• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 3, 2022

نەوتی ھەرێم لە بەرداشی دادگاکاندا

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

دوای ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە نەوتی ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کرد و سەربەخۆ نەوتەکەی فرۆشت لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، چەند جارێک سکاڵا تۆمار کرا. عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای دادگا و چەند ڕێگایەکی دیکەوە ھەوڵی داوە دۆسێی نەوت لەژێر دەستی ھەرێمی کوردستان دەربھێنێت، ھەرێمیش بەردەوام بەرگریی لە سیاسەتی نەوتی خۆی کردووە و بە مافی خۆی زانیوە خۆی نەوتەکەی بەڕێوە ببات.

ناوەڕاستی مانگی شوبات، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و ڕایگەیاند یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە، ئەمەش گەورەترین و بەھێزترین ھەوڵی عێراقە لە چەند ساڵی ڕابردوو دژ بە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان، چونکە بڕیارەکەی دادگا تانەی لێ نادرێت.

دوای کاردانەوە توندەکانی سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان، دادگاکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند دادگاکەیان سوورە لەسەر بڕیاركەی لە بارەی نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان و پێشتریش لە دادگایەكی ئەمەریكا لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیارێكی هاوشێوە بەرامبەر هەرێم دراوە.

دادگای فیدراڵیی عێراق دەڵێت سکاڵای تۆمارکراو بە ژمارە (59/فیدراڵی/2012) و یەکلاییکردنەوەی لە (15/2/2022) کە تایبەت بووە بە نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی کوردستان، لەسەر بنەمای مادەکانی (110، 111، 110، 115، 121 و 130)ی دەستووری عێراق بووە. لە ڕوونکردنەوەکەی دادگای فیدراڵیدا ھاتبوو، ئەو کاتەی دادگا ئەمەریکییەکە بڕیارەکەی دەرکرد، حکومەتی هەرێم تانەی لە بڕیارەکەی دادگاكەی ئەمەریکا داوە و دادگای ئەو وڵاتەش لە 21ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2015 تێهەڵچوونەوەی بۆ دۆسێکە کردووە، بە هەمان ناوەرۆکی پێشتر بڕیاری لە بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەرکرد.

سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقیان ڕەت کردەوە و بە پێشێلکردنی دەستوور و داژایەتیکردنی مافەکانی ھەرێمی کوردستان ناویان برد.

بژاردەکانی عێراق

لە ئێستادا باس لە چەند بژاردەیەک دەکرێت کە عێراق پەنای بۆ ببات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا و تەنانەت ھەندێک شیکردنەوە دوورتر دەڕۆن و باس لە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی ئەو بیرەنەوتانە دەکەن کە لەنزیک ھێزە عێراقییەکانەوەن. لە ھەرێمی کوردستان دوو بۆچوونی سەرەکی لە بارەی بڕیارەکەی دادگاوە ھەیە، بۆچوونێکیان ئەوەیە کە بڕیارەکە یاسایی و دەستوورییە و بۆچوونەکەی دیکەش بڕیارەکە بە سیاسی و دژایەتیکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ناو دەبات. زۆرینەی ھەڵگرانی ھەردوو بۆچوونەکەش بەنزیکەیی کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە ھەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆ بکات لە پێناو ڕێککەوتنێکی سوودمەند بۆ ھەردوو لا.

 پەیمان عیزەدین لە بارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە دەڵێت، لە ڕووی یاساییەوە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە پابەندن و دەبێت لە سەرتاسەری عیراقدا جێبەجێ بکرێن، حکومەتی عیراقیش لایەنی جێبەجێکارە.

ئەو بژاردانەی لەبەردەم حکومەتدایە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە؛ زۆرن و دەوەستنە سەر ئاستی بەدەنگەوەچوونی هەرێمی کوردستان.

بژاردەی یەکەم حکومەتی کازمی دەستی پێ کرد، ئەویش ڕاسپاردنی وەزارەتی نەوتی عێراق بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لە کاتی سەرکێشیکردنی هەرێم، ئاستی بژاردەکان بەرز دەبنەوە بۆ بڕینی ئەو ٢٠٠ ملیارەی کە عێراق مانگانە دەینێرێت بۆ هەرێم. حکومەتی هەرێمیش سەرباری فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، هێشتا بێ ئەو بڕە پارەیە توانای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نییە. ئەمە جگە لەوەی ئەگەری بڕینی بەشەبودجەی هەرێم هەیە لە کاتی گفتوگۆی بودجەی ٢٠٢٢. ئەم بژاردانەش جێبەجێکردنیان ئاسانترە لەوەی حکومەتی هەرێم پێشبینیی بۆ دەکات.

دانا جەزا عەلی کاتب بژاردەکان بە لاستیکی ناو دەبات و دەڵێت: ڕاستە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق مولزەمە، بەڵام بڕیاری کۆتایی نییە، دەتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێتەوە و دەکرێت خودی دادگا تەفسیرەکەی بگۆڕێت. بە بۆچوونی ئەو، ئەمەش لە ڕێگەی حکومەتەی عێراقەوە دەکرێت کە پەیوەندی بە حکومەتی ھەرێمەوە بکات و پێکەوە ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە و ڕێک بکەون لە بارەی چۆنێتیی دەرھێنانی نەوت و بابەتە پەیوەستەکانی دیکە، بەڵام بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان ھەر لە دەستی ھەرێمدا دەمێنێتەوە و ڕەنگە ڕێککەوتنەکەش لەسەر ئەم بنەمایە بکرێت.

