• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 9, 2021

ئەگەرەکانی یەکێتیی کوردی سووریا: هەڵسەنگاندنی جموجووڵە نێوخۆیی و هەرێمییەکان

نووسین: سیروان کاژجۆ

وەرگێڕان: پێشەوا جەلال

سەرچاوە: پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک

پرۆفایلی نووسەر: ڕۆژنامەنووس و توێژەر، کار دەکات لەسەر سیاسەتی کورد، میلیشیای ئیسلامی، توندڕەوی و ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کاری بۆ ژمارەیەک لە ناوەندی هەواڵ و توێژینەوە لە واشنتۆن دی سی و دەرەوە ئەنجام داوە، هەروەها دوو بەشی کتێبێکی لەسەر سیاسەتی کوردی سووریا نووسیوە کە ڕۆژنامەی ئیندیانا پرێس و زانکۆی کامبریج بڵاویان کردووەتەوە.

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

لە حوزەیرانی ٢٠٢٠، نوێنەرانی دوو کوتلە سیاسییە کوردییە گەورەکەی سووریا لە حەسەکە کۆ بوونەوە لە بارەی ڕاگەیاندنی تێگەیشتنێکی نوێ بۆ حوکمڕانیی باکووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە. ڕاگەیاندنی پشتیوانیی ئەمەریکا بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی هێنا بە ناکۆکییەکی شەش ساڵەی نێوان پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، کە بە شێوەیەکی نیمچەسەربەخۆ هەرێمە کوردییەکە بەڕێوە دەبات و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی (ئەنەکەسە) کە بووەتە ئۆپۆزسیۆنێکی دیفاکتۆ.

دەستپێشخەریی قۆناغی یەکەمی ئەم لێکتێگەیشتنانە هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) بوو، کە هەوڵ دەدات بەو شێوەیەی بارودۆخەکە ڕێگە دەدات بێلایەن بێت، نەک تەنها بۆ ئەم پڕۆسەیە، بەڵکوو بۆ هەر ڕووداوێک لە داهاتوودا لە ناوچەکەدا دێتە ئاراوە. سەرەڕای نزیکایەتیی ئاشکرا لەگەڵ پەیەدە، قەسەدەی پشتپێبەستراو لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکییەوە قایل کرا بۆ ڕۆڵبینین لەو ناوبژییە و هەوڵی دەدا خۆی وەک قەوارەیەکی سیاسی نیشان بدات.

هێرشی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ی تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە دوای کشانەوەی بەشێک لە ئەمەریکا لە سەرەتای هەمان مانگدا بوو، قەسەدەی هان دا کە پێشنیاری پێکهێنانی حوکمڕانییەکی هاوبەش بکات. ئەگەر داگیرکاریی تورکیا وانەیەکی پێشکەش کردبێت، ئەوە بوو کە پەیەدە بەتەنیا ناتوانێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نمایشەکە بەڕێوە ببات. لە لایەک گۆڕانکارییەکی خێرا پێویست بوو بۆ بەرهەمهێنانی سیستمێکی حوکمڕانیی خاوەن نوێنەرایەتیی زیاتر لە ناوچەکەدا، لە لایەکی ترەوە واشنتۆن پێی وا بوو کە دەتوانێت لەدوای کشانەوەی هێزەکانی و دواتر داگیرکارییەکانی تورکیا، هێزەکەی وەک پشتیوانییەک بەکار بهێنێت. ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەستی قەسەدەدا بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێنەرایەتی دابمەزرێنێت، کە بتوانێت ڕێگری بکات لە دەستتێوەردانی زیاتری سوپای تورک و کاریگەریی ڕژێمی ڕووسیا و سووریاش کەم بکاتەوە.

پەیەدە و باڵە سەربازییەکەی، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، لقی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی تورکیان، ماوەیەکی زۆرە جیاوازیی سیاسی-ئایدۆلۆژیی توندیان لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) هەیە. ئەنەکەسە لە کوردستانی عێراق پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی دەسەڵاتدار هەیە. ئەم جۆرە جیاوازییانە لەم ساڵانەی دوایی توندیی زیاتریان بەخۆیانەوە بینی.

هەر چەندە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکیی بەدوادا هات لەلایەن ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و هەڕەشەی  تورکیا و هێزە پرۆكسییەكانی لە لایەکی تر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە دەکات بە سەردەمێکی نوێی سازش و دیالۆگ لەنێوان هەردوو ڕکابەردا.

مێژووی سیاسیی کورد لە سووریا

لە سەرەتای دامەزراندنی یەکەمین پارتی سیاسیی کوردیی ئەو وڵاتەوە لە ساڵی ١٩٧٥ و تەنانەت پێشتریش، سیاسەتی کورد لە سووریا هیچ کات ناوخۆیی نەبووە، هەرێمە کوردییەکانی تر کاریگەر و ئیلهامبەخشی بزووتنەوە سیاسییەکانی سووریا بوون، بەتایبەت ناوچە کوردییەکانی عێراق و تورکیا. لە ساڵی ٢٠١١، ململانێی سووریا و ڕووداوەکانی دواتر نزیکە هەرێمی نیمچەسەربەخۆی کوردیی لێ بکەوێتەوە. هەر ئەم ڕەوتەی گۆڕانکاری، ئەو بیرۆکەیەی لەناو کوردەکانی سووریادا زیاتر کردووە کە پشتبەستن بە ئەکتەرەکانی تری کوردی و غەیرەسووری بۆ مانەوەی سیاسی؛ حەتمییە. بۆیە هەر دەرئەنجامێکی ئەو گفتوگۆیە بەردەوامەی کوردی سووریا، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە ئەوەی تا چەند پشتیوانانی هەرێمیی هەردوو لا ئامادەن بەشداری بکەن، چ بۆ خێر و چ بۆ شەڕ. بە هۆی کاریگەریی زۆری پەکەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر سیاسەتی کوردی سووریا، تێگەیشتن لە گرنگیی بەرەی یەکگرتووی کوردی لە سووریا؛ کلیلی سەرکەوتنی هەر کۆبوونەوەیەکە.

 

پەرەسەندنەکان لە کاتی ڕاپەڕینی سووریادا

لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠١١، گەنجانی کورد بەخێرایی خۆیان ڕێک خست، کۆمیتە خۆجێییەکان پێک هات بۆ هەماهەنگیکردنی هەوڵەکان لەگەڵ چالاکوانانی دژەحکومەت لە شوێنەکانی تری سووریا. بۆ نموونە؛ یەکێتیی لیژنەکانی هەماهەنگیی گەنجانی کورد پێشەنگی بزووتنەوەی ناڕەزایی کرد دژی حکومەت لە شار و شارۆچکە کوردییەکان و خۆیان دەگەیاندە گرووپەکانی گەنجان لە گەورەشارەکانی سووریا، وەک دیمەشق و حومس، بە مەبەستی یەکخستنی داوا سیاسییەکانیان.

بزووتنەوەی سیاسیی تەقلیدیی کورد کە بە شێوەیەکی سەرەکی نوێنەرایەتی دەکرێن لەلایەن ئەو حزبانەی کە سەر بە حکومەتی هەرێم و پەکەکەن، ئەوان لە کاردانەوەی بەرامبەر دۆخی سووریا خێرا نەبوون. لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١١، دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆی چڕ، لایەنە سیاسییەکان پێکهێنانی ئەنەکەسەیان ڕاگەیاند. هەر لەگەڵ لەدایکبوونی ئەنەکەسە، درز کەوتە نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەنەکەسە و پەیەدەوە. پەیەدە ڕەتی کردەوە بچێتە پاڵ کوتلە نوێیەکە، بە هۆی نەگونجانیان لەسەر ڕێژەی نوێنەرایەتیکردن. دواتر دەرکەوت پەیەدە بە شێوەیەکی جیا لە گرووپە کوردییەکانی تر، ئامادەکاریی کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکە.

لە کانوونی یەکەمی ٢٠١١، پەیەدە کوتلەی خۆی پێک هێنا و ناوی لێ نا ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان. هەروەها ئەنجوومەنەکە چەند پارتێکی بچووکتری لەخۆ گرت، لەگەڵ گرووپەکانی ژنان و گەنجان لەناو بازنەی فیکریی پەکەکەدا. پێشتر و لە هەمان ساڵدا، پەیەدە بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)ی دامەزراند کە بە دیزاینەری سیاسەتەکانی پەیەدە و هاوپەیمانەکانی دادەنرێت.

