ڕۆڵی کورد لە خزمەتکردنی کولتوورى ئیسلامی و عەرەبیدا (زمان و ئەدەب) بەنموونە
د. سالار تاوگۆزی
پێشەکی
ئەم توێژینەوەیە باس لە ڕۆڵی کورد لە خزمەتکردنی کولتووری عەرەبی و ئیسلامی دەکات. ئامانجى ئەوەیە خوێنەرانی کورد بە ئەو کەسایەتییە کوردانە بناسێنێت کە لەکولتووری و عەرەبی و ئیسلامیدا بوون بەناوی دیار. هەروەها توێژەر دەیەوێت وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە، لەوانە:
– ئایا ئەو کوردانەی کە خزمەتی زمان و ئەدەبی عەرەبی و ئیسلامییان کردووە کێن و چ سوودێکیان بۆ نەتەوەکەی خۆیان هەبووە؟
– ئایا شوناسی نووسینەکانی ئەوان کوردییە، یان عەرەبی؟
– تاچەند ڕاستە لە کولتووری عەرەبی و ئیسلامیدا بەهۆی کوردبوونیانەوە، فەرامۆش کراون؟
گرنگیی توێژینەوەکەش لەوەدایە -بەزمانی کوردیی- ئاوڕ لە ژمارەیەک کەسایەتیی کورد دەداتەوە کە بەزمانی نەتەوەکەی خۆیان وەک پێویست توێژینەوەیان لەبارەوە نەکراوە، لەناو ئەو کەسایەتییانەشدا توێژەر زیاتر لەسەر زانای ئیسلامی و زمانناسی بەناوبانگ (ئیبنولحاجیب) و شاعیری پێشەنگ لە شیعری نوێی عێراقی و عەرەبی (بڵند حەیدەری) ڕاوەستاوە و بە نموونە وەریگرتوون، کە هەردووکیان کورد بوون و بە عەرەبی نووسیویانە.
- چەمکی کولتوور
لەبەرکوڵی توێژینەوەکەماندا، بەپێویستی دەزانین چەمکی (کولتوور) ڕوون بکەینەوە، چونکە هەم چەمکێکی ئاڵۆزە، هەمیش فراوان. هیچ چەمکێکیش هێندەی کولتوور بە خێرایی گەشەی نەکردووە و فراوان نەبووە و پەل و پۆی نەهاویشتووە، هەر ئەمەش بووە بە هۆی ئەوەی ئاڵۆز بێت و توێژینەوە و مشتومڕێکی زۆریشی لەبارەوە بکرێت.
هەندێک لە توێژینەوەکان لە ڕوانگەی مێژوویی و هەندێکی دیکەیان لە ڕوانگەی ئەبستمۆلۆژییەوە باسی کولتووریان کردووە، ئەمە جگە لەوەی هەندێک لە توێژەران لە ڕوانگەی مێژوویی، سۆسیۆلۆژی، ئەنسرۆپۆلۆژی، ئەدەبی، ئایینی و چەند ڕوانگەیەکی دیکەوە تێیان ڕوانیوە و بە چەندین شێوە پێناسەیان کردووە.
هەردوو زانای ئەنسرۆپۆلۆژی ئەمریکی (کرۆبێر- A.L.Kroeber)و (کلۆکهۆن-C.Kluckhohn) نزیکەی (١٦٠) پێناسەیان ژماردووە کە بۆ کولتوور کراون، پێناسەکانیشیان پۆلێن کردووە و بەسەر حەوت بەشدا دابەشیان کردوون، لەوانە؛ پێناسە وەسفییەکان، پێناسە مێژووییەکان، پێناسە سایکۆلۆژییەکان و پێناسە بنیاتگەرییەکان (١) بەڵام کۆنترین و بەربـڵاوترین پێناسە، پێناسەکەی (ئێدوارد تایلەر- Edward Tylor )ـە کە دەڵێت : “کولتوور ئەو ئاوێتەیە کە لە گشت ئەو زانیاری، بیروباوەڕ، هونەر، ئاکار، یاسا، توانا و دابونەریتانە پێکدێت، کە مرۆڤ وەک ئەندامێک لە کۆمەڵگەدا وەریاندەگرێت”(٢) .
چەمکی کولتوور یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی، بەڵام بەکارهێنانی لای زانایانی کۆمەڵناسی جیاوازە لەوەی ئێمە لە قسەکردنی ڕۆژانەماندا بەکاری دەهێنین. چەمکەکە لە قسەکردنی ڕۆژانەماندا ئاماژە بۆ ئاستەکانی داهێنان لە هزری مرۆڤدا دەکات وەک هونەرەکان، ئەدەب، میوزیک و وێنەکێشان، بەڵام زانایانی کۆمەڵناسی، کولتوور بەمانایەکی فراوانتر بەکاردەهێنن و سەرباری ئاستەکانی داهێنان، چەند ڕەهەندێکی دیکەی بۆ زیاد دەکەن و وەها پێناسەی دەکەن کە شێوازێکی کامڵی ژیانە کە تاکەکان و کۆمەڵانی خەڵک لەناو کۆمەڵگەدا پەیڕەوی دەکەن وەک شێوازی پۆشینی جل و بەرگ و نەریتی هاوسەرگیری و شێوازی ژیانی خێزانی و شێوەکانی کار و بۆنە ئانییەکان و هۆیەکانی خۆشگوزەرانی و خۆ خاڵیکردنەوە(٣).
هەروەها كولتوور ئەو دەستکەوتە مرۆییانەش دەگرێتەوە کە کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتیی جیا دەکاتەوە وەک زمان و پیشەسازی و هونەر و ئەدەب و زانستەکان و یاسا و ئاکار و بەها ڕۆحییەکان و ئایین و ئامرازە مادییەکان یان پیشەسازییە دەستییەکان و باڵاخانەکان و ئامێرەکان و بزوێنەرەکان و ئامێرەکانی پەیوەندیی و کارە هونەریی و مەعریفییەکان و هزر و بیرو باوەڕو پێوەرەکانی و هەستە باوەکانی ناو کۆمەڵگە. واتە: کولتوور لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، هەم لایەنە مەعنەوییەکان دەگرێتەوە هەمیش لایەنە مادییەکان. هەر کۆمەڵگە و نەتەوەو ئایینێکیش خودان کولتووری خۆیەتی کە بۆ چەند وردە کولتوورێک دابەش دەبێت (٤).
بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرەوە، بۆمان دەردەکەوێت چەمکی کولتوور زۆر فراوانە و ئەستەمە لە توێژینەوەیەکدا دەرەقەتی ئەوە بێین بەفراوانیی باسی بکەین؛ بۆیە ئێمە تەنیا باس لە کولتووری ئیسلامیی و عەرەبیی دەکەین کە هەردووکیان بەیەکەوە پەیوەستن، لە ئەو دوو کولتوورەشدا ئەدەب و زمان وەک دوو کایەی کولتووریی هەڵدەبژێرین کە کورد ڕۆڵی گرنگی تیایاندا هەبووە. کولتووری ئیسلامیش – بەپێی بۆچوونی شلتاغ عبود- بەچەند سیمایەک جیا دەکرێتەوە وەک: (یەکتاپەرستیی، یەکێتیی، ڕێزگرتن لە مرۆڤ، ئاکار، پێکەوەژیان و لێبوردەیی، هاوسەنگیی، واقیع بینی و گشتگیریی)(5).
