• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 13, 2023

شاری زیرەک لە هەرێمی کوردستان؛ لە بیرۆکەوە بۆ جێبەجێکردن

محەمەد لەتیف مەولەوی/ ماستەر لە بەڕێوەبردنی تەکنەلۆژیای زانیاری

بەرایی

لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازیی سێیەمەوە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان کاریان لە سەر پلانی جۆراوجۆر کردووە بۆ سوودمەندبوونی کەرتی گشتی و بەڕێوەبردنی شارەکان لە داهێنانە دیجیتاڵییەکانی سەردەم. بۆ ئەم مەبەستەش توێژینەوە و کار لە سەر چەندین پڕۆگرام و ڕێبەریی کاری جیاواز لە جیهاندا کراوە. بۆ هەر ڕێبەرییەکی کاریش بە پێی ئەو قۆناغی پێشکەوتنەی کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە، پێناسەی چەمکەکە کراوە. لە ئێستاشدا شاری زیرەک وەک نوێترین چەمکی بەڕێوەبردنی شارەکان هاوتا لەگەڵ گشت پێشکەوتنەکانی بواری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری، وەک: زیرەکیی دەستکرد (Artificial Intelligence)، ئینتەرنێتی هەموو شتێک (Internet of Things) و دەیتای گەورە (Big Data) پێشنیاز کراوە. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە ناساندنی شاری زیرەک بە شێوەیەکی لۆکاڵی و شیکردنەوەی هەلومەرج و ئاستی گونجانی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردن و پێشنیاز و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی کاری ڕوون لە بوارەکەدا. لەم دۆخەدا هاوڵاتییان ڕاستەوخۆ سوودمەندی یەکەم دەبن و دەبێتە پردێکی بەهێز و گرنگیی نێوانیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خۆجێیی شارەکان و کەرتە جیاوازەکانی حکومەت بە گشتی و بە شێوەیەکی سەردەمیانە. ئەمەش دەبێتە یەکەم توێژینەوە و پێشنیازی پراکتیکی و جددی کە ڕاستەوخۆ ئامانجی کارکردن دەبێت لە سەر هەرێمی کوردستان.

١. کێشەی ئێستای شارەکان

یەکەم: جێهێشتنی گوندەکان و نیشتەجێبوون لە ناوەندی شارەکان

لە سەدەی پێشووەوە پڕۆسەی جێهێشتنی گوندەکان لە لایەن هاوڵاتییانەوە و نیشتەجێبوونیان لە شارە گەورەکاندا بووەتە کێشەیەکی جیهانی. زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە مێژوودا، ژمارەیەکی یەکجار زۆری هاوڵاتییان بڕیاری ئەوە دەدەن کە گوندەکان جێ بهێڵن و بە یەکجاری لە ناوەندی شارەکاندا نیشتەجێ ببن. ئەمەش ناهاوسەنگی و چەندین جۆرى جیاوازی قەیرانی لە وڵاتە جیاوازەکاندا دروست کردووە. کارەکە گەیشتووەتە ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠دا بە نزیکەیی لە  %٧٠ی دانیشتووانی زەوی لە سەنتەری شارەکاندا بژین[1]. لە هەرێمی کوردستاندا ئەم پڕۆسەیە بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕاستەوخۆ و کاریگەرتریشە، ئەمەش جگە لە هۆکارە گشتییەکان (کە لە چوارچێوەی ئەم توێژینەوەدا نییە)، لانی کەم دوو هۆکاری دیکەى تایبەت بە هەرێم هەن، ئەوانیش: یەکەم، پڕۆسەی ڕاگواستنی زۆرەملێی هاوڵاتییانی کورد لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لە نزیکەی (٥٠٠٠) گوندی دوورەدەستی هەرێمی کوردستان بۆ كۆمەڵگە زۆرەملێکان و نزیکبوونەوە و هاتنەناوەوەی زۆرێکیان بۆ سەنتەری شارەکان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەى لە ماوەیەکی کەمدا گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورە لە دیمۆگرافیا، ئابووری و ژینگەیی و… هتد؛ لە سەر هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵێت. دووەم، پڕۆسەی دامەزراندنی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە کابینە یەکلەدوایەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵانی (٩٠)ەکان و سەرەتاکانی ساڵانی (٢٠٠٠)ەکان، بە تایبەت کەرتەکانی پاسەوانی سنوور، پێشمەرگە و دامودەزگا جیاوازەکانی دیکە بە شێوەیەکی نیمچەهەڕەمەکی و بێ گوێدانە ستراتیژیەت و سیاسەتی ڕوونی ئاوەدانیی گوندەکان، ئەمەش لە کۆتاییدا بووە هۆی دامەزراندنی دەیان هەزار گوندنشین و جێهێشتنی گوندەکان و نیشتەجێبوونیان لە شارەکاندا و دواتریش بووە دووەم سەرەکیترین هۆکاری گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکان لەم هەرێمەدا لەگەڵ بەردەوامیی هۆکارە گشتییەکان و حەزی گوندنشینان بۆ نیشتەجێبوونیان لە شارەکان.

دووەم: کێشەی هەڵئاوسان لە سەر کەرتە جیاوازەکان

زۆریی ڕێژەی هاوڵاتییان لە سەنتەری شارەکان بە شێوەیەکی نابەرانبەر لەگەڵ گوندەکان، هەڵئاوسانی لە سەر کەرتە گشتییە جیاجیاکان دروست کردووە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ زۆربوونی ڕێژەى بێکاری، سستی لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شوێنە گشتییەکان، پشتبەستن بە بەرهەمە دەرەکییەکان، پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی ڕێژەی هەژاری.

