• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 26, 2023

پرسی نەتەوەیی لەژێر ڕۆشنایی گوتارى ئیسلامى سیاسیدا

نووسینی: سەربەست نەبی – بەشی دووەم و كۆتایی

وەرگێڕانی: ئایینناسی

دەرکەوتنى بیری نەتەوەیى عەلمانى کە مەودودی وەک “دەمارگیری جاهلی” ناوزەندى دەکات، هۆکار دەبێت بۆ سڕینەوەى نەتەوەیی ئیسلامی و هەڵوەشاندنەوەى، کە بنەماى بیری نەتەوەیی کار و ئیمانە نەوەک ڕەگەز و نیشتمان. بە پێى بۆچوونى ئەو پێویستە لەسەر موسڵمانان لە سەرتاسەرى جیهاندا کە هاوبەش و هاوکار بن لەژێر چەترى ئەو نەتەوەیە بە بێ جیاوازى، لەبرى بەشدارى لە شوناسی نەتەوەیی و پابەند بوون پێوەی.
بە نۆبەى خۆى، سەید قوتب سیستمى سیاسی و کۆمەڵایەتى ئیسلامى بە باشتر زانی بەراورد بەو سیستمانەى کە مرۆڤایەتى ناسیویەتى بە درێژایی مێژووى خۆى وەک کۆیلایەتى و دەرەبەگى و سەرمایەدارى، لەبەر ئەوەى بەپێی بۆچوونى ئەو بەرهەمى شەریعەتێکى تایبەتە، نەوەک بە پێچەوانەوە، ئەو شەریعەیەش لە بنەمادا شەریعەتێکى مێژوویی نییە، بەڵکو بەر مێژوو دەکەوێت و تێیدەپەڕێنێنت.

قوتب پێی وایە ئەو کۆمەڵگە ئیسلامییەى کە لە شەریعەتەوە سەرچاوە دەگرێت، کۆمەڵگەیەکى جیهانییە و بەپێی جوگرافیا سنووردار نابێت، هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکى نانەتەوەییە”، بەم شێوەیە سەید قوتب چەمکەکانى سەروەرى تێدەپەڕێنێت و دانی پێدا نانێت، هەروەها دژى چەمکەکانى نیشتمانى و هاووڵاتی بوونە، لەبەر ئەوەى شەریعە لەسەر بنەماى برایەتى ئیسلامییە، نەوەک ڕەگەز و پێگەى نیشتمان.
هەروەها ئەو نیشتمانەى کە قوتب وێناى کردبوو، واپێویستى دەکرد کە موسڵمان هەموو شتێکى خۆى پێببەخشێت، ئەو نیشتمانە نییە کە سنووردار کراوە بە سنوورى سیاسی و نەتەوەیی و کولتوورى، بەڵکو ئەو نیشتمانەیە کە ملکەچی دەسەڵاتى خوایە و شەریعەتى خوا تێیدا باڵادەستە و موسڵمانان تێیدا ئاگایان لەیەکە وەک برای دینی، نیشتمان، خانەى ئیسلامە، بەدەر لەوەش خانەى جەنگ و کوشتارە، لەو بارەوە قوتب دەڵێت “تەنها ئەو شوێنە نیشتمانە بۆ موسڵمان کە تێیدا شەریعەتى خوا باڵادەستە، کە پەیوەندییەکان تێیدا لەسەر بنەماى پەیوەندی بە خوا داڕێژراوە، موسڵمان ڕەگەزى نییە تەنها باوەڕى هەیە کە وا دەکات ببێت بە ئەندامێک لە “نەتەوەى ئیسلامى”، لە خانەى ئیسلامدا.
بنەماى ئەو برایەتییە ئیسلامییەى کە ئیسلامى سیاسی ڕایدەگەیەنێت، پەیوندییەکى هاوپشتى ئایینی دروست دەکات لە نێوان تاکەکاندا کە جێگرەوەیە بۆ پەیوەندى هاووڵاتی لە ڕووى سیاسی و یاساییەوە لە نیشتمانێکدا، یاخود پەیوەندى نەتەوەیی کە لەسەر بنەماى شوناس و چارەنووس، ئەو بنەمایەى کە برایەتى موسڵمانان لەسەرى دەڕوات سنوورى جوگرافی تێدەپەڕێنێت و لەسەر بنەماى دڵسۆز بوونە بۆ ئاسمان و بێبەری بوونە لە زەوى، باوەڕى هاوبەش تەنها شوناس دروست دەکات. هەر لەسەر ئەو بنەمایە مەودودى جیاکارییەک دەکات لە نێوان هاووڵاتییانى نیشتمانێک و شوناسی نەتەوەیی، لەسەر بنەماى جیاکارى لەنێوان موسڵمان و ناموسڵمان، لەو بارەوە دەڵێت “سۆزى نەتەوەیی ئیسلامى وا دەخوازێت کە موسڵمانان بە لایەنگر و ناموسڵمان بە دوژمن سەیر بکەن لە کاتێکدا کە هەستى نەتەوەیی وادەخوازێت هاونیشتمانى وەک پشت و هاوپەیمانى خۆتان سەیر بکەن”. لەم ڕوانینەوە دەتوانین لە جۆش و خرۆش و ئامادەیی موسڵمانە کوردەکان تێبگەین بۆ بەشدارى کردن لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتى وەک هاوپشتی و پشتیوانییەک بۆ تەواوى موسڵمانەکانى جیهان لە میانمارەوە تا دەگاتە کشمیر و غەززە، لە کاتێکدا کە هەر ئەو موسڵمانە کەمتەرخەمە بەرامبەر بە وانەى کە نزیکترن لێی وەک مەسیحی و ئێزیدی و تەنانەت ئەو کارەساتانەش کە بەسەر هاونەتەوەکانیان هاتووە لە خەباتیان دژ بە سیستمە ئیسلامییەکانى ئێران و تورکیا.
باوەڕ، باوەڕدار، کۆمەڵگاى باوەڕداران، ئەوە ئەو سێ بنەما سەرەکییەیە کە گوتارى ئیسلامى سیاسی پشتى پێدەبەستێت لە شوناسدا و جێگەى چەمکە نوێکانى ئاگایی بە چارەنووس، هاونیشتمانى و گەل و نەتەوە دەگرێتەوە، هەروەها پێگەیەکى سەرەکى هەیە لە ئایدۆلۆجیاى ئیسلامى و بە بنەماى پرۆژەى گێڕانەوەى خیلافەتى ئیسلامى و دامەزراندنى شەریعەتى ئیسلامى ئەژمار دەکرێت، کە بە ئامانجى باڵاى جوڵانەوەکانى ئیسلامى سیاسییە، ئەمەش ئەرکە بۆ موسڵمان کە بەپێی ئەو کار دەکات لەسەر جێبەجێکردنى شەریعەتى ئیسلامى و سەروەر بوونى لەسەر زەوی، کە لە ڕێگەیەوە وتەى خوا باڵادەست دەبێت و کۆمەڵگەى موسڵمانان یەکڕیزی بۆ دەگەڕێتەوە.
تا ئەو جێگەیەش کە ئەم حاڵتە پەیوەندى بە دامەزراندنى کۆمەڵگەى ئاینییەوە هەیە لە ژێر دەسەڵاتى خواوەند، کۆمەڵەکانى ئیسلامى سیاسی زۆر گوێ بە پرۆژەکانى ڕزگارى نەتەوەیی و دەوڵەتى نیشتمانى و خەبات لە پێناو دیموکراسییەت و یەکسانى نادات، لەبەر ئەوەى ئەو پرۆژە “جاهیلییانە” سەرنجى موسڵمانان لەسەر ئامانجە گرنگەکەیان دوور دەخاتەوە کە بریتییە لە دووبارە زیندووکردنەوەى نەتەوەی ئیسلام و گێڕانەوەى سەروەرییەکانى خیلافەت، کە تێیدا تەواوى نەتەوەکان تێیدا دەتوێنەوە لەسەر بنەماى باوەڕێکى هاوبەش، کە بریتییە لە تەنها شوناسی موسڵمان. ململانێ نەتەوەییەکان دژ بە ڕەوتى نەتەوەیی ئیسلامییە، کە مەودودى پێی وایە دژ بە بنەماى باڵاى برایەتى ئیسلامییە، هەر بۆیە پێویستە تەکفیر بکرێت لەگەڵ تێکڕاى ئەو ئایینزا سیاسییە نوێ و ئایدۆلۆجیایانەى نموونەى دیموکراسی، عەلمانییەت، عەقڵانییەت، نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرى، هەروەک محەممەد قوتب دەڵێت.
بە پێى ئەم گوتارە، ئیسلامى سیاسی دەروازەیەکى تایبەت دەدۆزێتەوە بۆ چەمکەکانى نەتەوە-گەل و هاووڵاتی بەدەر لە دەروازەى سیاسی و یاسایی، لەبەر ئەوەى نەتەوە و گەل بەپێى ئەم گوتارە، بریتییە لە نەتەوەی ئایینی، کە لە چەمکى “کۆمەڵەى ئیسلامى” کورت دەبێتەوە، بە شێوەیەک کە نەتەوە تێکەڵ دەبێتەوە بە چەمکى ئایین و شوناس و باوەڕى کۆمەڵگە، ئەمەش بریتی نییە لە کۆمەڵەیەکى نەتەوەیی، یاخود کۆمەڵێک هاووڵاتی هەروەک لە فەرهەنگى سیاسی هاوچەرخدا هاتووە، بەڵکو کۆمەڵێکى سیاسییە کە باوەڕ و ئیمانى ئایینی کۆی دەکاتەوە، پابەندبوون تاک پێناسە دەکات بە پلەى پابەندبوون بە باوەڕى هاوبەش، بەپێی ئەم بنەمایە کۆمەڵێک مەرجى پێکەوە گونجان لە شوناسی ئایینیدا دەکات بە پێوەر بۆ هەموان. زۆرینەى کۆمەڵە سیاسییەکان هاوشێوەى ئەوەى لە کۆمەڵگەى ئیسلامیدا دەگوزەرێت کە لەسەر بنەماى پەیوەندى سیاسی دامەزراوە، باوەڕى بە پلوڕالیزمى بیروباوەڕ هەیە لە نێو پێکهاتەکانیدا، بە شێوەیەک کە پەیوەندى ئایینی نایەتەوە لەگەڵ پێناسەکردنى شوناسی هاووڵاتی تێیدا. پەنا بردن بۆ گوتارى سیاسی ئایینی لە دیاریکردنى پەیوەندى نێوان تاکەکان و کۆمەڵگە، یاخود پێناسەى هاووڵاتی بوون بەپێی بیروباوەڕ، بە چارەسەرێکى سیاسی ئەژمار ناکرێت لە بەرامبەر ئەوەى لە ئێستادا دەگوزەرێت، بە تایبەت لەو کۆمەڵگانەى لە ڕووى نەتەوەییەوە تێکەڵن، هەروەها ئەگەر پابەند بوون تەنها لەسەر بنەماى ئایینی بێت، لە برى پابەند بوونى سیاسی و هاووڵاتی بوون، بۆی هەیە کە کۆمەڵگە بە شێوەیەکى ترسناک دابەش بکات و جیاوازى دروست بکات لە نێوان پێکهێنەرەکانى کۆمەڵگە لە ڕووى پێگە و ڕۆڵەوە، بە تایبەت لە هەرێمى کوردستان.
پێویستە ئەم شێوازە لە گوتار لەسەر بنەماى سڕینەوە و ڕێگە نەدان بەوى دی دابمەزرێت کە لە ڕووى بیروباوەڕەوە جیاوازە و ئەمەش پێچەوانەى خواستەکانى ئازادى نەتەوەیی و ئاڵنگارییەکانیەتى لە یەکڕیزی و یەکسانى، کۆمەڵ، یاخود نەتەوەی ئیسلامى، ئەوەى کە جوڵانەوە ئیسلامییەکان خوازیارین، لە کۆتاییدا لەسەر بنەمایەکى ئەو دنیایە دامەزراوە کە بریتییە لە ڕزگارى نەتەوەى موسڵمان لەو دنیادا کە ئامانجى پێشوەختە و بە پاساوى بوونى دادەنرێت، لە کاتێکدا کە گوتارى نەتەوەیی کار بۆ ڕزگاربوون دەکات لەم دنیایەدا لە ستەمى کۆمەڵە نەتەوەییەکان و ستەمى سیستمە سیاسییەکانى دیکە، تەنانەت گەر لە ڕووى ئایینییەوە هاوبەش بن و کار دەکات لەسەر پاراستنى شکۆى مرۆڤ کە بە بێ پاراستنى قسە کردن لەسەر هیچ جۆرە ئازادی و یەکسانى ئایینی مەحاڵ دەبێت، ڕزگارى نەتەوەیی و کۆمەڵگە پێشمەرجى ئازادى ئایینی و ئازادى ویژدانە، نەوەک بە پێچەوانەوە.
بۆچوونى زۆرینەى جوڵانەوەکانى ئیسلامى سیاسی لەسەر بنەماى شوناس، ڕزگارى نەتەوەیی، بنەماى ئایدۆلۆجیا و سەرچاوەکانییەتى، بە شێوەیەکى گشتى گوتارى جوڵانەوەى ئیسلامى سیاسی کوردیش لەو ڕێگەیە لانادات، هەر بۆیە پرسی ڕزگارى نەتەوەیی وەک کارێک لە پێشترینە لە ڕووى بیر و سیاسەتەوە، نەوەک ئایدۆلۆجیایەکى سیاسی، هەروەها بیرى هاوپشتى نەتەوەیی لە نێوان کۆمەڵگەى کوردستانى دابەش بووە، بە تایبەت هاوپشتى هەر پارچەیەک دژ بە پڕۆسەکانى چەوەساندنەوەى نەتەوەیی سیستمى ئایینی و نەتەوەیی لە لایەن هێزى باڵادەستەوە. لەو چوارچێوەیەدا پارتە ئیسلامییەکان باوەڕیان بەوە نییە کە دابەشبوونى نەتەوەى کورد لە ڕووى ئاکارى سیاسییەوە کارێکى ناڕەوا بێت و پێویست بکات کە تێپەڕێنرێت، بەڵکو ئەوەى بە لاى ئەوانەوە گرنگە، قسەکردنە لەسەر پرسە گرنگەکە، کە بریتییە لە کەوتنى خیلافەتى ئیسلامى و دابەشبوونى نەتەوەى موسڵمان، کە لە ئێستادا گەورەیی خۆى لەدەست داوە، هەروەها پرسی یەکڕیزی نەتەوەیی لە ڕووى سیاسی و ئایینییەوە هیچ بایەخێکى ئەوتۆى نییە گەر هەنگاوێک نەبێت بۆ گەیشتن بە یەکڕیزی باڵاتر کە یەکڕیزی نەتەوەی ئیسلامییە.

