• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 15, 2024

پێگەی ڕووسیا لە ململانێ جیۆسیاسی-ئیكۆمۆنییەكاندا

ڕەنج نەوزاد

بەرایی

ڕووسيا لە ئێستادا کۆنترين و بەتەمەنترين دەوڵەتی زلهێزە لە جيهاندا. بەو مانایەی لە سەدەی (١٨)ەوە دەبێتە دەوڵەتێکی زلهێز، زۆر تا کەم، تا ئەمڕۆ ئەو پێگەیەی بەردەوامە (لە سەردەمی سۆڤيەت سوپەرپاوەر بوو). هيچ کام لە دەوڵەتە زلهێزەکانی تری ئەمڕۆی جيهان ئەو تەمەنە زۆرەیان نييە. بە درێژایی ئەو سێ سەدەیە، ئەم دەوڵەتە ڕۆڵ و کاريگەریی دياری هەبووە و هەیە لە زۆرێک لە هاوکێشە گرنگ و گەورەکانی جيهان. تێگەيشتن و دياريکردنی پایە و پاڵنەرە سەرەکييەکانی سياسەت و ستراتيژی ڕووسيا، هاوکاريمان دەکات بۆ تێگەيشتن لەو زلهێزە و لە زۆرێک لە هاوکێشە سياسييەکان کە ڕووسيا تيايدا بەشدارە. لەم توێژینەوەیەدا ئاماژە بە دوو پایەی سەرەکیی هێز و ستراتيژ و سياسەتی دەرەوەی ڕووسيا كراوە، كە ئەوانيش ستراتيژ و فکری ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە دەرياییەکان (پێشتر بەريتانيا و پاشان ئەمەريکا و ناتۆ)، هەروەها پاڵنەر و ئامرازی وزە (گازی سروشتی و نەوت)یە. ئەم دوو پایە و پاڵنەرە تەفسيری بەشێکی زۆری سياسەت و جووڵە و ڕەفتارەکانی ڕووسيا دەکەن لە سياسەتی نێودەوڵەتیدا. بایەخی زياتر بە فکر و ستراتيژی “ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە دەرياييەکان” دەدرێت، کە چەمکێکی گرنگی ناو کایەی جيۆپۆلەتيکە.

 

ڕووسیا و تیۆری جیۆپۆلەتیک

بۆ تێگەيشتن لە سياسەتی دەوڵەتان و پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکان، یەکێک لە ئامرازە هەرە گرنگەکان بريتييە لە تيۆرييەکانی زانستە سياسييەکان و پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکان، بە تايبەت تيۆرييەکانی جيۆپۆلەتيک. بە گشتی ئەم تيۆرييانە لە ئەنجامی چاودێريکردن و تێبينیکردنی ڕەفتار و سياسەتی دەوڵەتانەوە سەرچاوەیان گرتووە. سەرەتا واقع و ڕەفتار و ئاکتی دەوڵەتان هەیە، پاشان تيۆرييەکان دێنە ئاراوە بۆ تێگەيشتن و شيکردنەوە و پۆلێنکردن و چەمکاندنی ئەو ئاکت و ڕەفتارانەی کە لە واقعدا ئەنجام دەدرێن. پاشان دەکرێت پەيوەندييەکی دياليکتيکی لە نێوان واقع و تيۆری دروست ببێت، بەو مانایەی کارلێکردنی واقع و تيۆری؛ واقع تيۆری دروست دەکات، تيۆری کاريگەری لە سەر واقع دروست دەکات و دەکرێت گۆڕانکارییشی تێدا بکات. بە کورتی: تيۆرييەکان ڕەنگدانەوەی واقعی سياسەتن، بۆیە دەتوانين بڵێين بەشێکن یان ڕوویەکی تری سياسەتە.

لێرەدا بۆ تێگەيشتن لە سياسەت و ستراتيژی ڕووسيا پشت بە تيۆرييەکانی جيۆپۆلەتيک دەبەستم، هاوکات گريمانەکانی ئەو تيۆرييانە بەراورد دەکەم بە سياسەت و ڕەفتارەکانی ڕووسيا لە واقعدا. ئەمەش لە بەر سێ هۆکار: ١. ڕووسيا بە درێژایی چەندين سەدە بکەرێکی سەرەکیی جيۆپۆلەتيکە، ٢. کایە یان چەمک و زانستی جيۆپۆلەتيک کایەیەکی دەوڵەتييە. گريمان دەوڵەت مرۆڤێکە، هەروەک چۆن مرۆڤ بيروباوەڕ و ئەخلاق و جيهانبينييەکی دياريکراوی هەیە. بۆ نموونە تاکەکان دەکرێت فکر و جيهانبينیی چەپ و مارکسیيان هەبێت، یان ئيسلامی و دينی، یان ليبراڵی… فکر و جيهانبينی دەوڵەت، جيوپۆلەتيکييە. بە تايبەت ئەو دەوڵەتانەی کە بکەری سەرەکیی جيۆپۆلەتيکين، وەک ئەمەريکا و ڕووسيا و بەريتانيا… بيرمەندی گەورەی بواری جيۆپۆلەتيک کارڵ هاوسهۆفەر پێی وایە کە “جیۆپۆلەتیک زانستی نوێی نەتەوەیی دەوڵەتە”[1]. ٣. بەشێکی زۆری خودی بيرمەند و تيۆريستە گەورەکانی بواری جيۆپۆلەتيک؛ ئەفسەری سوپا، یان دیپلۆمات و سياسی بوون، یان نزيک بوون لە سەرکردە و دەزگاکانی دەوڵەت، وەک ڕاتزڵ و هاوسهۆفەر و ماکندەر و ماهان و بريجنسکی وکيسنجەر و دۆگين… واتە بەشێکی زۆری تيۆر و تێڕوانينە گرنگەکانی جيۆپۆلەتيک لە لایەن کەسانێکەوە دانراون کە بەشێکن لە دەوڵەت و بەشدارن لە داڕشتنی سياسەتی دەوڵەتان. لەم بارەیەوە دۆگين؛ بيرمەندی ناسراوی ڕووسی لە بواری جيۆپۆلەتيک، پێی وایە هيچ زانایەکی جيۆپۆلەتيک نييە بەشدار نەبووبێت لە سياسەتی دەوڵەتەکەی و بە درێژایی مێژووی جيۆپۆلەتيک یەک بيرمەندی جيۆپۆلەتيک نييە کە بەرژەوەندیی وڵات و نەتەوەکەی نەويستبێت، هەر بۆیە کەسيان بێلایەن نين و هەميشە لایەنگریی دەوڵەتەکەی خۆیان دەکەن[2]. بۆیە دەکرێت بوترێت جيۆپۆلەتيک فکری دەوڵەتە، بە تايبەت دەوڵەتانی وەک ڕووسيا.

ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە دەرياییەکان (چوارچێوەیەکی تيۆری و جيۆپۆلەتيکی)

یەکێک لە گريمانە و تێڕوانينە سەرەکييەکانی ناو ئەدەبياتی جيوپۆلەتيک، بريتييە لەوەی کە بنەما و هۆکار و پاڵنەری سەرەکیی ململانێ جيهانييەکان بريتييە لە ململانێی نێوان هێزی وشکانی (تيلۆروکراتيا) و هێزی دەریایی (تالاسوکراتيا)[3]. لەم پۆلێنکارييەدا ڕووسيا هەميشە هێزی وشکانييە. دۆگين ڕووسيا وەک “شارستانيەتی وشکانی” پێناسە دەکات[4]. هاوکات نەيارەکانی ڕووسيا (بەريتانيای جاران و ئەمەريکا و ناتۆی ئێستا) هێزی دەريایین. ئەم تێڕوانينەی ماکندەر، بيرمەند و دیپلۆماتی بەريتانی، لە وتارێکی بە ناونيشانی ”The Geographical Pivot of History” لە ساڵی ١٩٠٤ بە وردی دەيخاتە ڕوو[5]. لەوێدا ماکندەر تيۆری ”pivot area/pivot state” دادەڕێژێت، کە پاشان بە تيۆری دڵی زەوی (Heartland) دەناسرێت. ئەم تيۆرييە لە بنەمادا لە پێناو مانەوە و زیاتر بەهێزکردنی هەژموونی بەريتانيا بوو لە جيهاندا. گريمانەی سەرەکیی ئەم تيۆرييە بريتييە لە:

ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا حوکم بکات، زاڵ دەبێت بەسەر دڵی زەويدا.