سێیەم: سوودنەبینین لە تەکنەلۆژیای سەردەم و گەشەپێنەدانی بەردەوام و مۆدێرنەی شارەکان

لەگەڵ هەبوونی ئەو دوو کێشەیەی سەرەوە، هێشتا شارەکانی هەرێم نەیانتوانیوە سوود لە بەرنامەیەکی تۆکمە و گرنگ ببینن کە هەماهەنگ بێت لەگەڵ تازەترین داهێنانەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان بۆ گەشەپێدانی شارەکان بە شێوەیەکی بەردەوام. هەر چەندە لە کابینەكانی حکومەتی هەرێم کار لە سەر چەندین پڕۆژەی گرنگی دیجیتاڵیی بچووک و مامناوەند کراوە وەک: پڕۆژەی حکومەتی ئەلکترۆنی[2]، پڕۆژەى بایۆمەتری[3]، پڕۆژەى خزمەت و شەفافیەت[4]، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز کاری جددی لە سەر پڕۆگرامێکی گشتگیر، تۆکمە و زانستی نەکراوە کە بتوانێت ڕەهەندە جیاوازەکانی شارەکانی هەرێم لە سەر نەخشەی پێشکەوتنەکانی جیهان بچەسپێنێت. بەڕێوەبردنی شارەکان بە شێوە کلاسیکییەكەی ئێستا، گلەییوگازندەى زۆری لای هاوڵاتییان دروست کردووە و داواکاریی بەردەوامیان بۆ بەرەوپێشچوونی وڵات و باروگوزەرانیان هەیە.

٢. جێبەجێکردنی شاری زیرەک لە هەرێمی کوردستان

شاری زیرەک وەک تازەترین چوارچێوەی کار (Framework) لە ئەورووپا، ئەمەریکا و وڵاتە پێشکەوتووەکانی دیکە ناسێنراوە. هەر چەندە تا ئێستا تێگەیشتن و پێناسەی تا ڕادەیەک جیاواز لە سەر جێبەجێکارییەکانی شاری زیرەک هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەم پێشنیازەدا هەوڵ دەدەین ئەو پێناسە و پراکتیزانە لەبەرچاو بگرین کە زۆرترین بایەخ و گونجاندنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەبێت.

٢.١. شاری زیرەک

بە گشتی چەمکی شاری زیرەک لە دەیەی پێشووەوە سەری هەڵداوە، بریتییە لە چۆنێتیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان لە باشترکردنی بەڕێوەبردنی شارەکان، بەرەوپێشبردنی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی، هاندان، توانای کێبڕکێی دابینکردن، ناساندنی ڕێگەچارەی نوێ بۆ چەمکەکانی هەژاری، کێشە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان[5]. هەروەها ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانەوە و دەبنە بڕبڕەی پشتی شاری زیرەک، بریتییە لە زیرەکیی دەستکرد، ئینتەرنێتی هەموو شتێک، دەیتای گەورە و شیکردنەوە ئامارییەکان[6]. یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠١٨دا شاری زیرەکی بەو شوێنە پێناسە کرد کە تۆڕ و خزمەتگوزارییە تەقلیدییەکان بە بەکارهێنانی چارەسەری دیجیتاڵی کاراتر دەکەن بۆ سوودی دانیشتووان و کار و بازرگانی. شاری زیرەک بەکارهێنانێکی ئاسایی تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان تێدەپەڕێنێت و لە سەروو ئەوەوە کار بۆ باشتر بەکارهێنانی سەرچاوەکان و دەردانی کەمتری گازی ژەهراوی دەکات، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە بەرەو تۆڕی هاتوچۆیەکی زیرەکتری ناو شار بچین، لەگەڵ دابینکردنی ئاو و فڕێدانی پاشماوەکان بە شێوەیەکی پێشکەوتووانەتر، هەروەها بەکارهێنانی ڕێگەی کاراتر بۆ ڕووناککردنەوە و گەرمیی بیناکان. هەروەها بە مانای کارگێڕیی شارێک دێت کە وەڵامی خێراتر و گونجاوتری بۆ خواست و داواکارییەکانی دانیشتووانەکانی دەبێت لەگەڵ ڕەخساندنی فەزایەکی گشتیی سەلامەتتر و دابینکردنی پێداویستیی خەڵکانی بەساڵاچوو[7]. ئەم ناساندنەى یەکێتیی ئەورووپا خرایە بەرنامەی کارەوە کە لە تەواوی ئەورووپادا بودجەی بۆ تەرخان کرا و کاری لەسەر کرا. دواتر چەندین پێشبڕکێ و پڕۆگرامی گرنگی لە سەر دامەزرا، بە نموونە وەکوو پێشبڕکێی ١٠٠ شاری زیرەک. لە هەمان کاتیشدا بەریتانیا پڕۆگرامێکی تایبەتی بە ناوی “بەیەکەوە بەرەو لەندەنی زیرەکتر[8]“، ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو شارێکی زیرەکیان بە ناوی شاری سەرچاوە (Masdar City) لە ئەبوزەبی دامەزراندووە و عەرەبستانی سعودی خەریکی دروستکردنی شارێکی تەواو سەرسوڕهێنەرن بە بودجەی ٥٠٠ ملیار دۆلار بە ناوی شاری زیرەکی نیۆم (Neom)[9].

