• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 29, 2023

ڕانانی کتێبی سەلەفیزمی نوێ و بەجیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نووسین: ئەمیر عەباسی خوشکار – خوێندکاری دکتۆرای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی تاران
وەرگێڕان: ئارام مەحموود ئەحمەد

نەبیوڵا ئیبراهیمی یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی تەربیەت مودەریس، له‌م كتێبه‌دا بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی چۆن ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایشی جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م گریمانه‌یه‌ ده‌خاته‌ڕوو: «گوتاری ئیسلامی سیاسی ڕادیكاڵ (سه‌له‌فیزمی نوێ) وه‌ك تۆڕێكی جیهانی بۆ هەڕەشەیەکی جیهانی گۆڕاوە، کە بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدوادا هاتووە.

نووسەری کتێبەکە وەک ڕەخنە لە بەرهەمەکانی پێشوو، بانگەشەی ئەوە دەکات کە توێژینەوەکانی ڕابردوو ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە ڕوانگەیەکی دەرەکییەوە بینیوە و ئەو بە نیازە لە ڕوانگەیەکی ناوخۆیی و ناوچەییەوە و لە ڕووی شوناس و ئایینەوە لێیبڕوانێت.

کتێبی سەلەفیزمی نوێ و بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سێ بەشدا نووسراوە و هەریەکەیان چەند لقێکیان هەیە. نووسەر لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بەناونیشانی چوارچێوەی تیۆری ئایین لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە دوو لقدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە ڕەوتی سەرەکی و ماتریالیستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ ئەوەی باشتر لە گۆڕانەکانی ناسنامە و واتاتەوەری دەوڵەتەکان و گرووپە بناژۆخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگەین، پیویستە سەرنج بخرێتە سەر تیۆرەکانی وەک بوونیادخوازی کە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی چوارچێوەی ناسنامەی کارەکتەرەکانی سەر گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تیشکبخەنە سەر کارەکتەرە گرنگە نادەوڵەتییەکان. نووسەری کتێبەکە بۆ هێنانە ناوەوەی هۆکارەکانی ئایین، ناسنامە و باوەڕ بۆ ناو گۆڕانکارییە ئاسایشییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی لە تیۆری بوونیادخوازی و چەمکی (بە ئاسایشی بوون) لە قوتابخانەی کۆپنهاگن وەرگرتووە.

بەشی دووەمی کتێبەکە بەناونیشانی «ئیسرائیل، نەوت، تیرۆریزم و بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» لە سێ لقدا نووسراوە. ئیبراهیمی لەم بابەتەدا سێ هۆکاری قەیرانی خاک لە ناوچە داگیرکراوەکان، بوونی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستی ڕۆژئاوا پێی و دروستبوونی گوتاری شوناسی تیرۆریستی جیهادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک هۆکاری گرنگ بۆ بەردەوام بوون و پەرەسەندنی قەیرانە ئاسایشییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکدەداتەوە. بیرۆکەی «خاکی بێ گەل بۆ گەلێکی بێ خاک»، پشتگیریی ڕۆژئاوا بۆ ئیسرائیل و هێنانە ناوەوەی ئیسلام وەک کێشەیەکی ئاسایشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئیسرائیلەوە لە میدیا ڕۆژئاواییەکاندا لەو بابەتانەن کە نووسەری کتێبەکە بە هۆکاری بەردەوامی قەیرانی ئاسایشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستوەردانی زلهێزەکان لێکیدەداتەوە.

ئیبراهیمی بە پشتبەستن بە ئاماری سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان، نەوت بە فاکتەرێک بۆ بە ئاسایشی بوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکات. لەم بەشەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تا ساڵی 0202 پێویستی ڕۆژئاوا بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە زیاتر لە 04٪ و هاوپەیمانە ڕۆژهەڵاتییەکان، ئەوروپا و ئەمەریکا، وەک چین و ژاپۆن چاوەڕوانییەکی زۆریان لە یەدەگی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، لەبەر ئەوە‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ هاوكێشه‌ ئاسایشییەکانی ڕۆژئاوادا جێگه‌یه‌كی گرنگی گرتووه‌. لە پاڵ هۆکارە ئاماژە پێکراوەکان، گەشەی ئیسلامی جیهادی بناژۆخواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا یەکێکە لەو هۆکارانەی دیکە، کە لەگەڵ ئەو دوو هۆکارەی تر کە باسکراون، بوونە هۆی بە ئاسایشیی بوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بەشی سێهەمدا لەژێر ناونیشانی گوتاری ئیسلامی سیاسی سەلەفی و بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی پێنج لقدا، بۆ هۆكار و ڕەهەندەكانی بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تیشکی خستووەتە سەر گرووپە سەلەفییە جیهادییە نوێیەکان. نووسەر، ئیسلامی سیاسی لە بەرامبەر ڕۆژئاوا دادەنێت و پێیوایە ئیسلامی سیاسی بە خستنەڕووی لێکدانەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ ئیسلام ڕووبەڕووی ڕۆژئاوا بووەتەوە. نووسەر لە شوێنپێهەڵگرتنی ڕەگ و ڕیشەی سەلەفیزم بە دوای دوو کەسایەتی گرنگی ئەم ڕەوتە، سەید قوتب و عەبدولسەلام فەرەج-دا دەڕوات.

