیشیان بکەین بە سەلەفیەتی وەلائی. وەلائی، بەو مانایەی خۆیان نەک هەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتە جیاوازەکان دەپارێزن، بەڵکو شەرعییەتیش بەو دەسەڵاتانە دەدەن، مادام (وەکو خۆیان ئاماژەی پێ دەکەن)، هیچ کوفرێکی ئاشکرایان ئەنجام نەداوە. بەو جۆرە، سەلەفیەتی دەعەوی، بەشێکن لەو چوار کەتیگۆرییەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە و زیاتر سەر بە قوتابخانە جیاوازەکانی سەلەفیەتی سعودین. هەڵبەت هەر چواریشیان بە شێوازی جیاواز یەکتری دەبڕن. زۆرینەی ئەوانەش سەر بە سەلەفیەتی مەدخەلین، لەو دەرکەوتن و سەردانانەی ڕێبەری ئەو سەلەفییانەش بۆ لای سەرۆکی حزبەکانی دەسەڵات، ئاماژەی ئەو زێدەڕۆییە دەبینین کە مەدخەلییەکان لە نزیکبوونەوەیان بۆ دەسەڵات هەیانە.
ڕەوتی سەلەفیەتی جیهادی، لە کۆمەڵێک بنەما و خەسڵەت لەگەڵ کەتیگۆری سەلەفیەتی دەعەوی یەکدەگرنەوە. جیاوازی جەوهەریی نێوان سەلەفیەتی جیهادی لەگەڵ سەلەفیەتی دەعەوی، مەسەلەی جیهادە. بەلای سەلەفیەتی جیهادییەوە، جیهاد فەرزی عەینە لەسەر هەموو تاکێکی موسوڵمان، لەپاڵ ئەوەش تەکفیری هەر حاکمێك دەکەن کە حوکم بە شەریعەت نەکات. بەڵام بەلای سەلەفیەتی تەبلیغییەوە، جیهاد فەرزی کیفایەتە، بە مانای ئەوەی ئەگەر هەندێك موسوڵمان جیهادیان کرد، لەسەر ئەوانی دیکە نامێنێت و گوناهبار نابن. جگە لەوەش بە پێچەوانەی سەلەفیەتی جیهادی، حاکم یا دەسەڵات تەکفیر ناکەن، ئەگەر کوفرێکی ڕاشکاویان لێ نەبینن.

سەلەفیەتی دەعەوی بە گشتی خۆیان لە ململانێی سیاسی دەپارێزن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە شەڕێکی فیکری نەپساوە دان لەگەڵ هەموو ئەو حزبانەی لەڕووی فیکرییەوە، سەر بە یەکێک لە قوتابخانە فیکرییەکانی دەرەوەی ئیسلامیزمن، وەکو ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و تاد. تەنانەت دژ بە سەلەفیەتی حەرەکیشن، کە بریتین لە هەموو ئەو گرووپە ئیسلامییانەی وەکو حزبی سیاسی خۆیان ڕێکخستووە، بە پاساوی ئەوەی لە ئیسلامدا حزبی سیاسی نەبووە و یەکێکە لە بیدعەکان. لەو ڕووەشەوە، پێکاویانە، چونکە ڕێکخراوبوون لە شێوەی حزبی سیاسی دیاردەیەکی مۆدێرنەیە و لە مێژووی عەرەبی ئیسلامیدا شتێک نەبووە بە ناوی حزبی سیاسی ڕێکخراو.
کەتیگۆری سێیەم: سەلەفیەتی حەرەکی، هەموو ئەو پارت و گرووپانەن کە لە چوارچێوەی فۆڕمێکی ڕێکخراوەییدا خۆیان ڕێکدەخەن. بزووتنەوەی ئیخوان بە دایکێکی بایۆلۆژی هەموان دادەندرێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی سەلەفیەتی حەرەکی کارکردنە لەگەڵ پارت و حزبە جیاوازەکانی دیکە و چوونە ناو پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردنە، کە لە سەلەفیەتی جیهادی جیای دەکاتەوە. سەلەفیەتی جیهادی باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی نییە، هەموو کۆمەڵگەیان بەلاوە جاهیلییەتە. زیاتر ڕووبەڕووبوونەوە هەڵدەبژێرن و دژ بە هەموو دەسەڵاتێکی وڵاتانی ئیسلامین.

