• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 25, 2024

حوسییەکان و بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە دەریای سووردا: ئاسۆ و لێکەوتەکانى

علي الذهب

وەرگێڕان: بارام سوبحى

بەرایی

پەلاماردانی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی لە دەریای سوور لەلایەن حوسییەکانەوە لە (نۆزدەی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣)ەوە، یەکێکە لە دیارترین ڕووداوەکانی هاوزەمانى ئۆپەراسیۆنی زریانى ئەقسا، کە لە (حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣) لەلایەن بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی (حەماس) دژی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانى دەوروبەری غەززە ئەنجامدرا، بوون و نەمانى ئەم هێرشانە پەیوەستە بە ڕووداوەکانی غەززەوە، چونکە حوسییەکان ڕاگرتنى هێرشەکانیان بۆ سەر بەندەری ئیلات (ئوم ئەلڕەشڕەش) و کەشتییە بازرگانییەکانى پەیوەست بە ئیسرائیلەوە لە دەریای سووردا، کردوەتە مەرج لە بەرامبەر وەستاندنی پەلامارەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

ئەم توێژینەوەیە باس لە چوارچێوەی گرژییەکانى گرووپی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) دەکات لە بەرامبەر ئیسرائیل. شانۆی ئۆپەراسیۆنەکان و تەکنیکە سەربازییەکانی دەستنیشان دەکات، تیشک دەخاتە سەر دەرهاويشتە سیاسی، سەربازی و ئەمنیەکانى، پاشان سنووری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و نێودەوڵەتی دەخاتەڕوو، کە چی ڕوویداوە و له‌ داهاتوودا چاوەڕوان چی دەکرێت.

یەکەم: زەمینە سیاسییە ئاڵۆزییەکان

لێکەوتەکانى ئاگربەستی مرۆیی بەردەوامى نێوان حکومەتی یەمەن و حوسییەکان، كە لە (2/ نیسان/ ٢٠٢٢)ەوە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەنوکە بە گرنگترین گۆڕاوى ناوخۆیی دادەنرێت كە پەیوەندییەکی بەتینى بە هەڵکشانی چالاکى سەربازیی حوسییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنەوە هەیە، کە لە ماوەی چارەکی کۆتایی ساڵى (2023)دا لەدژى بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانى ئەنجامدراون.

شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەرفەتێکی بەنرخ بوو بۆ حوسییەکان، بۆ بەدەستهێنانی چەند خاڵێک لە ئاستە جیاوازەکاندا، دیارترینیان جووڵاندنی پرۆسەی ئاشتییە بە ئاڕاستەی ئیرادەی سیاسی سەرسەختی خۆیان، لەگەڵ ئێران لە پشتیانەوە، یان گەڕانەوە بۆ ڕێگای شەڕ و تۆمارکردنی پێگەیەکی تۆکمە کە وەکو هێزێکی عەرەبی بوێر دەریاندەخات، لە بەرامبەر خۆپارێزى هەموو دەوڵةتانی عەرەبی لەگرتنەبەری هەڵوێستێکی لەو شێوەیە یان کەمتر لەوە.

پێدەچێت ئەو بەڵگەوبەندەى ئەم بۆچوونە پشتڕاست بکاتەوە، ئەو دۆخە چەقبەستووە مەیدانییە بێت کە حوسییەکان لە ماوەی بیست مانگی ئاگربەستەکەدا تيايدا نوقم بوون، داواکارییە زیادەکانیانى پوچەڵکردەوە، کە بۆ نوێکردنەوەی ئاگربەستەکە بەشێوەیەکى فەرمی، وەکو مەرج داياننابوو(١). ئاگربەستەکە ڕێگر بوو لە هاندانيان بۆ ناو جوگرافیايەکى دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوەکانی ديكە کە حکومەت کۆنترۆڵی کردبوو، هەروەها کاتێکی تەواوى بە نەیارەکانیان لەم حکومەتەدا بەخشى تاوەکو کارتە پەرشوبڵاوەکانیان ڕێکبخەنەوە، جا هەر لایەنێکی نەیاريان بە تەنها، یان هەر هەموویان پێکەوە لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتیدا، کە پێنج ڕۆژ لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە پێکهێنرا. جگەلەو دۆخى دڵەڕاوکێیەی کە حوسییەکانی گرتەوە، لە ئەنجامی پەرەسەندنی ڕۆحی شۆڕشگێڕانە لەبەرامبەریان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتياندا، لە ئەنجامی خراپی بارودۆخی ئابووری و پەروەردەیی و تەندروستی و بێتواناییان لە دابەشكردنی مووچەی کەرتی گشتی لە ساڵی (2016)ەوە، سەربارى بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، کە لە سەرکوتکردنی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەى یادى (61) ساڵەى شۆڕشی (٢٦ی ئەیلوولی ١٩٦٢)دا بەدەرکەوت(٢).

بە درێژایی ماوەی ڕابردووی ئاگربەست، حوسییەکان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە یەمەن هێشتا لەژێر هەڕەشەی دەستدرێژیی سعودیيە و ئەمریکا و ئیسرائیلدایە، ئەمەشیان لە وتارە فەرمییەکانیاندا باسکردوە. بە نموونە وتارەکانی عەبدولمەلیک حوسی سەرکردەی حوسیيەکان و وتارەکانی مەهدی مەشاتى سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی حوسيیەکان، بەدەر نەبوو لە هەڕەشەى دەستپێکردنەوەی شەڕ(٣). ئەمەش پێچەوانەی واقیعە، چونکە پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا لە خاڵە سنوورييە جیاکەرەوەکانى نێوانیاندا بەردەوامە، تەنانەت حوسییەکان لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمی (٢٠٢٢)دا بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پەلامارى بەندەری نەوتی (الضبَّة)یان دا.

لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش، ئاشتەوایی نێوان سعودیە و ئێران، وەک گۆڕاوێکی سیاسی سەرهەڵدەدات کە پەیوەندییەکی نزیکى بە گرژییەکانی حوسییەکانەوە هەیە. لەلایەکەوە ئەم گرژییانە دەیانخاتەوە نێو ئەو میحوەرەی مقاوەمەوە کە ئێرانى تاکە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان تێیدا ئامادەیە، پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا ئەم گریمانەیە پشتڕاست دەکاتەوە، هەروەها دەرفەتێکی زیاتریان پێدەبەخشێت بۆ بەهێزکردنی پێگەیان لە بەرامبەر لایەنەکانى ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی (٢٠١٥)دا كە دواتر ئەمریکا لێى كشايەوە. لە لایەکی دیکەشەوە حوسییەکان بە هاندانی سعودیيە و ئەمریکا هەوڵی بەرتەسککردنەوەی بژاردەکانى بەردەم حکومەتی یەمەن دەدەن، بۆ فشارخستنە سەر ئەم حکومەتە تاوەكو ملکەچی داواکارییەکانیان بێت کە پەیوەندی بە درێژکردنەوەی ئاگربەست و چوونە ناو پرۆسەی ئاشتیەوە هەیە. حوسيیەکان ئەوە دەزانن کە سعودییەکان چەندە مکوڕن لەسەر بەردەوامبوونى ئەم ئاگربەستە و هەوڵەکانیان بۆ خامۆشکردنى سەرچاوەکانى ئەم ناکۆکیە، چونکە بووەتە هۆى سستکردنى پڕۆژە ستراتیژییەکانیان، لەپێشى هەموویانەوە دیدگاى (2030)ى سعودییە(٤).

لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا کە زۆرينەی ئەو پێدراوانەى سەرەوە کۆنترۆڵ دەکات، پلانى ئەمریکايە کە حەز دەکات بە هەندێک خۆگری ستراتیژییەوە مامەڵە لەگەڵ حوسییەکاندا بکات، ئەمەش بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک حیساباتی ناوچەیی خۆی بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانى وەکو دەوڵەتانی کەنداو و ئیسرائیل، بەرامبەر بە نەیار و ڕکابەرە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئێران و چین، هەروەها ئەو گرووپانەی کە بە تیرۆریست وەسفیان دەکات بەتایبەتى قاعیدە و داعش. جگەلە حیساباتی ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن سەبارەت بە ناوچە گەرمەکانی توندوتیژی لە سودان و ئۆکرانیا و غەززە، هەروەها بەرامبەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) ئەنجام بدرێت، چونکە بایدن لە مانگی نیسانی (٢٠٢٣)دا ڕایگەیاند دەیەوێت خۆى هەڵبژێرێتەوە. جگە لەوەى لەمیانی هەڵبژاردنەکانی (2020)دا بەڵێنی به دەنگدەرانی دا که کار بۆ ڕاگرتنی شەڕی یەمەن و سنووردارکردنی پشتیوانی سەربازی ئەمریکا بۆ سعودیه لە يەمەندا بکات.

دیارە حوسییەکان ئاگاداری ئەو ڕەهەندانەن، بەڵام بۆ ئەم ساتە کار دەکەن و کار بۆ ئەوە دەکەن کە بە تەواوی سوودی لێ وەربگرن(5). ڕەنگە لابردنی ئەوان لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان، بەهێزترین بەڵگە بێت کە دەتوانرێت بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی ئێستای ئەمریکا لەسەریان وەربگیرێت، هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەى هەڵوێستی خودی حوسییەکان بەرامبەر بە ئەمریکا. ئەوان لەگەڵ پرسە جۆراوجۆرە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا مانۆڕ دەکەن، بەڵام لە سنوورێکدا کە دەرفەتەکان ڕێگەیان پێدەدات، بەبێ زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییە ستراتیژییە دیارەکانی ئەمریکا. لەکۆتاییدا بۆمان دەردەکەوێت کە کۆی دوژمنایەتیان بەرامبەر ئەمریکا، لە ماوەی هێرشەکانیاندا بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا، یەکسانە بە (سفر) زیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەنها یەک حاڵەت لە ناوچەی دەریایی ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا ڕوویدا، ئەویش کاتێک فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی جۆری (MQ-9 Rapier)یان خستە خوارەوە، کە ئەرکێکی سیخوڕی ئەنجام دەدا و پاشماوەکانیشی کەوتە ناو دەریای سوورەوە(6).

دووەم: گۆڕەپانى ئاڵۆزییەکان و ئامرازە بەکارهێنراوەکان

  1. گۆڕەپانى ئاڵۆزییەکان

خاڵە گەرمەکانی ئاڵۆزییەکانى حوسییەکان لە دوو ناوچە یان دوو ئاڕاستەدا چڕبووەتەوە، یەکەمیان ناوچەی دەریایی و کیشوەرییە، لە بەندەری ئیلات (ئوم ئەلڕەشڕەش) لە باکووری کەنداوی عەقەبە، کە لەوێوە زیاتر درێژدەبێتەوە تا دەگاتە ناوچەی تابای میسری لە باشووری ڕۆژئاوای بەندەرەکە. جگەلە زەوییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، لەنزیک سنوورە وشکانیەکانی سعودیە(7). دووەمیان: لە کەرتی باشووری هێڵی کەشتیوانی دەریایی لە باکووری ڕۆژئاوای کەنداوی عەدەن دەست پێدەکات، تا بەرامبەر بەندەری سەلیف. کۆنترۆڵی حوسییەکان لەم کەرتەدا بە تەواوی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو لە ڕێگەی توانا مووشەکییەکانیانەوەیە کە دەگەنە ئەو شوێنە و مەترسی دروستدەکەن. سەبارەت بە کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆیان، لەنێوان دورگەکانی زوقار و زوبەیرە کە تا کەناراوەکانی باشووری حودەیدە درێژدەبێتەوە، پاشان لەنێوان دورگەی زوبەیر و دوورگەکانی بەکلان و ڕافیع و زومهەر لە باکوور، بۆ زانیاری ئەم دوورگانە لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دەریایی حکومەتدان(8).

بەم شێوەیە کۆنترۆڵی کیشوەری و دەریایی حوسییەکان، توانای مووشەکی بالیستیکیان، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژییان، توانای دەریایی کۆن و مۆدێرنیان، پشتیوانی لۆجستی و هەواڵگری ئێران؛ هەر هەموویان سنووری هەڕەشە ئەمنییەکانی حوسییەکان بەسەر باکوور و باشووری دەریای سووردا دەسەپێنن، هەروەها سروشتی خاڵە بە ئامانج گیراوەکان دیاری دەکەن.

مەودای چەک و مووشەکانیان لەنێوان (١٩٠٠-٢٠٠٠ کم)دایە، کە بە نزیکەیی هەمان مەودای نێوان سەنعا و بەندەری حودەیدە، یان بەندەری ئیلاتە(٩)، لەکاتێکدا مەودای نێوان دوایین خاڵی کەنار دەریاکانیان لە باشووری حودەیدە و هەر خاڵێک لە کەنداوی عەدەن کە هاوتەریب لەگەڵ بەندەری عەدەن هەڵکەوتووە لەنێوان (٣٤٠-٣٧٠ کم) مەزەندە دەکرێت(١٠). ئەم مەودایەش دەرفەتى گەیشتنى مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە خۆکوژەکانیان بە ئامانجەکانیان دەڕەخسێنێت.

لە ئاڕاستەى یەکەمى گرژییەکاندا کە لە (١٩/ تشرینی یەکەم/ ٢٠٢٣) ڕوویدا، بەندەری ئیلات و دەوروبەری بە ئامانج گرتبوو، حوسییەکان یەکەم هێرشیان بە نزیکەی (١٥) مووشەکی بالیستیک و سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانى خۆکوژى ئەنجامدا، کە بەرەو ئیسرائیل (ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین) ئاڕاستەکرابوون، بەڵام کەشتی وێرانکەری ئەمریکی (یو ئێس ئێس کارنی) لە ئاسمانی دەریای سووردا هەندێکیانى لەکارخست، سەرچاوەی هەڵدانیانیشی بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان گەڕاندەوە(11). پاشان، ئەم جۆرە هێرشانە لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی دووەمدا، بە شێوەیەکى ناڕێک دووبارە کرانەوە، حوسییەکان دانیان بەوەدا نا کە ئەوان لە پشتی ئەو هێرشانەن، هۆکارەکەشیان گەڕاندەوە بۆ پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. هێرشەکان بە نزیکەی نەوەد مووشەکی بالیستی و فڕۆکەیەکی خۆکوژی بێ فڕۆکەوان ئەنجامدرا. دوایین هێرش کە بە ئاڕاستەی ئیلات ڕێگری لێکرا، نزیکەی (١٥) مووشەک بوو، کە فەرماندەیی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمریکا لە (١٦/کانوونی دووەم/٢٠٢٣) ڕایگەیاند ئەو مووشەکانەى خستۆتە خوارەوە.

