• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 3, 2021

پێگەی وڵاتانی هەژمووندار لە هەڵبژاردنی عێراقدا؛ ڕۆڵ، چاوەڕوانی و سیناریۆکان

یاسین تەها

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

ئامادەكارییە جۆراوجۆرەكانی سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021، لە هەموو كات زیاتر ئەگەری ئەنجامدانی ئەو وێستگە سیاسی و دەستوورییەیانەی بردووەتە پێش و ئەگەری سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان لە ڕاستی نزیك كردووەتەوە بە مەرجێك پێشهاتی ئەمنی ڕێگە بدات. ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخێكدا بەڕێوە دەچێت كە كێشمەكێشی جەمسەرە سەرەكییەكانی ململانێ لە عێراق كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئێرانن، لە هەڵكشان و بەریەككەوتنی زیاتردایە. لە سێبەری ئەم دوو دەوڵەتە خاوەن هێز و بەرژەوەندییەشدا لە عێراق و لە پەنای ئەوانیشدا چەند جەمسەرێكی تری ململانێ و كارتێكردن هەن كە چاویان لەسەر ئەنجام و لێكەوتەكانی هەڵبژاردنی عێراقە، ئەوانیش بە پلەی یەكەم توركیا و وڵاتانی كەنداون. ئەم بابەتە هەوڵێكە بۆ خوێندنەوەی ئەو كاریگەرییە دەرەكییانەی كە لەئارادان بۆ كاركردنە سەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.

ڕۆڵی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا

وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەرپەرشتیاری پڕۆسەی سیاسیی نوێی عێراقی پاش (2003)یە، لە ئێستاشدا چەند بنكەیەكی سەربازیی لە عێراقدا هەیە لە چوارچێوەی پاراستنی باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكەی و هەروەها هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش. بەپێی دانپێدانانی هەندێ لە بەرپرسانی عێراقیش، دەستوەردانی ئەمەریكییەكان زیاتر لەپاش هەڵبژاردنەكانە و بەدیاریكراوییش بۆ دیاریكردنی سەرۆكوەزیرانە([i]). سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانیش، سیاسەتی ڕاگەیەنراوی ئەمەریكا بریتییە لە پاڵپشتیكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە ئامانجی ئەوەی پڕۆسەیەكی “گشتگیر و خاوەن متمانە” لە عێراق بەرێوە بچێت، لە هەمان كاتدا پێشی وایە ئامادەكاری بۆ ژینگەیەكی لەباری هەڵبژاردن بەبێ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە چەكدارانە ناكرێت كە ئێران پشتیوانیی دارایی و لۆجستییان دەكات، بە دیدی ئەمەریكا ئەو گرووپە پاشكۆیانەی ئێران “زیاتر كار بۆ تێكدان دەكەن”، لە سایەی بڵاوبوونەوە و چالاكیی ئەو هێزە سەربازییانەشدا خەڵك متمانەیان بە پڕۆسەكە نامێنێت و هەر ئەوانیش دەبنە هۆی بێبەشبوونی عێراق لە كۆمەك و پاڵپشتیی دەرەكی([ii]). پێداگریی ئەمەریكا لەسەر دوورخستنەوەی هەژموونی ئێرانی بەسەر هەڵبژاردنەكانەوە، وەك بەشێك لە سیاسەت و بەرنامەكانی وڵاتە یەكگرتووەكان تەماشا دەكرێت بۆ مسۆگەركردنی مانەوەیەكی هەمیشەیی لە عێراق، چ لە ڕێگای ڕێككەوتنی درێژمەودا بێت لەگەڵ حكومەتی عێراق یان دروستكردنی بنكەی چاودێری و سەربازی بە مەبەستی مانەوەی باڵادەستی بەسەر وڵاتانی دەوروبەر، ئیتر چ پارێزگاری بێت لەو هێزانەی لە سووریا جێگیری كردوون، یان مسۆگەركردنی ئاسایشی زیاتر بۆ ئیسرائیل یان بێزاركردن و چاودێریكردنی ئێران كە ڕكابەری سەرەكیی ئەمەریكایە لە ناوچەكە([iii]).