كولتوورى عەرەبیش لە زۆر ڕووەوە لە کولتووری ئیسلامیی دەچێت و لەگەڵیدا تێکەڵە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت گشت ئەو سیمایانەی کولتووری ئیسلامیی تیادابێت کە باسمان کردن و سیماو خاڵی جیاکەرەوەی تایبەت بەخۆی نەبێت. لە هەردوو کولتوورەکەشدا، کورد ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە و چەندین زانا و ئەدیبی خستووەتە خزمەتیانەوە، لەوانە: (ابن الأثير، ابن تيمية، إبراهيم بن عبد الكريم الحلبي، ابن الخباز الإربلي الموصلي، أحمد بن عثمان السنجاري، مجد الدين أبو العباس الإربلي، الحسن بن أسد بن الحسن الفارقي أبو نصر ، أبو عبد الله الهَذْباني الكُوراني، أبو القاسم الثمانيني، ابن الحاجب و مەلا ئەبوبەکری موسەننیفی چۆڕی) (٦) کە لە کۆندا خزمەتی گەورەی کولتووری عەرەبی و ئیسلامییان کردووە.
ئەمە جگە لە ئەوانەی کە لە سەردەمانی دواتردا ژیاون و هەندێکیان تا ئەمڕۆ لە ژیاندا ماون وەک: (شێخ مارفی نۆدێ، مەولانا خالیدی نەقشبەندیی، سەعیدی نورسی، ئیبن ئادەمی باڵەکیی، شێخ نورەددینی بریفکانی، ابن القرداغي، موحەممەد فەیزی زەهاوی، معروف عبدالغني الرصافي، جميل صدقي الزهاوي، الأسرة التيمورية، كامل حسن البصير، بڵند حەیدەری، سەفا حەیدەری، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس، موستەفا زەڵمی ، سەليم بەرەكات، هيفاء زنكنة، محیی الدین زنکنة، مها حسن، پیرباڵ مەحمود، برهان شاوي، جلال زنكابادي، تحسين كرمياني و جاندوست) و چەندانی دیکە، کە باسکردنیان ئینسکلۆپیدیایەکی گەورەی پێویستە. بەڵام لەناو هەموو ئەو ناوانەدا، ئـێمە باس لە زمانناسێک دەکەین کە (ئیبنولحاجیب)ە، لەگەڵ شاعیرێک کە (بڵند حەیدەریی)یە و بەخوێنەری کوردیان دەناسێنین تا بزانن چ پێگەیەکیان لە زمان و ئەدەبی عەرەبیی و ئیسلامیدا هەیە.
- ئیبنولحاجیب
ئیبنولحاجیب یان (ابن الحاجب) بەزمانی عەرەبیی، ناوی عوسمانی کوڕی عومەری کوڕی ئەبوبەکرە، لە ساڵی (٥٧٠ک) لە (ئیسنا) لە سەعیدی میسر لەدایک بوووە و لە قاهیرە گەورە بووە (٧). لەلای چەند زانایەکی ئایینی وەک: (الشاطبي، البوصیري، الغزنوي و أبو الجود) و چەندانی دیکە خوێندوویەتی(٨).
نازناوی ئەم گەورە زانا ئیسلامییە بەڕەچەڵەک کوردە، لەوەوە هاتووە کە باوکی (حاجب)ی میرێک بووە بەناوی (عز الدین موسک الصلاحي). پیشەی حاجیب لە کۆندا پیشەى فەرمانبەرە باڵاکانی دەوڵەت بووە و ئەرکیان ڕێکخستنی دیدارو چاوپێکەوتنەکانی خەلیفە و میرەکان بووە، لەم ڕووەوە ئەرکی حاجیب لە کۆندا، وەک ئەرکی سکرتێری ئەم سەردەمە وابووە، بەڵام پایەی حاجيبەکان لە سکرتێر بڵندتر بووە و لە ئاستی (سەرۆکی دیوان) یان (بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزران)ی ئەم سەردەمەدا بووە.
ئیبنولحاجیب، قورئانخوێن، فەقیهـ، شاعیر، موفتی، مێژوونووس، نووسەر و مامۆستاش بووە. بە یەکەم کەس دادەنرێت کە زانستی ڕێزمان (علم النحو) و زانستی مۆرفۆلۆژیی (علم الصرف)ی لەیەک جیاکردووەتەوە (٩).
ئەو هەر لەمنداڵییەوە دەستی بە خوێندنی قورئان کردووە، پاشان زانستی فیقهی لەسەر مەزهەبی (ئیمامی مالیک) خوێندووە، دوای ئەوەش زانستەکانی تایبەت بەزمانی عەرەبیی و ئایینی ئیسلامی خوێندووە و بە ئەو پەڕی باشی فێریان بووە. پاشان چووە بۆ مزگەوتی دیمەشق و لە گۆشەی مالیکیدا وانەی گوتووەتەوە و خوێندکارێکی زۆر لە دەوری کۆبوونەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ قاهیرە و لەوێشەوە چووەتە شاری ئەسکەندەرییە، بەڵام زۆر لەوێ نەماوەتەوە و هەر زوو لە ڕێکەوتی ٢٦ی شەوالی (٦٤٦)ی کۆچیی بەرانبەر (١١-٢- ١٢٤٩)ی زایینی کۆچی دوایی کردووە (١٠). لەدوای خۆیشی چەندین دانراوی لە بواری زانستەکانی (فیقهی مالیکی، ئوسوڵی فیقه، کێشناسیی) بەجێهێشتووە، بەڵام گرنگترین دانراوەکانی لەبواری زانستی ڕێزمانی عەرەبی (علم النحو) و مۆرفۆلۆژی (علم الصرف)ن، لەم دوو بوارەشدا دوو کتێبی بەناوبانگی هەیە کە (الکافیة) و (الشافیة)ن. ئيبنولحاجيب چەندین بۆچوونى لە بواری زانستی زمانەوانی عەرەبیدا هەیە، کە لە هەندێکیاندا لەگەڵ زانایانی زمانەوانی عەرەبیدا کۆکە، لە هەندێکیشیاندا پێچەوانەی کۆڕای زانایانی ڕێزمانی عەرەبییە (١١).
جگە زانستی نەحو سەرف، ئیبنولحاجیب لە زانستی جوانخوێندنەوەی قورئان (علم التجوید) و زانستی مۆرفۆلۆژیی (علم الصرف) و بنەماکانی فیقه (أصول الفقه)دا زانایەکی کەموێنە بووە. ئەو ئەوەندە زانا بووە، زانایەکی کوردی وەک (ابن خلکان) کە لە جیهانی ئیسلامیدا زۆر بەناوبانگە، پێی سەرسام بووە و سەبارەت بە هەندێک بابەتی ڕێزمانی عەرەبیی پرسیاری لێکردووە و بەوەڵامە درێژو وردو نایابەکانی سەرسام بووە، هەر بۆیە بەباشترین دروستکراوی خودا لە زەینباشیدا پەسنی کردووە (١٢). ئیمام (شەمسەددینی زەهەبی)ش ئیبنولحاجیبی بە یەکێک لە کەسە زیرەکەکان لە ئاستی جیهاندا داناوە(١٣). لە ئاستی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیشدا یەکێکە لە زانا بەناوبانگەکان.
