• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 27, 2024

سەحەر؛ ڕۆژنەیەک لە بەندیخانەوە بەرەو خۆرەتاو

مەزهەر ئیبراهیمی

پوختە

سەحەر بەرهەمی تەنیاییەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە لە گرتووخانەی ئەدیرنەدا، دەقێکە هەڵگری کەڵکەڵەکانی مرۆڤێکی ئازادیخوازو بیرهێنەرەوەی کێشەو ئاریشەباو، بەڵام شاردراوەکانی ژیانی ئەمڕۆمانە بە زمانێکی لە دڵ نزیک‌و هەروەها ناسراو بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە. هەر کام لە چیرۆکەکانی سەحەر دەم‌و دەرفەتێک بۆ بیستن‌و بینین‌و هەستپێکردنی ڕاستییەکانی دەوروبەرمان بۆ دەئافرێنن. دەمیرتاش کتێبەکەی پێشکەش بە هەموو ژنانی کوژراوو ستەملێکراو کردووە، هەر ئەمەش سەرواتاو تێمی زۆرینەی چیرۆکەکانمان بۆ دیاریدەکات.

ئەم خوێندنەوەیە بە پێی وەرگێڕدراوە کوردی/کرمانجییەکەیەتی بە پێنوسی پاراوی ڕێدوور دیژلەو پێداچوونەوەی وردبینانەی ئولاش گولدیکەن. بەرگی کتێب‌و لاپەڕەی سەرەتای چیرۆکەکان بە هونەری بەهار دەمیرتاش (خوشکە چکۆلەی سەڵاحەدین)و سیا گوربوز ڕازاوەتەوەو لەلایەن وەشانخانەی ئارامەوە بە جوانی‌و ڕێکوپێکی چاپکراوە. چاپی کوردیی سەحەر بە گشتی لە پێشەکییەک بە پێنوسی نوسەر، دوازدە چیرۆک‌و ماڵئاواییەک پێکهاتووە. لە کۆتایی کتێبەکەیشدا چەند لاپەڕەی واڵا دانراوە، کە پێمان دەڵێت: وەرن، ئێوەش چیرۆکی ڕوداوەکانی ژیانی خۆتان بنوسن. لەم نڤیسارەدا چاوێک بە یازدە چیرۆکدا دەخشێنین‌و لە سەر یەکێکیان، کە کۆی دەقەکەی بە ناوەوە کراوە، ڕادەوەستین‌و هەندێک لایەنی شیدەکەینەوە.

چیرۆکەکانی سەحەر؛ ڕەنگامەو ڕاچڵەکێنەر

نوسەر لە کورتەپێشەکیی چاپی کوردیی سەحەردا دەنوسێت:

دل دخوەست کو من ب زمانێ خوە کورمانجی ئان ژی دملکی بنڤیساندانا. لێ بەلێ وەکی کوردەکی نەسیبێ خوە ژ ئاسیملاسیۆنا کو پارچەیەکە ژ قڕکرنا چاندی یا ل سەر گەلێ کوردە وەرگرتییە، مخابن ئەڤ یەک نە پێکان بوو. لەوما ئەڤ وەرگەر کێماسییەکە من ئا مەزن تەمامدکەو من ڕومەتیاردکە. (حەزمدەکرد ئەم چیرۆکانەم بە زمانی خۆم؛ کرمانجی یان دملکی، بنوسیبان، بەڵام وەک کوردێک پشکی خۆم لە ئاسیملاسیۆن، کە پارچەیەکە لە سیاسەتی قڕکردنی کولتووری نەتەوەی کورد، وەرگرتووە، بە داخەوە ئەمەم بۆ نەچووەسەر، بۆیە ئەم وەرگێڕانە کەمایەسییەکی گەورەی من قەرەبوودەکاتەوەو شەرەف‌و سەربەرزیم پێ دەبەخشێت.)

لە چیرۆکی یەکەم بە ناونیشانی “مێرێ د هوندرێ مە دە” نوسەر لە دەلاقەی ژیانی ڕاستینی خۆیەوە سەیری ژیانی مێروولەو پاسارییەکانی هاوسێی لە بەندیخانەدا دەکات. ئەو بە گێڕانەوەی پەیوەندیی نێوان دایکەو باوکە پاساری‌و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەیان لە هەمبەر هاوباڵندەکانی دوژمنیاندا، پەنجەیخستووەتەسەر ڕەوشی داگیرکاری‌و بەرخۆدانی دایکانەو ژنانەی چۆلەکە مێیەکە لە پێناو پاراستنی هێلانە و هێلکەکانیدا، لەم ڕێگەیەشەوە بارودۆخی نیشتیمانیی داگیرکراوو پێویستیی بەرگری‌و بەرخۆدانی نواندووەتەوە.

