• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 21, 2024

قەییوم؛ پەڵەیەکی ڕەش لە سیستەمی ئیدارەی خۆجێیی تورکیادا

 نوسینی: دەنیز گەدیک (Deniz Gedik)
وەرگێڕانی: لاڤە ڕەسوڵ

ڕاپۆرتی ناوەندی سپێکتڕووم هاوس بۆ بیرو توێژینەوە (Spectrum House Düşünce ve Araştırma Merkezi) قەییوم؛ پەڵەیەکی ڕەش لە سیستەمی ئیدارەی خۆجێیی تورکیادا

دەروازە

لە کاتێکدا سەدەیەک بە سەر دامەزراندنی کۆماری تورکیادا تێپەڕیوە، ئەو گرفتە بنچینەییانەی کە لە سەدەی ڕابردوودا لە ڕێکخستنی ئیداری، یاسایی‌و بیرۆکراتیی کۆمارەوە سەریانهەڵداوە‌و ئەو مشتومڕانەی کە بە هۆی ئەم کێشانەوە هاتوونەتەئاراوە، تا ئەمڕۆش بەردەوامن. ئەو پڕۆسەیەی کە بە میکانیزمی ئیداریی نائاسایی بەڕێوەدەبرێت لە دامەزراندنی کۆمارەوە تا گواستنەوە بۆ ژیانی سیاسیی فرەحیزبی، کێشەکانی نێوان ناوەندو داینامیکی ژینگەیی/خۆجێیی زیاتر قووڵترکردووەتەوە. دانانی حکومیەت کە لە شێوەی “پشکنەری گشتی” لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ بۆ ١٩٥٢، باری نائاسایی‌و “سەرۆکی پارێزگاری” لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ٢٠٠٢و هەروەها “قەییوم” لە ساڵی (٢٠١٦)وە جێبەجێکراون، گرنگن بۆ تێگەیشتن لە پاشخانی پەیوەندیی نێوان ناوەندو ئیدارە خۆجێییەکانی بەڕێوەبردن.

قەییوم، کە وەک پراکتیزەیەکی سیستەماتیک لە مێژووی سیاسی‌و ئیداریی تورکیادا لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ جێگەی خۆی گرتووە، لە تیشکخستنەسەر ڕەهەندە بەردەوامەکانی پرسەکانی حوکمڕانی لە نێوان دەسەڵاتە ناوەندی‌و خۆجێییەکان گرنگە. ئەم پراکتیزانە وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی سیاسی‌و حوکمڕانیی ناوخۆیی تورکیادا هەژماردەکرێت، دەتوانرێت وەک چەمکی هەڵبژاردن لە تورکیا، دیموکراسیکردن، ئیرادەی گشتی، تاکڕەوی‌و پەیوەندییە ناوەندی-خۆجێییەکان وەسفبکرێت.

ئەم تێگەیشتنە لە حوکمڕانی، کە لە ساڵی ١٩٢٧ تا ٢٠٠٢ لە پشکنەرە گشتییەکانەوە تا دەگاتە سوپەر پارێزگارەکان، بەردەوامبوو و چوارچێوەی بنەڕەتی بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان پێکدەهێنێت، لە دوای ساڵی ٢٠١٦ لە چوارچێوەی قەییومەکاندا ڕەهەندێکی نوێی بەدەستهێناوە. نموونەکانی وەک دەرکردنی نادر تەمێل؛ سەرۆکی شارەوانیی هیلڤان‌و ئەندامانی ئەنجومەن لە ساڵی ١٩٧٩، پێدانی بژاردەی دیکە بەو پارتانەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ١٩٩٩دا شارەوانیی ئامەد، لیجە، ئاگری‌و دیادینیان بردبووەوە، دەرکردن‌و دەستگیرکردنی سەرۆکشارەوانییەکان لە کاتی ئۆپراسیۆنەکانی کەجەکە لە ساڵی ٢٠٠٩، دەستتێوەردانەکانی ناوەند دژی شارەوانییەکانی دەبەپەو هەدەپە دوای هەوڵی کودەتاکەی ٢٠١٦و دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٢٠١٩، گرنگن لە ڕووی تێگەیشتن لە پاشخانی ئەو زەمینە درێژخایەنەی حکومەتداری، کە پراکتیکی قەییوم تێیدا لەقاڵبدراوە.

دانانی قەییومەکان، کە نموونەیەکی ناوازەن لە مێژووی حکومەتە سیاسی‌و خۆجێییەکان لە تورکیا، لە دوای ساڵی (٢٠١٦)وە بووەتە ئامرازێک لە کارنامەی تاکڕەوی‌و ناوەندگەرایی پارتی دەسەڵاتدار. ئەم پراکتیزانە دەتوانرێت وەک ڕەنگدانەوەی کارەکتەری ڕژێمی ناوەندگەرایی‌و تاکڕەویی تورکیا سەیربکرێت. لە ئەنجامی ئەم پراکتیزەیەدا، قەییوم بۆ زۆرێک لە شارەوانی، زانکۆو تەنانەت ڕێکخراوە پیشەییەکان، بە ڕێکاری جیاواز دانراوە.

پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆتا ڕۆژی ئەم مانگەدا، ئەم پراکتیزانە کە قەیرانی نوێنەرایەتی لە شارە کوردنشینەکاندا خێراترکردووەو پاڵنەرەکانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا کەمکردووەتەوە، لایەنێکی گرنگی چاوەڕوانی‌و تێڕوانینی خەڵک سەبارەت بە خزمەتگوزارییە گشتییە ناوخۆییەکان پێکدەهێنن. ئەم پراکتیزە بەردەوامانە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی داهاتووی شارە کوردییەکان پێکدەهێنن. تێکدانی حوکمڕانیی خۆجێیی نەک تەنها وەک نکوڵیکردن لە ئیرادەی گشتی، بەڵکو وەک دەستتێوەردانی ناوەندی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا سەیردەکرێت.

ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕاپۆرتە بریتییە لە نەخشاندنی تابلۆی سیاسی‌و یاسایی ئەو کێشانەی کە لەلایەن دەسەڵاتداران‌و حکومەتی ناوەندی لە ئەنقەرەوە دژی خەڵکی ناوخۆ دروستکراون، لە چوارچێوەی بونیادنانەوەی کۆمار لە سەدەی دووەمی تەمەنیدا.

سەرەتا

بە هۆی باری نائاساییەوە (ئۆهال) (OHAL)Olağanüstü Hal لە تورکیادا، دوای هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦، لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦دا، ٢٨ سەرۆکی شارەوانی لە کارەکانیان دوورخرانەوەو کەسانی ڕاسپێردراو لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە لە شوێنەکانییان دانران. دانانی قەییوم، کە بە یاسای “بڕیارنامە لە بریی یاسا” (کاهێکا) Kanun Hükmünde Kararname (KHK) دەستیپێکردبوو، بە شێوەیەکی سیستەماتیک بووە هۆی دوورخستنەوەی نوێنەرانی بزوتنەوەی سیاسیی کورد لە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی، کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە هەڵبژێردرابوون. لە هەنگاوی یەکەمدا، ٩٦ لە هاوسەرۆکانی شارەوانیی هەڵبژێردراوی پارتی دیموکراتیی هەرێمەکان (دەبەپە) Demokratik Bölgeler Partisi (DBP) لە پۆستەکانیان دوورخرانەوەو قەییومەکان جێگەیانگرتەوە. بەم جۆرە دەبەپە (٪٩٣)ی ئەو شارەوانییانەی لەدەستدا کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیهێنابوون. دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩یش، لە کۆی ٦٥ شارەوانی، کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) Halkların Demokratik Partisi (HDP) (٥٩)یان لابران‌و قەییوم لە جێگەیان دانرا.

کاریگەریی دانانی قەییوم لە سەر دیموکراسیی ناوخۆیی تەنها بە دەرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی سنووردار نەبوو. جگە لە دانانی کەسێک لە ناوەندەوە بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکشارەوانییەکان، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانییش پێویستی بە مۆڵەتی بەرپرسی ڕاسپێردراو بوو. بە هەمان شێوە، بە ئاماژەدان بە بڕگەی یاسا، کە باس لەوە دەکات ئەرکی ئەنجومەنی شارەوانی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە ڕادەپەڕێنرێت، هیچ کەسێک/دەستەیەکی هەڵبژێردراو نەماوە کە بتوانێت چالاکییەکان لە حکومەتە خۆجێییەکان بکات. ئەم پراکتیزە نەک تەنها بە پێشێلکردنی چوارچێوەی دەستووری سەبارەت بە پرەنسیپەکانی ڕێکخستنی ئیداری دادەنرێت، بەڵکو بە پێشێلکردنی ماف‌و ئازادییە بنەڕەتییەکان‌و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان هەژماردەکرێت، پەڵەیەکی ڕەشی لە سەر سیستەمی ئیداری تورکیاوە دروستکردووە.

ئەم دەستتێوەردانەی حکومەتی ناوەند بۆ حکومەتە خۆجێییەکان بە هۆی کردنەوەی “دۆسیەی لێکۆڵینەوەی تیرۆریستی”یەوە لە دژی نوێنەرانی هەڵبژێردراو هاتەکایەوە، ئەم بڕیارانەش لە سایەی کاهێکاو ئۆهالەوە جێبەجێکراون، هەروەها پڕۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەو شارەوانییانەی کە سەرۆکەکانیان لابراون، لەباربرد. بەم شێوەیە کەسانی دیاریکراو لەلایەن ئیدارەی ناوەندییەوە بۆ جێگرتنەوەی کەسانی هەڵبژێردراو دیاریکران، لابردنی هەڵبژێردراوەکانیش بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە لە چالاکییە سیاسییەکان‌و لێدوان‌و کۆبوونەوە سیاسییەکانی سەرۆکە هەڵبژێردراوەکان بووە.

بەم جۆرە دانانی قەییوم بەشێکە لە سیاسەتی دوورخستنەوەی بزوتنەوەی کوردی لە دەسەڵات‌و حکومەتی خۆجێییەکان لە باکووری کوردستان‌و تورکیادا.

چوارچێوەی سیاسی دانانی قەییومەکان

ساڵی ٢٠١٦ ساڵێکی ئاڵۆز بوو لە مێژووی سیاسیی تورکیادا، پێویستە زەمینەی سیاسیی دامەزراندنی قەییومەکان لە دەوری سێ کێشەی ڕەگداکوتاوو تێکەڵاودا لەبەرچاوبگیرێت. یەکەمیان “پرسی کورد”، کە لە ئەنجامی سەرکوتکردنی داواکارییەکانی دانپێدانانی کوردانی نیشتەجێی تورکیا لە ڕێگەی سیاسەتی ئەمنییەوە سەریهەڵدا، دووەمیان باری نائاساییە، سێیەمیشیان مشتومڕی تاکڕەوی‌و گفتوگۆی سەرپەرشتیکردنە.

