• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 6, 2024

ئایندەی لیبڕالیزم لە سێبەری سیستمی ئەلگۆریزمدا

سەروەت عەبدوڵا / ماستەر لە زانستی مرۆڤایەتی و پەیوەندیکردندا

 

بەرایی

لیبڕالیزم ئەو سیستمەیە مرۆڤەکان بە هۆی بەسەنتەرکردنی تاک و بەهاکانی تاکەوە بە دەستکەوتێکی مێژوویی تەماشای دەکەن، باوەڕیان وایە لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە هەموو کۆمەڵگەکان توانییان پێکەوە بژین. گەشە بەردەوام و خێراکانی کۆمپیوتەر و ئەلگۆریتمەکان، پاشان زیرەکیی دەستکرد لە لایەن مرۆڤی خاوەن ژیرییەوە؛ مژدەیەکی دیکە بوو بۆ سەرکەوتنێکی کەموێنەی مرۆڤ کە ڕایگەیاند دەتوانن سیستمێکی دیکە هەبێت هاوکار بێت لە زیاتر ئاسوودەکردنی مرۆڤ و ئاسانکردنی ئەرکەکانیدا، بەڵام دەرکەوتنەکانی سەدەی بیست و یەک و هێزی سیستمی زیرەک لە ئێستادا لە بریی ئەوەی فریادڕەس بێت؛ زۆرتر وەک مەترسی دەردەکەوێت. لەم توێژینەوەیەدا لە ڕێگەی میتۆدی چەندایەتی و شیکردنەوەی ناوەرۆکەوە، هەوڵ دراوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە ئایا زیرەکیی دەستکرد دەرفەتە یان هەڕەشەیە بۆ سەر سیستمی لیبڕالیزم؟

پێشەکی

گەڕانەوە بۆ مێژوو ئەو دەرفەتەمان پێ دەبەخشێت بتوانین کەمێک ڕوونتر ئایندە ببینین و بە ئامادەباشییەوە هەنگاو هەڵبگرین. ئەوەی تۆمار کراوە، هەتاوەکوو ئێستا مرۆڤایەتی سێ شەپۆل یان وەک دەڵێت سێ شۆڕشی گەورەی تێپەڕاندووە.(1)سەرەتا بە شۆڕشی مەعریفە (Cognitive Revolution) کە تێیدا مرۆڤ توانیی دەست بە ناسینی خۆی و دەوروبەرەکەی و جیاوازیی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکات. شۆڕشی کشتوکاڵی (Agricultural Revolution)، واتە ئەو کاتەی مرۆڤ بیر لە نیشتەجێبوون دەکاتەوە، هێزێکی زیاتری بە مرۆڤ بەخشی بۆ ئەوەی بتوانێت لادێ دروست بکات و پاشان شار تا دەگاتە پاشا و ئیمپڕاتۆرەکان. لە دوای ئەوە شۆڕشی زانستی (Scientific Revolution) کە مێژووەکەی بۆ ٥٠٠ ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، مرۆڤ بووە ئەندازیاری دووبارە نەخشەکێشانەوە و گۆڕانکاریی گەشەپێدان. لەم قۆناغەدا مرۆڤ گۆڕانکاریی لە توخمی ئاژەڵەکاندا کرد و لە ئایندەشدا لە مرۆڤدا دەیکات.(2)

لە دوای شۆڕشی یەکەمەوە مرۆڤ کار لە سەر ئەوە دەکات کۆمەڵگەکەی خۆی بەڕێوە بەرێت، بۆیە ئایین وەک سیستمێکی بەڕێوەبردن هەمیشە ئامادەیی دەبێت و لە دواتردا سۆشیالیزم و لیبڕالیزم و لە نێوانیاندا کەپیتالیزم و مارکسیزم دەردەکەون و هەریەکەیان فۆڕمێک بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دەخەنە ڕوو. لە نیوەی سەدەی بیستەم بەدواوە، زانست هەنگاو دەنێت بەرەو دونیای تەکنەلۆژیا و بەدەرکەوتنی کۆمپیوتەر و پاشان بەستنەوەی کۆمپیوتەرەکان بەیەکەوە لە ڕێگەی ئینتەرێنت بۆخۆی شۆڕشێکی دیکە بووە لە ناو شۆڕشدا کە ناو نرا شۆڕشی تەکنەلۆژی و دواتر شۆڕشی پەیوەندیکردن و زانیارییەکان. دواتر دەرکەوتنی ئەلگۆریتمەکان وەک زمانێکی تایبەتی کۆمپیوتەرەکان گەیشتە ئاستێک مرۆڤەکان بەکاری بێهنن بۆ ناسینی خودی خۆیان، لێرەوە بیرۆکەی ئەلگۆریتمبوونی مرۆڤ و سیستمی بایۆلۆژیی مرۆڤ دەرکەوت. کارەکە لێرەدا نەوەستا و لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێک لە مەترسی بۆ سەر سیستمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە ئەو پەیوەندییە بدۆزرێتەوە لە نێوان سیستمی لیبڕالیزم و دونیای ئەلگۆریتمەکاندا هەیە. ئامانجی توێژینەوەکە، دەرخستنی ئەو مەترسییانەیە کە سیستمی زیرەکیی دەستکرد (Artificial Intelligence) -AI- هەیەتی لە سەر ئایندەی مرۆڤ و سیستمی لیبڕالیزم.

لە بارەی لیبڕالیزمەوە

بۆ ئەوەی بزانین لیبڕالیزم چیی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە، لەو ڕاگەیاندنەی (فۆکۆیاما)وە دەست پێ بکەین کە لە ساڵی ١٩٨٩دا وتی: (مشتومڕی درێژخایەن لە سەر ڕژێمە ئایدیاڵەکان کۆتایی هاتووە و لیبڕالیزم دوا وێستگەی مێژووە).(3) ئەمە دەرخەری ئەوەیە لیبڕالیزم سیستمێکە بیریارانی بەو باوەڕە گەیاند لەمە باشتر ناکرێت پێشکەش بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکرێت، کە بەرهەمی بیر و عەقڵی مرۆڤ خۆیەتی. هەروەها (بناغەکانی لیبڕالیزم لە لایەن کۆمەڵێک بیرمەندەوە دانرا کە ئامانجی سەرەکییان بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەربەستانەی لە ئەنجامی نۆرمە ئایینی و کۆمەڵایەتییە ناعەقڵانییەکانەوە دروست بوون، ئەویش لە پێناو ئاشتیی مەدەنیدا کە ڕەنگە لە بەرامبەردا سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و لە کۆتاییدا ئازادیی تاکەکەسی لە ویژدان و کرداردا پەروەردە بکات).(4)واتە ئەوان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ئەم کارەیان کرد، پێیان وا بوو دەبێتە هۆی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی. ئامانجی کۆتاییش، دەستەبەرکردنی ئازادیی بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاک بوو. جا ئەگەر لە مێژووی دەرکەوتنی بیری لیبڕالیزمەوە دەست پێ بکەین، ئەوە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری لە ئەورووپا و قوتابخانەی (جۆن لۆک). ئەوەی زۆر گرنگ بوو، لۆک توانیی تایبەتمەندییە بونیادییەکانی لیبڕالیزم دیاری بکات کە دواتر بۆ پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەی زیاتری چەمکەکە سوودی لێ وەرگیرا. چەمکی لیبراڵ لە وشەی (لیبرتە)ی لاتینییەوە وەرگیراوە، هەر چەندە دەتوانرێت لە چاوگی وشە ئینگلیزییەکەشەوە سەیری بکەیت (Librate)، بە واتای ئازادی و ڕەهاکردن (ئازادیویستی) دێت. سەردەمی ئێمە سەردەمێکە ئازادیی تاکەکەسی بایەخ و ڕێزی هەیە. هەر بەربەستێک بۆ ئەم ئازادییە؛ دەبێت لا ببرێت و پاک بکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئاسان نییە مێژوویەک بۆ بەکارهێنانی چەمکەکە دیاری بکەین، بەڵام باسی ئەوە دەکرێت چەمکی لیبڕالیزم یەکەم جار لە ساڵی ١٨٢٣دا لە نووسینەکانی (کلود بواست)دا هاتووە، بۆ پێناسەکردنی مەبەستێکی دیاریکراو بەکار هاتووە.(5) جۆن لۆک باسی ئەوەی دەکرد بەبێ لەبەرچاوگرتنی (کات، شوێن، پلەوپایە)، هەر تاکێک لە ناو کۆمەڵگەدا دەبێت لە مافی سروشتیی خۆی بەهرە بەرێت، ئەمەش واتە مافی ئازادی، مافی خاوەندارێتی و مافی ژیان. ئەرکی حکومەت بریتییە لە ڕەخساندن و زەمینەسازی و دڵنیاییبەخشین بە تاک و کۆمەڵگە لە دەستەبەرکردنی ئەو مافە سروشتییانە. وەک (Patrick J Deneen) دەڵێت: شۆڕشی لیبڕالیزم سێ لایەنی سەرەکی لە بیرکردنەوە و پراکتیزدا پاڵپشتییان کرد، کە بە کورتی بریتین لە:

گۆڕانکاری لە ئاواتەوە بۆ واقیع: (سیاسەت لە سەر بنەمای متمانەپێکراوی ‘‘نزمەکان’‘ دەبێت نەک ئاواتێک بۆ ‘‘بەرزەکان’‘.) واتە سیاسەت سەرنجی خۆی لە بەدواداچوونی ئایدیاڵە بەرزەکانەوە گۆڕی بۆ پشتبەستن بە لایەنە پراکتیکی و متمانەپێکراوەکانی ژیانی ڕۆژانە.

جەختکردنەوە لە سەر فەزیلەت و نۆرمەکان: هەردوو نەریتی کلاسیک و مەسیحی جەختیان لە سەر گرنگیی فەزیلەت و سنووردارکردنی خود و خۆکۆنترۆڵکردن و دەسەڵاتبوون بەسەر خوددا دەکردەوە، ئەویش لە ڕێگەی بەهێزکردنی نۆرم و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، ئابووری و خێزانیدا ڕێکخراو بوون.