چیرۆکی “نازۆیا پاقژڤان” ڕەنگاندنی بێوێنەی وێنەی ڕەش‌و سپیی نادادپەروەرییە لە مێشکی خوێنەراندا. نوسەر زۆر لێهاتووانە ڕەوشی ژیانی زۆرینەی هەژارو کەمینەی دەوڵەمەندی شار، ئاواتە نێژراوەکانی خەڵکانی کەمدەست‌و کرێکار، خەمساردیی خاوەنسەرمایەکان، سەرهەڵدانی چینی چەوساوەو سەرکوتکردنیان لەلایەن هێزی پۆلیسەوە، کە بۆ خۆیان سەر بە هەمان چینی هەژار، بەڵام بەکرێگیراوی خاوەن بەرژەوەندییەکانن، لە زارو کامێرای چاوی کچێک بە ناوی نازانەوە دەگێڕێتەوە. نازان کە بە بێنازیی باوک گەورەبووەو وەک باوکی خولیای ئوتۆمبێلە، نایەوێت دایکی بەو پیری‌و پەککەوتەییە کڵفەتیی ماڵی موراد بەگ بکات، بۆیە خۆی جێیدەگرێتەوە. کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکەکە هاوکات لەگەڵ بڕینی ڕێگەی ماڵی خۆیان لە گەڕەکی خوارووی شارەوە تا گەڕەکی سەرووی شوێنی کارەکەی، وێنەو دیمەنی شەقام‌و کەس‌و ئوتۆمبێلەکان دەکێشێت‌و دەیانخاتەبەرچاوی خوێنەران. ڕۆژێک لەو ڕۆژە دووپاتبوانە، نەخوازراوانە خۆی لە ئاپۆڕەی خۆپیشاندانێکدا دەبینێتەوە، ئینجا پاش لێدان‌و قۆڵبەستکردن‌و توندکردنی لە گرتووخانەدا؛ چاوی زیاتر بە ڕووی حەقیقەت‌و ڕاستیی ڕەوشە داسەپاوەکەدا دەکرێتەوە.

چیرۆکی “نە وەکی وە یە” دەپەرژێتەسەر خەون‌و خولیا وەدینەهاتووەکانی کوڕە لاوێکی بێکاری هیوابڕاو، کە لە بەردەم تەوژمی ژیانپڕوکێنی سەرمایەداری‌و دنیای پارەتەوەرداو لەبەر بێبەشبوون لە گوزەرانێکی ئاسایی، بەرەو خۆکوژی پاڵی پێوە نراوە. نوسەر لە چیرۆکی دواییدا دیسان ئاماژە بۆ ڕەهەندی ڕەشی کۆمەڵگەی سەردەم دەکات. ئەم جارەیان ژیانی تژی لە چەرمەسەریی مناڵانی کار دەکاتە کەرەستەی گێڕانەوەکەی. حسێن‌و جەماڵ، کە تا پۆلی سێ‌و چواریان خوێندووە، بە ناچاری دەستبەرداری خوێندن بوونەو ڕێی ئەستەنبوڵیان بە هیوای دۆزینەوەی کار گرتووەتەبەر، بەڵام حسێن هێشتا دڵی لە گوندەکەی خۆیان لە پارێزگای مووش‌و لە لای بەرفین بەجێماوە. حسێن بە یارمەتیی جەماڵی هاوڕێی نامەی دڵداری بۆ خۆشەویستە بچکۆلەکەی دەنێرێت و تێیدا “سلاڤ ل وان چاڤێن ڕەش‌و بەلەک” دەکات، بەڵام نە سڵاوی دەگاتە چاوە ڕەشەکانی بەرفین‌و نە بەرسڤێک دڵی دەلاوێنێتەوە.