بە گشتی ئەزموونی جێبەجێکردنی شاری زیرەک لە ئەورووپا و وڵاتە پێشکەوتووەکان جیاوازییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بە لەبەرچاوگرتنی ژێرخان و سەرخان.

٢.٢. جیاوازیی وڵاتان لە جێبەجێکردنی شاری زیرەک

أ. ژێرخانی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری: ڕێژەی پێشکەوتنى هەر وڵاتێک لە ڕووى ژێرخانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانەوە جیاوازیی هەیە لەگەڵ وڵاتەکانی دیکەدا. بۆ نموونە؛ ژێرخانی تەکنەلۆژیی شاری لەندەن تەواو بەهێزە و دەکرێت بە شێوەیەکی زۆر ئاسانتر لە هەر شوێنێکی تر چەمکەکانی شاری زیرەک یان هەر چەمکێکی دیکەى تەکنەلۆژیی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ئەزموونێکی بەهێز لە بوارە جیاجیاکاندا و سوودبینین و جێبەجێکردنی داهێنانە نوێیەکان لە کەرتە جیاجیاکاندا لە ماوەى کورت و دیاریکراودا. لە هەمان کاتدا بۆ شوێنێکی وەک هەرێمی کوردستان کارەکە تەواو جیاوازە و زۆر سەختترە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ماوەی پێشوودا کەمترین سوود لە پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری بینراوە بۆ بوارە جیاجیاکانی کەرتی گشتی، ئەمەش وای کردووە کەرتی گشتیی ئەم هەرێمە بە شێوەیەکی بەرچاو جێ بمێنێت لەو پێشکەوتنانەى کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەبینرێت، بۆ ئەم مەبەستەش جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەی شاری زیرەک لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە پلانێکی تۆکمەترە وەک لە وڵاتێکی پێشکەوتووتر لە بوارەکەدا.

ب. لەخۆگرتنی چەمکی تازەی تەکنەلۆژی لای کۆمەڵگاکان: هەر کۆمەڵگەیەک بە پێی ئاستی هۆشیاریی تاکەکانی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان وەردەگرێت. کۆمەڵگەی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان ئاسانتر دەتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە سەردەمییەکاندا خۆیان بگونجێنن، ئەمەش پەیوەستە بە سەرخانی ئەو کۆمەڵگەیەوە. بەڵگەش بۆ ئەمە، ئەو پێشکەوتنە خێرایانەیە کە لەو وڵاتانە دەبینرێت کە پێشکەوتنی خێرایان تێدایە و ڕێژەى هاوتەریببوونی هاوڵاتییانیش لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانە لە ئاستێکی باڵادایە. لەم ڕووەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئامادەییەکی کەمیان هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییە نوێیەکاندا، ئەمەش هاتن و بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یارییە ئەلکترۆنییەکان و هاوشێوەى ئەوانە ناگرێتەوە، بەڵکوو مەبەست لێی بەکارهێنانی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیارییە لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کەرتی تایبەت و سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و مۆدێرن لە بەڕێوەبردن و گەشەسەندنی وڵاتدا. وەک نموونەیەک بۆ ئەم بابەتە، یەکێک لەو تەکنەلۆژییە سەردەمیانەی کە دەیەیەک زیاترە لە جیهاندا لە بواری تەلارسازی سوودی لێ دەبینرێت ناوی “Building Information Modeling (BIM)”ە، وەک  بنەمایەک بۆ تەلارسازیی نوێ ناسێنراوە کە لە ڕێگەیەوە سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەرگیراوە و چەندین جێبەجێکاری جۆراوجۆری لە سەر دروست کراوە و لە شۆڕشی پیشەسازیی (٤)یشدا بە ڕوونی پێناسە کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێی توێژینەوەیەک کە لە پارێزگای هەولێر ئەنجام دراوە، تەنها %٥٨ی ئەندازیارانی ئەو پارێزگایە گوێبیستی “BIM” بوون و لەو ڕێژەیەش تەنیا %٢١ی ئەندازیاران بەکاریان هێناوە[10]. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەندازیاران بە توێژێكی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا هەژمار دەکرێن، بوارەکەیان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بازاڕی کارەوە و پێویستە بەردەوام لە وەرگرتنی زانیاریی نوێدا بن. بۆیە لە ئەگەری هەبوونی هەر نەخشەڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی شاری زیرەک، پێویستە کاری جددی لە سەر هۆشیارکردەوەی کۆمەڵگە بکرێت.

 

٢.٣. پێشنیازی نەخشەڕێگەی شاری زیرەک بۆ هەرێمی کوردستان

بۆ ئەوەی شارێک بکەین بە زیرەک، پێویستمان بەوە دەبێت کە سوود لە پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری ببینین بەو شێوە سەردەمیانەی کە هەیە بۆ گشت کەرتە جیاوازەکانی شارەکە. وەک لە سەرەوەش ئاماژەی پێ کراوە، زیرەکیی دەستکرد و ئینتەرنێتی هەموو شتێک و دەیتای گەورە لە بنچینەی ئەو سیستمە تەکنەلۆژییانە دەبن کە شارەکانی پێ بەڕێوە دەبرێن. بە تایبەتییش دەکرێت جەخت لەم بوارانەی خوارەوە بکرێتەوە:

٢.٣.١. جووڵەی زیرەک  (Smart Mobility)

جووڵەى زیرەک بریتییە لە جووڵە و توانای گەیشتنی کەسێک لە شارەکاندا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە بەکارهێنانی یەکێک یان چەند شێوازێکی گواستنەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە. جووڵەى زیرەکی شارەکان توانایەکی فرەشێواز پێشکەش دەکات وەک گواستنەوەی گشتی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی هاتوچۆ لە سەر داواکاریی هاوڵاتییان، هاوبەشیپێکردنی ئۆتۆمبێل لەگەڵ هاوڵاتییان، هاوبەشیپێکردنی پاسکیل و بەکارهێنانی هۆکارە جیاوازەکانی تری گواستنەوە، ئەمانەش بە دڵنیابوون لە تێکەڵکردنی ژێرخانی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری لەگەڵ: ئامانجەکانی شار، ڕێوشوێنی سەوز، خزمەتگوزاریی لۆجستی و یەکخستنی شێوازە جیاوازەکان و کارکردنی هاوبەشی خزمەتگوزارییەکان، بەمەش شارەکان متمانەپێکراوتر و کاراتر و وزەى سەوزتر بەکار دەهێنن[11].

٢.٣.٢. وزەی زیرەک (Smart Mobility)

وزە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە باشترکردنی ژینگەی ژیانی شارە زیرەکەکان. بە بەکارهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە، دڵنیا دەبیتەوە کە وزەی زیرەک بۆ شارەکان دابین کراوە:

  • کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە بە شێوەیەک کە هاوتا بێت لەگەڵ بنەما زیرەکەکان.
  • پاککردنەوەی ژینگە بە کەمتر بەکارهێنانی سەرچاوە جیاوازەکانی بەکارهێنانی وزە.
  • دووبارە بەکارهێنانەوەی وزە و کارکردن بە ئابووریی بەکارهێنانی وزە.
  • کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و کەمکردنەوەی پارەی وزە[12].

لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئەم دواییانەی تەکنەلۆژیا نوییەکانی وەک ئینتەرنێتی هەموو شتێک و کۆمپیوتەری هەوری (Cloud Computing)، دەکرێت سیستمی وزە بە شێوەیەکی زیرەکانەتر کار بکات بە پشتبەستن بە کۆکردنەوەی ئەو جۆرە زانیارییانەی کە دەبێتە هۆکار بۆ کەمتر بەکارهێنانی وزە.

٢.٣.٣. ژینگەى زیرەک (Smart Environment)

دوو گەورەترین ئاستەنگی ژینگەیی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکات؛ ئەوانیش کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو و بەبیابانبوونی بەشێکی ناوچەکان، کە ئەمانەش بە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەى بارانبارین و زۆربوونی ڕێژەى تۆزبارین. بۆ ئەم هۆکارەش، ژینگەی زیرەک دوو بەرپرسارێتی لەئەستۆ دەگرێت کە ئەوانیش بریتین لە: یەکەم، ئینتەرنێتی هەموو شتێک و شیکاری دەیتا ئاڵۆزە ژینگەییەکان بۆ دۆزینەوەی هۆکار و چارەسەری بەردەوامی کێشە ژینگەییەکان دەتوانن کاریگەرییەکی گەورەیان هەبێت لە چاودێریکردن و پاراستنی ژینگەدا[13]. دووەمیش، پێویستە کاری جددی لە سەر کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان و پەنجەمۆری کاربۆن بکرێت بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. بۆ ئەم مەبەستەش، چارەسەرە گرنگەکان بریتی دەبێت لە گۆڕینی وزەی بەکارهاتوو بۆ سەرچاوەیەکی نوێبووەوە و بەردەوامی وزە. بەم شێوەیەش دەگەین بەو ئامانجەی کە کوالێتییەكی باشتری هەوا و کەمتربوونی ئەو نەخۆشییانەى کە لە ڕێگەی ژینگەی پیسەوە تووشی هاوڵاتییان دەبن، تەنانەت هاندانی خەڵکیش بۆ گۆڕینی بیروبۆچوونیان بۆ بەکارهێنانی شێوازە بەدیلەکانی گواستنەوە.

٢.٣.٤. ئابووریی زیرەک (Smart Environment)

Translation is too long to be saved

ئابووریی تەندروست هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی شارەکان بە باشی کار بکەن و خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتییان بکەن. ئامانجی ئابووریی زیرەک ئەوەیە کە لە ڕێگەی چەند بەهایەکی تایبەت بە ئابوورییەوە پێشبینیی داهاتوو بکات، ئەمەش لە ڕێگای ئەو بەهایانەوە دەبێت کە بەرز و نزمیی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، ڕێژەی بێکاری و چەند هۆکارێکی تری گرنگی لە سەر جێگیر کراوە. بەکارهێنانی پێوانەى ورد و دەقیقی پێداویستییە ئابوورییەکانی دانیشتووان، کاریگەریی گرنگی لە سەر حکومەت و بەڕێوەبردنی شاری زیرەک هەیە، هەر ئەم پێوانانەشە کە وا لە حکومەتەکان دەکەن بڕیار لە سەر تەرخانکردن یان سنووردارکردنی  سەرچاوە جیاوازەکانی پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتییان بدەن و بتوانن بڕیاری گونجاوتر و کاریگەرتر لە سەر بژێویی تاکەکان بدەن[14].