ئەوەی دڵی زەوی حوکم بکات، زاڵ دەبێت بەسەر دوورگەی جيهاندا.

ئەوەی دوورگەی جيهانيش حوکم بکات، زاڵ دەبێت بەسەر جيهاندا[6].

بە پێی ماکندەر، دڵی زەوی بەشێک لە ڕووسيا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئاسيای ناوەڕاست و قەوقاز دەگرێتەوە. تا ڕادەیەکی زۆر یەکێتیی سۆڤيەتی جاران و ناوچەی هەژموونی سۆڤيەت دەگرێتەوە. هەر چەند لە کاتی نووسينی ئەو وتارە لە ١٩٠٤دا، یەکێتیی سۆڤيەت بوونی نەبووە. بەڵام ئەوکاتيش مەبەستی سەرەکی هەر ڕووسيا بووە، چونکە ئەوکات و پێشتر و ئێستاش، ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئاسيای ناوەڕاست و قەوقاز یان سەر بە ڕووسيای قەيسەری یان سەر بە هەژموونی ڕووسيا، یان بەشێک بوون لە سۆڤيەت، لایەنی کەم ڕووسيا بە جێ هەژموونی خۆی زانيوە و دەزانێت.

دوورگەی جيهان بريتييە لە سێ کيشوەرە سەرەکييەکەی ئەو سەردەمە (ئەورووپا و ئاسيا و ئەفەريقا). جيهانيش مەبەستی لە کۆی جيهانە بە هەموو کيشوەر و ناوچەکانەوە. بە پێی ماکندەر، بەريتانيا پێويستە هەژموونی هەبێت بەسەر دڵی زەوی (واتە ڕووسيا و جێ هەژموونی ڕووسيای ئەوکات و ئێستاش)، ئەمە وا دەکات بەريتانيا لە ئايندەشدا جيهان بەڕێوە ببات. بە پێی ماکندەر، باشترين دەروازە بۆ کۆنترۆڵکردنی دڵی زەوی بریتييە لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات کە بەشێکی سەرەکیی دڵی زەوییە[7]. بە پێی ئەم تيۆرييە، دەتوانين بڵێين کشانی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و بەئەندامبوونی دەوڵەتانی وەک پۆڵەندا و ليتوانيا و لاتڤيا و ئيستۆنيا… لە ناتۆ، بەشێکە لە گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی دڵی زەوی. هەر بۆیە ماکندەر لە ڕووی فکرييەوە بە بنەمایەکی گرنگ دادەنرێت بۆ شەڕی سارد و دامەزراندنی ناتۆ[8].

لای بيرمەندانی جيۆپۆلەتيک ڕای جياواز هەیە لە بارەی ئەوەی کە ئایا هێزی دەریایی گرنگە یان هێزی وشکانی؟ کاميان بەهێزترە؟ دەوڵەتێک بيەوێت هەژموونی هەبێت بەسەر جيهاندا، پێويستە هێزێکی دەریایی هەبێت یان وشکانی؟ بۆ نموونە ڕاتزڵ (1844-1904)، کە بە باوکی جيۆپۆلەتيک دادەنرێت[9] و ئەلفريد ماهان (1840–1914)؛ بيرمەند و ئەفسەری هێزی دەریایی ئەمەريکا، پێيان وایە ئەوەی بيەوێت هەژموونی هەبێت بەسەر جيهاندا، دەبێت دەسەڵاتی هەبێت لە دەريا و ئۆقيانووسەکان. واتە هێزی دەريایی گرنگترە. ماهان پێی وا بوو هەژموون بەسەر جيهاندا لە دەریاکانەوە دەکرێت نەک لە وشکانييەوە[10]. تيۆرييەکانی ماهان ڕۆڵ و کاريگەرییەکی دياری هەبووە لەوەی ئەمەريکا ببێتە خاوەن بەهێزترين هێزی دەریایی لە مێژوودا[11]. ماکندەر سەرەڕای ئەوەی هێزی دەریایی بە گرنگ دەزانێت، بەڵام پێی وایە لە دوای دروستبوون و گەشەکردنی هێڵی ئاسنين، هێزی وشکانی بەهێزتر بووە و دەتوانێت سەر بکەوێت بەسەر هێزی دەریایی، چونکە هێڵی ئاسنين ڕێگە دەدات بە دەوڵەتی وشکانی کە حوکمی دڵی زەوی دەکات؛ بتوانێت بە هەموو ئاڕاستەکانی “دڵی زەوی” بجووڵێتەوە و بگاتە دەرياکانيش[12].

لەم سەردەمەدا دۆگين پشتگيریی ئەم تێڕوانينە دەکات و پێی وایە پاڵنەر و چەقی مێژوو و ململانێکان دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی هێزی وشکانی و هێزی دەریایی. لای دوگين ململانێی نێوان هێزی دەریایی و وشکانی تەنيا ململانێيەکی سياسی و سەربازی نييە، بەڵکوو ململانێيەکە لە نێوان دوو شارستانی و کولتوور و بەها و جيهانبينیی جياواز و دژ بە یەک[13]. بە پێی دۆگين، “دڵی زەوی” یان ناوچەی هێزە وشکانييەکە، جوگرافيای ڕووسيای قەیسەری و یەکێتیی سۆڤيەتی پێشوو دەگرێتەوە. واتە ڕووسيای ئێستا و ئەو ناوچانەی کە ڕووسيا بە دەرەوەی نزيک (Near Abroad)ی دەزانێت، ئەو وڵاتانەی کە سەر بە سۆڤيەت و هەژموونی سۆڤيەت بوون، لە ئێستادا بەشێکيان دژی ڕووسيا و بەشێکن لە هێزی دەریایی ”ناتۆ”. بەشێکیان جارێ، کەم تا زۆر، هەژموونی ڕووسيایان بەسەرەوە ماوە[14]. بە گشتی، بە بڕوای ئەم بيرمەندە، “ڕووسيای فيدراڵ دەکەوێتە دڵی زەوی”[15]، هەروەها ڕووسيا وەک شارستانيەتی وشکانی، مەحکومە بەوەی ململانێی شارستانيەتی دەریایی بکات. بە ڕای دۆگين، ململانێی ڕووسيای قەيسەری و بەريتانيا لە سەدەی ١٩، ململانێی بلۆکی سۆشياليزم (سۆڤيەت/ڕووسيا) و بلۆکی سەرمایەداری (ئەمەريکا) لە کاتی جەنگی سارد، ململانێی ئەمڕۆی ڕووسيا لەگەڵ ئەمەريکا و ناتۆ، هەر هەمووی لە چوارچێوەی ململانێی نێوان هێزی وشکانی کە دۆگين پێی دەڵێت ”تيلۆروکراتيا” و هێزی دەریایی کە ناوی دەنێت ”تالاسوکراتيا” دەبێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لێی بڕوانرێت[16].

پێويستە ئاماژە بەوە بدرێت کاتێک ماکندەر ئاماژە بەوە دەکات کە بەريتانيا ”هێزی دەريایی”ی پێويستە حوکمی دڵی زەوی بکات بۆ ئەوەی زاڵ بێت بەسەر جيهاندا، مەرج نييە مانای ئەوە بێت کە دەبێت هێزی دەريایی لە ڕێگەی سەربازييەوە ڕووسيا و “دڵی زەوی” داگير بکات، بەڵكوو گەمارۆدانی “دڵی زەوی” و هەبوونی هەژموون لەو ناوچەیە و کردنی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەی “دڵی زەوی” بە هاوپەيمانی هێزی دەریایی، بريتييە لە سەرکەوتن و حوکمکردنی جيهان. هەر بۆیە دۆگين پێی وایە کەوتنی سۆڤيەت لە ١٩٩١دا سەرکەوتنی هێزی دەریایی بوو بەسەر هێزی وشکانی، لە کاتێکدا ڕووسيا و ناوچەی دڵی زەوی داگير نەکرا لە لایەن هیزی دەریاییەوە، تەنيا گەمارۆ درا و لاواز کرا[17]. پاشان چەند دەوڵەتێک کە بەشێکن لە “دڵی زەوی” یان دەروازەی ناوچەی “دڵی زەوی”ن؛ بوونە ئەندامی ناتۆ، دواتريش ئۆکراین کە دەوڵەتێکی گرنگی ”دڵی زەوی”یە، بووە دەوڵەتێکی پڕۆئەمەريکی (هێزی دەریایی). هەر بۆیە دۆگين پێی وایە ئەگەر ڕووسيا ستراتيژێکی پتەو و وردی نەبێت بۆ ئايندە، ئەوا ئەگەر هەیە لە سەر نەخشە نەمێنێت[18]، ئەمەش ئاماژەیە بەو گەمارۆدانەی هێزی دەریایی بە سەرکردایەتیی ئەمەريکا کە سەپاندوویەتی بەسەر ڕووسيا و دڵی زەوی (هێزی وشکانی).