سەید قوتب چەمکەکانى سەروەرى تێدەپەڕێنێت و دانی پێدا نانێت، هەروەها دژى چەمکەکانى نیشتمانى و هاووڵاتی بوونە، لەبەر ئەوەى شەریعە لەسەر بنەماى برایەتى ئیسلامییە، نەوەک ڕەگەز و پێگەى نیشتمان

لە بەرامبەردا چڕی هەڵوێستەکانى هاوپشتى و ڕەفتارى لەگەڵ گەلانى موسڵمانى تر، ڕەنگدانەوەى بێبەریبوونە لە شوناسی نەتەوەیی و ئاوێتەى پرۆژەى کۆزمۆپۆلەتیکی برایانى موسڵمانە کە لەسەر بنەماى یەکبوونى ئایین دامەزراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕى ئیسلامییەکان بە باڵایی گوتارى ئایینی بەراورد بە خواستە مرۆییەکان. لە دەرەنجامدا دەکرێت بڵێین، کە جوڵانەوە ئیسلامییە سیاسییەکان لە کورستان باوەڕیان بە ڕەوتى مێژوویی جوڵانەوەى نەتەوەیی کوردستان نییە، تەنانەت گەر بانگەشەى پەیوەستبوونیشی بکات بەو جوڵانەوە سیاسییەوە بە بیانوی ئەوەى پابەندبوون بە شوناسی نەتەوەیی و جوڵانەوە سیاسییەکەى هەڵکەوتێکى مێژووییە و لادانە لە ڕۆحى کۆمەڵگەى ئیسلامى، لەو بارەوە یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانیان دەڵێت: “کورد و عەرەب برایانە لە ژێر سێبەرى خانەى ئیسلامدا ژیاون، نەوەک لە عێراق، کاتێکیش عەرەب داواى بیری نەتەوەییان کرد لە سەرەتاکانى سەدەی بیستەمدا و خیلافەتى ئیسلامیان ڕووخاند بە هاوکارى جولەکە و ڕۆژئاوا و بە دەوڵەتۆچکەى نەتەوەیی ڕازى بوون، کۆتاییان بەو برایەتییە هێنا، بەڵام ئەگەر هەموان بگەڕێنەوە بۆ خیلافەتى ئیسلامى و ڕێکبکەوین لەسەر نەهێشتنى ئەو دەوڵەتۆچکانەى لەسەر خاکى ئیسلام دروستبوون، ئەو کاتە ئیتر هیچ پێویست ناکات داواى ماف و کوردستانەکەیان بکەن.
لیرەدا نهێنی کێشەکە ئاشکرا دەبێت، ڕەوایەتى جوڵانەوەى سیاسی و نەتەوەیی کورد و خواستیان بۆ سەربەخۆیی وەک نەتەوەیەک و یەکسانییان لەگەڵ نەتەوەکانى دیکە، دەرەنجامى پیلانێکى جولەکەیە لەگەڵ ڕۆژئاوا بۆ ڕووخاندنى خیلافەتى ئیسلامى و هەڵوەشاندنەوەى نەتەوەى موسڵمان، هەر ئەوەندەش کە خیلافەت بەدەست بهێنرێتەوە، ئەو کاتە ئەو خواست و مافانە و تەنانەت کوردە نەتەوەییەکان بیانوى بوونیان نامێنێت و نامێنن. بەپێی ئەم بڕوایە پیرۆزى و ڕەوایەتى مافە نەتەوەییەکانى فەڵەستین و ڕزگارکردنى خاکەکەى زۆر لە پێشترە لە ڕزگارکردنى کوردستان. فەڵەستین و پرسەکەى پێگەیەکى لە پێشتریان هەیە لە خوێندنەوەى ئیسلامییەکاندا، لەبەر ئەوەى قوربانى ئەو پیلانەیە کە جولەکەکان کێشاویانە بە نییەتى ڕووخاندنى خیلافەتى ئیسلامى و هەر ئەمەشە کە ڕوونى دەکاتەوە بۆچى پرسی فەڵەسین هێندە پڕ ڕەنگە لە ئەدەبیاتى ئیسلامى سیاسیدا.
رەوتەکانى ئیسلامى سیاسی بە شێوەیەکە کاتێک کە مێژووى نەتەوەیی خۆى دەخوێنێتەوە، لەچەند سەرچاوەیەکى ئایدۆلۆجىیەوە سەرچاوە دەگرێت کە دژ بە بیری نەتەوەییە، هەر بۆیە دەبینین کە تەکفیری تەواوى مێژووى پێش ئیسلام دەکات و خۆى بێبەرى دەکات لێی. ئەو خوێندنەوەیە بۆ مێژووى گەلان و شارستانییەتەکانى پێش ئیسلام بۆ خۆى جۆرێکە لە جاهلیەت، لەبەر ئەوەى پێی وایە ئەو گەلانەى پێش ئیسلام ژیاون، لە ڕووى ڕۆحەوە بەتاڵ و لە تاریکیدا بوون و بە هاتنى ئیسلام و ئیمان توانى بە کەمترین هەوڵ و کەمترین بەرگرى ئەو نەتەوانە ئاڕاستە و ملکەچ بکات، لەبەر ئەوەى ئەو نەتەوانە هەر بۆخۆیان چاوەڕوانى ڕزگارکەر بوون، بەپێى ئەم بۆچوونە ئەو گەلانەى کە بوون بە موسڵمان، بە ویستى خۆیان چوونەتە ناو ئایینی خوا و چاوەڕوانى چارەنووسی خۆیان بوون لە ڕزگارى و ڕووناکى بەبێ ئەوەى بچوکترین بەرگرى نیشان بدەن، لەبەر ئەوەى بۆخۆى چاوەڕوانى ئەو پەیوندییە بوون بە مەبەستى ڕزگار بوون لە هەژارى و دواکەوتوویی. ئەمە شیکردنەوەیەکى ئیسلامییانەى مێتافیزیکییە بۆ مێژوو، کە لە مەرجەعێکى غەیبییەوە سەرچاوە دەگرێت و نایەتەوە لەگەڵ میتۆدى زانستى و مێژوویی، هەر بۆیە هیچ کات نابێت چاوەڕوانى ئەوە بکرێت کە لەناو ئیسلامییە کوردەکان کەسانێک هەبن باوەڕیان بە شارستانیەتى میدیاییەکان، یا حورییەکان هەبێت، لەبەر ئەوەى لە کۆتاییدا ئەو نەتەوانە بتپەرست و دواکەوتوو بوون، ئەوان پێیان وایە کە مێژووى ڕاستەقینەى کورد لەگەڵ ئیسلام دەستپێدەکات و تەنها لەگەڵ ئەویشدا کۆتایی پێدێت.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانى گوتارى ئیسلامى سیاسی بە شێوەیەکى گشتى ئەوەیە کە ئەو نەتەوانەى کە عەرەب، تورک نین پێویستە پەیڕەوى لە مەرجەعیەتى ناوەند بکەن لە ڕووى سیاسییەوە بە بیانوی دروست نەکردنى بارگرژى نەتەوەیی و دابەشکردن، لەو بارەوە موحسین عەبدولحەمید ڕابەرى ئیخوانى عێراق کە بە ڕەچەڵەک کوردە دەڵێت: شێوەى ئیخوان لەگەڵ نەتەوە ناعەرەبەکان بریتی بووە لە بانگەشەکردن بۆ برایەتى موسڵمان و دروست نەکردنى دووبەرەکى نەتەوەیی، لەبەر ئەوەى ئیخوانەکان تەنها باوەڕیان بە ئیسلام هەیە وەک تەنها ڕێگە بۆ ژیان و پەیوەندیکردن لە نێوان نەتەوە موسڵمانەکاندا.

قوتب دەڵێت “تەنها ئەو شوێنە نیشتمانە بۆ موسڵمان کە تێیدا شەریعەتى خوا باڵادەستە”