محەمەد حسێن چەند بژاردەیەک ڕوون دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمیش پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی. بەگشتی حکومەتی عێراق ئەم بژاردانەی هەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە. بژاردەی سیاسی، ئەمە بریتییە لە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمدا لەسەر میکانیزم و چۆنێتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە جۆرێک کە هەردوو لایان ڕازی بکات. ئەمە ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. تا بازاڕی نەوت بەم جۆرەی ئێستای لەژێر فشاری خواستی زیادبووی ئابوورییە پیشەسازییەکان بێت و نەوت گران بێت، ئەم بژاردەیە لایەنگری زۆرە. کەس نایەوێت ئەو ٤١٥ هەزار بەرمیلە نەوتەی هەرێم ڕۆژانە دەیخاتە بازاڕەوە؛ کەم بکات و ئەمەش جارێکی تر نرخی نەوت بەرز بکاتەوە. هاوکات بژاردەی دیپلۆماسی و یاسای بازرگانیی نێودەوڵەتییشی هەیە کە دەتوانێت ئەم بڕیارە بەکار بهێنێت لە دژی تورکیا لەو کەیسەی کە لە دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانیی پاریس هەیە، بەمەش هەوڵ دەدات وا لە تورکیا بکات ئیتر نەتوانێت بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەکار بهێنێت. کە لەمەدا لایەنی عێراقی سەرکەوتوو بوو، دەتوانێت بۆریی نەوتی کوردستان دابخات. ئیتر هەرێم دەرگای بازاڕە جیهانییەکانی لێ دادەخرێت و تەنها بە تەنکەر و لە ڕێگەی ئێرانەوە (ئەگەر ئێرانیش ڕێگەی پێ بدات) دەتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت. وا چاوەڕێ دەکرێت دادگاکەی پاریس مانگی ٧ی ئەمساڵ بڕیار لەسەر ئەم کەیسە بدات. بژاردەیەکی تری بەغدا، فشاری سەر کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی نەوتی کوردستانە. حکومەتی عێراق دەتوانێت بڕیارەکەی دادگا بەکار بهێنێت لە دژی کۆمپانیا و بازرگانە نەوتییەکانی هەرێم و هەراسانیان بکات، یان بیانخاتە لیستی ڕەشی وەزارەتی نەوتەوە وەک ئەوەی لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ دواتریش کردی. ڕاستە سێکتەری نەوتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە یاخی بووە لە حکومەت و دەزگا فیدراڵییەکانی عێراق، ئەو کۆمپانیانەش کە هاتوون بۆ کوردستان ئامادە بوون مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕیسکانە بکەن، بەڵام ئەم بڕیارە هێندەی تر مەترسییەکانی ژینگەی کار و بەرهەمهێنان لە کەرتی نەوتی کوردستاندا زیاد دەکات. دەرەنجامی ئەم مەترسییە زیادبووانەش ئەوەیە کە تێچووی وەبەرهێنان زیاتر دەکات، بەمەش کۆتا داهاتی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم هێندەی تر کەم دەبێتەوە. بژاردەیەکی تر فشاری سەربازی و ئەمنیی لایەنی عێراقییە. بۆ نموونە؛ حکومەتی بەغدا دەتوانێت بەئاسانی ئاسایشی کێڵگە گازییەکانی کۆرۆمۆر (کە نزیکەی ٤٠کم دوورە لە سوپای عێراقەوە) تێک بدات. ئەمە تەنها کێڵگەی غازی بەرهەمهێنەرە لە کوردستاندا. هاوکات نزیکەی نیوەی نەوتی کوردستان لە کێڵگەکانی خورمەڵە و سەرقەڵا بەرهەم دەهێنرێت، کە هەر وا ٤٠ تا ٥٠کم دوورن لە سنوورەکانی سوپای عێراقەوە. بەگشتی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دینامیکیەتەکانی حکومەت و سیاسەتکردن لە هەردوو پایتەخت ئەوە دەستنیشان دەکات کە چ بژاردەیەک بەکار دەهێنرێت. ڕەنگە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەش بۆ خۆی بژاردەیەک بێت، چونکە بڕیاری دادگا ئەگەر حکومەتێکی بەهێز و توانایەکی پۆلیسیی باش نەبێت،  هەمیشە جێبەجێنەکردن ئەگەرێکە.

کازمی لەنێوان دادگا و ھەرێمدا

مستەفا کازمی کە بە پشتیوانیی کورد پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، کەوتووەتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە، لە لایەک بڕیاری ڕەتنەکراوەی باڵاترین دادگای عێراقی خراوەتەوە بەردەست، لە لایەکیشەوە چاوی لەوەیە بە پشتیوانیی کورد جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە. ھەر بۆیە خێرا داوای لە وەزارتی نەوت کرد لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم دەست بە گفتوگۆ بکەن. کازمی ھەوڵ دەدات دۆخەکە بەم جۆرە درێژ بکاتەوە، تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێی عێراق پێک دێت و پۆستەکەی بەدەست دەھێنێتەوە.

محەمەد حسێن بە دووری دەزانێت حکومەتەکەی کازمی ئەم بڕیارەی دادگا جێبەجێ بکات و دەڵێت ئەوە ڕوونە کە حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی نە دەتوانێت و نە دەشیەوێت ئەم بڕیارەی دادگا جێبەجێ بکات لە ئێستادا. ماوەتەوە بزانین حکومەتی ئایندە هیی کێ دەبێت و چی دەکات. ئاستی هاوبەشیی کورد لە حکومەتی فیدراڵ و هاوکێشە سیاسی و سەربازییە هەرێمایەتییەکان ڕۆڵیان دەبێت لەوەی کە چ حکومەتێک، کەی و چۆن و کام لەم بژاردانە بەکار دەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

بە بۆچوونی دانا جەزا عەلی کاتب، ئەم حکومەتەی ئێستا عێراق زەحمەتە بڕیارەکە جێبەجێ بکات و ئەرکەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی داھاتوو، ڕێککەوتنەکەش لەگەڵ ئەو حکومەتە بە ئاڕاستەی ئەوە دەبێت کە حکومەتی ناوەند بەشدار بێت لە ژمارە و بەبازاڕکردن، بەڕێوەبردن، دەرھێنان و گواستنەوەش لە دەستی حکومەتی ھەرێمدا بمێنێتەوە، بەڵام بە ئاگاداری و چاودێریی حکومەتی عێراق.

پەیمان عیزەدین دۆخی سیاسیی ئێستا و ھەوڵی کازمی بە دوو لەمپەری بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی ئێستا بە دوور دەزانێت، باس لەوە دەکات حکومەتی ئێستای عێراق نییەتی جێبەجێکردنی پیشان داوە، بەڵام بە حوکمی بارودۆخی ئێستای عێراق و هەوڵدانی کازمی بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەت، ئەگەری نەرمینواندن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە هەیە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێش دەرچوونی بڕیارەکە دەستکراوە بێت بۆ فرۆشتنی نەوت و غاز.

