• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 17, 2022

سێکتەری نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدادا

یادگار سدیق گەڵاڵی/ ماستەر لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز

بەرایی

لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا و پاش نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەردەوام بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن بە نەوت و گازی هەرێمەوە جێی ناکۆکی بووە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمدا. بەغدا پێی وا بوو کە لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتی فیدراڵە و هەولێریش بەپێچەوانەوە بە مافی خۆی دەزانی ئەو سێکتەرە بەڕێوە ببات. چارەسەری ناکۆکییەکان بە ڕێککەوتنی سیاسی لە چەندین قۆناغدا دوا خراوە، تا کار گەیشت بەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵەوە مامەڵەکانی هەرێم بە سەکتەری نەوتەوە بە نادەستووری بناسرێت و چەندین هەنگاوی خێرا لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە دژی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی کە لەگەڵ هەرێم مامەڵە دەکەن؛ بگیرێتە بەر.

لەم توێژینەوەدا دەمانەوێ سەرەتا کورتەیەکی مێژوویی لەسەر کێشەکانی هەرێم باس بکەین و پاشان بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی نەوت؛ جۆری گرێبەستەکان شی بکەینەوە و بەراورد بکەین لەنێوان ئەو جۆرە گرێبەستانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێن. ئامانجمانە لە هەلومەرجی پێش دەرچوون و کاتی دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ تێبگەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوەکانی ئایندە و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵی ڕوون بێت لامان.

١. کورتەیەکی مێژوویی

کێشەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و شێوازی داڕشتنەوەی ئەو مادانەی کە پەیوەستن بە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان و پاشتریش لە کاتی نووسینی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵدا زیاتر زەق بووەوە  و جیاوازیی تێڕوانینەکان ڕەنگڕێژ بوو، تا گەیشتە ئەوەی ڕەشنووسی جیای یاساکە بڵاو بکرێتەوە و لێکدانەوەی جیای بۆ بکرێت و گۆڕانکاری بەسەر ئەو ڕەشنووسەدا هات کە پەسەند کراوە لەلایەن هەرێمەوە. لە ڕێکەوتی  9ی ئازاری ٢٠٠٧دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەقی پەسەندکراوی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاو کردەوە و هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا هاتووە: ” لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت چوار هاوپێچ ئامادە بکات کە لە ڕەشنووسی یاساکەدا ئاماژەی پێ کراوە كە بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان و ناوچە تایبەتەكانی گەڕان لە عێراق بۆ حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق تەرخان دەكات. هەروەها لیژنەکە پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە لەسەر گرێبەستە نموونەییەکانی نەوت و ڕێنماییەکان بۆ مەرجەکانی گرێبەست و یاسای دابەشکردنی داهات(١)“. وەزیری سامانە سروشتییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: “هاوپێچەكان وەك ئەوەی ئێستا نووسراون، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە قبووڵ ناكرێن. ئامانج لێی، لێسەندنەوەی کێڵگە نەوتییەکانە لە هەرێم(٢)“. دەرەنجام، دەرچوونی یاساکە لە پەرلەمان پەک خرا.

پاش ئەوەی ڕەشنووسی یاسای نەوتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق دەرنەچوو، هەرێم لە هەمان ساڵدا  ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی هەرێمی ئامادە کرد. پێش ئەوەی لە پەرلەمان دەربچێت، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر کرا تاوەکوو بەرگێکی نیشتمانیی بەبەردا بکرێت و پشتگیریی هەموو لایەک مسۆگەر بکات.

لە ٩ی ئابی ٢٠٠٧دا، یاسای ژمارە 22ی ساڵی ٢٠٠٧: “یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان-عێراق” لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ بڕی ٥٧ گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا واژوو کرا.

چارتی ژمارە (1)

ژمارەی ئەو گرێبەستانەی بەرهەمهێنانی هاوبەش پیشان دەدات کە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 2006 بۆ 2013دا واژوو کراون

 لە ساڵی (٢٠١٧)شدا پێنج کێڵگەی تر گرێبەستی بۆ کرا لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسی(٣). سەرجەم گرێبەستەکانی هەرێم جیاوازن لەگەڵ ئەو جۆرە گرێبەستانەی کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە پەیڕەو دەکرێن. ١١ گرێبەست لە ٩ کێڵگە پێش دەرچوونی یاساکە تا ساڵی ٢٠٠٦ ئەنجام دراون و ٢٩ گرێبەستیش لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨دا ئەنجام دران(٤) لەو کاتەی کە مشتومڕ لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵ هەبوو.

دەستووریبوون و نەبوونی یاسای نەوت و بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت، لێکدانەوە و تەفسیری جیاوازی هەبوو لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵەوە. هەرێم لە یاسای نەوت و گازدا و لە مادەکانی دووەم و سێیەمدا پشتی بە مادەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت دەدات بە هەرێم. لە بەشی دەیەمی یاساکەدا جۆری گرێبەستەکان بە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش دیاری کراوە و لە مادەکانی ٣٧ تا ٣٩ مەرجەکانی گرێبەستەکەی تێدا دیاری کراوە. بەڵام حکومەتی فیدراڵ داوای ڕادەستکردنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی دەکرد و هەناردەکردنیشی بە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ دەزانی. ئەو هەنگاوانەی هەرێم لەو بوارەدا ناونی، بە نادەستووریی دەزانی.

٢. خاڵی ناکۆکیی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ

خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان هەرێم و ناوەند بریتی بوو لە بەڕێوەبردنی هەرێم بۆ سێكتەری نەوت کە لە ڕەشنووسی یاساکەی کە نێردرا بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی و هەرێم لەسەری ناڕازی بوو. لەو ڕەشنووسی یاسایەدا ڕۆڵی هەرێم تەنها ڕاوێژکاری بووە و بڕیاری کۆتا لای وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق دەبێت(٥) و هەرێم مافی واژووکردنی گرێبەستی نەوتی نابێت.

خاڵێکی تر کە زۆر جەختی لەسەر دەکرێتەوە، زۆر جار وا نیشان دەدرێت کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکان جیاوازیی جۆری گرێبەستەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵە، لە کاتێکدا هەرێم پەیڕەویی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش (Production Sharing Contracts) دەکات و حکومەتی فیدراڵ جۆری خزمەتگوزاریی مەترسیدار (Risk Service Contract) پەیڕەو دەکات، هەر چەند ڕەخنەگران و ئەوانەی دژی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازن دەڵێن ئەوەی لە ڕەشنووسی یاساکە و لە مادەی ١٥دا هاتووە: “گرێبەستی گەڕان و بەرهەمهێنان یان گرێبەستی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان” تەنها یاریکردنە بە وشە، ئەگینا مەبەست لێی هەمان گرێبەستی هاوبەشیکردن بووە لە بەرهەم.

دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٣دا زیاد لە ٥٧ گرێبەست کراون(٦)، هەرێم لە سەرەتاوە بە ئاستی جیا و بە بڕی کەم هەناردەی نەوتی دەکرد، پاشتر لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤دا بەفەرمی هەناردەی نەوتی ڕاگەیاند. بەڵام لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٩دا بۆریی نەوتی هەرێم لە ڕێوڕەسمێکدا بەفەرمی کرایەوە و لە ساڵی ٢٠١٣دا حکومەتی هەرێم ئابووریی سەربەخۆی ڕاگەیاند.

لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣دا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفڕانسی نەوت و گازدا ئاشتی هەورامی؛ وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکات ڕایگەیاند ماوەی ساڵێکە نەوت بە تەنکەر بۆ تورکیا دەنێرین و سێ چوار ساڵیش دەبێت بە هەمان شێوە نەوتمان بە ئێران فرۆشتووە. لە کۆنفڕانسەکانی نەوتدا حکومەتی هەرێم سیاسەتی نەوتی خۆی ڕادەگەیاند، لە لایەک جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرهەمهێنان دەکردەوە، لە لایەکی تر هەڕەشەی بەکارهێنانی داهاتی نەوتی دەکرد گەر شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە نەدرێت(٧). لێرەوە کێشەی نەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و هەرێم دەستی پێ کرد.

لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتدا کێشەکان چوونە قۆناغێکی ترەوە، چەندین جار ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدادا ئەنجام دراوە، هەر لە حکومەتی ئیبراهیم جەعفەری تا دەگات بە مستەفا کازمی، هەردوو لای کێشەکە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە. لە سەرەتادا حکومەتی فیدراڵ ڕازی بوو شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت بدات. لە کۆنفڕانسی هەولێر لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٢دا، دکتۆر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی ئەوکاتی هەرێم  ڕایگەیاند کە یەکەم گوژمەی شایستەی کۆمپانیاکان بە بڕی ٥٤٠ ملیۆن دۆلار دراوە لەلایەن حکومەتی  فیدراڵەوە و چاوەڕێش دەکرێت تا کۆتایی ساڵ دووەم گوژمە بدرێت(٨).

بەغدا و هەولێر ناکۆکییەکانیان بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتوون بە ڕێککەوتن، بەڵام هیچ کات ڕێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکراون. بەغدا دوو جووڵەی یاسایی کرد دژی هەرێم لە ڕێگەی  تۆمارکردنی دوو داوا لە دوو دادگای جیاواز.

جووڵەی یەکەم: بە ئاڕاستەی دادگای ئیتیحادی و لە ساڵی ٢٠١٢دا وەزیری نەوتی عێراق پێشکەشی دادگای ئیتیحادیی کرد کە هەرێم ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی ناکات، هەروەها هەناردەی نەوت دەکات بەبێ ڕەزامەندیی عێراق. ئەم داوایە و داوایەکی تر کە لەلایەن علی شەداد فارس؛ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە، لە ساڵی ٢٠١٩دا پێشکەش بە دادگاکە کرابوو بۆ هەمان مەبەست، دوای چەندین دواخستن، لە کۆتاییدا دوای ١٠ ساڵ لەلایەن دادگای فیدراڵەوە یەکلا کرایەوە، دادگا بڕیاری دا بە:

  • نادەستووریبوونی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، تایبەت بە نەوت و گازی هەرێم.
  • ڕادەستکردنی هەموو بەرهەمی نەوت بە وەزارەتی نەوت.
  • داواکردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەدواداچوون بکات بۆ  نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی کە هەرێم لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان کردوویەتی سەبارەت بە گەڕان و پشکنین، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت(٩).

جووڵەی دووەم: بەئاراستەی دادگای نێوبژیوانیە  لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەبریی وەزارەتی نەوت، بە تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لە دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس لە مانگی ئایاری ٢٠١٤دا، تیایدا حکومەتی تورکیا کە لەلایەن کۆمپانیای بۆریی نەوتی تورکیا (BOTAS) نوێنەرایەتی دەکرێت، تۆمەتبار دەکات بەوەی بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق ڕێگەی بە هەرێم داوە لە ڕێی بۆریی عێراق تورکیاوە نەوت هەناردە بکات و ئێستا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا چاوەڕێ دەکرێت دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو داوایە بدات. وەزیری نەوت زۆر گەشبینە کە داواکە لە بەرژەوەندیی عێراق کۆتایی پێ دێت(١٠). تیایدا عێراق داوای قەرەبووی زیاتر لە  ٣٠ ملیار دۆلار لە تورکیا دەکات.

بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت ئایا هۆکاری کێشەکان جۆری گرێبەستەکان و گەڕانەوەی داهاتە بۆ وڵاتی خانەخوێ یان نا، گرنگە کە ئاشنا ببین بە سیستمی دارایی نەوت و جۆری گرێبەستەکانی نەوت و بەراوردکردن لەنێوان ئەو جۆرە لە گرێبەست لە هەرێم و بەغدا پەیڕەو دەکرێت.

٣. سیستمی دارایی نەوت

کاتێک باسی سیستمی دارایی نەوت دەکرێت، مەبەست لێی گرێبەستە نەوتییەکانە. پڕۆسەکانی نەوت پڕۆسەگەلێکی دوورودرێژی چەندین ساڵەن، وەبەرهێنان و پەرەپێدان تیایاندا پێویستی بە سەرمایەی زەبەلاح و ژێرخان و تەکنەلۆجیای بەهێز هەیە. سیستمی دارایی هەر وڵاتێک، چوارچێوەی کارکردن و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان دیاری دەکات. هەندێک لە وڵاتان لە ڕێگەی یاساوە جۆری گرێبەستەکان دیاری دەکەن و هەندێکی تر لە ڕێگەی دانووستانەوە مەرجەکانی و شێوازی گرێبەستەکانی دادەڕێژن.

سیستمی دارایی پەترۆل پۆلێن دەکرێت بۆ دوو جۆر ، یەکەم سیستمی ئیمتیاز Concessionary Systems و دووەمیش سیستمی  تەعاقدی Contractual Systems (١١).

٣.١. سیستمی ئیمتیاز   Concessionary Systems

مافی ئیمتیاز دەدات بە کۆمپانیا لە کێڵگەیەکی دیاریکراو و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەرهەمهێنان بکات و خاوەندارێتیی نەوت یان گازە بەرهەمهاتووەکە لە زۆربەی کاتدا لە سەری بیرەکەوە واتە لە دەرهێنانیەوە بۆ کۆمپانیا دەگوازرێتەوە، حکومەت تەنها “موڵکانە و باج و پاداشتی بەرهەم” وەردەگرێت. ئەم جۆرە لە گرێبەست کۆنترین جۆریانە، لە عێراق تا ساڵی ١٩٧٢ کە نەوت خۆماڵی کرا؛ پەیڕەو دەکرا . زۆر جار ئەم جۆرە لە گرێبەست پەیوەست دەکرێت بە سەردەمی ئیستعمارییەوە.

 ٣.٢. سیستمی تەعاقدی CONTRACTUAL SYSTEMS

پێک دێت لە دوو جۆر: ا. گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم (لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت) و ب. گرێبەستی خزمەتگوزاری (لە عێراق پەیڕەو دەکرێت). ئەم دوو جۆرە گرێبەستە خاڵی هاوبەش و جیاوازیان هەیە. شێوازی خەرجییەکان و پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان و پشکی کۆمپانیای نیشتمانی بە پێی گرێبەستەکە دیاری دەکرێت. جیۆلۆجیی بلۆکی نەوتی یان گازی، جیۆپۆلەتیکی وڵاتەکە، ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی نەوت و گازی وڵاتەکە کاریگەرە لەسەر ڕێککەوتنەکە و پێگەی بەهێز یان لاوازی هەر لایەکی گرێبەستەکە دیاری دەکات لە دانوستاندن بۆ هەر ڕێککەوتنێک.

 تا پێگەی وڵاتی خانەخوێ بەهێزتر بێت، گرێبەستی باشتری لێ بەرهەم دێت بۆ حکومەت و لە بەرانبەریشدا کۆمپانیاش دەیەوێت زۆرترین قازانج بۆ خۆی ببڕێت لەبەرانبەر وەگەڕخستنی سەرمایەیەکی زۆر.

٤. گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش

بە پێی ئەم جۆرە لە گرێبەست، کۆمپانیای نەوت مەترسیی گەڕان و پشکنین و خەرجی لەئەستۆ دەگرێت لەبەرانبەر بەشێک لەو نەوتە یان گازەی کە بەرهەم دێت لە ناوچەی گرێبەستەکەدا ئەگەر نەوت یان گاز دۆزرایەوە و بەرهەم هات. بەڵام گەر نەدۆزرایەوە، ئەوا حکومەت هیچ خەرجییەک ناداتەوە بە کۆمپانیا، ماوەی گەڕان و پشکنین پێنج ساڵە و دەتوانرێت بۆ ٢ ساڵ زیاتر درێژ بکرێتەوە. کاتێک نەوت بەرهەم دێت لە کێڵگەیەکدا، ئەوکات دەچێتە قۆناغی دووەمەوە کە قۆناغی بەرهەمهێنانە و ماوەکەی ٢٠ ساڵە و دەکرێت بۆ ٥ ساڵی تر درێژ بکرێتەوە بە پێی گرێبەستەکانی هەرێم(١٢).

لەم جۆرە لە گرێبەست، کۆنترۆڵی نەوت و گاز لە دەست حکومەتدا دەبێت و کۆمپانیای نیشتمانییش بەشدار دەبێت لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا(١٣).