ئیبنولحیاجیب، هەر لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ناوبانگی بە حوجرەکانی کوردستانیشدا بڵاوبووەتەوە و فەقێ و مەلای کورد لە زانستەکەی بەهرەمەند بوون، بەڵگەشمان بۆ ئەم قسەیە بەیتە شیعرێکی شاعیری کلاسیکی کوردیی مەزن (نالی)یە کە دەڵێت:
خاڵی بەینی چاو و ئەبرۆت ئینتیخابی کاتیبە
یەعنی نوقطەى فەرقی بەینی ئیبنو موقلەو ئيبنو حاجیبە
مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس کە ڕاڤەی دیوانی نالی کردووە، لە لێکدانەوەی ئەو بەیتەدا ئاماژەی بە ناوبانگ و کوردبوونی ئیبنولحاجیب کردووە و دەڵێت: “ ئینتیخاب : هەڵبژاردن ، بە مەعنای هەڵبژاردەیە . کاتیب : نوسەر ، مەبەست لە خوایە . ئیبنوموقلە و یبنو حاجیبە : ئیبنوموقلە: ابن مقلة : خەت خۆشێکی بەناو بانگ بووە. ئیشارەتیشە بە وشەی ( مقلة ) : واتە پێلوی چاو. ئیبنو حاجیب: ابن حاجب نەحوزانێکی بەناوبانگی کوردە. ئیشارەتیشە بە وشەی ( حاجب) واتە برۆ.
واتە : ئەو خاڵەی لە نێوان چاو و برۆتدایە نوختەیەکە خوا دایناوە کە لە جوانی نەخشەکانیا سەردەستەی هەمووانە، نوختەیەکە بۆ لەیەک جیاکردنەوەی پێڵوی چاو (موقلە) و برۆ ( حاجیب ) کە هەردوکیان ئەوەندە جوانن کەس ناتوانێ بڵێ کامیان لە کامیان جوانترە ، وەک چۆن کەس ناتوانێ بڵێ ئاخۆ ( ابن مقلة) لە هونەری خۆیا سەرامەدتر و لە پێشتر بووە ، یاخۆ ( ابن حاجب) ؟” (١٤).
بەهەر حاڵ، ئەو بەیتە شیعرییەی سەرەوە، بەڵگەی ئەوەیە ئیبنولحاجیب لەسەردەمی نالیدا و بگرە لە پێشتریش، لەناو حوجرە و مەلاکانی کورددا وەک زانایەکی ئیسلامیی بلیمەت لە زانستی نەحودا ناسراو بووە و لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتی بە کایەی زانست و زانیاریی لە کوردستاندا کردووە. تا ئەمڕۆش دانراوەکانی لە حوجرەکانی کوردستان و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا جێگەی بایەخن.
- بڵند حەیدەریی
بڵند ئەکرەم حەیدەریی، لە ساڵی (١٩٢٦ز) لەدایک بووە، شاعیرێکی بە ڕەچەڵەک کوردە، بەڵام شیعری بەزمانی کوردی نەنووسیوە و تەنیا بە زمانی عەرەبیی نووسیویەتی، شیعرەکانیشی دەچنە خانەی واقیعی و ڕۆمانسییەوە، دوو دیوانیشی کراون بە ئینگلیزی. بڵند بە یەکێک لە شاعیرە سەرامەد یان پێشەنگەکانی بزووتنەوەی نوێخوازیی شیعری نوێی عێراقیی و عەرەبیی دادەنرێت. هەروەها هونەرمەندو ڕەخنەگرێکی گەورەی بواری هونەری شێوەکاریش بووه و چەند وتار و لێکۆڵینەوەیەکیشی هەیە (١٥).
ئەم شاعیرە هەرچەندە لە سلێمانی لە ناو خانەوادەیەکی کورددا لەدایک بووە، بەڵام لە بەغدا خوێندوویەتی و پێگەیشتووە. لەسەرەتای ژیانیدا لە دامەزراوەیەکی کشتوکاڵیی کاری کردووە، بەشداری لە دەرکردنی گۆڤارێکیش لەم بوارەدا بەناوی (گۆڤاری کشتوکاڵ) کردووە. بڵند هێشتا لە تافی گەنجێتیدا بوو کە ناوی وەک هونەرمەندێکی شێوەکار و شاعیرێکی بەهرەمەند درەوشایەوە، هەروەها ڕەوتێکی هونەریشی دامەزراندوو کاریگەریی لە ئەوانە کرد کە لە دوای خۆیەوە هاتن.
جگە لەوەش کاری سیاسی کردووە و بەو هۆیەیشەوە دەستگیر کراوە، دوای ئازادکردنیشی لە ساڵانی حەفتاکاندا ڕووی لە بەیروت کردووە، لەوێش وەک مامۆستای زمانی عەرەبیی و سەرنووسەری (گۆڤاری زانست)ی لوبنانی کاری کردووە، خەڵاتی یەکێتیی نووسەرانی لوبنانیشى وەرگرتووە. پاشان بەهۆی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە گەڕاوەتەوە بەغداو لە (وەزارەتی ڕاگەیاندن) کاری کردووە و بووە بە بەرپرسی گۆڤاری (آفاق عربیة). دوای ئەوەش ڕووی لە هەندەران کردووە و لە لەندەن نیشتەجێ بووە و تا ساڵی (١٩٨٢) گۆڤاری (فنون عربیة)ی دەرکردووە.
بڵند لەکۆتاییەکانی ژیانیدا زیاتر بایەخی بەسیاسەت داوەو بەشداری لە دامەزراندنی (یەکێتیی دیموکراتیخوازە عێراقییەکان لە تاراوگە) کردووەو بووە بە جێگری سەرۆک. لە ڕێکەوتی( ٦- ٨- ١٩٩٦ز)شدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی (های گیت) ئەسپەردەی خاک کرا (١٦).
بڵند حەیدەری لە بواری نووسین و هونەردا چەند بەرهەمێکی جێهێشتووە، بەرهەمە شیعرییەکانی لە (٩) دیوان پێکدێن کە هەموویان لە ساڵی (١٩٩٣) لە وڵاتی کوێت لەلایەن (دار سعاد الصباح)ـەوە لە (أعمال کاملة)یەکدا کۆ کراونەتەوە وچاپکراون. ئەمەش ناوی دیوانەکانیەتی لەگەڵ ساڵی چاپکردنیان (١٧) :
- خفقة الطين، ١٩٤٦.
- أغاني المدينة الميتة، ١٩٥١.
- خطوات في الغربة، ١٩٦٥.
- رحلة الحروف الصفر ١٩٦٨.
- حوار عبر الأبعاد الثلاثة، ١٩٧٣.
- أغاني الحارس المتعب، ١٩٧٣.
- إلى بيروت مع تحياتي، ١٩٨٩.
- أبواب إلى البيت الضيق، ١٩٩٠.
- آخر الدرب، ١٩٩٣.
بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، بڵند حەیدەریی لەگەڵ ئەو توانا شیعرییەی کە هەیبووە لە کولتووری عەرەبیدا ستەمی لێکراوەو درەنگتر شیعرەکانی بە خوێنەری عەرەب گەیشتوون، ڕەخنەگرانی ئەدەبی عەرەبیش فەرامۆشیان کردووە و زیاتر بایەخیان بە سێ شاعیری هاوجیلی بڵند داوەتەوە و وەک سەرامەدانی شیعری نوێی عێراقی ناساندوونیان، کە ئەوانیش (بەدر شاکر سەییاب، نازک مەلائیکە و عەبدولوەهاب بەییاتی)ن، بەڵام لە ڕاستیدا دەبوو بڵند بە سەردەستەی شاعیرانی نوێخوازی شیعری عێراقیی و عەرەبیی دابنرێت، یان هەر هیچ نەبێت لەڕیزی ئەو سێ شاعیرە باسبکرێت کە ناومان بردن.