لە گێڕانەوەی دواتردا بارودۆخی زیندان‌و بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵیی ڤەگێڕ (ڕاوی) لە دووتوێی کورتەنامەیەکدا دەخوێنینەوە. کەڵکەڵەی ئەم جارەشی، چارەنوسی تاکێکی چارەڕەشی ناو دنیای مۆدێرنی بێبەزەییە، کە ئەویش زیرەکترین هاوپۆل‌و هاوڕێی کاتی خوێندنیەتی لە قوتابخانەی سەرەتاییدا. پاشان نۆرە دێتەسەر “گولپەری”، کە دیالۆگی مینای پێنج ساڵانی خەڵکی حەمای سوریایە لەگەڵ خوێنەراندا، پاش ئەوەی لە باوەشی دایکیدا نغرۆی دەریای سپی دەبن. نوسەر لە “ئەزمەیا حەلەبێ” چەند دیمەنێک لە شارەکانی حەڵەب و هاتای‌و ژیانی ئاسایی وەستا حەمدوڵای کەبابچی‌و کۆنەئەوینی ساکارو بەئاکامنەگەیشتووی‌و هەروەها مردنی ئاسایی چەندین مرۆڤی ئاسایی‌و سادەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە هۆی تەقینەوەیەکی ئاساییەوە دەهێنێتەبەرچاومان! دوو چیرۆکی دوای ئەمەش، دیسان دەپەرژێنەسەر بیرەوەرییەکانی ڕابوردوو. “ئاخ ئاسوومان” دەمەتەقەو پێڕابواردن‌و پێکگەیشتنەوەی پاش چەندین ساڵی شوفێریی پاسی ئامەد-ئەنقەرەو کەسایەتیی یەکەمی چیرۆکەکەیە، کە ئەوکات لە بەشی مافی زانکۆی ئەنقەرەدا دەیخوێند. نوسەر لە “حساب دیتنا ل گەل دێ”دا ڕووی دەمی لە دایکی دەکات‌و لە گۆشەنیگای کەسی دووەمەوە بیرەوەرییەکانی کاتی منداڵی خۆی وەبیردەهێنێتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە درێژترین چیرۆکی ئەم کۆمەڵەیەدا بە ناونیشانی “مینا دیرۆکێ تک‌و تەنێ” بە شێوەی بیرهەژێن سەرقاڵییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە بە سەرمایەو پارەکۆکردنەوە وێنادەکات، هاوکات ڕەخنە لە پەیوەندیی ساردوسڕی نێوان مرۆڤە مژوڵەکانی ئێستا دەگرێت؛ مرۆڤگەلی دەوڵەمەندی نابەختەوەر کە خەم‌و خولیای بەرزبوونەوەی پێگەو پاشەکەوتکردنی پارە، هەر بەو ڕادەیە لێکدووریکردوونەتەوەو لە ژینگەو ژیانی پێکەوەیی بێبەش‌و نامۆیکردوون. ئاوەهایە کە “مینا دیرۆکێ تک‌و تەنێ، جارنان ل دەڤەرێن هەری قەلەبالغ ژی مرۆڤ خوە ب تەنێ حیس دکە.” (وێنەی دیرۆک تاک‌و تەنیا، مرۆڤ هەندێک جار لە شوێنە هەرە جەنجاڵەکانیشدا هەست بە تەنیایی دەکات.” یان بەو جۆرەی فەرهادی هاوژینی نەرمین (ڤەگێڕی چیرۆکەکە) دەبێژێت: “کا لێ بفکرە، هلکەتنا د وارێ جڤاکی‌و چینیدا، عەینێ وەکی ژ ئاتمۆسفەرێ چووینا بەر ب فەزایێ یە. هەر کو مرۆڤ بەر ب ژۆر ڤە دچە، هەژمارا گیاندارێن ل ور کێم دبە. هەر دچە تو ژ مرۆڤان، ژ گەل دوور دکڤی‌و ل ڤالاهییا فەزایێ تەڤی تەنێتیا خوە سەیاحەت دکی.” (بیری لێ بکەوە، بەرزبوونەوە لە بواری کۆمەڵایەتی‌و چینایەتیدا ڕێک وەکو ڕۆیشتنە لە ئەتمۆسفیرەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان. هەرچی بەرەو سەرەوە دەچیت، ژمارەی گیانداران لەوێ کەمدەبنەوە. هەر دەچیت‌و لە مرۆڤەکان‌و لە خەڵک دووردەکەویتەوەو لە بۆشایی ئاسماندا لەگەڵ تەنیایی خۆتدا سەیراندەکەیت.)

دوا چیرۆکیش بە ناونیشانی “وێ ئەنجام بێهەمپا بە” نوێنەرەوەی جیهانی خەون‌و ئاوات‌و ئامانجە سیاسییەکانی نوسەرە لە پێناو پێکهێنانی پەرگال‌و سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری، کە لە سەر بنەمای دادپەروەری‌و ئازادی، دێموکراسیی ڕادیکاڵ، پێکەوەژیانی ئاشتییانەو ژینگەپارێزی بونیادنرابێت.

سەحەر؛ پاڵەوانە سەرەکییە بێدەنگکراوەکە

سەحەر ناوی کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکەکەو نوێنەرو نوێنەرەوەی ژنی قوربانی‌و قوربانیکراو، بێدەسەڵات‌و بێدەسەڵاتکراو، کپ‌و گوێڕایەڵ، بێزارو بێدەم‌و زارو بێدەنگکراوە. سەحەر کچە گەورەی ماڵباتێکی حەوت کەسییەو هاوسەرگیریینەکردووە. ماوەیەکە دەروویەکی لێ کراوەتەوەو لە دەرەوەی ماڵیشدا کاردەکات، بەڵام هەر ئەم دەرفەتە دەبێتە هۆی ڕوخانی هێلانەی ئاواتە کورتمەوداکانی. ئەو لە ماڵەوە لە بن پێی باوکسالاری/پیاوسالاری‌و ڕوانگەی کۆنەنەریتی‌و ئایینخوازیدا هیچ دەنگێکی لێ نابیسرێت‌و جەستەو کەسایەتییەکەی وەک تاکێکی سەربەخۆ نابینرێت. کەسایەتیی وی گرێدراوی باوک‌و کاک‌و بنەماڵەکەیەتی، بەڵام بە بۆنەی کارکردنەوە، بۆ چەند کاژێرێک دەرگای دەرەوەی بەڕووداکراوەتەوە. دەرکەوتنی سەحەر یان باشترە بڵێین: ڕێپێدانی بۆ دەرکەوتن، بۆ گوشاری ئابووریی سەر خێزانەکەیان دەگەڕێتەوە، بە تایبەت کە ئەم ٢٢ ساڵییەتی‌و هاوماڵەکانی بە منداڵی ماڵی باوکیان بە ماڵی شوو گۆڕیوەتەوەو بە مێردو مناڵەوە خەریکن. لە ڕاستیدا، کارکردن بۆ ئەو، قەرەبووی نان‌و تێچووی ئەو چەند ساڵەیە کە وەک هاوماڵەکانی لە یازدەو دوازدە ساڵیدا ماڵەباوانی چۆڵنەکردووە.