٢.٣.٥. تەندروستیی زیرەک (Smart Health)

شاری زیرەک دەتوانێت یارمەتیی نەخۆشخانەکان بدات بۆ بەدەستهێنانی چاودێریی تەندروستیی زیرەک، کە ئەویش دەتوانێت چەند جۆرێکی جیاوازی سیستمی بەڕێوەبردنی زیرەک بناسێنێت بۆ کۆکردنەوەی دەیتای دیجیتاڵیی پەیوەست بە تەندروستیی شارەکانەوە. هەروەها خەزنکردن، پڕۆسێسکردن و شیکردنەوەی دەیتای پزیشکیی پەیوەست بە نەخۆش و تەندروستیی گشتییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی نهێنیی نەخۆش بۆ بەدەستهێنانی چاودێرییەکی تەندروستیی باشتر و توندوتۆڵتر لە شارەکاندا، ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی هەستەوەرە زیرەکەکان، ئینتەرنێتی هەموو شتێک، زیرەکیی دەستکرد، سیستمی زانیاری، بەرنامەی مۆبایل و چەند شتێکی ترەوە بەدەست بهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریی چاودێریی تەندروستیی زیرەک. هەروەها فەراهەمکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بۆ هاوڵاتییان، بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی شارەکە بگات[15].

٢.٣.٦. حوکمڕانیی زیرەک  (Smart Governance)
بریتییە لە بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ باشترکردنی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، هەروەها بەشداریپێکردنی هاوڵاتییان لە پلاندانان و هاوبەشیکردن لە دیزاینی شارەکان. جگە لەوەش، حوکمڕانیی زیرەک ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری لە کەرتە گشتییەکانی وەک جووڵە، تەندروستی، ژینگە، ئاسایش و ئابووریی کۆمەڵایەتی و بوارەکانی تری دەکەوێتە ئەستۆ کە دواتر لە ڕێگای تەکنەلۆژیای سەردەمەوە شیکاریی پێویستیان بۆ دەکات بۆ دەرکردنی بڕیاری گونجاوی پەیوەست بە شارەکانەوە[16].

  1. پڕۆگرامی شاری زیرەکی (کوردستان سمارت سیتی)

ئەم پڕۆگرامە بریتییە لە یەکەم دەستپێشخەری لە ناوچەکەدا بۆ ئامادەکردن و جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر، گونجاو و واقعی بۆ بنیاتنانی ژێرخانی تایبەت بە شاری زیرەک لە سەر ئەو بنەمایانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش کوردستان سمارت سیتی بەرنامەی دامەزراندنی تاقیگە و ئینکیوبەتەرێک (Incubator) وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەم بابەتە دەخاتە ڕوو. ئامانجیش لەمە، پەرەپێدانی شاری زیرەک و داهێنەرانە و بەردەوامە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئامانج، هیوا و داواکارییە هەنووکەییەکانی دانیشتووانی شارەکان. ئامانجیشی ئەوەیە کە وەک گرنگترین دەستپێشخەریی کاریگەری ناوچەکە کە خەڵکی داهێنەر و تەکنەلۆژیست لە بوارەکانی ئەکادیمی، تەکنەلۆژیا، دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، بەکارهێنەران، خاوەنکاران و وەبەرهێنەران لەخۆ بگرێت کە توانای چارەسەری کێشەی شارە زیرەکەکانی هەبێت لە بوارەکانی زیرەکیی دەستکرد، ئینتەرنێتی هەموو شتێک و دەیتای گەورە. کاری پێکەوەیی چین و توێژە جیاوازەکان و بیری داهێنەرانە و دڵسۆزانە، دەبێتە هەوێنی سەرخستنی پڕۆگرامەکە. وردەکاریی پڕۆگرامەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دەکرێت جێبەجێ بکرێت[17].

٤. سمارت سیتی لاب

ئەم تاقیگەیە دەبێتە بەردی بناغەى ئەم پڕۆگرامە کە لە ڕێگەی ئەم دوو میکانیزمەی خوارەوە کارەکانی جێبەجێ دەکات.

٤.١. دەستەی ڕاوێژکاری

هەر یەکێک لەو سێکتەرانەی شاری زیرەک کە لە سەرەوە باس کراوە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی تایبەت هەیە لە سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت. دەستەکە دەکرێت پێک هاتبێت لە چەند کەسێکی نوخبە و کارامە و پەیوەندیدار بە سێکتەرەکان و تەکنەلۆژیای سەردەمەوە. دەستەکان دەکرێت پێک هاتبن لەم توێژانە:

  • توێژەرانی ئەکادیمی
  • ڕاوێژکار و پسپۆڕان
  • تەکنەلۆژیست
  • لایەنی پەیوەندیدار

 پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەش دەکرێت بەم چوار قۆناغەى خوارەوە جێبەجێ بکرێت:

یەکەم: لێکۆڵینەوە لە سەر چارەسەرە جێبەجێکراوەکانی ئێستای شاری زیرەک لە وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئاستی پێشکەوتنی ئێستای ئەو وڵاتانە بە تەواوەتی هەڵبسەنگێنرێت و ئاستی ئەزموون و بەرەوپێشچوونەکانیشیان دیاری بکرێت. پڕۆسەی کۆکردنەوەى زانیارییش دەکرێت لە هەر یەکێک لەم ڕێگایانەوە بێت:

  • بەدواداچوون و خوێندنەوەی دۆکیۆمێنت و ئەو توێژینەوانەى کە بۆ بنیاتنانی شارە زیرەکەکان سوودی لێ بینراوە.
  • چاوپێکەوتن و سوودبینین لە ئەزموونی ئەو کەسانەی کە لە شارە زیرەکانەدا کاریان کردووە، لە توێژەران، ڕاوێژکاران، یاسادانەران، بەرپرسان، کارمەندانی تایبەت بە پڕۆژەکان و تەنانەت بەکارهێنەرانیش.
  • سەردانکردنی شارە زیرەکەکان و دۆکیۆمێنتکردنی ئەو بەشانەى کە سوودی بۆ وڵاتی ئێمە دەبێت.