هیچ ئاماژە و دەستتێوەردانێكی ڕاستەوخۆی ئەمەریكی لە ڕەوتی هەڵبژاردنەكان لەبەردەست لایەنگرانی ئێراندا نییە كە هەمیشە بە گومان و تۆمەت تەماشای ئەمەریكا دەكەن، بەڵام ئەوان ساڵانێكە باس لەوە دەكەن ئەمەریكییەكان بە ڕێگای ناڕاستەوخۆ و بە هۆی ڕێكخراو و ئۆرگانی ناحكومییەوە كاریگەری لەسەر ڕەوتی هەڵبژاردنەكان دروست دەكەن، هەروەها پێیان وایە ئەركی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پنتاگۆن) سەرپەرشتی دەكرێت كە پەیوەندیدارن بە دۆسیەی عێراق([iv]). جگە لەوەش، هەندێ لە شیعەكان باسیان لەوە كردووە ئەمەریكییەكان لە هەوڵی دروستكردنی دووبەرەكیدان لەناو شیعەكان، هەروەها هەوڵی یەكخستنی كورد و سوننە دەدەن لە دژیان و لە هەڵبژاردنەكانیشدا پاڵپشتیی هەندێ ڕەوت دەكەن كە ڕكابەر و دژی شیعەكانن([v]).

لەپاش هەڵبژاردنی 2018 كە هێزە شیعەكانی دۆستی ئێران پێگە و كاریگەرییە سەربازییەكەی دوای شەڕی داعشیان گۆڕی بۆ كورسیی پەرلەمانی و پلەی دووەمیان لەپاش هاوپەیمانێتییەكەی سەدر بەدەست هێنا (هاوپەیمانێتیی فەتح – 47 كورسی)، ئەمەریكییەكان ڤیتۆیان لەبەردەم هەندێك لە پاڵێوراوەكانیان دانا، ئەو كەسایەتییانەش زیاتر هادی عامری و فالح فەیاز بوون كە خواست و بڕێك چانسیشان هەبوو. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، ئەمەریكییەكان مەبەستیان بوو كەسێك پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران وەربگرێت كە ئەگەر مانەوەی ئەمەریكاش لە عێراق مسۆگەر نەكات، ئەوە سەر بە بلۆكی ئێرانی نەبێت و هەراسانیان نەكات، چونكە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا ئامانجی هەرە سەرەكیی ئێرانە، بەتایبەت پاش كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە سەرەتای ساڵی 2020([vi]).

ئەم هاوكێشە ئەمەریكییەی كە لەپاش هەڵبژاردنی 2018 سیماكانی دەركەوت، بۆ هەڵبژاردنی (2021)یش هەروەك خۆیەتی و لە ئێستاشدا جگە لە پێداگریی زۆرینەی شیعە بۆ كردنەدەرەوەی سوپای ئەمەریكا لە ڕێگای دەركردنی بڕیارێكی تاكلایەنەی پەرلەمانی عێراقەوە([vii])، داواكاریی كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق بەلای شیعە وەلائییەكانی دۆستی ئێران و هێزە سیاسییەكانی دۆستی تارانەوە لە ڕیزی یەكەمی بانگەشەكانی هەڵبژاردندایە، نەك هەر هێزە وەلائییەكانیش، بەڵكوو ئەو هێزە سیاسییە شیعانەشی ڕاستەوخۆ لەسەر میحوەری ئێرانی ئەژمار نین (سەدرییەكان و ڕەوتەكەی حەكیم) بە هەمان شێوە داواكاریی كشانەوەی ئەمەریكایان هەیە لە عێراق. بۆیە جگە لە هێزە كوردییەكان و هێزە سوننەكانیش، جۆرێك لە كۆدەنگیی شیعی لەو بارەیەوە هەیە و ئەمەش لە چەندین بۆنە و بە چەندین هەڵوێست گوزارشتی لێ كراوە([viii])، ئەمەش بۆ ئەمەریكییەكان جێگەی بایەخ و گرنگیدانە لە نەخشەی داهاتووی هێز لەناو پەرلەمانی عێراق.

سەرباری كۆدەنگیی شیعی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا، وا دەردەكەوێت دەستەبژێری ئەمەریكا بەتەواوی هیوابڕاو نەبن لە پێكهاتەی شیعە، چونكە هەندێك لەوانەی لە سەرچاوەی بڕیارەوە نزیكن لە واشنتۆن، هانی دەسەڵاتدارانی كۆشكی سپی دەدەن پاڵپشتی لە نەوەی نوێی شیعە و خەڵكانی میانڕەوی ناو ئەم پێكهاتەیە بكەن لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021، پێشنیاری ئەوەشیان كردووە ئەمەریكا زەمینە خۆش بكات بۆ یاسای نوێی هەڵبژاردن، لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای نوێی ڕێكخستنی كاری حیزبە سیاسییەكان و دەستەبەركردنی چاودێرییەكی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنەكان. بە بۆچوونی ئەو ناوەندانەش، ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی دەستەبەركردنی گۆڕانكارییەكی نەرم و دوور لە توندوتیژی لە عێراق([ix]).