تێپەڕاندنی سنوورە سروشتییەکان: هاوشانی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو سنووردارکردنە هەبوو کە سروشت سەپاندبووی بەسەریدا، ئەمەش بریتی بوو لە پەرەپێدانی (زانستێکی نوێی سیاسەت) و بەکارهێنانی پراکتیکی بۆ بەهێزکردنی مرۆڤەکان لە خەباتیان دژی سروشت. لە دوای ئەم پێشەکییەوە، دەگەینە سەر خودی چەمکەکە. بیریارانی بواری (پەیمانی کۆمەڵایەتی) وەک تۆماس هۆبز، جۆن لۆک، ژان ژاک ڕۆسۆ و بەم دواییانە جۆن ڕاوڵز، گەشەیان بە چەمکی (سروشتی مرۆڤ) (Natural Man) دا، ئەوەیان ڕوون کردەوە بارودۆخێکی سروشتی هەیە دەکەوێتە پێش سیاسەت و کۆمەڵگە، تێیدا تاک وابەستە نییە بە مرۆڤەکانی دیکەوە و لەمەشدا تەواوی مرۆڤەکان ئازاد و یەکسانن. دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە تەنها بە هەڵبژاردن دادەمەزرێن و هەر جۆرە وابەستەیی و زۆرلێکردنێک بەبێ ڕەزامەندی؛ نامەشرووع پێناسە دەکرێت.(6)

کەواتە وەک چەمک؛ بە واتای ئازادیی تاک و دەستەبەرکردنی ئەم ئازادییە بە یەکسانی بۆ هەمووان دێت، بەڵام هێشتا زۆر ئاسان نییە بتوانین یەک پێناسەی تەواوی هەمەلایەنەی بۆ بکەین، ئەمەش لە بەر ئەوەی لیبڕالیزم لەگەڵ ئەوەی بە پێی سەردەمەکان واتای جۆراوجۆری بۆ کراوە، لە هەمان کاتدا تەنها یەک جۆر لیبڕالیزمیشمان نییە. لیبڕالیزم وەک چەمکێکی سیاسی واتای جیاوازە لە لیبڕالیزم وەک چەمکێکی ئابووری. هەندێک جار لیبڕالیزمی سیاسی واتە پارێزگاریکردن لە پلەبەندیی ئازادی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا، وەک جووڵانەوەیەکی ئابوورییش لە سەدەی هەژدەهەمدا بە سەرکردایەتیی (ئادەم سمس) دەرکەوت بە واتای ئازادیی سەرمایەداری و بازرگانیکردن، دژی دەرەبەگایەتی و پاوانخوازیی ئابووری بوو.(7)کەواتە دەکرێت پێناسەی لیبڕالیزم بە گشتی بەو جۆرە بکرێت کە برتییە لە پارێزگاریکردن لە ئازادیی تاک تا ئەو سنوورەی ئازادیی تاکێکی دیکە دەست پێ دەکات لە کۆمەڵگەدا. لە سەردەمی ئێستادا، مرۆڤ سەنتەری و تاکگەرای و پاراستنی سەروەری و ئازادییەکانی تاک لە بەرامبەر هەر هەوڵێکەوە کە ئەم ئازادییانە بخەنە مەترسییەوە. وەک حسێن بەشیریە دەڵێت: (جەوهەری لیبڕالیزم بریتییە لە جیاکردنەوەی بوارەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگە لە یەکتری و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر مافەکانی تاک و کۆمەڵگە. لە سەرەتاشەوە هەوڵێک بوو بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی تایبەتیی (خصوصی) تاک، خێزان، ئابووری لە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی دەوڵەتەوە).(8)کەواتە ئەو پەرژینەی تایبەتمەندی و بەرژەوەندییەکانی تاک دەپارێزێت، لیبڕالیزم بۆ دروستکردن و پاراستنی هاتووە.

لەم نووسینەدا ئێمە باس لە کاریگەریی (زیرەکیی دەستکرد) دەکەین لە هەردوو بواری لیبڕالیزمی سیاسی و ئابووریدا، بۆیە باشترە بە کورتی ئاماژە بە هەردووکیان بکەین. لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ بەدواوە، لیبڕالیزم توانیی بە پێشخستنی بنەماکانی؛ پشتگیرییەکی زۆر بۆ خۆی پەیدا بکات و لە ناو کۆمەڵگەی ئەورووپیدا شوێنکەوتەی زۆر بێت. ئادەم سمس (١٧٢٣-١٧٩٠) و دواتر (دیڤد ڕیکاردۆ) دەستی باڵایان هەبوو لە دەرکەوتنی لیبڕالیزمی ئابووریدا. قسەی سەرەتا و کۆتایی ئەوە بوو (مرۆڤەکان دەبێت ئازاد بن تا بە لایەنی کەمی لەگەڵ ئەو ڕێگری و سنووردارییانەی لە لایەن کۆمەڵگەوە دروست دەکرێن، بوارێک بۆ هەوڵەکانی خۆیان پەیدا بکەن… لابردنی هەر بەربەستێکی ئەخلاقی، تاکی و کۆمەڵایەتی یان سیاسی لە بەردەم سەرمایەداریدا، تاوەکوو بگەن بە کۆمەڵگەیەکی سەروەت سالار، کە دواجار ئەمەش ناوی نرا بازاڕی ئازاد، یان ئابووریی بازاڕ یان چاودێریی بازاڕ). لە کۆتاییدا ئادەم سمس کاری لە سەر ئەوە کرد دەبێت کاریگەرییەکانی مەسیحیەت و ئایین و ئەخلاقیات لە سەر بازاڕ(9) کەم بکرێتەوە، لە بریی ئەوەی لە ئەشکەنجەی دوای مردن بترسیت؛ بیر لە خۆشگوزەرانیی دونیا بکەرەوە کە لە ڕێگەی بازاڕی ئازادەوە بەدەست دەخرێت. (هەروەها لیبڕالیزم لە بواری ئابووریدا دژایەتیی هەژموونی حکومەت بەسەر پرسە ئابوورییەکان، قۆرخکاری، دەستوەردانی لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ساماندا دەکات. پێی وایە سەرمایەداری لە ئابووریدا فۆرمولەیەکە بۆ تاک و کۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە سامان و بەختەوەریی تاکەکەسی و كۆمەڵ).(10) کەواتە بنەماکانی لیبڕالیزمی ئابووری بریتین لە خاوەندارێتیی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕی ئازاد.

لیبڕالیزمی ئابووری لە هەرسێ بنەما سەرەکییەکەی لیبڕالیزمی سیاسیدا هاوڕایە، واتە: تاکگەرایی، ئازادی، و بێلایەنیی هێز (حوکمەت) و کۆنەبوونەوەی دەسەڵات لە لای یەک لایەن، بەڵکوو دابەشبوونی بەسەر هێزی دادوەری، جێبەجێکاری، یاسادان. جگە لەوەش، لە کۆمەڵگەی دیموکراتیدا هەر جۆرە جیاکارییەک لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا بە نادادپەروەری و نایاسایی هەژمار دەکرێت، بەڵام لە لیبڕالیزمی ئابووریدا کار بە یەکسانی لە بنەمای سەروەت و هێزدا ناکرێت، بەمەش کار بۆ مەعقولکردنی نایەکسانییەکان دەکرێت، واتە کار بۆ ئەوە دەکرێت نایەکسانی بگەیەنرێتە ئاستی مەعقولیەت و تاکەکانی کۆمەڵگە ڕازی بن بەم نایەکسانییە. بەڵام ئایا ئەم سیستمە دەتوانێت لە بەرامبەر سیستمی ئەلگۆریمەکاندا بەرگە بگرێت و پارێزگاری لە بنەما سەرەکییەکانی خۆی بکات کە تاکگەرایی و ئازادیی تاکە و پاشان باوەڕ بە نایەکسانیی مەعقولیەت بێنێت؟

ئەلگۆریتم چییە؟

ئەلگۆریتمەکان دونیایەکە سەر بە زانستی کۆمپیوتەر، بۆیە ئێمە لە زانستی مرۆڤایەتیدا زۆر مامەڵەمان لەگەڵ نەکردووە، بەڵام ئەو شەپۆلەی لە کۆتایی سەدەی بیستەوە بەڕێ کەوتووە و بە بۆچوونی فەیلەسوفگەلێکی وەک یوڤاڵ نووح حەراری (Yuval Noah Harari) لە سەدەی بیست و یەکدا دەگاتە لوتكەی خۆی و سەرلەبەری ژیانی تاک و کۆمەڵ، سیاسی و ئابووریی مرۆڤایەتی جارێکی دیکە دادەڕێژێتەوە، وا دەکات لێکۆڵەرەوانی زانستی مرۆڤایەتی بە گرنگییەوە لەم بابەتە بڕوانن، ئەویش لە بەر ئەوەی ئەم شۆڕشە نوێیە و پرسی ئایندەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سەردەمی گەشەی تەکنەلۆژیادا و ئەلگۆریتم و زیرەکیی دەستکرد تەنها لە ئەندازیاری کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیادا قەتیس نامێنن و نەماون، بەڵکوو گوازراوەتەوە بۆ کاریگەریدانان لە سەر مامەڵەی تاک، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی تاک، لە هەمووی گرنگتر ئازادییەکانی تاک، لە بەر ئەمە زانستی مرۆڤایەتی دەبێت قسەی خۆی بکات و چوارچێوەی دڵخۆشی یان مەترسییەکان دیاری بکات. ئەگەر زانستەکانی وەک بایۆلۆژی و کۆمپیوتەر پێمان بڵێن چۆن دەتوانین ئەو کارە بکەین، ئەوا زانستە مرۆڤایەتییەکان پێمان دەڵێن بۆچی ئەو کارە نەکەین!

لە بارەی گرنگیی تێگەیشتن لە ئەلگۆریتمەکانەوە، حەراری دەڵێت: (سەدەی بیست و یەک لە لایەن ئەلگۆریتمەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. بە بێگومان ‘‘ئەلگۆریتم’‘ گرنگترین چەمکە لە جیهانی ئێمەدا. ئەگەر بمانەوێت لە ژیان و داهاتوومان تێبگەین، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی تێبگەین ئەلگۆریتم چییە و چۆن ئەلگۆریتمەکان بە هەستەکانەوە بەستراونەتەوە).(11) ئەلگۆریتمەکان واتە ڕێنماییەکانی چارەسەرکردنی کێشەیەک هەنگاوبەهەنگاو، بە کۆمپیوتەرەکان دەڵێن چی بکەن. ئەلگۆریتم دەتوانین بڵێین بریتین لە دونیای (ئەگەرەکان). شارەزایانی بواری بەرنامەسازیی کۆمپیوتەر لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئەگەر (if)ی زۆرەوە یان گریمانەکان (assumptions)ەوە دێن کۆمپیوتەرەکان ئاڕاستە دەکەن چۆن کێشەکان چارەسەر بکەن، واتە بە پڕۆگرامسازیی کۆمپیوتەرەکان دەڵێین ئەگەر (ئەو فەرمانەت پێ درا)، تۆ بەم فەرمانە وەڵام بدەرەوە، ئەگەر (ئەو پرسیارەت لێ کرا)، تۆ بەم وەڵامە کار بکە! بەمە دەڵێن کاری ئەلگۆریتمەکان. لە پێناسەی ئەلگۆریتمەکاندا هاتووە: (بریتییە لە پڕۆسەیەکی هەنگاوبەهەنگاوی بەرنامەیەک بە هاتنەژوورەوە -input- دەست پێ دەکات و پاشان بە وەرگرتنەوەی (هاتنەدەرەوەی) -output- گونجاو کۆتایی دێت… لە بەرمبەردا کۆد بریتییە لە جیێبەجێکردنی ئەلگۆریتمێک لە ڕێگەی کۆمپیوتەرێکەوە جێبەجێ دەکرێت).(12) ئێمە دەزانین دونیای کۆمپیوتەر زمانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەوان وەک زانستە مرۆڤایەتییەکان وشە و ڕستە و پەرەگراف بەکار ناهێنن بۆ ئەوەی پەیامەکانیان بگەیەنن یاخود وێنای گۆڕانکارییەک بکەن، بەڵکوو ئەوان سوود لە (zeros and ones) یان (ANDs and ORs) یان (IFs and GOTOs) وەردەگرن، کە ئەمە زمانی ئەلگۆریتمەکانە، بەڵام دواجار مرۆڤ لە واقیعدا و لە سەر شاشەی کۆمپیوتەرەکەی بەردەستی، لە بریی ئەو زمانە کۆدییە؛ وێنەیەک دەبینێت یان ڕستەیەک دەبینێت کە واتای هەیە بۆی و دەیخوێنێتەوە و لێی تێدەگات. بە کورتی کۆمپیوتەرەکان دێن زمانی ئەلگۆریتمە وەردەگێڕن بۆ ئەو زمانەی مرۆڤەکان دەتوانن لێی تێبگەن.