سەحەر ماوەیەکە لە شوێنی کارەکەیدا لە چاوی هاوکارێکیدا هەست بە خۆشەویستی‌و خۆشویستن دەکات، هەست بە حەزکردن‌و حەزلێکردنی پیاوێک، کە ڕوانین‌و ڕوانگەو وتەو ئاکاری جیاوازە لەوەی باوک‌و کاکی. ئەو لاوە بە پێچەوانەی پیاوانی ماڵەوە، گرنگیی پێ دەدات‌و وەک کەسێک سەیریدەکات کە شیاوی دیتن، قسەبۆکردن، دواندن‌و گوێلێگرتنە. ئەم دۆخە نوێیە ورەو هیوا بە دڵی سەحەردا دەوروژێنێت. هەروەها گرنگبوونی وەک تاک‌و جەستەیەکی سەرنجڕاکێش، زۆر دڵخۆشیدەکات. ئاوەهایە کە بۆ یەکەم جار کردەیەکی بڤەو قەدەغە تاقیدەکاتەوە؛ کردەیەک کە هیی خۆیەتی، خۆی لێی بەرپرسەو خۆی بڕیاری لە سەر داوە. ئەم جارەیان، بە پێچەوانەی هەموو کردەوەکانی تری ناو تخوبی بنەماڵەو کۆمەڵگە، کە چوارچێوەیەکی دیاریکراوو سنوورداریان بە سەریدا سەپاندووە، دەرکەی ژووری بیروباوەڕە بەگوێدادراوەکانی دەشکێنێت‌و دەردەکەوێت، نەک هەر لە ماڵ، لە زیندانی بیروبڕواکانیشی دەچێتەدەرەوە. بەم پێیە بە سەر ترسەکانیدا زاڵدەبێت‌و ڕۆژی جەژنی قوربان ڕوو لە جێژوانێ دەکات. یەکەم ژوانی ژیانی ئەزموونێکی تژی لە هیواو خۆشەویستییە، پڕ لە قسەی خۆش‌و دڵخۆشکەری کوڕێک، کە جیاواز سەیریدەکات. بەم جۆرە دوای دوو کاژێر، ژوانگە بەجێدەهێڵێت‌و بە دڵی لێوانلێو لە خۆشی‌و خورپەو هەست بە ئازادی‌و هەروەها تاوان دەگەڕێتەوە.

ڕۆژی یەکەمی پاش پشووی جەژنی قوربان، دوای ئەوەی کرێکاران لە کارەکانیان بوونەوە، دۆستەکەی پێشنیاری پێ دەکات بە سەیارەی هاوڕێکانی بیگەیەننەوە ماڵێ. سەحەر بە دوودڵی پێشنیارەکەی دەپەژرێنێت، بەڵام داوای لێ دەکات لە سەر کۆڵانەکەو کەمێک دوورتر لە ماڵ دایببەزێنن. پاش کەمێک، سەحەر دەزانێت ئاژۆر بەرەو ئاڕاستەیەکی ترو بەرەو چۆڵیی دارستانێک دەئاژوێت. ئەودەم ڕوداوەکەی بۆ ڕووندەبێتەوە، کەچی داواو پاڕانەوەی تژی لە ترسی، چ سوودی نابێت‌و لە کۆتاییدا بە زۆر دایدەبەزێنن، “یەکی خوە ئاڤێت نەوقا سەحەرێ‌و یێ دن هشکا ب پۆرێ وێ گرت. ب ئالیکارییا هایری ئەو ئاڤێتن عەردێ. یەکی ب لنگێ وێ، یێ دن ژی ب زەندێن وێ گرت. بێهنا وێ چکیابوو. خوەست بقیرە، لێ دەنگ ژ گەورییا وێ دەرنەدکەت. دنیا سەکنیبوو، هەر تشت سەکنیبوو، تەنێ هایری دلڤییا.” (یەکیان خۆی ئاوقەی کردو ئەوی دی بە توندی قژی گرت. بە یارمەتیی هایری (کوڕە دۆستی سەحەر) خستیانەسەر عەردەکە. یەکێکیان قاچ‌و ئەوی تریان قۆڵ‌و مەچەکی گرت. هەناسەی لێ بڕابوو. ویستی بقیژێنێت، بەڵام دەنگ لە گەروویەوە دەرنەدەهات. دنیا ڕاوەستابوو، هەموو شتێک ڕاوەستابوو، تەنیا هایری دەجوڵا.)

