• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 5, 2020

سیناریۆكانی بەبازاڕكردنی گازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان

بێستون محەمەد سەنگاوی

ماستەر لە بەڕێوەبردنى نەوت و گاز

 لە ژمارە ٢ی گۆڤاری ئایندەناسی (تەموزی٢٠٢٠)دا بڵاوکراوەتەوە

بەرایی

خواستى جیهانی بۆ گازى سروشتى؛ بەردەوام لە زیادبووندایە، بەتایبەت لە كۆتاییەكانى سەدەى بیست و سەرەتاكانى سەدەى بیست و یەكەوە ڕووى لە هەڵكشان كردووە، ئەمەش پەیوەندیى بە چەندین فاكتەرى سروشتی، ژینگەیی، ئاسانیى بەكارهێنان و گواستنەوە و عەمباركردن و… هتد؛ هەیە. لەدواى پڕۆسەى ئازادیی عێراق و لە ئەنجامى ئەو گۆڕانكارییانەى كە لە سیستمى سیاسى، ئابوورى، كارگێڕی و… هتد؛ هاتنە ئاراوە، هەرێمى كوردستان و حكومەتە خۆجێییەكەى، یەكێك لەو هەنگاوە دیارانەی كە دەستیان پێ كرد، بەپیشەسازیكردنى نەوت و گاز بوو، واتە دەرهێنان و بەرهەمهێنانى نەوت و گاز دواى دۆزینەوەیان و دواتر بەبازاڕكردنیان. لە ئەنجامى ئەو گەڕانانەدا دەركەوت جگە لە نەوتى خاو، یەدەکێكى زۆرى گازى سروشتییش لەژێر خاكى كوردستاندا هەیە، كە دەتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ مەبەستى پیشەسازیى كارەبایى و لە داهاتووشدا دەتوانرێت وەكوو سەرچاوەى پیشەسازیى پترۆكیمیایى بەكار بهێنرێت، ئەمە جگە لەوەى دەتوانرێت بەشێك لە پێداویستى و خواستى دەرەوە، بەتایبەتى عێراق و وڵاتانى یەكێتیى ئەورووپا و توركیا دابین بكات. سەرەتا و لە ساڵی 2007، بە ڕێككەوتن لەگەڵ كۆنسۆرتیۆمى كۆمپانیاكانى (دانا گاز، هیلال، پیترۆڵیۆمى نێودەوڵەتى و پێڕڵ پترۆڵیۆم) بۆ بەرهەمهێنانى گازى سروشتى و لە ساڵی 2016دا لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانى خاوەن سەرمایە بە ناوی ڕۆسنەفت (Rosneft)، كە كۆمپانیایەكی ڕووسییە و لە بواری نەوت و گازدا وەبەرهێنان دەكات، ڕێككەوتنى سەرەتایى كردووە بۆ دروستكردنى بۆرییەكى گواستنەوەى گازى سروشتى بۆ توركیا و ئەورووپا.

زۆربوونی خواست بۆ گازی سروشتی لە جیهاندا

بەكارهێنانی گازی سروشتی لە جیهاندا بە شێوازێكی خێرا لە زیادبووندایە، بە شێوەیەك لە ساڵی 2012دا بڕی 120 تریلیۆن پێ سێ جای لێ بەكار هاتووە، بەڵام ئەم ژمارەیە بۆ نزیكەی 203 ترلیۆن پێ سێ جا زیاد دەكات لە ساڵی 2040دا. بەكارهێنانی گازی سروشتی بۆ مەبەستی پیشەسازی (1.7%) زیاد دەكات لە ساڵێكدا، بەڵام ئەم ژمارەیە بۆ كارەبا دەگاتە (2.2%)، بە جۆرێك (73%)ی بەكارهێنانی گازی سروشتی بە مەبەستی پیشەسازی و بەرهەمهینانی كارەبا دەبێت لە ساڵی 2040-دا((1.