کاردانەوەی ھەرێم

سەرۆکایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە زمانێکی توند و ڕەق وەڵامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقیان دایەوە و بە پێچەوانەی دەستوور و بڕێکی سیاسی و دژ بە مافەکانی ھەرێم ناویان برد. بەشێک لە چاودێران کاردانەوەکانی ھەرێم بە پێویست دەزانن و بەشێکیشیان بە مەترسیداری دادەنێن بۆ ئێستا و ئایندەی ھەرێمی کوردستان.

جەزا عەلی کاتب کاردانەوەی حکومەتی ھەرێم بە چاوەڕوانکراو دادەنێت، چونکە پێی وایە بڕیارەکەی دادگا ناکۆکە لەگەڵ تەفسیری دەستوور و دەڵێت لە ڕاستیدا کاردانەوەکان چاوەڕوانکراو بوون، چونکە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەگەڵ تەفسیری دەستوور یەک ناگرێتەوە و ناکۆکن، چونکە مادەی یەکی دەستوور دەڵێت عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە، فیدراڵیەتیش واتە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ھەرێمەکان نەک کۆکردنەوەیان لە دەستی حکومەتی ناوەند. مادەی ١١٢؛ مادەیەکی تایبەتە بە بابەتی دەرھێنان، بەڕێوەبردن، وەبەرھێنان و گەشەپێدانی سامانە سروشتییەکان. وەک دەزانین دەستوور ئەم دەسەڵاتانەی لە مادەی ١١٠ دانەناوە کە تایبەتە بە دەسەڵاتە حەسرییەکانی حکومەتی ناوەندی، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەم بابەتە بەشێک نییە لە دەسەڵاتە حەسرییەکانی حکومەتی ناوەندی، بەڵکوو لە مادەی تایبەت بە دەسەڵاتە ھاوبەشەکانی ھەرێمەکان و ناوەند دانراوە، کەچی دادگا بە پێچەوانەی دەستوور؛ دەسەڵاتەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی، کە ئەمەش پێشێلکردنی دەستوور و ڕۆحی فیدراڵیەتە. مادەیەکی دیکەش ھەیە دەڵێت ھەر بابەتێک لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی ئیتیحادی نەنووسرابێت کە لە مادەی (١١٥)دا ھەن، واتای ئەوەیە دەبێت بە دەسەڵاتی ھەرێمەکان، ھەر ناکۆکییەکی یاساییش ھەبێت ئەولەویەت بۆ ھەرێمەکانە. ئەمانە مادەی ڕوون و ئاشکران، بۆیە کاردانەوەکانی حکومەتی ھەرێم چاوەڕوانکراو بوون.

پەیمان عیزەدین دەڵێت کاردانەوەکانی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم وەک هەمیشە چاوەڕوانکراو بوو لە ڕووی یاساییبوون و نالۆژیکیبوونیەوە، بۆ نموونە کە دەڵێن ئەم بڕیارە نادەستوورییە، لە  کاتێکدا ئەو لایەنەی کە بڕیار لەسەر دەستووریبوون و نادەستووریبوون دەدات؛ دادگای فیدراڵییە کە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لێ کردووە و یەکێتی و پارتی دادوەریان هەیە تیایدا.

دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕێی ئەو کاردانەوە نەرێنییانەیەوە وێنەیەکی خراپی هەرێم دەخاتە ڕوو کە ئەم جۆرە سەرکێشییانە هەموو هەرێمەکە دەخاتە بەردەم مەترسیی گەورە. تەنیا هۆکاریش پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتە، ئەگەرنا ئێمە بینیمان هەمان دەسەڵات چۆن ملیان دا ئەو کاتەی نادەستووریبوونی ڕیفراندۆم بڕیاری لەسەر درا، ئەو بڕیارەی کە پەیوەندیی بە خەونی چەند ساڵەی گەلێکەوە هەبوو، بینیمان چۆن بەخێرایی ڕیفراندۆم بوو بە تاقیکردنەوەی مەزاجی خەڵکی کورستان و بە یەک وشەش پارتی دیموکرات دژی ئەو بڕیارە نەوەستایەوە و پەرلەمانی کوردستان نەیانوت بڕیارێکی نادەستوورییە.

محەمەد حسێنیش پێی وایە ئەم کاردانەوانە چاوەڕوانکراو بوون، چونکە ئەم بڕیارە یاسای نەوت و غازی کوردستانی بە نادەستووری ناساند، ئەمەش کۆتایی بەو بنەما یاساییە هێنا کە هەموو سێکتەری نەوت و غازی کوردستانی لەسەر بونیاد نرابوو. تەواوی کەرتی نەوت و غازی کوردستان لەلایەن وەبەرهێنەر و کۆمپانیای بیانییەوە دروست کراوە (بە هەڵاوێردی کار گرووپ). بۆ ئەم وەبەرهێنەرە بیانییانە گرنگە یاسایەک هەبێت کە ماف و سەرمایەکەیان بپارێزێت. بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەم بنەما یاساییەی بەجارێک هەڵتەکاند. هەر بۆیە کاردانەوەکانی بەرپرسانی هەرێم چاوەڕوانکراو بوو لەوەی بڕیارەکەیان بە نادەستووری و نادادپەروەر ناساندووە، بەڵام ئەوەیان باشە کە لە دواجاردا جەخت لە هاریکاریی نێوان هەردوو حکومەت دەکەنەوە بۆ چارەسەری پرسەکە.

بژاردەکانی ھەرێم

شیکەرەوە و چاودێران باس لە چەند بژاردەیەک دەکەن کە لەبەردەست ھەرێمی کوردستاندایە، ئەو بژاردەشی کۆدەنگیی لەسەرە گفتوگۆکردن و ڕێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی عێراق. پەیمان عیزەدین ڕێککەوتن و جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە بژاردەی ھەرێم ناو دەبات: “لە ڕاستیدا تەنیا بژاردەیەک لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا هەیە، ئەویش ڕێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی عێراق و جێبەجێکردنی بڕیارەکە، هەر بژاردەیەکی تر لە دەرەوەی ئەمە یاریکردنە بە چارەنووسی خەڵک و ئایندەی هەرێمی کوردستان. کاتی ئەوە هاتووە پارتی و یەکێتی خاڵی کۆتایی بۆ هەڕاجکردنی نەوت و غازی هەرێم دابنێن و یاسای نەوت و غاز بە جۆرێک هەموار بکەنەوە لەگەڵ دەستووری عێراق بگونجێت”.

