• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 10, 2023

پێویستییەکانی ئەمنیەتگەرایی و زیادەڕۆیی لە تێوەگلانی ئێران لەگەڵ حوسییەکان لەلایەن ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانەوە[1].

تۆم واڵش

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: گەلاوێژ سۆفی

پوختە

 لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە گوتاری ئاست- نوخبەی نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە زیادەڕەوی تێوەگلانی ئێران لەگەڵ حوسییەکان وەک پاساوی دەستێوەردان بە ڕێبەرایەتی سعودیە لە یەمەن خزمەتی کرد. بەشێوەیەکی ئایرۆنی، ئەمە سوودی بە ئێران گەیاند، چونکە ڕیاز سەرنجی خۆی لە ئەولەویاتەکانی ئێران لە سووریا دوورخستەوە، متمانەی نێودەوڵەتی خۆیانی لاوازکرد و بلیۆنان دۆلاریان لەم ناکۆکییە نەبڕاوەیەدا خەرجکرد. ئێران و عەرەبستانی سعودیە(KSA) و هەندێک لە ئەکتەرە ڕۆژئاواییەکانیش پشتیان بەو چیرۆکە بەست کەحوسییەکان پەیوەندییەکی قووڵیان بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە. لەکاتێکدا پشتیوانیی ئێران لەوماوەیەدا کەم بوو، ئێران هەوڵیدا لە ڕێگەی پشتیوانی لە گوتاری حوسییەکانەوە، نا ئەمنیەتی سعودیە زیاد بکات. ڕیاز کە بە پەرۆشی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بوو لە یەمەن، زیادەڕەوی لەم پەیوەندییەدا کرد بۆ ئەوەی پاساو بۆ گەمارۆ و هێرشە ئاسمانییەکانیان بهێنێتەوە، کە بە ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە (ODS) لە ٢٥ ئازاری ٢٠١٥ دەستیپێکرد. هەندێک ئەکتەری ڕۆژئاوایی کە ئەولەویەتی جیۆپۆلەتیکی هەرێمی هاوشێوەی هاوبەشیان هەبوو، ئەم گێڕانەوەیەیان هەڵبژارد. ئەمەش پشتگیری ئەوانی بۆدەستێوەردان بەڕێبەرایەتی سعودیە پشتڕاستکردەوە. ئەمە لەبەرامبەردا لێکەوتەی وێرانکەری بۆ خەڵکی یەمەن هەبووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دینامیکیانە، ئەم وتارە سێ پرسیاری توێژینەوەیی دەکات:

ئایا زیادەڕەوی لە ڕادەبەدەری تێوەگلانی ئێران بەسەرکردایەتی سعودیە لە گێرانەوەی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە (ODS) بۆ بینەرانی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو بووە؟ ئایا تێوەگلانی ئێران زیادەڕەوی زۆری تێداکراوە؟ لە کۆتاییدا کێ سوودی لەم گێڕانەوەیە وەرگرتووە؟

١- بەرایی

ئەم توێژینەوەیە شوێنپێی پەرەسەندنی گێڕانەوەیەکی ئەمنیەتگەراییە کە زیادەڕەوی لە تێوەگلانی ئێران لەگەڵ بزووتنەوەی حوسییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ ، ٢٠١٥ دا زیادی کردووە. زەمینەسازی گرنگە، چونکە بە تێپەڕبوونی کات، ئەم چیرۆکە بووە بە پێشبینییەکی خۆبەدیهێنەر، هاوکات بەشداریکردنی ئێران بە بەردەوامی لە زیادبووندایە (Juneau,2016; shaif,2019) لە کاتی ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە (ODS)، کە هەڵمەتێکی ئاسمانی و دەریایی بەڕێبەرایەتی سعودیە کە لە بۆردمان و گەمارۆی هەمەلایەنە پێکهاتبوو، تێوەگلانی ئێران لەگەڵ یاخیبووانی حوسییەکان لە کەمترین ئاستدا بوو(Hill, 2017). لەگەڵ ئەوەشدا، کەسایەتییە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت لە ناو سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا، نیگەرانی سعودیەیان زیاتر کرد بە داکۆکیکردن لە پشتیوانی گوتاری حوسییەکان. لە تەواوی چینە سیاسی و سەربازییەکانی ئێراندا کۆ دەنگییەکی تەواو نەبوو کە ئەمە ڕیبازێکی درووستە، بەڵام ئەندامانی هەردوو ڕێکخراوی سوپای پاسداران و نوخبەی سیاسی بە پێدانی پشتیوانی لە گوتاری حوسییەکان هانی ڕیازیان دا. عەرەبستانی سعودیە (KSA) زیادەڕەوی لە پەیوەندی نێوان ئەو دووانە کرد و حوسییەکانی وەک بریکاری ڕاستەوخۆی ئێران وێنا کرد، بۆ ئەوەی پاساو بۆ دەستێوەردانەکانی خۆی بۆ بینەرانی نێودەوڵەتی بهێنێتەوە، دەستی خستە سەر هەستی دژە ئێرانی پێشوەختە. ڕیاز لە ترسی پەرەسەندنی باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا-ئێران لە ڕێگەی پلانی کاری گشتگیری هاوبەش (JCPOA) نموونەیەکی بچووکی لە کاریگەری ئێرانی لە یەمەن وەرگرت و بۆ ئاستێکی هەڵە گەورەی کرد(Mabon, 2018). بینەرانی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا (UK) ئەم چیرۆکەیان قبووڵکرد وهاوکارییان هەڵبژارد. ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات ئەم پاساوهێنانەوەیە لە پسوڵەی ڕێپێدانی ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە(ODS)دا گرنگ بوو، بووە هۆی بەشداری لە ئەدەبیاتی هەنووکەیی سەبارەت بە بنیاتنانی هەڕەشەیەکی ئێرانی بۆ بە ئەمنیەتکردنی دەستتێوەردانی سعودیە لە یەمەن لەبەردەم بینەرانی نێودەوڵەتی (Darwich,2018;Hill, 2017;Juneau, 2016; Mabon, 2018). ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە (ODS) بەردەوام بوو لە دروستکردنی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا. لەم ماوەیەدا دیسکۆرس تاقیدەکرێتەوە، چونکە ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە ODS بەرزترین ئاستی پڕوپاگەندەی نواندووە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە درێژایی شەڕی یەمەن(Siggel, 2015). جێگای سەرسوڕمانە کە هەوڵەکانی ڕیاز بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی خۆی لە ڕێگەی میلیتاریزمەوە لە یەمەن، دەرفەتێکی نموونەیی بۆ تاران ڕەخساند کە شانشینی سعودیە لاواز بکات. هەرچەندە تێوەگلانی ئێران بووە بە واقیع، بەڵام لەم کاتەدا لە کەمترین ئاستدا بوو. بەتایبەتی کە لە چوارچێوەی گەورەی دەستێوەردانی سەربازی ڕیازدا سەیردەکرا. هەر وەک شازادە خالید بن بەندەر ئەلسعود باڵیۆزی سعودیە لە بەریتانیا دانی بەوەدانا، کاتێک لە ٢٤ تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە میانی وتارێکدا لە قەڵای دورهام پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا ڕیاز هەڵەیە سەبارەت بەقووڵایی دەستێوەردانی ئێران، “ئێمە قبووڵدەکەین کە هەڵە بووین”(Al saud,2021). بێگومان مشتومڕێکی ڕوون لە ناو ئەنجومەنی سعودیەدا لەسەر دەستوەردانی لە پێشینەی ئێران و هەروەها بەهای ململانێکان بە گشتی هەیە. سەرەڕای ئەوەش دەنگە سەرەکییەکان کە نوێنەرایەتی سعودیە دەکەن لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی سەبارەت بە باب ئەلمەندەب، خەریکی داننانن بە شکستەکاندا.

تێگەیشتنی داهێنەرانەی ئەم توێژینەوەیە لە تیۆری ئاسایشسازی (ST) بە وردی دەخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی دواتر بتوانرێت بۆ شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی پڕوپاگەندەی ئێران و سعودیە سەبارەت بەئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە ODS کەڵک وەربگیرێت. بە کاریگەری ڕێبازی پڕ لە دەسەڵاتی شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانە (CDA)، میتۆدۆلۆژیای ئەنجامدانی ئەم شیکارییە، شوێنپێهەڵگری گوتاری لێگریگۆ و ترێسی (٢٠٠٩)یه، کە ئاسانکاری دەکات بۆ تێگەیشتن لە پەرەسەندنی پڕوپاگەندە بە درێژایی کات لەم ماوەیەدا. ئەم تویژینەوەیە بە شیکردنەوەی فەرمانە بەرزکراوەکانی ئێران بۆ هاودەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی حوسییەکان دەست پێدەکات. ئەم لێدوانانە پێش ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە دراون و هەڵبژێردراون بەوپێیەی کە تەوەری یەکخستنی ئێرانی-حوسی و فراوانخوازی ئێران لەخۆدەگرێت. ئەم ڕاگەیەندراوانە لەگەڵ خوێندنەوەیەکی فراوانتری پاڵنەرەکانی ئێران یەکخراون، بۆ زیاتر دەرخستنی دەسەڵات و زیادکردنی نیگەرانییەکانی سعودیە. هەرچەندە ڕاگەیەندراوەکان بە زمانی فارسی دەرکراون، بەڵام تا ڕادەیەک کورتن، ئەمەش وایکردووە وەرگێڕان تا ڕادەیەک ڕاست و جێی متمانە بێت.