ئایینناسی: ئایا ئاڕاستەی ئەو سەلەفیەتەی لە هەرێم هەیە، زادەی وەرچەرخانی ڕەوتە ئایینییەكانی ناوخۆیە، یان هاوردەكاری دەرەوەیە بە گونجاندن و جێكردنەوەی لە كۆمەڵگەی كوردیدا؟
د. ئیبراهیم مەلازادە: ئەگەر ڕاشکاو بم، ڕەوتە ئایینییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هاوردەکاری دەرەوەن. کام ڕەوتی ئایینی هەیە بێجگە لە سۆفیزم، هاوردەکراو نەبێت، هەر لە فیکری ئیخوانەوە بگرە تا دەگاتە سەلەفیزمی جیهادی و دەعەوی؟ لە کۆمەڵگەی کوردیدا یەک ڕەوتی ئایینیمان هەیە لە پاڵ سۆفیزم، ئەویش ڕەوتی مەلا و مزگەوتی کوردییە، کە چەندین سەدەیە ئیدارەی مزگەوت و حوجرە و بانگەوازی ئایینی کوردستانی دەکرد، بەڵام ئێستا خەریکە لەژێر فشاری ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم بەرەو کۆتایی دەڕوات. ئیسلامی کوردی لەژێر فشاری ئیسلامی هاوردەکراودا، لە گیانەڵادایە.
وەکو لە پێشەوە باسم کرد، سەلەفیەت بە مانای گەڕانەوە بۆ سوننەت و ئاساری سەحابە و تابیعینەکانە. مەرجەعی سەرەکی سەلەفییەکان بە گشتی، بە تایبەتیش سەلەفیەتی دەعەوی وەلائی، ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، ئیبن تەیمییە، ئیبن قەیمی جوزی، محەممەدی کوری عەبدولوەهاب، بن باز و ناسرەدینی ئەلبانین. هیچ یەکێك لەو ناوانە کورد نین. هیچ یەکێکیش لەو ناوانە ئاشنا نەبوون بە خەم و خەونەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام ڕەوتی شافیعی مەزهەب سەدان مەلای کوردی بەرهەمهێناوە و بەشێکیان گەیشتوونەتە پلەی زانایی و عیرفان. بەشێکیان ڕێبەرێتی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردییان کردووە، بە جۆرێک تەنها کورد زۆرینەی شافیعی مەزهەبن و وابەستەن بە عەقیدەی ئەشعەری، ئەگینا لەناو هەموو میللەتانی دیکەدا شافیعی مەزهەب ئەگەر هەشبن، کەمینەن. بۆیە شافیعی مەزهەب بە هۆی ڕەهەندە مێژووییەکەیەوە تێکەڵ بە خەباتی نەتەوەیی بووە و کوردێندراوە و ڕێبەرانی بزووتنەوەی ڕزگاری کوردستان، زۆریان مەلا و شارەزا بوون لە شەریعەت و شافیعی مەزهەب بوون، بێجگە لە سەید ڕەزای دەرسیمی.
هەر لەو دووڕیانەشەوە شتێکی دیکە هەیە کە زۆر گرنگە، ئەویش ئەو قۆناغە مێژووییەی کوردە، کە هێشتا داگیرکراوە و خاوەن دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆی نییە. سەلەفیەت ئەو خەونە بۆ هەتا هەتایە لەبار دەبات، چونکە خەونی سەلەفیەت نییە مرۆڤی کورد ئازاد بکات و دەوڵەتی بۆ دابنێت، بەڵکو خەونەکەی ئەوەیە لە دۆخی بیدعە و گۆڕپەرستن (وەکو خۆیان دەیڵێن) بیگوازێتەوە بۆ دۆخی یەکتاپەرستی. یەکتاپەرستیش بە مەرجەکانی خۆیان. کۆمەڵە مەرجێک کە تیایدا مرۆڤ دەبێتە بەشێک لە مێژوو. چی تر بەشدار نابێت لە دروستکردنی مێژوو، بەڵکو دەبێتە ئامێرێکی چەسپیو، عاسێ لەناو کۆڵانەکانی مێژوودا، لەپێناو گەڕان بە دوای ئەکتەرەکانی ئەو مێژووە، داخۆ چۆن دەستاویان گرتووە، یەک بەردیان بە خۆیاندا هێناوە، یان سێ بەرد، لە کاتی نانخواردندا لەسەر چۆک دانیشتوون، یا بە پانی. سەرەتا بە دەستی ڕاست نانیان خواردووە، یان بە دەستی چەپ. بەپێوە ئاویان خواردووەتەوە، یان دانیشتن. ئەگەر دەستیان بە دەستی ژنێک کەوت دەستنوێژ بشۆنەوە، یان نا. ئەمە و دەیان و سەدان پرسی لاوەکی ڕۆژانە دەبێتە خەون و خولیای هەوادارانی سەلەفیەت و هەرچی ئازادی و سەربەخۆییشە، دەبێتە چیڕۆکێکی تاڵ و لەبیرکراو.

ئەوەش بە هۆکارێکی زۆر سادە، چونکە هیچ یەکێك لەو پارت و گرووپ و ڕەوتانەی لە کودستان هەن بە گشتی، زادەی خەمی خەڵك و ئازادی و سەربەخۆیی نین، زادەی وەرچەرخانی ناوخۆیی نین و هاوردەکراون و زادەی تەفسیری عەرەبی و تورکی و فارسین، بە جۆرێك زۆربەی جاران دەیانەوێت کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ دوونیابینی و ئایدۆلۆژیای خۆیان بگونجێنن، نەك بە پێچەوانەوە، چونکە لە زیهنی ئەوانەدا ئەو بەرنامەیەی هەڵیانگرتووە، کە زۆربەی جاران بە ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازی دەزانن، لە دەرەوەی کۆمەڵگە و نەتەوە و خەڵكە. مەرجەعیەتیشیان ئەو توراسەیە کە پەیوەندی بەو قۆناغەی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستانەوە نییە. پشتیوانیکردنی ئەو گرووپانە زۆر گوماناوییە و جێگای توێژینەوەی جیدییە.
بەو جۆرە، لەسەر بنەمای (خیر القرون قرني)، دەیانەوێت کۆمەڵگەی کوردستان لە چوارچێوەیەکی ئایینی تەسک و ئاڵۆزدا سنووردار بکەن، بیکەن بە ئامڕازێک بۆ شەڕی بیدعە و بەناو خورافە و گەڕاندنەوەی بۆ کۆڵانە تاریکەکانی دەسەڵاتی ئەمەوی و عەبباسی و جارێکی دیکە کورد ڕابێننەوە لەسەر دەستەواژە کلاسیکییەکانی ڕاعی و ڕەعیە.

