• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 19, 2023

ئایندەی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە نێوان ململانێ سیاسی-ئابووری و ناوچەییەكانی عێراق و توركیادا

ئامادەكردن: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

 

بەرایی

    پاش ئەوەی لە ساڵی (2015)ەوە حكومەتی عێراق لە بارەی كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ ڕەزامەندیی بەغدا لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لە سەر حكومەتی توركیا تۆمار كرد، تێیدا داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لەو وڵاتە كرد، لە سەر ئەو بنەمایەی حكومەتی توركیا ڕێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆریی عێراق لە ناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهان بگوازرێتەوە، هەر چەندە لە سەردەمی كابینە وزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی 2019؛ بڕیاری دادگای پاریس ڕاگیرا و دەرفەتێكی نوێ درایە حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا.

لە سەر بنەمای هەنگاوە كردەییەكان، بڕیاری دادگای پاریس؛ توركیای پابەند كرد بە ڕاگرتنی هەر ڕێككەوتنێك بە پاساوی ئەوەی كە پێشێلكاری لە پەیماننامەی ساڵی 1973 “Pipeline Transit Agreement”ی نێوان توركیا و عێراق كردووە، بەوەی نەوتی خاوی عێراقی بەبێ‌ ڕەزامەندیی حكومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەندەری جەیهان گل داوەتەوە و هەناردە كراوە. پاش یەكلاكردنەوەی پرسەكە بە پێی بڕیاری دادگای پاریس، شوێنەوارە یاساییەكانی سەبارەت بە توركیا و هەرێم كوردستان تەنها لە دەرچوونی بڕیارەكەدا ناوەستێت، بەڵكوو پرسی قەرەبووكردنەوە و دووبارە پێبژاردنی ئەم دۆسیە بژاردەیەكی تر دەستی حكومەتی عێراق و داڕشتنەوەی میكانیزمێكی نوێیە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەكان و دووبارە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.

حكومەتی عێراق لە ماوەكانی ڕابردوودا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم پرسەی بە نایاسایی سەلماند، توركیای وەستاند و هەرێمی كوردستانی لە گێژاوی شڵەژانی ئابووریی سەربەخۆ ڕاچلەكاند و گەیاندیەوە خاڵی سەرەتا، لە ئاستی یاسایی و دەستووریی عێراق بانگەشەی پووچەڵكردنەوەی سەرجەم گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، حكومەتی فیدراڵ بووە چەقی بڕیاردان و سەنتەری مامەڵەكردن بە كەیسی نەوتی نیشتمانی بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بە جۆرێك كە چیتر حكومەتی هەرێم پڕۆسەی “فرۆشتنی نەوتی خاو”ی لەدەست دا، جارێكی تر گەڕایەوە بۆ ڕێكخستنەوەیەكی نوێ و گەڕانەوە بۆ بەغداد وەك قووڵایی ستراتیژی ئابووری و دارایی، لەوێوە كەیسی ئابووری و دارایی بە كۆمەڵێك كێشە و گرفتی تەكنیكی و یاساییەوە بە سیاسەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆوە گرێ دا، لە سەر هەمان بنەما ئایندەی دۆخی دارایی و بووژانەوەی ژێرخان و كێشەی مووچەخۆرانی پێوە بەستووەتەوە.

دۆسیەی نەوتی هەرێم لە نێو سیاسەتی ململانێ ناوچەییەكانی عێراق و توركیا

پاش چەند ساڵێك لە سەربەخۆیی هەناردەكرنی نەوت لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دوا جار دۆسیەی نەوت و قووڵبوونەوەی كێشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو قەیرانێكی سیاسی و ئابووری ڕۆیشت. لە بارەی ڕەهەندەكانی پشتی سەرهەڵدانی ئەم تەنگەژەیە، د. كامەران قادر یەعقووب؛ پسپۆڕ لە بواری ئابووری و دارایی پێی وایە شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند هۆكارێكی هەیە، لە سەرەتادا نرخی نەوت بە شێوەیەكی زۆر خێرا دابەزی، ئەوكات بە هۆی ئەو داكشانە ئابوورییانە بە هۆی ئەوەی پشتیوانی ناردنە دەرەوەی نەوت لە جیهانی وڵاتانی هەناردەكار زیاد بوو، بەجۆرێك لە (2015) و (2016)ەوە ئەوە یەكەمین شكست بوو، شكستی دووەم بە هۆی بارودۆخی سیاسییەوە بوو بە تایبەت هاتنی داعش و دەستگرتن بەسەر ڕووبەرێكی فراوانی عێراقدا، پاشان كە دواتر داعش نەما حكومەتی عێراق توانیی زۆرینەی ناوچەكان كۆنترۆڵ بكاتەوە، پاشان ڕیفراندۆم كاریگەرییەكی گەورەی لە سەر دۆسیەی نەوت دروست كرد، ئەمەش بووە خاڵی لاواز بۆ كورد بە تایبەت كە ئەمەریكا تا ڕادەیەكی زۆر پشتی تێ كرد، لێرەوە سیاسەتی نەوتی هەرێم نەیتوانی ئەو ئامانجانە بەدی بهێنێت كە ڕۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت داهاتێكی زۆری دەست بكەوێت هێندەی ئەو بڕە پارەیەی لە عێراق دەستی دەكەوێت. خالێكی تر ئەوە بوو كە وڵاتانی پیشەسازی كڕیاری نەوتی كوردستان نەبوون، سەرجەمیان بڕوایان وا بوو كە دەبێت كەیسی نەوت بگەڕێتەوە بۆ دەستی بەغداد، بۆیە حكومەتی هەرێم ئەگەر بیتوانیایە نەوت بنێرێتە دەرەوە؛ كڕیاری ئەوتۆی نەبوو. خاڵێكی تر پەرەسەندنی ململانێ سیاسییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و توركیا بوو، كە بووە هۆی ئەوەی دادگا ئەو بڕیارە بدات كە ئیتر بووە دوا هەناسەی هەرێمی كوردستان.

محەمەد حسێن تیشك دەخاتە سەر ئەوەی هەر لە سەرەتاوە پرسی سەربەخۆ هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی کوردستان ئەم تەنگەژەی دروست کردووە. بەشێکی سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە سەر ئەوە بووە کە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕێگەی دا حوکمەتی هەرێم لە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا نەوتەکەی خۆی بگەیەنێتە بەندەری جەیهان و لەوێشەوە بە کڕیارانی جیهانی بفرۆشێت. هەر لەو ساڵەدا وەزارەتی نەوتی عێراق سکاڵایەکی تۆمار کرد لە دادگای نێوبژیوانی ژووری بازرگانیی پاریس. ڕێکكەوتنێک هەبوو لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ئیدارەدانی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا. خاڵێکی ئەو ڕێکكەوتنە دەڵێت: تەنها لایەنی عێراقی دەسەڵات و مافی بڕیاردانی هەیە لە سەر ئەوەی کێ و چۆن نەوتی عێراق لە بەندەری جیهانەوە بار بکات بۆ ناو کەشتییە بارهەڵگرەکان؛ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە. پێشتر تورکەکان ئەم خاڵەی ڕێکكەوتنەکەیان فەرامۆش کردبوو، ڕێگەیان دەدا بە فرۆشتنی نەوتی کوردستان و بارکردنی بۆ ناو کەشتییەکان بەبێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ ناڕەزاییەکانی لایەنی عێراقی بکەن. ئەوە بوو دادگای نێوبژیوانیی پاریس لە دوای ٩ ساڵ تورکیای تاوانبار کرد بە پێشێلکردنی ڕێکكەوتنی ئیدارەدانی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، لە ئەنجامدا تورکیا بە یەکجاری کۆتایی بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هێنا. ئێستا دەرکەوت تورکەکان لەوە زیاتر پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ عێراقدا تێک نادەن، بۆیە بە ناچاری هەرێمی کوردستانیش گەڕایەوە سەر مێزی ڕێکكەوتن. بەغدا و هەولێر ڕێکكەوتنێکی سەرەتاییان کرد لە سەر چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ناکۆکییە نەوتی و داراییەکانیان.