هاوکات ڕووسيا (هێزی وشکانی) بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هێزی دەریایی ببێتەوە، پێويستە هەژموونی هێزی دەریایی لە ناوچەی دڵی زەوی و دەوروبەری دوور بخاتەوە، هەروەها هەوڵ بدات بەرەو دەرەوە بکشێت تا گەيشتن بە دەرياکان، بۆ نموونە گەيشتن بە کەنداوی عەرەبی و دەریای سپیی ناوەڕاست[19]، چونکە بەبێ گەيشتن بە دەرياکان، ئەوا ڕووسيا و هێزی وشکانی ئاسانتر گەمارۆ دەدرێت لە لایەن هێزی دەرياییەوە.

ڕووسیا هەر لە سەردەمی حوکمی قەیسەرەکانەوە یەکێ لە خەونە گەورەکانی گەیشتن بووە بەوەی پێی دەڵێن ئاوە گەرمەکان، واتە ئەو ئاوانەی بە درێژایی ساڵ گونجاون بۆ هاتوچۆ و بازرگانی. ڕووسیا لەگەڵ ئەوەی گەورەترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ڕووبەرەوە، بەڵام سنووری زۆر کەم و سنووردارە بە ئاوە گەرمەکانەوە. لە باکوورەوە لەگەڵ چەند دەریایەکدا سنووری هەیە، بەڵام هەموویان بەشێکن لە ئۆقيایانووسی بەستووی باکوور، کە زۆربەی کاتەکانی ساڵ لە بەر نزمیی پلەی گەرما بەستوویەتی و بەکەڵکی هاتوچۆی کەشتی نایەت. لە ڕۆژهەڵاتەوە دەڕوانێتە سەر دەریای ژاپۆن، کە ئەمەش بۆ ئەوەی ببێتە ڕێگایەکی بازرگانی و کاریگەر پێویستە لە گەرووی ”توسوشیما”وە بچێتە ئۆقيانووسی ئارام و لەوێوە بۆ وڵاتانی تری جیهان، بەڵام ئەو ڕێڕەوە ئاوییە لە ژێر کۆنترۆڵی ژاپۆن و کۆریایە. ژاپۆن بە گشتی مێژوویەکی پڕ کێشەی هەبووە لەگەڵ ڕووسیا و هەروەها ئەمەریکاش هەژموونی زۆرە بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییەوە. لە ڕۆژئاوای باکوورەوە دەڕوانێتە سەر دەریای بەڵتيق، کە لە دوای بەئەندامبوونی سويد و فينلەند لە ناتۆ، ئەوا بە ڕووسياوە لە کۆی ٩ دەوڵەت کە دەڕواننە سەر ئەو دەريایە، ٨ دەوڵەتيان ئەندامی ناتۆیە. ئەوەی کە دەمێنێتەوە؛ سنووری وشکانييە و لەگەڵ یەک سنووری ئاویی بچوووک، کە ئەویش دەریای ڕەشە، بەڵام بۆ ئەوەی لە دەریای ڕەشەوە بگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا و دەریای ناوەڕاست، پێویستە بە هەردوو گەرووی بسفۆڕ و دەردەنیلدا تێپەرێت، کە هەردووکی لە ناو خاکی تورکیان کە ئەندامی ناتۆیە و بە درێژایی مێژوو ڕووسیا و تورکیا یا عوسمانی کێشەی گەورەیان هەبووە. هەر چەند ئەو دوو ڕێڕەوە ئاوییە بە پێی یاسا کراوەن و ڕووسیا دەتوانێت سوودیان لێ ببینێت، بەڵام ڕووسیا دەزانێت لە کاتی کێشەی گەورەدا لە نێوان دەوڵەتاندا، یاسا ڕۆڵی کەم دەبێت. جگە لەوەی لە کۆی ٦ وڵات، بە ڕووسياوە، کە دەڕواننە سەر دەریای ڕەش، سێ دەوڵەتيان (تورکيا، ڕۆمانيا، بولگاريا) ئەندامی ناتۆن و چوارەميش ئۆکراینە کە ئێستا لە جەنگدایە بەرامبەر بە ڕووسيا. بە پێی ئەوەی ئاماژەی پێ درا، لایەنی کەم لە تێڕوانينی ڕووسياوە، ئەوا ڕووسيا هەميشە لە دۆخێکدایە کە گەمارۆ دەدرێت و هەژموونی هێزی دەريایی دەگاتە سەر سنوورەکانی.

وەک دەردەکەوێت، لە سەر ئاستی تيۆری، ئامانج و پاڵنەری سەرەکیی ڕووسيا بريتييە لەوەی هەژموونی هێزی دەریایی دوور بخاتەوە لە ناوچەی “دڵی زەوی”، هاوکات هەوڵ بدات بەرەو دەرەوە بکشێت و بگات بە دەریاکان. بێگومان ئەم کشان و ڕووبەڕووبوونەوەیە پێويستی بە گەشەی تەکنەلۆژی و هێزی سەربازی و ئابووری و هێزی نەرم هەیە. هێزی دەریایی بە هۆی ئەو ئامرازانەوە توانيویەتی تا ئێستا سەرکەوتوو بێت بەسەر هێزی وشکانيدا. ئامانجی سەرەکیی هێزی دەریايیش ئەوەیە کە دڵی زەوی گەمارۆ بدات و هەژموونی هەبێت بەسەريدا، هەنگاوبەهەنگاو وڵاتانی ناو ناوچەی “دڵی زەوی” و دەوروبەری بکاتە هاوپەيمانی خۆی و دووریان بخاتەوە لە ڕووسيا.

لە کۆتایی ئەم بەشەدا خاڵێک هەیە پێويستە ئاماژەی پێ بکرێت، ئەويش ئەوەیە کە تێڕوانين و تيۆرييەکەی ماکندەر و ئەوەی دۆگين لە بنەمادا، تا ڕادەیەکی زۆر، لە یەکەوە نزيکن و یەک بنەمایان هەیە، بەڵام جياوازیی جەوهەری لە نێوانياندا ئەوەیە کە ماکندەر مەبەستی لەو تيۆرييە هاوکاريکردنی هێزی دەریایی بووە دژ بە هێزی وشکانی، لە بەرامبەردا مەبەستی سەرەکیی تيۆرييەکەی دۆگين هاوکاريکردنی هێزی وشکانييە دژ بە هێزی دەریایی. ئەوەی گرنگە، هەردوو ئەم تێڕوانينە، کە لە ڕەهەندێکەوە تەواو کۆکن، لە ڕەهەندێکی ترەوە تەواو ناکۆک و دژ بە یەکن، لەوەدا یەک دەگرنەوە کە ڕووسيا هێزی وشکانييە و نەیاری سەرەکیی هێزی دەرياییە.