ئایینناسی: ئاستی ڕەنگدانەوەی بیری سەلەفی لەسەر كۆمەڵگەی كوردی چۆن دەبینی؟
د. ئیبراهیم مەلازادە: ئامادەباشی مرۆڤەکان وەکو بەربەستێکە هەمیشە لەسەر پێ وەستاوە دژ بە هەموو فیکر و شەپۆلێکی نوێی کولتووری. سەرەتا ناهێڵێت هیچ شەپۆلێکی نوێی کولتووری، یا فیکری کاری تێبکات، ڕێک وەکو خڕۆکە سپییەکانی بەرگری (immunity) جەستەی مرۆڤ. کە تەنێکی نوێ دەچێتە ناو جەستە، هەموو خڕۆکە سپییەکان جوڵۆک دەبن و وەکو سەربازێکی ماندوونەناس دژ بەو تەنە نامۆیانەی دەچنە ناو لەش، لە جەنگێکی هەمیشەییدان. کۆمەڵگەش هەر وایە، هەمیشە هەوڵ دەدات بەرگری لە سیستمی کۆمەڵایەتی خۆی بکات و ناهێڵێت هەرچی هات و بڵێ دەمەوێت بێمە ژوورە، پێی بڵێن بەخێربێیت. بەڵام ئەو ئامادەباشییە تاهەتایە بەردەوام نابێت، وەکو باڵۆن وایە، چەند فشاری بخرێتە سەر هێندە ئەگەری دڕانی زیاد دەبێت و دەتەقێت.
کە ئامادەباشی مرۆڤ دڕا، ئەوسا ئەو شەپۆلە نوێیە، فیکری بێت یا کولتووری، بە ئاسانی نەك هەر دێتە ژوورەوە، بەڵکو سەربازی تازەشی بۆ پەیدا دەبن و بەرگری لێدەکەن. کە ئایینێک دێت، هەموو کۆمەڵگە دژی دەوەستن، بەڵام دوایی لەڕێی هێزەوە بێت، یا هەر جۆرە بارودۆخێک، کە خۆی سەپاند و چووە ناو هەموو ماڵێکەوە، ئەوە نەوەی دووەم و سێیەمی ئەو کۆمەڵگەیە، لەوە تێناگەن باوانیان چ ئازارێکیان بەو ڕەوت و ئایینە نوێیە بینیوە. نەوەکان نەک هەر هەست بە ئازارەکانی باوانەکانیان ناکەن، بەڵکو لەلایەک نەفرەت لە باوانەکانیان دەکەن، ئەوانەی پێشتر هەڵگری ئایینێکی دیکە بوون و پێیان وایە زەندیق بوون و لەسەر ڕێگای هەڵە بوون. بۆ خۆشییان بە هەموو هێز و توانایانەوە دەبن بە سەربازی ئایینە نوێکە. ئەمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆر باوە. ئێستا موسوڵمانەکان دەچنە سەر گۆڕی باوانیان کە پێشتر موسوڵمان نەبوون، بەرد بە گۆڕەکانیانەوە دەنێن و نەفرەتبارانیان دەکەن. بۆ ئەمەش هەڵگری هەموو ئایینەکان هەر وان. هەموو ئایینەکانیش بە سەدان بەڵگە و ئەرگومێنتیان هەیە بۆ ڕاستی و هەقی ئایینەکەی خۆیان.
سەلەفیزم، وەکو لە پێشەوە باسم کرد، زیاتر نزیکە لە تائیفە (Sect)، تا چەند ڕاوبۆچوونێکی جیاوازی مەزهەبی. تەماشاکەن شافیعییەکان مەزهەبێکی دیکەی ئەهلی سوننە، نەک هەر بە کافر نازانن، بەڵکو هەندێك جار لە دۆخی پێویستدا بەلایانەوە ئاساییە خۆیان تەقلیدی مەزهەبێکی دیکەی وەکو حەنەفی، یا مالیکی بکەن، بەڵام تائیفەی سوننە، چونکە بۆ خۆیان تائیفەیەک، یا ڕەوتێکی سەربەخۆن (Sect)، زیاتر لە ئایینێکی سەربەخۆوە نزیکترە تا مەزهەب، شیعە بەکافر دەزانن. شیعەش بەهەمان شێوە، چونکە تائیفەیەکی سەربەخۆن و لە ئایینێکی سەربەخۆ و جیاواز لە سوننە نزیکترە، سوننە بە کافر دەزانن. چۆن موسوڵمانێک و مەسیحییەک یەکتر بە کافر دەزانن، هەر ئاواش سوننییەک و شیعەیەک یەکتر بە کافر دەزانن، چونکە دوو ئایینی جیاوازن. سەلەفیەتیش بەهەمان ئاڕاستە و ڕێچکەدا ڕۆیشتووە و دەڕوات. خۆ تازە نییە سەلەفیەت تێکڕای مەزهەبەکان، سۆفییەکان، ئەشعەری و شیعە و هەموو گرووپەکانی دیکە بە کوفر و زەندەقە دەزانن. لەڕووی ستراتیژیشەوە، ئەوە مەترسییەکی زۆری هەیە لەسەر یەکڕیزی و هاوسۆزی خەڵکی کوردستان.
سەلەفیەت لە ڕێی مینبەرەکان و کەناڵە بینراو و بیستراوەکانەوە، تا ئاستێکی زۆر ڕۆچووە، ئامادەباشی خەڵكی دڕاندووە، دەسەڵاتی سیاسی لەپێناو ئامانجە سیاسییەکانیان بەرگرییان لێ دەکەن، چونکە لەوە تێگەیشتوون ڕەوتی سەلەفیی دوو ئەرک جێبەجێ دەکەن. ئەرکێکیان ڕاکێشانی سۆز و خواستی خەڵکە بەرەو لای خۆیان، دڕاندنی ئامادەباشی خەڵکە. ئامادەباشییەک دژ بەو کولتوورە سیاسییەیە، کە ئەمڕۆ لە هەرێم باوە. کولتوورێکی سیاسی کە بێباکە لە بەرامبەر خواستە نیشتمانی و ستراتیژییەکان، پەنا بۆ هەموو جۆرە هەوڵێک دەبەن بۆ پارێزگاریکردن لەو دۆخە سیاسییەی کە دروستییان کردووە. ئەرکێکی دیکەش لێدانی هەموو ئەو پارت و گرووپانەیە کە دژ بە ئەوان دەجوڵێنەوە.
ئێستا هەست بەو دڕانە ناکەین. ڕۆژانە پەیامی جیاوازمان پێدەگەن و ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکەین. هەندێکیان بوونەتە ئاسایی و لەوانەیە دڵیشمان پێیان خۆش بێت، هەندێکیشیان دەکەونە ململانێ لەگەڵیان، تا ئەو چرکەساتەی یادەوەریمان ماندوو دەبێت و خۆمان ڕادەستی پەیامە هاتووەکان دەکەین و ڕابردوومان بیر دەچێتەوە. ئەگەر وەها بڕوات، سەلەفیەت سۆسیالیزە دەبێت و دەچێتە ناو هەموو ماڵێک، ئەگەر تا ئێستاش نەچووبێت. لێرەشەوە، لەجیات شەڕی ئازادی و پرسە نیشتمانییەکان بکەین، دەبێت ئەو کات شەڕی بیدعە و شیعە و سۆفیزم بکەین و ببین بە ئێشکگری گۆڕستان، نەبادا کەسێك بچێت لەسەریان بپاڕێتەوە.

