• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 26, 2023

ڕێکەوتننامەی سعودیە – ئێران و نێوەندگیری چین: دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی لەسەر ناوچەکە

سەدات لاچینەر/ وەرگێڕانی: هەڤاڵ ئازاد محێدین

بەرایی

لە ئازاری ٢٠٢٣ دوو وڵاتی خاوەن ململانێی لە مێژینەی وەک عەرەبستانی سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری چین لە پەکینی پایتەختی چین هەستان بە ئەنجامدانی ڕێکەوتننامەیەکی دیبلۆماسی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان…(١) ڕێکەوتننامەکە بە جۆرێکە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ دروست بکات لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی. بێگومان ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران ئاسایی ببێتەوە ئەوا دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ناوخۆی یەمەن، یاخود کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەو وڵاتە. دەکرێت گرووپە نێوخۆییەکانی لوبنان و سووریایش بگەن بە جۆرێک لە ڕێکەوتن کە تا ڕادەیەکی زۆر سەرچاوەی ململانێکانی نێوان ئێران و سعودیەن.

لە لایەکی ترەوە ئەم ڕێکەوتننامەیە یەخەگیرییەکی ڕوون دەبێت بۆ ئەو سیستەمەی کە ئەمریکا هەوڵی دروستکردنی دەدا لە ناوچەکەدا… هەروەها بە نزیکبوونەوەی چین و ئێران لە سعودیە و ناوچەکە واشتنگتۆن کە هەوڵی نزیککردنەوەی ئیسرائیل و جیهانی عەرەبی دەدات ناچار دەبێت جارێکی تر سەر لەنوێ سیاسەتەکانی خۆی داڕێژێتەوە… بە کورتی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە کاریگەری زۆر زیاتری دەبێت لە سەر ناوچەکە.

  • دوو دراوسێی سەر بە کێشە: ئێران و عەرەبستانی سعودیە

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە هیچ کاتێک بە بێ قەیران نەبووە. ئەم دوو دەوڵەتە کە خۆیان وەک نوێنەری سوننە و شیعەی جیهان نمایش دەکەن، لەسەر چەندین کەیس لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، پەیوەندییەکانیان بە درێژای چەندین دەیە دوچاری قەیران و پاشەکشە بووەتەوە.(٢) بەتایبەتی لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ هەردوو وڵات لە ڕووی ئایدۆلۆجیا و سیاسییەوە زیاتر تووشی کێشمەکێش بوونەتەوە. دوای ساڵی ١٩٧٩ وڵاتانی کەنداو نیگەران بوون لەوەی کە ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنانی کارتی مەزهەبی شیعەوە دەست بخاتە ناو کاروباری نێوخۆی وڵاتانی کەنداوە، ئێرانیش بەهەمانشێوە نیگەران بوو لەوەی کە وڵاتانی عەرەبی لە ڕێگەی لینکی مەزهەبییەوە هەستان بە ئەنجامدانی چالاکی زیان بەخش لە نێو خاکی ئێراندا، هاوکاریکردنی سەدام حوسێن لە جەنگی نێوان ئێران – عێراقدا لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە ئەم نیگەرانییانەی ئێرانی زیاتر کردبوو. بە بۆچونی ئێران عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی تری عەرەبی وەک درێژکراوەیەکی هێزی دەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جووڵەی سیاسەی دەکەن.

هەروەها لە ماوەکانی ڕابردووودا لە ساڵی ٢٠١٦ سعودیە هەستا بە لە سێدارەدانی کەسایەتییەکی ئاینی شیعە. لە سێدارەدانی ئەم کەسایەتییە ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی ئێرانی بە دوای خۆیدا هێناو وەک کاردانەوەیەک هاوڵاتیانی ئێران هێرشیان کردە سەر کونسۆڵخانەی سعودیە لە تاران و گڕیان لە کونسۆڵخانەکە بەردا. بەم شێوەیە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕووی لە گرژی کرد و هەردوو وڵات هەستان بە داخستنی کونسۆڵخانەکانیان لە تاران و ڕیاز…(٣)

شایەنی باسە پێکدادانەکانی یەمەنیش هۆکارێکی گرنگ وون بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە، بە جۆرێک عەرەبستانی سعودیە هەستا بە سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانێتی عەرەبی لە دژی یاخیبووە حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران. ئەگەرچی ئێران هەموو ئەو بانگەشانەی ڕەتدەکردەوە کە پاڵپشتی هیچ هێزێک بکات لە یەمەن، بەڵام ئەم ڕەتکردنەوەیەی ئێران نەیتوانی ئەو ڕاستییە لە لای جیهان بشارێتەوە کە ئێران لە ڕووی هاوکاری سەربازیی پێشکەش بە یاخیبووەکانی یەمەن دەکات. بە کورتی لە حەوت ساڵی ڕابردوودا هەردوو وڵات لە ڕووی دیبلۆماسییەوە زمانێکی توندیان بەرامبەر بە یەکتر بەکارهێناوە و بە هێچ جۆرێک نەیان توانیوە هیچ پەیوەندییەکی ڕاوستەوخۆ ئەنجام بدەن. تەنانەت لە هەندێک ناوچەی وەک یەمەن ئەگەر شەڕی وەکالەتیش بێت ئەوا لە ڕووی سەربازیشەوە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. هەر بۆیە ڕێکەوتننامەکەی ٦ ئازاری ٢٠٢٣ ی نێوان ئێران و سعودیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە…

  • ڕێکەوتننامەی پەکین(٤)

بەپێی ڕێکەوتننامەکە هەردوو وڵات هەڵدەستن بە دووبارەکردنەوەی کونسۆڵخانەکانیان لە تاران و ڕیاز… بەپێی بناماکانی ڕێکەوتننامەکە هیچ کام لە ئێران و سعودیە ئەگەر لە ڕێگەی شەڕی وەکالەتیشەوە بێت بەهیچ جۆرێک هێرش ناکەنە سەر خاکی یەکتری… هەردوو وڵات دەستناخەنە ناو کاروباری نێوخۆی یەکترییەوە و ڕێزلە سەروەری یەکتری دەگرن… خاڵێکی تر کە لەسەری ڕێکەوتوون بەکارنەهێنانی میدیا و ڕاگەیاندنەکان لە دژی یەکتری و بەکارنەهێنانی وشەی توند و ناشرینە بەرامبەر بە یەکتر…