بە پێچەوانەی بانگەشەی ئێرانییەوە بۆ دەستوەردانی ئەمەریكا لە هەڵبژاردن و كاروباری عێراق، هەندێك لە عێراقییە لیبراڵەكان سكاڵا و كێشەی ئەوەیان هەیە گرنیگدانی واشنتۆن و بەرنامەی ئەمەریكا بۆ عێراق زۆر ناڕوون و تەمومژاوییە، لە كاتێكدا ئەم وڵاتە خەرجی و قوربانییەكی زۆری پێشكەش كردووە بە دۆسیەی عێراق، ئەم عێراقییانە نیگەرانن لەوەی ئەمەریكا لەم ساڵانەی دواییدا دەستوەردانی لە عێراق كورت كردووەتەوە بۆ ئەو كاتانەی كە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی یان سیاسەتی دەرەوەی بكرێتە ئامانج، بەڵام لەولاوە عێراقی بەجێ هێشتووە بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانێكی یاریكردنی ئێرانی و پەلكێشانی نفوز و دەسەڵاتی زیاتر بۆ تاران([x]).

بەم دواییانە باڵوێزخانەی ئەمەریكا هەندێ جموجووڵیان كرد لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پرسی چاودێریی نێودەوڵەتی، ئەمەش بووە مایەی هەراسانكردن و تووڕەكردنی لیستە شیعەكان و ئەمەیان بە دەستتێوەردان لە هەڵبژاردنەكان دایە قەڵەم و باسیان لەوە كرد ئەمەریكا بە چاوی ڕق و قینەوە تەماشای هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی ئێستا دەكات([xi]).

هەندێ لەو ئامۆژگارییانەشی پێشكەش بە ئیدارەی بایدن كراون لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، باس لەوە دەكەن ساختەكردنی هەڵبژاردن یان یاریكردن بە ڕێوشوێن ئەنجامدان و ئەنجامەكانی دەنگدان، دەبێتە هۆی ئەوەی متمانە لەدەست بدات و كاركردنی ئەمەریكاش بۆ هەڵبژاردنێكی خاوەن متمانە؛ هاندەر دەبێت بۆ بەشداریكردنی ژمارەیەكی زیاتر لە خەڵك لە پڕۆسەی دەنگدان و دروستبوونی حكومەتێك كە زیاتر ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵكی عێراق بێت([xii]).

بەریەككەوتنی ئەمەریكا و ئێران لە دۆسیەی عێراق، تەنها لە بواری هەڵبژاردندا نییە، بەڵكوو پەیوەندیی ئەم دوو وڵاتە زۆر جار بە ئاڵۆز دێتە بەرچاو، چونكە لە ڕكابەری و كێشمەكێشەوە هەندێك جار دەگاتە ئاستی هاوكاری و هەماهەنگی لە هەندێك جومگە، ئەمەش وای كردووە هەندێك ئەو پەیوەندییە بە “هاوسەرگیریی بەزۆر” یان “هاوسەرگیریی بەرژەوەندی” بچووێنن([xiii])، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لەپاش 2003، كێشمەكێش و بەریەككەوتن زیاتر زاڵ بووە بەسەریدا، چونكە تاران لە هەوڵدایە لە هەموو جومگەكاندا -بەتایبەت هەڵبژاردن- عێراق لە میحوەری خۆیدا بهێڵێتەوە كە تا بەیرووت درێژ دەبێتەوە، بەرامبەر بەمەش واشنتۆن ئامادە نییە عێراق لەدەست بدات، چونكە لە ئەمەریكا بۆچوونێكی زاڵ و باو هەیە كە ئەمەریكا خەرجی و قوربانیی زۆری داوە لە عێراق و ناكرێت ئێستا بەئاسانی بەجێی بهێڵێت بۆ ئێران.

 

ڕۆڵی ئێران

نەك هەر بۆ كایەی هەڵبژاردن، بەڵكوو لە كۆی جومگە هەستیارەكانی عێراق، باوەڕێكی زاڵی ڕۆژئاوایی هەیە كە ئێران سوودمەندی یەكەم بووە لە ڕووخانی سەددام حسێن و بووەتە میراتگری ئەو دەوڵەتە لەرزۆكەی لەدوای 2003 لە عێراق دروست بووە([xiv]). ڕەنگە زەقترین نموونە بۆ هەژموونی ئێران بەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراق، سەردانی مانگی كانوونی دووەمی 2021ی نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ جينین هێنس پلاسخارت (Jeanine Hennis Plasschaert) بێت بە مەبەستی تاوتوێكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق. پلاسخارت لە تاران لەگەڵ عەلی ئەكبەر ویلایەتی؛ ڕاوێژكاری ڕێبەری شۆڕشی ئێران، گفتوگۆی كرد و یونامی ئامانجی سەردانەكەی بە پاڵپشتیكردنی ئۆقرەیی عێراق لێك دایەوە([xv])، بەڵام چەند پەرلەمانتارێكی سوننە و چالاكی مەدەنی ئەمەیان كردە ڕەخنەیەكی گەورە بەسەر پلاسخارتەوە كە شەرعیەتی داوە بە دەستتێوەردانی ئێران لەو هەڵبژاردنە گرنگەی كە بەڕێوەیە لە وڵات([xvi]). لەو سەردانەدا عەلی ئەكبەر ویلایەتی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقی بە “چارەنووسساز” دابوویە قەڵەم، هەروەها ئامادەیی ئێرانیشی دەربڕیبوو بۆ هاوكاریكردنی ئەنجامدانی([xvii]).