سەبارەت بە ئاڕاستەی دووەمی گرژییەکانی حوسییەکان، کەرتی باشووری هێڵی کەشتیوانی دەگرێتەوە، بەدرێژایی سنوورى دەسەڵاتیان بەسەر کەنارى دەریاکان و کە بەرەو باشوور بۆ کەنداوی عەدەن درێژدەبێتەوە، ئاستی گرژییەکان لە هەردوو دیوی گەرووی باب ئەلمەندەبدا چڕبووەتەوە. لەم کەرتەدا هێرشەکان ئەو کەشتییە بازرگانیانەیان کردە ئامانج کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە حکومەتی ئیسرائیلەوە هەبوو، هەروەها ئەو کەشتیانەی بەرەو بەندەرەکان دەچوون یان لێى دەردەچون و بە گەرووی باب ئەلمەندەبدا تێدەپەڕین.

بەگوێرەى ڕاگەیەنراوەکانى فەرماندەیی ناوەندی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، تا (٢٣/کانوونی دووەم/ ٢٠٢٣)، نزیکەى پازدە هێرش بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى خۆکوژ، مووشەکی بالیستی و کروز ئەنجامدراوە، بەڵام لەلایەن فڕۆکە تێکشکێنەرە ئەمەریکیەکانى “USS Carney” و “USS Labone” لە دەریای سوور، هەروەها “USS Mason” لە کەنداوی عەدەن تێکشکێنراون(١٢).

حوسییەکان چەندینجار هەوڵی ڕفاندنی کەشتییە بازرگانییەکان و تیمەکانیان داوە، یاخود هەندێکجار هەوڵیانداوە ئاڕاستەکانیان بەرەو بەندەری حودەیدە بگۆڕن، یان ئاڕاستەی گەشتەکانیان پێچەوانە بکەنەوە، ئەم کارانەش وەک جۆرێکى دیکەى هەڕەشەکردنن کە دەکەونە چوارچێوەى گرژییەکانەوە، سەرەتاى هەوڵەکانیان بە هۆشداریدان و سەپاندنی داواکارییەکانیان دەستیپێکرد، بەمەبەستى وەستاندنی پەلامارەکان بۆ سەر غەززە و ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی کاروانی خۆراک بۆ ناو غەززە. کاتێکیش گوێ بە هۆشدارییەکانیان نەدرا، هەڕەشەکانیان بەکردارى جێبەجێکرد.

هەرچەندە حوسییەکان دانیان بە بەرپرسیارێتى ئەو هێرشەدا نەنا، بەڵام هێرشەکانی (١٩/ تشرینی یەکەم/ ٢٠٢٣)، بە یەکەمین جێبەجێکردنی ئەو هۆشدارییانە دادەنرێت، کە بەدوایدا هەوڵدان بۆ ڕفاندنی کەشتییە بازرگانییەکانی پەیوەست بە حکومەتی ئیسرائیل هات، ئیدى پەیوەندییەکەیان هەرچۆنێک بێت.

دوای مانگێک لە یەکەم هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، لە (19/ تشرینی دووەم/ ٢٠٢٣)، هێرشکرایە سەر کەشتیی “گالاکسی لیدەر“. پاشان لە ئەنجامی نەبوونى هیچ وەڵامێکی توندى ئیسرائیل، هێرشی مووشەکى و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بوو بە ڕەفتارێکی ئاسایی.

ئەم خشتەیەی خوارەوە کورتەیەک لە وردەکارییەکانی هێرشى سەر کەشتیەکان دەخاتەڕوو کە لەلایەن حوسییەکانەوە دانی پێدا نراوە، لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاشەوە پشتڕاستکراوەتەوە و لە ماوەى (١٩/ تشرینی یەکەم/ ٢٠٢٣ هەتا ٢٦/ کانوونی دووەم/ ٢٠٢٣) ئەنجامدراون.

  1. ئامرازە سەربازییەکان کە لە هێرشەکاندا بەکاردەهێنرێن

حوسییەکان کۆمەڵێک چەک و تەکنەلۆجیایان بەکارهێنا، لە چوارچێوەی دوو پۆلی سەرەکی ئەو هێزە فەرمییانەی کە خۆیان کۆنتڕۆڵیان دەکەن، ئەوانیش: هێزی دەریایی و هێزی بەرگری کەناراوەکانن، لەگەڵ هێزی ئاسمانی و هێزی بەرگری ئاسمانی، جگەلە هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکان کە ناوچە دەریاییە هەرێمیەکان دەپارێزن لەو ناوچانەى کە لەژێر کۆنترۆڵیاندایە. چەکەکانیان بریتین لە: مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (فڕۆکەی خۆکوژی بێ فڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی و باڵدار).

لە کاتی پەلامارەکاندا، جۆرێکی نوێ لە مووشەکی بالیستیکى بەکارهێنرا کە بە “تۆفان” ناسراوە، کە مووشەکێکی زەمین بە زەمینە و کۆپییەکی مووشەکی “قەدر”ى ئێرانییە و مەوداکەی (1950) کیلۆمەترە. ئەم مووشەکە، بەپێی نمایشە سەربازییەکانی حوسییەکان و ئەو زانیارییانەی کە لە ماوەی نۆ ساڵى ڕەوتی شەڕەکەدا ئاشکرا بووە؛ لە ڕێگەی ئامێری هەڵدانی زەمینی بزواوە دەهاوێژرێت. هەروەها مووشەکی قودسى باڵدار لە جۆرى کروز بەکاردەهێنن کە مەوداکەی زیاتر لە (١٦٥٠) کیلۆمەترە(١٣).

جگە لەوەش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانى خۆکوژی، لەوانە: فڕۆکەی “سەمەد” کە مەوداکەی لەنێوان (1200-1500) کیلۆمەترە، لەگەڵ “سەمەد-3”، ئەو جۆرەی کە لەکاتی پەلامارى حوسییەکان لە بەرانبەر ئیسرائیل و لە دەریای سوور ناوەکەی بەشێوەیەکی فراوان بەکاردەهێنرا. جێگای سەرنجە کە لەگەڵ کۆپى فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە ئێرانیە خۆکوژەکان دەگونجێت کە بە “شەهید” ناسراوە. تائێستا نازانرێت ئایا حوسییەکان ئەو جۆرە لە فڕۆکەی خۆکوژیان بەکارهێناوە، کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو هەیانە و بە “وەعید” ناسراوە و مەوداکەی دەگاتە (2500) کیلۆمەتر، کە هاوشێوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانى خۆکوژی ئێرانی (شەهید ١٣٦)ە(١٤).

ئەم مووشەکانە یان فڕۆکانە بەزۆری بە گورزە یان وەجبە هەڵدەدرێن، کە گەورەترینیان پازدە مووشەک و فڕۆکەیەکی خۆکوژ بوو، ئەمەش بەپێی قەبارە و گرنگی و دووری ئامانجەکە دەگۆڕێت. هێرشەکان بۆ سەر بەندەری ئیلات زۆرترین ژمارەی ئەو مووشەکانەیان لەخۆگرتبوو، کە مووشەکی بالیستی و باڵدار و فڕۆکەى خۆکوژ بوون، سەبارەت بە ئامانجە دەریاییەکان، بە تاکە مووشەک، هەندێکجار بە جووت بەبێ ئەوەى بگاتە شەش مووشەک، دەکرێنە ئامانج. لە هەردوو ئاڕاستەکەدا، کڵاوەی مووشەکەکان تەقینەوەی ئاسایی بوون و لەکاتى تەقینەوەشیاندا توندییەکى مامناوەندییان هەبوو.

حوسییەکان لە هێرش و ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکاندا کۆمەڵێک چەک و ئامرازی یارمەتیدەرى دەریایی و ئاسمانی بەکاردەهێنن، کە پێشتر لە گۆڕەپانە گشتییەکان و لەکاتی ئاهەنگگێڕانیان لە بۆنە سیاسی و ئایینیەکانی خۆیاندا نمایشیان کردبوو.

