• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 18, 2023

ئابووریى مەعریفە

د. عابد خالد

تیۆری ئابووریی کلاسیک، لە دوای دەرکەوتنی لە سەدەی هەژدەهەمدا، هەمیشە پێداگرى لەسەر دوو گۆڕاوى سەرەکى کردووەتەوە، کە کاریگەرى بەرچاوییان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانى ئابووری هەیە، ئەو دوو گۆڕاوەش بریتیى بوون لە (کار) و (سەرمایە). بەڵام تیۆرى ئابوورى نوێ، بەڕەچاوکردنى ئەو  پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و مەعریفییە گەورەیەى کە لە ئێستادا هاتووەتە ئاراوە، لەپاڵ هەردوو هۆکارە تەقلیدییەکەى بەرهەمهێناندا (کار و سەرمایە) بایەخێکى زیاتر بە گۆڕاوى (مەعریفە) دەدات، وەک سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ پشتگیرکردنی گەشەپێدانی ئابووری لە هەر وڵاتێکى جیهاندا.

هەر لەبەر ئەو ڕۆڵە گەورەیەى (مەعریفە)ش، کە لە گەشەپێانی ئابووری و بەهێزکردنی پێگەى وڵاتان لە کێبڕکێ ئابورییەکاندا هەیەتى، لەئیستادا گرنگییەکی زیاتر بە چڕکردنەوەی وەبەرهێنان لە بواری مەعریفەى کوالیتی بەرزدا دەکرێت، یاخود ئەو بوارەى کە بە (ئابووری مەعریفە) ناسراوە، وەک ڕێگەیەکی نموونەیى بۆ زیادکردنی توانای کێبڕکێکردن و بەردەوامپێدانی گەشەى ئابوورى، لە جیهانێکدا کە بەپلەیەکى باڵا لە جیهانگیری و یەکخستنی بازاڕەکان تایبەتمەندە.

لەم روانگەیەوە بە ڕاى هەندێک ئابووری مەعریفە بوارێکە لە بوارەکانى زانستى ئابوورى کە پێداگرى لەسەر گۆڕاوى مەعریفە دەکات وەک هۆکارى سەرەکى بەرهەمهێنان، بەڵام بە ڕاى هەندێکیتر، ئابووری مەعریفە ئەو ئابووریەیە کە تیایدا مەعریفە نەک پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان بەڵکو هەڵسوڕێنەرێکى سەرەکیشە بۆ بەبازاڕکرد، بەڕاى هەندێکیتریش ئابووری مەعریفە ئابووری پێکەوەنانى سەروەت و سامانە لەڕێگاى پرۆسەکانى مەعریفە و ززمەتگوزارییەکانییەوە هەر لە دروستکردنى مەعریفەوە تا پەرەپێدانى و فێربوونى و بڵاوکردنەوەى و پراکتیزەکردنییەوە لەسەرجەم کەرتە جۆراوجۆرەکانى ئابووریدا.

کەواتە ئابووری مەعریفە، ئاماژەیە بۆ سیستەمێکی ئابووری کە تیایدا مەعریفە و زانیاری و سامانە فیکرییەکان بزوێنەری سەرەکی گەشەکردن و گەشەپێدانن. لەم جۆرە ئابوورییەدا بەهای کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەڕێگاى دروستکردن و بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی مەعریفەوە دیاریدەکرێن.

سیستەمى ئابوورى مەعریفە تایبەتمەندە بە چەندین ڕواڵەت و ئاڕاستە، لەوانە:

– زیادبوونی بایەخى ئەو پیشەسازییانەی کە لەسەر بنەماى مەعریفە بونیاتنراون.

– زیادبوونی ڕۆڵی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردن (ICT) لە ئاسانکاریکردن بۆ دروستکردنى مەعریفە و هاوبەشیپێکردنى و بەکارهێنانی مەعریفەدا.

– زیادبوونى گرنگیدانى بە مافەکانی خاوەندارێتی هزری، وەک مافى ئەستۆپاکى داهێنان و مافی بڵاوکردنەوە و مافى چاپکردن.

– زیادبوونى جەختکردنەوە لەسەر بیرۆکەى (فێربوون بەدرێژایی ژیان)، لەو ڕوانگەیەوە کە تاکەکان بەردەوام پێویستیان بە نوێکردنەوەی لێهاتوویی و زانیارییەکانیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەسیستەمى ئابووری مەعریفەدا وەک کێبڕکێکار بمێننەوە.