نووح حەراری لە پێناسەی ئەلگۆریتمدا دەڵێت: (ئەلگۆریتمێک بریتییە لە کۆمەڵێک هەنگاوی میتۆدی دانراو، دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ هەژمارکردن، چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە بڕیارێک. ئەلگۆریتم هەژمارێکی (calculation) دیاریکراو نییە، بەڵکوو شێوازێکە لە کاتی ئەنجامدانی هەژمارێکدا پەیڕەو دەکرێت).(13) کەواتە دەتوانین بڵێین: ئەلگۆریتم بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێنمایی هەنگاوبەهەنگاو یان زنجیرەیەکی باش پێناسەکراوی کارەکان، بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی دیاریکراو یان چارەسەرکردنی کێشەیەکی دیاریکراو داڕێژراون لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە: زانستی کۆمپیوتەر، بیرکاری، ئەندازیاری و ژیانی ڕۆژانە بەکار دەهێنرێن. ئەوان چەمکێکی بنەڕەتین لە زانستی کۆمپیوتەردا و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پڕۆسێسکردنی دەیتاکاندا.

بەڵام لە ئێستادا ناتوانین بڵێین ئەلگۆریتمەکان هاوکێشەگەلێکن تەنها لە دونیای کۆمپیوتەرەکاندا دەمێننەوە، بەڵکوو سەدەی بیست و یەک ئەو سەدەیەیە ئەلگۆریتم دەبێتە زمانی شیکارکردنەوەی دونیای واقیعی مرۆڤەکانیش، بە تایبەت ئەو کاتەی کە تێگەیشتین هەستەکان (emotions) هیچی دیکەن نین جگە لە ئەلگۆریتم. یوڤاڵ لە بارەی ئەم گۆڕانکارییەوە دەڵێت: (لەم سەردەمەدا زانست ئەوەی ڕوون کردووەتەوە هەستەکان بریتین تەنها لە دیاردەیەکی پەرجووی (موعجیزە) مەعنەوی تەنها بۆ نووسینی پارچەیەک هۆنراوە یان کۆپلەیەک سەمفۆنیا، بەڵکوو هەستەکان ئەلگۆریتمگەلێکی بایۆلۆژین کە زۆر گرنگن بۆ بەردەوامیدان بە ژیان و وەچەخستنەوە لە ناو گرووپی شیردەرەکاندا).(14) کاری ئەلگۆریتمەکان وەک دروستکردنی سوپ (شۆربا) وایە، ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین سوپێک دروست بکەین پێویستمان بەوەیە ڕەچەتەی دروستکردنیمان لە بەر دەستدا بێت. ڕەچەتەکە بە چەند هەنگاوێک ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. کەواتە دەتوانین بڵێین ئەلگۆریتمی دروستکردنی سوپێکی گیایی بریتییە لە:

١. نیوکوپ ڕۆن لە ناو مەنجەڵێکدا گەرم بکە.

٢. چوار پیاز ورد بکە.

٣. پیازەکان بە ئەندازەیەک سوور بکەرەوە تا ڕەنگەکەیان دەبێت بە زەردی ئاڵتوونی.

٤. سێ پەتاتە پارچە پارچە بکە و بیکە ناو مەنجەڵەکەوە.

٥. کەلەرمێکیش بە ناسکی ورد بکە و بیکە ناویەوە.

جا دوای ئەوەی ئەم ئەلگۆریتمەت جێبەجێ کرد، دەتوانیت سوپێکت هەبێت. ئەگەر بێت و لە بریی (پەتاتەکە)؛ (گێزەر) بکەیتە ناو سوپەکە، کەواتە دەتوانیت جۆرێکی دیکە سوپت هەبێت، بۆیە لە یەک ئەلگۆریتم و تەنها بچووکترین گۆڕانکاری؛ دەتوانیت شتێکی جیاوازت دەست بکەوێت. وەک حەراری دەڵێت: بۆ ئەوەی ئەم ئەلگۆریتمی سوپە جێبەجێ بکرێت، پێویستە مرۆڤێک هەبێت بخوێنێتەوە و شوێن هەنگاوەکان بکەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا تۆ دەتوانیت ئامێرێک دروست بکەیت و شوێن هەنگاوەکانی ئەلگۆریتمەکە بکەویت و ئۆتۆماتیکی سوپەکەت بۆ دروست بکات. ئێستا سەیری ئەو ئامێرە بکە (بەستەنی) دروست دەکات، بۆ ئەوەی پەرداخێک بەستەنیت بداتێ، تەنها پێویستت بەوەیە دراوێک بکەیتە ناو ئامێرەکەوە، پەنجە بنێ بە دوگمەی یەکەمدا بۆ ئەوەی بە تامی پرتەقاڵ بۆت دروست بکەین، دوگمەی دووەم بۆ هەڵبژاردنی هەر تامێک خۆت دەتەوێت، دوگمەی سێ قەبارەی پەرداخەکە دیاری بکە، دوگمەی چوار دابگرە ئەگەر دەتەوێت زۆرتر شەکری تێدا بێت. لە کۆتاییدا یەک پەرداخ شەربەتی دڵخوازی خۆتت دەداتێ، ئا ئەمە ئەلگۆریتمە، بە کۆمەڵێک ئامێری وردتری ئەلکترۆنی و کارەبایی کار دەکەن، لە کاتێکدا لە ڕێگەی دوگمەکانەوە داواکارییەکان ئاڕاستە دەکرێت؛ دەکەونە کار و فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن بەو شێوەیەی بۆی فۆرمولە کراون.

ئێستا ئەوەی ئایا مرۆڤیش بریتییە لە یەک ئەلگۆریتمی ئاڵۆزی بایۆلۆژی، ئەوە پرسێکی دیکەیە و زۆرێک لەو زانایانەی لەم بوارەدا کار دەکەن؛ بڕوایان وایە مرۆڤیش وەک هەر ئامێرێکی دیکە بە ئەلگۆریتم کار دەکات. ئەگەر ئەلگۆریتمەکانی ئامێرێکی دروستکردنی کۆفی لە ڕێگەی کارەبا و کۆمەڵێک ئامرازی ئەلکترۆنییەوە کار دەکەن، ئەوا ئەلگۆریتمی بایۆلۆژیی مرۆڤ لە ڕێگەی هەستەکان، سۆزەکان و بیرکردنەوەکان (sensations, emotions and thoughts)ەوە کار دەکەن. هەموو ئۆرگانیزمێک بریتییە لە ئەلگۆریتم، مرۆڤیش بریتییە لە کۆمەڵێک ئەلگۆریتم و لە دەرووندا تاک نین.(15) ئەوەی لەم باسەدا زیاتر دەتوانێت هاوکار بێت بۆ تێگەیشتن ئەوەیە ئێمە باوەڕمان وا بێت زۆربەی ڕووداوەکانی دەوروبەرمان و ناو مێشکمان لە ڕێگەی حساباتی وردەوە کار دەکەن. ئەوەی (دکتۆر کۆچەر بیرکار) باوەڕی وایە هەموو شتێک لە دەوروبەرماندا (ژمارە و بیرکاری)یە،(16)کاتێک بەم باوەڕە گەیشتین؛ ئەوکات بۆمان ڕوون دەبێتەوە زمانی ژمارەکان (بیرکاری) زمانی مێشکی مرۆڤیشە لەگەڵ ڕووداوەکان، واتە لە ڕێگەی سیستمێکی بیرکارییەوە کار دەکات و بابەتەکان چارەسەر دەکات، ئەمەش دووبارە ئەلگۆریتمە.

بۆنموونە؛ سەربازێک لە سەنگەرەکەیدا، لە بەردەمیدا یەکێک لە هاوڕێکانی بریندارە، ئێستا بۆ ئەوەی بتوانێت لە نێوان ڕزگارکردنی هاوڕێکەی و ژیانی خۆیدا بڕیارێک بدات؛ پێویستی بە ژماردنێکی بیرکارییانە هەیە، ئەگەری گیانلەدەستدانی هاوڕێکەی لە کاتی ڕزگارنەکردنیدا یان ژیانی خۆی بخانە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕزگار بکات، ئەم سەربازە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە پێویستی بە بیرکاری کارکردن هەیە. بۆ نموونە؛ دووریی نێوان من و سەنگەری دوژمن چەندە؟ خێرایی دەرچوونم دەبێت چەندێک بێت بۆ ئەوەی بە زوویی بگەمە لای هاوڕێکەم؟ ئەی خێراییەکەم چەندێک کەم دەکاتەوە کاتێک بە لاشەی ئەوەوە دەگەڕێمەوە؟ ئەگەری جووڵەی من چەندێک کاریگەریی دەبێت لە سەر ئەوەی سەنگەری بەرامبەرم هەستی پێ بکەن؟ خێرایی وەڵامدانەوە و دەستبەکاربوونی بەرامبەر چەندە کاتێک من دەبینێت؟ یان ئایا ئەگەری ئەوەی من ببینێت؛ چەندە؟ ئایا ئەگەر برادەرەکەی ڕزگار بکات، ئەگەری مانی زۆرترە یان مردنی؟ هەموو ئەم پرسیارانە پێویستیان بە وەڵام هەیە. سەربازەکە بە پشتبەست بە زانیارییەکانی مێشکی خۆی و ئەو زانیارییانەی لە دەرەوە وەریاندەگرێت، دەتوانێت هەنگاو بنێت و چارەسەری کێشەکە بکات. جا مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە دروستی چارەسەر بکات، پێویستی بە ئالگۆریتمگەلێکی زۆر ئاڵۆزتر هەیە لە ئەلگۆریتمی ئەو ئامێرەی بەستەنییەک یان کۆفییەک دروست دەکات.

حەراری لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەگەر کەسەکە ترسنۆک بێت، واتای ئەوەیە (جێنەیتک)ی ترس کە (ئەلگۆریتمی ترس) دەجووڵێنن؛ دەستبەکار بووە و کەسەکە ناچار دەکات هاوڕێکەی ڕزگار نەکات. کەسێکی ئازا (جوامێر) جێنەتیکی ئازایەتی ئەو ئەلگۆلیتمانە ئاڕاستە دەکات و کەسەکە کرداری ئازایەتی ئەنجام دەدات، بۆیە بە جۆرێک چارەسەر بۆ کێشەکە دەدۆزێتەوە کە هاوڕێکەی ڕزگار بکات. کەواتە ئەوە ئەلگۆریتمەکانن لە ڕێگەی (جێنەتیک)ەوە هەنگاوبەهەنگاو چارەسەر بۆ کێشەکان دەدۆزنەوە. هەر لە بەر ئەمەیە ئەوەی ئێمە ناوی دەنێین هەستوسۆز؛ هیچ نییە جگە لە یەک ئەلگۆریتم. (تەنانەت براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ لە ئابووریدا بەشێکی کەمی ژماردنەکانیان لە ڕێگەی قەڵەم و کاغەز و کۆمپیوتەرەوە ئەنجام دەدەن. 92% لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی دەیدەین لە ژیانماندا، وەک هاوسەرگیری، هەڵبژاردنی کار، شوێنی نیشتەجێبوون؛(17) لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوەیە کە ئێمە بە هەستوسۆز و ئارەزوو ناویان دەبەین.) کەواتە بە بۆچوونی دکتۆر یوڤاڵ، مرۆڤ و ئاژەڵەکانی دیکەش هەموو بە پێی سیستمێکی ئەلگۆریتمی کار دەکەن، بەڵام زۆر ئاڵۆزتر.

