• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 19, 2020

پەرلەمانی سوریا؛ ھەڵبژاردن لە سێبەری جەنگدا

 

 

 

نیو سەدە بەسەر فەرماڕەوایی خێزانی ئەسەد لە سوریا تێدەپەڕێت، ٣٠ ساڵە حافز ئەسەد و ٢٠ ساڵیشە بەشاری کوڕی سوریا بەڕێوەدەبەن، وڵاتێک بە دەیان شەڕ و پێکدادانی گەورە و خوێناوییەوە.

مەرگێکی گوماناویی

دوای ئەوەی بەسیلی کوڕە گەورەی لە رووداوێکی گومانلێکراوی ھاتوچۆدا گیانی لەدەستدا، حافز ئەسەد بەشاری کوڕی لە لەندەنەوە ھێنایەوە، تاکو ئامادەی بکات بۆ فەرماڕەوایی وڵاتەکەی لە دوای خۆی.

لە ساڵی ٢٠٠٠ حافز ئەسەد کۆچی دوایی دەکات، لەو ساڵەوە تاکو ئێستا بەشار ئەسەد وڵاتە دڵگیر و خوێناوییەکەی سوریا بەڕێوەدەبات.

شەڕی ناوخۆ

١٠ ساڵی یەکەمی فەرمانڕەوایی بەشار ئەسەد تا ئاستێکی زۆر ھێمن و سەقامگیر بووە، سوریا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکرد، بەڵام کێشەی گەورەی بەشار ئەسەدیش وەک سەردەمی باوکی، کێشەی کورد بووە کە تاکو ئێستا بەردەوامە.

دووەم دەیەی دەسەڵاتی ئەسەد کەوتە نێو بەھاری عەرەبییەوە، بەڵام بۆ سوریا و سورییەکان بوو بە پایز و گەڵای تەمەنی زیاتر لە نیو ملیۆن ھاوڵاتی سوریی ھەڵوەراند، وڵات تووشی شەڕی ناخۆ بوویەوە، ملیۆنان کەس وڵاتیان بەجێھێشت و ئاوارە بوون، بەشێکی خاکی سوریا کەوتە دەست تورکیا و زۆربەی وڵاتانی جیھانیش دەستوەردانیان کرد و ھاتنە ناو سوریاوە.

مەرەکەبی خوێن

ئەمڕۆ ١٩ی تەموز دوای دوو جار دواخستن (بڕیار بوو لە ١٣ی نیسان بەڕێوەبچێت و دواتر بۆ ٢٠ی ئایار دواخرا) ھەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریا بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی ئەم ٩-١٠ساڵەی رابردوودا، سەرەڕای جەنگ و ماڵوێرانییەکانی خەڵکی سوریا، سەرەڕای ئەوەی بەشار ئەسەد بەشێکی گەورەی خاکەکەی لەدەستدا، سێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامداوە. (بە ھەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆوە)

ئەم ھەڵبژاردنانە لە کاتێکدابەڕێوەچوون کە خوێنی گەلانی سوریا دەڕێژرێت، ئەمە جگە لەوەی کە ھەڵبژاردنەکە تەنھا لە بەشێکی کەمی خاکی سوریادا ئەنجام دەدرێت.

پەرلەمانی نیوە

بەھۆی بەردەوامی شەڕی پچڕ پچڕ لە ھەندێک ناوچە و دابەشبوونی سوریا بەسەر چەند بەرەیەکدا، ھەڵبژاردنەکە ھەموو سوریا ناگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندووە، بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریادا ناکات و رێگەش نادەن بە بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنەکە و دانانی سندوق لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.

بەھۆی ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا نین و لەلایەن گروپە چەکدارەکان و تورکیاوە کۆنترۆڵکراون، لە ناوچەکانی سەرێ کانی، ئیدلب، ئەعزاز، باب، عەفرین و گرێ سپی ھەڵبژاردنەکان بەڕێوە ناچن، کە بەشێکی زۆری ئەم ناوچانە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی سوریای دیموکراتدا بوون، ئەمەش وا دەکات پەرلەمانی سوریا کە لە ٢٥٠ ئەندام پێک دێت، نوێنەرایەتیی ھەموو ناوچەکان نەکات.

پەرلەمانی بەعس

وەک خولەکانی رابردوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەم پەرلەمانەش پەرلەمانی بەعسییەکان بێت، چونکە زۆربەی کاندیدەکان بە فلتەری حزبی بەعسدا تێپەڕیون و ئەوانی دیکەش ھاوپەیمان و ھاوکاری بەشار ئەسەدن.

لیستی سەرەکیی و گەورەی ئەم ھەڵبژاردنە بریتییە لە “بەرەی نیشتمانی” کە لیستی حزبی بەعسی سوورییە، لەم لیستەدا ١٦٦ کاندیدی حزبەکە و ١٧ کاندیدی حزبە ھاوپەیمانەکانی نزیک لە بەعسی تێدایە، ئەمەش دیسانەوە پەرلەمان دەکاتەوە بە ھی بەعسییەکان، چونکە لە خولی پێشوودا لە ٢٥٠ ئەندام پەرلەمان، ١٨٣ کەسیان ھی حزبی بەعس بوون و ٦٦ حەوت کەسیان ھی لیستەکانی دیکە بوون، کە ئەوانیش بە نزیک لە حزبی بەعس دادەنرێن، کە نزیکەی ٢٥ کەسیان کورد بوون.

بەشار ئەسەد باش دەزانێت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و زۆربەی خەڵکی وڵاتەکەشی ئەم ھەڵبژاردنە بە شانۆ دەزانن، بەڵام دەیەوێت لەم رێگەیەوە رەوایەتیی بە دەسەڵاتەکەی بداتەوە.

ماوەیەکی زۆرە باس لە دابەشبوونی سوریا دەکرێت، ئەم ھەڵبژاردنەش ھێندەی دیکە ئەو تێڕوانینەی سەلماند، چونکە وڵاتەکە بووە بە سێ پارچەی گەورەوە و ئەسەد تەنھا دەتوانێت لە یەک ناوچەدا ھەڵبژاردن بەڕێوە ببات، ئەمەش وەھا دەکات بە کرداریی سوریا وەک وڵاتێکی دابەشبوو بەسەر سێ ناوچەدا دەربکەوێت.

 

 

 

Send this to a friend