لە هەموو حاڵەتەکاندا بە بەکارهێنانی بەلەمی شەڕکەری پڕچەکی سنووردار هێرشەکانیان دەستپێدەکەن، لەوانە: مەلاح، عاسیف، نەزیر. چەکەکانیشیان بریتین لە تفەنگی ئۆتۆماتیکی (AK-47)، عەیار (7.62-39 ملم)، دۆشکەى عەیار (12.7-108 ملم)، مووشەک هەڵگری (RPG-7)، پێدەچێت کەسێک کەشتییەکی گەورەیان بۆ دابین بکات کە لە دەریادا لەنگەری گرتووە، کە وەک ئەو کەشتییە دایکە کاردەکات کە ئەم بەلەمانە لێیەوە دەڕۆن. لێرەشدا مشتومڕێکی زۆر لەسەر ڕۆڵی کەشتییە ئێرانییەکان لە دەریای سووردا هەیە، کە لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردووی شەڕەکەدا یارمەتی لۆجستیکیان بۆ پشتیوانی لە حوسییەکان دابین دەکرد. ئەم ڕۆڵە لە ناوچەی دەریا بەرزەکاندایە کە بەلەمی حوسییەکان ناتوانن پێی بگەن، بۆ ئەوەی کەشتییەکان بگرن و بگەڕێنەوە بۆ شوێنی لەنگەرەکانیان لە کەناراوەکاندا.

حوسییەکان ئەو مووشەکە دەریاییانەیان ئاشکرا نەکرد کە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر کەشتیەکان بەکاریدەهێنن، سەرەڕای کەم بەکارهێنانیان؛ ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو مووشەکانەی کە دەیهاوێژن، مووشەکی بالیستیکى و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانى خۆکوژین، کە لەسەر وشکانی وڵات جێگیرکراون. جۆری ئەو مووشەکەی کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەکاردەهێنرێت، ڕەنگە مووشەکی کروزی (قودس -4) بێت کە مەوداکەی نزیکەی (800) کیلۆمەترە، ئەم مووشەکەش دەتوانێت ئامانجەکانی لە دەریا و لە وشکانیشدا بپێکێت(15).

سێیەم: کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکییەکانى پەرەسەندنەکە

هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان و شوێنە گشتییەکان لە ئیلات، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، بووەتە هۆی چەندین کاردانەوەی ڕاگەیەندراو و ڕانەگەیەندراو کە هەموویان دەکەونە چوار بوارەوە: سیاسی، ئابووری، سەربازیی و ئەمنی.

  1. کاردانەوەی سیاسی

پەلاماری سەربازیى حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانى لە باشووری دەریای سوور، بەشداربوو لە شکاندنی ئەو بەستەڵەکە سیاسییەی کە نزیکەی دوو ساڵە قەیرانی یەمەنى گرتۆتەوە.

دوای نزیکەی دوو مانگ لە هێرشەکانیان بۆ سەر بەندەری ئیلات و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور؛ هانس گروندبێرگ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، پابەندبوونی لایەنە بەشەڕ هاتووەکانى لەسەر کۆمەڵێک ڕێوشوێن ئاشکراکرد کە بریتین لە ئاگربەست، باشترکردنی بارودۆخی ژیان و بەشداریکردن لە ئامادەکاری بۆ پرۆسەیەکی سیاسی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا(16). ئەم ڕاگەیاندنە هاوکات بوو لەگەڵ چالاکیەکی سیاسی چڕوپڕ لەناو لایەنە جیاجیاکانی شەڕ و پشتیوانە دەرەکییەکانیاندا، کە ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی چارەسەرێکى سەرەتایى سیاسیی، کە دیارترین تایبەتمەندییەکانی بریتین لە: کاروباری مرۆیی و دروستکردنی متمانە لەنێوان ئەو لایەنانەدا، بەڵام لایەنەکانی ناو حکومەتی یەمەن هێشتا بۆ ئەم ڕاگەیاندنە بە جۆش و خرۆش نین، تەنانەت ئەگەر پێشوازیشی لێبکەن، پێیانوایە بەهۆى نەبوونی گەرەنتی پشتیوانیکردن لە ئاشتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام، دەبێتە هۆی دروستبوونەوەى گرژى و ئاڵۆزیی(١٧).

پێش ئەم جووڵە چڕ و پڕەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، بە درێژایی ماوەی دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لێرە و لەوێ هێرش و دەستێوەردانی حوسییەکان هەر هەبوو. جموجوڵەکانیش لەو پایتەختانە بوون کە کاریگەرییان لەسەر لایەنەکانى ململانێکە هەیە و بریتین لە: ڕیاز، ئەبوزەبی، مەسقەت، واشنتۆن و لەندەن. هەروەها ڕۆڵی نوێنەری ئەمریکا لە یەمەن تیمۆسی لیندەر کینگ و ڕۆڵی سعودیە سەریهەڵدا، کە خۆى لە چالاکییەکانى وەزیرى بەرگرى خالد بن سەلمان و باڵێوزى سعودییە لە یەمەن محەمەد ئال جابردا دەبینێتەوە، جابر لەماوەى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانونى یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی ڕەشاد ئەلعەلیمی و باقی ئەندامانی ئەنجومەن کۆبوویەوە. لەکاتێکدا عوممان ڕۆڵى ئەڵقەى پەیوەندى لەنێوان هەموو لایەنەکاندا بە حوسییەکانیشەوە دەگێڕێت(18).

لە نیوەی دووەمی مانگی کانوونی دووەمی (٢٠٢٣)، وەفدێکى حوسییەکان لە شاری مەسقەت لەگەڵ وەفدێکى بەرپرسانى ئەمریکا کۆبوونەوە، ڕەنگە ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێز بووبێت بۆ ڕاگەیاندنەکەی هانس گروندبێرگى نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەى دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتیەوە(١9).

لە ئاڕاستەی پەلامارەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، پەلامارەکانی حوسییەکان لەگەڵ هۆکارەکانی دیکەدا، هانى ئیسرائیل و هێزە نێودەوڵەتییەکانی هاوسۆزیی دا کە بیر لە بەهاى درێژەدان بە پەلامارەکانیان  و پەنابردن بۆ چارەسەرێکی سیاسی لەسەر بنەمای دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر وەکو فێڵێکى سیاسیش بێت، چونکە لەڕووی سیاسییەوە هێشتا ترسی لە سەرهەڵدانى توندوتیژی لە دەوروبەری ئیسرائیل هەیە، ئەمە سەربارى ئەو مەترسییانەی کە حیزبوڵای لوبنانى دروستی دەکات.

لە سەردەمێکدا کە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ بەدەست قەیرانێکی سیاسی دواخراوەوە دەناڵێنێت، ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا و بەرپەرچدانەوەی، بووە دەرچەیەک بۆ هەڵاتن لەو قەیرانە. چونکە تائێستا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەڵوێستی حوسییەکان لەسەر ئەم بابەتە سنووردارە. تێبینى ئەوەش دەکرێت مەیلى کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لە بەرامبەر غەززە، تەنها فێڵێکە، چونکە هێشتا نیوەى دیلەکانى ئیسرائیل، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا، لەژێر دەستی حەماسدان. لەلایەکى دیکەوە توانا سەربازییەکان و ژێرخان و سەرچاوە لۆجستییەکانی حەماس، تائێستاش مەترسییەکی جددی لەسەر ئیسرائیل دروست دەکەن(20).