بێگومان ئەمانەی کە ئاماژەی بۆ کراوە بڕیارە فەرمییەکانی ڕێکەوتننامەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کۆمەڵێک زانیاری تر کە ڕانەگەیەنراوە باس لەوە دەکەن کە سعودیە پێداچوونەوە دەکات بە ئەو کەناڵانەی کە لە وڵاتەکەیدا هێرش دەکەنە سەر ئێران و هەموو ئەو بەرنامە و هەواڵانە ڕادەگرێت کە ڕژێمی ئێران وەک ڕژێمێکی خراپەکار دەناسێنێت… ئێرانیش ڕێگری دەکات لە حوسییەکان کە لە خاکی یەمەنەوە درۆن و ساروخ ئاڕاستەی سعودیە بکەن… ئەگەر ئەم زانیارییانەش پشت ڕاستیش نەکرابێتنەوە ئەوا بێگومان سەودایەکی لەوجۆرە بۆ هەردوو وڵات بە گونجاو دەبینرێت… ڕوونیشە کە ڕێکەوتننامەکە چەندین ماددەی تری شاراوەی لەخۆگرتووە…

شیکەرەوانانی سیاسەتی دەرەوە پێشبینی ئەوە دەکەن لە دۆخی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە و بەردەوامبوونی ئەوا خاڵی وەرچەخان دەبێت بۆ ناوچەکە و دەکرێت کۆتایی بە ئاڵۆزییە نیوخۆییەکانی یەمەن بێت و چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەکانی سووریا و لوبنان ئاسانتر بێت…

ئایا بلۆکێکی ڕۆژهەڵاتی نوێ دادەمەزرێت؟

لە لایەکی ترەوە ڕێکەوتنی ئێران و سعودیە بە نێوەندگیری چین بووە بە جێگەی نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا. لە دوای ڕێکەوتنی پەکین دروستکردنی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی لە دژی ڕۆژئاوا لە لایەن چین و ڕووسیاوە لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بووە بە جێگەی باسی لێکۆڵەران و سیاسەتڤانانی ڕۆژئاوا. هەربۆیە ئیشان سارۆر (Ishaan Tharoor ) لە واشتنگتۆن پۆستدا بابەتێکی نووسیوە لە ژێر ناونیشانی ” ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەیەکی گرنگە بۆ دابەشکردنی جیهان بۆ دوو لایەنی ململانێ”.(٥)

بەبۆچوونی هەندێک لە چاودێران ڕێکەوتننامەی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیە تەنها سەرەتایەکە، چین لە داهاتوودا چەندین هەنگاوی تر دەنێت لە بەرژەوەندی خۆی… ئەگەرچی لە ئێستادا هیچ هەنگاوێکی کرداری نییە لە لایەن چینەوە لەم ڕووەوە، بەڵام دەزانرێت کە چین چەندە گرنگی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا دەدات و چەندین پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنانی لەو ناوچانەدا ئەنجام داوە… تەنانەت گەورەترین هاوبەشی بازرگانی عەرەبستانی سعودیە بێگومان چینە… ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە چیتر چین بەتەنها گرنگی بە لایەنی ئابووری ناوچەکە نادات، بەڵکو خۆی دەخزێنێتە ناو کایەکانی سیاسەت و ئاسایشیشەوە. وەک دەوترێت ئەم ڕێکەوتننامەیە بەڵگەی ئەوەیە کە چین پەل دەهاوێژێت بۆ لایەنەکانی تری وەک سیاسەت و ئاسایش.

بێگومان خوێندنەوەی ئەم هەنگاوانەی چین بەبێ ڕووسیا خوێندنەوەیەکی تەندروست نابێت. وەک زانراوە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین هەریەک لە چین و ڕووسیا زیاتر لەیەکتری نزیکبوونەتەوە و ڕووسیاش پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ ئێراندا هەیە. ڕووسیا لە مێژە لە بیری دروستکردنی بلۆکێکە لە دژی ڕۆژئاوا ئەوەش لە ڕێگەی نزیکبوونەوەی لە ئێران و وڵاتانی تری ئۆراسیای بەکارهێنانیان لە دژی ڕۆژئاوا. ئێستا ئەم نێوەندگیرییەی چین لە نێوان ئێران و سعودیە بە دڵخۆشی هیواوە پێشوازی لێکراوە. ئەگەر بلۆکێکی سەربازیش لە دژی ڕۆژئاوا دروست نەکرابێت ئەوا بێگومان فەراهەمکردنی هەر جۆرە هاوکار و هەرەوەزییەک دەبێتە جێگەی نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، تەنانەت دەکرێت بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەونە مەترسییەوە. دەستپێک و سەرەتای هاریکارییەکانیش دەکرێت بژاردەی پارەیەکی تر بێت بۆ بازرگانییە دەرەکییەکانیان لەبری دۆلار. کە بێگومان نزیکترین سیاریۆ بەکارهێنانی یوانی چینییە. کە بێگومان پێشتریش ڕووسیا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە پارەی چینی (یوان) لە بازرگانی نێوان ڕووسیا و چین بەکاربهێنرێت وەک جێگرەوەی دۆلار. بێگومان ئەگەر هەریەک لە ئێران و سعودیەش بەم پێشنیارەی ڕووسیا قایل ببن ئەوا دۆلاری ئەمریکی گورزێکی گەورەی لە بازرگانی جیهانیدا بەردەکەوێت و هێرشێکی جدی دەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنە جیهانییەکەی ئەمریکا.

کاریگەرییەکی تری ڕێکەوتننامەکە کەمکردنەوەی سیاسەتی پەراوێزخستنە لە دژی ئێران؛ بێگومان ئێران بۆخۆی خاوەنی پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ هەریەک لە ڕوویسا و چین، بێگومان ئەگەر پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە ئەوا ڕۆژئاوا ناچار دەبێت لە نێوان ئێرانێکی بەهێز و ئێرانێکی پەراوێز خراودا کۆمەڵێک بڕیار بدات کە لەبەرژەوەندی خۆی بێت. کە بێگومان ئێرانێک کە ڕووسیا و دواتریش چین هاوپەیمانی بن ئەوا بێگومان کۆنتڕۆڵکردنی لە لایەن ڕۆژئاواوە زۆر ئەستەم دەبێت…

         یەکێکی تر لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە فراوانبوونی نفوزی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێگومان ئاسایشی ئیسرائیلە. وەک دەزانرێت لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا ئەمریکا واشتنگتۆن دەستی کرد بە پرۆژەی نزیککردنەوەی ئیسرائیل و جیهانی عەرەبی لە یەکتر و ئەم پرۆژەیە لە ڕێگەی چەندین ڕێکەوتننامەوە بەردەوامی هەبوو. ئەمریکییەکان وایان بیردەکردەوە کە لەم پرۆژەیەدا سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە. بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی هەژموونی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیککردنەوەی ئێران و سعودیە لە یەکتری، گومانی ئەوە دروستبووە کە ئایا نزیکبوونەوەکانی نێوان ئیسرائیل و جیهانی عەرەبی بەردەوام دەبێت یاخود نا، چونکە وا گومان دەبرێت کە عەرەبەکان بە خواستی خۆیان لە ئیسرائیل نزیک نەبوبێتنەوە بەڵکو لە ژێر فشاری ئەمریکادا ناچار بووبێتن لە ئیسرائیل نزیک بووبێتنەوە. لەگەڵ هاتنی چین بۆ ناوچەکە و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز ئەوا وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بە فشارەکانی ئەمریکا زیاتر هەست بە ئازادی دەکەن و هەست دەکەن کە ناچار نین لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕێکەوتننامەی ئاشتی ببەستن، هەر هیچ نەبێت دەتوانن لەکاتی ئەنجامدانی هەر ڕێکەوتنێکیشدا ئەوانیش داواکاری خۆیانیان هەبێت.