سەردانەكەی نێردراوی نێودەوڵەتی لە عێراق بۆ تاران، بەتایبەت لە بارەی هەڵبژاردن، میدیای فەرمیی توركیای پاڵ نا بپرسن ئایا نەتەوە یەكگرتووەكان بەفەرمی دانی ناوە بە كوێخایەتی و دەمڕاستیكردنی تاران لە دۆسیەی عێراق ([xviii])؟ هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هەندێكی تر باسیان لەوە كرد ئەو سەردانەی پلاسخارت سەلمێنەری ئەوەیە تاران نەك لە دۆسیەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، بەڵكوو لە دیاریكردنی چارەنووس و ئایندەی سیاسیی وڵاتیشدا ڕۆڵی سەرەكیی دەبێت و ئەو سەردانەش ئەوەی دەرخست كە ڕێگەدان بە سازكردنی هەڵبژاردن شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریكراوی خۆی، یەكێكە لەو كارتانەی ئێران بەرامبەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەكاری دەهێنێت([xix]).

جگە لەم پێشهاتە، باوەڕێكی زاڵ هەیە كە ئێرانییەكان بەچڕی كار لەسەر دۆسیەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكەن، لە پێناو هێشتنەوەی باڵادەستیی باڵ و گرووپە شوێنكەوتەكانیان لە پڕۆسەی سیاسی، لەم نێوەندەشدا هەندێك ڕاپۆرت باس لەوە دەكەن فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودسی ئێرانی؛ ئیسماعیل قائانی، بە مەبەستی یەكخستنی ڕیزەكانی هێزە ئێرانییەكانی عێراق بەنهێنی لە مانگی نیسانی 2021دا سەردانی عێراقی كردووە([xx])، وردەكاریی ئەم جۆرە سەردانانەش ئەگەرچی پشتڕاستكردنەوەیان ئاسان نییە، بەڵام هەوڵی ئێران بۆ هێشتنەوەی عێراق لە بازنەی سیاسەتە گشتییەكانی تاران و “بەرەی خۆڕاگری” پێویستی بە بەڵگە و شیكاریی زۆر نییە، بەتایبەت لە عێراق جگە لە هاوپەیمانێتیی فەتح (حەشدی شەعبی) كە دووەم لیستی هەڵبژاردن بوون بە 47 كورسییەوە، چەندین باڵی تری سەربازی كە نزیكەی 100 گرووپ دەبن، ڕاستەوخۆ شوێنكەوتەی تارانن و فەرمانی ئایینی لە ویلایەتی فەقیھ وەردەگرن. ئەم گرووپانە لەپاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق (2011) و دەركەوتنی داعش (2014)، بە پاساوی شەڕی تیرۆرەوە هەموو شەرعیەتێكی كاركردنیان وەرگرتووە([xxi]). ئەم گرووپە چەكدارانە ئامرازێكی گرنگن بەدەست دەسەڵاتدارانی تارانەوە لە ململانێی درێژخایەن لەگەڵ ئەمەریكا و لە چەسپاندنی بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە. چەكی ئەم گرووپانەش كە زۆر جار بە “چەكی بەرەڵا” (السلاح المنفلت) ناو دەبرێت، بە یەكێك لە گەورەترین ئالنگارییەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە تەماشا دەكرێت، بەتایبەت كە ئەو گرووپانە لە هەندێ جومگەدا توانایان لە حكومەت زیاترە و پەیوەستن بە هەندێك گرووپی سیاسییشەوە كە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنەكان. هەندێك لەو نمایشە چەكدارییانەشی بەم دواییانە لەلایەن ئەو گرووپانەوە كراون، وەها لێك دراونەتەوە كە پەیامی هەڵبژاردن بن، هەر لەبەر ئەوە هەندێك لە سوننەكان سەركەوتن و شكستی هەڵبژاردن پەیوەست دەكەنەوە بە كۆنترۆڵكردنی چەكی ئەو گرووپە ئێرانییانەوە([xxii]). بەشێك لە لایەنە شیعەكانیش وەكوو نووری مالیكی، پێی وایە بە هۆی فەوزای چەك و مانۆڕی گرووپە چەكدارەكانەوە (ئاماژەیە بۆ باڵە ئێرانییەكان لە چەشنی كەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسایب)، ڕەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەر ئەنجام نەدرێت([xxiii]).