د. بیلال ئەلخەلیفە پێی وایە مەسەلەی کورد و پرسی نەوتی هەرێم تەنیا پرسێكی ناوخۆیی نییە، بەڵكوو ڕەهەندی تورکی و ئێرانیی هەیە، جگە لەوەی پاشخانێكی جیهانیی وەرگرتووە. ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ڕۆڵی بایەخداریان هەیە سەبارەت بە سەربەخۆیی، چ لە كەیسی نەوت و ئابووری، چ لە ڕەهەندە سیاسییەكەیەوە. دەبێت سەرکردەکانی هەرێم ئەوە بزانن کە سەربەخۆیی خەونێکی بەدەستنەهاتووە بە ئامادەبوونی دراوسێکانی عێراق کە کەمینەی کوردیان هەیە، پرسی نەوتیش تەنها کارتی فشارە.

هەروەها یادگار سدیق گەڵاڵی باس لەوە دەكات خاڵێك كە وای كرد گرژییەكان زیاتر ئاڵۆز ببێت و توندتر ببێتەوە، ئەوە بوو كە لە كۆتایی مانگی یەكی 2022 و لە سەرەتای شوباتدا حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتارەكەی بە ئاشكرا بەرەو ئەوە بوو لە ماوەیەكی نزیكدا دەتوانێت گازی سروشتی هەناردە بكات، بە تایبەت لەو سەردانەی سەرۆكی هەرێم بۆ لای سەرۆككۆماری توركیا ئاماژەی بەوە كرد كە دەتوانێت ببێت بە دابینكەرێكی وزەی سەرەكیی توركیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕی ئەورووپا. وەكوو دەزانین ئێران وڵاتێكی هەرێمایەتیی بەهێزە لە دیاریكردن و ئاڕاستەكردنی سیاسەت لە عێراقدا و لە هەمان كاتیشدا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە دابینكەری وزەیە بە تایبەتی گازی سروشتی بۆ عێراق و بۆ توركیا، گرێبەستەكەشی لەگەڵ توركیادا بەرەو كۆتایی دەچێت، پێویستە جارێكی تر گرێبەست تازە بكەنەوە. هەر لەو سەروبەندەدا، چەند مانگێك پێش ئەوە ڕاپۆرتێكی ئەمەریكی بڵاو كرایەوە، توانای گازی سروشتیی هەرێمی كوردستان چۆنێتیی بوونە ئەلتەرناتیڤێك لە ناوچەكە بۆ توركیا و عێراق و پڕكردنەوەی پێداویستییەكان و لە هەمان كاتدا ببێتە سەرچاوەیەك بۆ دابینكردنی گاز بۆ ئەورووپا. ئەمانە پێمان دەڵێن ئەو سكاڵایەی كە لە ساڵی 2013دا وەزارەتی نەوتی عێراق دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماری كردبوو، بە نادەستووریبوونی یاسای نەوت و گاز و بەڕێوەبردنی سەنتەری نەوت لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە پێمان دەڵێت كە لە ژێر كاریگەریی ئەو دۆخەدا بووە، چونكە كاتێك دادگای فیدراڵی بڕیاری دا بە نادەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و حكومەتەوە نادەستوورییە و مافی ئەوەی نییە، ئەمانە هەمووی وای كرد كە پێگەی عێراق لە ڕووی یاساییەوە بەهێزتر ببێت، ئەو شیكارییەی بۆ مادەكانی 111 و 112ی دەستوور دەكرا یەكلایی بكرێتەوە لە بەرژەوەندیی حكومەتی فیدراڵ  و پێگەی یاسای هەرێمی كوردستانی لاوازتر كرد.

دۆسیەی نەوت لە نێو ململانێكانی “سیاسەتی كۆمپانیاكان” و “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق”

    دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە نێو ململانێی فرەلایەنەكاندا پەیوەستە بە ڕێككەوتنی نوێی لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ. بۆ دەرخستنی هەنگاوەكانی ئایندەی دۆسیەكە، پێویستە شرۆڤەی ئەو پێوەرانە بكرێت كە كۆمپانیای سۆمۆ بۆ گرتنەبەری هەنگاوی نوێی گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان دەیگرنە بەر، هەڵسەنگاندنی هەنگاوێكی لەو شێوەیە لە سەر بنەمای قازانجی زیاتری لایەنی سوودمەندە. لەم ڕووەوە محەمەد حسێن پێی وایە ئەو ڕێکكەوتنەی ئێستا لە قازانجی هەموو لایەکە ئەگەر بە باشی جێبەجێ بکرێت و وردەکارییە تەکنیکییەکانی دابڕێژرێت. بە بڕوای ئەو، حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بنبەست و ئیتر هیچ دەروازەیەکی تری جگە لەم ڕێکكەوتنە نەماوە. لە بەرانبەردا حکومەتی عێراقیش زۆر پێویستی بە سەقامگیریی سیاسییە و لە هەمووان زیاتر سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی پێویستی بە دۆستایەتی و پشتگیریی کوردە. لە ڕووی بازرگانییەوە، قازانجی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە ئەگەر سۆمۆ نەوتەکەی بۆ بفرۆشێت، لانی کەم ئیتر پێویست ناکات بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک ١٠ تا ١٩ دۆلار داشکاندن بکات لە بەر ڕیسکە یاسایی و سیاسییەکانی، هەروەها بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش ئەم بارودۆخە نوێیە دەکرێت ببێتە هۆکاری زۆربوونی قازانجە بازرگانییەکانیان.

یادگار سدیق گەڵاڵی ئەوەی ڕوون كردووەتەوە بڕیاری دادگای فیدراڵی بە پاڵپشتێكی گەورە و بەهێز بۆ دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس دادەنێت، چونكە لە سەرەتای ساڵی 2021دا “كۆمپانیای دینا ستی” داوایەكی دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە دادگای ناوبژیوانیی لەندەن (دادگای بارزگانیی لەندەن) تۆمار كرد بەوەی كە بڕیارەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكان و یاساكانی نەوت و گاز نادەستوورییە، ئەوكات دادگاكە ئەو بانگەشەیەی ڕەت كردەوە بە پاساوی ئەوەی دەستووریبوون و نادەستووریبوونی هێشتا لە دادگای فیدراڵی یەكلایی نەكراوەتەوە. بە یەكلاییكردنەوەی لە دادگای فیدراڵ، ئەو دەرگایەی كردەوە كە دادگایەكی ناوخۆیی بڕیاری داوە و لە ناوەندە یاساییەكاندا پشتی پێ دەبەسترێت، ئەمەش بووە خاڵێكی بەهێز بەدەست حكومەت و دادگای پاریس بۆ یەكلاییكردنەوەی كەیسەكە و پشتی پێ بەستراوە.