لە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەشدا، وڵاتی خانەخوێ چەند جۆر داهاتی دەست دەکەوێت. پاداشتێک هەیە کاتێک کۆمپانیا گرێبەستی لەگەڵ دەکرێت بۆ کێڵگەیەکی نەوت یان گاز، دەیدات بە وڵاتی خانەخوێ یان حکومەت. ئەم پاداشتە کە لە هەرێم بە شیرینییە نەوتییەکان ناسراوە، چەند جۆرێکی هەیە و لە چەند قۆناغێکی جیادا وەردەگیرێت، بەم شێوەیە:

٤.١. پاداشت

ا. پاداشتی واژووكردن (signing bonus): لە کاتی واژووكردنی هەر گرێبەستێکدا، بۆ هەر کێڵگەیەکی نەوتی کۆمپانیا پاداشتی واژووکردنی گرێبەست دەدات بە حکومەت، لە گرێبەستەکەدا بڕەکەی دیاری دەکرێت و هەر ناوچەیەکی گرێبەستیش، گرێبەستی جیایە و دەکرێت ڕێژەکانیش جیا بن(١٤).

ب. پاداشتی بنیادنانی تواناکان: ئەم پاداشتە لە کاتی واژووكردنی گرێبەستەکەوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە لە گرێبەستەکەدا دەستنیشان کراوە، دەبێت بدرێت بە حکومەت.

ج. پاداشتی بەرهەمهێنان: کاتێک کێڵگەیەک دەگاتە بەرهەمهێنانی بازرگانی، کۆمپانیا بڕێکی تر پاداشت دەدات بە حکومەت، ئەم بڕەش بە پێی گرێبەستەکان دەگۆڕێت.

٤.٢. دابەشکردنی پشکەکان

ا. موڵکانە

بریتییە لە ڕێژەیەک لە کۆی داهات یان نەوتی بەرهەمهاتوو، لەلایەن وڵاتی خانەخوێوە وەردەگیرێت.

لە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم و یاسای نەوت و گازی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧دا، ڕێژەکەی بە ١٠٪ دیاری کردووە(١٥).

ب. خەرجیی کۆمپانیا نەوتییەکان

لەدوای دەرکردنی موڵکانە، لەو نەوتەی دەمێنێتەوە ڕێژەیەک دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەی نەوتیان بەرهەم هێناوە وەکوو وەرگرتنەوەی خەرجی (Cost recovery)، لە گرێبەستێکەوە بۆ گرێبەستێکی تر جیاوازە، هەندێ وڵات تا ڕێژەی ٤٠٪ی دیاری کردووە بۆ وەرگرتنەوەی خەرجیی کۆمپانیاکان، واتە سەقفێک دیاری کراوە بۆ وەرگرتنەوەی خەرجییەکان. ئەوەی دەمێنێتەوە لە خەرجییەکان کە وەرنەگیراوەتەوە، دەگوازرێتەوە بۆ ساڵی دواتر و بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تا هەموو خەرجییەکان وەردەگیرێتەوە یان گرێبەستەکە کۆتایی دێت. هەندێ وڵات ڕێژەی وەرگرتنەوەی خەرجییەکانی زیاترە لە وڵاتێکی تر، ئەو ڕێژەیە لە هەندێ شوێندا دەگاتە ئاستی ١٠٠٪ی بەرهەم. لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەم ڕێژەیە جیاوازە لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی تر، لەنێوان ٤٠٪ بۆ ٤٥٪ دیاری کراوە.

ج. نەوتی قازانج (Profit oil)

ئەو نەوتەی لەدوای لێدەرکردنی مۆڵکانە و خەرجیی کۆمپانیاکان دەمێنێتەوە و پێی دەوترێت نەوتی قازانج، ئەم قازانجە لەنێوان کۆمپانیای نەوت و وڵاتی خانەخوێدا دابەش دەکرێت بە پێی ئەو بڕەی کە لە گرێبەستەکەدا لەسەری ڕێک کەوتوون.

لە گرێبەستەکانی هەرێمدا قازانجی نەوت دابەش دەکرێت بە پێی فاکتەری “R” کە بریتییە لە “داهاتی کەڵەکەبوو”، دابەشی “تێچووی کەڵەکەبوو”، لە باری نموونەییدا کاتێک فاکتەری “R” دەگاتە ٢، قازانج بە لە سەددا ٨٥/١٥ لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێم دابەش دەکرێت.

 وە کاتێک “R” لە ١ کەمتر یان یەکسانە بە ١، قازانج بە لە سەددا ٧٠/٣٠ لە بەرژەوەندیی حکومەت دابەش دەکرێت. ئەم هاوکێشەیە لە زۆربەی گرێبەستەکاندا بەکار دەهێنرێت. بە پێی مادەی ٢٦، بڕگەکانی ٤ و ٥.

R = X/Y

= X داهاتی کەڵەکەبوو

= Y تێچووی کەڵەکەبوو

R < or = 1 30%

1 < R< or = 2   30 – (30 – 15) * (R – 1) / (2 – 1)

R > 2    15%

لە باری نموونەییدا بۆ حکومەت ڕێژەی ٨٥٪ی قازانجی بەر دەکەوێت و کۆمپانیاکانی نەوت ڕێژەی ١٥٪ی قازانج. بەڵام پشکی حکومەت لێرەدا تەواو نابێت، بەڵکوو حکومەت لە ڕێی کۆمپانیای کیپکۆوە بەشدارە لە قازانجی کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆیە لە پشکی کۆمپانیا نەوتییەکان جارێکی تر حکومەت بە ناوی کۆمپانیای کێپکۆوە پشکی ٢٠٪ی هەیە.

چارتی ژماره (2)

 چۆنیەتیی دابەشکردنی پشکەکان بە پێی گرێبەستەکانی هەرێم

 

٥. گرێبەستی خزمەتگوزاری

لەم گرێبەستەدا حکومەت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوت دەکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کە کرداری گەڕان و پشکنین و بەرهەمهێنان یاخود پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەم لە کێڵگەیەکی دیاریکراودا ئەنجام بدات، لەبەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییەدا کۆمپانیا بڕە پارەیەکی دیاریکراو یان گۆڕاو وەردەگرێت(١٦).

هەروەک گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش، لەم جۆرە گرێبەستەشدا بەڵێندەر دەبێت تەواوی مەترسییەکانی گەڕان لەئەستۆ بگرێت و هیچ قەرەبووکردنەوەیەک بۆ وەبەرهێنانەکانی وەرناگرێت ئەگەر لە دۆزینەوەی بازرگانیدا سەرکەوتوو نەبێت. ئەم گرێبەستە چەند جۆرێکی هەیە: تەنها خزمەتگوزاری، خزمەتگوزاریی مەترسیدار و خزمەتگوزاریی تەکنیکی.

٥.١. گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی

گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی لە بنەڕەتدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت یان نۆژەنکردنەوەی کێڵگەیەک بەکار دەهێنرێت. ئەم گرێبەستانە دەتوانن لە ڕێگەی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەشەوە، یان لەژێر سیستمی ئیمتیازیشدا ئەنجام بدرێن. ئەم گرێبەستانە پەیوەستن بە کێڵگە هەبووەکان، یان کێڵگە جێهێڵراوەکانەوە. بەگشتی، مەرجە داراییەکانی توندن بە هۆی کەمیی مەترسییەوە. ئەم جۆرە لە کێڵگەی ڕومەیلە پەیڕەو دەکرێت.

حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەی خاوەنی پێنجەمین گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا و لە ساڵی (١٩٧٢)ەوە نەوتی خۆماڵی کردووە و  چەندین کۆمپانیای لە بوارە جیاکانی پڕۆسەکانی نەوتدا هەیە، هەر لە گەڕان و پشکنین تا هەڵکەندنی بیر و گواستنەوە و بەبازاڕکردنی نەوت، بەڵام ئاستی بەرهەمی زۆر کەمتر بووە لەو یەدەگە زەبەلاحەی کە هەیەتی. هەندێک لە هۆکارەکان بۆ ئەو شەڕە یەکلەدواییەکانە دەگەڕێنەوە کە عێراق پیایدا تێپەڕیوە لە چوار دەیەی ڕابردوودا.

پێش ڕووخانی ڕژێم، لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئاستی بەرهەمی نەوتی عێراق بەتێکڕا بریتی بوو لە ٢ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار بەرمیل(١٧) و لە کاتی کاراکردنی گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی گەڕی یەکەم بەتێکڕا بەرهەمی ڕۆژانەی ناوچەی گرێبەستەکان ١ملیۆن و ٩٦٨ هەزار بووە(١٨). بە ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی و زیادکردنی بەرهەم، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا پەنای بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا برد و لە ڕێی گەڕەکانی مۆڵەتپێدانەوە (جولات التراخیص) و جۆری ئەو گرێبەستەی عێراق پەنای بۆ برد؛ گرێبەستی خزمەتگوزارییە.

