كتێبی ڕه‌وتى ئیسلامی له باشوورى كوردستان 1946 – 1991 ڕوانگه‌یه‌كی ئه‌كادیمی بۆ بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیاری مێژوویی
ڕانانی: د. فاروق عه‌بدول

په‌رتوكی ڕه‌وتى ئیسلامی له باشوورى كوردستان 1946 – 1991 لە نووسینی (ئیدریس سیوەیلی)یه له بنه‌ڕه‌تدا توێژینەوەیەکی مێژووییە و پشتی بەستووه بە چەندین بەڵگەنامەی تایبەت بەو ڕەوت و پارتە سیاسییە ئیسلامییانەی کە لە قۆناغێکی مێژووی دیاریکراودا لە کوردستان چالاک‌بوون، نوسەری کتێبەکە لە سەرەتا بەڕوونی هۆکاری نووسینی ئەم کتێبە دەخاتەڕوو، دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كه ئاخۆ ئه‌م گرووپه ئیسلامییانه له چ قۆناغێكى مێژوویى باشوورى كوردستان سه‌ریانهه‌ڵداوه؟ سه‌رچاوه‌ى فیکرى و په‌روه‌رده‌ییان چییه؟ پێگه‌یان له بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كورددا چییه؟ دید و تێڕوانینیان له‌مه‌ڕ دۆزى نه‌ته‌وه‌ى كورد چییه؟ نووسەر لێره‌وه به‌دوا ئه‌و وڵامانه ده‌چێت و ده‌یه‌وێت ئه‌و كه‌لێنه پڕبكاته‌وه كه وه‌كو خۆی له‌سه‌ره‌تای باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێده‌كات، كه لێكۆڵینه‌وه له‌م بواره‌دا له كوردستان فه‌رامۆش كراوه و ده‌زگایه‌كی زانستی، یان ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی تایبه‌تمان نییه گرنگی به‌م پرسه هه‌نوكه‌ییانه بدات.
هەڵبەتە کارکردن و توێژینەوە لەسەر کایەی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی، جگە لەوەی پێویستی بە پسپۆڕی و شارەزاییەکی ورد هەیە، هاوکات کایەیەکی هەستیاریشە، بۆیە توێژەر ڕاشکاوانە و هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەو ئاستەنگ و زەحمەتیانە دەدات کە لەم کارە زانستییەدا ڕووبەرووی بووەتەوە، توێژەر دەڵێت؛ گه‌وره‌ترین گرفتى به‌رده‌م ئه‌م توێژینه‌وه‌یه نه‌بوونى ژێده‌رى پێویسته ده‌رباره‌ى ڕه‌وتى ئیسلامی، هۆكارى ئه‌مه‌ش به پله‌ى یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارودۆخى تایبه‌تى كوردستان له‌و كاته‌دا، كه به قۆناغى شه‌ڕ و پشێوى و ئاژاوه و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراقدا تێده‌په‌ڕى، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ى له نه‌یارانى ئه‌و حكومه‌ته ده‌خواست كه زۆر نهێنى پارێزبن و زانیارى ده‌رباره‌ى خۆیان نه‌خه‌نه‌ڕوو، ڕه‌وتى ئیسلامیش به‌شێك بووه له‌و حاڵه‌ته، له‌لایه‌كى تره‌وه به‌شێكى سه‌ره‌كى ئه‌و ڕه‌وته‌ى ئێمه باسى لێوه ده‌كه‌ین له‌و قۆناغه‌دا سه‌رقاڵى كارى نهێنى بوو، ئه‌مه‌ش هێنده‌ى دى توێژینه‌وه ده‌رباره‌ى ئه‌و قۆناغه قورس ده‌كات، هاوکات نەبوونی ده‌زگاى ئه‌كادیمى تایبه‌ت به توێژینه‌وه‌ى دیارده‌ى ئیسلامی له باشوورى كوردستان، گرفتێکی دیکەیە کە توێژەر باسی دەکات ئەمە جگە لەوەی کە خودى ئیسلامییه‌كانیش له‌و ڕوه‌وه كه‌مته‌رخه‌من و تا ئێستا گرنگییان به مێژووى خۆیان نه‌داوه و هه‌ندێک له‌و كه‌سانه‌ى له سه‌ره‌تاى كارى ئیسلامییه‌وه له باشوورى كوردستان به‌شداربوون، له ژیاندا نه‌ماون، یاخود له هەنده‌ران، یان له شاره‌كانى تر‌ى كوردستان ده‌ژین، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك گرفت بۆ توێژه‌ر دروست ده‌كات، له پاڵ هه‌موو ئه‌م گرفتانه‌شدا سه‌ره‌نجام ئه‌و توێژینه‌وه‌یه هاته بوون.
ئەم په‌رتووكه لە پێنج بەش پێکهاتوە، به‌شى یه‌كه‌م، تایبه‌ته به مێژووى ڕه‌وتى ئیسلامی له نێوان ساڵانى (1946 – 1971)، ئه‌م به‌شه به‌سه‌ر چوار باس‌دا دابه‌شكراوه، له باسى یه‌كه‌مدا باس له بڵاوبوونه‌وه‌ى بیرى ئیخوان موسلمین له عێراق كراوه، به شێوه‌یه‌كى چڕ و پوخت باس له سه‌ره‌تاكانى گه‌یشتنى بیرى ئیخوان به عێراق كراوه. له باسى دووه‌مدا باس له‌كار و چالاكى ڕه‌وتى ئیسلامی له باشوورى كوردستان له سه‌رده‌مى پاشایه‌تیدا كراوه، هه‌ر له‌و باسه‌دا زانیارى ورد ده‌رباره‌ى سه‌ره‌تاكانى گه‌یشتنى بیرى ئیخوان به كوردستان خراوه‌ته‌ڕوو. باسى سێیه‌میش تایبه‌ته به كار و چالاكى ڕه‌وتى ئیسلامی له باشوورى كوردستان له سه‌رده‌مى كۆماری‌دا، هه‌روه‌ها به وردى باس له شێوازى كارى ڕه‌وتى ئیسلامی له‌و قۆناغه‌دا كراوه. باسى چواره‌میش تایبه‌ته به شه‌نوكه‌وكردن و خوێندنه‌وه‌یه‌كى ڕه‌خنه‌گرانه‌ى سێ ده‌یه‌ى كارى ئیخوان له عێراق و باشوورى كوردستان، ده‌بێت سه‌رنج له‌وه‌ش بدرێت كه له‌و باسه‌دا تەنیا باس له سلبیات كراوه، به گشتى به‌شى یه‌كه‌م گه‌لێك زانیارى وردى له‌خۆگرتووه.