ململانێی پەکەکە لەگەڵ تورکیادا، کە لە ساڵی (١٩٨٤)ەوە ڕێگەی خەباتی چەکداریی هەڵبژاردووە، دوای ئەوەی پڕۆسەی چارەسەر لە ساڵی ٢٠١٥دا دواخرا، گەشەیکردو بووە هۆی وێرانکارییەک، کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا تێیدا بە لایەنی کەمەوە نیوملیۆن هاوڵاتی مەدەنی بە زۆر ئاوارەبوون‌و سەدان کەسییش گیانیانلەدەستدا. ئەم پڕۆسەیە، کە تێیدا ئەو کارانەی کە تەنانەت لە باری نائاساییدا نایاساییدەبن، بەبێ پێویستی بە باری نائاسایی دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، سنووری نێوان ئاسایی‌و نائاسایی کاڵکردووەتەوە. لەم ژینگەیەدا کە دۆخی توندوتیژی فەزای سیاسی بەرتەسکدەکاتەوە، بزوتنەوەی سیاسیی کوردییش بە بەکارهێنانی میکانیزمی سیاسی‌و یاسایی دەورەدراوە. لابردنی پارێزبەندی‌و دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران، دۆسیەی داخستنی هەدەپە، دادگاییکردنی بەکۆمەڵی سیاسەتمەدارانی وەک دۆسیەی (DTK)، (KCK)، کۆبانێ، دانانی قەییومەکان، نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم گەمارۆیەن. لەو چوارچێوەیەدا، دانانی قەییومەکان نەک هەر مافی دەنگدانی لە دیموکراسیی خۆجێیی لەو ناوچانەی کە دانیشتوانی کورد بە چڕی دەژین، لەناوبرد، بەڵکو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی دیموکراسیانەی سیاسەتی کوردییشی لەناوبرد. پراکتیکەکانی قەییوم، کە لە ساڵی (٢٠١٦)وە جێبەجێکراون، بوونەتە بەشێک لە سیماکانی بەڕێوەبردنی تاکڕەوانەی ئیدارەی ناوەندی.

ڕوانگەی یاسایی‌و بنەمای مافی مرۆڤ لە دانانی قەییومدا

بڕگەکانی “بڕیارنامە لە بریی یاسا”، کە ناتوانرێت تانەی لێ بدرێت لە دادگا، دەبنە یاساو دەتوانرێت بخرێنەبەردەم دادگای دەستووری. جگە لەمەش، لەو سکاڵایانەی کە لەلایەن پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)وە، کە بە دایکی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت، تۆمارکراون بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکانی باری نائاسایی، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگەیە نەکراوە کە ڕێگە بە دانانی قەییومەکان دەدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەوەندەی زانراوە، داواکارییەکانی پێداچوونەوە بە دەستوور، کە لە ڕێگەی پێداچوونەوەی نۆرمە پوختەکانەوە نەخراوەتەبەردەم دادگای دەستووری، بۆئەوەی لە ڕێگەی پێداچوونەوەی نۆرمێکی کۆنکرێتییەوە لێی بکۆڵرێتەوە، تا ئێستا لەلایەن دادگا کارگێڕییەکانەوە وەرنەگیراون. بەم شێوەیە هێشتا دەستووریبوونی پەیڕەوەکە لەلایەن دادگای دەستوورییەوە لێکۆڵینەوەی لە سەر نەکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەم هەموارکردنەدا، بنەماکانی لامەرکەزی، کە بە دەستوورو چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی ناوەندی‌و حکومەتی خۆجێیی ڕێکدەخرێن، پێشێلکران‌و فۆڕمێکی نوێی حکومەتی خۆجێیی لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی ناوەندیدا هاتە بواری جێبەجێکردنەوەو هیچ بوارێک نەمایەوە بۆ ئیرادەی گەل. ئەو ڕێسایە پێچەوانەی هەیکەلی ئیداریی دەستووری‌و یاسایی تورکیاو هەروەها ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ‌و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، کە تورکیا تێیدا لایەنێکە.

قەییوم لە پەیکەری کارگێڕیی تورکیادا

چوارچێوەی پێکهاتەی ئیداریی تورکیا بە مادەی ١٢٣، کە ئیدارەی تورکیا بە گشتی ڕێکدەخات، مادەی ١٢٦، کە ئیدارەی ناوەندی ڕێکدەخات‌و مادەی ١٢٧، کە ئیدارە خۆجێییەکان ڕێکدەخات، دیاریکراوە. ئەم ماددانە لە سەر بنەمای پرەنسیپی لامەرکەزیەت‌و ڕژێمی ئیدارە ناوخۆییە خۆسەرەکان‌و پرەنسیپی یەکپارچەیی ئیدارە دامەزراون. پرەنسیپی لامەرکەزیەت، وەک یەکێک لە بنەما بنەڕەتییەکانی دیاریکردنی پەیوەندیی نێوان ئیدارەی ناوەندی‌و ئیدارە خۆجێییەکان، بە سادەترین پێناسەی خۆی، بە واتای بەکارهێنانی بەشێک لە دەسەڵاتە سیاسی یان کارگێڕییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ترەوە جگە لە ئیدارەی ناوەندی، دێت. دەستوور باس لەوە دەکات کە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئیدارە خۆجێییەکان بە یاسا ڕێکدەخرێن‌و داوادەکات ئەم ڕێسایانە بە پێی بنەمای لامەرکەزیەت دابنرێن. هەرچەندە ئیدارەی ناوەندی‌و ئیدارە خۆجێییەکان بە پێی ڕێکارو بنەمای جیاواز ڕێکدەخرێن، بەڵام کۆیەکن؛ بە گوێرەی بنەمای یەکپارچەیی کارگێڕی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا کارەکانیان دەکەن‌و خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک دەکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستوەردان لە بواری یەکتردا بکەن.

بنەمای دانانی قەییوم بۆ بەهێزکردنی بنەمای لامەرکەزی نییە، ئامانجی ئەوەیە کە لامەرکەزیەت ناکارامەبکات، هەر بۆیە پێچەوانەی چوارچێوەی لامەرکەزییە، کە دەستوورو لێکدانەوەکانی دادگای دەستووری لە سەر ئەم پرسە کێشراوە.

ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی‌و قەییومەکان

بە گوێرەی پەیماننامەی خۆبەڕێوەبەری‌و ئیدارە خۆجێییەکانی ئەوروپا، کە تورکیایش واژووی کردووە لە سەر جێبەجێکرنی، “ئەو دەسەڵاتانەی کە بە ئیدارە خۆجێییەکان دراون، بە شێوەیەکی ئاسایی تەواوو تایبەتن. جگە لەو حاڵەتانەی کە لە یاسادا دیاریکراوە، ئەم دەسەڵاتانە ناتوانرێت لەلایەن حکومەتی ناوەندی یان ناوچەییەکانی دیکەوە لاوازبکرێن، یان سنوورداربکرێن.”

قەییوم وەک ئامرازێکی دەستبەسەرداگرتنی کارگێڕی

سەرپەرشتیکردنی چالاکییەکانی لامەرکەزی، جگە لە چاودێریی دادوەری، لە ڕێگەی ڕاهێنەری کارگێڕییەوە دەکرێت، کە فۆڕمێکی ناوازەی چاودێریکردنەو پێویستە بە ڕوونی بە یاسا ڕێکبخرێت‌و سنووردار بێت بە چوارچێوەی دیاریکراو. پێویستە سەرپەرشتیی کارگێڕی بە تەسکی لێکبدرێتەوە، چونکە دەسەڵاتێکی جیاکارییە، بە پێچەوانەی کۆنترۆڵی پلەبەندییەوە، ناوچەی ئیدارە ناوخۆییەکان لە بەرژەوەندیی ئیدارەی ناوەندیدا سنوورداردەکرێت، بەڵام سەرپەرشتیی کارگێڕی، لە ڕێگەی دانانی قەییومەوە بە شێوەیەکی کرداری دەست بە سەر سیستەمی لامەرکەزیدا دەگرێت.

دەسەڵاتی دەرکردن، کە لەلایەن دەستوورەوە بە وەزیری ناوخۆ دراوە، جۆرێکی تایبەتی سەرپەرشتیی کارگێڕییە. ئەم دەسەڵاتە لە بڕگەی چوارەمی مادەی ١٢٧ی دەستووردا ڕێکخراوە، بە سنوورێکی ڕوون دیاریکراوە:

“چاودێری سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە بەدەستهێنان‌و لەدەستدانی ناونیشانی ئۆرگانەکانی پلە هەڵبژێردراوەکانی حکومەتە خۆجێییەکان لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام وەزیری ناوخۆ دەتوانێت وەک ڕێکارێکی کاتی، دەستە کارگێڕییە ناوخۆییەکان یان ئەندامانی ئەو ئۆرگانانە ڕابگرێت کە لێکۆڵینەوە یان لێپێچینەوەیان لە دژی دەستیپێکردووە لە سەر تاوانێکی پەیوەست بە ئەرکەکانیانەوە، تا بڕیاری کۆتایی لە سەریان دەدرێت.”

لێرەدا دەستوور دەسەڵاتێکی جیاکاری‌و سنوورداری بە وەزیری ناوخۆ داوە سەبارەت بە شارەزایی ڕێکخراوەیی ئۆرگانەکانی حکومەتی خۆجێیی، کە بە هەڵبژاردن دیاریدەکرێن. ئەم دەسەڵاتە لە دەستووردا بۆ بارودۆخێکی زۆر تایبەت دراوە.

بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی جیاکاریی سەرپەرشتیی کارگێڕی، ناتوانرێت ئەم دەسەڵاتە بە یاسا فراوانبکرێت، بە شێوەیەک کە ئیدارە خۆجێییەکان‌و ئیرادەی دەنگدەران بشێوێنێت. لە کاتێکدا ئەم سنووردارکردنە تەنانەت بە یاساش ناتوانرێت فراوانبکرێت، چونکە بە دەستوور هاتووەتەئاراوە، بەڵام فراوانبوونی بە “بڕیارنامە لە بریی یاسا” مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ڕێکخستنی ئیداریی تورکیا بە “بڕیارنامە لە بریی یاسا” بەڕێوەدەبرێت، نەک لە ژێر چەتری دەستووردا.

لەم ڕووەوە، لە کاتێکدا بوونی چارەسەرێکی دادوەریی کاریگەر جێی مشتومڕە، بەڵام ناتوانرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت کە پێداچوونەوەیەکی دادوەری هەیە، کە بتوانێت بە شێوەیەکی دروست توخمە ڕێژەیییەکە هەڵبسەنگێنێت.

لەناوبردنی دیموکراسیی ناوخۆیی

دوا خاڵ کە پێویستە جەختی لە سەر بکرێتەوە، سەبارەت بەو زیانانەی کە بە هۆی دامەزراندنی قەییومەکانەوە لە پەیکەری کارگێڕیی تورکیادا توشیبوون، ئەوەیە کە هیچ دەستەیەکی هەڵبژێردراو نەماوە بۆ کارکردن لەو شارەوانییانەی کە قەییومەکان تێیدا دامەزراون.ئۆرگانەکانی حکومەتە خۆجێیەکان بریتین لە سەرۆکی شارەوانی‌و ئەنجومەنی شارەوانی‌و دەستەی کارگێڕی. ئەنجومەنی شارەوانی دەزگای بڕیاردەرە، هەروەها ئەرک‌و دەسەڵاتی سەرپەرشتیکردنی سەرۆکی شارەوانیی هەیە بە پێی دەستوورو یاساکان.

لە ئەگەری ڕاگرتنی سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکەی، دەبێت ئەو کەسەی بە وەکالەت ئەرکەکە لەئەستۆدەگرێت لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی‌و لەلایەن ئەنجومەنەوە هەڵبژێردرێت. بەم شێوەیە سەرەڕای دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکەی یاساو بنەمای دیموکراسیی حکومەتە خۆجێییەکان دەپارێزێت، بەڵام “بڕیارنامە لە بریی یاسا” ئەم پرەنسیپە دیموکراسییەی هەڵوەشاندەوەو سیستەمی دانانی سەرۆکی شارەوانیی “نوێ”ی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆو تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا لەلایەن پارێزگارەکانیشەوەی هێنایەکایەوە. بە واتایەکی تر، لە کاتێکدا دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکەی بە پاساوی لێکۆڵینەوەی تیرۆر پێچەوانەی یاسایە، بەڵام پێویستیی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی‌و لە نێوان ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی شارەوانیدا نەهێشتووەتەوە، بەم شێوەیە زەبرێکی دیکە لە دیموکراسیی ناوخۆیی دەدات.