*ڕاسپاردەکانی سیاسەت

  • کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە بکرێت وڕەچاوی کاریگەری فرۆشتنی چەک بە سعودیە بکرێت.
  • لەکاتێکدا ئێران بەرپرسیارە لە بەشێک لە نائەمنیەکانی ناوچەکە، گرنگە کاتێک باس لە داڕشتنی سیاسەت دەکرێت، ڕێگە نەدرێت ئەمە زاڵ بێت.
  • هەڵە هەیە لە زیادەڕەویکردن لە لە پەیوەندییەکانی نێوان حوسیەکان و ئێران، پراکتیزەکردنی لێکۆڵینەوەی وردتر پێش پشتگیری کردن و ئاسانکاری بۆ بەشدارییە سەربازییەکانی داهاتوو یارمەتیدەر دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵە هاوشێوەکان.
  • پێدەچێت عەرەبستانی سعودیە ستانداردی جیاوازتری هەڵگرتبێت لە ئێران، ئەمە لەوانەیە ڕۆڵی هەبووبێ لە ڕێگریکردن لە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر تاوانەکانی جەنگ لە یەمەن و خنکاندنی هەر پرۆسەیەکی بەرپرسیارێتی. دەتوانرێت لە داهاتوودا ئەم هەڵانە دوور بخرێنەوە بە دانانی مەرجی زیاتر لەسەر فرشتنی چەک، کە ئەگەر نەشکێنرێت، ڕێگریدەکات لە گرێبەستی زیاتر.

دوابەدوای ئەمە، توێژینەوەکە هۆکارەکانی پشت زیادەڕەویکردنی عادل ئەلجوبەیر لە تێوەگلانی ئێران بۆ بینەرانی ڕۆژئاوایی شیدەکاتەوە. عادل جوبەیر بەوپێیەی سەرەتا باڵیۆزی ئەمریکا بووە، بە خێرایی پلەی بەرزکرایەوە بۆ وەزیری دەرەوە. بەم شێوەیە، ئەو کەسێکی سەرەکی بوو بۆ پرۆسەکانی ئاسایشسازی نێودەوڵەتی ڕیاز. بۆ بینەرانی نێودەوڵەتی تەنیا وتەکانی ئەو لەبەرچاو دەگیرێن، لەبەرئەوە ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی لەلایەن ڕیازەوە وەک ئامرازێک بۆ ئاسایشسازی نێودەوڵەتی. ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە لە ڕۆژی دەستپێکردنیدا لە ٢٥ ئازاری ٢٠١٥ لە واشنتن دی سییەوە لە لایەن خودی عادل جوبەیرەوە ڕاگەیەنرا. بینەرانی نێودەوڵەتی گرنگییەکی زۆرتریان هەیە بۆ ڕیاز لە یەمەن. ئەمەش وەک بەشێک لە پرۆژەیەکی فراوانتریان بۆ بە ئەمنیەتکردنی ئێران وەک هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتی(Mabon, 2018). بینەری مەبەست هەر لەسەرەتاوە گوتارەکەیان ڕوون بوو.

لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە کاریگەری ئەم چیرۆکە لەنێو بینەرانی ڕۆژئاوادا دەردەخات، و سەرکەوتنی گەورەی خۆی لە پاساودانی ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوەدا نیشاندەدات. لە بنچینەدا، کۆی گشتی ئەم پرۆسەیە وەک نموونەیەکی ئاڵۆزی شەڕی گێڕانەوە تایبەتمەند دەکرێت. ئێران بە پشتیوانی کردنی گوتاری حوسییەکان نەقیزەی عەرەبستانی سعودی دا، بەڵام ڕیاز وەڵامیدایەوە بە زیادەڕەوی لە تێوەگلانی تاران وەک جۆرێک لە بە ئەمنی کردن، ڕەوایەتی بە ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە بەخشی بە چاودێرانی نێودەوڵەتی. هەرچەندە ناکرێ واگریمانە بکرێ کە ئێران ویستبێتی ڕیاز دەستوەردان لە یەمەن بکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە سوودمەند بوون لە لادانی سەرچاوەکانی سعودیە لە سووریا.

پاڵنەرەکانی ئێران لە پشتیوانیکردنی گوتاری حوسییەکان فرە لایەنن. بۆ تێگەیشتن لەم داینامیکە، پێویستە لە تەماحە جیۆپۆلەتیکییە فراوانەکانی ئێران تێبگەین، بەتایبەتی لە ڕێگەی هاوێنەی جەنگی ساردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ (NMECW)وە. ئەم زاراوەیە لەلایەن گریگۆری گاوز (٢٠١٤)ەوە داڕێژراوە، کە ئاماژەیە بۆ شەڕی هەژموونی ناوچەیی لە نێوان ڕیاز و تاران، دوای بەهاری عەرەبی ساڵی ٢٠١١. لە ڕێگەی وروژاندنی ترسەکانی سعودیە سەبارەت بە یەمەن، تاران توانی سەرنجی ڕیاز لە سەر سووریا و سەرۆکی هاوپەیمانی تاران بەشار ئەسەد لابدات. ئەسەد کەسایەتییەکی بنەڕەتییە بۆ پەیوەندییە ئەمنییەکانی ئێران(Terrill, 2014, p. 431).

سەرەڕای ئەوەش، شەڕی یەمەن بەشێوەیەکی بەرچاو بووەتە هۆی کەمکردنەوەی دارایی سعودیە. دەوترێت ڕیاز لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩ زیاتر لە ٢٤٠ ملیار پاوەندی لە هەڵمەتی سەربازیدا خەرجکردووە. (Jalal, 2020). لە یاری کۆ- سفری NMECWدا، ئێران ئەوەی هەژمارکردووە کە گوتاری تووند زیان بە شانشین دەگەیەنێت و بەم شێوەیەش دەستکەوت بۆ تاران بەرهەمدەهینێت. هەروەها ئەم قەیرانە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی متمانەی نێودەوڵەتی عەرەبستانی سعودیە. لەکاتێکدا بەردەوامن لە وەرگرتنی چەک لە ڕۆژئاوا، هەر بەم دواییانە لەلایەن سەرۆک جۆو بایدنەوە(Stone & zengerle, 2021)، ئەوان پێگەی ئەخلاقییان لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیدا لە دەستداوە، و بەشێوەیەکی بەرفراوان ئیدانە دەکرێن بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەدا، وەک کێندڵ دەنووسێت، “[گەمارۆدانەکە]. . . دەرفەتی ئەوەی بە ئێران داوە کە خۆی لە ڕۆڵی مرۆییدا و سعودیە لە ڕۆڵی دەستدرێژیکارێکدا نیشانبدات کە مەبەستی برسیکردن و بۆردومانکردنی دراوسێ باشوورییەکەی خۆیەتی”(Kendall, 2017, p. 5).

عەرەبستانی سعودیە بەڕاستی ترسی لە گەمارۆدانی گرووپەکانی سەر بەئێران و هەڕەشەی حوسییەکان بۆ سەر سنوورەکانیان هەیە. لەوەش گرنگتر، حوسییەکان مەترسین بۆ سەر کۆنترۆڵی سعودیە لەسەر گەرووی باب ئەلمەندەب، کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا ڕۆژانە ٣. ٨ ملیۆن بەرمیل نەوت پێیدا تێدەپەڕی(Bender, 2015). ڕیاز ئاگاداری هەستی دژە ئیرانی چەسپاوە و کاریگەرییەکەی وەک ئامرازێکی ئەمنیەتگەرایی – “هەڕەشەی ئێران، جا ڕاستەقینە بێت یان هەستپێکراو، پاساوێکی بەهێز بووە لەبەردەم چاودێرانی نێودەڵەتی بۆ دەستێوەردانی سعودیە لە یەمەن” (Kendall, 2017, p. 5). بەهۆی ترسی ئەوان، ڕیاز بەسەرکەوتوویی شەرعیەتی بە دەستێوەردانی خۆی بە هێڵی دژە ئێرانی دا. ململانێی دواتر دەرەنجامی کارەساتباری بۆ شانشینەکە دروستکردووە، کە ئێستا بۆ ماوەی ٨ ساڵە لە شەڕێکی پڕ خەرجی تێوەگلێنراوە و هیچ ڕێگەیەکی ڕوونی دەربازبوونی نییە. ئەمریکاو بەریتانیا خستیانە هێڵی تێوەگلانی ئێرانەوە، هەروەک چۆن کەڵکیان لە گوتاری “چەکی کۆمەڵکوژی”بۆ بە ئەمنیکردنی هەڕەشەکانی سەدام حوسێن وەرگرت. بە درێژایی هەردوو ململانێکە بەرژەوەندییەکی قوڵ هەبوو بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیدان بە بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی ڕۆژئاوا کە پشت بە پیشەسازی نەوت و گازی سروشتی دەبەستێت.

٢- تیۆری ئەمنیەتگەرایی چوارچێوەیی – تایبەت لە ڕکابەری هاوچەرخی سعودیە – ئێراندا

ئەم توێژینەوەیە دەربارەی ڕێبازەکانی تیۆری ئەمنیەتگەرایی نوێخوازی دەکات بە مەبەستی دیزاینکردنی ڕێبازێکی گونجاو بۆ شیکردنەوەی بەکار‌هێنانی پڕوپاگەندە لە پێش و لە کاتی ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوەدا. ئەم بەشە تێهەڵکێشە لە تیۆری ئەمنیەتگەرایی بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم توێژینەوەیەی کەیسی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگونجێت، چونکە ئەمنیەتگەرایی وەک پراکتیزەکردنێکی چوارچێوەی-تایبەت دێتە تێگەیشتن، کە ناتوانرێت بەشێوەیەکی کەم وەک ڕێبازێکی یەکگرتوو و سەرەوە بۆ خوارەوە بەکاربهێنرێت(Balzacq, 2005). تیۆری ئاسایشسازی وەک”بنیاتنانێکی گوتاری نەک واقعێکی بابەتیانە” دێتە تێگەیشتن(Darwich & fakhuory, 2016, p. 715). لە ڕێگەی گوتاری بە پڕوپاگەندەکراوەوە، دۆزێک لەحاڵەتی بێماناییەوە دەگوازرێتەوە بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ. هەڕەشە، بەم مانایە، بنیاتدەنرێت. دۆزەکە دەکرێتە دۆزێک کە دەبێت ڕێوشوێنی نائاسایی لە دژی بگیرێتەبەر.