له‌م به‌شه‌دا كه نووسەر ناونیشانی مێژووى ڕه‌وتى ئیسلامی له نێوان ساڵانى (1946 – 1971)، داوه‌تێ، لە سەرەتاوە بە دەروازەیەکی ناساندن ڕۆدەچێتە ناو وردەکاری باسەکەوە، کە ناساندنی چەمکی زاراوەی ڕەوتی ئیسلامییە، نووسەر ده‌ڵێـت، هه‌رچه‌نده ئه‌م توێژینه‌وه‌یه تایبه‌ت نییه به لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ى چه‌مك و زاراوه‌ى ڕه‌وتى ئیسلامی، به‌ڵكو تایبه‌ته به لێكۆڵینه‌وه له لایه‌نى مێژوویى ئه‌و دیارده‌یه، له كات و شوێنێكى دیارى كراودا، بۆیه ئامانج له ته‌رخانكردنى ئه‌م باسه بۆ ناساندنی چه‌مكه‌كان، دیاریكردنى مه‌وداى توێژینه‌وه‌كه و به‌رچاو ڕۆشنییه له‌سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه‌ى توێژینه‌وه‌ى له‌باره‌وه ده‌كه‌ین، بۆیه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كاتێك وشه‌ى (ئیسلامیى) ده‌خه‌ینه پاڵ ڕه‌وت، وشه‌ى (ئیسلامیى) ده‌بێته ئاوه‌ڵناو بۆ ڕه‌وت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه ئه‌و ڕه‌وته هه‌ڵگرى ئایدۆلۆژیاى ئیسلامه، هه‌ر وه‌كو چۆن ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ڵگرى ئایدۆلۆژیاى ماركسیزم بێت پێى ده‌وترێت ماركسى.
دوای ناساندن و به‌رچاوڕوونی بۆ چه‌مكه‌كان، نووسەر ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر كڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ی كه سه‌رهه‌ڵدان و ڕیشه‌ى مێژوویى ڕه‌وتى ئیسلامییه له باشوورى كوردستان، هه‌ر له ده‌سپێكدا دوو هۆكار ده‌ستنیشان ده‌كات، كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه هه‌بووه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه، كه پێشه‌نگى ڕه‌وتى ئیسلامی هاوچه‌رخ، ئه‌و بزووتنه‌وه چاكسازییه ئایینییه‌یه كه جه‌ماله‌دینى ئه‌فغانى (1839 – 1896ز) و موحه‌ممه‌د عه‌بده (1849 – 1905ز) و موحه‌ممه‌د ڕه‌شید ڕه‌زا (1865- 1935 ز) ڕێبه‌رایه‌تى ده‌كه‌ن و كاریگه‌رى ئه‌و بیرمه‌ندانه له‌سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى بیسته‌م گه‌یشتووەته كوردستان، (مه‌لاى گه‌وره‌ى كۆیه) كه‌وتووەته ژێر كاریگه‌رى ئه‌م بیره نوێیانه و دووه‌میان كاریگه‌رى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خیلافه‌تى ئیسلامییه له (1924)دا. هه‌ر چه‌نده له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تى خیلافه‌تى عوسمانى بۆچوونى جودا هه‌بووه، به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى به گورزێكى كاریگه‌ر ئه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه خیلافه‌ت ڕه‌مزێكى ڕۆحى موسڵمانان بوو.
له باسی یه‌كه‌م و دووه‌می ئه‌م به‌شه‌دا، نووسەر به‌وردی تیشكده‌خاته سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری ئیخوان موسلمین له عێراق و كوردستان و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه دواى دامه‌زراندنى ڕێكخراوى ئیخوان موسلمین له میسر ساڵى (1928) له‌سه‌ر ده‌ستى حه‌سه‌ن به‌ننا (1906 ــ 1949)، كار و چالاكى ئه‌و ڕێكخراوه فراوان بوون و سه‌ره‌تاى گه‌یشتنى بیرى ئیخوان به عێراق، له ڕێگه‌ى چه‌ند مامۆستایه‌كى میسرییه‌وه بوو له سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا.
سه‌باره‌ت به ئاشنابوونی بیری ئیخوان موسلمین له كوردستان وه‌كو به‌شێكى سه‌ره‌كى ڕه‌وتى ئیسلامی، نووسەر ده‌یگه‌ڕێنته‌وه بۆ كۆتایى جه‌نگى دووه‌مى جیهانی كه سه‌ره‌تاكه‌ی له شارى موسڵه‌وه بووه و دواتر له كه‌ركوك و هه‌ولێر و سلێمانی، له‌سه‌رده‌ستی چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیاری ئیسلامی ده‌ستیان به‌چالاكی فراوان كردوه، ده‌شڵێت كه له ساڵى (1946ز) به‌دواوه، دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵه‌ى ئادابى ئیسلامیى، بووه كه‌ناڵێكى باش بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى بیرى ئیخوان له زۆربه‌ى شاره‌كانى عێراق و باشوورى كوردستان. باسی سێیه‌مى ئه‌م به‌شه، ته‌رخانكراوه بۆ قۆناغێكی گرنگ له‌سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌وتی ئیسلامی له كوردستان، ئه‌ویش دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تییه له عێراق، كه یه‌كه‌م گۆڕانكارییه له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی عێراقدا، نووسەر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له دواى ساڵی (1958)، قۆناغێكى نوێ له كارى ئیسلامی له عێراق و كوردستان ده‌ستیپێكرد، ئه‌م قۆناغه له خودى خۆیدا، هه‌ندێکجار به‌ره‌و لوتكه و هه‌ندێکجاریش به‌ره‌و نشێو و هه‌ڵدێر ملى ناوه، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامى بارودۆخى سیاسى ئه‌و ده‌مه‌ى عێراق و ناوچه‌كه‌یه. له‌باره‌ی كوردستانه‌وه نووسەر ده‌ڵێت كه له سه‌ره‌تاى شه‌سته‌كاندا چالاكى ئیخوان له ده‌ڤه‌رى شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه به‌رفراوان بوو، بیرى ئیخوان به‌شێوه‌یه‌ك بڵاوبووه‌وه مه‌لاكان به ئاشكرا باسى ئه‌و بیره‌یان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێک شوێن وێنه‌ى حه‌سه‌ن به‌ننا به‌رزده‌كرایه‌وه، له دواى هاتنه سه‌ركارى به‌عسییه‌كان له (1968)، شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز پێشنیازى دامه‌زراندنى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى بۆ بارزانى ده‌كات، هۆكارى دامه‌زراندنى ئه‌و یه‌كێتییه بۆ به‌شداریكردن و به‌ده‌مه‌وه چوونى شۆڕشى كورد و ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی شیوعییه‌كان بوو كه ته‌نگیان به زانایانی ئیسلامی هه‌ڵچنیبوو.