“بڕیارنامە لە بریی یاسا” تەنیا بەمانە سنووردار نییە. ئەنجومەنی شارەوانی تەنها لە سەر کاغەز لە ئەرکەکەی بەردەوامە، بەڵام کۆبوونەوەی پەیوەستە بە بانگەوازی قەییومەوە. جگە لەوەش، ئەندامانی ئەنجومەن تەنانەت قەدەغەیە بچنەناو بینای شارەوانی لەو شارەوانییانەی کە قەییومیان بۆ دانراوە. ئەنجومەنی شارەوانی، کە بەو پێیەی هەڵدەبژێردرێت‌و ئەندامانی پارتە سیاسییە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، دەزگایەکی دیموکراسییە، هەروەها دەسەڵات‌و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کارو مامەڵەکانی سەرۆکی شارەوانیی هەیە. ئەوەی کە ئەنجومەنی شارەوانی ناتوانێت کۆببێتەوە، ئەم ئەگەرەی کۆنترۆڵکردن لەناودەبات. بە واتایەکی تر، لە کاتێکدا حکومەت ئەو سەرۆکشارەوانییەی لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرابوو، لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، هاوکات ئەگەری هەڵبژاردنی ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەوانی لە پارتی سیاسی بە زۆرینەی ئەنجومەنی شارەوانی (کە لە هەموو حاڵەتێکدا هەدەپەیە) نەهێشت.

هەر بە گوێرەی “بڕیارنامە لە بریی یاسا”، هەموو ئەرکەکانی ئەندامانی ئەنجومەن دەگوازرێتەوە بۆ فەرمانبەرانی ئەنجومەن، وەک ئەوەی ئەنجومەنی شارەوانی هەڵوەشێنرابێتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەن لەکارخراون‌و ئەنجومەن پێگەی خۆی وەک ئۆرگان لەدەستدەدات.

ئەنجامی ئەمانەش بریتییە لە پەکخستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بە تایبەتی داخستنی باخچەی منداڵان‌و دامەزراوە پەروەردەییە هاوشێوەکان، کە لەلایەن شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانەوە کراوەتەوە، کە ئەولەویەت بە فرەزمانی‌و پەناگەکانی ژنان‌وخزمەتگوزارییەکانی تر بۆ ئافرەتان‌و منداڵان‌و خێزانەکان دەدەن، کە لە مەترسیدان. ئەم دۆخە کە پێشێلکردنی مافی حکومەتە خۆجێییەکانە بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکانیان بە ئازادی، لە ساڵی (٢٠١٦)وە بووەتە یاسایەک لە پارێزگا کوردییەکانە .

ئەم جۆرە وێرانکارییە بەربڵاوەی دیموکراسیی ناوخۆیی لەلایەن دەنگدەرانەوە تێبینیدەکرێت‌و ڕەتدەکرێتەوە. بە پێی ئەنجامی ئەو توێژینەوە مەیدانییەی کە لەلایەن دەزگای سپێکتڕووم هاوسەوە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ لەگەڵ ١٣٥١ کەس لە پارێزگاکانی ئامەد، ماردین، وان، ئورفا، هەکاری، ئاگری، ئادیەمان، باتمان، قارس، شرناخ، موش، بیتلیس، ئەرزروم، بینگۆل، سیرت، دەرسیم کراوە، (٧٥٪)ی دەنگدەران دامەزراندنی قەییوم بە هەڵە دەزانن. دەنگدەران زۆرینەیان لە سەر ئەو بۆچوونەن کە دامەزراندنی قەییوم کاریگەریی نەرێنیی هەیە، بە تایبەتی لە بوارەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بۆ منداڵان بە زمانی دایک‌و چالاکییە کولتوورییەکان.

دۆسیەی تیرۆر؛ پەڵەیەکی ڕەش

دانانی قەییومەکان، کە بووە هۆی لێکترازانی جددی لە پێکهاتەی کارگێڕی تورکیادا، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەو دۆسیەی تیرۆر لە دژی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان جێبەجێکرا. تیرۆر چەمکێکی سیاسییەو ناتوانرێت پێناسەیەکی یاسایی ڕوونی لە هەردوو یاسای نێودەوڵەتی‌و یاسای نیشتیمانیدا بۆ بدۆزرێتەوە. بەم شێوەیە، مەودای چەمکەکە لە دەوری لایەنە ئایدۆلۆژییەکانی دەسەڵات دەخولێتەوە.

تورکیا لەم نادڵنیاییە دوور نییە، لە ڕاستیدا بەراورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە یاسایان تا ڕادەیەک چەسپاندووە، دەسەڵاتە سیاسییەکان زیاتر ئەم نادڵنیاییەیان بەکارهێناوە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی کایەی سیاسی. حکومەتی ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان پەنا بۆ گوتاری تیرۆر دەبات، چ بە جێبەجێکردنی پێوەرە جیاوازەکان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا، چ بۆ سەرکوتکردن‌و بێدەنگکردنی دەنگە دژبەرەکان‌و ناڕازییەکانی دژی. بە لێکۆڵینەوەو لێپێچینەوە لە تیرۆر، سنووری گۆڕەپانی سیاسیی یاسایی بە شێوەیەکی هاوبەش لە ڕێگەی میکانیزمە زۆرەملێکانی یاساوە جێگیردەکرێنەوە.