لە غیابی چوارچێوەی دەستووریدا، دەتوانرێت سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک نائاسایی پێناسە بکرێت کاتێک هاوڕێژەیی نەبێت، نەریتی مێژوویی دەشکێنێت و بەم جۆرە دەتوانرێت وەک شتێک تایبەتمەند بکرێت کە “زۆربەی کەسانی عەقڵانی هاوڕا دەبن ڕێوشوێنی هەڵاوێردوو پێکبهێنرێت زیاتر لە ڕووی زیانەوە . . . . . یان . . . ئاستی توندوتیژی بەکارهێنراو”(Floyd, 2015, p. 2). ئەم توێژینەوەیە بەشێوەیەکی فراوان هاوڕایە کە  “ئەرکی سەرەکی سیاسی ئاسایشی نەتەوەیی بریتییە لە پاساوهێنانەوە بۆ بەکارهێنانی هێز'(Buzan, 1991, p. 89). نوخبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبەکارهێنانی پڕوپاگەندە، “دەتوانن لایەنەکانی ناسنامەی ڕژێمەکەیان هەڵبژێرن، مانای نوێیان بدەنە پاڵ و وەک هێما بۆ کۆکردنەوەی خەڵک بەکاریانبهێنن”(Darwich, 2019, p. 9). ئەمنیەتگەرایی فۆرمەکانی گوتار لەخۆدەگرێت، کە دیزاینکراوە بۆ بنیاتنانی چەمکێکی ڕوون لە “ئەوی دیکە”. نوخبەی دەوڵەتان پڕوپاگەندە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی “بەبەردەوامی ئەو کەسانەی لە دەوڵەتانی دوژمندا ئازار دراون وەک قوربانییەکی شایستەنیشانیان بدەن، لە کاتێکدا ئەوانەی کە لەلایەن حکومەتەکەی خۆیان یانبریکارەکانیانەوە بە توندییەکی یەکسان یان زیاتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، شیاوی گوتن نین”(Hermann & chomky, 1988, p. 37). ئەوان سەرنجیان لەسەر لە لایەنە نەرێنییەکانی “ئەوی دیکە” و زیادەڕۆیی لە جەختکردنەوە لەسەر ئەرێنییەکانی “ئێمە” یە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەدەبیاتێکی بەرچاو سەبارەت بە تیۆری ئەمنیەتگەرایی هەیە. دارویچ و فاخوری لە ساڵی ٢٠١٦ دا شیکارییان بۆ ئەو ڕێگایانە کرد کە عەرەبستانی سعودیە و حزبوڵڵا ناسنامەی تائیفی وەک ئامرازێک بۆ بەئەمنیکردنی سووریا بەکاردەهێنن. لەڕێگەی ئەمەوە، نیشانیاندا کە “کاتێک ئەکتەرە سیاسییەکان بەمەبەست ناسنامەی تائیفی وەک پرسێکی بە ئەمنیکراو نیشاندەدەن، ئەم گوتارانە بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەست دەبن بە سنووردارکردنێکی دوو لایەنە لە نێوان خود و ئەوی دیکەدا”(Darwich & Fakhoury, 2016, p. 20). پرۆژەی تائیفەگەرایی، بریکار ودژی تائیفەگەرایی (SEPAD)، لە توێژینەوەی تیۆری ئەمنیەتگەرایی ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەبوو لەو ناوچەیەدا. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، مابۆن و واستنیج کتێبی “سعودیە و ئێران” یان بڵاوکردەوە. کتێبەکە لە ژێرکاریگەری بیرۆکەکانی ئەمنیەتگەراییدایە، بانگەشەی توانای ئەنجامدانی “شیکاریکردن لەدەرەوەی پشکنینی ئەو هۆکارە پێکهاتەییانەی کە ڕکابەرییەکە لە قاڵب دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی کە دوژمنایەتی و گرژی دووبارە بەرهەمدەهێننەوە” دەکات( Mabon & wastnidge, 2022, p. 5). هەمیشە جوڵەیەکی بەردەوام هەبووە بەرەو لێکۆڵینەوە لە بەکار‌هێنانی سیاسی ناسنامەی تائیفی وەک ئامرازێکی ئاسایشسازی لەچوارچێوەی ڕکابەری ئێران – سعودیەدا (Darwich,2018; Mabon, 2018; Mlmvig,2014). بەڵام مابۆن و واستنیج دان بەوەدا دەنێن کە “. . . کارێکی زۆر هەیە . . . کە دەبێ ئەنجامبدرێت” (Mabon & wastnidge,2022,p. 6)بەم هۆیەوە دارویچ و فاخوری بەتایبەتی باس لەوە دەکەن کە “ئەم چواچێوەی کارکردنە دەتوانێت سوودی هەبێت لە شیکردنەوەی کەیسەکانی دیکەی ناوچەکە، لەوانەش . . . یەمەن”(Darwich & Fakhoury,2016, p. 21). ئەم توێژەرەوانە پاڵنەری ئەنجامدانی ئەم بیرۆکانەیان سەبارەت بە ململانێکانی یەمەن دابینکردووە. لێرەدا، ئاسایشسازی فۆرمێکی تایبەت بە خۆی هەیە. Trolling وشەیەکە لەسەردەمی سۆشیال میدیاوە بەرهەمهێنراوە. ئاماژە بە جۆریکی تایبەتی گوتار دەکات، کە بەمەبەست بۆ وروژاندنی کاردانەوەی سۆزداری بەکاردێت. ئەم دیاردەیە لە تویتەردا بەدیدەکرێت، وەک ڕووداوێکی ڕۆژانە. بۆ نموونە زۆریک لە یاریزانانی تۆپی پێی ڕەشپێست و ئاسیایی و کەمینە نەتەوەییەکان دوای ئەنجامە خراپەکانی یاری ڕۆژەکە، ئازاری ڕگەزپەرستانەیان پێدەگات (Kilvington & price, 2019). جینی هیڵ (٢٠١٧)زیادەڕەوی لە ڕادەبەدەری ئێرانییەکان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حوسییەکان وەک فۆرمێکی جیۆپۆلەتیکی گەورەی ترۆڵینگ پێناسە دەکات. بە کورتی، ئەمە سوودی بە تاران گەیاندووە کە نیگەرانی سعودیە لەسەر تێوەگلانیان لە یەمەن بەرزدەکاتەوە(Kendall, 2017).

ئەم فۆرمەی پڕوپاگەندە فۆرمێکی کلاسیکی ئەمنیەتگەرایی نییە. بەو مانایەی، ئێران لە وێنەی خۆی دوور دەکەوێتەوە تا لەگەڵ ئەجێندای ئەمنی درێژخایەنیدا بگونجێت. لەجیاتی ئەوەی خۆیان وەک بێلایەن لە یەمەن نیشان بدەن، بەشێوەیەکی ئایدیالی خۆیان بە حوسییەکانەوە بەستەوە. ئەمەش بە ئامانجی لاوازکردنی سعودییەکان ئەنجامدرا، لەهەمانکاتدا مەترسییەکی گەورەتر لەسەر سنوورەکانیان لە باشوور درووستکرد (Hill, 2017). لەبری ئەوەی پاساو بۆ ڕێوشوێنە نائاساییەکانی خۆیان بهێننەوە، هانی کردەوەیەکی ئەوەندە توندیان بە عەرەبستانی سعودی دا کە ڕیاز لە ڕووی ئابوورییەوە ڕژاوەو لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لاواز بووە. تاران لەڕێگەی ئەم بەرنامە ئاڵۆزە پڕوپاگەندەییەوە، خۆی وەک ڕزگارکەرێک دەنوێنێت (Kendall, 2017). گرنگە لە بیرمان بێت، کە لە ڕۆژانی سەرەتای ململانێکەدا، ئێران تەنیا سەرنجی لەسەر پشتیوانی گوتاری بوو بۆ حوسییەکان لە ژێر ئاڵای ‘بەرخۆدان’ دا. عەرەبستانی سعودیەش بەشێوەیەکی دەستکرد و گوتاری زیادەڕەوی لە نیشاندانی پشتیوانییەکەدا کرد تا بەشداریکردنی فیزیکی و لۆجستی و سەربازی لەخۆبگرێت – بەهۆی ئەوەی بەڵگەی پێویستی لەبەردەستدا نەبوو. ئەوان پاساویان بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە هێنایەوە بە زیادەڕۆیی لە تێوەگلانی ئێران، بە بەکارهێنانی سوتەمەنی هاوکارییە گوتارییەکانی تاران لەگەڵ حوسییەکان دابینکرابوو. ڕیاز، بەتایبەتی، ‘لەگەڵ هاوتا ئەمریکەکانیدا وتووێژی کردووە – بەشێوەی نهێنی و ئاشکرا– لە هەوڵیدا بۆ لادانی نزیکبوونەوەی دیپلۆماسی لە ترسی دەرەنجامەکانی ئێرانێکی هەستاوە’ (Mabon,2018, p 756). ئەمە نموونەیەکی کلاسیکییە لە ئەمنیەتگەرایی. کە شتێکی دیاریکراو دەگۆڕێت بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ، لەدژی ئەو کردەوە نائاساییانەی کە ئەکرێ پاساویان بۆبهێنرێتەوە.