 دەرئەنجامی بڕیارەكە وەستاندنی هەناردەكردنی لێ كەوتەوە و حكومەتی توركیا پابەندیی خۆی بە بڕیاری دادگاكەوە دووپات كردەوە، تۆپەكەی خستە قاچی سۆمۆوە كە ئێمە لە سەر بڕیار و ئاماژەی ئێوە هەناردەی نەوت دەكەینەوە، ئەمە وای كرد حكومەتی هەرێم هیچ بژاردەیەكی تری لە بەر دەست نەما تەنها ڕێككەوتن نەبێت، تاكوو مەلەفی نەوت بخاتە دەست سۆمۆوە و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام لە بەر ئەوەی بەرژەوەندییەكانی عێراق لەگەڵ توركیا زۆر بەهێزترە، هەرێمی كوردستانیش بەرژەوەندییە كورتەكە بوو، توركیاش ئەو بەرژەوەندییانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیبوو؛ لە ئایندەدا لەگەڵ عێراق جێی بكاتەوە.

ئەم ڕێككەوتنە لە بەرژەوەندیی بەرهەمهێنەرانی نەوت دەبێت، چونكە كۆمپانیاكان پشكیان هەیە لەو نەوتەی لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێت و دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا نەوت فرشتن لە ڕێگەی سۆمۆوە بە نرخێكی زیاترە، ئەمەش لەو ڕووەوە سەرچاوەی گرت كە لە مانگی نۆی ساڵی (2022)ەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق فشارەكانی توندتر كردەوە لە سەر كۆمپانیاكانی فرۆشتنی نەوت و كڕیارەكان، حكومەتی هەرێم ناچار بوو نەوتەكەی هەرزانتریش بفرۆشێت، چونكە ئەو بنەمایەی كە نەوتی لە سەر دیاری دەكرا،  لە نەوتی “برێنت”ەوە بۆ نەوتی تێكەڵی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت، واتە لە چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2022دا، نەوتی هەرێمی كوردستان لە نێوان 17-19 دۆلار كەمتر فرۆشراوە.

د. كامەران قادر یەعقووب ئاماژە بەوە دەكات پاش ئەوەی مامەڵەی نەوتی هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر دەستی وەزارەتی نەوتی عێراق، شێوازی گرێبەستەكانی پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت، چونكە حكومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەدا نییە تێچووەكەی بەو شێوەیە بێت، بە تایبەت كە كۆمپانیاكان پشكی ئەو بۆرییەیان هەیە، ئەگەر بێتوو كۆمپانیاكان نەیەنە ژێر باری مەرجەكانی عێراق، ئەوە حكومەتی عێراق بە هیچ جۆرێك لەو بۆرییانەوە نەوت ناباتە دەرەوە، ئەگەریش بیكات تا یەك ساڵ بۆ دوو ساڵ دەبێت و دواتر خۆی بۆرییەك دروست دەكات و دەینێرێت بۆ سووریا یان بۆریی تر لە توركیا یان لە ئوردون و هەر وڵاتێكی تر. بۆیە ئەو سیاسەتەی كە حكومەتی هەرێم پەیڕەوی كردووە، حكومەتی عێراق بە هیچ جۆرێك نایەتە ژێر باری و كۆمپانیای سۆمۆ ئەو شێوازی گرێبەستەی لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمدا هەیە كە بە نرخێكی بەرز كراوە نایكات و لە ئێستاشدا قایل بێت؛ لە سێ مانگی داهاتوودا هەڵیاندەوەشێنێتەوە، یاخود لە داهاتوودا ئەو گرێبەستانە بە شێوەیەكی باشتر و لە قازانجی حكومەتی عێراق دادەڕێژنەوە.

هەروەها د. بیلال ئەلخەلیفە هێمای بۆ ئەوە كردووە كە هەموو کێشە و ململانێکان چارەسەریان هەیە تەنانەت ئەگەر کاتێکی زۆریش بخایەنێت، بە تایبەت ئەگەر پێکدادانەکە گەیشتبێتە قۆناغی پێشکەوتوو، بەو پێیەی لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، هەر بۆیە ململانێکان گەیشتووەتە کۆتایی، بە تایبەت لە دوای یاسای نەوت و غازی فیدراڵی، یاسا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە دانوستانەکان بەردەوامن.

كاریگەرییەكانی گرێبەستی نەوتی نوێ لە سەر باردۆخی ئابووری و دارایی مووچەخۆرانی هەرێم

بە هۆی ئەو تەنگەژە داراییانەی كە حكومەتی هەرێم دووچاری هات، گرێبەستی نەوتی نوێ لە نێوان حكومەتی عێراق و كۆمپانیاكانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ كاریگەری لە سەر بارودۆخی ئابووری و دارایی و بووژاندنەوەی بازاڕ و باری دارایی مووچەخۆرانی كوردستان دروست دەكات، د. بیلال ئەلخەلیفە لەو باوەڕەدایە ئەم ڕێککەوتنە سەرەتای چارەسەرە نەک خودی چارەسەر، چونکە چارەسەری ڕاستەقینە دەبێت لە ڕێگەی یاسای نەوت و غازی فیدراڵییەوە بکرێت کە سیاسەتی نەوت لە عێراقی فیدراڵیدا دەکێشێت و پەیوەندیی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و ئەو کۆمپانیایانە ڕوون دەکاتەوە کە تێیدا کار دەکەن، لەگەڵ سروشتی ئەو گرێبەستانەی پێشتر بە پێی یاسای پێشووی نەوت و گاز لە هەرێم ئەنجام دراون کە لە ئێستادا لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە پووچەڵ کراونەتەوە. بەڵام محەمەد حسێن لەو باوەڕەدایە هیچ گرێبەستێکی نوێ لەئارادا نییە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا سەرکارانەی کە نەوتەکە بەرهەم دەهێنن لە کوردستان، بەڵكوو ئەوەی ماوەتەوە گرێبەستی فرۆشتنی نەوتە بە کڕیارەکان، یان ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوتەکە دەفرۆشن. کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕیکردنی نەوتی عێراق لە گەڵ کۆمپانیاکاندا ڕێک کەوتووە و کاریان کردووە لە سەر نوێکردنەوەیان.

لەم ڕووەوە ئاشكرایە سۆمۆ دەتوانێت و دەرفەتی هەیە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم باشتر و گرانتر نەوتەکە بفرۆشێت، ئەمەش لە دوا جاردا دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتە نەوتییەکانی کوردستان، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییانە ناگۆڕێت کە ئابووریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەدەست ڕستێک کێشەی سەخت و تاقەتپڕووکێنەوە دەناڵێنێت. لە هەر کاتێکدا نرخی نەوت دابەزی، ئیتر عێراق و کوردستانیش پێکەوە و وەک یەک تووشی قەیرانی دارایی و بێپارەیی و بێبازاڕی دەبنەوە.