پێویستە بە شێوەیەکی شیکاری لە بەکارهێنانی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر نزیکببینەوە، بۆئەوەی لە ئەرکی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر لە دامەزراندنی قەییومەکاندا تێبگەین. ڕوانگەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر لە دوای ساڵی ٢٠١٥ گرنگە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی نزیکبوونەوەی دەوڵەت دوای ساڵی ٢٠١٥ بۆ پرسی کوردو بارودۆخی نائاسایی، کە چوارچێوەی سیاسیی دانانی قەییومەکان پێکدەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە نابێت بە پشتگوێخستنی سکاڵاکانی (KCK) ئەنجامبدرێت، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیپێکردو کاریگەریی لە سەر زۆرێک لە سیاسەتمەداران هەبوو، لەوانە: هاوشارەوانیەکان، هەروەها سکاڵا یاساییەکانی (DTK)، کە دژی بەشداربوانی تۆمارکرابوون بە تۆمەتی بوون بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، لە کاتێکدا ئەوە پێکهاتەیەک بوو کە بانگهێشتکرابوو بۆ پەرلەمانی تورکیا، بۆئەوەی بۆچوونی خۆی لە گفتوگۆکان لە سەر دەستووری نوێ بدات، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامییان‌و ئەرکی چەوساندنەوەی بزوتنەوەی سیاسیی کورد تا ڕادەی پێویست لە چوارچێوەی پرسی قەییومدا ئاماژە بەو کەیسانە دەکرێت.

دوای ئەوەی کە دانانی قەییوم لە ڕێگەی “بڕیارنامە لە بریی یاسا” هاتە بواری جێبەجێکردنەوە، قەییومەکان بۆ نزیکەی هەموو ئەو یەکە کارگێڕییانە (شارەوانییەکانی شارە گەورەکان، پارێزگاکان، قەزاکان، شارەوانییەکانی شارۆچکەکان) دامەزران کە زۆرینەیان بە دەست پارتی دیموکراتی هەرێمەکانەوە بوون. لە شەپۆلی دووەمی دانانی قەییومەکان دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩، وەزارەتی ناوخۆو پارێزگارەکان دەستیان بە سەر شارەوانییەکانی هەدەپەدا گرت. ئەو بەدواداچوونانەی کە زەمینەی ئەو دەرکردنانەو دانانی قەییومەکان پێکدەهێنن، لە ناوچەیەکی فراواندا بڵاوبوونەتەوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە، تا بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکانی هەدەپە، لە وتارەکانی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانەوە تا ناڕەزایەتییەکانی ٨ی ئازارو بەشداریکردن لە پرسەو دڵنەواییەکانی کەسوکاری گەریلا کوژرراوەکان.

تۆمەتبارکردنی گولتان کشاناک؛ هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد لەو کاتەدا، کە بۆچوونەکانی خۆی بەو لیژنە پەرلەمانییە وت، کە هاتبوون بۆ لێکۆڵینەوە لە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموز، بە کۆکردنەوەی ٤١ کرداری جیاواز پێکهێنرا، لەوانە: وتارەکانی، چالاکییەکانی (DTK)و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی ناحکومی ناوخۆیی‌و وتاری ڕەخنەی سیاسی. لە کاتێکدا ئەم کارانە هیچ پەیوەندییەکیان بە توندوتیژییەوە نەبوو و نەدەکرا لە چوارچێوەی هیچ تاوانێکی دیکەدا هەژماربکرێن، لێکۆڵینەوەکان کە کرایەوە، ڕێگەیخۆشکرد بۆ دانانی قەییومێک بۆ شارەوانیی گەورەی ئامەد. بەیاننامە ڕۆژنامەوانییە ناوخۆییەکان، بە تایبەتی لێدوانەکانی ناڕەزایەتی‌و ڕەخنەگرتن لە قەدەغەی هاتوچۆو ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی لەو ماوەیەدا دەکران، کە مەترسی لە سەر ماف‌و ئازادییە بنەڕەتییەکان‌و بە تایبەت مافی ژیان دروستدەکەن، بنەمای گرنگی ئەو لێکۆڵینەوەیە پێکدەهێنن کە بەرانبەر بە هاوسەرۆکانی شارەوانی کراوەتەوە.

ئەو ڕاستییەی کە لێکۆڵینەوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کردەوانە دەکەن، کە دەبێت لە چوارچێوەی ماف‌و ئازادییە بنچینەیی‌و یاسایی‌و تەنانەت بنەڕەتییەکاندا بپارێزرێن، نە نوێ‌و نە تایبەتە بۆ حکومەتە خۆجێییەکانی تورکیا.

دانانی قەییوم‌و مافەکانی مرۆڤ

پێشێلکردنی ماف‌و ئازادییە بنەڕەتییەکان، کە بە هۆی دامەزراندنی قەییومەکانەوە دروستدەبێت، فرەڕەهەندە. هاوکات لەگەڵ مافی نوێنەرانی هەڵبژێردراوو دەنگدەراندا، مافی قەوارە یاساییەکانی حکومەتی خۆجێیی بە شێوەی جۆراوجۆر پێشێلکراوە. هێشتا هیچ چارەسەرێکی یاسایی مانادار سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کە بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان‌و دەستوور پارێزراوە، بەدەستنەهاتووە. مافە پێشێلکراوەکانی مرۆڤ بریتین لە مافی هەڵبژاردن‌و بەشداریکردن لە چالاکییە گشتییەکان‌و ئازادیی ڕادەربڕین‌و کۆبوونەوەو هەروەها گریمانەکردنی بێتاوانیی بەرپرسانی هەڵبژێردراو. لە ڕووی دەنگدەرانەوە، مافی دەنگدان پێشێلکراوەو ئازادیی ڕادەربڕین‌و ڕێکخراوبوون بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سنووردارکراوە.