لەژێر فشاری جەماوەری و خەبات بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی تۆکمە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سووریا، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەردوو لایەنەکە کۆبوونەوەی فەرمییان ساز دا. کۆبوونەوەکان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی بوو، کە بووە هۆی ڕێککەوتن لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

– خاوەندارێتیکردن لە ڕێککەوتنەکەی هەولێر و ئەو دۆکیۆمێنتانەی کە بەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی ساڵی (٢٠١٢)ن و بنیاتنان و کاراکردنی ئەو ماددانەی تیێدایه و دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی.

– پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش (لیژنەی باڵای کورد، کە ئەرکی دانانی سیاسەتی گشتی و سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی کوردە لەم قۆناغە گرنگەدا، هەروەها خاوەندارێتیکردنی بنەمای یەکسانی لە پێکهاتەی هەموو لیژنەکان و کۆدەنگی لە پڕۆسەی بڕیارداندا).

– پێکهێنانی سێ لیژنەی تایبەتمەند بە (کارگێڕی، سەربازی، سیاسی)، بۆ بەدواداچوونی کاری مەیدانی.

– ڕاگرتنی هەڵمەتەکانی ڕاگەیاندن لەنێوان هەردوو لادا بە هەموو شێوەکان.

– قەدەغەکردنی توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی هەر کارێک کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لە ناوچە کوردییەکان.

– قایلبوون بە ئەو پەیڕەوەی کە هاوپێچی ڕاگەیاندنی هەولێرە و میکانیزمی کارکردنی تێدایە.

– پێکهێنانی ئەو لیژنانەی کە لە سەرەوە ناویان هاتووە لە ماوەی دوو هەفتەدا، لە ڕێکەوتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەوە.

 ئەم ڕێککەوتنە یەک پاکێجە و ڕێگەپێدراو نییە هیچ کام لە مەرجەکانی کە لەلایەن ئەو دوو حزبەوە پەسەند کراوە، پێشێل بکرێت.

هەرکە ئەو دوو وەفدە دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە لە هەولێرەوە گەڕانەوە سووریا، کێشە سەری هەڵدایەوە. ئەنەکەسە پەیەدەی تۆمەتبار کرد بە قۆرخکردنی دەسەڵات و پەیەدەش ئەنەکەسەی بە بێتوانا و بێدەسەڵات لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد.

لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠١٢ کە ڕژێمی سووریا سەربازەکانی لە ناوچە کوردییەکان کشاندەوە بۆ ئەوەی سەرنج بخاتە سەر شەڕکردنی ئۆپۆزسیۆن لە شوێنەکانی تری ئەو وڵاتە، یەپەگە بەخێرایی دەستی بەسەر زۆربەی شارۆچکەکانی باکووری سووریادا گرت، بەڵام ڕژێم ئامادەبوونێکی کەمی لە هەردوو شاری ستراتیژیی حەسەکە و قامیشلۆدا پاراست، لەوانەش فڕۆکەخانەی قامیشلۆ.

ئەم چەند مانگەی دواییش شاهیدی زیادبوونی بارگرژییەکان بووین لەنێوان پەیەدە و ئەنەکەسە. سەرەڕای هەندێ کاری هاوبەش و هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەولێر لە ڕێگەی دانانی بازگەی هاوبەش لە دەروازەی شارەکان، بەڵام نەیانتوانی پێکەوە کار بکەن. ئەم بێهەماهەنگییە ڕەنگدانەوەی ئەو جیاوازییە قووڵانە بوو کە لە سەرەتای کێشەی سووریاوە لەنێوان هەردوو لادا هەبوو.

پەیوەندیی بەهێز لەنێوان یەپەگە و پەکەکەدا، هێز و دەسەڵاتی کوردەکانی لە سووریا بەهێز کرد. گواستنەوەی  ئەزموون و ڕێکخراوی و دیسپلینی شەڕڤانەکانی پەکەکە بۆ سووریا، ڕۆڵی سەرەکییان لە بەهێزکردنی کاریگەریی هەرێمیی یەپەگە بینی.

لە سەرەتاوە لایەنی کەم پەکەکە کاریگەر بوو لە دابینکردنی چەک بۆ پەیەدە، بەڵام کاتێک پەیەدە دەستی گرت بەسەر سەرچاوەی نەوت و دانەوێڵە، بەخێرایی دەستی کرد بە خۆبنیاتنان بە جۆرێک پێویستی بە یارمەتیی ماددیی پەکەکە نەبێت.

سەپاندنی سەربازیی زۆرەملێ لە ناوچە کوردییەکان، یارمەتیی یەپەگەی دا تا ڕیزەکانی گەنج بکاتەوە و ڕێگایەک بوو تا چیتر پشت نەبەستێ بەو شەڕڤانانەی پەکەکە کە خەڵكی تورکیا و ئێران بوون.

زیادبوونی بارگرژییەکانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە، پێویستی بە دەستتێوەردانێکی بارزانی هەبوو کە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە فراکسیۆنەکەی دۆستی هەولێر لە بەڕێوەبردنی کوردستانی سووریادا بەشدار بێت. بەم شێوەیە لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٣دا، بۆ جاری دووەم لە هەولێر دوو لایەنەکە کۆ بوونەوە. وردەکاریی ڕێککەوتنە نوێیەکە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی نەبوو، تەنها ڕێککەوتننامه نوێیەکه جەختی لەوە دەکردەوە کە لیژنەی باڵای کورد تەوەری تەنهای حوکمڕانیی هەرێمە کوردییەکە بێت. ئەو ڕێککەوتنە نوێیە، کە دواتر بە ڕێککەوتنی هەولێری دوو ناسرا، بە شکست کۆتایی هات. هەردوو لا ڕەتیان کردەوە کە هەماهەنگی بکەن لەسەر کێشە پراکتیکییەکان و لیژنەی باڵاش بە ئیفلیجی مایەوە و بووە هۆی زیاتر تووڕەبوونی خەڵکی کورد.

ڕێککەوتنی دهۆک وەک بنەما

ناکۆکییەکانی نێوان دوو پارتەکە زیاتر بوو. پەیەدە یەکلایەنە ئیدارەی خۆسەردیموکراتی لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤ ڕاگەیاند، بەم شێوەیە ڕێککەوتنی هەولێر-دووی لەکار خست. ئەم چەند مانگەی دواییش گرژییەکی زیاتر لەنێوان هەردوو لادا دروست بوو، پێش ئەوەی جارێکی تر لە دهۆک لەسەر داوای بارزانی کۆ ببنەوە. دوای هەفتەیەک لە کۆبوونەوەی چڕ کە هەندێکیان بارزانی ئامادەی بوو، ڕێککەوتنێکی نوێ کە بە ڕێککەوتنی دهۆک ناسراوە، لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٤دا ڕاگەیەنرا.

هەر چەندە بەشێکی زۆری ئەو ڕێککەوتنە لە دوو ڕێککەوتنی پێشتردا هەبووە، بەڵام بۆ یەکەم جار خاڵێکی سەرەکی زیاد کرا، ئەویش دامەزراندنی “مەرجەع” ە کە  لە سی و دوو کەس پێک هات: دوازدە کەس لە هەر لایەک و ئەو هەشتەی کە ماوە لە گرووپەکانی دیکە بوون، کە بەشێک نەبوون لە ڕێککەوتنەکە. بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ئەم سی و دوو ئەندامە لە داڕشتنی ستراتیژ و پٍیشاندانی یەک هەڵوێستی و دروستکردنی شەراکەتی ڕاستەقینە لەنێوان کۆمسیۆنە جیاوازەکانی ناو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیدا بەرپرسیار دەبن.

گفتوگۆکان جەخت له ڕێککەوتنی دهۆک دەکەنەوه، وەک بناغەیەک بۆ پڕۆسەی دانوستانی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە. یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی کە لە مێژە خاڵی ململانێ بووە، گەڕانەوەی هەشت هەزار پێشمەرگەی کوردی سووریایە کە بە پێشمەرگەی ڕۆژئاڤا ناسراون. هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاڤا، لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان -عێراق-ی بارزانییەوە دامەزراوە، بە مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگای کوردی سووریا. ئەو هێزە زیاتر ئەفسەر و سەربازی کوردی سووریا لەخۆ دەگرن، کە پاش سەرهەڵدانی ڕاپەڕین لە سوپای سووریا دەرکراون و چەندین کوردی تری سووریا کە لە کوردستانی عێراق نیشتەجێن، لەو چەند ساڵەدا پەیوەندییان بەو هێزەوە کردووە. ئەو گرووپە پێشمەرگەیە لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی باکووری عێراق بەشداریی شەڕی داعشیان کردووە.