ئایینناسی: دەوترێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەوادارانی بیری سەلەفی لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە هەڵكشانن و پێشوازی لەو بیرە دەكرێت، ئێوە هۆكاری ئەمە بۆچی دەگێڕنەوە؟
د. ئیبراهیم مەلازادە: وەکو لە کۆتایی وەڵامی پێشوودا وتم “ئەگەر وەها بڕوات، سەلەفیەت سۆسیالیزە دەبێت و دەچێتە ناو هەموو ماڵێک”. یەکەم هۆکاریش دەگەڕێتەوە بۆ دڕانی ئامادەباشی خەڵك لە هەرێمی کوردستان. ئەو باڵۆنەی تا ئەمڕۆ نەیدەهێشت سەلەفیزم پێ بنێتە ناو خاک و کۆمەڵگەی کوردی، ئەو باڵۆنە دڕا. ئێستا هەموو دەرگاکانییان بۆ سەلەفییەت واڵا دەکەن.
دووەم: سەرچاوەکانی دارایی سەلەفیزم، نەوتی کەنداو و توانایەکی مادی زەبەلاحە. لە هەرێمی کوردستانیش بەدەیان ناوەند و سەنتەر و مزگەوت و مینبەریان لەبەردەستدا هەن. ڕادیۆ و کەناڵی ئاسمانییان بۆ ئامادە کراون و ڕۆژانە لە کەناڵە بینراو و بیستراوەکانەوە، لە مینبەرەکان و شەقام و کۆڵانەکاندا شەڕی ئیسلامەتی خەڵكی کوردستان دەکەن لەپێناو زاڵکردنی تەفسیر و ڕوانگەی خۆیان.
سێیەم: سەلەفییەکانی ئەمڕۆ دەیان شۆرەتی وەکو دکتۆر و مامۆستای ئایینییان وەرگرتووە و سەدان سەرچاوەی کتێبی کوالیتی بەرزیان بۆ چاپ دەکرێت و دەیان ئامڕازی هەمەجۆریان لەبەردەستدایە. سوودان و یەمەن بوون بە سەرچاوەی ئەو بڕوانامانەی کە کەس نازانێت بە چ ستانداردێك بەدەستی دەهێنن، ئەوەندە نەبێت کەسێکیان سەفەر دەکات و زۆرنابات دێتەوە و دەڵێت بڕوانامەی دکتۆرام وەرگرت و دەبێتە جێگای سەرسامی خەڵکێکی زۆری ئەم وڵاتە.

چوارەم: سەلەفییەکان دۆخێکیان دروستکردووە، هەموو فیکرێکی ئازاد و پێچەوانەی خۆیان ناشیرین دەکەن، سوکایەتی بە هەموو کەسێک دەکەن کە پێچەوانەی خۆیان بێت. ئەمەش ئامڕازێکە بۆ ناشیرینکردنی بەرامبەر و خستنیان لەبەرچاوی خەڵک. مانای وایە ئەوان باوەڕیان بە هەڵتەکاندنی تاکەکان و بیناکردنەوەیان هەیە بە شێواز و میتۆدی خۆیان.
پێنجەم: لە هەموو ئەوەش گرنگتر، کۆمەڵگەی کوردی بە کۆمەڵە قەیرانێکدا تێپەڕ دەبێت، لەناو بۆشاییەکی فیکری ترسناکدا دەژیت. لەلایەك هیچ هێزێکی فیکری ڕێکخراو لە باشوور نابینرێت بێجگە لە سەلەفیزم و پارت و گرووپە ئیسلامییەکان. لە ئاکامیشدا ململانێیەکی فیکری لە باشووردا نییە، کۆڵان و پانتاییەکانی کۆمەڵگە بە تەواوەتی واڵان لەبەردەم ئەو هێز و گرووپانە. هەروەها هێزەکانی دەسەڵات دۆخێکی هێندە بێ متمانە و ئاڵۆزیان دروستکردووە، هەر چی ڕوو دەدات لە بەرژەوەندی ئەو گرووپە ئایینییانە دەشکێتەوە. بە کورتی پارتی و یەکێتی لە ئەنجامی ململانێی ناشەرعی خۆیان، وەکو دوو هێزی بنەڕەتی دەسەڵات، کە لەمێژە هیچ شەرعیەتێکیان بۆ دامەزراوەکانی هەرێمیش نەهێشتووەتەوە، کۆمەڵگەیان بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە و داویانەتە دەست ئەو هێز و گرووپانە.
شەشەم: ڕەوتی مزگەوت و مەلاکانی کورد بە تەواوەتی پاشەکشەیان کردووە و گۆڕەپانیان ئاوەڵا کردووە بۆ ئەو گرووپە نامۆیانە بە کۆمەڵگەی کوردی. بەشێکی زۆر لەو مەلایانەی کە ئیعتیبارێکیان هەبوو کۆچیان کرد، بەشێکی دیکەش بێ توانابوون و خانەنشین کراون.
بەو جۆرە، ئەوان ڕۆژانە لە کار و چالاکی دان، بە دەیان ئامڕازیان بەدەستەوەیە و خۆیان بە دامەزراوە دەکەن. تێکەڵی هەموو کون و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگە دەبن و بەرەو دوورترین خاڵ و گوند و لادێی باشووری کوردستان دەکشێن.

ئایینناسی: بیری سەلەفی چ جێكەوتەیەكی لەسەر دۆخی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان هەبووە؟ بە مانایەکی دیکە، پێتوایە بیری سەلەفی مەترسییە لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان؟
د. ئیبراهیم مەلازادە: فرەیی کولتووری، یەکێکە لە دیاردە باوەکانی کۆمەڵگەی کوردی، کە بە سروشتی خۆی کۆمەڵگەیەکی لێبووردەیە بەراورد بە کۆمەڵگەی تورکی و عەرەبی. هەڵبەت ئەوە مانای وانییە کە کەموکوڕی زۆر نین، بەڵام کۆمەڵگەی کامڵ لە هیچ شوێنێکدا نییە.
کێشەی سەلەفیزم، کێشەی مرۆڤبوونە. سەلەفیزم مرۆڤی وەکو خۆی قبوڵ نییە. بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ، هیچ کەسێك لەسەر ئەم خاکە مافی ئەوەی نییە کەسێکی دیکە لەسەر بنەمای جیاوازی بیروباوەڕ، نەک ئازار بدات، بەڵکو مافی ئەوەی نییە پێشی بڵێت تۆ هەڵەیت و لەسەر ڕێگای ڕاست نیت. مرۆڤێک بە هۆکاری ئایینی بە یەکێکی دیکە بڵێت، تۆ لەسەر بیروباوەڕی هەڵەیت و دەچیتە دۆزەخ، ئەوە بە دڵنیایی پێشێلی مافەکانی ئەو کەسەی کردووە. هەموو مرۆڤەکان ئازادن، لە بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و پۆشینی هەر جۆرە جلوبەرگێك.
بۆیە، بێگومان سەلەفیزم مەترسییە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان، نەک هەر لەسەر غەیرە موسوڵمان، بەڵکو لەسەر خودی ئەو موسوڵمانانەش کە پێچەوانەی سەلەفیزم ڕەفتار دەکەن. لە هەولێر بۆ نموونە، سوننی، شیعە، مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی، بەهائی، سابیئی، بێ ئایین و ئەتایستەکان و باوەڕدارە بێ ئایینەکان (ڕەوحانییەکان) دەژین. ئێستا ئەو ئازادییەی سەلەفییەکان هەیانە، خودی شافیعییەکان نیانە، کە زۆرینەی وڵات پێکدێنن.