لە تیۆری ئەمنیەتگەرایی نەریتیدا، ئەمنیەتگەرایی وەک کردەی قسەی دابڕاو (speech act) دەبینرێت، لەگەڵ دەربڕینی نوخبە و بینەرێک کە ببیستن و پشتگیری خۆیان پێشکەشبکەن (Buzanet al. , 1998,p. 32). لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخدا شتەکان ئاڵۆزترن. تیۆریستانی ئەمنیەتگەرایی بە پلەی یەکەم سەرنجیان لەسەر قسەی ئەکتەرە نوخبەکان بووە بۆ ئەوەی بینەرانی نا نوخبە قەناعەت پێبکەن لە ڕەوایەتی ڕێوشوێنە نا ئاساییەکانیان (Balzacq, 2005; waver, 1989). ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە پرۆسەکانی نێوان نوخبە–نوخبەی ئەمنیەتگەرایی دیاردەیەکن هێشتا لە ژێر توێژینەوەدان. بەگوێرەی ئەو وتانەی لەم وتارەدا باسکراون، ئەلجوبەیر سەرنجی لەسەر ئەمریکا و بەریتانیایە وەک ئامانجی یەکەمی خۆی. ئەمەش دەکرێت بە ئاسانی لە پلاتفۆرمەکانی ڕۆژئاوایدا و بەکار‌هێنانی زمانی ئینگلیزیدا ببینرێت. لە ڕێگەی هۆشیاری لە وردی و بەردەوام دووبارەکردنەوەی چیرۆکی دژە – ئێرانیزمەوە، ڕیاز توانی قەناعەت بە ڕۆئاوا بهێنێت سەبارەت ڕەوایەتی دەستێوەردانەکانیان (Gordon & Parkinson, 2018). بەشێوەیەکی داهێنەرانە، ئەم توێژینەوەیە کار لەسەر فراوانکردنی پارامیتەرەکانی تیۆری ئەمنیەتگەرایی دەکات، کە شوێنکەوتووی گەشەسەندنی ئەمنیگەرایی گوتاری نێوان ئەکتەرە نوخبەکانە لە دەوڵەتدا. لەم چوارچێوەیەدا، ناتوانرێت ئەمریکا و بەریتانیا وەک بینەری پاسیڤ تێبگەین، هەر وەک لێرەدا ئەمنیگەرایی بەم شێوەیە تێدەگەین” پراکتیکێکی (پراگماتیکی) ستراتیژییە کە لە ناو و وەک بەشێک لە، ڕێکخستنی بارودۆخەکاندا ڕوودەدات، لەوانە، بارودۆخ، دۆخی دەروونی- کولتووری بینەر، و ئەو هێزەی کە هەردوو قسەکەر و گوێگر دەیهێننەناو کارلێکەکەوە” (Balzacq, 2005, p. 72)

بۆ فراوانکردنی تێگەیشتنی توێژینەوەکە سەبارەت بە ئەمنیەتگەرایی، ئەم توێژینەوەیە تێگەیشتنێکی ناوەندی لە تیۆری نیوڕیالستی هەڵدەگرێت. ئێران وعەرەبستانی سعودیە “بیر لە فەتحکردنی خۆیان دەکەنەوە، کاردەکەن بۆ ڕێگری لە دەوڵەتە دەستدرێژیکارەکان لە بەدەستهێنانی دەسەڵات لەسەر حسابی خۆیان” (Mearsheimer, 200, p. 35). لەم ڕوانگەیەوە، ناکرێ ئەمنیەتگەرایی تەنیا وەک سیاسەتی ئاسایشی بەرگری تێبگەی، بەڵکو ڕێبازێکی پۆزەتیڤیشە بۆ ‘بنیاتنانی ئیمپراتۆریەتێکی گوتاری ‘بەتایبەت لە حاڵەتی ئێراندا. وەک کیندەڵ دەنووسێت ” نفوزی هەرێمیی ئێران بەشێوەیەکی سرووشتی زیاد دەکات، ئەگەر هەندێک کاریگەری هەبێت لەسەر ئەنجامی ململانێی یەمەن، هەروەها لەسەر ئاسایشی ڕێگاکانی گوستنەوەی دەریای سوور کە لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگە” (Kendall, 2017, p. 4).

هەروەها ڕیاز بیر لە داهاتوو دەکاتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ دا، محەمەد بن سەلمان، وەزیری بەرگری تازە دەستنیشانکراو و تەمەن ٢٩ ساڵ، دەستێوەردان لە یەمەن وەک ڕێگەیەک بۆ دووپاتکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر کاروباری ناوچەکەدا بینی. شا عەبدوڵڵا کە پێش شا سەلمانی باوکی بوو، کە هاتە سەر یەمەن و بەدواداچوون بۆکردەی سەربازی، دانبەخۆداگرتنی نیشاندا. محەمەد بن سەلمان ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوەی وەک ئامرازێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ڕیاز وەک ئەکتەرێکی سەربازی یەکلاکەرەوە لە ناوچەکەدا دەبینی. لە ڕێگەی ترس، زیادەڕۆیی لە تێوەگلانی ئێران بووە هۆی ئەوەی کە محەمەد بن سەلمان پاساوێکی بەرچاو بۆ دەستێوەردانەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دابین بکات، کە ئەو وەک دەرفەتێکی بینی “بۆ دووپاتکردنەوەی پێگەی شانشین وەک هێزێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” دا(Darwich, 2018, p. 125).

لەکاتێکدا نیوریالیزم دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕوونکردنەوەی بەدواداچوونی دەسەڵات، داینامیکی قووڵتری ئەمنیەتگەرایی کە لێرەدا لە شێوەی گوتاردا دەردەکەوێت، بونیادگەرایی دەگرێتەوە، چونکە “بنیاتنانێکی گوتارییە نەک واقیعێکی بابەتیانە”(Darwich & fakhoury, 2016, p. 715). زۆرێک لە لایەنەکانی سۆزی دژە ئێرانی، و ترس لە تێوەگلانیان لە یەمەن، ناسنامەی ڕۆژئاوایی یان سعودیەیان نییە بەڵکو لە بری ئەوە بە وردی لەلایەن ئەکتەرە دەوڵەتییەکانەوە بنیات نراون. ئەمەش بەشیوەیەکی گالتەجاڕانە کراوە بۆ شەرعیەتدان بە هەوڵەکانیان بۆ دەسەڵات لە ناوچەکەدا.

سەرەڕای ئەوەش، لەوانەیە توێژەران بپرسن چۆن تیۆری ئەمنیەتگەرایی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتن لەوەی کە چۆن زیادەڕەوی تێوەگلانی ئێران بووەتە پێشبینییەکی خۆبەدیهاتوو. لێرەدا چەمکی گیدنز(١٩٩١) سەبارەت بە ئاسایشی ئەنتۆلۆژی یارمەتیدەرە، کە بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت کە” متمانەیەک کە زۆربەی مرۆڤەکان بە بەردەوامی بە ناسنامەی خود و نەگۆڕی ژینگە کۆمەڵایەتی و ماددییەکانی دەوروبەریان هەیانە”(1991,p. 92). بە تێپەڕبوونی کات، جەنگی ساردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ NMECW بەو مانایە بووە کە سۆزی دژە سعودیە بووەتە بەشێکی چەسپاو لە ناسنامەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران. بەشێکی سەرەکی ناسنامەی کۆمەڵایەتی بریتییە لە “جیاوازبوونی لە بەرامبەر کۆمەڵگەکانی تر”(Mitzen, 2006, p. 352). بەم شێوەیە کاتێک پشتیوانی گوتاری حوسییەکان کرا، تاران بە قووڵی ئاگاداری کاریگەرییەکانی بوو لەسەر نیگەرانی سعودیە . بەم پێیە لە یاری کۆ – سفری جیۆپۆلەتیکی جەنگی سارددا، لۆژیکی بوو بۆ ئێران کە پشتیوانییەکانیان زیاد بکات. ئەوان هەوڵیاندا پشتگیری فیزیکی پێشکەش بکەن بە دابینکردنی بڕێکی کەم لە چەک و پێداویستی(BBC, 2015). بەم شێوەیە تێوەگلانی ئێران بووەتە پێشبینییەکی خۆبەدیهاتوو کە دواجار سوودی بە تاران گەیاندووە و ڕیازی لاواز کردووە.

هەروەها ئاسایشی ئەنتۆلۆژی وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە بۆچی عەرەبستانی سعودیە لە یەمەن شوێن ‘بەرنامەکانی بەرهەمهێنانی ئاسایش کەوتووە کە لە کۆتاییدا نا ئەمنییەتی خۆیان دەهێڵنەوە'(Kamrava, 2018, p. 13). وەک دەروونناسی ڕەفتار فێرمان دەکات، زۆر کەس بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ هاوبەشە توندوتیژەکانیان دەمێننەوە دوای دەستپێکی دەستدرێژییەکە (Eckstein, 2011). دەوڵەتانیش، وەک مرۆڤەکان، بە توندی کارتێکراو و مەرجدار دەبن بە کاریگەری ناسنامە گەشەسەندووەکانیان. دژە ئێرانیزم وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکی ناسنامەی نوخبەی سعودیە خۆی چەسپاندووە. بینینی تاران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر شەرعیەتی دەسەڵاتەکەیان لە ساڵی ١٩٧٩ وە، ئال سعود گەیستوونەتە ئەوەی کە بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ناوچەیی ئێران بە شتێکی جەوهەری سەیربکەن. ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە دژە ئیرانیزم بەهەمان شێوە لەناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا چەسپاوە، بەڵام بە ئاستێکی کەمتر.

٣- میتۆدۆلۆژیا

ڕێبازی شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانە و تیۆری ئەمنیەتگەرایی لەسەر یەک ئاڕاستە کاردەکەن، بەوپێیەی کە دیدێکی ئەنتۆلۆژییان بۆ زمان هەیە – زمانی بەهێز بەمانای هەڵگری دەسەڵاتە بۆ مەبەستی سیاسی. ئەوان هاوڕان کە زمان هیچ ماهیەتێکی بۆماوەیی نییە. شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانە چوارچێوەیەک بۆ دەرخستنی مانا شاراوەکانی تیۆری ئەمنیەتگەرایی دابیندەکات. کە چوارتەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت: بینەر، چوارچێوە، دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا. بۆڤیەر و ماکین بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجی شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانە “ئاشکراکردنی ئەو گوتارە نێژراوانەیە لە زمانی بەکارهێنراودا بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی دەسەڵات'(Bouvier & Machin, 2018, p. 178).

شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانە سوود لە تێگەیشتنی ئاڵۆزی گوتار وەردەگرێت، بینەر وەک شتێکی گرنگ لە بنیاتنانی مانادا سەیر دەکات(Wodak & Meyer, 2009, p. 4). لەبەرئەوە ئەم توێژینەوەیە پەیوەندی بە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی واتای گوتارییەوە هەیە، ئەم بیرۆکەیە چاکەیەکی هەیە بەسەر تیۆری ئەمنیەتگەرایی نەریتیدا کە گرنگییەکی کەمتر بە بینەر دەدات. فێرکڵاف (٢٠٠٣) سێ بواری سەرەکی بۆ شیکردنەوەی گوتار دامەزراند. بەرهەمهێنان، واقیعیەتی دەق و پێشوازی. لێرەدا، بە پێچەوانەی تیۆری ئەمنیەتگەرایی ، پێشوازی تەنها لە ‘ قبوڵکردنی’ یاسای کردەی ئاخاوتن کورت ناکرێتەوە(Buzan et al. , 1998). لەبری ئەوە بینەر لە پرۆسەی چوارچێوەدان بە کاریگەری و کارەکتەری گوتاردا بنەڕەتییە.

تەرکیزی شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانە لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی هێزە، کە بە باشی لەگەڵیدا دەگونجێت بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی پاساودانی ململانێ؛’دەتوانین کاریگەرییە هۆکارییەکان بگەڕێنینەوە بۆ فۆرمەکانی زمانەوانی، بەڵام تەنیا لە ڕێگەی باسێکی وردی مانا و چوارچێوە'(Fairclough, 2003, p. 13).

کاتێک دێتە سەر باسی پڕوپاگەندە، مۆدێلی ڤان دەیک (٢٠٠١)سوودێکی تایبەتی هەیە. پڕوپاگەندە یەکێک یان زیاتر لەم کارانەی خوارەوە دەکات: کەم جەخت خستنە سەر شتە ئەرێنییەکان یان زۆر جەخت خستنە سەر شتە نەرێنییەکانی ‘ئەوی دیکە’؛ یاخود کەم جەخت خستنە سەر شتە نەرێنییەکان یان زۆر جەخت خستنە سەر شتە ئەرێنییەکانی ‘ئێمە’. هێرمان و چۆمسکی (١٩٩٨) ئەوەیان نیشاندا کە نوخبەکان بەم شێوەیە گوتار بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ڕێوشوێنی نائاسایی بۆ بینەری جۆراوجۆر دەهێننەوە. بەم پێیە پڕوپاگەندە سرووشتێکی ئایدۆلۆژی هەیە. ڕەخنەیەکی بە‌هێز کە لە شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانە دەگیرێت ئەوەیە کە “ئەو ڕێگا سیستماتیکیانەی کە کە تێیدا میتۆدەکان دەردەکەون، بەشێوەیەکی شاراوە جێهێڵراون (LeGreco & Tracy,2009, p. 20). بۆچارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەم توێژینەوەیە’بەدواداچوونی گوتاری’ لێگریگۆ و ترەیسی (٢٠٠٩) بەکاردەهێنێت. ئەم ڕێبازە مۆدێڵێکی سیستماتیکی بۆ ئەنجامدانی شیکاری ئاڵۆزی گوتار، بەدواداچوونی گەشەکردنی بەشێوەیەکی کاتی دابیندەکات. پێشتر باوەڕ وابوو لەڕووی لۆژیکییەوە مەحاڵە، ئەم ڕێبازە باشترین بەشەکانی شیکردنەوەی گوتار و بەدواداچوونی پرۆسەکەی پێکەوە کۆکردۆتەوە (LeGrco & Tracy, 2009, p. 1).

پرۆسەکە:

  1. فەترەیەکی زەمەنی و کەیسێکی توێژینەوەی دیاریکراو هەڵبژێرە.
  2. مایکرۆداتا (پۆستەکانی سۆشیال میدیا، وتار و هەواڵ)، میسۆداتا (بۆ نموونە، بەڵگەنامەکانی حکومەت)، ماکرۆداتا (زانیاری چوارچێوەیی) کۆبکەرەوە. داتاکان بە شێوەیەکی درێژخایەن ڕێکبخە بە ئامانجی دۆزینەوەی بابەت و بیرۆکەی دووبارەبووەوە.
  3. دانانی پرسیاری توێژینەوە، کە لە دەوری بابەت و بیرۆکە تێبینی کراوەکان بسوڕێتەوە، دواتر پێویستە لێکۆڵینەوەکە لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بنووسرێت.
  4. گەیشتن بە ئەنجام.

٤- میتۆد و پرسیاری توێژینەوە

زنجیرەیەک وتاری کەسایەتییە دیارەکانی ناو دامەزراوەکانی سعودیە، ئێران، ئەمریکا و بەریتانیا لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ چاوی لێکرا. شیکاری گوتاری کۆماری ئیسلامیی لە مانگەکانی پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە ئەوە نیشاندەدات کە جەختی کردۆتە سەر ئەو شێوازانەی کە نیگەرانی سعودیەیان زیاترکردووە. عەرەبستانی سعودیە دەستیکرد بە پاساو هێنانەوەی دەستێوەردانەکانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە لە ئازاری ٢٠١٥ دا. عادل جوبەیر سەرەتا باڵیۆزی سعودیە بوو لە ئەمریکا، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنەکانی لە سەرسامکردنی بینەرانی ڕۆژئاوا بە خێرایی پلەی بەرزکرایەوە بۆ وەزیری دەرەوە. لە وتەیەکیدا لە ٨ی ئایاری ٢٠١٥ دا، ئەرکی کردەی ئاخاوتنی بە کردەوە نیشاندا، بە ڕاگەیاندنی تێوەگلانی ئێران و لەگەڵ جۆن کێری هاوتای (وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ٢٠١٥). ئەم پرۆسەیە زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت لە بەشی کۆتاییدا، کە وەڵامی یەکخراوی بەریتانیا-ئەمریکا وەک بەڵگەی دوو شت تایبەتمەند دەکرێت:

  1. بەرژەوەندی هاوبەشی ئابووری و ئەمنی، بەستراوەتەوە بە هاوپەیمانی خۆیان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە.
  2. سەرکەوتنی پرۆسەی ئەمنیەتگەرایی ڕیاز.

داتاکان بەشیوەیەکی زەمەنی ڕیزبەندی کرابوون بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی ئەم تەوەرانە بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ مەبەستی گێڕانەوە، هەموو نموونەیەکی گوتار بەشیوەیەکی ڕێکوپێک و زەمەنی لە بەشەکانی داهاتوودا ڕێکنەخراون. ئەم ڕێوشوێنانە ڕێگە بە دۆزینەوەی گونجاوی بابەتەکان دەدات، لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی گرنگی ناوەندبوونی چوارچێوە بۆ ڕێبازە ڕەخنەییەکانی گوتار.

 پرسیارەکانی توێژینەوە:

  1. ئایا زیادەڕەویکردن لە تێوەگلانی ئێران بە سەرکردایەتی سعودیە سەرکەوتوو بووە لە بە ئەمنیکردنی ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە بۆ بینەرانی نێودەوڵەتی؟
  2. ئایا تێوەگلانی ئێران زیادەڕەوی تێداکراوە؟
  3. لە کۆتاییدا کێ سوودی لەم گێڕانەوەیە وەرگرتووە؟

زۆر گرنگە بە کورتی ڕوونی بکەینەوە کە چۆن ئەمنیەتگەرایی لە زنجیرەی ڕووداوەکاندا ڕۆلی گێڕاوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی توێژینەوەکە بە شێوەیەکی درووست. ئێران ئاگاداری ئەوەبوو کە بە ڕاکێشانی سعودیە بۆ ناو یەمەن، سەرنجیان لە ئەولەویەتەکانی ئێران لە سووریا دوور دەخاتەوە و سەرچاوەکانیان بەتاڵ دەکات و ناوبانگیان تێکدەدات. بەم پێیەش زۆرێک لە کەسایەتییە دیارەکان هەوڵیاندا نیگەرانییەکانی سعودیە زیاتربکەن. بەو مانایەی ئامانجیان ئەوەبوو کە هەڕەشەی حوسییەکان لەسەر بینەرانی سعودیە گەورەتر بکەن و قووڵتر بیانکێشنە ناو ململانێکانەوە. ئەوان ئەم پرۆسەی ئەمنیەتگەراییەیان وەک تاکتیکێکی بەسوود بۆ بەدەستهێنانی هێز لە هاوسەنگی هێزی هەرێمیدا دەبینی. کۆنترۆڵی حوسییەکان بەسەر سەنعا و بەندەرەکانی سەر دەریای سوور هەڕەشەیەکی جیۆستراتیژی و ئابووری بوو بۆ هەردوو ڕیاز و واشنتن. بەم شێوەیە، هەردوو ئەکتەرەکە ڕێگایان دۆزییەوە بۆ پاساوی پشتگیرییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە لەڕێگەی پرۆسەکانی ئەمنیەتگەرایی بە ڕێبەرایەتی سعودیە.