  1. کاردانەوەی سەربازیی

سەرەڕای پەرەسەندنی هێرشی حوسییەکان بە ئاڕاستەى بەندەری ئیلات و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا، بەڵام ئیسرائیل هیچ هەنگاوێکی سەربازیی بۆ بەرپەرچدانەوەى حوسییەکان نەبووە، بەڵکو تەنها بە هۆشداریدان سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی بەردەوامبوون لەسەر ئەم کارە وازى هێناوە، داوای لە وڵاتە دۆستەکانی کردووە کار بۆ وەستاندنی هەڕەشەکانی حوسییەکان بکەن(21). پێدەچێت ئیسرائیل ئەم وەڵامە دوابخات بۆ ئەو ڕێگە و ئامراز و کاتەى کە خۆى دەیەوێت و بە پێویستى دەزانێت. چونکە ئێستا ئیسرائیل لە زۆنگاوى غەززەدا نوقم بووە، بەهۆی ئەو زیانە ماددی و مرۆیی و دەروونییەی کە سوپاکەى بە توندی تووشی هاتووە.

لەڕووی کاریگەری سەربازیی هێرشی حوسییەکانەوە، کاریگەرییەکی سەربازی ڕاستەوخۆی بەدەستنەهێناوە، نەبووەتە هۆى ئەوەى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززەدا سنووردار بکات، هەرچەندە هەوڵە سیاسییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست بەردەوامن. ئەوەی دەتوانرێت لەڕووی کاریگەرییە سەربازییە ڕاستەوخۆکانەوە بخەمڵێندرێت ئەوەیە کە ئەو هێرشانەی ناوچەی ئیلاتیان کردە ئامانج، کەرەستە و ئامرازەکانى بەرپەرچدانەوە و پوچەڵکردنەوەیان پێویستى بە خەرجیەکى زۆرە، بۆ نموونە نرخى یەک مووشەکی ڕێگریکەری “تیر-٢ و تیر-٣”، لە سیستمی “تیر-3″دا، نزیکەی (1.5 بۆ 2) ملیۆن دۆلاری ئەمەریکییە(21). لەم ڕووەوە نابێت ئەوە پشتگوێ بخرێت کە بەردەوامبوونی هێرشەکانی حوسییەکان لە بەندەری ئیلات، دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى هاوردە و داهاتى بەندەرەکە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت، ئاشکرایە بەشێک لەو داهاتەش بۆ پاڵپشتی ئابووریی جەنگەکە و ئۆپەراسیۆنە لۆجستیکیەکانى هێزە بەشداربووەکانى شەڕى غەززە بەکاردەهێنرێن.

لەلایەکی دیکەوە، ناوچەی باشووری دەریای سوور، هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ میلیتاریزەکردنی نێودەوڵەتی بەخۆوە نەبینیوە، هەرچەندە لە هەندێک لە دەوڵەتەکانى هاوسنووریدا بنکەى سەربازیی بیانى هەمیشەیى هەیە. ئەمریکا کەشتی جەنگی پێشکەوتووی ناردووە، تاوەکو لە چوارچێوەی گۆڕەپانى ئۆپەراسیۆنەکانی کەشتى فڕۆکەهەڵگرى پێنجەمدا کاربکەن کە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن لەخۆدەگرێت، ئەم کەشتیانەش بریتین لە کەشتی تێکدەرى (USS Carney) و (USS Mason). ئەم ڕەوتە ڕێبازێکی مەترسیدارە، چونکە دەبێتە هۆى بەهێزکردنی بوونى سەربازیی پێشووی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەوانەش بنکە ئەمەریکییەکان لە جیبۆتی و سۆماڵ. هەروەها وێستگەی کۆنترۆڵی زەمینی و پەیوەندییەکان دەکەوێتە دوورگەی سیشێلەوە، کە بنکەکانی ئەمریکا لە زەریای هیندی و دەرەوەیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەنێویاندا فەرماندەیی کەشتى فڕۆکەهەڵگرى پێنجەمی ئەمریکا لە مەنامە، کە چاودێری مانگە دەستکردەکانی تایبەتمەند بە پەیوەندییە گەردونیەکان دەکات(22).

  1. کاریگەرییە ئەمنییەکان

ئۆپەراسیۆنی حوسییەکان دژی کەشتییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە چەتە دەریاییەکانى سۆماڵ چالاکییەکانیان لە ناوچەی پۆنتلاند لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا دەستپێبکەنەوە، دەرکەوتنى هاوشێوەى کارەکانى ئەوان، وەکو هێرشى چەکداری بۆ سەر کەشتییەکان و چالاکیی و هەڕەشەی دەریایی حوسییەکان لە باشووری دەریای سوور، بووەتە ڕووپۆشێک بۆ چالاکییەکانیان، لەوانەیە پەیوەندییەکی نزیکیشیان بە حوسییەکانەوە هەبێت، یاخود وەڵامێکی ڕانەگەیەندراو بێت بۆ دەستدرێژییەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

لە (26ی تشرینی دووەمی 2023)، گرووپێکی چەکدار هەوڵی ڕفاندنی کەشتیی “سەنتراڵ پارک”یان دا لە کەنداوی عەدەن، بەڵام کەشتییەکی سەر بە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی دەریایی ئەمریکا، ئەو کارەی پووچەڵکردەوە و گرووپەکەى دەستگیرکرد، کەچى تائێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا نەکراوە. لە (14ی کانوونی دووەمی 2023)دا، چەتە دەریاییەکانى سۆماڵ کەشتی بارهەڵگری “روین”یان لە شوێنێکدا ڕفاند کە نزیکەی (400) میلى دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی دوورگەی سۆکۆتراوە دوورە، دواتر ئەو کەشتییە و حەڤدە دەریاوانیان بەرەو کەناراوەکانی پۆنتلاند برد(23).

لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانەدا، ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی (٢٠٢٣)دا، دامەزراندنی هاوپەیمانی ئاسایشی دەریایی ڕاگەیاند کە بە “پارێزەری خۆشگوزەرانی” ناودەبرێت، دوازدە دەوڵەتی لەخۆگرتوە، لەوانە بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، ئیسپانیا، بەحرەین و سیشێڵ. سەبارەت بە بەشداریی بەحرەین و سیشێڵ، سەرەڕای بچووکی قەبارەیان، ئەمە دەتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی کە فەرماندەیی کەشتیهەڵگرى پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەینە، هەروەها وێستگەی ئەمەریکى بۆ کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سیشێڵە، جگەلە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە زەریای هیندی و ناوچەکانی دەوروبەریدا.

پڕچەککردنى جبەخانەی ئەو هێزانە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دابنێت، بەتایبەتی کە یەکێک لە ئامانجەکانی بڕینی خواستە دەریاییەکانی ئێرانە، دوای ئەوەی کە لەڕێگەی بریگرتەکەى “حوسییەکان”ەوە ئامادەبوو، تەنانەت لەزارى ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانیەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەریای سوور بەشێکی دانەبڕاوە لە بوارى دەریایى. محەممەد ڕەزا نەغدی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسداران هۆشداریدا لەوەی کە ئەگەری داخستنی گەرووە دەریاییەکان هەیە(٢٤). ئەم لێدوانەش ئاماژەیە بۆ تواناکانیان بەئامانجى بەکارهێنانى گرووپە چەکدارە توندوتیژەکان و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بۆیان، کە لە ئێستادا بووەتە مەترسیدارترین چەک.