ئێران دڵخۆشە

         بێگومان ئێران دڵخۆشە بە ئەنجامدانی ڕێکەوتن لەگەڵ ڕیازدا و دوابەدوای ئەنجامدانی ڕێکەوتننامەی پەکین کاربەدەستانی ئێران ئاماژەیان بە خۆشحاڵی خۆیان کرد بە بۆنەی ئەنجامدانی ڕێکەوتن لەگەڵ سعودیەدا… وەک دەزانرێت بارودۆخی ناوخۆی ئێران لەدوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە ڕووی لە ئاڵۆزی کرد و لە تەواوی جیهان دەست بە دژایەتی کردنی ئێران و ڕژێمەکەی کرا. بەم شیوەیە لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئەنجامدانی ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێک لە گرنگترین وڵاتی ناوچەکە (سعودیە) دەکرێت وەرگرتنی ئەو شەرعییەتە بێت کە ڕژێمی ئێران لەو سەروبەندەدا زۆر پێویستی پێیبوو. تاران هیواخوازە کە بتوانێت لەم ڕێگەیەوە پلانی سیاسەتی پەراوێزخستنی ئێران لە لایەن ڕۆژئاوا تێک بشکێنێت. دەرچەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم ڕێکەوتننامەیە هەواڵێکی ناخۆش بوو بۆ خۆپیشاندەرەکانی ئێران لە دژی ڕژێمی ئێران.

         خاڵێکی تری گرنگ بۆ ئێران لە ڕێکەوتننامەکەی لەگەڵ سعودیە بوونی نێوەندگیری چین بوو. چونکە ئێران هیوا خوازە کە هەژمونی وڵاتانی وەک چین و ڕووسیا لە ناوچەکە زیادبێت، چونکە ئەم دوو هێزە گەورەیە بەتایبەت چین خاوەنی هێزێکی وایە کە بتوانێت هاوسەنگی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕابگرێت. ئێران و چینیش خاوەنی پەیوەندییەکی باشن و تەنانەت ئێرانیش ئەندامی “ڕیکخراوی یەکێتی شەنگەها”(٦) یە کە چین ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە. بەڵام چین لەگەڵ هەموو ئەم پەیوەندییانەی لەگەڵ ئێراندا دیارە ئامادە نییە لەبەر ئێران بەرژەوەندییەکانی خۆی بخاتە مەترسییەوە.

         ڕەنگە ئێران بییەوێت لە داهاتوودا بە هاوکاری چین ئەم ڕێکەوتننامەیە لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبیدا ئەنجام بدات. ئێران لەدوای سعودیە هیواخوازە کە ڕێکەوتننامەی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبیدا واژۆ بکات بەتایبەت یەکەم وڵات کە بیەوێت لێی نزیک ببێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ دروست بکات بێگومان بەحرێنە. بەڵام دەکرێت ئامانجی گەورەی ئێران چارەسەرکردنی کێشەکانی بێت لەگەڵ میسردا بە هۆکاری ئەوەی میسر گەورەترین وڵاتی عەرەبییە هەم لە ڕووی دانیشتوان و هەم میسر بانگەشەی ڕابەرایەتی کردنی جیهانی عەرەبی دەکات. ئێران وا بیر دەکاتەوە ئەنجامدانی ڕێکەوتنامە لەگەڵ سعودیە و میسر و لێکنزیک بوونەوەیان بەمانای لێکنزیکبوونەوەی تەواوی جیهانی عەرەبی دێت.

         ئێران هیواخوازە لە ڕێگەی باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میرنشینی یەکێتی عەرەبیدا بتوانێت ئەو پەراوێزییە ئابوورییە بشکێنێت کە تێی کەوتووە. هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەدا کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و میرنشینی یەکێتی عەرەبی. چونکە میرنشینی یەکێتی عەرەب لەژێری کاریگەری ڕاستەوخۆی سعودیەدایە و خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز و زیندووی جیهانییە. ئەگەر ئێران بتوانێت بە ئازادانە بازرگانی لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا بکات ئەوا سیاسەتی پەراوێز خستنەکەی ڕۆژئاوا بە تێپەڕبوونی کات بێمانا دەبێت بۆ ئێران. تەنانەت ئێستاش هێڵی میرنشینی یەکێتی عەرەب و تورکیا نەفەسێکی قووڵ دەبەخشن بە ئابووری ئێران.

سعودیەکان دڵخۆشن، بەڵام لە دۆخی هەڵسەنگاندندان

         سعودیەکانیش وەک ئێرانییەکان دڵخۆشن بە ڕێکەوتننامەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سعودیەکان متمانە بە ئێران ناکەن. سیاسەتی چاوەڕێبە و ببینە پەیڕەو دەکەن. سعودیە تاڕادەیەک دەزانێت کە ئێران چاوەڕوانە کێشەکانی لەگەڵ کاتدا کۆتای پێ بێت و بەبێ ئەوەی ڕێکەوتننامەکە جێبەجێ بکات چاوەڕوانی گۆڕانی هەڵوێستی بەرامبەری دەکات، هەربۆیە سعودیە هیواخوازە کە ئێران بە ڕاستگۆیانە ڕێکەوتننامەکە جێبەجێ بکات. لەم بابەتەدا سعودیە گرنگی بە نێوەندگیری چین دەدات. بەڵام بە داخەوە هیچ دڵنیا نییە لەوەی کە ئێران ئەم ڕێکەوتننامەیە جیبەجێ دەکات یاخود نا. لە ڕاستیشدا نیگەرانییەکانی سعودیە واقعین. چونکە ماددەکانی ڕێکەوتننامەکە زۆر ورد و ڕوون نین. کارو چالاکییەکانی یەمەن، سووریا، عێراق، لوبنان لەلایەن کێوە و تا چەند دەتوانرێت چاودێری بکرێت؟ دووەمیش چاودێری کردنی ئەوەی کە ئایا لایەنەکان دەست دەخەنە ناو کاروباری ناوخۆی یەکترەوە کارێکی هێندە ئاسان نییە بۆ دۆخی ئەو دوو وڵاتە. با ببینین کات ئەمانەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا گەورەترین متمانەی سعودیەکان ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران یەکێک لە گەورەترین پێویستییەکانی ڕێکەوتنە لەگەڵ سعودیە. ئێران لە ئێستادا بە قوورسترین کاتەکانیدا تێدەپەڕیت و دەیەوێت لەڕێگەی ڕووسیا و چین و سعودیەوە ڕووبەرووی یەخەگیرییەکانی ڕۆژئاوا ببێتەوە. خۆی لەخۆشیدا ئەوەی کە بەها دەدات بە ڕێکەوتنی تاران لەگەڵ سعودیەدا بێگومان هەر ئەم دۆخەیە.

