• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 12, 2026

کۆریدۆری ناوەڕاست: مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعەکانی ئێستا و ئامێزگرتنی ئاسۆکانی ئایندە

ئامادەكردن: ئایندەناسی

كتێبی کۆریدۆری ناوەڕاست: مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعەکانی ئێستا و ئامێزگرتنی ئاسۆکانی ئایندە (The Middle Corridor: Navigating Current Realities and Embracing Future Prospects) لە لایەن “ناوەندی شرۆڤەی چاكسازیی ئابووریی و پەیوەندییەكان”ی سەر بە وڵاتی ئازربایجان لە ساڵی 2025 ئامادە كراوە و تێیدا 22 لێكۆڵەر لە 10 وڵاتی جیاواز بەشداریان كردووە. كتێبەكە لە لایەن ڤوسال قاسملی (Vusal Gasimli)، بەڕێوبەری جێبەجێكاری ناوەندەكە، پێداچوونەوەی بۆ كراوە و لە پێشەكییەك و هەشت بەش پێك دێت.

پێشەكی

پێشەكی ئەم كتێبە دەروازەیەكی زۆر باشە بۆ ئەوەی خوێنەر لە گرنگی و ئامانجی بابەتەكانی نێو كتێبەكە تێ بگات. لە پێشەكیدا، سەرەتا باس لە گرنگیی كۆریدۆری ناوەڕاست كە بە ڕێگای گواستنەوەی ترانس-كاسپییەن (Trans-Caspian International Transport Route)یش ناسراوە، كراوە، كە تەنیا بە پەیوەندییەكی ستراتیژی نێوان ناوچەكانی ئاسیا و ئەورووپا ناوەستێتەوە، بەڵكو هەوڵی داڕشتنەوەی پێگەی جیوپۆلەتیكی و ئابووری ئەو وڵاتانە دەدات كە ڕێگاكە بەسەریاندا تێدەپەڕێت.

پەرەسەندنی كۆریدۆری ناوەڕاست بەڵگەیە لەسەر هاوکارییە دینامیکییەکانی نێوان ئازەربایجان، جۆرجیا، کازاخستان و تورکیا، هەروەها دەرخەری ئیرادەی ئەم وڵاتانەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە لۆجستییەکان و باشترکردنی ژێرخانی ئابووریان. نەخشەڕێگای ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٧ کە لەلایەن وەزیرانی دەرەوە و گواستنەوەی وڵاتانی ئاماژەپێدراو واژۆ کراوە، ئامانجی زیادکردنی توانای کۆریدۆرەکەیە بۆ ١٠ ملیۆن تەن لە ساڵێکدا تاوەكو ساڵی ٢٠٢٥. پلانی پرۆژەكە بریتییە لە یەکخستنی باجەکان، ئاسانکردنی ڕێکارەکانی تڕانزێت، و بەرزکردنەوەی تواناکانی بەندەرەکان، ئەمەش واتای پابەندبوونە بەوەی کۆریدۆری ناوەڕاست وەک جێگرەوەیەكی کێبڕکێکار بۆ ڕێگا بازرگانییەکانی تر ڕۆڵ دەگێڕێت.

بانکی ئەورووپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (EBRD) مەزەندەی كردووە نزیکەی ١٨.٥ ملیار یۆرۆ بۆ باشترکردنی كۆریدۆری ناوەڕاست پێویست بێت؛ ئەمەش بریتییە لە مۆدێرنکردنی تۆڕەکانی هێڵی ئاسن و ڕێگاوبان، فراوانکردنی ڕیگاكانی شەمەندەفەر (rolling stock)، و بەرزکردنەوەی خاڵە سنوورییەکان و ناوەندەکانی لۆجستیکی هەمەچەشن. پێشبینی دەکرێت ئەم جۆرە وەبەرهێنانانە تەسكەڕێگا (ڕێبەست)ەكانی ئێستا و ماوەی ترانزێت کەم بکەنەوە و توانای گشتی کۆریدۆرەکە زیاد بکەن.