ڕۆڵی توركیا

گۆڕەپانی كاركردنی توركیا و وڵاتانی كەنداویش زیاتر ناوچە سوننەنشینەكان و هێزە سوننەكانە. جیاواز لە ئێرانییەكان، توركەكان جگە لە بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان، كار بۆ گشتاندنی ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو ناكەن لە عێراق، بەڵكوو لە عێراقدا ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە زیاتر ڕێگەگرتنە لە چەكەرەكردنی بیرۆكەی سەربەخۆیی لە كوردستان، بە هۆی لاوازبوونی دەوڵەتی فیدراڵیی (ناوەندی) عێراقەوە. جگە لەوەش، تا ئەوەندەی دەكرێت دەیانەوێت كەڵك لە ئابووریی عێراق وەربگرن بۆ پاڵپشتیكردنی ئابووریی ئەنقەرە، بەو پێیەی عێراق یەكێكە لە بازاڕەكانی ساغكردنەوەی كاڵا و هەناردەی توركی([xxiv]).

تەواوكەریی توركیا و درێژكراوەی نفوزی ئەم وڵاتە لە عێراق، زیاتر پێكهاتەی توركمان و بەرەی توركمانییە كە زیاتر ئەنقەرە بە پایتەختی بڕیاری سیاسیی خۆیان دەزانن، هەروەها توركیا پاراستن و سەرپەرشتیكردنیان بە ئەركی خۆی دەزانێت([xxv]).

لە میانەی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەشدا، بەرەی توركمانی ئەرشەد ساڵحی؛ سەرۆكی بەرەكەی گۆڕی بە حەسەن تۆران، ئاماژەكانیش لەسەر ئەوەن كە توركیا ئەرشەد ساڵحی لە پۆستەكەی لا دابێت و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ساڵحی پەیوەندییەكی خراپی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەندێ پێكهاتەی توركمانی هەبێت. جگە لەمەش، لە سایەی یاسای نوێی هەڵبژاردن توركیا، پێویستی بە ئاشتكردنەوەی سەرجەم حیزب و گرووپە توركمانییەكان هەیە([xxvi])، بەتایبەت لە هەوڵی ئەوەی 3 كورسییەكەی كەركووك بەدەست بهێننەوە، چونكە هەندێ لە حیزبەكانی وەك توركمان ئیلی -ریاز ساری كەهیە و وەقفی توركمانی توران كەتانە لە سیاسەتەكانی ساڵحی ناڕازی بوون([xxvii])، ئەمەش لە بەرژەوەندیی توركیا نییە كە دەیەوێت توركمانەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تووشی پاشەكشە نەیەن.

لە دەرەوەی بەرەی توركمانی، توركیا هەندێ لایەنگر و تەواوكەری لەناو عەرەبی سوننە هەیە، لەوانەش بنەماڵەی نوجێفی كە پێگە و بنكەیان لە نەینەوایە و لە زۆربەی هەڵوێست و جموجووڵەكانیاندا بەرژەوەندییەكانی توركیا لەبەرچاو دەگرن. جگە لەوەش، توركیا لە ساڵانی پێشوودا سەرپەرشتیی هەندێ كۆبوونەوەی سوننەكانی كردووە و لە ساڵی 2017دا لە ئەنقەرە هاوپەیمانێتییەكی بۆ پێك هێنان بە ناوی “هێزە عێراقییەكان”ەوە، ئەمەش كاردانەوەی هەندێك لە شیعەكانی گەیاندە ئەوەی داوای دادگاییكردنی بەشدارانی ئەو كۆنگرەیە بكەن بە تۆمەتی پلانگێڕیی دەرەكی لە دژی عێراق([xxviii]). هەر بەم هۆیەشەوە هەندێ لە هێزەكانی عەرەبی سوننە بەتایبەت بنەماڵەی نوجێفی، وەك بریكاری توركیا تەماشا دەكرێن لە عێراق. جگە لەوانیش، خەڵكانی وەك خەمیس خەنجەر پەیوەندیی ئابووریی بەهێزیان لەگەڵ وەبەرهێنەرە توركەكان هەیە و لە هەمان كاتیشدا خەونی ڕێبەرایەتیكردنی سوننەی عێراق([xxix]).