         یەکێکی تر لە دەستکەوتەکانی ڕێکەوتننامەکە بۆ سعودیەکان بێگومان ئەوەیە کە هێز دەبەخشێت بە سعویە بەرامبەر بە ڕۆژئاوا، بەتایبەتی تر بەرامبەر بە ئەمریکا. ئەمریکییەکان هەمیشە بە زمانێکی توند ڕەخنە ئاڕاستەی ڕژێمی سعودیە دەکەن و هەوڵدەدەن سیاسەتەکانی خۆیان بەسەر سعودیەدا جێبەجێ بکەن. بێگومان سعودیەکانیش لەم دۆخەی ڕۆژئاوا بێزار بوون و دەیانەوێت لە ڕێگەی هێزی ترەوە هێزی ڕۆژئاوا هاوسەنگ بکەنەوە. هەربۆیە سعودیەیش وەک ئێران بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە هاتنی هەژموونی چین دەکەن بۆ ناوچەکە. ئەمە وا دەردەکەوێت کە ململانێ جیهانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لە داهاتوودا زیاتر لەسەر ئێران و سعودیە ڕەنگبداتەوە.

دەستکەوتەکانی وڵاتی چین

         سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە چین لە ڕێگەی کۆکردنەوەی دوو هێزی وەک ئێران و سعودیە کە نەیان دەتوانی بگەن بە ئاشتی لەسەر یەک مێز و گەیاندنیان بە ئەنجامدانی ڕێکەوتننایەکی گرنگی وەک پەکین ئەوا هەم دەستکەوت هەمیش ڕێزێکی گەورەی نێودەوڵەتی بوو بۆ چین. لە لایەکی ترەوە چین بەم کارەی توانی ڕۆڵی نێوەندگیری بەدەست بێنێت. بەجۆرێک لەدوای نێوەندگیرییەکەی نێوان سعودیە و ئێران باس لەوە دەکرا کە چین لە هەوڵدایە کە ڕێکەوتنی ئاشتی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەرقەرار بکرێت، بێگومان ئەمەش دەرخەری خواستی چینە بۆ بەهێزکرنی پێگەی نێوەندگیری خۆی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نێوان وڵاتان. چین بە پێجەوانەی سیاسەتی ئەمریکاوە کە چارەسەری دەهێنێت بۆ وڵاتان و دەیسەپێنێت بەسەریاندا، تەنها لە ڕێگەی نێوەندگیریەوە بە تێچوویەکی کەم سیاسەتێکی دروست بەدەست دەهێنێت. لە لایەکی ترەوە چین لەڕێگەی نێوەندگیری نێوان سعویە و ئێران و ئەنجامدانی ڕێکەوتنی ئاشتی لە نێوان دوو وڵاتی مسوڵمان کە خۆیان وەک نوێنەری سوننە و شیعەی جیهان نمایش دەکەن، ڕووبەڕووی هەموو ئەو پڕوپاگەندانە دەبێتەوە کە بەرامبەر بە مسوڵمانەکانی وڵاتەکەی خۆی ئەنجامی دەدات. ئەمە لەکاتێکدایە کە بیرمان نەچێت یەکێک لە هەرە کارتە گرنگەکانی دەستی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە چین کارتی مسوڵمانەی ئویگورە تورکەکانی چینە. ماوەی چەندین ساڵە بابەتی توانەوەو لەناوبردنی مسوڵمانەکانی ناوچەی شاینکان و بەکارهێنانی چەندین ڕێگە بۆ ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی سڤیل و داخستنی پەرستگای مسوڵمانان و ڕێگە نەدان بە پەروەردەی دینی لە لایەن چینەوە، بابەتی گەرمی میدیا جیهانییەکان بووە. هەربۆیە بوونی دوو لە گرگترین دەوڵەتانی ئیسلامی لەگەڵ چیندا و باسنەکردنی مسوڵمانانی ئویگور، هەم کاری چینی ئاسان دەکات و هەمیش هەموو پڕوپاگەندەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە مسوڵمانەکانی چین بێ کاریگەر دەکات. واتە چین بە ئەنجامدانی نێوەندگیری لە نێوان ئێران سعودیەدا بە تیرێک دوو نیشانەی پێکاوە.

  • چین – لوتکەی کۆمکاری عەرەبی و ئامانجەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست: ناوچەیەک کە ماوەیەکی درێژە چین فەرامۆشی کردووە