کاریگەری ئابووری کۆریدۆری ناوەڕاست لە ئێستاوە دیارە؛ بازرگانی نێوان یەکێتی ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاست لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە ڕێژەی نزیکەی ٣٩% گەشەی کردووە و كۆریدۆرەكە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ئاسانکاریی ئەم ئاڵوگۆڕە. جگە لەمەش، گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییە بەردەوامەکان، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیا، گرنگیی ئەو ڕێڕەوەی وەک جێگرەوەیەكی ستراتیژی بۆ ڕێگاکانی باکوور دەرخستووە. ئەم گۆڕانکارییە نەک هەر وابەستەییە ئابوورییەکانی ناوچەكە هەمەچەشن دەکات، بەڵکو خۆڕاگری لە بەرامبەر شۆکی دەرەکی بەهێزتر دەکات. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بانکی نێودەوڵەتی، پێشبینی دەکرێت ماوەی گەشتەکانی نێوان چین و سنووری ڕۆژئاوای ئەورووپا تا ساڵی 2030 بۆ نیوە کەم ببێتەوە، هاوکات پێشبینی دەکرێت قەبارەی گواستنەوەی بار بۆ سێ ئەوەندە زیاد بکات و بگاتە 11 ملیۆن تۆن. ئەم پێشبینییە سەرنجڕاکێشە جەخت لەسەر توانای گۆڕینی كۆریدۆری ناوەڕاست لە داینامیکی بازرگانی جیهانیدا دەكاتەوە، جگە لەوەش پەرەپێدانی کۆریدۆرەکە لە لایەن وەبەرهێنانی بەرچاوی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری دەکرێت.

لە میانی کۆڕبەندی وەبەرهێنەرانی پەیوەندی گواستنەوەی یەکێتی ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاست، یەکێتی ئەورووپا شانبەشانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، 10 ملیار یۆرۆی بۆ بەردەوامی گواستنەوەی كەلوپەل لە ئاسیای ناوەڕاست تایبەت كردووە. ئەم بودجەیە پشتگیری لە پڕۆژەی ژێرخانی جۆراوجۆر دەکات، هاوکاری ناوچەیی بەرز دەکاتەوە، و دڵنیایی دەدات لەوەی کە كۆریدۆری ناوەڕاست لەسەر ڕێڕەوی گەشەسەندنی داهاتوو دەمێنێتەوە. بۆیە كۆریدۆری ناوەڕاست نەک تەنیا پەرە بە ئابووریی وڵاتانەی بەشداربوو دەدات، بەڵکو پەرە بە یەکگرتن و هاوکاریی زیاتری ناوچەیی دەدات. ئەو تێڕوانین و شیکاریانەی کە لەم کتێبە هاتووە، لە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە واقیعەکانی ئێستای کۆریدۆرەکە و ئاسۆکانی داهاتوو بەشدار دەبن، هەروەها داڕێژەرانی سیاسەت، وەبەرهێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرەو ناوچەیەکی ئۆراسیایی زیاتر خۆشگوزەران ئاراستە دەكات.

کتێبەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو بیرۆکەیەی کە بەهۆی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەم دواییە (وەک شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا)، ڕێڕەوی باکوور (لە ڕێگەی ڕووسیاوە) متمانەی خۆی لەدەست داوە و كۆریدۆری ناوەڕاست وەک کورتترین و سەلامەتترین جێگرەوە پێشنیار کراوە. کتێبەکە نەک تەنیا ژێرخانی فیزیکی (هێڵی ئاسن و بەندەرەکان)، بەڵکو ژێرخانی نەرم (دیجیتاڵکردن، ڕێساکانی گومرگی و سیستەمی پارەدانی داهێنەرانە)یش دەخاتە ڕوو.