لە چوار خولی گرێبەستدا، ١٨ گرێبەستی خزمەتگوزاری واژوو کراوە، چوار گرێبەست لە خولی یەکەمی مۆڵەتدان، حەوت لە خولی دووەم، سێ لە سێیەم و چوار لە خولی چوارەم، جگە لە گرێبەستی کێڵگەی نەوتی ئەحداب و گرێبەستی کێڵگەی ڕۆژهەڵاتی بەغدا/بەشی باشوور(١٩). هەروەها خولی پێنجەمی گرێبەستەکان   بریتی بوو لە تەرخانکردنی شەش کێڵگە بۆ وەبەرهێنانی بیانی، کە چواریان کێڵگەی نەوت و دووانیان کێڵگەی گازن.

٦. خاڵە هاوبەشەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش و گرێبەستی خزمەتگوزاری 

  • گرێبەستی درێژخایەنن، ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ.
  • حکومەت خاوەندارێتیی نەوت و گازی لەبەردەستە.
  • پاداشتی واژووكردنی گرێبەست لە هەردوو گرێبەستەکەدا هەیە.
  • کۆمپانیا خەرجییەکانی وەردەگرێتەوە ساڵانە بە ڕێژەیەک کە لە گرێبەستدا دیاری کراوە.
  • کۆمپانیای نیشتمانی بە ڕێژەیەک بەشدار دەبێت لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتیدا.
  • وەرگرتنی باج لەو بڕە قازانجەی کۆمپانیا یان بەڵێندەر دەیکات.

٧. خاڵی جیاواز لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش و گرێبەستی خزمەتگوزاری 

  • لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم، حکومەت لە کۆی بەرهەمی کێڵگەکە ڕێژەیەک نەوت یان بەهای نەوت وەردەگرێت وەکوو موڵکانە کە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ١٠٪ی کۆی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریدا موڵکانە نییە.
  • لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم، کۆمپانیای نێودەوڵەتی کاتێک دەگات بە نەوتی بازرگانی بەشدار دەبێت لە پشکێکی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، واتە خاوەنداریی بەشێک لەو نەوتە دەکات یان بەهای نەوتەکە، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریدا کۆمپانیا بڕێک پارە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک وەردەگرێت، دەکرێت بە پێی گرێبەستەکە تەنها بڕە پارەیەکی دیاریکراو یان گۆڕاو بۆ هەر بەرمیلێک وەربگرێت یان لەبریی پارە؛ نەوت یان گاز وەربگرێت و خاوەنداریی ئەو بڕە دەکات وەک پشکی خۆی.

گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش زیاتر سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕادەکێشێت، بەتایبەت لە کێڵگە بچووک و مەترسیدارەکان، چ مەترسیی جیۆلۆجی یان سیاسی و ئەمنی کە بە شێوەیەکی گشتی کێڵگەی نوێن و لە قۆناغی گەڕان و پشکنینەوە دەست پێ دەکەن. کۆمپانیا لەبریی ئەو مەترسییانە، بڕێکی زیاتر قازانج دەکات لە کاتێکدا گرێبەستی خزمەتگوزاری زیاتر لە کێڵگەی زەبەلاح و ئامادە (پێشتر وەبەرهێنانی تیاکراوە)دەکرێت، وڵاتی خانەخوێ بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە توانای تەکنیکی و تەکنەلۆجی و زیادکردنی بەرهەم پەنای بۆ دەبات.

  • لە گرێبەستەکانی هەرێمدا سەقفی وەرگرتنەوەی خەرجیی کۆمپانیا لەنێوان ٤٠٪ بۆ ٤٥٪دا دەبێت، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاریی حکومەتی فیدراڵدا ئەم سەقفە بە ٥٠٪ی کۆی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە(٢٠). پاشان لەوەی دەمێنێتەوە کە پێی دەوترێت نەوتی قازانج لە گرێبەستەکانی هەرێم، بە پێی هاوکێشەیەکی ماتماتیکی لەنێوان ٧٠٪ بۆ ٨٥٪ بۆ حکومەت و ٣٠٪ بۆ ١٥٪ کۆمپانیا دەبێت، بەڵام لە گرێبەستی خزمەتگوزاری، حکومەتی فیدراڵ ڕێژەیەکی جێگیرە بۆ هەر بەرمیلێک کە لە بەرهەمی ئەو کێڵگەیە زیاد دەکرێت، ڕێژەکە لەنێوان ١.٢٥ بۆ ٦ دۆلارە، لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی تر دەگۆڕێت(٢١).
  • لە هەردوو جۆری گرێبەستەکەی حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت بە ڕێژەیەک بەشدارە لە گەڵ کۆمپانیا  نێودەوڵەتییەکان کە لەنێوان ٢٠٪ بۆ ٢٥٪  بە پێی گرێبەستەکان دەگۆڕێت. لە هەرێم لە  قازانج  بەشدارن و لە حکومەتی فیدراڵ لە کرێی خزمەتگوزاری .

لەو بەراوردەی سەرەوەدا، دەردەکەوێت هەردوو جۆری گرێبەستەکان خاڵی هاوبەشیان زۆرە. لە ڕووی پێکهاتەوە جیاوازیی زۆریان نییە، هەریەکەیان خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی خۆیان هەیە، بەتایبەت کاتێک نرخی نەوت نزمە، بە پێی بنەما سەرەکییەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش زیاتر لە بەرژەوەندیی حکومەتە و داهاتی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆی. بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرزە، کۆمپانیاکان لە گرێبەستی هاوبەشیکردندا قازانجیان زیاد دەکات، بەڵام لە خزمەتگوزاری و بەتایبەت ئەوەی حکومەتی فیدراڵ؛ کۆمپانیا ڕێژەکەی جێگیرە و داهاتی حکومەت لە کاتی بەرزیی نرخدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

خاڵێکی لاوازی گرێبەستی خزمەتگوزاریی حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە کرێی خزمەتگوزارییەکە جێگیرە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەرهەمی دەهێنن، لە کاتی نزمیی نرخی نەوتدا کرێی کۆمپانیا هەمان کرێیە کە نرخ بەرزە، ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی داهاتێکی کەم بۆ حکومەت و داهاتێکی زیاتر بۆ کۆمپانیا، لە ئەنجامدا لەبەر ئەوەی زۆر پشت بە داهاتی نەوت بەستراوە، کێشە بۆ بودجەی حکومەت دروست دەبێت. لە کاتی پەتای کۆرۆنادا و دابەزینی نرخی نەوتدا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ئەمە بەڕوونی دەرکەوت.

خاڵێکی تری هاوبەشی هەردوو گرێبەستەکە، خەرجیی کۆمپانیاکانە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە تا کۆتایی ژیانی کێڵگەکە. حکومەت بەڕێوەبردنی کێڵگەکان دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیادا لە ڕێی لیژنەیەیەکی هاوبەشەوە لەنێوان کۆمپانیای نەوت و حکومەتدا و بڕیاری کۆتایی لای حکومەتە، بەڵام ئەگەر نوێنەری حکومەت لە ئەم لیژنەیەدادا بەتوانا و کارا نەبن، ئەوا دەبێت بە سەرچاوەی بەهەدەردان و گەندەڵی. ڕاستە پلانی پەرەپێدانی کێڵگەکە لەلایەن وەزارەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و قبووڵ دەکرێت، بەڵام لە پراکتیزەکردندا ئەم پلان و بەرنامانە چەندین جار گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت و پێویستی بە دەستەیەکی بەتوانا و کارا هەیە لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکاندا، ئەگەرنا دەرئەنجام خەرجی و تێچوو زیاد دەکات.

ئەم خاڵە زۆر بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستاندا پاش ئەوەی کە هەندێ کێڵگەی هەرێم زیاد لە ١٥ ساڵە نەوت بەرهەم دەهێنن، بەڵام هێشتا ئاستی خەرجییەکان زۆر بەرزە و بە پێی لێکدانەوەکان بۆ ڕاپۆرتەکانی حکومەت هێشتا پشکی حکومەت لە هاوکێشەی دابەشکردنی قازانجدا نەگەیشتووەتە باری نموونەیی.

٩. داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەتی هەرێم بە پێی بەرز و نزمیی نرخی نەوت (PSA)

لە ساڵی ٢٠٢٠دا  کاتێک نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم بەتێکڕا ٢٨ دۆلار بوو، بڕی نزیکەی ١٦٦ملیۆن بەرمیل هەناردە کراوە و لە ناوخۆدا بەکار براوە، کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە نزیکەی ٣٤,٤ ملیار دۆلار، لەم بڕە ١.٧٦ ملیاری بۆ کۆمپانیاکانی نەوت ڕۆیشتووە و زیاتر لە ٩٥٠ ملیۆنیش بۆ گواستنەوە ڕۆیشتووە(٢٢) کە ڕێژەی کۆمپانیاکانی نەوت لە کۆی داهات، ٣٩.٦٪ بووە و ڕێژەی کرێی گواستنەوەش لەو ماوەیەدا ٢١.٤٪ بووە کە بەسەریەکەوە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بریتی بووە لە نزیکەی ٦١٪ی کۆی داهات.

کاتێک نرخی نەوت لە ١٠٠ دۆلاردا بوو، لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٢دا بڕی ٤٠ ملیۆن و ٣١٦ هەزار بەرهەم هاتووە و بەکار براوە، کۆی ٣ ملیار و ٧٨٩ ملیۆن داهاتی نەوتی ئەو ماوەیە بووە. لەم بڕە ١.٦٣٢ی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت چووە کە دەکاتە ٤٣٪ی کۆی بەرهەم، بڕی ٢٥٩٠ ملیۆن بۆ کرێی گواستنەوە چووە کە دەکاتە ڕێژەی ٦.٦٪ی کۆی داهات و کە ئەم ڕێژەیە کەمترین ئاستە لە چەند ساڵی ڕابردوودا (کرێی بۆریی ناو هەرێم کەمترە لە ١٪ی کۆی بەرهەم، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا لەنێوان ٦٪ بۆ ١٥.٥٪دا بووە(٢٣))، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێم بە گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی نێوان کۆمپانیای “کار-گازپرۆم”دا چووەتەوە.

ئەم بەراوردە بەو دەرەنجامەمان دەگەیەنێت کە بە پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش، کاتێک نرخی نەوت نزم بووە؛ کۆمپانیاکان داهاتی زۆرتریان دەست کەوتووە لەو کاتانەی کە نرخی نەوت زۆر بەرز بووە، ئەمەش بۆ کێشە لە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و خەرجیی کۆمپانیاکان لە لایەک و لە لایەکی تر جێبەجێنەکردنی گرێبەستەکان وەکوو خۆی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت کە سەیری ڕاپۆرتی دیلۆیتی چارەکی دووەمی ٢٠٢٠ دەکەین، کۆمپانیاکان ٨٤.٨٪ی هەموو داهاتی نەوتی ئەو ماوەیەیان وەرگرتووە کە ئەمە لەگەڵ دابەشکردنی پشکەکانی گرێبەستەکانی هەرێم یەک ناگرێتەوە(٢٤).

 سەرچاوەی خشتەكان: ژمارەکان لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێم وەرگیراوە.

 

١٠. کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی گرێبەستی خزمەتگوزاری

زیادکردنی داهات لەنێوان ساڵەکانی (٢٠١١ -٢٠١٥)دا، کۆی بەرهەمی زیادەی کێڵگەکانی خولەکانی مۆڵەتی ١و ٢ بریتی بووە لە ٢.٣ ملیار بەرمیل نەوت لە کۆی بەرهەمی ٤.٧ ملیار کە دەکاتە ڕێژەی نزیکەی ٥٠٪، دەرئەنجامی ئەم زیادەیە لە بەرهەم بڕی ١٧٥.٦ ملیار دۆلار لە کۆی داهاتی ٣٩٥.٥ ملیار دۆلار دەست حکومەت کەوتووە، کە دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی داهاتی ئەو کێڵگانە(٢٥).

تێچووی نەوت کە لەو ماوەیەدا دراوە بە کۆمپانیا نەوتییەکان، بریتی بووە لە نزیکەی ٤٥.١ ملیار دۆلار، وە قازانج یان کرێی کۆمپانیاکان ٢.٢ ملیار دۆلار بووە، لە هەمان کاتدا گەڕاوە بۆ حکومەتی فیدراڵ بریتی بووە لە نزیکەی ٣٤٨.٣ ملیار دۆلار بە پشکی کۆمپانیای هاوبەشی حکومی و باجەوە.

ڕێژەی دابەشکردنی داهاتە داراییەکان

ڕێژەی قازانجی کۆمپانیا بەڵێندەرەکان لە کۆی داهات:  ٠.٥٧٪

ڕێژەی شایستەکان لە کۆی داهات: ١١.٩٪

ڕێژەی کۆی داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەت: ٨٨.١٪

کۆی تێچوو (بەرهەمهێنان و کارکردن) بۆ هەر بەرمیلێك بریتییە لە ١٠.٥ دۆلار(٢٦).

ئاسان نییە ئاستی بەرهەم و زیادکردنی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەراورد بکەین، چونکە کێڵگە نەوتییەکانی فیدراڵ هەندێکیان کێڵگەی نەوتی زەبەلاحن نەک لە عێراقدا بەڵکوو بە کێڵگەی زەبەلاحی جیهانی ئەژمار دەکرێن و لە هەمان کاتیشدا ئەو کێڵگانە لە کاتی بەرهەمهێناندا بوون و گرێبەستەکان بۆ زیادکردنی بەرهەم کراون، بەڵام کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کێڵگەی زۆر بچووکترن، هەندێکیان چەند بیرێکی تێدا بوو جێ هێڵرابوون، وەکوو تاوکی، تەقتەق، ئەوانی تر لە قۆناغەکانی سەرەتای گەڕان و پشکنینەوە دەست پێ کراون، واتە لە سەرەتای پڕۆسەکەوە، بۆیە مەترسیی دۆزینەوەی نەوت زیاترە بەراورد بە گرێبەستەکانی حکومەتی فیدراڵ کە بریتی بوون لە پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم بەخێرایی بەرەو قۆناغی پەرەپێدان چوو. بەرهەمهێنانی نەوت لە ٧٥,٠٠٠ بەرمیل لە شوباتی ٢٠١١دا بۆ ٢٠٠,٠٠٠ بەرمیل لە ٢٠١٢دا بەرز بوویەوە و ئامانجی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  ئەوە بوو تا ساڵی ٢٠١٥ بەرهەم بگەیەننە یەک ملیۆن بەرمیل و لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆ ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە(٢٧)، نەک ئەو ئامانجە نەهاتە دی، بەڵکوو ئێستاش دوای ١٠ ساڵ لەو ڕاگەیاندنەی حکومەت و کەوتنە بەرهەمی چەند کێڵگەیەک، لەگەڵ ئەوەی کێڵگەی خورمەڵەش کە کێڵگەیەکی ئامادەی نەوت و گازی حکومەتی فیدراڵ بوو خرایە سەر کێڵگەکانی هەرێم و لەو کاتەدا و ئێشتاش بەرهەمی ڕۆژانەی مەزندە دەکرێت بە ١٤٠ هەزار بۆ ١٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەڵام بە پێی لێکدانەوە بۆ دوایەمین ڕاپۆرتی دیلۆیت، لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٢دا بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی هەرێم بەتێکڕا بریتی بووە لە ٤٤٣ هەزار بەرمیل نەوت(٢٨)  کە ئەگەر نەوتی خورمەڵەی لێ دەربکەین، لە باشترین گریمانەدا نزیکەی ١٠٠ هەزار بەرمیل ئاستی بەرهەم زیادی کردووە لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا، واتە ٠٥٪ی ئەو ئامانجەی کە دانرابوو لە ساڵی ٢٠١٩دا پێی بگەن.

چارتی ژمارە (3)

 زیادکردنی بەرهەمی نەوتی هەرێم لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٢

سەبارەت بەو ئامانجانەی حکومەتی فیداراڵ داینابوو بۆ ئاستی بەرهەمی نەوت پێی بگات، بەم شێوەیە بوو:

حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٩دا چەند گرێبەستێكی خزمەتگوزاریی واژوو کرد بە ئامانجی ئەوەی لە ماوەی ٦ ساڵدا ئاستی بەرهەم بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوە(٢٩)، پاشان ئامانجی بۆ ٩ ملیۆن بەرمیل دابەزاند، دوایەمین جاریش لە ساڵی ٢٠٢٢دا وەزارەتی نەوت ئامانجیەتی کە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئاستی بەرهەمهێنانی بگەیەنێتە ٨ ملیۆن بەرمیل.

لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەم لە ٢ ملیۆنەوە بۆ ٤،٥ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز بووەتەوە(٣٠) کە دەکاتە ڕێژەی ١٢٥٪، بەڵام هێشتا زۆری ماوە ئاستی بەرهەم بگەیەنرێتە ئەو ئاستەی کە ئامانجیانە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:

  • ناسەقامگیریی بازاڕی نەوت و خستنەڕووی نەوتێکی زۆر کە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زۆری نەوت لە بازاڕی جیهاندا، کە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکی ناچار کردووە لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە ئاستی بەرهەمیان کەم بکەنەوە و سنوورداری بکەن لە پێناو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت (مەبەست لێی هێشتنەوەی نەوتە لە ئاستێکدا کە لێی ڕازی بن و ڕێگری بکەن لە دابەزینی زۆری). عێراقیش وەکوو دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئۆپیک و دووەمین گەورەوەبەرهێنی ناو ڕێکخراوەکە، پابەند بووە بە دیاریکردنی ئاستی بەرهەمیەوە.
  • بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید ١٩ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا لە چین و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا کە بووە هۆی کەمبوونەوەی زۆر خێرای خواست لەسەر نەوت، تا ئێستاش جیهان لەژێر سێبەری کاریگەرییەکانی دەربازی نەبووە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا وڵاتانی ناو ڕێکخراوی ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپیک کە بە ئۆپیکپڵەس ناسراون، ڕۆژانە ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە بازاڕ گرتەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، جارێکی تر دوای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ئەو بڕەی کە لە بازاڕ گیراوەتەوە؛ لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەتەواوەتی بگەڕێنرێتەوە بۆ بازاڕ، بەڵام هاوپەیمانییەکە جارێکی تر ڕێک کەوتن بڕی یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە تا کۆتایی ٢٠٢٣ لە بازاڕ بگرنەوە.
  • ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسییش هۆکارێکی ترە کە وەبەرهێنان کەمتر بکرێت.

پابەندبوونی ئەندامانی ڕێکخراوەکە یارمەتیدەر بووە کە نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتە بە بڕێکی کەمتر داهاتێکی زیاتریان دەست دەکەوێت، لە هەمان کاتدا ڕێگرە لە زیادکردنی بەرهەمیان.

وڵاتە پیشەسازییەکان و بەتایبەت ڕۆژائاوا، بە شێوەیەکی خێرا ڕوو لە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە دەکەن، دەیانەوی خۆیان لە بەکارهێنانی نەوت کە سەرچاوەی وزەی پیسە؛ دوور بخەنەوە و ئەوەی ئەم هەوڵانە خێراتر دەکات جەنگی ئۆکرانیایە و ئەو کێشانەیە کە ڕووبەڕووی ئەورووپا بوونەتەوە و ئاسایشی وزەی بۆ دروست بووە. عێراقیش وەکوو ئەندامی ڕێککەوتننامەی پاریسی ساڵی ٢٠١٥، پەیوەستە بە ڕێککەوتنەکەوە. بە پێی ڕێککەوتنەکە، پێویستە بە زووترین کات دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکرێتەوە، تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەم بگاتە سفری پاك (zero emission). بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیهان لە خوار )1.5( پلەی سەدی بمێنێتەوە، پێویستە تا ساڵی 2030 ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە نزیکەی (٥٠٪) کەم بکرێتەوە(٣١).

بۆیە جێبەجێکردنی و گەیشتن بەو ئامانجە بەربەستی زۆری لە بەردەمدایە و جیهان بە ئاڕاستەی کەمکردنەوی بەکارهێنانی نەوت چ لە پیشەسازی یان بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل هەنگاو دەنێت، بۆیە لەبریی ئەوە گرنگە سیاسەتی وزەی حکومەتی فیدراڵ و لەگەڵیشیدا هەرێم بە ئاڕاستەی سیاسەتی جیهان بێت، هەنگاوی جددی بنرێت بۆ فرەکردنی سەرچاوەکانی وزە لە وزەی نوێبووەوە (با و خۆر).

١١. بڕیاری دادگا و کاریگەرییە هەرێمایەتییەکان

ئەم داوایە ڕاستە لە ٢٠١٢دا تۆمار کراوە و چەندین جار لە قۆناغە جیاجیاکاندا دوا خراوە و  هۆکارەکەشی بۆ ڕێککەوتنە سیاسییەکان دەگەڕایەوە، بۆیە هەلومەرجی پێش دەرچوونی بڕیارەکە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت.

لەدوای دروستبوونی عێراقی نوێوە، وڵاتە هەرێمایەتییەکان و لە ناویشیاندا ئێران و تورکیا بە شێوەیەکی بەهێز ئامادەییان هەیە لە عێراقدا و کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی شتێكی شاراوە نییە، بەرژەوەندیی ئابووریی بەهێزیان هەیە، لە ناویشیاندا وزە.

هەلومەرجەکانی پێش دەرچوونی بڕیاری دادگا لەسەر کەیسی نەوتی هەرێم، عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو و پڕۆسەی سیاسی بەرەو بنبەست دەچوو. لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لە ململانێیەکی بەهێزدا بوون و بەتایبەت نێو ماڵی شیعە کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووبوون، لە لایەک موقتەدا سەدر زۆرترین کورسیی هێنابوو، لە لاکەی تر مالیکی و هاوپەیمانەکانی بوو. کورد لەگەڵ ئەوەی داوای (چاوەڕێی) لێ دەکرا نەکەوێت بەلای ململانێکانی نێو ماڵی شیعەدا، بەڵام  کورد بەیەکگرتوویی نەچووە بەغداد. پارتی دیموکراتی کوردستان کە  خاوەنی زۆرترین کورسیی هەرێمە، لەگەڵ خاوەن زۆرترینی  کورسی شیعەکان کە فراکسیۆنی سەدر بوو کەوتە بەرەیەکەوە و لە بەرانبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەلای چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیکی و هاوپەیمانەکانی)دا کەوت کە ئەمەی دووەمیان ئێران پشتگیریی دەکات.

لەدوای دروستبوونی عێراقی نوێوە، ئێران یاریچییەکی سەرەکییە لە عێراق و کاریگەریی گەورەی هەیە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی یان لە ڕووی ئابووری و وزەوە. عێراق بۆ ئێران هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ نەیارە تەقلیدییەکەیدا کە ئەمەریکایە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەمەی ئێستاشەوە نابێت ڤیۆتۆی  ئێرانی لەسەر بێت بۆ پێکهێنان. تا سەدر ناچار بە کشانەوە و سوننە و پارتییش وەک خاوەن زۆرترین کورسییەکانی کورد بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی نەکرا، ئاسۆی پێکهێنانی حکومەت ڕوون نەبوو.

لە ڕووی ئابوورییشەوە لەگەڵ ئەوەی عێراق بازاڕێکی گەورەی کاڵاکانی ئێرانە، لە هەمان کاتدا توانیویەتی بە هۆی پێداویستیی زۆری عێراق بە وزە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ببێت بە هەناردەکەرێکی سەرەکیی گاز بۆ عێراق، سەرەڕای گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەری و لەم بوارەدا چەند گرێبەستێکی واژوو کراوە بە نرخێکی زۆر زیاتر لە نرخی بازاڕ و بوویە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆی، ئەمەریکاش چاوپۆشیی لێ کردووە. لەگەڵ ئەوەی هەوڵی فرەسەرچاوەکردنی سەرچاوەی دابینکردنی کارەبا دەدرێت لەلایەن عێراقەوە، بەڵام ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکوو ماوەی پەیوەستبوونی عێراق پێوەی بۆ دابینکردنی وزە درێژ بکاتەوە. لە هەمان کاتدا عێراق بازاڕێکی گەورەی دەستخستنی دراوی قورسە بۆ ئێران بەتایبەت دۆلار و بووە بە دەروازەیەک لە ڕێیەوە دەتوانێت هەناسەیەک بدات.

ئێران بە هێڵێکی گاز بەستراوەتەوە بە تورکیاوە، بڕێکی زۆر بە نرخێکی تا ڕادەیەک گران گاز هەناردەی تورکیا دەکات)٣٢) و ساڵی ٢٠٢٦ گرێبەستی نێوانیان کۆتایی دێت و مەترسیی ئەوەی لەسەر بوو کە گرێبەستەکە نوێ نەکرێتەوە ئەگەر تورکیا بژاردەی باشتری لە بەردەمدا بێت. هەروەها هیوای ئەوەی هەیە لە ڕێی تورکیاوە  ببێت بە یاریچییەکی گەورەی گاز بۆ ئەورووپا و بۆشایی ڕووسیا پڕ بکاتەوە.

هەوڵی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری گازدا، بەتایبەت دوای لێسەندنەوەی هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی کە لە قۆناغی پەرەپێداندا بوو و ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای گازی گەورەدا، هەروەها پلانی زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە دوو قۆناغ لە یەکەمدا بەرهەم ٥٠٪ زیاد بکەن و بەرهەمی گاز بگەیەننە ٦٩٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و پاشتر یەک ملیار پێ سێجا تا ساڵی ٢٠٢٤(٣٣). لێرەوە هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و بە مەترسی بۆ سەر ئەو بەرژەوەندییانەی ئێران ئەژمار دەکرێت کە لە سەرەوە باس کران، بەتایبەت کە باسی ئەوە دەکرا هەرێم تا ساڵی ٢٠٢٦ دەتوانێت پێداویستیی ناوخۆی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پڕ بکاتەوە و  گاز بۆ تورکیا هەناردە بکات(٣٤).

لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێم بەبەردەوام بەوەی هەرێم دەبێت بە هەناردەکەری گازی سروشتی بۆ تورکیا و پاشتر بۆ ئەورووپا، تەنانەت ئەوانەشی باسی دابینکردنی گازی سروشتی دەکەن بۆ حکومەتی فیدراڵ، مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران چ لە عێراق و چ لە تورکیا دروست دەکات ئەگەر لە ماوەی کورتیشدا نەبێت، لە ماوەی مامناوەند و دووردا.

لە لایەکی تر، حەزی بەسەنترالیزەکردنی سێكتەری نەوت و سیاسەتی نەوت لەلایەن سیاسییەکانی عێراقەوە و ئامادەکردنی زەمینە بۆی لە ڕێی لێدوانەکانی بەرپرسانەوە بەتایبەت وەزارەتی نەوت، تاوەکوو لە ئەنجامدا ڕایەکی گشتیی لەسەر دروست بکەن کە ناکرێت لە عێراقدا دوو سیاسەتی جیای نەوت هەبێت و هەرێم نەوت هەناردە بکات و بە هۆیەوە زیانی زۆر بە ئابووریی عێراق دەگەیەنێت بەوەی کە لە لایەک نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەی ناگەڕێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە عێراق پابەندە بە ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپیکەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت و نەوتی هەرێمیش هەر نەوتی عێراقە و بەمەش ناچارین بەرهەم کەم بکەینەوە.

ئەو هەلومەرجانە پێش دەرچوونی بڕیارەکەی دادگا بوون، بۆیە وا دەبینرێت بەو هەژموونە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەی ئێران هەیەتی لەناو عێراقدا بارگاوی بووبێت.

١١. دەرئەنجام

لەگەڵ ئەوەی کێشەکانی مەلەفی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر زیاد لە ١٠ ساڵە بەردەوامە، بەڵام هەمیشە لە ڕێی ڕێککەوتنی کاتیی سیاسییەوە چارەسەرەکان دوا خراوە. لەدوای ساڵی (٢٠٠٥)ەوە، ساڵ دوای ساڵ پێگەی کورد لە بەغدا لاوازتر دەبینرێت. لە کاتی بەهێزیی هەرێم و بوونی زۆرێک لە کەسە یەکەمەکانی حیزبە سیاسییەکان و سیاسییە خاوەن پەیوەندییە زۆرەکان، چ لەگەڵ ناوەندی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمەریکی و بەریتانییەکان، چ لەگەڵ سیاسییەکانی بەغدا، بەڵام نەتوانرا لە ساڵی ٢٠٠٧دا یاسای نەوت و گازی فیدراڵی تێپەڕێنرێت لە پەرلەمان، گۆڕانکاری بەسەر ئەو ڤێرژنەدا هات کە کورد لای پەسەند بوو، هەر ئەوکات زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی عێراقیی بواری نەوت و یاسا کەوتنە دژایەتیکردنی ڕەشنووسی یاساکە و لە چەندین   بۆنە و سیمینار و بابەتی شیکاری و تەنانەت بە نووسینی کتێبیش لەو بارەوە دژایەتیی خۆیان بۆ  ڕەشنووسی یاساکە دەربڕی و بە دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقیان مەزەندە کرد.

دوای ئەوەی یاساکە پەک خرا، بەدوایدا داوا دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تۆمار کرا و پاشتر نەتوانرا ڕێگری بکرێت لە دەرنەچوونی بڕیار دژی مامەڵەی هەرێم لەگەڵ سێكتەری نەوت، وەزارەتی نەوت هەر خێرا دەستی کرد بە فشارکردن لە هەرێم و داوای گرێبەستەکانی نەوتی دەکرد بۆ پێداچوونەوە و دروستکردنی کۆمپانیای نەوتی هەرێم کە فەرمان لە وەزارەتی نەوتەوە وەربگرێت بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و هەڕەشەکردن لە هەرێم لە ڕێی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەناردەی نەوت و کڕیارانی نەوتی هەرێمەوە و تا ئێستاش فشار و هەڕەشەکان بەردەوامە.

بەشێکی لاوازیی کورد لە بەغدا بۆ پەرتەوازەیی و نەبوونی یەک گوتاری سیاسی و ڕەنگدانەوەی کێشەکانی ناوخۆی هەرێم لە بەغداد و نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی نەوت و گاز دەگەڕێتەوە.

سیناریۆكان

سیناریۆی یەکەم: فشارەکانی وەزارەتی نەوت بەردەوام دەبێت لەسەر حکومەت و کۆمپانیاکان و کڕیارانی نەوت و وڵاتی تورکیا بەوەی ڕێگری بکرێت لە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، تا وای لێ دێت هەرێم ناچار دەکەن بە ڕادەستکردنی هەموو مەلەفی نەوت بەرانبەر بە دابینکردنی بودجە. هەر چەند ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت بەو ئەنجامە دەگەین، بەڵام ئەگەرێکی زۆر لاوازە لەبەر تێکهەڵپژانی بەرژەوەندییەکان بەتایبەت کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا و تورکیا.

سیناریۆی دووەم: مانەوەی بارودۆخەکە وەکوو پێش ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر بەرهەمهێنان و هەناردە و بەبازاڕکردنی نەوت بمێنێتەوە و فشار بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و تیایدا بەڕێوەبردنی نەوت و فرۆشتنی لە بەرژەوەندیی هەرێم جێگیر بکات. ئەم سیناریۆیە بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی گوتاری هەرێم و هەوڵدان بۆ دەستکەوتی حیزبی لە بەغداد و شەڕی پشکەکان و جیاوازیی ڕوون لە بۆچوونی لایەنە کوردییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز، وای لێ دەکات ئەگەرێکی لاواز بێت. بەڵام ئەگەر وڵاتانی هەرێمی و ڕۆژئاوا لە بەرژەوەندیی هەرێم فشار بکەن لەسەر حکومەتی فیدراڵ، ئەوا ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە زیاد دەبێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسی بەبێ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، بەڵام دیسان ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی و پتەو نابێت.

سیناریۆی سێیەم:  مانەوەی بەڕێوەبردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان و هەناردەکردنی لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بخرێتە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە مەرجێک شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و ئیلتیزاماتی هەرێم بەرانبەر کڕیارانی نەوت بگوازرێتەوە بۆ سمۆ و بە شێوەیەک لە یاسای نەوت و گازی فیدراڵیدا جێگیر بکرێت. لە بەرانبەردا حکومەتی فیدراڵ پابەند بکرێت بە ناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەبەردەوامی. ئەم سیناریۆیە زیاتر لە واقیعەوە نزیکە.

ڕاسپاردەكان

  1. لە بەغداد چی بکرێت؟

گرنگە هەرێم بە یەک گوتار لە بەغداد بێت، دوو دیدیی جیاوازی بۆ نەوت و گازی نەبێت و چارەسەری کێشەی نەوت و گاز مەرجی سەرەکیی بەشداریی بێت لە گفتوگۆی پێکهێنان و بەرنامەی حکومەتی نوێ.