         چین چەندین سەدەیە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فەرامۆش کردووە و کەمترین گرنگی پێداوە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا. شایەنی باسە بە درێژای مێژوو ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست هیچ جۆرە هێرشێکی چینی بەخۆیەوە نەبینیوە، تەنانەت دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانیش هەرگیز ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەکی چین نەبوونەتەوە لە ناوچەکەدا. گونجاو نییە نەبوونی هەڕەشەی چین بۆ سەر ناوجەکە بە تەنها ببەسترێتەوە بە فاکتەری دووری جوگرافیای چین لە ناوچەکەوە. بێگومان نابێت ڕۆڵی فەلسەفەی چین بۆ ژیان لێرەدا فەرامۆش بکرێت هەربۆیە شایەنی خۆیەتی بابەتێکی لەم چەشنە بەشێوەیەکی فراوانتر توێژینەوەی لەسەر بکرێت. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیش چین یاریکەرێکی دوورە پەرێزی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. تەوژمە چەپەکان و بەرهەڵستکارانی ئیمۆریالیزمی و نەتەوەپەرستانی ناوچەکە زیاتر لە چین خۆیان خزاندبوویە ژێر هەیمەنەی یەکێتی سۆڤیەتەوە. بێگومان هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چین سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە بێلایەنی خۆی پاراستبوو، هێشتا بۆ خۆی یەکێک بوو لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و خاوەنی هێزێکی ماددی سنوردار بوو هەتا ساڵانی ١٩٩٠ کان. لەگەڵ کۆنفرانسی باندونگ لە ساڵی ١٩٥٥ دا چین بوو بە خاوەنی پێگەیەکی سیاسی بەهێز لە هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەم. لەم سەرو بەندەدا چین جگە لە کەیسی باشووری یەمەن(٧) و عومان(٨) سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەجێ هێشتبوو بۆ ململانێکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت. بە دەستەواژەیەکی تر چین نەیدەویست بە هیچ جۆرێک دەست بخاتە ناو کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبەڕووی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت ببێتەوە. لەم ٣٠ ساڵەی دوایدا چین سەرەڕای ئەوەی لەڕووی مادییەوە بەشێوەیەکی خێرا گەشەی کرد، بەڵام هەمیشە ویستویەتی کە ئەم گەشەکردنەی نەبێتە هۆکاری نیگەرانی وڵاتانی تری زلهێز، هەر بۆیە خۆی بە دوور گرتووە لە خۆ خزاندنە ناو کێشە سیاسییەکانی ناوچەکە. هەر بۆیە ویستویەتی بە بێدەنگی و بەوردی جووڵەکانی خۆی ئەنجام بدات. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا چین هەرچەندە ویستبێت بە بێدەنگ نفوزی خۆی زیاد بکات، ئەوا بەهۆکاری ئەو گەشەکردنە خێرایەی کە کردوویەتی سەرنجی وڵاتانی تری خاوەن نفوزی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. چین لە ١٩٩٠ کانەوە تا ئێستا لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ ئەفریقا لە ئەورووپاوە بۆ ئەوپەڕی ئۆقیانوس لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەناڵە دیبلۆماسییەکان و ڕاگەیاندنەکانەوە توانیویەتی ببێت بە ئەکتەرێکی کارای نێودەوڵەتی. بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەشێک بووە لەو ناوچانەی کە چین نفوزی خۆی تێدا فراوان کردووە.

         بێگومان یەکێک لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی کە چینی ئاراستەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە ئابوورییە زەبەلاحەکەی چین و پێویستی ئەو ئابوورییە زەبەلاحەیە بە ئەو نەوتە زۆرەی ناوچەکە.(٩) وەک زانراوە چین لە ڕووی وزەوە وڵاتێکی وابەستەیە بە دەرەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەی چینە. بەشێکی گەورەی پێویستییە نەوتییەکانی چین لە لایەن ڕووسیا و عەرەبستانی سعودیەوە دابین دەکرێت. چین لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بە قەبارەی ١٧٦ میلیارد دۆلار نەوتی خاوی لە ناوچەکە هاوردە کردبوو کە بەمەش بووە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا. بێگومان یەکێک لە گەورەترین خاڵە نەرێنییەکانی چین وابەستە بوونیەتی بە جیهانی دەرەوە لە دابینکردنی وزەدا. پەکین دەیەوێت ئەوەندەی لە توانایدایە کۆنتڕۆڵی سەرچاوەکانی وزەی جیهان بکات. چین بە باشی ئەوە دەزانێت کە ئەمریکا یان هەر هێزێکی تر هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی سەرچاوەکانی وزە بکەن ئەوا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئابووری چین. بۆیە لەبەرئەمەیە چین دەیەوێت نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد بکات و ناوچەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.(١٠)

         شایەنی باسە گەورەترین دەرفەت بۆ چین کە دەیەوێت ببێت بە ئەکتەرێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا مێژووی چینە لە ناوچەکەدا. چین بە بەراورد بە هەر هێزێکی تر خاوەنی مێژوویەکی خاوێنە لە ناوچەکەدا. بێگومان ئەورووپییەکان خاوەنی مێژووی ئیمپریالیستین لە ناوچەکەدا و هەر جووڵەیەکی فەرەنسییەکان و ئینگلیزەکان بە گومانەوە سەیر دەکرێت و زۆر کاتیش بە چاوی دوژمنەوە چاودێری دەکرێن. ئەمریکایش بەهەمان شێوە بە درێژای سەدەی بیستەم سیاسەتێکی لە ناوچەکەدا پەیڕەوکردووە کە شایەنی کاردانەوەی گەلانی ناوچەکە بووە، وەک ڕوخانی حکومەتەکەی موسەدەق لە ئێران و هاوکاری کردنی ئیسرائیل لە کەیسی فەلەستیندا کە ئەمانەش هۆکاربوون بۆ ئەوەی کە ئەمریکایش لە ناوچەکەدا هێندەی پێویست دوژمن بۆ خۆی پەیدا بکات. بێگومان کاتێک کە هێزێکی وەک چین بەراورد دەکرێت بە هەریەک لە ئەورووپا و ئەمریکا خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شانازی دەبێت سەبارەت بە ناوچەکە. هاوتەریب چین توانیویەتی ڕێز لە بنەمای بێلایەنی بگرێت لە نێوان هەر یەک لە سعودیە و ئێرانیشدا و نەبێت بە لایەنگیری هیچکام لەم دوو هێزە. چین کە وابەستەی سەرچاوەکانی وزەی ناوچەی کەنداوە بەباشی ئەوە دەزانێت کە هەر لایەنگیرییەک دەکرێت ببێت بە سەرچاوەی پێکدادان و لە کۆتایشدا ببێت بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابوورییە نەتەوەییەکانی خۆی. لەگەڵ ئەمانەشدا گەورەترین ئاڵەنگیرییەکانی چین لە ناوچەکەدا بێگومان ئایدۆلۆژیای چینە کە دەکرێت ڕووبەڕووی کاردانەوەی دینی ببێتەوە. بەڵام چین لەم ڕووەشەوە دەستی بە گۆڕانکاری کردووە و خەریکە وێنەی خۆی لەو بابەتەدا دەگۆڕێت و سەرکەوتوو دەبێت.

یەکەمین لوتکەی چین – وڵاتانی عەرەبی و داخڵبوونی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست(١١)

         وەک زانراوە لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ دا سەرۆکی چین شی جی پینگ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودیە و لە سەردانەکەیدا لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای سعودیەدا کۆبوویەوە.(١٢) سەردانەکەی شی بۆ سعودیە دوابەدوای کۆنگرەی پارتەکەی بوو کە ئەمەش واتای گرنگیدانی زیاتری چین و خودی شییە بە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست. لە کاتی سەردانەکەی شی بۆ ناوچەکە سەرەڕای ئەنجامدانی ٣٤ ڕێکەوتننامەی وەبەرهێنان لە نێوان لایەنەکان، بەڵگەنامەیەکی ستراتیجی هاوبەشیش لە نێوان لایەنەکاندا واژۆ کرا.(١٣) بەم شێوەیە هەرەوەزییەکانی نێوانیان فۆڕمێکی یاسایی وەرگرت. بە بۆچوونی پسپۆڕان قەبارەی ئەنجامدانی ئەو ڕێکەوتننامانەی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی نزیک دەبێتەوە لە ٣٠ ملیار دۆلار.