وڵاتانی كەنداو

 لە وڵاتانی كەنداو، عەرەبستانی سعودی و پاشان كوێت، لەوانی تر زیاتر پەیوەندیدارن بە دۆسیەی عێراقەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیەوە، لە لایەك بە هۆی هاوسنوورییەوە و لە لایەكی ترەوە بە هۆی درێژبوونەوەی مەزهەبی پێكهاتەی شیعە بۆ ناو خاكی هەردوولایان. جگە لە مەترسیی ئێران و باڵەكانی و گەورەبوونی قەبارەی میلیشیا و نائارامیی سەرسنوورەكان بە دەستی گرووپە ئێرانییەكان، سعودییەكان كێشەی پەلكێشان و فراوانبوونی كاریگەریی توركیاشیان هەیە وەك ڕكابەرێكی سوننە لەناو عێراقدا كە ژمارەیەك گرووپ و هێزی عەرەبی سوننەی لێ كۆ بووەتەوە([xxx]).

جگە لە سعودیە، وڵاتانی تری كەنداو لە ڕێگای ڕێككەوتنی ئابووری و پەیوەستكردنی هێڵی كارەبای عێراق بە كەنداوەوە، لەگەڵ گرنگیدان بە وەزیرانی ئێستا؛ مستەفا كازمی، خوازیاری ئەوەن هێندەی دەكرێت عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنن. هەندێكیش پێیان وایە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران لەلایەن كازمییەوە كە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ سەركردەكانی سعودیە و ئیمارات هەیە، دەرفەتە بۆ ئەو وڵاتانە كە لە دەرگای ئابوورییەوە بەبەهێزی بگەڕێنەوە بۆ عێراق، بەتایبەت پاش ئەوەی كازمی دەروازەی عەرعەری لەگەڵ عەرەبستانی سعودی كردەوە و پاش زنجیرەیەك پێشوازی لە شاندەكانی كەنداو؛ سەردانی سعودیە و ئیماراتی كرد و ستایشی زۆری ئەم وڵاتانەی كرد و دەرگاكانی عێراقی بە ڕووی كۆمپانیاكانیاندا كردەوە و لەسەر ئەم كرانەوەیەش ستایش و پاڵپشتیی موقتەدا سەدری بەدەست هێنا([xxxi]). هەندێكی تریش بەگومانن لەوەی بتوانن ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنن پاش ئەوەی ئێران توانیویەتی لە كایەی ئەمنی، مەزهەبی، كولتووری و ئابوورییشدا هەنگاوی زۆر گەورە لە عێراقدا ببڕێت و زۆربەی ئەو كایانە بۆ خۆی یەكلایی بكاتەوە([xxxii]).

وەزیری دەرەوەی حكومەتەكەی كازمی، فوئاد حسێن، لە پێشوازیی شاندێكی گەورەی كەنداودا بە سەرۆكایەتیی ئەمینداری گشتیی كۆمەڵەی وڵاتانی كەنداو، نەیشاردەوە جگە لە پڕۆژە ئابوورییەكان، یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆكانیان هەڵبژاردنی پێشوەختە و ڕێگاكانی پاڵپشتیكردنی ئەو وڵاتانە بووە بۆ ئەم پڕۆسەیە([xxxiii])، بەڵام ئەزموونی سەرجەم هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو ئەوە دەردەخەن لیست و پاڵێوراوە پاڵپشتیكراوەكان لە كەنداو چانسی گەیشتنیان بە پەرلەمان لاوازە و تەنها بژاردەی گونجاویش بۆ وڵاتانی كەنداو، پاڵپشتیكردنی میانڕەوە شیعەكان و سەرۆكایەتیی وەزیرانی لە چەشنی كازمی و پێشتریش عەبادییە كە گرێ و كێشەی ئایدۆلۆژییان نەبێت لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و بەگرنگییەوە لە هاوسەنگیی هێز و كرانەوە بە ڕووی وڵاتانی عەرەبی بڕوانن.

سیناریۆ ئایندەییەكان

هەر چەندە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسیی عێراق و بەدەمەوەچوونی داواكارییەكانی خۆپیشاندانی تەشرینە، بەڵام پەیوەندیی زۆریشی بە وڵاتانی پەیوەست بە عێراقەوە هەیە، ئاماژەكانیش لەسەر ئەوەن هەریەك لەو لایەنە پەیوەندیدارانەش بەم جۆرە كاریگەری دروست بكەن لەسەر ئەم وێستگە گرنگە:

ئەمەریكا: هەوڵی مسۆگەركردنی چاودێریی نێودەوڵەتی و جێبەجێكردنی یاسای هەڵبژاردن دەدات لەگەڵ پاڵپشتیكردنی پڕۆسەكە، بەهیوای ئەوەی گۆڕانكارییەك لە پڕۆسەی سیاسی دروست بكات و حكومەتێكی لێ بەرهەم بێت كە جێگەی ڕەزامەندیی زیاتری خەڵك بێت، بەڵام ئەمە هەر وا كارێكی ئاسان نییە.