لە ساڵی  2018 لە كۆى بەكارهێنانى سەرچاوەكانى وزە لە جیهاندا، بەكارهێنانى گازى سروشتى بە ڕێژەی 24% و بەكارهێنانی خەڵووزی بەردین بە ڕێژەی 27% و بەكارهێنانى نەوت بە ڕێژەی 34% بووە. زۆربەى ئەو گازە سروشتییەش بۆ بەرهەمهێنانى كارەبا بووە بە ڕێژەى 34% و بۆ سێكتەرى پیشەسازى بە ڕێژەى 31.3%، بەكارهێنانى لە سێكتەرى نیشتەجێبووندا بە ڕێژەی 20.7% و بە مەبەستى بازرگانى بە ڕێژەی 13.8% و بۆ بەگەڕخستنی ئامێرەكان بە ڕێژەى 0.15% بوو(2).

سیناریۆی یەكەم

  • ئایا گازی سروشتیی كوردستان دەتوانیت چارەسەری كێشەی كارەبا بكات لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا؟

گازی سروشتی گونجاوترین سەرچاوەی وزەی نوێنەبووەوەیە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا و پیشەسازی لە جیهاندا. بەكارهێنانی ئەم سەرچاوەیەی وزە بە شێوەیەكی زۆر خێرا لە گەشەكردندایە، بە شێوەیەك لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018 ڕێژەی خواست لەسەر ئەم سەرچاوەیەی وزە (4.9%) زیادی كردووە، لە ساڵی 2018-دا پێداویستیی جیهان گەیشتووەتە نزیكەی (3922) ملیار مەتر سێجا(3).

 یەكێك لە كێشە گەورەكانی عێراق، دابینكردنی كارەبایە بۆ هاونیشتمانیانی. سەرەتاكانی ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی كەنداوی ساڵی 1991. پێش دەستپێكردنی شەڕ، حكومەت توانای دابینكردنی 87%-ی كارەبای هەبوو، بەڵام شەڕ بووە هۆكاری لەناوبردنی نزیكەی 70%ی سەرچاوەكانی كارەبا، بە شێوەیەك 80%-ی یەكەكانی تۆڕباینە گازییەكان لەكار كەوتن و ئەو یەكانە كەم بوونەوە بۆ نزیكەی 50 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە ئەوانیش تەنیا توانای دابینكردنی (2,325) مێگاواتیان هەبووە. بەڵام پێش دەستپێكردنی شەڕ و لە ساڵی 1990، توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لەم وڵاتەدا نزیكەی (9,295) مێگاوات بووە، كە پێكهات بوو لە 120 یەكەی تۆڕباین كە سەرچاوەی بەرهەمهێنانیان بریتی بوو لە “Thermal, Gas Turbine, Hydroelectric”(4).

 لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە لە ساڵی 2003، حكومەتی عێراق نزیكەی 40 ملیار دۆلاری بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا خەرج كردووە، بەڵام نەتوانراوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، ئەمە جگە لەوەی مەزەندە دەكرێت نزیكەی 30 ملیار دۆلاری تر پێویست بێت بۆ چارەسەری كۆنكرێتییانەی كێشەكە، لە كاتێكدا ئەگەر گەندەڵی و بەهەدەردان نەكرێت وەكوو ئەوەی لە 40 ملیار دۆلارەكەی پێشوودا كراوە((5.