یادگار سدیق گەڵاڵی باس لەوە دەكات ئەم ڕێككەوتنە لە بەرژەوەندیی بەرهەمهێنەرانی نەوتیش دەبێت، چونكە پشكیان هەیە لەو نەوتەی لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێت و دەفرۆشرێت، چونكە فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە بە نرخێكی زیاترە، پێشتر بە 11 بۆ 13 دۆلار كەمتر فرۆشراوە، بە تایبەت لە مانگی نۆی (2022)ەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق فشارەكانی توندتر كردەوە لە سەر كۆمپانیاكانی فرۆشتنی نەوت و كڕیارەكانی، حكومەتی هەرێم ناچار بوو نەوتەكەی هەرزانتریش بفرۆشێت، ئەو بنەمایەی كە نەوتی لە سەر دیاری دەكرا لە نەوتی “برێنت”ەوە بۆ نەوتی تێكەڵی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت. زیاتر لەوە، لە چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2022 نەوتی هەرێمی كوردستان زیاتر داشكا و لە نێوان 17-19 دۆلار كەمتر لە نرخی برێنت فرۆشراوە، ئەمەش هۆكارەكەی ئەو فشارانە بوو كە وەزارەتی نەوت كردبوویە سەر كۆمپانیاكانی فرۆشیار و كڕیارانی نەوت پاڵپشت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.

لە لایەكی تر ئەو تەنگەژانەی لە بازاڕدا دروست بوون وەك شەڕی ئۆكرانیا كە نەوتی ڕووسی لە بازاڕەكاندا بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشرا، ئەمەش وای لە كڕیارانی نەوتی هەرێم كرد خواستیان كەم بێتەوە بۆ ئەوەی نەوتەكەی نەمێنێـتەوە، چونكە لە بازاڕدا ئەلتەرناتیڤ هەیە و بە نرخێكی هەرزان. ئەمانە هەمووی فشار بوون لە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە حكومەتی هەرێم بە ناچاری ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغداد كرد، ئەمەش لە بەرژەوەندیی كۆمپانیا نەوتییەكانە، چونكە ئەوانیش نەوتەكەیان بە نرخێكی زیاتر دەفرۆشن. هەمان كات پڕۆسەكە لە بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوتی عێراقە، چونكە ئەو 400 هەزار بەرمیلەی لە ڕێگەی عێراقەوە دەفرۆشرێت؛ بۆ هەر بەرمیلێك 8-11 دۆلار نرخی زیاد دەكات، لێرەوە دەردەكەوێت كە گرنگترین خاڵێك ئەوەیە فرۆشتنی نەوتی هەرێم كەوتە دەست سۆمۆ، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە وەزارەتی نەوت سەركەوتوو بوو لە كۆنترۆڵكردنی پرسی نەوتی هەرێم.

 ئاشكراشە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تەنها لەم خاڵەدا ناوەستێت، بەڵكوو هەنگاوی دواتری چارەسەركردنی كێشەی كێڵگە نەوتییەكانە، یاخود خەرجیی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كوردستان كە زیاترە لە عێراق، ئەویش بە هۆی جۆری گرێبەستەكانی حكومەتی عێراق كە جیاوازە لە جۆری گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە جۆری گرێبەستەكانی حكومەتی عێراق گرێبەستێكی خزمەتگوزارییە و زیاتر وەكوو بەڵێندەرێك كار دەكەن لە بەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییانەی دەیكەن، بۆ هەر بەرمیلێك بڕێكی كەم پارە وەردەگرن، بەڵام حكومەتی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیكردنی هەیە و كۆمپانیاكان لە بەشێك لەو نەوتەی دەردەهێنرێت؛ هاوبەشە و پشكیان تێدا هەیە.

هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە و جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لە 15ی 2ی 2022؛ یەكێك لە گرنگترین بڕگەكانی ئەوەیە كە پێویستە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، لێرەوە داهاتەكەی وەك داهاتی هەموو عێراق تەماشا دەكرێت،  ئیتر حكومەتی هەرێم بیانووەكانی حكومەتی عێراقی بڕیوە، ئەو پاساوە نەماوە كە بودجەی هەرێم نەنێرێت، چونكە هەموو داهاتی نەوتی هەرێم دەچێتە ناو داهاتی گشتیی عێراق و دوایی دێتەوە هەرێمی كوردستان و نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان هەژمار دەكرێت. كەواتە دەبێت بودجە لە ڕووی یاساییەوە بە شێوەیەكی بەردەوام بێت، ئەمەش خاڵێكی ئەرێنییە و لەمەودوا بیانووی دواكەوتنی مووچە نامێنێت كە شایستەكانی حكومەتی هەرێمە لە بودجەی فیدراڵی.

یادگار سدیق گەڵاڵی ئاماژە بەوە دەكات لە سەر بنەمای ڕێككەوتنەكەی 4ی نیسان و بە پێی پڕۆژەیاسای بودجە، نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەكەی دەچێتە هەژمارێكەوە لە ژێر چاودێریی حكومەتی فیدراڵەوە دەبێت و مافی خەرجكردنی لە لایەن سەرۆكی حكومەتەوە دەبێت. لە بودجەدا پشكی مووچە و خانەنشینان جیا كراونەتەوە، بەشێكی تایبەتە بە بودجەی پێشمەرگە و بڕێك تەرخان كراوە بۆ شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان، ئەم شایستانە بە پێی ئەو هەژمارانەی ڕابردوو كراون و بە پێی ڕاپۆرتەكانی كۆمپانیای “دیلۆیت”؛ كۆمپانیا بەرهەمهێنە نەوتییەكان شایستەكانیان لە ساڵی 2022دا (6.6 ترلیۆن) دینار بووە، لە ساڵی 2023دا خەرجی و گواستنەوەكان 3.8 ترلیۆن دینار بووە، هەمان كات كورتهێنانێك هەیە بە ڕێژەی 42%، كە حكومەتی هەرێم دەبێت بە شایستە داراییەكانی یان قەرزەكان و درەنگخستنیان پڕی بكاتەوە، یاخود پێدانی شایستەكان وەكوو پێشووتر درەنگ بخات، ئەمەش دەبێتە قەرز لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەم هۆیەوە تا كۆتایی ساڵی 2022؛ زیاتر لە 3 ملیار دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بووە و چەندین قەرزی تریشی لە سەرە، ئەوەش تەنها پێویستی بەوەیە لەو پشكەی لە حكومەتی عێراقەوە دێت جێی بكرێتەوە یان لە شوێنێكی تر بۆی بپچڕێت.