ئەوەی هاوکاری ئێمەیە لێرەدا، ئەو پەیوەندییەیە لە نێوان ئەلگۆریتمەکان و دونیای (AI)دا هەیە. زیرەکیی دەستکرد کۆمەڵێک تەکنەلۆژیا و میتۆدی بەرفراوان لەخۆ دەگرێت بۆ دروستکردنی سیستمێکی زیرەک و ئەلگۆریتمەکان بەشێکی سەرەکین لێی و وا دەکەن ئەم سیستمانە بتوانن دەیتاکان پڕۆسێس بکەن و بڕیار بدەن بە شێوەیەک بتوانێت لاسایی (تەقلیدی) زیرەکیی مرۆڤ بکاتەوە. جۆن مەکارسی لە پێناسەی زیرەکیی دەستکرددا دەڵێت: (زیرەکیی دەستکرد ئەوەیە کە ئامێرێک بە شێوەیەک ڕەفتار بکات ئەگەر مرۆڤێک بەو شێوەیە ڕەفتار بکات پێی دەوترێت زیرەکە.) لە ڕووی مێژووییشەوە یەکەم بەکارهێنانی ‘‘زیرەکیی دەستکرد’‘ دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ‘‘جۆن مەکارتی’‘(18) لە ساڵی ١٩٥٦دا، کە یاریدەدەری مامۆستای بیرکاری بوو لە کۆلێژی دارتمۆس لە هانۆڤەر، نیو هامپشایر).(19)

زیرەکیی دەستکرد و بواری تەندروستی

لە ڕووی تەندروستییەوە، زیرەکیی دەستکرد و ئەندازیاری تەکنەلۆژی کارێک دەکەن مرۆڤەکان زیاتر بژین و بە گەنجی بمێننەوە. باشترین نموونە، کەیسی سینەماکاری ئەمەریکی (ئەنجێلینا جولی)ە. ئەو دوای ئەوەی دایک، داپیر و پووری لەدەست دەدات بە هۆی (شێرپەنجەی مەمکەوە)، بڕیار دەدات پێش ئەوەی شێرپەنجە بگاتە ئەویش، لە ڕێگەی نەشتەرگەریی مەمکەوە خۆی لەو بەڵایە لا بدات. هەموو ئەمەش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی زانیارییەوە بوو لە سەر جینات و دی ئێن ئەیی ئەنجێلینا. ئەو دەڵێت: (ڕاستییەکە ئەوەیە من هەڵگری جینێکی ‘‘هەڵە’‘م، ‘‘BRCA1’‘، کە مەترسیی تووشبوونم بە شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی هێلکەدان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. پزیشکەکانم مەزەندەیان کردووە مەترسیی تووشبوونم بە شێرپەنجەی مەمک لە سەددا ٨٧ و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی هێلکەدان لە سەددا (٥٠)یە…)(20) ئەو بەم کارەی لەگەڵ ئەوەی توانیی ڕووبەڕووی ئەو بۆمبە ببێتەوە کە ئەگەری تەقینەوەی لە هەر کاتێکدا بوو، تەنها شتێکیش توانییان لەم مەترسییە ئاگاداری بکەنەوە ئەلگۆریتمەکان بوون (ئەلگۆریتمەکانی کۆمپیوتەر کە پزیشکەکانی بەکاریان دەهێنا، چیرۆکێکی جیاوازیان گێڕایەوە: پێیان وت هەست ناکەیت هیچ شتێک هەڵەیە، بەڵام بۆمبێکی کاتی لە ‘‘DNA’‘تدا چرک چرک دەکات. ئێستا شتێک لەو بارەیەوە بکە!)(21) ئەوەی ئەنجێلینا خۆی دایە دەستی؛ زانیاریی ئەلگۆریتمەکان و شیکاریی (DNA) و ئەو مێژووە بوو لە زانیاریی کۆکراوە و هەڵگرتنی لە یادگەی کۆمپیوتەرە زیرەکەکاندا و پاشان بەکارهێنانەوەیان بۆ دەربازکردنی لەو دۆخەی لە سەددا ٧٨ چاوەڕێی ڕوودانی بوو. لە ئێستادا ئەلگۆریتمەکانی (AI) بەکار دەهێنرێن بۆ هاوکاریکردنی پسپۆڕانی پزیشکی لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی و حاڵەتەکاندا، بە تایبەتی ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی ئامێر (machine learning) دەتوانن وێنەی پزیشکیی وەک (تیشکی ئێکس، ئێم ئاڕ ئای و سی تی سکان) شی بکەنەوە بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی دەرکەوتە نائاساییەکان.

ئەم تەکنەلۆژیایە لە ڕێگەی وردی و کواڵتی و خێرایی لە پشکنین و دۆزینەوەدا دەتوانێت سوودێکی بەرچاو بە پسپۆڕانی تەندروستی بگەیەنێت. بۆ نموونە؛ تیشک (Radiology): زۆر جار پزیشکانی ڕایدۆلۆژی ئەرکیان لێکدانەوەی وێنە ئاڵۆزەکانە بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان. ئەلگۆریتمەکانی (AI) دەتوانن یارمەتیی پزیشکانی تیشک بدەن بە دەستنیشانکردنی خێرا و وردی ئەو ناوچانەی کە جێگەی مەترسین. لە ساڵی ٢٠١٤دا توێژەرانی (زانکۆی یێڵ) یەکەم تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی (پەنکریاسێکی دەستکرد)یان ڕاگەیاند کە لە لایەن ئایفۆنێکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. پەنجا و دوو تووشبووی شەکرە بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکەدا کرد. هەر نەخۆشێک هەستەوەرێکی بچووکی هەبوو و پەمپێکی بچووک لە گەدەیدا چێنرابوو. پەمپەکە بەسترابووەوە بە بۆرییە بچووکەکانی ئەنسۆلین و گلوکاگۆن (دوو هۆرمۆنن پێکەوە ئاستی شەکر لە خوێندا ڕێک دەخەن). هەستەوەرەکە بەردەوام ئاستی شەکری پێوانە دەکرد، دەیتاکانی دەگواستەوە بۆ ئایفۆنێک.(22) ئەمە هەمووی کاری ئەلگۆریتمەکانی زیرەکیی دەستکردن لە بواری تەندروستیدا. ئەو دەیتایانەی ڕۆژانە لە ڕێگەی مۆبایلەکانەوە، کاتژمێرە زیرەکەکانەوە لە بارەی تەندروستیی بەکاربەرەکانیانەوە کۆ دەکرێنەوە؛ بە دڵنیاییەوە لە زاکیرەیەکدا تۆمار دەکرێت و لە ئایندەدا لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە شیکارییان بۆ دەکرێت و بەو شێوەیەش دەتوانرێت بزانرێت لە کاتی ڕوودانی بارودۆخێکی تایبەتدا چ هەستێکت هەبووە. کەواتە (مرۆڤەکان ئیتر دروستکراوێکی سەربەخۆ نین کە لە ڕێگەی چیرۆکە دەستکردەکانی خۆیەوە ئاڕاستە بکرێت، بەڵکوو بەشێکە لە یەک سیستمی گەورەی جیهانی).(23) جگە لەوەش، ئەو هەموو زانیارییە کەسییە لە بانکی زانیارییەکاندا کۆ دەکرێنەوە، ئەگەر ڕۆژێک بکەوێتە دەستی دوژمنەوە چی ڕوو دەدات؟ ئێمە دەزانین لە ناو کرۆمۆسۆم و دی ئێن ئەیی هەر مرۆڤێکدا بانکێک لە زانیاریی کەسی بوونی هەیە، ئەگەر ئەم زانیارییانە بە تۆمارکراوی بکەونە دەستی دوژمنەکانەوە، دەتوانن چۆن دژیان بەکاری بهێنن؟ ئا لێرەدا سیستمی لیبڕالیزم کە گرنگی بە ئازادیی تاک دەدات، دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

 

لیبڕالیزم و ئەلگۆریتم  (زیرەکیی دەستکرد)

باوەڕی لیبڕالیزم بە تاکگەرایی لە سەر سێ گریمانەی سەرەکی دامەزراوە:(24)

١. من یەک تاکم، واتە یەک جەوهەرم هەیە کە ناتوانرێت دابەش بکرێت بەسەر هیچ بەشێک یان ژێر سیستمێکدا. ڕاستە ئەم جەوهەرە ناوەکییە بە چەندین چین (توێکڵ)ی دەرەکی پێچراوەتەوە، بەڵام ئەگەر هەوڵی لابردنی ئەم توێکڵە دەرەکییانە بدەم، دواجار لە قووڵایی دەروونی خۆمدا دەنگێکی ڕوون و تاک دەدۆزمەوە کە خودی ڕەسەنی منە.

٢. خودی ڕەسەنی من بە تەواوەتی ئازادە.

٣. بە پشتبەستن بە دوو خاڵی سەرەوە، من دەتوانم شتگەلێک دەربارەی خۆم بزانم کە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت پەییان پێ بەرێت. کەواتە تەنها خودی خۆم دەتوانم دەستم بگات بە حەرەمی دەروونی ئازادی خۆم، هەروەها تەنها خۆمم دەنگی ڕەسەنی خۆم ببیستم. هەر لە بەر ئەمەش لیبڕالیزم تا ئەم ئەندازەیە هێز و توانا و گرنگی بە تاک دەبەخشێت. بە کورتی: من ناتوانم متمانەی تەواو بە هیچ کەسێک بکەم لە بریی من هەڵبژاردنم بۆ بکات و خۆم بدەمە دەستی، چونکە باوەڕم وایە هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەواوی بزانێت من کێم و چ هەستێکم هەیە و چیم دەوێت، بەڵام زانستی بایۆلۆژیی نوێ ئەم سێ پرسە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە زانستی ئۆرگانیزم (زیندەوەرناسی) دەڵێت: هەموو زیندەوەرێک ئەلگۆریتمە و مرۆڤەکان تاک (individuals)(25)نین، بەڵکوو تاکەکەسین (dividuals)، واتە مرۆڤ تەنها نییە، بەڵکوو کۆمەڵەیەکی فراوانە لە ئەلگۆریتم کە خاوەنی هیچ دەنگێکی دەروونی یان خودێکی ڕەسەن نییە. هەروەها مرۆڤەکان ئازاد نین، چونکە ئەو ئەلگۆریتمانەی مرۆڤ پێک دەهێنن ئازاد نین، بەڵکوو لە ڕێگەی جێنەتیکەوە شێوەیان گرتووە کە لە ژێر کاریگەریی ژینگەدان، بڕیار و بەرنامەکانیان یان ناچارییە یان بە ڕێکەوتە! لە بەر هەموو ئەمانەش، یەک ئەلگۆریتمی زیرەکی دروستکراوی گەشەکردوو دەتوانێت من لە خۆم باشتر بناسێت. ئێستا لە سەر بنەمای ئەم تیۆرییە دەتوانین ببینین ئەلگۆریتم و زیرەکیی دەستکرد چۆن دەتوانێت سەرلەبەری سیستم و تێگەیشتنی لیبڕالیزم بخاتە مەترسییەوە لە ئایندەدا.

