• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 14, 2024

به‌های پێكه‌وه‌ژیان

د. فاروق عه‌بدول

پێکەوەژیان، چەمکێکی فراوانە و زادە و گرێدراوی چەمکی هەمەچەشنی (التنوع) کۆمەڵگەکانە، فرە دیاردە سروشتییەکەیە و پێکەوەژیان (التعایش) بەرهەمی مرۆڤەکانە و ئەوانن بڕیار لەسەر بوون و نەبوونی ئەم چەمکە دەدەن، مرۆڤایەتی لە دێرزەمانەوە دیاردەی جیاوازی لە چەند فۆڕمێکدا بە خۆیەوە بینیوە لەوانە (ڕەگەزی، دینی، کولتووری، ئایدیۆلۆژی) زۆرجار ئەم دۆخە سروشتییە لە ڕێچکەی ئاسایی خۆی لایداوە و توندوتیژی بەرهەم هێناوە و هەندێک جاری تر لە قاڵبە سروشتییەکەی خۆیدا ماوەتەوە و پێکەوەژیانی لێ بەرهەم هاتووە.
لە ڕاستیدا هیچ کاتێک جیاوازییەکان کێشە نییە و نەبووە، تەنانەت هەندێک لە بیرمەندانی ئەم بوارە دیاردەی هەمەچەشنی بە سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندی کۆمەڵگاکان پۆلێن دەکەن، بەڵام ئەوەی کێشەیە چۆنێتی (ئیدارەدانی جیاوازییەکان)ە، لە مێژوودا سەلمێنراوە ئەو فۆڕمەی کە توانای لەخۆگرتنی جیاوازییەکانی نییە، لەخۆبایی و تاکڕەو و خۆسەپێنە، لە بنەڕەتدا ئەمانە باوەڕیان بە پێکەوەژیان و ئاشتەوایی نییە. سروشتی ئەمانە گۆڕین و بەلاڕێدابردنی ڕێڕەوی جیاوازییەکانە بە ئاڕاستەیەکی ترسناک و خوێناویدا لەپێناو مەبەستێکی تایبەتیدا.
ئەگەر بمانەوێت باڵادەستی ئەمانە لە کۆمەڵگەیەکدا سنووردار بکەین و ڕێگە بۆ قبووڵکردنی جیاوازییەکان بکەینەوە، پێویستمان بە چەند ڕێوشوێنێکە، لە سەروو هەموویانەوە کولتووری پێکەوەژیانە کە کاری ورد و زەمینەسازی دەوێت، پرۆسەیەکی هێواش و پلەبەندییە، بەهێزکردن و چەسپاندنی ئەم کولتوورە یاسا و دامەزراوەکانی دەوێت، کە هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بگرێتەوە و بتوانێت دەستەبەری یەکسانی بکات لە هەموو ئاستەکاندا، هەر کاتێک مرۆڤەکان هەستی پەراوێزخستنیان لانەما، لەو شوێنەدا پێکەوەژیان بە شێوەیەکی خۆڕسک چەکەرە دەکات.
لە ڕاستیدا گرنگی و بەهای پێکەوەژیان، لە پێکەوەنەژیان و نەگونجاندایە، هەموو ئەو کۆمەڵگانەی لە قۆناغی پاشەکشە و دواکەوتووییدا ماونەتەوە، ئەو کۆمەڵگانەن کە نەیانتوانیوە پەرە بە کولتووری پێکەوەژیان بدەن و ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بکەن، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پێشکەوتنی گەلان بەندە بەو فۆڕمەی کە پێکەوەژیانی لەسەر بیناکراوە، فۆڕمێک کە دوور بێت لە پێکەوەژیانی لاواز و فشەڵ و لەرزۆک کە هەرگیز جێگەی دڵنیایی نین.
لە کوردستان هەموو شێوەکانی پێکەوەژیان لە دۆخێکی جێگیردان، بەتایبەتیش پێکەوەژیانی ئایینی، ئەم جێگیرییەش بەرهەمی کولتووری کوردییە کە باڵادەستی ئیسلامی میللی لە کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پاڵپشتیکردنی پێکەوەژیان، کولتووری کوردی لێبوردە بووە و هەرگیز باوەڕی بە دەستدرێژی و زەوتکردنی مافی ئەوانی دیکە نەبووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پێکەوەژیانمان پارێزراو بێت، بەڵکو کاریگەرە بەو گۆڕاوە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە نزیکن لێمانەوە، کاریگەرە بە تەفسیرە هاوردەکراوەکان، بەتایبەتی دەرگای سنوورەکان لە بەردەم تەوژمە خێراکانی گەیاندندا قابیلی داخستن و ڕێگری لێکردن نییە، بیری توندڕەوی و پۆپۆلیست و خۆسەپێن لە گەشە و جووڵەی خێرادایە، ئەمانە هەڕەشەی بەردەوامن لەسەر کۆمەڵگەکان ئەگەر بە پلان و بەرنامەوە کار لەسەر دەورەدانیان نەکرێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە ئێستاشەوە کوردستان بەدەر نەبووە لەو مەترسییە دەرەکی و ناوخۆییانەی کە هەڕەشە بوون بۆسەر پێکەوەژیان.
لەم ڕوانگەیەوە، پێکەوەژیانی ئایینی-ش کە تەوەری ئەم ژمارەیەی وەرزنامەی ئایینناسییە و بەشێکە لە فۆڕمی گشتی پێکەوەژیان، بەدەر نەبووە لەو هەڕەشە و مەترسییانە کە بەم دواییە ڕوویان لە ژینگەی کوردستان کردووە، هەڵبەت ئەمەش زادەی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە لەدوای بەهاری عەرەبییەوە شەپۆلێک لە بیری توندڕەوی ئایینی لە ناوچەکەدا بەخێرایی گەشەی کردووە و هەندێک جار تارماییەکەی لە ناوخۆی کوردستاندا بەدی دەکرێت و لە چەند ڕووداوێکی تێپەڕدا بەڕوونی ڕەنگدانەوەی هەبووە، ئەگەرچی ئەو دۆخە نەبووەتە هەڕەشەیەکی جێگیر لەسەر ژینگەی پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان، بەڵام بەردەوام پڕیشکی هەبووە و دەبێت، مادام ئێمە بەشێکین لە ژینگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

Send this to a friend