کێشەى ئیسلامییە کوردەکان لە ڕووى ڕێکخراوەیی و سیاسییەوە لە پەیوەندییان بەوى ترەوە سەرچاوە دەگرێت، بەو پێیەى کە جوڵانەوە ئیسلامییە سیاسییە سەنتڕاڵەکان وەک تورک و عەرەبەکان ڕێگە نادەن جوڵانەوەى دیکەى سەربەخۆ دروست ببێت لە ڕووى سیاسی و ڕێکخراوەییەوە لە ترسی ئەوەى مەرجەع دروست نەبێت بۆ جوڵانەوە ئیسلامییە کوردەکان لەسەر بنەماى نەتەوەیی. ئەوەى جێگەى سەرنجە بوونى هەژموونێکى ئیخوانى هاوشانە لەگەڵ هەژموونى سیاسی و کارگێڕى ئەو وڵاتانەى کە نیشتمانى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە و لە ڕووى گوتاریشەوە هاوشانى گوتارى دەسەڵاتى سەرکوتکەر ڕێگە نادات کە جوڵانەوەیەکى ئیسلامى سیاسی بە ماکێکی نەتەوەیى کوردی دروست ببێت لە کوردستان و لە بەرامبەردا داوا لە موسڵمانە کوردەکان دەکات تەنها ببن بە بنکەیەکى جەماوەرى بێ شوناس، جگە لە شوناسی ئیسلامى خاوەن هیچ شوناسێکى دیکە نەبن. ئەمە هەڵوێستى ئیخوانە لە عێراق تایبەت بە دروستبوونى ڕێکخراوێکى ئیخوانى کوردی سەربەخۆ لە کوردستان، هەر ئەمە هەڵوێستى ئیخوانە تورک و سورییەکان بوون، ئەوان پێیان وایە کە کورد تا ئەو کاتەى لەگەڵ ئەوان بن پێویستیان بە ڕێکخراوێکى سەربەخۆ و گوتارێکى سیاسی نییە.
لەم چوارچێوەیەدا ئیسلامى کوردى دەبێتە بابەتێک بۆ پاشکۆیەتى و دووچار بە دوو گوتارى زەوت کردن و کەنارخستن دەبێت، کە لە یەک کاتدا شوناس و ویستى زەوت دەکات لەوەى کە بتوانێت لە ڕووى سیاییەوە چارەنووسی خۆى دیارى بکات، یەکەم گوتارى دەسەڵاتى ناوەندی سەرکەوتکەرە کە دان بە بوونیدا نانێت، دووەم گوتارى ئیسلامى سیاسییە کە ڕەتى دەسەڵاتى نەتەوەیی دەکاتەوە و ڕێڕەوەکەى دەگۆڕێت بە ئاڕاستەى گەڕان بە دواى ڕزگارى بەدەر لە ڕەوتە نەتەوەییەکەى.
پاشکۆبوونى ئیسلامى سیاسی کورد بۆ مەرجەعى ئایدۆلۆجى نانەتەوەیی، ئیسلامییە سیاسییە کوردەکانى خستە قەیرانى سیاسییەوە، کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت لە یادەوەرى نەتەوەییدا، لەو بارەوە د. عەبدولڕەحمان ئەسبیندارى کە ئیخوانییەکى سەر بە ڕێکخراوى دهۆکى ئیخوان موسلمین بوو دەڵێت، کە ئیخوان موسلمینەکانى کورد بەشداریان لە ڕاپەڕینەى ساڵى 1991 دا نەکرد، لەبەر ئەوەى محەممەد حامد ئەبونەسڕ ڕابەرى گشتى ئیخوان موسلمین لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە ڕاپەڕین پیلانێک بووە بۆ دابەشکردنى عێراق، ئەم هەڵوێستەش کە تێیدا ئیخوان موسلمین سوکایەتى دەکات بە خەباتى نەتەوەیی و قوربانییەکانى گەلى کوردستان لە لایەن ئیخوان موسلمینى عێراق تەنها هەڵوێست نەبووە، بەو پێیەى پێشتر ئەم حزبە ئیدانەى کیمیابارانەکەى هەڵەبجەى نەکردووە لە ئازاى 1988، هەروەها هیچ هەڵوێستێکى نەبووە لە کاتى ئەنفال کردنی 182 هەزار هاووڵاتی کورد بە منداڵ و ئافرەت و بەتەمەنەوە، لەم بارەوە ئیخوان موسلمینی عێراق و ئیخوانى جیهان بێدەنگییەکى شەرمەزارکەریان هەڵبژارد، کە هیچ کات ناکرێت لەیاد بکرێت. ئەم هەڵوێستە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت لە یاد بکرێت لەبەر ئەوەى دەرخەرى هەڵوێستى بانێکە و دوو هەوایە لەلایە گرووپە ئیسلامییەکان.
دیارترین نموونەش لەبارەى قەیرانى شوناس لەلاى ڕۆشنبیرى ئیسلامى کورد لە نموونەى شێخى کوردى و زاناى ئایینی محەممەد ڕەمەزان بوتى بەدى دەکرێت، کە ئامادە نەبوو دەست هەڵبگرێت لە پابەند بوونى نەتەوەیی خۆى، هەر بۆیە دەرەنجام تیرۆریان کرد.
بوتى، سەربارى ئەوەى هەوڵى دەدا خۆى بەدوور بگرێت لە چالاکى سیاسی ڕاستەوخۆ، بەڵام بە هۆى هەوڵەکانى بۆ خۆگونجان لەگەڵ ئایدۆلۆجى باودا، بە ناچار خۆى لە هەڵوێستێکدا بینییەوە کە دژ بە شوناسە نەتەوەییەکەى بوو، بەشێوەیەک کە تێوەگلا لەهەستى نەتەوەیی عەرەبچێتى و ئیسلامى باو لەو سەردەمەدا لەگەڵ شێخەکانى ئەزهەر و عەبدولمەجید زەنەدانى لە یەمەن کە پشتیوانیان لە ڕژێمەکەى سەدام حسێن دەکرد بە بیانوى داکۆکیکردن لە عێراق و یەکڕیزییەکەى لە بەرامبەر داگیرکارى ئەمەریکا. ناوبراو لە یەکێک لە هەڵوێستە توندەکانیدا کاتێک کەوتبووە ژێر کاریگەرى هەستى گوێگرەکانى لە گوتارێک لە 4/4/2003 وتى، کە هەستى نەتەوەیی خۆى (وەک کورد) دەخاتە ژێر پێکانی، لەبەر ئەوەى لەگەڵ ئایینەکەى یەک ناگرێتەوە، بەپێى تێگەیشتنى بوتى، هەر پشتیوانییەک لە داگیرکارى ئەمەریکا، یاخود هەر هەوڵێک بۆ خستنى دەسەڵاتێکى ستەمکار لەو کاتەدا وەک دژایەتیکردنى بنەماکان ئیسلام وابوو.
بەم شێوەیە هستریاى دەستەجەمعى، ئایینى نەتەوەیی و ناعەقڵانییەتى جەماوەرى عەرەبی هاوسۆز لەگەڵ ڕژێمى عێراق ئەوەى سەپاندبوو بەسەر شێخ بوتى کە پابەندبوونى بە ئایینەکەى خۆى بسەلمێنێت لە ڕێگەى مەراییکردن بۆ هەستى ئیسلامى باو لەو کاتەدا، بە شێوەیەک کە هەر کەسێک پشتیوانى لە ستەمکارەکەى بەغدا نەکردایە، ئیدانە و تەکفیر و تەنانەت خوێنێشی حەڵاڵ دەکرا. لە ڕاستیدا کورد و پرسەکەى کڕۆکى ئیدانە کردن بوو لە لایەن تەکفیری و عەرەبە نەتەوە پەرستەکانەوە. بە نۆبەى خۆى شیخ بوتى گەیشتبووە ئەو باوەڕەى کە ئیماندارى و ئەو وتارانەى کە دەیدا بەس نەبوون بۆ ئەوەى تاوانی کوردبوونى لێ پاک بکاتەوە، بەو پێیەى کە گومانێک لە دڵى جەماوەرە ئایینییەکە دروست ببوو تایبەت بە دڵسۆزى شێخەکەیان بۆ ئایین و بیروباڕەکەى بە هەڵبژاردنى بێدەنگى بەرامبەر هەڵوێستى کورد لە باشوورى کوردستان و خواستیان بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتى سەدام حسێن.

ئەوەى کە جوڵانەوە ئیسلامییەکان خوازیارین بریتییە لە ڕزگارى نەتەوەى موسڵمان

بێدەنگى بەس نەبوو، بوتى دەبوایە ئەو ڕووبەڕووبوونەوەى ئەنجامبدایە تایبەت بە قسە وتن بە شوناسەکەى بەو شێوە ناشرینە، ئەگەر زیاتریشی بۆ بکرایە ئەنجامی دەدا تا هیچ شتێک نەهێڵێتەوە کە کورد بوونى بسەلمێنێت و ملکەچی خۆى دەربخات بۆ ئیسلامى نەتەوەیی عەرەب تا لە ڕووى شوناسەوە خۆى پابەند بکات پێوەی. بەم شێوەیە بوتى بەپێی بۆچوونى خۆى ڕزگارى بوو لە کوردبوونى خۆى و پاکبووەوە لەو تارماییەى کە بە درێژایی تەمەنى کەوتبووە دواى ئەو و هەر کوردێکى ئیسلامى کە بیویستایە دڵسۆزانە ئەمەکى خۆى بۆ گوتارى ئیسلامى سیاسی ڕابگەیەنێت.
بەکورتى، ئیسلامى سیاسی عەرەبی، نەتەوەپەرستى عەرەبییە لە پێکهاتە و لە لۆژیکەکەیدا، هەروەها لە سیستم و چەمکەکانیدا، ئەم پابەندبوونە بە نەتەوەپەرستى عەرەبی مەرجە بۆ باوەڕى ئیسلامى، لەبەر ئەوەى ناکرێت ئیسلام لە بیری عروبی جیابکرێتەوە. چەمکى نەتەوە لە دروشمە ئایینییەکاندا یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئایدۆلۆجیاى نەتەوەیی عەرەب کە لە گوتارى بەعس و ناسڕییەکان شێوەیەکى ئاشکراى بەخۆوە بینی. لەو بارەوە میشێل عەفلەق دەڵێت کە ئەوە ئیسلام بوو کەسایەتى بەخشی بە نەتەوەی عەرەبی. بیریارێکى ئیسلامى بەناوى محەممەد عەمارە لە خوێندنەوەى بیری عەفلەق دەڵێت: “هیچ گومانى تێدا نییە کە ئەو پەیامە نەمرەى میشێل عەفلەق مەبەستى بوو، هەر هەمان ئیسلام بوو”.
ئیسلامى سیاسی کوردى بە پێچەوانەوە بەبێ سیماى نەتەوەییە و هەڵوەشاوەیە لە ڕووى شوناسەوە، بگرە پێی وایە کە ئەو هەڵوەشانەوەیە مەرجە دڵسۆز بێت بۆ مەرجەعە سیاسییەکەى. فارسەکان زۆر لە مێژە بەم هاوکێشەیەیان زانیوە، هەر بۆیە هەستان لە ڕێگەى ئایینزاى شیعەوە ئیسلامیان بە فارسی کرد، تا لەو ڕێگەیەوە خۆیان بەدوور بگرن لە مەرجەعیەتى نەتەوەی دیکە جگە لە مەرجەعیەتى نەتەوەی خۆیان، هاوشان لەگەڵ ئەوە دامەزرێنەرانى ئیسلامى سیاسی تورکی خواستى خۆیان نەشاردووەتەوە بۆ ئیسلامێک کە تایبەتمەندى نەتەوەیی هەبێت، بە شێوەیەک کە کەسایەتى تورکی و مێژووى ئیسلامى خۆى نمایش بکات، ئەڵبەتە ئەم حاڵەتە لە ڕەوتى مێژووى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى پەرەی سەند، تورکەکان پێیان وایە کە ئیسلامێکى تورکی هەیە بە تایبەتمەندى شوناسی نەتەوەی تورکی، هەروەها باوەڕیان بە دانایی و دەگمەنى مێژووى تورکیا و ڕۆڵى ناوازەى تورک لە بڵاوکردنەوەى ئیسلام و دامەزراندنى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى هەیە، هەڵبەت ئەم باوەڕە پشت بەهەستێکى هاوبەشی دیکە دەبەستێت کە پێی وایە تورکەکان هەڵبژێردراون تا ڕۆڵێکى پێشەنگ بگێڕن لە جیهانى ئیسلامدا.
لێرەوە شوناسێکى ئایدۆلۆجى ئاوێتە دێتە ئاراوە کە پێکهاتووە لە سیمبولى ئایینی و نەتەوەیی کە بە قووڵى تێکەڵ بەیەک بوون بە ئامانجى دروستکردنى ئاگاییەکى هاوبەش بۆ پابەندبوون. لێرەوە ئایین لە گوتارى ئیسلامى تورکیا تێکەڵ بوو بە هەستى نیشتمانى و کارى کرد لەسەر ڕوونکردنەوەى ڕەسەنایەتى و دەگمەنى کولتوورى و نەتەوەیی و پاساو بۆهێنانەوە و یاسای سەرو مرۆڤایەتییەوە. بەمشێوەیە ئایین دەبێتە چوارچێوەیەکى شەرعى بۆ شیکردنەوەى ڕووداوە سیاسییەکان و پاساوهێنانەوە بۆ خواستەکانى دەسەڵات.

ئیسلامى سیاسی کورد هێشتا گرفتى هەیە لەگەڵ ئاگایی شوناس، لە نێوان پابەند بوون بە ئایدۆلۆجیایەکى ئاسمانى کە گوێ بە شتە دنیاییەکان نادات، ئاگاییەک کە باز بەسەر قەیرانەکانى ئێستادا دەدات بەرەو دواوە و پەنا دەبات بۆ جۆرێک لە ئیسلامى شۆڕشگێڕى و لە نێوان ئەوەى کە دەبێت ئەم ئاگاییە پێی بگات، بە شێویەک کە دەبێت ئاگاییەکى دنیایی بێت کە ڕەخنەى هەبێت بۆ کۆمەڵگەی نەتەوەیی و ئاڵنگارییەکانى. لە دەرەنجامدا ئەو کەسە لە نێوان نەتەوە و ئایین بە هەڵواسراوى دەمێنێتەوە، واتا لە نێوان کوردایەتى و ئیسلام، بەڵام دواجار لە بەرژەوەندى ئیسلام دەبێت، ئەڵبەتە نەوەک ئیسلام بە گشتى، بەڵکو جۆرێک لە ئیسلام کە بیروباوەڕەکەى لە ئایینزایەکى تایبەتەوە وەردەگرێت، بەڵام لە دواجاردا جەخت لە بانگەشەیەکى سەرتاپاگیر دەکات بۆ ئاگاییەکى گەردوونى “موسڵمانەکان بران” کە تێیدا خۆى ناخاتە ژێر بارى بەرپرسیارێتى جەخت کردنەوە لەوەى کە تایبەت و خۆییە.
بەم شێوەیە کورد لە ڕووى مێژووییەوە ماوەتەوە بە بێ ئەوەى بتوانێت جۆرێک لە ئاگایی خۆیی-نەتەوەیی بە ئیسلام دروست بکات، ئێمە پێمان وایە کە ئەوان نەیانتوانیوە ئیسلام بە کوردى بکەن هاوشێوەى گەلە موسڵمانەکانى دیکە، بە شێوەیەک کە بتوانن خوێندنەوەیەک بۆ ئیسلام بکەن بگونجێت لەگەڵ ژینگەى نەتەوەیی خۆیان، ڕاستە کە ئیسلامى شافعی لە سەردەمى ئەیوبی-دا باڵى کێشابوو و لە ڕێگەى کوردەوە بڵاوبووەوە و بووە ئایینی باو لە نێوان کورد و عەرەبی شام و میسڕ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت بڵێین کە ئەوە گوزارشت لە تایبەتمەندى کورد دەکات هاوشێوەى ئایینزاى شیعە بۆ فارس، بەو پێیەى کە فارسەکان توانیان ئیسلام بگونجێنن لەگەڵ تایبەتمەندى نەتەوەییان لە سەردەمى سەفەوییەکاندا، لە ئێستادا ئیسلامى شیعەى دوانزە ئیمامى، ئیسلامێکى فارسی نەتەوەییە کە خاوەن سروشتێکى نەتەوەیی تایبەتە و تایبەتە بە مێژووى گەلێک و شوناسێکى نەتەوەیی.