سەحەر کە دێتەوەسەر خۆی، کەس نابینێت؛ لە جیهانێکی پڕ لە پیاودا تەنیا ماوە، بەڵام تەنیایی‌و بێکەسی ڕاکێشی لای ماڵ‌و ماڵبات‌و نزیکترین کەسەکانی دەکات. بە داوێنی خوێناوییەوە لە دارستانە چۆڵەکە دەردەکەوێت، هێدی هێدی جادەو ڕێگەکان دەناسێتەوەو دوای ماوەیەک ڕێکردن، لە باوەشی گەرمی دایکیدا خەودەیباتەوە.

دەنگی دایکی سەحەر لە بەرانبەر قیڕەو گوڕەگوڕی مێردو کوڕەگەورەکەیدا دەنگێکی نزم‌و ناسکە. داڵدەدان‌و سەرهەڵدانی بە تاکوتەنیایی ئەو بۆ پاراستنی کچەکەی لە دژی دوو سوژەی کارڕێخەری ئایدیۆلۆژیای کۆنەنەریتخوازی‌و پیاوسالاری، هیچ ئەنجامێکی نابێت. بۆ باوک‌و برای سەحەر، نەک وتەی مرۆڤە زیندووەکان، بەڵکو وتەی مردووانی پێشوو گرنگ‌و پیرۆزن. ئەوەی ئێستا پێویستە، جێبەجێکردنی پراکتیسە نەگۆڕو پیرۆزکراوەکانە. کە وا بوو، نامووسپارێزان پاڕانەوەکانی دایکی سەحەرو وتەکانی لە سەر بێتاوانیی کچەکەی نابیستن، کەسیش نابینن، نە سەحەری کچ‌و نە سەحەری خوشک‌و نە “کادەر”و “پنار”ی چاوبەگریان (خوشکە زۆر چکۆلەکانی سەحەر)؛ خوێن بەرچاوی گرتوون‌و تەنیا داوێنی خوێناویی سەحەر دەبینن، خوێنی ڕژاوی سەحەر مێشکی تەنیونەتەوە، ئەوان تەنیا گەورەیی‌و نامووس‌و شەرەف‌و بە تەنیا مرۆڤە گەورەکان دەبینن؛ بۆیە ڕاوێژ بە مامە گەورەکانی سەحەر دەکەن‌و دوایە بڕیاری مێرانەو نێرانەیان دەردەکەن؛ خوێن بە خوێن دەشۆردرێتەوە…

سەحەر بە شەکەتی و بێحاڵییەوە گوتی:

“ڕێمبدە دەستت ماچبکەم باوکە.”

باوکی دەستی درێژکردەوە؛ کە ماچیکردو نایەسەر هەنیەی، گوتی:

“گەردنم ئازاکە باوکە.”

باوکی کە بە دەستێک چاوەکانی دەسڕی، بە زۆر توانیی بڵێت:

“گەردنت ئازا کچم، تۆیش ئازامبکە.”

“گەردنت ئازابێت.”

ئاوڕی لە کاکی خۆی؛ هادی، دایەوە، باوەشی پێدا کردو گەردنئازایی لێ کرد. هادی وەک بت بێدەنگ‌و جوڵە مایەوە. دواییش باوەشی بە ئەنگیندا کرد. ئەنگین دەمانچەکەی دەستی دانایە زەوی‌و توند خوشکی لەئامێزگرت. سەحەر زۆرێک براکەی ماچکرد، پڕبەگەروو بۆنی قژی هەڵمژی، بەرینەدا. سەحەر چۆکیدادا، ئەنگین دەمانچەکەی لە عەرد هەڵگرت، لوولەکەی نایە پشت ملیەوە، لوولەکە لەرزی. سەحەر گوتی:

         “بە قوربانت بم ئەنگینم. مەترسە، خوشکت بە قوربان بێت. مەترسە، لە هیچ شتێک‌و لە هیچ کەسێک مەترسە. لە گرتووخانەدا ئاگات لە خۆت بێت.”

         … لە دوورەوە، لە سەر سپیدارەکانەوە، پۆلێک قەلەڕەشکە فڕین. سەحەر دەمەوڕوو کەوتەسەر زەوی، خوێنە گەرمەکەی ڕژایەسەر خاکی بەستراوی چوکورۆڤا (ناوی ناوچەیەک لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا)…

         سێ پیاو، لای ئێوارە لە دارستان چاویان بەردایە خەیاڵەکانی سەحەر.

         سێ پیاو، کاتی نیوەشەو لە ناو عەردێکی بەیاردا سەحەریان کوشت.

 

بەم چەشنە، دەستدرێژکردنەسەر ژیانی قوربانی‌و ڕشتنی خوێنی بە دەستی سێ پیاو، دەبێتە تەواوکەری کردەوەی سێ پیاوی دەستدرێژیکەری سەرەتای چیرۆکەکە. ئەمانیش ئەرکی پیاوانەی خۆیان بە سەرکەوتوویی‌و وێڕای هەستکردن بە سەربەرزی‌و مێرایەتی جێبەجێدەکەن.