محەمەد حسێن باس لە دوو بژاردەی سەرەکی دەکات و دەڵێت حکومەتی هەرێم دوو بژاردەی سەرەکیی هەیە: یەکەم، پابەند بێت بە بڕیارەکە و هەوڵ بدات لە ڕێگای هاریکاری و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا زیانەکانی بڕیارەکە کەم بکاتەوە و کۆنترۆڵی بکات. بەڵام ئەمەش هەر وا ئاسان نییە و بەشێکی گەورەی پشت بەوە دەبەستێت کێ حکومەتی بەغدای بەدەستەوەیە. بژاردەی دووەم، ئەوەیە کە پابەند نەبێت و درێژە بە سیاسەتی ئەمری واقع بدات تا ئەو شوێنەی بڕ دەکات. ئەمەش مەترسیی زۆرە و هەر وا ئاسان نییە. وەک چۆن لە کوردستان توێژە دەسەڵاتدارەکە و هەندێک خەڵکی تریش هەیە ناشادن بە بڕیارەکە و ڕەنگە نەیانەوێت پێیەوە پابەند بن، لە بەرامبەردا شەقامی عێراقی و چینە دەسەڵاتدارەکەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەم بڕیارە دەستکەوتێکی گەورەی نیشتمانییە و سەروەری و هەیبەتی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە و بەهەدەردان لە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکاندا سنووردار دەکات. هەر بۆیە لەوە ناچێت بژاردەی دووەم، سەرپێچیکردنی بڕیارەکەی دادگا، بۆ هەرێم ڕێگایەکی دروست و سەلامەت بێت. بە باوەڕی من، باشترین بژاردەی هەرێم ئەوەیە کە بڕیارەکەی دادگا بکاتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ناکۆکییە نەوتییەکانی لەگەڵ بەغدا کۆتایی پێ بهێنێت. ئاشکرایە ئەمە دەستکەوتی بازرگانی و دارایی ڕاستەوخۆی تێدایە. لانی کەم هەرێم پێویستی بەوە نامێنێت نەوتەکەی ١١ دۆلار کەمتر لە بازاڕ بفرۆشێت، ئەگەر سۆمۆ (کۆمپانیای بەبازاڕیکردنی نەوتی عێراق) بۆی بفرۆشێت. بەڵام ئەم پڕۆسەیە هێندە ئاسانیش نییە. هێشتا دیار نییە وەزارەتی نەوت چۆن مامەڵە لەگەڵ گرێبەستەکانی هەرێم دەکات و تا چەند دەتوانێت کۆمپانیا نەوتییەکان ڕازی بکەن. ئەم وردەکارییانە، ئەگەر ویستێکی بەهێز نەبێت بۆ چارەسەر و ڕێککەوتن، دەرگای زۆر کێشە و ناکۆکیی تر دەکاتەوە. بەگشتی لە بەرژەوەندیی هەرێمدایە کە کەرتی نەوت و غاز لەم ئاڵۆزییە سیاسییانە دوور بخاتەوە هێندەی پێی دەکرێت و چاوی لەوە بێت کە چۆن بیکاتە بنەمایەک بۆ گەشەی ئابووریی کوردستان، ئەمەش بەوە دەکرێ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق هاریکاریی هەبێت و سنوورێک دابنێت بۆ ئەم ناکۆکییە سیاسی و یاساییانە.

دانا جەزا عەلی کاتب ڕێککەوتن بە تاکە بژاردەی بەردەم ھەرێم دادەنێت و باس لەوە دەکات بژاردەی حکومەتی ھەرێم ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەند ڕێک بکەوێت و بتوانن لەسەر بابەتەکانی دەرھێنان، وەبەرھێنان، گەشەپێدان، بەڕێوەبردن و فرۆشتنی نەوت بگەنە ڕێککەوتن، چونکە ئەمە بابەتێکی قووڵە و باسکردنە لە کێڵگەکانی ئێستا، کێڵگەکانی پێش و پاش ٢٠٠٣، فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆ و دەرەوە، گواستنەوە، نرخەکەی، قەرزی کۆمپانیاکان و چەندین بابەتی دیکەش، بۆیە پێویستە ھەردوو لا بە جۆرێک ڕێک بکەون زیانی بۆ ھیچ لایەکیان نەبێت و نەگاتە بنبەست.

“ئابووریی سەربەخۆ” بەرەو کوێ؟

لەدوای ھەناردەکردن و فرشتن نەوتی ھەرێم، بەشێک لە بەرپرسانی ھەرێم باسیان لە ئابووریی سەربەخۆ کرد و بە بناغەی ئایندەیەکی “گەش” ناویان برد و بەشێک لە توێژەرانیش ڕەخنە لە لەو سیاسەتە دەگرن و دەشڵێن حکومەتی ھەرێم خاوەن ئابووریی سەربەخۆ نییە. محەمەد حسێن پێی وایە شتێک نییە ناوی ئابووریی سەربەخۆ بێت و دەڵێت لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان هەرگیز ئابووریی سەربەخۆی نەبووە. ئەوەی بە ئابووریی سەربەخۆ ناو دەبرا، تەنها نەوت فرۆشتنی سەربەخۆ بووە. ئەم نەوت فرۆشتنەش هەرگیز نەبووە هۆی سەربەخۆیی دارایی کوردستان. تۆ باش دەزانیت هەر مانگێک بەشەبودجەکەی هەرێم (یان ٢٠٠ ملیار دینارە سلفەکە) نەیەت، چۆن لێرە دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم کاریگەر دەبێت. یان ئەوەی کە هەموو نەوت فرۆشتنەکە لەژێر ڕەحمەتی حکومەتی تورکیا و بۆرییەکی نەوتی کێشەلەسەرە (مەبەستم بۆریی نەوتی عێراق-تورکیایە کە لە فیشخاپورەوە تا بەندەری جەیهان نەوتەکە دەگەیەنێت)، قورسە بەمە بوترێت سەربەخۆیی دارایی. زۆر بەسادەیی، بۆ ئەوەی ئابوورییەکی سەربەخۆی هەبێت، هەرێمی کوردستان لانی کەم دەبووایە بانکی ناوەندیی خۆی، دراوی خۆی، نرخی سووی جیاوازی خۆی هەبێت، ئینجا سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ. هەموو ئەمانە پێکەوە وڵاتێک دەکاتە خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆ. بەهەرحاڵ، ئەمەیان پرسێکی ترە و جیاوازە لەم کێشەیەی کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیردراڵی دروستی کردووە. ئەم بڕیارەی دادگا (ئەگەر هەرێم پێیەوە پابەند بێت) زۆر بەڕوونی کۆتاییەک دادەنێت بۆ ئەو سەربەخۆ نەوت فرۆشتنەی لە (٢٠١٤)ەوە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە.