ئەم قۆناغەش گرنگیی ئەوتۆی هەیە بۆ نیشاندان و ڕوونکردنەوەی قۆناغی ئێستا و نزیکمەودا و گەشەسەندنی شارە زیرەکەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا.

دووەم: پێداچوونەوە بە نوێترین توێژینەوەکانی سێکتەرە جیاوازەکانی تایبەت بە بواری شاری زیرەک و هەڵهێنجاندنی چارەسەرە ئایندەییەکان لە کەرتە جیاوازەکانی شاری زیرەک بۆ تێگەیشتن لە داهاتووی بوارەکە، ئەمەش بریتی دەبێت لە پێداچوونەوە بە نوێترین توێژینەوەکانی گۆڤار و کۆنفڕانسەکان، کتێبەکان، نوێترین داهێنانەکان و  تێبینیکردنی چارەسەرە دوورمەوداکان لە گشت سێکتەرەکان و بە تایبەتییش ئەو لایەنانەى کە پەیوەستن بە بابەتە تەکنەلۆژییەکانەوە. ئەم قۆناغەش گرنگییەکەی ئەوەیە کە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی داهاتووی تایبەت بە شاری زیرەکی تێدا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت بۆ بنیاتنانی نەخشەڕێگایەکی تۆکمە و ئایندەیی لە بوارەکەدا.

سێیەم: شیکردنەوەی ژێرخانی تەکنەلۆژی و دیاریکردنی ئاستی ئامادەیی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی شاری زیرەک، ئەمەش لە ڕێگای لێکۆڵینەوەی ئەو ئاڵنگاری و دەرفەتانەى کە لە سێکتەرەکاندا هەن، لە ڕێگەی سەردانی مەیدانیی شوێنەکان، تۆمارکردن و دۆکیۆمێنتکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی پەیوەندیداری سەر بەو سێکتەرانە. کەسانی پەیوەندیداریش لەم قۆناغەدا دەکرێت پێناسە بکرێن بە:

چوارەم: قۆناغی کۆتایی بریتییە لە پێشنیارکردنی نەخشەڕێگەیەکی دروست و گشتگیر بۆ سێکتەرە جیاجیاکان لە ڕێگای دەستەکانی ڕاوێژکارییەوە، ئەمەش بە پشتبەستن دەبێت بە سێ قۆناغەکەی پێشوو. لەم قۆناغە بەدواوە، دەکرێت شاری زیرەک بکەوێتە بواری پراکتیکییەوە بەم شێوەیەی خوارەوە.

٥. سمارت سیتیی ئینکیوبەتۆر

ئینکیوبەتۆر بە دامەزراوەیەک دەوترێت کە یارمەتیی دەستپێشخەرییەکانی کار و کۆمپانیاکان دەدات بۆ پەرەپێدانی کارەکانیان لە ڕێگای کۆمەڵێک خزمەتگوزارییەوە، وەک: ڕاهێنان و پێدانی شوێنی کار و هەندێک کاتیش ڕەخساندنی هەلی کار و بازرگانی و بگرە پارەدارکردنیشیان. دەکرێت لە پاش پێشنیارکردنی نەخشەڕێگەی شاری زیرەک، ڕووبەڕووی سەدان کێشەی بچووک تا گەورە ببینەوە و پێویستمان بە چارەسەری گونجاو هەبێت بۆیان. لەم ڕوانگەیەشەوە سمارت سیتی ئینکیوبەتۆر دەبێتە پردێکی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان سمارت سیتی لاب و تاکەکەس و دەستپێشخەرییەکانی کار و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانیش بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. ستراتیژیەتی کارکردنیشی بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت.

٥.١. زانکۆکان

هەوڵدانی جددی بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی ئەرێنی و پراکتیکی لە نێوان کێشەکانی شاری زیرەک و زانکۆکان. پێویستە زانکۆکان بە شێوازی جۆراوجۆر هان بدرێن بۆ ئەوەی لە بچووکترین کێشەوە تا کێشە گەورەکان چارەسەر پێشنیار بکەن و متمانەى پێویستیان پێ بدرێت.  ئەمانەش لە چەند ڕێگەیەکەوە دەبێت:

  • دانانی پێشبڕکێی بەردەوام لە سەر کێشە بچووک و مامناوەندەکانی شاری زیرەک بە شێوەی مانگانە و تەرخانکردنی گرەنتیی تایبەت بۆ باشترین پڕۆژە/پێشنیاز کە لە لایەن خوێندکارانەوە پێشنیاز دەکرێت بۆ هەر پێشبڕکێیەک.
  • پێشنیازکردنی ناونیشانی پراکتیکی و پەیوەست بە شاری زیرەک بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵای نزیک لە سێکتەرە جیاوازەکانی شاری زیرەک و پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیارییەوە، بۆ ئەوەی توێژەر کار لە سەر پڕۆژە و دۆزینەوەی چارەسەری واقیعی و تایبەت بە هەرێمی کوردستان بکات، بێگومان ئەمەش پێویستی بە هاندانی ماددی و مەعنەوی دەبێت.
  • بەئامانجگرتنی گەورە توێژەر و ئەکادیمیستەکان و ڕێگە خۆشکردن بۆیان کە بتوانن چارەسەر پێشکەش بکەن بۆ کێشە مامناوەند و گەورەکانی شاری زیرەک.