٥- پاڵنەرەکانی ئێران – وروژاندنی نیگەرانی سعودیە

لە چەند مانگی پێش ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوەدا، بەرپرسانی ئێران هەوڵێکی هاوبەشیاندا بۆ زیاترکردنی نیگەرانییەکانی سعودیە سەبارەت بە یەمەن. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەوڵیاندەدا وەڵامی سەربازیی لە ڕیاز وەربگرن؛ تەنیا ئەوە بوو کە ئاگاداری نیگەرانییەکانی سعودیە بوون و هەوڵی زیاترکردنی نیگەرانییەکانی سعودیەیان دەدا سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی حوسییەکان لە باکووری یەمەن. لە٣٦ ەمین ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامیدا، ژەنەراڵی پێشووی سوپای قودسی ئێران، قاسم سولەیمانی، ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان ” شاهیدی هەناردەی شۆڕشی ئیسلامین بۆ سەرتاسەری ناوچەکە. . . لە بەحرەین و عێراقەوە بۆ سووریا، و یەمەن و باکوری ئەفریقا”(Badran, 2015). لەناو ئەم لێدوانەدا هۆشیاری شاراوەی سولەیمانی لە سوودی سیاسی تووندکردنەوەی گەمارۆی ترسی سعودیە بوو. ئەم وێنەیە لە تەوەرەی بەرخۆدانێکی فراوان وێنەی ئێرانێکی بەهێز و سەرهەڵداوە نیشاندەدات. یەمەن هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر شانشینی سعودیە، جونکە هەردوو وڵات سنووری هاوبەشیان هەیە.

سعودییەکان توانیویانە ئاماژە بە هێڵی دەستدرێژی حوسییەکان لەم سنوورەدا بکەن. لەماوەی جەنگەکانی سەعدەدا، لە ساڵی ٢٠٠٩ دا، عەرەبستانی سعودیە وەڵامی حوسییەکانی بە دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ دایەوە، پاش “کوشتنی لانیکەم دوو پاسەوانی سنوور و بە ڕواڵەت کۆنترۆڵکردنی دوو گوند یان زیاتری سنووری سعودیە”(Terril, 2014, p. 433). لە ڕێگەی یاریکردن بەو نیگەرانییە بەردەوامە، ئێران جەختی لە هاودەنگی خۆی لەگەڵ حوسییەکان کردەوە بۆ بەدەستهینانی سەرمایە لە باڵانسی هەرێمی هێزدا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە “تاران هیچ قسەیەکی یەکلاکەرەوەی نەبوو لەسەر بڕیاری حوسییەکان، و پەیوەندی نێوانیان نوێ و هەلپەرستانە بوو”(Hokayem & Robert,2016, p. 163)

تێکرای بەرهەمی ناوخۆیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٤دا ،7.432 ملیارد دۆلار بووە، لەبەرامبەردا عەرەبستانی سعودیە ٧٥٦، ٤ بلیۆن دۆلار بوو(World bank, 2022a, 2022b). ئەم نابەرامبەرییە بەهۆی سنوورداری سەرچاوە ماددییەکانی ئێرانەوەیە، بەڵام بەهۆی سزا تووندەکانی ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠١٣ دا خراپتر بوو. بەهۆی ئەم کۆت و بەندانەوە، ئێران ناچار بوو بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکات کە چین لەسەر ئاستی جیهان دەیکات، سەرچاوەکان بەرەو ئەو ناوچانە بکاتە ئامانج کە گرنگییەکی سەرەتایی جیۆستراتیژییان هەیە، نەک ڕێبازی دەمانچەی-پەرشوبڵاو بگرێتەبەر. میحوەری لوبنان- سووریا- عیراق بۆ ئاسایشی ئێران بنەڕەتییە (Samii, 2008). بەوپێیەی سەرنجی سعودیە لەسەر یەمەن چڕ بووەتەوە، تاران توانی چاوی ڕیاز لە شەڕی سووریا دووربخاتەوە.

سووریا لە ڕووی جوگرافییەوە ئێران بە گرنگترین و سەرکەوتووترین بریکاری خۆی، حیزبوڵڵای لوبنان دەبەستێتەوە. لەسەر بنەمای لۆژیکی سیاسەتی دەرەوەیان، ‘لەبەرئەوە لۆژیکی ترە بۆ ئێران کە دەستی خۆی لە یەمەن لە ڕێگەی گوتارەوە جێگیر بکات نەک سەرچاوە دیارەکانی بۆ لابدات'(Kendall, 2017, p. 4). ئەم پرۆسەیە کاریگەری هەبووە چونکە کەنداو وردە وردە لە شام کشاوەتەوە و ڕووی لە جەزیرەی عەرەبی کردووە. وەک چۆن جونۆ (٢٠١٦) دەنووسێت:’بۆ ئێران، یەمەن نوێنەرایەتی دەرفەتەکان دەکات نەک هەڕەشە'(p. 661).

لە ڕووی جوگرافییەوە ئێران لە یەمەن دوورە. بەم شێوەیە وڵاتەکە هیچ نیگەرانییەکی ئەمنی بەرچاو درووست ناکات، تەنانەت ئەگەر دوژمنێکیش حوکمڕانی بکات. بەم جۆرە، ‘بەدڵنیاییەوە. یەمەن گۆڕەپانێکی لاوەکییە کاتێک بەراورد دەکرێت بە عێراق و سووریا'(Guzansky & Heistein, 2018). لەگەڵ ئەوەشدا تاران بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی گوتاریی بۆ حوسییەکان، هێزی نەرمی بەکارهێنا بۆ زیادکردنی نائەمنی سعودیە، کە بووە هۆی خێراکردنی ڕیاز لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەی حوسییەکان.

دوای سەرکەوتنی حوسییەکان بۆ گرتنی سەنعا لە ساڵی ٢٠١٤ دا، حوجەتولئیسلام عەلی سەعیدی لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ‘کاریگەی ڕوحی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە گەرووی باب ئەلمەندەب'(Solomon, 2017). زیادەڕۆیی گوتاری ئێران لە پەیوەندییەکانیان بە بزووتنەوەی حوسییەکانەوە بە چوارچێوەدانەکەی دەناسرێتەوە، کە دەست دەخاتەسەر ناسکترین دەماری سعودیە. لە چوارچێوەی لێدوانەکەی سەعیدیدا دوو هێرش بۆ سەر بنکە سەرەکییەکانی شەرعیەت و دەسەڵاتی ڕیاز- نەوت و ئایین- ی تێدایە.

کۆنترۆڵکردنی باب ئەلمەندەب زۆر گرنگە بۆ بەردەوامبوونی ئابووری نوێی ڕیاز، ئەمەش ڕێگە بە تێپەڕبوونی سەلامەتی نەوت و گازی سرووشتی دەدات. عەرەبستانی سعودی بۆ بژیوی پشت بەم کەرتە دەبەستێت. ئەم جۆرە گوتارەی ئێران کاری کردووە بۆ’ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە هاوکێشەی کۆ- سفردا، کە واتای لاوازکردنی ئاسایشی وڵاتانی دیکە دێت'(Al-Qadhi, 2017, p. 8). ئێران لە یارییە ماکیاڤێڵیانە سەرکەوتووەکەی سیاسەتی دەسەڵاتدا وردبین بوو، ئەزموونی خۆی بەکارهێنا تا عەرەبستانی سعودیە باشتربێت. لە ئەیلولی ٢٠١٤ دا، عەلیڕەزا زەکانی، پەڕلەمانتاری ئێران، بانگەشەی سەرکەوتنی کرد و ڕایگەیاند کە ئیران کۆنترۆڵی ‘چوارەمین پایتەختی عەرەبی خۆی کردووە، پاش بەغداد و بەیرووت و دیمەشق'(Juneau, 2016, p. 655). ئەم وێنەیە بەتایبەتی بۆ دامەزراوەی سعودیە جێی نیگەرانییە، کە شەرعیەتی خۆیان لەسەر مافی ڕەوای خۆیان وەک پارێزەری حەرەمەینی شەریفەین دەچەسپێنن. ئەمەش شەرعیەتی ئیسلامییان پێدەدات، بەهەمان شێوە شوێنیشیان لەناو جیهانی عەرەبیدا. ئێران هەر لە ڕۆژانی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە مەترسییەکی جددی لەسەر ئەم بنەمایەی شەرعیەتی ئەلسعود درووستکردووە. بەلام لەساڵی ٢٠١١ وە بەتایبەتی ‘هەر زیانێک لە سعودییەکان دەستکەوتی ئیرانییەکان نیشاندەدات'(Milani, 2015). چیرۆکی بەرخۆدان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتگیری دەکرێت، ناوبانگێکی قووڵی لە نێو زۆرێک لە عەرەبەکاندا هەیە، بە شیعە و سوننەوە(Aarabi,2019; Ghattas, 2020). بە زانینی ئەم نا ئارامییەی سعودیە، و ڕەگ داکوتاوییەکەی، بەو مانایەیە کە ئەم فۆڕمە لە زیادەڕەویکردنی گوتاری ئێرانییەکان سەبارەت بە یەمەن یەکسانە بە ‘ئێران. . . وادیارە بە کەمترین وەبەرهێنانی سەرمایەگوزاری ڕاوی سعودییەکان دەکات'(Hill, 2017, p. 285).

٦- پاڵنەرەکانی سعودیە – بە ئەمنیکردنی ئێران، ڕەوایەتیدان بە ئەگەرەکان

فەرمانی مردنی ئیبن سعود بۆ ‘هێشتنەوەی یەمەن بوو بە لاوازی'(Black, 2011). کۆنترۆڵی حوسییەکان بەسەر باکوری یەمەندا لە ساڵی ٢٠١٤ دا، هەڕەشەی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی سعودیە لە سێ بواری گرنگدا درووستکرد: ئابووری و ئەمنی و جیۆپۆلەتیکی. بەندەرەکانی نزیک گەرووی باب ئەلمەندەب ئێستا کەوتبوونە دەست دوژمنێکی سعودیەوە، کە مەترسی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ بوون بۆ سەر دامەزراوەی ئابووری نوێی شانشینەکە: نەوت و گازی سرووشتی. ئەم گەرووە گرنگییەکی جیۆستراتیژی هەبوو هەم بۆ ئابووری جیهانی و هەمیش شەڕ لە دژی تیرۆریزمی جیهانی. بەڵام لەگەڵ شیکردنەوەی پێنج وتارە سەرەکیەکانی ئەلجوبەیر، جارێکی تر پرسەکانی نەوت و باب ئەلمەندەب دەرنەکەوتن.