زیرەکیی دەستکرد، متمانە و هەڵبژاردن

وەک دەزانرێت هەڵبژاردن لە سیستمێکی لیبڕالیزمدا یەکێکە لە پایە و میکانیزمەکانی (دیموکراسی)، بە جۆرێکە دیموکراسی و لیبڕالیزم تێکەڵی یەکتر بوون. لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە دەرکەوتنیان جیاوازە، بەڵام تەواوکەری یەکترن. سیستمێک بۆ ئەوەی لیبڕالیزم بێت، دەبێت تاکەکانی بە ئازادی بتوانن لە پڕۆسەیەکی دەنگداندا بەشداری بکەن و هێزی دەوڵەت سنووردار بکەن، (چونکە لیبڕالیزم باوەڕی وایە دەنگدەران باشتر دەزانن).(26) هەڵبژاردن بۆ ئەوەی مانای هەبێت، دەبێت دەنگداران (متمانە – Trust)یان بە کۆی پڕۆسەکە هەبێت. ئێستا ئەگەر لە گۆشەنیگای سەردەمێکەوە بڕوانین کە زیرەکیی دەستکرد کاری خۆی دەکات، بە هۆی گەشەی بەردەوامی زیرەکیی دەستکردەوە تۆ ناتوانیت متمانەت بەو وێنەیە هەبێت کە دەیبینیت، بەو ڤیدیۆیە هەبێت کە سەیری دەکەیت، ناتوانیت باوەڕی خۆت بدەیتە دەستی ئەو دەنگە تۆمارکراوەی قسەت بۆ دەکات، چونکە بە ئاسانترین شێوە هەموو ئەمانە لە لایەن پڕۆگرامی (AI)ەوە دەتوانن نەک دەستکاری بکرێن، بەڵکوو دروست بکرێن. تۆ لە ڕێگەی ئەلکترۆنییەوە دەنگی خۆت دەدەیت، بەڵام چ گرەنتییەک هەیە زیرەکیی دەستکرد دەستی بەم دەیتایانە نەگات و لە بەرژەوەندیی کاندیدێکی دیکە یەکلای نەکاتەوە؟ نەمانی متمانە لە نێوان هاوڵاتییان و نوخبەی سیاسی، دەوڵەت بە ئاسانی بەرەو دیکتاتۆری دەبات، لە بەر دوو هۆکار؛ یەکەم: لەم کاتەدا شتێک نامێنێت بە ناوی گوێگرتنەوە، ئەوەی سیاسییەکان دەیڵێن؛ هاوڵاتییان باوەڕ ناکەن، بەمەش گفتوگۆ نامێنێت و لە هەموو کاتێکدا نەمانی گفتوگۆ سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی دیمکراسییە.(27) دووەم: ئەلگۆریتمەکان لە بریی من بیر دەکەنەوە. وەک نووح حەراری دەڵێت: خوویەکی لیبڕالیزم بریتییە لە دیموکراسیبوون و دەنگدان، ئەمە لەناو دەچێت، چونکە گوگڵ دەتوانێت خۆم لە خۆم باشتر بناسێت.(28) ئەمە چۆن ڕوو دەدات؟ لە ڕۆژی دەنگداندا لیبڕالیزم داوا دەکات بگەڕێمەوە بۆ ناخی خۆم (خۆمی ڕەسەن) و پاشان ئەو بەربژێر یان حیزبە هەڵبژێرم کە لە ناخەوە بە شایستەی دەزانم، بەڵام زانستی بایۆلۆژی ئەوەی خستووەتە ڕوو کاتێک دەنگدەر لە پشتی پەردەی سندووقی دەنگدانەوە وەستاوە؛ ناتوانێت شتگەلێک لە ماوەی ئەو ساڵانەی پێشوودا ئەزموونی کردووە بیری بکەوێتەوە. جگە لەوەش، هاوڵاتی بە درێژایی پڕۆسەی دەنگدان لە ڕێگەی میدیاکانەوە دەکرێتە ئامانج و جۆرەها زانیاری دەخرێتە مێكشیەوە، لە ڕێگەی پەیام و ڕیکلامی بەردەوامەوە ڕێگریی لێ دەکەن بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناخی خۆی.

وەک دەبینین هەمیشە چەند مانگ پێش لە هەڵبژاردنەکان لایەنی دەسەڵات هەوڵی باشکردنی مووچە، کارەبا، وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی هاوڵاتییان دەدات، یاخود دوژمنێکی خەیاڵی و ترسی هێرشی دەرەکی بۆ سەر کیانەکەمان دێنێتە پێشەوە و دەست دەکات بە پڕوپاگەندەکردن و بڵاوکردنەوەی ترس لە ئەنجامی دەرنەچوونەوەی حيزبی خاوەن دەسەڵات، ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر بڕیارەکانی دەنگدەر دەبێت، بۆیە جارێکی دیکە دەنگ بەو کەسە دەداتەوە کە چوار ساڵ لەمەوبەر دەنگی پێ دابوون. بەڵام ئەگەر ڕێگەم بدایە گوگڵ لە بریی من دەنگی بدایە، ئەوا خۆم لەم كێشانە دەپاراست. گوگڵ هەموو ئەو بەڵێن و پەیمانانەی چوار ساڵی پێشووی هەڵگرتووە، ئەوەی ڕووی داوە هەمووی لەبیرە، ئەو لە (ڕێژەی فشاری خوێن)ی منی لەلا ماوە کاتێک بەیانییان زوو بە خوێندنەوەی هەواڵێکی ناخۆش بەرز دەبووەوە، کەمبوونەوەی (دوپۆمین)ی مێشکمی تۆمار کردووە کاتێک هەواڵەکانی عەسران دەستی پێ دەکرد، گوگڵ پەیام و بەڵێنە پووچەکانی بانگەشەکەران لەبەرچاو دەگرێت… لە بەر هەموو ئەمانە، گوگڵ دێت لە سەر بنەمای ئەو حاڵەتەی مێشکی من و خەیاڵپڵاویی ئەو ساتەی من دەنگ نادات، بەڵکوو لە سەر بنەمای ڕاستیی کۆمەڵێک ئەلگۆریتمی بایۆکیمای دەنگ دەدات.(29)ئەوەش لەبیر نەکەین، هەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی دیمکراسی ئەوەندی پڕۆسەیەکی هەستوسۆزییە (احساسات)، ئەوەندە پڕۆسەیەکی عەقڵی نییە. بۆیە هەر ئەو کاتەی ئەم هەستوسۆزە لە لایەن ئەلگۆریتمەکانەوە هاک دەکرێن، ئیتر (سیاسەتی دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ نمایشێکی بووکەڵەی هەستوسۆزی (عاتفی)).(30)

لە بارەی ئەوەی ئێمە چەندێک خۆمان ڕادەستی ئەلگۆریتمەکان کردووە، باشترە نموونەیەک لە فەیسبوک بهێنینەوە. لە ئێستادا ئەو زانیارییە کەسییانەی لە سەر فەیسبوک بڵاو دەکرێتەوە؛ زۆر زیاترە لەوەی کەسێک بە هاوڕێ نزیکەکەی یان خێزانەکەی بڵێت، ئەلگۆریتمی فەیسبوک دەتوانێت هەموو ئەم زانیارییانەوە کۆ بکاتەوە. بۆیە کاتێک کەسێک دەگەڕێت لە بارەی تۆوە زانیاریی ورد پەیدا بکات، دەتوانێت سەردانی لاپەڕەی فەیسبوکەکەت بکات. هەر کاتێک تۆ لایکی زۆرتر بۆ بابەتێک دەنێریت، یاخود لە سەر وێنە، پۆست یان ڤیدیۆیەک زۆرتر دەوەستیت، ئەلگۆریتمەکان ئەوە دەناسنەوە و وای لێک دەدەنەوە تۆ حەزت بەو بابەتە هەیە، بۆیە دەبینیت پاش ماوەیەک فەیسبوکەکەت پڕ دەبێت لەو جۆرە بابەت و وێنانە. لەم دواییانەدا توێژینەوەیەک لە لایەن ( Nemesis Google) لە بارەی فەیسبوکەوە ئەنجام درا، ئەنجامی توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە لە ئێستادا (ئەلگۆریتمی فەیسبوک) بەراورد بە هاوڕێ و دایک و باوک و هاوسەرەکان دەتوانێت دادوەرییەکی باشتر بکات لە بارەی کەسایەتی و مەیلی بەکارهێنەرێکی فەیسبوکەوە.

توێژینەوەکە لە سەر (٨٦ هەزار و ٢٢٠) بەشداربووی خۆبەخش ئەنجام دراوە کە هەژماری فەیسبوکیان هەیە. وەڵامی سەد پرسیاری ناو پرسیارنامەی کەسایەتیی داوەتەوە. ئەلگۆریتمی فەیسبوک پێشبینیی وەڵامی خۆبەخشەکانی کردووە لە سەر بنەمای چاودێریکردنی لایکەکانی فەیسبوکیان، واتە دوگمەی لایکی بۆ کام وێبپەڕ و وێنە و کلیپیان تاگ کردووە. تا (Like) زیاتر بێت، پێشبینییەکان وردتر دەبن. پێشبینییەکانی ئەلگۆریتمەکە بەراورد کراوە لەگەڵ پێشبینییەکانی هاوکارانی لە شوێنی کاری، هاوڕێیانی، ئەندامانی خێزانی و هاوسەرەکەی. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەلگۆریتمەکە پێویستی بە تەنها (١٠) لایک هەبوو بۆ ئەوەی لە پێشبینییەکانی هاوکارەکانی شوێنی کاری بەشداربووەکە باشتر بێت. پێویستی بە (٧٠) لایک هەبوو بۆ ئەوەی لە هاوڕێکانی باشتر پێشبینیی کەسایەتیی بەشداربووەکە بکات، (١٥٠) لایک بۆ ئەوەی لە ئەندامانی خێزانەکەی باشتر بێت و (٣٠٠) لایک بۆ ئەوەی لە هاوسەرەکان باشتر بێت. بە واتایەکی تر: ئەگەر بەڕێکەوت لە ئەکاونتی فەیسبوکەکەتدا (٣٠٠) لایکت کلیک کردبێت، ئەلگۆریتمەکەی فەیسبوک دەتوانێت باشتر لە هاوسەرەکەت پێشبینیی بۆچوون و ئارەزووەکانت بکات.(31) ئێستا کاتێک فەیسبوک بتوانێت لە خۆت و کەسە نزیکەکانت باشتر خۆت بناسێت تەنها لە ڕێگەی لایکەکانتەوە، ئەوا دەکرێت باوەڕ بەوە بکرێت زیرەکیی دەستکرد لە ئایندەدا لە ڕێگەی ئەو بێشومارە لە دەیتا کە لە بارەی تۆوە کۆی کردووەتەوە؛ باشتر تۆ بناسێت و پێشبینیت بکات.