لە ئێستادا عێراق پێویستی بە نزیكەی 25 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام توانای دابینكردنی نزیكەی 15-16 هەزار مێگاواتە، لەم بڕە نزیكەی 1200 تا 1500 مێگاواتی لە ئێران دەكڕێت، ئەم بڕە كارەبایە نزیكەی 37-38 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتیی پێویستە و عێراق نزیكەی 3,5 تا چوار ملیار دۆلار ساڵانە دادەتە ئێران لەبریی ئەو بڕە لە گازی سروشتی و دابینكردنی ئەو بڕە لە كارەبا، هەر چەندە ئەو بڕە پارە زۆرە كە لە كڕینی كارەبادا دەدرێت بە ئێران، بارگرانییەكی زۆری ئابووریی لەسەر عێراق دروست كردووە، بەڵام وڵاتەكەی تا ڕادەیەك لە بەشێك لە كێشەی كارەبا بەتایبەت بۆ پارێزگاكانی بەسڕە و دیالە و میسان ڕزگار كردووە و پێناچێت عێراق بتوانێت دەست هەڵبگرێت لە ڕێككەوتنی كڕینی كارەبا و گازی سروشتی لە ئێران لەژێر فشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا لە چوارچێوەی سزا ئابووری و سیاسییەكان بۆ سەر ئێران، هەتاوەكوو جێگرەوەیەك بۆ دابینكردنی كارەبا و كڕینی گاز نەدۆزێتەوە، ئەویش تەنها وڵاتانی دراوسێیەتی، چونكە بە دەرچوون لەو ڕێككەوتنە، قەیرانی كارەبا زۆرتر دەبێت، لەبەر ئەوەی لە ئێستاشدا حكومەت تەنها توانای دابینكردنی 60%-ی كارەبای هەیە، بەو بڕەشەوە كە لە ئێرانەوە هاوردەی دەكات(6)، لە كاتێكدا عێراق پێویستی بە نزیكەی  70 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی هەیە بۆ دابینكردنی كارەبای تەواوەتی، جگە لەوەی كە بەشێكی تری سەرچاوەی دابینكردنی كارەبا؛ سەرچاوەكانی تری وزەیە جگە لە گازی سروشتی(7). ئەمە لە كاتێكدایە لە دوایین سەردانی “عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی”؛ وەزیری دارایی عێراق بۆ عەرەبستانی سعودی لە ڕێكەوتی 23/5/2020، ڕایگەیاندووە كە عێراق پابەندی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەبێت و كڕینی كارەبا و غاز لە ئێران ڕادەگرێت و لەبریی ئەو، ڕێككەوتنی كڕینی وزە لە عەرەبستانی سعودی ئەنجام دەدات.

هەر چەندە عێراق و كوردستان خاوەنی بڕێكی زۆری یەدەکی گازی سروشتین، بەڵام هەتاوەكوو ئێستا نەتوانراوە كارەبای پێویست و پێداویستییەكانی گازی سروشتی بەتەواوەتی دابین بكرێت، یەدەکی گازی سروشتیی کوردستان بە نزیكەی 200 تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، کە دەکاتە (5.67)تریلیۆن مەتر سێجا، ئەم بڕە نزیكەی 3%-ی یەدەکی جیهانە(8)، هەر چی یەدەكی گازی عێراقە نزیكەی 112 تریلیۆن پێ سێجایە كە دەكاتە نزیكەی 1,6%-ی یەدەكی جیهانی(9).

توانای دابینكردنی ڕۆژانەی گازی سروشتی لەلایەن كوردستانەوە تەنها بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بریتییە لە 400 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی، كە دەكاتە نزیكەی (113,268) مەتر سێجا بۆ دوو وێستگەی كارەبا لە سلێمانی و یەك وێستگە لە هەولێر(10)، هەروەها بەپێی ڕێكکەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆنسۆرتیۆمى كۆمپانیاكانى (دانا گاز، هیلال، پیترۆڵیۆمى نێودەوڵەتى و پێڕڵ پترۆڵیۆم) كە لە ساڵی 2017 ڕێكکەوتنی لەسەر كراوە، دەبێت تواناى بەرهەمهێنانى گاز لەلایەن پێرڵ زیاتر بكرێت لە كێڵگەى كۆرمۆر بە تواناى (500) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێكدا، لە ماوەى دوو ساڵدا ڕێژەى بەرهەمهێنانى گازى زیادە، 160% زیاد بكرێت لە هەمان كێڵگە، ئەمە جگە لەوەی لە كێڵگەى كۆرمۆر بلۆكەكانى ژمارە 19 و 20  بە هەمان مەرجەكانى ڕێككەوتنى نێوان هەردوو لا  لە بلۆكى كۆرمۆر لە ساڵی 2007 بۆ گەڕان و بەرهەمهێنانى گاز و نەوت دەست پێ بكات(11)، بەپێی ئەو پلانەی كە داڕێژراوە، توانای بەرهەمهێنان لە كێڵگەی كۆرمۆر لە ساڵی 2021 دەگەیەنرێتە نزیكەی 650 ملیۆن مەتر سێجا و لە ساڵی 2022 دەگەیەنرێتە نزیكەی 900 ملیۆن مەتر سێجا (12).  هەروەها لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە نزیكەی 23 ملیۆن مەتر سێجا توانای بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی هەیە و زۆربەشی لە پارێزگای بەسڕەیە، ئەمەش ڕێژەیەكی زۆر كەمە بەراورد بە پێداویستیی ڕۆژانە، هەر چەندە ئەم وڵاتە بەرنامەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی ئەم سەرچاوە سروشتییەی هەیە بۆ نزیكەی (100) ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵی 2025. ئەگەر بتوانێت ئەم پلانە جێبەجێ بكات، ئەوكات پێویستی نە بە هاوردەكردنی كارەبا دەبێت لە ئێران و نە پێویستی بە گاز و كارەبا دەبێت لە هەرێمی كوردستان(13).

ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بتوانن بگەن بە ڕێكکەوتنێكی نوێ لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی وزە، ئەوا گازی سروشتیی كوردستان توانای دابینكردنی نزیكەی (1/3)ی پێداویستیی غازی عێراقی دەبێت، چونكە توانای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لەدوای ڕێككەوتنەكەی حكومەتی هەرێم و كۆنسۆرتیۆم؛ توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە بۆ نزیكەی 160% بەرز دەكاتەوە، كە ئەوكات واتە لە ساڵی 2017 كە بەرهەمهێنان نزیكەی 330 ملیۆن پێ سێجا بووە، بەرز دەبێتەوە بۆ (800) ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە(14).

سیناریۆی دووەم

  • هەناردەكردن و فرۆشتنی گازی سروشتیی كوردستان بۆ توركیا و وڵاتانی ئەورووپا

توركیا وڵاتێكى گرنگ و گەورەی پیشەسازییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەی كە ئەم گرنگییەی پێ بەخشیوە؛ بە پلەى یەكەم پەیوەندیى بە شوێن و هەڵكەوتەى جوگرافیاكەیەوە هەیە، ئەم وڵاتە پردى گواستنەوەى كەرەستەى خاوە بەتایبەتى نەوت و گازى سروشتى لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا و گواستنەوەى بەرهەمە پیشەسازییەكان بەپێچەوانەوە، چونكە خاوەنى كەنارى ئاوییە لەسەر دەریاى ڕەش و دەریاى سپیى ناوەڕاست، بەڵام ئەم وڵاتە خاوەنى یەدەك و بەرهەمهێنانێكى زۆر كەمى نەوتى خاو و گازى سروشتییە. هەموو تواناى ئەم وڵاتە بۆ بەرهەمهێنانى نەوت، ڕۆژانە كەمترە لە 50 هەزار بەرمیل و بەرهەمهێنانى گازى سروشتى بە بڕى  632 ملیۆن مەتر سێجاى ساڵانە(15)، بەڵام بڕى پێویستى ڕۆژانەى نەوت لەو وڵاتە نزیكەی 1,002,885 بەرمیل نەوت(16) و بڕى 47,3 ملیار و مەتر سێجا گازى سروشتی بووە لە ساڵی 2018-دا( (17.

لە داهاتوودا كوردستان دەتوانێت پردى بەیەكگەیشتن و دابینكردنى گازى سروشتى بێت بۆ توركیا و وڵاتانى ئەورووپا، چونكە ئەم هەرێمە خاوەنى نزیكەى 5 تریلیۆن و 67 ملیار مەتر سێجا گازى سروشتییە و ئەم سەرچاوەیەى وزە زۆر لە نەوت گرنگترە و خواستی بەكاربەرانى سەرچاوەكانى وزەى زۆر زیاترە بە بەراورد بە نەوت بەتایبەتی لەلایەن ئەورووپاوە. كوردستان دەبووایە لە ساڵى 2020 دەستی بكردایە بە هەناردەكردنی گازی سروشتی و بەپێی ئەو پلانەی كە هەبوو؛ بیتوانیایە 6%ى گازى سروشتیى ئەورووپا دابین بكات، چونكە كۆمپانیاى ڕۆسنەفت دەڵێت: ساڵى 2020 گازى كوردستان دەگەیەنینە بازاڕەكانى ئەورووپا، دواى ئەوەى بۆریى گواستنەوەى گاز لەنێوان كوردستان و توركیا دروست دەكرێت، ئەو بۆرییە تواناى گواستنەوەى ساڵانەى بریتییە لە 30 ملیار مەتر سێجا(18) .