نووسەر له كۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا، ئاماژه‌یه‌كی ئاشكرا به لاوازی ئیخوان موسلیمین ده‌كات له كوردستان، ده‌ڵێت، هه‌ر چه‌نده له ده‌یه‌ى چواره‌م، پێنجه‌م و شه‌شه‌مى سه‌ده‌ى بیست ئیخوان چالاكترین باڵى ڕه‌وتى ئیسلامی بوو، به درێژایى ئه‌و مێژووه له باشوورى كوردستان كارى كرد، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنى ئه‌وتۆى به‌ده‌ست نه‌هێنا‌وه و ڕێكخستنێكى به‌رته‌سكى هه‌بووه، هۆكارى ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه دوو خاڵی سه‌ره‌كی، یه‌كه‌م شێوازى كاركردنى ئیخوان كه نه‌یانتوانیوه ڕێكخستنه‌كانیان بۆ ناو سه‌رجه‌م چینه‌كانى كۆمه‌ڵگه شۆڕ بكه‌نه‌وه، كاره‌كه‌یان زیاتر له توێژى زاناى ئایینى و خوێنده‌وارى زانكۆ گیردابوو، دوومیان، پـشــتـگیـرى نـه‌كـردنى دۆزى كـورد و گـرنـگى پێنه‌دانى. ئیخوان ده‌رباره‌ى كێشه‌ى كورد خه‌مسارد بوون، چه‌ند ساڵ درێژه‌كێشانى شۆڕشى ئه‌یلول ڕاینه‌چڵه‌كاندن هه‌ڵوێست له‌مه‌ڕ كێشه‌ى كورد وه‌رگرن، دكتۆر ته‌ها جابر ئه‌لعه‌لوانى، یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانى حزبى ئیسلامیى عێراقى و ده‌رباره‌ى ئه‌و خه‌مساردییه‌ى ئیخوان ده‌ڵێت: “ئیخوان بڕیارى دابوو خۆى له كارى سیاسی به‌دوور بگرێت، جارجار له ژێر فشارى ڕووداوه‌كاندا به‌یانێكى سنووردارى ده‌رده‌كرد، ئه‌مه‌ش زیاتر له بۆچوونێكى فیقهى ده‌چوو، هه‌ر بۆیه زۆرجار گله‌ییان ده‌هاته سه‌ر، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانى كورد گله‌یى ئه‌وه ده‌كرا، ئیسلامییه‌كان هیچ شتێكیان ڕانه‌گه‌یاندووه خواستى كوردى تێدابێت، یاخود سه‌رزه‌نشتى ئه‌و سته‌مه بكات، كه له‌سه‌ر كورده”.
به‌شى دووه‌می كتێبه‌كه كه به‌سه‌ر سێ باس‌دا دابه‌شكراوه و تایبه‌ته به قۆناغێكى نوێ له كارى ئه‌و ڕه‌وته، كه له كارى تاكه‌كه‌سییه‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ ڕێكخراوبوون، له باسى یه‌كه‌مدا باس له كارى ئیسلامیى له حه‌فتاكان و نیوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى بیست كراوه، شێوازى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كارى ئیسلامیى له ناوچه جۆرا‌وجۆره‌كاندا خراوه‌ته‌ڕوو، له باسى دووه‌مدا خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندى ئه‌و قۆناغه‌ى كارى ئیسلامیى خراوه‌ته‌ڕوو، له باسى سێیه‌مدا باس له هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و به‌هێزبوونى ڕه‌وتى ئیسلامی وه‌كو دیارده‌یه‌كى مێژوویى كراوه، تێیدا هۆكاره ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كان به‌هه‌ند گیراون و باسیان لێوه‌كراوه.
نووسەر له‌باسی یه‌كه‌مدا، ده‌ستنیشانی قۆناغێكی مێژوویی گرنگ له كاری تاكه كه‌سی ئیسلامی ده‌كات، كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به قۆناغی دوای ڕاوه‌ستاندنى كارى ئیخوان و پچڕاندنى په‌یوه‌ندییه ئۆرگانییه‌كان، پۆلێنیان ده‌كات، له سلێمانى، (حه‌سه‌ن پێنجوێنى، ئه‌بوبه‌كر موحه‌ممه‌د عه‌زیز، بورهان موحه‌ممه‌د ئه‌مین) ڕۆڵیان هه‌بوو، له كه‌ركووك، جگه له كارى ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى ئیخوان، شێخ نازم جموجۆڵێكى به‌رفراوانى هه‌بوو. له كه‌لار (مه‌لا موحه‌ممه‌د هۆرێنى) ڕۆڵى هه‌بوو، له ده‌ڤه‌رى بیتـوێن و پشده‌ر، له سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانه‌وه كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تى ڕۆڵیان هه‌بووه وه‌كو (عـه‌لى باپـیـر، عــــه‌بــدولقـادر هــه‌ڵۆنـه‌یـى، مه‌غدید حسێن، مه‌لا عومه‌ر تیمارى)، له هه‌ڵه‌بجه، (ئیبراهیم ڕێشاوى، عومه‌ر ڕێشاوى، موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ج، هادى عه‌لى، حه‌سه‌ن شه‌مێرانى، موحه‌ممه‌د عه‌بدوڕڕه‌حیم) چالاكیان هه‌بووه، هه‌روه‌ها (سدیق عه‌بدولعه‌زیز، موحه‌ممه‌د ڕه‌ئوف، مه‌ولود باوه‌موراد، مه‌لا ئه‌حمه‌د شافعى) به شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ له‌وانى دیكه جموجۆڵیان هه‌بووه، له سه‌یدسادق، (محێدین گه‌ڵاڵى، حـه‌مـه‌سه‌عـید، هـیوا مـیـرزا سابیر)، لـه‌پاڵ ئـه‌مـانـیشـدا كـۆمه‌ڵـێك وتـاربێژ له‌و ده‌ڤـه‌ره ڕۆڵیان بـینیوه له‌وانه (شـێخ موحه‌ممـه‌د بــه‌رزنجى) لــه شــانـه‌ده‌رى، (مـــه‌لا عه‌لى بیاره و مه‌لا موحه‌ممه‌د شاره‌زوورى) له سه‌یدسادق، له شـارۆچـكـه‌ى سـیروان، (حه‌بـیب موحه‌ممه‌د سه‌عید و ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حمود). له هه‌ولێریش (موخلیس یونس، سه‌ید عیزه‌دین، ئه‌بوڕائید، حاجى فوئاد، موحسین جوامێر، دكتۆر عیسام ئه‌لڕاوى) جوڵه و چالاكییان هه‌بوو، له ده‌ڤه‌رى بادینانیش حاجى ته‌ها سنجارى ئه‌ندامێكى دێرینى ئیخوان بوو، كۆمه‌ڵێك لاوى كۆكردبووه‌وه و وانه‌ى پێده‌وتن، له‌وانه (ئه‌بو شڤان، وه‌لید یونس ئه‌حمه‌د، جه‌مال ئه‌حمه‌د، موحه‌ممه‌د تاهیر، زوهێر حجى، زه‌كى نوره‌دین).
له سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانه‌وه كار و چالاكى كادیرانى ڕه‌وتى ئیسلامی به‌رفراوان بوو، هێڵى سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د هاته مه‌یدان و دواتریش له (1985) مۆڵه‌تى ڕه‌سمى كاركردنى له سه‌ركردایه‌تى ئیخوان وه‌رگرت، هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا ئیخوانه‌كانى كوردستان و ناوه‌ڕاستى عێراق یه‌كیانگرته‌وه، له لایه‌كى تره‌وه، له ساڵانى هه‌شتا بزووتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى چووه قۆناغى ئاشكرا و كارى چه‌كدارى، ئه‌مه‌ش ڕاگه‌یاندنى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیى لێكه‌وته‌وه.