پاش ئەوەی، چەند ئەدیب و ڕەخنەگرێک هەستیان بە ئەو ستەمە کرد کە لە بڵند حەیدەری کراوە، هەڵوێستیان دەربڕی، زۆربەیشیان هۆکارەکەیان بۆ ناسنامەی کوردیی بڵند گەڕاندەوە، بۆ نموونە: ئەدیبی میسریی (فاروق شوشة) بابەتێکی بەناونیشانی (بڵند حەیدەریی ئەو پێشەنگەی فەرامۆشان کرد) نووسیوە و تیایدا باس لە ئەو زوڵمە دەکات کە لە حەیدەریی کراوەو دەڵێت: “ئەم شاعیرە کە لە کۆتایی چلەکاندا بەغداد خەونی پێوە دەبینی، یەکێک بوو لە شاعیرانی قوتابخانەی مۆدێرن و یەکێکیش بوو لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی شیعر کە لەو قوتابخانەو بزووتنەوەیەدا تەنیا ناوی نازک مەلائیکە و بەدر شاکر سەییاب و عەبدولوەهاب بەیاتی درەوشایەوە. فاروق شوشە، باس لەوەش دەکات کە لەکاتێکدا ناوی ئەم سێ شاعیرە وەک نوێنەرە گەورەکانی بزووتنەوەی شیعری مۆدێرن لە عێراق زیاتر دەرکەوت و درەوشایەوەو لە نووسینی ڕەخنەگرەکاندا باسکران، ناوی بڵند حەیدەری بەشاراوەیی مایەوە و دوای ناوی ئەوان لە ڕووی گرنگیی و ڕیزبەندنیی و قسەلەسەر کردنەوە هات، ئەمە سەرباری ئەو هەڵڵایەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یکەم دیوانیدا (خفقة الطین) دروست بوو کە لە ساڵی ١٩٤٦ بڵاوی کردەوە ” (١٨). شاعیر لە ئەو دیوانەدا ئەزموونێکی نوێی شیعریی تاقیکردەوە و پێش بەدر شاکر سەییاب و نازک مەلائیکە و عەبدولوەهاب بەیاتیش کەوتووە، بەمەیش دەبوایە ئەو بە یەکەم پێشەنگی شیعری نوێی عێراقیی دابنرێت، بەڵام کوردبوونەکەی بوو بەهۆی ئەوەی ڕەخنەگرانی عەرەب ئەو مافەی پێ ڕەوا نەبینن.
خودی بەدر شاکر سەییاب لە ساڵى (١٩٥٣ز) دانی بەوەدا ناوە کە بڵند لە پێش ئەوانەوە تازەگەریی لە شیعری عێراقیدا کردووەو دەڵێت: “چەند شاعیرێک هەن زۆر ڕێزم بۆیان هەیە و زۆر پێیان سەرسامم، لەسەروی هەموویشیانەوە بڵند حەیدەریی کە دیوانەکەی (خفقة الطین) یەکەم دیوان بوو لەناو سێ دیواندا کە دەرچوون و بوون بە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە شیعری عێراقیدا. دووەم دیوانیش “عاشقة اللیل”ی نازک مەلائیکەیە و سێیەمیشیان “أزهار ذابلة”ی بەدر شاکر سەییابـ”ە (١٩).
هەروەها فاروق شوشە، بەسەرسامییەوە هەندێک پرسیار سەبارەت بە فەرامۆشکردنی بڵند حەیدەری دەکات و دەپرسێت: ئایا هۆکارەکەی گەڕانەوە بۆ خود و گۆشەگیرییە ؟! یان بەهۆی زمانە سادەو دوور لە ڕازاندنەوە و ڕەوانبێژییەکەیەتی ؟! یانیش بەهۆی ئەوەیە لە ناخيدا هەستی بەکوردبوونی خۆی کردووە ؟ (20) !. وەڵامی ئەم پرسیارانەیشي بۆ خوێنەر بەجێهێشتووە.
بەڵام (محمد حجیری) سەرۆکبەشی کولتووری ڕۆژنامەی (المدن) بۆچوونێکی تاڕادەیەک جیاوازی هەیەو پێیوایە، ڕاستە هەندێک لە ڕژێمە نەتەوەییە عەرەبییە بەعسییە – سوریی و عێراقییەکان بەتایبەت- دەسەڵاتی خۆیان دابەوە بەسەر کولتوورو زمانی کوردیدا سەپاندووە، بەڵام بڵند حەیدەری پێش کوردبوونی، وەک شاعیرێک چەوسێنراوەتەوە. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە هەرکەسێک کوردبوونی بڵند حەیدەری بە کێشە بزانێت لەبەردەم بوونی بە پێشەنگ یان سەرامەدی شیعری نوێی عەرەبیی، ڕەنگە بەدواداچوون بۆ ئەوە نەکات کە ژمارەیەک لە نووسەرو شاعیرانی کورد ئامادەگییان لەناو کولتووری عەرەبیدا لەسەروی ئامادەگیی نووسەرە عەرەبەکانەوەیە، زۆرن ئەو کەسانەی دەزانن شاعیری میسری (ئەحمەد شەوقی) کە بە (میری شاعیران) ناسراوە بە ڕەگەز کوردە. بەهەمان شێوە شاعیری عێراقی (جەمیل سیدقی زەهاوی)یش کوردەو (مەعروف عەبدولغەنی ڕوسافی)یش (باوکی کوردە) و هەریەک لە نووسەر (ئەحمەد تەیموور) و توێژەر (موحەممەد کورد عەلی)یش کوردن و لە ئێستاشدا شاعیر (سەلیم بەرەکات) بەزمانە عەرەبییە ئەفرێنەرەکەی تەحەددای نووسەر و شاعیرانی عەرەب دەکات و بەڵام کەسیش نکۆڵیی لە ئامادەگیی کولتووریی ئەو لەناو کولتووری عەرەبیدا ناکات (٢١).
سەبارەت بە شاعیر و ڕۆماننوسی بەناوبانگی کورد (سەلیم بەرەکات) کە خاوەن ناسنامەیەکی کوردییە و بەعەرەبی دەنووسێت، بۆچوونی جیاواز هەیە و پێیوایە کوردبوونی لە کولتووری عەرەبیدا زیانی لێداوە، بۆ نموونە: نووسەر و ڕۆماننوسی دیاری کورد (جاندۆست) لە دیمانەیەکدا کە چەند ساڵ پێش ئێستا، توێژەری ئەم توێژینەوە بە زمانی عەرەبیی لەتەکیدا ئەنجامی داوە، دەڵێت: “بەداخەوە پاشخانی نەتەوەیی هەر نووسەرێک کاریگەریی لە بارودۆخی نووسەکەرە لە جیهانی عەرەبیدا دەکات، ڕەنگە ئەمە لە ئەوروپا دەوڵەمەندیی و سامانێک بێت بۆ ئەو وڵاتەی نووسەرەکەی تیادا دەژی، بۆ نموونە ڕۆماننوس شێرکۆ فەتتاح لە ئەڵمانیا بەناوبانگە و ئەڵمانەکانیش دان بەوەدا دەنێن کە کوردەو پێیشی سەرسامن، ئەوان لەمەدا پێچەوانەی جیهانی عەرەبیین. سەلیم بەرەکات یەکێکە لە گەورەترین ڕۆماننوسە بەشخوراوەکانی جیهان، ئەگەر بە ڕەگەز عەرەب بووایە، ئەوا گشت سەکۆی چەندین فێستیڤاڵی بۆ تەرخان دەکراو چەندین پەرتووکی تایبەت بە ئەو دەردەچوون و هەموویان باسیان لە ئەدەبە باڵاکەی و زمانە جادوییەکەی دەکرد. بەداخەوە پاشخانی نەتەوەیی یان عەرەبچێتیی نەتەوەیی کاریگەریی لە بارودۆخی ئەو نووسەرە کوردە دەکات کە جگە لە زمانی عەرەبیی هیچ زمانێکی دیکە شک نابات تا گوزارشتی لە خۆی پێبکات“(٢٢).