لەم ڕوانگەیەوە كوردستان لە ڕووى جوگرافیاى سیاسى و جوگرافیاى وزەوە گرنگتر و بەبایەختر دەبێت، تا ڕادەیەكى زۆر دەبێتە بەدیلى دابینكردنى وزە بۆ ئەورووپا و توركیا، چونكە هەموو جیهان خاوەنى نزیكەى 187 ترلیۆن و 300 میلیارد مەتر سێجا گازی سروشتییە. كوردستان بەو ڕێژەیە دەچێتە ڕیزبەندیى نۆیەمین گەورەترین وڵاتى خاوەن یەدەكى گازى سروشتى و لەدواى ڤەنزوێلا كە خاوەنى نزیكەى 5 ترلیۆن و 724 ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتییە، دەكەوێتە پێش نەیجیریا كە خاوەنى نزیكەى 5 ترلیۆن و 100 ملیار مەتر سێجا گازى سروشتییە.

هەر چەندە پڕۆژەی “Nord Stream و Nord Stream 2″؛ دوو پڕۆژەی گواستنەوەی گازن لە ڕووسیاوە بۆ ئەڵمانیا، بە درێژایی 1200 كیلۆمەتر بە دەریای بەڵتیکدا تێدەپەڕن و توانای گواستنەوەی نزیكەی 110 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتییان هەیە لە ساڵێكدا(19)، بەڵام ئەم ڕێژەیە كەمترە لە (1/4)ی پێداویستی ساڵێكی یەكێتیى ئەورووپا كە بریتییە لە (458,5) ملیار مەتر سێجا. هەر چەندە هەریەك لە وڵاتانى ڕووسیا و ئێرانە كە خاوەنى زۆرترین گازى سروشتین لە جیهاندا، لە ڕووى جوگرافیاوە نزیكن لە ئەورووپا و توركیاوە، بەڵام كێشمەكێشى سیاسى و دووركەوتنەوە و لیكنزیكبوونەوەى پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕۆژئاوا و ناسەقامگیریى سیاسییان؛ وایان كردووە بازاڕێكى خاوەن متمانە نەبن بۆ ئەورووپا و توركیا و ئەم دوو جوگرافیایەش هەم ئەورووپا و هەم توركیا، یەدەك و بەرهەمهێنانى گازى سروشتییان زۆر كەمە و هاوردەكردن و بەكاربردنیان زۆرە(20).

