• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 28, 2022

بەرنامەڕێژی (لەسەر بنەمای كات و مەودا)

ئامادەكردن: ئەژی ئازاد ئەبوبەكر

بەرنامەڕێژی لە پێناسەیەكی كورتدا بریتییە لە: “وێناكردنی ئایندەیەكی خوازراو لە ڕێگەی بەكارهێنانی ئامرازەكان و گرتنەبەری ڕێگە كردارییەكان بۆ گەیشتن پێی”. بەرنامەڕێژی بریتییە لەوەی كە لەسەر بنەمای پێشبینی و دووربینییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجێك؛ پێویستە چ كارێك ئەنجام بدرێت، چۆن ئەو كارە ئەنجام بدرێت، لە چ بازنەیەكی كات و لە ڕێگەی چ كەسانێكەوە ئەنجام بدرێت. پڕۆسەیەكە لە گرتنەبەری كۆمەڵێك بڕیاری پەیوەست بە یەكتر، پێش ئەوەی پێویست بكات جێبەجێ بكرێن، بەو پێیەی كە بەبێ هەڵنانی هەنگاوی كرداری، ئەگەری ڕوودانی دۆخی خوازراو لە ئایندەدا بوونی نییە و لە ئەگەری ئەنجامدانی، ئەگەری گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەكان زیاتر دەبێت.

لە سەرجەم ئەو پێناسانەی كە بۆ بەرنامەڕێژی كراوە، سێ تایبەتمەندیی گشتی و سەرەكی بوونیان هەیە: 1. بەرنامەڕێژی لە بنەڕەتدا بە “پێشبینی” بەستراوەتەوە و پێویستە پێش ئەوەی كارێك ئەنجام بدرێت، جۆرێتیی كار و چۆنێتیی ئەنجامدانی دیاری بكرێت. 2. بەرنامەڕێژی، سیستمێكی بڕیاردانە. 3. بەرنامەڕێژی جەخت لە ئەنجامی خوازراو دەكاتەوە كە لە “ئایندە”دا بەدەست بێت.

لەگەڵ ئەمەشدا، بەرنامەڕێژی “مسۆگەربوون”ی نییە. ئەگەر سبەی وەك ئەمڕۆ بێت، ئێمە دەتوانین بەمسۆگەری بەرنامەرێژی بكەین، بەڵام بە هۆی گۆڕانكارییە فراوان و بەردەوامەكان لە ئایندەدا، ئەگەری بەرنامەڕێژیی ورد بوونی نییە. لە ئایندەناسیدا ئێمە بە “خەونێك” دەست پێ دەكەین و دواتر لە خەونەكان واقعییەت دروست دەكەین. ئەو ڕێكخراو و دامەزراوە و وڵاتانەی كە كارنامەی لاوازیان هەیە لە ڕاستیدا “توانای خەیاڵكردنیان سنووردارە”.

بەڕنامەرێژی چەندین شێواز لەخۆ دەگرێت كە دواتر بۆ داڕشتنیان، بەیەكەوە دەبەسترێنەوە؛ بەرنامەڕێژی لە ڕووی “ئاستی ڕێكخستنەوە” سێ شێواز لەخۆ دەگرێت:

  1. بەرنامەڕێژیی ستراتیژی (strategic): دیاریكردنی بەرنامەی درێژخایەن و چارەنووسساز، ڕێكخستن و شێوازی گەیشتن پێی، بە ڕەچاوكردنی هۆكارە كاریگەرەكانی دەوروبەر و بە گرتنەبەری ئایندەی ڕێكخراوەكە.
  2. بەرنامەڕێژیی تەكتیكی (tactical): گرتنەبەری بڕیارە كورتمەوداكان بۆ سوودوەرگرتنی بەكەڵك لە سەرچاوە هەنووكەییەكان بە پێی گۆڕانكارییەكانی ژینگە.
  3. بەرنامەڕێژیی كردەیی (operational): دیاریكردنی كردە (چالاكی) پێویستییەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجی ستراتیژی لە ڕێگەی ئامێرە دیاریكراوەكانەوە.