پەیمان عیزەدین ڕەتی دەکاتەوە ئابووریی سەربەخۆ پایەی لەسەرپێوەستانی ھەرێم بووبێت و دەڵێت نەخێر، ئابووریی سەربەخۆ بە هیچ جۆرێک پایەی لەسەرپێوەستانی هەرێم نەبووە، کام لەسەر پێوەستانە؟ لەسەرپێوەستان بونیادنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێزە، بەرزکردنەوەی یەدەگ و نەختینەی بانکییە، بەکارهێنانی ئابووریی سەربەخۆیە بۆ بونیادنانی هێزێکی پێشمەرگەی تۆکمەی یەکگرتوو، پاراستنی سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە.

حکومەتی هەرێم نەک هیچ کام لەمانەی نەکردووە، بەڵکوو ئەوەی هەشبووە تێکی داوە، بانکەکانی بەتاڵتر کردووە، متمانەی بە حکومەت نەهێشتووە، هێزی پێشمەرگەی کردووتە میلیشیا و هێزی تایبەتی بەرپرسان، مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە و خەڵکی برسی کردووە.

بۆیە بڕیاری ئابووریی سەربەخۆ بۆ لەسەرپێوەستانی یەکێتی و پارتی بووە، حسابی بانکیی ئەوانی پێ گەورە و گەورەتر بووە و بوونەتە خاوەنی زانکۆ، کۆمپانیا، بازاڕ و پاپۆڕی نەوت. بۆیە ئەم بڕیارە ئابووریی ئەوان تێک دەدا و ئابووریی خەڵک باشتر دەکات.

لە نەوتەوە بۆ غاز

دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا خواستی وڵاتەکەی بۆ وەبەرھێنان و کڕینی غازی سروشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، چاوەکان کەوتنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، تەنانەت بەشێک لە چاودێرانیش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە مەترسیی عێراق لە ئایندەی غازی سروشتیی ھەرێم دەزانن.

لە بارەی پەیوەندی و کاریگەریی نێوان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ئەگەری فرۆشتنی غازی سروشتیی ھەرێم بە تورکیا، پەیمان عیزەدین دەڵێت ئەم بڕیارە ئەگەر کاریگەرییەکانی لەسەر گرێبەست و ڕێککەوتنەکانی هەرێم و تورکیا خێرا نەبن، ئەوا بەدڵنیاییەوە کاریگەریی خێرای هەیە لەسەر فرۆشتنی غازی هەرێم، چونکە ئەگەر هەرێمیش ئامادەیی ئەو سەرکێشییەی هەبێت، ئەوا زەحمەتە هیچ دەوڵەت و کۆمپانیایەک خۆی تووشی کێشە بکات، بەتایبەتییش تورکیا کە تا ئێستا سکاڵای پێشووتری عێراقی لەسەر لا نەچووە تا خۆی گیرۆدەی سکاڵایەکی نوێ بکات.

بەدڵنیاییەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پەیوەندیی بەو لێدوانە و کۆی هەوڵدانی هەرێمەوە هەبوو بۆ فرۆشتنی غازی سروشتی، دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم و بەتایبەتی پارتی پێی وایە ئەو سەردارییەی لە هەرێمدا هەیەتی، بەسەر کۆی پارتەکانی تر و دامەزراوە و دەسەڵاتەکانی هەرێمدا بۆ عێراقیش ڕاستە، بەڵام دەرکەوت کە سەرەتاکانی گێڕانەوەی پارتی بۆ سەر سکەی پابەندێتی بە دەستوور و یاساوە دەستی پێ کردووە.

بەپێچەوانەوە دانا جەزا عەلی کاتب پێی وا نییە ھیچ پەیوەندییەک لەنێوان غاز فرۆشتن و بڕیارەکەی دادگادا ھەبێت: “بۆچوونم وا نییە بابەتی غازی سروشتی لەگەڵ تورکیا کاریگەریی لەسەر بڕیارەکەی دادگا ھەبێت یان بەپێچەوانەوە، چونکە ھیچ لێکتێگەیشتن و ڕێککەویتنێک لەم بارەیەوە لەنێوان تورکیا و ھەرێمدا نییە و تا ئێستا ھیچ بنەمایەکی یاساییشی نییە. ھەر چەندە غازی سروشتییش بەشێکە لە سامانە سروشتییەکان، بەڵام پێم وا نییە ئەم بابەتە و بڕیارەکەی دادگا پەیوەندییان بە یەکترەوە ھەبێت.”