هەر چەندە پەیەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) ڕەتی دەکەنەوە کە دوو هێزی سەربازی لە باکووری ڕۆژهەڵات هەبێت، بەڵام ئەوەی دواتر ئامادەیی دەربڕی کە پێشمەرگەکانی ڕۆژئاڤا لەناو ڕیزەکانیدا لەخۆ بگرێت. ئەنەکەسە داوای دووبارە بنیاتنانەوەی قەسەدە دەکات، کە تێیدا هێزی سەربازی بەیەکسانی لەنێوان هەردوو لادا هاوبەش بێت. ئەندامی سەرکردایەتیی دانوستانکاری ئەنەکەسە، سلێمان ئۆسۆ، دەڵێت: “هیچ ڕێککەوتنێک بەبێ شەراکەتی سەربازی ئیمزا ناکەین.” جەختی کردەوە پێشمەرگەی ڕۆژئاڤا وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ لەژێر فەرماندارێتیی سەربازیی هاوبەشدا لەگەڵ قەسەدە دەگەڕێتەوە، بەڵام فەرماندەیەکی باڵای قەسەدە ڕایگەیاند گەڕانەوەی سەربازەکان تەنها کاتێک دەبێت کە ڕازی بن لەژێر فەرمانی قەسەدەدا بن، وتیشی: “بێگومان دەتوانن بگەڕێنەوە، لە کۆتاییدا ئەوانە کوردی سووریان، پێشمەرگەکانی ڕۆژئاڤا دەتوانن پێکهاتەی خۆیان بپارێزن وەک زۆرێک لە گرووپە سەربازییە ناکوردییەکانی وەکوو جەیشی ثوار لەژێر ئاڵای قەسەدەدا”. جێگیربوونی ئەم پرسە تا ڕادەیەکی زۆر دەرەنجامی گفتوگۆی پەیەدە و ئەنەکەسە دیاری دەکات.

بۆچوونی دوو بەرەکە لەسەر حوکمڕانی

 سەرەڕای هەوڵی جۆراوجۆر بۆ کاری پێکەوەیی، پەیەدە و ئەنەکەسە کە کاتێک دێتە سەر مۆدێلی حوکمڕانی بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەمیشە بۆچوونی جیاوازیان هەیە. ئەم جۆرە جیاوازییانە هۆکاری سەرەکین لە پارچە پارچەبوونی ئەوان. لە کاتی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیەدە و لقەکانی دەربارەی شێوەی بەڕێوەبردن بیرۆکەی خۆیان ڕوون کردەوە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێییان ڕاستەوخۆ لە ئایدیاکانی عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر خۆبەڕێوەبەری وەرگرتووە. ئۆجالان کاریگەریی  نووسینەکانی مورای بوکچین لەسەرە کە تیۆریست و فەیلەسووفێکی چەپ بوو. ئەلتەرناتیڤی پێشنیارکراوی ئەو، دروستکردنی ئابوورییەک بوو لەسەر بنەمای پێویستیی مرۆیی و دامەزراندنی کۆبەندیی جەماوەری، بە ئامانجی بەهێزکردنی خەڵک لە ئاستی ناوخۆیی. مەزهەبی بوکچین، هەندێک جار بە “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” یان “نەتەوەی دیموکراتیک” ناو دەبرێت، بووە بە درووشم بۆ پەیەدە، یەپەگە و قەسەدە.

پەیەدە سیستمی حوکمڕانیی چەمکی ئابووریی نوێی بە خەڵک ناساندووە، بۆ نموونە مۆدێلی کۆمۆنە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە گەڕەکەکاندا. هەروەها پەیەدە لە چەند سێکتەرێکی وەک دابینکردنی خۆراک و کارەبادا هەماهەنگیی نوێی دامەزراندووە، سەرەڕای ئەو تەحەدییانەی کە بە هۆی ئەو ئاڵۆزییە بەردەوامەی لە سووریا هەیە، بەڵام کاریگەریی ئەم جۆرە هەوڵانە لە حوکمڕانیی نوێ لە چەند ساڵی ڕابردوودا تاقی کراوەتەوە.

بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییەکانی کۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە ناوچە کوردنشینەکان بەدیاریکراوی و لە سووریا بەگشتی، پەیەدە نەیتوانیوە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سەرەتادا وێنای کردبوو بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەتەواوی جێبەجێ بکات. بارودۆخی ئێستای باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماژە بە سیستمێکی دووڕەگیی حکومەتی خۆجێیی دەکات.

ئەنەکەسە تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە بۆ حوکمڕانی لە هەرێمە کوردییەکە. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی (٢٠١١)ەوە، کوتلە سیاسییەکەی بە چەندین ئاڵۆزیی ئایدیۆلۆژیدا تێپەڕی. ئەنەکەسە هاوپەیمانییەکی فرەلایەنە و خاوەن ئایدۆلۆژیای جیاوازن، ئەوەش بووەتە ئالنگارییەک بۆ کوتلەکە. بۆ نموونە؛ دوو پارتی دەسەڵاتدار لەناو ئەنەکەسە، پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا و یەکێتین، ئەمانە باکگراوندی ئایدۆلۆژیی جیاوازیان هەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا؛ کۆنترین هاوپەیمانیی بارزانییە لە سووریا، نوێنەرایەتیی بەها سیاسییە کۆنزێرڤاتیڤەکان دەکات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە پەیوەندیی جوگرافی و کۆمەڵایەتییان بە کوردستانی عێراقەوە هەیە، بەڵام یەکێتی نوێنەرایەتیی چەپی کوردی سووریا دەکەن لە دەرەوەی پێکهاتەی پەیەدە. هەندێ پارتی بچووکی تر هەن لە ئەنەکەسە، کە هەر سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا و یەکێتین. سەرەڕای فرەلایەنییان، بەڵام کۆکن لەسەر ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی حوکمڕانیی “نەتەوەی دیموکراتیک”.

لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٦، ئەنەکەسە ڕوانگەی خۆی بۆ کوردستانی سووریا خستە ڕوو کە لە 115 مادە و پێشنیاری  دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان پێک هاتبوو. پێشنیارەکە لە زۆر ڕووەوە لەگەڵ گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکەی پەیەدە یەکی دەگرتەوە، بەتایبەتی لەسەر ئەو کێشانە وەک: فیدرالیزم، مافی کەمایەتییەکان، پلۆرالیزمی سیاسی و ڕوانگەی گشتی بۆ دەوڵەتی سووریای داهاتوو.

فاکتەرێکی تر کە درزی نێوان دوو لایەنەکەی فراوانتر کرد، هاوپەیمانییان بوو لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆنە عەرەبییەکان. لە حوزەیرانی ٢٠١١، پەیەدە یارمەتیی دامەزراندنی “دەستەی هەماهەنگیی نیشتمانی بۆ گۆڕانکاریی دیموکراتی” دا کە وەکوو ئۆپۆزسیۆنێکی نزیک لە ڕژێم دەبینرا. دوو ساڵ دواتر لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣، ئەنەکەسە بووە بەشێک لە هاوپەیمانیی نیشتمانیی هێزە شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا (یان ئیتیلافی عەرەبی بۆ هاوپەیمانی) کە بنکەکەی لە تورکیا بوو، بەتوندی دژی پەیەدە و سیستمەکەی بوو.

لە ڕووی واقیعییەوە ئیدارەی پەیەدە پاڵپشتیی سیاسیی پێویستی نەبوو بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت، بۆیە دەبووایە پشت بە کوردی دەرەوەی خۆی ببەستێ بۆ بەڕێوەبردنی لقە جۆراوجۆرەکانی. لە ڕاستیدا چەند هەفتەیەک بەر لە گفتوگۆی نێوان هەردوو لا لە حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، پەیەدە هاوپەیمانییەکی نوێی لەگەڵ حزبە کوردییە بچووکەکان ڕاگەیاند. ئەم پارتانە تێکەڵەیەک بوون لە (1) هەندێک لایەنی جیابووەوە لە ئەنەکەسە کە بەشێک بوون لە ئیدارەی خۆسەری و (2) گرووپەکانی کە دوای دامەزراندنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دامەزرابوون، لە کاتی ململانێی سووریادا. ئامانجی پشت ئەم هاوپەیمانییە نوێیەش ئەوە بوو کە ئەو پەیامە بگەیەنێ، پەیەدە بەتەنیا نییە لە دانوستانی نوێدا لەگەڵ ئەنەکەسە.