پرەنسیپی هەڵبژاردن مەرجێکی حەتمیی دیموکراسییە، کە سیمای دامەزرێنەری کۆماری تورکیایشە، هەروەها یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی مادەکانی ٢و ٥ی دەستوور. هەروەها مافی دەنگدان، هەڵبژاردن‌و بەشداریکردن لە چالاکیی سیاسی‌و بەشداریکردن لە خزمەتی گشتیدا، وەک مافێکی بنەڕەتیی‌ سیاسی‌و هەروەها مەرجێکی بنەڕەتیی دیموکراسی، لە مادەی ٦٧ی دەستووریشدا مسۆگەرکراوە. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، مادەی ٢٥ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنی‌و سیاسییەکان، مافی دەنگدان‌و هەڵبژاردن‌و بەشداریکردن لە کارگێڕیی گشتیدا ڕێکدەخات. لە کاتێکدا لایەنێکی ئەم مافە گرەنتیی پێش هەڵبژاردن‌و ڕۆژی هەڵبژاردن دەگرێتەوە، لایەنێکی دیکە بریتییە لە ئیدارە خۆجێییەکان کە بە پێی ویستی دەنگدەران تا هەڵبژاردنی داهاتوو مامەڵەدەکەن.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بنەمای لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر، کە وەک هۆکاری دانانی قەییومەکان نیشاندەدرێن، ئەو کردارو لێدوانانەن کە تێیدا سیاسەتمەداران بۆچوونی ڕەخنەیی خۆیان بڵاودەکەنەوەو ناڕەزایەتی بۆ ئەمە ڕێکدەخەن، ڕوونە کە دانانی قەییومەکان دەستتێوەردانێکی جددی پێکدەهێنێت دژی ئازادیی ڕادەربڕین. ئەم دەستتێوەردانە لەگەڵ مەرجەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا ناگونجێت، هەروەها ڕێژەیی نییە، لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە بە وردی باسکراون. لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر تاکە هۆکار نین کە ئازادیی ڕادەربڕین لە چوارچێوەی پراکتیکەکانی قەییومدا پێشێلدەکەن. دوورخستنەوەی ئەو کەسەی کە خەڵک پێی باشترە، چونکە بۆچوونەکانی لەگەڵ خۆیاندا دەگونجێت لە دەسەڵات، پێشێلکردنی جددیی ئازادیی ڕادەربڕین پێکدەهێنێت.

دیسان ئەو ڕاستییەی کە ئەم کردارە لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەی تیرۆریزمە، کە بە هۆی چالاکییەکانی حیزبە سیاسییەکانی بەرپرسانی هەڵبژێردراوەوە دەستیپێکردووەو ئەو شارەوانییانە دەکاتە ئامانج کە بە زۆری لەلایەن بزوتنەوەی سیاسیی کوردەوە بەدەستیانهێناوە، زیان بە ئازادیی کۆمەڵەی دەنگدەران‌و بەرپرسانی هەڵبژێردراو دەگەیەنێت. ئەوەی کە بانگەشەی هەڵبژاردن‌و ناڕەزایەتی‌و لێدوانی ڕۆژنامەوانی، کە لەلایەن هەدەپە یان دەبەپەوە ڕێکدەخرێن، دەبنە زەمینەی دەرکردن لە پۆستەکانیان، پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، هەروەها مافی کۆبوونەوەو گردبوونەوەو خۆپیشاندانە.

لە کۆتاییدا دەرکردنی کەسێک، کە هیچ بەربەستێکی هەڵبژاردنی نییە یان سزای نییە، پێویستە ڕێکارێکی ئیداریی کاتی بێت. ئەو کردەوانەی کە پەیوەندییان بەو دەسەڵاتی پارێزگاریکردنەوە هەیە، سروشتێکی کاتییەو پێویستە بە شێوەیەکی سنووردار لێکدانەوەی بۆ بکرێت، ناگونجێت لەگەڵ گریمانەی بێتاوانی، کە بە تەواوی لە ماددەی ۱۵ی دەستووردا پارێزراوە، ڕێگریکردن لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، کە هیچ بەربەستێکیان لە بەردەم هەڵبژاردندا نییە لە کردنی ئەرکە هەڵبژێردراوەکانیان، ئاماژەیە بۆ سزادانی بەکۆمەڵ.

لە ڕاستیدا دەنگدەران دانانی قەییوم وەک پێشێلکردنی مافەکان دەبینن. (٧٧٪)ی دەنگدەران ئەم کارە وەک دەستتێوەردانێک لە مافی دەنگدان‌و هەڵبژاردن لێکدەدەنەوە. دیسانەوە ڕێژەی ئەو دەنگدەرانەی کە پێیان وایە دانانی قەییوم کاریگەریی نەرێنیی لە سەر ئازادیی ڕادەربڕین هەیە، (٧٥.٩٪)یە. ئەم بۆچوونە کە بە ڕێژەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاستی خوێندن زیاددەکات، لە ناو دەنگدەرانی خوێندنی ئاستی دەرچوو دەگاتە (٧٦.٩٪).

ئەم ڕێژەیە تەنیا لەو دەنگدەرانە پێکنایەت کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی پێشوودا دەنگیان بە هەدەپە داوە. نزیکەی (٦٠٪)ی دەنگدەرانی جەهەپەو (٦٤.٣٪)ی دەنگدەرانی پارتی باش‌و نیوەی ئەو دەنگدەرانەی کە ڕایانگەیاندووە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا دەنگیاننەداوە، پێیان وایە کە دانانی قەییوم کاریگەریی نەرێنیی لە سەر ئازادیی ڕادەربڕین هەیە.