محەمەد حسێن لە بارەی کاریگەریی بڕیارەکەی دادگا لەسەر دۆسێی غازی سروشتی و پەیوەندیی بە ھەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی غازی ھەرێم، پێی وایە هێشتا ڕوون نییە تورکەکان چ هەڵوێستێکیان دەبێت. ئەوانیش هەر لەسەر هەمان پرس تووشی سکاڵایەکی حکومەتی عێراق بوون، کە داوای ٢٥ ملیار دۆلار قەرەبوویان لێ دەکات لەسەر ئەوەی گرێبەستی نێوان هەردوو وڵاتی پێشێل کردووە و ڕێگەی بە خۆی داوە بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەکار بهێنرێت. تورکەکان ئەگەر نەتوانن یارمەتیی هەولێر و بەغدا بدەن، بە ئاشتی ناکۆکییە نەوتییەکانیان چارەسەر بکەن، دەکەونە دووڕیانی ئەوەی کە پشتگیریی یەکێکیان بکەن لە دژی ئەوەی تر. ئەمەش بڕیارێکی هێندە ئاسان نییە. عێراقی عەرەبی بازاڕێکی ٣٤ ملیۆن کەسییە بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییە تورکییەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان دەروازەی ئەم بازاڕەیە. ئەمە جگە لەوەی حکومەتی تورکیا و کۆمپانیا تورکییەکانیش بەرژەوەندیی زۆر گەورەیان هەیە لە سێکتەری نەوت و غازی کوردستاندا. بۆ تورکیا ئاسان نییە دەستبەرداری هیچ کام لە هەرێم و عێراقی عەرەبی ببێت. لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستیان بە تورکیایە و هەڵوێستێکی لاوازی سیاسی و سەربازییان هەیە بەرامبەری. لێرەدا پرسی ئاوی ڕووبارەکان، دەستتێوەردانی سەربازی و ستراتیژی و ئەمنیی هاوبەشیش هەیە کە هەرسێ لایان کۆ دەکاتەوە، بەڵام زۆر جار ڕووی داوە کە بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان کراونەتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان و هەندێک حساباتی سیاسی و ئەمنی.

کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەرچوو، زۆر چاودێری سیاسی پێیان وا بوو ئەم لێدوانەی ئەردۆغان وای کرد عێراق و ئێرانیش بکەونە جووڵە و هەر چییان پێ دەکرێت بیکەن بۆ ڕێگری لە هەناردەکردنی غازی سروشتیی کوردستان بۆ تورکیا. هەیشبوو کاتی دەرچوونی بڕیارەکەیان گرێ دەدا بە ڕۆڵی لایەنە کوردییەکان لە ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق. ئەمانە ڕەنگە هەمووی، یەکێکیان، یان هیچیان ڕاست نەبن، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە مێژووییانە ناگۆڕێت کە ناکۆکییە نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لانی کەم لە (٢٠٠٧)ەوە دەستی پێ کردووە. خودی سکاڵاکە لە ٢٠١٢دا تۆمار کراوە. ئینجا، لێدوانەکەی ئەردۆغان، بۆ ئەو کەسانەی لە پیشەسازیی غازی سروشتیدا کار دەکەن، دیار بوو کە هێندەی پڕوپاگەندەیەکی سیاسی بوو، مژدەیەکی ڕاستەقینە نەبوو. کەرتی غازی کوردستان لانی کەم تا ٣ ساڵی تر هیچی نابێت بۆ هەناردەکردن. ئەگەر هەموو پلانەکانی دانا غاز و هاوبەشەکانیشی بەباشی جێبەجێ بکرێن، وە هیچ ئاستەنگییەکی دارایی، یاسایی، ئابووری و ئەمنییان نەیەتە ڕێگا، تا کۆتایی ٢٠٢٥ هەرێمی کوردستان هێندە غازی نابێت پێداویستیی ناوخۆی تێر بکات و بۆ تورکیا هەناردەی بکات. لە قۆناغی داهاتووی فراوانکردنی کێڵگە غازییەکانی کۆرۆمۆر و پەرەپێدانی کێڵگەکانی چەمچەماڵدا، دانا گاز و هاوبەشەکانی بەهیوان بەرهەمی ڕۆژانەیان بگاتە سەرووی ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا، ئەمەش لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا. تا ئێرەش غازەکە هەر بەشی پێداویستیی ناوخۆی کوردستان و بەرهەمهێنانی کارەبای پێویست بۆ خەڵکی کوردستان دەکات. لە هەرێمی کوردستاندا توانای بەرهەمهێنانی ٧٠٠٠ مێگا کارەبا هەیە، بەڵام کەمتر لە ٤٠٠٠ مێگا بەرهەم دەهێنرێت، لەبەر ئەوەی حکومەت پارەی نییە سووتەمەنی بۆ وێستگەکان دابین بکات. بۆ نموونە: لە دهۆک وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا (١٠٠٠ مێگا توانای بەرهەمهێنانیەتی) هەر بەتەواوی کوژاوەتەوە، لەبەر نەبوونی سووتەمەنی و غاز. تۆ تا بڕی پێویست بۆ کارەباکەی خۆت دابین نەکەیت، چی دەفرۆشیت؟ بۆیە لە ڕاستیدا لێدوانەکەی ئەردۆغان هیی ئەوە نەبوو کەسی پێ بترسێنرێت. ڕەنگە بۆ هەندێک مەبەست و حساباتی سیاسیی ناوخۆی تورکیا بووبێت، زیاتر لەوەی کە واقعێکی بازرگانی و ئابووری نوێ نیشان بدات لە شەراکەتی وزەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

بڕیارێکی یاسایی یان سیاسی؟

دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە کاتێکدا عێراق بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، پڕۆسەی پێکھێنانی حکومەت بە ھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان دوا کەوتووە و لایەنە کوردییەکانیش بەسەر چەند ئاڕاستەیەکدا دابەش بوون، ئەمەش ئەو گومانەی لای بەشێک لە ھێزە کوردییەکان دروست کردووە کە بڕیارەکە زیاتر لەوەی یاسایی و دەستووری بێت؛ سیاسییە. محەمەد حسێن دەڵێت هەموو شتێک لە بارەی کەرتی نەوت و غازی کوردستان یاسایی بێت یان بازرگانی، ڕاستەوخۆ ڕەهەندێکی سیاسییشی هەیە. یەکەم، لەبەر ئەوەی نەوتی خاو تەنها کاڵایەکە عێراق و کوردستانیش هەیانبێت بۆ فرۆشتن. دووەم، نەوت فرۆشتن سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتە گشتییەکانی حکومەتەکانی هەولێر و بەغدادە. سێیەم، کەرتی نەوتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکاندا لەدایک بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان باجێکی زۆر زۆر گەورەی ئەم بەسیاسیکردنەی کەرتی نەوت و غازی داوە. ئەوەی کە زیاتر لە نیوەی داهاتە نەوتییەکانی دەڕوات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و فرۆشتن بەزۆری لەبەر ئەم ناکۆکییە سیاسییانەیە، ئەگینا نەوتی کوردستان ڕێک هەمان کوالێتیی نەوتی کەرکووکی هەیە کە هەر بەرمیلێکی بە ٩ دۆلار زیاتر لە نەوتی هەرێم دەفرۆشرێت.