شایانی باسە ئەم جۆرە تێڕوانينەی ماکندەر بە جيۆپۆلەتيکی کلاسيکی دادەنرێت. لەگەڵ سەرهەڵدانی هێزی ئاسمانی و بۆمبی ئەتۆمی و گەشەی تەکنەلۆژی، گومان دروست بوو لە سەر کاريگەریی ئەم تێڕوانينە، چونکە ئيتر لە ڕێگەی ئاسمانەوە زەوی و دەرياکان ئەو گرنگيیەی نامێنێت، بەڵام ئەوەی لە واقعدا تا ئەمڕۆ دەبينرێت، بەشێکی زۆری هاوکێشە جيۆپۆلەتيکييەکان و ململانێکان هەر ئەوە دەسەلێمننەوە کە جارێ جيۆپۆلەتيکی کلاسيکی بەسەر نەچووە و گرنگیيەکەی هەميشە نوێ دەبێتەوە.

بایەخی جیۆسیاسییانەی ڕووسيا

لە سەرەوە چوارچێوەیەکی تيۆری خرایە ڕوو سەبارەت بە تێگەيشتن لە پاڵنەر و فاکتەری سەرەکیی سياسەتی ڕووسيا. لێرەدا هەوڵ دەدرێت ئەو تيۆریەی پێشتر ئاماژەی پێ کرا؛ جێبەجێی بکرێت و بەراورد بکرێت بە سياسەت و ڕەفتاری ڕووسيا لە واقعدا، بۆ ئەوەی ئەوە دەربخرێت ئایا ئەو تيۆری و تێڕوانينە فکرييانە دەگونجێت لەگەڵ واقعدا یاخود نا.

یەکێک لە گرنگیی ئەو تيۆرييە جيۆپۆلەتيکييە سەبارەت بە ڕووسيا، ئەوەیە کە دەکرێت گشتاندنی بۆ بکرێت بەسەر سياسەتی ڕووسيا بە درێژایی زیاد لە سێ سەدە. بۆ نموونە: ململانێ و جەنگەکانی ڕووسيا لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەکانی ١٨ و ١٩، هۆکارە سەرەکييەکانی ململانێی بوو لە سەر هەژموون بەسەر ناوچەکانی دەریای ڕەش، ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و بەلقان و قەوقاز، کە بەشێکن لە “دڵی زەوی”، یان دەوری “دڵی زەوی” دەدەن. هەندێک کات بەريتانيا لەو ململانێيانەدا پشتگيریی دەوڵەتی عوسمانیی دەکرد دژ بە ڕووسيا. ململانێی ڕووسيا لەگەڵ بەريتانيا لە سەدەی ١٩ کە بە “گەمە گەورەکە” ناسراوە، گۆڕەپانی سەرەکیی ئەفغانستان بوو. یەکێک لە هۆکارە سەرەکييەکانی ئەوە بوو کە ڕووسيا دەيويست هەژموونی بەريتانيا دوور بخاتەوە لە ئاسيای ناوەڕاست کە بەشێکی سەرەکیی “دڵی زەوی”یە. بەريتانياش هەوڵی دەدا لە ڕێگەی ئەفغانستانەوە کە بەشێکە لە سنووری “دڵی زەوی”، ڕووسيا گەمارۆ بدات. ململانێی یەکێتیی سۆڤيەت لەگەڵ بلۆکی سەرمایەداری بە سەرکردایەتیی ئەمەريکا، فاکتەرێکی گرنگی بريتی بوو لە ململانێ لە سەر هەژموون بەسەر ناوچە و سنوورەکانی “دڵی زەوی”، بۆ نموونە داگيرکردنی ئەفغانستان لە لایەن سۆڤيەتەوە لە ١٩٧٩ و هاوکارييەکانی ئەمەريکا بۆ گرووپە جيهادييەکانی ئەفغانستان، هەمان ئەو گەمەیە بوو کە ڕووسيا دەيويست هەژموونی هێزی دەریایی لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە و هێزی دەريایی دەيويست گەمارۆی سۆڤيەت بدات لە ڕێگەی ئەفغانستانەوە کە دراوسێی ئاسیای ناوەڕاستە.

لە ئێستاشدا ڕووسيای فيدراڵ زۆرێک لە ئامانج و پاڵنەرە سياسی و ستراتيژييەکانی دەکرێت لە هەمان چوارچێوەی تيۆری شيکردنەوەی بۆ بکرێت. دەستتێوەردانی ڕووسيا لە جۆرجيا لە ٢٠٠٨دا، داگيرکردنی دوورگەی کرێميای ئۆکراين لە ٢٠١٤، بەشداريکردنی لە ڕووداوەکانی سووريا بۆ بەرگريکردن لە ئەسەد لە ٢٠١٥، جەنگی ئۆکراين لە ٢٠٢٢، ئامادەبوونی ڕووسيا لە ڕووداوەکانی ليبيا لە دوای (٢٠١٥)ەوە…

سەبارەت بە جۆرجيا کە بەشێک بوو لە سۆڤيەت و لە ڕووی جيوپۆلەتيکييەوە بەشێکە لە سنوورەکانی “دڵی زەوی”، هەر ڕووداوێک لەو وڵاتە ڕوو بدات ئەگەر بە پێچەوانەی ويستی ڕووسيا بێت، ئەوا ڕووسيا وا تەماشای دەکات کە هەوڵێکی هێزی دەرياییە (ئەمەريکا و ناتۆ) بۆ گەمارۆدانی ڕووسيا و دروستکردنی فشار لە سەری. سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئۆکراین لە (٢٠١٤)ەوە. داگيرکردنی دوورگەی کرێميا بەشێکە لە ستراتيژی کشانی هێزی وشکانی (ڕووسيا) بەرەو دەریاکان. نزيکبوونەوەی ئۆکراین لە ئەمەريکا و ناتۆ، بە پێی ڕووسيا، واتە کۆنترۆڵکردنی یەکێک لە هەستيارترين و گرنگترين ناوچەکانی “دڵی زەوی” لە لایەن هێزی دەریاییەوە، ئەمەش سەپاندنی گەمارۆدانێکی توند و ترسناکی هێزی دەریاییە بۆ سەر ڕووسيا وەک چەقی “دڵی زەوی”. بريجنسکی؛ ڕاویژکاری ئاسايشی نيشتمانیی پێشووتری ئەمەريکا و یەکێک لە بيرمەندە گەورەکان لە بواری جيۆپۆلەتيک، پێی وا بوو کە ڕووسيا بەبێ ئۆکراین ناتوانێت ببێتە ئيمپڕاتۆریەت، بەڵام ئەگەر ئۆکراین کۆنترۆڵ بکات، ئەوا ئۆتۆماتيکی ڕووسيا دەبێتە ئيمپڕاتۆریەت[20]. ڕوونە کە ماوەی سێ ساڵە ئەم ناوچە گرنگەی “دڵی زەوی” بووە بە گەورەترين قەيران بۆ ڕووسيا، واتە ڕووسيا لە ناو “دڵی زەوی”یەوە تێوە گلاوە بە جەنگێکی گەورە. لەم تێڕوانينەوەیە، وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، کاتێک دۆگين پێی وایە تەنانەت سڕينەوەی ڕووسيا لە سەر نەخشە ئەگەرێکە لە ئايندەدا ئەگەر ڕووسيا هەنگاوی جددی نەنێت.

بەشداريکردنی ڕووسيا لە هاوکێشەی سووريا چەندين هۆکاری هەبوو، بەڵام یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان بريتی بوو لە کشان بەرەو دەرياکان و پاراستنی گەورەترين و تاکە بنکە و بەندەری سەربازیی ڕووسيا لە دەريای سپیی ناوەڕاست کە لە شاری تەرتوسی سووريايە، هاوکات ڕێگرتن لە هەژموونی ئەمەريکا لە سووريا کە نزيکترين هاوپەيمانی ڕووسيایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست[21]، کە ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی گەمارۆدانی ڕووسيا ئەگەر نزيکترين هاوپەيمانی خۆی لەدەست بدات و سوورياش لە پاش ئەسەد وەک ئۆکراین ببێتە پڕۆئەمەريکا.

بەشداريکردنی ڕووسيا لە شەڕی ناوخۆی ليبيا، یەکێک لە هۆکارەکانی دەکرێت ئەوە بووبێت ليبيا دەرەفەتێکە بۆ ڕووسيا کە بتوانێت ئامادەییەکی سەربازیی هەبێت لە سەر کەنارەکانی دەريای سپیی ناوەڕاست لە خاڵێکی ترەوە هاوشانی ئامادەبوونی لە سوورياوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، چەند ساڵێکە ڕووسيا لە هەوڵدانە کە بەندەری “پۆرت سوودان” کە لە وڵاتی سوودانە و دەڕوانێتە سەر دەريای سوور، بەدەست بهێنێت و بيکاتە بەندەرێکی سەربازی بۆ سوپاکەی[22].