لەکاتێکدا ئەم هەموو شەڕە ئەدەبییە لەسەر پێشەنگیی ئەو و دەرچوونی یەکەم دیوانی هەیە، کەچی بڵند حەیدەریی خۆی زۆر خاکییانە دەڵێت:” لەناوەڕاستی ساڵی (١٩٢٦ز)کە دیوانی خفقة الطين بڵاو بوویەوە، شتێکی نامۆی تیادا نەبوو لەوەی کە لە هەر وڵاتێکی دیکەی عەرەبیدا هەبوو “.(23) هەر لەئەو دیمانەیەدا وەک ڕێزێک باس لە شاعیرانی دیکەی وەک (بەدر شاکر سەییاب، نازک مەلائیکە و عومەر ئەبو ڕیشە) و چەند شاعیرێکی دیکەش دەکات (24).
بەڵام بە بۆچوونی ئێمە، گۆشەگیریی یەکێکە لە هۆکارەکانی پەراوێزخستنی بڵند حەیدەریی لە جیهانی عەرەبیدا. ئەو خۆیشی وەک شاعیرەکانی دیکە بەرگری لە پێشەنگبوونی خۆی نەکردووە و ئەم بابەتەیشی بەلاوە گرنگ نەبووە؛ چونکە زیاتر حەزی بەبێدەنگیی کارکردن بووە و لە گۆشەگیریدا ژیاوە، هیچکاتیش خۆی نەخستووەتە جیهانی پڕ لە ژاوەژاوی جەنگە ئەدەبییەکان، وەک هەندێک شاعیریش سنگی دەرنەپەڕاندووە و خۆی دەرنەخستووە.
بێگومان کوردبوونیش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی پشتگوێخستنی، هەروەکچۆن هۆکارێک بووە بۆ فەرامۆشکردنی سەلیم بەرەکات. ئەم هۆکارەش زیاتر دوای تەشەنەکردنی بیری نەتەوەیی عەرەبیی لەسەردەمی نوێدا دەرکەوت، ئەگەرنا لە پێش ئەو مێژووە، لە کولتووری عەرەبی و ئیسلامیدا، کوردبوون هۆکاری پەراوێزخستنی زاناو شاعیر و نووسەری کورد نەبووە. هەریەک لە بڵند حەیدەری و سەلیم بەرەکاتیش ئەگەرچی بەعەرەبی نوسیویانە، بەڵام هاوسۆزی گەلەکەی خۆیان بوون – بەتایبەتی سەلیم بەرەکات کە لەمڕووەوە شیاوی یەک لێکۆڵینەوەی تایبەتە – بۆ نموونە: بڵند حەیدەریی بەبۆنەی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە قەسیدەیەکی بەناونیشانی (بۆ ئەوەی لەبیرمان نەچێت- لکي لا ننسى) نووسیوە، لە بەشێکی کە قەسیدەکەدا کە کردومانە بە کوردی، دەڵێت (٢٥):
ئەی ماڵەکەم..
ئەی وڵاتەکەم..
بایەکی ژەهراوی
لەچاوی کوندەپەپویەکەوە هەڵیکرد
تا گشت منداڵەکانت ژەهراوی بکات
هەرچی کوشت کوشتی.. منداڵەکەی منیشی کوشت
هەرچی دزی دزی… سێبەرەکەی منیشی دزی
ئەو ڕێگایەی بەرەو ماڵی من دەڕوات
بووە بە گۆڕستان و بۆ دوو هەزار گۆڕستانی دیکە درێژ دەبێتەوە
لە کوردستان
هیچ شتێک نییە، جگە لە مردن و سێبەری مردن…
ئەگەر شیکردنەوەیەکی نیشانەناسی (رمزي- Semiology) بۆ ئەم دەقە بکەین، دەتوانین بڵێین: شاعیر بەشێوەیەکی ڕەمزیی تاریک دەستەواژەی (بایەکی ژەهراوی) بەکارهێناوە کە ئاماژەیە بۆ کیمیارابانکردنی هەڵەبجە.
هەروەها وشەی (کوندەپەپوو)یشی وەک رەمزێکی تەقلیدی بۆ ڕەشبینی و مردن بەکارهێناوە وەک لە کولتووری عەرەبیدا هەیە. وشەکە لەم بەستێنە یان کۆنتێکستەدا ئاماژەیە بۆ شەڕی سیاسیی، ئەوەش هەڵدەگرێت کە ئاماژەیەکی شاراوەی بۆ ڕژێمی سەرکوتکاری بەعس تێدا بێت. هەروەها دەکرێت کوندەپەپوو بە ڕەمزێک بۆ دەسەڵاتی بەعس دابنێین کە ژەهری خۆی بە هەوادا بڵاو دەكاتەوە تاوەکو منداڵە بێتاوانەکانی هەڵەبجە ژەهراوی بکات. ئالێرەشدا شاعیر ئاماژە بۆ ئەو قەسابخانەیە دەکات کە ڕژێمی سەددام لە دژی هەڵەبجەییەکان – بەتایبەتی منداڵان-بەرپای کرد.
دەستەواژەی (هەرچی کوشت کوشتی) قەبارەی ئەو کارەساتە نیشان دەدات کە بە هۆیەوە خەڵکانێکی زۆر کوژران، کارەساتەکە لەوێدا زیاتر خەماوییە کە تەنانەت منداڵەکەی شاعیریشی کوشتووە و ئەویش بە قوڵی پێی کاریگەر بووە.
وشەی (سێبەرەکەم) لە دەقەکەدا ئاماژەیە بۆ (ناسنامە، خود و بوون)، ئاخر ئەو بەڵایەی بەسەر شارەکەدا هاتووە، تەنیا ڕۆحی خەڵکەکەی نەدزیوە، بەڵکو خودی خۆیان و هەستکردن بە ژیان و ئارامیشی لێدزیون. بەکارهێنانی (سێبەرەکەم) ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەنانەت خەیاڵی ژیانی ڕابردوویشی بردووە.
لەکاتێکدا شاعیر دەڵێت: “ئەو ڕێگایەی بەرەو ماڵی من دەڕوات بووە بە گۆڕستان و بۆ دوو هەزار گۆڕستانی دیکە درێژ دەبێتەوە” وێنەیەکی بینراوی ئازاربەخشمان نیشاندەدات، کە گۆڕینی ڕێگای ماڵەوەیەتی بۆ گۆڕستانێکی بێئامان، ئەمەش ڕەمزە بۆ قەبارەی کارەساتاوی ئەو ماڵوێرانی و مردنەی کە تووشی کوردستان بووە کە هیچی تیا نەماوە تەنیا “مردن و سێبەری مردن” نەبێت، لەکاتێکدا پێشتر تژی بووە لە ژیان. دەکرێت (سێبەری مردن) لە دەقەکەدا بە تارماييی ئەو مردنە لێک بدەینەوە کە ئێستا باڵی بەسەر گشت یادگەو شوێنێکی کوردستاندا کێشاوە. ئەم قەسیدەیە هەرچەندە بەزمانێکی سادە نووسراوە، بەڵام بارگاوییە بە چەندین ڕەمز و وێنە کە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە نیشان دەدەن. دەتوانین ئەوەش بڵێین کە قەسیدەکە تەنیا لاواندنەوەیەک نییە بۆ هەڵەبجە، بەڵکو دەربڕینی هەڵوێستێکی بوونگەرانەو مرۆڤدۆستانەیە و سنووری سیاسەت دەبڕێت و کاریگەریی قەسابخانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیمان لەسەر ڕۆحی مرۆڤەکان پیشان دەدات.