نووسەری کتێبەکە قاعیدە لە قاڵبی ئیسلامی سیاسی ڕادیکاڵ (سەلەفی نوێ) بە نوێنەری دیاری ئەم لقەی گوتاری ئیسلامی دەزانێت. لە چوارچێوەی مامەڵەی ئیسلامی سیاسی جیهادی ڕادیکاڵ و بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لاوازی و هەستیاری ئاسایشی ڕۆژئاوا لە مامەڵە کردن لەگەڵ گرووپە جیهادییەکاندا بەرجەستە بوونێکی تایبەتی لە هەڵێنجانەکانی ئیبراهیمیدا هەیە.

بەکارهێنانی تۆڕە مەجازییە جیهانییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی توندڕەوی و پلاندانان بۆ کردەی خۆکوژی و دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە وڵاتانی وەک نەرویج، ئەڵمانیا و ئەمەریکا، لەو هۆکارانەن کە نووسەر بۆ بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیان پێدەبەستێت.

رووداوەکانی 11ی سێپتەمبەری 1002 و شەڕی 1991 و 3002ی عێراق و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم كە بە شێوەیەكی سەرەكی تیشكی خستووەتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک نموونەی تری بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کتێبەکەدا باسکراون.

نووسەر لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا باسی لە پێشهاتەکانی ڕابوونی ئیسلامی کردووە و چەند خاڵێکی لە بارەی شکستی هێزە سەلەفییە میانەڕەوەکان لە میسر و سەرهەڵدان و ڕادیکاڵ بوونی گرووپە بناژۆخواز و توندڕەوەکان لە لیبیا و سوریا و عێراقدا باسکردووە.

ڕەخنە لە کتێبەکە:

-1سەرەڕای ئەو بانگەشانەی لە پێشەکیدا کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕوانگەی ناوچەیی و شوناس – باوەڕ، نووسەری کتێبەکە شکستی هێناوە لە ڕوونکردنەوە و سەلماندنی بانگەشەکەی خۆی. لەڕووی میتۆدۆلۆژییەوە، ئیبراهیمی تایبەتمەندییە شیکارییەکانی بوونیادخوازی لە ڕوونکردنەوەی کەیسی لێکۆڵینەوەکەیدا، واتا ناسنامەی ڕەوتە جیهادییە سەلەفییە نوێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ سوودوەرگرتن لە تێڕوانینە تەسکەکانی ئەم تیۆرە و بەکارهێنانی ورد و تەواوی ئەو، تەنها وەک ڕووکار لە سەرەتای کتێبەکەیدا باسی کردووە.

ئەو سەرچاوانەی نووسەری کتێبی سەلەفیزمی نوێ و بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاریهێناون، بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆژئاوایین و پەیوەندیان بە نیگەرانی ئەوروپی و ئەمەریکییەکان لە بارەی بە ئاسایشی کردنی ئیسلامی سیاسی و هەڕەشەی هێزە دژە سیستمەکانە. تێڕوانینی ئیبراهیمی بۆ سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌ پێکهێنەرەکانی ناسنامه‌ی توندڕەویخوازی جیهادی كه‌من و سنوردارن لە باسكردنی چه‌ند کەسایەتییەکی‌ دامه‌زرێنه‌ری سه‌له‌فیزم له‌ مێژووی ئیسلامدا. ڕوانین لە دەرەوە بەپێی تێڕوانینی ڕۆژئاوا تەوەری، لە سەرجەم دێڕەکانی کتێبەکەدا بەرچاو دەکەوێت.

-2دیاردەی داعش کەیسێکی سەرنجڕاکێش و گرنگە بۆ ڕۆڵی کاریگەرانەی حکومەتە ڕادیکاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوێستی دووفاقی ڕۆژئاوا بۆ مامەڵەکردن و پشتیوانی کردنی گرووپە جیهادییە توندڕەوەکان. ئەم گرووپانە بە کەڵک وەرگرتن لە چەک و سەرچاوە داراییەکانی عەرەبی-ڕۆژئاوایی پڕچەک کراون و درێژە بە مانەوەیان دەدەن. ڕادیکاڵە سەلەفییەکان لە سووریا، عێراق، لوبنان و پاکستان نموونەی دیار و بەرچاوی پشتیوانی و کاریگەریی حکومەتەکانن لە قۆستنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ لاوازکردنی حکومەتە ڕکابەرەکان و بەڕێوەبردنی شەڕی بە وەکالەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. شیکاری و چوارچێوەی ڕوونکردنەوەی ئیبراهیمی لەم کتێبەدا هەڵوێستی وڵاتانی پشتیوانی هێزە ڕادیکاڵەکان بە کەم دەزانێت.

بە بۆچوونی نووسەری ئەم بابەتە، کتێبی سەلەفیزمی نوێ و بە جیهانی بوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای ئەو بیرۆکە گرنگ و نوێیانەی لەخۆی دەگرێت، بە هۆی سوود وەرنەگرتنی گونجاو لە تیۆری بوونیادخوازی و لاوازی لە کۆکردنەوەی سەرچاوەی دەستی یەکەم و ڕەسەن و پشتگوێخستنی ڕۆڵی حکومەتە عەرەبی و ڕۆژئاواییەکان لە بەهێزکردنی گرووپە جیهادییەکان، کەموکورتی زۆری هەیە. بەگشتی ئەم کتێبە دەتوانێت وەک توێژینەوەیەک بۆ دەستپێک و پێشەکییەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵناسی سیاسی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسوود و کاریگەر بێت.

سەرچاوەhttps://www.scfr.ir/fa/202/11587/

وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (1) كانونی دووەمی (2023) ساڵی یەكەم

Send this to a friend