لە جێگەیەکی دیکەدا و لە ڕێگەی ئەو بەرنامەیەی بەکاری دەهێنێت بۆ سەیرکردنی فلیمێک، دەتوانێت هەموو هەست و کاردانەوەکانت بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ناو فلیمەکە تۆمار بکات، ئەویش لە ڕێگەی دووبارەکردنەوە یان ڕاگرتنی یان خێراکردنی گرتەیەکی ناو فلیمەکەوە. بۆ نموونە؛ تۆ زۆرتر سەیری ئەو فلیمانە دەکەیت کە خەیاڵین، ئەلگۆریتمەکان لە کاتی هەڵبژاردنێکدا دەتوانن ئاگادارت بکەنەوە ئەم بابەتە لەگەڵ تۆدا ناگونجێت، چونکە زۆر خەیاڵی نییە. لە  توێژینەوەیەکدا لە بارەی کاریگەریی هەڵسەنگاندنە ئۆنلاینییەکانەوە، هاتووە: (ئامرازەکانی هەڵسەنگاندنی کەسایەتیی ئۆتۆماتیکی ورد و هەرزانن، دەتوانن لە زۆر ڕووەوە کاریگەرییان لە سەر کۆمەڵگە هەبێت: دەتوانرێت پەیامەکانی بازاڕیکردن بە پێی کەسایەتیی بەکارهێنەران دابڕێژرێت. خاوەن کۆمپانیاکان دەتوانن بە پشتبەستن بە کەسایەتی؛ باشترین کاندید هەڵبژێرن کە لەگەڵ کارەکاندا بگونجێن. بەرهەمهێنەر و نوێنەری خزمەتگوزارییەکان دەتوانن ڕەفتارەکانیان بە جۆرێک ڕێک بخەن لەگەڵ کارەکتەری بەکارهێنەرەکانیان (کڕیارەکانیان) و گۆڕانی باری دەروونییاندا بگونجێت و پسپۆڕانی بواری پزیشکی دەتوانن زانیاری لە سەر کەسایەتیی سەردانیکەرەکانیان کۆ بکەنەوە بەبێ ئەوەی بارگرانیان بکەن بە پرسیارنامەی درێژ. جگە لەوەش، لە داهاتوودا ڕەنگە مرۆڤەکان دەستبەرداری بڕیارەکانی دەروونی خۆیان بن و پشت بە کۆمپیوتەر ببەستن لە کاتی بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکانی ژیانیاندا، وەک هەڵبژاردنی چالاکییەکان، شێواز و ئایندەی پیشەیی، یان تەنانەت هەڵبژاردنی هاوسەری ئایندە. ئەگەری ئەوە هەیە ئەم جۆرە بڕیارانە کە بە دەیتاکانەوە دەبەسترێنەوە، ژیانی خەڵک باشتر بکەن).(32) لێرەدا زۆر بە ڕوونی دەڵێن مرۆڤ دەستبەرداری بڕیارە دەروونییەکانی خۆی دەبێت، واتە تاک ئازادییە دەروونییەکانی خۆی دەداتە دەستی ئەلگۆریتمەکان، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بەیانییەک زوو ئارەزووی ئەوە بێت قاوەیەک بخواتەوە و بڕوات بۆ پیاسە، بەڵام پێش ئەوەی ئەم بڕیارە بدات، مۆبایلەکەی دەردەهێنێت لە ڕێگەی بەرنامەیەکەوە دەیەوێت بزانێت چی بکات باشترە، دەبینێت بەرنامەکە پێی دەڵێت بە پێی دەیتای کۆکراوە، لە ئێستادا خواردنەوەی قاوە بۆ تەندروستیت باش نییە، چونکە ڕێژەی پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، بۆیە خواردنەوەی پەرداخێک شەربەت باشترە و پیاسەکەشت بخەیتە کاتژمێرەکانی ئێوارەوە باشترە. ئەم کەسە بە دڵنیاییەوە حەزەکانی خۆی وەلا دەنێت و شوێن ئەلگۆریتمەکە دەکەوێت.

لە سەدەی بیست و یەکەمدا ڕەنگە زانیارییە کەسییەکانمان بەنرخترین سەرچاوە بن کە زۆربەی مرۆڤەکان تا ئێستا دەتوانن پێشکەشی بکەن، ئێمەش ئەو زانیارییانە دەخەینە خزمەتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا، ئەوانیش لە بەرامبەردا خزمەتگوزاریی ئیمەیل و ڤیدیۆی کۆمیدیی پشیلەمان پێشکەش دەکەن. واتە لە ئێستادا ئاگامان لێ نییە لە بەرامبەر چ نرخێکەوە کە دەیبەخشین؛ دەتوانین وێنەیەکی فەیسبوک یان ڤیدیۆیەکی کۆمیدی سەیر بکەین.(33) ڕۆژانێک ئەورووپییەکان لە بەرامبەر ئەو بەهایەدا دەیانتوانی دوورگەیەک بکڕن. بەڵام ئەو کاتەی کۆرتانا (Cortana)(34) لە بریی خاوەنەکانیان دەچنە ناو گرێبەستەکانەوە بڕیار دەدەن، مەترسیی لەدەستدانی دەسەڵات زۆرتر دەبێت. (کۆرتانا دەتوانێت بیرت بخاتەوە شتێک بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی هاوسەرەکەت بکڕیت، دیارییەکە هەڵبژێریت، مێزێک لە چێشتخانەکە بگریت بۆ نانی ئێوارە. ڕێنماییت دەکات دەرمانەکەت کاتژمێرێک پێش نانخواردن بخۆیت. دەتوانێت ئاگادارت بکاتەوە ئەگەر ئێستا واز لە خوێندنەوە نەهێنیت، دوا دەکەویت لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی بازرگانی. لە کاتێکدا خەریکە دەچیتە ناو کۆبوونەوەکە، کۆرتانا هۆشداریت دەداتێ پەستانی خوێنت زۆر بەرزە و ئاستی دۆپامینت زۆر نزمە و بە پشتبەستن بە زانیارییە تۆمارکراوەکانی ڕابردوو و ئەنجامەکانیان، ئەگەری ئەوە هەیە لەم جۆرە بارودۆخەدا هەڵەی بازرگانیی جددی بکەیت، بۆیە باشترە خۆت لە پابەندبوون یان واژۆکردنی هەر گرێبەستێک بەدوور بگرێت…).(35) لە هەنگاوی دواتردا دەکرێت کۆرتانا پێشنیاری ئەوە بکات تۆ بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە و ئیسراحەت بکە، من خۆم لەگەڵ کۆرتانای کۆمپانیای بەرامبەردا گرێبەستەکە بە باشترین و وردترین شێوە ئەنجام دەدەم.

زیرەکیی دەستکرد و ئایندەی کارکردن

خۆ ئەگەر لە گۆشەنیگای بازاڕ و کار و هەلی کارەوە جارێکی دیکە لە لیبڕالیزم و زیرەکیی دەستکرد بڕوانین، دووبارە بەوە دەگەینەوە لە ئایندەدا پایەیەکی دیکە لە لیبڕالیزم و بە تایبەتی لیبڕالیزمی ئابووری دەکەوێتە مەترسییەوە. ئێمە بە کورتی باسمان لە دونیای دادپەروەری کرد لە سیستمێکی لیبڕالیزمدا. لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە، هەمیشە قسە لە سەر ئەوە کراوە و بە ئێستاشەوە لە سایەی تەکنەلۆژیادا مرۆڤایەتی بەرەو یەکسانیی زیاتر دەڕوات و دادپەروەری زیاتر دەچەسپێنرێت، چونکە وا بیر دەکەینەوە کاتێک ئینتەرنێت بۆ هەمووان بەردەست بێت، کەواتە هەمووان بە یەکسانی دەتوانن دەستیان بە زانیاری بگات. خوێندن بۆ هەمووانە، دەرفەتی کار بۆ هەمووان یەکسانە، بەڵام مرۆڤ تەنها لە خەیاڵدانی خۆیدا بەم یەکسانییە گەیشتووە، ئەگەرنا سەیرێکی ئامارەکان بکەین دەزانین نابەرامبەرییەکی ئاشکرا لە دابەشکردنی سەروەت و ساماندا بوونی هەیە. تەنها لە (١%)ی مرۆڤەکانی سەر زەوی خاوەنی زۆرترین داهاتن. کۆمپانیا گەورەکان کە زۆر جار تەنها یەک کەس یان یەک خێزان خاوەنیەتی، داهاتیان دوو هێندەی دەوڵەتێکی سەروەتمەندە. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم نەوەی ئێستا لەوە تێبگات سەردەمی زیرەکیی دەستکرد بڕیار نییە یەکسانی و دادپەروەری بەخۆیەوە بهێنێت، ئەوەندەی بڕیارە (بایەخی ئابووری و هێزی سیاسیی مرۆڤەکان لەناو ببات. لە هەمان کاتدا پێشکەوتنەکان لە بواری بایۆتەکنەلۆژیدا دەتوانێت نایەکسانیی ئابووری بگوازێتەوە بواری بایۆلۆژی. کەسە زۆر دەوڵەمەندەکان دەتوانن کاری بەبایەخ بکەن بەو پارە زۆرەی هەیانە، دەتوانن خودی ژیان بکڕن، لە کاتێکدا پێشتر تەنها دەیانتوانی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی بکڕن، بەڵام ئێستا دەتوانن تەمەن درێژکردن و گواستنەوەی جەستە و مەعریفە بکڕن).(36) لە ڕابردوودا دەوڵەمەندەکان هەمیشە وا بیریان دەکردەوە لێهاتووییەکی زیاتریان هەیە بۆیە دەوڵەمەندن، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کوڕی پیاوێکی هەژار زۆر لێهاتووترە لە دەوڵەمەندێک، بەڵام زەمینەی بۆ نەسازاوە.

لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و گەشەی ئەندازیاریی جێنەتیکدا باسەکە پڕ لە مەترسی دەبێت، چونکە ئەو بانگەشەیەی پێشتر دەکرا؛ دەچێتە بواری ڕاستییەوە. کاتێک کەسێکی دەوڵەمەند بتوانێت بە پارەکەی نەشتەرگەریی جوانکاری بکات، مێشکی زیرەکی کەسێک بکڕێت و بۆ خۆی دابنێت، تەندروستی بکڕێت، کەواتە دەتوانێت ببێتە خاوەنی زیرەکی و لێهاتوویی و تەمەنێکی درێژتر. ئەگەر ڕۆژێک لە سایەی گەشەی ئەندازیاریی جێنەتیکدا مرۆڤ بتوانێت دەستکاریی (DNA)ی ناو سپێرمی پیاو و تۆوی ژن بکات، ئەو کاتە هەموو شتێک دەگۆڕێت. لە ڕێگەی ئەم دەستکارییەوە، دەتوانن هەموو ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی گەشەی مێشکی کەسێک زیاد بکەن و هەموو ئەو نەخۆشییە بۆماوەییانە لا بەرن. ئەو هۆرمۆنانەی پەیوەندییان بە جوانییەوە هەیە؛ زیاد بکەن و ناشیرینییەکان لەناو بەرن. پاشان کوڕ و کچێک بڕۆن ئەو سپێرمە بکڕن و بیکەنە منداڵ، ئەوکات دەردەکەوێت ئەم منداڵە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤە، بەڵام خاوەنی کۆمەڵێک لێهاتوویی و شارەزاییە لە منداڵێکی دیکەدا نییە. بەم شێوەیەش نابەرامبەرییەک هەم لە ڕووی زانست و زانیارییەوە، هەم لە ڕووی تەندروستی و زۆرتر ژیانەوە دەست بەسەر کۆمەڵگەدا دەگرێت.(37) لە ئایندەیەکی لەوایە زۆر دووردا نا، کۆمەڵگەی مرۆیی بینەری ئەم جۆرە لە چیرۆک بێت، چونکە ئەوەی زۆرتر باسەکە مەترسیدار دەکات، خێرایی گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی مرۆڤە لەم بوارەدا. لە لایەکەوە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی سەرشێتانە بەشوێن خۆدەوڵەمەندکردنەوەن، چونکە دەزانن ئایندەی باشتر و تەمەنی درێژتر بۆ دەوڵەمەندەکانە. جا کاتێک ئەندازیارانی جێنەتیک بیانەوێت دەوڵەمەند ببن و دەوڵەمەندەکانیش بیانەوێت تەمەندرێژتر ببن، ئەوکات بە مامەڵەی دوولایەنە هەنگاوەکان خێراتر دەبن.