ئەم سێ شێوازە، لە بەرنامەڕێژییەك كە لەسەر بنەمای كات و مەودا بێت، ڕۆڵی خۆی دەبینێت و بەتایبەتی لە دوو ئاستی بەرنامەڕێژیی كورتمەودا و درێژمەودادا كەڵكی لێ وەردەگیرێت. بە شێوەیەكی گشتی بەرنامەڕێژی لەسەر بنەمای كات و مەودا بۆ سێ شێواز دابەش دەبن كە هەركامێكیان تایبەتمەندی، ئامانج، خاڵی ئەرێنی و نەرێنی تایبەت بە خۆیان هەیە.

  1. بەرنامەڕێژیی کورتمەودا (كورتخایەن)

بەرنامەڕێژییەكە بۆ “ئامانجێکی دیاریکراو” كە بە پێی گەورەیی و ئاستی پڕۆژە و كارەكان دەگۆڕدرێت. بەرنامەڕێژیی كورتمەودا پێویستە بتوانێت لە هەمان ماوە كورتەی كە بۆی دیاری كراوە، ئەنجامی خوازراو و قبووڵکراو بەدەست بهێنێت. ئەم بەرنامانە بەزۆری دەتوانرێت بۆ مەبەستێک بەکار بهێنرێت کە زۆر ئاڵۆز نین و پێویستیان بە لێهاتوویی تایبەت نییە. بەرنامەڕێژیی كورتمەودا بە پێی ئاست و قەبارەی پڕۆژە و كارەكان دەشێت ماوەكەی لە سێ مانگەوە بۆ ساڵێك یان زیاتر دیاری بكرێت. پڕۆژە و كارە بچووكەكانی وەك تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ، وەبەرهێنان لە قەوارەیەكی بچووك و دیاریكراو، دابەزاندنی كێش، نووسینی توێژینەوە و …، لەو جۆرە چالاكییانەن كە دەشێت لە ڕێگەی بەرنامەڕێژیی كورتمەوداوە بگەنە ئامانج.

بەرنامەڕێژیی كورتمەودا دەچێتە چوارچێوەی “بەرنامەڕێژیی تاکتیکی”یەوە و پێویستە وێنەی “ئایندەیەكی نزیک” لەبەرچاو بگرێت و ڕەچاوی سوودوەرگرتن لەو ئامراز و تونایانەی کە لە ئێستادا لەبەردەستە، بكرێت. گونجاندن لە ڕووی كاتەوە، بەردەستبوونی توانای جێبەجێكردنی گۆڕانكارییەكان، سادەیی توانای پێوانەكردنی بەرنامەكە، لە تایبەتمەندییەكانی ئەم شێوازە لە بەرنامەڕێژین.

  1. بەرنامەڕێژیی درێژمەودا (درێژخایەن)

لە پڕۆژە ئاڵۆزە ستراتیژییەكان و وەبەرهێنانە گەورەكان کە پێویستیان بە كات و دانبەخۆداگرتنی زیاتر هەیە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی دروست و گەیشتن بە ئامانجی كۆتایی، كار لەسەر بەرنامەڕێژیی درێژمەودا دەكرێت. بەرنامەڕێژیی درێژمەودا، دەشێت بۆ ماوەیەكی پێنج ساڵە و تەنانەت زیاتر ئامادە بكرێت؛ لێرەدا لایەنە گشتی و پێشبینیکراوەکان لەبەرچاو دەگیرێن و پڕۆسەی تەرخانکردنی سەرچاوە و ئامرازەكان بۆ ماوەیەکی تا ڕادەیەک درێژ ئەنجام دەدرێت. بەرنامەڕێژیی درێژمەودا لە چوارچێوەی “بەرنامەڕێژیی ستراتیژی” پۆلێن دەکرێت و هەر ئەمەش وا دەكات بە بەراورد بە دوو شێوازەكەی تر لە بەرنامەڕێژیی كات، هێز و توانای مرۆیی و لۆجستی، وردبینی و پشوودرێژی زیاتری پێویست بێت.