لەلایەکی دیکەوە، سەلەفیزم گەورەترین مەترسییە لەسەر کولتوور و سایکۆلۆژیا و بەها و نۆڕمەکانی خەڵكی کوردستان. بڕۆ ناو زانکۆکان، کولتووری پێچەی یەمەنی، کە کولتوورێکی ڕووتی عەرەبییە و لەو ڕێیەشەوە کەوتووەتە ناو توراسی ئیسلامی، ئێستا بووەتە دیاردە و ڕۆژانە لە زانکۆکان بە بەرچاوی هەموومانەوە خوێندکاری دەموچاو داپۆشراو، هاتوچۆ دەکەن، نە ئیدارەی زانکۆ و نە هیچ مامۆستایەکیش بوێری ئەوەیان تێدا نییە ئەو دیاردە نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردی لە زانکۆ قەدەغە بکەن. هەروەها مۆسیقا و هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە حەرامە و پەیکەرەکان دەبێت بشکێنرێن.
گوتارێك لە ڕادیۆ و کەناڵەکان و مینبەرەکان پەخش دەکرێت، گوتارێکی ڕقاوی و ترس و تۆقاندنە و هەموو ڕیزبەندییەکانی ڕۆژانەی خەڵك لینگاوقووچ بوونەتەوە و کاروکەسابەت بووەتە ڕاوە بیدعە. ئەمەش لە قۆناغێکی سەرەتاییدا بۆ حزبەکانی دەسەڵات غافڵاندنی خەڵکە بە شتی لابەلا و بۆ دواتریش بە دڵنیایی وەکو ئەژدیها ژەهر بە قوڕگی خودی حزبەکانی دەسەڵاتیشدا دەکەنەوە.

ئایینناسی: هیچ مەترسییەك هەیە لە زاڵبوونی بیری سەلەفی بەسەر گوتاری ئایینی لە هەرێمی كوردستان؟
د. ئیبراهیم مەلازادە: گوتاری ئایینی لە هەرێمی کوردستان دابەش دەبێتە سەر سێ گوتار. گوتارێکی ئاسایی لەمێژینە، کە بریتییە لە گوتاری مزگەوت و مەلاکانی کورد و ئامۆژگاریکردنی خەڵك، بە مۆرکێکی کوردەواری، بەڵام ئەو گوتارە خەریکە بەرەو لەناوچوون دەچێت، چونکە بێجگە لە مینبەر و ڕۆژی هەینی هیچ ئامڕازێکی دیکەی لەبەردەستدا نییە، بێجگە لەوەش ئەو مەلایانەی کە ڕەهەندێکی کوردانەیان هەیە، بە شێوەیەکی دراماتیکی بەرەو کەمبوون، ڕۆیشتوون و خەریکە ئەو شێوازە لە مەلایەتی و دینداری لەناودەچێت. لە بەرامبەردا لەشکرێک لە دەرچووی شەریعە هەن، کە زۆرینەیان لەژێر هەژموونی سەلەفیەت و پارت و گرووپە ئیسلامییەکاندان. بەشێکی زۆریش لەو دەرچوانە بێجگە لە زمانێکی زبر و پەلاماردانی خەڵك، شتێکی دیکە نازانن. نەك هەر ئەوە، بەڵکو بەشەکانی زمانی عەرەبیش لە زۆربەی زانکۆکان، لەجیاتی ئەوەی شارەزا لە زمانی عەرەبی بەرهەم بێنن، سەلەفی بەرهەم دێنن.
دووەمیان گوتاری ئیسلامیزمە. ئەم گوتارە زۆر جیاوازی نییە لەگەڵ گوتاری سەلەفیزم، بە مانایەکی دیکە، گوتاری سەلەفیزم بەهێز دەکات و ئیسلامییەکان کێڵگەیەکی ئامادەکراوی سەلەفیزمن. لەپاڵ ئەوەش، گوتارێکە لەزۆربەی سیماتەکانیدا دژ بە گوتاری نیشتمانییە و پەیامی جیاواز بە بەرگوێی هاووڵاتییاندا دەدەن. هێندەی پرسی بۆرما و کشمیر و چیچان و ئەفغانستان بە بنگوێی خەڵکدا دەچرپێنرێت، چارەگی ئەوەش باس لە کێشە و پرسەکانی خەڵكی کوردستان ناکرێت.
گوتاری سێیەمیش، سەلەفییەکانن. کاری ڕۆژانەی سەلەفییەکان تەسنیفکردن و فاسقکردن و ناسینی خەڵكە بە بیدعەچی. ئەوەی کۆیان دەکاتەوە، جۆرێکە لە ڕقبوونەوە لە هەموو خەڵك، هەر ئەوەشە وایان لێدەکات هەمیشە دابەش ببن و ببن بە گرووپی جیاواز بەپێی کەسەکان و ڕاوبۆچوونە جیاوازەکان. هەندێک جار یەکدی تۆمەتبار دەکەن بە لادان و جیدی نەبوون لەسەر بنەماکانی سەلەفیەت. ئینجا کە دابەشیش دەبن هەر گرووپێک سوکایەتی بە گرووپەکەی دیکە دەکات و بە سەر لێشێواو وەسفی یەکدی دەکەن.
بەو جۆرە، گوتارێکی میزاجی و دژوار و پەنگخواردوو بە زەبروزەنگ، هەندێک جاریش لە چوارچێوەی فیقهی سەلەفییەکان، هاوپێچ بە ناشیرینکردنی بیروباوەڕی خەڵک و بڵاوکردنەوەی ڕق و پۆز و سوکایەتیکردن بە هەموو خەڵك. گوتارەکەیان، ڕۆژ تا ئێوارە دابەشکردنی کۆمەڵگەیە لە نێوان ئەشعەری و بیدعەچی و سۆفی و شیعە، لە بەرامبەر پێڕی ڕزگاربوودا “الفرقة الناجیة”، کە مەبەستیشیان لەو پێڕە تەنها گرووپی خۆیانن. لە حەدیسێکدا هاتووە کە موسوڵمانان دابەش دەبنە سەر 73 گرووپ، بەڵام ئێستا هەر خودی سەلەفییەکان، 73 گرووپیان لەنێو خۆیاندا تێپەڕاندووە.
ئەو جۆرە بەرتەسککردنەوەیەی ژیانی تایبەتی خەڵک و دەستبردن بۆ پەیوەندییەکانی ناو خێزان، بەناوی فیکر و مەزهەبێکی نامۆ بە ئایین و ژیان و کولتووری ئەو میللەتە، لە فۆڕمێکی عەقیدەیی وشک و دوور لە سەماحەت و لێبووردەیی، ڕێژەی هەرە زۆری کوردی موسوڵمان، نەک هەر باوەڕییان پێی نییە، بەڵکو هەر سەریشی لێ دەرناکەن.