  • کاردانەوەی ئابووری:

تائیستا لێکەوتە ئابوورییەکانى لەسەر وڵاتانی ناوچەی دەریای سوور لە نزمترین ئاستیدایە، بەڵام ئەگەر توندوتیژی نێوان حوسییەکان و هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی نەیاریان فراوانتر بێت، ئەوا کاریگەرى خراپى دەبێت. ئەم لێکەوتانەش دەرەنجامى ئەو ئاڵنگارییانەیە کە بەهۆى شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە تووشى ئابووری جیهانی بووە. هەروەها بەهۆى کاریگەرییە خراپ و درێژخایەنەکانى پەتای کۆرۆنا “کۆڤید-١٩”یە.

تائێستا حوسییەکان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو مامەڵە لەگەڵ کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکەن. ئەوان سەرنجیان لەسەر کەشتییە پەیوەندیدارەکانە بە حکومەتی ئیسرائیلەوە. بۆیە جگە لە ئیسرائیل و میسر، بەپێی ئەو داتایانەی خراوەتەڕوو کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەوڵەتانی ناوچەکە و بەندەری حودەیدەى سەر بە خودی حوسییەکانیش نەبووە(25).

لە میسر، سەرۆکایەتی دەسەڵاتی کەناڵی سوێس ئاشکرایکرد کە کەشتییە بازرگانییەکان لەبری ئەوەی بە کەناڵەکەدا تێپەڕن، بەرەو ڕێگای (راس ڕجاء صالح) لە ڕۆژئاوای ئەفریقا دەڕۆن، لەدوای ڕفاندنی کەشتی گالاکسی لیدەر لە (١٩ی تشرینی دووەم)، نزیکەی (٥٥) کەشتی بازرگانى ئەو ڕێگەیەیان هەڵبژاردوە( ٢٦).

ئەگەر بێتو گۆڕانکاری لە بڕیاری زیاتر لە دە کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە بواری کەشتیوانی دەریایی بۆ ڕاگرتنی ترانزێتی کەشتیەکانیان لە دەریای سووردا نەکرێت، ئەوا ئەو ژمارەیە بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە، کە دیارترینیان بریتین لە: کۆمپانیای مێرسکی دانیمارکی، کۆمپانیای (CMA-CG) فەرەنسی، کۆمپانیای بریتش پترۆڵیۆم ، کۆمپانیای هاپاگ لۆید لە ئەڵمانیا، کۆمپانیای یانگمینگی تایوان، کۆمپانیای ئۆریێنت ئۆڤەرسیز کۆنتێنەر لاین لە هۆنگ کۆنگ(27). ئاماژەى ئەوە هەیە کە کۆمپانیای مێرسک لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە، بەڵام کەشتییەکانی کە چالاکییەکانیان بە بەندەرەکانی ئیسرائیلەوە پەیوەستە، بەشێک نابن لەم پاشگەز بوونەوەیە.

بێگومان گۆڕینى ئاڕاستەى ڕێگە بەرەو (راس ڕجاء صالح)، لێکەوتە خراپە ئابوورییەکانی لەسەر کەناڵی سوێس و بەندەرەکانی وڵاتانی دەریای سوور بۆ دوو هێندە زیاددەکات، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکى کاتیش بێت. هەرچى بەندەری ئیلاتە، چالاکییەکانی بە ڕێژەی (٨٥%) کەمیکردووە(٢٨).

لەبەرئەوەی حوسییەکان ڕایدەگەیەنن هەتا دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت، ئەوانیش لەسەر هەڕەشەکانیان بەردەوام دەبن، بۆیە زیانەکانی ئەو بەندەرە زیاتر دەبێت. ئەوەش نەوەکو تەنها بەهۆى کەمبوونەوەى هاتنى کەشتییەکانەوە بێت، بەڵکو بەردەوامبوونى هێرشەکان بۆ سەر بەندەرەکە، وادەکات ئەو کەشتیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە بەرەو بەندەرەکە دێن، ڕێڕەوى خۆیان بگۆڕن و ڕێگایەکی دوور و درێژ لە دەرەوەی دەریای سووردا تەى بکەن، دەبێت ڕێگەی دەریای ناوەڕاست بگرنەبەر و بە (جبل طارق)دا تێبپەڕن، پاشان کەناڵى سوێس و ئینجا بگەنە بەندەری ئیلات.

چوارەم: سنووری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هێرشەکان

وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هێرشى حوسییەکان، تا ئێستا لە خوار ئاستی ئەو هەڕەشانەدایە کە لێی دەکەوێتەوە. ئەم دۆخە ڕێگە بۆ سیناریۆی جیاواز بۆ وەڵامدانەوەی توندوتیژانە دەکاتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی قەیرانەکە بەم زووانە دەپوکێتەوە. سنووری ئەم وەڵامانەش بریتیە لەوەی کە لەواقیعدا دەبینرێت و ئەوەى چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتودا ڕووبدات.

1- ڕێوشوێنەکانی بەرگری و لەناوبردن بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە

کەشتییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی دەریایی ئەمریکا، لە ڕێگەی کەشتییە دەریاییەکانی کە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا جێگیرکراون، لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی (٢٠٢٣)دا، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی ڕێگری و بەرگری لە هێرشی حوسییەکاندا، زۆرێک لە مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان لەکارخستوە، کە ئاڕاستەی ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکان کراوە. پاساویشی بۆ ئەو کارە بەرگریکردن و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی کەشتیوانی دەریایی بووە.

گۆڕەپانى هێرشى حوسییەکان، دەکەوێتە سنوورى کارەکانى فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی دەریایی ئەمریکاوە، بۆیە ئەو فەرماندەییە توانیویەتی زۆرێک لە هەڕەشەکانی حوسییەکان پوچەڵ بکاتەوە، بە نموونە پوچەڵکردنەوەى زۆربەی ئەو مووشەکانەی کە ئاڕاستەی کەشتیەکان کراون، هەروەها شکستى بە پەلامارى چەتە دەریاییەکان بۆ سەر کەشتیەکان هێناوە، تەنانەت ژمارەیەک چەتەی دەریایی دەستگیرکردوە و کەشتییەکی دەستبەسەرکراوشى ئازادکردووە.

  1. ڕووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوەکان (سیناریۆکان)

لەدەرەنجامى ئەو هەلومەرجە ناوخۆیی و دەرەکیەى پەیوەستە بە هێرشى حوسییەکانەوە، هەروەها سیاسەتی زلهێزەکان بەرامبەر بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، دەتوانرێت بژاردەی وەڵامدانەوە لە چوارچێوەی ئەم سیناریۆیانەی خوارەوەدا وێنا بکرێت:

  • سیناریۆی یەکەم: پابەندبوون بە ڕێبازى نزمە بەرگرییەوە

ئەم ڕێبازە ئەولەویەت بە مامەڵەکردنێکى هێواش لەگەڵ هێرشی حوسییەکان دەدات، ئەوەش لەمیانەى ڕێگریکردن لە هێرشەکان لەڕووی بەرگرییەوە، چونکە گرژییەکان کاتین، لەگەڵ بەرەو پێشچوونى پرۆسەی سیاسی لە یەمەن و گەڕانەوەى سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بۆ غەززە کە ئێستا لەو پێناوەدا کاردەکرێت، هێرشەکان نامێنن.

ئەم ڕەفتارە هاوتایە لەگەڵ قەبارەی کاریگەری هەڕەشەکە، بە بەراورد لەگەڵ گەورەیی دەرئەنجامەکانی هەر ڕەفتارێکی توندوتیژانە لە سەرووی ئەم ئاستەوە. دەکرێت چەند قۆناغێکى بەدوادا بێت، وەک سەپاندنی سزا بەسەر ئۆرگان یان ئەندامانى سەرکردایەتی گرووپی حوسییەکاندا، چونکە پەیوەندى ڕاستەوخۆیان بە هێرشەکانەوە هەیە، ئەمە ئەو کارەیە کە ماوەی حەوت ساڵە ئەمریکا لە هەلومەرجێکی نزیک لە هەڕەشەکانی ئێستا دەیکات. لە ماوەی مامناوەنددا، ئەم سیناریۆیە نزیکترین گریمانەیە.