دەکرێت فاکتەرە سیاسییەکان ڕۆڵیان هەبووبێت لە دیاریکردنی کاتی بڕیارەکەی دادگا. لە هەموو سەردەمێکدا هەرێمی کوردستان دۆست و دوژمنی سیاسیی دەبێت و ڕەنگە دادگای دیکە و کەیسی دیکەی لە دژ بجووڵێنن. بۆ نموونە: کەیسێکی دیکە هەیە هەر وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای تۆمار کردووە لە دژی هەرێم لەسەر کێڵگەی کۆرۆمۆر. ئەوان دەڵێن ئەم کێڵگەیە پێشتر و لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە دۆزراوەتەوە و ناحیەی قادرکەرەمیش بەشێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان، نەک سنووری پێش ٢٠٠٣ی هەرێمی کوردستان. دوور نییە هەر وا لە کاتێکی هەستیاردا ئەم کەیسەش بجووڵێنرێت لە دژی هەرێم. کەواتە باشترین ڕێگا، دۆزینەوەی دەروازەیەکە بۆ چارەسەری تەواوی ناکۆکییە نەوتییەکان و دەستپێکردنی هاریکاری و شەراکەتێکی پڕ بەرهەم. پێویستە بە عەقڵیەتێکی بازرگانی و پیشەسازیی ڕووت نەوت و غازی کوردستان ئیدارە بکرێت، نەک بەسیاسی بکرێت.

پەیمان عیزەدین لەگەڵ ئەوەی پێی وایە زۆربەی بابەتەکان لە عێراقدا ڕەهەندی سیاسییان هەیە، چونکە عێراق خۆی لە هەوڵی گەڕانەوەی سەروەریی خۆیدایە و تا ئێستا ئەمەریکا و ئێران کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر کۆی بڕیارەکان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی یاسایی نییە، چونکە ڕاست و دروستە کە هەرێم سەربەخۆ ناتوانێت پڕۆسەی گەڕان، دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز بەڕێوە ببات، ئەوەی تا ئێستا بێدەنگیی لێ کراوە و لە ساڵی (٢٠١٢)وە یەکلاییکردنەوەی سکاڵا لەسەر ئەم بابەتە دوا خراوە، ئەوەیان زۆرتر ڕەهەندە سیاسییەکە بووە.

دانا جەزا عەلی کاتب پێی وایە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕەھەندی سیاسیی ھەیە و بۆنی ئەوەی لێ دێت کە بڕیارێکی سیاسی بێت. پێشتریش ھەندێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە تێگەیشتنی سیاسییەوە دەرکراون، ناڵێم دادگا سیاسییە، بەڵام خوێندنەوەی بۆ دۆخی سیاسی کردووە. ئەوەش ڕوونە کە ھەندێک لایەن و دەوڵەتی دراوسێ بوونی ھەرێمی کوردستانیان پێخۆش نییە، ئەگەریش ھەیە ئەمانە ھەموویان بەریەک بکەون و یەک بگرن و لە ئەنجامدا ئەم بڕیارانە و شتی دیکەی لێ دەربچێت.

غازی ھەرێم، لەنێوان ھەل و مەترسیدا

دوای دۆزینەوەی غازی سروشتی لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و خەمڵاندنی بڕە زۆرەکەی، کۆمپانیاکان چاویان تێ بڕی. وڵاتە خاوەن غازەکان وەک ڕکابەرێکی نوێ و تەنانەت مەترسیداریش تەماشای دەکەن کە دوور نییە پێگە و قورسایی ئەوان بخاتە مەترسییەوە و لە ماوەیەکی دووریشدا ئاڕاستەی وڵاتان بەرەو ھەرێم بگۆڕێت. ھەندێک لە شیکردنەوەکان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقیش دەبەستنەوە بە ترسی عێراق لە ئایندەی ھەرێم و بەشێک لە فشارەکانی وڵاتە خاوەن غازەکانی دۆستی ئێران و ڕووسیا.

د. کاروان حەمەساڵح؛ پسپۆڕی گشتی لە کارگێڕی و ئابووری، بڕیارەکەی دادگا دەبەستێتەوە بە فشاری ھێڵی خاوەن غاز و ھاوپەیمانیی ئێران-چین-ڕووسیا و دەڵێت ئەم بڕیارە ھێندەی بڕیارێکە لەسەر ھێڵی ئێران-چین-ڕووسیا دەرکراوە، ھێندە بڕیارێکی عێراقی نییە، چونکە ئێستا سەدەی شەڕی وزەی غازی سروشییە، لە ئێستاشدا نەوتەکەی ھەرێم بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و ئەوەی ئیستا زۆرتر چاوی لەسەرە غازە سروشتییەکەیەتی، غازیش ئەو چەکە بەھێزەیە کە لەدەستی ھێڵی ئێران، ڕووسیا و چینەوەیە، ھەرێمی کوردستانیش دوای قەتەر دووەم ناوچەی دەوڵەمەند بە غازە، ئەمەش یان دەبێت بە سەرئێشە بۆ ھەرێمی کوردستان، یان دەبێتە دەوازەی خێر، دەرئەنجامی ئەمەش دەکەوێتە سەر توانای سیاسی، دیپلۆماسی و عەقڵی نشتمانیی حوکمڕانانی ھەرێم، بۆ ئەوەی پرسی غازیش وەک پرسی نەوتی لێ نەکرێت. ئەم بڕیارەشی لە دادگای باڵای فیدراڵییەوە دەرچووە، بەرگرتنە لە ھەر جۆرە جموجووڵێکی ھەرێم لەسەر ھێڵی قەتەر و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر بابەتی وزە لەلایەن ھێڵی ئێران، ڕووسیا و چین. لەم ھاوکێشەیەدا ھەرێم بکەر نییە و کارلەسەرکراوە کە چاوی لەسەرە، یاریکەرە سەرەکییەکە دوو ھێڵەکەیە کە دانوستان و کێبڕکێ دەکەن. زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان ببێتە پردێکی پەیوەندی نەک گۆڕەپانی ململانێی غاز، چونکە دواجار غازەکە دەبرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە کاریگەری و لایەنە خراپەکانیەتی کە گرنگترینیان گەندەڵی و دوورکەوتنەوەی زیاترە لە بەغداد.