ئایینناسی: لەم ماوەی دواییدا لەسەر چەندین بابەت، شەقامی كوردی بۆ سەر هەر دوو بەرەی ئایینی و عەلمانی دابەشبوون، سەلەفیەت چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر قوڵبوونەوەی ئەو دابەشكارییە؟
د. ئیبراهیم مەلازادە: سەرەتا خودی پرسیارەکە هەڵەیە، چونکە بەرەیەک نییە بە ناوی عەلمانییەت. باشترە لە جیاتی عەلمانییەت ناوێکی دیکەی بۆ بەکار بێنن. بەرەیەکی دیکەش هەیە دەکرێت ناوی بنێن ئایینی، باشتریشە پێی بڵێن ئیسلامی، چونکە ئەوانەی بەرگری لە ئایین دەکەن، لەلایەک لە پرس و کێشەکان تێناگەن، لەلایەکی دیکەشەوە کەوتوونەتە ژێر کارایی ئیسلامییەکان. ئیسلامیزم زۆر سەرکەوتوو بووە لە سۆسیالیزەکردنی نۆڕم و بەهاکانیان. بە مانای ئەوەی ئیسلامییەکان و لەنێویشیاندا سەلەفییەکان چی دیکە پێویستیان بەوە نییە لە هەموو پرسێک بێنە گۆ و بەرگری لەو نۆڕمانە بکەن کە ئەوان هێناویانەتە ناو کۆمەڵگە. بۆیە ئێستا هەر پرسێك بوروژێنرێت، خەڵكی ئاییندار، کە هیچ پەیوەندییان بە ئیسلامیزمەوە نییە، دەکەونە بەرگری، یان ڕەتکردنەوە، لە بنەڕەتدا شەڕی بە وەکالەتە و پێشتر ئیسلامییەکان دەیانکرد. یەکێکیش لەو دیاردانەی کە تەشەنەی کردووە؛ جوێندان و سووکایەتی کردنە بە نەیارەکانیان. ئەوەیە هەر کەسێك یەک پۆستی دژ بە ڕاوبۆچوونی ئەوانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابەزێنێت، بەسە بۆ ئەوەی بکەوێتە بەر نەفرەتیان و جوێنباران بکرێت و سوکایەتی ئەو دونیایەی پێ بکرێت.
سەبارەت بە عەلمانییەت، بەرەیەک نییە بەو ناوە، چونکە لەوانەیە موسوڵمانت هەبێت، باوەڕی بە عەلمانییەت هەبێت. عەلمانییەت سیستمی حوکمە، واتە جیاکردنەوەی ئایدۆلۆژیایە لە دەسەڵات. پیاوانی ئایین کارەکانی خۆیان لە پانتایی ئایینیدا دەکەن، مزگەوت بێت، یا هەر جۆرە پەرستگایەك، بەڵام نایبەن بۆ پانتایی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت. حکومەت هی هەموانە، بە ئاییندار و بێ ئایینەکان. لێرەدا مەبەست لە ئایین هەموو ئایینەکانە. هەموو ئایینەکان ڕێز لێگیراون، دەوڵەتیش چۆن هی هەموو ئاییندارەکانە، هی بێ ئایینەکانیشە. ئەگەر دەوڵەت پشتیوانی مادی لە ئاییندارەکان بکات، خۆ دەبێت پشتیوانی مادی لە بێ ئایینەکانیش بکات، چونکە هەر دوو لا هاووڵاتین و یەک جۆر ئەرک و مافیان هەیە. ئەگەر گرووپێکی موسوڵمان، داوای موچەیان بۆ مەلای مزگەوتێك کرد، لە هەمان کاتیشدا گرووپێکی بێ ئایین داوای موچەیان بۆ بەڕێوەبەری ناوەندێکی گردبوونەوە کرد بۆ خۆیان، کاری دەوڵەت نییە پشتیوانی مادی لە هیچیان بکات. ڕێگای کردنەوەی مزگەوت و ناوەندێکی گردبوونەوە بۆ هەردوو گرووپەکە ئازادە، بەڵام دەوڵەتی عەلمانی پشتیوانی مادی لە هیچیان ناکات. لەپاڵ ئەوەشدا، هەرچی لەو توراسەی کە بە توراسی ئیسلامی، یا بە شەریعە ناسراوە، ڕێگا بە هیچ گرووپێکی ئایینی جیاواز نادەن، بۆ نموونە ڕێگا نادەن مەسیحییەکان کڵێسایەک بۆ خۆیان دروست بکەن، چ جای ئەوەی گرووپێکی بێ ئایین ڕێگایان پێ بدرێت شوێنێکییان هەبێت.
بۆیە، وێناکردنی ململانێ لەنێوان ئایینی و عەلمانی هەڵەیەکی کوشندەیە، نابێت ئەو ململانێیە بخرێتە نێوان ئاییندار و عەلمانییەت. لەوە تێدەگەم کە ئیسلامییەکان هەموو کەسێکی بێ ئایین بە عەلمانی هەژمار دەکەن. ئەمەش لەلایەک بوونی جەهل و ڕقێکی کوێرانەیە بە عەلمانییەت، لەلایەکی دیکەشەوە بەلاڕێدابردنی خودی ململانێکەیە، بۆ نموونە لە نێوان گرووپێکی ئەتێییست لەگەڵ ئاییندارەکان. یا گرووپێکی ناسیۆنالیست و ئاییندارەکان. بۆیە عەلمانییەت بەرەیەک نییە تا دژی پرسێکی دیاریکراو بێت. لە بەرامبەر بەرەی ئیسلامییەکان خەڵی موسوڵمان لە سۆفی و ڕێژەیەکی زۆر لە مەلا و ناسیۆنالیست، ئەتێییست، سۆسیالیست و …. تا دوایی هەن. هەر بۆ نموونە لە پێشەوە باسمان لەوە کرد کە سەلەفییەکان دژ بە ئیسلامیزمی ڕێکخراون، دژ بە سۆفییەکانن، بەڵام سۆفییەکان ڕێژەیەکی زۆر لە مەلا و موسوڵمانەکان بەگشتی دژ بە عەلمانییەت نین. دەست لە کاروباری حکومەت وەرنادەن. کەم وایە دابەزنە ئاستێک کە خەڵك بە کافر بزانن. ئەگەر پێشیان وابێت خەڵکێکی بێ ئایین هەن، لەوانەیە ئامۆژگارییان بکەن لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا، بەڵام دروشمی تەکفیرکردن هەڵناگرن.