د. كامەران قادر یەعقووب لە بارەی كاریگەرییەكانی ڕێككەوتنی نوێی هەرێم و بەغداد لەو باوەڕەدایە كۆمپانیاكانی پشكنین و دەرهێنانی نەوت كاریگەریی زیاتر لە سەر هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، نەك كۆمپانیاكانی هەناردەكردنی نەوت، بەڵام یەدەگی نەوت لە هەرێمی كوردستان كەمتر لە 7 ملیار بەرمیل نەوتی خاوە، نەك 35 ملیار نەوتی خاو وەك ئەوەی حكومەتی هەرێم دەیڵێت، چونكە تا ئێستا لە 7 ملیار زیاتر نەدۆزراوەتەوە، لە بەر ئەوە گرێبەستەكان كێشەی تێدایە، دەبێت ئاڕاستەكانی ئابووری بگۆڕن، بەم شێوەیە پڕۆسەكە كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت، چونكە یەدەگی نەوت كەمە بەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق. وێڕای ئەوە ئەگەر گرێبەستیش ئەنجام بدرێت و نەوت دەربهێنرێت؛ داهاتەكەی دەچێتەوە بەغداد، بەڵام بە كۆی گشتی داهاتی حكومەتی عێراق زیاد بكات، بێگومان حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی زیاتر دەست دەكەوێت ئەگەر بێتوو گرێبەستی نوێ بكات، بەڵام ئەو گرێبەستانەی حكومەتی عێراق دەیكات گرێبەستی هاوبەشێتی نییە، بەڵكوو گرێبەستی خزمەتگوزارین كە ئەمە دوو تێگەیشتنی زۆر جیاوازن، لە لایەك ئەوەی حكومەتی هەرێم ئەنجامی داوە گرێبەستی هاوبەشێتییە كە ئەمەش زۆر خراپە، بەڵام حكومەتی عێراق گرێبەستی حزمەتگوزاریی كردووە.

هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە چی بەدەست دێنێت؟

پاش 10 ساڵ لە هەناردەكردنی سەربەخۆیی نەوت لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە، توانرا بە بڕیارێكی دادگای پاریس بەو خێراییە شكست بهێنێت. لە ئێستادا باس لەو جیاوازیانە دەكرێت كە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە لەگەڵ كۆمپانیاكانی تری بەرهەمهێنان دروستی دەكات. لەم ڕووەوە محەمەد حسێن پێی وایە لە بەر توانا داراییەکەی هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوت؛ بە شێوەی سەربەخۆ کورت کرابوویەوە، بە جۆرێك ئەم سەربەخۆییە پشتی بەو بۆرییە بەستبوو کە تورکیا خستبوویە خزمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا نەوتەکەی پێدا ڕەوانە بكات، بەڵام پاش ئەوەی حكومەتی توركیا دۆسیەكەی دۆڕاند، هەناردەكردن لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە ڕاگیرا، هەمان كات سەربەخۆییە داراییەکەی کوردستانیش کۆتایی پێ هات. ئەم کەیسە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک جار گرنگ و چارەنووسساز بوو، بەڵام بۆ تورکەکان وا نییە، ئەوان تەنها وەک سەرچاوەیەکی داهاتە گومرگییەکانیان تەماشای نەوتی کوردستان دەکەن، هەرگیز ئامادە نین لە بەردەم بڕیاری دادگایەکی نێودەوڵەتی یاخی ببن لە بەر ئەوەی کوردی عێراق سەربەخۆیانە نەوتەکەی بفرۆشێت. هەمیشە عێراق بەرژەوەندییەکی گەورەتر پێک دەهێنێت بۆ تورکیا بەراورد بە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق تەنها بازاڕی ٦ ملیۆن کەسییە و ڕۆژانە تەنها ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام عێراق بازاڕی ٣٧ ملیۆنییە و ڕۆژانە زیاتر لە ٤ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

بەم پێوەرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ پشتگیریی لایەنی عێراقییان کردووە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردیش درکیان بەم ڕاستییانە کردووە، هەر بۆیە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا و پێش حوکمی دادگاکەی پاریس چوارچێوەیەکیان دانا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، لە كاتێكدا ئەگەر یاسای نەوت و غازی نیشتمانی لە ساڵانی دوای (٢٠٠٧)ەوە دەربکرایە، دەکرا زۆر زیاتر لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی پایەکانی فیدراڵیەتێکی ڕاستەقینە بووایە. د. بیلال ئەلخەلیفە باس لەوە دەكات چالاکیی نەوتی هەرێم لە ڕابردوودا لە دەرەوەی زانیاری و بەڕێوەبردن و هەماهەنگیی حکومەتی فیدراڵی بووە، هەر بۆیە گرنگیی فراوانکردنی چالاکییەکە مەحکومە بە شکست. سەبارەت بە فرۆشتن لە ڕێگەی سۆمۆوە، مانای جێبەجێکردنی دەستوورە بەوەی نەوت و غاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە، هەروەها سۆمۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی فیدراڵی دەکات.

یادگار سدیق گەڵاڵی پێی وایە بڕیارەكەی دادگای پاریس پشتبەستە بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان مافی فرۆشتنی نەوتی نییە، لەم ڕووە پشتبەستە بە هەمواركردنی گرێبەستی نێوان توركیا و حكومەتی عێراق، بەم پێیە مافی تەواوەتی دەدا بە كۆمپانیای سۆمۆ وەك كۆمپانیایەك بۆ بەنیشتمانیكردنی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە. ئەم لایەنە بووەتە كارتێكی بەهێز بۆ حكومەتی عێراق و لاوازبوونی هەڵوێستی حكومەتی توركیا، بە تایبەت كە ئەو وڵاتە لە وادەی  كێبڕكێی هەڵبژاردنەكاندا بوو، ئەمەش وای كرد حكومەتی توركیا بەبێ چەندوچوونێكی ئەوتۆ رادەستی بڕیارەكان ببێت. هەر چەند بۆ ئەوەی سەرنجی نێودەوڵەتی لە سەر خۆی لا ببات، هەناردەكردنی نەوتی كوردستانی ڕاگرتووە و تا ئێستا پابەند نییە بە دانەوەی قەرزەكان و چاوەڕوانیش ناكرێت تا دوای هەڵبژاردنەكان هەناردەكردنی نەوت دەست پێ بكاتەوە.

هاتنی بودجە بە بەردەوامی دوای ڕاستاندنی، بە هۆی پێدانی مووچەوە جووڵەیەك دەكەوێتە بازاڕەوە، بەڵام مەترسیی ئەوە هەیە كە ئەو بڕە پارەیەی دێتە كوردستان جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەو بڕە پارەیەی لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بە ڕێگەی سەربەخۆ، چونكە  نرخی نەوتی عێراق بە 70 دۆلار بفرۆشرێت و لە هەرێمی كوردستانیش بە هەمان نرخ بفرۆشرێت، ئەوكات كەمتر لە 400 ملیار لە بەغدادەوە دێت لەگەڵ نیوەی داهاتی فیدراڵیی خاڵە سنوورییەكان. لە كاتێكدا پێشتر 200 ملیارێك دەهاتە هەرێم، بەڵام دواتر زیاتر لەو بڕە و كەمتر لە 400 ملیار دینار دەگەڕایەوە هەرێم، لە بەر ئەوە گۆڕانكارییەكی زۆر دروست ناكات. تەنها خاڵێكی ئەرێنی ئەوەیە ئەم حاڵەتە بەردەوام بێت، لە هەمان كاتدا كێشەی كورتهێنان لە خەرجیی كۆمپانیا نەوتییەكان دروست دەبێـت، حكومەتی هەرێم ناچارە لە جێگای تر بیپچڕێت و قەرەبووی بكاتەوە، یاخود قەرزەكان بوەستێنێت، ئەو كاتە دەبێت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا بەدوای دەرچەیەكی تردا بگەڕێت بۆ ئەوەی لە سەری كەڵەكە نەبێت و ڕزگاری ببێت و بە جۆرێك خشتەیەكی بۆ دابنێت هاوشێوەی حكومەتی عێراق كە لە چ كاتێكدا دەدرێتەوە بە نرخی ئەو كاتەی كە تێیدا بوون.