تیرۆر و بەخشین و ئازادى بیروباوەڕ
جوڵانەوەکانى ئیسلامى سیاسی تا ئێستا زۆرترین زیانى گەیاندووە بەو کۆمەڵگانەى کە لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوودا سەریانهەڵداوە، ئەم مۆدێلە شکستى هێناوە لەوەى کە نموونەیەکى سیاسی سەرکەوتوو پێشکەش بکات لەسەر بنەماى بەخشین و فرەیی و پێکەوە گونجان کە بتوانێت ئازادى بیروباوەڕ مسۆگەر بکات لە نێوان ئەوانەى کە هەڵگرى بیروباوەڕى جیاوازن. ئەو بنەمایانەش کە دواتر باس لە چارەنووسیان دەکەین لە ژێر ڕۆشنایی ئیسلامى سیاسیدا، ئەو بنەمایانەن کە هەر کۆمەڵگەیەکى مرۆڤایەتى کاردەکات لەسەر ئەوەى بەدەستى بهێنێت ئەگەر ئەندامەکانى بیانەوێت بە ئازادى و ئاشتى و ڕێزەوە تێیدا بژین. ئەوەندە بەسە کە چاوێکى بەراوردکارانە بخشێنین بە ئەزموونەکانى ئیسلامى سیاسی و پیادەکردنەکانى لە ئەفغانستان، جەزائیر، ئێران، لیبیا، میسر و سوریا تا دواتر بگەینە دەرەنجامێکى نائومێدکەر بە شێوەیەک کە توندوتیژى ئایینی، دەمارگیری و شەڕى ناوخۆیی لە سیما دیارەکانى ئەو کۆمەڵگانە بوون.
پرسیارى دیار لەو بارەوە ئەوەیە کە بۆچی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، لەناو هەموو کۆمەڵگە ئایینییەکانى دیکە، ژینگەیەکە دەناڵێنێیت بە دەست توندوتیژی ئایینییەوە؟ ئایا ئایین هۆکارى تیرۆرە؟ ئایا ئایینی ئیسلام سەرچاوەى ئەو تیرۆرەیە کە باڵى کێشاوە بەسەر جیهانى هاوچەرخدا؟ بۆچی ئیسلام لە توندوتیژیدا کورت دەکرێتەوە؟ دواتر لەگەڵ فرانسوا بۆرگا دەپرسین “ئایا ئەو توندوتیژییەى کە ڕۆژئاوا لە 11 سێپتەمبەر بە خۆیەوە بینی و هێشتا بە خۆیەوە دەیبینێت تەنها ئایینی بوو؟ ئایا دەکرێت کە جیاکارى بکەین لەنێوان دەرمارگیری ئایینی و توندوتیژی ئایینی و دژە توندوتیژی سیاسی تەنانەت گەر هەردووکیان پێکەوە کۆببنەوە بە بێ ئەوەى پێکەوە تێکەڵ بن؟
ئەم توێژینەوەیە ناگەڕێت بەدواى سەرچاوەکانى ئەم تیرۆرە لە دەقى ئایینی، یاخود لە فەتوا دژ بە یەکەکاندا، لەبەر ئەوەى نزیککردنەوە، یان شیکردنەوەى کولتووری بۆ دیاردەى تیرۆر، ئەم توێژینەوەیە لە بابەتیبوون دوور دەخاتەوە. هەر لێکۆڵەرێک دەتوانێت لە زۆرینەى ئایینەکاندا نەوەک تەنها لە ئیسلامدا دەقى دژیەک بدۆزێتەوە کە لە لایەک هانى توندوتیژی بدات و لەلایەک ڕەخنەى لێبگرێت. ئەوەى جێگەى سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم جۆرە خوێندنەوانە سەرجەمیان هاوبەشن لەوەى باڵ دەکێشن لەلاى چاودێر و ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنکارەکان لە کاتى شیکردنەوەى دیاردەى توندوتیژى ئیسلامى، دواى هەر ڕووداوێکى تیرۆریستى کە سروشتێکى جیهانى هەبێت. بۆ نموونە لە دواى 11 سێپتەمبەرەوە ئەو بەراوردکارییە باڵى کێشا لەگەڵ توندوتیژی ئایینی کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕووداوەکانى بەهارى عەرەبی، بەتایبەت لەگەڵ دیاردەى توندوتیژی داعش، ئەو کاتەش قسە لەسەر ئەوە دەکرا کە ئایا ئەو توندوتیژییەى داعش ڕەنگدانەوەى ڕاستەقینەى ئیسلامە، یاخود نا، هەڵبەت توندوتیژی داعش پاڵى بە زۆرێکەوە نا کە فۆکەس بخەنە سەر سروشتى ئایینی چاخەکانى ناوەڕاست لە هەندێک لە نووسینەکاندا لە هەردوو حاڵەتەکەدا نزیککردنەوەى کولتوورى بڵاو بوو بۆ کولتوورى ئیسلامى لە ڕێگەى گێڕانەوەى توندوتیژی بۆ دەقی ئایینی و میراتى فیقهى.
هاوشان لەگەڵ ئەوەدا تێبینی ئەوە دەکرێت کە جۆرێک لە توندڕەوى سیاسی و بە مەبەست هەیە لە کاتى بەکارهێنانى چەمکى تیرۆر لە توندوتیژی ئایینی لەم کاتەدا کە مەبەست لێی بەرژەوەندى ئایدۆلۆجییە. لە بەرامبەردا پێمان وایە کە هیچ ئایینێک لە خودى خۆیدا تیرۆریست نییە، هەروەک چۆن لە خودى خۆیدا بەخشندە نییە، ئایین دەبێت بەوەى کە هەڵگرەکانى هەن لە ڕێگەى هەلومەرجى کۆمەڵایەتى زۆر ئاڵۆزەوە، کە بەرژەوەندییە مادییەکان ڕۆڵێکى زۆر دەگێڕن لەدیاریکردنى سروشتى ئایین و تێگەیشتن لێی. هەر لەبەر ئەو هۆیەش ئەم توێژینەوەیە گوێ بەو جیاکارییانە نادات کە لە نێوان ئیسلامى میانەڕەو و توندڕەودا، هەروەها بایەخ بە هیچ جۆرە بڕیارێکى دۆگمایی نادات کە پێی وایە تیرۆر وەک ڕەفتار و بیروباوەڕ تەنها لەسەر موسڵمانەکان ماڵە. لە ڕووى زانستیشەوە ناکرێت لابدەین بە لاى ئیسلامى دروست لە بەرامبەر ئیسلامێکى دیکە، کە توندڕەو، یاخود هەڵە بێت. هەروەها دروست نییە کە ئاماژە بدرێت کە توندڕەوى ئیسلامى شتێک نییە جگە لە لادان لە ڕێگەى ڕاستى ئیسلام، ئەم بۆچوونە ڕەنگە هانمان بدات بەرەو مشتومڕێکى بێ مانا.
خوێندنەوەیەکى ڕەخنەگرانە بۆ مێژوو بەڵگەى بەهێز لەسەر لاوازى ئەو بۆچوونانە دەردەخات، بۆ نموونە هەروەک چۆن ئیسلام لە سەدەکانى ناوەڕاست نوێنەرى کولتوورى کۆمەڵگەیەکى کراوە و لێبوردە بوو، مەسیحیەت لەوپەڕى توندڕەوى دەمارگیریدا بوو، هەروەها لە کاتێکدا کە مەسیحیەت لە ئێستادا خۆى بێبەرى دەکات لە خراپەکارییەکانى ئەو سەردەمە، بەڵام ئیسلامى ئەمڕۆ زۆر دوور کەوتووەتەوە لە ڕۆحى ئیسلامى ئەو سەردەمە زێڕینە، ئیسلامى ئەبو عەلائی مەعەرى و ئیمامی شافیعی و ئیبن ڕوشد. ئەمڕۆکەش توندڕەوەکانى ڕۆژهەڵات لە مەسیحیەکان زۆر نزیکن لە هاوسێ موسوڵمانە توندڕەوەکانەوە تا لە مەسیحیەکانى ڕۆژئاوا، هەروەک چۆن بوزییەکانى بۆرما لە توندڕەویدا زیاتر لە موسڵمانە تەکفیرییەکانەوە نزیکن تا لە بوزییەکانى هیند و چین و ڕۆحى بەخشندەیی بوزییەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕوونە کە هەر ئایینێک بیەوێت ڕوڵێکى سیاسی بگێڕێت، بە ناچار دەبێت بە ئایینێکى تەکفیری و کەنارخەر تا ئەو پەڕى سنوور، بەتایبەت گەر بەشدارى بکات لە ململانێى کۆمەڵایەتى و سیاسی و ببێتە گوزارشتکەرێکى ئایدۆلۆجى لە بەرژەوەندییەک.

کێشەى ئیسلامییە کوردەکان لە ڕووى ڕێکخراوەیی و سیاسییەوە لە پەیوەندییان بەوى ترەوە سەرچاوە دەگرێت، بەو پێیەى کە جوڵانەوە ئیسلامییە سیاسییە سەنتڕاڵەکان وەک تورک و عەرەبەکان ڕێگە نادەن جوڵانەوەى دیکەى سەربەخۆ دروست ببێت