بەڵام هەر سەلەفییەکان نەبوون کە ئەو پرسەیان بەلاڕێدا برد، وەکو چەمکی عەلمانییەت، بەڵکو خودی ئیسلامییەکان توندتر بوون لەو بارەیەوە. بۆ نموونە ئیخوانەکان زۆر توندتر بوون و ڕۆڵێکی زۆریان لە ناشیرینکردنی ئەو چەمکە هەبوو. لەو بارەیەشەوە تێکەڵکردنی کارتەکان، لە پەیوەندی بە گشتگیرکردنی شرۆڤە و تێگەیشتن لە جێندەر، دژایەتیکردنی بەها و نۆڕمە مۆدێرنەکان، هێشتنەوەی پێگەی ژنە لەپانتایییە تەقلیدییەکان و دابەشنەکردنی دەسەڵات. کێشەی ئیسلامییەکان، دەسەڵاتە. چۆن ئیمامەت پشکی پیاوە و بۆ ژن نییە داوای ئیمامەت بکات، بە هەمان شێوەش بۆ ژن نییە داوای دابەشکردنی دەسەڵات بکات لە ماڵەوە و دەرەوەی ماڵ. ئەوان دەڵێن ژن ڕێزلێگیراوە، بەڵام کێشەکە ڕێزگرتن نییە. مرۆڤ هەر چییەک بێت ناچارە ڕێز لە دایک و خوشک و خێزانی خۆی و کچەکانی بگرێت. بەڵام ئایا ئامادەیە بەیەك چاو تەماشای کوڕ و کچەکەیان بکەن؟

لە سەلەفیەتدا، لەسەر بنەمای توراس، لە چوارچێوەی ژمارەیەک حەدیس و شرۆڤەی فیقهی ئیسلامیدا، ژن پێگەیەکی پاشکەوتووی هەیە. پیاو فەزڵی بەسەر ژندا هەیە. پیاو ڕێبەرێتی و ئیدارەی ماڵی بەدەستە. میراتی دوو ژن بەرامبەر میراتی یەک پیاوە، شایەتیدانی دوو ژن بەرامبەر شایەتیدانی یەک پیاوە، بۆ ژن نییە ئیمامەتی پیاوان بکات. پیاو بۆی هەیە چوار ژن بە یەکەوە کۆ بکاتەوە. پیاو بۆی هەیە پرس بە کچ و خوشکی نەکات و بەمێردیان بدات. ژن ناتوانێت بە تەنها سەفەر بکات بێ ئەوەی پیاوێکی مەحرەمی لەگەڵدا بێت. زۆر پرسی دیکەش هەن، هەر لە پەیوەندی بە ژنەوە. جێندەر هەموو ئەو پرسانە دەخاتە ژێر پرسیار و لێیان دەکۆڵێتەوە و ڕەتیان دەکاتەوە، خودی بنەما ئایینییەکان لەمەڕ ژنانەوە دەخاتە ژێر پرسیار. لەمەشیاندا سەلەفیەت ڕۆڵێکی ناشیرین و خراپ دەگێڕێت.