د. كامەران قادر یەعقووب دەڵێت بڕیارێكی لەو شێوەیە بە بڕیارێكی پەیوەندیدار بە  دۆسیەی دادگاییەكەوە نابینێت، بەڵكوو باس لەوە دەكات چەندین ڕێگەی نایاسایی هەیە لە وڵاتانی تر بەڵام كێشەی بۆ دروست ناكرێت، بۆیە دۆسیەی نەوتی هەرێم پەیوەندیدارە بە وڵاتانی ڕۆژئاواوە، چونكە عێراقێكی یەكگرتوویان دەوێت بە كوردەوە، واتە دەیانەوێت كورد هاوسەنگییەك لە عێراقدا دروست بكات، چونكە ئەگەر بێتوو كورد مامەڵەیەكی جیاواز و سەربەخۆیانە بكات، ئەوا عێراق دەبێتە وڵاتێكی شیعی و دژ بە ئەمەریكا دەوەستێت، لە بەر ئەوە ناچار كراون كە پڕۆسەكە بە ناوەندی بێت. لە هەمان كاتدا حكومەتی عێراق فشارێكی زۆری لە سەر ئەمەریكا دروست كردبوو كە ناكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ هەناردە بكات. ئەوەی كە پڕۆسەكەی خراپ كردووە ڕێگەی ناردنەدەرەوەیە، چونكە بەندەرێك نییە نەوت هەناردە بكەیت و پێویستە بە ڕێگەی وڵاتانی ترەوە بێت، بۆیە مەسەلەی دادگا بابەتێكی ڕووكەشییە تاكوو هەرێمی كوردستان ناچار بكرێت بە شێوەیەكی خێرا هەموو نەوتەكەی ڕادەست بكات.

دۆخی دارایی هەرێم لە ژێر چاودێریی حكومەتی عێراق و شێوازی مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێم و خەرجكردنی داهاتی نەوت

وردەكاریی ڕێككەوتنی نەوتی نوێ لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە بەرانبەر ئەركی سۆمۆ و شێوازی مامەڵەكردن بە دۆخی دارایی هەرێمی كوردستانەوە، بە تایبەت بۆ پرسی مووچە لە شێوەی ڕێككەوتنێكی داراییدا خۆی دەنوێنێت، چونكە ڕایەڵەكانی سەركەوتن ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم كە لە دابەشكردنیدا ئەولەویەت دراوە بە مووچە. لەم ڕوانگەیەوە یادگار سدیق گەڵاڵی دەڵێت: وردەكاریی ڕێككەوتنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ئەوەیە كە دوای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە لایەن خودی حكومەتەوە، هەناردەكردنی بەو بۆرییەی كە دەڕوات بۆ توركیا، وردەكاریی فرۆشتنەكەی لە ڕێگەی سۆمۆوە دەبێت و لە دواتردا داهاتەكەی دێتە هەژمارێكی بانكییەوە، ئەم هەژمارە پێشتریش هەر “سیتی بانك” بۆ هەرێمی كوردستانی كردبووەوە، ئێستاش هەر لقێكی هەمان بانكە كە هەموو داهاتی ئەو 400 هەزار بەرمیلەی كە حكومەتی هەرێم پابەند كراوە بینێرێت، داهاتەكەی ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی دەستكاری بكرێت دەچێتە سەر هەژمارەكە و دواتر داهاتەكەی دێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان. تەنها خاڵێك ئەوەیە كۆمپانیاكان داهاتەكەیان زیاد دەكات، چونكە لەو پشكەی هەیانە داهاتیان زیاد دەكات بەو پێیە بە پارەیەكی زۆرتر فرۆشراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە پشكەكەی خۆی شایستەكانی پێ بدات، چونكە لە بودجەدا ئەو شایستانە جێ نەكراونەتەوە، ئەوەش یەكێكە لە خاڵە نەرێنییەكان. لە لایەكی دیكەوە ڕاستە شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان زیاد دەكات، بەڵام لە بەرانبەردا هەرێمی كوردستان دەبێت لەو پشكەی خۆی ئەو پێدانی شایستانە دابین بكات.

هاوكات محەمەد حسێن، ئاماژە بەوە دەكات ئەو ڕێککەوتنە نوێیەی کە کراوە زیاتر ڕێکكەوتنی داراییە، یاخود ڕێکكەوتنە لە سەر دابەشکردنی داهاتە نەوتییەکان، چارەسەرکردنی یەکجاریی ناکۆکییە نەوتییەکان جێ هێڵدراوە بۆ یاسای نەوت و غازی نیشتمانی، نازانرێت کەی و چۆن و بە چ ئاڕاستەیەکدا ئەم یاسایە دەردەکرێت. بەڵام گرفتەکانی ئەم یاسایە زۆر زیاترە لەو ناکۆکییە مێژووییانەی گەلی کورد كە لەگەڵ حکومەتەکانی بەغدا هەیبووە. لە ئێستادا لە زۆر شوێن و ناوچەی وەک ئەنبار و بەسڕە، هێز و گرووپ دروست بوون داوای هەرێمی تایبەت بە خۆیان دەکەن، بەسڕاوییەکان زۆر بە جددی بڕیاربەدەستانی عێراقیان ترساندووە، چونكە زیاتر لە ٨٠%ی هەموو نەوتی عێراق (بە کوردستانیشەوە) لە بەسڕە بەرهەم دەهێنرێت. هەر بۆیە بەرپرسانی بەغدا هەمیشە بە ڕۆحیەتی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێزەوە مامەڵە لەگەڵ یاسای نەوت و غازی نیشتمانی دەکەن و نایانەوێت یاساکە بە جۆرێک بێت کە ببێتە هاندەر بۆ بەسڕە و هەندێک ناوچەی دیکەش داوای هەرێمی سەربەخۆ بکەن.

محەمەد حسێن ئاماژە بەوە دەكات ئەرکی سۆمۆ تەنها نەوت فرۆشتنە، هەتا چەند ساڵێک پێش ئێستا حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی كەسێكەوە بە ناوی “مورتەزا لاخانی” نەوتەکەی بۆ دەفرۆشێت، ئێستا سۆمۆ ئەمەی بۆ دەکات و ئەمە هەمان ئەو ڕۆڵەیە كە مورتەزا دەیگێڕا. کارەکەی سۆمۆ تەکنیکییە و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان هەروەک ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەبێت، حکومەتی هەرێم داهاتە نەوتییەکانی خۆی و ئەو بەشە بودجەی لە بەغداشەوە بۆی دێت خەرجی دەکات وەک ئەوی کە پێشتر هەبووە.