عەرەبستانی سعودیە ترسێکی ڕاستەقینەی لە گەمارۆکانی ئێران هەیە. لە ململانێی دەسەڵاتی هەرێمیدا، لە ساڵی ٢٠١١ وە ڕیاز بە بەردەوامی لەلایەن تارانەوە بەرپەرچ دراوەتەوە، بەشار ئەسەد هێشتا بەرپرسیارە لە سووریا، حیزبوڵڵا هێشتا کاریگەرە و تا ئێستاش حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە. ڕاستی ئەوەی کە عەرەبستانی سعودیە زیادەڕەوی لە تێوەگلانی ئێران کرد، لە سرووستی نیگەرانییەکانیانی کەم نەکردەوە.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی دەورێکی کاریگەریان هەبوو لە بنیاتنانی ئەم تەسەورەی نزیکی حوسییەکان لە ئێران، کە بەشیوەیەکی سەرکەوتوانە نائەمنی ڕژێمی لە نێو ئەلسعوددا بەرهەمهێنا(vatanka, 2021, p. 19). محەمەد بن سەلمان نەیتوانی دەسەڵاتی نوێی دامەزراوەکانی بپارێزێت لەکاتێکدا میلیشیایەکی پاڵپشتکراو لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵی وڵاتێکی سنووری باشووری ئەو وڵاتەی کردبوو. هەربۆیە مانەوەی یەمەن لە دەستی هاوپەیمانی دوژمنێکی سەرەکی ڕیازدا مەترسییەکی ئەمنی ڕاستەوخۆ درووستدەکات و ناجاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هەر ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی لێکەوتەکانی.

ئەلجوبەیر لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ٨ی ئایاری ٢٠١٥ دا وتی”دواین شت کە پێویستمان بێت لەسەر سنوورەکەمان میلیشیایەکی جەکدارە بە موشەک و کۆنترۆڵی هێزی ئاسمانییان کردبێ ، کە دڵسۆزی ئێران و حیزبوڵڵا بن”(وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ٢٠١٥). بە شێوەیەکی دەستکرد، جوبەیر خەریکی درووستکردنی وێنەیەک بوو لە یەمەن وەک وەکیلی شیعەی کلاسیکی ئێرانی، لە قاڵبی حیزبوڵڵادا. ئەمە لە کاتیکدایە کە بڕیاری حوسییەکان بۆ گرتنی سەنعا پێجەوانەی خواستی ئێران بوو. سەرەڕای ئەوە، حوسییەکان زەییدین. لە کاتێکدا ئەوان لە ڕووی تەکنیکییەوە ‘شیعە’ن، بەڵام خامنیەیی وەک ڕێبەری خۆیان قبووڵ ناکەن و بۆ جەندین نەوە لەگەڵ سووننە هاوسەرگیرییان کردووە. لەبری ئەوەی وەکالەتی شیعە بن، لە ڕاستیدا ‘ئەکتەرێکی ستراتیژین کە بەرژەوەندی ڕوونیان هەیە. لە ناوەڕۆکدا حوسییەکان سەرنجیان لەسەر پرسە ناوخۆییەکان و ستەمە مێژووییەکانە’ (Johnston et al. , 2020,7). ڕیاز سووربوو لەسەر زیادەڕەوی لە تێوەگلانی ئێران لەگەڵ حوسییەکان، بۆ لاوازکردنی ئەگەری نزیکبوونەوەی دیپلۆماسی ئێران و ئەمریکا و بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە. ڕۆژئاوا کە ئێرانی وەک هەڕەشەیەکی خراپ دەبینی، گرنگییەکی گەورەی هەبوو لە پرۆسەکانی ئەمنیەتگەرایی ڕیازدا.

پلانی کاری گشتگیری هاوبەش (JCPOA) وەک ئاماژەیەکی شاراوەی نزیکبوونەوەی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا سەیردەکرا (Black, 2013)، شتێک کە ڕیاز بە هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ سەر دەسەڵاتی هەرێمی و شەرعیەتی نێودەوڵەتی خۆی دەیبینی. جێگەی باسە کە دانوستانەکانی کۆتایی لەسەر ڕێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوەدا لە یەک کاتدا ئەنجامدەدرا. دڵەڕاوکێی نزیکبوونەوە لەسەرانسەری کەنداودا بڵاوبووەوە. وەک یەکێک لە شرۆڤەکارانی ئیماراتی، سوڵتان ئەلقاسمی، وتی: ‘ئەم گرێبەستە ئەو سەودا گەورەیەیە کە جۆن کێری ڕەتیدەکاتەوە. لەبەرامبەر بەڵێنی پووچدا کارتی سپی بە ئێران دەدات. ئێران لە حاڵی بەرزبوونەوەدایە. ئێران دەستی بردنەوەی لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن هەیە’ (Nakhoul, 2015).

پاشان هەستی دژە ئێرانی لە ئەبو زەبی تا ڕاددەیەک ئارام بووەوە (Coates Ulrichsen, 2017). لەبەرامبەردا ئەوەندە بە قووڵی لەناو سیاسەتی دەرەوەی سعودیەدا چەسپاوە کە بووەتە بەشێک لە چوارچێوەی کاری ئایدیالی ئەوان. ئەوە بەم مانایەیە کە مرۆڤ دەتوانێت لە سووربوونی شانشینەکە لە شەڕێکدا کە ناتوانێ تێیدا سەرکەوتوو بێت، تێبگات. ئاسایشی ئەنتۆلۆژییان، یان تیگەیشتنیان لە”خود” کەوتە مەترسییەوە بەهۆی گوتاری ئێران دەربارەی حوسییەکان (Kamrava, 2018). بە ئامادەبوونی ئێران لە عێراق و سووریا و لوبنان، ڕیاز هەستی کرد ناچارە کارێک بکات-چونکە نەیانتوانی ئەمجارە مەترسی سەرکەوتنی کاریگەری قووڵتری ئێران لەسەر دەرگاکانیان درووست بکەن. سعودییەکان پاشکۆی جەنگی ساردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بوون. کاتێک کەسانی نوخبە هەست بە هەڕەشە دەکەن، کردارەکانیش تا دێت زیاتر نائومێدکەرانە دەبن. وەک لە ڕۆژانی کۆتایی یەکێتی سۆڤیەتدا بینرا (Wallander, 2003). بەم شێوەیە، ئەلجوبەیر و ئامێری پڕوپاگەندەی سعودیە دووبارەو دووبارە زیادەڕەوییان لە هەڕەشەی حوسییەکان و پەیوەندییان بە ئێرانەوە بۆ بینەرانی ڕۆژئاوایی کرد. ئامانجی سەرەکی لێرەدا ڕازیکردنی ئەمریکا بوو کە حوسییەکان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی پۆلێن بکات، کە دەتوانرێت ڕێوشوێنی تووندتر لە دژیان بگیرێتەبەر.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەسۆشێتد پرێس لە ٢ی نیسانی ٢٠١٥ دا، پرسیار لە ئەلجوبەیر کرا: ‘ئایا بەجۆرێک لە جۆرەکان گرنگە ئەمریکا حوسییەکان وەک گروپێکی تیرۆرستی بخاتە لیستی تیرۆرەوە؟

ئەلجوبەیر: ‘ئێرانییەکان زۆر پێش دەستپێكردنی ئەم ململانێیە چەکیان بۆ حوسییەکان ناردووە. ئەو چەکانە تەنانەت موشەکی زەوی بە ئاسمانیش لەخۆدەگرێت’؛ ‘ئەوان پشتگیری داراییان بۆ دابیندەکەن’؛ بەڵگەکان زۆر ڕوونن بۆ ئێمە وهیچ گومانێکمان لەوەدا نییە’ (AP Archive, 2021).

لە پشت ئەمەوە، نیشاندانی بنیاتنانی ئێرانە وەک سەرچاوەی ڕاستەقینەی نائەمنی و تیرۆریزم لە ناوچەکەدا و حوسییەکان وەک گروپێکی تووندڕەوکە لەلایەن تارانەوە چەکدار دەکرێن و دڵسۆزی تارانن. نایابی تێڕوانین بۆ ڕابردوو. ڕێگەی بە هەندێک لە دیپلۆماتکارە باڵاکانی سعودیە داوە، وەک شازادە خالید بن بەندەر بن ئەلسعود، دان بەوەدا بنێت کە ڕیاز لە بارەی ڕادەی دەستێوەردانی ئێرانەوە هەڵە بووە، بەڵام دان بەوەدانانێت کە ڕیاز بە ئەنقەست زیادەڕەوی لەم بابەتەدا کردووە. گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە مەرج نییە ئەم بۆچوونە نوێنەرایەتی تەواوی ڕژێمی سعودیە بکات. لە ٢٤ تشرینی دووەمدا، لە وتارێکدا لە قەڵای دورهام، لە شازادە خالیدم پرسی:’لە ساڵی ٢٠١٥دا، سعودیە کۆمەڵێک پاساوی بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە خستەڕوو، لە نێویاندا تێوەگلانی بەرچاوی ئێران – ئایا دان بەوەدا دەنێیت کە ئەمە هەڵەیەک بوو؟’.

شازادە خالید: ‘هاوڕاتم’ (Al saud, 2021).

ئەگەر بە مەبەست زیادەڕەوییان لە پەیوەندی ئێران کردبێت، یان بە سادەیی باوەڕیان بە وروژاندنی ئێران هەبووبێ، عەرەبستانی سعودیە بە جۆرێ ڕەفتاری کرد کە هیج شتێکی بۆ پێگەی خۆی نەکردو هەموو شتێکی بە سوودی پێگەی تاران شکایەوە. بەم مانایە ئێستا دەتوانرێ بوترێت کە پرۆسەی نا تەقلیدی ئەمنیگەرایی ئێران سەرکەوتوو بووە، ڕیازی بە شەڕێکی گرانبەها و نەبڕاوەوە بەستووەتەوە. وەک شازادە خالید لەگەڵ فرانک گاردنەر ڕۆژنامەنووسی بی بی سی لە ساڵی ٢٠١٩ وتی: ‘شتەکە لەبارەی جەنگەوە ئەوەیە کە بڕیاری خۆتە بۆ ئەوەی بەشداری بکەیت، بەڵام هەرگیز بڕیاری خۆت نییە لێی دەربچیت’ (RUSI,2019).