ئایینناسی: دەوترێت بیری سەلەفی خزمەت بە دەسەڵات دەكات، ڕای ئێوە لەو بارەوە چییە؟ چۆن دەكرێت بیری سەلەفی خزمەت بە دەسەڵاتێك بكات كە بانگەشەی دیموكراسی دەكات؟
ئیبراهیم مەلازادە: دەکرێت نیشانەی پرسیاریش لەبەردەم خودی ئەم پرسیارە دابنێین و بە پرسیارێکی دیکە بپرسین، کام سیستمی دیموکراسییە کە سەلەفیەت پشتیوانی لێ دەکات؟ هیچ سیستمێکی دیموکراسی نییە بە بێ عەلمانییەت. دیموکراسییەت و عەلمانییەت دوو ڕووی یەک دراون.
لە سیستمی دیموکراسیدا هیچ وەزارەتێکت نابێت بە ناوی وەزارەتی ئەوقاف. لەشکرێک لە مووچەخۆر بە ناوی ئایین و نوێژکردن و وتارخوێندنەوە نابێت. لە سیستمی دیموکراسیدا دەکرێت دەزگای مزگەوت و کڵێسا، یا هەر دامەزراوەیەکت هەبێت، بەڵام ئەو دەزگایانە دەبێت بتوانن خۆیان، خۆیان بەڕێوە ببەن. موسوڵمانەکان، یا هەر گرووپێکی ئایینی دیکە، هەر کاتێك بیانەوێت دەزگایەکییان هەبێت بە ناوی مزگەوت، یا کڵێسا، یا هەر پەرستگایەك، دەبێت ئامادەش بن بەشێک لە مووچەی خۆیان، یا سامانی خۆیان بخەنە خزمەت وەها دەزگایەك. کڵێسا لە زۆربەی وڵاتە دیموکراتییەکان ئەندامی هەن و ئابوونە دەدەن، دەوڵەمەندە بڕوادارەکان هاوکاری دەکەن. لە وڵاتانی دیموکراسیدا وەزارەتێک نییە بە ناوی ئەوقاف و دە هەزار قەشە و وتارخوێن و ڕێبەری کڵێسای هەبن. بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئەو وەزارەتە بڕوات بێ ئەوەی دۆلارێک داهاتی هەبێت بۆ خەزێنەی دەوڵەت. بە پێچەوانەوە، دەزگا و دامەزراوەی ئایینی دەبێت باجیش بدەن، وەکو هەر دەزگایەکی دیکە.
ئالێرەوە، دەوڵەت و حکومەت پێویستی بە هێزێك، یا ڕەوتێک نییە خزمەتی بکات. ئەوان دەتوانن خزمەتی خۆیان بکەن. وەکو هاووڵاتی بژین. کاری بانگخوازی خۆیان بکەن لە چوارچێوەی ڕێکار و یاسا و ڕێساکان. هەموو هاووڵاتییان وەکو یەک مافیان هەیە و ئەرکیشیان لەسەر شانە. لە سیستمی دیموکراسیدا دەسەڵات هی خەڵکە، نەک حزب، ئەوەی خزمەتیش بە دەسەڵات دەکات سەلەفیەت، یا هیچ گرووپێکی ئایینی نییە، بەڵکو هەموو هاووڵاتییانن، چونکە دەسەڵات و دام و دەزگا نوێنەرایەتییەکانیش هی خەڵكن و دەیپارێزن. سیستمی دیموکراسی پێویستی بە گرووپە ئایینییەکان یا بێ ئایینەکان نییە شەرعییەتی پێ بدەن، بەڵکو ئەوە خەڵکە بە گشتی شەرعییەت بە دەسەڵات دەدەن و پارێزگاریشی لێ دەکەن. دەسەڵاتیش بە یەکسانی چاوی لە هەموو هاووڵاتییانە، خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین دەکات، مافەکانیان دەپارێزێت لەسەر بنەمای یاسا.

ئەو دەسەڵاتەی لە ژێرەوە پشتیوانی لە گرووپێک دەکات لەپێناو شەرعییەت پێدانی، ئەو دەسەڵاتە بۆ خۆی هەست بەوە دەکات، کە شەرعییەتی نییە. بۆیە پێویستی بە وەها گرووپێکە خزمەتی بکات و خەڵك بەلاڕێدا ببات، نەک بۆ چاوی ڕەشی خەڵك و خودی دەسەڵاتیش، بەڵکو لەپێناو هێشتنەوەی هەژموونی مادی و ڕۆحی خۆیان بە سەر خەڵکدا. ئەوەی لە هەرێمی ئێمەدا هەیە، نە دیموکراسییەتە، نە عەلمانییەت. حکومەت و دەسەڵاتیش هی حزبە، بۆیەشە سەلەفیەت لەوەها دۆخێکدا گەشە دەکات و خزمەت بەو سیستمە دەکات، کە ناتوانم ناوێکی بۆ بدۆزمەوە. لەهەر شوێنێک ئەو دیاردەیە بینرا، ئەوە دەبێت گومان لە شەرعییەتی دەسەڵاتەکەش بکرێت، وەکو ئەوەی لە سعودیە و هەندێك وڵاتی ئیسلامی دەیبینین.

ئایینناسی: تەكنەلۆجیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چۆن كەوتونەتە خزمەت بیری سەلەفی و بانگەشەكردن بۆی؟
د. ئیبراهیم مەلازادە: کێشە لە تەکنۆلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە، چونکە ئەو تۆڕانە بۆ هەموو خەڵك کراوەن و دەتوانن سوودی لێ وەربگرن. هەموو خەڵك ئاییندار و بێ ئایین، سەلەفی و سۆسیالیست، ئیسلامی و ناسیۆنالیست، وەکو یەک مافی سوودوەرگرتنیان هەیە لەو تۆڕانە. ئەوەی لە کۆتاییدا بڕیار دەدات لەگەڵ کامەیان بێت، خەڵکە. خەڵك ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە و لەگەڵ کێ دەڕوات، بەڵام کێشە لە شوێنێکی دیکەدایە. کێشە لە نەبوونی دەوڵەتێك، یا هەرێمێکدایە کە خاوەنی دامەزراوەی شەرعی نین. هەموو جۆرە قسە و دەربڕینێك ڕێگەپێدراوە. لە نەبوونی یاساێکدا هەموو گرووپە مرۆییەکان بپارێزێت، سوکایەتی بە کەمینە ئایینییەکان دەکرێت. لەسەر مینبەرەکان خەڵكی بێ ئایین بە بێ ئەخلاق وەسف دەکرێت، گوتاری ئەو مینبەرانەش دەخرێنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لە دەوڵەتێكدا یاسا هی هەموان بێت، دەبێت پارێزگاریش لە هەموان بکات وەکو یەك. هەڕەشەکردن لە خەڵك بە ناوی ئایینێکەوە، یا هەر ئایدیۆلۆژیایەک، یا تەکفیرکردن، دەبێت بە یاسا قەدەغە بکرێت. مەلایەکی سەلەفی دێت، بە ڕاست و چەپدا فەتوا دەردەکات، سووکایەتی بە کەمینەکان، یا بە ژنان دەکات، کەسێك لە گوڵ کاڵتری پێ ناڵێت. ئەمە لە دەوڵەتێکدا ڕێز لە یاسا و لە سەروەری مرۆڤەکان بگرێت، نابێت ڕێگای پێ بدرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ نین لەچاو ئەو حەشاماتە لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و مینبەرەکان کە سەلەفییەکان تیایدا پشکی شێریان هەیە و بۆی هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانی مادیشیان بکرێت.

وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (2) نیسانی (2023) ساڵی یەكەم

Send this to a friend