لەسەرەوە باسمان لە دوو کەسایەتیی بەناوبانگی کورد لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی کرد کە لەناو جیهانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیریی کوردیدا وەک پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە. یەکێکیان لە بواری زمان و تەنانەت زانستە ئیسلامییەکانی دیکەش، ئەوی دیکەیان لەبواری ئەدەبدا، بەتایبەتی هونەری شیعری عەرەبیی ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە، هەردووکیشیان لە ژینگەیەکی عەرەبیدا ژیاون. ئەوەی یەکەمیان هیچ مۆرکێکی کوردانە بەنووسینەکانیەوە دیار نییە و لەسەردەمێکی کۆندا ژیاوە کە بیری نەتەوەیی بوونی نەبووە. بەڵام ئەوەی دووەمیان لەسەردەمێکدا ژیاوە کە بیری نەتەوەیی گەشەی کردووە، کەچی ئەو هەر بە عەرەبیی نووسیویەتی و شوناسی دەقەکانی عەرەبین. ئەمە مانای ئەوە نییە هیچ هەستێکی نەتەوەیی بەکوردییەو نەبەستووەتەوە، چونکە وەک باسمانکرد، شیعری بۆ هەڵەبجە نووسیوە.
جگە لە ئەو دوو زمانناس و شاعیرەی کە باسمان کردن، چەندین زانا و ئەدیبی دیکەی کورد هەن کە بەزمانی عەرەبیی نووسیویانە کە پێشتر ناوی هەندێکیانمان برد، بەڵام باسکردنی هەموویان پێویستی بە ئینسکلۆپیدیایەکی قەبارە گەورەی تایبەت بە ئەو کوردانە هەیە کە خزمەتی کولتووری عەرەبی ئیسلامییان کردووەو بەزمانی قورئان نووسیویانە، هەرچەندە لەم بوارەدا هەندێک پەرتووک و ئیسنکلۆپیدیاش هەن کە باسیان کردوون، لەوانە:
– حياة الأمجاد من العلماء الأكراد، طاهر ملا عبد الله البحركي.
– علماؤنا في خدمة العلم والدين، عبدالكريم المدرس.
– يادی مەردان، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس.
– الموسوعة الكبرى لمشاهير الكرد عبر التاريخ، حمد علي الصويركي الكردي.
بەڵام ئەم سەرچاوانە هیچ کامیان تەنیا تایبەت نین بە ئەو زانا ئیسلامیی و ئەدیب و ڕۆشنبیرە کوردانەی کە ڕۆڵیان لە کولتووری عەرەبی و ئیسلامیدا هەبووە و بە عەرەبیش نووسیویانە، بەڵکو تێکەڵەیەکن لە کەسایەتیی (ئایینی، مێژوویی، سیاسی، هونەری…) کە مەرج نییە بەعەرەبی نووسیبێتیان.
- شوناسی نووسینی کوردە عەرەبینووسەکان
سەبارەت بە شوناسی نووسینی ئەو کوردانەی کە بەعەرەبیی نوسیویانە، دەبێت ئاماژە بەوە بکەین ناسنامەی نووسین بە زمانێکی دیکە، یەکێکە لە ئەو بابەتانەی کە لە بوارە کولتوورییەکاندا – بەتایبەتی ئەدەبی بەراورد- جێی باس و خواسە، ئەویش لە ئەو ڕووەی کە ئایا نووسینی ئەو نووسەرە سەر بە کولتووری نەتەوەکەیەتی، یان شوناسی نووسینەکانی ئەوەمان بۆ یەکلایی دەکاتەوە ؟ بۆ نموونە: ئەدیبی گەورەی کورد (سەلیم بەرەکات) و ڕۆماننوسی ناوداری کورد (جاندۆست) بەزمانی عەرەبیی نووسیویانە، وەلێ شوناسی دەقەکانیان کوردانەیە، چونکە لە ڕێگەی زمانی عەرەبییەوە گوزارشت لە جیهانی کورد دەکەن؛ بۆیە دەکرێت نووسینەکانی ئەوان لە خانەی کولتووری کوردییدا ئەژمار بکەین.
نووسەریشمان هەیە بە زمانی عەرەبیی نووسیویەتی وەک (ئیبنولحاجیبی کوردیی) بەڵام نووسینەکانی هیچ مۆرکێکی کوردانەیان پێوە دیار نییە، بۆیە دەکرێت شوناسێکی عەرەبیی و ئیسلامیی بە نووسینەکانی بدەین. نووسەری کوردیش هەیە کە هەم بە زمانی عەرەبی و هەمیش بەزمانی کوردیی نوسیویەتی وەک: (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس) و (شێخ نورەددینی بریفکانی) و دەتوانین نووسینی ئەم نووسەران بە دوو شوناس بناسێنین.
لەهەموو حاڵەتەکانیشدا ناکرێت تۆمەتی خۆ بە عەرەبکردن بدەینە پاڵ ئەو نووسەرانەی کورد کە بەعەرەبیی نووسیویانە؛ چونکە زمانی عەرەبیی بەهۆی ئیسلامەوە بووە بە زمانێکی جیهانیی، نووسەرانی کوردی عەرەیی نووسیش وەک مسوڵمان بە ئەم زمانەیان نووسیوە، ناسنامەی مسوڵمانبوونیش لەسەرووی ناسنامەی نەتەوەیی عەربەییەوە بووە، لەم بارەیەیشەوە نووسەری ئیسلامیی (شلتاغ عبود) دەڵێت:”بەلای ئێمەی مسوڵمانەوە، زمانی عەرەبیی ئەرکێکی ئایینی هەیە کە لە سەرووی ئەرکە نەتەوەییەکەیەوەتی”. (٢٦ (
ئەگەری بڵێین: کوردە عەرەبینووسەکان خزمەتی گەلی خۆیان نەکردووە، ئەمە ستەم و سادەگۆییە، ئاخر هەندێکیان لەسەردەمێکدا ژیاون کە زمانی عەرەبی زمانی زانست و ئایین بووە و بیری نەتەوەیی کوردیش وەک ئەمڕۆ نەبووە. پاشان بەشداریکردن لە خزمەتکردن بە کولتووری عەرەبی و ئیسلامیدا بەمانای ناپاکیی لە دژی نەتەوەی کورد نییە، چونکە ئەوان کارێکی مەعریفییان کردووە، مەعریفەش سیفەتێکی مرۆڤدۆستانە و جیهانیی هەیە و ناکرێت لەسەر بنەمای بیرێکی نەتەوەیی تەسک هەڵیبسەنگێنین.