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان

لەدوای سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2014، ئامانجی ئەمەریکا لە سووریا لەناوبردنی ئەو گرووپە بووە، فۆکەسی پەیەدەش لەسەر ئەو ئامانجە بوو، بەو شێوەیەش پەیوەندیی ئەمەریکا لەگەڵ یەپەگە یەکیان گرت. یەپەگە و دواتریش قەسەدە بۆ سوپای ئەمەریکا هاوبەشێکی بێوێنە بوون، ئارەزووی ئەمەریکا بۆ کارکردن لەگەڵ قەسەدە تا ڕادەیەکی زۆر لە ویست و توانای ئەو گرووپە کوردییانە بوو کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش مەرجی پێشوەختەیان نەبوو. سوپای ئەمەریکا بۆی دەرکەوت کە ئەو پەیوەندییەی کاریگەر دەبێت، هەوڵی دا داعش لە گەورەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا وەدەرنێ، لەوانە ڕەققە، پایتەختی دی فاکتۆی گرووپە جیهادییەکە. پەیوەندییەکی جێگیر لەگەڵ یەپەگە و قەسەدە بۆ سوپای ئەمەریکا گرنگ بوو بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی. زۆر جار بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا قەسەدەیان ئامادە دەکرد تا کاریگەرتر بن لە شەڕی دژی داعش. کاتێک سوپای ئەمەریکا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بۆ کوشتنی دامەزرێنەری گرووپەکە؛ ئەبو بەکر بەغدادی ئۆپەراسیۆنی کرد، سوپاسگوزاریی خۆی دەربڕی بۆ کوردانی سووریا بەرامبەر پشتگیرییان لە هێرشەکەدا. تەنانەت خودی سەرۆک دۆناڵد ترامپ کاتێک کوژرانی بەغدادیی ڕاگەیاند، سوپاسی کوردەکانی کرد.

پەیەدە هەوڵی دا ئەو پشتگرییە سەربازییەی ئەمەریکا وەربگێڕێ بۆ پاڵپشتیی سیاسی، کە گرووپەکە بەکاری بهێنێت بۆ نیشاندانی شەرعیەتی خۆی هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە. ئەم هەوڵانە بێسوود بوون، چونکە ئەمەریکا دەیویست ئەم جیاکارییە لە وەڵامی نیگەرانییە گەشەسەندووەکانی تورکیا دەربارەی هاوپەیمانیی نوێی واشنتۆن لەگەڵ یەپەگەدا بپارێزێت.

بەڵام لە حوزەیرانی ٢٠٢٠دا باڵوێز ولیام ڕۆبەک، جێگری نێردەی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش و بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە میانەی ڕاگەیاندنی لێکتێگەیشتنی پەیەدە-ئەنەکەسە ئامادە بوو. ئامادەبوونەکەی زۆر گرنگ بوو، ڕۆبەک تەنانەت بۆ پشتگیری لە لێکتێگەیشتنەکە لێدوانی دا. باڵوێزخانەی ئەمەریکاش لە دیمەشق بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و پشتیوانیی خۆی دەربڕی و وەرگێڕانی بە زمانی کوردی بۆ کرا. بەڵام ئەم جووڵانە سەرەڕای گرنگییە سیمبولییەکەی، نابێتە هۆی گۆڕینی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە کورد، یان لە سووریا.

ئامانجی ئاشکرا بۆ واشنتۆن، کۆکردنەوەی کۆمەڵگای عەرەبی و کوردی بوو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە هێزە کوردییەکان سەرکردایەتیی سەربازییان دەکرد لە ناوچە عەرەبی-زۆرینەکان لە پارێزگاکانی حەلەب و ڕەققە و دیر ئەلزۆر. ئەم کارە، ئەمەریکا دڵنیا دەکاتەوە کە چەکدارانی داعش دەستیان ناگات بە داهاتی نەوت تا یارمەتییان بدات بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە و دروستکردنی هەڕەشەی نوێ لە ناوچەکەدا.

لە سەردانەکەی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٠ بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا و نێردەی تایبەتی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش، لەگەڵ سەرکردەکان لە دیالۆگی ناوخۆیی کورد کۆ بوویەوە. جیفری پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ ئەو گفتوگۆیانە دەربڕی و داوای لە هەردوو لا کرد کە زاڵ بن بەسەر جیاوازییەکانیان و گەیشتن بە ئەنجامی دیاریکراو.

بۆ ئەمەریکا، هێشتنەوەی هێزەکانی تورکیا لە چاوەڕوانیدا هۆکارێکی تر بوو تا بیەوێت پەیەدە و ئەنەکەسە پێکەوە کۆ ببنەوە، بەو هیوایەی ئەنقەرە ڕازی بێت بە هەبوونی گرووپێکی دۆستی تورکیا -پارتی- کە بەشدار بێت لە بەڕێوەبردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەڵام بۆ قایلکردنی تورکیا، زیاتر لە کۆکردنەوەی دوو لایەنی کوردی پێویست دەکرد، هەر لەبەر ئەمەشە کە ڕۆبەک لە لێدوانی دواتری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە دیمەشق جەختی لەسەر گفتوگۆی فراوانتر کردەوە سەبارەت بە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە گرووپی دیکە بگرنە خۆ. هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شارۆچکە کوردییەکانی ڕەس ئەلعەین و تەل ئەبیەز لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، پلانەکەی واشنتۆنی خێراتر کرد بۆ هەنگاونانی کرداری بەو ئاڕاستەیەدا. ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە بەفەرمی پشتگیری لە ڕێککەوتنی حزبەکان دەکات، لەوانەیە ئەمەش پەیامێک بێت لەلایەن ئەمەریکاوە کە نیازی جددیی هەیە لە یارمەتیدانی دامەزراندنی ئیدارەیەکی گشتگیرتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. واشنتۆن ئاشکرای کردووە کە سەربازەکانی ئەمەریکا لە چەند بەشێکی ڕۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە داعش و سووریا لە گەیشتننیان بەو ناوچانە. لە بودجەی بەرگریی ساڵی ٢٠٢١دا، ئەمەریکا پێشنیاری کردووە کە بەردەوام بن لە یارمەتیدانی قەسەدە و هەوڵی هاوبەش بۆ شەڕکردن لە ڕۆژهەڵاتی سووریا. ویلایەتە یەکگرتووەکان بەنیازە بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی قەسەدە لە ڕووی توانای بنیاتنان و کارامەیی شەڕ. پێشتر و دوای ئەوەی ئەمەریکا سزاکانی قەیسەری دژی ڕژێمی ئەسەد ناساند، بەرپرسانی ئەمەریکا هاوبەشە کوردەکانیان ئاگادار کردەوە کە باکووری ڕۆژهەڵات لە کاریگەریی سزاکان دەپارێزرێن.

ئەو بەڵێنانە وا دیارە جێبەجێ کران بەو ڕێککەوتنە نەوتییەی کە لەنێوان کۆمپانیایەکی ئەمەریکی -دەلتا کرێسنت ئینێرجی ئێڵ سی- و قەسەدەدا ئیمزا کرا. ئەو مامەڵەیە یارمەتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات بۆ گەڕان و پوختەکردن و تەنانەت هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی کاریگەرتر. بە وتەی کاربەدەستێکی باڵای کورد، بەشێک لە ڕێککەوتنەکە دروستکردنی پاڵاوگەی مۆدێرنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە بە نرخی ١٥٠ ملیۆن دۆلار. مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە ئەو مامەڵەیە کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نوێتر دەکاتەوە.

ئەمەریکا پێی وایە پشتگیریکردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەبێ ئابووریی ناوخۆیی بێسود دەبێت، بۆ ئەوەی بەتەواوی پشت بە دیمەشق نەبەستێت. لەو کاتەوەی کوردەکان دەستیان بەسەر هەرێمەکەدا گرتووە، بە شێوەیەکی زۆر پشتیان بە ڕژێم بەستووە بۆ دابینکردنی کاڵاکان. تاکە دەروازەی دەرەوە، دەروازەی سنووریی سێمێلکا بووە لەگەڵ کوردستانی عێراق. سێمێلکا خۆی خاڵی سنووری فەرمی نییە، بەڵکوو لە ساڵی ٢٠١٣دا کرایەوە بۆ ئاسانکاریی گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بۆ ناوخۆی سووریا. هەندێک کات سێمێڵکا وەک ئامرازێک بۆ فشاری سیاسی بەکار هاتووە، هەم لەلایەن پەیەدەوە لە بەرەی سووریا و هەم پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرەی عێراق. بۆ نموونە؛ ئەو خاڵی پەڕینەوەیە چەند جارێک داخراوە، لە کاتێکدا کە ئاڵۆزییەکان لەنێوان پەیەدە و ئەنەکەسە زیادی کردووە. سێمێڵکا ڕەنگدانەوەی کاریگەریی هەرێمیی لەسەر سیاسەتی ناوخۆی کورد لە سووریادا هەیە.