سه‌باره‌ت به خسڵه‌ت و كاری ئیسلامی له‌و قۆناغه‌دا، نووسەر له‌باسی دووه‌میدا و له‌چه‌ند خاڵێدا پۆلێنیان ده‌كات له‌وانه، په‌رته‌وازه‌یى، گرووپبه‌ندی و فره‌میحوه‌ری، چاپكردنی كتێب و بڵاوكراوه به زمانی كوردی، زیادبوونی چالاكی له‌نێو چینی گه‌نج و خویندكاراندا، دژایه‌تی به‌عس و ملنه‌دان بۆ خۆاسته‌كانی. له‌باره‌ی گرووپبه‌ندی و فره‌میحوه‌ریه‌وه نووسەر ئاماژه به بابه‌تێكی گرنك ده‌دات و ده‌ڵێت، ئه‌مه ده‌رگاى بۆ چه‌ندین شێوازى بیركردنه‌وه و هاتنه ناوه‌وه‌ى بیرى نوێ واڵا كرد، له‌و قۆناغه‌دا بیرى جیهادى و چه‌كدارى له ناو ڕه‌وتى ئیسلامی به ته‌واوى چه‌كه‌ره‌ى كرد.
پاشان نووسەر دێته سه‌ر هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ڕه‌وتى ئیسلامی، كه بۆ دوو هۆكاری سه‌ره‌كی دابه‌شی ده‌كات، ئه‌وانیش هۆكاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانه، له هۆكاره ناوخۆییه‌كان، ده‌قه شه‌رعییه‌كان به‌پله‌ی یه‌كه‌م دێت، كه ڕه‌وتى ئیسلامی به‌ر له هه‌ر شتێك شه‌رعییه‌تى خۆى له ده‌قه شه‌رعییه‌كانى قورئان و سوننه‌ته‌وه وه‌رده‌گرێت، بوونى كۆمه‌ڵێك ده‌ق له قورئان و سوننه‌تدا، كه باس له ده‌سه‌ڵاتى ئیسلامی و چه‌سپاندنى شه‌ریعه‌ت و خیلافه‌تی ئیسلامی ده‌كات. جگه له‌وه، بوونى ڕیشه و پاشخانى بیرى ئیخوان له باشوورى كوردستان و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵێك وتاربێژ و نووسه‌رى ئیسلامی، توندڕه‌وى پارته عه‌لمانى و چه‌په‌كانى كوردستان، سیاسه‌تی حكومه‌تی به‌عس دوای هـه‌ره‌سى شـۆڕشى ئـه‌یـلول (1975) له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه بوون كه بره‌ویدا به سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌وتی ئیسلامی له كوردستان. هه‌رچی سه‌باره‌ت به هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كانه نووسەر له سێ خاڵدا كورتی ده‌كاته‌وه له‌وانه، 1ـ سه‌ركه‌وتنى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران له (1979)، 2ـ سه‌رهه‌ڵدانى جیهادى ئه‌فغانستان دژ به هێزه‌كانى یه‌كێتیى سۆڤێتى پێشوو، 3ـ بڵابوونه‌وه‌ی نووسینى ژماره‌یه‌ك بیرمه‌ندى ئیسلامیى وه‌كو سه‌ید قوتب و ئه‌بو ئه‌علاى مه‌ودودى، به زۆربه‌ى جیهانى ئیسلامی‌دا.
به‌شى سێیه‌می كتێبه‌كه له سێ باس پێكهاتووه و تایبه‌ته به ڕه‌وتى ئیخوان موسلمین له نێوان ساڵانى (1979 -1991)، له باسى یه‌كه‌مدا سه‌رهه‌ڵدان و كار و چالاكى و دید و تێڕوانینى باڵى سدیق عه‌بدولعه‌زیز باسكراوه. له باسى دووه‌مدا كار و چالاكى باڵى سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د و هه‌وڵى ئه‌و باڵه بۆ دروستكردنى پارتێكى ئیسلامیى ئاشكرا خراوه‌ته‌ڕوو. پاشان له باسى سێیه‌مدا كار و چالاكى هه‌ردوو باڵ له دواى ساڵى (1985) و یه‌كگرتنیان له‌گه‌ڵ ئیخوانه‌كانى عێراق و پاشان ئاشكرابوونى ڕێكخستن و هه‌ڵاتنیان، دواتر كارى هه‌ردوو باڵ له ئێران خراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌م به‌شه گه‌لێك زانیارى نوێ له‌خۆده‌گرێت كه له ڕووى مێژووییه‌وه به‌هایه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه.
نووسەر سه‌ره‌تا له باسی یه‌كه‌مدا به‌وردی باس له هێڵى سدیق عه‌بدولعه‌زیز ده‌كات كه چۆن له هه‌ڵه‌بجه‌وه یه‌كه‌م شانه‌ى ڕێكخستنى ئیخوان دروست ده‌كات، سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌م هێڵه بۆ ساڵى (1979) ده‌گه‌ڕێته‌وه، به یه‌كه‌م ڕێكخستنى ئیخوان له باشوورى كوردستان داده‌نرێت. كه ڕه‌نگه دووره ده‌ستى هه‌ڵه‌بجه له سه‌نته‌ره‌وه، ڕێگه خۆشكه‌ر بووبێت بۆ جوڵه‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه. نووسەر ده‌ڵێت: ئه‌م باڵه ڕووبه‌ڕووى دوو گرفتى گه‌وره بووەوه، له‌لایه‌كه‌وه به مه‌به‌ستى خۆپاراستن له ده‌زگا سیخوڕییه‌كانى به‌عس، پێویست بوو ئه‌وپه‌ڕى نهێنى له كاره‌كانیاندا په‌یڕه‌و بكه‌ن، له‌لایه‌كى تره‌وه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى ڕه‌ق و چاودێرى توندى ئیخوانه دێرینه‌كان، كه كاری ڕێكخراوه‌ییان به مه‌ترسیدار ده‌زانى و به‌رده‌وام به بیانووى نه‌بوونى ڕه‌سمییه‌ت، ئاسته‌نگیان بۆ هه‌ركه‌سێك دروست ده‌كرد، به‌و ناوه‌وه كارى بكردایه، له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا چالاكییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه له سنوورێكى به‌رته‌سكی وه‌كو هه‌ڵه‌بجه ده‌چوو، په‌روه‌رده‌كردنى تاك، پێگه‌یه‌كى گرنگى له ئه‌ده‌بیاتى ئه‌م باڵه و سه‌رجه‌م كارى ئیخواندا هه‌بوو، باشترین جێگه‌ش قوتابخانه و حوجره و زانكۆ و په‌یمانگاكان بوو.