ڕیاز بە وردی ئاگاداری پایتەختی هەستی دژە ئێرانی بوو لە نێو بینەرە جیاوازەکاندا. گرنگترینیان کە دەبێ لێی تێبگەین، بۆ مەبەستی ئەم توێژینەوەیە، بینەری ڕۆژئاوایە – بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا.

٧- ئەمریکا و بەریتانیا

دوژمنایەتی ئەمریکا بەرامبەربە کۆماری ئیسلامیی لە قەیرانی بارمتەکانی ساڵی ١٩٧٩ دەستی پێکرد کە ٥٢ ئەمریکی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ لەلایەن خوێندکارە توندڕەوەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکران. ئەم قەیرانە بەڵگەنامەی باوەڕپێکراوی تارانی سەلماند. بەو پێیەی توانییان کاریگەری قووڵیان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەبێت. زۆر کەس پێیان وایە بێتوانایی سەرۆک جیمی کارتەر لەچارەسەرکردنی کارەساتەکەدا بووە هۆی دۆڕانی بە ڕۆناڵد ڕیگان لە هەڵبژارنی سەرۆکایەتی ساڵی ١٩٨١(Kamarck, 2019). پەیوەندییە تایبەتەکەی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا و هەماهەنگی پێشوویان بۆ لابردنی موسەددەق لە ساڵی ١٩٥٣ و پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ عەرەبستانی سعودی دڵنیایی دەدەن لەوەی کە لە زۆربەی سیاسەتی دەرەوەی ناوچەکەدا یەکگرتوون، بەتایبەتی کە وا هەستبکرێت کە یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکانیان.

لەمیانەی کۆنگرەیەکی هاوبەشدا سەبارەت بە یەمەن و ناوچەکە لەگەڵ عادل جوبەیر وەزیری دەرەوی سعودیە لە ٨ی ئایاری ٢٠١٥، جۆن کێری وەزیری دەرەوە کاتێکی زۆری تەرخانکرد بۆ جەختکردنەوە لەسەر هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەکە.

‘وەک هەمووان دەزانن، پەیوەندییەکی زۆر تایبەتمان لەگەڵ بەریتانیا هەیە. ئێمە بەرژەوەندی و بەهای هاوبەشمان هەیە. ئێمە بەنزیکەیی لەسەر هەموو پرسێک پێکەوە کاردەکەین، و ئێستا بێگومان بەردەوامی دەبێت لە درووستکردنی پەیوەندیەکانداو لەو کارەدا کە وەبەرهێنانمان کردووە لەسەر ژمارەیەک ئەولەویەت و دەسپێشخەری جیاواز’ (وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریک، ٢٠١٥).

وەڵامە هاوشێوەکانیان بۆ گوتارەکانی سعودیە زیاتر بەڵگەی ئەوەبوو کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمریکا و بەریتانیا ‘بە نزیکەیی لەسەر هەموو پرسێک کە هەیە’ یەکگرتوون. لەهەمان کۆنفرانسدا، کێری باسی لە ئامانجی لوتکەی داهاتووی هاریکاری کەنداو کرد:

‘لەو لوتکەیەدا گفتوگۆ لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریزمی هەرێمی و بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییە جیاواز و دیارەکانەوە دەکرێت. دیارە باس لە تەحەددای پشتیوانی ئێران دەکات لە هەندێک لەو ململانێ تایبەتانەدا. بەشێوەیەکی فراوانتر باس لە مەترسی هەڕەشەی تیرۆر دەکات'(وەزارەتی دەرەروی ئەمریکا، ٢٠١٥).

هەروەها ڕایگەیاندووە:

مەبەستم ئەوەیە، ئەوانە نیگەرانییەکانن: ناسەقامگیری ناوچەکە بەهۆی کۆمەڵێک قەوارەی جیاوازەوە و دیارە هەموومان دەزانین کە ئێران پشتگیری لە حیزبوڵڵا کردووە و پشتیوانی حوسییەکانیشی کردووە (وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ٢٠١٥).

لە ٢٧ی ئازاری ٢٠١٥، دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە، فلیپ هامۆند لە واشنتۆن وتی کە :

‘سعودیەکان بە تووندی مومارەسەی بیرۆکەی هەبوونی ڕژێمێکی پاڵپشتیکراوی ئێرانی لە یەمەن دەکەن، ئەوان ناتوانن بیرۆکەی ڕژێمێکی پشتیوانیکراوی ئێرانی کە کۆنترۆڵی یەمەن بکات قبووڵ بکەن، هەربۆیە هەستیان کرد ناچارن بەو شێوەیە دەستوەردان بکەن. . . دەزانین پشتیوانی ئێران بۆ حوسییەکان هەبووە و هەموومان نیگەرانین کە ئەم شەڕە ببێتە شەڕی بەوەکالەت (Reuters, 2015)

پرۆسەی ئەمنیگەرایی ڕیاز بەسەرکەوتوویی سەلمێندرا، هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیان بە تێوەگلانی قووڵی ئێران لە یەمەن قایل کرد. ئەم گێڕانەوەیە لەگەڵ ڕۆژئاوادا دەگونجێت. بەشێوەیەکی فراوانتر، گفتوگۆ لەسەر ڕەچاوکردنی ئابووری پەیوەست بە بەردەوامبوونی فرۆشتنی چەک بە عەرەبستانی سعودی و پیشەسازی نەوت و گازی سرووستی زیاتر و زیاتر کەم بوو. هەڕەشەی ئێران وەک پاساوێکی یاسایی بۆ ڕێوشوێنە سەختەکانی ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە درووستکرا، کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە وێرانکردنی یەمەن و مردنی زیاتر لە ٣٧٧٠٠٠ کەس (CAAT, 2022).

٨- ئەنجام

هەستی دژەئێرانی بووەتە بەشێک لە ناسنامەی سعودیە و ڕۆژئاوا. سەرەڕای ئەوەی، ئەمریکا، بەریتانیا و عەرەبستانی سعودی خزمەتگوزاری هەواڵگری زۆر ئاڵۆزیان هەیە. لەکاتێکدا ئەم توێژینەوەیە ناتوانێ ئەوە بسەلـمێنێت کە ڕۆژئاوا هاوبەش بووە لە زیادەڕەویکردن لە ڕۆڵی ئێران لەگەڵ حوسییەکان بەشێوەیەکی دەستکرد و بە ئەنقەست، بەڵام دەتوانێت بەو ئەنجامە بگات کە ئەوان هەڵە بوون لە قبووڵکردنی پاساوی ڕیاز بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە. ئەمەش لەسەر بنەمای ڕای گشتی لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا (Hill, 2017; jumeau, 2016; Kendall, 2017). ئەم توێژینەوەیە بەدواداچوون بۆ پرۆسەیەکی ئەمنیگەرایی گوتاریی کردووە کە بە بەرزکردنەوەی دڵەڕاوکێی سعودیە لەلایەن تارانەوە دەستیپێکرد سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەی حوسییەکان. ڕیاز بەشێوەیەکی دەستکرد زیادەڕەوەی لە گەورەکردنی نفوزی ئێران کرد لە یەمەن و دووبارە ئاسایشسازی ئێرانی وەک هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتی چەسپاند. جێگای سەرسوڕمانە کە ئەم توێژینەوەیە دەتوانێت بەو ئەنجامە بگات کە ئەم دیسکۆرسە سوودێکی بەرچاوی بە ئێران گەیاندووە لە یاری کۆ – سفری لەگەل عەرەبستانی سعودیەدا. ڕیاز لە شەڕێکدا قوفڵ بووە کە سەرچاوەکانی و ئاسایشی و متمانەی نێودەوڵەتی خۆی بەرەو نەمان بردووە. درووستبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان حوسییەکان و ئێراندا سەرکەوتوو بوو لە شەرعیەتدان بە ئۆپەراسیۆنی زریانی یەکلاکەرەوە، بەڵام دواجار بووە هۆی زیانێکی زۆر بۆ ڕیاز. ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە ئەمە نموونەیەکی کاریگەر و تێچوویەکی کاریگەری شەڕی گێڕانەوەی ئێران بووە. بەوپێیەی لە ڕووی تێچوونەوە کاریگەرە، شتێکی گونجاو دەبێت کە بە ‘ جیۆپۆلەتیکی گەریلا’ ناوی بهێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا ئێران چەکێکی سەرەکی موزایەدەی لە دیپلۆماسی ناوچەکەدا هەیە، کە دەنگدانەوەی کەمی لەناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا هەیە، بەڵام مانایەکی چڕوپڕی هەیە بۆ دوژمنەکانی – تێوەگلانی لەگەڵ حوسییەکان(kendall, 2017). ئەمە پێشترلە دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ڕیاز و تاران و نوێکردنەوەی گفتوگۆ لەسەر پلانی کاری گشتگیری هاوبەش JCPOA هاتووەتە ئاراوە(Ramani, 2021(amani, 2021راوە(لانی کاری گشتگێ نێوان ڕیاز و تاران و نوێکردنەوەی گفتوگۆلەسەر پلانی کاری گشتگێری هاوبەش و بەرژەوەندییەکانی خۆیدا). لە کۆتاییدا دەتوانرێت ئەم گێڕانەوەیە وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەمنیگەرایی ئێران تایبەتمەند بکرێت، ئەگەر پێشبینی کاریگەریەکانیان کردبێت یان نا.

[1]Securitisation imperatives and the exaggeration of Iranian involvement with the Houthi movement by international actors – Walsh – 2023 – Global Policy – Wiley Online Library

Send this to a friend