تورکیای بێتیرۆر (Terörsüz Türkiye)
ئامادەکردنى: تورکیاناسی
ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ تورکیا بەبێ تیرۆر بە سەرجەم ئەو گرووپانەی دەوڵەتی تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت لە چوارچێوەیەکی فراواندا، وەک ڕێکخراوی “تیرۆریستی” فەتحوڵڵا گیولەن (فەتۆ) (Fethullahçı Terör Örgütü) (FETÖ)، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) (Kürdistan İşçiler Prtisi) (PKK)، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقو شام (داعش) (Irak ve Şam İslam Devleti)(İŞİD) ، پارتی یەکێتیی نەتەوەیی (پەیەدە)، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و هاوشێوەکانیان، بەڵام لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا چەمکی “تورکیای بێتیرۆر” ئاماژەیە بۆ چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیو جێبەجێکردنی خواستو داواکارییەکانی ئۆجەلان، پەکەکە، پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)و کورد.بەو واتایەی تورکیا هەم لە ناوخۆو هەم لە دەرەوەی سنوورەکانیدا، هیچ مەترسییەکی پەکەکەو هێزە درێژکراوەکانی لە سەر نامێنێت، زۆرینەی گەریلا دەگەڕێنەوە تورکیاو بەشێکیشیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پەکەکەدا لە وڵاتی سێیەم نیشتەجێدەبن. لێرەوە دەوڵەتی تورکیا دەستدەکات بە پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت، حکومەتو کۆمەڵگە. چاوەڕێدەکرێت یەکەم هەنگاو لە پەرلەمانەوە بە دروستکردنی کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکات، پاشان هەنگاوبنرێت بە ئاڕاستەی هەمواری دەستوورو نوسینەوەی دەستووری نوێ (Yeni Anayas)، گۆڕینی ژمارەیەک یاسای بنەڕەتیی وەک “یاسای جێبەجێکردنی دادوەری، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاکێجی دەیەمی دادوەری، یاسای سزادانی تورکی، ڕیفۆرمی سیستەمی لامەرکەزیو بابەتی دانانی قەیوم”.لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ کەمکردنەوەی سزاکان، پێشبینی ئازادکردنی نزیکەی (١٠٠) هەزار زیندانی دەکرێت، لە ناویاندا هەزاران کەس بە تۆمەتی “تیرۆر” زیندانیکراون، بە تایبەت کەسانی بەساڵاچوو، نەخۆش، منداڵو ئەو ئافرەتانەی منداڵی بچووکیان هەیە، ئەگەر بە یەکجارییش ئازادنەکرێن، دەکرێت ماوەی سزاکەیان لە ماڵەکانی خۆیاندا بەسەرببەن.
چەمکی “تورکیای بێتیرۆر” بۆ یەکەم جار لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیاوە لە (١)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤)، لە مەڕاسیمی کردنەوەی وەرزی نوێی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیادا بەکارهێنرا. ئەردۆغان لە گوتارێکیدا باسی لە دۆخی ئاڵۆزو جەنگاویی جیهانو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردو ئاماژەی بە مەترسییە ئەمنیو سەربازییەکانی سەر تورکیا کرد، هەروەها جەختی لە سەر پێویستیی فەراهەمکردنی “تورکیای بێ تیرۆر” کردەوە. لە ڕوانگەی بەرپرسانی باڵای تورکیاوە، چەمکی “تورکیای بێتیرۆر” زۆر فراوانترە لە واتا زمانییەکەی ئەم دەستەواژەیەو ڕەهەندی قووڵی سیاسی، ئەمنیو جوگرافی هەیە. بەو واتایەی “تورکیای بێتیرۆر” کاریگەری لە سەر تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو وڵاتانی دراوسێی تورکیا دەبێت، واتە “تورکیای بێتیرۆر” ئاماژەیە بۆ ناوچەیەکی فراوانو گەورەتر لە تورکیا دوور لە تیرۆر. بەرپرسانی باڵای تورکیا لە ڕێگەی ئەم بیرۆکەیەوە دەیانەوێت بڵێن، سەرچاوەی کێشەو تیرۆری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو ناوچەکە، پەیوەندی بە کێشەی تیرۆرەوە هەیە لە تورکیاو دەوروبەری، ئەگەر “تورکیای بێتیرۆر” بێتەکایەوە، تەواوی ناوچەکە بە ئارامیو ئاسایش ژیان بەڕێدەکەن.
بەکارهێنانی دەستەواژەی “تورکیای بێتیرۆر” بۆ پڕۆسەی ئاشتیی ئەم جارە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ جددیەتی دەوڵەتی تورکیا لە کۆتاییهێنانی یەکجاری بە پرسی تیرۆر، لە هەمان کاتدا هاتنەپێشەوەی بێقەیدو مەرجی پێشوەختی عەبدوڵڵا؛ ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەو قەندیل بۆ چەکدانانو خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هێزێکی باشتر بە پڕۆسەکە دەداتو دڵنیایی زیاتر بە گەیشتنە ئەنجامی ئەرێنیی پڕۆسەی ئاشتی دەدات.”تورکیای بێتیرۆر” تەنها لە چواچێوەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەو کرانەوە بە ڕووی کورددا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو دەستەبەرکردنی بەشێک لە مافەکانی کورد قەتیسنابێت، بەڵکو بریتییە لە پڕۆسەی “دیموکراتیکردنی دەوڵەت، حکومەتو کۆمەڵگەی تورکیا”، واتە لەگەڵ چارەسەری پرسی کورددا، چاوەڕێدەکرێت دەوڵەتو حکومەتی تورکیا هەنگاو بەرەو دیموکراتیەت بنێت، لێرەیشەوە کۆمەڵگەیەکی دیموکرات، کە جیاوازییە ئایینی، نەتەوەییو کولتوورییەکان قبوڵبکات، دێتەکایەوە.دواجار پێویستە هەموان لە سایەی “تورکیای بێتیرۆر”دا بە ئازادی بژینو کوردیش بە مافە بنەڕەتییەکانی لە ناسنامە، زمان، گوزارشت لە کولتوورو فەرهەنگی خۆی شادببێت.
سەرچاوەکان
KRTTV, Cumhurbaşkanı Erdoğan Türkiye Büyük Millet Meclisi Açılış Töreninde Konuşuyor, 01.10.2024, https://www.youtube.com/watch?v=cD7DWUzEewA, 16.06.2025.
Ali Kemal Akan, TBMM Başkanı Kurtulmuş: Terörsüz Türkiye, terörsüz bir bölge demektir, 17.03.2025, https://www.aa.com.tr/tr/gundem/tbmm-baskani-kurtulmus-terorsuz-turkiye-terorsuz-bir-bolge-demektir/3511477, 16.06.2025