هەروەها جێگەى خۆیەتى کە وەک یادهێنانەوە باس لەم وتەیەى عەبدولڕەحمان ڕاشد بکەین کە دەڵێت، تەواوى موسڵمانەکان تیرۆریست نین، بەڵام ڕوونە کە زۆرینەى تیرۆریستەکان موسڵمانن، کەواتە ڕوونە کە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک ئەو پەیوەندییەى نێوان ئایین و تیرۆر جیابکرێتەوە لە تەواوى سەردەمەکاندا بەو پێیەى کە هەمیشە ئایین کەرەستەى پێویستى پێشکەش کردووە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژى لە دژى ئەوی دی جیاواز لە ڕووى ئایینەوە لە شێوەى فەتوا و بڕیارەکانەوە، هەروەها پێویستە ئاگادارى ئەوە بین کە پێمان وا نەبێت توندوتیژی و تیرۆر دەرەنجامى تەنها ئایینە. ئەو باوەڕەى کە پێی وایە “ئایین هۆکارى توندوتیژییە یەکێکە لەو ئەفسانە بڵاوانەى کولتوورى ڕۆژئاوا لەمڕۆدا، بە تایبەت لە نێوەندە کولتوورى و ئەکادیمى و میدیاییەکاندا، هەروەها لە بەرامبەر ئەو ڕاستییە ڕەقانەى کە لە مێژووى ئایینەکاندا هەیە ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت کە درک بەوە بکەین بە شێوەیەکى یەکلاکەرەوە نزیکایەتییەک هەیە لە نێوان ئایین و توندوتیژی، ئەو توندوتیژییە کە بەرگى ئایینی پۆشیوە، بە درێژایی مێژوو سایەى خۆى خستووەتە سەر ئایین و کولتوور و ژمارەیەکى زۆر لە مرۆڤى باش پەلکێشى سەما وێرانکارییەکەى بکات.
دوور ناکەوینەوە لە ڕاستى گەر بڵێین هیچ موسڵمانێک لە خودى خۆیدا تیرۆریست نییە، یان ئەگەر وردتر بڵێین هیچ تیرۆریستێک نییە کە موسڵمان، یاخود مەسیحی، یا بودایی، یا جولەکە بێت، بەڵکو ئەوەى هەیە ئەوەیە کە کەسێکى تیرۆریستە کە بیروباوەڕێکى دیارى کراوى هەیە و لە دەرەنجامدا توندوتیژی، یاخود “تیرۆری ئیسلامى” لە ئیسلامەوە دەرناچێت و بەرهەمى ئەو ئایینە نییە، بەڵکو ئەوە دەرەنجامى مێژووى نوێى موسڵمانەکانە، مێژوویەکە لە لایەن چەند دەستێکەوە نووسراوەتەوە، لەوانە دەستى هێزە ئیمپریالییە باڵادەستەکان.
کەسی تیرۆریست، لەبەر ئەوەى تیرۆرست نییە کە باوەڕى بە ئایینێکى دیاریکراو هەیە، ئەو تیرۆریستە لەبەر ئەوەى لە هەلومەرجێکدا گیرساوەتەوە کە هانى تیرۆر و دژایەتى دەدات، هەر ئەو ژینگەیەشە کە هانى دەدات بەو شێوەیە خوێندنەوە بۆ ئایین بکات و هانى دەدات بەرەو ڕق و دەمارگیرى و کوشتن و وێرانکردن و ڕەفتارکردن وەک کەسێکى تیرۆریست. بە باوڕى من ئەو تیرۆرەى کە خۆى لە ئایینەوە ئاڵاندووە و ناسراوە بە تیرۆری پیرۆز، نامێنێت گەر هەلومەرج بگۆڕێت.
لە بەرامبەردا هیچ ئیماندارێک بە حوکمى ئایینەکەى کەسێکى لێبوردە نییە، واتە ناکرێت کەسێک لەبەر ئەوەى مەسیحییە بە کەسێکى لێبوردە ئەژمار بکرێت، بەڵکو کەسەکان لێبوردە دەردەچن گەر لە ژینگەیەکى کۆمەڵایەتى و کولتوورى وادا بن کە هانیان بدات بۆ قبوڵکردنى ئەوى دی، ژینگەیەکى لەو چەشنەش تەواوى ئەو بیانوانە ڕەتدەکاتەوە کە واى لێدەکات ڕقی لە کەسێکى دیکە بێت و وا دەکات خوێندنەوەى بۆ ئایین هاندەرێکى گەورە بێت بۆ بەخشین.
هەموو ئایینێک بە بێ جیاوازى بۆى هەیە کە ببێت بە ئایینێک بۆ بەخشین، یاخود بە پێچەوانەوە ببێت بە ئایینێک بۆ تیرۆر و تەکفیر لە چوارچێوەى ململانێ لەسەر دەسەڵات و هەژموون و بەرژەوەندییەکان، بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە ڕەگ و ڕیشەى تیرۆر لە خودى ئاییندا نییە، بەڵکو ئەو هەلومەرجانەیە کە توندوتیژی دروستدەکەن و توندوتیژی ئایینى دەبێت بە تەنها ڕێگەى ڕەتکردنەوەى لە لاى مرۆڤ. توندوتیژى ئایینی لەم حاڵەتەدا ڕێگەیەکى شێوێنراو و بە لاڕێدا براوە بۆ گوزارشت لەو ڕەتکردنەوەیەی کە مرۆڤ پەناى بۆ دەبات تا پاساو بۆ خواستە دنیاییەکانى بهێنێتەوە.
دەرەنجام کاتێک کە ئیسلامى سیاسی تەکفیری جیهانى بینى خۆی دەسەپێنێت بە سەر بیرکردنەوە و ژیاندا، بەو پێیەى پێی وایە تەنها خۆى خاوەن ڕاستى ڕەهایە، دەکەوێتە کێشەوە لەگەڵ ڕاستییە ڕێژەییەکانى دیکە هەر بۆیە ناتوانێت کە لێبوردە بێت و ئەوی دی قبوڵ بکات. بە حوکمى سروشتە ڕەهاکەى، ئیسلامى سیاسی ناتوانێت لەگەڵ بژاردەکانى دیکە پێکەوە بژی، هەر بۆیە بە باشی دەزانێت کە لە بوون نەیهێڵێت.
گرووپەکانى ئیسلامى سیاسی بە تایبەت توندڕەوەکانیان پێیان وایە کە ڕاسپێردراون بۆ ئەرکى پیرۆزى دامەزراندنى حوکمى خوا لەسەر زەوى و لەو سۆنگەیەوە بە ڕەواى دەزانێت بۆ خۆى کە هەر ئامڕازێک لەبەر دەستى بێت بەکاریبهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانى. ئیسلامى سیاسی پێی وایە کە ئەو نوێنەرى ڕێگەى ڕاستییە و ئەرکێتى تەواوى ئەوانە لەناوبەرێت کە سەر بە ڕێگەى ئەو نین، ئەوان پێیان وایە تەواوى کۆمەڵگە هاوچەرخەکان لە سەردەمى جاهلیەتى پێش ئیسلامدا دەژین، بۆچوونیان، بیروباوەڕیان، خو و نەریت و جەژنەکانیان، بە تایبەت بۆنە نەتەوەییەکانى وەک نەورۆز، جاهلییە سەرباری تەواوى ئەو شتانەى کە گوزارشت لە شوناسی گەل، هونەر و وێژە و نەریت و سەلیقە و یاساکان و … هتد جاهلییە و لێرەوە ڕێگە بە خۆى دەدات کە سەرجەمیان تەکفیر بکات و لە بەرامبەردا پاساو بۆ بەکارهێنانى هەر ئامڕازێک دەهێنێتەوە تا بیروباوەڕى خۆى بسەپێنێت.
هەر لەم سۆنگەیەوە بەشێك لە ئیسلامى سیاسی تەکفیری هەموو دەسەڵاتێکى سیاسی جیاواز دەکات، ئەو پێى وایە کە دیموکراسی و عەلمانییەت و لیبڕالیزم و چەمکەکانى مافى مرۆڤ بیروباوەڕى گومڕاکەرن، لەبەر ئەوەى دژ بە یاسا و بنەما ئایینییەکانە. لە بەرامبەردا هەوڵى گەیشتن بە دەسەڵات دەدات بە هەر ڕێگەیەک کە بەردەست بێت بە مەبەستى سەپاندنى جۆرێکى دیاریکراو لە باوەڕ بە سەر دەوڵەت و کۆمەڵگەدا. کاتێکیش کە شکست دەهێنێت لەو کارە لە ڕێگەى سندوقەکانى دەنگدانەوە، پەنا دەباتە بەر تیرۆر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى. لە بنەمادا دیموکراسی لە لای ئیسلامى سیاسی ڕەتدەکرێتەوە و بێزراوە و لەبرى ئەوەى سەرەوە گەل دەخاتە پێش سەروەرى خواوە و ئەمەش کوفرێکى ڕوونە. هەر لەبەر ئەو هۆکارە کاتێک کە گرووپە ئیسلامییەکان بەشدارى لە هەڵبژاردن و پڕۆسەى سەربازى دەکەن، ئامانج لێی هەڵبژاردنى ڕێگەى دیموکراسی نییە، بەڵکو مەبەست لێی گەیشتنە بە دەسەلات، بەم شێویە زۆرینەى کۆمەڵەکانى ئیسلامى سیاسی و لەوانە پارتى ڕزگارى ئیسلامى پێیان وایە کە دیموکراسی کوفرە و قەدەغەکراوە کە جێبەجێ بکرێت، یاخود بانگەشەى بۆ بکرێت، بە بۆچوونى ئەوان دیموکراسی لە لایەن ڕۆژئاواى کافرەوە ڕەوانەى وڵاتە موسڵمانەکان کراوە، سیستمى کوفرە و هیچ پەیوەندى بە ئیسلامەوە نییە نە لە نزیک و نە لە دوور و بەگشتیش نایەتەوە لەگەڵ بنەماکانى ئیسلام، ئەو سەرچاوەیەش کە لێوەى هاتووە مرۆڤە و هیچ پەیوەندییەکى بە سروش و ئایینەوە نییە.
گوتارى ئیسلامى سیاسی ترسێکى قووڵى دروست کردووە لە لاى کەمایەتییە ئایینییەکان و خاوەن بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەى کوردستان تایبەت بە چارەنووسیان و ڕەتکردنەوەیان لەلایەن ئەو کۆمەڵانەوە، لەبەر ئەوەى ناکرێت بە متمانەوە قسە لەسەر ئاگاییەکى کۆمەڵگە و نەتەوەیی بکرێت لە ژێر سایەى گەشەکردنى گوتارێک کە هانى دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەى پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەدات و لەسەر بنەماى شوناسى ئایین جیاوازى دەکات، ئەم گوتارە کە بانگەشەى کۆمەڵگەیەکى یەکسان دەکات بۆ موسڵمانەکان، هەموو جۆرە جیاوازییەکى باوەڕ و ئایین ڕەتدەکاتەوە، هەر جۆرە ڕەتکردنەوەیەکیش دەبێتە هۆى نەهێشتنى تەبایی گونجان لەناو کۆمەڵگەدا، لە بەرامبەر جیاوازییەکاندا پەنا دەبەنەوە بەر دەرمارگیری و دژ بە لێبوردەیین لەگەڵ کەسێک کە جیاواز بێت لێیان و هەست بکەن دەبێتە هەڕەشە لەسەر شوناسی گوتار و لۆجیکى ناوخۆییان.

ئەوەى جێگەى سەرنجە بوونى هەژموونێکى ئیخوانى هاوشانە لەگەڵ هەژموونى سیاسی و کارگێڕى ئەو وڵاتانەى کە نیشتمانى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە

دۆخى مرۆڤى هاوچەرخ وادەخوازێت کە مرۆڤەکان پێکەوە بژین و ململانێش هەبێت لە نێوانیاندا، ئەم دۆخەش پێویستى بە بڕێکى زۆر لە لێبوردەیی هەیە، لەبەر ئەوەى لەو کۆمەڵگانەى کە فرە کولتوور و بیروباوەڕن، وەک کۆمەڵگەى کوردستان و جیاوازی لە شێوازى بیرکردنەوە و ژیاندا هەیە، چەمکى لێبوردەیی بایەخێکى یەکجار گەورە پەیدا دەکات بۆ مانەوەى ئەو کۆمەڵگەیە بە یەکڕێزی و یەکگرتوویی. لێرەوە ڕاینەر فورت جەخت لە پەیوەندى ئۆرگانی دەکات لە نێوان لێبوردەیی و ململانێدا و لە هەمان کاتدا ئاماژەش بەوە دەدات کە لێبوردەیی لە ململانێ و منداڵدانى ململانێ و جیاوازییەکانى مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت. لێبوردەیی لەم چوارچێوەیەدا ماناى خۆى وەردەگرێت، بەشێوەیەک کە دەکرێت پیادە بکرێت و پاساویشی بۆ بهێنرێتەوە لەناو جیاوازییەکاندا، چ لە ژیانى تایبەت، یاخود لە بوارى گشتیدا و پێویستیشمان بۆ لێبوردەیی وەک بنەما هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
لێبوردەیی ئاماژەیە بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە بۆچوون و بیروباوەڕ و بەرژەوەندییەکانى ئەوی دی سەربارى جیاوازییەکانمان لەگەڵیان، هەروەها تواناى مرۆڤ دەردەخات لە گونجان لەگەڵ نەریت و شێوەکانى ڕەفتارى ئەوانى دی، پێویستى بۆ لێبوردەیی لە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەسەر پرسە جێناکۆکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت بە بێ پەنا بردن بۆ توندوتیژی و دەمارگیری و کەنارخستن. لە دیارترین شێوەکانى دەمارگیری و نەبەخشین لە مێژووى مرۆڤایەتیدا شێوە ئایینییەکە دەردەکەوێت کە بووەتە هۆى گەیاندنى زیانێکى زۆر بە مۆرڤەکان، لەسەر ئاستى کوردستانیش مێژوو چەندین نموونەمان نیشان دەدات لەو بارەوە، نموونەى کوشتارى ئێزیدی، ئەرمەنەکان و مەسیحییەکان لە ژێر ناوى ئایینی جیاوازدا.
لە هەمان کاتدا ناکرێت وەک بەهایەکى ڕەها و ئەبستراکت لە لێبوردەیی بڕوانین بەدەر لە مێژوو و پەرەسەندن، هەروەها بنەمایەک نییە کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ بیەوێت بەسەر ململانێکاندا باز بدات، بەڵکو ماناکەى پەیوەستە بە کولتوورى باوى سەردەم و پەیوەندییەکانییەوە. ئەگەر بێت چەمکى لێبوردەیی داببڕین لە ڕەوتە مێژووییەکەى، ئەو کاتە تەواوى بەهاکەى خۆى لە دەست دەدات، دەکرێت لە ڕێگەى ئەم پرسیارانەوە لەم نیگەرانییانە تێبگەین: چۆن دەکرێت لە تەکفیرییەک ببورین و دان بە مافەکانیدا بنێین لە کاتێکدا کە ئەو هەرچی ماف هەیە لەوان زەوت دەکات کە هەمان باوەڕی ئەویان نییە؟ ئایا لێبوردەیی بە ماناى لێبوردنە لەو کەسانەى کە نازانن لێبووردن چییە؟ کەواتە ئەو هەلومەرجە چییە کە ڕێگە بە مۆرڤ دەدات لێبوردە نەبێت لەگەڵ ئەوى دی و لەو ئەرکە خۆى بدزێتەوە؟ ئەوە چ بنەمایەکە کە ڕێگرى لە مرۆڤ دەکات لێبوردە نەبێت لەگەڵ ئەو کەسانەى کە لێبوردەیی نازانن؟
ئەم پرسیارانەى کە دێن لەسەر ئاستى کۆمەڵگەى کوردستان بایەخێکى تایبەتى هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گوتارى توندڕەوى ئایینی: ئایا پابەندبوون بە ئازادى ئەوانى دی و مافیان لە گوزراشتکردن پاساوە بۆ هەر کەسێک کە بە ناوى ئایینەوە لاقەى منداڵ بکات و سوکایەتى بە ئافرەت بکات و دژ بە مافە سروشتییەکانى مرۆڤ بێت؟ ئایا کارى ئایینی پاساوە بۆ قسەکردن بە ناوى خواوە؟ ئایا بنەماى ئازادى ڕادەربڕین بە ماناى ئەوە دێت کە ڕێگە بە هەر پیاوێکى ئایینی بدرێت خۆى بە بەرپرسی ڕەفتار و بەها ئاکاری و سەلیقەى ئەوانى دی بزانێت؟ ئایا بانگەشە کردن بۆ توندوتیژى خێزانى و هاندان دژ بە بەهاکانى یەکسانى لە نێوان هەردوو ڕەگەز هیچ پەیوەندى هەیە بە دیموکراسی و ئازادى بیروڕا؟ ئایا دروستکردنى ئاشووب دژ بە نوێگەرى و بەها نیشتمانییەکان و ئاشتى کارێکى تایبەتە بە تاک و مافێکە لە مافەکانى؟ ئایا دەکرێت مینبەرى گشتى بەکار بهێنرێت بۆ بانگەشە کردن بۆ کولتوورى ڕق دژ بە جیاوازی و خاوەن بیروباوەڕى دیکە؟ لە کۆتاییدا ئایا دەکرێت ئەوانى دی ناچار بکرێت بە جۆرێک لە ڕەفتارکردن؟ بۆچی لە بنەمادا دەبێت پێت وابێت ئەو باوەڕەى کە تۆ هەتە و ئەو شێخ و ڕێگەى کە تۆ لەسەریت ڕاستە و تەنها ڕێگەیە بەرەو ئاسمان؟ چۆن دەتوانیت ئەو بسەلمێنیت؟ کێ ڕێگەى داوە پیاوانى ئایینی دەستوەردان بکەن لە باوەڕى تایبەتى مرۆڤ تا نا چارى بکات بە پێى بیروباوەڕى خۆى بیربکاتەوە کە لە ڕاستیدا بیروباوەڕى کەسی ئایینی تایبەت بەخۆی و دیارى کراوە بە پێى دیارى کراوى دنیابینی خۆى؟
ئەم پرسیارانە و چەندانى تر هانمان دەدەن پێداچوونەوە بە چەمکەکانى مافی مرۆڤ و لێبوردەیی بکەین، کە جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو مرۆڤێک خاوەنى مافە جا لەسەر هەر ئایینێک بێت و سەر بە هەر ڕەگە و نەتەوەیەک بێت. لێرەوە بایەخى جەخت کردنەوە لە ئازادى ویژدانى ئایینی دەردەکەوێت وەک بنەمایەک بۆ هەر جۆرە لێبوردەییەک لە نێوان بیروباوەڕ و ئایینە جیاوازەکاندا.
تاک بازنەیەکى تایبەت بە خۆى هەیە کە پێویستە بەدوور بێت لەهەر جۆرە دەستێوەردانێکى سیاسی و ئایینی، بەپێى بۆچوونى ستیوارت میل، ئەو بازنەیە ئەو بەشە لە ژیانى تاک دەگرێتەوە کە جگە لە خۆى کەسی تر ناگرێتەوە، ئەگەر لە حاڵەتێکدا کەسێکى دیکە بگرێتەوە ئەوە بە ڕەزامەندى کەسەکە خۆى دەبێت ئەمەش چوارچێوەى ئازادى مرۆڤایەتییە، کە سەرەتا شانشینی ئاگایی ناوەکى دەگرێتەوە کە خوازیارى ئازادى ویژدانە بەوپەڕى بەرفراوانى مانا و ئازادى بیر و هەستەوە سەربارى ئازادى ڕەهاى بۆچوون و هەستەکان لە تەواوى بابەتەکانى پراکتیک و دسپلین و ئاکار و ئایین. دووەم ئازادى لە داڕشتنى پلانێک بۆ ژیانمان کە بێتەوە لەگەڵ سروشت و ئازادى کار بەپێى ئەوەى کە حەزمان پێیەتى و سێهەم لەم ئازادییەوە ئازادى گردبوونەوە دروست دەبێت کە بریتییە لە ئازادى یەکگرتن و هاوپشتى لە پێناو هەر ئامانجێک کە مەبەست لێى ئازاردانى ئەوى تر نەبێت. هەر کۆمەڵگەیەک ئەم ئازادییانەى تێدا نەبوو، ئازاد نابێت جا هەلومەرجى حکومەتەکەى هەرچۆنێک بێت. ئەو ئازادییەش کە شایانى ئەو ناوەیە ئەو ئازادییەیە کە بەبێ ئەوەى کەسی تر بێ بەش بکەین لە ئازادى، ئازادى خۆمان بەدەست بهێنین.

ئیسلامى سیاسی عەرەبی، نەتەوەپەرستى عەرەبییە لە پێکهاتە و لە لۆژیکەکەیدا، هەروەها لە سیستم و چەمکەکانیدا، ئەم پابەندبوونە بە نەتەوەپەرستى عەرەبی مەرجە بۆ باوەڕى ئیسلامى

ستیوارت میل پێی وایە کە تاک تایبەت بە باوەڕى خۆى، خاوەن دەستى باڵایە و ئەوانى دی تەنها لە حاڵەتى ئەرێنیدا دەتوانن ڕۆڵ ببینن تێیدا و ڕۆڵى دامەزراوەى ئایینی وەک تاک ڕۆڵێکى لاوەکییە و تەنها بۆ پەیوەندیکردنە، دەستوەردانى دامەزراوەى ئایینیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ویژدانى تاک و سروشتى باوەڕەکەى لەسەر بنەمایەکى هەڵە ئەنجام دەدرێت بە ناوى ئایین و ڕێگەى ڕاستەوە و ئەمەش بۆی هەیە کە بێسەرەوبەرەیی بێنیتە ئاراوە و هەندێک کەس بە بەرژەوەندى خۆیان ئەو کارە بەکاربهێنن، ئەو زیانەش کە کەسێکى لەم جۆرە دەتوانێت بیگەیەنێت گەورەیە و زیانى مەترسیدارى لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت لەسەر کۆمەڵگە بەتایبەت گەر توانى بچێتە سەر مینبەر بۆ بڵاوکردنەوەى بیروباوەڕەکانى. هەڵسوکەوتى لەم جۆرە ئاشتى و پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى تێکدەدات و سنوورى ئازادى بیروڕا دەبەزێنێت.
ئازادى تاک لە بەرژەوەندى گشتییە – هەروەک زۆرێک لە بیریارەکانى ئەو بۆچوونەیان هەیە – و ئامڕازێکە بۆ گەیشتن بە مەبەستێکى گەورەتری کە ئەویش “پێکەوە گونجانى کۆمەڵایەتى و پێشکەوتنى مرۆڤەکانە” کە بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە گرنگە. تەنها لە حاڵەتێکدا ڕێگەپێدراوە بە مرۆڤ کە دەستوەردان بکات لە ئازادى تاک، ئەویش ئەو کاتەى کە بۆ پاراستنى خودى تاک بێت. واتە دەستوەردان بە مەبەستى دوورخستنەوەى زیانکەوتن بەر کەسێک. لێرەوە تەواوى دامەزراوە مەدەنییەکان بانگهێشت دەکرێت تا ڕووبەڕووى ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بوەستنەوە کە پاساو بۆ بەکارهێنانى توندتیژی و سوکایەتی بە شکۆى مرۆڤ دەهێننەوە و سنوورى بۆ دابنێن لە ڕووى تیۆرى و مادییەوە. ئەم جۆرە بیرکردنەوانە لە ماف و بژاردەکانى تاک کەم دەکاتەوە و ژیانى خۆى و کۆمەڵگەکەى دەخاتە ژێرکاریگەرى خۆیەوە. ئەگەر نەکرێت لە ڕووى یاساییەوە سنوورێک بۆ ئەو حاڵەتە دابنرێت، پێویستە پەنا ببرێتەبەر ڕەتکردنەوەى ئەو حاڵەتە لە ڕێگەى ڕایگشتییەوە بۆ کەمکردنەوەى زیانەکان. گوتاری ئیسلامى سیاسی گوێ بەو سنوورانە نادات، بەڵکو هەوڵدەدات پێشێلی بکات بە هەر ڕێگەیەک کە بۆى بکرێت. گرووپە سەلەفییە توندڕەوە خۆسەپێنەکان هەوڵدەدەن سوود لە کرانەوەى کۆمەڵگە دیموکراتییەکان وەربگرن بۆ سەپاندنى هەژموونى خۆیان بە سەر ژیانى گشتیدا و بۆ ئەو کارەش تەواوى ڕێگەکانى گوشار دەگرنەبەر.
لەلایەکى دیکەوە پیاوانى ئایینی پێگەیەکى ناوازەیان هەیە لەو کۆمەڵگانەى بەرەو کرانەوە دەڕۆن و ئەمەش هەژموونى ڕوو لە زیادبوونى پیاوانى ئایینی دەردەخات، کە دەیانەوێت بوارى گشتى کۆنتڕۆڵ بکەن بە مەبەستى پیادەکردن و بەرهەمهێنانى جۆرێک لە دەسەڵاتى ناوەندى بەسەر ڕۆح و بیری خەڵکیدا وەک ڕێگەیەک بۆ دروستکردنى دەسەڵاتێکى هاوشانى دەسەڵاتى شار لە چوارچێوەى مەرجەکانى خودى سیستمى سیاسی. ئەم چینە هیچ گرنگى بە مانەوەى هەلومەرج و باشترکردنى نادات، بەڵکو مەبەستێتى ڕۆڵى سیاسی خۆى جێگیرتر بکات بە سوودوەرگرتن لەو هەلومەرجەى ڕەخسێنراوە. لێرەوە هەڵدەستێت بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەى شێوەى کۆن لە گوتارى دژ بە بەهاکانى نوێگەرى و دیموکراسی.
لێرەدا لە چوارچێوەى دەسەڵاتى پیاوانى ئایینی لەسەر کۆمەڵگە و ویژدانى تاک دەپرسین، سنوورى شەرعى و یاسایی بۆ سەروەرى ڕوحی و ئاکار تا کوێیە؟ ئایا دەکرێت لە پەناى ئازادى دیموکراسیدا خۆمان حەشار بدەین بە مەبەستى سەپاندنى بیروباوەڕە دواکەوتووەکان، ئەو بیروباوەڕانەى کە ڕێگرى دەکەن لە گەشە و پەرەسەندن لەگەڵ دیموکراسی نایەنەوە؟ لە کوێدا دەبێت سنوور دابنێین و چۆن دەکرێت گونجاندن بکەین لە نێوان ئازادى بیروڕا و پەرستن و لە نێوان سەربەخۆیی ویژدانى تاک و ئازادى بیروباوەڕ لە لاى هاووڵاتییان؟ لە کوێ دەسەڵاتى دامەزراوەى ئایینی و پیاوەکانى دەستپێدەکات و لە کوێدا کۆتایی پێدێت؟ تا چەند دەستکراوە بێت لە کردار و بۆچوون و شێوازەکانى بانگەشەکردن بۆ خۆى و لە کوێ ڕێزى کۆمەڵگە و تاک دەستپێدکات؟ بە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە بە ئەگەرى زۆر هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوە.
هەر یەک لە تاک و دامەزراوەى ئایینی دەتوانێت پیادەى ڕۆڵە دادپەروەرانەکەى بکات ئەگەر بتوانێت ئەوەى خۆى بپارێزێت بۆ خۆى بە بێ ئەوەى هەژموونى خۆى بە زۆر بسەپێنێت. بەم شێوەیە تاک ئازادە لەوەى باوەڕ بەچی دەهێنێت و دامەزراوەى ئایینیش مافى خۆیەتى لە چوارچێوەى تایبەتى خۆى بانگەشە بۆ بیروبۆچوونەکانى بکات بە بێ بەکارهێنانى زۆر و خۆهەڵقورتاندن لە بیروباوەڕى ئەوانى تر و بەرژەوەندییەکانیان.

دامەزرێنەرانى ئیسلامى سیاسی تورکی خواستى خۆیان نەشاردووەتەوە بۆ ئیسلامێک کە تایبەتمەندى نەتەوەیی هەبێت

کۆتایی
بەپێى ئەوەى کە خرایە ڕوو، بنەما ستراتیژییەکانى گوتارى ئیسلامى بە شێوەیەکى گشتى نایەتەوە لەگەڵ هیچ گوتارێکى نەتەوەیی و شوناس و پابەندبوون بە نەتەوەوە. ئەو سەرچاوانەى ئەم گوتارە سەرچاوەی لێوەردەگرێت، ماناى سیاسی نەتەوە لە ماناى ئایینیدا کورت دەکاتەوە و گرووپێکى ئایینی دروست دەکات کە لە ڕووى ئایینییەوە یەکڕیزە، لەسەر بنەماى دەمارگیری ئایینی دامەزراوە، نەوەک هاووڵاتیی بوون و دڵسۆزى بۆ نیشتمان و نەتەوە. بەم پێیە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت قسە لەسەر مافى کەمینە ئایینییەکان و بیروباوەڕە جیاوازەکان بکرێت کە بە تێکڕایان پێکهێنەرى نەتەوەن، بەمەش هەر هەوڵێک بۆ قسەکردن لەسەر یەکسانى لە کۆمەڵگە لە نێوان ئایین و ئایینزاکان لە دەست دەچێت.
ئەم پێشەکییانە دژ بە تەواوى شێوەکانى شوناس و کۆمەڵگە نوێکانە کە زۆرێک لە موسڵمانەکان وەک بوون لە ژێر دەسەڵاتى “جاهلى” ناوزەدى دەکەن، لە کاتێکدا ئەو کۆمەڵگەیەى کە وێناکراوە لەم گوتارەدا و ئەوان هەوڵى بەدەستهێنانى دەدەن لەسەر بنەماى بیروباوەڕى ئایینی بوونیادنراوە و هەر لەسەر بنەماى ئەوەش پێناسە دەکرێتەوە، نەوەک لەسەر بنەماى پابەندبوون بە خاک و کولتوور و زمان، بەم شێوەیە ئەم گوتارە نایەتەوە لەگەڵ هیچ جۆرە پێناسەیەک بۆ چەمکى گەل و گرووپی نەتەوەیی و دەستەواژەکان دیکەى گوتارى نەتەوەیی، ویستى نەتەوەیی، دەوڵەت، گەل، ویستى نەتەوە، هاووڵاتی بوون، سەروەرى و … هتد.
پێکهاتەى ئاگایی نەتەوەیی لەسەر بنەماى نەتەوە دروست دەبێت و پێکدێت لە ڕەگەزگەلێکى وەک ویستى هاوبەش، زمان، کولتوور و نەریتی هاوبەش، مێژوو، بە تێکەڵبوونى ئەم بەهایانەش، یاخود هەندێکیان ئاگاییەکى هاوبەش دروست دەبێت بە چارەنووس، کە بەرژەوەندییە مادى و سیاسییەکان بەهێزترى دەکات و هەستکردن بە پابەند بوونى نەتەوەیی لە شێوە سەرەتاییەکەیەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاگاییەکى سیاسی قووڵ و چڕ بە هاوپشتى کۆمەڵایەتى لە بوونى بە هێزەوە وەک ئاگایی پابەندبوون بە نەتەوەوە.
لە بەرامبەردا گوتارى ئیسلامى سیاسی لەپێشترین کاری بریتییە لە پابەندبوون بە ئایین و ئایینزاوە و هەموو جۆرە پابەندبوونێکى دیکە ڕەتدەکاتەوە، ئیسلامییەکان دەڵێن کەسی موسڵمان هێندەى پابەندبوونیان هەیە بە نەتەوەى موسڵمان، هێندە پابەندبوونیان نییە بۆ وڵات، یا نەتەوەیەکى دیاریکراو، هەروەها موسڵمانەکانیش بە نابەدڵییەوە باس لە پابەندبوونە نەتەوەییەکانیان دەکەن. بەم شێوەیە ئەم گوتارە لەسەر بنەماى باوەڕ بە بوونى ئاگاییەکى ئیسلامى جێگیر و نامێژوویی بوونیادنراوە، کە دەتوانێت تەواوى نەتەوە و گەلە موسڵمانەکان کۆنتڕۆڵ بکات و یەکیان بخات لەسەر بنەماى پابەندبوون بە نەتەوەى ئیسلامییەوە، هەر بۆیە ئەم جۆرە گوتارە ناتوانێت شێوەکانى ئاگایی هاوچەرخ لێکبداتەوە و دانی پێدا بنێت، ئیسلامییەکانی کوردستانیش ئەستەم دەبێت بۆیان کە لەماناى شۆڕشەکان تێبگەن، وەک شۆڕشەکەى شێخ عوبەیدوڵڵاى نەهرى، یاخود شۆڕشەى شێخ سەعیدی پیران و … هتد و تەنها پێیان وایە کە ئەو شۆڕشانە ئایینی بوون، نەوەک نەتەوەیى و ئامانجیان سەرخستنى ئیسلام بووە تەنها لەبەر ئەوەى کە پاشخانێکی ئایینییان هەیە.
گوتارى ئیسلامى سیاسی لە سەر بنەماى گرنگى دان بە پرۆژەى نەتەوەى ئیسلامى و یەکڕیزی موسڵمانان لە ڕووى سیاسییەوە دامەزراوە لە ژیر دەسەڵاتى خیلافەتدا و لە بەرامبەردا تەواوى پرۆژە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى دیکە ڕەتدەکاتەوە بۆ ڕزگاربوون و هیچ جۆرە بایەخێکى پێنادات و قوربانى گەلان بۆ بە دەستهێنانى ئازادى لەبەرچاو ناگرێت و بەهاى پێنادات و دروشمى “ئیسلام چارەسەرە” کە ڕەوتە ئیسلامییەکان بەرزى دەکەنەوە، ڕەوایەتى وەردەگرێتەوە لە بەرامبەر هەر خواستێکى نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتى جا لەژێر هەر ناوێکدا بێت.
ئەو کێشەیەى کە گوتارى ئیسلامى سیاسی هەیەتى بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی لەو باوەڕەوە سەرچاوەى وەرگرتووە کە دەوڵەتى نەتەوەیی هۆکارى سەرەکى دابەشبوونى خیلافەتى ئیسلامى و دواجار هەرەسهێنانى بووە. حەسەن بەننا و پەیڕەولێکەرانى پێیان وابوو کە سەروەربوونى جاهلییەت دەرەنجامى نەمانى دەسەڵاتى ئیسلامییەکان بووە و بە بۆچوونى ئەوان ئەو دەوڵەتە نیشتمانییەى کە پێیان گەیشتووە لە دواى کەوتنى دەوڵەتى خیلافەوە، ماکێکی ڕۆژئاوایی و عەلمانى هەیە، بەڵام سیمای جاهلییەتى هەڵگرتووە، ئەو دەوڵەتە بێ بەرییە لە ئاکار و ئایین لە کاتێکدا کە نموونەى دەوڵەت ئیسلامی ئامانجى بەرز و باڵا و سیماى ئاکارى گەردوونى هەیە.
سەربارى ئەوەى خرایە ڕوو- بە بۆچوونى ئەوان- ئەو نموونە سیاسییە هاوردە کراوە، لەلایەن ڕۆژئاواى کافرەوە سەپێنراوە و بنەماى دەوڵەتى “تاغوت”ى کە لەسەر بنەماى شیرک و زەوتکردنى ویستی گەل دامەزراوە نەوەک ویستى خواوەند، حوکمڕانى ملکەچی یاسایە کە دروستکراوى مرۆڤە، نەوەک ملکەچی یاسا ئاسمانییەکان لە کاتێکدا ئەو یاسا ئاسمانییانە پێویستە تەنها یاساى باوبێت لە جیهاندا.

کورد لە ڕووى مێژووییەوە ماوەتەوە بە بێ ئەوەى بتوانێت جۆرێک لە ئاگایی خۆیی-نەتەوەیی بە ئیسلام دروست بکات

لە کاتێکدا کە سیستمى دیموکراسی لە دەوڵەتى مۆدێرندا گەرەنتى بوونى پلوڕالیزمى سیاسی و جیاوازى لە بیروڕا و مافى ناڕازى بوون بەرامبەر بە سیاسەتى گشتى مسۆگەر دەکات، گوتارى ئیسلامى سیاسی داسەڵاتێکى پیرۆز دادەمەزرێنێت کە دەرچوون لێی وەک کوفر ئەژمار دەکرێت، ئەمەش دەرەنجامى باوەڕێکى هاوبەشە لە نێوان ئیسلامییەکان کە دەڵێت ئیسلام سیستمێکى سەرتاپاگیرە، ئایین و دەوڵەتە، قورئان و شمشێرە، هەروەک چۆن حەسەن بەننا لەو بارەوە فەتواى داوە دەڵێت، کە پەیوەندى ئایین بە سیاسەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ بنەماکانى ئایین، نەک وەک ئەوەى کە شتێکى لاوەکى بێت. تێکەڵبوونى نێوان ئایین و سیاسەت و دەرەنجام دەسەڵاتى ئایینی و دەسەڵاتى سیاسی دواجار بە پیرۆزکردنى دەسەڵاتى لێدەکەوێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕینی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بەرامبەرى وەک هەڵەیەکى گەورە ئەژمار دەکرێت.
هەر لە سەرەتاوە ئیسلامى سیاسی دژ بە بنەماى دیموکراسییە کە باوەڕى بە یەکسانى هاووڵاتییان و تاکەکان هەیە لەوەى کە چۆن بژاردە سیاسییەکانیان بە شێوەیەکى ئازادانە هەڵبژێرن. ئیسلامییەکان ئەو حاڵەتە بە بیدعە دەزانن و لە برى ئەوە بنەماى شورا بەکاردەهێنن کە پێى وایە ئیسلامى سیاسی گونجاوترین نموونەى ئیسلامى باڵایە بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى هاووڵاتییان و دەسەڵات. بەڵام ئەو شورایەى کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان باسی دەکەن و بانگەشەى بۆ دەکەن، سۆزێکى هەیە بۆ شێوەیەکى سادە و سەرەتایی بۆ کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى کە زۆر جیاوازە لە کۆمەڵگە ئاڵۆز و مۆدێرنەکان و لە چەمکى ڕاوێژکارى زیاتر تێناپەڕێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئایدۆلۆجیاى ئیسلامى سیاسی دژ بە کارى نوێگەرییە، بە شێوەیەک کە زۆرینەى جوڵانەوەکانى ئیسلامى سیاسی پێشکەوتنى خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە بگەڕێنەوە بۆ سەدەکانى پێشوو بۆ سەردەمى ئیبن تەیمیە، لەو بارەوە سیوران دەڵێت: گەڕانەوە بۆ بنەماکان بنەماى بیری بنەماخوازییە کە بە پەرستنى سەرەتاکان دەناسرێتەوە، تا ئەو گەڕانەوەیەش قووڵتر بێت، بەسەر خۆدا داخران توندوتیژی زیاتر دەبێت، بیری بنەماخوازى دژ بە بیری نوێگەرییە کە توانى ڕۆژئاوا بگۆڕێت.
ئاگایی نەتەوەیی بە پێچەوانەى بیری ئایینی خواستە بۆ گەڕانەوەى بۆ گرووپى نەتەوەیی بە بێ گەڕانەوە بۆ بیروباوەڕى تاکەکان و لەو بارەوە کولتوورى نەتەوەیی کە ماکێکی ئایینی هەیە ڕۆڵێکى دیار دەگێڕێت لە بەخشینی سروشتێکى ڕۆحیانە بۆ هەست کرد بە پابەندبوون و گەڕانەوە بۆ نەتەوە بە بێ ئەوەى ببێتە هۆ دابەشکردنى کۆمەڵگە.
شوناسی نەتەوەیی پەیوەندییەکى توندتۆڵى هەیە بە ئاگایی نەتەوەیی و زۆرجاریش پێکەوە یەکدەگرن و ئاگایی بە پابەندبوون دروست دەکەن، هەر بۆیە کاتێک کە دەستدەگیرێت بەسەر ئاگایی نەتەوەیی لە ڕێگەى بەلاڕێدابردن و ساختەکردنى بە مەبەستى دیکە، شوناسی نەتەوەیی ماناکەى خۆى لە دەست دەدات بۆ ئەو کەسەى کە هەڵگریەتى. لێرەوە جوڵانەوەکانى ئیسلامی سیاسی ئاگاییەک دروست دەکەن لەلای پەیڕەولێکەرانى بەو ناوەرۆکەى کە ڕزگاربوونى تاکە کەس لەو دنیا لە ڕێگەى بێبەریبوونە لە حەز و پابەندبوونە دنیایی و کۆمەڵایەتییەکان بەدەست دێت، بەتایبەت ئەوانەى کە سروشتێکى نەتەوەییان هەیە. بەم شێوەیە ئاگایی نەتەوەیی هەر لە بنەماوە نایەتەوە لەگەڵ ئاگایی ئایینی، لەبەر ئەوەى ئاگایی ئەم دنیا گرنگى بە بەرژەوەندى و چارەنووسی هاوبەشى گرووپێکى نەتەوەیی دەدات هەر بۆیە ئاگایی نەتەوەیی هاوپشتییەکى ناوخۆیی دروست دەکات لەسەر بنەماى پابەندبوون بە کۆمەڵگەى نەتەوەیی، یاخود نیشتمانى و بەئاگابوون لە چارەنووسی هاوبەشى گشتى بە بێ ئەوەى گرنگى بە جیاوازییە ئایینییەکانى کۆمەڵگە بدات.