لە ماوەی ئەو چەند ساڵە، پەیەدە نەوتی خاوی ڕەوانەی ڕژێمی ئەسەد کردووە. ئەمەریکا بە تێگەیشتن لە ئابووریی ناوخۆیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، چاوی لە چالاکییەکی لەو شێوەیە داخستووە، بەڵام لەژێر ئەم مامەڵە نوێیەدا نەک هەر ئەسەد ڕێگەی پێ نادرێ بگاتە کێڵگە نەوتییەکان، بەڵکوو پەیەدە هیچ نەوتێکی خاوی پێ نافرۆشێ. کەرتی نەوتی بەهێز و مۆدێرن، بە پشتیوانیی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێتە هۆی سەربەخۆیی ئابووریی زیاتر بۆ ئیدارەی خۆسەر، هاوکات لەگەڵ پێشکەشکردنی هێزی سیاسی بۆ کوردەکانی سووریا بۆ زیادکردنی جموجووڵی بازرگانی لە ڕێگەی سێمێلکاوە. پاراستنی سەقامگیریی سێمێلکا، سەربەخۆیی زیاتر بە ئیدارەی خۆسەر لە ڕژێمی ئەسەد دەبەخشێت، کە ئەو دەروازە سنوورییە ناناسێت و ناوبەناو داوای داخستنی کردووە.

لەخۆگرتنی ئەنەکەسە لە ئیدارەی خۆسەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هان دەدات بۆ مامەڵەکردنی داهاتوو لەگەڵ قەوارە کوردییەکەی سووریا. لە ڕاستیدا هەر لەبەر ئەم هۆیە بوو کە بارزانی پشتگیریی ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییەی دەکرد. ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە هەرێمی کوردستانی تیایە لە ئێستادا، وا دەکات بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگی بە بازرگانی لەگەڵ هەرێمە کوردییەکەی سووریا بدەن.

بەکورتی: قەوارەیەکی سەقامگیر و ئاشتکراوەی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵات، نەک تەنیا خزمەت بە هەوڵەکانی سەقامگیرکردنی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی سووریا دەکات، بەڵکوو وێنەیەکی ئەرێنی دەدات بە تێوەگلانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا.

ئەگەر ڕۆژهەڵاتی سووریا سەقامگیر بێت، هەرێمەکانی دیکەی باشوور کە ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە سیاسەتی سیاسی و ئابووریی شکستخواردووی ئەسەد -ئەو ناوچانەی کە دەرعا و سوەیدایان تێدایە-، دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر دروست بکەن و پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ بەرە بەرە پەراوێزکردنی ئەسەد دروست بکەن.

تورکیا

کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی تورکیا و یەپەگە نزیک ببنەوە. لە کاتێکدا شەڕڤانانی کورد بێئومێدانە بەرگرییان لە چەند چارەکی کۆتایی کۆبانێ کرد لە دژی هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی، بەرپرسانی تورکیا سەرقاڵی پێشبینیی پێشوەخت بوون سەبارەت بە کەوتنی ئەو شارە بۆ ئەو گرووپە. لەژێر فشاردا بێت یان نا، تورکیا ڕێگەی بە پێشمەرگە کوردەکانی عێراق دا کە لە کۆبانێ لە دژی داعش پشتیوانیی سەربازی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بکەن. نزیکەی دوو سەد پێشمەرگە لەگەڵ کاروانێکی سی و هەشت ئۆتۆمبێلی هەڵگری چەکی قورس و پێداویستی، چوونە ناو خاکی تورکیاوە و بەرەو ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ کۆبانێ بەڕێ کەوتن بۆ شەڕکردن لە شەڕی دژی داعش.

کاتێک حکومەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٣دا دەستی بە گفتوگۆی ئاشتی کرد لەگەڵ پەکەکە، ئەنقەرە بەدوودڵی ڕازی بوو بە پەیەدە و یەپەگە زۆربەی باکووری سووریا بەڕێوە ببەن. بوونی یەپەگە لە باکووری سووریا، تا پلەیەکی دیاریکراو سنووری باشووری تورکیای پارێزراو کرد. لەو ماوەیەدا ساڵح موسلیم (سەرۆکی پێشووی پەیەدە) و بەرپرسانی دیکەی پەیەدە زۆر جار سەردانی ئەنقەرەیان دەکرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، بەڵام ئەم دیدارانە کۆتایی هات لەگەڵ شکستی کۆبوونەوەکانی ئەنقەرە لەگەڵ پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٥.

ئەگەر سیاسەتی تورکیا لە سووریا بەتەواوی لەسەر بنەمای دژەکورد نەبێت، ئەوا بێگومان پاڵنەری سەرەکیی سیاسەتەکانیەتی. هەر لە سەرەتای شەڕی سووریاوە، تورکیا لەوە هاتە دەنگ کە دامەزراندنی قەوارەیەکی کوردی لەسەر سنووری باشووری خۆی قبووڵ نییە. ئەنقەرە پەیەدە و یەپەگە وەک درێژکراوەی پەکەکە دەبینێت.

پاڵپشتیی ئەمەریکا بۆ یەپەگە تورکیای تووڕە کرد، بەڵام هیچ شتێکی وا نەبوو ئەنقەرە بتوانێت قەناعەت بە هاوپەیمانیی ناتۆ بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنێت بە کاری هاوبەش لەگەڵ شەڕڤانانی کوردی سووریا. لە ماوەیەکی کورتدا، یەپەگە خۆی سەلماند وەک هێزێکی شەڕکەری کاریگەر لە ئەرکی شکستپێهێنانی گرووپی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا. بە پێچەوانەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکانی تر، یەپەگە بەدیسپلین و ڕێک خرابوو. سەرەڕای ناڕەزاییەکانی تورکیا، واشنتۆن بڕیاری گونجاوی دا بۆ فراوانکردنی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ یەپەگە.

پاشان کارتی ئەنەکەسە هات. کاتێک ئەنەکەسە چووە پاڵ ئیتیلاف، ئەوە دەرفەت بوو کە تورکیا ئیستغلالی گرووپێکی کوردی بکات بۆ بەرژوەندیی سیاسیی خۆی لە دژی پەیەدە. ئەنەکەسە لە ڕووی سیاسی و داراییەوە کە بارزانی پشتیوانیی لێ دەکات -کە هاوپەیمانی نزیکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە-، بەخێرایی بوو بە بارئامرازێک بۆ سیاسەتی دژەپەیەدە لەلایەن تورکیاوە لە سووریا. ئەنقەرە زۆر جار بوونی ئەنەکەسە بۆ نایاسایی نیشاندانی پەیەدە بەکار هێنا. ئەنەکەسە لەناو کۆمەڵگەی کوردیی سووریادا پشتیوانییەکی جەماوەریی بەرچاویان هەیە، بەڵام لە ڕووی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و دیسپلینی سیاسی و لە هەمووشی گرنگتر دەسەڵاتی سەربازی، هاوتای پەیەدە نییە. تورکیا شکستی هێنا لە پێشکەشکردنی گرووپەکە وەک بەدیلێک، تەنانەت لە گفتوگۆی جنێفی نێوان ڕژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆندا.

پاش درککردن بە بێهوودەیی یاریکردنی کارتی ئەنەکەسە لە دژی پەیەدە و شکستهێنانی قایلکردنی ئەمەریکا بۆ ئەوەی دەست لە پشتیوانییەکانی بۆ یەپەگە و قەسەدە هەڵبگرێت، تورکیا بڕیاری دا کێشەکان بگەڕێنێتەوە دەستی خۆی. دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕی سووریا، تورکیا لە ساڵی  ٢٠١٦دا لە بواری سەربازییەوە چووە ناو ئەو شەڕەوە، نەک دژی ئەسەد یان داعش، بەڵکوو بۆ ئەوەی یەپەگە و قەسەدە لە فراوانکردنی خاکەکەیان بوەستێنێت. سەرەڕای بەردەوامیی بەڵێنی تورکیا بۆ شەڕی دژی داعش، بەڵام بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا دڵنیا نەبوون کە ئایا دەستتێوەردانی سەربازیی ئەنقەرە یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی ئامانجە جێگیرەکەی واشنتۆن کە نەهێشتنی داعشە. نیگەرانیی ئەوان ئەوە بوو کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لەنێوان سوپای تورکیا و یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە و قەسەدەدا، شەڕەڤانانی کورد لە شەڕی سەرەکیی دژی داعش سەرقاڵ بکات و بەم شێوەیە شەڕ لە دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دوا بخات. هەر چەندە ئامانجی فەرمیی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕاتی تورکیا وا دەردەکەوت دەرکردنی شارۆچکەکانی وەک جەرابلوس و ئەلباب بوو لە دەست داعش، بەڵام ئەوە ڕوون بوو کە ئامانجی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ڕێگری لە شەڕڤانانی کورد بکرێت لە پێکهێنانی قەوارەیەکی هاوسێ بە درێژایی سنووری تورکیا. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا، ئۆپەراسیۆنی زەیتوونی تورکیا، یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگەی لە شاری عەفرینی کوردستانی سووریا دەرکرد کە پێگەیەکی گرنگی پەیەدە بوو. پاش کەمتر لە دوو ساڵ، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، ئۆپەراسیۆنی ئاشتیی بەهاری تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە و قەسەدەی لە شارۆچکەکانی ڕەس ئەلعەین و تەل عەبیەد دوور خستەوە.

