• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 3, 2017

هەرێمی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆم: ره‌گوڕیشه‌ی شكسته‌كان

نوسینی: جەلال حەسەن مستەفا

لینکی بابەتەکە لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

ئەو پرسیارەی لە مێشکی هەمواندا دێت و دەچێت ئەوەیە کە بۆچی هەرێمی کوردستان شکستی هێنا لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتدا؟ نەک هەر ئەوەش بەڵکو بەشێک لەو ئیمتیازاتانەش لە دەستچون کە پێشتر لە دەرەوەی دەستور بەدەست هەرێمی کوردستانەوە بوون، وەک خاڵە گومرگیەکان و مەرزەکان. هەندێک لە شیکارە سیاسیەکان تەرکیزیان تەنها لەسەر ئەو ڕوداوە هەنوکەییەکانە بۆ ئەوەی تەفسیری ئەم شکستە، یان لانی کەم ئەم پاشەکشە گەورەیەی، پێبکەن. بەڵام ئەگەر قوڵتر و ووردتر بڕوانین ئەوا دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەی ڕوودەدات ڕەگێکی لە مێژودایە و ڕەگێکی تری لە ئێستادایە. لەم نوسینەدا هەوڵئەدەم بچمە بناوانە سەرەکیەکانی ئەم شکستە.

ئەوەی ڕویدا لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان و دەنگدانی لە ٪٩٢،٧ ی (١) خەڵک بە جیابونەوە لە عێراق و هاتنەوەی هێزەکانی عێراق لە ١٦/١٠/٢٠١٧ دا بۆ کەرکوک ناوچە جێناکۆکەکانی تر، بەرەنجامی کۆمەلێک کێشەی مێژوویی بون، بەدەر لە فاکتەرە هەنوکەییەکان. بۆ ئەوەی خوێنەر باشتر لە ڕەگەکانی ئەم شکستە تێبگات، ئەوا ئەم نوسینە بەسەر چەند تەوەرەیەکدا دابەشدەکەم. تەوەرەکان ئەمانەن؛ مێژوی پێش ڕاپەڕینی هێزە سیاسیە کوردیەکان، مێژوی دوای ڕاپەڕینی ئەم هێزانە، ملکەچبونی حکومەت بۆ ‌حیزب و لاوازی دامەزراوەکان، زاڵبونی ناسیۆنالیزمی جۆشدراو بە سۆز بۆ دەوڵەت. هەرچەندە ناشکرێت کاریگەریی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لەم شکستەدا لەبیربکرێن، بەڵام تەرکیزی ئەم نوسینە تەنها لەسەر هۆکارە زاتی و ناوخۆییەکانە.

پێش ڕاپەڕین

پەیوەندی نێوان ئەم هێزە سیاسیانەی لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن لە پێش ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١دا، زۆربەی کاتەکان پەیوەندیەکی ناتەندروست و زبر و پڕ لە شەقار و کەلێن بووە. هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی سیستەمی کۆماری و بەتایبەتیش لە سەرەتای ٦٠ ەکانی سەدەی پێشوەوە، کەلێنی نێوان سەرکردەکانی پارتی دیموکرات تا دەهات گەورەتر دەبوو. گرفتی سەرەکی ئەم کەلێنە ئەوە بوو کە لایەنەکانی کردە باڵی جیاواز بە ستراتیجیەتی جیاواز. فاکتەری سەرەکی بونی ستراتیجیەتی جیاواز و هەندێکجار دژبەیەکیش، جیاوازی دونیابینی هەردوو باڵەکە بوو. لە کاتێکدا کە مەلا مستەفا و شوێنکەوتوانی خاوەن ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو نەبون، باڵی ئیبراهیم ئەحمەد و شوێنکەوتوانی تا ڕادەیەکی زۆر هەڵگری بیری چەپ بون و دەیانویست وەک چەپێک گۆڕانکاری لە کایەی سیاسی و نەتەوەییدا دروست بکەن. هەر لە بنەڕەتدا بیرکردنەوەی مەلا مستەفا (وەک سەرۆکی پارتی) و ئیبراهیم ئەحمەد (وەک سکرتێری مەکتەبی سیاسی) بەیەکەوە هەڵیاننەدەکرد. لای ئیبراهیم ئەحمەد، مەلا مستەفا پیاوێکی نەخوێندەوار و بنەماڵەخوازبوو و چاوەڕوانی لێندەکرا کە گۆڕانکاریی گەورە دروست بکات. بە بۆچونی ئەوان ئەوەی مەلا مستەفای کردبوە سەرۆکی پارتی، تەنها هێز و کاریگەریە عەشایەریەکەی بوو لەناو خەلکدا. لای مەلا مستەفاش، باڵی ئیبراهیم ئەحمەد کۆمەڵێک هەلپەرستبون کە دەیانویست شوێنەکەی پێچۆل بکەن و خۆیان ببنە بڕیاردەری دەستڕۆیشتوی پارتی. بە لای مەلا مستەفاوە، ئیبراهیم ئەحمەد و شوێنکەوتوانی کەسانی نادیار و بێکاریگەریی بون، بەڵام پارتی و مەلا مستەفا کردیانن بە کەسانی دیار.

ڕەنگە هەندێک پێیانوابێت کە ئەم ڕوداوانە بونەتە ڕابردوو و کاریگەریان لەسەر ئێستا نیە و پێویستیش ناکات باسبکرێن. لە ڕاستیدا، ئەم ڕوداوانە گرنگن بۆ ئەوەی لە کێشەکانی ئێستا تێبگەین چونکە کاریگەریەکەیان لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانەوە هەتا ئێستا بەسەر پرۆسەی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستانەوە ڕوون و دیارە. گرفتی سەرەکی ئەم کەلێن و درزەی نێوان ئەم دوو باڵە ئەوەبوو کە هەریەک ئەوەی تری بە خیانەتکار هەژمار دەکرد و بوارێکیان بۆ لەیەکتێگەیشتن و لە یەکتر نزیکبونەوە نەهێشتبۆوە. لەبری مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازیی فیکری و دونیابینیەکاندا و قبوڵکردنیان وەک ڕەنگدانەوەیەکی سروشتی مرۆڤ خۆی، تەخوینکردنیان کردە وێردی سەر زوبان و کادیرەکانیان لەسەر ڕادەهێنا. لە دوای شکستی ساڵی ١٩٧٥ وە ئەم جیاوازیانە زیاتر بەدەرکەوتن و تا ئێستاش بەردەوامن. لە دوای شکستەوە، دەسەڵاتی تاکەحیزبی پارتی کۆتایی پێهات و چەندین حیزبی تر لە شاخ دروستبون. ئەم حیزبانە نەک نەیانتوانی دانبنێن بە جیاوازیەکاندا، بەڵکو هەوڵی سڕینەوەی یەکتریان دەدا. لە هەشتاکاندا، حیزبە کوردیەکان لە شاخەکانی کوردستانی عێراق بارەگایان هەبوو. هەر ئەو کات وەک نەوشیروان مستەفا نوسی، پەنجەکان یەکتریان دەشکاند و یەکتریان لە ناوچەکانی یەکتردا دەردەپەڕاندا. ئەو کاتیش شاخەکانی کوردستان دابەشببو بەسەریاندا و لە هەندێک حاڵەتدا پێشمەرگەکانی لایەکیان بە مۆڵەتی لایەنەکەی تر نەبوایە نەیاندەتوانی بە ئازادی بێن و بڕۆن. هەر ئەو کات شاخەکانی کوردستان فرە ئیدارە بوو. چەند جار ئەم هێزانە دژی یەکتر دەکەوتنە شەڕەوە و چەندین پێشمەرگە دەبونە قوربانی (٢). ئەم کەلێن و بارودۆخە پڕ لە تەخوین و شەڕە هەر بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی بەرەی کوردستانی دروستکرا. بەڵام ئەم بەرەیەش نەیتوانی ستراتیجیەتی و دونیابینی یەکترقبوڵکردن بەسەر ڕەتکردنەوەی یەکتردا زاڵبکات.

دوای ڕاپەڕین

حیزبە کوردستانیەکان بە گشتی کەلتوری یەکترسڕینەوە بەسەریاندا زاڵبوو لە پێش ڕاپەڕین و لە دوای ڕاپەڕینیش ئەمە بەردەوام بوو. هەرچەندە لە دوای ساڵی ١٩٩١ کورد تا ڕادەیەک سەربەخۆ بوو لە بڕیارداندا و حکومەتی عێراق نەیدەتوانی دەستبگرێتەوە بەسەر کوردستان بەهۆی ئەو زۆنە دژەفڕینەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروستیکردبوو، بەڵام ئەمەش نەیتوانی کەلتوری یەکتر قبوڵکردن لای حیزبە سیاسیە کاریگەرەکانی ئەو کات دروستبکات. بەرەی کوردستانی بڕیاریاندا هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی بکەن و حکومەتی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن. لە مانگی پێنجی ١٩٩٢ دا یەکەم هەڵبژاردن ئەنجامدرا (٣)، بەڵام گرفتی جەرگبڕ و گەورەی ئەم هەلبژاردنە ئەوەبوو کە بۆ ئەوەی هەر حیزبێک کورسی هەبێت لە پەرلەماندا دەبوایە لانیکەم لە ٪٧ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. ئەم هەنگاوە گوژمێکی گەورەیدا بە کەلتوری ڕەتکردنەوە، چونکە بەدەر لە یەکێتی و پارتی، دوو ڕکابەرە سەرەکیەکەی شاخ، هیچ حزبێکی تر نەیتوانی لە ٪٧ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت (٤). لە ئەنجامدا دەنگەکانی ئەو حیزبانە بەسەر یەکێتی و پارتیدا دابەشکرا. بۆ ڕێگرتن لە شەڕی ناوخۆ لەسەر ئەنجامەکان، یەکێتی و پارتی بڕیاریاندا کە هەموو پۆستە حکومیەکان لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا دابەشبکەن. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کۆمەڵێک گرفتی گەورەی دروستکرد لەوانە:

یەکەم: کەلتوری ڕەتکردنەوەی یەکتریی زۆر زەقترکردەوە

دووەم: ڕێگەی خۆشکرد بۆ تێکەڵبونی حکومەت و حیزب

سێهەم: حیزبە کوردستانیەکانی تری لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی وەدەرنا

چوارەم: هۆکارێکی سەرەکی شەڕی ناوخۆ بوو

پێنجەم: ڕیگەی خۆشکرد بۆ برەودان بە گەندەڵی ڕێکخراو چونکە هەردوو حیزبەکە دەستیانکرد بە قۆستنەوەی حکومەت بۆ مەرامی حیزبی و دامەزاراندنی لە ڕادەبەدەر. بون بە ئەندامی حیزب مەرجێکی سەرەکی بوو بۆ دەستکەوتنی کار و بژێوی و تەنات بەشی ناوخۆییش بۆ خوێندکاران لەسەر بنەمای تەزکیەی حیزبی بوو. لەبەر ئەوەی حیزب دەستیگرت بەسەر حکومەتدا، گەندەڵی بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی کرد. ئەمەش سەرەتایەک بۆ نەهامەتیەکانی گەلی کورد. بە بەرچاوی خەڵکەوە و بەئاشکرایی، بەرپرسە حیزبیەکان شۆفڵ و عەمود و تەلی کارەبا و هەموو پێکهێنەرەکانی ژێرخانی کوردستانیان ڕەوانەی دەوڵەتانی دراوسێ دەکرد و دەیانفرۆشت، بە تایبەت ئێران. هەر لێرەوە دەتوانرا شکستەکانی ئەمڕۆ ببینین و کورد وتەنی ‘ مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە’.

ئەمانە تەنها بەشیكن لەو کاریگەریە خراپانەی کەلتوری رەتکردنەوەی یەکتر، سەردەمی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینی بەستەوە بەیەکترەوە. حیزبە سیاسیەکان، لە بری گەشەدان بەبژێوی هاوڵاتیان و دامەزراندی موئەسەسات و بەهێزکردنی حکومەت، کەوتنە کۆکردنەوەی دارایی بۆ حیزبەکانیان و لەم پێناوەشدا هەوڵیاندا لە ڕێی زیندوکردنەوەی کۆنەقینەوە دەستبەسەر داهاتی کوردستاندا بگرن.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە دوای راپەڕین ئەوە بوو کە کەلێنەکانی نێوان حیزبە سیاسیەکان و بێباوەڕیان بە پێکەوەژیان و کەلتوری یەکترسڕینەوەیان گەیشتە لوتکە و لە ساڵی ١٩٩٣ وە شەڕی ناوخۆی لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا. زۆربەی حیزبەکانی ئەو کاتە بەشداری شەڕی ناوخۆیان کرد یان بەر پریشکەکەی کەوتن، بەڵام ترسناکترینیان بریتیبوو لە شەڕی پارتی و یەکێتی لە لایەک و شەڕی یەکێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی لە لایەکی تر. لەم شەڕانەدا هەزاران گەنج کرانە قوربانی و لایەنگرانی ئەو لایەنانە ئاوارەبون و خەڵکی ژیانی کەوتە مەترسیەوە. لە شەڕی ناوخۆدا فرەئیدارەکەی شاخ، فرەئیدارەیی لە شاردا بەرهەمهێنا. هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی بەسەر ئەو حیزبانەی سەرەوەدا دابەشکرا. هەڵەبجە بوە موڵکی بزوتنەوەی ئیسلامی و سلێمانی بەشێک لە هەولێر بونە موڵکی یەکێتی و هەولێر و دهۆکیش بونە موڵکی پارتی. لێرەوە هەستی نیشتمانی لای خەڵک ڕووی لە کزی کرد و گەنجەکان بەلێشاو ڕویان لە دەرەوەی ووڵات کرد. حیزبەکانیش، هەر یەک لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆیدا، کەوتنە کڕینی وەلائی خەڵک بەڕیگای جیاواز. ئەم شەڕانەی ناوخۆ کەلێنەکانیان گەیاندە ئاستی فرەئیدارەیی ڕاستەقینە. لە بری یەک حکومەت دوو حکومەت دروستکرا. ڕەنگەکانیش دابەشکرا و چەندین کەس لەسەر کراسی زەرد و سەوز فەلاقە کران. تەنانەت هەوڵدرا زاراوەکانیش دابەشبکرێن، خوێندکار یان قوتابی، ژن یان ئافرەت، قودس یان دڵ. بەکارهێنانی هەریەکێک لەم زاراوانە مانایەکی سیاسی پێدرا.

ملکەچبونی حکومەت بۆ ‌حیزب و لاوازی دامەزراوەکان

یەکێک لە مەترسیدارترین بەرەنجامەکانی کەلتوری یەکترسڕینەوە و شەڕی ناوخۆ لە دوای ڕاپەڕیندا و لەبەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی کەئەنجامدرا و بەدەر لە یەکێتی پارتی (بێ لە کۆتای کەمینەکان) هیچ لایەنێکی تر لە بڕیاری سیاسیدا بەشداری پێنەکرا. ئەم بەشداریپێنەکردنە سێ کاریگەریی نێگەتیڤی دروستکرد لەسەر پەیوەندی حیزبەکان:

یەکەم: جەمسەرگیریەکی سیاسی ناتەندروستی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروستکرد و هەریەکەیان خۆیان بە براوەی هەڵبژاردنەکان دەزانی و تۆمەتیان دەدایە پاڵ لایەنەکەی تر. دوای ئەوەی هەر دوو حیزب لەسەر دابەشکردنی نیوبەنیوی حکومەت و پۆستە هەستیارەکان ڕێککەوتن، هەر پۆستێکی حکومی باڵا جێگرێکیان لە لایەنەکەی تر بۆ دانا کە هێندەی وەزیرەکە یان خاوەن پۆستە باڵاکە دەسەڵاتی هەبوو. هەرچەند حکومەتی هەرێم کەمتر لە ٢ ساڵ تەمەنی بوو پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم حکومەتەش هەر دوو ئیدارە بوو چونکە وەزیرەکان هەر هێندەی جێگرەکانیان دەسەڵاتیان هەبوو.

دووەم: تەسلیمکردنی حکومەت بە حیزب یەکێکی تر بوو لە بەرەنجامە سلبیەکانی بەشدارینەکردنی هەموو لایەنەکان لە حکومەتدا. گرفتەکە لەوەدا بوو کە یەکێتی لە سلێمانی و بەشێک لە هەولێر بەهێز بوو و پارتیش لە دهۆک و بەشێک لە هەولێر. ئەمە کۆنتڕۆلە بەسەر هەردوو دەڤەەرەکەدا وایکرد کە هەریەک لەو حیزبانە لە هەوڵی فراوانکردنی هەژمونی سیاسی و ئابوری سەربازی خۆیاندا بن، نەک بەهێزکردنی حکومەت و بەدامەزراوەییکردنی. فاکەتەرێکی تری کاریگەری پشت هەژمونی حیزب بەسەر حکومەتدا ئەوە بوو کە بەپرسە باڵاکانی حیزبە سیاسیەکان زۆر بە دەگمەن خەلکانی خوێندەوار و خاوەن ستراتیج و ئەزمونی سیاسی شاریان هەبوو. ئەمان بە کەلتوری شاخ هاتنەوە ناو شار و حکومەتیان دامەزراند.

سێیەم: حیزبە سیاسیە بەشداریپێنەکراوەکان لە حکومەتدا هەستیان بە پەراوێزخستن دەکرد لە بڕیاری سیاسی هەرێمدا بۆیە تەنها دوو ڕێگەیان بۆ مابۆوە، یان ئەوەتا هەوڵی یەکگرتن بدەن لەگەڵ پارتی یان یەکێتیدا، (وەک پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سامی عبدالرحمان کە لەگەڵ پارتیدا یەکیانگرت و بالی ڕەسوڵ مامەمەند لە حیزبی سۆسیالیستی کوردستان کە لەگەڵ یەکێتیدا یەکیانگرت)، یان دەبوایە هەوڵی خۆسەپاندن و  دەرخستنی هێزی خۆیان بکرادیە وەک بزوتنەوەی ئیسلامی. یەکێک لەو حیزبانەی کە توانی زیاتر لە ٪٥،٥ ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بەڵام لەبەر لەمپەری ٪٧ نەیتوانی بچێتە حکومەتەوە و ئم بەشداریپێنەکردنەش، بە بۆچونی من، بە یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دادەنرێت بە تایبەت لە نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا.

ئەم قۆرخکاریەی بڕیاری سیاسی، ئەم دوو ئیداریە شاراوەیەی کە لە کوردستاندا هەبوو لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستاش درێژەی هەیە. هەرچەندە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ ەی پەرلەمانی کوردستان دروستکردنی کابینەی هەشتەمەوە حکومەتێکی تەوافوقی دامەزرا کە تیایدا حیزبە سیاسیە کاریگەرەکان پشکیان هەبوو، بەڵام پایە سەرەکیەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا هەر نتەوانرا یەکبخرێنەوە. لە ئێستادا لە بری وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێتی و پارتی سەرپەرشتی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن (هێزەکانی حەفتا و هەشتا و هێزە تایبەتەکانی تری وەک زێڕەڤانی و دژەتیرۆر …هتد)، دوو دامەزراوەی ئەمنی حیزبی لە ئارادان کە نەتوانراوە بە هیچ شێوەیەک یەکبخرێن (دەزگای پاراستنی پارتی و دەزگای زانیاری یەکێتی، تا چەند ساڵێک پێش ئێستاش دوو وازارەتی دارایی هەبوو. ئەمانە بەدەر لەوەی کە تا ئێشتاش لە هەندێک وەزارەتدا ڕەنگە بەڕێوەبەرێکی گشتی سەر بەحیزبێکی دیاریکراو بتوانێت بە ئاسانی ڕێگەبگرێت لە پلانی وەزیرێک کەسەر بە لایەنەکی ترە. نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وولات، بەسەر حیزبە کوردستانیەکاندا، بە تایبەت پارتی و یەکێتی دابەشکراون، هیچ کەسێکی ناحیزبی چانسی ئەوەی نەبووە لە نوێنەرایەتیانەدا باڵادەست ببێت. تا کەوتنی کەرکویش لە ١٦/١٠/٢٠١٧، لە کەرکوکدا، دوو هێزی ئاسایش کارابون کە یەکێکیان ئاسایشی پارتی و ئەوی تریش ئاسایشی یەکێتی بوو.  هەموو ئەمانە فاکتەری سەرەکی شکستی دوای ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بوون نەک بە تەنها ڕیفراندۆم. واتە هەرێمی کوردستان ئامادەبوو بۆ کەوتن و ڕیفراندۆم بوە پاڵنەرێکی ئیزافی چونکە توانی هێزە عێراقیەکان یەکبخات و پاڵپشتی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ بەغداد زیاتر بکات.

زاڵبونی ناسیۆنالیزمی جۆشدراو بە “سۆز” بۆ دەوڵەت

یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی شکستی هەرێمی کوردستان نوخبە سیاسیەکەیەتی بە ئەکادیمی و سیاسیەکانیەوە لە تێروانینیان بۆ دەوڵەت و نەتەوە. تا ئێستاش نوخبەی سیاسی تێڕوانینێکی کلاسیکی  و سادەی هەیە بۆ هەر دوو چەمکی نەتەوە و دەوڵەت. لە ڕووی تیۆریەوە، ئەمان هەڵگری بیرکردنەوەیەکن دەربارەی نەتەوە کە بە ‘پرایمۆردیالیزم’ ناو دەبرێت (٥). پرایمۆردیاڵیزم هەڵدەستێت بە بەستنەوەی ئێستای نەتەوە بە ڕابردوەکەیەوە وا وێنای دەکات لای خەڵک کە نەتەوەی کورد لە هەزاران ساڵی پێش زاینەوە هەرهەمان ئەم نەتەوەیەی ئێستا بووە و هەروەک ئێستاش چەوساوە و دەربەدەر بووە. خودی ئەم تێڕوانینە بۆ نەتەوە، هەرچەندە هەڵگری چەندین خاڵی لاوازە، کێشەیەکی گەورە نیە، هێندەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدارە لەگەڵ ئەم تێڕوانینەدا، ئەم نوخبە ناسیۆنالیستە، کە لە جەند حیزبێکی سیاسیدا خوۆیان دەبیننەوە، لە ڕێی دەزگاکانی ڕاگەیاندان و گوتارە سیاسیەکانیانەوە بەردەوام ئەم هەستانە لای خەڵک تۆخدەکەنەوە و گەورەتری دەکەن.تۆخکردنەوەی ئەم هەستانە لای خەڵکی گشتی زۆر بەسودە بۆ مانەوە و دەسەڵاتی ئەم حیزبە ناسیۆنالیستانە چونکە ڕاستەخۆ گرێدراوان بە نەستی خەڵکەوە. ئەم هەستانە بەشێکن لە شوناسی مرۆڤی کورد و لەگەڵیدا هەست بە ئاسایش دەکات و دڵەراوکێی کەمتر دەبێتەوە. ئەوەی ئەم هەستانە بەندن بە شوناس و نەستی خەڵکەوە، ئەوا جوڵاندنیان دەتوانێت هێزێکی گەورە بێت بۆ مانەوەی ئەم حیزبە ناسیۆنالیستانە. ئەم حیزبە ناسیۆنالیستیانە تێڕوانینیان بۆ نەتەوە پرایمۆردیاڵیە بەڵام مامەڵەیان لەگەڵ نەتەوەدا هەلپەرستانەیە (manipulatory).