ئیسلامى شیعەى دوانزە ئیمامى، ئیسلامێکى فارسی نەتەوەییە کە خاوەن سروشتێکى نەتەوەیی تایبەتە و تایبەتە بە مێژووى گەلێک و شوناسێکى نەتەوەیی

بەمشێوەیە ئاگایی نەتەوەیی بایەخێکى سەرەکى دەدات بە یەکڕیزی کۆمەڵگە و لە هەمان کاتدا خۆى بەدوور دەگرێت لە جیاوازییە ئایینییەکان لە کۆمەڵگە لە ڕێگەى دان پێدانان بە یەکسانى تاکەکانى لە پێگە و ڕۆڵ و ماف و ئەرکەکاندا، لە کاتێکدا کە گوتارى ئیسلامى سیاسی خواستى هاوپشتییەکى ئاسۆیی سەروو نەتەوەییە لەسەر بنەماى باوەڕى ئایینی هاوبەش لەسەر ئاستى ناوخۆ و جیاکارییەکى ستونى دەکات لەسەر بنەماى شوناسی ئایینی لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵگەدا و لەسەر بنەماى گونجانى ئایینی کار لەسەر شوناس دەکات و هەر لێرەوەیە کە دەتوانین تێبگەین لەوەى کە بۆچى گوتارى ئیسلامى ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە دان بە پلوڕالیزیمى ئایینیدا بنێت لە کۆمەڵگەدا.
گوتارى نەتەوەیی بایەخێکى زۆر دەدات بە زمانى نەتەوەیی هاوبەش، کە لەخۆگرى ئاگایی گەلە بە شوناسی خۆى و گوزارشتە لە یادەوەرى دەستەجەمعی، لە کاتێکدا کە گوتارى ئیسلامییەکان پیرۆزییەکى زۆر دەدەن بە زمانى عەرەبی بەو پێیەى کە زمانى قورئانە و باڵاترە لەچاو زمانى گەلە موسڵمانەکان. لێرەدا جێگەى خۆیەتى کە ئاماژە بە وتەى یەکێک لە سیمبولەکانى ئیسلامى سیاسی بە ڕەچەڵەک کورد بدەین بە ناوى شێخ سەعید نورسی کە بێزراوییەکى زۆر نیشان دەدات بەرامبەر بە زمانى دایکی خۆى کە کوردییە و شانازى دەکات بە زمانى عەرەبی و تورکی، هەروەک ئەوە یەکێک بێت لە مەرجەکانى خواپەرستى و باوەڕى دروست، لەو بارەوە دەڵێت: “فێربوونى زمانى عەرەبی ئەرکە و فێربوونى زمانى تورکى پێویستە، بەڵام فێربوونى زمانى کوردی ئاساییە”. ئەو بیرکردنەوەیەی کە لە پشت ئەم فەتوایەوەیە لە هەستى خۆ بە کەمزانییەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە لای زۆرێک لایەنگرانى ئیسلامى سیاسی بەرامبەر بە زمان و کولتوورى عەرەبی، بە تایبەت لەو کاتانەدا کە پەیڕەوى لە خو و نەریتەکانى عەرەب دەکرێت و ناوى عەرەبی بەکاردەهێنن، لەبەر ئەوەى باوەڕیان بەوەیە کە ئەو ناوانە ئیسلامین و ناوى سەحابە و سەرکردە و کەسە دیارەکانن، لە ڕاستیشدا ئەو ناو و ڕەفتارانەى کە بەکار دەهێنرێتەوە تێکڕایان ئیسلامی نین، بەڵکو سەرچاوەکەى دەگەرێتەوە بۆ سەردەمى پێش ئیسلام کە دواتر لەلایەن شارستانییەتى ئیسلامییەوە وەرگیراوە.
ئەوەى جێگەى سەرنجە لێرەدا هەر ئەو کەسانەى کە بە شێوەیەکى گشتى دژ بەو کولتوور و نەریتەن و پێیان وایە کە دژ بە کولتوورى ئیسلامی و ڕەفتارى موسڵمانە، هەوڵدەدەن لە بەرامبەردا کولتوور و ڕەفتار و جلوبەرگ و ناوى خۆیان بسەپێنن کە لە مێژووى عەرەبەوە وەرگیراوە و وەک ئیسلامى و پیرۆز ناوى دەهێنن. بەم شێوەیە لە کاتێکدا کە گوتارى نەتەوەیی شانازى بە میراتى کولتوورى نەتەوەیی خۆیەوە دەکات (میراتى دەماودەم، هونەرى مۆسیقا، داستانى میللى و ئەفسانەکان، نەریتە نەتەوەییەکان و بۆنە و جەژنەکان) کە یادەوەرى نەتەوە دروست دەکات، شوناسی نەتەوەیی دادەڕێژێت، کۆمەڵە ئیسلامییەکان بێزراوى خۆیان لەو بارەوە دەردەبڕن و هیچ دوودڵ نابن لە تەکفیرکردنى.
لە خوێندنەوەشیان بۆ مێژوو، ئیسلامى سیاسی مێژووى ڕاستەقینەى گەلانى موسڵمان کورت دەکەنەوە لە مێژووى ئیسلامدا، هەر بۆیە جگە لەو سەردەمەى کە موسڵمان بووە هیچ شتێکى دیکە نابینن کە شایانى بایەخ پێدان بێت هەر بۆیە ئەوەى پێش ئیسلام کراوە بە جاهلى ناوزەدى دەکەن بە شایانى ئەوەى نابینن کە گرنگى پێبدرێت و کار لەسەر سڕینەوەى مێژووى ئەو نەتەوانە دەکەن کە موسڵمان نەبوون، وەک خۆ بێبەری کردنێک لەو مێژووە.
ئیسلامى سیاسی پێی وایە تەنها خۆى ئیسلامى ڕاستەقینەیە لە کاتێکدا کە ئیسلامى ڕاستەقینە زیاترین چەمکێکە کە لە بارەیەوە هەڵە تێگەیشتن هەیە کە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک بە پێوەرە زانستییەکان بسەلمێنرێت، بەو پێیەى کە بە ڕاست زانینی ئیسلام وەک تەنها ڕێگەى ڕاست هاوشێوەى بە ڕاست زانینی مەسیحیەتە، هەر ئایینێک بۆ ململانێى لەگەڵ ئایینەکانى دیکە پێویستى بە پاساوى ڕاستبوونى خۆى و هەڵەبوونى بەرامبەرەکەیەتى تا بتوانێت درێژە بە شەڕەکانی بدات.
بە شێوەیەکى گشتى ئیسلامى سیاسی پێی وایە کە خاوەن ڕاستى ڕەوایە لەسەر ئاستى زانین و باوەڕ و ئاکار و ئەمەش ڕاستییەکە جێگەى مشتومڕ و گومان و ڕەخنە نییە و هەر ڕکابەر و ڕاستییەکى دیکەى جیاواز ڕەت دەکرێتەوە و کەنار دەخرێت، ئەمەش تەنها بژاردەیە لە بەرامبەر بە بیروباوەڕە ڕکابەرەکان، ئەم بیرکردنەوەیەش پشت بە پیرۆزییەکى بە میراتی وەرگیراو دەبەستێت کە دژ بە کرانەوە و لێبوردەیی مرۆڤایەتى و پێشکەوتنە.

جۆرێک لە توندڕەوى سیاسی و بە مەبەست هەیە لە کاتى بەکارهێنانى چەمکى تیرۆر لە توندوتیژی ئایینیدا

لێرەوەیە کە کەسە ڕووناکبیرەکان ئەوانەى کە باوەڕیان بە پلوڕالیزم و یەکسانى هەیە خۆیان وەک نەیارێکى سەرسەختى ئیسلامى سیاسی دەبیننەوە، لێرەدا مەبەست لە ئیسلام نییە وەک باوەڕێکى تاکە کەسی. هەڵوێستى بێلایەنانەى کەسی ڕووناکبیر بەرامبەر بە ئیسلام چۆنە، بەرامبەر بە ئایینەکانى دیکەش هەروەهایە، نموونەى مەسیحیەت، زەردەشتى، جولەکە، بوزایی و تەواوى ئایینەکانى دیکە. کەسی ڕووناکبیر دژ بە ئیسلامى سیاسییە، لەبەر ئەوەى ئەو ئیسلامە خراوەتە خزمەت ئامانجى مرۆڤەوە، نەوەک خواوەند.

کەسی تیرۆریست، لەبەر ئەوەى تیرۆرست نییە کە باوەڕى بە ئایینێکى دیاریکراو هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەى لە هەلومەرجێکدا گیرساوەتەوە کە هانى تیرۆر و دژایەتى دەدات

بەڵێ کەسی ڕووناکبیر نەیاری ئیسلامى سیاسییە، لەبەر ئەوەى ئەو ئیسلامە تەنها ئایدۆلۆجیایەکى مرۆڤە و دژ بە مێژوو، پلوڕالیزم، دیموکراسى و یەکسانییە. ئیسلام وەک ئایین و پەیام و سروش، بێبەرییە لە مەبەستى هەرکەسێک کە خوازیارى گەیشتنە بە دەسەڵات بە بیانووى ئیسلامەوە. بەڵێ کەسی ڕووناکبیر دژ بە ئیسلامى سیاسییە، لەبەر ئەوەى ئەو کەسانە خۆیان لە جێگەى خوا دادەنێن و چارەنووسی مرۆڤ و بەرژەوەندییەکانیان دیارى دەکەن لە کاتێکدا کە خودی پێغەمبەر (د خ) ئەو مافەى بەخۆى نەداوە. لە ڕاستیدا کاتێک کە پیاوی ئایینی باس لە سیاسەت دەکات و پیادەى دەکات، ئەو کاتە ئایین لەلاى ئەو دەبێتە دووڕوویى. پێویستە هەموان ئەو ڕاستییە بزانن کە ئەرکى سیاسەت ئەوە نییە بەزۆر خەڵکى ڕەوانەى بەهەشت بکەن، یاخود بە زۆر ڕێگرى لە چوونى خەڵکى بکەن بۆ ناو دۆزەخ، سیاسەت بەڕێوەبردنى کاروبارە دنیاییەکانى مرۆڤە لە ڕێگەى مرۆڤ بە مرۆڤ خۆیەوە، لەبەر ئەوەى مرۆڤ بۆ خۆى باشتر بە ئاگایە لە کاروبارە دنیاییەکانى خۆی.

Send this to a friend