پەیەدە و لایەنگرانی بەردەوام بوون لە تۆمەتبارکردنی ئەنەکەسە بە هاوکاریکردنی تورکەکان. ئەم جۆرە تۆمەتانە بەشێکی زۆری لەوەوە سەرچاوەی گرت کە هەندێک لە سەرکردەکانی ئەنەکەسە لە تورکیا بوون، وەک عەبدولحەکیم بەشار و فواد عەلیکۆ، هۆکاری کردەوەی سەربازیی تورکیایان خستە سەر یەپەگە و قەسەدە کە هەرێمە کوردییەکەیان بەرەو شەڕی نایەکسان لەگەڵ تورکیا ڕاکێشاوە. ئەم سەرکردە پرۆتورکانەی ئەنەکەسە، گرووپەکەیان خستە ناو پێگەی خراپەوە لەگەڵ پەیەدە کە بە خیانەتکار ناوی بردن.

پێشتر و لەدوای ئەو داگیرکارییانە، تورکیا خێرا بوو لە بەکارهێنانی پرۆکسییە سیاسییەکانی سووریا وەکوو ئیخوان موسلیمین بۆ هێرشکردنە سەر پەیەدە و قەوارە سیاسییەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئیتیلاف کە بنکەی لە ئەستەنبووڵە و هاوکاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بوو لە عەفرین و ڕەس ئەلعەین، چەندین جار پەیەدە و چەکدارەکانی بە گرووپی تیرۆریستی وەسف کردووە کە دەبێت لەناو ببرێت. ئەنەکەسە هێشتا بەشێکە لە ئیتیلاف، تورکیا زۆر جار باسی ئەوەی کردووە کە ئەنەکەسە نوێنەری شەرعیی کوردە لە سووریا، بەڵام کاتی ڕاگەیاندنی گفتوگۆی پەیەدە و ئەنەکەسە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠، چاوش ئۆغڵۆ وتی هەر ڕێکخراوەیەک لەگەڵ پەکەکە کار بکات؛ بەئامانجی دەگرین.

ئایندەی ئەنەکەسە لەناو ئیتیلافدا، پێدەچێت بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان بێت لەگەڵ پەیەدە. مانەوەی ئەنەکەسە وەکوو بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی، دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن دوو لایەنەکە ڕێک دەکەون لەسەر نوێنەرایەتییان لە هەر دانوستانێکی ئاشتی لە بارەی ئایندەی وڵاتەکەوە. بەشداریی پەیەدەش لە دانوستانەکانی ئاشتی بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکەوێتە سەر ئەوەی ئایا تورکیا قایل دەبێت بە بەشداریکردنی. ئەم گریمانەیە ڕەنگە ئەرکی دیپلۆماتە ئەمەریکییەکان بێت.

ڕژێمی سووریا

کاتێک کە سەربازەکانی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٢ لە ناوچە کوردییەکان کشابوونەوە لە گەرمەی ڕاپەڕینی سووریادا، تێگەیشتنی سەرەتایی ئەوە بوو کە ڕژێم کەمترین ئامادەبوونی لە گەورەشارەکانی وەک قامیشلۆ و حەسەکەدا هەبوو. باقیی قامیشلۆ و حەسەکە و تەواوی هەرێمەکە کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی یەپەگە. بەپێی کات، یەکینەکانی پاراستنی گەل دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەدیان لە گۆڕەپانە ئەمنییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە قامیشلۆدا قەتیس کرد. ئەو بێسەروبەرییە لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە تا مانگی ١٠ی ٢٠١٩ وا مایەوە، هەر چەندە هەندێک جار زنجیرە توندوتیژی لەنێوان هێزەکانی ئەسەد و یەپەگەدا ڕووی دەدا کە بەزۆری لەسەر داهاتی نەوت و گومرگ و کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچەی دیاریکراو بوون.

بەڵام سەرەڕای گەورەبوونی پشتیوانیی سەربازیی ئەمەریکا بۆ پەیەدە، پەیەدە هەمیشە کەناڵێکی کراوەی لەگەڵ دیمەشق هێشتەوە، چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. هەندێک کەسی بەهێز لەناو ئیدارەی خۆسەردا بەبەردەوامی داکۆکییان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمدا کردووە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کورد لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ دیمەشق بۆ دانوستان لەسەر داهاتووی هەرێمەکەی، بەم شێوەیە پەیوەندییەکی کەم لەگەڵ ڕژێمدا دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ هەر دانوستانێکی داهاتوو. کەسانی تر لەناو پێکهاتەی پەیەدە-قەسەدە کە دژی ئەم بیرۆکەیەن و بە زیادکردنی پشتیوانیی ئەمەریکا هەوڵی دوورکەوتنەوەیان دا لە ئەسەد.

ئەسەد جاروبار بە هۆی کاری هاوبەشیان لەگەڵ ئەمەریکییەکان، هێرشی دەکردە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و قەسەدە، بەڵام تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ لە پێگەیەکدا نەبوو کە هەڕەشەی ڕاستەقینە لە دژی کورد بکات، چونکە لە شەڕی جۆراوجۆردا لە دژی ئەو یاخیبووانەی لە تەواوی سووریادا هەبوو؛ سەرقاڵ بوو. کاتێک ڕژێمی سووریا وردە وردە دەستی بەسەر زۆربەی ئەو ناوچانەدا گرت کە پێشتر لەلایەن یاخیبووانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، گوتاری دژەکوردەکەی زیاتر بوو. وتەکانی ئەسەد و بەرپرسانی پلەبەرز، دووپاتیان دەکردەوە کە هەرێمی کورد و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنترۆڵ کراون؛ بەدەر نین لە ئامانجی کۆتایی ڕژێم بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵات.

ئەو خواستانە تەنیا ئەو کاتە بەهێز بوون کە هێزەکانی ئەمەریکا لە بەشەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کشایەوه و تورکیا هەرێمەکەی داگیر کرد. دوای بێهیوابوون لە هاوکاری، بۆ ئەوەی تورکەکان لە پێشڕەویی زیاتر بۆ ناو خاکی کوردان بوەستێنن، قەسەدە بەفەرمی بانگهێشتی هێزەکانی ڕووسیا و ڕژێمی ئەسەدی کرد، پێیان وا بوو ئەمە تورکیا ناچار دەکات ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ رەئس عەین و تەل ئەبیەز سنووردار بکات.

ڕژێم گەڕانەوەی خۆی بۆ چەند بەشێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ لایەنگرانی خۆی بۆ یەکەم جار لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە وەک سەرکەوتنی گەورە نمایش کرد. هەر چەند ئەمە زللەیەک بوو لە دەموچاوی کورد بەرامبەر پشتبەستن بە ئەمەریکییەکان، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ شتێکی سەرەکیی لەسەر ئەرزی واقیع نەگۆڕی. ئەو سەربازانەی ڕژێمی ئەسەد کە بۆ ناوچەکانی وەک کۆبانێ و عەین عیسا لە باکوور بڵاوە پێ کران، لەلایەن قەسەدەوە خواردنیان پێ درا و جێگە کرانەوە. ئەسەد دانی بەوەدا دەنا کە سوپاکەی بە هۆی نۆ ساڵ شەڕەوە داڕماوە، توانای ئەوەی نییە کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکە بکات، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی سیاسییشەوە ئەوە بکرێت. هەروەها دانی بەوەدا نا کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاستییەکی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی نوێ هەیە و گۆڕینیان ماوەیەکی زۆری دەوێت.

لە شوباتی ٢٠٢٠، ڕووسیا دەستپێشخەرییەکی کرد بۆ نێوەندگیریی نێوان ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات کە باڵی سیاسیی قەسەدەیە و ڕژێمی سووریا. ئەم جووڵەیە گرنگ بوو، چونکە پەیەدە و پارتەکانی تری ئەنجوومەنەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەسەد کەوتنە گفتوگۆ دوای داگیرکارییەکانی تورکیا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩. خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان ڕژێمی سووریا و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، هەم لەپێش و هەم لە کاتی گفتوگۆ سەرەتاییەکاندا، ئەو سیستمە حوکمڕانییە بوو کە هەرێمە کوردییەکە خاوەندارێتیی دەکات. ئەنجوومەنەکە نەک هەر پێداگریی لەسەر پاراستنی ئۆتۆنۆمییە خۆجێییە نوێیەکەی کرد کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن گرووپە کوردییەکانی سەر بە پەیەدەوە ڕاگەیەنرابوو، بەڵکوو داوای دەکرد کە مۆدێلی حوکمڕانییەکەی لە هەموو سووریا جێبەجێ بکرێت.