باسی دووه‌می ئه‌م به‌شه، ته‌رخانكراوه بۆ هێڵى سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د به‌هائه‌دین، كه نووسەر دیسانه‌وه به‌دیقه‌ت و سه‌لیقه‌یه‌كی ورده‌وه باس له ورده‌كارییه‌كانی ده‌كات، سه‌ره‌تا به‌باسكردنی دروستكردنى كۆمه‌ڵى ئه‌نسارى ئیسلامی ده‌ستپێده‌كات و ده‌ڵێت: له مانگى (مایسى 1982) نزیكه‌ى (15 ــ 20) كه‌س له ئوتێلى (ئه‌لوه‌ندرود) له تاران كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دواى وتووێژ و ڕاگۆڕینه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه پێكدێن كه پارتـێك دروست بكـرێت و به‌كۆى ده‌نگ ناوى كــۆمه‌ڵى ئه‌نسارى ئیسلامیى (جماعه الأنصار الإسلامیة) لێ ده‌نێن و ڕایده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌وان كـۆمه‌ڵێك ئه‌ندامى ئیخوان موسلمینن و دژى به‌عس كارده‌كه‌ن و داواش له ئێران ده‌كه‌ن پشتیوانیكردنى سیاسی و سه‌ربازییان بكات و چه‌كى پێویستیان پێبدات. ئه‌م كۆمه‌ڵه په‌یڕه‌و و پڕۆگرامیان بۆ پارته‌كه‌یان دانا و له‌ناو ئاواره‌كاندا كه‌وتنه كاركردن، ژماره‌یه‌ك گه‌نجیان لێ كۆبووەوه، هه‌ر له‌و ماوه‌شدا گۆڤارى (ئه‌نسار) وه‌كو زمانحاڵى پارت ده‌رچوو، به‌ڵام ته‌نیا بۆ ماوه‌ى ساڵێك به‌رده‌وام بوو. به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نسار زۆربه‌ى دامه‌زرێنه‌رانى په‌رته‌وازه بوون، به‌ڵام دواتر ئه‌وانه‌ی مابوونه‌وه له‌ناو ئاواره‌كاندا درێژه‌یان به‌كاردا و كه‌وتنه چالاكى و توانییان سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنى ئیخوان دروست بكه‌نه‌وه و ژماره‌یه‌كى زۆر گه‌نج له ده‌ورى خۆیان كۆبكه‌نه‌وه. ئه‌م باڵه توانییان شانه‌ى ڕێكخستن له باشوورى كوردستان دروست بكه‌ن، به‌ڵام به كرده‌وه (فعلى) ئێران ببوه مه‌یدانى كاركردنیان. له ساڵى (1985)، سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د ده‌چێته وڵاتى ئیمارات و له‌وێ چاوى به ئیخوانه عێراقییه دێرینه‌كان ده‌كه‌وێت، ئه‌وان مۆڵه‌تى ڕه‌سمى كاركردنى پێده‌ده‌ن و ده‌یكه‌نه به‌رپرسى یه‌كه‌مى ئیخوان له ئێران.
باسی سێیه‌می ئه‌م به‌شه ته‌رخانكراوه بۆ چۆنێتی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی ئیخوان (سدیق عه‌بدولعه‌زیز و سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د) له نێوان ساڵانى 1985 – 1991، له‌م به‌شه‌دا نووسەر هه‌وڵیداوه به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه و دوور له لایه‌نداری، واقیعی هه‌ردوو باڵه‌كه و چۆنێتی یه‌كگرتنه‌وه‌یان بخاته‌ڕوو، نووسەر ده‌ڵێت: سه‌رجه‌مى ئه‌و باڵانه‌ى به ناوى ئیخوانه‌وه له باشوورى كوردستان كاریان ده‌كرد، پێویستى مادى و مرۆیى ته‌واویان نه‌بوو، ئه‌مه‌ش یه‌كگرتن و لێكنزیكبوونه‌وه‌ى ئه‌و باڵانه‌ى پێویست ده‌كرد. دواى یه‌كترناسین و دروستبوونى متمانه و ئاگاداربوون له كارى یه‌كتر، ده‌شڵێت: له‌ساڵی 1984دا دكتۆر عیسام ئه‌لڕاوى به نهێنى چه‌ند جارێك دێته هه‌ڵه‌بجه و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سدیق عه‌بدولعه‌زیز و سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د ده‌كات، ئه‌نجامى ئه‌م سه‌ردان و چاوپێكه‌وتنانه، ڕێککەوتنى نێوان باڵى سدیق عه‌بدولعه‌زیز و ئیخوانه‌كانى ناوه‌ڕاستى عێراقى لێكه‌وته‌وه له ساڵى (1985)دا. دواى ئه‌م ڕێكکه‌وتنه، باڵى سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د، په‌یوه‌ندى به ناوبراوه‌وه ده‌كه‌ن، تا هه‌ڵوێستى خۆى ده‌رباره‌ى به‌شدارىكردن له‌و یه‌كگرتنه ده‌ربڕێت. ئه‌ویش ئاگاداریان ده‌كات، كه باشتروایه كاره‌كان بكه‌ن به یه‌ك. به‌پێى ئه‌م ڕێککەوتنه كارى كوردستان درایه ده‌ست كورده‌كان و سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانى ناوه‌ڕاستیش درایه ده‌ست ئیخوانه عه‌ره‌به‌كان، له كوردستان شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز، كرایه به‌رپرسى یه‌كه‌مى ئیخوان وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی خوازراو له‌ناو هه‌ردوو باڵه‌كه‌دا، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى كرده‌یى سدیق عه‌بدولعه‌زیز هه‌ڵسوڕێنه‌رى كاره‌كان بوو.
نووسەر ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه دواى یه‌كگرتن، ڕێكخستن تێكه‌ڵ كرا‌و به‌رنامه‌ى كار داڕێژرا، به‌ڵام مانگى هه‌نگوینى ئه‌م یه‌كگرتنه درێژه‌ى نه‌كێشا، دواى ساڵێك و له كۆتایى (1986)دا، به هۆى گیرانى دوو عه‌ره‌به‌وه سه‌ره‌داوى ڕێكخستن ئاشكرابوون و زۆربه‌ى سه‌ركرده كورده‌كانى ئیخوان ئاواره‌ى ئێران بوون. ده‌شڵێت: هه‌ر له‌و ماوه‌دا و دواى چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك، به به‌شدارى زۆرێك له كادیره ئاواره‌كانى ئیخوان (بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیى له كوردستان/ عێراق) به ڕابه‌رایه‌تى شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز، وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كى چه‌كدارى ڕاگه‌یه‌نرا، به‌و پێیه‌ى ڕابه‌رى بزووتنه‌وه پێشتر به‌رپرسى ئیخوانه‌كانى كوردستان بوو، چاوه‌ڕێى ئه‌وه ده‌كرا، سه‌رجه‌م ئیخوانه‌كان له ده‌ورى بزووتنه‌وه كۆببنه‌وه و به‌شدارى كارا له تۆكمه‌كردن و ڕاگیركردنى ئه‌و پارته‌دا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م خه‌ونه نه‌هاته‌دى و هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنى بزووتنه‌وه‌دا، سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د به‌رپرسى ئیخوان له ئێران، خۆى گه‌یانده ئیماراتى عه‌ره‌بى و په‌یوه‌ندیكرد به سه‌رانى ئیخوانه‌وه و نامه‌یه‌كى دكتۆر نو‌عمان عه‌بدوڕڕه‌زاق سامه‌ڕائى بۆ ئیخوانه‌كان هێنا. به وته‌ى سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د ئه‌و نامه‌یه په‌یامێكى ڕوون بوو بۆ شێخ عوسمان كه به‌و پێیه‌ى خۆى به برا ده‌زانێت و كه‌سایه‌تییه‌كى گه‌وره‌ى برایانه، نابێ پێشه‌واى ئه‌و بزووتنه‌وه چه‌كدارییه بێ، نابێ فشار بخاته سه‌ر گه‌نجان بۆ چه‌كدارى به‌ناوى جیهاده‌وه، چه‌كدارى پرۆسه‌یه‌كى ئاڵۆزه و ژینگه و كه‌شوهه‌وا و ئه‌حكامى خۆى هه‌یه و به‌و شێوه‌یه و له‌ژێر ئه‌و بارودۆخه‌دا كه جه‌نگى ئێران و عێراق بوو، ڕه‌وا نییه. هه‌روه‌ها تێیدا هاتبوو كه پێمان باشه كارى پێشه‌وایه‌تى بده‌یته ده‌ست مه‌لا عه‌لى عه‌بدولعه‌زیزى برات، چونكه برایان له ئێران قه‌واره و شه‌رعییه‌تى خۆى هه‌یه و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك پابه‌ند بن پێوه‌ى. ده‌شڵێت: به گه‌یشتنى نامه‌كه، ڕه‌وتى ئیخوان بوونه سێ پارچه:
أ ــ شێخ عـوسمان و كۆمه‌ڵـێـك كه‌سایه‌تى تر، به‌رپه‌رچى بڕیاره‌كه‌یاندایه‌وه و له‌ناو بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیى درێژه‌یان به‌كاردا.
ب ــ باڵى سـه‌لاحـه‌ددین مـوحـه‌ممه‌د، تێكڕا پابه‌ندى بـڕیاره‌كه‌بوون و وێڕاى هاوكارى نه‌كردنى بزووتنه‌وه كه‌وتنه دژایه‌تیكردنیشى.
ج ــ باڵى سدیق عه‌بدولعه‌زیز، له نێوان بزووتنه‌وه و هێڵى سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌دا، هه‌ڵوێستێكى له‌رزۆكیان هه‌بوو. له بزووتنه‌وه كشانه‌وه، به‌ڵام تێكه‌ڵ به باڵى سـه‌لاحـه‌ددین مـوحـه‌مـمه‌دیش نـه‌بوون و به‌ناوى ئیخوانه‌وه سه‌ربه‌خۆ كه‌وتنه كاركردن.
په‌رته‌وازه‌یی و یه‌كبوونی چه‌ندباره‌ی باڵه‌كانی ئیخوان، یه‌كێك بوو له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی كاركردنی ڕه‌وتی ئیسلامی له باشوری كوردستان، نووسەر لێره‌دا جارێكی تر له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ی باڵه‌كانی ئیخوان ڕاده‌وه‌ستێت و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه دواى هه‌ڵوێستى سلبى سه‌ركردایه‌تى ئیخوان له دامه‌زراندنى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی و كارى چه‌كدارى، ئیخوان بوونه سێ پارچه. باڵى سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د تۆكمه‌ترین باڵ بوو، چونكه ئه‌وان به‌درێژایى چه‌ند ساڵى ڕابردوو له‌ناو ئاواره‌كاندا كاریان ده‌كرد و هاوكات ڕه‌سمیه‌تى كاركردنیان له سه‌ركردایه‌تى ئیخوان وه‌رگرتبوو، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، له هه‌ڵمه‌تى ده‌ستگیركردنى سه‌ركرده‌كانى ئیخوان له‌لایه‌ن حكومه‌تى به‌عسه‌وه، له چاو باڵه‌كه‌ى تر، زیانى كه‌متریان به‌ركه‌وتبوو. هه‌موو ئه‌م هۆكارانه وایكردبوو، كه ئه‌و باڵه بێ گیروگرفت له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌وتى پێشووى به‌شێوه‌یه‌كى چالاك له‌كاردا بێت، ئه‌م به‌هێزییه‌ی باڵاكه‌ی سه‌ڵاحه‌دین موحه‌مه‌د واده‌كات جارێكی تر باڵى سدیق عه‌بدولعه‌زیز به پشت به‌ستن به ئامۆژگاری ئیخوانى ده‌ره‌وه ده‌ستبه‌رداری پشتیوانی بزووتنه‌وه ده‌بن و دواى چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له (9/11/1988)دا، ڕێککەوتنێك له نێوان هه‌ردوو باڵه‌كه‌دا واژۆ كرا و دواتر به مه‌به‌ستى تێكه‌ڵاوكردن و یه‌كخستنه‌وه‌ى ڕێكخستنه‌كان، هه‌ڵبژاردنێك بۆ ده‌ستنیشانكردنى شووراى نوێ كرا، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا له هێڵى سدیق عه‌بدولعه‌زیز ته‌نیا (سدیق عه‌بدولعه‌زیز و موحه‌ممه‌د ڕه‌ئوف) بۆ شوورا هه‌ڵبژێردران. ئه‌ندامانى هێڵه‌كه‌ى تریش كه بوونه ئه‌ندامى شوورا بریتى بوون له: (عومه‌ر ڕێشاوى، سه‌لاحه‌ددین موحه‌ممه‌د، ئه‌مین زه‌ردۆیى، موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ج، هادى عه‌لى، ئیبراهیم ڕێشاوى، سه‌ید ئه‌حمه‌د، زوهێر خۆشناو). له دواى ئه‌م ڕێککەوتنه، تا ڕاپه‌ڕینى (ئازارى 1991) ئیخوان به گه‌رمى كاركردن به‌رده‌وام بوو به‌تایبه‌تی له‌ناو ئاواره‌كان.
به‌شى چواره‌می كتێبه‌كه، تایبه‌ته به چه‌ند پارت و ڕێكخراوێكى ئیسلامی، كه له نێوان ساڵانى (1978 – 1991) كار و چالاكیان هه‌بووه، له باسى یه‌كه‌مدا دروستبوون و كار و چالاكى بزووتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ئیسلامیى كوردستانى عێراق شیكراوه‌ته‌وه. له باسى دووه‌مدا له‌شكرى ئیسلامیى كورد هه‌ر له دروستبوونییه‌وه پاشان كار و چالاكى و دید و تێڕوانین و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خراوه‌ته‌ڕوو. باسى سێیه‌م تایبه‌ته به كۆمه‌ڵى جیهاد و كۆمه‌ڵه‌ى ئیسلامی، باس له چۆنێتى دروستبوونى ئه‌و دوو پارته كراوه. باسى چواره‌م تایبه‌ته به په‌یوه‌ندى قوتابیانى موسڵمان له كوردستان كه ڕێكخراوێكى پیشه‌ییه و هه‌ر له دروستبوونییه‌وه تا ڕاپه‌ڕینى (ئازارى 1991) ڕۆڵ و كاریگه‌رى خۆى هه‌بوو، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م باسه تایبه‌تمه‌ندییه‌كى خۆى هه‌یه به‌وه‌ى كه تایبه‌ته به ڕێكخراوێكى پیشه‌ییه‌وه، نه‌ك ڕێكخراوى سیاسی، دیاره له‌به‌ر چالاكبوونى ئه‌و ڕێكخراوه ئه‌و باسه‌ى بۆ ته‌رخانكراوه. له‌م به‌شه‌دا به‌شێوه‌ى به‌شه‌كانى پێشوو گه‌لێك زانیارى ورد خراوه‌ته‌ڕوو، هاوكات ڕوودا‌و و هه‌ڵوێسته‌كان هه‌ڵسه‌نگێنراون و بۆچوونى توێژه‌ر له‌و باره‌وه خراوه‌ته‌ڕوو.