٥.٢. گەنجان و تاکەکانی تری کۆمەڵگا

بەرەوپێشبردن و ڕاهێنانی بەردەوامی منداڵان و گەنجان و توێژەکانی تری کۆمەڵگا بۆ بابەتە هەنووکەییەکانی تایبەت بە شاری زیرەک، دەبێتە یەکێک لە ستراتیژیەتەکانی کارکردنی سمارت سیتی ئینکیوبەتۆر. ئەمەش لە ڕێگای پێشنیارکردنی پرۆگرامی خوێندنی دیجیتاڵی و پەیوەست بە شاری زیرەک بۆ قوتابخانەکان و زانکۆکان، لەگەڵ ئەوەشدا هەبوونی ڕاهێنانی بەردەوام لە سەر ئەو بوارانەی کە پێویستن. لە کۆتاییشدا، هاندانی گەنجان و گشت تاکەکانی تری ناو کۆمەڵگە بۆ هاوکاریکردن و پێشنیارکردنی چارەسەری زیرەکانە بۆ شارەکان.

٥.٣. خاوەنکار و وەبەرهێنەران

بنیاتنانی ژێرخانی زیرەکی هەر شارێک پێویستی بە وەبەرهێنانێکی گەورە دەبێت. لە کۆتاییدا بەشێک لە کێشەکان بە هاریکاریی گەورە خاوەنکار و وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچن.

٦. ڕووماڵی میدیایی

هەروەکوو لە سەرەوە ئاماژەى پێ کراوە، یەکێک لە دوو ئاڵنگارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە ناو شاری زیرەکەوە بریتییە لە قبووڵکردن و کارپێکردنی پێشکەوتنەکان لە لایەن کۆمەڵگاوە. لە لایەکی تریشەوە بە هۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، ئاستی پێشبینیی خەڵک لە حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش وای کردووە کە بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییانی ئاسایی و تەنانەت کارمەندانی ئاسایی و هەندێ جاریش باڵا لە ئاستی پێویستدا نەبێت بۆ بەکارهێنان و هاوکاریکردن لە سەرکەوتنی ئەو خزمەتگوزاری و پڕۆژە نوێیانەی کە پێشکەش دەکرێن. نموونەش بۆ ئەمە، ئەو پڕۆژە ئەلکترۆنییانەى حکومەتی هەرێمە کە لە ماوەی پێشوودا ناسێنراوە وەک پڕۆژەى خزمەت و حکومەتی ئەلکترۆنی… هتد، بەڵام خەڵکی نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی باش سوودیان لێ ببینن. هۆکارێکی تری سەرەکیی ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سوود لە کەمترین هۆکاری ڕاگەیاندنی پڕبینەر بینراوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو ئاستی بەرەوپێشچوونەکان لەم جۆرە پڕۆژانە بخرێنە بەرچاوى هاوڵاتییان، ئەمەش وای کردووە ڕای گشتی بە لای ئەم بابەتانەدا ڕانەکێشرێت و پڕۆژەکان بە تەواوی بە لاوەکی بناسێنرێن. بۆ ئەم مەبەستەش، وەکوو نوێگەرییەک لە بواری پڕۆژەی کەرتی گشتیدا، پێشنیازی زنجیرەبەرنامەیەکی بەڵگەنامەیی و ڕووماڵی بەردەوامی پڕۆگرامەکە دەکەین کە شانبەشانی بەرەوپێشچوونەکان بەردەوام بێت، ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی گرنگ لە ڕاکێشانی ڕای گشتی بۆ ئەوەی هەمووان بەیەکەوە هاوکار بن بۆ سەرکەوتنی پڕۆگرامەکە. بە گشتییش سوود لەم بەشانەى خوارەوە دەبینرێت بۆ دروستکردنی زنجیرەی بەڵگەنامەیی و ڕووماڵی میدیایی:

  • هەموو ئەو کەسانەی کە کار لە پڕۆگرامەکەدا دەکەن لە توێژەران، ڕاوێژکارانی تەکنەلۆژی و بوارەکانی تر، بەرپرسان و لایەنی پەیوەندیدار بە حکومەت و خودی شارەکانەوە، دەکرێ لە ڕووماڵەکاندا ئەرکی گەیاندنی زانیاری و بەرەوپێشچوونەکان بگرنە ئەستۆ.
  • هەموو ئەو شار و وڵاتە پێشکەوتووانەی تر کە نموونەى سەرکەوتووی شاری زیرەکیان هەیە؛ دەکرێ بەشێک بن لەم ڕووماڵە میدیاییە، بە تایبەت ئەو کەس و لایەنانەی کە بەشدار بوون لە سەرخستنی شاری زیرەک لە شارەکان.
  • وەکوو ئاشکرایە لە گۆڕینی شارێکی کلاسیکدا بۆ زیرەک، بۆ هەر سێکتەرێک دەیان و سەدان ئاڵنگاری و کێشەمان تووش دەبێت بە جۆر و قەبارەی جیاوازەوە. بۆ هەر یەکێکیشیان، پێویستە بەشوێن چارەسەری گونجاودا بگەڕێین. ڕەنگە وەک لە سەرەوە ئاماژەى پێ کراوە، بەشێک لەو کێشانە لە سەر ئاستی کۆمەڵگا کاری لە سەر بکرێت و بە شێوەی جیاواز چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. لە ڕاستیدا دۆکیۆمێنتکردن و پیشاندانی کاری پێکەوەیی و پێشبڕکێ و ئیڤێنتی جیاواز؛ دەکرێت ببنە بەشێکی گرنگی ئەم ڕووماڵە.