لەبیرمان نەچێت هەندێک لە ئەو زانا ئیسلامییە کوردانە لە بەستێن (سیاق)ێکی مێژووییدا نووسیویانە کە بیری نەتەوەیی کورد وەک ئێستا بەهێز نەبووە، بۆیە لە ڕووی مێژووییەوە هەڵەیە ئەگەر لە ئەم پرسەدا، بە چاویلکەی ئێستا لە ڕابردوو بڕوانین و هەڵیبسەنگێنین. هەندێکیشیان بە حوکمی جوگرافیی، لەبەر ئەوەی لەناو عارەبان ژیاون، زمانی دایکی خۆیان نەزانیوە، ئەگەریش زانیبێتیان، بۆئەوەی پەیامەکەیان باشتر بگات، بە عەرەبیی نووسیویانە. لەلایەکی دیکەوە هیچ دەوڵەتێکی کوردیی بەهێز نەبووە تا پشتیوانیی زمانی کوردی و گەشەپێدانی بکات، بە پێچەوانەی زمانی عەرەبییەوە کە زمانی فەرمیی خیلافەت و دەوڵەتە ئیسلامییەکان بووە.
هەروەها سودی ئەو زاناو ئەدیبانە بۆ کورد، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەیان دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەوەدا سودیان هەبووە کە ئامادەگیی کوردیان لە ناو کولتووری ئیسلامی و عەرەبیدا سەلماندووە. هەروەها بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاریی لە کوردستاندا کردووە و بوون بە پردێکی پەیوەندیی لە نێوان نەتەوەکەی خۆیان و نەتەوە مسوڵمانەکانی دیکە، بەمەش دەرگایان بەڕووی کوردستاندا کردووەتەوە و لە داخراوی و گۆشەگیریی جوگرافیی ڕزگاریان کردووە. ئەوان کە بەزمانی عەرەبی نووسیویانە لەبەر ئەوە نەبووە کە خۆیان بەعەرەب کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە نووسین بەکوردی لە سەرەتاکانی هاتنی ئیسلامەوە بۆ کوردستان تا سەردەمانێک باو نەبووە، یان هەر زۆر دەگمەن بووە.
هەندێک لە ئەو نووسەرانەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سودیان بۆ کولتووری کوردیی هەبووە، ئەویش لە ڕێگەی دانانی فەرهەنگی کوردی – عەرەبیی وەک فەرهەنگی (ئەحمەدی) شێخ مارفی نۆدێ و فەرهەنگی (نەوبەهار)ی ئەحمەدی خانی. یان لەڕێگەی نووسینی هۆنراوە بە زمانی کوردی وەک ئەو هۆنراوانەی کە شاعیرانی کلاسیکی کورد وەک: ( ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، مەولەوی، نالی و مەحوی) نووسیویانە کە هەموویان بە زمانی عەرەبیی خوێندوویانەو مەلاش بوون. ئەمە جگە لەوەی کە لە حوجرەکانەوە چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس و وەرگێڕو مێژوونووسی وەک (مەلا جەمیلی ڕؤژبەیانی، شوکور موستەفا و هەژاری موکریانی) پەروەردە بوون کە بەزمانی عەرەبی خوێندوویانە بەڵام خزمەتێکی گەورەیان بە کولتووری کوردیی کردووە و یادگەی کولتووریی گەلەکەی خۆیان دەوڵەمەند کردووە.
ئەوەی گرنگە لە ئێستاو ئاییندەدا کاری لەسەر بکرێت، زیاتر گەڕاندنەوەی ئەو زاناو ئەدیبانەیە بۆ بەستێنی کولتووریی کوردیی ئەویش لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەرهەمەکانیانەوە بۆ زمانی نەتەوەیی خۆیان، تاوەکو زیاتر بە نەوەکانی داهاتووی کوردستان ئاشنابن. هەروەها زۆر پێویستە توێژینەوە سەبارەت بە ژیان و نووسین و دەستنووسەکانیان بکرێت و کۆڕو کۆنفرانسیان لە ئاستی ناوخۆو جیهاندا بۆ ببەسترێت، لەمەشدا ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان دەتوانن ڕۆڵی گەورە بگێڕن و بەشانازییەوە کار لەسەر ئەو کوردانە بکەن کە بە عەرەبیی نووسیویانەو وەک نموونەیەکی فرەکولتووریی و پێکەوەژیان نیشانیان بدەن.
ئەنجام
- کولتوور مانایەکی فراوانی هەیە و وەک ئاوێتەیەک وایە کە چەندین توخمی تێدایە، دوو لە ئەو توخمانەش زمان و ئەدەبن.
- زمانی عەرەبیی بەهۆی ئیسلامەوە بووە بەزمانێکی جیهانیی، لەپاڵ ئایینی ئیسلامیشدا چەندین زاناو ئەدیبی گەلانی غەیری عەرەب، خزمەتێکی زۆریان بە زمان و کولتووری عەرەبیی و ئیسلامی کردووە، لە ناو ئەوانیشدا زاناو ئەدیبە کوردەکان ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە، لەهەمان کاتیشدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەتی کولتووری کوردیشیان کردووە.
- ناتوانین بڵێین: گشت ئەو نووسەرانەی کورد کە بەزمانی عەرەبیی نووسیویانە، لە کولتووری عەرەبی و ئیسلامیدا ستەمیان لێکراوە، بەڵام ناشتوانین بڵێین: کوردبوون کێشەی بۆ هەندێک نووسەری کوردی عەرەبینوس لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا دروست نەکردووە.
- نووسینی زاناو ئەدیبێکی کورد بەواتای خۆ بە عەرەبکردن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردیی نایەت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەلماندنی بوونی کورد لە کولتووری عەرەبی و ئیسلامیدا.
- بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی هاوسەنگ و بێلایەنانە کوردە عەرەبینوسەکان و بەرهەمەکانیان هەڵبسەنگێنین، نابێت بە پێوەری ئەمڕۆ و لە ڕووانگەی بیرێکی نەتەوەیی کوردیی یان عەرەبیی تەسکەوە لێیان بڕوانین.
- هەریەک لە ئیبنولحاجیب و بڵند حەیدەریی دوو زمانناس و شاعیری کوردن کە لەدوو بواری مەعریفی نزیک لە یەک و لە دوو زەمەنی جیاوازدا بە زمانی عەرەبیی نووسیویانە و هیچ بەرهەمێکیشیان بەکوردیی نییە. کوردبوونی ئیبنولحاجیب هیچ کێشەیەکی بۆ بڵاوبوونەوەی ناوبانگەکەی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا دروست نەکردووە، کەچی بڵند حەیدەریی بەهۆی کوردبوون و هەندێک هۆکاری دیکەوە لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا فەرامۆش کراوە و لە ڕیزبەندیی شاعیرە سەرامەدەکانی شیعری عێراقی و عەرەبیدا ستەمی لێکراوە.
- بڵند حەیدەری و ئیبنولحاجیب، لەبەر ئەوەی بە عەرەبی نووسیویانە، لەناو جیهانی ڕۆشنبیری و کولتووری کوردیدا پەراوێز خراون. ئەگەر ئەوانیش وەک هەندێک لە زاناو ئەدیبەکانی وەک (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس) لەگەڵ زمانی عەرەبیدا بەکوردیش بیاننوسییایە کاریگەرییان لە کولتووری کوردیدا زیاتر دەبوو، پەراوێزیش نەدەخران، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیاتر لە جیهانی عەرەبیدا ژیاون کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر کولتووری کوردیی نییە.
- هەرچەندە بڵند حەیدەریی بە عەرەبیی نووسیویەتی، بەڵام هەستی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەی پاڵیپێوەناوە کە سەبارەت بە هەڵەبجە و کوردستان بنووسێت، کەچی ئەم هەستە لای ئیبنولحاجیب نییە.