نووسەر له باسی یه‌كه‌م و له‌سه‌ر مێژووی درستبوونی بزووتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى ئیسلامیى كوردستانى عێراق چه‌ندین بۆچوونی جیاواز ده‌خاته‌ڕوو، به‌ڵام له دواى دامه‌زراندنى له (1978) به نهێنى مایه‌وه، تا ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامیان چوونه شاخ و له (14/9/1984) بزووتنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى ئیسلامیى كوردستانى عێراق، به فه‌رمى ڕاگه‌یه‌نرا و شێخ موحه‌ممه‌د به‌رزنجى وه‌كو ڕابه‌ر ده‌ستنیشانكرا. ئه‌مه به سه‌ره‌تاى قۆناغى كارى ئاشكرا له مێژووى ئه‌و پارته‌دا داده‌نرێت و تا دامه‌زراندنى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی له (1987) به‌رده‌وام بوو. ئه‌م پارته باوه‌ڕی به‌كاری سه‌ربازی هه‌بووه و به وته‌ى (عه‌لى باپیر) ئه‌م پارته هه‌ر له سه‌ره‌تاى كارى ڕێكخراوه‌یدا بڕواى به چه‌ك هه‌بووه، پێیان وابووه هه‌ر ڕێكخراوێكى ئیسلامی له دژى به‌عس كار بكات پێویستى به هێز هه‌یه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى كرده‌یی له (14/9/1985) باڵى سه‌ربازى ئه‌م پارته پێكهێنرا، كه به (له‌شكرى قورئان) ناوزه‌د ده‌كرێت و مه‌لا عه‌لى بیاره به‌رپرسى ئه‌م باڵه سه‌ربازییه بوو.
باسی دووه‌میش ته‌رخانكراوه بۆ باسكردن له له‌شكرى ئیسلامیى كورد وه‌كو یه‌كه‌م پارتى ئیسلامیى ئاشكراى چه‌كدار له باشوورى كوردستان، ده‌رباره‌ى ساڵى دامه‌زراندنى ئه‌م پارته، نووسەر ئاماژه به دوو بۆچوون ده‌كات، یه‌كه‌میان ساڵى (1980ز) به ساڵى دامه‌زراندنى ئه‌م پارته داده‌نێن، به‌ڵام بۆچوونى دووه‌م سه‌ره‌تاى (شوباتى 1981) به كاتى دامه‌زراندن داده‌نێت، ئه‌م ڕێكخراوه به كۆمه‌كى و به‌رنامه‌ى ئێران له تاران ڕاگه‌یه‌نرا و دامه‌زرێنه‌رانى بریتیبوون له (عه‌باس شه‌به‌ك، شێخ قادر سۆتكه‌یى، مه‌لا حسێن مارۆنسى)، كه‌سى یه‌كه‌مى ئه‌م پارته (عه‌باس شه‌به‌ك) بوو، دوای ساڵێك له دامه‌زراندنی، به‌هۆی تێكچوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئێران و تێكشكانى سه‌ربازى له به‌رامبه‌ر یه‌كێتى، بووه هۆكارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و پووكانه‌وه‌ى له‌شكرى ئیسلامی.
نووسەر هه‌ر له‌م به‌شه‌دا، ئاماژه به دوو ڕه‌وتی دیكه ده‌دات ئه‌وانیش كۆمه‌ڵى جیهادى ئیسلامی و كۆمه‌ڵه‌ى ئیسلامیى كوردستانى عێراق، كه به وردی و به پشتبه‌ستن به زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌رده‌ست باس له دروستبوون و چۆنێتی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان ده‌كات، له‌باسی چواره‌م و كۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا نووسەر ئاماژه به ڕێكخراوی په‌یوه‌ندیى قوتابیانى موسڵمان له كوردستان ده‌كات، كه سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵ و كۆششى كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوڕاوى ڕه‌وتى ئیسلامی له هەنده‌ران، ئه‌م ڕێكخراوه له (20حوزه‌یرانى 1986) له‌ژێر ناوى (په‌یوه‌ندیى قوتابیانى موسڵمانى كورد له ده‌ره‌وه) له شارى تۆرینتۆى كه‌نه‌دا ڕاگه‌یه‌نرا. ئه‌م ڕێكخراوه زیاتر له‌كاری خێرخوازیدا چالاك بووه و گۆڤارێكیشیان هه‌بووه به‌ناوی ئاڵاى ئیسلام.
به‌شى پێنجه‌م و كۆتایی كتێبه‌كه، به‌ته‌واوی ته‌رخانكراوه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامیى له كوردستانى عێراق، كه له باسى یه‌كه‌مدا چۆنێتى ڕاگه‌یاندن و ڕه‌وشى ناوخۆى بزووتنه‌وه باسى لێوه‌كراوه. باسى دووه‌میش تایبه‌ته به پێگه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی له بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى نیشتمانیى كوردستاندا، له باسى سێیه‌مدا په‌یوه‌ندییه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی له ئاستى كوردستان و ده‌ره‌وه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو.
نووسەر له‌م به‌شه‌دا، به‌دوروودرێژی چووەته ناو باسه‌كه‌وه و هه‌وڵیداوه تێگه‌یشتنێكی قوڵ بدات به خوێنه‌ر له‌باره‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی كوردستانه‌وه، كه له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌سه‌ر ڕه‌وتی ئیسلامی له كوردستان، له سه‌ره‌تادا ئاماژه به سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌م پارته ده‌كات و ده‌ڵێت: له (حوزه‌یرانى 1987) له شارى (سنه) كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كرا و تێیدا بڕیارى ڕاگه‌یاندنى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی به ڕێبه‌رایه‌تى شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز درا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پرۆژه‌یه‌كى (10) خاڵى ئاماده‌كرا و درا بە ئێران، له یه‌كێك له خاڵه‌كاندا داوا ده‌كه‌ن كه بودجه‌یه‌كى ساڵانه بدرێت به سه‌ركردایه‌تى بزووتنه‌وه و پێداویستى جه‌نگى به شێوه‌یه‌كیش، كه له‌گه‌ڵ ئاستى جه‌نگاوه‌ریدا حزبه‌كه‌دا بگونجێت پێی بدرێت. بزووتنه‌وه لــه نێوان سـاڵانـى (1987 ــ 1990) دوو كـۆنـگـره ده‌بـه‌سـتێت، كۆنگره‌ى یه‌كه‌میان كه به كۆنگره‌ى چواره‌م ناوزه‌د ده‌كرێت و له ژێر دروشمى (سه‌رخستنى كار‌و چالاكى جیهادى) و كۆنگره‌ى پێنجه‌میش له‌حوزه‌یرانى 1990 له له ژێر دروشمى (وجَاهِدُوا فِی اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ) به‌سترا و تێیدا ئه‌نجومه‌نى شوورا هه‌ڵبژێردرا. شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز به ڕابه‌رى گشتى هه‌ڵبژێردرا، هه‌ر له سه‌ره‌تاى ڕاگه‌یاندنى بزووتنه‌وه‌وه چه‌ند باڵێك له‌ناو ئه‌و پارته‌دا دروست بوو، ئه‌و باڵانه له‌ناو خۆیاندا له ململانێدابوون.