ئێران: جگە لە هەڵمەتی میدیایی و مەزهەبی و جووڵاندنی باڵەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و یەكخستنی ڕیزەكانیان، لە ڕێگای گرووپە چەكدارەكانیەوە توانای پەكخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی هەیە و بەشی زۆری سەركەوتن و شكستی پڕۆسەكە لەسەر خواستی ئێرانییەكان وەستاوە.

توركیا: هەوڵی ڕێكخستنی توركمانەكان دەدات لەگەڵ مسۆگەركردنی پاراستنی دەستكەوتەكانیان لەگەڵ پاڵپشتیكردن لەو هێزانەی عەرەبی سوننە كە هاوپەیمانی ئەنقەرەن، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەكانی كە پاراستنی یەكپارچەیی عێراق پانتاییەكی گەورەی پێك دەهێنێت.

وڵاتانی كەنداو: لە ڕێگەی گرنگیدانی زۆر بە مستەفا كازمی و بەرنامەی میانڕەوانەی حكومەتەكەیەوە هەوڵ دەدەن لەو جۆرە هێزە سیاسییانە پارێزگاری لە پێگەی جەماوەریی خۆیان بكەن وەك بژاردەی باشتر لە هێزە ئایدۆلۆژییەكانی سەر بە تاران.

لەسەر ئاستی شەقامی عێراقی ترس و دڵەڕاوكێی زۆر هەیە لە ساختەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و باوەڕێكی زاڵیش هەیە تەكنیكی تەزویر دەرەكی و ڕێكخراوە و لە توانای هێزە لۆكاڵەكاندا نییە وەك ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2018 ڕووی دا، ئەمە جگە لە پاڵپشتیی دارایی وڵاتانی دەرەكی (پارەی سیاسی) بۆ پێشخستنی هەندێك هێز و لایەن بەسەر ئەوانی تردا.

____________________________________________

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

سەرچاوەكان:

([i]) علي حسين (18/4/2021)، دراما الفياض، https://almadapaper.net/view.php?cat=235778 (متاح: 18/4/2021).

([ii]) اندبندنت عربیة (17/2/2021)، أميركا لمجلس الأمن: يجب مواجهة تدخل إيران قبل انتخابات العراق، https://bit.ly/32dAGNm (الزیارة: 12/4/2021).

([iii]) بڕوانە: حنان صبحي (24/6/2020)، الصراع الاقليمي ودوره في زعزعة الأمن القومي العراقي، https://democraticac.de/?p=67507 (الزیارة: 13/4/2021).

([iv]) شبكة النهرین نت (14/3/2021)، السفير الايراني السابق في العراق : “السي أي ايه CIA ” و “البنتاغون ” يعملان على التدخل في الانتخابات العراقية، https://bit.ly/3e4DVfY (متاح: 13/4/2021).

([v]) آفاق (24/4/2018)، ما هي خطط واشنطن للتدخل في الانتخابات العراقية ؟! …، http://afaq.tv/articles/view/details?id=1575 (متاح: 13/4/2021).

([vi]) أحمد عدنان الميالي (21/1/2021) التدخلات الخارجية في العراق بعد انتخابات ٢٠١٨ وفروض المواجهة، https://annabaa.org/arabic/authorsarticles/18008 (متاح: 10/4/2021)؛ علی حسین، مصدر سابق.

([vii]) الجزيرة نت (5/1/2020)، البرلمان العراقي يصدق على قرار يلزم بإخراج القوات الأجنبية، https://bit.ly/2RzRe0l (متاح: 10/4/2021).

([viii]) شفق نیوز (11/6/2020)، عشية الحوار العراقي الأميركي.. إجماع للقوى الشيعية على سحب القوات الأجنبية، https://bit.ly/32auVQU (متاح: 10/4/2021).

([ix]) مایكل نایتس (12/11/2019)، المصالح الأميركية والوضع الراهن غير المستدام في العراق، https://bit.ly/328JmEK، (متاح: 13/4/2021).

([x]) مثال الالوسي (24/9/2018)، دور الولايات المتحدة في تحديد مستقبل العراق، https://bit.ly/3g8cHrg (متاح: 13/4/2021).

([xi]) موازین نیوز (24/3/2021)، منتقدا تدخل تولر بمسألة الانتخابات.. نائب: لا أعلم هل هو سفير أميركا أم رئيس العراق؟، https://www.mawazin.net/Details.aspx?jimare=146786

([xii]) بلال وهاب (1/4/2021)، تذليل عقبة أخرى قبل إجراء الانتخابات العراقية، https://bit.ly/3dgSs8R (متاح: 14/4/2021).