٧. ڕاسپاردە و پێشنیاز

ئەم بابەتەی سەرەوە وەک پێشنیازی جێبەجێکردنی شاری زیرەک دەخەینە بەردەست خوێنەران و لایەنی پەیوەندیدار. بە پێی پێویست هەوڵ دراوە بە کورتی پێناسەی شاری زیرەک و ئەو سێکتەرانەی لەو بوارەدا گرنگیی تایبەتییان هەیە لە هەرێمی کوردستان؛ بکرێت، هەروەها پێشنیازی جێبەجێکردنی یەکەم پڕۆگرام و نەخشەڕێگە کە بگونجێت لەگەڵ ژێرخان و سەرخانی هەرێمی کوردستاندا پێشکەش بکرێت. ئەوەی کە ماوەتەوە ئەوەیە ئەم پێشنیازە دەکرێت وەکوو هەنگاوی دەستپێک ببینرێت و لەگەڵ زانکۆکان و لایەنی جێبەجێکاری وڵات و تەنانەت خاوەنکار و بەڵێندەرانێش گفتوگۆ بکرێت بۆ هاوبەشیپێکردن و دوزینەوەی چانسی بەیەکەوە کارکردن.

 

سەرچاوەكان:

[1] Research, G.D.T. (2022) History of smart cities: Timeline, Verdict. Available at: https://www.verdict.co.uk/smart-cities-timeline/ (Accessed: January 7, 2023).

[2] Strategy for digital transformation (no date) Kurdistan Regional Government. Available at: https://gov.krd/dxs/ (Accessed: January 18, 2023).

[3] KRG biometric registration project meets 500K enrollments milestone (no date) Kurdistan Regional Government. Available at: https://gov.krd/dit-en/activities/news-and-press-releases/2017/january/krg-biometric-registration-project-meets-500k-enrollments-milestone/ (Accessed: January 18, 2023).

[4] سلێمانی گەنجینەکانی (no date) داشبۆرد – شەفافیەت. Available at: https://shafafiat.com/ (Accessed: January 18, 2023).

[5] C. Harrison, B. Eckman, R. Hamilton, P. Hartswick, J. Kalagnanam, J. Paraszczak,

  1. Williams, IBM J. Res. Develop. 54, 1 (2010).

[6] Soomro, K., Bhutta, M. N. M., Khan, Z., & Tahir, M. A. (2019). Smart city big data analytics: An advanced review. Wiley Interdisciplinary Reviews: Data Mining and Knowledge Discovery9(5), e1319.

[7] European Union (no date) Smart cities, European Commission. Available at: https://commission.europa.eu/eu-regional-and-urban-development/topics/cities-and-urban-development/city-initiatives/smart-cities_en (Accessed: January 7, 2023).

[8] london.gov (2022) Smart london, London City Hall. Available at: http://www.london.gov.uk/smart-london (Accessed: January 7, 2023).

[9] Made to change (no date) NEOM. Available at: https://www.neom.com/en-us (Accessed: January 7, 2023).

[10] Wali, K.I., 2020. An investigation into the current situation of implementing building information modeling (BIM) in construction projects in Erbil city, KRG, Iraq. Zanco Journal of Pure and Applied Sciences, 32(3), pp.10-19.

[11] Benevolo, C., Dameri, R.P. and D’auria, B., 2016. Smart mobility in smart city. In Empowering organizations (pp. 13-28). Springer, Cham.

[12] Thellufsen, J.Z., Lund, H., Sorknæs, P., Østergaard, P.A., Chang, M., Drysdale, D., Nielsen, S., Djørup, S.R. and Sperling, K., 2020. Smart energy cities in a 100% renewable energy context. Renewable and Sustainable Energy Reviews, 129, p.109922.

[13] Mayer, S., Verborgh, R., Kovatsch, M. and Mattern, F., 2016. Smart configuration of smart environments. IEEE Transactions on Automation Science and Engineering, 13(3), pp.1247-1255.

[14] Kumar, V. and Dahiya, B., 2017. Smart economy in smart cities. In Smart economy in smart cities (pp. 3-76). Springer, Singapore.

[15] Poongodi, M., Sharma, A., Hamdi, M., Maode, M. and Chilamkurti, N., 2021. Smart healthcare in smart cities: wireless patient monitoring system using IoT. The Journal of Supercomputing, 77(11), pp.12230-12255.

[16] Barns, S., 2018. Smart cities and urban data platforms: Designing interfaces for smart governance. City, culture and society, 12, pp.5-12.

[17] Mahmood, M.L. (no date) Smart city – smart city, Smart City – Smart City. Available at: https://smartcity.krd/ (Accessed: January 18, 2023).

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی شانزەیەم (16) ئازاری، 2023، ساڵی سێیەم

Send this to a friend