پلانى كۆمپانیاكانى دانا گاز و ڕۆسنەفت سەبارەت بە گازی سروشتیی كوردستان

لە ساڵی 2017دا، تواناى بەرهەمهێنانى ڕۆژانەى گازى سروشتى لەلایەن كۆمپانیاى دانا گاز و هاوبەشەكانیەوە لە كێڵگەى كۆرمۆر بریتی بووە لە نزیكەى 330 مەقمەق(ملیۆن پێ سێجا)، بەڵام بەپێى ڕێككەوتنە نوێیەكەیان لەگەڵ حكومەتى هەرێمى كوردستان، تواناى بەرهەمهێنانى گاز لەلایەن پێرڵ دەبێت زیاتر بكرێت بە تواناى 500 مەقمەق، واتە بڕەكەى زیاد بكرێت بۆ 830 مەقمەق لە ڕۆژێكدا. لە ئێستادا بەرهەمى گازى كۆرمۆر گاز بۆ وێستگەكانى كارەباى چەمچەماڵ و بازیان، وێستگەى هەولێر-خورمەڵە و سێمێڵ و بەشێك بۆ كەركووك و موسڵیش دەنێردرێت. هەر چى كۆمپانیاى ڕۆسنەفتە، بەپێى هەواڵێك كە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ساڵی 2017دا بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت حكومەتى هەرێمى كوردستان و كۆمپانیاى ڕۆسنەفت ئەو ڕێككەوتنەى كە لە نێوانیاندا هەیە، دەیخەنە بوارى جێبەجێكردنەوە كە بەشێكى بریتییە لە دامەزراندنى بۆرییەكى گواستنەوەى گازى سروشتى بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانى یەكێتیى ئەورووپا، هەروەها بەشێكى ئەو گازە بۆ پێداویستیى وێستگەكانى كارەبا و كارگەكان بەكار بهێنرێت. تواناى هەناردەكردنى ساڵانەى گازى سروشتى لەم بۆرییەوە، بریتییە لە 30 ملیار مەتر سێجا كە دەكاتە 6%-ى خواستى ئەورووپا بۆ گازى سروشتى. لە ساڵى 2019 كارەكانى ئەم بۆرییە دەبووایە تەواو ببووایە و لە ساڵى 2020 هەناردەكردن دەستی پێ بكردایە. دامەزراندنى ئەو بۆرییە لەلایەن ڕۆسنەفتەوە بەپێى سیستمى “BOOT” واتە دروستكردن، خاوەندارێتیكردن، بەكارخستن و هەناردەكردن دەبێت(21).

هەر چەندە هەتاوەكوو ئێستا باردۆخی ئابووریی كوردستان پێمان دەڵێت بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان وەكوو درووشمی ئابووریی سەربەخۆ؛ سەركەوتوو نەبووە، ئەمەش پەیوەندیی هەبووە و هەیە بە جۆری گرێبەستە نەوتییەكان و دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی جیهانییانەی مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناشەفافی لە بەڕێوەبردن و دابەشكردنی ناشەفافانەی قازانج لەناو گرێبەستە نەوتییەكان لەنێوان هاوبەشەكاندا و ناشەفافی لە ژمارەی بەرمیلە بەرهەمهاتووەكانی نەوت و كۆی تێچوونەكانی عەمەلیەی نەوتی. هەتاوەكوو ئێستا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەوە ڕانەگەیەنراوە كە مامەڵەی بازرگانی بە گازی سروشتی كرابێت بە شێوەیەك كە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كرابێت. بێگومان بەشێك لەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی بەڕێوەبردنی نەوت بوونەتەوە لە كوردستاندا، بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییش دەبنەوە، وەكوو ناشەفافی لە بەڕێوەبردن و هەڵبەز و دابەزی نرخی گازی سروشتی لە جیهاندا.

كوردستان وەك بازاڕێك بۆ فرۆشتنی گاز بۆ ئەورووپا و توركیا

لە ئەگەری جێبەجێكردنی پلانى هەردوو كۆمپانیاى دانا گاز و ڕۆسنەفت لە بارەی گازی سروشتیی كوردستانەوە، ئایا كوردستان دەبێتە بازاڕێك بۆ فرۆشتنى گازى سروشتى بە ئەورووپا و توركیا؟

ڕێژەی یەدەكی گازی سروشتی و شەیڵ گاز، توانای بەرهەمهێنان و ڕێژەی بەكارهێنان، بڕی گازی هاوردەكراو، هەموو ئەو داتا و زانیارییانە پێمان دەڵێن تا چەند گازی سروشتیی كوردستان دەتوانێت بازاڕێك بێت بۆ ئەورووپا و توركیا:

  1. ڕێژەى یەدەكى ئامادەى گازى سروشتى لە ئەورووپادا كەمترە بە بەراورد بە هەموو كیشوەرەكانی ترى سەر گۆى زەوى. وڵاتی “نەرویج” كە زۆرترین یەدەكى گازى هەیە لەنێو هەموو وڵاتانى ئەورووپادا، بڕەكەی نزیكەی (3,313) ترلیۆن مەتر سێجایە و لە ڕیزبەندیى شازدەهەمین وڵاتى زۆرترین یەدەك و هۆڵەنداش لە ڕیزبەندیی بیست و پێنجەمینە بە بڕی 292 ملیار مەتر سێجا و بەریتانیاش لە ڕیزبەندیى چل و یەكەمینی وڵاتانە و بڕى 292 ملیار مەتر سێجا و هەریەك لە وڵاتانى ئەڵمانیا، پۆڵەندا، فەڕەنسا و ئیسپانیا لەم بڕە كەمتر لە گازى سروشتى لەژێر خاكەكەیاندا هەیە. هەر چى توركیاشە، نزیكەى 6 میلیارد و هەشتا و هەشت ملیۆن مەتر سێجا یەدەكى گازى سروشتیى هەیە لە ڕیزبەندیى 85ی وڵاتى دنیادایە لە یەدەكى گازى سروشتى(22).
  2. لە بەرهەمهێنانى گازى سروشتیدا، هەموو وڵاتانى یەكێتیى ئەورووپا تەنیا تواناى بەرهەمهێنانى نزیكەی (132,300) ملیار مەتر سێجا گازى سروشتییان هەیە، ئەم ژمارەیە كەمترە لە نزیكەى چوار هێندەى تواناى بەرهەمهێنانى وڵاتێكى وەكوو ئێران و پێنج هێندەى ڕووسیا و حەوت هێندەى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا. سەبارەت بە توركیا، تەنیا تواناى بەرهەمهێنانى بڕى 632 ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتیى هەیە كە ڕێژەیەكى زۆر كەمە و لە ڕیزبەندیى (68)ەمین وڵاتانى دنیادایە. عێراقیش تواناى بەرهەمهێنانى بە بەراورد بە یەدەكى گازە سروشتییەكەى، زۆر كەمە و تەنها نزیكەى (880) ملیۆن مەتر سێجایە لە ڕیزبەندیى (65)ەمین وڵاتى دنیایە. نەرویج و هۆڵەندا و بەریتانیا لە ڕیزى ئەو وڵاتانەى ئەورووپادان كە تواناى زۆرترین بەرهەمهێنانى گازى سروشتییان هەیە(23).
  3. یەكێتیى ئەورووپا لەسەر ئاستى جیهان؛ دووەمین گەورەترین بەكارهێنەرى گازى سروشتییە لەدواى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا، كە ئەمەریكا ساڵانە نزیكەى (778) ملیار مەتر سێجا و یەكێتیى ئەورووپا (458,5) ملیار مەتر سێجا گازى سروشتى بەكار دەهێنن(24). هەریەك لە وڵاتەكانى ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، توركیا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، ئۆكرانیا، ئیسپانیا، ڕۆمانیا، پۆڵەندا، نەرویج، ئێرلەندا، دانیمارك، یۆنان، كرواتیا، فیلەندا و سوید؛ بەدواى یەكدا گەورەترین بەكارهێنەرانى گازى سروشتین لە ئەورووپادا، بە شێوەیەك ئەڵمانیا بڕى (92,010) ملیار مەتر سێجا و ئیتاڵیا (75,150) ملیار مەتر سێجا و بەریتانیا (79,562) ملیار مەتر سێجا؛ گازى سروشتى بەكار دەهێنن بۆ هەر ساڵێك(25).

لە هاوردەكردنى گازى سروشتیدا، یەكێتیى ئەورووپا لە ڕیزى یەكەمى هاوردەكاراندایە و نزیكەى نیوەى گازى هاوردەكراوى جیهان لەلایەن ئەو یەكێتییەوەیە، بە بڕى (420,600) ملیار مەتر سێجا ساڵانە. زۆرترین ڕێژەش لەلایەن ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، فەڕەنسا و هۆڵەنداوە بووە، بە شێوەیەك كە ئەڵمانیا (99,630) ملیار مەتر سێجا و ئیتاڵیا (70,200) ملیار مەتر سێجا و  بەریتانیا  (53,630) ملیار مەتر سێجا گازى سروشتییان هاوردە كردووە. توركیاش وەكوو یەكێك لە وڵاتانى هاوردەكارى جیهان، ڕیزبەندیى نۆیەمینی وەرگرتووە و ساڵانە نزیكەى 38 ملیار و 4 ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى هاوردە دەكات. سەبارەت بە هەناردەكردنى گازەوە لەلایەن وڵاتانى ئەورووپا، بازرگانییەكە بە بڕێكى زۆر كەم و لەنێوان چەند وڵاتێكی دیاریكراودا ئەنجام دەدرێت(26).