هەبوونی کاتێکی پێویست بۆ داڕشتنی بەرنامە و جێبەجێکردنی، توانای دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکان و ڕاستکردنەوەیان، بەردەستبوونی کۆنترۆڵی کارایی بەرز و توانای هەڵسەنگاندنی ماوەی بەرەوپێشچوونی بەرنامەكان و پێداچوونەوەیان؛ لە تایبەتمەندییە ئەرێنییەكانی بەرنامەڕێژیی درێژمەودان. لە هەمان كاتدا، نادڵنیایی لە ئاكامی پڕۆژەكە، ئەگەری بەدینەهاتنی تەواوەتیی ئامانجەكان و سەختیی پێشبینیكردن بۆ ئایندەی پڕۆژە و بەرنامەكە، تایبەتمەندییە نەرێنییەكانی بەرنامەڕێژیی درێژمەودا دەردەخەن.

  1. بەرنامەڕێژیی ماوە مامناوەند

ئەگەر بمانەوێت بەرنامەڕێژییەك بۆ مەودایەك دابنێین کە زیاتر لە یەک بۆ دوو ساڵ و کەمتر لە پێنج ساڵ لەخۆ بگرێت، پێویستە بەرنامەڕێژییەكی ماوە مامناوەند ئامادە بكەین، بە شێوەیەك كە ئەگەر پڕۆژە و ئامانجی دیكە لەئارادا بن، ڕەچاوی بەرنامەی كورتمەودا و درێژمەودا بكرێت و لەمپەڕیان بۆ دروست نەكات.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جۆرە لە بەرنامەڕێژی و پەیوەندیی بەوانی دیكەوە، دەشێت لە ڕێی نموونەیەکی سادەوە بخرێتە ڕوو: ئەگەر بڕیارت داوە بچیتە کۆلێژ بۆ ئەوەی ببیتە مامۆستا، پزیشکی دڵ، یان بەڕێوەبەری کار دوای تەواوکردنی خوێندن، لە دۆخێکی وەهادا بەرنامەی درێژمەودات ئەوەیە کە چالاکییەکانت لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بە شێوەیەک ڕێک بخەیت کە بەرەو ئامانجە خوازراوەکەت ببات کە بریتییە لە دامەزراندنی لە پیشەیەکی دڵخوازی خۆتدا. لێرەدا بەرنامەی ماوە مامناوەندەكەتت ئەوەیە کە لە ساڵی چوارەمەوە وەک فێرخوازێك لە کۆمپانیایەك دابمەزرێیت و لە هەمان کاتدا کە دەخوێنیت، ئەزموون لە ژینگەیەكی کارکردندا بەدەست بهێنیت. بەڵام بەرنامە کورتخایەنەکەت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەوەیە کە نمرەی قبووڵکراو لە تاقیکردنەوەی داهاتووی زانکۆدا بەدەست بهێنیت بۆ ئەوەی هەنگاوێک لە ئامانجە ماوە مامناوەند و ئامانجە درێژمەوداکەت نزیک ببیتەوە.

سەرچاوەكان

  • معتمد وزیری، فریدون (1373)، “برنامه ریزی”، مجله تعاون، شماره 38.
  • گوده، میشل (1375)، “از پیشبینی تا چشم انداز راهبردی”، مجله برنامەریزی و بودجه، شماره ویژە ISC.
  • مبروك، ساحلي (2019)، “مناهج وتقنيات الدراسات المستقبلية وتطبيقاتها في التخطيط”، المجلة الجزائرية للأمن والتنمية، جلد الرابع، رقم 2.
  • حەسەن، كامەران (2021)، “سیناریۆ و بەرنامەدانان بە پێی سیناریۆ”، گۆڤاری ئایندەناسی، ساڵی دووەم، ژمارە 8.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم

Send this to a friend