د. كامەران قادر یەعقووب تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت، كۆمپانیای سۆمۆ كاری دەرهێنان و بەرهەمهێنان نییە، بەڵكوو كۆمپانیای تری عێراقی هەیە كە ڕێككەوتنیان هەیە لەگەڵ كۆمپانیای تردا، بۆیە سۆمۆ هەر بەو نرخە جیهانییەی كە هەیە بە پێوانەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە ئایا نەوتەكەی چەندێك لمی تێدایە بە تایبەت هەندێك كێڵگە كە نەوتەكەی ڕێژەی لمی (2%)ە كە بێگومان دەبێت بە 10 دۆلار كەمتر بفرۆشرێت. ئەمە لە ڕووی كواڵتییەوە، كە ئەگەر كواڵتییەكەی بەرز بێـت بێگومان بە نرخی گران دەفرۆشرێت، ئەویش جیاوازییەكی زۆر نییە بەڵكوو 3-4 دۆلار زیاتر ناكات، بەڵام هەر چۆن بێت جیاوازە لەوەی هەرێم كردوویەتی كە ناچار بوو بەوەی هەرزانتر بیفرۆشێت و دوور لە نرخی بازاڕ، چونكە كۆمپانیاكان دەیانزانی كە نرخەكەی زۆر هەرزانترە، بۆیە دەبوونە كڕیاری.

د. بیلال ئەلخەلیفەش پێی وایە ڕێککەوتنەکە بۆ کردنەوەی هەژمارێکە بۆ دانانی ئەو نەوتەی کە لە هەرێمەوە دەفرۆشرێت، هەروەها ئاڵوگۆڕەکە لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بێت یان هەر کەسێک ڕێگەی پێ بدات، هەروەها کۆمپانیایەکی جیهانی بۆ چاودێریکردنی ئاڵوگۆڕەکە دادەمەزرێت.

ڕێككەوتنی نەوتی نوێی هەرێم لە بەرانبەر ئاستەنگییەكانی توركیادا

ئایندەی ئەو گرێبەستە 50 ساڵییەی نێوان حكومەتی توركیا و هەرێمی كوردستان كە باس دەكرێت؛ بە بڕیاری دادگای پاریس فەرامۆش كرا، لە كاتێكدا حكومەتی توركیا تانەیەكی ئەوتۆی لە بڕیارەكە نەدا جگە لەوەی پەیوەستبوونی خێرای نیشان دا. ئەگەرچی تا ئێستا ڕوون نییە كە ئایا توركیا مافی سكاڵاكردنی هەیە، تا مەترسی لە سەر ئایندەی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان دروست بكات؟ لەم بارەیەوە محەمەد حسێن پێی وایە لە بەر ئەوەی تا ئێستا هیچ خاڵێك لە بارەی ناوەرۆكی ئەو گرێبەستە بڵاو نەکراوەتەوە، تەنانەت لە بەڵگەکانی دۆسیەكەی دادگای نێوبژیوانیی پاریسیشدا باسی ئەم ڕێککەوتنە نەکراوە، ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت ئەو ڕاستییەیە کە ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی پێ هات لەو ڕۆژەوەی کە دادگای نێوبژیوانیی پاریس بڕیاری لە سەر سکاڵاکەی عێراق دا لە دژی تورکیا، بە تایبەت تورکەکان خۆبەخۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستانیان ڕاگرت، ئیتر هیچ مانا و بەهایەک بۆ ئەم ڕێککەوتنە نەمایەوە. هەروەها بۆچوونی د. بیلال ئەلخەلیفە پێی وایە كە هەر ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە بوونی هەبووبێت بێگومان زیانی پێ دەگات، چونکە حکومەتی ئێستا ئامادە نییە هیچ فایلێک بکاتەوە کە پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێم تێک بدات، هەر چەندە بڕیارەکەی دادگا ئەگەر جێبەجێ بکرێت، هەرێم دەخاتە بەردەم شەرمەزاری لەم ڕێککەوتنە، چونكە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی هەنگاوەكانی پێشووتری حكومەتی هەرێم نادەستوورییە.

یادگار سدیق گەڵاڵی ئاماژەی بەوە داوە گرێبەستی 50 ساڵەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی توركیا ئەوەی دەزانرێت لایەنێكی ئەمنی و لایەنێكی بازرگانیی هەیە، لایەنە بازرگانییەكە پەیوەستە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە لایەن كۆمپانیای “بۆداش”ەوە لە بەرانبەر بڕێك لە داشكاندن بۆ توركیا، ئەمە لە لایەن حكومەتی توركیاوە وەستاوە، لە بەر ئەوە دەكرێت بڵێن بەشە بارزگانییەكەی لە لایەن توركیاوە هەڵوەشاوەتەوە و دەیەوێت ئەوەی لە گرێبەستە 50 ساڵییەكە دەستی كەوتبوو، ئەگەر هەمووشی نەبێت لانی كەم بەشێكی لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەست بكەوێت كە هەناردەی نەوت و پێداویستیی وزە لە بازاڕەكانی توركیا 27%ی لە ساڵی ڕابردوودا پشتی بەو نەوتە بەستووە. كەواتە توركیا پێویستی بەو نەوتەیە، بەڵام بەو جۆرەی كە داشكاندنی هەبێت. لە ئێستادا توركیا دەتوانێت بە داشكاندن ئەو بۆشاییەی هەرێمی كوردستان پڕ بكاتەوە لە ڕێگەی نەوتی ڕووسیاوە بە هۆی هەرزانفرۆشییەكەیەوە، ئەمەش دەكەوێتە سەر قایلبوونی وەزارەتی نەوت كە چۆن مامەڵە دەكات، كە بێگومان بەو شێوەیە نابێت كە هەرێمی كوردستان لە پێشتردا ئەنجامی دابوو، چونكە لێرەدا دەكەوێتە سەر بەرژەوەندییەكان كە بە جۆرێك بێت هەردوو لا سوودی لێ وەربگرن، وەك ئەوەی حكومەتی عێراق ڕۆژانە بڕێك نەوتی كەم بە داشكاندنی 12 دۆلار دەداتە ئوردون، دەكرێت ئەگەر بڕەكە زۆرتر بێت بە داشكاندنێكی كەمتر بە توركیای بفرۆشێت، لە بەرانبەری ئەوەی نەوتەكە هەناردە بكرێتەوە و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بگاتە بازاڕی ئەورووپا، ئەمەش دەبێتە خاڵی دەرچەیی بۆ عێراق، لای خۆیشیەوە عێراق لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی بە هۆی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووكەوە وەستاوە؛ لە ناوچەكانی باشوورەوە پڕ كراونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا تەنها حكومەتی توركیا مافی سكاڵای نییە، چونكە ئەو قەرەبووەی كە دەیدا بە هۆی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كردوویەتی، دواتر ڕازی بووە بەوەی هەناردەكردن بوەستێت و قایل بووە بەوەی ئەو بەشەی گرێبەستەکە جێبەجێ نەكرێـت و پابەند نەبێـت، بۆیە توركیا ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە، بەڵام دەكرێت چەند داواكارییەكی هەبێت كە لەوانەیە گرنگترینیان و تاكە داواكارییان فرۆشتنی نەوت بێت بە نرخێكی هەرزانتر لەچاو بازاڕی جیهانیدا. پێویستە ئەم خاڵەش ڕەچاو بكرێت كە حكومەتی توركیا لە چەند كێڵگەیەكی هەرێمی كوردستاندا لە ڕێگەی كۆمپانیای “گەنەڵئینێرجی”، لە چوار كێڵگەی (فیشخابور، تەقتەق، تاوكی، سەرتا) نەوت بەرهەم دەهێنێت، هەروەها كۆمپانیای وەزی توركی لە “باشیك” دیسان لەگەڵ “دی ئێن ئۆ”دا نەوت بەرهەم دەهێنێت، هاوكات چەند كۆمپانیایەكی خزمەتگوزاریی توركی هەیە كە لە كەیسی وزەدا وەبەرهێنان دەكەن، لە بەر ئەوە بەرژەوەندییەكانی توركیا دیسان لە سێكتەری نەوتی هەرێمدا بوونیان هەیە، هاوكات بەرژەوەندییشی لەگەڵ حكومەتی عێراقیشدا هەیە. كەواتە توركیا هەر لە سەرەتاوە ئەم بابەتەی كردووە بە پرسێكی ناوخۆیی.

د. كامەران قادر یەعقووب پێی وایە ئەو گرێبەستانەی كراوە زۆربەیان گرێبەستی هەناردەكردنن، ئەوەی گرنگە گرێبەستی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتە، ئەگەر گرێبەستێكی وا بكرێت لە ڕاستیدا بابەتێكی مەترسیدار دەبێت، دەبینین زۆرینەی ئەو كۆمپانیایانەی هاتوون، لە نموونەی “دی ئێن ئۆی نەرویجی”، یان “ئیكسۆن مۆبیل” و هتد…، ئەوانە دەبنە بنەما، دواتر حكومەتی عێراق ڕێككەوتن دەكات، گازندەكانیش لە سەر هەرێم ئەوە بوو كە حكومەتی هەرێم پارەیەكی زۆر دەداتە ئەو كۆمپانیایانە، ئەمەش حكومەتی عێراق هەرگیز پەسەندی ناكات، ئەگەر وا بڕوات خودی حكومەتی عێراق گرێبەستی تر لە ڕێگەی كۆمپانیای تر ئەنجام دەدات. لە ڕووی یاساییەوە حكومەتی توركیا ناتوانێت بە هیچ جۆرێك سكاڵا بكات، چونكە ڕێككەوتنی لەگەل حكومەتێكدا كردووە كە بنەمایەكی یاساییان وەرنەگرتووە.

 سیناریۆكان

  • سیناریۆی كورتخایەت

پێشنبینی دەكرێت بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە نەوتییەی ئێستا، بە تایبەت لە چوارچێوەی یاسای نەوت و غازدا، هاوكات جێكردنەوی لە یاسای بودجەدا، تا ڕادەیەک دەبێتە سەرەتای پەیوەندییەکی هێمن و سەقامگیر لە نێوان هەردوو حکومەتدا لە ڕووی ئابووری و داراییەوە، دەبێتە دەروازەیەك كە بە سوودوەرگرتن لە ناوەرۆكی یاساكە ناکۆکییە نەوتییەکانی نێوان هەردوو حکومەت چارەسەر بکرێن، بەڵام سیناریۆكان ئاماژە بەوە دەدەن كە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ تەنها چارەسەرێکی کاتییە كە دەكرێت بە خاڵی وەرچەرخان لە مامەڵەكردنی حكومەتی فیدراڵی بە شێوەیەكی بەهێزتر دژ بە بەڕێوەبردنی سەنتەری نەوت لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامدا دژی ئابووریی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان. كەواتە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ ئەو خاڵە وەرچەرخانەیە كە دەكرێت لەوێوە هەنگاوەكانی تری خێراتر لە بەرژەوەندیی حكومەتی فیدراڵ و لاوازتركردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی كە گوتاری سیاسیی لایەنە سەرەكی و پێكهێنەرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد دابەش بوو بە دوو ئاڕاستەی جیادا.

  • سیناریۆی مامناوەند

گەشبینییەكان لە سەر بنەمای ئەو گریمانەیەیە کە هەردوو حکومەت ڕێککەوتنە سیاسییەکەیان وەردەگێڕنە سەر ڕێککەوتنێکی تەکنیکیی دوولایەنە، هاوکات پێویستە هەردوو لا هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و غازی نیشتمانی لە ئایندەیەكی نزیكدا، بە جۆرێک کە ماف و ئەرکی حکومەتی ناوەند و حکومەتە هەرێمایەتییەکانی تیا پارێزراو بێت، ڕێککەوتنە سیاسییەکان تەمەنیان کورتە. لەگەڵ لاوازبوون و ونبوونی فیگەرە سیاسییەکان؛ ئەوانیش لاواز دەبن، بەڵام ئەگەر کران بە یاسا و لە سەر بنەما و چوارچێوە دەستوورییەکان هەموو خاڵەکانی داڕێژرا، ئەمە دەبێتە سەرەتا و دەرفەتێک بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی نەوت و غاز لە هەموو عێراقدا نەک بە تەنها کوردستان، ئەم گاریگەرییە ڕەنگدانەوەی لە سەر بژێویی ژیانی هاوڵاتییانی كوردستان و مووچەخۆران زیاتر بەدیار دەكەوێت.

  • سیناریۆی درێژخایەن

پێشبینی دەكرێت وەزارەتی نەوت لە مەودایەكی دوورتردا، بە تەنها ڕێككەوتنێكی تەكنیكیی لەو جۆرەدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان نەوەستێت، بەڵكوو هەنگاوی دواتری چارەسەركردنی كێشەی خەرجیی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كوردستانە، ئەویش بە هۆی ئەو جیاوازییانەی لە جۆری گرێبەستەكاندا هەیە، چونكە جۆری گرێبەستەكانی حكومەتی عێراق گرێبەستێكی خزمەتگوزارییە، زیاتر وەكوو بەڵێندەرێك كار دەكەن لە بەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییانەی دەیكەن، بۆ هەر بەرمیلێك بڕێكی كەم پارە وەردەگرن، بەڵام حكومەتی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیكردنی هەیە و كۆمپانیاكان لە بەشێك لەو نەوتەی دەردەهێنرێت پشكیان تێدا هەیە، ئەمەش دەبێتە خاڵێك كە بیانوو بداتە دەست وەزارەتی نەوت كە لە پاش سەركەوتنی لە كۆنترۆڵكردنی فرۆشتنی نەوت، هەنگاوی پێویست بنێت بۆ جڵەوكردنی جۆر و شێوازی گرێبەستەكان و بەستنەوەی بە دەسەڵاتی فیدراڵییەوە.

 

Send this to a friend