لە ڕوداوی دەستدرێژییەوە بگرە هەتا ستاندنی ژیانی سەحەر، بێجگە لە دایکی، کە کردەوەو کاردانەوەشی لە پێناو پاراستنی کچەکەیدا بێئەنجام دەبێت، کەسی تر چ هەنگاوێک هەڵناگرێت. لە ڕاستیدا هەموو ئەوانەی سەیرکەری ڕوداوەکەن‌و لە خۆیان بەدووریدەزانن، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، بەڵام کاریگەر، ڕێخۆشکەری ئەو تاوان‌و ستەمانەن کە لە بۆسەی خۆشیاندایە. هەڵوێستی هەندێک کەس‌و لایەنی پەرەپێدەری پەیوەندیی چەوسێنەرانە، بۆ ئیمانی بێوەری لە بیرکردنەوەو باوەڕ بە حەقیقەت‌و حەقانیەتی کردەوەکانیان دەگەڕێتەوە، کە وەک پێوەرێکی نەگۆڕی دەبینن (وەک مام‌و باوک‌و کاکی سەحەر)، هەندێکیش لەبەر ترس‌و هەست بە بێدەسەڵاتی‌و لاوازی دەبنە ئاوردووی ئەم ئاگرە ژیانداگرە (وەک ئەنگینی ١٥ ساڵانی برای سەحەر کە بە بڕیاری گەورەکان دەمانچە بە خوشکەگەورەکەیەوە دەنێت، هەروەها دراوسێکان کە لە پشت پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە سەیری گەڕانەوەی سەحەری لەشخوێناوی دەکەن‌و دوایەش هەر وا دەستەوەستان لە بردن‌و گەڕاندنەوەی بۆ کوشتنگە دەڕوانن).

چەوسێنەرانی چیرۆکی “سەحەر”، هاوکات لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەرکی چەوساندنەوە، بۆ خۆشیان چەوساوەی ئەم پەیوەندییە کۆیلەتەوەرانەیەن. مام‌و باوک‌و برای گەورە ئەگەرچی لە بەرەی بەهێزو خاوەن دەسەڵاتدان‌و بە ڕواڵەت خاوەن بڕیاری سەربەخۆن، لە ڕاستیدا گیرۆدەی بیرو بڕواو جیهانبینییەکن کە تێیدا ژیاون‌و لە خۆیاندا ژیاندوویانە؛ ئەوان سووژەی هەڵسازراوی ئایدیۆلۆژیایەکن کە لە هەمان کاتدا خۆیان لە چێکردن‌و بەرهەمهێنانەوەیدا بەشدارن‌و هاوکات ستەمکارو ستەملێکراوی پەیوەندییە ئامادەکانین. ئەم سووژەگەلە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداراندا، دابینکەری ئاوردووی ئاگری کوورەیەکن کە تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێت‌و بۆ خۆیشیان بەشێکن لەو سوتەمەنییە. هەروەها لایەنی ستەملێکراوو چەوساوەش بە هەمان شێوە لە بەردەوامی‌و بەرهەمهێنانەوەی دۆخی داسەپاودا بەشدارن.

پەیوەندیی دیالێکتیکیی هیگڵ، بوونی کۆیلەدار بە بوونی کۆیلەوە گرێدەدات، واتە چەوسێنەر بەبێ چەوساوە واتای نییەو ئەم دوو لایەنە دژبەرە لە ڕاستیدا تەواوکەری یەکدین. دوالیزمی ستەمتەوەرانەی نێوان دوو لایەنی سەردەست‌و بندەست، هەموو ژیانی مرۆڤەکانی گرتووەتەوە؛ لە لایەک پیاو، ڕەب، ئاغا، کۆیلەدار، دەوڵەت‌و دەسەڵات، ڕێبەر، شێخ، سەرکردەو …هتدو لە بەرانبەردا ژن، بەندە، کۆیلە، هاوڵاتی، ڕایەت، دەروێش‌و سۆفی، پێڕەو، سەربازو …هتد. ئەم چەشنە پەیوەندییە بە درێژایی مێژووی خۆی، سەرەڕای گۆڕینی شێوەو شێواز، بەردەوام لە گۆڕێدا بووەو هەر جارەو بە ڕواڵەتێکی نوێ خۆی دەرخستووە. هەر بە درێژایی ئەم مێژووەش مرۆڤ بیری لە ئازادی کردووەتەوەو هەوڵیداوە خۆی لەو داوە ڕزگاربکات، کە هەر خۆیشی بۆ خۆی تەنیوە. ئەم ململانێیە هەزاران ساڵە بەردەوامەو هیچ دەم‌و سەردەمێک بەبێ چەوسێنەر نەبووە، هەر بەو جۆرەی کە لە ئازادیخوازانی ئاواتەخوازی دادپەروەری‌و دژبەرانی چەوساندنەوەو کۆیلەباوەڕییش بێبەشنەبووە، ئەگەرچی زۆر جار لە پاش سەرکەوتن لە کەندێک؛ کەندەڵانێک لە بەردەمیاندا سەریهەڵدابێت.