ئەم نوخبەیە تا ئێستا نەیتوانیوە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕاشناڵانە بێت (Rationalist mentality). بیرکردنەوەی ڕاشناڵانە ئەوەیە کە بیرکردنەوەی ئەم نوخبەیە بیرکاریانە بێت بە تایبەت لە پرسێکی گەورەی وەک دەوڵەتدا. ناکرێت بە هەستێکی پڕسۆز و جۆشی نەتەوەییەوە باس لە ڕاگەیاندن و دروستکردنی دەوڵەت بکەن چونکە ئەو کات دروستکردنی دەوڵەتەکە زیاتر لە قومارێک دەچێت. قومارێک بە دەستکەوتەکانی ئێستاوە لە بری داهاتویەکی نادیار کە هیچ گارانتیەکی نەبێت. ڕاشناڵانە بیرکردنەوە لە دروستکردنی دەوڵەت کاتێک دەبێت کە دەوڵەت لامان ئامڕاز بێت و خۆشبەختی و گوزەرانی باشی خەڵک ئامانج بێت. هەرکات دەوڵەت بوە ئامانج، ئەوا خۆشگوزەرانی خەڵک دەکرێتە قوربانی داهاتویەکی نادیار. ئەمەش ئەو هەڵەیە کە تا ئێستاش نوخبەی سیاسی و ئەکادیمی زۆر بەکەمی پەیپێدەبەن و هەر ئەمەش فاکتەرێکی تری شکستی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیەکەیەتی لە ئێستادا.

بەرەنجام

شکستی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هێندە بەرچاوە کە رەنگە نمونەی تری کەمبێت لە مێژوی کورد لە دەوڵەتی عێراقدا. هۆکارەکانی شکستەکە زۆرن بەڵام گرنگترینیان ئەو هۆکارە ناوخۆییانەن کە ڕەگیان لە مێژوی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردا داکوتاوە و کاریگەریان لەسەر ئێستاش هەیە. ئەم شکستە کەلتورێکی سیاسی دروستیکردوە کە رەگەکانی لە پێش ڕاپەڕینەوە چەکەرەی کردوە و  لە دوای ڕاپەڕێن و تا ئێستاش  لە گەشەکردندایە. ئەو کەلتورە سیاسیە بەوەدا دەناسرێتەوە کە بەندە لەسەر یەکترسڕینەوە و فرەئیدارەیی و نەک یەکترقبوڵکردن و ستراتیجیبون. لەم نوسینەدا تەنها تەرکیزم لەسەر ئەو لایەنەی سەرەوە کردوە، بەڵام ئاماژەم بە لایەنە دەرەکی و نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان نەکردوە کە دەکرێت ئەمانیش کاریگەر بن لەم شکستەدا.

سەرچاوەکان

  1. (١) بۆ کۆی ئەنجامە بەراییەکان سەیری ئەم لینکە بکە http://www.khec.krd/pdf/3950132792017_kotay.pdf
  2. (٢) (سەیری نوسراوەکانی نەوشیروان مستەفا و محەمەدی حاجی مەحمود و ئەوانی تر بکە کە بەڕوونی باسیان لەم ڕوبەڕوبونەوانە کردووە). ‘پەنجەکان یەکتری دەشکێنن’ی نەوشیروان مستەفا لە زۆر شوێن باسی ئەم دژایەتی و پێکهەڵچونەی نێوان هەردوو باڵەکە دەکات، بە نمونە بڕوانە لاپەڕە ٨٤ ی کتێبەکە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە http://www.kurdipedia.org/files/books/2012/69832.PDF?ver=130158011849181514
  3. (٣)لەم لینکەدا زانیاری زیاتر دەستدەکەوێت http://www.kurdistan-parliament.org/Default.aspx?page=page&c=Parliament-History
  4. (٤) لە سایتی پەرلەمانی کوردستاندا تەواوی ئەنجامەکان ببینە http://www.kurdistan-parliament.org/Default.aspx?page=page&c=Parliament-History1992
  5. (٥) بۆ زانیاری وورد و ئەکادیمی دەربارەی پرایمۆردیالیزم و تیۆرەکانی تری نەتەوە و ناسۆنالیزم سەردانی ئینسایکلۆپیدیای بەریتانی بکە لەسەر ئەم لینکە https://www.britannica.com/topic/ethnic-conflict#ref1226117

Send this to a friend