بەپێى ئەم ڕاواڵەت و ئاڕاستانەش، بۆئەوەى سیستەمى ئابوورى ولاتێک بە (ئابوورى مەعریفە) لە قەلەمبدریت، پێویستە لایەنى کەم ئەم چوار تایبەتمەندییەى تیابێت (دابینکردنی سیستماتیکی هاندان بۆ بەدواداچوونی مەعریفە و کارگوزارى زانستى، بوونی هێزێکی کاری تەواو خوێندەوار و لێهاتوو، پەیوەستبوون و سەروکارى هەمیشەییى لەگەڵ تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردن (ICT)، بوونى ژینگەیەک کە لەبارە بۆ داهێنان و پێشکەوتن کە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لە خۆبگرێت).

لەڕووى مێژووییشەوە، پەیوەست بە سەرهەڵدان و پەرەسەندنى ئەم ڕواڵەت و ئاڕاستانەى سیستەمى ئابوورى مەعریفە، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە لانکەى یەکەمى دەرکەوتنى ئابوورى مەعریفە دادەنرێت لە کۆتاییى ساڵانى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوووەوە، لەدواى ئەویش وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا و بەدیاریکراویش فەڕەنسا لە چارەکى کۆتاییى سەدەى ڕابردووەوە، لە دەرەوەى ڕۆژئاواش ژاپۆن لەسەرەتاى سەدەى بیستو یەکەمەوە لە ڕیزى ئەو وڵاتانە ئەژماردەکرێت کە بەتەواوتى پشتى بە ئابوورى مەعریفە بەستووە. لە ئێستادا، لە سایەى ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەى کە ئابورى مەعریفە لە وڵاتانى ڕۆئاواو و پێشکەووتوى جیهاندا بەخۆیەوە بینیووە، سیستەمى ئابوورى – کۆمەڵایەتى ئەم وڵاتانە بە چەمکى (سیستەمى دوواى-پیشەسازى) ناسراون، کە تیایدا زۆربەی داهات و قازانج هاوڵاتیان و دەوڵەتیش لە کەرتی خزمەتگوزاریەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پشتى بەستووە بە فرۆشتنی کاڵای نابەرجەستەکان، وەک بیمە، پەروەردە و فێرکردن، چاودێری تەندروستی و هتد. هەرچەندە ئەمە گۆڕانکارییە بەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە هەموو جیهان بگرێتەوە، بەڵام لە زۆرێک لە دیموکراسییە پێشکەوتووەکاندا، زیاتر لە سێ چارەکی هێزى کارى دانیشتوانی لە کەرتی خزمەتگوزارییدا بەگەڕخراوە. ئەمە وێڕاى ئەوەى کە ئەم گۆڕانکارییە هاوزەمانە لەگەڵ دەرکەوتنى چەندیدن بەهاى ؤءشنبیرى و نەریتى کۆمەڵایەتى نوێ کە هاوشانە لەگەڵ ئەوەى پێى دەوترێت (پۆست مۆدێرنە). لەگەل هەموو ئەمانەشدا، زانایان لەوەدا هاوڕانین کە ئاخۆ لەسایەى دەرکەوتنى سیستەمى ئابوورى مەعریفە و بەردەوامبووندا، سیستەمی ئابووری کۆن بەتەواوى دەڕوخێت یان نا؟ ئاخۆ مەعریفە دەبێتە تاکە دراوی ئایندەى مرۆڤایەتى یان وەرچەخانى دیکەشى لە دوایە؟

سەرچاوەکان

– الموسوعة السياسة، القاموس السياسي، مفهوم اقتصاد المعرفة، على الرابط الآتي:

https://political-encyclopedia.org/dictionary

–  Patrick H. O’Neil, Essentials of Comparative Politics, W.W.Norton & Company, Inc., New york – London, 2018. PP. 254-261.

– Roberto Mangabeira Unger, The Knowledge Economy, Verso Books, Jun 28, 2022, PP. 1- 19.

– True Tamplin, Knowledge Economy Definition, Reviewed by Editorial Team of Finance Strategists, February 19, 2023, at:

https://www.financestrategists.com/financial-advisor/knowledge-economy/

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی شانزەیەم (16) ئازاری، 2023، ساڵی سێیەم

Send this to a friend