د. کاروان حەمەساڵح سەرکەوتنی پرسی غازی سروشتی دەبەستێت بە دوو مەرجی سەرەکییەوە و دەڵێت لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و دوای ھەناردەکردنی ھەر بەرمیلێک نەوت و پێشخستنی کەرتی غاز، ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان قەرزار دەبن، چونکە وەک چۆن قەرەبووی جەنگی کوێت لەسەر گیرفانی ھاوڵاتییانی ئێستای عێراق بوو، لە داھاتووشدا دەتوانرێت لە ڕووی یاساییەوە ئەم قەرزانە لە بودجەی وڵات و ھاوڵاتییان ببڕدرێت. بۆیە زۆر گرنگە بە دوو ئاڕاستە کار بکرێت: یەکەم، ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ بکات لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی ناوەند، بە مەرجێک پڕۆسەی غازیش وەک پڕۆسەی نەوتی لێ نەکرێت و بخرێتە خزمەتی ھاوڵاتییانەوە. ئاڕاستەی دووەم ئەوەیە ھاوڵاتییان، ڕۆشنبیران و چالاکانی مەدەنی فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم کە جددی بن لە پرسی نەوت و غاز و کۆتایی بە گەندەڵی بھێنن لەم دۆسێیەدا، تاکوو نەوەکانی داھاتوو ناچار نەبن قەرزی ئێستا بدەنەوە.

چاوەکان لەسەر ھەرێمن

دەبێت بزانین بۆچی چاوەکان لەسەر غازی سروشتیی ھەرێمە؟ ساڵی ٢٠٢٦ گرێبەستی غازی نێوان ئێران و تورکیا کۆتایی پێ دێت، ئەمەش یەکێک لە بابەتە ھەستیارەکان سەبارەت بە ئێران، بەتایبەت ئەگەر کەرتی غازی سروشتیی ھەرێم پێش بخرێت و وەبەرھێنانی تێدا بکرێت ساڵی ٢٠٢٥ دەتوانرێت دەست بە ھەناردەکردنی بکرێت. بە پێی خەمڵاندنەکان ساڵی ٢٠٣٥، بەرھەمھێنانی غازی سروشتیی ھەرێم دەگاتە ٤٠ ملیار مەتر سێجا، لەگەڵ ئەوەی ئەم بڕە ناتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی غازی سروشتیی ڕووسیا، بەڵام دەکرێت کێشە بۆ پێگەی وزەی ئێرانی ھاوبەشی ڕووسیا دروست بکات و بەشێک لە پێداویستیی غازی سروشتیی ئەورووپا دابین بکات، ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت، بۆیە ڕووسیا لە بەغدادەوە ھەرێمی ئاگادار کردووەتەوە لەم ھەنگاوە، واتە ھێڵی بەرامبەر نایانەوێت ئەم پێشکەوتنە ڕوو بدات.

لە ئێستادا غازی ڕووسیا نەک ھەر کارتێکی ئابوورییە، بەڵکوو کارتێکی سیاسیی بەھێزیشە و دەکرێت بوترێت تاکە کارتی بەھێزە کە توانیویەتی مامەڵەیەکی سیاسی و سەربازیی پێوە بکات و ژێرخانە ئابووری و سەربازییەکەی بەھێز بکات. وەک دەرکەوت توانرا ھێڵی گواستنەوەی غازی سروشتی لە قەتەر و سووریاوە بۆ وڵاتانی دیکە پەک بخرێت و تەنھا پشت بە غازی سروشتیی ڕووسیا ببەسترێت. بینیشمان ھاوبەرژەوەندییەکانی ڕووسیا وەک ئێران و چین سەرکەوتوو بوون لەوەی ڕێگە نەدەن ئەسەد بکەوێت، کە سووریاش جگە لە پرسە مەزھەبی و سیاسییەکە پرسی غازیش بوو. لێرەوە گرنگە ھەرێمی کوردستان نەبێتە قوربانی، بەڵکوو ببێتە پردێکی پەیوەندی، چونکە ئێستا چاوەکان لەسەر ھەرێمی کوردستانە کە چۆن دەکرێت ببێت بە خاڵێکی بەھێز، بە ھەمان شێوەش ئەگەر ھەیە ببێتە خاڵی لاواز و تەنانەت لەناوچوونی ھەرێمی کوردستان.

د. کاروان حەمەساڵح

ساڵی 1982 لە سلێمانی لەدایک بووە.

پسپۆڕی گشتی لە کارگێڕی و ئابووری، پسپۆڕی تایبەت لە بواری سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی نێودەوڵەتیدا.

ئەندامی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی سەرکردایەتیکردنە کە بارەگای سەرەکیی لە نیویۆرکی ئەمەریکایە.

پەیمان عیزەدین عەبدولڕەحمان

ساڵی ١٩٧٠ لەدایک بووە.

ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاسا.

محەمەد حسێن

ماستەر لە ئابووریی سیاسەتە گشتییەکان، قوتابخانەی بەرشەلۆنە بۆ زانستە ئابوورییەکان (Barcelona School of Economics).

لە (٢٠١٣)ەوە لە سێکتەری نەوتی هەرێمدا کار دەکات بۆ دەزگای ئیراک ئۆیڵ ڕیپۆرت.

پێشتر کاری کردووە بۆ گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، گۆڤاری فۆرین پۆڵەسی، دەزگای ئەڵمانی بۆ هەڵسەنگاندنی گەشەپێدان و کۆمپانیای ئاوێنە.

ژمارە دوانزه‌ی (١٢)ی ئازاری ٢٠٢٢ی گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend