• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 3, 2023

سیاسەتى گشتى

ئامادەكردن: د. عابد خالد

بۆ تیگەیشتن لە چەمکى (سیاسەتى گشتى – Public Policy – السیاسة العامة)، دەبێت سەرەتا جیاوازى لە نیوان دوو وشەى سەرەکى بکەین، کە ئەوانیش بریتین لە “Politics” و “Policy”، کە هەردووکیان لە زمانى کوردیدا هاوشێوەى زمانى عەرەبى وەرگێڕدراون بۆ وشەى “سیاسەت”.

هەر چى وشەى یەکەمە (Politics)، ئاماژەیە بۆ “کۆى ئەو زانین و کردە و چالاکى و دیاردانەى کە پەیوەستن بە بەڕێوەبردنى ‘دەوڵەت’ و بەکارهێنانى ‘دەسەڵات’ەوە”. بەڵام وشەى دووەم (Policy) ئاماژەیە بۆ “هەر پلانێک یان بەرنامەیەکی کار کە بە مەبەستى وەدیهینانى ئامانجێک بە چەند ئامرازێکى دیاریکراو داڕێژرابێت یان خرابێتە بوارى جێبەجێکردنەوە”. جا هەر کاتێک وشەى “Public”، کە ئاماژەیە بۆ شتى گشتى و ئەو کاروبارانەى کە پەیوەستن بە کۆى هاوڵاتییانەوە، خرایە پاڵ وشەى “Policy”، ئەوا مەبەست لێى “ئەو پلان و بەرنامەى کارانەیە کە حکومەت، وەک کاراکتەرێکى گشتى، بە مەبەستى وەدیهێنانى ئامانجە گشتییەکان یان چارەسەرکردنى گرفتەکانى زۆربەى هاوڵاتییان لەو وڵاتێکدا دایاندەڕێژێت و دەیانخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە”. کەواتە بە پێى هەموو ئەمانە، “Public Policy” وەک دیاردە بەشێکە لە “Politics”، ئەمەش بەو مانایەى کە “سیاسەتى گشتى” لە کورتترین واتایدا بریتییە لە “کۆى پلان و کردە و بڕیارەکانى حکومەت بۆ بەڕێوەبردنى دەوڵەت و وەدیهینانى ئامانجەکانى”.

لە ڕاستیدا وێڕاى ئەم تێگەیشتنە سەرەتاییە، زانایان پیناسەى جیاوازیان بۆ زاراوەى “سیاسەتى گشتى” کردووە، لەم چوارچێوەیەدا بە ڕاى “تۆماس داى” سیاسەتى گشتى “هەموو ئەوەیە کە حکومەت بڕیارى ئەنجامدانى یان ئەنجامنەدانى بدات”، بەڵام بە ڕاى “دی کۆسیۆلاس”، سیاسەتى گشتى بریتییە لە “ئەو بڕیار و پلانانەی کە دەزگاکانی حکومەت بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسە گشتییەکان لە کۆمەڵگەدا دایاندەڕێژن”. بە ڕاى “گابرێل ئەڵمۆند”، سیاسەتی گشتی دەرئەنجامی پڕۆسەی کارلێککردنی ڕێکخراوى نێوان هاتووەکان (Inputs) (داواکاری + پشتگیری) و دەرچووەکان (Outputs) (بڕیار و سیاسەتەکان)ە، کە دەربڕی ئەدای سیستمی سیاسییە. هەروەها بە ڕاى ئەو، سیاسەتى گشتى “دەربڕى ئەو نیازانەیە کە لە لایەن دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە دادەنرێن یان پەسەند دەکرێن، کە هاوکات داهات و سەرچاوەى پێویست بۆ وەدیهێنانیان تەرخان دەکەن و دەزگاى بەرپرس بۆ جێبەجێکردنیان ڕادەسپێرن”.

بە پێى ئەم پێناسانە، سیاسەتی گشتی بریتییە لە بڕیارەکانى حکومەت و کردەکانى جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە لە هەر کایەیەک لە کایەکانى پەروەردە و فێرکردن، یان تەندروستى، یان ئاسایشى ناوخۆ، یان بەرگریى دەرەکى… بۆ نموونە؛ کە دەڵێین دەوڵەت سیاسەتى گشتیى لە بوارى پەروەردە و فێرکردن و خوێندن بە گشتى هەیە، ئەمە واتاى هەموو ئەو بڕیار و کردارانە دەگەیەنێت کە لەم بوارەدا ئەنجام دراون، هەر لە دروستکردن و دانانى قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆوە تا دابینکردنى پێداویستییەکانى دیکەى خوێندن و فێربوون بۆیان، لە بینا و کتێب و کورسى و تەختە، ئەنجا دامەزراندنى مامۆستا و تۆمارکردن و وەرگرتنى قوتابى و خوێندکاران و پێدانى بڕوانامە پێیان هەریەکە و بە پێى ئەو ئاستەى لێى دەرچوون، ئەمە وێڕاى چالاکیى دیکەى وەک کردنەوەى خول بۆ مەشقپێکردن و پەرەپێدانى تواناى مامۆستایان و ناردنەدەرەوەیان بۆ هەمان مەبەست، هەروەها ناردنەدەرەوەى خوێندکاران بۆ خوێندن و فێربوون.

کەواتە دەشێت حکومەت بۆ پێشکەشکردنی هەر خزمەتگوزارییەکى گشتی، یان چارەسەرکردنى هەر گرفتێکى گشتى؛ سیاسەتێکی گشتیی هەبێت، هەر لە پەروەردە و تەندروستی و نیشتەجێبوون و گواستنەوە و ڕێگاوبانەوە کە لە ڕێگەی فەرمانگەى تایبەتمەندەوە ئەنجام دەدرێن، تا پاراستنى نیزامى گشتی و چاودێریى بازاڕ و نرخەکان و ڕێکخستنی چالاکییە تاکەکەسی و دەستەجەمعییەکان کە لە ڕێگەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی گشتی و لیژنەکانى پشکنینەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها سەرپەرشتیکردنى خێزان و ڕێکخستنى هاتوچۆ و چاودێریى دەرمان، لەگەڵ هەموو ئەو چالاکییە سیاسی و کاروبارە گشتییانەى بوارى ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و هەر چالاکییەکی تر کە پێویستى بە دەستتێوەردانى حکومەتە.

لەم ڕوانگەیەوە مەرج نییە هەموو سیاسەتە گشتییەکان بە یەک جۆر بن، بەڵکوو هەندێک لە زانایان هەوڵیان داوە بە پێى جیاوازیى جۆرەکانیان پۆلێنبەندى بۆ سیاسەتە گشتییەکان بکەن. بەم شێوەیە:

– سیاسەتە گشتییەکانى وەدەرهێنان (الاستخراجية – Extractive): کە تایبەتن بۆ کۆکردنەوە و دابینکردنى سەرچاوە ماددی و توانا مرۆییەکان، جا لە ژینگەی ناوخۆییەوە بێت یان لە ژینگەی دەرەکییەوە، وەک سیاسەتی گشتى (کۆکردنەوەى باج و داهاتەکان، وەرگرتنى هاوکارى و یارمەتی، سەپاندنى سوغرە، کارى خۆبەخشیى مەدەنى، خزمەتی سەربازی).

– سیاسەتە گشتییەکانى دابەشكردن و دووبارە دابەشکردنەوە یان خۆشگوزەرانى (التوزيعية وإعادە التوزیع أو الرفاه –Distributive and Redistributive or Welfare ): کە تایبەتن بە دابینکردن و تەرخانکردنی پارە، کاڵا، خزمەتگوزاری، دەرفەتى کار و دابەشکردنیان بەسەر ئەو تاک و گرووپ و توێژە کۆمەڵایەتییانەی کە پێویستیان پێیەتى، وەک: سیاسەتی گشتى (تەندروستى، پەروەردە و فێرکردن، نیشتەجێکردن، دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هەلى کار).

– سیاسەتە گشتییەکانى ڕێکخستن (التنظيمية – Regulation): کە تایبەتن بە چاودێریکردنی ڕەفتاری تاک و گرووپەکان لە کۆمەڵگەدا و زۆربەی کات سەپاندنى یاسا و ڕێکارەکانى ناچارکردن و سزادان لەخۆ دەگرن، وەک سیاسەتى گشتى (هاتوچۆ، ئاسایشی پیشەسازی، پیسبوونى ژینگە، بارى کەسێتى، کاروبارى ئایینى، نەهێشتنى تاوان، قەدەغەکردنى خراپ بەکارهێنانى منداڵان، ڕێگرتن لە خراپ قۆستنەوەی ڕەنجى کرێکاران، چاودێریکردنى بازاڕ و کڕین و فرۆشتن و نرخدانان).

– سیاسەتە گشتییە ڕەمزییەکان (الرمزية – Symbolic): کە تایبەتن بە ڕۆنان و بەکارهێنانی ئەو هێما و جەفەنگانەی پاڵپشتی لە دروستکردنى هۆگرى بۆ شوناسى نیشتمان و هەستی هاوڵاتیبوونی بەرپرسیارانە و پەروەردەکردن لە سەر دڵسۆزی بۆ وڵات دەکەن و هاوڵاتییان هان دەدەن بۆ قبووڵکردنی قوربانیدان لە پێناو نیشتمان و ئامادەییان بۆ بەخشینى هەر چى شتێکى بەنرخە لە پێناو بەدەنگەوەچوونى خواست و پرسە نیشتمانییەکان و بەرزڕاگرتنی پێگە و ناوبانگى وڵات. وەک سیاسەتى گشتى: (پاراستنى کەلەپوور و شوێنەوارە نیشتمانییەکان، دروستکردنى مۆزەخانە، ئەنجامدانى فێستڤاڵە نیشتمانییەکان، یادکردنەوەى بۆنە نەتەوەییەکان، ڕاگەیاندنى پشووەکان، بەسەرکردنەوەى مەزارگەى سەربازى ون، مەراسیمى ڕۆژى ئاڵا و ڕۆژى شەهید و ئەنجامدانى مانۆڕە سەربازییەکان).

سەرچاوەکان

– كمال المنوفي، اصول النظم السياسية المقارنة، شركة الربيعان للنشر والوزيع، الكويت، ١٩٨٧.

– جيمس اندرسون، صنع السياسات العامة، ترجمة: عامر الكبيسي، دار الميسرة وللنشروالتوزيع و للطباعة، عمان، 1999.

– جابرييل إيه ألموند وجي بنجهام باويل الإبن، السياسات المقارنة في وقتنا الحاضر: نظرة عالمية، ت: هشام عبدالله، الدار الأهلية، عمان، ١٩٩٨ .

– G. Bingham Powell Jr., Russell J. Dalton, Kaare Strom, Comparative Politics Today: A World View, Pearson Education Limited, 11th Edition, 2015.

Send this to a friend