ئەنجام

ژمارەكانی یەدەكى خەمڵێنراوى گازى سروشتیى كوردستان و ئەو هەموو پێداویستییە بە گازی سروشتی لەلایەن عیراق بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، هەروەها یەدەكى كەمی گازی سروشتی لە هەریەك لە وڵاتانى ئەورووپا و توركیا، ڕێژەى بەرهەمهێنانیان و بەكارهێنانیان و هاوردەكردنی گازى سروشتی لەلایەن ئەو وڵاتانەوە، پێمان دەڵێن داهاتووى جوگرافیاى سیاسى و جوگرافیاى وزەى هەرێمى كوردستان گرنگتر و ستراتیژىتر دەبێت و كوردستان تا ڕادەیەك دەتوانێت جێگرەوەی بێت بۆ  دابینكردنى بەشێك لە سەرچاوەى وزەى گازى سروشتى بۆ عێراق و ئەورووپا و توركیا. بە یەدەكى 5 تریلیۆن و 67 میلیار مەتر سێجا گازى سروشتییەوە، كوردستان دەتوانێت بڕێكی زۆر بە پێداویستی نزیكەی (1/3)ی پێداویستیی گازی عێراق دابین بكات و پێی بفرۆشێت بۆ بەرهەمهێنانی  وزەی كارەبا، هەروەها كوردستان بەتەنها دەتوانێت بۆ ماوەى نزیكەى 14 ساڵ گازى سروشتیى هەموو ئەورووپا دابین بكات، بە مەرجێك بتوانێت:

  1. چارەسەری كێشەكانی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز بكات لە هەرێمی كوردستان.
  2. پەیوەندییەكی نوێی سیاسی و وزە دروست بكات لەگەڵ حكومەتی ناوەند، بەتایبەتی بە فرۆشتنی گازی سروشتی بەو حكومەتە، ئەم پەیوەندییە بە لەبەرچاوگردنی بەرژەوەندیی هاوبەش دروست بكرێت.
  3. بەردەوامی بدات بە جێبەجێكردنى بڕگەكانى ناو ڕێككەوتنەكەى كۆمپانیاى ڕۆسنەفت و حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ دروستكردنى ئەو بۆرییە گازییە لە كوردستانەوە بۆ توركیا و لەوێوە گەیاندنى گازى كوردستان بە بازاڕەكانى ئەورووپا.
  4. ڕێككەوتنەكەی حكومەتى هەرێمى كوردستان و كۆمپانیاى داناگاز جێبەجێ بكرێت بۆ زیادكردنى تواناى بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانى كۆرمۆر و دەستكردن بە كاركردن لە كێڵگەى چەمچەماڵ و كێڵگەكانى ترى ناو ڕێككەوتنەكە، تاوەكوو تواناى بەرهەمهێنانى گازى سروشتى لەو كێڵگانە برەوى پێ بدرێت.
  5. بە وریایی زیاتر مامەڵە بكات بۆ دووبارەنەبوونەوەى كێشەیەكى ترى وەكوو كێشەكەى كۆمپانیاى داناگاز و هاوبەشەكانى لەگەڵ حكومەتى هەرێمى كوردستان، چونكە ئەو حكومەتە زیانى زۆرى ماددیى لە ئەنجامى دروستبوونى ئەو كێشەیەوە كردووە.
  6. بەردەوام كار بكات بۆ ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەكانى توركیا و هەرێم، هەتاوەكوو لەمپەر دروست نەبێت لەبەردەم دامەزراندنى بۆریى گواستنەوەى گازى كوردستان بۆ توركیا. كار بكات بۆ واژووكردنی گرێبەستى نوێ لەگەڵ كۆمپانیاكانى گاز و نەوت لە جۆرى گرێبەستى خزمەتگوزارى كە ئەم جۆرە قازانجى زۆرترى لە ڕووى ماددییەوە بۆ كوردستان هەیە، بۆ گەڕان و دۆزینەوەى كێڵگەى نوێى گازى سروشتى.

Send this to a friend