دەبێت لە زووترین کاتدا هەرێم ڤێرژنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی ئامادە بکات، بڕگەکانی بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە کەمترین بوار بدات بە لێکدانەوەی جیاواز.

پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە وەزارەتی نەوتدا لە پشکی کورد هەبووە، هەر لە جێگری وەزیری نەوت تا جێگری سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بە مەرجی ئەوەی کەسی شارەزا و خاوەن دەسەڵات بن و دانەبڕێن لە هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

سەبارەت بە فرۆشی نەوتی هەرێم، ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت نەرمی بنوێنێت لە ڕێی سۆمۆوە بیفرۆشێت، چونکە سۆمۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە  ٨ بۆ ٩ دۆلار زیاتر لە هەرێم دەفرۆشێت، بەمەش داهاتێکی زیاتر دابین دەکات. ئەم خاڵە چ لە هەرێم، چ لە شەقامی عێراقیش وەبەرهێنانی زۆری تێدا کراوە و پێگەی وتوێژی هەرێمی لاواز کردووە، ڕازی بوون بەوە بەو مەرجەی شایستەی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکرێت لەڕیی مسۆگەرکردنی پشکی  هەرێم لە بوجەی فیدراڵ و هەموو شایستەداراییەکانی. دەتوانرێت ئەم خاڵە بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر حکومەت و لە ئەنجمدازەمینەی باشتر بۆ گفتوگۆ بڕەخسێت.

 هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، لە ڕێی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و نێودەڵەتییەکانیەوە هەوڵی دروستکردنی فشار بدرێت لەسەر بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆمپانیاکانی نەوت و گازیش لە ڕێی وڵاتەکانیانەوە کەرەستەیەکی باشن بۆ ئەم فشارانە.

  1. لە هەرێم چی بکرێت؟

لەم لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کە بەڕێوەبردنی نەوتی هەرێم لە ڕابردوودا  لە کێڵگە نەوتییەکان و جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی نەوت کێشەیان تێدا بووە، بەوەی خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوت و گواستنەوە زۆرن و هەندێ جار بە پێی داتا فەرمییەکان گرێبەستەکان وەکوو خۆی جێبەجێ نەکراوە. بۆیە پێویستە چاکسازیی ڕیشەیی لە بەڕێوەبردنی کۆی پڕۆسەی نەوتدا بکرێت، هەر لە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت تا بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و گرێبەستی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت، قۆناغ بە قۆناغ چی کراوە و چەند کاریگەر بووە ڕابگەیەنرێت تاوەکوو بواری شیکردنەوەی نادروست کەم ببێتەوە.

هێزی کاری ناوخۆ یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجیی نەوت، لەگەڵ ئەوەی هەلی کار دەڕەخسێنێت دەبێتە هۆی پشتبەستنی زیاتر بە توانای ناوخۆ لە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت، دەبێت پشت بە توانا و لێوەشایی ببەسترێت نەک شتی تر.

پێگەی ئەلکترۆنیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کارا بکرێت و زانیارییەکان نوێ بکرێنەوە و ڕاپۆرتی ئاستی بەرهەم و داهات (هەناردە و بەکاربردن) بە شێوەیەکی مانگانە بڵاو بکرێنەوە.

کاتێک دەستگەیشتن بە زانیاری فەراهەم بکرێت، بواری گەندەڵی کەم دەبێتەوە و ئاستێک لە شەفافیەت دروست دەبێت لە بەرانبەردا بە ئەندازەی کەمبوونەوەی گەندەڵی متمانش دەگەڕێتەوە.

 

سەرچاوەکان

10-    یوتیوب،(٢٦/٠٩/٢٠٢٢)، “النفط اليوم وغدا.. أسعار مرتفعة وملفات شائكة في العاشرة مع كريم حمادي” https://www.youtube.com/watch?v=XI4R-dXkpG8” (متاح علی ١٣/١٠/٢٠٢٢).

  • “Mazeel, Muhammed Abed, (2010), “Petroleum Fiscal Systems and Contracts”, Hamburg, DEU: Diplomica Verlag, P8.

12-      “Production Sharing Contract, Shaikan Block, between the Kurdistan regional of Iraq and Gulf Keystone Petroleum International Limited and Texas Keystone Inc. and Kalegran Limited”,(06/11/2007), Page 66,68.

  • Mezeel Mujammed Abed,Ibid, P18.
  • PSC – Hillwood, (06/11/2007), “Production Sharing Contract, Sarsang Block, Kurdistan Region, between the Kurdistan region of Iraq and HKN Energy LTD” page 67-68.
  • PSC – Hillwood,ibid, page 55
  • “Mazeel, Muhammed Abed,Ibid, P27.
  • OPEC, (2003), “Monthly Oil Market Report”, https://www.opec.org/opec_web/en/publications/466.htm, (accessed: (11/10/2022).
  • عبد المهدي حميد العميدي، (٢٠٠٨) “نظرة عامة على العقود النفطية لجوالت التراخيص في العراق”، صفحة٣.
  • صباح الساعدي-عبد المهدي العميدي،(١/٨/٢٠٢٠) عقود التراخیص النفطیة مالها وما علیها، org/ar/عقود-التراخيص-النفطية-ما-لها-و-ما-عليها/، (متاح علی: ١٨/١٠/٢٠٢٢).
  • “Technical Service Contract for Rumaila Oil Field” between South Oil Company of the Republic of Iraq and BP Iraq Limited and CNPC International (Iraq) limited and SOMO”, Article 19.2, page 33, (27/7/2009), https://s3.amazonaws.com/rgi-documents/24cf4f39ead2536ca9d94f5ad520a81cdb15ad38.pdf, (accessed: (15/10/2022).
  • عبد المهدي حميد العميدي، مصدر السابق، صفحة ١.
  • Deloitte, (20/06/2021), “Kurdistan Regional Government of Iraq Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020”, https://gov.krd/english/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2020/ (accessed: 18/10/2022).
  • Deloitte, (07/09/2022), “Kurdistan Regional Government of Iraq Oil production, export, consumption and revenue for the period 1 April 2022 to 30 June 2022” https://gov.krd/english/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2022/, (accessed: 18/10/2022)/
  • یادگار سدیق گەڵاڵی، فریا کاڵێ، (٢٠٢١)، “وردبوونەوە لە وردبینییەکەی دیلۆیت لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠”، هەولێر: کامبرج، ل٢٧.
  • بتروتیم-القاسم، (٢٠١٧)، النرویج،”تقیم عوقد الخدمة النفطیة في العراق وتأثیر أسعار النفط”، الصفحة ٢٧.
  • بتروتیم-القاسم، مصدر السابق، الصفحة ٢٨.
  • وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، (٢٥/٨/٢٠١٣)، http://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/ku/oil-ku/vision.html، (بەردەستە: ١٩/١٠/٢٠٢٢).
  • Deloitte, (07/09/2022), ibids, accessed: (20/10/2022).
  • ارتفاع انتاج العراق من النفط لأعلى مستوى منذ 33 عاما، (٥/٣/٢٠١٢)، https://www.bbc.com/arabic/business/2012/03/120305_iraq_oil، (متاح علی: ١٩/١٠/٢٠٢٢).
  • OPEC, (2003), “Monthly Oil Market Report”, https://www.opec.org/opec_web/en/publications/338.htm, (accessed: (11/10/2022).
  • United Nations, https://www.un.org/en/climatechange/paris-agreement, (accessed: 17/10/2022).
  • O’Byrne, David (22/5/2020), “FEATURE: Turkey eyes leverage as it drags feet on Iran gas pipeline repairs”, https://www.spglobal.com/commodityinsights/en/market-insights/latest-news/oil/052220-feature-turkey-eyes-leverage-as-it-drags-feet-on-iran-gas-pipeline-repairs, (accessed: 16/10/2022).
  • Dana Gas, (24/04/2021),” Dana Gas and Crescent Petroleum Resume Khor Mor Expansion Project”, https://www.danagas.com/media/press-releases/?cat=2021, (Access: (20/10/2022).
  • You tube, (12/1/2021) “Gas in Iraqi Kurdistan: Market Realities, Geopolitical Opportunities” (accessed: 19/10/2022).

 

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم

Send this to a friend