  • سیناریۆی دووەم: ڕێبازى بەرگری بەکۆمەڵ

ئەم ڕێبازە پەیوەستە بەو هاوپەیمانییە دەریاییەی کە ئەمریکا دەستی بە پێکهێنانی کردوە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێک یان ئەرکێکی کاتی کورتخایەن یان درێژمەودادا بێت، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە چەتەی دەریایی سۆماڵ، لە ماوەی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، وەک ئۆپەراسیۆنى “قەڵغانی زەریا” کە لەلایەن هێزەکانی ناتۆوە ئەنجامدرا، هەروەها ئۆپەراسیۆنی “ئەتڵەسی” کە لەلایەن هێزەکانی یەکێتی ئەورووپا ئەنجامدرا.

کەشتیەکانی ئەم هاوپەیمانێتیە دەتوانن بە ڕێگەی جۆراوجۆر و گونجاو، یاوەری و بەرگری لە کەشتییە بازرگانییەکان بکەن، ئەمەش دوای ڕێکخستنی گەشتەکانیان لە شێوەی کارواندا لە کەنداوی عەدەن و دەریای سووردا. ئەم ڕێوشوێنە تەنها بۆ پاراستنیان لە حوسییەکان نییە، بەڵکو بۆ پاراستنیانە لە هەر هەڕەشەیەکی نائاسایى کە لە ئەنجامی پەرەسەندنی توندوتیژی لە سودان و هەر گۆڕانکارییەکی توندوتیژانە لە یەمەن و غەززە سەرهەڵبدات.

ئەم سیناریۆیە بژاردەیەکی کاتییە، بەڵام لە سیناریۆی دووەم درێژخایەنترە، کەمتر بارگرانییە لەسەر ئەمریکا. ئەمەش پشتگیری لە سیاسەتی گێزەر و کوتەک دەکات کە ئەمریکا لەگەڵ حوسییەکاندا بەکاریدەهێنێت. لەلایەک هاوپەیمانییەکى بۆ پاراستنی کەشتیوانی دەریایی پێکهێناوە، لەلایەکى دیکەوە دەرگای دانوستانی لەگەڵ حوسییەکاندا لە عوممان کردۆتەوە.

  • سیناریۆی سێیەم: ڕەوتی بەرگریی توندوتیژ

ئەم ڕێبازە پێکدێت لە کردەی سەربازی بەرگریی توندوتیژانە لە دوورەوە، واتە: بەبێ داگیرکردنی زەمینی. ئەمەش پەلاماردانى وێرانکەرانەی کۆمەڵێک ژێرخان و پێکهاتە و ئەندامانى حوسییەکان کە لە هێرشەکاندا بەشدارن دەگرێتەوە، ئەم دۆخەش بە سەپاندنی سزا بەسەر ئۆرگان و ئەندامانى دیکەی حوسییەکان یان هاوپەیمانەکانیان یاخود پەیوەندیدارن بە هێرشەکانەوە بەهێزتر دەکرێت. ئەم ڕێبازە کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە هەست بکرێت گرووپی حوسییەکان بوونەتە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا.

ئەم سیناریۆیە پەیوەستە بە بەردەوامبوونی دۆخی قەیراناوی یەمەن و غەززە و هێرش و هەڕەشەى حوسییەکان بە ئاڕاستەی ئیسرائیل، یان بە ئاڕاستەی باشووری دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و پەرەسەندنی ڕۆڵی ئێران تیایدا، یان دەستپێکردنى ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانە لەگەڵ ئێران لەسەرو جوگرافیا و دەریا هەرێمییەکانی. جێبەجێکردنى ئەم سیناریۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا بەدوور دەزانرێت، چونکە مەرجەکانی بەدیهاتنی کەمن.

ئەنجام

هێرشى حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی لە دەریای سووردا، تائێستا جێگەی نیگەرانییە، سەرەڕای ئەوەی لە هەفتەی کۆتایی ساڵی (٢٠٢٣)دا داکشانى بەخۆیەوە بینی.

ئەم توێژینەوەیە تاتوێى گرژییەکانى لە ڕەهەندە گرنگەکانییەوە کردووە، ئاشکرای دەکات کە پاڵنەری هەلومەرجى ناوخۆیی لە هەلومەرجى دەرەکی بەهێزترە. وەستانی شەڕ و چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی، بووەتە هۆی ئەوەی حوسییەکان دۆخی بەرەو پێشچوونى خۆیان لە جوگرافیایەکی دەوڵەمەند بە نەوت و ساماندا لەبەرامبەر حکومەتدا لەدەستبدەن، حوسییەکان کەوتوونەتە دۆخێکی هەڕەشەئامێزی ناوخۆییەوە کە ئەگەرى تەقینەوەى هەیە.

دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی کارەکان بگەڕێنێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆیان. ڕەنگە لاوازی لێکەوتە هاندەرەکان بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی حوسییەکان، ڕوونترین ئاماژە بێت لەوبارەیەوە، کاردانەوە سیاسییەکانیش بەڵگەی زیاتری ئەم بیروڕایە نیشاندەدەن.

سەبارەت بە داهاتووی گرژییەکان، ڕەنگە بەڕووی سێ سیناریۆدا بکرێتەوە لەوانە بەرگری بەکۆمەڵ، ئەو سیناریۆیەی کە زۆر گریمانە دەکرێت ئەوەیە ڕێکارە ئەمنییە بەرگرییەکان لە دەریای سووردا کۆنتڕۆڵی دۆخەکە دەکەن و گرژییەکان بەرەو نەمان دەبەن، بەو مەرجەى پرۆسەی سیاسی لە یەمەندا دەستپێبکاتەوە و پەلامارەکانى ئیسرائیلیش لە غەززە کەم ببێتەوە.

مراجع

1ُ- عرَض هذه المطالب تحت عنوان خطير، وهو “الملفات الإنسانية”، وهي استنزاف سياسي لنقاط القوة لدى الحكومة اليمنية، ومن أهم ذلك: صرف ڕواتب الموظفين من عائدات نفط الحكومة فقط، والفتح الكُلِّي لمطار صنعاء، وموانئ الحُديِّدة التي تخضع، كلُّها، لسلطتهم.
2-    السبب في هذا السلوك، أن ثورة 26 سبتمبر/أيلول 1962، قضت على أقطابهم الحاكمة، السياسية والسُّلالية؛ لذلك يستميتون في إحلال ذكرى يوم استيلائهم على السلطة، في 21 سبتمبر/أيلول 2014، محل ذكرى يوم هذه الثورة.
3-    “قائد الثورة يحسم الجدل بشأن الوضع الداخلي وحالة اللا حرب واللا سلم”، سبأ نت (وكالة الأنباء اليمنية سبأ)، 16 أغسطس/آب 2023، (تاريخ الدخول: 13 ديسمبر/كانون الأول 2023)، https://bitly.ws/35NAJ
4-    “رؤية السعودية 2023″، د.ت، (تاريخ الدخول: 12 ديسمبر/ كانون الأول 2023)، https://bitly.ws/36in3
5-    لفهم وعود الرئيس بايدن بشأن الحرب في اليمن وموقف الأطراف اليمنية وقوى التأثير الأميركية منها، انظر: فرناندو جارفيجال، “إنهاء الحرب في اليمن- أي حرب؟”، منظمة داون للديمقراطية، 15 أبريل/نيسان 2023، (تاريخ الدخول: 17 ديسمبر/ كانون الأول 2023)، https://bitly.ws/36jIr
6-    انظر:

“US Reaper drone shot down near Yemen by Iran-backed Houthi rebels, official says”, Edition. CNN, November 8, 2023, accesses 25/12/2023, at: https://bitly.ws/37aqp.