         لەم سەردانەدا هەریەک لە چین و عەرەبستانی سعودیە ڕاگەیاندراوێکی ٤٠٠٠ وشەیی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێدا کۆمەڵێک ڕێکەوتننامەی سیاسی گرنگیان ئەنجامدا و بڕیاریانداوە لە کۆمەڵێک بابەتی تردا هاوکاری یەکتر بکەن. کاتێک کە ڕاگەیاندنی هاوبەشی چین و سعودیە دەخوێنینەوە دەبینین کە گفتوگۆی زۆر بابەتی زانستی و سیاسی کراوە بەجۆرێک هەر لە توێژینەوەی فەزاییەوە بۆ جەنگی ئۆکرانیا گفتوگۆکراوە و بەشێوەیەکی گشتی هەردوو وڵات لە زۆرینەی کەیسەکاندا هاوڕا بوون. ئەم بەیاننامە هاوبەشەی نێوان چین و سعودیە لەگەڵ ئەوەی جەخت لە تەبایی سیاسی نێوانیان دەکات، دەکرێت پەیامێکیش بێت بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا کە لە کۆمەڵێک کەیسی وەک مافی مرۆڤ فشار دەخەنە سەر سعودیە. دەگونجێت لەکاتی سەردانەکەی شی بۆ سعودیە سەرکردەکانی عەرەبی جەختاین لەوە کردبێتەوە کە نابێت دەست بخرێتە ناو کاروباری نێوخۆی وڵاتان و مافەکانی مرۆڤ بۆ زیادکردنی هەیمەنەی سیاسی لە دژی وڵاتان بەکاربهێنرێت.

         ئەگەر چی هەریەک لە چین و سعودیە لە زۆرینەی بوارەکان هەر لە زیرەکی دەستکردەوە بۆ کەیسەکانی ژینگە ڕێکەوتنیان ئەنجام دابێت و بەڵێنی هاوکاری کردنیان دابێت، ئەوا بێگومان گرنگترین بوار کە ڕێکەوتنیان لەسەر کردبێت کەرتی وزەیە. چونکە وەک دەزانرێت چین گەورەترین بەکارهێنەری وزەیە لە جیهاندا و سعودیەش دووەمین دابینکەرەی وزەی چینە. بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠٢٢ چین لە %٥١ وزەی خۆی لە وڵاتانی عەرەبییەوە هاوردە کردووە و لەو ڕێژەیەش لە %٨٠ لە وڵاتان کەنداوەوە هاوردەکردووە.(١٤) لەبەرئەوە چین دەیەوێت بازرگانییەکانی لەگەڵ سعودیە گەشە پێبدات و لەبارودۆخێکی باشتردا بەردەوامی بدات بەو بازرگانییەی خۆی. بەجۆرێک کە بازرگانییەکە بازرگانییەکی وزەیی یەکلایەنی نەبێت. هەر بۆیە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی چین هەستا بە دامەزراندنی ڕافینەری نەوت و دابینکردنی بڕی ١٠ میلیارد دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەموو جۆرەکانی پەترۆکیمیا، کە توانی بەم شێوەیە ببێت بە یەکێک لە گەورەترین ئەو کۆمپانیایانەی کە لە چیندا وەبەرهێنان دەکەن. هاوکات باس لەوە دەکرێت کە هەر یەک لە کۆمپانیای ئارامکۆ و گرووپی وزەی شاندۆنگ بەنیازن ڕێککەوتنی نوێ بکەن سەبارەت بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی نەوتی لە چیندا. بەم شیوەیە سعودیە جگە لە نەوت و غازەکەی دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو سەرمایەی کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەیگوازێتەوە بۆ چین هاوکارێکی گەورەی ئابووری چین بێت. بێگمان ئەمەش زەربەیەکی تر دەبێت بۆ ڕۆژئاوا چونکە سعودیە تا ئێستا سەرمایەکەی خۆی خستبووە خزمەت بانک بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا و ئەورووپا، بەڵام لێرە بەدواوە بەشێک لە سەرمایەکەی دەگوازێتەوە بۆ چین.

لوتکەی چین – کۆمکاری عەرەبی

         دوا بەدوای کۆبوونەوەکەی سەرۆکی چین شی لەگەڵ کاربەدەستانی سعودیە، لە ٩ کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ دا لە ڕیاز لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبیشدا کۆبوویەوە. لە ڕوانگەی ئەوەی ئەم لوتکەیە یەکەمین لوتکەی نێوان چین و وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی بوو، لوتکەیەکی مێژووی بوو بۆ هەردوو لایەن. لە لوتکەکەدا بڕیاردرا بە دامەزراندن و بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیجی نێوان چین و وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی. سەرۆکی چین شی لە وتاری لوتکەکەدا ڕایگەیاند کە چین ئامادەیە نەوت و غازی زیاتر لە وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی هاوردە بکات و یارمەتی دەری وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی بێت لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ناوکی بۆ مەبەستی ئاشتی. هەروەها چین جەخی لەوەش کردەوە چاوەڕوانی زیاتری سەرمایە و وەبەرهێنانی وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبییە،  دەیەوێت کاڵای زیاتریش هەناردەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیەکە بکات. هەروەها شی داوای لە وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی کرد کە دراوی چینی و بۆرسەی نەوت و غازی شانگاهای وەک پلات فۆڕمێک زیاتر بەکاربهێنن. دەکرێت وتارەکەی شی جێگەی نیگەرانی واشنتۆن بوبێت. لەگەڵ ئەمەشدا وڵاتانی عەرەبی وا دەرناکەون کە ئارەزووی بەکارهێنانی دراوی چین بکەن لە مامەڵە بازرگانییەکانیاندا. ئارەزومەندیش بن هیچ نەبێت نایانەوێت نیشانی ڕای گشتی بدەن. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا نابێت ئەو ڕاستییە لە یاد بکرێت خواستی ئەمریکا بۆ نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام ڕووی لە کەمی دەکات و چینیش بەردەوام داخوازی بۆ نەوتی ناوچەکە زیاد دەکات و نابێت دراوی چینی وەک جێگرەوەی دۆلاری ئەمریکی بەهەند وەرنەگیرێت.