ڕەهەندێکی نزيکایەتیی نێوان ڕووسيا و ئێران و پشتگيریی ڕووسيا بۆ ئێران هەر لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت. ئێران دەروازەیەکی گرنگە بۆ ڕووسيا، کە لە ئاسیای ناوەڕاست و قەزوينەوە بگات بە ئاوە گەرمەکان (کەنداو). بە تايبەت کە ئێران تاکە دەوڵەتی کەنداوە دژەئەمەريکایە (هێزی دەریایی) و سەر بە ناوچەی هەژموونی هێزی دەریایی نييە، واتە وەک ئامرازێکی گەمارۆ بەکار نایەت دژ بە “دڵی زەوی”.

پرسی گەمارۆدانی ڕووسيا (دڵی زەوی) و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دەريایی و کشان بەرەو دەرياکان، جگە لەوەی کە لە واقعی جووڵە و سياسەتەکانی ڕووسيا بە ڕوونی دەرکی پێ دەکرێت، تەنانەت ئەم تێڕوانينە جيۆپۆلەتيکييە بووە بە بەشێک لە گوتاری فەرمی و ئايدۆلۆژیا و کولتووری سياسیی ڕووسيا. بۆ نموونە وەسفکردنی ڕووسيا بە “قەڵای گەمارۆدراو”، ئەم تێرمە پۆتين و زۆرێک لە ناوەندە سياسی و کۆمەڵایەتی و ميدياکانی ڕووسيا بەکاری دەهێنن[23]، بێگومان گەمارۆدراو لە لایەن هێزی دەرياییەوە (ئەمەريکا/ناتۆ).

 

فاکتەری ”جیۆئیكۆمۆنی” و وزە لە ستراتیژی سیاسیی ڕووسيا

دووەم فاکتەر و پاڵنەری سياسەتی ڕووسيا بريتييە لە وزە کە ئامرازێکی گرنگی جيۆپۆلەتيکی و ئابووریی ئەو دەوڵەتەیە. ئاشکرایە ڕووسيا دەوڵەمەندترين وڵاتی جيهانە لە یەدەگی گازی سروشتی و لە ١٠ دەوڵەمەندترينە لە یەدەگی نەوت. لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا وزە، بە تايبەت گازی سروشتی و نەوت، لە نێوان ٣٠-٥٠٪ی بودجەی وڵاتەکەی پێک هێناوە[24]. بە پێی دەیتاکانی ٢٠٢٢، زیاد لە ٥٥٪ی هەناردەی ڕووسيا گازی سروشتی و نەوت و پێكهاتەكانی بووە[25]، جگە لەوەی نەوت و گازی سروشتی کەرەستەی سەرەکين بۆ پيشەسازیی چەک و کەرەستەی سەربازی کە یەکێکە لە سيماکانی ڕووسيا. وزە بۆ ڕووسيا پایەیەکی سەرەکیی ئابووری و سياسی و جيۆپۆلەتيکیيە.

بە ئەندازەی مەرامی ئابووری و بازرگانی، ڕووسيا وزە بەکار دەهێنێت بۆ ئامانج و مەبەستی جيۆپۆلەتيکی. دەکرێت سێ جۆر لە ستراتيژ دياری بکرێت لە بارەی بەکارهێنانی جيۆپۆلەتيکيیانەی وزە لە لایەن ڕووسياوە: ١. وزە وەک ئامرازێکی بەرگریکردن، ٢. وزە وەک ئامرازێکی هێرشکردن، ٣. هەوڵدان بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی بەديل بۆ وزەی ڕووسی (بە تايبەت گازی سروشتی کە ڕووسيا بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێ دەبەستێت).

وەک ئامرازێکی بەرگریکردن: بەوەی کە ئابووری و توانای سەربازی و هەژموونی سياسیی خۆی دەپارێزێت لە ڕێگەی وزە و پێويستیی زۆرێک لە وڵاتان بە وزەی ڕووسی. بۆ نموونە؛ لە دوای سزاکانی ناتۆ و ئەورووپا بەسەر ڕووسيا بە هۆی جەنگەکەی ئۆکراینەوە، وزە گرنگترين ئامرازی ڕووسيا بوو بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی کاريگەریی زیانی سزاکان لە ڕێگەی دۆزينەوەی بازاڕی نوێ لە چين و هيندستان… یاخود نەيارەکانی لە بەر پێويستييان بە وزەی ڕووسی، نایانەوێت بکەونە ململانێی قوورس بەرامبەری. ئەمە تا ڕادەیەکی زۆر بەرامبەر بە ئەورووپا بەکار دەهات تا سەرەتای جەنگی ڕووسيا و ئۆکراين. ئەورووپا بە ئەندازەیەکی زۆر پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، نزيکەی نيوەی ئەو گازە لە لایەن ڕووسياوە دابين دەکرا، چونکە نزيکترين و هەرزاترينە. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو کە ئەورووپا نەيدەتوانی و نەيدەويست بە هەمان شێوەی ئەمەريکا مامەڵە بەرامبەر بە ڕووسيا بکات، تەنانەت لە دوای داگيرکردنی دوورگەی کريميا لە لایەن ڕووسياوە لە ٢٠١٤دا، ئەورووپا هەر ئامادە نەبوو دەستبەرداری گازی ڕووسی ببێت. ئەمەريکا بۆ کەمکردنەوەی کاريگەریی ڕووسيا بەسەر ئەورووپادا، هەر لە (١٩٨١)ەوە لە سەردەمی ڕيگن پڕۆژە و هەوڵی هەبووە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەورووپا بە گازی ڕووسی (ئەوکات گازی سۆڤيەت)[26]. هيچ کام لەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون تا ئەو کاتەی ڕووسيا پەلاماری ئۆکراينی دا لە ٢٠٢٢، لەو کاتەوە ئەورووپا ناچار بوو تا ڕادەیەکی زۆر دەستبەرداری گازی ڕووسی ببێت.

وزە وەک ئامرازێکی هێرشکردن: ڕووسيا وزە بەکار دەهێنێت وەک کارتێکی فشار و سزا بەرامبەر بە نەيارەکانی. لە کاتی جەنگەکەی ئۆکراين و سەپاندنی سزاکان، ڕووسيا بە شێوەیەکی سەرەکی وزەی وەک کارتی فشار و سزا بەکار دەهێنا بەرامبەر بە ئەورووپا و ئەمەريکا، بە تايبەت کە بۆ ماوەیەکی دياريکراو ڕووسيا توانیی نرخی وزە بەرز بکاتەوە لە جيهاندا، ئەمەش فشارێکی گەورە بوو بۆ سەر ئەورووپا لە سەرەتادا، تا ڕادەیەک کاريگەریی هەبوو لە سەر نرخی وزە لە ئەمەريکاش. ڕووسيا دەيەوێت ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزە بۆ چين. بەشێکی زۆری وزەی هاوردەکراوی چين لە ڕێگەی کەشتيیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (کەنداو، هورمز، ئۆقيانووسی هيندی) دابين دەکرێت. ئەم ناوچانە تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر هەژموونی ئەمەريکادایە. پشتبەستنی چين بە وزەی ڕووسی لە ڕێگەی وشکانييەوە، دەکرێت ئەو کارتە فشارەی ئەمەريکا بەرامبەر بە چين لاواز بکات لە ئايندەدا. ئەمە نموونەیەکی ترە لە بەکارهێنانی وزە لە لایەن ڕووسياوە کە دژ بە بەرژەوەندييەکانی ئەمەريکایە و لە بەرژەوەندیی چينە.

ڕێگرتن لە دروستبوونی جێگرەوە: بۆ مانەوەی کاريگەری و بەهێزیی هەردوو ستراتيژەکەی سەرەوە، ڕووسيا بە ڕێگای جۆراوجۆر هەوڵ دەدات ڕێ بگرێت لە دروستبوونی بەديلی بەهێز بۆ وزەکەی خۆی، بە تايبەت لەسەر ئاستی گازی سروشتی. ئامادەبوونی بەهێزی ڕووسيا لە سووريا بۆ پارێزگاريکردن لە ئەسەد، نموونەیەکی گونجاوە بۆ ئەم ستراتيژە. لە دوای ڕووخانی سۆڤيەت، کەيسی سووريا یەکەم ئامادەبوونی بەهێز و دەستتێوەردانی سەربازی و دیپلۆماسیی ڕووسيایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوور لە سنوورەکانی خۆی. بۆچوونێکی بەهێز هەیە، پێی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی ڕووسيا بۆ سووريا لە پێناو ئەوە بووە کە ڕێ لە چەندين پڕۆژەی هێڵی بۆریی گازی سروشتی بگرێت. لە ناوچەکەدا بيرۆکەی چەندين پڕۆژەی گەورە و گرنگ هەبوو بۆ ڕاکێشانی هێڵی بۆری بۆ مەبەستی گواستنەوەی گازی سروشتی، لەوانە: پڕۆژەی هێڵی عەرەبی بۆ گواستنەوەی گاز، پڕۆژەی هێڵی گازی قەتەری-تورکی، پڕۆژەی هێڵی گازی ئيسلامیی ئێرانی[27]. هەموو ئەو پڕۆژانە وا بڕيار بووە کە هێڵی بۆرييەکان بە خاکی سووريادا تێپەڕن. دەکرێت هاتنی ڕووسيا بۆ سووريا لە پێناو ئەوە بووبێت کە ڕێگری بکات لەو پڕۆژانە، یاخود ئەگەر پڕۆژەکانيش جێبەجێ بکرێن، ئەوا لە ڕێگەی ئەسەدەوە ڕووسيا هەژموونی دەبێت بەسەر ئەو پڕۆژانە و ڕێ دەگرێت لەوەی گورز لە بازاڕی وزەی ڕووسی بدات. بيرۆکەی پڕۆژەی “نابوکو” نموونەیەکی ترە لە بارەی ئەم ستراتيژە، ڕووسيا نيگەران بوو بەو پڕۆژەیە و هەوڵی ڕێگریلێکردنی دەدا.

فاکتەری وزە پرسێکی تری گرنگە لە پەيوەندیی ڕووسيا و ئیران. ئێران، لە دوای ڕووسيا، دووەم دەوڵەمەندترين وڵاتە لە گازی سروشتی و یەکێکە لە ١٠ دەوڵەمەندترين وڵاتەکان بۆ نەوت. ئێران لەو وڵاتانەیە، ئەگەر سزاکانی ئەمەريکا نەبێت، کانديدێکی بەهێزە بۆ شوێنگرتنەوەی گازی ڕووسی، بە تايبەت بۆ ئەورووپا، لەم ڕووەوە ڕووسيا سوود لەوە دەبينێت کە ئێران لە ژێر ئەو سزا قوورسانەیە. هاوکات بە هۆی سزاکانەوە کە کۆمپانيا بيانييەکان ناتوانن وەبەرهێنان بکەن لە کەرتی وزەی ئێرانی، ڕووسيا ئەو هەلەی قۆستووەتەوە لە ڕێگەی کۆمپانيای گازپرۆمی ڕووسييەوە بە بڕی ٤٠ مليار دۆلار گرێبەستی لەگەڵ ئێراندا کردووە لە کەرتی وزە. ڕووسيا دەيەوێت لە ڕێگەی وەبەرهێنان و کۆمپانياکانی خۆیەوە هەژموونی هەبێت بەسەر کەرتی وزەی ئێرانی، ئەمەش لە بەر دوو ئامانج: پشکی هەبێت لە وزەی ئێرانی، بە تايبەت ئەگەر سزاکانی لە سەر کەم بووەوە، هەروەها بتوانێت ڕێگری بکات لەوەی گازی ئێرانی ببێتە بەديلی گازی ڕووسی. هەر بۆیە گومانێک هەیە لە ئێران لەوەی ڕووسيا مەبەستی وەبەرهێنان و گەشەکردنی کەرتی وزەی ئێرانی نييە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە ئێران نەبێتە ئەلتەرناتيڤی وزەی ڕووسی[28].

یەکێک لە هۆکارەکانی ئامادەبوونی ڕووسيا لە هاوکێشە و شەڕە ناوخۆکەی ليبيا، ئەم پرسە بوو. ليبيا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە وزە، لە ڕووی جوگرافييەوە گونجاوە کە ببێتە سەرچاوەیەکی وزە بۆ ئەورووپا. ڕووسيا دەکرێت مەبەستی وەبەرهێنان بێت لە کەرتی وزەی ليبيا لە ئايندەدا، بە تايبەت کە پەيوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ هەردوو بەرە سەرەکييەکەی ململانێی ناو ليبيادا هەیە. یان بۆ بەردەواميدان بە نائارامیی ئەو وڵاتە کە ڕێگریی لێ بکات بۆ فرۆشتنی وزە کە ئەمە پێويستی بە ئارامی و سەقامگيرييە،  بە تايبەت لە ڕووی سەربازييەوە لە ڕێگەی چەکدارانی ڤاگنەرەوە بەشدارە لە ليبيا.

هاتنی ڕووسیا لە ڕێگەی کۆمپانیای ڕۆسنەفت بۆ کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧، هەر هەمان مەبەستی هەبوو. ماوەیەک بوو باس لەوە دەکرا گازی سروشتیی کوردستان دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی وزە بۆ ئەورووپا، ڕووسیا هات و هەژموونی خۆی سەپاند بەسەر ئەو سەرچاوەیەدا. ئەوکاتيش له‌ کوردستان قەیرانی ئابووری و دارایی زۆر هەبوو، هەڵەی کۆمپانیا ئەورووپی و ئەمەریکییەکانیش لە لایەکی تر، هەموو ئەمانە ڕێی بۆ ڕووسیا خۆش کرد کە ئەو دۆخە بقۆزێتەوە و گازی سروشتیی کوردستان، تا ڕادەیەک، بێنێتە ژێر هەژموونی خۆی.

ئەم سێ ستراتيژە جيۆپۆلەتيکيیانەی ڕووسيا بۆ وزە، دەکرێت وەک تەواوکەری پاڵنەر و فاکتەری یەکەم (ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دەريایی) تەماشا بکرێن، چونکە، وەک دەردەکەوێت، بەشێکە یان ئامرازێکە بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر ڕووسيا و کشان بەرەو دەرەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دەريایی.

 

کورد لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەكانی و ڕووسيادا

پەيوەندیی کورد و ڕووسيا مێژوویەکی درێژی هەیە، هەر لە ڕووسيای قەيسەرييەوە تا سەردەمی ڕووسيای فيدراڵ و سەردەمی پۆتين دەگرێتەوە. لەو مێژووە درێژەدا نموونەی زۆر هەن کە ڕووسيا هاوکاریی بزووتنەوە کوردييەکانی کردووە، هەروەک چۆن نموونەی زیاتريش هەن کە زیانی لە کورد داوە و دەدات. پەيوەندیی کورد و ڕووسيا هەميشە پەيوەندیی نێوان زلهێزێک و نەتەوەیەکی لاوازی بێ دەوڵەت بووە. بەو مانایەی ڕووسيا کوردی بەکار هێناوە وەک کاردی فشار دژ بە نەیارەکانی و بۆ بەرژەوەندیی خۆی، وەک هەر زلهێزێکی تر[29]. لێرەدا دەرفەت نييە ئاماژە بە مێژووی ئەو پەيوەندييە بدرێت، تەنيا ئاماژەیەکی خێرا بەوە دەدرێت کورد پێويستە چۆن بڕوانێتە ڕووسيا و پەيوەندييەکانی لەگەڵيدا لەم سەردەمەدا.