کوردەکان لەوە دەترسن ئەگەر خۆیان ڕادەستی ئەو جۆرە لە داواکارییانەی ڕژێمی ئەسەد بكەن، ئەوا کۆتایی بە خەونی  خۆبەڕێوەبەری بێت. بۆیە پەیەدە و هاوپەیمانەکانی نایانەوێ ئەم هەلە لەدەست بدەن و هەندێ لایەنی دیاریکراوی حوکمڕانیی ئێستا دەناسێنن تا لەگەڵ دیمەشق دانوستانی لەسەر بکەن. دانوستانەکانی کە لە دیمەشق بەڕێوە چوو؛ بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، سەرەڕای هەوڵدانە چڕەکانی ڕووسیا. کۆبوونەوە سەرەتاییەکان لە بنکەی سەربازی لە حمێمیم و بە پشتیوانیی جەماوەری کرا، بەڵام نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن.

بەپێی ئەو مێژووەی هەیەتی، زەحمەتە پێشبینیی ئەوە بکرێت ئەسەد بتوانێ بگاتە ڕێککەوتنێکی مانادار لەگەڵ کوردەکان. هەر چەندە دەکرێت لەلایەن ڕووسەکانەوە پاڵی پێوە بنرێ بۆ ئەوەی گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ کوردەکاندا بکات، بەڵام ئەسەد هەمیشە دەیتوانی مانۆڕ بکات -وەک ئەوەی پێشتر کردوویەتی- بۆ کڕینی کات تا ئەو کاتەی ڕژێمەکەی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە پێگەی باشتر دەبێت، بەم شێوەیە دەستی باڵای دەبێت لە هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ کورد. هەتا قەسەدە بەردەوام بێت لە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکییەکان، ڕژێمی سووریا و ڕووسیا بەزەحمەت بەشداری لە گفتوگۆی ڕاستەقینە لەگەڵ کورد دەکەن. لەم خاڵەدا، هەر دانوستانێکی سیاسیی نێوان ئەسەد و کوردەکانی سووریا؛ چارەنووسی شکست دەبێت.

فاکتەری ڕووسی

حکومەتی ڕووسیا بەردەوام ئاماژە بە پەیوەندیی مێژوویی مۆسکۆ لەگەڵ گەلی کورد دەکات، زۆر جار ستایشی کاریگەریی پەیوەندییان دەکەن لە شەڕی دژی تیرۆردا لە چوارچێوەی سووریادا. ڕووسەکان لە گرنگیی پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ کورد تێدەگەن. بە ناسینی لاوازییەکانی هێزەکانی ئەسەد، ڕووسیا لەو باوەڕەدایە کە قەسەدە دەتوانێت ببێتە هاوپەیمانی داهاتوو کە لەوانەیە بەشداری بکات لە یەکبوونی خاکی سووریا.

مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٧، ڕووسیا سپۆنسەریی کۆنفڕانسێکی لە سۆچی کرد بۆ پێکهاتەکانی ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن. پێداگریی ڕووسیا لەسەر ناونانی کۆبوونەوەکە بە “کۆنگرەی گەلی سووریا”، سەرباری ناڕەزایەتییەکانی کەسانی ناسیۆنالیست لە هەردوو لایەن، پەیامی تایبەتی بوو بۆ کوردەکان کە ڕووسیا باشتر لە هەموو ئەکتەرێکی تری ناوەوە یان دەرەوەی سووریا لە دۆخی ئەوان تێدەگات. ناوزەندکردنی کورد بە “گەل”، ڕێگای مۆسکۆ بوو بۆ گەیاندنی ناوەرۆکی پرسی کورد لە سووریا -کە ئەو کەسانەی لەسەر خاکی باوباوپیرانیان دەژین، ئەم ناسینە پێشکەوتوو دیار بوو بە بەراورد لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ململانێی سووریا کە کوردەکان تەنها وەک کەمینەیەکی نەژادی سەیری دەکەن و دەکرێت کێشەکانی لە ڕێگەی هاوڵاتیبوونەوە چارەسەر بکرێن.

ڕووسیا داوای ئۆتۆنۆمیی کولتووری کوردی کرد، شتێک که بەر له ئۆپۆزسیۆن لەلایەن ڕژێمەوه ڕەت کرایەوە. کوردەکان لەگەڵ ئەوەشدا، لەوانەی بایکۆتی کۆنفرانسەکەیان کردووە (وەک پەیەدە و ئەنەکەسە)، بە ئەرێنی سەیری پێشنیارەکەی ڕووسیا و ئاماژەکەی بۆ پلەیەک لە ئۆتۆنۆمیی کورد کرد.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ و دواتر داگیرکارییەکانی تورکیا، پەنجەرەیەکی نوێی دەرفەتی پێشکەش بە ڕووسیا کرد بۆ بنیاتنانی کاریگەریی خۆی لە هەرێمە کوردییەکە، بەدیاریکراوی لە ڕێگەی بڵاوەپێکردنی هێز بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر سنووری سەربازانی ڕووسیا نەبوون. جگە لە بەشی ئێشکگریی سەربازەکانی ڕووسیا لە سنووری سووریا و تورکیا -لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە-دا، بوونی ئەوان لە قامیشلۆ و حەسەکە زیادی کردووە، بەتایبەت لە فڕۆکەخانەی پێشوو کە ماوەیەکی زۆرە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەسەددا بووە.

لە چەند بۆنەیەک لەم چەند مانگەی دواییدا، هێزەکانی ئەمەریکا ڕێیان لە کاروانی سەربازیی ڕووسیا گرت بەو ناوچانەدا تێپەڕ ببن کە لە ناوچەی کاریگەریی ئەمەریکادا بوون، بۆ نموونە؛ لە سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٠، کاروانێکی سەربازیی ڕووسی هەوڵی دا بگاتە گوندێکی نزیک شارۆچکەی ئەلمالیکیە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام سەربازەکانی ئەمەریکا ڕێگرییان لە ڕووسەکان کرد. هەر چەندە هەوڵە ڕووسییەکە شکستی هێنا، بەڵام نیشانی دا مۆسکۆ بەرژەوەندیی خۆی هەیە لە بڵاوەپێکردنی سەرباز بۆ ناوچەیەک کە ناسراوە بە کێڵگە نەوتییە زۆرەکانی. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە نوێیەی نەوت لەنێوان ئەمەریکا و قەسەدەدا هەیە، پێویستە واشنتۆن دڵنیا بێت لەوەی کە هێزەکانی ڕووسیا ناتوانن لە داهاتوودا دەستیان بەو کێڵگەیە بگات -سیناریۆیەک کە لەوانەیە بەرهەمهێنانی نەوت تێک بدات. بوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، کۆسپێکە لەبەردەم پلانە درێژخایەنەکانی مۆسکۆ لە سووریا، لەوانەش نزیکبوونەوەی لە کورد، بۆیە ڕووسیا بە هەموو ڕێگەیەک بەردەوام دەبێت لە گوشارخستنە سەر ئەمەریکییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، بەرپرسانی ڕووسیا خێرا بوون بۆ ئەوەی بە کوردەکان بڵێن چیتر پشت بە ئەمەریکا نەبەستن. ڕووسیا ئەو کشانەوەیەی بەکار هێنا بۆ ئەوەی نیشانی بدا کە هاوبەشیی ئەمەریکا و کورد لە سووریا؛ “هیچ باشییەک ناهێنێ بۆ کورد”، وەک سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی.

بەرپرسانی قەسەدە دانیان بەوەدا نا کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، زیانی بە متمانەی نێوان ئەو دوو هاوکارە گەیاندووە. بەڵام فەرماندەی گشتیی قەسەدە، مەزڵوم کۆبانێ، ڕایگەیاند کە کورد لە ساڵی ٢٠١٩، ئەزموونی تاڵی لەگەڵ ڕووسیادا هەبوو، کاتێک ڕێگەی بۆ سەربازانی تورکیا خۆش کرد کە ساڵی ٢٠١٨دا شارۆچکەی عەفرینی باکووری ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکەن. لە تەممووزی ٢٠٢٠دا، ڕووسیا لەگەڵ چین بڕیارنامەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (ڤیتۆ) کرد، کە تیایدا ڕێگەیان بە گواستنەوەی بەردەوامی یارمەتییەکان بۆ ناوچە کوردییەکانی سووریا و ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان دا لە سێ خاڵی سنووریی سووریا لەگەڵ عێراق و تورکیا. لای کوردیش ئەو جووڵەیە وەکوو هەوڵێکی تری ڕووسیا بینرا، بۆ شکاندنی پەیوەندیی نزیکی کورد لەگەڵ واشنتۆن. بەڕاستی ئەوە پەیامێک بوو کە مۆسکۆ هێشتا ئەو ئامرازەی هەیە کە کورد لە ڕووی ئابوورییەوە بخنکێنێ، ئەگەر هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ ئەمەریکادا بەردەوامی پێ بدات. ماوەیەکی نزیک دوای ڤیتۆکە، مۆسکۆ هەوڵەکانی بۆ دانوستانی نێوان ڕژێم و کوردەکان نوێ کردەوە، ئەمەش وەکوو وەڵامێک بۆ سەرپەرشتیکردنی یەکخستنی کوردەکان لەلایەن ئەمەریکاوە. ڕووسیا لەوە گەیشتووە پێویستی بە هاوپەیمانیی نوێیە لە سووریای دوای جەنگ، بەتایبەت کوردەکان کە هێزێکی ڕێکخراون و سێیەکی خاکی سووریایان لەژێر دەستە.

