• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 24, 2023

سەلەفیەت

ئیدریس سیوەیلی

دیاریکردنی چوارچێوە و پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ سەلەفییەت کە جێگەی ڕەزامەندی هەمووان بێت کارێکی سانا نییە، هەروەک لە کاتی قسەکردن لەسەر سەلەفییەت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەک دەبیتەوە کە دیاریکردنی سیما و خەسڵەتەکانی سەلەفیەتە، خودی سەلەفییەکانیش لەمەدا ناکۆکن و تەبا نین.
ڕیشەی وشەکە لە ڕووی زمانەوانییەوە بریتییە لە (سلف) کە لە زمانی عەرەبیدا بە مانای ئەوەی ڕابورد و تێپەڕیوە، یاخود بە مانای پێشین، یان باوان کە پێش نەوەکان کەوتووە، لە ڕووی زاراوەوە لە کەلەپووری ئیسلامدا بۆ گوزارشتکردن لە موسڵمانە پێشینەکان بەکارهاتووە، کە هەندێک جار پێی دەوترێت پێشینی چاک (السلف الصالح)، مەبەستیش لەوانەیە کە لە سەردەمی پەیامهێن (د. خ) و دوو سەدەی دوای ئەو ژیاون، کە بە هاوەڵان و شوێنکەوتووان و شوێنکەوتووی شوێنکەوتووان ناو دەبرێن و تێکڕا لە سێ سەدەی یەکەمی ئیسلامدا ژیاون، کە بەلای خودی بانگەشەکارانی سەلەفیەتەوە سێ دەیەی زێڕینی ئیسلامە و باشترینی موسڵمانەکان لەو دەمەدا ژیاون، ئەمەش لە فەرموودەیەکی پەیامهێنەوە سەرچاوەی گرتووە هاتووە”باشترین سەدە سەدەی منە، جا ئەوەی بەدوایدا دێت، جا ئەوەی بەدوای ئەویشدا دێت،….”.
بەلای سەلەفیەکانەوە، دید و جێبەجێکردنی دروستی ئایینداری لەو سێ سەدەیە بووە، ئەوان کە نزیکبوون لە پەیامهێنەوە لە شێوازی ئایینداری و جێبەجێکردنیدا ڕاست بوون، لەم ڕوانگەشەوە دەکرێت وا لە سەلەفییەت بڕوانرێت کە زاراوەیەکی گشتییە و میتۆد و بیرکردنەوەیەکە کە پێی وایە دەبێت بە هەمان دید و تێڕوانین ڕاڤەی ئیسلام بکرێت کە پێشین هەیانبووە، ئەویش لە هەر دوو سەرچاوە سەرەکییەکەی ئیسلامەوە سەرچاوە دەگرێت کە قورئان و فەرموودەیە. زۆر جاریش سەلەفییەکان زاراوەی ئەهلی سوننە و جەماعە، گرووپی سەرکەوتوو (الطائفة المنصورة) و گرووپی ڕزگار بوو (الفرقة الناجیة) بۆخۆیان بەکاردێنن، کۆی ئەو زاراوانەش لە فەرموودەی پەیامهێنەوە پشتڕاست دەکەنەوە و بە سەر خۆیانیدا دادەبڕن.
لە ئێستادا زیاتر لە گرووپێک بانگەشەی سەلەفییەت دەکات، هەریەک لەو گرووپانەش خۆی بە هەڵگری مەنهەجی سەلەفی ڕاستەقینە دەزانێت و بە شێوەی ڕێژەیی لەگەڵ ئەوانی تر ناکۆکە، بە جۆرێک هەندێکیان جگە لە خۆیان سەرجەم گرووپەکانی تر بە موبتەدیع، گومڕا، لادەر و … تاد ناو دەبەن. بۆیە پۆلێنکردنی سەلەفییەت و کێشانی هێڵی جیاکاری لە نێوانیاندا کارێکی سەختە، هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێت بە تێڕوانینی پێشین ڕاڤەی ئیسلام بکرێت، بەڵام جارێکی تر پرسیارێک دێتە پێشەوە کە تێڕوانینی پێشین کامەیە؟ لەمەشدا جارێکی تر سەلەفییەکان تووشی لێکترازان و ناکۆکی دەبن و دیدێکی یەکگرتوویان نییە، بە گشتیی دەکرێت لە ئێستادا سەلەفییەت بۆ چەند گرووپێک پۆلێن بکرێت، ئەوانیش: سەلەفی زانستی، مەدخەلی، حەلەبی، سەلەفی جیهادیی و سەلەفی سروری، ئەم پۆلێنکارییەش ڕێژەییە و دەکرێت وردتریش بکرێتەوە یان هەندێکیان تێکەڵ بە یەکتر بکرێن، ئەمەش لەسەر بنەمای خەسڵەت، سیما و تێڕوانینی هاوبەشی گرووپەکان.

Send this to a friend