([xiii]) DW (28/9/2018)، تشكيل الحكومة يؤجج “الصراع” الأمريكي-الإيراني على العراق، https://bit.ly/3dbVBXy (متاح: 11/4/2021).

 ([xiv]) مايكل آيزنشتات و مايكل نايتس (5/12/2020)، المعركة على الموصل والنفوذ الإيراني في المنطقة، https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/view/the-battle-for-mosul-and-irans-regional-reach (متاح: 16/4/2021).

([xv]) ناس نيوز (1/2/2021)، بعثة ’يونامي’ تصدر بيانا بشأن زيارة بلاسخارت إلى إيران، https://www.nasnews.com/view.php?cat=51721 (متاح: 14/4/2021).

([xvi]) العربي الجديد (1/2/2021)، غضب عراقي بسبب مناقشة المندوبة الأممية ملف الانتخابات مع إيران، https://bit.ly/32bq4Pf (تاريخ الزيارة: 14/4/2021).

([xvii]) قناة العالم (31/1/2021)، ولايتي يستقبل بلاسخارت في طهران وهذا ما دار بينهما..، https://bit.ly/3wREjXr (متاح: 10/4/2021).

([xviii]) قناة TRT عربي (9/2/2021)، هل تعترف الأمم المتحدة ضمناً بوصاية إيران على العراق؟، https://bit.ly/3a7I69v (متاح: 11/4/2021).

([xix]) القدس العربي (6/2/2021)، الأمم المتحدة تطيح بآخر آمال العراقيين بانتخابات نزيهة ومستقبل أفضل، https://bit.ly/32fclXz (متاح: 14/4/2021).

([xx]) صحيفة العرب (8/4/2021)، قاآني في بغداد لتوحيد الميليشيات حول الانتخابات واستهداف الوجود الأميركي، https://bit.ly/3e1HFi2 (متاح: 11/4/2021)

([xxi]) فيليب سميث (5/2019)، مشروع إعداد خارطة بمواقع انتشار الميليشيات الشيعية، https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/view/the-shia-militia-mapping-project (متاح: 6/7/2020).

([xxii]) العربي الجدید (18/2/2021)، خلية خاصة لتأمين الانتخابات العراقية مع مساعٍ لتحصينها من المليشيات، https://bit.ly/3sgEdoX (متاح: 14/4/2021).

([xxiii]) الشرقیة نیوز (16/4/2021)، نوري المالكي : السلاح الذي يستعرض به في الشارع لا يمثل المقاومة، https://bit.ly/2RHSkXN (متاح: 16/4/2021).

([xxiv]) محمد افندی أوغلو و حفصة جودة: الانتخابات العراقیە والدور الاقلیمي والدولی (8/5/2018) https://www.noonpost.com/content/23205 (متاح: 15/4/2018).

([xxv]) محمود أمین (1/2/2020)، تركيا وتدخلاتها في العراق… ما هي أدوات أنقرة الفاعلة في بغداد؟، https://bit.ly/3eno0cP (متاح: 16/4/2021).

([xxvi]) عماد أبو الروس (1/4/2021) حراك لـ”الجبهة التركمانية” بالعراق.. ما علاقة أنقرة؟، https://bit.ly/3sv4obK (متاح: 16/4/2021).

([xxvii]) زریان رۆژهەڵاتی (8/4/2003)، هەرێمی كوردستان و”وازهێنانەكەی” ئەرشەد ساڵحی لە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی، https://bit.ly/3uOpvac (متاح: 15/4/2021).

([xxviii]) الخلیج أون لاین (13/3/2017)، مؤتمر أنقرة لسنة العراق.. تباين في المواقف وغموض في النتائج، https://bit.ly/3tnUj1q (متاح: 16/4/2021).

([xxix]) علي ناجي (17/5/2018)، تركيا ودورها بالانتخابات العراقية لضمان تمددها السياسي والعسكري، http://www.nlka.net/news/details/608

([xxx]) محمد أوغلو و حفصة جودة، مصدر سابق

([xxxi]) میدل إیست أون لاین (4/4/2021)، الكاظمي في الإمارات بعد السعودية بحثا عن حزام دعم خليجي، https://bit.ly/3xbpqzE (متاح: 16/4/2021).

([xxxii]) نشوی الحفني (3/2/2021)، بزيارة الوفد الخليجي لـ”بغداد” .. هل تستطيع دول الخليج إنتزاع العراق من بين أنياب “إيران” ؟، https://bit.ly/3uUWb28 (متاح: 16 نیسان، 2021).

([xxxiii]) DW عربي (1/2/2021) هل تأتي العلاقات الخليجية-العراقية على حساب إيران؟، https://bit.ly/3uRGjNI (متاح: 16/4/2021).

گۆڤاری ئایندەناسی ئایار 2021

Send this to a friend