سەرەتا پێويستە تێڕوانينی کورد (سەرکردایەتی و توێژەرانی بواری سياسەت و پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکان) بۆ ڕووسيا لەو دوو فاکتەر و پاڵنەرەی سياسەت و ستراتيژی ڕووسيا کە لە سەرەوەی ئاماژەیان پێ درا، سەرچاوە بگرێت. ناسينی ڕووسيا پێشمەرجە بۆ ئەوەی بتوانرێت پەيوەندييەکی لەگەڵدا دروست بکرێت کە سوودی بۆ کورد هەبێت، یاخود لایەنی کەم زیانی گەورەی نەبێت. زانينی پایە و ئامراز و پاڵنەری سەرەکیی ستراتيژ و سياسەتی دەرەوەی ڕووسيا، مەرجە بۆ ناسينی ڕووسيا.

لە سەر ئاستی سيستمی جيهانی و بەرەکانی، بەرەی ڕووسيا بريتييە لە چين-ڕووسيا-ئێران (ئەم سێ دەوڵەتە لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە سەر ئاستی جيهان چەند دەوڵەتێکی وەک کۆریای باکوور و ڤەنزوێلا… لەم بەرەیەن). ئەم بەرەیە بە گشتی هەستيارن بەرامبەر بە کەمينە یان نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، وەک سەرچاوەی کێشە و پرسێکی ئەمنی تەماشایان دەکەن، چونکە هەرسێ دەوڵەت لە ناوخۆ ترسێکی قووڵيان هەیە بەرامبەر بە گرووپە سەربەخۆيیخوازەکانی ناو وڵاتەکانيان. هاوکات هەرسێ دەوڵەت ناديموکرات و ستەمکار و پۆليسين، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی هەر جووڵەیەکی سەربەخۆيیخوازی دەدەنەوە. لێرەوەیە کورد پێويستە ئەم خاڵە بەهەند وەربگرێت لە هەر پەيوەندييەکدا لەگەڵ ئەم بەرەیە. لە کاتێکدا ئەمەريکا لە ناوخۆ فۆبيای گرووپی سەربەخۆیيخوازیی نييە، ئەمەش هۆکارێکە کە هەردوو قەوارە فەرمی و نافەرمييەکەی کورد (هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا) لە سەردەمی هەژموونی ئەمەريکا و بە هۆی ئەمەريکاوە دامەزران.

بە پێی فاکتەر و پاڵنەری یەکەمی سياسەتی ڕووسيا (ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دەریایی)، ئەوا ئێرانی ژێر حوکمی ئاخوندەکان و سووريای ژێر حوکمی بەشار ئەسەد؛ دوو گرنگترين هاوپەيمان و دەوڵەتن بۆ ڕووسيا. واتە هەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێران ڕوو بدات، کە دەکرێت لە سوودی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت، ئەوا لە دژی بەرژەوەندييەکانی ڕووسيا دەبێت. سەبارەت بە سووريا، ئامانجی سەرەکیی ڕووسيا ئەوەیە کە دۆخی سووريا بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی پێش ٢٠١١، ئەمەش بە سادەیی واتە لەناوبردنی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان. ڕاستە هەندێک کات ڕووسيا هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە، بەڵام لە بەر دوو هۆکار بووە: ڕووبەڕووبوونەوەی تيرۆر، واتە بەرگریکردن لە ئەسەد و پاراستنی هەژموونی ڕووسيا لە سووريا، وەک کاردێکی فشار دژ بە تورکيا تا ئەو کاتەی تورکيا دەکشێتەوە لە سووريا. ئامانجی ڕووسيا ئەوەیە کە تورکيا و ئەسەد ئاشت بکاتەوە و هێزەکانی تورکيا بکشێنەوە لە سووريا، پاشان لەناوبردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێتە ئامانجی ڕووسيا. وەک دەردەکەوێت، زۆر کات، هاوکارييەکانی ڕووسيا بۆ کورد، زۆر سنووردار و لاوازە، لە ئەنجاميشدا زیانی بۆ کورد دەبێت.

پەيوەندیی ڕووسيا لەگەڵ عێراق، لەم سەردەمەدا، ئەوا پەيوەندیيەکە لە چوارچێوەی بەرەی ئێران-ڕووسيا-چين دژ بە ئەمەريکا. ئاشکرایە لە ناو ئەم بەرەیە ئێران ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە عێراق. واتە ئەوەی ئێران لە عيراق دەيەوێت، تا ڕادەیەکی زۆر، ڕووسياش پشتگيریی دەکات. بۆیە سەبارەت بە باشووری کوردستان، سياسەتی ڕووسيا زیاتر نزيکە لە حەشدی شەعبی نەک لە هەرێمی کوردستان.

 پەيوەندیی تورکيا و ڕووسيا؛ پەيوەندييەکی ئاڵۆزە. ململانێ و بێمتمانەیی ئەم دوو دەوڵەتە ڕەگوڕيشەی مێژوویی هەیە. هاوکات بە هۆی ئەندامبوونی تورکيا لە ناتۆ (هێزی دەريایی)، ئەوا لە سەر ئاستی جيۆپۆلەتيک نەياری یەکترن. بەڵام سياسەتی واقعی وا دەخوازێت هەردوو دەوڵەت پەيوەندييەکی ئاسایی، زۆر کات هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێ، دروست بکەن. بە تايبەت لە دوای جەنگی ڕووسيا-ئۆکراین، دەوڵەتانی ناتۆ سزای قورسيان سەپاند بەسەر ڕووسيادا و پەيوەندييەکانيان گەیاندە ئاڵۆزترين ئاست لەگەڵيدا، بەڵام تورکيا لەوەدا بەشدار نەبوو و پەيوەندييەکانی بە ئاسایی هێشتەوە. ئەمەش بۆ ڕووسيا زۆر گرنگە کە دەوڵەتێکی ناتۆ پەيوەندیی ئاسایی هەبێت لەگەڵيدا، بە تايبەت لە بەر هەردوو گەرووی بسفۆر و دەردەنيلی تورکی، تورکيا گرنگييەکی زۆر گەورەی بۆ ڕووسيا هەیە. لە بەرامبەردا تورکيا دەتوانێت بەشێکی گەورەی لە پێداويستييەکانی بۆ وزە، لە ڕێگەی ڕووسياوە دابين بکات.

لە پرسی سووريا، هەر چەند هەردوو دەوڵەت ناکۆک بوون و دوو بەرژەوەندیی دژ بە یەکيان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا خەريکە لە سەر پرسی سووريا ڕێک دەکەون بەوەی تورکيا پەيوەندييەکانی ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد و لە خاکی سووريا بکشێتەوە، لە بەرامبەردا ڕووسيا و ئەسەد ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ببەن. تا ئێستا ئەمەريکا تاکە ڕێگرييە لە بەردەم ئەو پيلانە.

ئەم جۆرە بەرژەوەندييە هاوبەشانە، کە زۆرن، وا دەکات ڕووسيا تەنانەت بەرامبەر ئەندامێکی ناتۆی وەک تورکيا، هەر ئامادە نەبێت هاوکاری و پشتگيرييەکی جددی کورد بکات. جگە لەوەی ئەگەر هاوکاریی کورديش بکات وەک فشارێک لە تورکيا، ئەوا زۆر سنووردار و کەم کاريگەر دەبێت کە ئەستەمە دەستکەوتێکی نەتەوەیی و سياسی بۆ کورد بەدەست بهێنێت. وەک هاوکارييەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کە پێشتر ئاماژەی پێ درا. جگە لەوەی کە هەر دەستکەوتێکی نەتەوەیی و سياسیی گرنگ بۆ کورد لە هەر پارچەیەک، دژی بەرژەوەندييەکانی ئێران و سووريایە کە هاوپەيمانی نزيکی ڕووسيان.

بە پێی فاکتەری دووەمی سياسەتی ڕووسيا (وزە)، وەک ئاماژەی پێ درا ڕووسيا بە گومانەوە سەيری هەر ناوچەیەک دەکات کە ئەگەری ئەوەی هەبێت ببێتە سەرچاوەیەکی وزە (بە تايبەت گازی سروشتی) بۆ ئەورووپا. هاتنی کۆمپانيای ڕۆسنەفت هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو. دوور نييە ڕووسيا لە ڕێگەی پاسدارانەوە هەوڵی دروستکردنی کێشە بدات بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان. گومانێک هەبوو کە ڕووسيا لە ڕێگەی پاسدارانەوە ڕۆڵی هەبووە لە هەندێک لەو هێرشانەی حەشدی شەعبی بۆ سەر کێڵگەکانی گازی سروشتی لە باشووری کوردستان، بە تايبەت ئێرانيش دژی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەیەکی وزە و بەديلێک لە ناوچەکەدا بۆ وزەی ئێرانی. سەبارەت بە سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕووسيا هەمان تێڕوانينی هەیە، مەبەستيەتی هەموو ئەو کێڵگانە بگەڕێنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی کۆنترۆڵکراو لە لایەن ڕووسياوە.

ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، مانای ئەوە نييە کورد دژایەتیی ڕووسيا بکات یاخود هيچ جۆرە پەيوەندييەکی لەگەڵدا دروست نەکات، بەڵکوو مانای ئەوەیە بە گومان و ورياییەوە تەماشای ئەو پەيوەندييانە بکات. هاوکات هەوڵ بدرێت ئەو پەيوەندييانە نەبێتە مایەی نيگەرانی و دژایەتیی ئەمەريکا، چونکە واقع پێمان دەڵێت ئەمەريکا بۆ کورد ستراتيژ و گرنگترينە، دامەزراندن و مانەوەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەڵگەن بۆ ئەوە. هەر دەستکەوتێکی سياسی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانيش لە ئايندەدا ئەگەر بەدی بێت، بەبێ پلان و ڕەزامەندی و ويستی ئەمەريکا بەدی نایەت.

 

دەرئەنجام

ڕووسيا بکەرێکی سەرەکييە لە جيۆپۆلەتيکی جيهانی، دەوڵەتێکە بە درێژایی چەندين سەدە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە لە ڕووی سيستمی سياسی و ئايدۆلۆژیاوە، بەڵام ئەوەی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە؛ فکری جيۆپۆلەتيکیی ئەو دەوڵەتەیە. ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دەریایی و وزە، دوو پاڵنەر و فاکتەر و ئامرازی سەرەکیی سياسەت و ستراتيژی ڕووسيان. بەبێ تێگەيشتن لەو دوو فاکتەرە، ئەستەمە لە جووڵە و ململانێ و ترس و ڕەفتار و سياسەتەکانی ڕووسيا تێبگەين. ڕووسيا وەک هێزی وشکانی کە دەکەوێتە “دڵی زەوی”ەوە، تێڕوانينی وایە کە مەحکومە بە ململانێکردن لەگەڵ هێزی دەریایی. ئەم ململانێيە بە ئەگەری زۆرەوە لە ئايندەی نزيک و مامناوەند بەردەوام دەبێت و بەرز و نزمی بەخۆیەوە دەبينێت و بە شێوەی جۆراوجۆر و لە زۆر ناوچەی جيهان دەردەکەوێت. یەکێک لە چەک و ئامرازە هەرە گرنگەکانی ئەم بکەرە جيۆپۆلەتيکييە، بريتييە لە وزە، بە تايبەتی گازی سروشتی، کە بە چەندين شێوەی جياواز ئەو چەکە بەکار دەهێنێت بۆ گەيشتن بە ئامانجە جيۆپۆلەتيکييەکانی.

ئەوەی بۆ کورد گرنگە، تێگەيشتنە لە مێژوو و هاوکێشەکان و زانينی ئەوەی کە دەستکەوتەکانی کورد بە هۆی هەژموونی هێزی دەرياییەوە بەدەست هاتوون و ماونەتەوە. بە پێی پێدراوەکان، تا ئەمڕۆ، دەکرێت بۆ ئايندەیەکی مامناوەنديش، هەژموونی هێزی دەریایی (ئەمەريکا و هاوپەيمانەکانی) زاڵ بێت بەسەر هەژموونی هێزی وشکانی (ڕووسيا و هاوپەيمانەکانی)، بە تايبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەبوونی پەيوەندييەکی دوور لە ململانێ لەگەڵ هەردوو بەرەکە پێويستە، بەو مەرجەی پەيوەندی لەگەڵ ئەمەريکا نەگۆڕ و ستراتيژی بێت.

[1] Leonhardt van Efferink, ‘’The Definition of Geopolitics – The Classical, French and Critical Traditions’’,exploring geopolitics, 2009. https://exploringgeopolitics.org/publication_efferink_van_leonhardt_the_definition_of_geopolitics_classicial_french_critical/.

[2] الكسندر دوغين، أسس الجيوبولتيکا: مستقبل روسيا الجيوبولتيکی، ت: الدکتور عماد حاتم، دار الكتاب الجديد المتحدة، ٢٠٠٤، ص١٣٦.

[3] الكسندر دوغين، مرجع سابق، ص٦٠.

[4] Alexander Dugin, Last War of the World-Island: The Geopolitics of Contemporary Russia, Arktos, London. P.9.

[5] H. J. Mackinder, The Geographical Pivot of History, The Geographical Journal, Vol. 23, No. 4 (Apr., 1904), p.436.

[6] Halford J. Mackinder, Democratic Ideals and Reality, National Defense University Press, Washington, DC. 1942.P.106.

[7] Halford J. Mackinder, Democratic Ideals and Reality, op.cit. P. 99.

[8] Colin Flint, Introduction to Geopolitics, Routledge, London and New York, 2006. p.18.

[9] Lucian M. Ashworth, Realism and the spirit of 1919: Halford Mackinder, geopolitics and the reality of the League of Nations, European Journal of International Relations, Volume: 17 issue: 2, 2010. PP.282-283.

[10] Maciej Zakrzewski,”Theories of classical geopolitics”, Geopolitics, Ignatianum University Press. Krakow, 2021, p.32.

[11] Ibid.p.33.

[12] H. J. Mackinder, The Geographical Pivot of History, op.cit., P.433-436

[13] الكسندر دوغين، مرجع سابق، ص٦٠-٦٥.

[14] Agnieszka Legucka, “New geopolitics: what is actually new?”, The Copernicus Journal of Political Studies 4, No. 2, 2013. P 16.

[15] Alexander Dugin, op.cit., P.14.

[16] Ibid. p.15.

[17] الكسندر دوغين، مرجع سابق، ص١٥٠.

[18] Alexander Dugin, pp. 98-99.

[19] الكسندر دوغين، مرجع سابق، ص١٥٣.

[20] Mykola Bielieskov, Russian victory in Ukraine would leave Europe at Putin’s mercy, Atlantic council, 2024.

[21] Kertcher, M., Course, D. The Practice of Friendship Balancing: Russia-Israel Relations, 2015 to 2021, Middle East Policy, 2024. pp.6-7. https://doi.org/10.1111/mepo.12743.

[22]  Amy Mackinnon, Robbie Gramer and Jack Detsch, Naval Base Are Scuttled—for Now, Foreign Policy, 2022. https://foreignpolicy.com/2022/07/15/russia-sudan-putin-east-africa-port-red-sea-naval-base-scuttled/.

[23] Lipman, M. Putin’s ‘Besieged Fortress’ and Its Ideological Arms. In: Lipman, M., Petrov, N. (eds) The State of Russia: What Comes Next?, 2015. PP. 110-136.

[24] Vitaly Yermakov, Follow the Money: Understanding Russia’s oil and gas revenues, Oxford Institute for Energy Studies, 2024. P.2.

[25] OEC World, Russia, 2022. https://oec.world/en/profile/country/rus.

[26] Hiroko Tabuchi, How Europe Got Hooked on Russian Gas Despite Reagan’s Warnings, The New York Times, 2022. https://www.nytimes.com/2022/03/23/climate/europe-russia-gas-reagan.html.

[27] عباس شريفة، مشاريع خطوط الطاقة العابرة من سورية – تشابك المصالح، مركز کاندل، ٢٠٢٣.

[28] أمواج ميديا، هل تخلت إيران عن اتفاقيات الطاقة مع روسيا؟، ٢٠٢٤. https://amwaj.media/ar/media-monitor/has-iran-given-up-on-energy-deals-with-russia.

[29] Anna Borshchevskaya, Russia and the Kurds: A Soft-Power Tool for the Kremlin?, Middle East Policy, Volume:30, Issue:2, 2023. https://doi.org/10.1111/mepo.12682.

Send this to a friend