ناوەڕۆك

بەشی یەکەم: ژێرخانی بازرگانی و ترانزێت، تێڕوانینێکی گشتی بۆ ڕێڕەوی ناوەڕاست: ئەم بەشە باس لە مێژووی دروستبوونی ڕێگاکە لە ڕێگای ئاوریشمی کۆنەوە تاوەكو ئێستا و شیکاری نەخشەی وردی بەندەرەکان و خاڵە سنوورییەکان، تواناکانی ڕێگاوبان و شەمەندەفەری وڵاتانی ئەندام (چین، کازاخستان، ئازەربایجان، جۆرجیا و تورکیا) دەكات.

بەشی دووەم: ڕۆڵی جیوپۆلەتیكی وزە لە ناوچەی ڕێگا ئەوریشم؛ ئەم بەشە لە ڕۆڵی كۆریدۆری ناوەڕاست نەک تەنیا وەک ڕێڕەوی کاڵا، بەڵکو وەک ڕێڕەوێکی وزە دەکۆڵێتەوە. گواستنەوەی نەوت و غازی دەریای خەزەر (كاسپییەن) بۆ ئەورووپا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی وزەی یەکێتی ئەورووپا، بابەتەكانی تری ئەم بەشەن.

بەشی سێیەم: یەکێتی ئەورووپا و ڕێڕەوی ناوەڕاست، دەستواڵاكردنی تواناکان و چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەكان؛ ئەم بەشە وڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە چۆن ڕێڕەوەکە دەتوانێت پشتبەستنی ئەورووپا بە ڕێگا تەقلیدییەكان کەم بکاتەوە و بەربەستەکانی بەردەم هاوکاریی ستراتیژی نێوان برۆکسل و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست چین لابدرێت.

بابەتی چوارەم: سیستەمی داهێنەرانە بۆ پارەدان، دراوە نیشتمانییەکان، سیستمی دارایی و دراوە دیجیتاڵییەكان لە بازرگانیدا؛ ئەم بەشە، كۆمەڵێك بابەتی داهێنەرانی لەخۆ گرتووە، کە بەدواداچوون بۆ بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکان  لە بازرگانی دەرەکیدا، ڕۆڵی Fintech (تەكنەلۆجیای دارایی)، دراوە کریپتۆکان (Cryptocurrency) و سیستەمی پارەدانی لامەرکەزی (Decentralized Finance) بۆ خێراکردنی مامەڵە داراییەکان بەدرێژایی كۆریدۆرەكە.

بەشی پێنجەم: لۆجستیکی سەوز و پەرەپێدانی گواستنەوەی بەردەوام؛ ئەم بابەتە تیشک دەخاتە سەر لایەنە ژینگەییەکان، پەرەپێدانی ڕێڕەوی گواستنەوەی سەوز و پشکنینی کاریگەرییە ئابووری و ژینگەییەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری بە شێوەیەکی بەردەوام.

بەشی شەشەم: ناوچەی ئابووریی ئازاد و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی بە درێژایی كۆریدۆرەكە؛  کاریگەرییەکانی ناوچە بازرگانییە ئازادەکان بەدرێژایی ڕێگاکە و چۆنیەتی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی لۆجستی لە وڵاتانی وەک ئازەربایجان و کازاخستان.

بابەتی حەوتەم: پڕۆژەی ژێرخانی ناوچەیی و گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ئۆراسیا؛ ئەم بەشە باس لە کێبڕکێی دەسەڵاتە گەورەکانی (چین، ڕووسیا، تورکیا) ناوچەکە دەکات و  ڕوونی دەكاتە كە چۆن وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز بە کەڵک وەرگرتن لەم كۆریدۆرە، هەوڵی پاراستنی سەروەری و هاوسەنگی هێز دەدەن.

بابەتی هەشتەم: ڕۆڵی پەروەردە و توێژینەوە و داهێنان؛ لە بەشی کۆتاییدا، گوزەرێك بە هاوکاریی زانستی و ئەکادیمی لە نێوان وڵاتانی ڕێگاکەدا كراوە و نەخشەڕێگایەکی ستراتیژی بۆ داهاتوو خراوەتە ڕوو کە چۆن مەعریفە و داهێنان دەتوانێت کاریگەری و كاركردی ئەم ڕێگایە زیاد بکات.

Send this to a friend