وەک دیارە، هەمووی ناگاتە سەد ساڵ مرۆڤ دەستی بەم گەشەیە کردووە، کەواتە لە پەنجا ساڵی ئایندەدا زۆر ڕووداوی گەورە ڕوو دەدەن کە ئاڕاستەی مێژوو دەگۆڕن. بۆیە پڕۆفیسۆر نووح حەراری دەڵێت: (مێژوو بەردەوام دەبێت، بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی کۆتایی دێت).(38) ئەمەش زیاتر ئەو کاتە خێراتر دەبێت کە هەردوو بواری (ئەندازیاری بایۆلۆژی) لەگەڵ (سەرهەڵدانی زیرەکیی دەستکرد) شانبەشانی یەکتر گەشە دەکەن. ڕەنگە ئەم دوو بوارە ببنە هۆی دەرکەوتنی چەنایەتی لە کۆمەڵگەکاندا، جیابوونەوەی ڕەگەزی مرۆڤ بۆ چینێکی کەمی سەروومرۆڤ (superhumans) و چینێکی نزمی زەبەلاحی (مرۆڤی زیرەک)ی بێکەڵک. بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت، لەگەڵ لەدەستدانی گرنگیی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسیی جەماوەر، ڕەنگە حکومەت لانی کەم بەشێک لە گرنگیدانەکانی بۆ بوارەکانی وەبەرهێنان لە تەندروستی و پەروەردە و خۆشگوزەرانیدا لەدەست بدات. زیادەڕۆیی؛ زۆر مەترسیدارە.

دواتر ئایندەی جەماوەر بەندە بە (نیازپاکیی نوخبە بچووکەکەوە). ڕەنگە چەند دەیەیەک نیازپاکی هەبێت، بەڵام لە کاتی قەیرانەکاندا (وەک کارەساتی کەشوهەوا) دەكرێت وەسوەسەی ئەوە ئاسان بێت کە خەڵکی زیادە فڕێ بدەیتە دەریاوە.(39) بەم نموونانەدا دەردەکەوێت ئەو لیبڕالیزمەی چەندین دەیەیە مرۆڤ لە کەناریدا تا ئەندازەیەک هەست بە ئارامی دەکات؛ بەرەو ئاوابوون دەچێت، چینایەتییەک سەر هەڵدەدات مرۆڤ هەرگیز بە مێژووی خۆی نەیبینیوە.

ترسی نایەکسانی لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا لەوێوە دەردەکەوێت کە زۆرێک لە مرۆڤەکان کارەکانی خۆیان لەدەست دەدەن، نەک لە بەر ئەوەی کار نامێنێت مرۆڤ بیکات، نا بە پێچەوانەوە کار هەیە، بەڵام کارەکە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە. کەسێک هەیە بە درێژایی تەمەنی دارتاشێکی زۆر لێهاتوو بووە، بەڵام ئێستا ڕۆبۆتێکی زیرەک دێت لەو باشتر و بە کواڵتیی باشتر هەمان خزمەت پێشکەش دەکات. کەواتە ئەم دارتاشە لە ئایندەدا دەبێت شارەزاییەکی دیکەی هەبێت بتوانێت ڕکابەریی ئەو ڕۆبۆتە بکات. بۆ ئەوەی ئەم کارەش بکات، پێویستی بەوەیە لێهاتوویی و زانیاریی نوێ پەیدا بکات، هەموو ئەمەش پێویستی بە پارەیە، خۆی توانای ئەوەی نییە، بۆیە حوکمەت دەبێت ئەو کارە بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش تێچوویەکی دیکەیە، بۆیە لە کۆتاییدا حوکمەتەکانیش ناچنە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییەوە، دواجا ئەو کەسە ناتوانێت ببێتە خاوەنی شارەزایی پێویست، بەمەش کارەکەی لەدەست دەدات و کاری نوێش پەیدا ناکات. ئێمە لە دوو ڕووەوە دەتوانین ئەو نایەکسانییە لە پیشەدا ببینین؛ لە سەر ئاستی تاک، ئەو کەسانەی خاوەنی شارەزایی و لێهاتووییەکی تایبەتن، دەتوانن لە سەر کارەکانیان بمێننەوە، بۆیە بەردەوام پێویستیان بەوە دەبێت خۆیان بە زانیاری و زانستی سەردەم نوێ بکەنەوە. ئەگەر تاوەکوو ئێستا شارەزا نەبوویت لە بواری سەلامەتیی تەکنەلۆژیا و هاککردندا و زۆر پێویست نەبووبێت، بە دڵنیاییەوە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا دەبێتە مەرجی سەرەکیی مانەوە لە کارەکەت. بۆیە ئەوانەی زیاتر دەتوانن کۆدەکان بخوێننەوە، زیاتر دەچنە سەر کار. کەواتە چینایەتییەک لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت لە سەر بنەمای زانیاری.

کۆمەڵێکی کەم مرۆڤی باڵا دروست دەبن هەموو بڕیارە گرنگەکان دەدەن و چینەکەی دیکەی مرۆڤ دەبنە گوێڕایەڵ و ملکەچیان، چونکە ئەمان زانیاریگەل و تواناگەلێکیان لە بەر دەستدایە، هەمووان بە ئاسانی ناتوانن بگەنە ئەو پلەیە. لێرەشەوە نایاکسانی دروست دەبێت و لیبڕالیزم دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە باسەکە لە دروستبوونی چینایەتییەکە لە سەر بنەمای بایۆلۆژی نەک ئابووری و کۆمەڵایەتی. بۆ لیبڕالیزم ئاساییە کەسێک ببێتە خاوەنی چەندان ملیار دۆلار و کەسێکیش لە کێڵگەیەکدا بۆ چەند تەن گەنم ساڵێک جووتیاری بکات، بەڵام وەک مرۆڤ بەهای هەردووکیان یەکسانن، وەک مرۆڤ سەیر دەکرێن. بە پێچەوانەوە، ئەو چینایەتییەی زیرەکیی دەستکرد و سەردەمی دەیتاکان دروستی دەکەن؛ زۆر جیاوازترە، چونکە ئەوەی پارەی زیاتر بوو، دەتوانێت پشکنینی (دی ئێن ئەی) باشتر بکات، بەمەش خۆی لە زۆر کێشە بپارێزێت و دواجار تەمەنێکی درێژتری هەبێت، بەڵام زۆرینەی خەڵکی دەبێت بەدوای پەیداکردنی زانیاریی نوێوە بن کە بەردەست نییە بۆ هەمووان. لە هەمووی گرنگتر، ئەوەی سەردەمی نوێ لە سەردەمی پێشووتر جودا دەکاتەوە لە ڕووی زانستی پزیشکی و بەکارهێنانی چارەسەرەکانەوە ئەوەیە لە سەردەمی پێشوودا گەشەکردن و داهێنانەکانی بواری پزیشکی بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی بوون، واتە دەرمان دروست دەکرا بۆ ئەوەی نەخۆشییەکان لەناو ببرێت، بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا داهێنانە پزیشکییەکان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی تەندروستییە. (چاککردنەوەی نەخۆشەکان پڕۆژەیەکی یەکسانیخوازانە بوو، چونکە گریمانەی دەکرد ستانداردێکی نۆرماتیڤی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی هەیە، هەموو کەسێک دەتوانێت و پێویستە سوودی لێ وەربگرێت. ئەگەر کەسێک لە خوار ئاستی ئاساییەوە (normative) بوو، ئەوە کاری پزیشکەکان بوو کێشەکە چارەسەر بکەن و یارمەتیی بدەن، تاوەکوو وەک هەموو کەسێکی لێ بێت. لە بەرامبەردا، (بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی تەندروستییەکان) پڕۆژەیەکی نوخبەگەراییە، چونکە بیرۆکەی ستانداردێکی گشتگیر ڕەت دەکاتەوە بۆ هەمووان بەکار بهێنرێت، هەوڵ دەدات چین و پلە باڵاییەک بە هەندێک تاک بدات بەسەر هەندێکی تردا. ئەم چینە لە مرۆڤەکان دەیانەوێت یادەوەرییەکی باڵاتر و زیرەکیی سەرووی مامناوەند و توانای سێکسیی پلە یەکیان هەبێت. بۆیە ئەمە شتێک نییە هەموو کەس بتوانێت دەستی پێی بگات، بەڵکوو تەنها ئەوانەی پارەیان زۆرە لە هاوکاریی ئەندازیاریی جێنەتیک و زیرەکیی دەستکرد دەتوانن دەستی بۆ بەرن.

کاتێک ئەم چینایەتییە بواری پزیشکی دەگرێتەوە، ئەو کاتە لە کۆمەڵگەدا کەسانێکت دەبێت خاوەنی زیرەکییەکی تایبەت و تواناییەکی زۆرن، چینێکی مرۆڤیشت هەیە هێشتا بەدەست نەخۆشییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێن، لە کۆتاییدا ئەم مرۆڤە باڵایانە هیچ کات ئامادە نین باوەڕ بە بنەما یەکسانیخوازەکانی لیبڕالیزم بکەن. کەسێک خاوەنی تەندروستییەکی سالم، زیرەکییەکی باڵا، هەستوسۆزێکی جیاواز بێت؛ دیارە ئەزموونەکانیشی جودایە. ئێمە لە مێژوودا ئەوەمان بۆ ماوەتەوە ئەورووپایی و پێست سپییەکان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ پێست تاریکەکاندا کردووە. هەموو توانای زانستیی خۆیان خستە کار بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئەوان زیرەکترن، باڵاترن و لەپێشترن. هیتلەر تەواوی مرۆڤی دونیای بەرەو وێرانی برد، چونکە سوودی لە دۆزینەوە زانستییەکان دەبینی، بۆ ئەوەی پیشانی بدات مرۆڤی ئەڵمانی باڵاترن، بەڵام سەرکەوتووش نەبوو. ئەورووپییەکان دواجار دانیان بەوەدا نا هیچ جیاوازییەکی بایۆلۆژی نییە، هەمووان مرۆڤن و توانای فێربوون و گەشەکردنیان هەیە، بەڵام زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت بە دەستکاریکردنی جیناتەکان ئەوە بسەلمێنێت کۆمەڵێک مرۆڤ لە کۆمەڵێکی دیکە لە ڕووی زیرەکی و تەندروستی و تەمەنێکی زۆرەوە لەپێشترن. کاتێک منداڵێکی ١٠ ساڵی دەستکاریکراو لە (جینات و دی ئێن ئەی)دا لەگەڵ منداڵێکی ئاساییدا یاری شەترەنج بکات، بە دڵنیاییەوە منداڵە دەستکاریکراوەکە دەیباتەوە. لە ئێستادا بۆ مرۆڤ ئەوە بووە خەون بتوانێت دەستێک یاریی شەتڕەنج لە کۆمپیوتەر بەرێتەوە. ئەم چینایەتییە دەبێتە هۆی ئەوەی لیبڕالیزم وێران ببێت.

دواجار ئەوە لەبیر نەکەین، لە ئێستادا زیرەکیی دەستکرد بانکەکان بەڕێوە دەبات و لە شیکردنەوەی ئەلگۆریتمەکاندا ڕۆڵ دەبینێت. ئەوان میلۆدیی موزیک دادەنێن و شیعر دەنووسن و وێنە دەکێشن. لە پێنج ساڵی ئایندەدا بە بۆچوونی (موستەفا سولەیمان)؛ لە بڕیارەکاندا بەشدار دەبن و لە بریی نوێنەرەکانی مرۆڤ ڕیکلام دەکەن و لە ڕێککەوتننامەکاندا بۆچوونیان دەبێت، بۆیە هەڵەیە وا تێبگەین ڕۆبۆتەکان دێن و لە سەر شەقامەکان تەقەمان لێ دەکەن و دەمانکوژن، ئەوان لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕەوڕەوەی مێژوو لە مرۆڤ وەردەگرن، کولتووری مرۆڤەکان کە زمان و ئایین و یاساکانە؛ دەگرنە دەست. بۆیە مرۆڤ نابێت سەرقاڵی ئەوە بێت ڕێگری بکات ڕۆبۆتەکان لە کۆنترۆڵ دەرنەچن، بەڵکوو دەبێت لە هەوڵی ڕزگارکردنی کولتوور و شارستانیەتەکەیدا بێت.