- پێشنیاز
پێشنیاز دەکەین توێژەرانی کورد چەندین توێژینەوەی دیکە سەبارەت بە ئەو کوردانە بکەن کە بە زمانی عەرەبیی نووسیویانە تاخوێنەری کورد زیاتر پێیان ئاشنا ببێت. هەروەها پێشنیاز دەکەین زانکۆکانی کوردستان لە پلانی ساڵانەی خۆیاندا بۆ خوێندنی باڵا، چەند توێژینەوەیەک بۆ ئەو کوردانە تەرخان بکەن کە ڕۆڵی بەرچاویان لە خزمەتکردنی کولتووری عەرەبی و ئیسلامیدا هەبووە، هەندێکیشیان خزمەتی کولتووری کوردیشیان کردووە.
شانبەشانی نووسین و توێژینەوە، وەک هەوڵێکیش بۆ گەڕاندنەوەی سامانێکی کولتووریی لەبیرکراو، پێشنیاز دەکەین ئینسکلۆپیدیایەک بەزمانی کوردی و عەرەبیی سەبارەت بە کوردە عەرەبینوسەکان بنوسرێت و بڵاو بکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرنامەی تەلەفزیۆنی و کاری هونەریی و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانییان لەسەر بکرێت و ناویشیان بخرێتە مەنهەجەکانی خوێندنەوە. هەروەها دامەزراوەی ئایینی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیریی و شوێنە گشتییەکان بەناویانەوە بکرێت و لەساڵیادی لەدایکبوونیاندا چالاکیی کولتووریی ئەنجام بدرێت.
–لیستی پەراوێز و سەرچاوەکان
(١) آيزا بر جر، آرثر،٢٠٠٣، النقد الثقافي تمهيد مبدئي للمفاهيم الرئيسية، ترجمة: وفاء إبراهيم، رمضان بسطاويسي، مصر: المشروع القومي للترجمة. ل ١٩٢.
(٢) أنتوني غدنز، د.ت، علم الاجتماع، ترجمة: د. فایز الصباع،ط٤، بیروت: المنظمة العربیة، ل ٧٩.
(٣) دنيس، کوش، ٢٠٠٧، مفهوم الثقافة في العلوم الاجتماعية، ترجمة: منير السعداني، بيروت: المنظمة العربية للترجمة، ل ٣١.
(٤) عبدالغني عماد، ٢٠١٦، سوسیولوجیا الثقافة المفاهیم والإشكاليات.. من الحداثة إلى العولمة، ط3، بيروت: مركز دراسات الوحدة العربية، ل ٢٦.
(٥) شلتاغ عبود، ٢٠٠١، الثقافة الإسلامیة بین التغریب والتأصیل، بیروت: دار الهادی للطباعة والنشر والتوزيع، ل ١٠٩.
(٦) أحمد الخليل،١١-١-٢٠٢٤، مشاهير الكرد في التاريخ الإسلامي ( الحلقة العاشرة ) النحوي الكبير: ابن الحاجب (570 هـ ـ 646 هـ ) ابحثوا عن الظروف، https://kurd-online.com/%D9%85%D8%B4%D8%A7%D9%87%D9%8A%D8%B1-،
(بەردەستە: ٢٧- ٥- ٢٠٢٥).
(٧) شوقي ضيف،١٩٧٧، المدارس النحوية، ط٣ ، القاهرة: دار المعارف ، ل ٣٤٣.
(٨) موسى بناي العلیلي، (١٩٨٢) الإیضاح فی شرح المفصل للشیخ أبی عمر عثمان بن عمر المعروف بابن الحاجب النحوی ٥٧٠ه – ٦٤٦ه، ج١، وزارة الأوقاف والشؤون الدینیة: الجمهوریة العراقیة: ، ل ٥.
(٩) ئێڤین عومەر،١٩-٤-٢٠٢٢، ئیبن حاجیب، https://zaniary.com/blog/625f1f9cf10ef#h8 (بەردەستە: ٢٠-٥-٢٠٢٥).
(١٠) عمر فروخ، ١٩٨٩، تاریخ الأدب العربي، ج٣،ط٥، بیروت: دار العلم للملایین، ل ٥٥٩.
(١١) شوقي ضيف، ١٩٦٨، المدارس النحوية، ط٧، دار المعارف، القاهرة، ل ٣٤٣، ٣٤٥.
(١٢) أبو العباس شمس الدین أحمد بن محمد بن أبی بکر بن خلکان، ١٩٧٢، وفیات الأعیان وانباء ابناء الزمان، ج ٣، تحقیق: د. إحسان عباس، بیروت: دار صادر، ل ٢٥٠.
(١٣) شمس الدين محمد بن أحمد بن عثمان الذهبي، 1996، سیر أعلام النبلاء، ج ٢٣، ط11، تحقيق: د.بشار عواد معروف، د. محيي هلال، بيروت: مؤسسة الرسالة، ل ٢٦٥.
(١٤) دیوانی نالی مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایەڵی، ١٩٧٦، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی: مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم، پیاچوونەوەی: محمدی مەلا کریم، بەغدا: چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، ل ٣٩٨-٣٩٩.
(١٥) محمد علی الصویرکي الکردي، ٢٠٠٨، الموسوعة الکبری لمشاهیر الکرد، ج١، بیروت: الدار العربیة للموسوعات ل ٣٢٧-٣٢٨ .
(١٦) هەمان سەرچاوە، ل ٣٢٨.
(١٧) إبراهيم جابر علي،٢٠١٠، المستويات الأسلوبية في شعر بلند الحيدري، كفر الشيخ: دار العلم والإيمان للنشر والتوزيع ل ٢١.
(١٨) فاروق شوشة، 2016، گۆڤاری (العربي)، ژمارە ٦٨٩، https://alarabi.nccal.gov.kw/Home/Article/19526،
(بەردەستە: ١٠- ٦- ٢٠٢٥.).
(١٩) الأعمال الكاملة، ١٩٩٣، بلند الحیدري، القاهرة: دار سعاد الصباح، ل ١٣.
(٢٠) فاروق شوشة، 2016، گۆڤاری (العربي)، ژمارە ٦٨٩، https://alarabi.nccal.gov.kw/Home/Article/19526،
(بەردەستە: ١٠- ٦- ٢٠٢٥).
(٢١) محمد حجيري، بلند الحيدري… غواية “المظلومية الكردية” وأوهامها، ٢٨-١٠-٢٠١٧ ،
،( بەردەستە: ١٠-٦- ٢٠٢٥).
(٢٢) چاوپێکەوتنی سالار تاوگۆزی لەگەڵ جاندۆست بەزمانی عەرەبیی (١٨- ١٢- ٢٠١٤)، سلێمانی، جان دوست: “للأسف الخلفية القومية لأيّ كاتب تؤثر على وضعه في العالم العربي، ماڵپەری (مدارات کرد) :
https://www.medaratkurd.com/2014/12/18/964/ (بەردەستە ٨-٦-٢٠٢٥).
(٢٣) دیمانەی بڵند حەیدەریی لەگەڵ محمد رضا نصرالله لەبەرنامەی (هذا هو)، ساڵی 1994، ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی لە یوتیوب (٢- ٥- ٢٠١٧)، https://www.youtube.com/watch?v=y0D1AMPRM6
(بەردەستە: ١٦- ٦- ٢٠٢٥).
(٢٤)هەمان سەرچاوە.
(٢٥) بلند الحیدري، ١٩٩٢، الأعمال الكاملة، أغاني المدينة الميتة، القاهرة: دار سعاد الصباح، ل ٧٧٢.
(٢٦) شلتاغ عبود، ٢٠٠١، الثقافة الإسلامیة بین التغریب والتأصیل، بیروت: دار الهادی للطباعة والنشر والتوزيع، ل ١٧١- ١٨٤.