ئەنجام

  • لەگەڵ مافی دەنگدان‌و هەڵبژاردن، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی کۆبوونەوەو مافی ئۆتۆنۆمیی حکومەتە خۆجێییەکان لە ڕێگەی دانانی ئەمیندارو قەییومەوە کراوە. تورکیا لە کاتێکدا هەڵبژاردنێکی نوێی شارەوانییەکان دەکات، کە هەم پێشێلی یاساو دەستوور دەکات‌و هەم ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی کە واژووی پابەندیی لە سەر کردوون.
  • دانانی قەییوم وەک پراکتیکێک لە سەر بنەمای “سەرلەنوێ ناوەندگەرایی” لەو شارانە جێبەجێدەکرێت کە کورد بە چڕی تێیدا دەژی. ئەم پراکتیزەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بە قۆرخکردنی ئیرادەی خەڵک لە شارە کوردییەکان‌و نەهێشتنی نوێنەرایەتیی خۆجێیی، حکومەتی تاکڕەویی بەهێزترکردووە.
  • دامەزراندنی قەییوم دەبێتە هۆی پچڕان لە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان‌و پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی داینامیکی ناوخۆیی. ئەم کردارە دۆخی خراپی ناوچەکە بەرانبەر بە ئەنقەرە قووڵتردەکاتەوە. نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە کۆنترۆڵی دیموکراسی لە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکانیشدا لە ڕێگەی دانانی قەییومەکانەوە نەهێڵراوە. لەم ڕووەوە لێپرسینەوەو شەفافیەتی حکومەتە خۆجێیەکان سنووردارکراوەو کۆنترۆڵی بەکارهێنانی سەرچاوەکان مەحاڵ بووە. لە ئەنجامدا هەواڵەکان سەبارەت بەو یارمەتییە نایاساییانەی کە پێشکەش بە گرووپە جیاوازەکان دەکرێن‌و ئەوەی کە موڵکوماڵی خاوەنداریەتیی شارەوانییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی دەفرۆشرێن، دەگوازرێنەوە، یان بە شێوەیەکی نایاسایی تەرخاندەکرێن، بووە بە هەواڵی میدیاکان، بەم شێوەیە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی هەردوو دەسەڵاتی کارگێڕی‌و دادوەری لە ناوچە کوردییەکاندا لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بەهێزتربووە.
  • دانانی قەییومەکان، ئەنجامی ناساندنی چالاکییە سیاسییەکانی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانە وەک تاوانێک، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی ماف‌و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان، ئەو دەستەواژانەی کە لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکاندا بەکاریدەهێنن، ئەو کۆبوونەوەو ڕێپێوانانەی کە ئامادەیدەبن. بەستنەوەی ئەمە بە دانانی قەییومەکانەوە دەبێتە هۆی دووبارە ناوەندگەرایی حکومەتە خۆجێییەکان لە ڕێگەی دانانی ئارەزوومەندانەوە.
  • ئەو قەییومانەی کە بە نزیکەیی تەنیا بۆ ئەو شارەوانییانەی کە بزوتنەوەی سیاسیی کورد بەدەستیانهێناون، دانراون، بەکارهێنانی زمانی کوردییان لە کایەی گشتیدا سنووردارکردووە. جگە لە چالاکییە هونەری‌و کولتوورییەکان بە زمانی کوردی، پراکتیکەکانی وەک پەروەردەی کوردی‌و فرەزمانی‌و خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەک لە پەناگەکانی ژنان یان باخچەی منداڵان، بە هۆی دانانی قەییومەکانەوە نەهێڵراون. بەم شێوەیە ئەو خزمەتگوزارییانەی کە کەمایەتییە ناوخۆییەکان، منداڵان، ژنان‌و گرووپە ئایینییەکان لە کایەی گشتیدا وەریدەگرن، سنوورداربوونە‌و لە هەندێک حاڵەتدا بە تەواوی نەهێڵراون.
  • جگەلەوەی دانانی قەییوم پێچەوانەی یاسایە، لە هەمان کاتدا وەک هەنگاوێک بەرەو دوورخستنەوەی سیاسەتی کوردی لە زەمینەی سیاسیی یاساییدا زیان بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت. کاریگەرییەکانی پاڵنانی نەک تەنیا نوێنەرانی سیاسی، بەڵکو خودی دەنگدەرانی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیی یاسایی، ئەوەندە جددییە کە ئەنجامەکانی زۆر لەوە زیاترە کە کێشەی حکومەتی خۆجێیی بێت.
  • پێشبینیدەکرا دانانی قەییوم سنووردار بێت بە باری نائاسایی‌و گەڕانەوەی ڕێکخستنی کارگێڕیی تورکیا بۆ ئەو چوارچێوەیەی کە لە دەستووردا کێشراوە، بەڵام وا دیارە دەسەڵاتی ناوەندی دەیەوێت تەنانەت ڕەوایەتیی دەستووری بدات بە دانانی قەییوم لەلایەن وەزیری ناوخۆوە، لە جێگەی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان.
  • چاونوقاندنی لایەنی سەرەکیی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە دانانی قەییوم، هێمایە بۆ نەبوونی جیاوازیی تێڕوانینی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە دەسەڵات بۆ ئەو بارودۆخە.
  • مەترسییەکی نزیک هەیە، کە ئەم کارە نایاساییە کاریگەریی لە سەر ئەو شارەوانییانە هەبێت کە هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان تێیدا سەردەکەون. لەم ڕووەوە پێشنیاردەکرێت هەنگاوی پێویست لە پەرلەمانەوە بگیرێتەبەر بۆ دانانی سنوورێک بۆ دەسەڵاتی ناوەندی.
  • گرنگە دەمپارتی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی‌و مافی مرۆڤ لێکۆڵینەوەی قووڵ لە سەر کاریگەرییەکانی دانانی قەییوم لە سەر حکومەتە گشتی‌و خۆجێییەکان بکەن، بۆئەوەی خەڵک وشیاربکەنەوە بۆ ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی دانانی قەییوم لە جێگەی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان.

لینکی بابەتەکە لە ئینەرنێت

http://spectrumhouse.com.tr/inc/uploads/2023/12/POLITIKA-RAPORU_KAYYUM_SHE.pdf

Send this to a friend