دەرئەنجام

زیرەکیی دەستکرد شەپۆلێکی نوێیە، ڕووبەڕووی شارستانیەتی مرۆڤ بووەتەوە و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەوە دەستی پێ کردووە و لە سەدەی بیست و یەکدا دەگاتە ئەوجی خۆی. مرۆڤەکان وەک دروستکراوێکی خاوەن ژیری، دوای کاروانێکی دوورودرێژ لە بەرز و نزمی، توانییان لە دەرەوەی ئایین سیستمگەلێک بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان دروست بکەن کە تاک تێیدا سەنتەر بێت و دەسەڵات و حکومەتەکان سنووردار بکرێن، بەمەش بەهای تاک و ئازادییەکانی پارێزراو بن. ئەم سیستمە ناو نرا لیبڕالیزم. لە ماوەی تەمەنی خۆیدا چەندین جۆر لیبڕالیزم دەرکەوتن، وەک لیبڕالیزمی سیاسی، ئابووری یان نیولیبڕالیزم. ئەم مرۆڤە ژیرە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا بۆ برەودان و ئاسانکردنی ژیانی پڕۆژەیەکی دەست پێ کرد بە ناوی زیرەکیی دەستکرد، لەم توێژینەوەیەدا کار لە سەر ئەوە کرا ئەم پڕۆژە دەستکردە دەتوانێت چی پێشکەشی سیستمی لیبڕالیزم بکات، لە ئەنجامدا بەوە گەیشتین سەدەی بیست و یەک دەبێتە سەدەی کۆتاییهاتن بە ئازادییەکانی تاک و جارێکی دیکە پێناسەکردنەوەی مرۆڤ وەک دروستکراوێکی ئەلگۆریتمی کە دەکرێت لە ڕێگەی سیستمی زیرەکیی دەستکردەوە کۆنترۆڵ بکرێت بە جۆرێک گۆڕانکاریی بایۆلۆژیی تێدا دروست بکرێت وەک هەر گۆڕانکارییەک کە دەکرێت بەسەر سیستمی ئەلگۆریمێکی کۆمپیوتەریدا بهێنرێت.

لەم توێژینەوەیەدا ئەوە ڕوون کرایەوە هەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی دیموکراسیی زەمینەی سازاندووە بۆ بەشداریکردنی هاوڵاتییان بە یەکسانی لە گفتوگۆی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەدا بە ئازادانە؛ ڕاستەخۆ دەکەوێتە بەر هێرشی سیستمی زیرەکیی دەستکرد، ئێمە بەو ئەنجامە گەیشتن زیرەکیی دەستکرد بە هۆی ئەو توانا بەرزەی لە دەستکاریکردن و دروستکردنی دەنگ و ڕەنگ و تێکست و ڤیدیۆدا هەیەتی؛ دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەخۆی هەبێت لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو متمانەیەی (Trust) لە نێوان هاوڵاتییان و دەسەڵاتدا هەیە. لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت بەشدار بێت لە دەنگدانی ئەلکترۆنیدا و بە ئاسانی کاریگەریی هەبێت لە سەر هەستەکانی بەشداربوو لە کاتی دەنگدانیدا، چونکە زیرەکیی دەستکرد بە جێگەیەک دەگات دەتوانێت مرۆڤ لە خۆی باشتر بناسێت. ئەو ئەنجامە بەدەست هات مرۆڤایەتی لە ڕێگەی ڕۆبۆتەکانەوە داگیر ناکرێت و ئەوە ڕوو نادات لە سەر شەقامەکان هێرش بکەنە سەرمان، ئەوەی زۆرتر مەترسیدارە بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی لە سایەی زیرەکیی دەستکرد و ئەلگۆریتمەکاندا؛ بریتییە لە داگیرکردنی کولتووری مرۆڤەکان و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی لیبڕالیزم.

سه‌رچاوه ‌و په‌راوێزه‌كان

  • Harari, Yuval Noah (2014), Sapiens Abrief History of Humankind, Panguin andom house, London.
  • Rahimpour, Rana (Jul 24, 2019), Yuval Noah Harari: Be Ebarat-e- Digar, BBC Persian, https://www.youtube.com/watch?v=77V2WVOs5LE&list=PLiAaPjSyKR0Tz77NLvBZQYlEZotqApxpn&index=11&t=28s
  • Deneen, Patrick J. (2018). Why liberalism failed. New Haven and London, Yale University Press, P21.
  • Deneen, Patrick J. (2018). Why liberalism failed. New Haven and London, Yale University Press, P24.
  • الهی تبار، علی (١٣٩١)، درامد بر لیبرالیسم، بررسی و نقد مبانی، تهران، موسسە مطالعاتی روابط اسلام و غرب، ل١٦.
  • MITCHELL, MARK T. (2019), The Limits of LIBERALISM, United States of America, University of Notre Dame Press, p3.
  • الهی تبار، علی (١٣٩١)، درامد بر لیبرالیسم، بررسی و نقد مبانی، تهران، موسسە مطالعاتی روابط اسلام و غرب، ص (١٤-١٥).
  • بشیریە، حسین (١٣٧٨)، تاریخ اندیشە سیاسی در قرن بیستم (٢) لیبرالیسم و محافظەکاری، کشرنی، تهران، ص١١.
  • الهی تبار، علی (١٣٩١)، درامد بر لیبرالیسم، بررسی و نقد مبانی، تهران، موسسە مطالعاتی روابط اسلام و غرب، ل(٤٦-٤٧)
  • پوراسمعیلی، نجمیه (۱۳۹۳-۹-۸)، لیبرالیسم اقتصادی در تئوری و عمل/واکاوی نتیجه عملکرد نظم لیبرالیستی در اقتصاد آمریکا، https://www.farsnews.ir/news/13930904000338/%D9%84%DB%8
  • یووال نوح، هراری (٢٠١٨)، انسان خداگونە، تاریخ مختصر فردا، گریگن، نیک (مترجم)، کتاب انترنتی، ص١٣٤.
  • EDMONDS، JEFF (2008), HOW TO THINK ABOUT ALGORITHMS, Cambridge University Press, United States of America, p(1).
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London, P(97).
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London, P(97).
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London.
  • یوتویب، (Sep 16, 2022)، کۆچەر بیرکار یەکێک لە 50 کاریگەرترین بیرمەندەکانی جیهان، https://www.youtube.com/watch?v=ZIIu63IMq4U
  • یووال نوح، هراری (٢٠١٨)، انسان خداگونە، تاریخ مختصر فردا، گریگن، نیک (مترجم)، کتاب انترنتی، ص١٤٠.
  • بۆ زیاتر شارەزابوون لە بارەی مێژووی گەشەکردنی زیرەکیی دەستکردەوە، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ (Artificial Intelligence; What Everyone Needs to Know)، کە (جێری کاپلان) هەوڵی داوە بە کورتی گەشەی پڕۆگرامە کۆمپیوتەرییەکان و هەنگاوەکان بەرەو زیرەکیی دەستکرد باس بکات.
  • Kaplan, Jerry (2016), Artificial Intelligence; What Everyone Needs to Know, Oxford University Press, UK, P (1-13).
  • Jolie, Angelina, (May 14, 2013), My Medical Choice, The New York Times, https://www.nytimes.com/2013/05/14/opinion/my-medical-choice.html
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A Brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London, p (388).
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A Brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London.
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London, P (394)
  • یووال نوح، هراری (٢٠١٨)، انسان خداگونە، تاریخ مختصر فردا، گریگن، نیک (مترجم)، کتاب انترنتی، ص٥١٢.
  • Harari, Yuval Noah (2018), 21 Lessons for the 21th Century, Panguin andom house, London, p (57).
  • Minton-Beddoes, Zanny (Sep 18, 2023), What does the AI revolution mean for our future? Debate between Suleyman, Mustafa & Harari, Yuval Noah, https://www.youtube.com/watch?v=7JkPWHr7sTY&list=PLiAaPjSyKR0Tz77NLvBZQYlEZotqApxpn&index=20
  • یووال نوح، هراری (٢٠٢٠)، انسان خداگونە، تاریخ مختصر فردا، گریگن، نیک (مترجم)، کتاب انترنتی، ص٥٢٩.
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London, P(395)
  • یووال نوح، هراری (٢٠١٨)، ٢١ درس برای قرن ٢١، گریگن، نیک (مترجم)، کتاب انترنتی، ص٦٢.
  • یووال نوح، هراری (٢٠١٨)، انسان خداگونە، تاریخ مختصر فردا، گریگن، نیک (مترجم)، کتاب انترنتی، ص٥٣١.
  • Youyou, Wu, Kosinski, Michal, & Stillwell, David (January 27, 2015), Computer-based personality judgments are more accurate than those made by humans, Proceedings of the National Academy of Sciences, 112(4), 1036-1040, p(1039).
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London, P(397).
  • کۆرتانا یاریدەدەرێکی مەجازییە (ئۆنلاینی) کە لە لایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە دروست کراوە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٤دا ناسێنرا بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ یاریدەدەرە مەجازییەکانی دیکەی وەک (Siri، Google Assistant)، دیزاین کراوە بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەران لە ئەرکە جیاوازەکاندا، لەوانە: دانانی یادخستنەوە، وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، پێشکەشکردنی پێشنیارەکان، ڕێکخستنی ڕووداوەکانی ساڵنامە و ئەنجامدانی گەڕان لە وێبدا. کۆرتانا سەرەتا لەگەڵ (ویندۆز ١٠) دابەزێنرا و لە سەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی مایکرۆسۆفت بەردەست بوو، لەوانە: دیسکتۆپ و لاپتۆپ و مۆبایلە زیرەکەکان. پەرەپێدانی کۆرتانا؛ هاتنەناوەوەی مایکرۆسۆفت بوو بۆ ناو کایەی (یاریدەدەرانی مەجازی) کە بە (AI) بەڕێوە دەبرێن.
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A brief History of Tomorrow, Panguin andom house, London, P(400).
  • Harari, Yuval Noah (2018), 21 Lessons for the 21th Century, Panguin andom house, London, p(91).
  • کاناڵ آوای فلسفه (Jun 20, 2023)، طراحی ژنتیک نوزادان، https://www.youtube.com/watch?v=O13uIJu1VyU&list=PLiAaPjSyKR0Tz77NLvBZQYlEZotqApxpn&index=19
  • Minton-Beddoes, Zanny (Sep 18, 2023), What does the AI revolution mean for our future?, Debate between Suleyman, Mustafa & Harari, Yuval Noah, https://www.youtube.com/watch?v=7JkPWHr7sTY&list=PLiAaPjSyKR0Tz77NLvBZQYlEZotqApxpn&index=20
  • یووال نوح، هراری (٢٠١٨)، ٢١ درس برای قرن ٢١، گریگن، نیک (مترجم)، کتاب انترنتی، ص٩٣.
  • Harari, Yuval Noah (2016), Homo Deus A brief History of Tomorrow, Panguinan andom house, London, P (406).

 

Send this to a friend