له‌باره‌ی ململانیی باڵه‌كانه‌وه نووسەر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه شێخ عوسمان هه‌ر چه‌نده زانایه‌كى له‌خواترس و شاره‌زاى زانسته شه‌رعییه‌كان و جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندى بوو، به‌ڵام له بوارى سیاسى و كارى ڕێكخراوه‌ییدا كه‌مئه‌زموون بوو، ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ى خۆشكرد بۆ كه‌سانێك له ده‌وروبه‌رى شێخ عوسمان و هه‌ندێک ئه‌ندامى باڵاى بزووتنه‌وه، كه سوودى خراپ (سو‌ء الاستفادة) له پله و پایه‌ى ڕابه‌رى گشتى و دارایى و په‌یوه‌ندییه‌كانى بزووتنه‌وه وه‌ربگرن، لێره‌وه ته‌كه‌تول دروستبوو، یاخود باڵى دژ به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباره‌كانى بزووتنه‌وه دروست بوو، ڕۆژ له دواى ڕۆژ ئه‌و ناكۆكییه زه‌قتر ده‌بووه‌وه، سه‌ره‌نجام دوو باڵ له ناو بزووتنه‌وه ده‌ركه‌وت، باڵى یه‌كه‌م خۆى له كه‌سانى ده‌وروبه‌رى ڕابه‌رى گشتیدا ده‌بینییه‌وه، كه باڵى خاوه‌ن بڕیارى ناو بزووتنه‌وه بوون، باڵى دووه‌م ئۆپۆزسیۆن، یاخود ڕیفۆرمخواز بوون. دەشڵێت: هه‌ردوو هێزى حه‌مزه و شافعى له نه‌یارانى باڵى ڕابه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه بوون، یه‌كه‌میان له لایه‌ن عه‌لى باپیر و دووه‌میان له لایه‌ن هه‌ولێرییه‌كانه‌وه سه‌رپه‌رشتى ده‌كرا، هه‌ر بۆیه له لایه‌ن ڕابه‌رى گشتییه‌وه په‌راوێز خراون. فاتح كرێكاريش وه‌كو باڵێكى سه‌ربه‌خۆ كارى ده‌كرد، ناكۆكى كرێكار له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى بزووتنه‌وه و به تایبه‌تیش كه‌سانى ده‌ورى شێخ عوسمان به ڕێژه‌یه‌ك په‌ره‌ى گرتووه، كه ناوبراو له بزووتنه‌وه جیابووه‌وه و پارتێكى نوێى به ناوى (كۆمه‌ڵه‌ى ئیسلامیى كوردستانى عێراق) دروستكرد.
له‌باره‌ی پێگه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌وه، نووسەر ئه‌و ڕاستییه ئاشكرا ده‌كات، كه هه‌ر چه‌نده بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى له سه‌ره‌تاى ڕاگه‌یاندنییه‌وه گیرۆده‌ى كۆمه‌ڵێك گرفتى ناوخۆیى بوو، به‌ڵام له گه‌لێك بواردا چالاكانه هه‌ڵده‌سوڕا، له ڕووى سیاسییه‌وه له گۆڕه‌پانى كوردستاندا ڕۆڵ و كاریگه‌رى هه‌بوو، له‌رووی سه‌ربازیشه‌وه هێزه‌كانى بزووتنه‌وه له چالاكى دژ به ڕ‌ژێمى به‌عس، شێوازى جۆراوجۆریان ده‌گرته‌به‌ر، یه‌كێك له‌و شێوازانه نانه‌وه‌ى بۆسه و دانانى كه‌مین و بۆمب بوو له‌سه‌ر ڕێگه‌ى هێزه سه‌ربازییه‌كانى حكومه‌تى عێراق، له‌دیارترین هێزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ش (حه‌مزه و سه‌ركه‌وتن و خالید، شافعی، سه‌لاحه‌ددیـن) بوون. ئه‌مه جگه له گرنگیدان به بواری ڕۆشنبیری و هونه‌ری كه له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین بڵاوكراوه ده‌ركراوه.
له باسی سێیه‌م و كۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا، نووسەر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ڕاده‌وه‌ستێت، ده‌ڵێت: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه په‌یوه‌ندی نێوان بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و ئیخوانه‌كان باش نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی داوايان له شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز كردبوو ده‌ستبه‌ردارى كارى چه‌كدارى بێت. هه‌روه‌ها ئیخوان بزووتنه‌وه‌یان به ڕكابه‌رى خۆیان ده‌زانى و به بوونى دڕدۆنگ بوون، پێیان وابوو جموجۆڵى ئیسلامی تەنیا موڵكى خۆیانه. له‌گه‌ڵ پارته كوردستانییه‌كانیش، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌یوه‌ندیییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی و سۆسیالیست باشبوو، به‌ڵام له ساڵى (1988) كاتێك له چوارچێوه‌ى ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی له نێوان پارته كوردستانییه‌كان به‌ره‌ى كوردستانى پێكهێنرا، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی هه‌رچه‌نده ڕێککەوتننامه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و (3) پارته‌ی ناو به‌ره‌ى كوردستانى هه‌بوو، به‌ڵام نه‌چووه ناو به‌ره‌كه‌وه، كه ئه‌مه به هه‌ڵه‌یه‌كى سیاسیى بزووتنه‌وه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش نووسەر جه‌ختده‌كاته‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران پته‌وبوو، به‌و پێیه‌ی ئێران هاوكاری و كۆمه‌كى مادى و مه‌عنه‌وى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامی ده‌كرد، ڕێگه‌يدا له‌ناو خاكه‌كه‌یدا بنكه و باره‌گا دابنێ و مه‌شق به پێشمه‌رگه‌كانى بكات و به خاكى ئه‌ودا بیانگوێزێته‌وه و له‌ناو خاكى ئه‌وه‌وه چالاكى دژى ڕ‌ژێمى به‌عس ئه‌نجام بدات.
له كۆتاییدا ده‌كرێت بوترێت، كه په‌رتوكی ڕه‌وتى ئیسلامی له باشوورى كوردستان 1946 – 1991 ڕوانگەیەکی دەوڵەمەندە بۆ خستنەڕووى قۆناغێكی مێژوویی گرنگ و هه‌ستیار له خه‌باتی ڕه‌وتی ئیسلامی له كوردستان، نووسەر هه‌وڵیداوه به‌وپه‌ڕی بێلایه‌نی وه‌كو توێژه‌رێكی ئه‌كادیمی شه‌نوكه‌وی بابه‌ته‌كه بكات، به‌بێ زیاد و كه‌م ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستیخستووه به‌شێوه‌یه‌كی ورد و زانستی به خوێنه‌رانی بگه‌یه‌نێت، كه ئه‌مه‌ش ئه‌ركی توێژه‌ری زیاتر قورس و ئاڵۆز كردووه، هه‌روه‌كو خۆی ئاماژه‌ی پێداوه كه به‌رهه‌مى ماندوبوونى دوو ساڵ كاركردن بووه و سه‌رچاوه‌یه‌كى ڕه‌سه‌نیشه بۆ هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كى دیكه، كه ده‌رباره‌ى ڕه‌وتى ئیسلامی، یاخود بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى نیشتمانیى كورد له‌و قۆناغه‌دا ئه‌نجام بدرێت.
كوردی