         جگە لە بابەتی وزە سەرۆکی چین داوای لە وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی کرد دەست بکەن بە کارکردن لە سێکتەری مانگی دەستکرد و بۆشایی ئاسمان. هەروەها داوای لە وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی کرد کە زاناکانیان لە بواری بۆشایی ئاسمان لەگەڵ زاناکانی چین کاری هاوبەش ئەنجام بدەن و مانگی هاوبەشیان هەبێت و کاری بۆشایی ئاسمانیان هەبێت.(١٦) ئەگەر چی ئەم پێشنیارانەی سەرۆکی چین بۆ وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی بۆ زۆرینەمان وەک خەیاڵ وایە، بەلام نابێت ئەو ڕاستیە لەیاد بکەین کە وڵاتانی کەنداو لە دوایانەدا گرنگیەکی زۆر دەدەن بە بابەتی توێژینەوەی ئاسمانی و تەکنەلۆجیای مانگی دەستکرد، بێگومان چینیش دەیەوێت ئەم سەرنجەی وڵاتانی عەرەبی ڕاکێشێت بەلای خۆیدا. کە لەم ڕێگەیەوە وڵاتانی دەوڵەمەندی نەوتی وەک کەنداو دەتوانن بە دەیان ملیارد دۆلار تەرخان بکەن بۆ بابەتی توێژینەوەی ئاسمانی و ئەمەش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ چین هەتا لە کێبڕکێی بۆشایی ئاسمانیدا زیاتر گەشەبکات و پێش بکەوێت.

لوتکەی چین – وڵاتانی عەرەبی

         دوابەدوای لوتکەی نێوان چین و وڵاتانی یەکێتی کەنداوی عەرەبی، سەرۆکی چین هەستا ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تر لە ڕیاز لەگەڵ ٢١ وڵاتی عەرەبیدا. کۆبوونەوەکە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. دوابەدوای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا چین توانی ئەوە پەیامە بگەیەنێت کە چیتر دەتوانێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا ببەستێت و بە هێزێکی گەورەترەوە دەربکەوێت لە ناوچەکەدا. ئەگەر چی لوتکەی نێوان چین وڵاتانی عەرەبی پڕوپاگەندەیەکی گەورەیشی بەدوای خۆیدا نەهێنابێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە لوتکەکە خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆ ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی و وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی. هەر لەبەرئەوەیشە کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ماو نینگ ڕایگەیاند کە ” لوتکەی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی گرنگترین و بەرزترین ڕووداوی دیبلۆماسی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی بووە لە کاتی دامەزراندنی کۆماری گەلی چینییەوە تا ئیستا”. بە بۆچوونی ماۆ نینگ لوتکەکە یەکەم هەنگاوی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ناوچەکەدا. شی جیپینگیش باس لە قۆناغێکی نوێ دەکات سەبارەت بە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وڵاتانی یەکێتی کەنداو و عەرەبستانی سعودیە.(١٧)

شایەنی باسە لە لوتکەی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبیدا جەخت کرایەوە لەسەر هەمان ئەو بڕیار و ستراتیجیانەی کە لە لوتکەی چین و وڵاتانی یەکێتی کەنداودا گفتوگۆی لەسەرکرابوو. ئەوەی جێگەی سەرنجە وڵاتانی عەرەبی خۆشحاڵ دەرەکەون بە بوونی هێزێکی هاوسەنگیکەری وەک چین بەرامبەر بە ڕۆژئاوا. سەبارەت بە چینیش خواستی ئەوەی هەیە کە هەماهەنگییەکانی نێوانیان بە تانها تایبەت نەبێت بە بواری نەوت و غاز بەڵک و فراوانتر بکرێت و چەندین لایەنی تری وەک سەربازیی و ئاسایشیش بگرێتەوە. بەشێوەیەکی گشتی عەرەبەکان دڵخۆشن، چونکە چین بە پێچەوانەی ڕۆژئاواوە هێزێک نییە کە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات سەبارەت با مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی دیموکراسی، زلهێزێکە دەست ناخاتە ناو کاروباری نێوخۆی وڵاتانەوە.

بێگومان لایەنی ئابووری گەورەترین دەرئەنجامی لوتکەی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی دەبێت، چونکە بەپێی داتاکان قەبارەی بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی زیاتر لە ٣٠٠ ملیارد دۆلار و چاوەڕوان دەکرێت لەدوای لوتکەی نێوانیان ئەو ژمارەیە بەرزترببێتەوە. هەروەها چین لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی زیاتر گەشە پێبدات و جگە لە بواری نەوت و غاز چەندین بواری تریش بگرێتەوە. بەتایبەتی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی نێوانیان زیاتر بکرێت.

سەردانی فەرمی بۆ ئێران و ڕێککەوتننامە

دوابەدوای لوتکەی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی هو چون هو یاریدەدەری سەرۆکی چین بە سەردانێکی فەرمی گەشتە ئێران. لە سەردانەکەی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ٢٠٢٣ دا سێ ڕۆژ لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیدا لە کۆبوونەوەدا بوون.(١٨) لە سەردانەکەدا لایەنی چینی ئەو پەیامەیان بە ئێران گەیاندبوو کە چین بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ئێران دەبێت هەم لە بواری ئەتۆمیدا و هەمیش لە بەرامبەر فشارەکانی ڕۆژئاوادا. هەروەها بەڵێنی ئەوەش بە ئێران درابوو کە چین بەردەوام دەبێت و بڕی ئەو کاڵا کشتوکاڵییانە زیاتر دەکات کە لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات. بەڵام بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان هاوردەکردنی نەوتی ئێران بوو. چین لە ساڵی ٢٠٢١ هەتا ٢٠٢٢ بڕی هاوردەکرنی نەوتی لە ئێرانەوە بە ڕێژەی لە %١٣٠ زیاد کردووە و حکومەتی پەکین دەیەوێت ئەم ئاسایشی ئەم بازرگانییە مسۆگەر بکات. لەگەڵ ئەمانەدا هەریەک لە چین و ئێران هەستان بە واژۆکردنی ٢٠ ڕێکەوتننامەی هەرەوەزی لە گەلێک بواری جۆراوجۆردا.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم دەستکەوتانەی چین لە ناوچەکەدا لە دەرئەنجامی سەردانەکانی چین بۆ ناوچەکە، چین توانی هەردوو لایەنی ئێران و سعودیە لە پەکین کۆبکاتەوە و ببێت بە نێوەندگیری نێوانیان بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتننامەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان. دوای ئەم هەنگاوە چاوەڕوان دەکرێت هەریەک لە چین و ئێران لەم ساڵەدا لوتکەیەک ئامادە بکەن سەبارەت بە وڵاتانی کەنداو. چین هەوڵدەدات هەم لە عەرەبەکان و هەمیش لە ئێران نزیکتر ببێتەوە. بە کورتی چین توانی بێتە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ببێت بە ئەکتەرێکی کاریگەر و نفوزی خۆی زیاد بکات بۆیە ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر کاردانەوەکانی ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکایە، کە ئایا دەبێت کاردانەوەی چۆن بێت سەبارەت بە نفوزی چین لە ناوچەکەدا.