لە هەوڵێکی تردا بۆ لێکنزیککردنەوەی کوردەکانی سووریا، ڕووسیا لە ئەیلوولی ٢٠٢٠، سەرپەرشتیی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی کرد لەنێوان قەسەدە و پارتی ئیرادەی گەل، کە فراکسیۆنێکی کۆمۆنیستییە و مۆسکۆ پشتگیریی دەکات.

سەرۆکی حیزبەکە، قەدری جەمیل، لە سەردەمی شەڕی سووریادا لە کابینەی ئەسەددا وەزیر بووە و ئێستا بەشێکە لە “ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی”. لە بەڵگەنامەکەدا هەردوو لا لەسەر پێنج خاڵ ڕێک کەوتوون، لەوانە: چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد لە سووریا بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان. خاڵێکی تری ڕێککەوتنەکە، سەبارەت بە پێویستیی سوودوەرگرتن بوو لە ئیدارەی خۆسەر بۆ لامەرکەزیەتی سووریای داهاتوو. هەروەها قەسەدە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدار بێت لە شەڕی تیرۆر و پێکەوەژیان، لە داهاتووشدا لەگەڵ سوپای سووریا یەک بگرێ و دەست لە سیاسەت وەرنەدات.

 

ڕێگایەکی بەرز و نزم

سەرەتای ئابی ٢٠٢٠، هەواڵی ئەوە درا کە خولی دووەمی گفتوگۆی پەیەدە و ئەنەکەسە دەست پێ بکات. لە مانگی ئەیلوولدا چەندین کۆبوونەوەی تر کرا بە وتەی کاربەدەستێکی ئەنەکەسە. ئەمەریکا هانی دوو لایەنەکە دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دروستکردنی مەرجەعیەتێک بە زووترین کات. هەر چەندە هێشتا ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە بۆ ڕێککەوتن ڕوون نییە، بەڵام هەردوو لا دووپاتی دەکەنەوە کە تەنها تێوەگلانی ئەمەریکا دەتوانێت ڕێڕەوی دانوستانەکان بپارێزێت. تا کاتێک واشنتۆن پابەند بێت بە سپۆنسەریی سیاسی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە، هیوای ئاشتبوونەوە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

جەنەراڵ عەبدی (مەزڵوم کۆبانی) لەم دۆخەدا دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ ببینێت و دوو لایەنەکە لێک نزیک بکاتەوە. سەرکەوتن و شکستی لە یەکخستنی کوردەکانی سووریا، هێزی ئەو نیشان دەدات لە دەرکەوتنی وەک سەرکردەیەک کە توانای یەکخستنی لایەنەکانی هەیە. ڕەنگە بەرپرسانی کوردی عێراق بیانەوێت عەبدی لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەوە لە کۆتاییدا توانای هەیە کاریگەریی کادیرانی پەکەکە لە کوردستانی سووریا کەم بکاتەوە. بارزانییش لە کاتی دانوستانەکانی نێوان دوو لایەنەکە، داوای لە ئەنەکەسە کرد کە پێداگر بن لەسەر داوا بنەڕەتییەکانی خۆیان، بەتایبەت سەبارەت بە هاوبەشیکردنی دەسەڵات لە ڕووی سەربازی و سیاسی لە داهاتوودا. سەرەڕای هەندێک گەشبینی بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆکان، بەڵام گرنگە تێبینیی ئەوە بکەین کە لە هەردوو لاوە، بەتایبەتی پەیەدە، دەیانەوێت دۆخی ئێستا بمێنێتەوە.

کوردی عێراق پێویستە زیاتر پشتیوان بن بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی سیاسیی بەتوانا بۆ براکانیان لە سووریا. جگە لە هاندەری ئابووری، قەوارەیەکی کوردیی یەکگرتوو و خۆسەر لە سووریا نوێنەرایەتیی قووڵایی ستراتیژی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات. پەکەکەش پێویستە ئەوە بزانێت کە کوردی سووریا هەلی بێهاوتایان هەیە لە خۆبەڕێوەبردندا، وەک کاربەدەستێکی باڵای قەسەدە باسی کرد “دەرفەتی سەدەیە”. بەڵام بەشداریی ڕاستەوخۆی پەکەکە لە کاروباری ناوخۆی کورد لە سووریا، تەنیا مەسەلەکان زیاتر بۆ قەسەدە ئاڵۆز دەکات. دوورکەوتنەوەی پەکەکە لە قەسەدە و یەپەگە، بەتەواوی هەڕەشەکانی تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاناگرێت، بەڵکوو لە ڕاستیدا توانای ئەنقەرە بەو بەهانانە کەم دەکاتەوە کە بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردییەکانی سووریا بەکاری دەهێنێت.

هەنگاوێکی دیکەی گرنگ بۆ قۆناغەکانی داهاتووی دانوستانەکانی پەیەدە و ئەنەکەسە، بریتی دەبێت لە لایەنە کوردی و ناکوردییەکان، وەک: پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کورد، پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد، ڕێکخراوی دیموکراتی ئاشووری و هۆزە عەرەبەکان و گرووپەکانی کۆمەڵگای مەدەنی. هەردوو لاش دان بەوەدا دەنێن کە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو لەسەر حوکمڕانیی ناوخۆیی، دەبێت کۆدەنگی لەنێوان هەموو گرووپە ئەتنی و ئایینییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەدەست بهێنێت. هەڵبژاردنی خۆجێیی کە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە دوو جار لەلایەن پەیەدەوە ئەنجام دراوە، دەبێت دادپەروەرانە و ئازاد بێت. سەرەڕای ئەو تەحەدا جددییانەی ڕووبەڕووی هەرێمەکە دەبنەوە، بەڵام هێشتا خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؛ دەرفەتی ڕاستەقینەی هەیە بۆ ئەوەی خۆی بەهێز بکات و بوونی خۆی بپارێزێت.

سەرەڕای تێکشکانی، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جددییە نەک تەنها بۆ قەسەدە، بەڵکوو بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە خۆسەرە کە بەدوای سەلماندنی کاریگەریی خۆیدایە، بەتایبەتی لە ناوچە زۆرینە عەرەبەکاندا. ئیدارەی خۆسەری و قەسەدە، بە یارمەتیی و هاوکارە نێودەوڵەتییەکانیان، دەبێت دەستبەجێ پلانی چاککردنەوەی ڕاستەقینە بۆ ئەو ناوچانەی لە دەستی داعش ئازاد کراوە؛ دابڕێژن. دەبێت پلانێکی لەو جۆرە، سیستمێکی حوکمڕانیی باش و هەروەها هەلی ئابوورییش دابین بکات. دڵنیاکردنەوەی دانیشتووانی عەرەبی دێرەزۆر و شوێنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕازیبوون بە دۆخی ئابوورییان، بێگومان ڕێگری لە ئەکتەرەکانی تری وەک داعش و تەنانەت ڕژێمی سووریا و هێزەکانی ڕووسیا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکات بە درێژایی ڕۆژئاوای فوڕات، کە لە هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی ناڕەزاییە ناوخۆییەکان لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکە.

پاراستنی تاقیکردنەوەی ئۆتۆنۆمی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە دوو فاکتەری سەرەکی دەبەستێت: یەکەم: بارودۆخی سیاسی لە ناوچەکانی تری وڵات چۆن دەگۆڕێت. دووەم: ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. هەر چەندە هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، نیشانی داوە کە دۆخەکە بۆ کوردەکانی سووریا چەند ناسک بێت، چەندین کارتی سیاسی و سەربازی بۆ بەدواداچوون بۆ مامەڵەی سیاسی لەگەڵ ئەسەد یان ئەکتەرەکانی دیکە لە سووریا دەپارێزن.

___________________________________

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

گۆڤاری ئایندەناسی ئایار 2021

Send this to a friend