سەحەر وەک ڕەهەندێکی ئەم پەیوەندییە دیالێکتیکە، سووژەیەکی هەڵسازراوی گوتارو ئایدیۆلۆژییە زاڵەکانی جڤاکەو ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، تەنانەت بە هەڵبژاردنی بێدەنگی‌و هەستکردن بە تاوانباری، یارمەتیدەری چەوساندنەوەیەو ڕێگە بۆ تاوانێکی زۆر گەورەتر لە دژی خۆی خۆشدەکات، هەر وا کە لە کاتی دەستدرێژیکردنەسەریشیدا گەرووی وشکبووبوو و هێزو ورەی قیژەو هاواری لێ بڕابوو. ئەم بێدەنگی‌و ناخگیرانە بۆ هەموو ئەو ترسە داسەپێنراوانە دەگەڕێنەوە کە بنەماڵەو کۆمەڵگە بە ناو نامووس‌و ئاوڕوو و داوێنپاکی، لە ناخیدا چاندوویانەو خۆیشی بە درێژایی تەمەن ئاودێرییکردووە. کە وا بوو، بەردەوامبوون‌و بەرهەمهێنانەوەی ئەم بارودۆخە چەوت، بەڵام ڕاستنوێنە، دەکەوێتە ئەستۆی گشت تاکەکان‌و هەموو پاژەچێکەرەکانی کۆمەڵگەی مرۆیی لێی بەرپرسن. بە واتایەکی تر، چەرخی ستەم‌و چەوساندنەوە نەک هەر بە کردەوەو پراکتیسی ئەندامانی بەرەی چەوسێنەر، بەڵکو بە هاودەستی‌و هەماهەنگیی گشت لایەنە پێکهێنەرەکانی، لە گەڕان بەردەوامدەبێت‌و درێژە بە هاڕینی چەوساوەکان دەدات.

شیاوی گوتنە کە بۆچوونە نوێیەکانی کۆمەڵناسی‌و وێژەناسی، بە پێچەوانەی ڕوانگە کلاسیکەکان، ئەدەبیات تەنیا بە کەرەستەی وەسف‌و نواندنەوەی ڕووت‌و شوێنی ڕەنگدانەوەی جڤات‌و کۆمەڵگە نازانن، بەڵکو ئەرکێکی هەرەهەستیاری دەخەنەئەستۆ، ئەویش ئەرکی کارتێکەری‌و گۆڕانکارییە لە دۆخە داسەپێنراوەکانی کۆمەڵگەدا. چیرۆکی “سەحەر” سەرەڕای نواندنەوەی ڕەخنەکارانەو هەستهەژێنی پرسگرێکی لەمێژینەی پیاوسالاری‌و ئاشکراکردنی ڕووی گەمارو قڕێژی ئەم ڕەهەندەی چەوساندنەوە، لە لایەکی ترەوە بە ئافراندنی پاڵەوانێکی قوربانی‌و بێدەسەڵات (لە حاندی دەستدرێژیکەرانداو لەبەر بارودۆخی بەسەرداداسەپاودا)، هەروەها خۆبەتاوانبارزان، خۆبەدەستەوەدەر، بەبێ کردەو ناچالاک لە پاراستنی مافی ژیانی خۆیدا (لە حاندی باوک‌و کاکیدا)، کە تەنانەت داوای گەردنئازادی لە بکوژانی دەکات، کاریگەریی ئەرێنی‌و کارای لە دژی دووپاتبوونەوەو بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی پەیوەندییە چەوسێنەرانەکان نابێت. کە وا بوو، لە پەرەپێدان‌و بڵاوکردنەوەی هەستی خۆباوەڕی‌و کردەباوەڕیدا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاران‌و هەروەها لە گەشاندنەوەی خەبات لە پێناو بەدەستهێنانی مافی ژن، ژیان، ئازادیدا، بە پێچەوانەی چیرۆکەکانی تری وەک “مێرێ د هوندرێ مە دە” یان “نازۆیا پاقژڤان”، کە ورەبەخشانە پێمان دەڵێن “بەرخۆدان ژیانە”، لێرەدا چارەنوسی سەحەر ئەو مەترسییەمان بەگوێدادەدات کە “خۆبەدەستەوەدان، مەرگ‌و نەمانە.”

ئەنجام

سەحەر بەرهەمی تەنیاییەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گرتووخانەی ئەدیرنەدایە، دەقێکە هەڵگری کەڵکەڵەکانی مرۆڤێکی ئازادیخوازو بیرهێنەرەوەی کێشەو ئاریشەباو، بەڵام شاردراوەکانی ژیانی ئەمڕۆمانە بە زمانێکی لە دڵ نزیک‌و فامکراو بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە. هەر کام لە چیرۆکەکانی سەحەر دەم‌و دەرفەتێک بۆ بیستن‌و بینین‌و هەستپێکردنی ڕاستییەکانی دەوروبەرمان دەخوڵقێنن. لە لایەکەوە، بەرخۆدانی ژنانە لە دژی پیاوسالاری‌و ڕەهەندەکانی تری چەوساندنەوە وێنادەکەن، لە لایەکی دیکەوە، ڕەوشی داگیرکاری‌و ئەرکی بەرەنگاربوونەوەو نیشتیمانپەروەری وەبیردەهێننەوە، هەندێکیان ئاوڕ لە ژانەژیانی مرۆڤی سەردەمی سەرمایەسالاری دەدەنەوە، هەندێکیشیان هاوکات لەگەڵ گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی کەسیی نوسەر یان تاکی خەیاڵکردی هاوخەمی خۆی، تیشکدەخەنەسەر تاریکایی ژین‌و چەرمەسەرییەکانی چینی چەوساوەو بندەستکراوی کۆمەڵگە. لە کۆتاییشدا نوسەر ماڵی ئاوات‌و بیروباوەڕەکانی لە سەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری‌و دیموکراسیی ڕادیکاڵ، لە پێناو پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادی دوور لە هەڵاواردنی ڕەگەزی، چینایەتی، نەتەوەیی‌و دوور لە کۆیلایەتی، ژینگەدوژمنی‌و چەوساندنەوە بونیاددەنێت.

نوسەر هەروەها لە چیرۆکی “سەحەر”دا بە شێوەیەکی زۆر کارتێکەر پەیوەندیی چەوسێنەرانەی نێوان ئافرەت‌و پیاو دەخاتەبەرچاو، پەیوەندییەک کە لە سەر بنەمای سەردەستیی ڕەهای دەسەڵاتدارو بندەستیی بێدەسەڵاتدا ڕاوەستاوە. سەردەستێک کە بە گەلێک هێزی پاساودەری بیروباوەڕی کۆنباو بەهێزکراوەو لە تێپەڕاندنی ئەرکە ئایدیۆلۆژییەکانیدا ئازادیی ڕەهای هەیەو دەستی بۆ دەستدرێژی واڵاکراوە.

هێزو دەسەڵات هەمیشە هەوڵی ئەوەیە هێزی بەرەنگاربوونەوەو هەست‌و هیواو هەڵوێستی کردەتەوەرانە لە تاک‌و کۆمەڵدا بکوژێت‌و تێکۆشان لەم پێناوەدا ناکاریگەر نیشانبدات. تێدەکۆشێت بە هاودەستیی هەموو هۆگرەکانی، چ ئەوانەی لەبەر بەرژەوەندی‌و بە ئاگادارییەوە لایەنگرییدەکەن، چ ئەوانەی نەزانانەو فریوخواردووانە، یان لەبەر هەست بە لاوازی‌و ترس ئاگرەکەی دەگەشێننەوە، دۆخی ئامادە وەک ڕاستییەکی سروشتی‌و نەگۆڕ پیشانبدات، بە جۆرێک بینوێنێت کە گوایە بارودۆخی هەیی‌و ئامادە هەرگیز ناگۆڕدرێت‌و هەوڵدان لەم پێناوەشدا نەک هەر بێئاکام، تەنانەت تاوانێکیشە لە دژی بەرژەوەندیی گشتی. وتەو کردەوەکانی دایکی سەحەر هەوڵێکە لە دژی ئەم ڕوانگەو باوەڕە باوە، بەو واتایە کە بە پێچەوانەی هەموو کاراکتەرەکانی تر، بە تاقی تەنیاو بە پێی هێزو توانستی خۆی هەوڵدەدات بەردێک بخاتەبەردەم گەڕانی چەرخی چەوساندنەوەو کۆیلایەتی.

هەوڵ‌و تێکۆشانی لەم ڕەنگە، ئەگەرچی بە ڕواڵەت ناکاریگەر دەنوێنن‌و لە دووتوێی چیرۆکەکەشدا وەک دەنگێکی کزی دژ بە هەراوهۆریای نەریتباوەڕی، ئیمانتەوەری‌و بێوەیخوازی دێتەبەرگوێمان، بەڵام ئەوەی گرنگ‌و پێویستە، باوەڕهێنانە بەوەی کە بۆ بڕینی ڕێگەیەکی دوورودرێژ نەک هەر قەڵەمباز، تاقە هەنگاوو وردەهەنگاوەکانیش کاریگەری‌و بایەخی خۆیان هەیەو مەودای گەیشتن بە ئامانج کورتتردەکەنەوە. بە وتەی هاوارد زینل؛ مێژووناسی ناسراوی ئەمریکی‌و نوسەری پەرتووکی ناکرێت بێلایەن بین، “مرۆڤە ئاساییەکان دەتوانن کاری بوێرانەی بێوێنە بکەن‌و بەرخۆدانە بچووکەکان لە دژی هێزو دەسەڵات، ئەگەر بەردەوامبن، دەتوانن ببن بە بزوتنەوەی گەورەی کۆمەڵایەتی.”

Send this to a friend