٤- ئەمریکا بۆشایی لە ناوچەکەدا دروستکرد و چین پڕی کردەوە

        گەشەکردنی خێرای هەژموونی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێگومان دەبێتە هۆکاری نیگەرانی واشنگتۆن، بەڵام نابێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکرێت کە فراوانبوونی نفوزی چین لە ناوچەکەدا دەرئەنجامی سیاسەتەکانی خودی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەمریکا بە هاتنی بۆ عێراق ڕووبەڕووی شکستی گەورە بوویەوە و لە کۆتایشدا زۆر بە خێرای کشایەوە، بێگومان بە کشانەوەشی عێراقی خستە دەست ئێران و هێزە میلیشیاکانی عێراق. لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی بەعس هێشتا نەتوانراوە ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕبکرێتەوە کە دروستبووە، هاوتەریب سەروەری عێراق بە مانایەکی گشتی نەتوانراوە زامن بکرێت. لە لایەکی ترەوە هەڵگیرسانی جەنگی سووریا و هەڵویستی ئەمریکا سەبارەت بەو جەنگە نیگەرانی دەوڵەتانی ناوچەکەی لێکەوتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا دوای سووریا نۆبەی ئێمەیە؟ ئەمریکا لە سووریاش لە بری دەوڵەت هاوپەیمانی لەگەڵ پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکرات) ئەنجامدا. بێگومان ئەنجامدانی جەنگی عێراق و هاوپەیمانی لەگەڵ پەیەدە دا لە چەندین لایەنەوە هەڵەی ستراتیجی بوون بۆ ئەمریکا. چونکە بوون بە هۆکاری نیگەرانی و تەنانەت ترساندنی هاوپەیمانییە لە مێژینەکانی خودی ئەمریکا خۆی کە دەتوانین عەرەبستانی سعودیە و تورکیا وەک نموونە وەربگرین. دەرئەنجام وا دەردەکەوێت کە ئەمریکا ئەم دوو هاوپەیمانە مێژوویەی لە دەست چووبێت. لە لایەکی ترەوە پرۆژەکەی ئەمریکا بۆ ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی پلانێکی تۆکمە نەبوو، چونکە بەرهەمی پلانەکە کەم بوو لەهەمانکاتدا تێچوشی گەلێک بەرز بوو…

         لە دوای جەنگی عێراق ڕوون بوویەوە کە ئەمریکا بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ئاشتی و ئاسایش و خۆشبەختی بۆ وڵاتانی ناوچەکە فەراهەم بکات. جەنگی یەمەنیش باشترین نموونەی ئەوەیە کە دەرئەنجامی سیاسەتەکانی ئەمریکا تەنها جەنگ و کاولکارییە. خۆ ئەگەر جەنگی نێوخۆی یەمەن لە ڕێگەی هەوڵەکانی چینەوە کۆتایی پێبێت، ئەوکات زۆر بەباشی ڕووندەبێتەوە کە سیاسەتەکانی کۆن (مەبەست ئەمریکایە) چەندە هەڵە بوون. بۆیە پێویستە دیبۆلۆماتکاران، ڕاوێژکاران و سیاسەتڤانانی ئەمریکا زۆر بە وردی بیر لە ڕووداوەکان و دەرئەنجامەکانی بکەنەوە. ئەمریکا پێویستە لە بری چەک و جەمسەرگەرایی ڕەچەتەی نوێی سیاسی پێشکەش بە دەوڵەتانی ناوچەکە بکات. پێویستە لە بری جەنگ هیوا بەخشبێت و هاوکاری هاوڵاتیانی و دەوڵەتانی ناوچەکە بکات. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەمریکا هەوڵ بدات ئەو بێمتمانەییە بڕەوێنێتەوە کە لەلای هاوڵاتی و وڵاتانی ناوچەکە دروستبووە سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمریکا. بە پێچەوانەوە ئەو خواست و پێداویستییانە لە لایەن وڵاتێکی ترەوە پڕدەکرێتەوە.

         بە پوختی چین هەوڵی داوە لە ناوچەیەکدا نفوزی خۆی فراوان بکات کە ئەمریکا تێیدا ناچالاکە و بۆشای هێزی تێدایە. بۆ ئەم مەبەستەش چین لە دوای جەنگی ساردەوە تا ئێستا لە کاتێکدا هاتۆتە ناوچەکەوە کە ئەمریکا زۆرترین بۆشایی لە ناوچەکەدا دروستکردووە.

دەرئەنجام: ئایا بەرەو جیهانێکی فرە جەمسەری دەڕۆین؟

         جیهان چیتر جیهانە کۆنەکە نییە. ئەو سیستەمەی کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دروستکرابوو وردە وردە کۆتایی دێت، تا ئێستا ڕوون نییە کە چی جۆرە سیستەمێک جێگەی ئەو سیستەمەی پێشتر دەگرێتەوە. بەڵام هەر جۆرێک بێت بێگومان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەشێک دەبێت لەو سیستەمە نوێیە.

نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە بە ئەنجامدانی تەنها ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێران و سعودیەدا ئەوا ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بەدوور دەبێت لە کێشە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا لێکنزیکبوونەوەی ئەم دوو هێزە ناکۆکە وزەیەکی وا دەبەخشێت بە ناوچەکە کە چەندین گۆاڕنکاری گەورە بەخۆیەوە ببینێت.

زیادبوونی نفوز و چالاکی هێزە نێودەوڵەتیەکان لە ناوچەکەدا، لە لایەک دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ وڵاتانی ناوچەکە و لە لایەکی تریشەوە ئەگەرەکانی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە زیاتر دەکات.

ئەوەی کە هۆکار بوو بۆ ئەنجامدانی ڕێکەتنی نێوان ئێران و سعودیە لە پەکین بەتەنها ئێران و سعودیە نەبوون، بەڵکو ئەو خواستەی چینیشە بۆ دروستبوونی جیهانێکی فرە جەمسەر. هەوەها خودی ئێران و سعودیە و چینیش هیواخوازن کە ئەم ڕێکەوتننامەیە ڕێکەوتننامەیەکی ئاسایی نەبێت، بەڵکو هەنگاوێک بێت بۆ دروستبوونی سیستەمێک کە بتوانێت ئەمریکای پێ هاوسەنگ بکرێت.

شت گەلێکی پەنهان هەیە لە پشت ڕێکەوتننامەکەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە چیتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژهەڵاتە ناوەڕاستەکەی جاران نابێت.

Send this to a friend