7-    أصاب المقذوف الذي سقط في طابا، ستة مدنيين، ولم يحدث أي ضرر جراء سقوط أحد المقذوفات في منطقة المَدْورة، بمحافظة معان الأردنية.

8-    مصادر ميدانية خاصة.
9-    انظر:

Eric Tegler, “what are the missiles the Houthis have fired at Israel?”, Forbes, 10/11/2023, accesses, 18/12/2023, at: https://bitly.ws/36rVu.

10-    المسافة جوية، وقد بُني هذا التقدير على ما ورد في: “فردوس البحر الأحمر )أرخبيل حُنيش)”، المركز الوطني للمعلومات، د.ت، (تاريخ الدخول: 14 ديسمبر/كانون الأول 2023)،   https://bitly.ws/36iPR

11-    سقط بعض من المقذوفات في إحدى الجزر اليمنية الخاضعة للحكومة، وحينها كان ڕئيس هيئة الأركان العامة، صغير بن عزيز، مع مجموعة من كبار قادة الجيش، في زيارة لهذه الجُزر، والمناطق الساحلية بمحافطة حَجَّة.
12-    كانت آخر عملية اعتراض في حدود زمن إعداد هذه الورقة، يوم 23 ديسمبر/كانون الأول 2023؛ حيث اعترضت المدمرة “يو إس إس لابون” أربع طائرات غير مأهولة انتحارية، جنوبي البحر الأحمر. انظر:

“US says it shot down four drones in southern Red Sea launched from Houthi-controlled areas in Yemen”, The Guardian, Dec 24, 2023, accesses 25/12/2023, at: https://bitly.ws/37agR 

13-    متابعات خاصة. وكذلك: “صواريخ ومسيَّرات.. تعرَّفوا إلى ترسانة الحوثيين العسكرية بمواجهة إسرائيل، التليفزيون العربي”، 19 نوفمبر/تشرين الثاني 2023، (تاريخ الدخول: 18 ديسمبر/ كانون الأول 2023)، في: https://bitly.ws/37avq

14-    نفسه.
15-    يمتلك الحوثيون صواريخ مجنحة لمواجهة السفن من مسافة بين 200-400 كلم، ومن ذلك: صيَّاد، وتنكيل، وحاطم، وفالق. وتعد هذه الصواريخ والصاروخ قدس-4، نسخة إيرانية من صواريخ كروز التي طورتها إيران، ومن المحتمل أن إيران زودت الحوثيين بها أو أنهم حصلوا عليها من مصادر أخرى. انظر:

Eric Tegler, “what are the missiles the Houthis have fired at Israel?

16-    غروندبرغ يعلن التزامات يمنية-يمنية نحو السلام، الشرق الأوسط، 23 ديسمبر/كانون الأول 2023، (تاريخ الدخول: 25 ديسمبر/كانون الأول 2023)، https://bitly.ws/37aBY

17-    من أبرز هذه الأطراف: المجلس الأعلى للمقاومة الشعبية الذي يرأسه الشيخ حمود سعيد المخلافي. ولهذا المجلس حضور واسع في المناطق الوسطى من البلاد، مثل: تعز، ومأرب، والجوف، ولحج، والحديدة.
18-    مثال: انظر: “حراك إقليمي ودولي لإنجاح خريطة السلام في اليمن”، الشرق الأوسط، 16 نوفمبر/تشرين الثاني 2023، (تاريخ الدخول: 13 ديسمبر/كانون الأول 2023)، https://bitly.ws/35Pau 
19-    “أنباء عن تواصل غير مباشر مع واشنطن.. الحوثيون يعلنون استهداف سفينتين”، الجزيرة نت، 18 ديسمبر/كانون الأول 2023، (تاريخ الدخول: 19 ديسمبر/كانون الأول 2023)،  https://bitly.ws/36BXM
20-    أساف أوريون، حنين غدار، ماثيو ليفيت، ڕوبرت ساتلوف، “الحرب بين حماس وإسرائيل: هل هي بداية النهاية أم نهاية البداية؟”، معهد واشنطن لسياسة الشرق الأدنى، 15 أكتوبر/تشرين الأول 2023، (تاريخ الدخول: 22 ديسمبر/كانون الأول 2023)،  https://bitly.ws/36RYC 
21-    في هذا الشأن، انظر: أحمد الديب، “الرد على الحوثيين: جدلٌ محتدمٌ في إسرائيل”، مركز صنعاء للدراسات الإستراتيجية، 12 ديسمبر/كانون الأول 2023، (تاريخ الدخول: 25 ديسمبر/كانون الأول 2023)،  https://bitly.ws/37aIw
22-    نفسه.
23-     للمزيد حول هذه القواعد، انظر:

“U.S. Military Bases and Facilities in the Middle East”, American Security Project (ASP), June 2018, accesses 23/12/2023, at: https://bitly.ws/36XNW

24-    أثير جدل كبير بشأن ضلوع الحوثيين وراء ذلك، من خلال العلاقات الناشئة بينهم وبين بعض من الجماعات المسلحة في الصومال؛ حيث يتقاسم الجانبان العداء لأميركا، إضافة إلى الموقف الموحد تجاه العدوان الإسرائيلي على غزة. ولا يُعقل أنهم بوسعهم القيام بهذه العملية مباشرةً، نظرًا إلى بُعد مكانها عن مناطق سيطرتهم. حول حوادث القرصنة في المنطقة، انظر:

“Bulk Carrier RUEN update Dec 18: off Puntland, Gulf Of Aden”, FleetMon, 18/12/2023, accesses, 18/12/2023, at: https://bitly.ws/36nPZ.
25-    US says it shot down four drones in southern Red Sea.
26-    ڕصدت هذه الورقة حركة السفن في موانئ الحديدة خلال الفترة (1- 20 ديسمبر/كانون الأول 2023)، ولم تجد تغيرًا سلبيًّا في نشاطها. انظر: “حركة السفن”، مؤسسة البحر الأحمر اليمنية، 20 ديسمبر/كانون الأول 2023، (تاريخ الدخول: 20 ديسمبر/ كانون الأول 2023)، https://bitly.ws/36CjD
27-    أنباء عن تواصل غير مباشر مع واشنطن، الجزيرة نت.
28-    “مع تصاعد التهديدات الأمنية.. شركات شحن عملاقة توقف ڕحلاتها عبر البحر الأحمر”، سي غن بي سي عربية، 15 ديسمبر/كانون الأول 2023، (تاريخ الدخول: 24 ديسمبر/كانون الأول 2023)، في: https://bitly.ws/37aRe
29-    “صحيفة كالكاليست العبرية: تراجع حركة السفن في ميناء إيلات بنسبة 80%؜ بسبب هجمات الحوثيين”، آر تي عربي، 18 ديسمبر/كانون الأول 2023، (تاريخ الدخول: 20 ديسمبر/كانون الأول 2023)، https://bitly.ws/36CxW

* توێژەرێکی پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی و ستراتیژی. خاوەنی بڕوانامەى دکتۆرایە لە تەکنەلۆژیای گواستنەوەی دەریایی، ئاسایش و سەلامەتی دەریایی، هەروەها ستراتیژی ئەمنی لە ڕۆژئاواى زەریای هیندی و کەنداوی عەدەن.

Send this to a friend